که‌رکووکه‌خه‌م
- ده -
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
به‌هجه‌ت(به‌هجه‌ت تۆفیق)ی هاوڕێم، مامۆستایه‌کی خه‌ڵکی
گوندی "عەلی سەرای" بوو، ماڵیان هاتبووه که‌رکووک و له گه‌ڕه‌کی ڕه‌حیماوا
ده‌ژیان. عەلی سەرای، یه‌کێک بوو له‌و چه‌ند گونده‌ی لای خۆراوای تاوغ، که
دانیشتووانه‌کانیان کاکه‌یی بوون. باوکی به‌هجه‌ت، وه‌ک کارگه‌رێکی کورد، لە
کۆمپانیای نەوتی کەرکووک، به‌ر بڕیاری وه‌ده‌رنان و ڕاگواستن که‌وت. به‌عس،
پاکتاوی نه‌ژادی ده‌کرد و کوردی له که‌رکووک دوورده‌خسته‌وه و لە کارگەرانی
نەوتەوە دەستیپێکرد. باوکی به‌هجه‌ت، ڕاگوێزرایه‌وه بۆ سلێمانی و ئیدی هه‌موو
خێزانه‌که له‌گه‌ڵ باوکی‌دا ڕؤیشتن بۆ سلێمانی و به‌هجه‌ت به‌ته‌نیا له‌نێو خانووه‌که‌دا
مابووه. به‌هجه‌ت، داوای له خواده(خواده شوکور) و من کرد، بچینه ماڵه‌که‌ی ئه‌وان
و هه‌رسێکمان پێکه‌وه بژین. خواده، مامۆستا بوو و ئه‌ویش خه‌ڵکی گوندی "عه‌ره‌بکۆی"ی
ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی کاکه‌ییه‌کان بوو و هاوڕێی هه‌ردوومان(به‌هجه‌ت و من) بوو. ئێمه‌یش
چووین و نێزیکه‌ی دوو حه‌فته‌یه‌ک له‌وێ بووین. شه‌وێکیان له لووله‌نه‌فتێکی ده‌وروبه‌ری
باوه‌گوڕگوڕ درا و گرمه‌یه‌کی یه‌کجار مه‌زن هات و ئاگر له‌و ناوه که‌وته‌وه.
ئیدی هه‌ر وا ئۆتۆمبیلی پۆلیس و هێزی سه‌ربازی و چه‌کداری به‌عس و حوکوومه‌ت بوون،
ڕوویان کرده گه‌ڕه‌که کورده‌کانی که‌رکووک، بۆ گرتنی خه‌ڵک و کۆنترۆلکردنی ڕه‌وشه‌که.
فیقوفاقی ئه‌و ئوتۆمبیلانه‌یش گه‌یشتنه ڕه‌حیماوا و ده‌وروبه‌ری کۆڵانه‌که‌ی ئێمه.
ئیدی ده‌سبه‌جێ یه‌کێک له‌و خزمانه‌ی به‌هجه‌ت، که له‌و کۆڵانه‌دا ده‌ژیا و سه‌ر
به حوکوومه‌ت بوو و جاش بوو، هه‌ستی به مه‌ترسی له سه‌ر ژیانی ئێمه کرد، که
سێ زگورد و سه‌ڵته‌زه‌لامی گه‌نج بووین و بێ ژن و منداڵ و خێزان له خانوویه‌کدا
پێکه‌وه‌ین، به خۆ و به کڵاشنیکۆفه‌که‌یه‌وه هاته لامان و له‌به‌ر ده‌رکه‌ی حه‌وشه‌دا،
زۆر مه‌ردانه، تا به‌یانی وه‌ک ئێشکگرێک ڕاوه‌ستا و گوتی، ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌وانه‌ی
به‌عس و حوکوومه‌ت هات و پرسیاری ئێره‌ی کرد، ئه‌وا ئێوه خۆتان بکه‌نه مردوو و
نووزه‌تان لێ نه‌یه‌ته ده‌رێ و من هه‌ر له‌به‌ر ده‌رگاوه وه‌ڵامیان ده‌ده‌مه‌وه.
ئه‌و شه‌وه‌مان هه‌ر لێ نه‌ده‌ڕۆیشت و بۆ به‌یانی، هه‌رچه‌نده ڕه‌وشه‌که به
ڕواڵه‌ت ئارام بووبووه‌وه، ئێمه ئیدی لانه‌واز بووین و خانووه‌که‌مان چۆڵ کرد و
هه‌ریه‌که‌مان به‌لایه‌کدا ڕۆیشتین.
2014 – 03
-23
No comments:
Post a Comment