له ده‌لاقه‌ی شارلی ئیبدۆوه، تێڕوانینێک بۆ ئیسلام، ئه‌وروپا و مه‌سیحایه‌تی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
- یه‌ک -
ئه‌گه‌ر
به ویژدانه‌وه بنۆڕینه فرانسا و مێژووی ئه‌م چه‌ند سه‌د ساڵه‌ی دواییه‌ی پاش
شۆڕشی 14ی ته‌ممووزی 1789ی له‌به‌رچاو بگرین و دروشمه‌کانی:"ئازادی، برایه‌تی
و یه‌کسانی" شۆڕشه‌که، که به سرووشوهرگرتن له هزری فیلۆسۆفانی وه‌ک:
ڕۆسۆ و ڤۆڵتێره‌وه، سه‌رچاوه‌یان ده‌گرت، بۆ دامه‌زراندنی وڵات و نه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵات
و جڤاکێک، له‌سه‌ر بنه‌ما و بنگه‌ی هۆش و ئاوه‌ز و گه‌ڕانه‌وه بۆ مێشک، له هه‌موو
کارێک‌دا و چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل، ئه‌گه‌ر ناوی فیلۆسۆف و بیرمه‌ند و
ڕووناکبیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و شاعیر و مێژوونوس و زمان‌ناس و شۆڕشگێڕ و سه‌دان
گهورهمرۆڤی دیکه‌ی ئه‌و وڵات و گه‌له‌مان وه‌بیر بێته‌وه، ئه‌گه‌ر کۆموونه‌ی
پاریسی 1871، که هێزی کارگه‌ر و کارگه‌رانی شۆڕشگێڕ له شاره‌داری پاریس‌دا ده‌سه‌ڵاتیان
گرته ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتی پرۆلیتاریایان دامه‌زراند و ڕاپه‌ڕینی خوێندکاران و چهپڕۆیان
و لاوانی شۆڕشگێڕی ئایاری 1968ی پاریسمان له‌یاد مابێت، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه،
که فرانسا، کوانووی ڕۆشنگه‌ری بووه له ئه‌وروپادا و هه‌میشه چرایه‌ک بووه ڕێڕۆی خه‌ڵکی ئازادیخوازی ڕوون کردووه‌ته‌وه و
مه‌ڵۆیه‌کی وه‌سه‌ر خه‌رمانی فه‌رهه‌نگی مرۆڤایه‌تی خستووه. شارلی ئیبدۆ،
کۆڤارێکی کاریکاتێری پاریسییه، که به وێنه‌ی کاریکاتێری و نووسینی ته‌نز وگاڵتهجاڕیی،
ئایین و ئایینزا و سیاسه‌تکار و خه‌ڵکانی پایهباڵای جڤاک، به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه و
ده‌یانداته به‌ر ڕێژنه‌ی ڕه‌خنه و لاقرتێ و پلار. شارلی ئیبدۆ و هه‌زاران
ڕۆژنامه، کۆڤار، بڵاوکراوه، ڕادیۆ، تهلیڤزیۆن و هه‌موو جۆره ده‌سگه و ئامراز
و جۆره‌کانی میدیا، له فرانسا و ته‌واوی ئه‌وروپا، به‌رهه‌می خه‌باتێکی سه‌خت و
بێپسانهوهی سه‌دان ساڵه‌ی خه‌ڵکی ئه‌وروپان، بۆ دروستکردنی جڤاکێکی ئازاد و
خۆشگوزه‌ران. ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕا، پێش هه‌ر ئازادییه‌کی دیکه دێت و ده‌رگا
ده‌کاته‌وه بۆ هه‌موو جۆره ئازادییه‌کانی دیکه، که مرۆڤ به دوویاندا وێڵه. زۆر
له‌مێژه گوتراوه:"مرۆڤ ته‌نێ به نان ناژی.."، ده‌گوترێ، ئه‌وه گوته‌ی
په‌یامبه‌ر عیسایه و گۆڕدراوه و له بنه‌مادا به‌مجۆره بووه:"مرۆڤ، ته‌نێ
به نان ناژی، به‌ڵکه به هه‌موو وشه‌یه‌ک له خوداوه". گوته‌که، وه‌ک ئه‌وه‌ی
عیسا بێت یا وه‌ک ئه‌وه‌ی که گۆڕدراوه، شتێک به ئێمه ده‌ڵێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه،
که مرۆڤ بێجگه له نان پێویستی به شتی تریشه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ بژی و درێژه
به ژیان بدات. ئه‌گه‌ر ته‌نێ پێویستییه لهشهکییهکان بۆ به‌رده‌وامیی ژیانی
مرۆڤ له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌وا ڕه‌نگه، ته‌نێ ئه‌وانه‌ی بۆ ژیانی ئاژه‌ڵێک
پێویستن، واته: هه‌وا و نان و ئاو و سێکس، بۆ مرۆڤیش به‌س بن. ئه‌مه بۆ کاتێک
دروسته، ئه‌گه‌ر مرۆڤ بیر و هۆشی نه‌بووایه و له قۆناخی مهیموونایهتیدا
مابایه‌وه و هیچ گۆڕانێکی به‌سه‌ردا نه‌هاتبایه. لێ مرۆڤ، خاوه‌نی هۆشه و ده‌هزرێ
و له ده‌وروبه‌ر ورد ده‌بێته‌وه و به‌رده‌وام هه‌وڵی گۆڕینی خۆی و ده‌وروبه‌ریشی
ده‌دات. تاکه مه‌رجێک بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بهزرێ و بگۆڕێ و ژیانی گه‌شه پێ بدات و به‌ره‌و
پێشه‌وه بڕوات، ژیانه به ئازادی و له ئازادی‌دا. تاکی ئازاد، جڤاکی ئازاد دروست
ده‌کات و جڤاکی ئازادیش، تاکه‌کانی ئازاد ده‌بن. ڕه‌خنه و ده‌ستنیشانکردنی هه‌ڵه
و وه‌ستانه‌وه به‌ڕووی نادادیدا، جڤاک ده‌به‌نه پێش و گۆڕین ساز ده‌که‌ن و ڕووبه‌ڕووی
چه‌قبه‌ستن و هیشکبوونهوه ده‌بنه‌وه و هه‌میشه کۆمه‌ڵێکی بزێو، تاکێکی به‌رچاوڕوون
و به‌مێشکی خۆ بیرکه‌ره‌وه، بۆ داهاتوویه‌کی گه‌شتر و ڕووناکتر ئاماده ده‌که‌ن،
شاعیری ئه‌ڵمانی گۆته ده‌ڵێ:"جیهان له سایه‌ی ئه‌وانه‌وه که ڕه‌خنه ده‌گرن،
بۆ پێشه‌وه ده‌ڕوات". که ڕه‌خنه نه‌بوو، جیهانی هزر و جیهانبینی، له جێی
خۆیاندا قه‌تیس ده‌مێنێن و هێچ ئارێشهکی پێوه‌نددار به ژیانی مرۆڤه‌وه چاره‌سه‌ر
ناکرێت و پێشکه‌وتن نایه‌ته گۆڕێ. شارلی ئیبدۆ، به بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌کی
کاریکاتێریی په‌یامبه‌ری ئیسلام، کۆمه‌ڵێک ڕۆژنامه‌وان و کارمه‌ندی کۆڤارهکهی
له‌ده‌ست دا. به ڕۆژی نێوه‌ڕۆ و له ناوه‌ندی پاریس‌دا، ئه‌و چه‌ند که‌سه درانه
به‌ر گولله. بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنه کاریکاتێرییه، ئه‌لفوبێی ئازادی ڕاده‌ربڕینه
و ناتوانرێ بخرێته هیچ خانه‌یه‌کی دیکه‌وه، لێ ڕه‌نگه شارلی ئیبدۆ، وه‌ک
زۆرێک له میدیا و ده‌سگه و بڵاوکراوه‌کانی ئه‌وروپا و ڕۆژاوادا، له دابه‌شکردنی
ڕه‌خنه و گاڵته و تیر و توانجدا، بێلایه‌ن نه‌بووبێت و دادوه‌رانه کاری نه‌کردبێ
و هێنده‌ی، له دیدی نه‌ژادپه‌رستی و دزێواندنی ئیسلامه‌وه، ڕووی ده‌می له ئیسلام
و په‌یامبه‌ری ئیسلام و دژایه‌تی ئیسلام کردبێ، که‌متر خۆی له قه‌ره‌ی ئایینی
دیکه و پیرۆزییه‌کانی خه‌ڵکی دیکه و ته‌نانه‌ت که‌سایه‌تی سیاسی دیکه، بۆ نموونه:
جووله‌که، دابێت. ڕاسته، ئازادی هه‌موو مرۆڤێک له‌و
جێیه‌دا ڕاده‌وه‌ستێ، که ئازادی که‌سێکی دیکه ده‌ستپێده‌کات، لێ ده‌بێ ئه‌وه‌ش
ڕاست و دروست بێ، که هیچ شتێک و هیچ که‌سێک، له‌م جیهان و گه‌ردوونه‌دا، هی ئه‌وه
نییه مرۆڤ، له به‌ر پیرۆزیی بێت یا له‌به‌ر ده‌سه‌ڵات یا هه‌ر هۆیه‌کی دیکه، له
ڕه‌خنه‌لێگرتنی بترسێ و نه‌توانێ به جۆرێک، به شێوازێک، باسی لێوه بکات و ناوی
بهێنێ! وه‌ڵامدانه‌وه‌ی کاریکاتێر، ته‌نز، ڕه‌خنه و وشه، به فیشه‌ک، له‌ژێر هه‌ر
ناو و ناوونیشانێکدا بێت، ڕێزه‌یه‌ک به‌ها، بۆ هیچ هزرێک، هیچ پیرۆزییه‌ک، چ
ئایینی، چ سیاسی، چ فیلۆسۆفیی، که بانگه‌شه‌ی ڕزگارکردنی مرۆڤ و جیهانگه‌ری بکات،
ناهێڵێته‌وه.
- دوو -
ئه‌گه‌ر له گۆشه‌نیگایه‌کی دیکه‌وه بنۆڕینه مێژووی فرانسا، ئه‌و پاشخان
و نۆره هزری و فه‌رهه‌نگی و شۆڕشگێڕییه‌ی هه‌یه‌تی، ئه‌و په‌ڵه ته‌ڵخ و دزێو و
ناحه‌زه‌ی، داگیرکردنی ئه‌لجه‌زائیر و وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌فریقیا و شوێنانی دیکه‌ی
جیهان و سیاسه‌تی کۆڵۆنیالیزمی ئه‌و وڵاته، به نێوچاوان و مێژووی فرانساوه،
ناسڕێته‌وه و له‌بیر ناباته‌وه. کۆڵۆنیالیزم، مێژوویه‌کی خوێناوییه، که
فرانسا ئێستاش لێی ده‌چۆڕێ. نووسه‌ری ئه‌لجه‌زائیری ئاسیا جه‌ببار، که بۆ خۆی به
زمانی فرانسی ده‌ینووسی و ئه‌ندامی فه‌رهه‌نگستانی فرانسا(ئه‌کادیمیای فرانسی)
بوو، نه‌ک ته‌نێ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی فرانسای پێ خوێناوی بوو، ئه‌و پێیوابوو،
زمانه‌که‌یشی، ته‌نانه‌ت زمانی فرانسییش، خوێناوییه و به خوێنی شه‌هیدانی جه‌نگی ڕزگاریی ئه‌لجه‌زائیر،
سووره. دیاره زۆرێکی دیکه‌ش له وڵاتانی ئه‌وروپا هه‌ر به‌وجۆره‌ن. مێژووی
کۆڵۆنیالیزم، مێژووی کوشتن و داگیرکردن و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و ئایین وگه‌لانی
ژێرده‌سته و وڵاتانی داگیرکراو بووه. مێژووی تاڵانکردن و دزینی سامان و ئابووری
ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه و وێرانکردن و تێکدانی ژینگه و فه‌رهه‌نگ و بیرگه و
مێژوویان بووه و مه‌سیحییاندنی خه‌ڵکه‌که‌ی بووه. فرانسا 130 ساڵ داگیرکه‌ری ئه‌لجه‌زائیر
بووه. ئه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵه که‌سه‌که‌ی شارلی ئیبدۆیان کوشت، دوو لاوی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک
ئه‌لجه‌زائیری بوون، ئه‌وان له‌دایکبووی فرانسا بوون و وه‌ک فرانسییهک ژیابوون و
به فه‌رهه‌نگ و زمان و ڕه‌وشت و ڕه‌گه‌زنامه و ئاکار و هه‌موو شتێکیان فرانسی و
ئه‌وروپایی بوون. به‌ڵام چ فرانسییهک و چ ئه‌وروپاییه‌ک! ئه‌وان و زۆرێک له‌و
لاوه بیانیانه‌ی به بنه‌چه و ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بین،
هه‌رچه‌نده نه‌وه‌ی دووه‌م و سێیه‌من و ته‌نێ به‌ناو موسوڵمانن ئه‌ویش وه‌ک بنه‌چه،
ده‌نا به هیچ جۆرێک هیچ ئاکار و کرده‌یه‌کی ئیسلامی‌یان نییه، ئه‌وانه خه‌ڵکانێکن،
زۆرجاران، له فرانسا و وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌وروپایش، له په‌راوێز و ده‌رێی جڤاکی
ئه‌وروپایی ده‌ژین و به هۆی ڕه‌نگی پێست و ڕه‌نگی پرچ و پۆشاک و ناو و پاشناو و
ئایینه‌وه، گه‌لێ جار، له‌لایه‌ن خه‌ڵکانێکی توندڕۆ و نه‌ژادپه‌رستی کۆمه‌ڵی ئه‌وروپایی
و نه‌ژادی سپێپێستانهوه، که‌نار ده‌خرێن و تووشی هه‌ڵاواردن و بێران ده‌بن و وه‌ک
"ئه‌وی دی" و "ئه‌وانی دی"، ته‌ماشا ده‌کرێن و به‌و شێوازه
ناچار ده‌کرێن و دهترنجێنرێنه قوژبن و خانه‌یه‌که‌وه، که خۆیانی به ته‌نیا
تێدا ده‌بیننه‌وه. ئه‌و دیتنه ده‌رگای
ژیانی ئاساییان له‌سه‌ر کڵۆم ده‌کات و به‌رچاویان ڕه‌ش و تاریک ده‌کات و ده‌یانخاته
که‌ڵکه‌ڵه‌ی خۆ بهجیاواززانین و دوورکه‌وتنه‌وه له ده‌وروبه‌ر و ژینگه‌یه‌ک، که
تێیدان و گه‌ڕان به شوێن خاڵی جیاواز له‌گه‌ڵ ئهوروپاییاندا و په‌ره‌پێدان به‌و
بیروباوه‌ڕه و نێزیکبوونه‌وه له خه‌ڵکانێک، که وه‌ک خۆیان سه‌ر به هه‌مان
پاشخانن، واته: بیانی، نائهوروپایی، موسوڵمان، عه‌ره‌ب، سه‌رڕه‌ش، ڕدێندرێژ، له‌چک
و سه‌رپۆش له‌سه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌واندا و دوورکه‌وتنه‌وه
له‌و جڤاکه‌ی تێیدا ده‌ژین. ئه‌و ڕه‌وشه بێجگه له‌وه‌ی تووشی ده‌یان ده‌ردی ڕه‌وانیی
وه‌ک خه‌مۆکی و ڕه‌شبینی و بیرکردنه‌وه له خۆکوشتن و ڕقبوونه‌وه له هه‌موو که‌س
و هه‌موو شتێک و ئالووده‌بوون و بهدمهستییان ده‌کات، زۆرجاران پاڵیشیان پێوه‌ده‌نێ
بۆ که‌وتنه‌ناو و تێکه‌ڵبوون به ده‌سته و گرۆی تاوان و به‌نگکێشان و فرۆشتن و
کاری قاچاخ و هه‌موو جۆره چالاکییه‌کی نائاسایی و دواتریش لێپێچینه‌وه و ڕاوه‌دوونان
و زیندانیی. ئه‌و هه‌ڵاواردن و بێراندنه، جڤاکی ئه‌وروپایی دهیئافرێنێ و ده‌یهێنێته
پێش، چونکه ئه‌وانن خانه‌خوێی بیانیانی موسوڵمان و موسوڵمانانیش تا ئه‌و کاته له
ئه‌وروپا میوانن، تازه هاتبنه ئه‌وروپا و نه‌توانن خۆیان به‌خێو بکه‌ن و ئیدی،
که مافی مانه‌وه و نیشته‌جێبوون و کاریان ده‌ستکه‌وت و که‌وتنه سه‌ر پێی خۆیان
و توانییان کار بکه‌ن، له‌گه‌ڵ ئهوروپاییاندا و وه‌ک قانوون و به‌گوێره‌ی قانوونی
ئه‌وروپایی خۆی، هیچ جیاوازییه‌کیان نامێنێ، لێ ئه‌وه پتر له‌سه‌ر کاغه‌زه و به
ڕاستی به‌و جۆره نییه. موسوڵمانێک، که نه‌وه‌ی یه‌که‌م و دووه‌م و سێییه‌مه له
ئه‌وروپایه، ته‌نیا له‌به‌ر جیاوازیی پۆشاک و خۆراک یا هاتوچۆی مزگه‌وت، به‌چاوی
نامۆیه‌ک سه‌یر ده‌کرێ، سێ پشته له ئه‌وروپایه و ڕه‌نگه 5%ی ئیسلامه‌تی و عه‌ره‌بایه‌تی
و ڕۆژهه‌ڵاتیه‌تی تێدا نه‌مابێ، لێ هێشتا وه‌ک بیانییه‌ک ته‌ماشا ده‌کرێ، له
کاتێکدا ئه‌ویش له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه ئه‌وروپاییه! سیاسه‌تی پشتگوێخستن و هه‌ڵاواردن
و که‌نارخستن و سه‌یرکردنی موسوڵمانان وه‌ک جیاواز و قورسایی و کێماسی، نیشانه‌ی
شکستی سیاسه‌تی جڤاک و ده‌وڵه‌تگه‌لی ئه‌وروپان، له پێڕۆکردنی دادوه‌ری و یه‌کسانیدا،
بۆ تێکه‌ڵکردن و گونجاندنی په‌نابه‌ران و بیانیانی وڵاتانی ئیسلامی، به جڤاک و
بازاڕی کار و بارهێنان و ژیانی ئه‌وروپا، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆکارێکی سه‌ره‌کی و به‌هێزه
بۆ پاڵپێوه‌نانی لاوانی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی جڤاکه موسوڵمانه‌کان، بۆ ئامێزی بیر
و گرۆی توندڕۆ و تێرۆریستی. ئه‌و لاوانه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پشتوپه‌نا و هه‌ستکردن
به بوونی خۆیان و دۆزینه‌وه‌ی که‌سیه‌تی بزربووی خۆیان و هه‌ستکردن به به‌هێزیی،
له‌نێو ئه‌و جۆره ده‌سته و خه‌ڵکانه‌دا، په‌ناگه و داڵده‌یه‌ک په‌یدا ده‌که‌ن و
له لایه‌ن ئه‌و گرۆیانهشهوه قۆستنه‌وه‌یان وه‌ک نێچیرێکی گه‌لێک بێده‌سه‌ڵات و
لاواز و پاروویه‌کی چه‌ور، کارێکی گه‌لێک ئاسان ده‌بێت و که ڕه‌گه‌ڵ وانیش که‌وتن
ئیدی مێشکیان ده‌شۆردرێته‌وه و پڕ ده‌کرێن له ڕق و توندڕۆیی و بێ سڵه‌مێنه‌وه
له هیچ شتێک و سه‌ره‌ڕۆیانه، چونکه ئه‌وان هیچیان نییه بیدۆڕێنن، ئاماده‌ی
کردنی هه‌موو جۆره کارێکی نامرۆڤانه و قڕێژ ده‌بن. به تێکه‌ڵبوونیان به‌و ده‌سته
و گرۆیانه و دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له ئه‌وروپا و به‌ره‌به‌ره گرتن و کوشتن و له‌نێوچوونیان
چ له ئه‌وروپا یا له ده‌رێی ئه‌وروپا، ئیدی ئه‌وروپا و ئه‌وروپایان، زۆرێک له‌و
خه‌ڵکه "بێکار و که‌نارخراو و ئالووده و دز و سه‌ربه‌گۆبه‌ن و مایه‌ی سه‌رئێشه"انه‌یان،
به دید و پێناسه و گوته‌ی ئه‌وروپاییان خۆیان، له‌کۆڵ ده‌بێته‌وه. دیاره هه‌مان
هه‌ڵوێست و ڕق و مێشکشۆراوهیی و ئاماده‌یی خراپه‌کاریی له لایه‌که‌ی دیکه‌شه‌وه،
له‌کن ئه‌وروپاییه نازیزیست و فاشیست و نه‌ژادپه‌رسته‌کان وه‌دی ده‌کرێ و به هه‌مان
توندڕۆیی و تیژییهوه، په‌لاماری موسوڵمانه‌کان ده‌ده‌ن. توندڕۆیی هیچ ناسنامه‌یه‌کی
نییه و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی له‌نێو خه‌ڵک و مرۆڤ و جڤاکی جیاوازدا هه‌یه. ئه‌و
دیده ئه‌وروپاییه، جیاوازدیتنی موسوڵمانان، له ده‌سپێک و بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وروپاییان به گشتی، ئیسلام و موسوڵمان، وه‌ک له‌شێکی نامۆ به ئه‌وروپا
ده‌بینن. ئه‌وان، ئه‌وروپایان پێ خاک و مه‌یدان و ژینگه و ماڵێکه، بۆ مه‌سیحییان.
ئیسلام تێیدا زۆڵه‌که و مرۆری نێو گه‌نم و داڕوجانی نێو برنجه و نابێ هه‌بێ. له‌کن
ئه‌وروپاییان ئیسلام له ئه‌وروپا لایده و میوانه و خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی ئه‌و خاکه
نییه. مه‌سیحی له ڕۆژهه‌ڵات، له دیدی هه‌موو مه‌سیحییه‌که‌وه و له دیدی ڕۆژاوا
و سیستمی سه‌رمایه‌داری و گه‌ردوونگه‌رایی نوێوه، خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی خاکه‌که‌یه،
له مسر، سوودان، سووریا، عیراق، لبنان، کوردستان، تورکیا، ئێران و ته‌نانه‌ت له
پاکستان و به‌نگلادیش و هیندوستان و چین و کۆمه‌ڵێک وڵاتی ئه‌فریقیا و شوێنانی
دیکه‌ش، هه‌رچه‌نده زۆریان له‌و ده‌ڤه‌رانه چێندراون و به هۆی مژده‌ده‌رانی ئه‌وروپاییه‌وه
به‌رهه‌مهێنراون، ئێستا سه‌ردار و فه‌رمانڕه‌وا و خاوه‌نماڵن. ته‌واوی ئه‌و ڕه‌وشه،
ئه‌وروپا و تێڕوانینی جڤاکی ئه‌وروپایی، کابرای موسوڵمان، بێ ئه‌وه‌ی به خۆی
بزانێت، له جڤاکه ئه‌وروپاییه‌که، دوورده‌خاته‌وه و به لاڕێدا ده‌یبا و جڤاکه
ئه‌وروپاییه‌که بۆ خۆی، پاڵ به‌و بیانییه‌وه ده‌نێ، بۆ که‌وتنه نێو قۆرتی
"ئه‌وی دی" یه‌وه.
- سێ -
هیچ که‌سێک،
ئه‌گه‌ر ڕاستگۆ بێت و خۆ گێل نه‌کات، ناتوانێ نکۆڵی له‌وه بکات و چاو له ئاستی
ئه‌وه بنووقێنێت، که هه‌ردوو ئایینی مه‌سیحی و جووله‌که، دوو دوژمنی سه‌رسه‌ختی
ئایینی ئیسلامن. دیاره ئایینی ئیسلامیش ئه‌گه‌ر به‌و ئه‌ندازه‌یه دوژمنی ئه‌و
دوو ئایینه نه‌بێت، هه‌رگیز خۆشی لێیان نایه‌ت. عیساییه‌کان، به‌تایبه‌ت ئه‌وروپاییه‌کانیان،
مه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن ئه‌وانه‌یان لێ ده‌رچێت، که سه‌روسه‌ودایه‌کیان له‌گه‌ڵ هه‌نده‌ک
بیروباوه‌ڕی ته‌سه‌ووف و لایه‌نی گیانهکیدا هه‌یه، ده‌نا به گشتیی، ئایینی
ئیسلام به ئایین نازانن و په‌یامبه‌ری ئیسلامیش، به مرۆڤێکی شمشێربه‌ده‌ست و
خوێن‌ڕێژ و مێباز ده‌زانن. ئه‌وان ئیسلام وه‌ک ئایینی مرۆڤکوژیی، چه‌وساندنه‌وه و
داپڵۆسینی ژن و فره‌ژنیی، داگیرکردن و خوێنڕشتن و ئازادیتاسێن، ده‌بینن. ئه‌وان،
ته‌ماشای موسوڵمان و عه‌ره‌ب، که لانکه‌ی ئایینه‌که‌ن، وه‌ک دڕنده و هۆڤ و خه‌ڵکێکی
له ژیاری به‌جێماو و ده‌نگزل و تێڕه و ناجۆر و سه‌یروسه‌مه‌ره و دزێو ده‌که‌ن.
جووله‌که‌ش له‌و ڕووه‌وه له عیساییان نه‌رمتر نین. بنجوبناوانی ڕقی عیساییانی ئه‌وروپا
له ئیسلام، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جه‌نگه‌کانی خاچههڵگرانیان دژ به ئیسلام و بۆ
داگیرکردنی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا، که ئێستا، جڤاک و
وڵاتگهل و ژینگه و خاکێکی عیسایین و ئه‌مڕۆ به هۆی هۆکارگه‌لێکی بۆماوه‌یی
مێژوویی وه‌ک: به‌رۆگری ڕۆمانییان و خاچهه‌ڵگرانی فه‌له و خۆ به خاوه‌نی ئایینی
مه‌سیحی زان و کۆڵۆنیالیزم، ئایینه‌که‌یان تێکه‌ڵ به نه‌ژادپه‌رستی نه‌ژادی سپی و
ده‌سه‌ڵاتی سپیپێستان کردووه. مه‌سیحییه‌ت، ئه‌مڕۆ تێکه‌ڵه‌یه‌که له ئینجیل و
نه‌ژادی سپی و ده‌سه‌ڵات و هێز و ده‌وڵه‌مه‌ندی و سه‌رمایه. مه‌سیحییه‌تی ئه‌وروپایی،
ئه‌و مه‌سیحییه‌ته نییه، که عیسایه‌کی جووله‌که‌ی فلستینی خۆرهه‌ڵاتیی سه‌ر به
نه‌ژادی سامیی ئه‌سمه‌ر و خوێنگه‌رم و پرچڕهش، بۆ مرۆڤی هێنا و په‌یامه‌که‌ی ڕاگه‌یاند،
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاته، ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤی سپی و هه‌موو ئه‌و چه‌مک و توخم و
تیۆری و هزرانه‌یه، که پێوهنددارن به ده‌سه‌ڵات و نه‌ژادی سپی و سه‌رمایه‌دارییه‌وه.
ئه‌وروپاییان، له کاتێکدا که باس له مافی مرۆڤ و ئازادی جموجووڵ و هه‌ڵبژاردنی
شوێنی ژیان و مافی کار و هاریکاری و ده‌یان چه‌مکی جوانی دیکه‌ی ژیان ده‌که‌ن، ئه‌مڕۆ
به ئاشکرا، داوای ده‌رگاداخستن به ڕووی بیانی و په‌نابه‌ر و لێقه‌وماوی موسوڵمان
و وڵاتانی ئه‌وان ده‌که‌ن و داوای وه‌ده‌رنانی ئه‌وانه‌شیان ده‌که‌ن، که چه‌ند نه‌وه‌یه
له ئه‌وروپا ده‌ژین. ئایینی مه‌سیحی، که عیسا دامه‌زرێنه‌رێتی، سه‌ره‌تا ته‌نێ
په‌یامێک بوو بۆ مرۆڤ، بۆ خوداناسی و خۆشویستنی ئه‌وی دی و ڕاستگۆیی و به‌خته‌وه‌ری
مرۆڤ، ئه‌مه له سه‌رده‌می عیسادا، لێ له‌و ده‌مه‌وه، که "کۆنستانتین"ی
ئیمپراتۆری ڕۆمانییه‌کان، بۆ خۆی بوو به مه‌سیحی و له ساڵی 313ی زایین‌دا
"فه‌رمانی میلانۆ"ی ده‌رکرد و ئایینی مه‌سیحی ئازاد کرد، ئیدی ئایینی مه‌سیحی
تێکه‌ڵ به سیاسه‌ت کرا و بوو به ئایینی
ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌ت
له ئه‌وروپا له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی مه‌سیحی دامه‌زرا و ئیدی مه‌سیحییه‌ت بوو به
ده‌سه‌ڵات. ده‌سه‌ڵاتی ئایینی مه‌سیحی به‌سه‌ر ئه‌وروپادا، تا سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی
هه‌زاره‌ی پێشوو هه‌بوو و هه‌ر ئه‌وروپاییان بوون، ته‌واوی ئه‌مه‌ریکای خواروو، ئه‌فریقیا،
ئه‌وسترالیا و وڵاتانێکی ئاسیایان، کرده مه‌سیحی و مه‌سیحییه‌تیان به‌سه‌ریاندا
به تۆبزیی سه‌پاند. ئێستا، ئایین، ئه‌وروپا به‌ڕێوه نابات و له ده‌سه‌ڵات جودا
کراوه‌ته‌وه، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا هه‌ژموونی مه‌سیحییه‌ت و بیر و فیلۆسۆفی
و فه‌رهه‌نگی مه‌سیحییه‌ت و جیهانبینی مه‌سیحییه‌ت، به‌سه‌ر زۆرێک له ئهوروپاییاندا،
نه‌ک هه‌ر خه‌ڵکه‌که‌ی، به‌ڵکه به‌سه‌ر قانوون و فه‌رهه‌نگ و ده‌سگه و کۆمه‌ڵه
و ڕێکخراوهکانیانیشدا زاڵه. پێکهاته و بنه‌ما هزرییه‌کانی ئه‌وروپا، له‌سه‌ر
بنگه‌ی مه‌سیحییه‌ت، هه‌ڵچنراون. ئه‌و "ده فه‌رمان"هی، که ده فه‌رمانن
و له شێوه‌ی "ده‌بێ" دا هاتوون، له‌سه‌ر هه‌موو جوو و عیساییهکه، ده‌بێ
پێڕۆی بکات، به فه‌رمانی خودا ده‌زانرێن و له ته‌وراتی جووله‌که و له ئینجیلی
مه‌سیحیدا هاتوون، تا ئه‌مڕۆیش بنگه‌ی هزر و په‌روه‌رده و فه‌رهه‌نگی هه‌موو تاک
و جڤاکێکی ئه‌وروپاییان پێکدێنن. ڕیشه‌ی ماکی بیر و جیهانبینی مرۆڤی ئه‌وروپایی،
ئایینی مه‌سیحییه. ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ "به‌زه‌یی" و "مافی
مرۆڤ" و "هاریکاری" و کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ی له‌و ده‌سته‌واژانه، که
له فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی ئهوروپاییاندا زۆرن، به ده‌گمه‌ن له هه‌ستێکی
مرۆڤانه و وه‌ک ئه‌رک به‌رانبه‌ر لێقه‌وماو و له ویژدانه‌وه، له لایه‌ن ئهوروپاییانهوه
مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێ و ده‌خوێنرێنه‌وه، به‌ڵکه ته‌واوی ئه‌وانه له
چوارچێوه‌ی قانوون‌دا ڕێکخراون و وه‌ک قانوون، نه‌ک وه‌ک هه‌ست و سۆز و به‌زه‌یی و
گوناه و...لێیان دهنۆڕدرێن و به گوێره‌ی قانوونیش له‌باره‌یانه‌وه، ته‌نانه‌ت
قسه ده‌کرێن. ته‌واوی ئه‌و خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌رییه‌ی مرۆڤ و له‌شساغی و
ژینگه‌پارێزی و به‌ها جوان و پیرۆزانه‌ی ئه‌وروپاییان باسی لێوه ده‌که‌ن و بۆ خۆیانی
به ڕه‌وا ده‌بینن، بۆ وڵات و گه‌ل و خه‌ڵکی دیکه‌ی جیهانی به‌و جۆره ڕه‌وا
نابینن. له ئهوروپاکهی خۆیاندا، به‌زه‌ییان به مێرووله، مشک، سه‌گ، دار،
بنجک، مار، پاساری، گڵ. ئاو، ته‌پۆڵکه، جۆگه‌ڵه، په‌لکه‌گیا و شوێنه‌وار و هه‌موو
شتێکی دیکه‌دا دێته‌وه، لێ له ده‌رێی سنووره‌که‌ی خۆیان، شوێنه‌واری وڵاتانی
دیکه ده‌دزن و سه‌دان فیل ده‌کوژن بۆ ددانه‌کانیان و سه‌دان پڵنگ ده‌کوژن بۆ
پێسته‌کانیان و خاک و گڵ ئاو قڕێژ و ژاراوی ده‌که‌ن و بۆ له‌به‌ینچوونی پشیله‌یه‌ک
یا سه‌گێکی خۆیان، خه‌مبار ده‌بن و هه‌ستیان ده‌جووڵێ، لێ له ده‌رێی خۆیان نه‌ک
سه‌گ و پشیله، هه‌زاران مرۆڤیش ده‌که‌نه قوربانی ته‌ماح و چاوچنۆکی و به‌رژه‌وه‌ندی
خۆیان و به‌زه‌ییان به یه‌ک شت‌دا نایه‌ته‌وه. نموونه‌ش: ڤیێتنام، هیرۆشیما،
کۆنگۆ، ئه‌لجه‌زائیر، ئه‌فغانستان، عیراق و ده‌یان خاک و وڵاتی دیکه‌ی جیهان. ئه‌وروپاییان،
به شێوه‌یه‌کی گشتیی، ئێستاش به لۆگێکی بیری ڕۆژهه‌ڵاتناسیی و کۆڵۆنیالیزم ده‌نۆڕنه
خۆرهه‌ڵات، به تایبه‌ت خۆرهه‌ڵاتی ئیسلامی. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ره‌و ئه‌و ده‌ڤه‌ره
کهمهنکێشیان ده‌کات، سه‌رسامبوون نییه به ئیسلام و ژیاری ئیسلام و خۆشویستنی
ئیسلام نییه و به‌زه‌یی نییه به خه‌ڵکی موسوڵمان، به‌ڵکه بۆنی نه‌فت و
خێروبێری سرشت و خاکی وڵاتانی ئیسلامه، مه‌ستیان ده‌کات. ئه‌وان هه‌رگیز دژ به
پێڕۆیانی بوودا و کریشنا و هیندۆس و تاویزم و کۆنفۆشیۆسی و زه‌رده‌شتی و یارسانی و
ئێزدی و مه‌ندائی و به‌هائی و سیخ و سرشتپهرستان و هیچ ئایینێکی دیکه‌ی له‌و
جۆرانه نین، لێ دژی ئایینی ئیسلامن. ئه‌وان، ئه‌و ئایینانهیان پێ نه‌رمونیان و
بێوه‌ی و سه‌لار و سهلامهتۆکهیه، لێ ئیسلام، چوون که باس له ده‌سه‌ڵات و
ئابووری و قانوون و سیاسه‌ت ده‌کات، وه‌ک مه‌ترسی و خه‌ته‌ر و هه‌ڕه‌شه، ته‌ماشای
ده‌که‌ن. پاش ئه‌وه‌ی هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی سۆسیالیستییان هه‌ژاند و
داڕووخاند، ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و...ئه‌مڕۆ، ئیسلام دوژمنی سه‌ره‌کییانه
و ته‌واوی هه‌وڵیان بۆ له‌نێوبردنیه‌تی و ئه‌گه‌ر نا ده‌سته‌مۆکردنی و کردنی به
ئایینێکی له قاڵبدراو و دوور له هه‌موو گیانێکی ڕۆژهه‌ڵاتیانه و ئه‌وروپاییاندن
و ئهمهریکایاندیهتی. هه‌رچه‌نده وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانێک
که خه‌ڵک و دانیشتووانیان زۆرینه مه‌سیحین، ئێستا وڵاتگه‌لێکی سێکولارن، دنیاخوازن،
دنیاویستن (دنیایین)،جیهانخوازن(جیهانین) واته: ئایین و ده‌وڵه‌ت له یه‌کدی
جوداکراونهوه و کاروبار و قانوون و ژیان به‌گوێره‌ی؛"به‌شی قه‌یسه‌ر بۆ قه‌یسه‌ر
و به‌شی خودایش بۆ خودا" ده‌ڕوات به‌ڕێوه و له‌بری پیرۆزیی و پیرۆزییپهرستن،
ئازادی بیرکردنه‌وه و ڕاده‌ربڕین و باوه‌ڕ
هه‌یه، هه‌رچه‌نده بنه‌مای هزر و فیلۆسۆفیی ڕۆژاوا، له سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و
نوێبوونه‌وه و ڕابوونه‌وه، که به ڕێنێسانس ناسراوه، له‌سه‌ر بناخه و دیدی،
نائایینی و دوورکه‌وتنه‌وه له ئایین و "مردنی خودا"، که نیچچه جاڕی
بۆ دا، بنیات نراوه، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مه‌سیحییه‌ت هێشتا نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاو
و مه‌زن له ده‌سه‌ڵات و نێوه‌نده‌کانی بڕیاردا ده‌بینێت، کڵێسه و گوتاری ئایینی
مه‌سیحی و دیدی مه‌سیحیانه، کاریگه‌رییه‌ک و نۆره‌یه‌کی گه‌لێ ئاشکرا و گرنگیان
له وڵاتگه‌لێکی وه‌ک ئه‌مه‌ریکا و حیزبی کۆماری و گهسانێکی وه‌ک جیمی کارته‌ر و
جۆرج بووشی کوڕ و وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای خواروو و وڵاتانی بلۆکی سۆڤیێتی جاران و
جاران سۆسیالیست(پۆڵۆنیا و بزاڤی سۆلیدارینۆشی لێخ ڤاڵیسسا و..) و زۆرێک له
وڵاتانی ئه‌وروپا، که حیزبه مه‌سیحییه‌کان یا گه‌یشتوونه‌ته ده‌سه‌ڵات یا هاوبه‌شن
له ده‌سه‌ڵاتدا، دیتووه. ئایینی مه‌سیحی له وڵاتگه‌لێکی وه‌ک: ئه‌رجه‌نتین،
مۆناکۆ، یۆنان، ئه‌رمه‌نستان، قوبرس و گه‌لێکی دیکه، ئایینی ڕه‌سمیی وڵاته و به‌شێکی
گرنگی ده‌ستووری وڵاته. ئاڵای وڵاتگه‌لێکی وه‌ک، سوێد، نوروێژ، دانمارک،
ئایسلاند، فینلاند، یۆنان، بریتانیا، زۆرێکی دیکه‌ی ئه‌وروپا، هه‌ریه‌که‌و خاچێک
یا چه‌ند خاچێکی له‌سه‌ره. ته‌نانه‌ت ئه‌و ئهستیرانهشی، که له ئاڵاگهلێک له
وڵاتانی ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت ئاڵای یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپادا هه‌ن، هه‌ر هێمایه‌کی
مه‌سیحیانه‌یه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ "ئه‌ستێره‌که‌ی بێتله‌حم"، که به
گوێره‌ی ئینجیل و ئایینی مه‌سیحی، ئه‌ستێره‌یه‌که له شه‌وی له‌دایکبوونی عیسادا
ده‌رکه‌وتووه. ئه‌وروپا سه‌رباری هه‌موو نائایینی و کراوه‌ییه‌کی، ده‌ستبه‌رداری
به‌هاکانی مه‌سیحییه‌ت نابێت و وه‌ک هه‌وێن له هه‌موو فه‌رهه‌نگ و جیهانبینییهکیاندا،
ئاماده‌یی هه‌یه و داواش له موسوڵمانان ده‌کات، که ئایینه‌که‌یان، بئهوروپاییێنن
و ڕه‌نگ و بۆ و تامێکی ئه‌وروپاییان پێ ببه‌خشن و ورده‌ورده‌ش بێهێز و لاواز و
سست و پووچه‌ڵی بکه‌نه‌وه، تا له کۆتاییدا، ده‌ست بخه‌نه ناقڕه‌ی و هه‌ناسه‌ی
له‌به‌ر ببڕن. ئه‌وروپا، که ئێستا وڵاتانی ئیسلامیی به کارگه‌ی چێ‌کردنی
توندوتیژی و تێرۆر و مرۆڤکوشتن، ناو ده‌بات، بۆ خۆی دوو ترسناکترین بیری سیاسی و
ده‌سه‌ڵات و جیهانبینی و ماشێنی مرۆڤکوژیی وه‌به‌رهه‌م هێناوه، ئه‌وانه‌ش: نازیزم
و فاشیزمن، که له ئه‌ڵمانیا، ئیتالیا و ئیسپانیا، بووبوونه ده‌سه‌ڵات. نازیزم،
بێجگه له قڕانی جووله‌که و قه‌ره‌ج و هاوڕه‌گه‌زبازان و که‌مئه‌ندامان و...به‌رنامه‌ی
داگیرکردنی هه‌موو جیهانی پێ بوو. فیلۆسۆفی و بیرێک، ئه‌وان ده‌یانه‌ویست به‌سه‌ر
جیهانیدا بسه‌پێنن و جیهانێک ئه‌وان ده‌یانه‌ویست دروستی بکه‌ن، جیهانێک بوو، جێگه‌ی
هیچ جۆره جیاوازییه‌کی تێدا نه‌ده‌بووه‌وه و هه‌موو شتێک له دیدی ئه‌و بیره‌وه
ده‌بینرا و ژیان به‌گوێره‌ی وی ده‌بوو به‌ڕێوه بڕوا. هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیی، که
بوونه هۆی له‌به‌ینبردنی میلیۆنان مرۆڤ و کاولکردنی سه‌دان باژێڕ و وڵات، له‌ئه‌وروپاوه
گڕیان تێ به‌ردرا. جه‌نگه‌کانی ئه‌لجه‌زائیر و ڤیێتنام و که‌مبۆچیا و کۆنگۆ و
خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌مه‌ریکای خواروو، هه‌ر هه‌موویان، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وروپا
و ئه‌مه‌ریکا به‌رپابوون. چه‌ند ده‌یه‌یه ئیسرائیلی داگیرکه‌ری فلستین، خه‌ڵکی عه‌ره‌بی فلستینی
موسوڵمان ده‌کوژن و چه‌ند ساڵان سه‌رب و کرواته‌کانی که‌ونه‌یۆگوسلاڤیا،
موسوڵمانانی بوزنهیان ده‌کوشت و چه‌ند ساڵه بووداییه‌کانی بورما موسوڵمانه‌کانی
ئه‌و وڵاته ده‌کوژن، بۆ تاقه یه‌کجاریش، ئه‌مه‌ریکا یا وڵاتێکی ئه‌وروپایی سه‌رکۆنه‌ی
ئیسرائیل و سه‌ربیا و کرواتیا و بورمایان، بۆ ئه‌و کارانه‌یان نه‌کردووه. ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا، مافی مرۆڤ و ئازادی ڕاده‌ربڕین،
وه‌ک چه‌کێکی دووده‌م و دوولایی به‌کار ده‌هێنن. بۆ وڵاتگه‌لی دیکتاتۆر و داخراو و
ناداد و دژه‌ئازادی دۆستی خۆیان و له‌بازنه‌ی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا
خولاوه، هه‌رگیز باسێک له‌و جۆره نایه‌ته گۆڕێ، نموونه: عه‌ره‌بستانی سعوودی،
وڵاتانی میرنشینانی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل و زۆری دیکه. وڵاتگه‌لێکی ده‌رێی بازنه‌ی
سیاسه‌ت و دید و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، مانه‌ندی کووبا، ئێران، وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای
لاتین، هه‌میشه ئازادی ڕاده‌ربڕین و مافی مرۆڤ، وه‌ک کراسه‌که‌ی عوسمان، به‌ڕوویاندا
ده‌درێ و بڵند ده‌کرێته‌وه.
- چوار -
ئه‌و وشانه‌ی پێشتر له‌مه‌ڕ دیدی نهئێنییانهی
نه‌ژادی سپی‌پێست و ئه‌وروپا و مه‌سیحییه‌ته‌وه
گوتران، پاکانه نین بۆ ئایینی ئیسلام و بێتاوانیی موسوڵمانان ناسه‌لمێنن.
ئایینی ئیسلام، بۆ خۆی، لایه‌نی خوداناسی و خوداپهرستنهکهی لێ ده‌رکه‌یت و
بڕوانیته مێژووی سیاسیی، به‌تایبه‌ت له دوای په‌یامبه‌ری ئیسلام، له بنه‌ما و
ڕه‌گوڕیشه‌دا هه‌ڵگری تۆوی توندوتیژییه. داگیرکردنی وڵات و خاک و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی
دیکه، به ناوی"فتوحات"ه‌وه و تاڵان و داگیرکردنی مۆڵک و سامان و ته‌نانه‌ت
ژن و مێیینه، به ناوی "سبایا" و "غنائم" و "أنفال"
و سه‌پاندنی سه‌رانه و باج به سه‌ر خه‌ڵکانی سه‌ر بهئایینهکانی دیکه به
ناوی"جزیة"، هه‌موو ئه‌وانه له‌پێناوی ده‌سه‌ڵاتدا بوون، بۆ دامه‌زراندنی
ده‌وڵه‌ت و عه‌ره‌باندنی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه و سڕینه‌وه‌ی ئایینه‌کانی
دیکه و کرده‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری عه‌ره‌باندنی خه‌ڵکی دیکه‌ی ناعه‌ره‌ب. دیاره
ئه‌و عه‌ره‌باندنه ئه‌گه‌ر به واتای نه‌ژادی و تواندنه‌وه‌ی نه‌ژادی و نه‌ته‌وه‌ییش
نه‌بێت، به واتای فه‌رهه‌نگ و ناسنامه دێت، که ڕه‌نگێکی عه‌ره‌بی و ناسنامه‌یه‌کی
عه‌ره‌بی، به‌سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا زاڵ و باڵاده‌ست بێت. به گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌کی نووسه‌ری مسری سه‌یید
ئهلقیمنی(سیدالقمني)، که له ئیبن ته‌یمییه(إبن تیمیة)وه وه‌ریگرتووه، ئه‌و
دیده له په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌وه ده‌ستپێده‌کات. په‌یامبه‌ری ئیسلام گوتوویه‌تی:"خه‌ڵکینه،
خودا یه‌ک خودایه و باوک یه‌ک باوکه و ئایین یه‌ک ئایینه و عه‌ره‌بیی نه
باوک و نه دایکی که‌ستانه، به‌ڵکه زمانێکه، هه‌رکه‌سێک به عه‌ره‌بی په‌یڤی، عه‌ره‌به"[1].
ته‌واوی بنه‌ماکانی ئیسلام و زمانی ئایینی ئیسلام و سرووت و نوێژ و ده‌سته‌واژه‌کانی
ئیسلام، هه‌موو به عه‌ره‌بین و که‌سێکی موسوڵمان، هه‌رچه‌نده نهخوێندوویش بێت،
سه‌ر به هه‌ر نه‌ته‌وه و زمانێکی ئه‌و جیهانه بێت، هه‌رگیز ناتوانێ و نابێت به
زمانه‌که‌ی خۆی یا زمانێک، که باشیشی ده‌زانێت، ئیسلام پێڕۆ بکات و ده‌بێ هه‌ر به
زمانی عه‌ره‌بی ئه‌و کاره بکات. ئه‌مه بۆ خۆی، بێ هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌ک، عه‌ره‌باندنی
بیر و دید و فه‌رهه‌نگه. به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئایینی مه‌سیحیدا، ئه‌مڕۆ هه‌موو
گه‌ل و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی جیهان، هه‌ریه‌که‌و به زمانی خۆی ئایینی مه‌سیحی
پێڕۆ ده‌کات و هیچ پێویست ناکات، زمانی ئارامی سه‌رده‌می عیسا بزانێت! ئیسلام له
ماوه‌ی ئه‌و 13 ساڵه‌دا، که له مه‌ککه بوو و هێشتا په‌یامبه‌ر کۆچی بۆ مه‌دینه
نه‌کردبوو، ئیسلامێک بوو، ده‌ستی به کڵاوی سه‌ری خۆیه‌وه گرتبوو و ته‌واوی ئایه‌ته‌کانی
قورئانی ئه‌وده‌مه، نه‌رمونیان و دوور له تووڕه‌یی و هه‌ڕه‌شه و ده‌سته‌واژه‌ی
زبر و ڕه‌ق بوون، لێ هه‌ر دوای کۆچی په‌یامبه‌ر بۆ مه‌دینه و مانه‌وه‌ی له‌وێ بۆ
ماوه‌ی10 ساڵان، ئیدی ئایه‌ته‌کان پڕن له هه‌ڕه‌شه و قسه‌ی ڕه‌ق و تووڕه‌یی و به‌ڵێن،
به سزای توند و کوشتن و سووتاندن و زۆری تریش. ئایه‌ته‌کانی سه‌رده‌می مه‌دینه
تۆوی توندوتیژییان له هزری ئیسلامی‌دا چاند. ئیسلام له مه‌ککه، نه‌بووبووه ده‌سه‌ڵات،
ئیسلامێکی بێهێز و ئارام و لاشه‌ڕ و بێوه‌ی بوو، لێ له مه‌دینه، بوو به ده‌سه‌ڵات
و خاوه‌نی هێز و بوو به ده‌وڵه‌ت و ئه‌وه‌ش بوو به سه‌ره‌تای داگیرکاری،
توندوتیژی، خوێنڕشتن و...ئیسلام له دوای کۆچی‌دوایی په‌یامبه‌ره‌وه، له په‌یامێکه‌وه
بۆ مرۆڤایه‌تی، بوو به ملانێی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و جه‌نگی نێوخۆ و کوشتنی یه‌کدی
به ده‌ستی یه‌کدی و سه‌ربڕین و کوودێتا و بهکافرزانین و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دی، که
ئیدی واتای په‌یام و گیانه‌کیی خۆی، ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستیش نه‌دابێ، گه‌لێک لاواز و
سستی کرد. له چوار خه‌لیفه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلام، که به ڕاشیدین(راشدین)
ناسراون، سێیان به کوشتن ڕۆیشتن و هه‌ر سێیشیان به ده‌ستی موسوڵمان کوژران! جه‌نگی
نێوان ئیمام عه‌لی و عائیشه، جه‌نگی نێوان عه‌لی و موعاویه، جه‌نگی نێوان عه‌لی
و خه‌واریج، جه‌نگی نێوان موسوڵمانان بوو! سه‌ربڕینی ئیمام حوسه‌ین و هاوڕێیانی و
ئه‌وه‌ی به ئالولبه‌یت و بنه‌ماڵه‌ی عه‌لی و په‌یامبه‌ر کرا، که په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌ش
و نهسڕاوهیه به مێژووی ئیسلامه‌وه، له‌سه‌رده‌ستی موسوڵمانان ئه‌نجامدرا! سه‌دان
جه‌نگ و به‌زم و ئه‌تک و سووکایه‌تی و سه‌ربڕینی دیکه، که مێژووی ئیسلام
لێوانلێوه لێی، هه‌مووی موسوڵمان دژ به خه‌ڵکی موسوڵمان کردوویه‌تی! به‌گوێره‌ی
ئایینی ئیسلام، ئه‌وه‌ی بڵێ"لا إله إلا الله محمد رسول الله" ئیدی ده‌که‌وێته
خانه‌ی موسوڵمانانه‌وه و سه‌ر به ئایینی ئیسلامه، لێ له ڕاستیدا ئه‌مڕۆ، یه‌ک
ئیسلام نییه، به‌ڵکه سه‌دان ئیسلام هه‌یه: سوننه، شیعه، حه‌نه‌فی، شافیعی، حه‌نبه‌لی،
مالیکی، وه‌هابی، سه‌له‌فی، تهیمهوی، ئیخوانی، دوازده‌ئیمامی، زه‌یدی،
ئیسماعیلی، عه‌له‌وی، ئه‌حمه‌دی، مه‌دخه‌لی، قادری، نه‌قشبه‌ندی، شازیلی، ڕیفاعی،
ده‌یان ته‌ریقه‌تی ده‌روێشی و سۆفیگه‌ری، ئیسلامی حیزبه سیاسییه ئیسلامییه‌کانی
جیهان، ئیسلامی ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌کانی جیهان و ئه‌و ئیسلامه‌ی، که داعش،
تالیبان، ئه‌لقاعیده، بووکۆحهرام، ئه‌لنوسره پێڕۆی ده‌که‌ن. سه‌دان جۆره ئیسلام
له‌م جیهانه‌دا هه‌ن و جیاوازی نێوان هه‌ندێکیان ده‌گاته جیاوازیی نێوان دوو
ئایین و پتریش[2].
ئیسلام، ئه‌وه هیچ، که بوودایی، کریشنا، هیندۆس، تاویزم و کۆنفۆشیۆسی، یارسانی،
ئێزدی، مه‌ندائی، به‌هائی، سیخ و سرشتپهرستان، به ئایین نازانێ و ئه‌گه‌ریش ڕێگه
به ئایینه ئاسمانییه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک جووله‌که و مه‌سیحی و تاڕاده‌یه‌کیش زه‌رده‌شتی
بدات، لێ هیچیان به دروست و ڕاست، ناخوێنێته‌وه و ته‌واوی ئه‌وانه به ته‌واوبوو
و سڕاوه و کاتبه‌سه‌رچوو ده‌زانێت و پێیوایه، هه‌موو پێڕۆیانی ئه‌و ئایینانه له‌سه‌ر
ڕێباز و باوه‌ڕێکی هه‌ڵه‌ن و ده‌بێ هه‌موو ده‌ستبه‌رداری ئایینه‌کانی خۆیان ببن و
ببنه موسوڵمان. ئه‌و بیره له‌کن موسوڵمانه توندڕۆیهکان به ته‌واوی هاواری بۆ
ده‌کرێ و له پێناویدا به ناوی جیهاده‌وه خۆ به‌کوشت ده‌درێ.
- پێنج-
ئه‌وه‌ی له پاریس ڕوویدا، ده‌بێ تۆپه‌ڵێک پرسیارمان
لا قوتکاتهوه: ئایا ئیسلام به‌مجۆره‌ی، که هه‌یه، به داعش و ئه‌لقاعیده و
بوکۆحه‌رام و ئه‌لنوسره و تالیبان و ئه‌م جۆره بیر و دیده توندوتیژه، که خه‌ریکه
ده‌بێته ناسنامه‌یه‌ک بۆ ئایینی ئیسلام، له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا ده‌توانێ درێژه
به مانه‌وه‌ی خۆی بدا؟ ئایا ناکرێ وه‌ک چۆن ئایینی مه‌سیحی له‌سه‌رده‌ستی مارتن
لووسه‌ر(Martin
Luther) بیرازی تێدا کرا، ئیسلامیش بیرازی تێدا بکرێ؟ بیری مرۆڤ و ژیان له سه‌رده‌می مهیموونایهتییهوه
تا ئه‌مڕۆ، گۆڕانی گه‌لێ مه‌زنیان به‌سه‌ردا هاتووه. ناکرێ و ناڕه‌وایه له
ڕۆژگار و سه‌رده‌مێکی وه‌ک ئێستادا به ڕبه‌ی هه‌زار و چه‌ندسه‌د ساڵێک بپێوین. سه‌رده‌می
به تۆبزی سه‌پاندنی باوه‌ڕ و هزر به‌سه‌ر خه‌ڵکدا، به‌سه‌رچووه و ئێستا ڕکابه‌ری
هزری و هونه‌ری و ئابووری و ته‌کنۆلۆگی و فه‌رهه‌نگی و پێشخستنی مرۆڤ و دابینکردنی
خزمه‌ت و خۆشگوزه‌رانی ده‌خوات، که ئایین، کۆمه‌ڵێک قانوون و ڕێنوێنی و مۆچیاری و
ڕێبازێک بێت بۆ ژیان و بۆ خۆشبه‌ختیی مرۆڤ بێت، ده‌شێ به گوێره‌ی گۆڕانی چه‌رخ و
سه‌رده‌م و ژیان و مرۆڤ، ئه‌ویش گۆڕینی تێدا بکرێ و له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌کانی مرۆڤ
و ڕه‌وتی ژیان و پێشکه‌وتندا، بگونجێنرێ. ده‌شێ ئایین بۆ ژیان بێت نه‌ک ژیان بۆ
ئایین. ئایین، ئه‌گه‌ر ڕێک وه‌ک خۆی له ده‌سپێکدا چوون بڵاوکراوه‌ته‌وه و له
زاری په‌یامبه‌رێکه‌وه به خه‌ڵک گه‌یێنراوه، هه‌نووکه‌ش به‌وجۆره پێڕۆ بکرێ و
بخوێنرێته‌وه، هه‌رگیز ناتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێویستییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی
مرۆڤ بێت. گه‌ڕانه‌وه
بۆ ڕابوردووی ئایینیی له ڕووی سیاسی و جڤاکییه‌وه ده‌کاته ڕاده‌ستبوون و خۆدانهدهستهوه
و قایل‌بوون به سیسبوونه‌وه و پووکانه‌وه‌ی ئاوه‌ز و هۆشی مرۆڤ و له‌کارخستن و
تێکشاندنی توانستی بیرکردنه‌وه و داخستنی ئاسۆی بانه‌ڕۆژ به ڕووی ئازادی‌دا. ئیسلام به‌و خوێندنه‌وه و گوتاره تونده سه‌له‌فی و
وه‌هابی و تهیمهوی و داعشییه‌ی و به‌و چاونووقاندنه له ئاست هه‌موو ئه‌و
گۆڕانکاریانه‌ی له جیهاندا دێنه گۆڕێ، هه‌رگیز ناتوانێت ڕکابه‌ری ڕۆژاوا بکات و
هه‌رگیز ناتوانێت په‌یامی خێر و خۆشیی بۆ مرۆڤ پێ بێت. ئیسلام ده‌شێ خوێندنه‌وه‌ی
نوێی بۆ بکرێ و له‌و ئه‌وهام و چه‌وتییه زۆروزه‌به‌ندانه‌ی، به‌تایبه‌ت له ڕێگه‌ی
گوته (حه‌دیث)گه‌لێکی دروستکراو و هه‌ڵبه‌ستراوه‌وه، به ناوی په‌یامبه‌ره‌وه،
که زۆریان به مه‌رامی سیاسی و ده‌سه‌ڵاته‌وه، گوتراون، تێکه‌ڵی بوون، پاکژ
بکرێته‌وه و ئه‌وانه‌یان، که له‌گه‌ڵ هۆش و ئاوه‌زدا ناگونجێن، لابرێن.
ئیسلامیش، لایه‌نی بڕوابهخودابوونهکهی نه‌بێت، ئیدی وه‌ک هه‌ر ئایین و قانوون و
ده‌ستوور و ڕێبازێکی ژیان، ده‌کرێ بیراز بکرێ. هه‌موو ئه‌ندێشه‌یه‌کی هزریی به
لێڕامان و بیرکردنه‌وه و پرسیار و ڕه‌خنه، ده‌ستپێده‌کات، ئه‌گه‌ر له ئیسلامدا
ڕێگه به‌و کردارانه بگیرێت، که ڕێک وایه و ده‌گیرێ، ئیدی چۆن گۆڕان و نوێبوونه‌وه،
دێته گۆڕێ! تۆ ئه‌گه‌ر له ئیسلام تێنه‌گه‌یت یا به هه‌ڵه له ئیسلام تێبگه‌یت
یا بڕوا به هه‌موو ورد و درشتێکی ئیسلام بکه‌یت و نه‌توانیت، ته‌نانه‌ت یه‌ک بڕگهیشی
بخه‌یته به‌ر پرسیار و نه‌توانیت ئازادانه بپرسیت و ڕه‌خنه بگرێت، چۆن ده‌گه‌یته
ئه‌نجامێکی قایلکه‌ر و چۆن بیر پێش ده‌خه‌یت! زانای عیراقی عه‌لی ئه‌لوه‌ردی(علي
الوردي) ده‌ڵێ:"ڕۆژێکیان پیاوێکم له خه‌ڵکه ئاساییه‌که بینی گوێی له
گوتارخوێنێک ده‌گرت و پێی سه‌رسام بوو، لێم پرسی: چی تێگه‌یشتی؟ به مۆڕی و تووڕه‌ییه‌وه
وه‌ڵامی دامه‌وه: جا من چۆن ده‌توانم له‌م زانا گه‌وره‌یه تێبگه‌م!". تۆ ئه‌گه‌ر هه‌موو گوته‌یه‌کی په‌یامبه‌ر، که گومان
له‌وه هه‌یه گوته‌ی ویش بێت یا گوته‌ی که‌سیه‌تییه‌کی دیکه‌ی ئیسلامی له‌و زانا
و ڕێبه‌رانه‌ی هه‌یبووه و هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئاوهزیشدا یه‌ک نه‌گرێته‌وه،
پێت دروست بێت و باوه‌ڕی سهدلهسهدت پێی هه‌بێ و نه‌توانی ڕه‌خنه‌گرانه لێی
بنۆڕی و وردبێته‌وه، هه‌رگیز له وه‌رگرێک و قایلبوویهک و گوێڕایه‌ڵێک زیاتر،
هیچی دیکه نیت و مێشکت نهدهکرێتهوه و نه جیهانبینیشت فراوانتر ده‌بێت. په‌ندێکی
ژاپۆنی ده‌ڵێ:"ئه‌گه‌ر تۆ بڕوا به هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنییه‌وه بکه‌ی،
باشتر وایه ئیدی نه‌خوێنییه‌وه" و چینییه‌کانیش ده‌ڵێن:"باشتر وایه
خۆت به نه‌زان پێشاندهیت و بپرسیت نه‌ک نه‌پرسیت و ببیته نه‌زان". نهپرسیین،
نه‌زانی و نه‌زان دێنێته به‌رهه‌م، ئیسلام، به‌م چه‌قبه‌ستووییه‌ی ئێستایه‌وه،
ڕێگه‌ی پرسیار نادات و ده‌رگای پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن له‌سه‌ر خۆی داده‌خات.
- شه‌ش -
پرسیار و ڕه‌خنه، ده‌بنه هۆی هه‌ژاندنی مێشک و
مرۆڤ ده‌خه‌نه سه‌ر هێڵی ڕامان و بیرکردنه‌وه و گه‌ڕان وه‌دووی ڕاستی و نوێ‌دا، به‌وه‌ش
ئازادی راده‌ربڕین وه‌به‌رهه‌م دێت، که ده‌بێته بنه‌مای کرده‌ی گۆڕین. ئه‌و
ڕۆژنامه‌وان و کاریکاتێریست و هونه‌رمه‌ندانه‌ی شارلی ئیبدۆ، خه‌ڵکانێک بوون، له
بازنه‌ی کراوه‌یی بیر و ئازادی ڕاده‌ربڕیندا، کاریان ده‌کرد. چه‌کی ئه‌وان، قه‌ڵه‌مه‌کانیان
بوون. ئه‌وان به شنه‌بای ڕه‌خنه و ئازادی گوتن و ده‌ربڕین ده‌ژیان. ئه‌وان
کوژران، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وێنه‌ی کاریکاتێریی په‌یامبه‌ری ئیسلامیان
بڵاوکردبووه. وه‌ڵامی ئه‌و وێنه‌یه، به فیشه‌ک درایه‌وه و کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک، خه‌ڵتانی
خوێن کران. ئایینێک، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه قه‌بووڵ نه‌کات و وه‌ڵامی وێنه و قه‌ڵه‌م و
په‌یڤ، به فیشه‌ک و خه‌نجه‌ر بداته‌وه، ده‌بێ هێزی له کوێدا بێت! ئایینێک ته‌مه‌نی
1400 ساڵ و پتر بێت و ڕه‌گی له‌نێو ملیاران مرۆڤ و سه‌دان گه‌ل و نه‌ته‌وه و خه‌ڵکی
جیاوازدا، ڕۆچووبێ و به هه‌زاران زانا و فیلۆسۆف و بیرمه‌ند و پیاوچاکی، هێنابێته
به‌رهه‌م، بۆ ده‌بێ به وشه‌یه‌ک، وێنه‌یه‌ک، ڕه‌خنه‌یه‌ک، قه‌ڵس و سه‌خڵه‌ت بێ و
هه‌ڵچێ و به‌گولله وه‌ڵامی ئه‌و په‌یڤ و وێنه و ڕه‌خنه‌یه بداته‌وه! مارتن
لۆسه‌ر کینگ ده‌ڵێ:"تاریکی پاڵ به تاریکییه‌وه نانێت، ته‌نێ ڕووناکی ده‌توانێت
ئه‌وه بکات، ڕق پاڵ به ڕقه‌وه نانێت،
ته‌نێ خۆشه‌ویستی ده‌توانێت ئه‌وه بکات". به کوشتنی خه‌ڵک، ڕه‌خنه له‌به‌ین
ناچێت و ده‌می خه‌ڵک داناخرێت و وشه ناکوژرێ. وه‌ها کارێک، پتر بره‌و به پرسیار
و ڕخنه ده‌دات و پتر هه‌ستی تووڕه‌یی و یاخیبوون له‌کن خه‌ڵک ده‌ئافرێنێ. ئیسلام،
ئه‌مڕۆ، ده‌بێ ددان به زاڵبوونی ڕۆژاوادا و لاوازیی خۆیدا بنێ. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ
جێی خۆی له جیهانی نوێ‌دا بکاته‌وه و له ڕه‌وتی پێشه‌وه‌چوون و ژیان دانه‌بڕێ،
ده‌بێ به خۆیدا بچێته‌وه و ده‌رگای پرسیار و ڕه‌خنه و شیکردنه‌وه و وردبوونه‌وه
و ئازادی ڕاده‌ربڕین به‌سه‌ر خه‌ڵکی موسوڵماندا، واڵا کات و سنوور و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م
هزریندا، وه‌ک گرنگترین کرده، وه‌ک پیرۆزترین چه‌مک، وه‌ک ژیان و هه‌ناسه،
لادات. ئه‌گه‌ر به وشه و لێکتێگه‌یشتن و گوتوبێژ و نووسین و گه‌نگه‌شه، کێشه‌کان
و ملانێی نێوان مرۆڤه‌کان، چاره‌سه‌ر بکرێن، ئیدی بۆ فیشه‌ک و کێرد، بکرێنه
ئامرازی چاره‌سه‌ر. شۆڕشگێڕی جیهانی ئه‌رنێستۆ
شێ گیڤارا ده‌ڵێ:"دێڕێک نووسین، که کێشه‌کان یه‌کلایی
و چاره‌سه‌ر بکات، به‌لامه‌وه له هه‌زاران سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی چه‌کداریی گرنگتره".
خه‌ڵک ڕاده‌بن و شۆڕش ده‌که‌ن، بۆوه‌ی کرده‌ی گۆڕین چێ بکه‌ن، لێ ئه‌گه‌ر گۆڕین به
دێڕێک نووسین و په‌یڤ و هێمایه‌ک بێته دێ، ئیدی چ پێویستییه‌ک به شۆڕش و چه‌ک و
خوێن نامێنێ. ئیسلام
پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی نوێ و ڕێنێسانسه. وڵاتانی ئیسلامی، ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان،
سیاسه‌تکارانیان، حیزبه‌کانیان، بیرمه‌ند و ڕووناکبیرانیان، گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کانیان،
له‌به‌رده‌م دووڕێیانێکدان، خولانه‌وه له‌نێو بازنه‌ی داخراویی و تاساندنی
ئازادی‌دا یا کردنه‌وه‌ی ده‌رگای بیرکردنه‌وه و ئازادی! هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌م، هه‌رگیز
ئیسلام ناگه‌یه‌نێته هیچ ئاقارێک و تا دێت به‌ره‌و له‌به‌ینچوونی ده‌بات و هه‌ڵبژاردنی
ڕێگه‌ی دووه‌میش، به‌و شێوازه‌ی ئه‌مڕۆی ژیان و قانوون و فه‌رمانڕه‌وایی و په‌روه‌رده
و بیرکردنه‌وه‌ی، وڵاتان وکۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌کان، ته‌نێ خه‌یاڵ و تراویلکه‌یه‌که
و هیچی دی. له عومه‌ری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز(681 – 720ز)ی هه‌شته‌م خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌وییان،
که ناسراو بووه به دادوه‌ری و حه‌قپه‌رستی، ده‌گێڕنه‌وه، که پێیان گوتووه:"
ئه‌ی میری باوه‌ڕداران، خه‌ڵک یاخیبوون و ئاکاریان خراپ بووه و هیچ شتێک بێجگه
له قامچی ڕاستیان ناکاته‌وه! ئه‌ویش ده‌ڵێ:"درۆتان کرد، ئه‌وان دادپه‌روه‌ری
و حه‌ق، ڕاستیان ده‌کاته‌وه". له هیچ وڵاتێکی ئیسلامی و کۆمه‌ڵێکی
ئیسلامی‌دا، نه دادپه‌روه‌ری و نه حه‌ق، وه‌دی ناکرێن، ته‌نێ قامچی وه‌دی ده‌کرێ.
نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی و فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلامی و پێڕۆکردنی ئیسلام، ئه‌مڕۆ،
ده‌وڵه‌تگه‌لی عه‌ره‌بساتنی سعوودی و ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌که‌ی داعش و تالیبان و
ئێرانه، که بۆ خۆیان چه‌وتن و ده‌یانه‌وێ به قامچی، نه‌ک دادوه‌ری و حه‌ق،
ئاکار و په‌روه‌رده‌ی خه‌ڵک و یاخیبوونیان، چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
- حه‌فت -
له کۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌کاندا، له مێژه، ڕێگری له
ڕه‌خنه و ئازادی ڕاده‌ربڕین ده‌کرێ و ده‌نگی ئازاد کپ ده‌کرێن. کوشتنی: فه‌ره‌ج
فووده(فرج فوده)، مه‌هدی ئه‌لعامیل(مهدي العامل)، عه‌بدولخالیق مه‌عرووف و ڕاوه‌دوونانی:
سادیق جه‌لال ئه‌لعه‌زم(صادق جلال العظم)، نه‌سر حامید ئه‌بو زه‌ید(نصر حامد
أبوزید) و ده‌رکردنی فه‌رمانی کوشتنی سه‌لمان ڕوشدی، نموونه‌گه‌لێکی ئه‌و
ڕێگرییانهن. هه‌وڵدان بۆ تاساندنی ئازادی بیرکردنه‌وه و ده‌یان کرده‌ی کوشتن و
تۆقاندنی دیکه‌ی، گه‌لێ خوێنساردانه، به‌رانبه‌ر زۆرێک ڕووناکبیر و ئازادیخوازی
وڵات و جڤاکه ئیسلامییه‌کان کراون و ده‌کرێن، وه‌نه‌بێ ئه‌وروپا لێیان بێبه‌ش
بووبێت و له وه‌ها کارگه‌لێکی توندوتیژ، ڕزگاری بووبێت. توندڕۆیان، هه‌مان پێوه‌ری
جڤاکه ئیسلامییه‌کانیان، گه‌یانده وڵاتانی ئه‌وروپا و خه‌ریکه له ئه‌وروپاش ده‌بێته
ڕێسا و شێوازێک بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ئازادی بیر و ده‌ربڕین. کوشتنی تییۆ ڤان
خۆخ(Theo Van
Gogh)،ی سینه‌ماکار و ده‌رهێنه‌ری تهلیڤزیۆن و سیاسه‌تکار و ئه‌کته‌ر
و ڕۆژنامه‌نووسی هۆڵه‌ندی، له 2ی نۆڤه‌مبه‌ری 2004دا، له لایه‌ن توندڕۆیهکی
موسوڵمان(موحه‌ممه‌د بوویێری)ه‌وه، له ئه‌مستردام، به هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی
فیلمێک و چه‌ند وێنه‌یه‌کی په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌ندجاره له
لاش ڤیلکس(Lars
Vilks)ی، مامۆستا و ڕه‌خنه‌گری هونه‌ریی سوێدی، به‌هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی
چه‌ند وێنه‌یه‌کی په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌وه و ڕووداوه‌که‌ی پاریس و شارلی ئیبدۆ، به‌شێکن
له کڵۆمکردنی زار و بڕینی زمان و شکاندنی په‌نجه و خه‌یاڵی هه‌رکه‌سێک ڕه‌خنه‌گرانه
بهزرێ. کرده‌ی کوشتنی خه‌ڵک له ئه‌وروپا، له لایه‌ن توندڕۆیانی موسوڵمانه‌وه،
له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و ڕه‌خنه‌گرتن، که له جڤاکی ئه‌وروپاییدا بۆ خۆیان کرده‌گه‌لێکی
ئازادن، په‌رچه‌کردار و ئه‌نجامگه‌لێکی گه‌لێک خراپ و ناپه‌سه‌ندی، دژ به ئایینی
ئیسلام، وڵاته ئیسلامییه‌کان، جڤاکه ئیسلامییه‌کان و خه‌ڵکانی موسوڵمان و
بیانیانی وڵاتانی ئیسلامی له ئه‌وروپا لێده‌که‌وێته‌وه. ئه‌وروپا، چۆن ژان گرتێ
و نازیزمی خسته‌وه بۆ گیانی جووله‌که و قڕانی ئه‌وان، ئه‌مڕۆیش ئاووسه و ژان ده‌یگرێ
و چاوه‌ڕوانی له‌دایکبوونی بزاڤێکی نوێیه بۆ گیانی موسوڵمانان و قڕانی وان.
بزیسکی په‌یدابوونی ئه‌و بزاڤه، له دوای 11ی سێپته‌مبه‌ری 2002ه‌وه، له ئه‌مه‌ریکاوه
و به وشه‌گه‌لی: ئێمه و ئه‌وان، ده‌ستیپێکرد و داگیرکردنی ئه‌فغانستان و عیراقی
به‌دوودا هات و په‌لێ هاویشت بۆ ئه‌وروپا و ئێستا له ئه‌وروپاش ده‌نگی وه‌ده‌رنانی
موسوڵمانان، پیسکردن و گڕتێبه‌ردان و داخستنی مزگه‌وته‌کانیان، قه‌ده‌غه‌کردنی له‌چک
و سه‌رپۆش، گومان له هه‌موو موسوڵمانێک، قسه‌ی ناشیرین گوتن به موسوڵمانان و گه‌لێک
مامه‌ڵه‌ی ناجۆری دیکه، ده‌بیسرێ و ده‌بێنرێ و هه‌وڵی بۆ ده‌درێ و پێڕۆ ده‌کرێ.
سه‌یرکردنی ئیسلام وه‌ک مه‌ترسی و به‌رهه‌مهێنی توندوتیژی و توندڕۆیی و موسوڵمانان
وه‌ک چه‌قۆکێش و خوێن‌ڕێژ و مرۆڤ‌کوژ و به بهرپرسزانینی هه‌موو موسوڵمانان له‌و
کرده‌وانه، له لایه‌ن میدیای ڕۆژاواییه‌وه، که به‌شێکی زۆریان له‌لایه‌ن جووله‌که
و خه‌ڵکانی گرێدراوی ئیسرائیله‌وه به‌ڕێوه ده‌چن، بۆ خۆی فووی پێدا ده‌کرێ و
ئاگره‌که‌ی خۆش ده‌کرێ بۆ پتر تووڕه‌بوون و ڕقبوونه‌وه له ئیسلام و موسوڵمانان و
دزێوکردنیان له‌کن ئه‌وروپاییان و هاندانیان بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ئه‌وروپا له
موسوڵمانان و وه‌ده‌رنانیان. توندڕۆیی ئه‌وروپاییانی ڕاستڕۆ و نه‌ژادپه‌رست به‌رانبه‌ر
موسوڵمانان له‌گه‌ڵ تونددڕۆی ئیسلامی‌دا، هیچ جیاوازییه‌کیان نییه و سه‌رچاوه‌ی
بیری هه‌ردوولایان ڕقبوونه‌وه‌یه له‌وی دی و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دییه. تاکه
جیاوازییه‌ک له‌نێوان توندڕۆیهکی موسوڵمان و یه‌کێکی ئه‌وروپاییدا و کرده‌یه‌کی
تێرۆریستی موسوڵمانێک بیکات و یه‌کێکی دیکه ئهوروپاییهکی مه‌سیحی بیکات، له‌وه‌دایه،
کێ قوربانییه. ئه‌گه‌ر قوربانییه‌که
یا قوربانییه‌کان ئه‌وروپایی، ڕۆژاوایی، مه‌سیحی یا جووله‌که بن و موسوڵمانێک
کاره‌که‌ی کردبێ، کابرای موسوڵمان و کرده‌وه‌که‌ی، بۆ خۆی هه‌رچی بێت و له‌به‌ر هه‌ر
هۆیه‌کیش بێت، ده‌سبه‌جێ له‌لایه‌ن میدیاکانی ئه‌وروپاوه، مۆری هه‌ڕه‌شه‌ی دژ به
ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌ترسیی له‌سه‌ر وڵاتی لێده‌درێ و ده‌خرێته چوارچێوه‌ی
کاری تێرۆر و توندڕۆی ئیسلامییه‌وه، لێ ئه‌گه‌ر ئه‌وروپاییه‌ک کارێکی له‌و جۆره دژ
به موسوڵمانێک یا موسوڵمانانێک بکات، ناوی باری ده‌روونیی ناته‌واو و نه‌خۆشی ڕه‌وانیی
و ڕه‌شبینی و خه‌مۆکی و شێتی و ئه‌و جۆرانه‌ی لێ ده‌نێن. به کرده‌ی کابرای
موسوڵمان، هه‌موو ئیسلام و پاشخانی ئیسلام و مێژووی ئیسلام و جڤاکی ئیسلامی پێوه
ده‌درێ، به‌ڵام بۆ ئه‌وروپاییه‌که ته‌نێ وه‌ک کارێکی تاک سه‌یر ده‌کرێ. ئێستا ئه‌وروپا بزاڤی په‌گیدا (Pegida)، واته: "ئه‌وروپاییانی
وڵاتپارێزی دژ به ئیسلاماندی ڕۆژاوا"ی، وهبهرههمهێناوه، که بزاڤێکی
تایبه‌ته به دژایه‌تی ئیسلام و موسوڵمانان و له ئه‌ڵمانیاوه ده‌ستیپێکرد و وا
خه‌ریکه ته‌شه‌نه ده‌کات و سوێد و نۆروێژیشی گرتووه‌ته‌وه و به‌ره‌به‌ره هه‌موو
ئه‌وروپا و ڕۆژاواش ده‌ته‌نێ. توندڕۆیی یا تیژڕۆیی له بیر و
جیهانبینی و دیددا، وه‌نه‌بێ ته‌نێ له‌کن پێرۆیانی ئایینی ئیسلام هه‌بێت، به‌ڵکه
له‌کن پێڕۆیانی هه‌موو ئایین و ئیدیۆلۆگی و فیلۆسۆفی و هزره سیاسییه‌کانی دیکه‌ش
هه‌یه. زه‌رده‌شتی و مانی و مه‌سیحایه‌تی و جووله‌کایه‌تی و بوودایه‌تی و
ئیسلام، له‌سه‌رده‌مێکه‌وه، ده‌بنه ئایینی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت، ئیدی تۆوی
توندوتیژی ده‌چێنن و شه‌رعییه‌ت به چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌ده‌ن. نموونه‌ش ده‌وڵه‌تی
ساسانی و وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وانی دیکه‌ی مه‌سیحی و ده‌وڵه‌تی
جووله‌که‌ی ئیسرائیل و بورما و فه‌رمانڕه‌واییه ئیسلامییه‌کانی ده‌وڵه‌تانی
سعوودییه و تالیبان و ئێران و داعشه. ده‌وڵه‌تی ئایینی، هه‌ر ئایینێک بێت، ده‌وڵه‌تێکه
جێگه‌ی هیچ بیروباوه‌ڕ و دیدێکی جیاوازی تێدا نابێته‌وه و خه‌ڵک ده‌بێ له
چوارچێوه و بازنه‌ی ئاییندا بهزرێ و بژی و هیچ قانوون و ڕێسا و بیرێک نه‌خاته
ژێر پرسیاره‌وه. گرێدانی ئایین به سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌وه له وڵاتانی
ئیسلامی‌دا، ئه‌و وڵاتانه‌ی کردووه‌ته زیندانێکی گه‌وره بۆ زیندانیکردنی داهێنان
و نوێبوونه‌وه و ژیان و کردوونی به مه‌یدان و بازاڕێکی کراوه بۆ بڵاکردنه‌وه‌ی وشه‌ی
ئاگرین و توند و فه‌توای بهکافرزانین و جیهاد و نه‌زانین. تیژڕۆیی ئه‌مڕۆی
ئیسلامی، ئه‌گه‌ر وه‌ک بزوێنه‌ر و داهێنه‌ر و بیرمه‌ندانی ئه‌و بواره بۆخۆیان ده‌یڵێن،
په‌رچه‌کردارێک بێت، دژ به ڕۆژاوا و
سیاسه‌تی وان، ئه‌وا له ڕاستیدا په‌رچه‌کردارێکی درۆینه و ناڕاسته، چونکه ئه‌و
بۆ خۆی جێگره‌وه‌یه‌کی باشتری له‌وه‌ی ڕۆژاوای نه‌هێناوه‌ته گۆڕێ و ڕۆژاوا بۆ
خۆیشی، بۆ پتر ڕیسواکردنی ئیسلام، دنه‌ده‌ر و پاڵپێوهنهریهتی. به‌ڵام وه‌نه‌بێ،
نوێلیبرالیزم و نوێدیموکراتی ئه‌مڕۆی ڕۆژاوایش، وه‌ڵامێک بن بۆ مرۆڤایه‌تی و په‌یامی
یه‌کسانی و خۆشگوزه‌رانی مرۆڤیان پێ بێت و جیهانێکی بێ کێشه و پڕ له ئاشتی
بئافرێنێن. ئه‌مرۆ له ته‌واوی جیهاندا سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداری و فه‌رهه‌نگ و
ئابووری و تا ڕاده‌یه‌ک هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌ی ژیانیش، به یه‌ک ئاراسته ده‌ڕوات
و له‌نێو یه‌ک چوارچێوه‌ی جیهانبینی و ڕێکخستندا خۆ ده‌نوێنێ و خه‌ریکه یه‌ک ڕه‌نگ
و ده‌نگ و شێواز وه‌رده‌گرێ و هه‌موو دیده‌کانی دیکه هه‌ڵده‌لووشی و له‌نێو خۆیدا
ده‌یتوێنێته‌وه، ئه‌ویش نوێلیبرالیزم و نوێدیموکراتییه، که له ڕاستیدا ده‌مامکن
بۆ سه‌رمایه‌داری. ئه‌مڕۆ له‌ژێر په‌رده‌ی جیهانگه‌ری و به ناوی کورتکردنه‌وه‌ی
دووراییه‌کان و نه‌هێشتنیان، پرۆژه‌ی ئهمهریکاییاندنی ژیان و جیهان له گۆڕێدایه
و هیچ جۆره پرۆژه و هزرێکی دیکه له‌به‌رانبه‌ریدا، خۆی پێ ڕانه‌گیراوه. ئه‌گه‌ر
مه‌سیحییه‌ت، جووله‌کایه‌تی یا ئیسلام، خۆیان به جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ سه‌رمایه‌داری
و لیرالیزم و دیموکراتی بزانن، هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه
و ناشتوانن، به‌ڵکه سه‌رمایه‌داری، لیبرالیزم و دیموکراتی، ئه‌وانیشی ئه‌گه‌ر به
ته‌واوه‌تی له‌نێو خۆیدا نهتواندبێتهوه، ئه‌وا کردوونی به پاشکۆی خۆی. له نه‌بوونی
جێگره‌وه‌یه‌کی دی و شێوازێکی دیکه‌ی سیستمی ده‌وڵه‌تداری و ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤ و
هزرین، بۆشاییه‌ک له گۆڕێدایه، چونکه دیموکراتی، لیبرالیزم، سه‌رمایه‌داری،
ناتوانن په‌یامی ڕزگارکردنی مرۆڤیان پێ بێت. بۆ دوورخستنه‌وه‌ی نه‌ک ته‌نێ ئه‌وروپا
به‌ڵکه هه‌موو جیهان و مرۆڤایه‌تی، له به‌ڵای توندوتیژی و سه‌رهه‌ڵدانی فاشیزم،
له‌قاودانی نوێلیبرالیزم و نوێدیموکراتی و تێکشکاندنی سه‌رمایه‌داری، به هاتنه‌گۆڕێی
بزاڤێکی چه‌پی ڕادیکالی شۆڕشگێڕ، له هه‌موو کات و کارێکی دیکه پێویستتره.
فیلۆسۆف و جڤاکناسی ئه‌ڵمانی ماکس هۆرکهایمه‌ر(Max Horkheimer) ده‌ڵێ:"ئه‌وه‌ی له‌هه‌مبه‌ر سه‌رمایه‌داریدا هیج ڕه‌خنه‌یه‌کی
نییه، حه‌قوایه له ئاست فاشیزمیشدا بێده‌نگ بێت". سه‌رمایه‌داری و فاشیزم
دوودیوی دراوێکن. ئه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ فاشیزمه‌وه ده‌گوترێ، ده‌بێ له‌هه‌مبه‌ر سه‌رمایه‌دارییشه‌وه
بگوترێ. فیلۆسۆفی ئه‌ڵمانی ڤاڵته‌ر بینیامین(Walter
Benjamin) ده‌ڵێ:"هه‌موو
سه‌رهه‌ڵدانێکی فاشیزم هێمایه بۆ شۆڕشێکی له‌بارچوو و دۆڕاو". پێشڤه‌چوونی
فاشیزم، شکستی چه‌په و نیشانه‌یه‌که بۆ وه‌ی، که له‌و جێگه‌یه‌دا، له‌و جڤاکه‌دا، ناڕه‌زایی و تووڕه‌ییه‌ک
و پێویستی و هه‌لومه‌رج و توانستی شۆڕش هه‌بووه و چه‌پ نه‌یتوانیوه خڕیکاتهوه
و یهکیخات و ڕێکیخات و وهگهڕیخات و بیخاته چوارچێوه‌ی بزاڤێکهوه. بۆیه هه‌ر
له‌به‌ر ئه‌وانه‌ش، فیلۆسۆف و جڤاکناس و ڕه‌خنه‌گری سلۆڤێنی،
سڵاڤۆی ژیژێک(Slavoj
Žižek) پێیوایه، بوونی چه‌پ بۆ دژایه‌تی ئیسلامگه‌رایی پێویسته. هه‌رچه‌نده
هه‌موو ڕاستییه‌کان له کن یه‌ک هزر، یه‌ک فیلۆسۆفی، یه‌ک ئیدیۆلۆگی، یه‌ک لایه‌ن
و یه‌ک خه‌ڵک و یه‌ک که‌س نین، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به بڕوای من، نه‌ک هه‌ر بۆ
به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ئیسلامگه‌رایی، به‌ڵکه بۆ به‌ره‌ڕووبوونه‌وه‌ی مهسیحیگهرایی،
جووگه‌رایی، زایۆنیزم، فاشیزم، نه‌ژادپه‌رستی، هه‌ڵاواردانی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زی
و ئایینی و چینایه‌تی، چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ له لایه‌ن مرۆڤه‌وه و ته‌واوی ئه‌و
ده‌ردانه‌ی ئه‌مڕۆ جڤاکی مرۆڤایه‌تی به ده‌ستیانه‌وه ده‌ناڵێنێت، چه‌پ و بیری
چه‌پ و جیهانبینی چه‌پ و سۆسیالیزم، وه‌ک نان و ئاو و هه‌ناسه پێویسته، بۆ گه‌یشتنی
مرۆڤ به ئازادی و هێنانه‌دی جڤاکێک، خه‌ڵک تێکڕا پێکه‌وه و له‌په‌نای یه‌کدی و له‌ته‌ک
یه‌کدیدا، به جیاوازییه‌کانیانه‌وه بێ جیاوازی بژین. چه‌پ،
ئامرازێکه بۆ له‌به‌ینبردنی فه‌رهه‌نگی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، که‌نارخستن، هه‌ڵبژرادن
و بنبڕکردن و تاکه ڕێگه‌یه‌که بۆ ڕێگه‌گرتن له چه‌وساندنه‌وه و له‌به‌ینبردنی
مرۆڤ له‌به‌ر هۆیه‌ک، له‌نێویشیاندا بیرکردنه‌وه و ڕه‌خنه‌گرتن و ڕاده‌ربڕین.
23 – 02
– 2015
[1] القمني، سید محمود، حروب دولة
الرسول، الجز‌ء الثاني، الطبعة الثانیة، مدبولي الصغیر، 1996، ص 194. سه‌یید ئهلقیمنی،
ئه‌و ده‌قه‌ی له : إبن تیمیة، إقتضاء السراط المستقیم، دار المعرفة، بیروت، ص166-169،
وه‌رگرتووه و ده‌قه‌که به عه‌ره‌بی به‌مجۆره‌یه:"أیها الناس: إن الرب
واحد، والأب واحد، والدین دین واحد، وإن العربیة لیست لأحدکم بأب ولا أم، وإنما هي
لسان، فمن تکلم العربیة فهو عربي". هه‌روه‌ها بنۆڕه: المدرس، علا‌ءالدین،
مسألة الوحدة والتقریب بین المذهبیة السمحة والإستقطاب الطائفي، دار الرقیم للنشر
والتوزیع، بغداد، 2011، ص 33، له مێژووی
ئیبن عه‌ساکیر(إبن عساکر) و ئیبن که‌سیر(إبن کثیر)ه‌وه که له باره‌ی مه‌عاز
بین جه‌به‌ل(معاذ بن جبل)ه‌وه‌یه، وه‌رگیراوه،
[2] گه‌لێ
جار باوکم پێی گوتووم و پێم ده‌ڵێ، بۆ نوێژ ناکه‌م یا که‌ی به‌ته‌مام ده‌ست به
نوێژکردن بکه‌م! منیش هه‌موو جارێک وه‌ڵامم ئه‌وه بووه:"چۆن نوێژ بکه‌م له‌کاتێکدا
ئه‌م هه‌موو جۆره ئیسلامه جیاوازه له گۆڕێدایه، کامیان ڕاسته، کامیان ناڕاسته،
کامیان هه‌ڵبژێرم؟ ئه‌وه کارێکی سه‌خته، به‌ڵام نوێژنهکردنهکه کارێکی
ئاسانتره". ده‌گێڕنه‌وه، که کاک ئه‌حمه‌دی شێخ، له سلێمانی، دۆستێکی
جووله‌که‌ی ده‌بێت. جارێکیان شێخ به دۆسته‌که‌ی ده‌ڵێ:" فڵان تۆ پیاوێکی
باشی، بۆ نابیته موسوڵمان؟". دۆسته جوولهکهکهیشی ده‌ڵێ:"قوربان، ئه‌گه‌ر
ئیسلامه‌تی وه‌ک ئه‌وه‌ی تۆ بێ، ئه‌وه به من ناکرێ، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ش
بێ، ئه‌وا جوولهکهیهتییهکهی خۆم له ئیسلامه‌تییه‌که‌ی ئه‌وان باشتره!".
No comments:
Post a Comment