جه‌لال تاڵه‌بانی داهۆڵێكه بۆ تۆقاندنی
كورد چه‌قێنراوه
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی
عه‌ره‌ب(به شیعه و سوننه و مه‌ندائییانه‌وه) و توركمان و ئاشووری و
كلدان و له سه‌رووی هه‌مووانیشه‌وه ئه‌مه‌ریكای ده‌سه‌ڵاتداری ڕاستینه‌ی عیراق،
هه‌رگیز كه‌سێكی دیكه‌ی له جه‌لال تاڵه‌بانییان خاستر و چاكتر بۆ سه‌رۆككۆماریی عیراق
چنگ ناكه‌وێت. ئه‌و خزمه‌ته‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی به ته‌واوی ناكوردان و ناكوردستانییانی
ده‌كات، هیچ یه‌كێك له‌و وڵاته‌دا(عیراق) پێی ناكرێت. جه‌لال تاڵه‌بانی له عه‌ره‌ب
عه‌ره‌بتره و له عیراقییان عیراقیتره و پارێزه‌ری یه‌كه‌می یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراقیشه.
له كۆبوونه‌وه و دیدارێكدا له‌گه‌ڵ هه‌زار كۆنه ئه‌فسه‌ری له‌شكری عیراقدا له ڕۆژی
11/10/2005 له به‌غدا، جه‌لال تاڵه‌بانی باس له قوربانیدانی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه ده‌كات
و پێیوایه ئه‌وانه له پێناوی عیراقدا و بۆ نیشتمان قوربانییان داوه، نه‌ك بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌ک
یا حیزبێک. هه‌ر له‌و جڤینه‌دا تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه، كه عیراق بۆ ئه‌وه
دروست بووه، كه به‌هێز و یه‌كگرتوو بمێنێته‌وه و هه‌روه‌ها گوتیشی، كه عیراق
ژماره‌یه‌كه قابیلی دابه‌شكردن نییه و كه عیراقییه‌كانیش سوورن له سه‌ر
پاراستنی یه‌كیه‌تیی نیشتمانی‌یان و هه‌موو عیراقییه‌كانیش به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له
یه‌كیه‌تیی نیشتمانیی عیراقی‌دا ده‌بینن. تاڵه‌بانی له‌مه‌ڕ كه‌ونه‌فڕۆكه‌وانه‌كانیشه‌وه
باسی له‌وه كردووه، كه ئه‌وان چ تاوانێكیان نییه و هه‌ر كارێكیان له كۆندا ئه‌نجام
دابێت، ناچار بوونه، چونكه فه‌رمانیان پێ دراوه و ئێستاش، كه هه‌وڵی له‌نێوبردنیان
ده‌درێت، ده‌توانن بچنه سلێمانی و هه‌ولێر و له‌وێ بژین و ته‌واوی پاراستنیشیان بۆ
دابین ده‌كرێت[1].
ئه‌و ئه‌فسه‌ر و فڕۆكه‌وانانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵیاندا كۆبووه‌ته‌وه
و قسه‌ی بۆ كردوون و گوێی بۆ قسه‌كانیان شل كردووه، ئه‌فسه‌ران و فڕۆكه‌وانانی ڕێژیمی
به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ینن. ئه‌وانه ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ن، كه فه‌رمانده و سه‌ركرده‌ی
له‌شكری عیراق بوونه و له‌وه‌تی عیراقیش بووه به ده‌وڵه‌ت و باشووری كوردستانی
پێوه لكێنراوه، باشووری كوردستان له ژێر چه‌كمه‌ی ئه‌و له‌شكره‌دا بووه. ئه‌وانه
ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ن، كه پێنج هه‌زار گوندی كوردستانیان له‌گه‌ڵ خاكدا ته‌خت و یه‌كسان
كرد و 182000 مرۆڤی كوردیان ئه‌نفال كرد و 20000 لاوی كوردی فه‌یلییان جوانه‌مه‌رگ
كرد و 8000 بارزانی‌یان هه‌واڵه‌ی مردن كرد. ئه‌و فڕۆكه‌وانانه هه‌ر ئه‌وانه‌ن، كه
هه‌ڵه‌بجه‌یان گازباران ده‌كرد و هه‌شتا و ئه‌وه‌نده ساڵه كوردستان بۆمباران ده‌كه‌ن
و زارۆك و پیر و لاوی كورد ده‌كوژن و ماڵ و خوێندنگه و مزگه‌وت و كڵێسه و نه‌خۆشخانه
و كتێبخانه و گوند و شاری كوردستان وێران ده‌كه‌ن و خه‌له و خه‌رمان و باخ و ڕه‌زی
كوردستان ده‌سووتێنن. ئه‌وه‌ی له له‌شكری عیراقدا، ئه‌فسه‌ر بووبێت یا فڕۆكه‌وان یا
هه‌ر شتێكی دیكه، سه‌ربازی به تۆبزی و یه‌ده‌كی لێ ده‌رچێت، ته‌واویان به‌عسی
بوونه و ئه‌گه‌ر به‌عسییش نه‌بووبن، ئه‌وا له خزمه‌تی به‌عسدا بوونه و له هه‌موو
حاڵێكیشدا هه‌رگیز دۆستی گه‌لی كوردستان نه‌بوونه، به‌ڵكه نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی
گه‌لی كوردستان بوونه. ئه‌وانه هه‌میشه مه‌رگه‌ساتیان بۆ كوردستان كردووه‌ته دیاری
و قڕانیان خستووه‌ته نێو گه‌لی كوردستان. ئه‌وانه كه‌ركووك و مووسڵ و دیالا و
كووتیان زه‌وت كردووه. ئه‌وانه هه‌رچی ناشێت به ژنی كوردیان كردووه. ئه‌وانه نه‌وه‌ی "یه‌زید و شه‌مر
و سه‌عد و حه‌ججاج و قه‌عقاع"ن و هاوڕێ و هاوكار و هاوبیری "زه‌عیم سددیق
و تاها شه‌كه‌رچی و مولازیم موحسین"ن و هه‌ڵگر و درێژه‌پێده‌ری په‌یامی ئه‌وانن،
كه ده‌بوو ئێستاكه هه‌ناسه‌یشیان لێ قه‌ده‌غه كرابا. تاڵه‌بانی به چ مافێك ڕێگه
به خۆی ده‌دات، بانگهێشتنی فڕۆكه‌وانی تاوانباری به‌عس ده‌كات بۆ كوردستان و
پاراستنیشیان مسۆگه‌ر ده‌كات! دایكی چ شه‌هیدێك و كچی چ ئه‌نفالكراوێكی گه‌رمیان و
كوڕی چ گازبارانكراوێكی هه‌ڵه‌بجه و خوشكی چ لاوێكی كوردی فه‌یلی و ژنی چ بارزانییه‌كی
سه‌رنگومكراو و چ كه‌ركووكی و خانه‌قینی و به‌دره‌ییه‌ك قه‌بووڵ ده‌كه‌ن، فڕۆكه‌وانه
تاوانباره‌كانی به‌عس و ئه‌فسه‌رانی له‌شكری عیراق، بێنه كوردستان و له‌وێ داڵده
بدرێن! ئه‌و ئه‌فسه‌ر و فڕۆكه‌وانانه تاوانبارن و ده‌بوو له بری دیتن و كۆبوونه‌وه
له‌گه‌ڵیان و پێشوازیكردنیان و داڵده‌دانیان
و پشتیوانیكردنی داخوازییه‌كانیان، دادگایی بكرێن و سزا بدرێن. تاڵه‌بانی پرسی به
چ كوردێك كردووه، كه هه‌روا و له‌خۆڕا، وه‌ها بڕیارێك ده‌ر ده‌كات و ئه‌وانه
بانگ ده‌كات بۆ كوردستان! ته‌واوی ئه‌و كارانه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یكات بۆ خزمه‌تی عه‌ره‌ب
و عیراق ده‌یكات و دژایه‌تیكردنێكی خویا و له‌به‌رچاوی خواسته‌كانی گه‌لی كوردستانه.
تاڵه‌بانی به پێشوازیكردنی له ئه‌فسه‌ران و فڕۆكه‌وانانی به‌عس، پێشوازیی له
كوژه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و ده‌ستخۆشیی له تاوانه‌كانیان ده‌كات، كه له‌هه‌مبه‌ر
گه‌لی كوردستان ئه‌نجامیان داوه. ده‌ستخۆشیی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و زیندانه‌قه‌سسابخانه‌كانی
مووسڵ و كه‌ركووك و ئه‌منه‌سووره‌كه و...یان لێ ده‌كات. تاڵه‌بانی به بانگهێشتنی
فڕۆكه‌وانانی به‌عس بۆ كوردستان و پاراستنیان و به پێداهه‌ڵدان و نرخاندنی ئه‌فسه‌رانی
به‌عس و به‌وه‌ی، كه بڕیاری له سێداره‌دانی سه‌ددام حوسه‌ین مۆر ناكات و به‌وه‌ی،
كه هه‌رده‌م جه‌خت له سه‌ر دابه‌شنه‌كردنی عیراق و یه‌كیه‌تیی خاكی عیراق ده‌كات
و ئه‌و عیراقه‌ی هێنده لا پیرۆزه، ته‌نێ یه‌ك شتی مه‌به‌سته، ئه‌ویش نه‌ڕه‌نجاندنی
دڵی عه‌ره‌به و خۆشیرینكردنه له‌كن عیراقییان و ئوممه‌ی عه‌ره‌بی. هیچ دووریش نییه، هیوای مسۆگه‌ركردنی نوێكردنه‌وه‌ی
چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆككۆمارییه‌كه‌یشی هه‌بێت. ئه‌و خزمه‌ته‌ی تاڵه‌بانی
به عه‌ره‌بایه‌تیی و عیراقیه‌تیی و یه‌كپارچه‌یی عیراقی ده‌كات، هیچ عیراقی و عه‌ره‌بێكی
دیكه به‌و دڵسۆزییه‌وه، وه‌ها كارێكیان پێ ناكرێت. جه‌لال تاڵه‌بانی داهۆڵێكه بۆ
تۆقاندن و ڕه‌واندن و تاراندن و پاسه‌كورد چه‌قێنراوه و پێشوازیشی له‌و ئه‌فسه‌ر
و فڕۆكه‌وانه مرۆڤكواژانه، هه‌ڕه‌شه و چاوزیتكردنه‌وه‌یه له خه‌ڵكی كورد و
ترساندنیانه. ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یڵێت و ده‌یكات به هیچ جۆرێك ده‌ربڕی هه‌ست و
دیتن و بیر و بۆچوون و خواست و ویستی گه‌لی كوردستان نییه و ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌یه.
ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی باشووری كوردستان پێیانوایه، كه ته‌واوی
خه‌ڵكی كوردستانیان له‌گه‌ڵه، ئه‌وا ده‌بێ باش له‌وه تێبگه‌ن، كه بێجگه له خه‌ڵكانێكی
مشه‌خۆر و كاسه‌لێس و لامژی ڕه‌دووكه‌وتووی ده‌سه‌ڵات و پاره، زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه
ئه‌وان به ڕووتی ده‌بینن و ده‌زانن وه‌ك پاشایه‌كه چ پۆشاكیان له‌به‌ر نییه، لێ
له ترسی نانبڕین و داركاری، چه‌پڵه‌یان بۆ لێ ده‌ده‌ن و وه‌دوویان كه‌وتوون.
13/10/2005
[1] بنۆڕه: www.sotkurdistan.com 13/10/2005، www.elaph.com 11/10/2005، كوردستانی نوێ، ژماره 3799،
12/10/2005.
No comments:
Post a Comment