که‌رکووکه‌خه‌م
- نۆ –
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئوکتۆبه‌ری
1972- ئوکتۆبه‌ری1973، من بۆ خۆم سه‌رباز بووم له که‌رکووک. پاش ماوه‌ی سێ چوار
مانگی ڕاهێنان و مه‌شقپێکردن له نێوه‌ندی ڕاهێنان و مه‌شقپێکردنی پیاده‌ی که‌رکووک(مرکز
تدریب مشاة کرکوك)، ده‌بوو بگوێزرێینه‌وه بۆ پێگه و یه‌که‌سه‌ربازییه‌کانی که‌رکووک.
یه‌کێک له خزمانی که‌رکووکم، که هاوڕێیه‌کی زۆر نێزیکیشم بوو(کاک شێخ مه‌حموود)
یادی به‌خێر و گیانی شاد، که دۆستایه‌تییه‌کی له‌گه‌ڵ گه‌وره ئه‌فسه‌ری به‌رپرسی
نێوه‌ندی مه‌شق و ڕاهێنانی سه‌ربازگه‌ی که‌رکووکدا هه‌بوو و منیش له‌وێ سه‌رباز
بووم، ڕایسپاردبوو، هه‌وڵ بدات ڕه‌وانه‌ی شوێنێکی باشم بکات. چێشته‌نگاوێک هه‌موو
سه‌ربازانی ئه‌و نێوه‌نده خڕکرانه‌وه و ئیدی ناو ده‌خوێنرایه‌وه و هه‌ر بڕکه
یا هه‌ر یه‌که نامه‌یه‌کیان وه‌رده‌گرت و به‌ره‌و ئه‌و جێیه‌ی بۆی ده‌گوێزرانه‌وه،
ده‌سبه‌جێ به‌ڕێده‌که‌وتن. پاش ماوه‌یه‌ک ناوی منیش بانگکرا. چووم و نامه‌یه‌کی
داخراویان دایه ده‌ستم و ناوی شوێنێکی به ژماره و هێما و ئه‌و جۆره شتانه، لێ
نووسرابوو و ته‌نێ پێیان گوتم، ئه‌و جێگه‌یه له باره‌گای فیرقه(مقرالفرقة)یه.
منیش نامه‌که‌م وه‌رگرت و سواری دووچه‌رخه‌که‌م[1]
بووم و ڕۆیشتم و دوای ماوه‌یه‌ک جێگه‌که‌م دۆزییه‌وه. ئیدی ئه‌م ڕاڕه‌و و ئه‌و
ڕاڕه‌و و ئه‌م ژوور و ئه‌و ژوور تا ناردمیانه ژوورێک. نه بینایه‌که و نه ڕاڕه‌وه‌کان
و نه ژووره‌کانیش هیچیان له‌سه‌ر نه‌نووسرابوون و دیار نه‌بوون چ جۆره به‌شێکی
له‌شکرن. که وه‌ژوورکه‌وتم 6 -7 جێگری ئه‌فسه‌ر و هه‌ریه‌که له پشتی مێزیکه‌وه
دانیشتبوون. هه‌ندێکیان عه‌ره‌ب بوون و هه‌ندێکیشیان تورکمان بوون، دیاره دواتر
له ڕێگه‌ی قسه‌کردنیان له نێو خۆیاندا و له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا ئه‌وه‌م بۆ ده‌رکه‌وت.
من نه‌مزانی ڕوو له کامیان بکه‌م. که نامه‌که‌ی به ده‌سته‌وه بده‌م، یه‌کێکیان
به ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ کردم و منیش چوومه به‌رده‌می و نامه‌که‌م دایه ده‌ستی.
پاکه‌ت(زه‌رف)ه‌که‌ی هه‌ڵبچڕی و نامه‌که‌ی خوێنده‌وه و به ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ
کورسییه‌ک کرد و به عه‌ره‌بی پێی گوتم: له سه‌ر ئه‌و کورسییه دانیشه. منیش
چووم و دانیشتم. ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆ بوو که دانیشتم. ده‌وروبه‌ری سه‌عات چوار،
هه‌موو قیت بوونه‌وه و مێز و دۆڵاب و ده‌فته‌ر و کاغه‌زه‌کانیان داخست و کڵۆم
کرد. به‌وه‌دا تێگه‌یشتم، که کاریان ته‌واو بووه و ده‌ڕۆن. له‌و ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند
سه‌عاته‌دا، تاکه یه‌ک وشه‌یش قسه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کردم. که هه‌ڵسان منیش هه‌ڵسام
و که‌سیان هیچی پێ نه‌گوتم، تا خۆم له‌وه‌ی کاغه‌زه‌که‌ی لێ وه‌رگرتبووم پرسیارم
کرد، که چی بکه‌م و سبه‌ی چۆن! هه‌ر ئه‌وه‌ی پێ گوتم، که سبه‌ی سه‌عات هه‌شت
دێمه‌وه ئه‌و جێگه‌یه. ئیدی بێ خوداحافیزی و هیچ، له‌گه‌ڵ خۆیاندا منیشیان پێش
خۆیان کرده ده‌ره‌وه. منیش وه‌ک ڕۆژانی
پێشووم به دووچه‌رخه‌که‌م به‌ره‌و نێو شار وه‌ڕێکه‌وتم. سبه‌ی سه‌عات هه‌شتی به‌یانی
هاتمه‌وه و چوومه ژوورێ و له سه‌ر کورسی گۆرین دانیشتمه‌وه. تا سه‌عات چوار یه‌ک
قسه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌کردم و منیش ته‌نیا بۆ ئاوخواردنه‌وه و سه‌راو له سه‌ر
کورسییه‌که هه‌ڵده‌ستام، ده‌نا ئیدی هه‌ر له‌وێ وه‌ک په‌یکه‌رێک دانیشتبووم. که
کار ته‌واو بوو و هه‌ڵسان بڕۆن، منیش هه‌ڵسام و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا وه‌ده‌رکه‌وتم.
ئیدی نه‌مپرسی، بۆ سبه‌ی چبکه‌م، چونکه ده‌مزانی سبه‌ینێیش هه‌روا ده‌بێت. ڕۆژی
سێیه‌م هاتمه‌وه و چوومه‌وه سه‌ر هه‌مان کورسی و دانیشتمه‌وه. تا ده‌وروبه‌ری
سه‌عات سێ. له‌پڕ جێگری ئه‌فسه‌رێک هاته ژوورێ و ڕوویکرده من و گوتی: تۆ ناوت
چییه؟ پێم گوت فڵان و ئه‌وجا گوتی: تۆ ده‌رچووی زانستگه و کۆلێژی ئابووریت؟
گوتم: به‌ڵێ. ئه‌وجا گوتی: تۆ عه‌ره‌بی یا تورکمانی؟ گوتم: کوردم. ئیدی وه‌ده‌رکه‌وت
و منیش له سه‌ر کورسییه‌که‌ی خۆم دانیشتمه‌وه. پاش نیو سه‌عاتێک هه‌ر ئه‌و
کابرایه هاته‌وه و نامه‌یه‌کی پێچراوه و داخراوی بۆ درێژ کردم و دایه ده‌ستم و
گوتی:" تۆ به هه‌ڵه هاتووی بۆ ئێره و ده‌ڕۆی بۆ شوێنێکی دیکه، که له سه‌ر
زه‌رفی نامه‌که نووسراوه". ئیدی نامه‌که‌م لێوه‌رگرت و له ژێر لێوه‌وه خواحافیزییه‌کم لێکردن و وه‌ده‌رکه‌وتم
و ڕۆیشتم تا یه‌که سه‌ربازییه نوێیه‌که‌مم دۆزییه‌وه، که کارگێڕیی کاری شوێنگه‌ی
که‌رکووک(أشغال موقع کرکوك) بوو. ماوه‌ی ئه‌و سێ ڕۆژه‌ی له‌و کارگێڕییه‌ی به‌رین
بووم، که کارم ته‌نێ دانیشتن بوو له سه‌ر
کورسییه‌که، هه‌رگیز نه‌مزانی ئه‌و کارگێڕییه چییه و کوێیه، تا دواتر له
کارگێڕییه نوێیه‌که‌م زانیم، ئه‌وه به‌شێکی به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تی هه‌واڵگری له‌شکریی(مدیریة
الإستخبارات العسکریة) بووه. به پرسیاره‌کانی کابرا، که من عه‌ره‌بم یا تورکمان
و به وه‌ده‌رنانی من له‌و جێگه‌یه، ئه‌وه سه‌لمێندرا و ڕوون بووه‌وه، که کورد
له‌و سه‌رده‌مه‌شدا، که به‌شێک بوو له چوار ساڵه‌که‌ی ڕێککه‌وتننامه‌ی ئاداری
1970 و ده‌سه‌ڵاتداری دووه‌می دوای به‌عس بوو له هه‌موو عیراقدا، له‌و شوێنه، مه‌گه‌ر خۆفرۆش و خیانه‌تکار با،
ده‌نا هه‌رگیز ته‌نانه‌ت وه‌ک نزمترین پله‌ی سه‌ربازییش، جێگه‌ی نه‌ده‌بووه‌وه و
عه‌ره‌ب، که هیچ ماڵی خۆی بوو، لێ تورکمانیش جێی ده‌بووه‌وه!
06 – 03 - 2014
[1] دوچه‌رخه(پایسکیل)،
ئه‌وده‌می یه‌کێک بوو له ئامرازه فره به‌کاربراوه‌کانی هاتوچۆ له شاری که‌رکووکدا.
که‌رکووک به دووچه‌رخه به‌ناوبانگ بوو. ڕه‌نگه به‌هۆی کۆمپانیای نه‌وت و بوونی
ژماره‌یه‌کی زۆری کارگه‌ر و بوونی ئینگلیز و خه‌ڵکی دیکه‌ی بیانی، که کارمه‌ند
بوون له کۆمپانیای نه‌وتدا و به چاولێکه‌ری و تێکه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ ئه‌واندا،
هه‌ر له سه‌رده‌می دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت و هاتنی ئینگلیز بۆ ئه‌و شاره له کۆتایی
ساڵانی 1920ه‌کانه‌وه،، ئیدی فه‌رهه‌نگ یا نه‌ریتی دووچه‌رخه‌ئاژۆتن له که‌رکووکدا
په‌یدا بووبێت و بره‌وی په‌یدا کردبێت.
No comments:
Post a Comment