نۆره‌گاگه‌ل
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له ده‌سپێێکی نۆڤه‌مبه‌ری 2003 وه، جه‌لال تاڵه‌بانی،
بووه‌ته سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا. ده‌سگاکانی ڕاگه‌یاندن و میدیاکانی
یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، یه‌کجار زۆر به گرنگییه‌وه باسی ئه‌م ڕووداوه ده‌که‌ن
و به ڕووداوێکی مێژوویی، نێوی ده‌به‌ن و کاتێکی
زۆری، هه‌واڵ و پرۆگرامه‌کانیان، بۆ گوتار و دیدار و ڕه‌وتاره‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی،
ته‌رخان ده‌که‌ن، که ماشه‌ڵڵایان لێ بێت، هێنده چڕ و زۆرن، له ژماردن و باسکرن
نایه‌ن. تاڵه‌بانییش، بۆ خۆی یه‌کجار به جیددی و گرنگییه‌وه، ڕۆڵی ئه‌و سه‌رۆکایه‌تییه،
یه‌ک مانگییه، چوار حه‌فته‌ییه، سی ڕۆژییه‌ی پێشان ده‌دات و ده‌لیزێت و هێنده لێبڕاوانه و به گه‌رمییه‌وه، خۆی بۆ ئه‌نجومه‌نی
ده‌سه‌ڵات، ته‌رخان کردووه و به په‌رۆشییه‌وه‌یه و هه‌ڵپه‌ی بۆ ده‌دات، هه‌ر ده‌ڵێی
بۆ مزگه‌وتی ده‌کات. هه‌رچی ڕاگه‌یاندنی پارتیی دیموکراتیی کوردستانیشه، به پێچه‌وانه‌ی
ئه‌وانه‌وه، به ساردییه‌وه، له دیدی خه‌ڵکانی سه‌ر به یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه،
یا ده‌شێ بگوترێ وه‌ک بێلایه‌نێک، له‌و ڕووداوه ده‌دوێن. دیاره ئه‌م شێوه هه‌ڵوێست
و ڕه‌وتاره، پاشتر، که نۆره‌ی مه‌سعوود بارزانی دێت و ده‌بێته، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی
ده‌سه‌ڵات، ڕێک به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت و ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، پارتیی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا
ده‌یکات، ئه‌وده‌م حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانییش، هه‌ر به‌و جۆره، وه‌ڵامی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی
بارزانی ده‌داته‌وه. ئه‌دی چۆن، مه‌گه‌ر کورد نه‌یگوتووه:"جێی سندان قوززه‌ڵقورته" یا "جێی زلله پێله‌قه‌یه". په‌یامنێری
که‌ناڵی کوردسات، ڕۆژی 12/11/2003، به کامیرایه‌که‌وه، به نێو باژێڕی هه‌ولێردا
ده‌گه‌ڕا و پرسیاری له خه‌ڵک ده‌کرد، له‌مه‌ڕ گرنگیی بوونی جه‌لال تاڵه‌بانی، به
سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات، له به‌غدای پێته‌خت، وه‌ک خۆیان هه‌مووجارێک جه‌ختی
له سه‌ر ده‌که‌ن. ئه‌و خه‌ڵکه‌ش، که بیروڕای خۆیان ده‌رده‌بڕی، هه‌موو پێیان باش
و خۆش‌بوو و به گرنگییه‌وه باسی ئه‌و ڕووداوه‌یان ده‌کرد. پێموایه ئه‌وان، بێ ئه‌وه‌ی
بیر له‌وه بکه‌نه‌وه، که بوونی سه‌رۆکێکی کورد، له ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتدا، چ
ده‌گه‌یه‌نێت و که‌ڵکی چی ده‌بێت، ته‌نێ یه‌ک شت وا له‌وان ده‌کات، که وا بهزرێن.
ئه‌ویش کوردبوونی ئه‌و سه‌رۆکه‌یه و هیچی دیکه. من کارم به‌وه نییه، ئه‌و خه‌ڵکه
چه‌ند به گرنگییه‌وه، پێشوازییان له مه‌سه‌له‌یه‌کی وه‌ها کردووه و ده‌که‌ن و چۆنی
هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه سه‌یره ئه‌وه‌یه، که حیزب و خه‌ڵکانی
سه‌ر به‌و سه‌رۆکه، هێنده به گرنگیی، بنۆڕنه ئه‌و باسه و باسی ئه‌وه بکه‌ن، که
کوردێک بووه‌ته سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتی عیراق!. سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتی
عیراق، ئه‌گه‌ر هه‌ر بیستوپێنجه‌که‌یان و یه‌ک له دووی یه‌کیش کورد بن، چی له ڕه‌وشه‌که
ده‌گۆڕێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان په‌رۆشی یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق بن و له عیراقییه‌کان
عیراقیتر بن! بریا ئه‌و په‌رۆش و هه‌ڵپه‌یه‌ی تاڵه‌بانی و سه‌رانی دیکه‌ی کوردیش، که
نۆره‌یان ده‌گاتێ، بۆ یه‌کده‌نگی و یه‌کهه‌ڵوێستی و یه‌کئامانجی و یه‌کخستنه‌وه و
ڕێکخستنه‌وه‌ی ماڵی کورد و کوردستاناندنی پرسیی کورد و له‌توپه‌تکردنی عیراق بووایه.
هه‌رچی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات و حوکوومه‌ته‌که‌یشیه‌تی ، پێش هه‌ر شتێک، بۆ خۆیان پاکه‌تێکی
بۆش و به‌تاڵ و بێ ناوه‌ڕۆکن و هیچیان تێدا
نییه و هه‌ر هیچ نین و هیچ گرنگییه‌کیشیان نییه و ده‌سگاگه‌لێکن، له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه
دانراون و به‌ڕێوه‌ده‌برێن. ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵات، ته‌نی بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی مێزی فه‌رمانڕه‌وایی
ئه‌مه‌ریکا و بڕێک ڕه‌وایه‌تییدان به‌و فرمانڕه‌واییه، دانراوه. ئه‌وه‌ی گوندیی
بێت و له کوردستان، له ئاوایی‌دا ژیابێت، هه‌ندێک شاره‌زایی، له چۆنیه‌تیی ئه‌نجامدان
و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ندێک کاری ڕۆژانه‌دا هه‌یه. ئه‌گه‌ر له گوندێکدا، هه‌ر ماڵه‌و
یا هه‌رچه‌ند ماڵ و چه‌ند ڕه‌شه‌وڵاخێکیان
هه‌بوو، ئه‌وا ده‌کاته ئه‌وه‌ی، که ئه‌و گونده، ده‌بێ گاگه‌لیان هه‌بێت. گاگه‌ل له مانگا، گا و گۆلک
پێک دێت، لێ هه‌ندێک جار که‌ر و جاش و ئه‌وانه‌یشی تێده‌که‌وێ. بۆ بردنی ئه‌و گاگه‌له،
بۆ ده‌رێی گوند و له‌وه‌ڕگه، ده‌بێ گوندییان، گاوانیان هه‌بێت. گاوان، ڕۆژانه ئه‌و
گاگه‌له، ده‌باته ده‌رێی گوند و ئێواره، به تێری ده‌یهێنێته‌وه. گاوان، بێجگه
له‌وه‌ی، پاره‌وپووڵێک و بژێوێک، بۆ ئه‌و کاره‌ی وه‌رده‌گرێت، وه‌ک نه‌ریتێک، هه‌موو
ئێواره‌یه‌کیش، که دێته‌وه نێو گوند، له ده‌رگای یه‌ک به یه‌کی ماڵانی گوند ده‌دات
و به ده‌نگێکی به‌رز هاوار ده‌کات و ده‌ڵێ: ماڵاوا! ئیدی خه‌ڵکی ماڵه‌که تێده‌گه‌ن
و ده‌سبه‌جێ، یه‌ک نانی بۆ ده‌به‌ن و ئه‌ویش ده‌یخاته ئه‌و تووره‌که‌یه‌وه، که
به شانییه‌وه‌یه. گاوان له هه‌ر ماڵه‌و نانێک وه‌رده‌گرێت. ئه‌گه‌ر گوند گاوانی
نه‌بێت، ئه‌وا خه‌ڵکی گوند، ئه‌و ماڵانه‌ی، که چێل و ڕه‌شه‌وڵاخیان هه‌یه، کاری
گاوانییه‌که، له نێوان خۆیاندا ده‌به‌شنه‌وه. هه‌ر ڕۆژه‌و یه‌کێک، گاگه‌لی دێ ده‌باته
ده‌رێ و له‌وه‌ڕگه. ئه‌و کاره پێی ده‌گوترێ:"نۆره‌گاگه‌ل"، واته: هه‌ر
ڕۆژی که‌سێک، نۆره‌ی گاگه‌ل له‌وه‌ڕاندنیه‌تی و ده‌بێته جێگریی گاوان. ئه‌م ئه‌نجومه‌نی
ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌غدایش، هه‌ر ده‌ڵێی نۆره‌گاگه‌لی لای خۆمانه، هه‌ر مانگی یه‌کێک
نۆره‌گاگه‌لیه‌تی و جێگری گاوانه. هه‌ر مانگی یه‌کێک، نۆره سه‌رۆکییه‌تی و که‌سیش
سه‌رۆکی ته‌واو نییه و هه‌موو هه‌ر جێگری سه‌رۆکن. ئه‌وجا ئه‌گه‌ر سه‌رۆکایه‌تییه‌ک
به‌مجۆره بێت، ئه‌مه ئه‌و هه‌ڵڵا و به‌زمه‌ی بۆ چییه و بۆ ده‌بێ هێنده گرنگ بێت
و هێنده باس بکرێت! هه‌ر پێش جه‌لال تاڵه‌بانی، ئیبراهیم ئه‌لجه‌عفه‌ری(إبراهیم
الجعفري) و ئه‌حمه‌د ئه‌لچه‌له‌بی(أحمد الچلبي) و ئه‌یاد ئه‌لعه‌للاوی (أیادالعلاوي)ش
ئه‌و نۆره گاگه‌له‌یان هات و له‌کۆڵی خۆیان کرده‌وه و هیچ هه‌ڵڵا و فه‌رته‌نه‌یه‌کیشیان، نه‌نایه‌وه
و نه‌کرد و نه بۆ کرا. ئه‌لجه‌عفه‌ری(الجعفري)، یه‌که‌م که‌سیش بوو، که نۆره‌گاگه‌لیی
به‌رکه‌وت و بۆ ئه‌و، وه‌ها کارێک، ئه‌زموونێکی زۆر نوێ بوو، لێ زۆر ئارام و بێده‌نگانه
به‌سه‌ری برد. من هیچ جۆره ئێره‌ییه‌ک، نه به جه‌لال تاڵه‌بانی و نه به‌وانه‌ی
پێش ئه‌و و نه به‌وانه‌ی دوای ئه‌ویش، که نۆره‌گاگه‌لیان دێت نابه‌م، وه‌لێ ئه‌وه‌م
لا ڕوونه، که ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت ده‌کات و به ته‌مای کورسی و پله و پایه و ناو و
ده‌سه‌ڵاته، ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له‌وانه‌ی پێش خۆی بداته‌وه، هه‌رگیز تووشی نه‌رگسییه‌ت،
نه‌رجسییه‌ت(Narcissism) نابێت و تاووسه‌ڕه‌وتار ناکات و
هه‌مووی هه‌ر پێ هیچ ده‌بێت. ده‌سه‌ڵات و کورسییه‌ک، بۆ هۆلاکۆ، ئه‌تاتورک، حه‌مه‌ڕه‌زاشا،
جه‌مال عه‌بدونناسر، ستالین، هیتله‌ر، مۆسۆلینی، فرانکۆ، لێنین، ماوتسیتۆنگ، دیگۆل،
ناپۆلیۆن، چاوچیسکۆ، هایلا سیلاسی، ئه‌نوه‌ر خواجه، عیدی ئه‌مین، پینۆشێ و سه‌ددام
حوسه‌ین نه‌ما و مایه‌پووچ بوو، ده‌بێ بۆ ئه‌وانه‌ی عیراق، که له ڕیز وه‌ستابوون
و له ڕیز وه‌ستاون، بۆ ئه‌وه‌ی نۆره‌گاگه‌لیه‌که‌ی خۆیان به‌جێبگه‌یه‌نن، چی پێ بێت!.
16/11/2003
No comments:
Post a Comment