مۆنومێنتی ئه‌نفال بۆ له هه‌ولێر!
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
16/3/2005، سه‌رۆکی حوکوومه‌تی هه‌رێمی
کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، به‌ردی بناخه‌ی مۆنومێنت(نیشانه یا په‌یکه‌ر)ێکی بۆ
ئه‌نفال و شه‌هیدان له هه‌ولێر دانا. ئه‌و ڕێوڕه‌سمه به ئاماده‌بوونی کۆمه‌ڵێک
به‌رپرس و خه‌ڵکانی حیزبی و کارگێڕان و ئه‌ندازیاری ئه‌و مۆنومێنته(خوسره‌و جاف)،
دانرا. من دانانی په‌یکه‌ر یا نیشانه‌یه‌ک بۆ ئه‌نفال و شه‌هیدان به کارێکی پیرۆز
و باش ده‌زانم و پێموایه یادکردنه‌وه‌ی شه‌هیدان و به تایبه‌ت قوربانیانی ئه‌نفال،
ده‌بێ وه‌ک کارێکی هه‌میشه‌یی بێت و هه‌رگیز ڕاوه‌ستانی تێدا نه‌کرێت و به‌رده‌وام
بێت. دیاره ئه‌نفال تا ڕاده‌یه‌ک هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌کانی باشووری کوردستانی گرته‌وه،
به‌ڵام ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی، که له هه‌مووان زیاتر به‌رکه‌وت و تێداچوو و ئه‌نفال کرا
و زیانمه‌ند بوو، گه‌رمیان و که‌رکووکی پێته‌ختی بوو. مرۆڤ، که باسی ئه‌نفال ده‌کات
و وشه‌ی ئه‌نفالی به‌رگوێ ده‌که‌وێت، ده‌سبه‌جێ ته‌واوی بیر و خه‌یاڵی بۆ که‌رکووک
و گه‌رمیان ده‌ڕوات و ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی دێته پێش چاو و ده‌سبه‌جێ پڕ گوێی ده‌بێت له
شین و شه‌پۆڕ و زریکه و قیژه و گریانی ژن و پیر و لاو و منداڵی ئه‌نفالکراو. که
که‌رکووک "دڵ" و "قودس" و "پێته‌ختی کوردستان" و
"کرۆکی کێشه‌ی کورد" بێت، به پێی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی
کوردستان، که که‌رکووک بۆ خۆی ئه‌نفالستان بێت و هه‌موو بسته خاک و زه‌وییه‌کی گه‌رمیان
و که‌رکووک ئه‌نفالگه‌یه‌ک بێت، ئیدی بۆچی په‌یکه‌ری ئه‌نفال له هه‌ولێر دروست ده‌کرێت؟
سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، ده‌بوو هه‌موو هه‌وڵ و توانست و کۆشش و ئاوه‌زێکیان
وه‌گه‌ڕخستبا، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌موو کار و هه‌نگاو و بڕیارێکیاندا، ئه‌گه‌ر تاکه
یه‌ک میللیمیتریش له که‌رکووک بچنه پێشه‌وه و تاکه یه‌ک میللیمیتریش که‌رکووک
به‌ره‌و ئامێزی به‌شه ڕزگارکراوه‌که‌ی کوردستان بهێننه‌وه، سستی نه‌که‌ن و دوودڵیی
نه‌که‌ن و هه‌رچی زووتره به‌ره‌وپیری بچن. ئه‌گه‌ر تیۆری "بێپا و
پادار"، بکه‌ینه پێوه‌رێک بۆ هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ کێشه یا
شته یا باره، گرنگ و گرنگتر و گرنگترینه‌کاندا، ئه‌وا هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک
بێپاکانن و که‌رکووکیش پادار. که‌رکووک پاداره
گرنگترینه‌که‌یه و ده‌بێ وه‌پێشی هه‌موو ئه‌رکه‌کانی دیکه بخرێت. سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسیی کورد ده‌بوو و ده‌بێ له هه‌موو کارێکیدا وه‌ها بیربکاته‌وه و پاداره‌که
بگرێت و گرنگییه‌کی پتری پێ بدات، نه‌ک بێپاکان. تۆ که مۆنومێنتێک بۆ هه‌ڵه‌بجه
و شه‌هیدانی چێ بکه‌یت، باشترین و شایسته‌ترین جێگه بۆ ئه‌وه هه‌ڵه‌بجه‌یه. مۆنومێنتی
ئه‌نفال و مۆزه‌ی ئه‌نفال و هه‌موو شتێکی پێوه‌نددار به ئه‌نفاله‌وه ده‌بێ له که‌رکووک
بێت و چێبکرێت، نه‌ک له شوێنه‌کانی تر. ئه‌گه‌ر مۆنومێنته‌که بۆ ته‌واوی شه‌هیدانی
کوردستانیشه، به ئه‌نفال و کوردانی فه‌یلی و بارزانییه‌کان و هه‌ڵه‌بجه و هه‌موو
ئه‌وانی دیکه‌شه‌وه، ئه‌وا هیشتا که‌رکووک شایسته‌ترین جێگه‌یه بۆ ئه‌وه.
20/3/2005
No comments:
Post a Comment