Monday 8 September 2003

به‌غدا

به‌غدا
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

سه‌رانی کورد، به‌ تایبه‌ت مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌وه‌تی چوونه‌ته‌ به‌غدا و بوون به‌ ئه‌ندامی ئه‌و ئه‌نجومه‌نی حوکمه‌، یه‌ک به‌خۆم، وه‌ک مه‌ست دێنه‌ به‌رچاوم. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ خودا نه‌خواسته‌، به‌دمه‌ستیی بکه‌ن و مه‌ستی باده‌ و خواردنه‌وه‌ بن، نه‌خێر مه‌به‌ستم مه‌ستبوونه‌ به‌ به‌غدا خۆیه‌وه‌!. نازانم ئێوه‌ هه‌رگیز له‌ خۆتان پرسیوه‌، که‌ ئه‌و دوو جوامێره‌ بۆ هێنده‌ دڵبه‌ندن به‌ به‌غداوه‌؟ من بۆ خۆم وای ده‌بینم: مه‌سعوود بارزانی، سالآنی منداڵی و مێردمنداڵی، له‌ به‌غدایه‌ گوزه‌راندووه‌. خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی له‌ به‌غدا بووه‌. دیاره‌ یادگارییه‌کی زۆری سه‌رده‌مانی منداڵی و مێردمنداڵی، کووچه‌ و کۆلآنه‌کانی به‌غدای له‌ بیره‌. جه‌لال تاڵه‌بانییش، دوو ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی، که‌ سالآنی هه‌ڕه‌تی لاویه‌تیی بوون، له‌ به‌غدا بردووه‌ته‌ سه‌ر. سالآنی کۆلیژی قانوون و زانستگه‌ی به‌غدای، که‌ ئه‌و سالآنه‌ خۆشترین ته‌مه‌نێکن له‌ ژیانی مرۆڤدا، و سالآنی 1966-1970ی، که‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ئیدی بۆ خۆی خاوه‌نی پاره‌ و پووڵ و گیرفان و چه‌کدار و باره‌گا و ڕۆژنامه‌ و پێوه‌ند به‌ ده‌سه‌لآت و ده‌بده‌به‌ و به‌زمی دیکه‌ بووه‌، بێگومان ئه‌و سالآنه‌ش، پڕ له‌ پیت و فه‌ڕ و خۆشی بوون له‌ ژیانیدا. هه‌رچی  هه‌ردوو ئه‌و سه‌رکردانه‌ن، له‌ ڕووی سایکۆلۆژییه‌وه‌، تاسه‌یه‌کی زۆر به‌تین و به‌هێزیان، بۆ ئه‌و ڕۆژگارانه‌ی ژیانی به‌غدایان هه‌یه‌. به‌غدا، به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ بۆ خۆیشیان نایڵێن، ئێستاش جێی گۆڵمه‌ز و ڕابواردن و گه‌نجایه‌تی و سه‌دان به‌زمی دیکه‌یه‌. ئه‌وان، به‌شێک له‌ ڕۆحیان ئێستاش به‌ند و گرێدراوی به‌غدایه‌ و "دڵیان هه‌ر ئه‌و دڵه‌ی جارانه‌ ئێستاکه‌ش ده‌ناڵێنێ..". هه‌رچه‌ندی ئه‌و هه‌سته‌یان له‌ هه‌مبه‌ر به‌غدا  له‌ کن به‌هێزتر بێت، هێنده‌ له‌ کوردستان دوور ده‌که‌ونه‌وه‌، چه‌ندی ئه‌و هه‌ست و تاسه‌ و نۆستالژیایه‌شیان له‌ بۆ به‌غدا که‌متر و کزتر بێت، له‌ کوردستان نێزیک ده‌بنه‌وه‌. ئیدی خودا له‌ به‌ر خاتری ئه‌و خه‌ڵکه‌ کڵۆڵه‌ی کوردستان، هیدایه‌تیان بدات و له‌و مه‌ستییه‌ ڕزگاریان کات و بینه‌وه‌ سه‌ر خۆیان.                                                                                                                                                                                       
8/9/2003






No comments:

Post a Comment