کوردستانیبوونی که‌رکووک هیچ پێویستی به ڕاپرسیی
نییه
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئه‌گه‌ر ڕێبه‌ری
پارتییه‌ک یا هه‌ر ده‌سته‌یه‌کی سیاسی، به گوێره‌ی دید و ئایدیۆلۆژیا و به‌رژه‌وه‌ندی
حیزبه‌که‌ی خۆی له‌هه‌مبه‌ر کێشه‌یه‌ک یا پرسێک، بۆچوونێکی تایبه‌تی هه‌بێت ، هه‌رچه‌نده
سازشکارانه و سه‌رنه‌ویکارانه‌یش بێت و به‌و بۆچوونه‌یه‌وه خۆی له حیزب و ده‌سته‌یه‌کی
دیکه جودا بکاته‌وه، هه‌رنه‌یسه و ڕه‌نگه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان و له لایه‌ن
هه‌ندێک خه‌ڵکی نه‌رم و نیان و سازشکاری سیاسییه‌وه چاوپۆشیی لێبکرێت و نه‌که‌وێته
به‌ر ڕه‌خنه و گازنده، به‌ڵام که که‌سێک نوێنه‌ری هه‌موو نه‌ته‌وه و خاک بێت و
به نێوی هه‌موو خه‌ڵکی وڵاته‌وه بپه‌یڤێت، ئیدی کارێکی ئاسان نییه، هه‌روا بێ لێکدانه‌وه و بێ بیرکردنه‌وه مرۆڤ به
ئاخافتن و بۆچوونه سیاسییه‌کانی، که پێوه‌ندیان به دواڕۆژ و چاره‌نووسی وڵات و
خه‌ڵکی وڵاته‌وه هه‌بێت، قایل بێت و چاوپۆشیی له نه‌رمی و که‌لێنه‌کانی بکات. له
گوته‌یه‌کیدا بۆ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات"الحیاة"ی له‌نده‌نی، مه‌سعوود
بارزانی، که هه‌ڵبژارده‌ی هێزه سیاسییه‌کانی باشووری کوردستانه، بۆ سه‌رۆکایه‌تیی
باشووری کوردستان و پاش یه‌ک دوو ڕۆژی دیکه به فه‌رمیی له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه
داده‌نرێت و ده‌بێته سه‌رۆک و نوێنه‌ر و ده‌نگی ته‌واوی باشووری کوردستان، له‌مه‌ڕ
که‌رکووکه‌وه ده‌ڵێت:"ڕیفراندۆم ناسنامه‌ی که‌رکووک یه‌کلا ده‌کاته‌وه..که‌رکووک
نابێته به‌غدا وه‌ک هه‌ندێ که‌س داوای ده‌که‌ن به‌ڵکو وه‌ک هه‌ولێر و سلێمانی و
دهۆک شارێکی عێراقی به‌ڵام کوردستانی ده‌بێت..هه‌رکاتێکیش بارودۆخی ئه‌و شاره
ئاسایی بووه‌وه، ڕاپرسییه‌کی تێدا ئه‌نجام
ده‌درێ که ئێمه به ده‌رئه‌نجامه‌که‌یه‌وه پابه‌ند ده‌بین جا له به‌رژه‌وه‌ندی
ئێمه بێت یاخود به زیانی ئێمه "[1].
باسکردنی ڕاپرسیی و ده‌نگدان بۆ کوردستانیبوون و کوردستانینه‌بوونی که‌رکووک، هه‌ر
بۆ خۆی بێ هیچ دوودڵی و سێودوولێکردنێک هه‌ڵه‌یه‌کی یه‌کجار مه‌زنه، که سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسیی باشووری کوردستان تێیکه‌وت و تێیکه‌وتووه و هه‌وڵ نادات خۆی لێ ڕزگار بکات.
باسکردنی ڕاپرسیی و ده‌نگدان بۆ کوردستانیبوون و کوردستانینه‌بوونی که‌رکووک، خۆدزینه‌وه‌یه
له ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره و پێشێلکردنی ڕاستییه دیرۆکییه‌کان و گوێنه‌دانه
به عه‌ره‌باندن و داگیرکردن و گۆڕینی سیمای کوردستان و پاکتاوی ڕه‌گه‌زیی. دیاره
مه‌سعوود بارزانی یه‌که‌م که‌س نییه له سیاسه‌تکارانی کورد، که باس له ڕاپرسیی
ده‌کات بۆ سه‌لماندنی کوردستانیبوونی که‌رکووک، به‌ڵکه تا ڕاده‌یه‌ک هه‌موو سه‌رانی باشووری کوردستان،
به مۆرکردنی قانوونی 58ی کارگێڕیی عیراق، پێکهاتوون و قایل‌بوون به‌وه‌ی ڕاپرسیی بکرێت
و خه‌ڵکی که‌رکووک بۆ خۆیان کوردستان یا عیراقستان (عه‌ره‌بستان) هه‌ڵبژێرن. بێجگه
له‌وه‌ش جه‌لال تاڵه‌بانی، تێزی برۆکسلاندنی که‌رکووکی هێنایه گۆڕی، که به گوێره‌ی
ئه‌و تێزه که‌رکووک به ته‌نیا خۆی ده‌بێته ده‌ڤه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ و هه‌ر هێنده‌ی
به‌سره و ڕه‌مادی پێوه‌ندی به کوردستانه‌وه ده‌بێت. ئه‌و تێزه‌ی تاڵه‌بانی بۆ عه‌ره‌ب
و تورکمان و ته‌واوی ناکوردانی دیکه چاره‌سه‌رێکی باشه و بۆ کورد چاره‌سه‌رێکی
خراپه و ده‌کاته دۆڕانی که‌رکووک. هه‌موو به‌ڵگه مێژوویی و جوگرافییه‌کان گه‌واهی
کوردستانیبوونی که‌رکووک ده‌ده‌ن و هه‌موو کوردی جیهان له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێکن، که که‌رکووک
وه‌ک خاک کوردستانه، ئیدی ئه‌گه‌ر ته‌واوی دانیشتووانی که‌رکووک عه‌ره‌ب، تورکمان،
ئه‌رمه‌نی، ئاشووری، کلدان یا هه‌ر چییه‌کی دیکه بن و یه‌ک کوردیشی تێدا نه‌بێت،
ناکرێت سازش له‌سه‌ر کوردستانیبوونی که‌رکووک بکرێت و کایه‌ی ڕاپرسیی بهێنرێته به‌رباس.
تۆ که گوتت که‌رکووک کوردستانه و به‌شێکه له خاکی کوردستان، ئیدی هیچ پێویست
ناکات له‌به‌ر خاتری به‌رانبه‌ره‌که‌ت باسی ڕاپرسیی بکه‌یت و خۆت به ئه‌نجامی ئه‌و
ڕاپرسییه‌وه ببه‌ستیته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی ڕاپرسییش به لای ئه‌وه‌دا شکایه‌وه،
که کورکووکییان ده‌نگیان بۆ عیراق دا و نه‌یانویست که‌رکووک بێته‌وه ئامێزی کوردستان،
ئه‌وجایش ئه‌و ئه‌نجامه هه‌ڵه‌یه و نابێ به هیچ جۆرێک قه‌بووڵ بکرێت. ڕاپرسیی بۆ
چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی که‌رکووک و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی، داوێکه نه‌یارانی کورد ناویانه‌ته‌وه
و سه‌رانی کوردیش بۆیان مۆرکردوون و خۆیان پێوه گرێداوه. هیچ پێویست ناکات کورد
سه‌ری خۆی بئێشێنێت و به‌رانبه‌ره‌که‌ی به کوردستانیبوونی که‌رکووک قایل بکات.
بلا ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر کوردستانینه‌بوونی که‌رکووک بسه‌لمێنێت. کورد ده‌بوو له‌مه‌ڕ
موسڵیشه‌وه سازشی نه‌کردبا و سووربووایه له‌سه‌ر کوردستانیبوونی دوا گوند و پارچه
زه‌وییه‌کی کوردستان، که بێجگه له مووسڵ و که‌رکووک و خانه‌قین و مه‌نده‌لی، تا
کووت و عیماره‌یش ده‌گرێته‌وه.
7/6/2005
No comments:
Post a Comment