Saturday 20 May 2006

وه‌زیریش هه‌وه‌ی دێته‌ سه‌ر

وه‌زیریش هه‌وه‌ی دێته‌ سه‌ر

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی


ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق و ته‌واوی حیزبه‌ عیراقی و عه‌ره‌بی و ناکوردییه‌کان، هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوونه‌ و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، عیراق له‌ بازنه‌ی عه‌ره‌ب و نیشتمانی عه‌ره‌ب و خاکی عه‌ره‌ب نه‌چێته‌ ده‌رێ و به‌شێک بێت له‌ عه‌ره‌ب. که‌ هۆشیار زێباری، له‌ ساڵی 2003دا، کرا به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق، هه‌موو عه‌ره‌ب ده‌میان له‌ کورد کرده‌وه‌ و پێیانوابوو ئیدی کورد بووه‌ به‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێک. ئه‌وان بۆ داپۆشینی نه‌خشه‌ی دژه‌ کورد‌ی خۆیان و پێوه‌نده‌ شاراوه‌ و ژێربه‌ژێرییه‌کانی خۆیان، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکاره‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا، هه‌میشه‌ دژ به‌وه‌ بوون، کوردێک وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق بێت. هۆشیار زێباری و جه‌لال تاڵه‌بانی و هه‌موو ئه‌و کوردانه‌ی دیکه‌ی نێو حوکوومه‌تی عیراق له‌ به‌غدا، هیچ کاتێک له‌ هیچ عه‌ره‌بێک که‌متریان بۆ عه‌ره‌بایه‌تی عیراق و پاراستنی یه‌کیه‌تیی خاکی عیراق نه‌کردووه‌، ئه‌گه‌ر پتریان نه‌کردبێت. ئه‌وان هه‌موو ڕه‌وتار و گوتارێکیان ڕێک وه‌ک عیراقییه‌ک بووه‌ و به‌ موو له‌ عیراقییه‌تی لایان نه‌داوه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ عیراقییانه‌ی ئه‌وان هه‌رگیز به‌ دڵی عه‌ره‌ب و عیراقییان نه‌بووه‌ و هه‌رگیز دڵخۆش نه‌بوونه‌ به‌ ڕه‌وتار و گوتاریان، ته‌نێ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ به‌ ناو کورد بوونه‌. هه‌ر له‌و ده‌مییه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌وان(عه‌ره‌ب و عیراقییان) په‌له‌قاژه‌ی ئه‌وه‌یان بووه‌ که‌له‌به‌رێک بدۆزنه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی مه‌رامه‌کانی خۆیان و جێله‌قکردنی ئه‌و کورده‌ خاوه‌ن کورسی و پایانه‌ی به‌غدا و به‌ تایبه‌تیش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌. من وام ده‌زانی هه‌ر له‌ ژن و مێردایه‌تیدا هه‌وه‌(هه‌وێ)بازی و ژن به‌ سه‌ر ژنهێنان هه‌یه‌، که‌چی ئه‌وه‌تا له‌م حوکوومه‌ته‌ نوێیه‌ی عیراقیشدا وه‌ک چۆن کابرایه‌ک ژنێک بهێنێته‌ سه‌ر ژنی یه‌که‌می و هه‌وه‌(هه‌وێ)یه‌کی بۆ په‌یدا بکات و بیهێنێته‌ ماڵێ، وه‌زاره‌تێکیان به‌ نێوی(وه‌زاره‌تی ده‌وڵه‌ت بۆ کاروباری ده‌ره‌وه‌) ساز کرد و وه‌زیرێکیشیان بۆ دانا، واته‌: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ وه‌زاره‌تێکی هاته‌ سه‌ر و هۆشیار زێبارییش وه‌زیرێکی هاته‌ سه‌ر، چونکه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ماوه‌ و هۆشیار زێباری وه‌زیریشیان هه‌ر هێشتووه‌ته‌وه‌. دامه‌زراندنی وه‌زاره‌تێکی ده‌وڵه‌تی کاروباری‌ ده‌ره‌وه‌، به‌‌ بیانووی ئه‌وه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ بۆ پێوه‌ند به‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب و ده‌وروبه‌ر دانراوه‌، وه‌ک بڵێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی، که‌ هه‌یه‌ و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ هۆشیار زێباری وه‌ها کارێکیان پێ ناکرێت. من ئه‌وده‌می(2003)، که‌ زێباری بوو به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و ئێستایش، که‌ کرایه‌وه‌ به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌،  پێموابوو و پێموایه‌،  دانانی کوردێک بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و دانانی کوردێک بۆ سه‌رۆککۆمار،‌ بۆ ده‌مکوتکردنی کورد و پتر گرێدانی باشووری کوردستان بووه‌ به‌ عیراق و عه‌ره‌به‌وه‌. دانانی وه‌زیرێکی کورد بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق، له‌ ته‌ڵه[1]‌ و داوێک زێتر چی دیکه‌ نه‌بووه‌ و نییه‌ بۆ کورد. به‌ دانانی وه‌زیرێکی دیکه‌ بۆ کاروباری ده‌ره‌وه‌ و پێوه‌ند به‌ وڵاتانی عه‌ره‌به‌وه‌، ده‌بوو هۆشیار زێباری، ئه‌گه‌ر هێنده‌ی حه‌ز له‌ کورسی نییه‌ و هێنده‌ عیراقی نییه‌، جلک و جه‌واڵ و عاسه‌لا و ساکه‌کانی خۆی بپێچێته‌وه‌ و به‌غدای به‌جێهێشتبا. نه‌ک هه‌ر ئه‌و به‌ڵکه‌ به‌رپرسه‌ کورده‌کانی دیکه‌یش، که‌ به‌ هه‌ر هه‌موویانه‌وه‌ لاقی مریشکێکیان پێ ناکرێته‌وه‌، وه‌ها کارێکیان کردبا. جێهێشتنی به‌غدا و دوورکه‌وتنه‌وه‌ و خۆدابڕین له‌ عیراق هه‌رچه‌ندی زووتر بێت ئه‌وه‌نده‌ به‌ قازانجی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.                                                                                                         
20-5-2006     



 و گوتاری(ته‌ڵه‌)، که‌ له‌ 16/9/2003دا هه‌ر له‌مه‌ڕ ئه‌م مه‌به‌سته‌وه‌ نووسراوه‌.‌www.dengekan.com[1] بنۆڕه‌ ماڵپه‌ڕی

No comments:

Post a Comment