به ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه و سیستمی به‌ڕێوه‌بردن له
کوردستان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئێستا له کوردستان بۆ"محافظة، قضاء،
ناحیة"، که به زمانی عه‌ره‌بین، ده‌سته‌واژه‌ی "پارێزگا، قه‌زا/شارۆچکه،
ناحیه/شاره‌دێ" به‌کار ده‌هێنرێن. ئه‌و ده‌سته‌واژه کارگێڕییانه‌یش وه‌ک
زۆرێک له ده‌سته‌واژه‌کانی دیکه‌ی بواره‌کانی دیکه، هێشتا یه‌ک نه‌خراون و به
چه‌ندین جۆر ده‌گوترێن و ده‌نووسرێن. بۆ منیش ئاسان نییه ده‌سته‌واژه‌ی دروست به‌رانبه‌ر
ئه‌و ده‌سته‌واژه عه‌ره‌بییانه ببینمه‌وه، لێ ده‌سته‌واژه‌ی "ئوستان"
بۆ "محافظة/پارێزگا/پارێزگه" به‌کار ده‌هێنم و پێم باش و دروسته.
له ساڵی 1970دا باژێڕی دهۆک، که قه‌زایه‌کی سه‌ر به ئوستانی مووسڵ بوو، به
فه‌رمانی حوکوومه‌تی ئه‌وده‌می عیراق، له مووسڵ دابڕێنرا و کرایه ئوستان. له 28
– 2 – 1970 دا و به واژۆی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌کر(أحمد حسن البکر) سه‌رۆک
کۆماری ئه‌وده‌می عیراق، بڕیاری به قه‌زاکردنی گوندی که‌لار، که گوندێکی سه‌ر به
ناحیه‌ی (شێروانه)ی قه‌زای (کفری)ی ئوستانی که‌رکووک بوو، درا. له ساڵی 1974دا،
قه‌زاگه‌لی چه‌مچه‌ماڵ و که‌لار، له که‌رکووک دابڕێنران و خرانه سه‌ر ئوستانی
سلێمانی و شارۆچکه‌ی خورماتوو له که‌رکووک دابڕێنرا و خرایه سه‌ر ئوستانی تکریت
و شارۆچکه‌ی کفری له که‌رکووک دابڕێنرا و خرایه سه‌ر ئوستانی دیاله.
به ئوستانکردنی دهۆک و به قه‌زاکردنی
که‌لار، له سه‌رده‌می پێکهاتنی 11 ئاداری 1970ی نێوان سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی کورد
و حوکوومه‌تی عیراقدا بوو. حوکوومه‌تی به‌عس له‌و گۆڕینه، ئامانجێکی دیاریکراوی
له‌به‌رچاو گرتبوو و ده‌یزانی چ ده‌کات. ئه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی ددان به کوردستانیه‌تیی
ته‌واوی ئوستانی مووسڵدا بنێت، که بۆ خۆی له ڕووی مێژوویی و دانیشتووانه‌وه
کوردستان بوو، ته‌نێ ددانی به کوردستانیه‌تی به‌شێکی گچکه‌ی ئوستانی مووسڵدا نا،
ئه‌ویش دهۆک بوو و دهۆکی له مووسڵ دابڕی و به‌وه‌ش مووسڵی وه‌ک ئوستانێکی عه‌ره‌بی
ناساند.که دهۆک کرایه ئوستان، کورد چه‌قه‌نه‌ی بۆ لێدا و که‌وته هه‌ڵه‌که‌سه‌ما
و پێیوابوو ده‌سکه‌وتێکی مه‌زنی وه‌ده‌ست هێناوه. که که‌لاریش کرایه قه‌زا،
کورد خۆشحاڵ بوو و که‌وته شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، به‌و
دوو گۆڕینه گه‌شکه بوو و وه‌ک ده‌سکه‌وت ده‌ینۆڕییه گۆڕینه‌که.
به دابڕینی که‌لار، چه‌مچه‌ماڵ، خورماتوو و کفری له که‌رکووک و ڕاگواستنی
کورد له که‌رکووک و عه‌ره‌باندنی که‌رکووک، ئوستانی که‌رکووک په‌لپه‌ل کرا و سیما
و فه‌رهه‌نگ و هه‌موو شتێکی شێوێنرا و له ئوستانێکی کوردستانییه‌وه، کرایه
ئوستانێکی عیراقی و عه‌ره‌بی.
ئێستا به بڕیاری حوکوومه‌تی هه‌ڕێم و به قایل‌بوونی حوکوومه‌تی به‌غدا، هه‌ڵه‌بجه،
که قه‌زایه‌کی سه‌ر به ئوستانی سلێمانییه، ده‌کرێته ئوستان. پاساوگه‌لێک، که
بۆ به ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه دهێنرێنه‌وه:
1. کاره‌ساتی ژارباران و مێژووی هه‌ڵه‌بجه.
2. زیاتر خزمه‌تکردن به خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌یه، به کردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی زیاتر
و خزمه‌تگوزاری زیاتر.
به‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه ده‌کرێته ئوستان:
- له‌شکرێک کارمه‌ندی زیاده، ئیدی له
پارێزگار و قایمقامی قه‌زا و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس، خوێندن، ته‌ندروستی، کشتوکاڵ، کاره‌با، ئاو، هاتوچۆ، و ده‌یان به‌ڕێوه‌به‌ری دیکه و سه‌دان جێگر و سکرتێر و یاریده‌ر و سه‌دان
پۆلیس و پاسه‌وانه‌وه بگره تا ده‌گاته سه‌دان خزمه‌تکار و فه‌ڕاش و شۆفێری
کارگێڕییه‌کان و چێشتلێنه‌ر، ده‌خرێنه سه‌ر ئه‌و سپا کارمه‌نده‌ی هه‌رێم، که
75%یان زیاده و ته‌نێ بۆ مووچه‌خواردن دانراون.
- دامه‌زراندنی ئه‌و هه‌موو به‌رپرس و کارمه‌نده گه‌ورانه له ئوستانداره‌وه
بۆ سه‌رۆکی پۆلیس و ئه‌وانی دیکه، بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ییه ئاسایی ناحیزبی و نه‌دار و
هه‌ژاره‌کان ته‌نیا یه‌ک شت ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌ویش زیادبوونی کۆمه‌ڵێک که‌ڵه‌گا و
تێڵابه‌ده‌سته.
- بۆ ئه‌وانه‌ی ئارامی و ئازادی و ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی، به پێوه‌ری
بازرگانی و بازاڕی گه‌وره و مۆڵ و سوپه‌رمارکێت و هۆتێلی بیست سی نهۆمی و
چێشتخانه‌ی زه‌لام و به‌رینایی و پانایی ده‌پێون، بوونی هه‌ڵه‌بجه و هه‌موو شاره‌کانی
دیکه به ئوستان، هه‌ل و ده‌رفه‌تێکی زێڕین و له‌بار و یه‌کجار چاکه، بۆ پتر ده‌وڵه‌مه‌ندبوون
و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی زیاتر، به‌ڵام بۆ خه‌ڵکه هه‌ژار و نه‌دار و ناحیزبی و
دووره‌ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه، ته‌نیا کاره‌ساته، چونکه ئه‌م ڕه‌وشه نوێیه‌ی
دێته گۆڕێ ده‌بێته هۆی گرانکردنی زه‌وی و خانوو و کرێی خانوو و ته‌نانه‌ت خۆراک
و هاتوچۆ و ناوماڵه و کاڵا و هه‌رچی شته له‌و شاره‌دا، که به زیانی هه‌ژاران و
قازانجی حاجیاغایان و پاره‌داران ده‌گه‌ڕێته‌وه.
- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌رێمی کوردستان، کارگه‌ر و نۆکه‌ر و هه‌موو ئه‌وانه‌ی
به‌رده‌ستیی ده‌که‌ن، له هه‌نده‌رانه‌وه(ئیندۆنیسیا، فلیپپین، تایلاند،
ئیسیووپیا، به‌نگلادیش، پاکستان، ئێران، تورکیا، عیراق و...) ده‌هێنێت و ئه‌وانن
کاری بینا و ناوماڵ و چێشتخانه و هۆتێل و ده‌یان کاری دیکه ده‌که‌ن، هه‌ڵه‌بجه‌یش
به ئوستانکراوی، سه‌دان و هه‌زاران له‌و کارگه‌ره بیانیانه ڕووی تێ ده‌که‌ن و
سه‌رامایه‌داران و خودان کاران ده‌یانهێنن و نه‌داران و بێکارانی هه‌ڵه‌بجه‌یش، هه‌ر
به نه‌داری و بێ‌کاری ده‌مێننه‌وه.
- هاوسه‌نگییه‌ک له‌نێوان ده‌ڤه‌ری که‌سک و ده‌ڤه‌ری زه‌رددا، ده‌هێنرێته
گۆڕێ، به‌وه‌ی که‌سک ده‌بێته دوو ئوستان(سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه) و زه‌ردیش بۆ خۆی
دوو ئوستانه(دهۆک و هه‌ولێر).
- ڕه‌نگه بۆ خه‌ڵکی شارۆچکه‌ی هه‌ڵه‌بجه خۆیان، بڕێک کارئاسانی بێته دی، به‌وه‌ی
بۆ هه‌ندێ کاروبار نه‌چنه سلێمانی، لێ بۆ ده‌شته‌کییه‌کی شاره‌زوور و بناری هه‌ورامان،
هیچ ناگۆڕێ.
- ده‌بێته ڕێگه‌خۆشکه‌رێک بۆ به ئوستانبوونی که‌لار، که ئێستا وه‌ک ئوستان
و به ناوی ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه، که قه‌زا دابڕاوه‌کانی که‌رکووک(چه‌مچه‌ماڵ،
کفری و که‌لار خۆی خراونه‌ته سه‌ری) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ، به‌وه‌ش هێنده‌ی
دیکه له‌تله‌تکردنی که‌رکووک ده‌چه‌سپێ و ده‌ست له که‌رکووک ده‌شۆردرێ.
- ڕێگه خۆش ده‌کرێ بۆ به ئوستانبوونی سۆران و ئاکرێ و ڕانیه، که له 22 –
09 – 1999 دا و به واژۆی سه‌رۆکی ئه‌وده‌می په‌رله‌مانی کوردستان، جه‌وهه‌ر نامیق
سالم(گیانی شاد و یادی به‌خێر)، بڕیاری له‌سه‌ر درابوو. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ش بکرێنه
ئوستان، ئه‌وا هاوسه‌نگییه‌که‌ی نێوان ده‌ڤه‌ری زه‌رد و ده‌ڤه‌ری که‌سک، به‌م جۆره‌ی
لێدێ:ده‌ڤه‌ری زه‌رد(دهۆک، ئاکرێ، هه‌ولێر و سۆران) و ده‌ڤه‌ری که‌سک(سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه،
ڕانیه و که‌لار)، که جارێکی دیکه به، چوار به چوار، یه‌کسان ده‌بنه‌وه.
- بیانوویه‌ک ده‌داته حوکوومه‌تی عیراق بۆ به ئوستانکردنی چه‌ند قه‌زایه‌کی
دیکه‌ی کوردستان، بۆ زیاتر دوورخستنه‌وه و لابردنیان له کوردستان، نموونه‌ش (ته‌لعه‌فه‌ر
و خورماتوو)، که له لایه‌ن حوکوومه‌تی عیراقه‌وه وه‌ک دوو ئوستانی تورکماننشین
ده‌ژمێردرێن، بۆ ئه‌وه‌ی هێنده‌ی دیکه کورد له مووسڵ و که‌رکووک دابڕدرێن.
- ڕێگه خۆش ده‌کرێ بۆ دابڕینی ده‌شتایی ئوستانی مووسڵ و
جیاکردنه‌وه‌ی وه‌ک پێگه و بنه‌مایه‌ک بۆ دروستکردنی قه‌واره‌یه‌ک یا ده‌وڵه‌تێکی
مه‌سیحی له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، له داهاتوودا ته‌واوی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و
ڤاتیکان، پشتگری ده‌که‌ن.
تۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی شێوازی
کارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردن بکه‌ی له کوردستاندا، که ئه‌ویش له عیراقه‌وه‌ی وه‌رگرتووه،
شێوازێکی تا بڵێی دواکه‌وتوو و نه‌گونجاو و خراپه. کاروباری هاووڵاتێکی گوندنشینی
ئاسایی له کوردستان، له گونده‌که‌ی خۆیه‌وه ده‌نێردرێته ناحیه و دواتر قه‌زا و
دواتر ئوستان و هه‌ندێ جاریش پێته‌ختی کوردستان(هه‌ولێر) و جارجاریش به‌غدای پێته‌ختی
عیراق. ئه‌م شێوه به‌ڕێوه‌بردنه، بێجگه له خه‌رجییه‌کی زۆر و له‌شکرگه‌لێکی
کارمه‌ند و بیرۆکراتییه‌تێکی وه‌ڕزکه‌ر و کوشنده و ماندووبوونێکی پڕووکێنه‌ر،
هیچی دیکه‌ی لێ شین نابێت. به‌وه‌ی گوندێک بکرێته قه‌زا یا قه‌زایه‌ک بکرێته
ئوستان، هیچ مه‌رج نییه ڕه‌وشی خه‌ڵک باشتر بێت و کاروباریان ئاسانتر به‌ڕێ بخرێ.
ده‌توانرێ خزمه‌ت به شارێک، شارۆکه‌یه‌ک، ئاواییه‌ک بکرێ و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ک
به خه‌ڵکه‌که‌یان بگه‌یه‌ندرێ و دابین بکرێ، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و شاره، پارێزگه یا
قه‌زا یا هه‌ر شتێکی دیکه بێت. ته‌واوی ئه‌و جۆره گۆڕینانه له کوردستان و له‌عیراقدا،
پاڵنه‌ر و مه‌به‌ستێکی سیاسی له پشته‌وه‌یه و هیچیان بۆ خزمه‌تی خه‌ڵک و وڵات و
خاک نین.
له جیهاندا چه‌ندین نموونه‌ی به‌ڕێوبردن و کارگێڕی هه‌ن، که گه‌لێک چالاکانه‌تر
کاری خه‌ڵک ئه‌نجام ده‌ده‌ن و پتر خزمه‌ت به خه‌ڵک ده‌که‌ن و که‌متر مه‌سره‌ف و
خه‌رجییان تێده‌چن و پتر پێشکه‌وتن وه‌ده‌ست ده‌هێنن و ئه‌نجامی گه‌لێک باشتر و له‌به‌رچاویان
ده‌بێ، نموونه‌ش شێوه‌ی کارگێڕی وڵاتی سوێده.
سوێد
له ڕووی دانیشتووانه‌وه دوو هێنده و نیوی هه‌رێمی کوردستانه و له ڕووی به‌رینایی
خاکیشه‌وه، چه‌ند هێنده‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێ.
سوێد
وڵاتێکی شانشینه و شا به سه‌رۆکی وڵات داده‌نرێ، لێ شا، تاڕاده‌یه‌ک وه‌ک شای شه‌تره‌نج
وایه و هیچ جۆره ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی نییه و ته‌نانه‌ت ناشتوانێ و بۆی نییه ده‌م
له سیاسه‌ت بکوتێ و مافی ده‌نگدانیشی نییه بۆ هه‌ڵبژاردن. ئه‌وه‌ی وڵات به‌ڕێوه
ده‌بات، حوکوومه‌ته، واته: سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و وه‌زیره‌کانی، که له‌م وه‌زاره‌تانه
پێک هاتوون: وه‌زاره‌تی کار، وه‌زاره‌تی دارایی، وه‌زاره‌تی جه‌نگ، وه‌زاره‌تی
داد، وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ، وه‌زاره‌تی گوند و ده‌رێی شار، وه‌زاره‌تی ژینگه،
وزاره‌تی ئابووری، وه‌زاره‌تی جڤاک، وه‌زاره‌تی خوێندن، وه‌زاره‌تی وزه، وه‌زاره‌تی
یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا، وه‌زاره‌تی کاروبای ده‌ره‌وه، وه‌زاره‌تی ژێرخانی ئابووری،
وه‌زاره‌تی تێکه‌ڵاوی و گونجاندن، وه‌زاره‌تی هاریکاریی باکوور، وه‌زاره‌تی کۆمه‌ک،
وه‌زاره‌تی وه‌رزش، وه‌زاره‌تی یه‌کسانی، وه‌زاره‌تی پیر و گه‌وره‌ساڵان، وه‌زاره‌تی
دارایی بازاڕ، وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌ران، وه‌زاره‌تی مه‌ده‌نی و خانووبه‌ره، وه‌زاره‌تی
بیمه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی. هێچ وه‌زاره‌تێک له وه‌زاره‌تێکی دیکه گرنگتر نییه و هه‌موو
وه‌زیره‌کانیش یه‌کسانن. هه‌ر چه‌ند وه‌زاره‌تێک له‌مانه، که له رووی کاره‌وه
له یه‌کدییه‌وه نێزیکن، یه‌که‌یه‌ک پێک دێنن و یه‌کێک له وه‌زیره‌کان سه‌رپه‌رشتی
ئه‌و یه‌که‌یه ده‌کات. ئه‌م وه‌زاره‌تانه سه‌رۆکی وه‌زیران/ سه‌رۆکی حوکوومه‌ت
به‌رپرسی یه‌که‌میه‌تی. سه‌رۆکی حوکوومه‌ت جێگرێکی هه‌یه، جێگره‌که‌ی بۆ خۆی یه‌کێکه
له وه‌زیره‌کان[1]. له
کوردستان جێگری سه‌رۆکی حوکوومه‌ت کاری ته‌نێ جێگرییه و له‌و جێگرانه‌ش ده‌توانیت
هه‌زاران بژمێریت، چونکه جێگره‌کانیش جێگر و سکرتێر و جێگری جێگره‌کانیش جێگر و
سکرتێریان هه‌یه و هه‌ر یه‌کێک له‌وانه‌یش باڵه‌خانه و جێکاری تایبه‌تی خۆی و ده‌یان
پاسه‌وان و فه‌ڕاش و چایلێنه‌ر و شۆفێر و خاوێنکه‌ره‌وه‌ی هه‌یه، که ته‌واوی ئه‌وانه
ته‌نێ کارێکی زیاده‌ن و بۆ پاره هه‌ڵلووشینن و هیچی تر.
له کوردستان، ده‌سته‌واژه‌ی"شاره‌وانی"
بۆ "بلدیة"ی عه‌ره‌بی و "municipality/town
/township
/country /commune " ئینگلیزی و "kommun"ی سوێدی و "شهرداری"ی فارسی به‌کار ده‌هێنرێت و به‌رپرسی
شاره‌وانییش، ئه‌وه‌ی که سه‌رپه‌رشتی شاره‌وانی ده‌کات، له کوردستان پێی ده‌ڵێن"سه‌رۆکی
شاره‌وانی". دیاره ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌رۆکی شاره‌وانی" له
"رئیس البلدیة"ی عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگیراوه. به من ئه‌گه‌ر بڵێین
"شاره‌وانی" ئه‌وا ده‌بێ سه‌رپه‌رشتکاره‌که‌یشی ببێته "شاره‌وان"،
وه‌ک: پاسه‌وان، گاوان، ده‌رگاوان، باخه‌وان، مه‌له‌وان و... ئه‌گه‌ر بڵێین "شارداری" ئه‌وا سه‌رپه‌رشتکاره‌که‌ی
ده‌بێته "شاردار". له باکووری کوردستان ده‌سته‌واژه‌ی "شاره‌داری
و شاره‌دار"، به‌کار ده‌هێنرێن.
سوێد،
وڵاتێکه پاناییه‌که‌ی 449964 کیلۆمیتری چوارگۆشه‌یه و ژماره‌ی دانیشتووانیشی له
ساڵی 2013دا، گه‌یشتبووه 9625444 که‌س. وڵاتێکه، هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه، به
گوێره‌ی سیستمی شارداری"کۆمیوون kommun" به‌ڕێوه ده‌برێ و له ئێستادا به‌سه‌ر 290 شارداریدا
دابه‌شکراوه. قانوونی شارداری له ساڵی 1862 دا، گۆڕانی
تێدا کراوه و له سه‌ره‌تای 1863یشه‌وه ئیدی خراوه‌ته گه‌ڕ و کاری پێ کراوه.
پێش ئه‌و ساڵانه‌ش سیستمی شارداری پێڕۆ کراوه، به‌ڵام له‌ژێر ناو و شێوه‌ی دیکه‌دا
و به ده‌سه‌ڵاتی جیاواز له‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، پێش ساڵی 1952 ژماره‌ی شاردارییه‌کانی
سوێد 2498 شارداری بوون، لێ له‌و ساڵه به دواوه ژماره‌یان که‌مکرایه‌وه بۆ
1037 شارداری، که تا ئه‌و ده‌مه شارداری بچکه‌ڵه و سه‌ره‌تایی بوون و دواتر گۆڕدران بۆ ئه‌مه‌ی ئێستا. قانوونی
ڕێکخستنی شاردارییه‌کان له ساڵی 1974دا هه‌موار کراوه و گۆڕانی زیاتری تێدا کراوه.
شاردارییه‌کان له ڕووی چڕیی دانیشتووان و به‌ریناییه‌وه جیاوازن، بۆ نموونه:
شار‌داریی ستۆکهۆڵم، که ساڵی 1968 دامه‌زراوه، دانیشتووانی 894165 که‌سه. شار‌داریی
یۆته‌بۆری 532247 که‌سه. شار‌داریی مالموێ 311540 که‌سه، ئه‌مانه شاردارییه گه‌وره‌کانن،
لێ شاردارییش هه‌ن، که گه‌لێک گچکه‌ن وه‌ک: شار‌داریی بیۆرکهۆڵم، که دانیشتووانی
2442 که‌سه و شار‌داریی ئاریه‌پلووگس، که دانیشتووانی 2996 که‌سه. شاردارییه‌کان
سه‌رپه‌رشتی ئه‌م لایه‌نانه ده‌که‌ن و به‌رپرسن له دابینکردن و به‌ڕێوه‌بردن و
جێبه‌جێکردنیان: دایه‌نگه و باخچه‌ی منداڵان، خوێندنگه‌کان(سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی
و ئاماده‌یی)، خوێندنگه تایبه‌تییه‌کانی منداڵانی که‌مئه‌ندام، خوێندنی گه‌وره‌ساڵان،
بیمه‌ی جڤاکی و هاریکاریی تاکه‌که‌سی و خێزان، خانه‌ی گه‌وره‌ساڵان و پیرخانه و
په‌ککه‌وته، ته‌ندروستی(ماڵانی تایبه‌ت و
نه‌خۆشی و خزمه‌تکردنیان)، بینا و نه‌خشه‌ی شار، ژینگه و ئاگایی له‌شساغی، خاشاک
و زبڵ و پاشه‌ڕۆک پاککردنه‌وه و به‌رپرسیاریه‌تی، به‌هاناوه‌چوون و فریاکه‌وتن و
ڕزگارکردنی مرۆڤ و ئاماده‌یی بۆی، ئاو و ئاوه‌ڕۆ، کتێبخانه، هاتوچۆی گشتی(قیتار و
ئۆتۆبووس و ترام و..)، خانوو و به‌ره و
نشینگه، وه‌رزش، وزه، کار و بێ‌کاری، فه‌رهه‌نگ،
چالاکی کاتی ئازاد، ئابووری، وه‌رگرتن و کاروباری په‌نابه‌ران و...
هه‌موو شاره‌دارییه‌ک سنووری خۆی هه‌یه
و له‌نێو ئه‌و سنوور و قه‌واره‌یه‌دا وه‌ک ده‌وڵه‌تۆکه یا ده‌وڵه‌تێکی بچووک وایه
و ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی هه‌یه. شارداری، دوو ده‌سگای به‌ڕێوه‌بردن به‌ڕێوه‌ی ده‌با.
ده‌سگای یه‌که‌م پێی ده‌گوترێ کۆمیوونفوولمێکتیگه(Kommunfullmäktige)، که وه‌ک په‌رله‌مان وایه و ئه‌ندامانی سیاسین و نوێنه‌ری
حیزبه‌کانن و له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه و به ده‌نگدان هه‌ڵده‌بژێردرێن و ده‌سگای
دووه‌میش پێی ده‌گوترێ کۆمیوونستویره‌لسه( kommunstyrelse)، که حوکوومه‌تی شاردارییه‌که‌یه و به‌رپرسی جێبه‌جێکردن و ڕاپه‌ڕاندنی
هه‌موو کاره‌کانه. ئه‌ندامانی ئه‌م ده‌سگای دووه‌مه، له لایه‌ن ده‌سگای یه‌که‌مه‌وه
ده‌ستنیشان ده‌کرێن. وه‌ک په‌رله‌مانی وڵات و حوکوومه‌ت، کارگێڕیی ئه‌م
شاردارییانه‌ش هه‌ر چوار ساڵ جارێک به هه‌ڵبژاردن ده‌گۆڕێن. له شاردارییه‌که‌دا
چ حیزبێک به‌ره‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن بێت، ئه‌و حوکوومه‌تی شاردارییه‌که دروست ده‌کات.
هه‌موو شاردارییه‌ک نێوه‌ند یا پێته‌ختێکی هه‌یه و شاردار و هاوکارانی له‌وێ کاره‌کانیان
ئه‌نجام ده‌ده‌ن. شارداری، خاوه‌نی بودجه و ئابووری و پاره‌ی خۆیه‌تی، که به‌شی
هه‌ره‌زۆری له باجه‌وه دێت. شارداری ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌یه و هی هه‌ژاریش هه‌یه.
هه‌ر شاردارییه‌ک، پێویستی به پاره‌وپووڵ بێت و نه‌توانێ ته‌واوی ئه‌رکه‌کانی خۆی
جێبه‌جێ بکات، ده‌توانێت له ده‌وڵه‌ته‌وه یا له شاردارییه‌کی داراوه کۆمه‌ک یا
قه‌رز وه‌رگرێت. مرۆڤی ئاسایی له وڵاتی سوێد، هیچ پێویستییه‌کی به حوکوومه‌تی
وڵات نییه و هه‌ست به بوونی ده‌وڵه‌ت ناکات، چونکه ته‌واوی کاروباره‌کانی له‌نێو
شارداییه‌که‌ی خۆیدا جێبه‌جێ ده‌کرێ[2].
له ئه‌وروپا و وڵاتانی مانه‌ندی ئه‌وروپا،
هه‌موو شاردارێک، به‌رپرسی باڵا و ده‌مڕاستی باژێڕ و شار‌داریی خۆیه‌تی.
له‌بری
دامه‌زراندنی ئه‌م هه‌موو ئوستان و قه‌زا و ناحیه و یه‌که‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییانه
له کوردستان، که ئه‌گه‌ر کار وا بڕوا و حاڵ به‌م جۆره بێ،
بۆ چه‌ند ساڵێکی دیکه، کوردستان ته‌نێ بریتی ده‌بێت له ئوستان و قه‌زا و گوند به‌ره‌به‌ره
نامێنن و هیچ دوور نییه، سبه‌ی ڕۆژێ سموود و هه‌رمۆته و
قه‌سریه‌زدینیش داوای به ئوستانبوون بکه‌ن. که هه‌موو ئه‌و ئوستابازییه به
بیانووی کارئاسانی و یارمه‌تیدانی هاووڵات و خزمه‌تکردنی مرۆڤه‌وه ده‌کرێ و له
ڕاستیشدا هه‌رگیز وا نییه و ڕێزه‌یه‌ک شه‌که‌تیی خه‌ڵک ده‌رناکات، ده‌کرا و ده‌کرێ
به دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان باژێڕه گه‌وره‌کان و باژێڕ و جڤاکه بچکۆله‌کاندا،
چاره‌سه‌ر بکرێ. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان، هه‌ر به گوێره‌ی ئه‌و
سیستمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ی تا ئێستا له گۆڕێدایه، سیستمی ناحیه و قه‌زا و
ئوستان، کار ده‌کات و سووره له سه‌ری و نایگۆڕی، ئه‌وا ده‌کرێ به‌ڕێوه‌به‌ری
ناحیه‌یه‌ک یا قایمقامی قه‌زایه‌ک، ده‌سه‌ڵاتێکی هێنده‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئوستاندارێک
بدرێتێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت کاروباری خه‌ڵکه ئاساییه‌که جێبه‌جێ بکات و خه‌ڵک
پێویستی به‌وه نه‌بێت بۆ واژۆکردنی پارچه کاغه‌زێک یا بڕیارێک له کانیی خاکی یا
کچانه‌وه بچێته سه‌نگاو و له‌وێوه بنێردێته چه‌مچه‌ماڵ و له‌وێوه هه‌واڵه‌ی
که‌لار بکرێ و له‌وێوه پاڵیپێوه‌نێن بۆ سلێمانی و دواتریش تووڕیده‌نه هه‌ولێر. به‌ڕێوه‌به‌ری
ناحیه و قایمقامی قه‌زا و ئوستانداری ئوستان له کوردستان، ئێستا و له‌م ڕۆژگاره‌دا،
هێنده‌ی "مه‌لا سه‌مه‌د"[3]
و "ڕه‌حیمه‌هاره"[4]
ده‌ستیان ناڕوا و ده‌سه‌ڵاتیان نییه، چونکه سه‌ریشیان بدا له ئاسمان، ناتوانن و
نا‌وێرن، به‌رانبه‌ر به‌رپرس و میرمحێ و تێڵابه‌ده‌ستێکی حیزبی باڵاتر له خۆیان،
ده‌م بکه‌نه‌وه و بڵێن نه‌ء. ئه‌و سیستمی کارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنه‌ی کوردستان،
سیستمێکه کاتی به‌سه‌ر چووه و که‌ڕوو لێی داوه و بێجگه له قورسایی و ماڵوێرانی
و دروستکردن و به‌رهه‌مهێنانی گه‌نده‌ڵ و که‌ڵه‌گا و مشه‌خۆری زیاتر و زیاتر، چی
دیکه‌ی پێ نییه. به ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌یش هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ شین ده‌بێ و برینی
مرۆڤه‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان نه‌ک هه‌ر ساڕ‌ێژ ناکات، به‌ڵکه هه‌و ده‌کات
و وڵات هێنده‌ی دیکه گۆج و سه‌قه‌ت ده‌کات. که ڕه‌وشه‌که وه‌ها بێت، چ پاساو و
بیانوو و هۆیه‌ک بۆ شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ و خۆشیی هه‌یه به‌وه‌ی باژێڕێک ده‌بێته پارێزگه؟ بیانوو و هۆ و
پاساو هه‌بن یا نه، کورد هه‌ر هه‌ڵده‌په‌ڕێ! من تا ته‌واوی خاکه دابڕاوه‌که‌ی
کوردستان( ته‌واوی که‌رکووک، مووسڵ، به‌شێکی دیاله و کووت و تکریت و عه‌ماره
و..) نه‌گه‌ڕێته‌وه ئامێزی کوردستان، هه‌رگیز دڵم ئاو ناخواته‌وه و نه به
ئوستانکردنی هه‌ڵه‌بجه و نه به ئوستانکردنی هیچ جێیه‌کی دیکه دڵخۆش ده‌بم و نه
هه‌ڵده‌په‌ڕم و نه ئه‌و شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێیانه‌شم پێ خۆشه!
17 – 03 -
2014
[3] مه‌لا
سه‌مه‌د، له ساڵانی 1950 و 1960ه‌کاندا له بنگرد، که دێیه‌کی نێزیک گوندی که‌لار
بوو، پۆلیس بوو. بنگرد، مه‌خفه‌ره‌که و مه‌کینه‌که‌یشی پێ ده‌گوترا، چونکه هه‌م
مه‌خفه‌ر، واته: بنکه و مه‌کۆی پۆلیسی لێ‌بوو و هه‌م مه‌کینه‌یه‌کی ئاوی لێ‌بوو،
که هی موسته‌فا
به‌گی جاف بوو. بنگرد ئێستاکه گه‌ڕه‌کێکه له‌نێو شاری که‌لاردا. مه‌لا سه‌مه‌د،
له ته‌واوی ئه‌و گوندانه‌وه و له بنه‌ی جافه‌وه و له ده‌شتی شاکه‌ل و شێروانه
و که‌لاره‌وه، خه‌ڵکی "تۆمه‌تبار"ی داواکراو له‌لایه‌ن دادگاوه و خه‌ڵکی
"گومان‌لێکراو"ی قۆڵبه‌ست ده‌کرد و ده‌یدا له‌به‌ر بۆ کفری و که‌رکووک،
بێ ئه‌وه‌ی که‌س قسه له قسه‌ی بدات.
[4]
ڕه‌حیمه‌هاره، له ساڵانی 1960 و 1970کاندا، له
کفری پۆلیس بوو و ده‌یتوانی ته‌واوی شاری کفری، که ئه‌وده‌می گه‌وره‌شاری دوای که‌رکووک
بوو له هه‌موو ده‌ڤه‌ری گه‌رمیاندا، کۆنترۆڵ بکات. به فه‌رمانی دادوه‌ر خه‌ڵکی
ده‌گرت و قۆڵبه‌ستیانی ده‌کرد. که‌س نه‌بوو بوێرێ به‌رانبه‌ر ڕه‌حیمه‌هاره بڵێ له‌ل.
ڕه‌حیمه‌هاره گونی گونداری ده‌رده‌هێنا.
No comments:
Post a Comment