قرتاندنی بڕگه‌یه‌کی مێژوو
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئه‌م پاش
نیوه‌ڕۆیه، یه‌کێکم له کۆنه شاگردانی خۆم، که پێش ده دوازده ساڵێک، له یه‌کێک
له خوێندنگه‌کانی شاری ستۆکهۆڵم کۆمه‌کی زمانی سوێدی و وانه‌کانی دیکه‌م ده‌کرد،
تووشبوو. ئه‌و خه‌ڵکی باکووری کوردستانه. له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کی تورکیدا پێکه‌وه ڕاوه‌ستابوون.
سڵاوێکم لێکردن و لێیان تێپه‌ڕیم. پاش تۆزێک گوێم لێ‌بوو، له پشتمه‌وه با‌نگم ده‌کات.
که ئاوڕم دایه‌وه گوتی: مامۆستا کوردستان ئازاد بوو! گوتم: چه‌وا! گوتی: جه‌لال
تاڵه‌بانی، بوو جمهوور باشقان[1]!
گوتم: ڕاسته، لێ ئه‌و نه‌بوو جمهوور باشقانێ کوردستان، ئه‌و بووه جمهوور باشقانێ
عیراق!
*****
پێموانییه
هیچ کوردێک هه‌بێت پێی ناخۆشبێت، کوردێک ببێته نه‌ک هه‌ر سه‌رۆکی عیراق، به‌ڵکه
سه‌رۆکی حه‌به‌شه و په‌نه‌ما و چین و هه‌رجێیه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه. به‌ڵام به‌ڕاستی
سه‌رۆک بێت و ده‌ست و پێی نه‌به‌سترابێته‌وه و کاری پێ بکرێت. سه‌رۆکی عیراقی ئێستا،
له‌گه‌ڵ شای سوێد و سه‌رۆکی ئیسرائیل و سه‌رۆکی تورکیا و سه‌رۆکی فینلاندا، جیاوازییه‌کی
ئه‌وتۆی نییه و ته‌نێ کار و پۆستێکی ڕه‌مزییه و چ ده‌سه‌ڵاتێکی نییه. من له‌م
قسه‌یه‌م، خودانه‌خواسته، مه‌به‌ستم که‌مکردنه‌وه‌ی نرخ و بایه‌خی سه‌رۆکی ئێستای
عیراق نییه، به‌ڵکه ته‌نێ ڕاستییه‌ک ده‌خه‌مه ڕوو، که نه‌ک هه‌ر من، به‌ڵکه هه‌موو خه‌ڵک ده‌یزانن.
*****
ئه‌وه‌ی
ته‌ماشای میدیاکان و که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی کوردسات بکات، دوو ڕۆژه له شایی و گۆڤه‌ند
و فیقوفاقی ئۆتۆمبیل و گه‌ڕانی نێو شار و سه‌ر جاده و خرۆشانی خه‌ڵکی شاره‌کانی کوردستان
و په‌ڕۆی که‌سک و وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی زیاتر، شتێکی دیکه نابینێت. په‌یتاپه‌یتا
و سه‌دان جار، وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی، له سه‌رده‌می منداڵی و مێردمنداڵییه‌وه
تا ده‌گاته ئه‌وڕۆی، پێشان ده‌درێت و مێژووی ژیانی باس ده‌کرێت و ده‌خوێنرێته‌وه.
وه‌ک سیاسییه‌کی لێزان و خودان ئه‌زموون و کارا و بیریار باس ده‌کرێت و پێشان ده‌درێت.
له ته‌واوی ئه‌و میژووه‌ی ژیانی تاڵه‌بانیدا،
که میدیاکان ده‌یخوێننه‌وه و پێشانی ده‌ده‌ن، به‌لای تاکه یه‌ک شت‌دا ناچن و خۆ
له قه‌ره‌ی یه‌ک شت ناده‌ن، که ئه‌ویش گرنگترین بڕگه‌ی ژیانی تاڵه‌بانییه، ساڵانی
1966-1970، واته: ساڵانی پشتکردنه شۆڕشی کورد و
جاشایه‌تییه. یه‌ک وێنه‌ی ئه‌و ساڵانه پێشان ناده‌ن. به سه‌ر ئه‌و ساڵانه‌دا
باز ده‌ده‌ن و نێویان نابه‌ن و باسیان لێوه ناکه‌ن، وه‌ک بڵێی ئه‌و ساڵانه له ده‌رێی
مێژوون و لێی ده‌رهاوێژراون و سڕاونه‌وه. مێژووی ژیانی مرۆڤ، هه‌موو ژیانیه‌تی، له
ڕۆژی زایینیه‌وه تا ڕۆژی مردنی. دێرۆکی تاڵه‌بانی، بڕگه‌ی ساڵانی 1966-1970یشی تێدایه
و ناکرێت هه‌روا بقرتێنرێت و گومناو بکرێت. مرۆڤ له ژیانیدا هه‌رچییه‌کی کردبێت و
هه‌رچۆنێک بیری کردبێته‌وه، چاک یا خراپ، ئه‌وانه ده‌بنه به‌شێک له مێژووی ژیانی.
مرۆڤ هه‌رچه‌نده له بڕگه‌یه‌کی ته‌مه‌نیدا هه‌ڵه‌یش بووبێت و کرده‌وه‌گه‌لێکی کردبێت،
که پاشتر به دڵی نه‌بن و لێیان په‌شیمان بووبێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وانه
کرده‌وه‌ی ئه‌ون و هه‌رگیز ناتوانێت حاشایان لێ بکات. مرۆڤی شۆڕشگێڕ و ڕاستگۆ و بوێر،
ئه‌و که‌سه‌یه ددان به هه‌ڵه‌ی خۆیدا ده‌نێ و ڕێکوڕه‌وان باسی هه‌ڵه‌ی خۆی ده‌کات
و خۆی له هیچ کێماسییه‌کی خۆی نادزێته‌وه. ئه‌گه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانی و ته‌واوی ده‌سته‌که‌ی
و هه‌وادارانی، ساڵانی 1966-1970 به جاشایه‌تی نازانن و پێیانوایه بوونیان له سه‌نگه‌ری
حوکوومه‌تی عیراقدا دژ به شۆڕشی کوردستان، خه‌بات بووه و بۆ کورد تێکۆشاون، ئیدی
بۆچی باسی ئه‌و ساڵانه ناکه‌ن و به‌سه‌ریدا باز ده‌ده‌ن! خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ساڵانه‌ش
به جاشایه‌تی و ناپاکی داده‌نێن، ئه‌وا با هێنده بوێر بن و به ڕاشکاوی بیڵێن و
خۆیانی لێ نه‌بوێرن.
*****
له‌و باسکردن
و شاییگێڕانه‌ی میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستاندا و له گوتار و نووسینی
ماستاوساردکردنه‌وه و مه‌رایی خۆبه‌ڕۆشنبیرزان و نووسه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدا، وا دێته
به‌رگوێ و به‌رچاو، که زیره‌کی و لێوه‌شاوه‌یی و سیاسه‌تزانیی و شایسته‌یی جه‌لال
تاڵه‌بانی، ئه‌وی گه‌یاندووه‌ته ئه‌و پۆسته‌ی ئێستای"سه‌رۆککۆماری عیراق".
پێش هه‌ر شتێک، هه‌موومان ئه‌وه ده‌زانین، که ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای به‌غدا
و عیراق، به ڤیزه و چرای که‌سکی ئه‌مه‌ریکا دانراون و داده‌نرێن و ده‌ستنیشان ده‌کرێن.
پاش ئه‌وه‌ش دانانی سه‌رۆککۆمار و سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و په‌رله‌مان و وه‌زیر و گزیر
و هه‌موو تێڵابه‌ده‌ستێکی ئه‌و وڵاته، به پێکهاتنی حیزب و لایه‌نه سیاسی و ئایینی
و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به قایل‌بوونی ئه‌مه‌ریکا و سیستانی و...ده‌کرێت، واته: ئه‌وه‌ی
که ئه‌وان بۆ خۆیان نێوی"ته‌وافوق"ی لێ ده‌نێن. ئه‌گه‌ر ده‌نگدانێکی ڕاسته‌وخۆ
و هه‌ڵبژاردنێکی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆککۆمار یا هه‌ر پۆستێکی دیکه‌ی ئه‌و وڵاته"عیراق"
کرابا و خه‌ڵک ده‌نگیان به که‌سه‌کان دابا و له نێوان چه‌ند که‌سێکدا یه‌کێکیان
هه‌ڵبژێردرابا، ئه‌وده‌م ده‌کرا باسی لێوه‌شاوه‌یی و گه‌لێری و کاریزما بکرێت. نه‌ک
ئێستا، به‌ڵکه هه‌ر دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراق، باسی دانانی
جه‌لال تاڵه‌بانی به سه‌رۆککۆماری عیراق، له ئارادا بوو و هه‌ر له‌وده‌مییه‌وه
نێوزه‌د کراوه. پاش ئه‌وه‌ش بۆ پشتگری و کۆمه‌ک و پشتیوانیکردنی ته‌واوی هێزه‌کانی
کوردستان و خه‌ڵکی کورد، به هه‌موو توێژ
و چین و جیاوازییه‌کانییه‌وه له دانانی تاڵه‌بانیدا به سه‌رۆککۆمار له یاد بکرێت
و ته‌واوی ئازایه‌تی و لێهاتوویی و کاراییه‌که بۆ ته‌نێ تاڵه‌بانی و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی
بگێڕدرێته‌وه!
*****
کێ حه‌ز
ناکات کورد هه‌میشه له شایی و که‌یف و خۆشی‌دا بێت، لێ نه‌ک بۆ هه‌موو شتێک هه‌ڵپه‌ڕێت
و سه‌رچۆپی بگرێت و شایی بکات. له‌م شایی و شایلۆغان و به‌زم و هه‌رایه‌ی کوردستاندا،
له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌سێکدا قسه ده‌کرێت و هه‌ر که‌سێک ده‌مده‌کاته‌وه، هه‌ڵبژاردنی جه‌لال تاڵه‌بانی به خۆشترین ڕۆژی
ژیان و ڕۆژی له‌دایکبوون و سه‌رکه‌وتنی کورد و...داده‌نێت. ئه‌و خه‌ڵکه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی
په‌رله‌مانی عیراقیش هه‌مان شتیان ده‌گوت و هه‌مان کاریان ده‌کرد، وه‌ک بڵێی کورد
له هه‌ڵپه‌ڕکێ زێتر هیچی دیکه‌ی نییه. خۆزگه ئه‌و خه‌ڵکه هه‌رچی وزه و توانست
و که‌یفیان هه‌یه، ته‌رخان ده‌کرد و هه‌ڵیانده‌گرت بۆ ڕزگاربوونی کوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان
و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆککۆماری
کوردستان و یه‌ک ڕێزه‌یان له‌و وزه‌یه، له پێناوی عیراق و عیراقییه‌تیدا به سه‌رۆککۆمارییه‌کیشییه‌وه،
به فیڕۆ نه‌ده‌دا.
7/4/2005
No comments:
Post a Comment