خڕکردنه‌وه‌ی ئیمزا دادی کورد نادات
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
چه‌ند حه‌فته‌یه‌ک
پێش ئێستا، هاوڕێیه‌کم، به ئیمه‌یڵ نامه‌یه‌کی به هاوپێچه‌یه‌که‌وه بۆ ناردم.
هاوپێچه‌که نامه‌یه‌ک بوو، چه‌ند مامۆستایه‌ک ئاراسته‌ی "جۆرج بووش"ی
سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکایان کردبوو. له نامه‌که‌دا داوا ده‌که‌ن، عیراق بکرێ به سێ به‌شی
فیدراڵه‌وه( که به‌شێکیان کوردستانه) و ئه‌و سێ به‌شه‌یش، به پێوه‌ندێکی بڕێک
سست به به‌غداوه گرێ بدرێن. ئه‌و نامه‌یه بۆ ئه‌وه بڵاوکراوه‌ته‌وه تا خه‌ڵک
و ئه‌وانه‌ی ڕایان له سه‌ریه‌تی ئیمزای بکه‌ن و پاشان ڕه‌وانه‌ی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا
بکرێت. من ده‌زانم ئه‌وانه‌ی ئه‌و بیرۆکه‌یان به مێشک‌دا هاتووه و نامه‌که‌یان
نووسیوه، له دڵسۆزی و خه‌مخۆرییه‌وه وه‌ها کارێکیان کردووه. من بۆ خۆم نامه‌که‌م
ئیمزا نه‌کرد، چونکه بڕێک تێبینیم له سه‌ر نامه‌که و بیرۆکه‌که‌ی هه‌بوو، به‌ڵام
ناردیشم بۆ ته‌واوی هاوڕێ و دۆست و ئه‌و ئیمه‌یڵانه‌ی هه‌مبوون.
نامه‌که،
بۆ جۆرج بووش نێردراوه و له‌م جیهانه‌شدا که‌سێک نییه جۆرج بووش نه‌ناسێت. ئه‌مڕۆ
ئه‌گه‌ر که‌سێک هه‌بێت، شایسته‌ی ئه‌وه بێت، به نێوی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ،
وێرانکردنی ژینگه، داگیرکردنی وڵاتان، دژایه‌تیکردنی مافی مرۆڤ، پێشێلکردنی
قانوونی نێوده‌وڵه‌تی و یه‌ک کۆمه‌ڵه خراپه‌کاری دیکه له جیهاندا، دادگایی
بکرێت، ئه‌وه (جۆرج بووش)ه. ئه‌و ڕه‌وشه "جوان و خۆش و ئارام و دیموکراسییه‌ی!!!"ی
ئه‌مڕۆ له عیراقدا و له دوای ڕووخانی به‌عسه‌وه هاتووه‌ته گۆڕێ، دیاریی جۆرج
بووش و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکایه. جۆرج بووش، که ئێستا "زڕباب"ی هه‌موو
جیهانه، هه‌ر له ڕۆژی یه‌که‌می داگیرکردنی عیراقه‌وه، نه بۆ خه‌ڵکی عیراق و نه
بۆ خه‌ڵکی کوردستان، له‌وه‌ی زیاتر تا ئێستا پێشانی داوه، چی دیکه‌ی نه پێ بووه
نه‌ش پێیه. ئه‌وه‌ی ڕوون و ئاشکرایه له سیاسه‌تی بووش و ئه‌مه‌ریکادا، ئه‌وان
هه‌میشه باسیان له یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق و گێڕانه‌وه‌ی عیراقه بۆ نێو ژینگه
و چوارچێوه‌یه‌کی عه‌ره‌بی و هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌یشه، ئه‌مڕۆ سه‌رۆککۆماری عیراق
و سه‌رانی کورد پێڕۆی ده‌که‌ن. سیاسه‌تی بووش له عیراقدا هه‌ر له ڕۆژی یه‌که‌مییه‌وه
به سه‌قه‌تی له‌دایک بوو و له‌مێژیشه تووشی شکست هاتووه و چ نه‌خشه و
ستراتیژییه‌تێکی تۆکمه و درێژخایه‌نی نه‌بووه، هه‌ر بۆیه هه‌ر ڕۆژه‌ی به جۆرێک
ده‌یگۆڕێت و هه‌رچییه‌کیش ده‌کات بۆی نایه‌ته‌وه جێ، به‌ڵکه ته‌نێ سیاسه‌تی پینه‌کردن
پێڕۆ ده‌کات.
نامه‌که،
به‌ڵێ ده‌یه‌وێت کوردستان یه‌کێک بێت له‌و سێ هه‌رێمه فیدراڵییه، به‌ڵام ئایا مه‌به‌ست
له‌و کوردستانه، ئه‌م هه‌رێمۆکه‌ی ئێستای کوردستانه یا ته‌واوی باشووری
کوردستانه! ڕه‌نگه بگوترێ، که مرۆڤ ده‌ڵێ کوردستان، مه‌به‌ست هه‌موو باشووری
کوردستانه به‌و ده‌ڤه‌رانه‌یشه‌وه، که ئێستایش گرێدراوی عیراقن. به بڕوای من
ئه‌وه له مێشکی که‌سێکی کورددا وایه، له‌کن هیچ عیراقی و ناکوردێک وه‌ها باسێک
نییه. ئه‌م هه‌رێمۆکه‌یه‌ی ئێستای کوردستان، ته‌نیا نیوه‌ی باشووری کوردستانه و
نیوه‌که‌ی دیکه‌ی، که که‌رکووک و مووسڵ و خانه‌قین و شاره‌بان و مه‌نده‌لی و نیوه‌ی
ئوستانی کووته، هێشتا هه‌ر سه‌ر به کارگێڕی عیراقه و پێی ناگوترێ کوردستان. ئه‌م
هه‌رێمۆکه‌یه(دهۆک، هه‌ولێری بێ مه‌خموور و سلێمانی) نه‌ک جۆرج بووش، به‌ڵکه عه‌دنان
ئه‌ددلێمی(عدنان الدلیمي) و ساڵح ئه‌لموتله‌گ
(صالح المطلگ) و عه‌ره‌بی داگیرکاری که‌رکووک و ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی هه‌موو
جیهان، پێی قایلن و نه‌ک هه‌ر به فیدراڵی، ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدابن له عیراق
جوێ بکرێته‌وه و ببێته ده‌وڵه‌ت. ته‌نانه‌ت (سه‌ددام حوسه‌ین)یش له‌گه‌ڵ وه‌ها
چاره‌سه‌رێکدا بوو. هه‌ر نامه و پێشنیاز و باس‌وخواس و داخوازییه‌ک، بۆ فیدراڵی و دابه‌شکردنی عیراق، بێ باسکردن و جه‌خت
له‌سه‌رکردنه‌وه‌ی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه، هیچ ناگه‌یه‌نێت و کوردستانێکی
بێ که‌رکووک و مووسڵ و نیوه‌ی ئوستانه‌کانی دیاله و کووت، ده‌کاته: هیچ.
سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، هێنده‌ی به پینه‌وپه‌ڕۆی عیراق و گرێدانه‌وه‌ی
پساوه‌کانییه‌وه خه‌ریکن، هێنده‌یان بۆ کوردستانه‌که‌ی خۆیان نه‌کردووه. ئه‌وان
له نه‌گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی
دیکه‌ی کوردستان بۆ سه‌ر هه‌رێمه‌که‌ی ئێستایان، ڕۆڵێکی نه‌یێنی زیاتریان له
کارگێڕی عیراق و ناکوردان بینیوه. ئه‌وان بۆ خۆیان پتر هاریکاری ئه‌و دیده
"عیراقی – عه‌ره‌بی – ئه‌مه‌ریکایی – ناکوردی"یه‌یان کردووه، که
باشووری کوردستان، ته‌نێ به‌و هه‌رێمۆکه‌یه‌ی بنده‌ستی خۆیان بزانرێت.
به
بڕوای من، پێش ئه‌وه‌ی مرۆڤ باس له فیدراڵی و ده‌وڵه‌ت و هه‌رچییه‌کی له‌و بابه‌تانه
بکات، باشتر وایه بیر له گۆڕینی کۆمه‌ڵگه بکاته‌وه و هه‌وڵی گۆڕانکاری له
ژێرخانه‌وه و له بنه‌وه‌ڕا نه‌ک له سه‌رێڕا، بدات. هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی کێشه
ژیانیی و ڕۆژانه‌کانی خه‌ڵک بدات. ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر له کوردستاندا ده‌سه‌ڵاتداری گه‌نده‌ڵ
و دز و پاشه‌ڵپیس نه‌هێڵرێن و مۆنۆپۆڵی دوو زلحیزبی پارتی و یه‌کیه‌تیی و ئه‌و
دووفاقی و دوو کارگێڕییه‌ی هه‌یانه نه‌مێنێت، کێشه‌ی ئاو، ئه‌له‌کتریک، سووته‌مه‌نی،
هاتووچۆ، نه‌خۆشی، خوێندن، باری ژیانی خه‌ڵک،
ئازادی تاک، ژنان و ڕاده‌ربڕین و...هه‌موو چاره‌سه‌ر ده‌کرێن. که ئه‌وانه چاره‌سه‌ر
کران، خه‌ڵک خۆی ده‌بێته خاوه‌نی خۆی و وڵاتیش ده‌بێته هی خه‌ڵک. ئه‌وده‌می که
خه‌ڵک له‌سه‌ر بناخه و زه‌وینه‌یه‌کی قایموقۆڵ و بته‌و ڕاوه‌ستا، ئه‌وده‌می ده‌توانێت
ئازادانه قسه‌ی خۆی بکات و پێ له سه‌ر ته‌واوی خواسته‌کانی خۆی داگرێت و
ئازادانه بڕیاری چاره‌نووسی خۆی، بێ
پاڕانه‌وه له بووش و عیراق و...بدات.
مانگی یه‌که‌می
ساڵی 2005، که هه‌ڵبژاردن کرا له عیراق و کوردستاندا، بزاڤی ڕیفرانده‌م، نزیکه‌ی
دوو میلیۆن(2000000) ده‌نگ، به ڕێژه‌ی 98%ی ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی
کوردستان وه‌ده‌ستهێنا. دواتر ئه‌و ده‌نگانه برانه کۆمه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان
و ئه‌مه‌ریکا. سه‌رۆککۆماری عیراق، جه‌لال تاڵه‌بانی، بۆ خۆی پێش هه‌رکه‌سی دیکه
گاڵته و لاقرتێی به‌و ده‌نگانه کرد و پێیوابوو" ئه‌و ده‌نگانه‌ی پێوه‌ر و
نیشانده‌ری ده‌نگی کورد نین و کورد خۆی به عیراقی ده‌زانێت و هه‌رگیز نایه‌وێت له
عیراق جوێ بێته‌وه" و هیچ ڕێزێکی بۆ دوو میلیۆن مرۆڤ دانه‌نا. ئه‌وه‌ی که
ئه‌و بێڕێزییه‌ی به‌و ده‌نگانه کرد، جۆرج بووش و عه‌دنان ئه‌ددلێمی و عه‌ره‌ب و
تورک نه‌بوون، به‌ڵکه (جه‌لال تاڵه‌بانی) بوو. ئێستا وا گریمان دوو میلیۆن که‌سی
دیکه، ئه‌و نامه‌یه‌یان، که بۆ بووش ئاماده کراوه، مۆر کرد، ئایا هیچ ده‌گه‌یه‌نێت!
من پێموانییه هیچ بگه‌یه‌نێت، چونکه جۆرج بووش له کووله‌که‌ی ته‌ڕیشدا نێوی
کوردستان و کورد نابات و کورد به عیراقی و کوردستانیش به عیراق زیاتر به هیچ
شتێکی دیکه‌یان نازانێت و تا کورد، خاوه‌نی سه‌رۆک و سه‌ردار و ده‌سه‌ڵاتدارگه‌لێک
بێت، هه‌میشه ڕیسه‌که‌ی لێ بکه‌نه‌وه به خۆری و هه‌میشه ده‌ستیان له ناقڕه‌ی
گیر کردبێت، هه‌رگیز نه ئیمزا و نه نامه
و نه هیچ شتێکی دیکه چاره‌سه‌ری ده‌رده‌که‌ی ناکه‌ن.
ئه‌وه
هیج، که هه‌ڵوێستی بووش وایه و سه‌رانی کوردیش به‌و جۆره بیر ده‌که‌نه‌وه، لێ
مادام نامه هه‌ر نووسرا و خه‌ڵک هه‌ر مۆریان کرد، بۆ باسی ئه‌وه نه‌کرێت، که
کوردستان له عیراق جوێ بکرێته‌وه و هیچی دی؟ کێ ده‌ڵێ عیراقییان و عه‌ره‌ب قایلن
به دابه‌شکردنی عیراق بۆ سێ فیدراڵی! قایل بن یا نه، ئه‌وه که‌ی کاری کورده،
که داوای ئه‌و چاره‌سه‌ره بۆ ئه‌وانیش بکات!
17-9-2007
No comments:
Post a Comment