عه‌ره‌باندن به قانوون لا نابرێت
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد،
سه‌رۆکی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌ڤانانی سلێمانی، ئێواره‌ی 11/12/2003، میوانی، پرۆگرامی
"له کوردستانه‌وه"ی، عه‌بدوڕه‌ززاق عه‌لی بوو. ئه‌و پرۆگرامه، یه‌کێکه
له پرۆگرامه باشه‌کانی - که ده‌گمه‌نن- که‌ناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی. دیاره
پرۆگرامی باش، نه‌ک هه‌ر له کوردستان تیڤی، به‌ڵکه له ته‌واوی ئه‌و چوار که‌ناڵه
کوردییانه‌دا، که هه‌ن، که‌من. هه‌رچه‌نده من بۆ خۆم، له‌گه‌ڵ جۆری هه‌ڵبژاردنی
میوانه‌کانی، کاک عه‌بدوڕه‌ززاق عه‌لیدا نیم، چونکه ئه‌و میوانانه‌ی ئه‌و هه‌میشه،
ئه‌و خه‌ڵکانه‌ن، که له پشتی مێزه‌کانیان و له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌کانیان و له
لیستی مووچه‌کانیان و له قه‌باره‌ی جزدانی پاره‌کانیان و له پانایی به‌رژه‌وه‌نده‌که‌سه‌کییه‌کانیان
و له ده‌لاقه‌ی ده‌سه‌لآته‌وه، ده‌نۆڕنه پرسی کورد و ته‌واوی پرسه‌کانی دیکه‌ی
ئه‌م جیهانه‌ی‌ش. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر تاکه باشییه‌ک یا ئه‌رێنییه‌ک، له هه‌ڵبژاردنی
ئه‌و جۆره میوانانه‌دا هه‌بێت، ئه‌وه بێت، که مرۆڤی ئاسایی کورد، ئێمه‌ومانان،
خه‌ڵکانی خواره‌وه‌ی پلیکانه‌ی جڤاکی کورد، ڕاستی و ماک و کرۆکی، ئه‌و جۆره که‌سانه‌یان،
بۆ ده‌رکه‌وێت و باشتر و ڕوونتریان ده‌بینن و ده‌ژنه‌فن و ده‌خوێننه‌وه و ده‌ناسن.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسووڕمان و ڕامان و بیرلێکردنه‌وه‌یه، ئه‌وه‌یه، ڕۆژنامه و خه‌ڵکی
ڕۆژنامه‌ڤان، کوردستانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان و ولآته ماندووه‌کانی عه‌ره‌ب و
ولآتانی دیکتاتۆری و فه‌رمانڕه‌وایانی تاکڕه‌و و ڕۆژهه‌لآتی لێده‌رکه، له هه‌موو
جیهاندا، به ده‌سه‌لآتی چواره‌م نێو ده‌برێت. ده‌سه‌لآتێک، که ئاگایانه و به‌رپرسانه
و نیگه‌رانانه و په‌رۆشانه و ڕه‌خنه‌گرانه، ده‌نۆڕێته هه‌رسێ ده‌سه‌لآته‌که‌ی
دیکه‌ی قانووندانان، به‌جێهێنان و دادگه‌ری. ڕۆژنامه‌ڤانی و ڕۆژنامه‌ڤانان و ڕۆژنامه،
له ولآتانێک، که جۆره ئازادییه‌کی ڕاده‌ربڕینی تێدایه، چاودێرن و پاسه‌وانن و کۆنترۆڵی
ده‌سه‌لآت ده‌که‌ن و وه‌دووی هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌لآت و ده‌سه‌لآتداراندا ده‌خولێنه‌وه
و خواخوایانه شتۆکه‌یه‌کیان لێ ببیننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی لێیان بکه‌ن به قاو و ولآت
و گه‌ل و خه‌ڵکی خۆیان و هه‌موو جیهانیشیان، لێ بورووژێنن و وایان لێ بکه‌ن، شه‌رم
و په‌شیمانی بیانگرێت و جارێکی دیکه، ئه‌و هه‌ڵه‌گه‌له دووباره نه‌که‌نه‌وه.
پێده‌چێت له کوردستانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه، به‌پێچه‌وانه‌وه بێت. فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد،
دێت و داکۆکی له عه‌ره‌باندن ده‌کات. پاساو بۆ عه‌ره‌باندن و ده‌رکردن و کۆچپێکردنی
به تۆبزی و بۆ فیدراڵی له سه‌ر بنه‌مای پارێزگه‌کان، ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌سه‌سه‌رد،
پێیوایه، مادام عه‌ره‌باندن به قانوون کراوه و ئه‌نجام دراوه، ده‌بێ به
قانوون لاببرێت. چ کوردێک له‌و دنیایه‌دا هه‌یه نه‌زانێت، که له 1963وه، که
تائێستا ده‌کاته چل سالآن، ئه‌وانه‌ی فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌لآتدارانی عیراق، به
باشووری کوردستانیشه‌وه، بوونه، خه‌ڵکانێک بوونه له چوارچێوه‌ی عه‌ره‌بایه‌تیدا،
هه‌موو کار و کرده‌وه و ڕه‌وتار و گوتارێکیان، بۆ عه‌ره‌باندنی کوردستان و سڕینه‌وه‌ی
نێوی کورد بووه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، هه‌رچێیه‌ک خزمه‌تی به‌و پرۆسه‌یه کردبێت،
به‌کاریان بردووه!. چ کوردێک هه‌یه نه‌زانێت، که له عیراقدا، قسه‌ی سه‌ددام
حوسه‌ین بۆ خۆی قانوون بووه و په‌یڤێکی ئه‌و، هه‌رچی پێی ده‌گوترێت قانوون، سڕیویه‌تییه‌وه!.
چ کوردێک هه‌یه نه‌زانێت، که کوردانی که‌رکووک و خانه‌قین، ماڵه‌عه‌ره‌ب به لۆری
و ئۆتۆمبیلی گواستنه‌وه‌وه هێنراونه‌ته به‌ر ماڵیان و ده‌ستی ژنه‌کانیان له هه‌وێردا
بووه، یا خه‌رێکی نانکردن بوونه، یا شیریان به منداڵه‌کانیان داوه، له‌وه‌ها کاتێکدا
و به شه‌ق و زیڕه‌زیڕی زارۆک و هاواری ژنان و قۆناخه‌تفه‌نگی سه‌ربازی به‌عس، وه‌ده‌رنراون
و ته‌نانه‌ت نه‌یشیانهێشتووه، نانه گه‌رمه‌کانی سه‌ر ته‌نووره‌که‌ی خۆیشیان له‌گه‌ڵ
خۆدا ببه‌ن!. چ کوردێک هه‌یه نه‌زانێت، ئه‌نفال و کیمیاباران، ئه‌و دۆزه‌خانه‌ی، که
زیاتر له 200 هه‌زار مرۆڤی بێتاوانی کوردی، تێدا کرانه ڕه‌ژوو، یا زینده‌به‌چاڵ کران،
به فه‌رمانی عه‌لی کیماییه‌ک، یا عیززه‌ت ئه‌لدوورییه‌ک، ئه‌نجامدران و ئه‌وه‌ی ئه‌وان
گوتیان، ئه‌وه قانوون بوو!. چ کوردێک هه‌یه نه‌زانێت، پتر له 200 هه‌زار کوردی
فه‌یلی، ته‌واوی سامان و موڵکیان لێ سه‌نرایه‌وه و زه‌وت کرا و هه‌ر ماڵه‌و دوو سێ
چوار کوڕی گه‌نجیان، که نێزیکه‌ی پازده‌هه‌زار لاو بوون، لێ گلدرایه‌وه و تاقیان
به ساغی لێ ده‌رنه‌چوو و هه‌موویان، له‌به‌ین بران!. من بۆ خۆم هاوڕییه‌کی کوردی
فه‌یلیم هه‌یه، چوار برای گیران و له‌نێو بران. هه‌ر یه‌کێک له‌و چوار برایه
سه‌دان ڕۆژنامه‌نووسی خوێڕیله و ترسنۆکی ده‌هێنا. ئایا ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته، ئه‌و
هه‌موو قڕان و له‌نێوبردنه، که له‌وه‌تی کورد هه‌یه، به سه‌ریدا تێده‌په‌ڕێنرێت
و تێیدا ده‌ژی، ئه‌وانه به قانوون کراون؟ پێموایه، ته‌نێ ئه‌سه‌سه‌رد و ئه‌سه‌سه‌ردئاساکان،
ئه‌وانه‌یان پێ قانوونه و پێیانوایه به قانوون ئه‌نجام دراون و ده‌بێت به
قانوونیش لاببرێن. ڕێژیمی به‌عس ته‌ڕ و هیشکی پێکڕا ده‌سووتاند و به ته‌مای ئه‌وه
بوو، کورد نه‌هێڵێت، که‌چی ئه‌سه‌سه‌رد پێیوایه، به‌عس به قانوون ویستوویه‌تی کورد
نه‌هێڵێت و کوردیش ده‌بێ به قانوون مافه‌کانی خۆی وه‌رگرێته‌وه. کورد له نێو
چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تگه‌لێکدا ده‌ژی، که ئه‌وه‌ی قانوونه تێیاندا نییه و ئه‌وه‌ی
قانوونه پیاده‌ناکرێت. نه‌هێشتنی عه‌ره‌باندن، ته‌نێ به یه‌ک شێوه لاده‌برێت و
ده‌سڕدرێته‌وه، به‌وه‌ی، که ته‌واوی عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندن، له ته‌واوی ده‌ڤه‌ره
عه‌ره‌بێنراوه‌کاندا، بێ سێودوولێکردن و بێ بیرکردنه‌وه و بێ گفتوگۆ و چاوه‌ڕوانی،
وه‌ده‌رنرێن و کوردستانیان لێ خاوێن بکرێته‌وه و ته‌واوی کوردی وه‌ده‌رنراو و ده‌رکراوی
ئه‌و ناوچانه‌ش، ده‌سبه‌جێ و بێ چاوه‌نواڕی بگێڕدرێنه‌وه شوێن و زێدی خۆیان. هه‌موو
"منجه‌منج" و "ئه‌وڕۆ نا سبه‌ی" و "جارێک په‌له‌مان نییه"
و "بزانین دۆسته ئه‌مه‌ریکاییه‌کانمان چ ده‌ڵێن" و "با له‌گه‌ڵ
براعه‌ره‌باکانماندا قسان بکه‌ین" و "خۆی چاک ده‌بێت" و "چاوه‌ڕوانی
قانوون ده‌بین و به ڕێگه‌ی قانوونی، ئه‌و گیروگرفتانه چاره‌سه‌ر ده‌که‌ین" و "نابێ له‌و باره‌وه توندڕۆ بین" و "ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش عه‌ره‌ب
به تۆبزی وه‌ده‌رنێین، که‌واته له‌گه‌ڵ به‌عسدا چ جیوازییه‌کمان هه‌یه"
و...ئه‌وانه
هه‌موو نیشانه‌ی نه‌وێران و ترسنۆکی و نانیشتمانپه‌روه‌ریه‌تی و نادلسۆزی و کوردهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن
و ساخته‌کارییه، له‌گه‌ل کێشه‌ی عه‌ره‌باندن و چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشه‌دا. ئه‌وه‌یشی
وا ده‌ڵێت، بیه‌وێت و نه‌یه‌وێت، داکۆکی له
عه‌ره‌باندن و داکۆکی له به‌عس و ته‌واوی
کرده‌وه‌کانی به‌عس ده‌کات. ئه‌سه‌سه‌رد، له مه‌ڕ پرسی هه‌ڵنه‌کردنی ئالآی کوردستان
به ته‌نێ له‌و ده‌ڤه‌ره‌ی، که ئه‌و لێی ده‌ژی و له‌مه‌ڕ هه‌ڵکردنی ئالآی عیراق له‌و
ده‌ڤه‌ره‌دا،
پێیوابوو، ئالآی کوردستان چ پشتیوانه‌یه‌کی قانوونی و فه‌رمی نییه و مادام ئه‌وان
خوازیاری جوێبوونه‌وه نین له عیراق، ئیدی ده‌بێ وابێت و ئالآی عیراق دابنرێت و هه‌ڵنه‌کردنی
ئالآی کوردستانیش چ گرنگییه‌کی نییه. دیاره ئه‌وه ته‌نێ بیر و بۆچوونی ئه‌سه‌سه‌رد
نییه، به‌ڵکه ئه‌و حیزبه‌ی، که ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامیه‌تی و ئه‌و حوکوومه‌ته‌ی، که
ئه‌سه‌سه‌رد له ژێر سایه‌یدا ده‌ژی، ئه‌وانیش بۆ خۆیان وا بیر ده‌که‌نه‌وه. من ئه‌و
جۆره پاساوانه‌م له عیماد ئه‌حمه‌دی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی حیزب و حوکوومه‌ته‌که‌ی
ئه‌سه‌سه‌ردیش ژنه‌فتووه. ئه‌سه‌سه‌رد، باسی ده‌ڤه‌ری "کیوبیک"ی که‌نه‌دای
ده‌کرد، که ئه‌وان خه‌ڵکیان هه‌یه داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ن
و خه‌ڵکیشیان هه‌یه نایانه‌وێت له که‌نه‌دا جوێببنه‌وه. ئه‌سه‌سه‌رد هیچ بیر له‌وه
ناکاته‌وه، که کیوبیک و که‌نه‌دا، به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌راورد ناکرێن له‌گه‌ڵ کوردستان
و عیراقدا. له کیوبیک و که‌نه‌دا، ئه‌نفال و عه‌ره‌باندن (ئینگلیزاندن) و کیمیاباران
و له‌سێداره‌دان و تالآن و کوشتار نه‌کراوه و هه‌رگیزیش ناکرێت. فرانسیزمانێکی کیوبیکی، تۆ به ئینگلیزی پرسیارێکی لێ بکه، هه‌رگیز بێزی
نایه‌ته‌وه به ئینگلیزی به‌رسڤت بداته‌وه و تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌گه‌ر به ئینگلیزی
بپه‌یڤێت پێیوایه زمانی پیس ده‌بێت و زۆر به شانازییه‌وه به زمانه فرانسییه‌که‌ی
خۆی وه‌لآمت ده‌داته‌وه. دوای
ئه‌وه‌ش تۆیه‌کی کورد، بۆ ته‌ماشای تیمووری ڕۆژهه‌لآت و ئێریتریا و. . . ناکه‌یت، که
هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی خه‌باتیانه‌وه، باسی سه‌ربه‌خۆییان کردووه، بۆ پیاوانه و
ڕاشکاوانه، بۆ خۆت داوای سه‌ربه‌خۆیی ولآته‌که‌ت ناکه‌یت و بۆ ده‌بێ هه‌مووده‌م ئه‌وه‌ی
ناکرێت و ناگونجێت و باش نییه و دژی خواستی گه‌لی کورده، ببێته نیشانه و جێسه‌رنجی
تۆ؟ ئه‌سه‌سه‌رد هیچ بیر له‌وه ناکاته‌وه، که ئه‌و عیراقه‌ی، ئه‌و پێیوایه به
قانوون عه‌ره‌باندن و کاره‌کانی دیکه‌ی دژه‌مرۆڤی خۆی ئه‌نجام داوه، له دادگه‌ی شۆڕش
(محکمة‌الثورة) ه‌که‌یدا، کابرای دادوه‌ر، به هه‌وه‌س و ئاره‌زووی خۆی بڕیاری
چاره‌نووسی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی، که دادگایی ده‌کران، ده‌دا. هیچ قانوونێک بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه
نه‌بوو و ئه‌وه‌ش، که دادگایی ده‌کرا، هه‌ر له خۆڕا هێنرابووه ئه‌وێ و بێ هیچ هۆیه‌ک
دادگایی ده‌کرا. ساڵی 1977، من بۆ خۆم له زیندانی پۆلیس و ئاساییشی که‌ربه‌لا
بووم. باوکم و برایه‌کم و دایکم و خوشکێکیشم، هه‌ر له‌وێ زیندانیی بوون. له نێو ئه‌و
خه‌ڵکانه‌ی له‌گه‌ڵماندا بوون، کوڕێکی گه‌نجی عه‌ره‌بی خه‌ڵکی خوارووی عیراقمان، له‌گه‌ڵ
بوو. نێوی سه‌بری هاشم شناوه (صبري هاشم شناوه) بوو. ئه‌و له سه‌ر ئه‌وه گیرابوو،
که گوایه ڕێکخستنی حیزبی کۆمۆنیستی عیراقی، له نێو پۆلیسدا کردووه و به گوێره‌ی
"قانوون"ی به‌عسیش، ئه‌و قانوونه‌ی، که ئه‌سه‌سه‌رد، پێیوایه ده‌بێ به
قانوون ههڵوه‌شێندرێته‌وه، ئه‌وه قه‌ده‌غه بوو و هه‌رکه‌س ئه‌و کاره‌ی کردبا، ده‌بوو
له سێداره بدرێت. ئه‌و شه‌وه‌ی، که بۆ سبه‌ینێ، ده‌بوو سه‌بری هاشم شناوه، ببه‌ن
بۆ به‌غدا، بۆ به‌رده‌م دادگای شۆڕش، ئێمه هه‌موو له ده‌وری سه‌بری هاشم شناوه،
خڕبووینه‌وه و ئیدی هه‌ر یه‌که‌و شتێکی ده‌گوت. یه‌کێک ده‌یگوت، ئیشه‌ڵلآ به سه‌لامه‌تی
ده‌گه‌ڕێیه‌وه و هیچت لێ ناکه‌ن و یه‌کێک ده‌یگوت، ئیدی جارێکی دیکه ناتبینینه‌وه
و یه‌کێکی دیکه ده‌گریا و یه‌کێک پێده‌که‌نی و یه‌کێک هیچ قسه‌ی بۆ نه‌ده‌هات و ئیدی
به‌و جۆره. بۆ سبه‌ینێ سه‌بری ماڵئاوایی له هه‌موومان کرد و بردیان و ئێمه‌ش هه‌موو
په‌ڵمه‌گریان بووبووین و گه‌روومان وشک بووبوو و هاتبووه‌یه‌ک و فرمێسک به
چاوماندا ده‌هاته خوارێ و. . . سه‌بری هاشم شناوه، برا. دوای چوار پێنج ڕۆژ، هه‌ر
ئه‌وه‌نده‌مان زانی، پۆلیس سه‌بری هاشم شناوه‌یان، کرد به ژووردا و هێنایانه‌وه
لامان. ئیدی بوو به هه‌را و پێکه‌نین و گاڵته و خۆشی و له هه‌مان کاتیش‌دا ترس،
چونکه بڕوامان نه‌ده‌کرد، جارێکی دیکه سه‌بری ببینینه‌وه. پرسیارێک له سه‌ر لێو
و نێوچاوانی هه‌مووماندا بوو، که چۆن سه‌بری هاشم شناوه هاتووه‌ته‌وه؟ وامان ده‌زانی،
ڕه‌نگه دادگایی‌کردنی سه‌بری دواخرابێت، بۆ کاتێکی دیکه و بۆیه هێنرابێته‌وه. سه‌بری
گوتی :"وه‌رن دانیشن تا بۆتان باسکه‌م. ئه‌و کاته‌ی براینه ئه‌و دادگه‌ی شۆڕشه،
هه‌موومانیان ڕیز کرد. ژماره‌یه‌کی زۆر بووین، نێزیکه‌ی په‌نجا شێست که‌سێک. کابرای
دادوه‌ر، که یه‌ک دوویه‌کی له ته‌نیشت بوون. چپه‌چپێکی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا کرد و سه‌یرێکی
هه‌ندێک کاغه‌ز و دۆسێی به‌رده‌می خۆی کرد و پاشان، دوای هه‌نده‌ک قسه‌ی وه‌ک، به
ناوی خوا و بڕیاری شۆڕش و ئه‌و به‌زمانه گوتی: له‌و کوڕه‌وه، که چاکه‌تێکی سووری
له‌به‌ره تا ئه‌وه‌تان که پانتۆڵێکی شینی له‌به‌ره، جیابنه‌وه، ئه‌وانه‌تان، بۆ
سێداره. له‌و که‌سه‌وه که سمێڵی وایه تا ئه‌و که‌سه‌ی کراسه‌که‌ی فلآنه ڕه‌نگه،
زیندانی هه‌تاهه‌تایی. له‌وه‌وه وا سه‌ری تاشراوه تا ئه‌وه‌تان وا کراسێکی فلآنه
ڕه‌نگی له‌به‌ره، بیست ساڵ زیندانی. له‌وه‌وه وا ڕدێنی هه‌یه
تا ئه‌وه‌ی که جامه‌دانی له ملدایه، ده ساڵ زیندانی، ئیدی به‌و جۆره تا گه‌یشته
ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی، که مابوونه‌وه و منیش یه‌کێک بووم له‌وان. دادوه‌ر گوتی: ئه‌وانه‌ش
به‌رده‌درێن". ئه‌وه‌یه ئه‌و قانوونانه‌ی، که عیراق و کوردستانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ
خۆیشمانی پێ به‌ڕێوه ده‌برا و فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کرا. من ئه‌سه‌سه‌رد و ته‌واوی ئه‌سه‌سه‌ردانی
دیکه‌ش بۆ خۆیان ده‌که‌مه دادوه‌ر، ئه‌و قانوونه‌ی، که سه‌بری هاشم شناوه‌ی پێ به‌ردرا
و میلیۆنان خه‌ڵکی دیکه‌ی پێ له سێداره دران، هه‌ر ئه‌و قانوونه‌یه، که عه‌ره‌باندن
و ئه‌نفال و ژاربارانی کوردی پێ کرا، ئایا ئه‌وه قانوونه، یا ناقانوونی و قڕان و
له‌نێوبردن و سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری مرۆڤه؟. ئه‌گه‌ر نازیزم و فاشیزم و کرده‌وه‌کانیان،
له‌گه‌ڵ ئه‌و کرده‌وانه‌ی به‌عسدا به‌راورد بکرێن، هێشتا به‌عس له سته‌مکاری و
تاوانباریدا گره‌و له‌وان ده‌باته‌وه. ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه جێی سه‌رسووڕمان و
ڕامان و لێوردبوونه‌وه و پرسیاره، ئه‌وه‌یه ئه‌سه‌سه‌رد و ئه‌سه‌سه‌ردان، بۆ
ناتوانن وه‌ک ڕۆژانامه‌وانێک بیر بکه‌نه‌وه؟ بۆ ناتوانن ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ک جاریش بێت
ڕاستییه‌کان بڵێن و بدرکێنن؟ بۆ ناتوانن له ده‌سه‌لآت دوورکه‌ونه‌وه و له‌گه‌ڵ گه‌لدا
بن و بۆ گه‌ل بنووسن و وه‌ک گه‌ل بهزرێن؟ ئه‌وه‌ی ئه‌سه‌سه‌رد و ئه‌سه‌سه‌ردان ده‌یڵێن
و ده‌یکه‌ن، چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ گوتار و کرداری پۆلیسێکدا نییه. ئه‌وه‌ی ئه‌سه‌سه‌رد
و ئه‌سه‌سه‌ردان ده‌یڵێنه‌وه، گوتارێکی له‌رزۆک و ترسنۆکانه و زه‌نده‌قچووی ده‌سه‌لآته،
که له پێناوی پاراستنی کورسی و به‌رژه‌وه‌نددا، هه‌موو شتێکیان پێ ڕه‌وایه. ئه‌وه‌ی
ئه‌سه‌سه‌رد و ئه‌سه‌سه‌ردان ده‌یڵێن و ده‌یڵێنه‌وه، له‌وه‌ی زیاتر، که داکۆکیکردنه،
له عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و ته‌واوی ناقانوونییه‌کانی به‌عس و ڕێژیمه‌که‌ی و
پاساوهێنانه‌وه‌یه بۆ تاوانه‌کانیان -که به لای ئه‌سه‌سه‌رد و ئه‌سه‌سه‌ردانه‌وه
قانوونن- هیچی دیکه نییه. سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری عه‌ره‌باندن و کورداندنی ته‌واوی
ده‌ڤه‌ره عه‌ره‌بێنراوه‌کانی کوردستان، به گیانێکی شۆڕشگێڕانه‌وه ده‌کرێت و به
هاندانی خه‌ڵک و سازدانی ڕابوون و دژایه‌تی ئه‌وه‌ی، که به‌ربه‌سته و جۆشدانی ته‌واوی
خه‌ڵکی کورده‌وه ده‌کرێت. به ڕێپێوان و خۆپێشاندان و هاتوهاوار و قێڕه ده‌کرێت،
که ده‌بوو ئه‌سه‌سه‌رد و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی، که خۆیان به ڕۆژنامه‌ڤان داوه‌ته
ناسین، ئه‌وڕۆ پێشه‌نگ و ڕێکخه‌ری ئه‌و جۆره چالاکییانه بن، نه‌ک خامۆشکه‌ر و
دامرکێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و گیان و تین و گڕه، لێ ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه‌ڤانی و کاری سه‌ندیکا
به‌و جۆره بێت، که ئه‌سه‌سه‌رد و مانه‌ندی ئه‌سه‌سه‌رد ده‌یکه‌ن، ده‌بێ ئه‌لفاتیحه،
بۆ گیانی پاکی ڕۆژنامه‌ڤانی و ڕۆژنامه‌ڤانانی کوردستان بخوێنین و پێیان بڵێین:
ڕه‌وانیان شاد بێت.
13/12/2003
No comments:
Post a Comment