هاوبه‌شیی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له نێوان هه‌ردوو که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی ئاسمانی، کوردسات
و ته‌له‌ڤزیۆنی کوردستان(KTV)دا، له دیدی کوردایه‌تی و بۆچوونی هاوبه‌ش و پاشه‌ڕۆژی کوردستان
و یه‌کده‌نگی و یه‌ککاری و یه‌کڕه‌وتاری و یه‌کگوتارییه‌وه، شتێکی ئه‌وتۆ و گرنگ،
وه‌دی ناکرێت. پڕانی بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌کانیان جیاوازن و له‌یه‌که‌وه دوورن. که‌ناڵی
کوردسات، ئه‌گه‌ر هه‌واڵێکی به‌غدا، که‌رکووک یا هه‌ر جێگه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستان
پێشان بدات، کامیراکه‌یان له نێو ئه‌و کوردانه‌ی، که له‌و بۆنه و شوێنه‌دا هه‌ن،
ته‌نێ ئه‌و که‌سانه پێشان ده‌دات، که خه‌ڵکی خۆیانن، واته: خه‌ڵکانێکن سه‌ر به
یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان. خه‌ڵکانی ناکوردیش بۆ ئه‌وان کێشه نییه و ئه‌وانیش
پێشان ده‌درێن. ئه‌وه‌ی زێتر بۆ ئه‌وان کێشه‌یه، ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌ر به پارتیین.
له چاوی کوردساته‌وه، هه‌ر ئه‌وانه‌ی پارتیی تێدا نه‌بن، ئیدی خودای ده‌کرد هه‌رچی
جنۆکه و شه‌یتان هه‌ن تێیدا ده‌بوون. ئه‌وه‌ی، که هاوبه‌شه و چ کێشه و گیروگرفتێکی
تێدا نییه و هه‌ردوولایان په‌خشی ده‌که‌ن و له‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌وه ده‌بینرێن و
هیچ جۆره ملانێیه‌کیان له سه‌ری نییه، شتگه‌لێکن، که نه‌ک سوود، به‌ڵکه زیان
به کورد و فه‌رهه‌نگی کوردیش ده‌گه‌یه‌نن :
یه‌که‌م: زۆری و بۆریی گۆرانی و مۆسیقای
بێتام و ناکوردی و ناهونه‌رییه، که ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی به نوێکردنه‌وه و تازه‌گه‌ریی
نێونووس بکرێن، تژی ده‌کرێن له، کیژۆڵه‌ی ته‌مه‌ن منداڵی ژێرناوک به‌ده‌ره‌وه‌بوو
و به‌له‌م و قه‌راخ زه‌ریاچه و ئۆتۆمبیلی نوێ و جلی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و کوڕی گواره‌له‌گوێ
و به‌فر و جاده‌ی خاوێن و پلیکانه‌ی به‌رز و سه‌گ و کۆتر و مۆسیقاژه‌نی سه‌رجاده‌ی
شه‌پقه‌له‌سه‌ر و کوڕی سه‌ربه‌گوێزانتاشراو و فرۆشگه و بازاڕی گه‌وره و...ده‌یان
شتی دیکه‌ی ئه‌وروپایی و ده‌یانه‌وێت به‌و جۆره هونه‌ری کوردی بئه‌وروپایێنن. ئه‌وه
نه‌ک هه‌ر هونه‌ر نییه، به‌ڵکه داته‌پاندن و ڕووخاندن و وێرانکردنی هونه‌ره.
دووه‌م: به‌شێکی زۆری کاتی ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه،
بۆ عه‌ره‌بی و تورکمانی و ئاشووری و فارسی و تورکی و ئه‌وانه ته‌رخان کراوه. ئه‌و
زمانانه و زمانگه‌لی دیکه‌ش، ئه‌گه‌ر ته‌نێ ده‌نگوباس و هه‌واڵ و بابه‌تی کوردی پێ
پێشکه‌ش بکرێن، ئه‌وه کارێکی زۆر باشه، به‌ڵام تۆ بێیت و گۆرانی عه‌ره‌بی و چه‌قه‌نه
و ئه‌وانه به عه‌ره‌بی په‌خش بکه‌یته‌وه، ئه‌وه هیچ کارێکی باش نییه و یه‌ک ڕێزه‌یش
سوود به مه‌سه‌له‌ی کورد ناگه‌یه‌نێت. عه‌ره‌ب هێنده‌یان که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی هه‌یه،
که سه‌روزیادیانه و به‌شی عه‌ره‌بی سه‌د ساڵی دیکه‌ش ده‌که‌ن. ئاشوورییانیش که‌ناڵی
خۆیان هه‌یه و چ پێویست ده‌کات، ئه‌و که‌ناڵه کوردییانه ببن به بڵندگۆی ئه‌وان.
هه‌رچی ئه‌و کاته‌شه، که بۆ زمانی تورکمانی دانراوه، به‌شێکی زۆری ئه‌و خه‌ڵکه‌ی
دیداریان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، هه‌موو کوردی هه‌ولێر و که‌رکووک و شوێنه‌کانی دیکه‌ن
و له‌و دیدارانه‌دا به تورکمانی قسان ده‌که‌ن. ئیدی باسی کاری ده‌ستی و فرۆشگه و
بازاڕ و ده‌یان شتی دیکه ده‌که‌ن. ئه‌وه نه‌ک هه‌ر پێویست نییه، به‌ڵکه ئه‌و پرۆگرامه به ده‌ستی خۆی، ئه‌و کوردانه‌ی، که له‌و کاته‌دا
به تورکمانی قسان ده‌که‌ن، وه‌ک تورکمان پێشانیان ده‌دات.
سێیه‌م: ڕێکلامی "چای جیهان".
چای جیهانی "دووغه‌زالی" سه‌وز، چای جیهانی "دووغه‌زالی"
سوور، چای جیهانی "دووغه‌زالی" بۆندار و...ئه‌و ده‌نگه‌ی، که ڕێکلامه‌که
په‌خش ده‌کات، ده‌نگی کچێکه، واته: له سلێمانی و له هه‌ولێر، هه‌ر هه‌مان ده‌نگه.
هه‌ردوو که‌ناڵ وه‌ک یه‌ک په‌خشی ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت وشه‌ی"غه‌زال"ی عه‌ره‌بی
ناو ئه‌و ڕێکلامه‌شیان نه‌کردووه‌ته کوردی. خۆ ده‌کرا له‌بری "غه‌زال"
بڵێن "ئاسک" یا "مامز"، که دوو وشه‌ی کوردین. بێجگه له‌و
"چای"یه، که هی ئێرانه، ڕێکلام بۆ "چای مه‌حموود"یش ده‌کرێت،
که ئه‌ویش هه‌ر ئێرانییه. تۆزێک یا گه‌ردێک هه‌یه به نێوی "ئاڵتونسا Altunsa"، ده‌کرێته خۆشاو(شه‌ربه‌ت) و ده‌خورێته‌وه. ئه‌مه به‌رهه‌مێکی
تورکیاییه و ڕۆژانه چه‌ندین جار له ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستانه‌وه، ڕێکلامی بۆ
ده‌کرێت. دیاره زۆرینه یا ته‌واوی ئه‌و کاڵا و شتگه‌له‌ی له کوردستان تیڤی و کوردساته‌وه
ڕێکلامیان بۆ ده‌کرێن، کاڵا و شتگه‌لێکن، هی کوردستان نین. هی تورکیا یا ئێرانن. ئه‌و
که‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنانه‌ی کوردستان، بێ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تێکی فه‌رهه‌نگی و نه‌ته‌وه‌یی
ئاراسته‌یان بکات و پێوه‌رێکیان بۆ ئه‌و کارانه هه‌بێت، وه‌ک له هیچ کار و سیاسه‌تێکی
دیکه‌ی کوردستان و ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارانیشیدا وه‌دی ناکرێت، زۆر بێ شه‌رمانه
ڕێکلام بۆ کۆمپانیا و کاڵای تورکی ده‌که‌ن و به شانازیشه‌وه باسی لێوه ده‌که‌ن.
چواره‌م: وشه‌ی "هه‌ماهه‌نگی"،
که هه‌مووده‌م له سه‌ر زمانیانه و به‌کاری ده‌به‌ن. لێژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به
هه‌ماهه‌نگی و کاری هه‌ماهه‌نگی و.... زۆری دیکه‌ش. وا پێده‌چێت و بێ ئه‌وه‌ی بیر
له سه‌رچاوه‌ی ئه‌و وشه‌یه بکه‌نه‌وه، ئه‌و وشه‌یه‌یان زۆر له سه‌ر زار خۆش بێت.
وشه‌ی "هه‌م"، فارسییه و به فارسی ده‌نووسرێت "هم"، که ده‌کاته
"هاو"ی کوردی. فارس ده‌ڵێ"همسایه"، له کوردی‌دا ده‌بێته
"هاوسێ یا هاوسا". فارس ده‌ڵێ"همدرد"، له کوردی‌دا ده‌بێته
"هاوده‌رد". فارس ده‌ڵێت "هم کلاس"، له کوردی‌دا ده‌بێته"هاوپۆل".
ئیدی به‌و شێوه‌یه، ده‌کرێ "هماهه‌نگ"یش ببێته "هاوئاهه‌نگ"
یا ئه‌گه‌ر به‌سه‌ریه‌که‌وه بنووسرێت، ده‌بێته "هاواهه‌نگ". دیاره وشه‌ی
"ئاهه‌نگ" به کوردی و "آهنگ" به فارسی، هه‌ر یه‌ک وشه‌یه و
ده‌کرێ کوردی بێت و ده‌کری فارسییش بێت.
پێنجه‌م: پرۆگرامی زارۆکان، له
هه‌ردوو که‌ناڵی کوردستان تیڤی و کوردسات، زۆرجاران، له یه‌ک کاتدا، په‌خش ده‌کرێنه‌وه.
به‌و کاره منداڵی کورد ناچار ده‌بێت، ته‌ماشای یه‌کێک له‌و که‌ناڵانه بکات و ئه‌وی
دیکه‌ی له ده‌ست ده‌چێت. دیاره بڕیاری ته‌ماشاکاکردنی ئه‌و که‌ناڵانه‌ش، گه‌وره‌کانی
ماڵێ(باوک، دایک، خوشکی گه‌وره، برای گه‌وره و..) ده‌یده‌ن و ئه‌وانیش به گوێره‌ی
مه‌یل و ئاره‌زووی خۆیان، که ئایا پتر کوردساتیستن یا کوردستانتیڤیستن، که‌سکیست یا
زه‌ردیستن. به‌و جۆره‌ش، ئه‌و دوو که‌ناڵه، منداڵی مێشکخاوێن و پاک و ساف و بێڕه‌نگ
و بێگه‌ردی کورد، ده‌که‌نه دوو به‌شه‌وه و مێشکیان به یه‌کێک له ڕه‌نگه‌کانی خۆیان،
ڕه‌نگ ده‌که‌ن.
شه‌شه‌م: به‌شێکی زۆری که‌ناڵه
ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی جیهان، پێش په‌خشکردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و ده‌نگوباسه‌کان، یا کاتێکی
دیکه، هه‌ندێک وێنه پێشان ده‌ده‌ن، که باس له ڕووداوێک یا هه‌واڵێک ده‌که‌ن، به
بێ ئه‌وه‌ی قسه و کۆمینتار (ته‌علیق/تعلیق)ی له‌گه‌ڵ بێت. کوردستان تیڤی، ئه‌و به‌شه
به نێوی"وێنه‌هه‌واڵ"ه‌وه و کوردساتیش به نێوی"وه‌ک خۆی"ه‌وه
په‌خش ده‌که‌نه‌وه. له که‌ناڵه ئینگلیزی زمانه‌کاندا به نێوی نۆکۆمینت"No Comment"، واته: بێ کۆمینتار، بێ ته‌علیق، به عه‌ره‌بی"بدون
تعلیق"ه‌وه، په‌خش ده‌کرێته‌وه. "وێنه‌هه‌واڵ"، بۆ زمانی کوردی،
واژه‌یه‌کی جوان و له‌باره و واتای ئه‌و پرۆگرامه‌ش ده‌پێکێ و ده‌داته ده‌ست، وه‌لێ
"وه‌ک خۆی"، له‌گه‌ڵ چێژی زمانی کوردی‌دا، پێک نایه‌ته‌وه و کارێکه، ئه‌گه‌ر
ته‌نێ یه‌ک مه‌به‌ستی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌یه، وه‌ک "وێنه هه‌واڵ"ه‌که‌ی کوردستان
تیڤی، نه‌بێت و له‌و نه‌چێت!
دیاره ئه‌گه‌ر مرۆڤ چ کارێکی نه‌بێت و دا‌نیشێت بۆ بینینی
ئه‌و دوو که‌ناڵه، ڕۆژانه سه‌دان هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی وه‌به‌رگوێ ده‌که‌وێت. ئه‌گه‌ر
هه‌ڵه‌کان، خه‌ڵکانی نێو جاده و هه‌روا به‌سه‌رپێیه‌وه بێڵێن و بیکه‌ن، ئه‌وه ده‌کرێت
چاوپۆشی لێ بکرێت، لێ ئه‌گه‌ر بێژه‌ر و کارمه‌ندان و ئاماده‌کارانی پرۆگرامه‌کانی
ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه ئه‌و هه‌ڵانه بکه‌ن، ئه‌وه ده‌بێ پێیان بگوترێت، با که‌مۆکه‌یه‌ک
به‌زه‌ییان به زمان و فه‌رهه‌نگی کورددا بێته‌وه!.
9/11/2003
No comments:
Post a Comment