ئه‌و کاته‌ی کورد ده‌توانێت به تورکیا بڵێ
نه‌ء
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئه‌گه‌ر
سه‌رکرده‌یه‌تیی یا که‌سانێک له نێو سه‌رکرده‌یه‌تیی "پ. ک. ک"دا ، هه‌ندێ
جار، جۆره پێوه‌ند و گرێدراوییه‌کیان به تورکیا و ده‌سگای سیخوڕی تورکیاوه بووبێت و هه‌بێت،
لێ له ناوه‌ڕۆکدا "پ. ک. ک" بزاڤێکی شۆڕشگێڕ بووه و ئێستایش هه‌روایه
و نوێنه‌رایه‌تی خواسته ڕه‌واکانی گه‌لی کورد و باکووری کوردستانی کردووه و ده‌کات.
پێشمه‌رگه و خه‌ڵکانی خواره‌وه‌ی ئه‌و بزاڤه، خه‌ڵکانێکی گیانله‌سه‌رده‌ست و
قاره‌مان بوونه و هه‌ن. دیاره ئه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ "پ. ک. ک"ه‌وه ده‌گوترێ،
چ له باره‌ی سه‌رکرده و چ له باره‌ی بنکرده‌وه، هه‌موو حیزبه‌کانی دیکه‌ی
کوردستانیش ده‌گرێته‌وه. به درێژایی مێژوو، هیچ سه‌رکرده‌یه‌تیی یا که‌سانێکی نێو
سه‌رکه‌رده‌یه‌تیی، هه‌موو یه‌کێک له‌و حیزبانه‌ی کوردستان بێپێوه‌ند و بێوابه‌سته‌یی
به ڕێژیمه‌کانی ده‌وروبه‌ر و ته‌نانه‌ت دوورتریشه‌وه نه‌بوونه.
"پ.
ک. ک"یش وه‌ک حیزبه‌کانی دیکه‌ی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، جه‌نگی چه‌کداری
له کوردستانه‌وه ده‌ستپێکرد. بۆ ساڵانی 1980کان، که ئه‌وده‌می ئه‌وان ده‌ستیان
دایه چه‌ک ، وه‌ک ساڵانی 1960 و 1970کان ئه‌و کاره هه‌رنه‌یسه و له جێی خۆیدا
بوو، به‌ڵام ئیدی دواتر ئه‌و کاره له کوردستاندا بێجگه له ماڵوێرانی بۆ گه‌لی
کوردستان، هیچ ئه‌نجامێکی دیکه‌ی نه‌بوو. من نه‌ک هه‌ر ئێستا به‌ڵکه زۆر له‌مێژه
بڕوام وابووه، که شێوازی خه‌باتی "پ. ک. ک" و ئه‌و جۆره جه‌نگه چه‌کدارییه‌ی
ئه‌نجامی ده‌دا، به تایبه‌ت له ده‌سپێکی ساڵانی 1990ه‌کانه‌وه، شێوازێکی چه‌وت
و ناڕاسته. ئه‌وان ئه‌وده‌می و ئێستایش ده‌بوو ئه‌و جه‌نگه چه‌کدارییه‌یان
بگوێزنه‌وه بۆ نێو تورکیا و له کوردستانی دوورخه‌نه‌وه. به‌و کاره به ژماره‌یه‌کی
گه‌لێک که‌متر و به شێوازێکی زۆر نهێنی و به
که‌مترین قوربانی، ده‌توانرا و ده‌توانرێ، به‌هێزترین گورز له ده‌سه‌ڵاتی
تورکیا بوه‌شێندرێت و کوردستانیش له سووتاندن، وێرانکردن و چۆڵکردن بپارێزرێت.
ئه‌گه‌ر
"پ. ک. ک" شێوازی خه‌باتیان گۆڕیبا، ئێستا ئه‌م کێشه‌یه‌ی، که له
باشووری کوردستاندا هاتووه‌ته گۆڕێ، نه‌ده‌هاته گۆڕێ و چ به‌ڵگه‌یه‌ک، به لای
که‌مه‌وه بۆ ڕاوه‌دوونانی "پ. ک. ک"، به ده‌ست تورکیا و خه‌ڵکی دیکه‌وه
نه‌ده‌بوو بۆ هێرشکردنه سه‌ر باشووری کوردستان و له کۆتایی 1990کانیشدا تووشی ئه‌و
قه‌یران و وه‌ده‌رنان و کێشه‌یه‌ی سووریا و بیقاع و گرتنه‌ی ئوێجالان نه‌ده‌بوون.
سه‌رانی
هه‌ردوو زلحیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان(پارتیی) و (یه‌کیه‌تیی)، که به شێوه‌یه‌کی
نادیموکراتی و خێڵه‌کییانه و دوور له هه‌موو بنه‌ماکانی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واییه‌کی
هاوچه‌رخ، شازده ساڵێکه، ده‌سه‌ڵاتداری له‌تێکی باشووری کوردستانن، هه‌ر له
1991ه‌وه، که ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، چه‌ندین جار بۆ خۆیان که‌واسووری به‌ر
له‌شکر بوون و ڕۆڵی "سواره‌ی حه‌میدییه" یان، له خزمه‌ت تورکیا و له‌شکری
تورک‌دا بینیوه. په‌رله‌مانی کوردستانی ئه‌و دوو حیزبه، یه‌که‌م بڕیاریکی ده‌ریکرد،
هێرشکردنه سه‌ر "پ. ک. ک" بوو. ساڵانی 1980کان ده‌ستی چه‌کدارانی یه‌کیه‌تیی
نیشتمانی کوردستان چووه خوێنی پێشمه‌رگه‌ی"پ. ک. ک" و ساڵانی 1990ه‌کانیش
هه‌ردوو یه‌کیه‌تیی و پارتیی به جووته په‌لاماری"پ. ک. ک"یان دا و له‌شکری
تورکیایش ده‌یان جاران، به ته‌واوی زانیاری و کۆمه‌ک و ڕێنیشانده‌ریی هه‌ردوو
زلحیزبی باشووری کوردستان، سنووریان به‌زاند و بۆ ڕاوه "پ. ک. ک"هاتنه
نێو باشووری کوردستانه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی
کوردستان(سه‌رانی پارتیی و یه‌کیه‌تیی)، له 1991ه‌وه، ده‌روازه‌ی باشووری
کوردستانیان بۆ تورکیا خستووه‌ته سه‌ر پشت و ده‌ستی تورکیایان به ته‌واوی له
نێو کوردستاندا ئاوه‌ڵا کردووه. سه‌رده‌مانێک له‌شکری تورک، بێجگه له به‌زاندنی
سنوور و وه‌ژوورکه‌وتن، ڕۆڵی ناوبژیوان و له‌یه‌کجوێکه‌ره‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو
زلحیزبی به‌شه‌ڕهاتووی باشووری کوردستان(پارتیی و یه‌کیه‌تیی) ی ده‌دیت و چه‌ندین
پێگه‌ی سه‌ربازییان له باشووری کوردستان هه‌بوو و ئیستاش هه‌ن. بێجگه له‌وه‌ش،
وڵاته‌که‌یان به ئابووری تورکیاوه گرێداوه و ته‌واوی باشووری کوردستانیان
کردووه‌ته بازاڕێکی تورکیا. دیاره نه‌ک بازاڕێکی باش، به‌ڵکه بازاڕێک، که هه‌رچی شڕه و کاڵای خراپ و کۆن و بێکه‌ڵک و کاتبه‌سه‌رچووی
تورکیایه تێیدا په‌خش ده‌کرێت و ده‌فرۆشرێت. ده‌رمانی ئێکسپایه‌ر و سه‌وزه و
میوه‌ی پڕ نه‌خۆشی و ئاوی حه‌یات و ماستی بۆگه‌ن و ئاردی نه‌زۆکی چێکه‌ر و ڕۆنی
شێرپه‌نجه سازکه‌ر و فیلمی سێکسی و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی، که ده‌یان نه‌خۆشی ساز
ده‌که‌ن، له تورکیاوه و به به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌وه ده‌هێرێنه نێو کوردستانه‌وه و خه‌ڵکیان پێ نه‌خۆش و ده‌رده‌دار
ده‌کرێت. پتر له چوارسه‌د کۆمپانیای تورکیایی ئه‌مڕۆ له باشووری کوردستاندا به
نێوی "کار"ه‌وه هه‌ن و چالاکی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. سه‌رانی کورد به
خه‌نده و گه‌شکه و که‌یفخۆشییه‌وه پێشوازی له هه‌موو شتێکی تورکیا ده‌که‌ن، ته‌نیا
له‌پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌نده
ئابوورییه‌کانی نێوان خۆیان و تورکیا و پاراستنی گرێ و پێوه‌نده نهێنییه‌کانی
خۆیان به تورکیاوه. به نێوی بازرگانی و کاری کۆمپانیا و سه‌دان بیانوو و رێگه‌ی
دیکه‌وه، هه‌زاران میتی تورکی به نێو کوردستاندا ته‌راتێن ده‌که‌ن. پرۆسێسی
تورکاندن له باشووری کوردستاندا پیاده ده‌کرێت، هه‌ر له جلوبه‌رگ و خۆراک و ناو
و مووزیک و گۆرانی و خوێندن و خانوو و نێوماڵه‌وه تا ده‌گاته جۆری بیرکردنه‌وه
و بواره‌کانی دیکه‌ی فه‌رهه‌نگه‌وه .
ئه‌وه‌ی
ئه‌وڕۆ تورکیا به ته‌مایه‌تی به‌رانبه‌ر باشووری کوردستانی بیکات، هه‌ر له 1991ه‌وه
ده‌ستی پێکردووه و سه‌رانی کورد بۆ خۆیان به مله‌کچکردن و گرێدانی باشووری
کوردستان له ڕووی ئابووری، سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌وه به تورکیاوه، ڕێگه‌یان بۆ
خۆش کردووه و بۆ خۆیان بوون به چاوساغی تورکیا.
باشووری
کوردستان، که ئاوی خواردنه‌وه و ماست و ته‌ماته و بیبه‌ر و ده‌رمان و هه‌رچی
شتی دیکه‌یه له تورکیاوه بهێنێت، چۆن ده‌توانێت به تورکیا بڵێت نه‌ء!
سه‌رانی
باشووری کوردستان:
- له
کاتی موناقه‌شه‌ی پێوه‌ندی خۆیان و تورکیا، که به شانازییه‌وه ئاوی (حه‌یات)ی
تورکی له‌سه‌ر مێزه‌کانیان داده‌نێن و
نۆشی ده‌که‌ن، چۆن ده‌توانن به تورکیا بڵێن نه‌ء!
- که بۆ
خۆیان به‌ره‌ی تورکمانی، که بێجگه له سیخوڕانی تورکیا، هیچی دیکه نین و شانده‌کانی
تورکیایان به سه‌ر که‌رکووک و خه‌ڵکی کوردستانه‌وه کرده که‌ڵه‌گا، چۆن ده‌توانن
به تورکیا بڵێن نه‌ء!
- که که‌رکووکیان
کرده قوربانی پێوه‌نده دزێوه‌کانی خۆیان و تورکیا، چۆن ده‌توانن به تورکیا بڵێن
نه‌ء!
- که نه‌یاتوانیوه
خه‌باتی گه‌لی کورد یه‌کخه‌ن و جه‌نگی دژی تورکیا بگوێزنه‌وه نێو تورکیا و له
کوردستانی دوورخه‌نه‌وه، چۆن ده‌توانن به تورکیا بڵێن نه‌ء!
- که زه‌وی
کۆیه‌ی کوردستان به سه‌ر ئه‌ندامانی به‌ره‌ی تورکمانیدا ببه‌شنه‌وه و سه‌نعان قه‌سساب
وه‌ک ده‌سته‌گوڵ ببه‌نه‌وه که‌رکووک، چۆن ده‌توانن به تورکیا بڵێن نه‌ء!
-
که چاوه‌خوار و منه‌تباری تورکیا بن، چۆن ده‌توانن پێی بڵێن نه‌ء!
31ی ئابی
1996، که چه‌ند تانکێکی به‌عس هاتنه نێو هه‌ولێره‌وه، حوکوومه‌ته‌که‌ی یه‌کیه‌تیی
نیشتمانیی کوردستان و ته‌واوی سه‌رکرده و بنکرده و چه‌کدار و خه‌ڵکانی ئه‌و
حیزبه، نه‌ک هه‌ر هه‌ولێر، سلێمانیشیان، به بێ ته‌قاندنی یه‌ک فیشه‌ک، جێهێشت و
له ئێران خۆیان گرته‌وه. ئه‌وده‌می خه‌ڵکانی سه‌ر به‌و حیزبانه (یه‌کیه‌تیی و
پارتیی) وه‌ک ئێستاش نه‌یاندابووه پانی و وه‌ک ئێستا تێر و ته‌سه‌ل و ته‌مه‌ڵ و گووپخڕ
و ورگن و ته‌نگه‌زل و ته‌وه‌زه‌لیش نه‌بوون و وه‌ک ئێستا گیرفانپڕ و ده‌وڵه‌مه‌ند و
خاوه‌ن زه‌وی و خانوو و کۆشک و ته‌لار و کێڵگه و سه‌دان کۆمپانیا و گه‌نده‌ڵ نه‌بوون،
ئێستا هه‌رگیز له‌و ده‌مه ئازاتر و بوێرتر و به بڕواتریش نین، ئه‌وجا چۆن ده‌توانن
به‌رگری له خۆیان و دژی تورکیا بکه‌ن!
پێرێ له ڕادیۆی بی. بی. سی "BBC" ئینگلیزی زمانه‌وه، که‌سێک
به نێوی گوته‌بێژی حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به عه‌ره‌بی(نه‌ک به کوردی یا
ئینگلیزی)، ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بکات، ئێمه پاسه‌وانی سنوور(پێشمه‌رگه)
مان هه‌یه و هێزمان هه‌یه و ده‌توانین به‌رگری بکه‌ین. ڕه‌نگه که‌سێکی
فیللیپینی یا مه‌ده‌غه‌شقه‌ری بڕوا به قسه‌ی ئه‌و گوته‌بێژه‌ی حوکوومه‌تی کوردستانه
بکات، به‌ڵام ئه‌و کورده‌ی باوه‌ڕ به وه‌ها قسه‌یه‌ک بکات گه‌لێک گه‌وجه و قسه‌یه‌کی ئه‌وتۆیی ته‌نێ خۆڵ له‌چاوکردنی خه‌ڵکه
و هیچی دی. ئه‌گه‌ر ڕاسته و حوکوومه‌تی هه‌رێم
"به‌رگری" پێ ده‌کرێت، ئه‌دی بۆ وا ماوه‌ی چه‌ند مانگه، هه‌م ئێران و
هه‌م تورکیا، به‌رده‌وام و بێ ڕاوه‌ستان بۆمبارانی ده‌ڤه‌ره سنوورییه‌کانی
کوردستان ده‌که‌ن و که‌سیش هیچ ناڵێت! ئه‌دی ئه‌و پاسه‌وانی سنوورانه‌ی حوکوومه‌ته‌که‌ی
ئه‌و هاوڕێیه گوته‌بێژه له کوێن و چ ده‌که‌ن! مه‌گه‌ر ته‌نیا دوای قڕقێنه‌ی
پاش خواردنی برنج و خواردنه‌وه‌ی زه‌مزه‌م و کۆکاکۆلا و ئاوی حه‌یات و شه‌ربه‌تی
ئاڵتوونسای ئێرانی و تورکی، ئه‌وجا منجه‌منج و بۆڵه‌یه‌کی بێتام وه‌ده‌رێنن، ئه‌ویش
بۆ بازاڕی ناوخۆ!
ده‌گێڕنه‌وه، که کابرایه‌کی کوردی جگه‌ره‌کێش، ڕۆژێک
چه‌ند لاوێک هه‌روا بۆ شۆخی کیسه‌ی تووتنه‌که‌ی لێ ده‌شێرنه‌وه. کابرا که وه‌ئاگا
دێت و پێی ده‌زانێت، ده‌یکاته گاڵه و هه‌را و قاڵه‌قاڵ و جنێوی دنیا ده‌دات. له
گۆڕی باوک و له کوزی دایکی ئه‌وه ده‌بات،
که کیسه تووتنه‌که‌ی دزیوه و هه‌ڕه‌شه ده‌کات، که ده‌کوژێ و ده‌بڕێ و وا و
وا ده‌کات. پاش تۆزێک کیسه تووتنه‌که‌ی
ده‌ده‌نه‌وه و لێی ده‌پرسن، تۆ ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌یه‌ت کرد، به‌ڕاست
ئه‌گه‌ر کیسه‌که‌ت وه‌رنه‌ر‌گتایه‌وه چت ده‌کرد؟ ئه‌ویش ده‌ڵی: وه‌ڵڵا چم ده‌کرد،
بڕێکم له پشتوێنه‌که‌م داده‌د‌ڕی و ده‌مکرده کیسه تووتنێک[1].
تورکیا له‌شکرێکی به‌هێز و پڕچه‌ک و کارامه و تێر و دڕی
هه‌یه و ئه‌ندامی "ناتۆ Nato" یه و نوێترین چه‌ک و ته‌کنیکی ئه‌وروپای له‌به‌رده‌ستدایه
و شاره‌زاییه‌کی
ته‌واوی له جه‌نگ و داگیرکردندا هه‌یه. مێژووی له‌شکر و جه‌نگگێڕی تورک، هه‌ر له
دوای هه‌زاره‌ی یه‌که‌مه‌وه، میژووی داگیرکردن و په‌لامار و هێرش و وێرانکردن و
کوشتار بووه و له سه‌رده‌می عوسمانییانی باپیرانیانیش، به‌شێکی زۆری ڕۆژهه‌ڵاتی
ئیسلامی و به‌شێکی ئه‌وروپایشیان خستووه‌ته ژێر ده‌ستی خۆیانه‌وه و له میژووی
نوێیشدا، هه‌ر له جه‌نگی قوبره‌سه‌وه تا ده‌گاته کوردستان و ئه‌فغانستان و بۆزنیا
و کۆسۆڤۆ و لوبنان به‌ش و لایه‌نێکی هاوکێشه‌کان بوون و هه‌ن. له پیره‌کانی
خۆمانم بیستووه، که سه‌ربازی تورک له کاتی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیدا، کاتێک له
عیراق و کوردستان ده‌کشانه‌وه، له سه‌نگه‌ردا دا‌ده‌مه‌زران و ئه‌ژنۆی خۆیانیان
ده‌به‌سته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵنه‌یه‌ن و ده‌جه‌نگان تا ده‌کوژران.
کورد، تاکه یه‌ک ده‌وڵه‌تی ئه‌م جیهانه‌ی له‌گه‌ڵ نییه.
هاوسێیه‌کانی باشووری کوردستان، ئێران و سووریا، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ کورد نین و ئه‌وانیش
وه‌ک تورکیا حه‌ز ده‌که‌ن ئه‌و کارگێڕییه کوردییه له بنه‌وه هه‌ڵوه‌شێته‌وه.
عیراق به‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستایشیه‌وه، له‌گه‌ڵ کورد نییه و له بنه‌وه له‌گه‌ڵ
تورکیادا ڕێک و کۆکه. ئه‌مه‌ریکا و ئینگلستان و وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌وروپایش، تورکیا
ناگۆڕنه‌وه به کوردستان. هیچ وڵاتێکی عه‌ره‌بی نییه چاوی به‌و کارگێڕییه
کوردییه‌دا هه‌ڵبێت و هه‌موو چاوه‌ڕێن و هه‌وڵده‌ده‌ن ڕۆژێک زووتر له‌بار بچێت.
کورد به دۆستایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و ئه‌م و ئه‌و خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت.
ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا دۆستی تورکیان و هه‌رگیز پشتی تورکیا بۆ کورد ناده‌ن به زه‌ویدا.
ئه‌وان له‌گه‌ڵ کورددا درۆ ده‌که‌ن.
هاوتایه‌کی "پ. ک. ک"، که پڕچه‌کتره و له‌شکرێکی
ته‌واوه و ڕێکخستنێکی گه‌وره و ڕێکوپێکیشی هه‌یه و له نێو عیراقیشدایه و
دژایه‌تی ده‌وڵه‌تێکی هاوسێی عیراقیش ده‌کات و
ئه‌گه‌ر "پ. ک. ک" داوای دیموکراتی بۆ تورکیا و ته‌نێ هه‌ندێ
مافی سه‌ره‌تایی و مرۆڤیی بۆ گه‌لی باکووری کوردستان ده‌کات، ئه‌وا ئه‌و ڕێکخراوه
داوای ڕووخاندن و لاکه‌وتنی ڕێژیمه نه‌یاره‌که‌ی ده‌کات و گه‌ره‌کیه‌تی بۆ خۆی ده‌سه‌ڵات
له وڵاته‌که‌ی خۆیدا بگرێته ده‌ست. ئه‌و ڕێکخراوه ڕێکخراوی موجاهیدینی خه‌لق(مجاهدین
خلق)ی ئێرانه، که دژی ئێرانێکه، ئه‌مه‌ریکایش دژیه‌تی. ئێرانیش، وه‌ک تورکیا
هاوسنووری عیراقه. موجاهیدنی خه‌لق، هه‌ر له سه‌رده‌می به‌عسه‌وه و به چه‌کی به‌عس
و ڕۆژاوا، به هه‌موو جۆرێک په‌لاماری ئێرانی ده‌دا و نه‌یاریکی سه‌رسه‌ختی
کۆماری ئیسلامی بوو. ئێستا ئه‌مه‌ریکا چاوی له موجاهیدین خه‌واندووه و له
عیراقیشدا باس له وه‌ده‌رنانی موجاهیدین نییه و ئێرانیش له‌ترسی ئه‌مه‌ریکا، که
ڕێگه‌ی پێ نادات په‌لاماری موجاهیدینی خه‌لق بدات، ده‌ستی به‌سراوه‌ته‌وه و ناتوانێت
هه‌ڵکوتێته سه‌ر موجاهیدین، که‌چی تورکیا به‌به‌رچاوی ئه‌مه‌ریکاوه، که کورد
زۆر بانگاشه به دۆستایه‌تییه‌وه‌ی ده‌کات، ئه‌م به‌زمه به کورد ده‌کات و ته‌واوی
ئه‌و که‌مه‌ئارامییه‌ی له کوردستاندا له‌چاو به‌شه‌کانی دیکه‌ی عیراقدا هه‌یه،
ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه و ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی دیکه‌یش ساز ده‌کات، ئه‌وجا
ئه‌مه‌ریکا ئه‌گه‌ر له‌ژێر لێوه‌وه ورته‌یه‌کی لێوه بێت و به ده‌م به تورکیا
بڵێ لاکه‌وه و مه‌یه"جنێوی پێ بدا"، ئه‌وا به "چاو پێی ده‌ڵێ وه‌ره".
ئه‌مه‌ریکا به داهێنانی"ڕاوه ته‌رۆریزم" له هه‌رکوێیه‌کی جیهان، ڕێگه‌ی
بۆ هه‌رچی وڵاتێکه، که سه‌ر به ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا بێت، کرده‌وه، تا بتوانێت
په‌لاماری خه‌ڵکی ته‌نانه‌ت ئازادیخوازیش به نێوی ڕاوه‌ته‌رۆره‌وه بدات. تورکیا،
چاو له ئه‌مه‌ریکا ده‌کات و شوێنپێی ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵده‌گرێت.
مه‌به‌ست و ئامانجی تورکیا له هاتنه‌نێو باشووری
کوردستان، ئه‌گه‌ر 10%ی بۆ له‌نێوبردنی چه‌کدارانی "پ. ک. ک" بێت، ئه‌وا
90%ی بۆ له‌نێوبردنی ئه‌و نیمچه سه‌ربه‌خۆییه‌ی باشووری کوردستانه و بۆ سڕینه‌وه‌ی
کێشه‌ی که‌رکووکه و بۆ بزواندنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی تورکمانه و بۆ داگیرکردنی باشووری
کوردستانه. ئه‌گه‌ر گوشاری ده‌ره‌کی و هه‌ندێک ده‌نگه‌ده‌نگ به‌وه‌ی، که تورکیا
کارێکی ناقانوونی ده‌کات، به چوونه نێو باشووری کوردستانه‌وه، بڕێک تورکیا بسڵه‌مێنێته‌وه
و له‌وێش نه‌مێنێته‌وه، ئه‌وا چه‌ندی پێی بکرێت، به که‌مترین کات، بێجگه له‌وه‌ی
چه‌کداری"پ. ک. ک"یه، ته‌نانه‌ت خێزان و ژن و زارۆکانیان له مه‌خموور
هه‌موو پێوه ده‌دات و ده‌ستێکیان پێدا ده‌ماڵێت. ئه‌وجا ته‌واوی ئه‌وانه‌یش پێوه‌ندێکیان
به "پ. ک. ک"ه‌وه هه‌یه، وه‌ک پ‌ژاک و پارتی چاره‌سه‌ر و ته‌نانه‌ت
تاکه که‌سانیش، ئه‌وانه‌یش به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه. دیاره ئه‌و جۆره خه‌ڵکانه‌یش له
هه‌موو قوژبنێکی کوردستان، هه‌ر له مه‌نده‌لی و خانه‌قین و که‌لاره‌وه تا ده‌گاته
زاخۆ، هه‌ن. دواتریش چه‌ندی بتوانێت زیان به‌و کارگێڕییه‌ی باشوور ده‌گه‌یه‌نێت،
ئیدی به هه‌موو شێوازێک، له بڕینی ڕێگه و هاتوچۆوه تا ده‌گاته لێدانی ئه‌و
شوێنانه‌ی به لای کورد خۆیه‌وه گرنگه. هه‌ر به چوونه نێو کوردستانه‌وه
تورکیا ده‌توانێت کۆنترۆڵی ڕێگاوبان و هاتوچۆ و ته‌واوی شوێنه گرنگه‌کانی
کوردستان بکات. تورکیا به هۆی ئه‌و له‌شکره "میت"ه‌وه، که به ناوی
کۆمپانیا، ده‌یان ساڵه هه‌رچی ئابووری کوردستانه به ده‌ستیانه‌وه‌یه و نه‌خشه‌ی
ته‌واوی پرد و ڕێگه و ته‌لارخانه و فڕۆکه‌خانه و هوتێل و هه‌رچی شتی دیکه‌ی
کوردستانه له باخه‌ڵیاندایه و به هۆی هه‌زاران کوردی سیخوڕ و بۆ چنگێ پاره
خۆفرۆش و هه‌زاران خه‌ڵکی سه‌ر به به‌ره‌ی تورکمانی و خه‌ڵکانی دیکه‌ی تۆرانیشه‌وه،
هه‌رچی زانیاری ورد و درشته له باره‌ی کوردستانه‌وه هه‌یانه و ده‌یزانن. هه‌ربۆیه
زیانگه‌یاندن به کوردستان بۆ له‌شکری تورک، کارێکی فره سه‌خت نییه. تورکیا ده‌توانێت
زۆر به ئاسانی ئاساییش و باری ئابووری و سیاسی باشووری کوردستان بشێوێنێت، چونکه
بێجگه له‌و له‌شکره ئاشکرایه‌ی، که ده‌ینێرێته کوردستان، له‌شکرێکی دیکه‌ی
نهێنی و خه‌وتوویشی له‌وێ هه‌یه.
هه‌ر پێش چه‌ند ساڵێک، که تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشکردنه‌سه‌ر
و چوونه‌ناوه‌وه‌ی سووریای کرد ئه‌گه‌ر، عه‌بدوڵڵا ئوێجالان وه‌ده‌رنه‌نێت، حافز ئه‌لئه‌سه‌د(حافظ
الأسد)ی سه‌رۆککۆماری سووریای هێنایه سه‌رچۆک و ناچاری کرد به‌وه‌ی، که ئوێجه‌لان
به زووترین کات، سواری فڕۆکه‌یه‌ک بکات و بینێرێ بۆ نایرۆبی. جه‌لال تاڵه‌بانی،
سه‌رۆککۆماری ده‌ڤه‌ری که‌سک له به‌غدا، ئه‌گه‌ر ده‌ستی به سه‌ر قه‌ندیل و
چیاکانی کوردستان و "پ. ک. ک"دا ڕۆیشتبا، زۆر له‌مێژ بوو، نه‌ک هه‌ر چه‌کدار
و هه‌وادار و ژن و زارۆکی په‌که‌که‌ییان، به‌ڵکه ته‌نانه‌ت سه‌گ و کتک و
مریشکانیشیانی ڕاده‌ستی تورکیا ده‌کرد و وه‌ده‌ری ده‌نان.
هه‌رچه‌نده "به‌ناو" باشووری کوردستان یه‌ک
حوکوومه‌تی تێدایه و پارتیی و یه‌کیه‌تیی پێکهاتنی درێژخایه‌نیان مۆر کردووه، به‌ڵام
به هاتنی له‌شکری تورک بۆ کوردستان، ده‌ڤه‌ری بنده‌ستی پارتیی و ده‌سه‌ڵاتی
پارتیی و هه‌ولێر وه‌ک پێته‌خت، پاش په‌که‌که، ئامانجی سه‌ره‌کیی تورکیان. تاڵه‌بانی،
چ وه‌ک سه‌رۆکی ده‌ڤه‌ری سه‌وزی به‌غدا و چ وه‌ک ڕێبه‌ری یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی
کوردستان و چ وه‌ک فه‌رمانڕه‌وای سلێمانییش، چ گرفتێکی نییه و تا ڕاده‌یه‌کی زۆر
له‌و هێرشه بێخه‌مه، چونکه هه‌م ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ئه‌و و حیزب و ده‌ڤه‌ره‌که‌ی
ئه‌و(سلێمانی و ده‌ڤه‌ری که‌سکی به‌غدا) نییه و هه‌م قه‌ندیل و "پ. ک.
ک"ییانیش له قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌که‌ی ئه‌ودا نین و هه‌م ئه‌و و حیزبه‌که‌ی ئه‌ویش، پێوه‌ندیکی توندوتۆڵ
و زۆر به‌هێزیان له‌گه‌ڵ تورکیادا هه‌یه و تاڵه‌بانی بۆ خۆیشی هه‌میشه سه‌رسامبوونی
خۆی به تورکیا و سیاسه‌تی تورکیا و "دیموکراسی" تورکیا و سه‌رانی
تورکیا، ده‌ربڕیوه.
کورد
کاتێک ده‌توانێت دژی تورکیا ڕاوه‌ستێت و به‌رگری له خۆی بکات، که کۆیله و
گرێدراوی تورکیا نه‌بێت. ئه‌و کاته‌ی کورد پێستی گونی خۆی خوارد و منه‌تی تورکیای
هه‌ڵنه‌گرت، ئه‌وده‌می ده‌توانێت به‌رانبه‌ر تورکیا بکۆکێت. هه‌ر کاتێک کورد توانی
هه‌رچی کاڵا و شتومه‌ک و کۆمپانیا و خۆراک و گرێبه‌ست و ده‌یان به‌زمی دیکه‌یه له‌گه‌ڵ
تورکیادا بداته دواوه و بگێڕێته‌وه و کاری پێ نه‌کات، ئه‌وده‌می به ئاسانی ده‌توانێت
به‌رانبه‌ر تورکیا بخوێنێت و پێی بڵێ نه‌ء. که‌ی هه‌موو شووشه ئاوه "حه‌یات"ه‌کانی
تورکیایان ڕۆ کرد و ده‌رمانه ئێکسپایه‌ره‌کانی تورکیایان سووتاند و ڕێکلامی
ئاڵتوونسا و سه‌دان ڕێکلامی مۆبێله و جل و ڕیستۆرانگ و ڕۆن و هه‌زاران شتی دیکه‌ی
تورکیایان له ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانیانه‌وه ڕاگرت و کۆمپانیاکانی تورکیایان وه‌ده‌رنا
و سه‌وزه و میوه و خۆراک و خواردنه‌وه‌ی تورکیایان نه‌خوارد و نه‌خوارده‌وه و خوێندنگه‌کانی
تورکیایان له باشووری کوردستان داخست و هه‌رچی ناوی تورکییه له سه‌ر کۆمپانیا و
فرۆشگه و بازاڕ و شوێنه‌کانی دیکه لابرد و هاتووچۆی تورکیایان نه‌کرد و پێی تورکیایان له
که‌رکووک بڕی و مه‌راییان بۆ تورکیا نه‌کرد و کاڵای تورکیایان نه‌فرۆشت و نه‌کڕی و
باره‌گای حیزبه‌کانی سه‌ر به تورکیایان داخست و هه‌ڕه‌شه‌یان له تورکیا و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی
تورکیا، له ناو خاکی تورکیا و له ده‌رێی
تورکیا کرد و گڕیان به‌ردایه تورکیا له نێو ماڵی خۆیاندا و هه‌موو کوردیان یه‌کخست
بۆ دژایه‌تی تورکیا و هه‌موو کوردیان له په‌رله‌مان و ده‌سگاکانی تورکیا کێشایه‌وه،
ئه‌وده‌می کورد ده‌توانێت به‌رانبه‌ر تورکیا ڕاوه‌ستێت و به‌رگری له خۆی بکات. ئه‌وده‌می
ده‌توانێت به تورکیا بڵێ نه‌ء و ئه‌وده‌می بۆ خۆیشی به ته‌نیا و بێ کۆمه‌کی هیچ
که‌سێکی دیکه، ده‌توانێت داکۆکی له خۆی و خاکی خۆی بکات و دژی نه‌یارانی بجه‌نگێت.
18-10-2007
[1] به ده‌سکارییه‌وه
له (ڕشته‌ی مراوری)یه‌که‌ی مامۆستا(عه‌لائه‌ددین سه‌جادی)یه‌وه، که له‌به‌رده‌ستمدا
نییه.
No comments:
Post a Comment