کوردی ده‌ره‌وه و هه‌ڵبژاردن
"وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی حه‌فته‌نامه‌ی ئاسۆ"
حه‌فته‌نامه‌ی ئاسۆ له کوردستان(سلێمانی) ده‌رده‌چێت. کاک مه‌هدی ئه‌بووبه‌کر
زه‌نگنه، که له‌و حه‌فته‌نامه‌یه‌دا کار ده‌کات، ئه‌م چوار پرسیارانه‌ی خواره‌وه‌ی
له 5/12/2004دا بۆ ناردم و منیش به‌رسڤیانم دایه‌وه. پاشتر وه‌ڵامه‌کان وه‌ک ڕاپۆرتێک،
له ژێر سه‌ردێڕی "کورده‌کانی ده‌ره‌وه و هه‌ڵبژاردن"، له‌گه‌ڵ وه‌ڵامی
چه‌ند که‌سێکی دیکه‌دا، به دوو به‌ش، له ژماره 35ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی 14/12/2004
و ژماره 36ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی 21/12/2004، له لاپه‌ڕی 10دا، بڵاو کرانه‌وه.
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئاسۆ: ئایا به‌شداری کورد له ده‌ره‌وه کاریگه‌ریی بۆ سه‌ر زیادکردنی ده‌نگی لیستی
کوردستان ده‌بێت له عیراقدا؟
شاکه‌لی: له ده‌رێی کوردستان و به
تایبه‌ت له ئه‌وروپا، خه‌ڵک زۆرجاران هه‌ر به‌لای سندووقی ده‌نگدانیشدا ناڕۆن و
ئاره‌زووی ده‌نگدانیان نییه. له ئه‌وروپا به‌وانه‌ی ده‌نگ ناده‌ن ده‌ڵێن:"ڕاکشاوانی
سه‌ر قه‌نه‌فه‌کان"، واته: بۆ خۆیان له ماڵه‌وه ڕاده‌کشێن و ده‌نوون و
ناچن ده‌نگ بده‌ن. ژماره‌ی کوردی ئه‌وروپا و ده‌رێی کوردستان که‌م نین و ڕه‌نگه خۆ
بده‌ن له میلیۆن و زیاتریش. ئه‌گه‌ر به‌شێکی زۆری ئه‌مانه ده‌نگ بده‌ن، دیاره کاریگه‌ری
له سه‌ر زیادکردنی ده‌نگی لیستی کوردستان ده‌بێت، به‌ڵام ئایا ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌ره‌وه
بڕوایان به‌و ده‌نگدانه هه‌یه؟ ئایا ده‌نگ ده‌ده‌ن؟ ئه‌مه پرسیارێکه، هه‌ر تاکێکی
کوردی ده‌ره‌وه هه‌ریه‌که‌و به جۆرێک وه‌ڵامی ده‌داته‌وه. من به‌شبه‌حاڵی خۆم،
نه بڕوام به ده‌نگدان هه‌یه و نه ده‌نگیش ده‌ده‌م.
ئاسۆ: چۆن ده‌ڕواننه ئه‌و ده‌نگانه‌ی
له ده‌ره‌وه که داوا ده‌که‌ن کورد به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراق نه‌کات؟
شاکه‌لی: زۆرینه‌ی کوردی ده‌ره‌وه
و من بۆ خۆیشم یه‌کێکم له‌وان، که داوا ده‌که‌ن کورد به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کانی
عیراقدا نه‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که، کوردستان به به‌شێک له عیراق نازانن و عیراقاندنی
کوردستان و گرێدانه‌وه‌ی به عیراق و ڕاکردن وه‌دووی عیراقدا له لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسیی کورده‌وه، به کارێکی نه‌باش و سووکایه‌تیی به پرسی کورد و خواستی جه‌ماوه‌ر
و خه‌ڵکی کورد ده‌زانن. هه‌ر له‌و سۆنگه‌شه‌وه فیدرالییش هه‌روا ده‌بینن و به
سووکایه‌تیپێکردن به خواستی گه‌لی کوردی داده‌نێن. کورد ده‌بوو هه‌وڵی لێکترازاندن
و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی عیراقی دابا نه‌ک دروستکردنه‌وه و پاراستنی وه‌ک خاکێکی یه‌کپارچه.
کورد ده‌بوو هه‌وڵی خۆجیاکردنه‌وه‌ی له عیراق دابا نه‌ک خۆپێوه‌گرێدانی. سه‌رباری
ئه‌وانه‌ش، هێشتا که‌رکووک و مووسڵ و خانه‌قین و شاره‌بان و مه‌نده‌لی و به‌دره
و...ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان نه‌خراونه‌ته‌وه سه‌ر کوردستان، ئیدی خه‌ڵک بۆ ده‌نگ
بدات! من ڕێزی ئه‌و کورده ده‌گرم، که به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی عیراق ناکات و خۆشه‌ویستیم
بۆی هه‌یه و بۆ خۆیشم دژی ده‌نگدانم.
ئاسۆ: ئایا دروستکردنی لیستی
هاوبه‌ش له سه‌ر ئێستای کوردستان و عیراق له به‌رژه‌وه‌ندی کورده یان له به‌رژه‌وه‌ندی
پارته‌کانی کوردستان؟
شاکه‌لی: سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، که بڕوای به فیدرالی و یه‌کیه‌تیی خاکی
عیراق و چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورده له نێو عیراق و له‌گه‌ڵ عیراقییاندا، ڕه‌نگه
به به‌شداربوونیان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراقدا وه‌ک یه‌کده‌نگ و یه‌کلیست،
شتێکی خراپ نه‌بێت و به‌و جۆره کاریگه‌رییه‌کی باشتریان هه‌بێت، وه‌لێ له سه‌ر
ئاستی کوردستان و به یه‌ک لیست، هه‌رگیز کارێکی باش نییه و دژی سه‌ره‌تاییترین
پرنسیپه‌کانی دیموکراتییه و دژی خواست و ئازادی ڕاده‌ربڕینی خه‌ڵکی کورده و دژی
"ململانێی حیزب" و "کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی" و ...ئه‌وانه‌یه، که
سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، بۆ خۆی بانگاشه‌ی بۆ ده‌کات. ئه‌و یه‌کلیستییه، ته‌نێ
له ترسی دۆڕانی ده‌سه‌ڵات و له ترسی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی خه‌ڵکی دیکه و ده‌نگی دیکه‌یه
و درێژه‌دانه به پاوان و قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات و ئابووری و جۆرێکه له دیکتاتۆرییه‌کی
گشتی. ئه‌گه‌ر بشمانه‌وێت پێناسه‌ی بکه‌ین، ئه‌وا ناتوانین له "دیموکتاتۆری"
زێتر نێوێکی دیکه‌ی لێبنێین. ئه‌و یه‌کلیستییه ته‌نێ له‌بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و
ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانه و به هیچ جۆرێک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستان نییه.
سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، که هێنده به په‌رۆشه‌وه‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی
کوردستان، وه‌ک خۆیان بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، ئه‌دی بۆ له 1994ه‌وه تا ئه‌وڕۆ
باشووری کوردستانیان کردووه‌ته دوو ده‌وڵه‌تی زۆر دوور له یه‌کتر و جیاواز و هه‌رچی
کورد هه‌یه له‌م جیهانه‌دا هاوار ده‌کات، که ئه‌و دوو له‌ته‌ی کوردستان بکه‌نه‌وه
به یه‌ک و ببنه‌وه یه‌ککارگێڕی و یه‌کسه‌رکرده‌یه‌تی و یه‌کڕێبه‌ریه‌تیی، که‌چی
هه‌ر گوێیشی ناده‌نێ؟ ئه‌و یه‌کخستنه‌ی حوکوومه‌ت و کارگێڕییه‌یان، ده‌بێته هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵاتیان و ئه‌م یه‌کلیستییه‌ی ئێستایان ده‌بێته هۆی چڕکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان،
بۆیه ئه‌وی یه‌که‌میان ناکه‌ن و ئه‌می دووه‌میان ده‌که‌ن و با گه‌لی کوردستانیش بۆ
خۆی هه‌ر هاوار بکات.
ئاسۆ: ئایا ئه‌گه‌ر کورد به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌کات، به‌دیلێکی تر هه‌یه تا بیگرێته
به‌ر؟
شاکه‌لی: کورد ئه‌گه‌ر ماڵی خۆی ڕێکخات
و دیواری نێوان کارگێڕی و ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی بڕووخێنێت و یه‌کده‌نگ بێت و هێزه‌کانی
بکاته یه‌ک و پێش حیزبایه‌تی کوردایه‌تیی بکات، زۆرچاک ده‌توانێت هه‌ر به هاتنه
سه‌ر شه‌قام و ڕێپێوان و خۆپێشاندان، له ناوه‌وه و له ده‌رێی کوردستان، هه‌موو
جیهان بێ‌دار بکاته‌وه و له ناوه‌وه‌ی کوردستانیش به‌وانه و کاری شۆڕشگێڕانه، ته‌واوی خواسته‌کانی خۆی بسه‌پێنێت
و جاڕی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیش بدات. کورد، که خۆی به عیراقه‌وه ببه‌سێته‌وه،
له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان نه که‌س به هاوارییه‌وه دێت و نه که‌سیش لێی تێده‌گات،
به‌ڵام ئه‌گه‌ر باسی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت بکات، هه‌موو ئازدیخوازانی جیهان و ته‌نانه‌ت
ده‌وڵه‌تانیش تێده‌گه‌ن و زۆرینه‌ی مرۆڤیش پشتگریی ده‌کات. ئه‌و عیراقه‌ی، که ئه‌وڕۆ
سه‌رانی کورد گره‌وی له سه‌ر ده‌که‌ن، گورگێکی تۆپیوه و ئه‌مان خۆیان زیندووی ده‌که‌نه‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ریده‌نه گیانی خۆیان. له نێو ئه‌و عیراقه‌ی ئێستادا، له دوای ئه‌مه‌ریکا
و ئینگلستان، کورد هێزی سێیه‌مه. کورد خودانی له‌شکر و ئه‌زموونی جه‌نگ و خه‌بات
و کارگێڕی و که‌چه‌دیموکراتییه‌که و به‌و هێزه‌ی ده‌توانێت هه‌موو شتێک بکات و خۆی
بسه‌پێنێت. من پێموایه سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد ئێستاکه، که که‌رکووک و
مووسڵ ناگرێت، له کاتێکدا که ڕۆژانه ده‌یان کورد قڕان ده‌کرێن و سه‌رده‌بڕدرێن
و ئه‌و ته‌نێ ته‌ماشا ده‌کات و چاوه‌نۆڕی عیراق و عیراقییانه شتێکی بۆ بکه‌ن، له
ئازایه‌تی و دڵسۆزییه‌وه نییه بۆ گه‌لی کوردستان، به‌ڵکه ته‌نێ له نه‌وێران و
خه‌مساردی و له ترسی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ستی خه‌ڵکانی
ڕادیکال و شۆڕشگێڕ و کوردستانیی نێو گه‌لی کوردستانه.
6/12/2004
No comments:
Post a Comment