با ڕێپێوان و خۆپێشاندان، ببێته کارێکی ڕۆژانه‌ی کورد
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له‌و ده‌مه‌وه، کورد سیاسه‌تی کردووه
و که‌ڵکه‌ڵه‌ی بیری سه‌رخۆبوون و ئازادی که‌وتۆته مێشک و هه‌وڵی بۆ داوه، تا ڕاده‌یه‌ک،
یه‌ک جۆره شێوازی، بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی خۆی، به‌کار بردووه، ئه‌ویش ده‌ستدانه‌چه‌ک
و هه‌ڵزنان به چیادا و به‌رپاکردنی شه‌ڕی چه‌کدار، دژی دوژمن. ته‌واوی ئه‌و شه‌ڕانه‌ش،
له نێو ماڵی کورد خۆیدا، له نێو خه‌ڵکی کورد خۆیدا، له سه‌ر خاکی خۆی و له کوردستان،
کراون. ئه‌و جۆره شه‌ڕانه‌ش، پتر بوونه‌ته هۆی وێرانکردن و زیانپێگه‌یاندنی کوردستان
و نه‌ته‌وه‌ی کورد. ئه‌ڵبه‌ت له پاڵ ئه‌و جۆره خه‌باته‌دا(شه‌ڕی چه‌کدار)، زۆر جۆر
و شێوازی دیکه هه‌ن، لێ ئیدی به هۆی دڕنده‌یی و زۆر و سته‌م و ده‌ستنه‌پاراستنی
دوژمنانی کورده‌وه بووبێت، یا به هۆی نه‌زانینی به‌کاربردنی ئه‌و جۆر و شێوازانه،
کورد، ئه‌و کاره‌ی نه‌کردووه و هه‌ر په‌نای بردووه‌ته به‌ر شێوازه نه‌ریتییه‌که‌ی
خۆی(چیا، چه‌ک، شه‌ڕی چه‌کدار). ئه‌وه‌ی 22/12/2003 له که‌رکووک، ئه‌نجام درا، ئه‌و
ڕێپێوان و خۆپێشاندانه، کارێکی زۆر باش و دڵخۆشکه‌ر و له‌جێی خۆیدا بوو. دیاره
ناشکرێت هه‌روا و سه‌رپێی، بڵێین باشه و ئیدی چاوپۆشی له کێماسییه‌کانی بکه‌ین.
به بڕوای من، که کورد، کارێکی وا(خۆپێشاندان و ڕێپێوان)، له هه‌ر کوێیه‌کی کوردستان،
یا ده‌رێی کوردستان، ده‌کات، گه‌ره‌که وه‌ک کورد بیکات، نه‌ک وه‌ک حیزب. با وه‌ک کوردستانیی
بیکات، نه‌ک وه‌ک فڵانه به‌ش و فیساره
شار. له که‌رکووک، له بری ئه‌وه‌ی، په‌ڕۆی که‌سک و په‌ڕۆی زه‌رد و وێنه‌ی جه‌لال
تاڵه‌بانی و مه‌سعوود بارزانی، هه‌ڵگرن، ده‌بوو ته‌واوی ئه‌و په‌ڕۆ و چارۆکانه‌ی، که
هه‌ڵگیرابوون و ته‌نێ ڕه‌نگی که‌سک و زه‌رد بوون، ڕه‌نگی دیکه‌یشیان تێدا بووایه،
خۆ که‌رکووک ته‌نێ شاری پارتی و یه‌کیه‌تی نییه!. که‌رکووک، شاری هه‌موو کورده،
ئیدی ئه‌و کورده، له کوردستان بێت یا له بۆلیڤیا، ئه‌وه گرنگ نییه. ده‌بوو له
بری ته‌واوی ئه‌و په‌ڕۆ و وێنانه، ته‌نێ ئاڵای کوردستان و په‌ڕۆی هه‌مه‌ڕه‌نگیان،
هه‌ڵگرتبا. با په‌ڕۆی که‌سک، زه‌رد، سوور، شین، ڕه‌ش، سپی و هه‌رچی ڕه‌نگی دیکه‌ش له‌م
دنیایه‌دا هه‌ن، هه‌ڵگیرابان. هه‌ڵگرتنی ئاڵای ئه‌مه‌ریکا و ئینگلیزیش، به‌لای منه‌وه،
هیچ کارێکی جوان نییه و چ پێویستیش نییه. ئه‌و ڕێپێوان و خۆپێشاندانه‌ی دوێنێ، که
له که‌رکووک کرا، ده‌شێ له هه‌موو باژێڕێکی دیکه‌ی کوردستان بکرێت. ده‌شێ ته‌واوی
باژێڕه‌کانی کوردستان، ئه‌وانه‌ی تازه ڕزگار کراون، که‌رکووک، خورماتوو، تاووغ، جه‌له‌ولا،
خانه‌قین، مه‌نده‌لی، به‌دره، مووسڵ، شنگال و...بگرێته‌وه و ئه‌و باژێڕانه، بکرێنه
ڕێپێوانگه و خۆپێشاندانگه و به‌رده‌وام، بێبڕانه‌وه، بێ‌پشوو، بێڕاوه‌ستان و هه‌میشه،
به هاتوهاوار و قێڕه و گوتار و دروشم و هه‌موو جۆره شێوازێک، ده‌نگ و خواسته‌کانی
خه‌ڵکی کورد، بدرێت به گوێچکه‌ی که‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وڕۆی عیراقدا. ده‌شێ خه‌و
و حه‌سانه‌وه و ته‌وه‌زه‌لیی، له ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته حه‌رام بکرێت و مۆڵه‌تی
بیرکردنه‌وه‌یان نه‌درێت. ئه‌وه‌ی دوێنێی که‌رکووک، ده‌شێ ببێته کارێکی ڕۆژانه‌ی
هه‌موو کورد. ئه‌وه‌ی دوێنێی که‌رکووک، ده‌شێ ببێته ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو کورد.
لاوان، ژنان، ماڵباتی شه‌هیدان، که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان، کوردانی فه‌یلی و ته‌واوی
توێژ و چینه‌به‌شخوراوه‌کانی کورد، ده‌شێ پێشه‌نگی ئه‌و ڕێپێوان و خۆپێشاندانانه
بن. له ته‌واوی وڵاتگه‌ل و جیهانێک، که بڕێک ئازادییان تێدان، ڕێپێوان
و خۆپێشاندان، هۆکارێکی گه‌لێک مه‌زنن، بۆ گوشارخستنه‌سه‌ر
ده‌سه‌ڵات. له‌و ڕێگه‌یه‌وه خه‌ڵک دیتن و بۆچوون و ڕای خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ده‌سه‌ڵات
و مه‌رجه‌کانی خۆی، به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌سه‌پێنێت. کورد، له‌و ڕه‌وته، دوا که‌وتووه
و ئێستاش، که ئیدی مه‌ترسی گازی کیمایی و ئه‌نفال، له ئارادا نییه، ئه‌و ڕێپێوان
و خۆپێشاندانانه، کاریگه‌رترین شێوازن، بۆ گه‌یشتن به ئامانج. هیچ پاساوێکیش بۆ
شه‌رمکردن و ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌و کارانه نییه. ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت: "نابێ و ناکرێ
و که‌ی کاتی ئه‌وه‌یه و با برا عه‌ره‌ب و تورکمان و...لێمان زیز نه‌بن، و دۆستایه‌تییان
له‌گه‌ڵماندا نه‌پسێت، و با چاوه‌ڕوان بین بزانین دۆسته‌کانمان(ئه‌مه‌ریکا و ئینگلیز)
چ ده‌که‌ن و چ ده‌ڵێن"، ئه‌وه هه‌رگیز له به‌ره‌ی گه‌ل نییه و ڕاست ناکات
و هیچ پێویستیش نییه، خه‌ڵک گوێی لێ بگرێت. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی (دوکتۆر
مه‌حموود عوسمان)ه‌وه، که ده‌ڵێت:"ئه‌و داخوازییانه‌ی، که له خۆپێشاندانه‌کانی
که‌رکووکدا، گوتران، به ته‌واوی له هه‌ڵوێستی فه‌رمیی کورد، جیاوازن،
که داوای فیدرالییه‌ک ده‌کات له نێو عیراقێکی یه‌کگرتووی، یه‌ک خاک و یه‌ک گه‌لدا.
ئه‌وانه‌ی، که دروشمی جیابوونه‌وه له عیراق به‌رزده‌که‌نه‌وه، لاوانێکی توندڕۆن
و دابڕاون له هه‌ڵوێستی گه‌لی کورد و حیزب و هێزه نوێنه‌ره‌کانی، که سوورن له
سه‌ر ئه‌وه‌ی، کورد به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه له گه‌لی عیراق و ده‌ڤه‌ری کوردستانیش
به‌شێکه له خاکی یه‌کگرتووی عیراق...هه‌رچی هه‌ڵگرتنی ئاڵای کوردستان و نه‌بوونی
ئاڵای عیراقه، واپێده‌چێت، که ده‌ستێکی نادیار هه‌یه، یاری ده‌کات و مه‌به‌ستیشی
زیانگه‌یاندنه به ڕه‌وته‌که، چونکه ئاڵای فه‌رمی عیراق، له سه‌ر هه‌موو باره‌گای
کارگێڕییه فه‌رمییه‌کان، له ناوچه‌کانی کوردستان، هه‌ڵکراوه و به فه‌رمییش دانی
پێدا نراوه، هه‌رچی ئاڵای کوردستانیشه، ئه‌وه نیشانه‌یه‌که، کوردان له هه‌ندێک
بۆنه‌دا، به‌رزی ده‌که‌نه‌وه"[1].
من پێموایه، ئه‌وه‌ی له که‌رکووک گوترا و باسکرا و هاواری بۆ کرا، ئه‌وه خواستی
هه‌موو کورده و ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو کورده. هیچ کوردێک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا
نییه، باشووری کوردستان، به‌شێک بێت له عیراق و تاکه چاره‌سه‌ریش بۆ کێشه‌ی کورد،
له‌و به‌شه‌ی کوردستان، که دوکتۆر عوسمان و سه‌رانی حیزبه کوردییه-عیراقییه‌کان،
ده‌یانه‌وێت، نه‌یبیسن و خۆیانی لێ که‌ڕ ده‌که‌ن، جیابوونه‌وه‌ی کوردستانه له عیراق
و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستانه. ڕاسته ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه
داوای ده‌کات، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی فه‌رمیی حیزبه کوردییه-عیراقییه‌کاندا ناگونجێت،
لێ ئه‌و حیزبانه و سه‌رانیان و ته‌واوی عیراقییان و عه‌ره‌ب و تورکمان و ئاشووری
و کلدان و ئه‌مه‌ریکا و ئینگلیزیش، ده‌بێ ئه‌وه بزانن، که خه‌ڵکی کورد ئه‌وه‌ی ده‌وێت،
خه‌ڵکی کورد ئازادی یه‌کجاری و سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت. ئه‌و ئاڵایه‌ی عیراقیش، که دوکتۆر
عوسمان، به فه‌رمیی داده‌نات، هه‌ر ئاڵای به‌عسه و دوکتۆریش له من و منانی دیکه‌یش
چاکتر ده‌زانێت، که ئه‌و ئاڵایه، له 1963وه کرا به ئاڵای عیراق و به‌عس کردی،
کاتێک ده‌یه‌ویست له‌گه‌ڵ سووریا و مسردا، یه‌کبگرن. ئاڵای کوردستانیش، ته‌نێ هی بۆنه
و ئه‌وانه نییه، به‌ڵکه ئاڵایه‌که، ئه‌وڕۆ ته‌واوی کورد شانازیی پێوه ده‌کات
و ئیتر ده‌بێ هه‌ر هه‌ڵکرێت و هه‌ر شه‌کاوه بێت. من بۆ خۆم هێنده‌ی ڕێزه‌یه‌کیش ڕه‌گه‌زپه‌رست
و شۆڤینیست نیم، لێ دوکتۆر عوسمان و ته‌واوی سه‌رانی دیکه‌ی کورد، ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ن،
که ته‌واوی ئه‌و نه‌ته‌وه و گه‌ل و وڵاتانه‌ی ده‌وروبه‌ری کوردستان و ته‌واوی عه‌ره‌ب
و ته‌واوی تورک و ته‌واوی فارسی جیهان و...هیچ کاتێک به سه‌ربه‌خۆیی کورد و کوردستان
قایل نابن، ئه‌گه‌ر کورد چاوه‌ڕێیی ئه‌وان بێت، ده‌بێ نه‌ک هه‌ر بێ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵکه
بێ هیچ مافێکیش سه‌ر بنێته‌وه. ئه‌وانه‌ی ئێستا فه‌رمانڕه‌وای
ڕاسته‌قینه‌ی عیراقن، له ڕێپێوان و خۆپێشاندان و
ده‌نگبڵندکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک و ڕاسازکردن و هاتوهاوار تێده‌گه‌ن، چونکه وڵاتانی خۆیان
تژین له وه‌ها چالاکییه‌ک و هه‌میشه خه‌ڵک له سه‌ر جاده‌یه و هه‌میشه خه‌ڵک خڕ
بووه‌ته‌وه و جاده ده‌گیرێت و ده‌بڕدرێت و پۆلیس وه‌به‌ر به‌رد ده‌درێت و هه‌میشه
سه‌دان دروشم و ده‌یان داخوازی ده‌چنه پێش به‌رپرسانیان و هه‌رگیز بێ ئه‌و ده‌نگه
تووڕانه، به‌رپرسانی وڵاته‌کانیان سه‌رنانێنه‌وه و ئه‌و ده‌نگانه‌ش، تا نادادی هه‌بێت،
هه‌رگیز خامۆش نابنه‌وه. ئه‌گه‌ر کورد درێژه به‌م شێوه خه‌باته‌ی ئێستای
بدات و سه‌رانی پشتی نه‌ده‌ن به زه‌ویدا، گومان له‌وه‌دا نییه، ئه‌نجامێکی باش دێته
دی و کورد له ئاواته مێژووییه‌کانییه‌وه نێزیک‌تر ده‌بێته‌وه و ده‌یگاتێ. با ئه‌و
ڕێپێوان و خۆپێشاندانانه‌یش، وه‌ک ئاگره‌که‌ی باوه‌گوڕگوڕ، هه‌میشه بگڕیێت
و ڕێگه‌ی خه‌باتی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی ڕوون کاته‌وه، چونکه ڕێپێوان و خۆپێشاندان و بێده‌نگنه‌بوونی هه‌ر گه‌لێک، له ناڕاستی
و نادادی، زیندوویی ئه‌و گه‌له ده‌گه‌یه‌نێت، با کوردیش پێشانی بدات و بیسه‌لمێنێت،
که یه‌کێکه له‌و گه‌له زیندووانه‌ی جیهان.
23/12/2003
[1] دوکتۆر مه‌حموود
عوسمان، ئه‌و قسانه‌ی بۆ ساێتی ئیلاف(ایلاف)" www.elaph.com"ی عه‌ره‌بی کردبوو،
ڕۆژی 22/12/2003.
No comments:
Post a Comment