هه‌ڵوێستی مرۆڤ،که‌سێتی مرۆڤه
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
سوێد بۆ
خۆی وڵاتێکی گچکه‌یه و دانیشتووانی به هه‌موو ئێمه‌مانانیشه‌وه، بیانی و په‌نابه‌ر
و کۆچه‌رییش، تازه خۆی ده‌دات له 10 میلیۆنێک. سوێدییه‌کان به‌و که‌مییه‌ی خۆیشیانه‌وه،
گه‌لێکی بزێو و زیره‌کن و له هه‌موو کون و که‌له‌به‌رێکی ئه‌م جیهانه‌دا هه‌ن. خه‌ڵکانێکن،
زۆریان حه‌ز به کارکردنه و له هه‌موو بوارێکی ژیانیشدا، خه‌ڵکی شاره‌زا و لێزانیان
هه‌ن. شاره‌زا و لێزانی ڕاستی و توانا و زیره‌ک. هه‌ر شتێکی، که ڕووده‌دات، ئه‌وان
ده‌توانن ده‌یان که‌س خڕکه‌نه‌وه و ده‌مه‌ته‌قه و گفتوگۆی له سه‌ر بکه‌ن. بۆ
نموونه: هه‌زاران خه‌ڵکی شاره‌زا و لێزانیان هه‌ن، که له‌مه‌ڕ چین، ئیسلام، ئێران،
جووله‌که، بوودیزم، ڕۆژهه‌ڵات، عه‌ره‌ب، کۆمۆنیزم، شه‌ڕی چه‌کدار، ئابووری، ئه‌فریقا،
ئه‌مه‌ریکای خواروو، ژیانی ژێر ئاو، لۆکه، په‌تاته، نه‌خۆشی ئه‌یدز، شوێنه‌وارناسیی،
سه‌گ، فڕۆکه، سیاسه‌ت، هۆز و خێڵ له ڕۆژهه‌ڵات، زمانی په‌هله‌وی و سانسکریت و...سه‌دان بواری دیکه‌ی
ژیان و ورده شتی دیکه‌یش ده‌زانن و ده‌توێژنه‌وه و ده‌کۆڵنه‌وه و شاره‌زایی و
زانیاری ده‌ده‌نه‌ده‌ر و ده‌به‌خشنه‌وه و ده‌فرۆشن. ڕێک به پێچه‌وانه‌ی ئێمه و
خه‌ڵکانی وڵاتانی ئێمه‌وه، که هه‌ر له هیچه و بێ بۆنه و بێ بیرکردنه‌وه و لێزانین،
ته‌ماشا ده‌که‌یت، کابرا سیاسه‌ت ده‌کات، لێ ده‌م له فه‌لسه‌فه و ڕواندنی دار و
ده‌وه‌ن و په‌ز و به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵیش ده‌ژه‌نێت و خۆی به پسپۆر ده‌زانێت له‌و
بواره‌دا. یا قومارچی و کۆترباز و ساخته‌کاره، که‌چی نوێنه‌رایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌ک
ده‌کات و سه‌رکرده‌یه‌تیی گه‌لێکی پێ ده‌سپێردرێت و به نێوی وڵاتێکه‌وه قسان ده‌کات.
یا کاری پێشینه‌ی سێخوڕیی بووه، که‌چی به سه‌ر تۆ و منه‌وه ده‌بێته ڕۆژنامه‌ڤان
و باسی کوردایه‌تیی ده‌کات. یا ساڵانێکی دوورودرێژ جاشایه‌تی کردووه، که‌چی مۆریی
نیشتمانپه‌روه‌ریی به ده‌سته‌وه‌یه و ئه‌و خه‌ڵک پۆلێن ده‌کات و وڵاتپارێز و وڵاتفرۆش
له یه‌کدی جودا ده‌کاته‌وه. سوێدییه‌کان یه‌کێکن له‌و نه‌ته‌وه و گه‌لانه‌ی، که
زۆر سه‌فه‌ر ده‌که‌ن و ده‌چنه وڵاتان. له هه‌ر وڵاتێک کاره‌ساتێک بقه‌ومێت، که
ئه‌مان له مێدیاکانی خۆیاندا هه‌واڵه‌که په‌خش ده‌که‌نه‌وه، ده‌سبه‌جێ باسی ئه‌وه
ده‌که‌ن، که ئایا سوێدی له‌و ڕووداوه‌دا هه‌بووه یا نه! چه‌ندیان تێداچوون و چ کاره
بوون له‌و شوێنه و خه‌ڵکی کام باژێڕی سوێدن و ته‌مه‌نیان چه‌نده و....؟ یه‌کێک له‌و
وڵاتانه‌ی، که سوێدییان زۆرجاران، بۆ پشوو و به‌سه‌ربردنی مۆڵه‌تی ساڵانه‌یان، سه‌فه‌ری
بۆ ده‌که‌ن، تورکیایه. پتر له‌به‌ر هه‌رزانی و خۆراکی خۆش و خۆر، ڕووده‌که‌نه ئه‌وێ.
دوو سێ هاوێنێک به‌ری ئێستا، ژنێکی سوێدی ناسیاو، یا باشتر وایه بڵێم خه‌ڵکی گه‌ڕه‌که‌که‌مان،
له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی دیکه‌دا، بۆ حه‌فته‌یه‌ک، سه‌فه‌رێکی تورکیای کردبوو. سه‌فه‌ری
ئه‌و ژنه و هاوڕێیه‌کانی، بۆ تورکیا، بۆ ئه‌وه بوو، له‌وێ یاریی (گۆڵف) بکه‌ن. له
هوتێلێکی مه‌زنیی شاری (ئه‌نتالیا) داده‌به‌زێت و ده‌بێته میوان. ئیدی ڕۆژانه، چه‌ند
سه‌عاتێک، به‌و یارییه‌وه ده‌به‌نه سه‌ر. ئه‌و شوێنه‌ی، که یاریی تێدا ده‌که‌ن،
گۆڕه‌پانێکی گه‌وره و گه‌لێک به‌رینه و گۆڵفیش، جێگه‌یه‌کی وای ده‌وێت. ئه‌و تۆپه‌ی،
به‌کار ده‌برێت، بۆ ئه‌و یارییه، تۆپێکی ڕه‌ق و سفت و پته‌وه و ئه‌گه‌ر به توندی
له که‌لله‌ی زه‌لام بدات، مه‌گه‌ر خودا نه‌یکوژێت، ده‌نا ده‌مرێت. ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ی،
که ئه‌وان، یاریی گۆڵفی تێدا ده‌که‌ن، هه‌مووده‌م
پڕ ده‌بێت له کۆمه‌ڵێک کرێکار، که خجڵی کارن و به‌و ناوه‌دا دێن و ده‌چن. ژنه‌ی
له‌مه‌ڕ خۆیشمان، به کارگێڕان(خودان یا به‌رپرس)ی هوتێل و ئه‌وانه ده‌ڵێت، که به‌و
شێوه‌یه یاری ناکرێت و ڕه‌نگه ئه‌و تۆپانه، به‌ر که‌لله و هه‌ر به‌شێکی دیکه‌ی
له‌شی ئه‌و کارگه‌رانه بکه‌ون و ئازاریان پێ بگه‌یه‌نن و شتێکیان به سه‌ر بێت. کابرای
به‌رپرسی هوتێلیش، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی باسی ئامێرێک، یا بڕێک ئاژه‌ڵ بکات، ده‌ڵێت: ئه‌و
شتانه خه‌ڵکی خۆرهه‌ڵاتی تورکیان و زۆرن و هه‌رچیشیان به سه‌ر بێت، گرنگ نییه!.
ژنه‌ی سوێدییش ده‌ڵێت: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه، که ئه‌وانه کوردن! کابرا ده‌ڵێ: ئا،
ئه‌وانه فره‌ن و له ڕۆژه‌هه‌ڵاتی تورکیا
ده‌ژین! ئیدی ژنه حه‌فته‌پشووه‌که‌ی له‌وێ به سه‌ر ده‌بات و دێته‌وه سوێد. که
هاته‌وه، گوتی: هه‌رگیز نه‌مده‌زانی تورک، هینده ڕه‌گه‌زپه‌رستن، تا به
چاوانی خۆم دیمن و ئیدی تا له ژیانیشدا بم، ناچمه تورکیا. ده‌کرێ مرۆڤ کوردیش بێت
و به‌رپرسیش بێت و سه‌رکرده‌یش بێت و له‌و جۆره هه‌ڵوێسته بوێرانه‌یش بنوێنێت!
با هه‌ر هیچ نه‌بێت، سه‌رانی کورد، چاو له خه‌ڵکانی بیانی بکه‌ن و له شووشه ئاوه‌کانی
حه‌یات(Heyat)ی تورکییه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ن و نه‌یانخۆنه‌وه و دواییش به‌ره‌و
شته‌کانی دیکه هه‌ڵکشێن.
21/12/2003
No comments:
Post a Comment