به‌ره‌و گۆڕینی دیده چه‌قبه‌ستووه‌کان
ئه‌مجه‌د
شاکه‌لی
له مێژووی کورددا دووجاران کاری ناجۆر و توندوتیژی له‌هه‌مبه‌ر
خه‌ڵکانی سه‌ر به ئایینی دیکه‌ی نائیسلامییانی کوردستان ئه‌نجامدراون. یه‌کێکیان
له سه‌رده‌می پاشای کۆره‌ی ڕه‌واندزدا بووه، کاتێک کوردانی ئێزدی وه‌به‌ر هێرش و
په‌لامار که‌وتوون و توندوتیژییان به‌رانبه‌ر کراوه و کوشتنی مار شه‌معوونی ئه‌رمه‌نییش
له لایه‌ن سمایل ئاغای شکاکه‌وه(سمکۆ)، ئه‌وه‌ی دووه‌میانه. هه‌ردووکیان کارگه‌لێکی
خراپ بوونه. ئه‌گه‌ر له ڕۆژانی پێشیندا و له مێژوویه‌کی کۆندا، جارجارێک ناته‌باییه‌ک
یا جۆره کێشه‌یه‌ک له باره‌ی ئایین و ئایینزاوه که‌وتبێته نێوان دانیشتووانی
کوردستانه‌وه، له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له‌وه‌تی من بۆ خۆم له‌بیرمه، کوردستان هه‌رگیز
وڵاتێک نه‌بووه، چه‌وساندنه‌وه‌ی ئایینی و جه‌نگی ئایینزایی تێدا ئه‌نجامدرابێت.
دانیشتووانی کوردستان به‌وه ناسراون، که
هه‌میشه یه‌کدییان قه‌بووڵ کردووه و ڕێزیان بۆ به‌رانبه‌ره‌کانیان داناوه، ئیدی
سه‌ر به هه‌ر ئایین و ئایینزا و نه‌ته‌وه‌یه‌ک بووبن.
من له باوک و دایکی خۆم و له خه‌ڵکانێکی له خۆم به‌ته‌مه‌نه‌نترم بیستووه، که هاوسێی جووله‌که‌یان هه‌بووه و
هاتووچۆیه‌کی زۆر گه‌رم له‌نێوانیاندا هه‌بووه و کڕین و فرۆشتن له‌نێواندا هه‌بووه
و ئه‌وپه‌ڕی بڕوایشیان به یه‌کدی هه‌بووه.
له سه‌رده‌می خوێندنم و کارکردنمدا له کوردستان و
عیراق، هه‌موو جۆره خوێندکارێک و هاوکارێکی سه‌ر به ئایین و ئایینزای جیاوازم له‌گه‌ڵدا
بووه و وێکڕا خوێندوومانه و کارمان
کردووه و که‌سمان نه‌مانزانیوه ئه‌وه‌ی دیکه‌مان سه‌ر به چ ئایین یا ئایینزایه‌که.
سوننه و شیعه و فه‌له و ئێزدی و مه‌ندائی و یارسانی و...هه‌موو هاوڕێ و دۆست و
که‌سی یه‌کدی بووینه و ئه‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستی و ڕێزمان بۆ یه‌کدی هه‌بووه و وه‌ک
مرۆڤ و دۆست و هاوڕێ سه‌یری یه‌کدیمان
کردووه، بێ گوێدانه ئایین و ئایینزا و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌یش.
به گوێره‌ی ئه‌و بنه‌مایانه و به‌گوێره‌ی ئه‌و کراوه‌یی
و گۆڕانه زیاتره‌ی به‌سه‌ر کوردستاندا هاتوون، من پێم باشه:
ناوی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حوکوومه‌تی کوردستان بگۆڕدرێ
و بکرێته وه‌زاره‌تی کاروباری ئایینی کوردستان ، که سه‌رپه‌رشتی کاروبای هه‌موو
ئایینه‌کانی کوردستان بکات و هه‌موو که‌سێکیش، سه‌ر به هه‌ر ئایین و ئایینزا و نه‌ته‌وه‌یه‌که
له کوردستاندا(کورد، تورکمان، کلدان، ئاشووری، ئه‌رمه‌نی، سریان، عه‌ره‌ب، مه‌ندائی،
سوننه، شیعه، یارسان، ئێزدی، عه‌له‌وی، قادری، نه‌قشبه‌ندی و..)، به گوێره‌ی به‌هره
و توانست و لێوه‌شاوه‌یی و لێزانیی، بۆی هه‌بێت کاری ئه‌و وه‌زاره‌ته بگرێته ده‌ست
و ببێته وه‌زیری کاروباری ئایینی کوردستان.
خوێندنی ڕشته‌ی ئایینیش له خوێندنگه‌کانی کوردستاندا وه‌ک
زانست و مێژوو و هزر و فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بخوێنرێ و ببێته ڕشته‌یه‌ک هه‌موو ئایینێکی
تێدا بخوێنرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی که له خوێندنگه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپادا پێڕۆ ده‌کرێت.
به‌و هه‌نگاوه مێشکی منداڵ و خوێندکار پتر ده‌کرێته‌وه و دیدیان فراوانتر ده‌بێت
و به‌رچاویان ڕوونتر ده‌بێت و هه‌مووان شاره‌زای هه‌موو ئایین و ئایین‌زاکانی یه‌کدی
و هه‌موو جیهان ده‌بن.
مه‌لای مزگه‌وته‌کانی کوردستان بڕێک له باسکردنی دووپشک
و دۆزه‌خ و پردی سیرات و ڕۆژی په‌سڵان و سووتاندن و برژاندن و تۆقاندنی خه‌ڵک و...
که‌مکه‌نه‌وه و پتر گوتاره‌کانیان ته‌رخانکه‌ن بۆ کێشه جڤاکی و سیاسی و
ئابوورییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و کێشه چینایه‌تییه‌کانیان و باشترکردن و
هۆشیارکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌مه‌ڕ گه‌نده‌ڵی و ڕه‌وتاری ده‌سه‌ڵاته‌وه.
به‌و هه‌نگاوانه، یه‌کگرتوویی و یه‌کیه‌تیی و
وڵاتپارێزی و نیشتمانپه‌روه‌ریه‌تی خه‌ڵکی کوردستان به هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین
و ئایینزاکانییه‌وه، گه‌لێک پته‌وتر و به‌هێزتر ده‌بێت و وه‌ک وڵاتیش ڕه‌نگینتر و
ئارامتر و خۆشتر ده‌بێت و ده‌بێته وڵاتێک بۆ هه‌موو دانیشتووانی. 17-1-2010
No comments:
Post a Comment