سه‌ری ساڵ و بڕێک ورده‌سه‌رنج
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
خۆراوا به هۆی پێشکه‌وتنێکی ته‌کنۆلۆژی
و ئابووری و ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه، که هه‌یه‌تی، له‌وه ده‌رچووه، که ته‌نێ وه‌ک چه‌ند
وڵاتێک لێی بنۆڕدرێت. خۆراوا، ئه‌مڕۆ، لافاوێکی فه‌رهه‌نگییه و ئه‌وه‌ی دێته ڕێی،
به شه‌پۆلی توند و به‌هێزی خۆی ڕایده‌ماڵێت و لوولی ده‌دات و ده‌یپێچێته‌وه و
ئاوه‌ودیوی ده‌کات. خۆراوا، ئه‌مڕۆ، ئه‌وه‌ی دێته ڕێی، له فلته‌ری خۆی ده‌دات و کلک
و گوێی ده‌کات و په‌ڕ و باڵی ده‌کات و ئه‌وده‌می و دوای خۆراوایاندنی ده‌یکاته‌وه
به گه‌رووی هه‌موو جیهاندا و ده‌رخواردی مێشکی هه‌موو مرۆڤایه‌تیی ده‌داته‌وه. خۆراوا،
زۆر له مێژه، کار بۆ ئه‌وه ده‌کات، عیسای په‌یامبه‌ر، له پیاوێکی گه‌نمڕه‌نگی،
ئه‌سمه‌ری، پتر به لای ڕه‌شتاڵه‌ییدا چووی، پرچڕه‌شی، لات و پێخاوس و هه‌ژاری،
جووله‌که‌ی فلستیننشینی، خۆرهه‌ڵاتیی، بکاته که‌سێکی پرچزه‌ردی، چاوشینی، سووروسپی
و پێستسپی ئه‌وروپایی ئاسا و خۆراوایی، زۆر چاکیش له‌و کاره‌یدا سه‌رکه‌وتووه. ئێستا
ئیدی، که عیسا بوو به خۆراوایی، زۆر به ئاسانی، خۆراوا ده‌توانێت، وه‌ک هه‌نارده‌یه‌کی
کاڵائاسا، له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌نگاوێکیدا، به‌ره‌و هه‌موو شوێنێکی جیهان و له‌گه‌ڵ هه‌موو
ورده‌واڵه‌یه‌کی ته‌کنۆلۆژیایی و هه‌موو چالاکییه‌کی ئابووری و هه‌موو کاڵایه‌کی
بازرگانی و هه‌موو ئامێر و ئامرازێکی ژیان و هه‌موو چه‌مکێکی فه‌رهه‌نگیدا، عیسایه‌تیشی
تێکه‌ڵ کات، و که‌رته عیسایه‌کی، له‌گه‌ڵدا بنێرێت و هه‌وڵی عیسایاندنی، هه‌رچی کون
و قوژبنێکی جیهانه بدات. ئێستا ئه‌و به‌زم و خۆ ئاماده‌کردن و ڕازاندنه‌وه و
چالاکییانه‌ی، له هه‌ر وڵاتێکی عیسایی ئاییندا، به بۆنه‌ی له‌دایکبوونی عیسا و
هاتنی سه‌ری ساڵی عیساییه‌وه، ساز ده‌کرێن، خه‌ریکن هه‌موو جیهان ده‌ته‌ننه‌وه و
هه‌ر له خۆڕا و بێ هیچ بیرکردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌ک، هه‌موو جیهان ده‌یانکه‌نه
جه‌ژن و شایی و ئاهه‌نگگێڕان. ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ری ساڵی عیسایی، که په‌یوه‌سته به
له‌دایکبوونی عیساوه و به‌شێکه له ئایینی عیسایی، ئێستا وا چین و ژاپۆن و مالایزیا
و هیندوستان و ئه‌مه‌ریکای خواروو و ئه‌فریقا و ئاسیا و ته‌نانه‌ت کوردیشی، گرتووه‌ته‌وه.
کورد، به تایبه‌ت نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، که ده‌یدوێنیت، خۆی به موسوڵمان نازانێت و خۆی
به ڕۆڵه‌ی میدیا و که‌یخوسره‌و ده‌زانێت و باسی زه‌رده‌شتایه‌تی و ئاهۆرامه‌زدا و
ئه‌هریمه‌ن و ئێزدیایه‌تی و ئه‌وانه‌ت بۆ ده‌کات و هه‌وڵده‌دات، خۆی له بازنه و "قه‌فه‌زی"
ئیسلامه‌تی بهێنێته ده‌ر و ده‌رباز بکات و باس له نه‌ورۆز و ساڵی کوردی ده‌کات، که‌چی
شایی و به‌زم و خۆبادان و که‌یف و خۆشییه‌ک، له سه‌ری ساڵی عیساییدا ده‌یکات، هه‌رگیز
له نه‌ورۆزدا نایکات. کورد، ئه‌گه‌ر وه‌ک نه‌ته‌وه و گه‌لێکیش ته‌ماشای بکه‌یت،
پڕانی خه‌ڵکه‌که‌ی موسوڵمانن، لێ، نه له سه‌ر ساڵی کۆچی(هجري) دا، که ساڵی موسوڵمانانه،
و نه له له‌دایکبوونی په‌یامبه‌ر(موحه‌ممه‌د)دا، که په‌یامبه‌ری موسوڵمانانه،
هه‌رگیز ئه‌و به‌زم و هه‌رایه‌ی، که له سه‌ری ساڵیی زایینی‌دا ده‌یکات، له‌وه‌ی خۆیدا
نایکات. خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ک ئێزدی و یارسانیش بنۆڕیته کورد، یا به‌شێک له کورد، ئه‌وا
هه‌رگیز له‌و بۆنه ئایینییانه‌ی، که پێوه‌ندیان به‌و دوو ئایینه‌وه هه‌یه و ئه‌و دوو ئایینه‌ش دوو ئایینی کوردین، ئه‌و به‌زمه‌ی، که بۆ ساڵی عیسایی
ده‌یکات، بۆ ئه‌وانه‌ی ناکات. له سه‌ری ساڵی عیساییدا، هێنده‌ی کورد، پیرۆزبایی له
یه‌کدی ده‌که‌ن، به ته‌له‌فۆن، ناردنی کارت، ئیمه‌یل، نامه، سه‌ردان و... یه‌ک له
سه‌ر سه‌دی ئه‌وه، له سه‌ری ساڵی کۆچی و جه‌ژنی نه‌ورۆز و له‌دایکبوونی په‌یامبه‌ر
و بۆنه‌ی ئێزدی و یارساناندا، ناکه‌ن. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش، به‌ڵکه پڕانیی کورد، هه‌ر
ناشزانن، که‌نگێ سه‌ری ساڵی کۆچییه و که‌نگێ ڕۆژی له‌دایکبوونی په‌یامبه‌ره!. زۆرجاران
مرۆڤ گوێی له وه‌ها بانگاشه‌یه‌ک ده‌بێت، که کورد چی داوه، له‌و یادانه(سه‌ری
ساڵی کۆچی و له‌دایکبوونی په‌یامبه‌ر موحه‌ممه‌د)، به بیانووی ئه‌وه‌ی، که ئه‌وانه
هی عه‌ره‌بن و کورد بۆ خۆی شتێکی تایبه‌ته و ئایینی خۆی هه‌یه. که دێیته سه‌ر
ئایینه‌که‌ی خۆیشی، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئێزدیایه‌تی و یارسان و زه‌رده‌شتایه‌تی بێت،
ئه‌وا له باره‌ی ئه‌وانه‌شه‌وه، هیچ نازانێت. ئه‌وه‌ی، که له ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی
کوردستانه‌وه پێشان ده‌درێن، جه‌ژن و شایی و ئاهه‌نگگێڕان و ڕازاندنه‌وه‌ی جاده
و کۆڵان و پیاسه‌ی سه‌ر جادان و دانانی چراخان و ته‌قاندنه‌وه‌ی فیشه‌که‌شێته و
سازکردنی کۆنسێرت و گۆڕینه‌وه‌ی پیرۆزبایی و خواردنه‌وه و ...گه‌لێک له‌و به‌زمانه‌ی،
که له ئه‌وروپا ده‌کرێن، ئه‌وانه‌ی کوردستان، زیاترن و پتر گرنگییان پێده‌درێن و
گه‌لێک زێده‌ڕۆییشیان تێدا ده‌کرێن. هه‌ڵه‌یه‌کی یه‌کجار زه‌ق و له‌به‌رچاویش، که له کوردستان ده‌یکه‌ن و هه‌رگیز بیری لێ ناکه‌نه‌وه
ئه‌وه‌یه، ئه‌وان له‌وێ دوو شت تێکه‌ڵ ده‌که‌ن، له‌دایکبوونی عیسا، له‌گه‌ڵ سه‌ری
ساڵی زایین‌دا. دانانی داره‌کاژه‌که و هاتنی ئه‌و شته‌ی، که له کوردستان پێی ده‌ڵێن"بابانۆئێل"،
هه‌ردووکیان پێوه‌ندیان به له‌دایکبوونی عیساوه هه‌یه و هیچ پێوه‌ندیان به سه‌ری
ساڵه‌وه نییه. بابانۆئێله‌که، شه‌وی 24 له سه‌ر 25ی مانگی 12 دێت، و دیاری به
سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌دا، دابه‌ش ده‌کات. هه‌رچی دارکاژه‌که‌یشه چه‌ند
ڕۆژێک، پێش ئه‌و مێژووه داده‌نرێت و به ورده‌واڵه و ته‌تکه‌وله‌رزانه و چرای ڕه‌نگاوڕه‌نگ
و په‌ڕۆ و ورده شتی دیکه، ده‌ڕازێنرێته‌وه و پاکه‌تی پێچراوه و داخراو و ئاماده‌کراوی
دیارییه‌کانی، له بندا داده‌نێن و شه‌وی له‌دایکبوونی عیسا و هاتنی بابانۆئێل،
دابه‌ش ده‌کرێن. ته‌واوی ئه‌وانه، جه‌ژن و ئاهه‌نگگێڕانێکی ئایینین و پێوه‌ندیان
به ئایینی عیساییه‌وه هه‌یه. که‌سێک، که عیسایی نه‌بێت و سه‌ر به‌و ئایینه نه‌بێت،
چ پێویست ده‌کات، ئه‌و جه‌ژنه بکات. ئه‌و جه‌ژنه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌ری ساڵدا، دوو شتی
جیاوازن و ئه‌وانه پێوه‌ندیان به سه‌ری ساڵ و ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵه‌وه نییه. مه‌به‌ستم
ئه‌وه‌یه ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ، نه داره‌کاژه‌که‌ی تێدایه و نه بابانۆئێله‌که‌یشی
تێدایه. له کوردستان ئه‌و به‌زم و ئاهه‌نگگێڕان و شاییه، به شێوه‌یه‌کی هه‌ڵه،
ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌رچی ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵه‌که‌یشه، که ئێستا و به کاریگه‌ری
خۆراوا و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و به زۆر و زۆرداره‌کی و به ناوی ساڵی نوێ و پێشکه‌وتن
و هاوچه‌رخی و جیهانگه‌ری و سه‌دان ناوی دیکه‌وه، وا خه‌ریکه، به سه‌ر هه‌موو جیهاندا
ده‌سه‌پێنرێت. ئه‌وه‌ی من تێیناگه‌م و پێم سه‌یره، ئه‌وه‌یه، کورد چی داوه له‌و
به‌زمه؟ ئایا ئه‌گه‌ر سه‌ری ساڵ ئاهه‌نگ نه‌گێڕێت، به دواکه‌وتوو و کۆنه‌په‌رست
ده‌ژمێردرێت؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو پاره‌یه، له وڵاتێکی هه‌ژاری وه‌ک کوردستان، بۆ له
به‌زمێکی وه‌هادا سه‌رف ده‌کرێت و بۆ کارێکی پێناکرێت، که قازانجی بۆ پێشخستنی وڵات
و بووژانه‌وه و ژیانی هه‌ژارانی کوردستانه‌وه هه‌بێت؟ ده‌بێ چه‌ندی پاره بۆ په‌خشکردنه‌وه‌ی
ئه‌و ئاهه‌نگگێڕانه‌ی سه‌ری ساڵ و پێشاندانی
پیاسه‌ی خه‌ڵک و دانیشتنی سه‌ر مێز و ئه‌وانه، له ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستانه‌وه
سه‌رف بکرێت؟ ئایا ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ری ساڵ و بابانۆئێل و دارکاژه‌که، به‌شێکن له
فه‌رهه‌نگی کورد؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که "نا" بێت، ئه‌ی که‌واته فه‌رهه‌نگی
کورد چییه؟ ئه‌گه‌ر فه‌رهه‌نگی کورد، هه‌ر هه‌مان فه‌رهه‌نگه ڕۆژهه‌ڵاتییه ئیسلامییه
عه‌ره‌بییه فارسییه تورکییه ئێزدییه یارسانییه‌که‌یه، که‌واته بابانۆئێل و
دارکاژ و ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ری ساڵی زایینی، هیچ پێوه‌ندێکیان به کورد و فه‌رهه‌نگی
کورده‌وه نییه، که‌وایه، ئیدی بۆ کورد ده‌یکاته جه‌ژن و شایی و به‌زم؟ ئه‌گه‌ر
عه‌ره‌باندن و تورکاندن و فارساندن، دژوارترین کێشه و مه‌ترسیگه‌لێک بووبن، که کوردستان
و خه‌ڵکی کورد، تا ئێستا، دووچاری بووبن و به تۆبزی به سه‌ر خه‌ڵکی کورددا سه‌پێنرابن،
ئه‌وا پرۆسه‌ی عیسایاندن و ڕۆژاوایاندن، له‌گه‌ڵ بزه و پێکه‌نین و مووزیکی بێچێژ و فه‌رهه‌نگی چه‌واشه‌کار و سووکایه‌تیکردن به ژن و بێبه‌هاکردنی
شتگه‌لی خۆماڵیدا،
ده‌رخواردی کورد و ڕۆژهه‌ڵات ده‌درێت و هه‌رگیز دژوارییه‌کی له‌وانه(عه‌ره‌باندن
و تورکاندن و فارساندن)یش که‌متر نین! خۆهه‌ڵواسین به هه‌موو شت و دیارده‌یه‌کی ئه‌وروپایی و
لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی کوێرانه‌ی هه‌رچییه‌ک له خۆراواوه دێت، بێ لێوردبوونه‌وه
و بیرکردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی ڕه‌خنه‌گرانه، ئه‌گه‌ر تاکه یه‌ک شت پێشان
بدات، ئه‌وا له باشترین حاڵ‌دا، لاوازی و بیرکولی
و ته‌نکیی فه‌رهه‌نگی ده‌گه‌یه‌نێت و هیچی دی، ده‌نا
بێفه‌رهه‌نگییه‌که له‌و گۆڕه‌ی.
1/1/2004
No comments:
Post a Comment