هه‌ڵه‌بجه و قایمقامه‌که‌ی
ئه‌مجه‌د
شاکه‌لی
ماوه‌یه‌که میدیاکانی
کوردستان، گوتار و لێدوان و دیدار و هه‌ڵوێستگه‌لێکی جیاواز، له‌مه‌ڕ دانانی
قایمقامی شار‌ی هه‌ڵه‌بجه‌وه، په‌خش ده‌که‌نه‌وه و زۆرجاران له‌نێو ئه‌و بابه‌تانه‌دا،
دید و هه‌ڵوێستی سه‌یر و سه‌مه‌ره، ده‌بینرێن و ده‌بیسرێن و ده‌خوێندرێنه‌وه.
بنه‌مای کێشه‌که‌یش له‌وه‌وه ده‌ستپێده‌کات، که بڕیاره پارێزه‌رێکی ناسراوی هاواری،
که گوندێکی سه‌ر به هه‌ڵه‌بجه‌یه، به ناوی گۆران ئه‌دهه‌م، دابنرێ به
قایمقامی ئه‌و شاره.
گۆران ئه‌دهه‌م، وه‌ک
ئایین، کاکه‌ییه. کاکه‌ییه‌تیی ئه‌م پیاوه وای له هه‌ندێ خه‌ڵکی موسوڵمان، به‌تایبه‌ت
هه‌ندێ مه‌لا و پیاوانی ئایینی کردووه، که به قایمقامیه‌تیی ئه‌و پیاوه قایل
نه‌بن و ئه‌و کاره‌یان پێ ناڕاست و دژه شه‌ریعه‌ت و ئایینی ئیسلام بێت.
به بڕوای من، وه‌ها بیروباوه‌ڕ و ترسێک له دانانی
قایمقامێک یا هه‌ر کارگێڕێکی باڵا، که سه‌ر به ئایینێکی دیکه‌ی نائیسلامی یا
ناسوننه بێت، بۆ هه‌ر باژێڕ و چێگه‌یه‌ک له کوردستاندا، بێجگه له ته‌نگه‌جیقڵدانی
و ته‌سکبیرکردنه‌وه و به‌رچاوته‌نگی و تێنه‌گه‌یشتنی واقیعی کوردستان و نه‌خوێندنه‌وه‌ی مێژووی کوردستان و کورد، شتێکی
دیکه نییه.
کوردستان، که بۆ خۆی تا ئێستاش وڵاتێکی بێسنووره و له
ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا، چ قه‌واره‌یه‌کی سیاسیی ددانپیانراوی نییه، له رووی
ئایینی و باوه‌ڕیشه‌وه، هه‌میشه وه‌ک بێسنوورییه‌که‌ی، وڵاتێکی کراوه بووه و
جێی هه‌موو ئایین و ئایینزا و جیاوازییه‌کی تێدا بووه‌ته‌وه.
هه‌ر له سه‌رده‌می شیخ مه‌حموودی شای باشووری
کوردستاندا، که‌ریمی عه‌له‌که‌ی فه‌له(عیسایی)، یه‌کێک بووه له ئه‌ندامانی
کابینه‌ی حوکوومه‌ته‌که‌ی شێخ و وه‌زیری دارایی بووه. فرانسۆ هه‌ریری فه‌له، یه‌کێک
بوو له سه‌رانی پارتیی دیموکراتی کوردستان و له که‌سه جێ‌بڕوا و هه‌ره‌نزیکه‌کانی
هه‌ردوو سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی و مه‌سعوود بارزانی. بێجگه له‌ویش ده‌یان که‌سی
دیکه‌ی فه‌له له شۆڕشه‌کانی کورد و له نێوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کورددا، نۆره‌ی
له‌به‌رچاویان دیوه. خه‌ڵکانی سه‌ر به ئایینه‌کانی دیکه‌ی کوردستان وه‌ک یارسان
و ئێزدی و فه‌له، هیچ کاتێک له کورده موسوڵمانه‌کان جودا نه‌کراونه‌ته‌وه و خه‌ڵکی
کوردی موسوڵمان، به چاوێکی دیکه یا وه‌ک نامۆ و غه‌واره‌ی ته‌ماشا نه‌کردوون.
له نێو هه‌موو کابینه‌کانی حوکوومه‌تی کوردستاندا له
دوای ساڵی 1991ه‌وه تا ئه‌مڕۆ، هه‌میشه خه‌ڵکانی سه‌ر به ئایینی یارسانی و
عیسایی هه‌بوونه و هه‌ن. کوردستان، وڵاتی ته‌واوی
خه‌ڵکی کوردستانه. وڵاتی نه‌ته‌وه‌گه‌لی کورد و تورکمان و کلدان و ئاشووری و
سریان و ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌به. وڵاتی موسوڵمانی سوننه و شیعه و عه‌له‌وی و
یارسان(ئه‌هلی حه‌ق/ کاکه‌یی) و ئێزدی و فه‌له‌یه. وڵاتێکه ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکانه‌شی
به درێژایی مێژوو بهه‌ڤرا ژیاون و ده‌ژین و هه‌بوونه و هه‌ن و یه‌کدیان قه‌بووڵ
کردووه و قه‌بووڵ ده‌که‌ن.
ئێمه، که کوردستان به وڵاتی هه‌مووان، ئه‌وانه‌ی له
سه‌ر خاکه‌که‌ی ده‌ژین و ئه‌وانه‌یشی له ده‌ڕێی ئه‌و خاکه‌ن و هه‌ستی ئینتیمایان
بۆی هه‌یه، بزانین، گه‌ره‌که هیچ جۆره جیاوازییه‌ک له نێوان پێکهاته نه‌ته‌وه‌یی
و ئایینییه‌کانیدا نه‌که‌ین و نه‌بینین و هه‌موویانمان له لا وه‌ک یه‌ک بن. چه‌نده
کوردێکی موسوڵمانی سوننه مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته ئوستانداری سلێمانی،
قایمقامی ئاکرێ، قایمقامی هه‌ڵه‌بجه، قایمقامی کفری، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سمێل
یا به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قۆره‌توو، هێنده‌ش ئاشوورییه‌ک، تورکمانێکی شیعه یا
سوننه، کوردێکی شیعه، کوردێکی یارسانی، کوردێکی ئێزدی، ئه‌رمه‌نییه‌ک یا هه‌ر
کوردستانییه‌کی دیکه ئه‌و مافه‌ی هه‌یه و گه‌ره‌که ئه‌و مافه‌ی هه‌بێت.
به بوونی ئه‌و جیاوازییانه‌وه و به قه‌بووڵکردنی
یه‌کدییه‌وه به جیاوازییه‌کانه‌وه، وڵاتی کوردستان، ڕه‌نگینتر و ئارامتر و
پێشکه‌وتووتر ده‌بێت. ئایینه‌کان له بنه‌ڕه‌تدا
هه‌موو هه‌ر یه‌کن و یه‌ک په‌یامیان پێیه. ئه‌وه خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه و ناجۆر و
کوێرانه‌ی خه‌ڵکه، که وایان لێ ده‌کات له یه‌کدی دوورکه‌ونه‌وه و سه‌نگه‌ر له
یه‌کدی بگرن و ئایینه‌که‌ی خۆیان له ئایینه‌که‌ی ئه‌وی دیکه به باشتر و ڕاستتر
بزانن. ئێمه ئه‌گه‌ر بڕوامان به مارکس هه‌بێت یانه، ئه‌و زۆر له مێژه گوتوویه‌تی:
ئایین تلیاکی گه‌لانه. ئه‌بولعه‌لاء ئه‌لمه‌عه‌ڕڕی(973 - 1057)، شاعیری گه‌وره‌ی
عه‌ره‌ب، که بۆ خۆی خه‌ڵکی سووریا و وڵاتی شام بووه ده‌ڵێ:
له لازقییه هه‌رایه له‌نێوان
ئه‌حمه‌د و مه‌سیحدا
ئه‌میان له زه‌نگ ده‌دا و ئه‌وه‌ی دی له مناره‌یه‌که‌وه
بانگ ده‌دات
هه‌رکه‌سه‌و هاوار بۆ ئایینه‌که‌ی خۆی ده‌کات
خۆزگه ده‌مزانی چی ڕاسته [1]
لازقییه(اللاذقیة) شارێکه له سووریا و مه‌به‌ستیش له
ئه‌حمه‌د، موسوڵمانه و له مه‌سیحیش، عیساییانه.
گۆران ئه‌دهه‌م، وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی دیکه‌ی خه‌ڵکی
کوردستان، مافی خۆیه‌تی ببێته نه‌ک ته‌نێ قایمقامی هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵکه
ئوستانداری هه‌ولێر و سه‌رۆکی حوکوومه‌تی کوردستان و قایمقامی زاخۆ و خانه‌قین و
هه‌ر کارێکی دیکه، که له‌گه‌ڵ توانست و ئاره‌زووی خۆی و پێویستییه‌کانی وڵات‌دا
بگونجێ.
دابه‌شکردنی خه‌ڵکی کوردستان و به‌گرنگترزانینی هه‌ندێک
له هه‌ندێکی دیکه و وه‌پێشخستنی هه‌ندێک به‌سه‌ر هه‌ندێکی دیکه‌دا و بڕوابوون به
باشتربوونی ئه‌و له‌وی دیکه، له‌سه‌ر بنه‌ما و جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و
ئایینزایی و سێکسی، کارێکی ناڕاست و یه‌کجار خراپ و مه‌ترسیدار و نامرۆڤانه‌یه و
ته‌نێ جیاوازیی توانست و پێویستی و به‌هره، ده‌بێ بکرێنه پێوه‌ر بۆ وه‌رگرتنی هه‌موو
جۆره کارێک له سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حوکوومه‌ته‌وه تا ده‌گاته نزمترین
پایه‌ی کار و له هه‌موو شوێنێکی وڵات‌دا. ده‌بێ هه‌مووان وه‌ک هاووڵات چاویان لێ
بکرێ و هاووڵاتیه‌تی و ناسنامه‌ی کوردستانیه‌تی و به‌هره و توانستی که‌سه‌کی، بخرێنه
سه‌رووی هه‌موو ئایین و نه‌ته‌وه و ئایینزایه‌که‌وه.
13-1-2010
هذا
بناقوس یدق وذاك بمأذنة یصیح
کل
یصیح لدینه یا لیت شعري ماالصحیح
No comments:
Post a Comment