یه‌کده‌نگیی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
باشووری کوردستان،
ته‌نێ بۆ ماوه‌ی چوار ساڵێک، یه‌ک حوکوومه‌تی به خۆیه‌وه بینی. هه‌رچه‌نده ئه‌و
حوکوومه‌ته‌ش نیوه به نیوه بوو و له سه‌ری سه‌ره‌وه تا ده‌هاته بچووکترین کارمه‌ندی
خواره‌وه‌ی پلیکانه‌ی کارگێڕیی، له نێوان پارتیی دیموکراتی کوردستان و یه‌کیه‌تیی
نیشتمانیی کوردستاندا، 50 به 50 کرابوون به دوو له‌ته‌وه. له 1994ه‌وه و تا ئێستا،
دوو حوکوومه‌ت و یه‌ک په‌رله‌مان، فه‌رمانڕه‌وای باشووری کوردستانن. له قوتووی هیچ
عه‌تارێکدا، شتی وا نابینرێته‌وه، ئه‌مه ته‌نێ ئاوه‌زی سه‌رانی کورد، ده‌توانێت
تێیبگات. هه‌ر که کورد بوو به خاوه‌ن په‌رله‌مان، بڕیاردرا، فیدرالی ببێته
دروشمی ڕێبه‌ریه‌تیی سیاسیی کورد. دیاره ناڵێم دروشمی نه‌ته‌وه‌ی کورد له باشووری
کوردستاندا، چونکه خواستی خه‌ڵکی کورد، گه‌لێک له فیدرالی مه‌زنتره و فیدرالی خۆدزینه‌وه‌یه‌که،
له پێشاندانی خواستی ڕاستیی کورد. به‌ڵام ئه‌و پرۆژه‌ی فیدرالییه، که پارتیی دیموکراتیی
کوردستان، بڵاوی کرده‌وه و پاشان یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانیش ڕای له‌سه‌ر
بوو، ده‌کرێ وه‌ک به‌راییه‌ک بۆ گه‌یشتن به هه‌موو ئامانجه‌کانی کورد سه‌یر بکرێت.
سه‌ره‌تاییترین مه‌رجێک بۆ مسۆگه‌رکردنی ئه‌و فیدرالییه‌ش، یه‌کده‌نگیی سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسی کورده. سه‌کرده‌یه‌تیی سیاسی کورد، هه‌ر ده‌ڵێی نه بای دیوه و نه باران،
هه‌رچی کورده له‌م دنیایه‌دایه، هێنده‌یان هاوار کرد بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کگرن و ببنه
یه‌ک ده‌سه‌ڵات، گه‌روویان نووسا، که‌چی ئه‌وان هه‌ر به خه‌یاڵیشیاندا نایه‌ت. سه‌کرده‌یه‌تیی
سیاسی کورد، ده‌بوو هه‌ر پێش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین، به یه‌کخستنی
هه‌ردوو کارگێڕییه‌که‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، بهاتبایه‌ته مه‌یدانی سیاسه‌تی عیراقه‌وه
و له‌گه‌ڵ عیراقییان و داگیرکارانی عیراقدا (ئه‌مه‌ریکاییه‌کان) به یه‌کده‌نگ، یه‌کزمان،
یه‌کبۆچوون و دیدی سیاسییه‌وه قسه‌ی کردبا. ده‌بوو پێش وه‌رگرتنی جێگه له ئه‌نجومه‌نی
ده‌سه‌ڵاتدا له به‌غدا، ماڵی خۆی قایم کردبا و به یه‌کده‌نگه‌وه بچووایه‌ته به‌غدا.
کورد زۆر له‌مێژه گوتوویه‌تی:"ماڵی خۆت قایمکه و سه‌گی ماڵهاوسێ مه‌که به
دز". ئه‌و دووده‌نگیی و دووئاوازییه‌ی خوێندنه، له لایه‌ن سه‌رانی کورده‌وه،
کارێکی وای کردووه، که له به‌غدا و له نێو ناکوردانی عیراق و حیزبه ناکوردییه‌کاندا،
هه‌ریه‌که‌و به جۆرێک، فیدرالی بخوێننه‌وه و ته‌نانه‌ت تاکه یه‌ک خوێندنه‌وه‌شیان،
له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی کورددا، پێک نایه‌ته‌وه. ئه‌وان به ئاوازێکی دیکه‌ی ده‌خوێننه‌وه.
ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌موو عیراق ده‌نگ بدات بۆ فیدرالی، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت کوردستان
و کورد، هه‌ر به‌شێک بن له عیراق و هه‌رگیز و به هیچ شێوه‌یه‌ک سنووری کوردستان
دیاری نه‌کرێت. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌کات له‌وه‌ی، که به‌ته‌نگ
کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه‌یه، ده‌بێ پێش هه‌ر شتێک، کارگێڕییه‌کان بکاته یه‌ک،
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یارانی کوردستان و کورد، له درزی دووکارگێڕی و دووئاوازییه‌وه، دزه
نه‌که‌نه ژوورێ و دوای ئه‌وه‌ش ڕێک و ڕه‌وان، سنووری کوردستان، وه‌ک خۆی، واته:
ته‌واوی ئوستانه‌کانی، هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆک، که‌رکووک، مووسڵ، ناوچه‌کانی خانه‌قین
و مه‌نده‌لی له ئوستانی دیالا و به‌دره و جه‌سسان له ئوستانی کووت، بخرێنه نێو
ئه‌و فیدرالییه‌وه و ئه‌گه‌ر ده‌نگدانیشی له سه‌ر ده‌کرێت، ئه‌وا ته‌نێ له کوردستاندا
بکرێت، چونکه ئه‌گه‌ر ته‌واوی عیراق ده‌نگی بۆ بدات، ئه‌وا هه‌رگیز جێبه‌جێ نابێت
و ئه‌ویش وه‌ک هه‌موو خه‌ونێکی خۆشی دیکه‌ی کورد، شه‌وه‌یه‌کی ڕه‌زاگرانی دزێوی نه‌یارانی
ده‌یتاسێنێت. سه‌کرده‌یه‌تیی سیاسی کورد، هیچ پێویست ناکات به شه‌رمه‌وه و له ژێر لێوه‌وه، خواسته‌کانی گه‌لی کورد بخاته‌ڕوو
و با چیدی نه‌یگوڵمێنن و قسه‌له‌ڕوو بن و به ئاشکرا بێڵێن. ئه‌گه‌ر عیراقییان
و ده‌سه‌ڵاتدارانیانیش به‌و مه‌رجانه قایل
نابن، ئه‌وا با کورد، بوێرانه و ئازایانه، جاڕی جوێکردنه‌وه‌ی ماڵی خۆی بدات و کوردستان
و خه‌ڵکه‌که‌ی له کۆیلایه‌تیی ڕزگاربکات.
22/9/2003
No comments:
Post a Comment