کورد
خۆی زمانه‌که‌ی خۆی له‌به‌ین ده‌با
ئه‌مجه‌د
شاکه‌لی
له ته‌واوی ئه‌و زمانانه‌ی له جیهاندا هه‌ن
و مرۆڤ پێیان ده‌په‌یڤن و ده‌نووسن و ده‌خوێننه‌وه، تاکه یه‌ک زمان نییه، که
سه‌دله‌سه‌د خاوێن بێت و چ وشه و ده‌سته‌واژه‌یه‌کی بیانی تێدا نه‌بێت و وه‌ها ڕه‌وشێکیش
شتێکی نائاسایی و سه‌یروسه‌مه‌ره نییه، به‌ڵکه حاڵه‌تێکی سرشتییه و هه‌ر ده‌بێ
وابێ. زمانی عه‌ره‌بی یه‌کێکه له زمانه هه‌ره خاوێنه‌کانی جیهان و هه‌ن
پێیانوایه خاوێنترین زمانی جیهانه و هیچ وشه‌یه‌کی بیانی تێنه‌که‌وتووه، لێ ته‌نانه‌ت
قورئان، که سه‌رچاوه‌ی هه‌ره گرنگی زمانی عه‌ره‌بییه، خاڵیی نییه له وشه‌ی
ناعه‌ره‌بی و وه‌رگیراو له زمانی دیکه‌وه.
شێواندن و تێکدان و به‌ره‌به‌ره له‌به‌ینبردنی
زمانی کوردی، کارێکه ڕۆژانه و به‌رده‌وام له هه‌رێمی کوردستان، ئه‌نجام ده‌درێ. زۆریی ده‌سگاکانی میدیا: ته‌له‌ڤزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامه،
گۆڤار، کتێب، بڵاوکراوه و له پێشی هه‌موو ئه‌وانه‌یشه‌وه، ئینته‌رنێت، خێراییه‌کی
فره‌تر به پرۆسێسی وێرانکردنی زمانی کوردی ده‌ده‌ن، له کاتێکدا، که ده‌بوو پێچه‌وانه‌که‌ی
بووایه. ناپه‌رپرسیاریه‌تی ده‌سه‌ڵاته پێوه‌ندداره‌کان به زمان و فه‌رهه‌نگه‌وه،
نۆره‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی له‌و وێرانکارییه‌دا ده‌لێزێ، سه‌رباری ئه‌وه‌ش بێهه‌ستیی
زۆرێک له‌وانه‌یشی، ده‌ست ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م و ده‌نووسن و میدیاکارن، نابێ له‌یاد
بکرێ. لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ک ده‌خه‌مه ڕوو، که نه‌هامه‌تی و ماڵکاولیی زمانی
کوردی پێشان ده‌ده‌ن:
1. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:" کەرەستەکان تێکەڵ بکە و بیانکەرە خەڵاتێکی کارەبای، پاشان دەریبهێنەوە و ڕۆژانە بیخۆرەوە"، ئه‌م ڕسته‌یه باس له دروستکردنی خۆشاو، شه‌ربه‌ت
یا تێکه‌ڵه‌یه‌ک ده‌کات، بۆ خواردنه‌وه، که ڕه‌نگه ئاوی میوه یا سه‌وزه یا
شتێکی دیکه بێت، به‌ڵام هێنده به هه‌ڵه نووسراوه و گوتراوه، تۆ ده‌بێ به مه‌زه‌نده
لێی تێبگه‌یت. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی تێیبگه‌ی ده‌بێ ڕسته‌که چه‌ند جارێک له فلته‌ر
بده‌یت تا گیانی به به‌ردا بکه‌یته‌وه:
"که‌ره‌سته‌کان تێکه‌ڵ بکه و بیانکه‌ره خه‌ڵڵاتێکی
کاره‌بایی، پاشان ده‌ریبهێنه‌وه و ڕۆژانه بیخۆره‌وه".
"که‌ره‌سته‌کان تێکه‌ڵ بکه و بیانکه‌ره خه‌ڵڵاتێکی
کاره‌باییه‌وه و چه‌ند خوله‌کێک خه‌ڵڵاته‌که پێکه و پاشان خۆشاوه‌که/شله‌که/شه‌ربه‌ته‌که/گیراوه‌که
ده‌ربهێنه و ڕۆژانه بیخۆره‌وه".
وشه‌ی"خه‌ڵاتێکی کاره‌بای" هه‌ڵه‌یه و
ده‌بێ بنووسرێ"خه‌ڵڵاتێکی کاره‌بایی". وشه‌ی"خه‌ڵات" به
واتای ئه‌و دیاری و پاداشته دێت، که ده‌درێته که‌سێک له ئه‌نجامی بردنه‌وه‌ی
پێشبڕکێیه‌ک، یارییه‌ک، کارێک یا هه‌ر شتێکی دیکه یا وه‌ک ڕێزلێگرتنێک له‌برێ
چالاکییه‌ک، به‌هره‌یه‌ک یا هه‌ر شتێکی دیکه. نووسه‌ر لێره‌دا وشه‌ی"خه‌ڵات"ی
بۆ "خه‌ڵڵات"ی عه‌ره‌بی"خلاط"، که شه‌دده له‌سه‌ر
تیپی"ل" هه‌یه، به‌کار هێناوه، که ده‌سگایه‌که بۆ تێکه‌ڵکردن، تێکه‌ڵکردنی
هه‌ر شتێک. مرۆڤ ده‌توانێت له‌بری"خه‌ڵڵات"ی عه‌ره‌بی، وشه‌ی "تێکه‌ڵکه‌ر"
به‌کار بهێنێت، که وشه‌یه‌کی کوردییه و ڕێک واتای"خلاط"ی عه‌ره‌بی ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌وده‌می ده‌شێ ڕسته‌که بۆ ئه‌وه‌ی ببێته کوردی و خه‌ڵک لێی تێبگات، وه‌های لێ
بێت:"که‌ره‌سته‌کان تێکه‌ڵ بکه و بیانکه‌ره تێکه‌ڵکه‌رێکی کاره‌باییه‌وه
و چه‌ند خوله‌کێک تێکه‌ڵکه‌ره‌که پێکه و پاشان خۆشاوه‌که /شله‌که /شه‌ربه‌ته‌که/
گیراوه‌که ده‌ربهێنه و ڕۆژانه بیخۆره‌وه".
2. ده‌نووسرێ و
ده‌گوترێ:" نانەواچییەک
سلێمانی بێزار دەکات ؛ بزانە چیکردوە"[1].
ته‌واوی ئه‌و "چی"یانه‌ی، که وه‌ک پاشگر بۆ هه‌ندێک وشه‌ی پێوه‌نددار
به‌کار و پیشه‌وه به‌کارده‌هێنرێن وه‌ک: چایچی، که‌بابچی، ته‌نه‌که‌چی، خومچی،
ساخته‌چی، که‌ڵه‌کچی، شه‌ربه‌تچی، کرێچی و...له زمانی تورکییه‌وه هاتوونه‌ته
نێو زمانی کوردییه‌وه. له‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا وشه‌ی"نانه‌واچی" به‌کار
هێنراوه، که هه‌رگیز له زمانی کوردی‌دا نییه و ناگوترێ. کورد به‌و که‌سه‌ی نان
ده‌کا و ئه‌وه پێشه‌یه‌تی ده‌ڵێ"نانه‌وا" و به‌و شوێنه‌ی نانه‌وا نانی
تێدا ده‌کا و کاره‌که‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌دا ده‌ڵێ"نانه‌واخانه".
3.
ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ :" توێكڵی هێلكه له‌گه‌ڵ خه‌لی سێ‌و بۆماوه‌ی چه‌ند
رۆژێك پاشان به‌كارهێنانی وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆپه‌ڵه‌ی ده‌موچاو". خه‌ل، وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه و کورد بۆ ئه‌و وشه‌یه وشه‌ی"سرکه"ی
هه‌یه، که ده‌کاته: ترشاوی کۆنی میوه، وه‌ک سرکه‌ی سێ‌و، سرکه‌ی ترێ، سرکه‌ی
خورما.
4. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:"شێڵته‌ر". ئه‌م وشه‌یه ئێستا له کوردستان به‌و جێگه و شوێنانه ده‌گوترێ، که ژنانی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو،
ئازاردراو، له ماڵ و مێرد و که‌سوکار هه‌ڵاتوو، په‌ناخواز، له ترسان ڕووی تێ ده‌که‌ن
و تێیاندا داڵده ده‌درێن و ده‌پارێزێن. وشه‌ی شێڵته"Shelter"، که بۆ ئه‌و خانه‌ی
ژنانه به‌کار ده‌هێنرێ، وشه‌یه‌کی ئینگلیزییه و "
Women’s Shelter"ی
پێ ده‌گوترێ و به فارسی ده‌بێته"پناگاه زنان" و عه‌ره‌بیش ده‌ڵێن"مأوی
النساء". کورد له‌بری"شێڵته‌ر" ده‌توانێ بڵێ"په‌ناگه" یا
"داڵده"، که دوو وشه‌ی کوردین.
5. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:" بەڵگە
هەیە له‌ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌م و بە تەسکییەی حیزبی خەڵک دامەزراوە"[2].
وشه‌ی"ته‌سکیه"
له وشه‌ی"تزکیة"ی عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگیراوه و تیپی"ز"ی عه‌ره‌بییه‌که
گۆڕدراوه بۆ"س". وشه‌که خۆی له بنه‌مادا به واتای: پاککردنه‌وه،
خاوێنکردنه‌وه دێت، به‌ڵام ئێستا وه‌ک ده‌سته‌واژه‌یه‌ک بۆ پشتگرتن و پشتیوانی و
هه‌ڵبژاردن، به‌کار ده‌هێنرێ، بۆ که‌سێک که لایه‌نێک کۆمه‌کی پێ بکا بۆ وه‌رگرتنی
کارێک یا به‌رپرسییه‌ک یا جێگه و پله و پایه‌یه‌ک، وه‌ک ئه‌وه‌ی که له
کوردستان، له لایه‌ن حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ هه‌وادارانی خۆیان، ده‌کرێ. له
بری"ته‌سکیه"، ده‌کرێ "پشتگرتن، پشتیوانی، کۆمه‌ک" به‌کار
بهێنرێن و ئه‌گه‌ر هه‌ر وشه‌ی"ته‌سکیه"ش به‌کار ده‌هێنرێ با هه‌ر وه‌ک
شێوه عه‌ره‌بییه‌کی به‌کار بهێنرێ و بگوترێ"ته‌زکیه".
6.
ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:"كونسوڵی
فه‌ڵه‌ستین له‌كوردستان: 10%ی هاوڵاتیانی فه‌ڵه‌ستین ئه‌سلیه‌تیان كورده"[3]. بنه‌مای وشه‌ی "ئه‌سلیه‌تیان" وشه‌ی"أصل"ی
عه‌ره‌بییه و که کورد وه‌ریگرتووه کردوویه به "ئه‌سڵ" واته: به"ڵ"
نه‌ک "ل". لێره‌دا و له‌و ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیاره
ئه‌و وشه‌یه به‌کار بهێنرێ، ئه‌وا ده‌بوو نووسرابا:" كونسوڵی فه‌ڵه‌ستین
له‌كوردستان: 10%ی هاووڵاتیانی فه‌ڵه‌ستین ئه‌سڵیان كورده". کورد ده‌ڵێ:"ماڵباتی
تیموورییه‌کان و جونبولاتییه‌کان ئه‌سڵیان کورده" و ناڵێ:"ئه‌سلیه‌تیان
کورده". کورد ده‌ڵێ:"ئه‌سڵ و فه‌سڵ" و ناڵێ:"ئه‌سلیه‌ت و فه‌سلیه‌ت"،
مه‌حوی ده‌ڵێ:"فه‌زیله‌ی ئه‌سڵ و فه‌سڵ ئینسانی پێ نابێ به ساحێب فه‌زڵ.."
"له‌برێ وشه‌ی"ئه‌سڵ"، له‌و ڕسته‌یه‌ی گۆریندا ده‌کرێ
بگوترێ:"له بنه‌مادا کوردن، به بنه‌چه کوردن، له ڕه‌گوڕیشه‌دا کوردن، به
ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردن، به ڕه‌سه‌ن کوردن".
7. ده‌نووسرێ و
ده‌گوترێ:" ڤیدیۆ سلێمانی؛گوێ لە ئاهی
دایکێکی کرێچی نشین بگرە لەبەردەم بانک"[4].
ئه‌و"چی"یه‌ی له وشه‌ی "کرێچی"دا له‌و ڕسته‌ی سه‌ره‌وه‌دا
هاتووه، له زمانی تورکییه‌وه هاتووه‌ته نێو زمانی کوردییه‌وه. کورد
ناڵێ"کرێچی نشین" وه‌ک له‌و ڕسته‌یه‌دا هاتووه، به‌ڵکه ده‌ڵێ"کرێنشین"،
که وشه‌یه‌کی کوردیی ڕه‌سه‌ن و پاراوه و بۆ ئه‌و دایکه‌ی له خانوویه‌کدا ده‌ژی،
که به کرێ گرتوویه‌تی. دیاره وشه‌ی"کرێچی"یش به‌کار ده‌هێنرێ،
لێ"کرێنشین" کوردیتره و دروستره.
8. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:" بەربەست دروست كردنی
دەوڵەتی فەراسە بۆ كەپڵەكەی سەركۆمار"[5]
و ده‌نووسرێ:"به‌رله‌وه‌ی هاوسه‌رگیری بكه‌یت،
كه‌پڵ و ده‌نك و په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیت بووه؟". له ڕسته‌ی یه‌که‌مدا له‌بری وشه‌ی"فرانسه"
نووسراوه"فراسه"، ئه‌وه هیچ که هه‌ڵه‌یه، لێ من مه‌به‌ستم وشه‌ی"که‌پڵ"ه، که وشه‌یه‌کی ئینگلیزییه" Couple" و واتای:
جووت، ده‌گه‌یه‌نێ، ئیدی له جووتێک کچ و کوڕ و ژن و شووه‌وه بیگره تا ده‌گاته
جووتێ گۆره‌وی و جووتێ کراس و جووتێ ڕۆژیش. ئێستا له باشووری کوردستان، ئه‌م وشه‌یه
بۆ کچ یا ژنێکی"خۆشه‌ویست، دۆست، ده‌زگیران، دڵدار، هاوڕێ، ده‌نک"ی که‌سێک،
به‌کار ده‌هێنن. کورد هه‌رگیز پێویستی به‌و"که‌پڵ"ه نییه و له زمانه‌که‌ی
خۆیدا به‌رانبه‌ر ئه‌و وشه‌یه وشه‌گه‌لێکی زۆر هه‌ن. له ڕسته‌ی دووه‌میشدا له
سه‌ره‌وه هه‌مان"که‌پڵ" به‌کار هێنراوه.
9. ده‌نووسرێ
و ده‌گوترێ:"زه‌واج، زه‌واجی
کردووه، زه‌واج ده‌کا و..."، کورد له‌بری ئه‌م "زه‌واج"ی
عه‌ره‌بییه، ده‌ڵێ"زه‌ماوه‌ند، زه‌ماوه‌ندی کردووه، زه‌ماوه‌ندیان کرد، زه‌ماوه‌ند
ده‌کا و..."، بێجگه له‌وه‌یش ده‌گوترێ:"شووکردن، فڵانه‌کچ یا ژن شووی
کرد/ شوو ده‌کا/ مێردی کرد/ مێرد ده‌کا"و بۆ پیاویش ده‌گوترێ:"فڵانه
کوڕ/ پیاو ژن دێنێ/ ژنی هێنا".
10. ده‌نووسرێ
و ده‌گوترێ :"
توركیا سەرقاڵی ئامادە كردنی پاكێجێكی نوێی دێموكراسییە"[6]. وشه‌ی
"پاکێچ" له "Package"
ی ئینگلیزییه‌وه هاتووه. کورد ئه‌گه‌ر
ئه‌و وشه‌یه‌یشی به‌کار هێنابێ، به‌و جۆره‌ی به‌کار نه‌هێناوه، به‌ڵکه گوتوویه‌تی"پاکه‌ت،
پاکێت". ڕه‌نگه به‌کارهێنانی وشه‌گه‌لی وه‌ک:"بوخچه، پێچراوه"،
خراپ نه‌بێ.
12. ده‌نووسرێ و
ده‌گوترێ:"د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم نزیكبۆته‌وه
له سپێشه‌ڵ وه‌نى عێراق[7]". سپێشه‌ڵ وه‌ن(Special
one)،
وشه‌یه‌کی ئینگلیزییه و به واتای:یه‌که‌م، ژماره یه‌ک، یه‌که‌می تایبه‌ت و
...دێت. له‌بری به‌کاربردنی ئه‌و وشه ئینگلیزییه، وشه‌ی کوردی هه‌یه و هیچ
پێویست به وشه ئینگلیزییه‌که ناکات.
13. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:" هۆیەکانی بەردەوامبوونی خووی نهێنی لە دوای هاوسەرگیری"[8].
خووی نهێنی، ده‌شێ هه‌موو کار و کردارێکی نهێنی بگرێته‌وه، که مرۆڤ به
نهێنی و به شاراوه‌یی و دوور له چاو و گوێ و پێزانینی خه‌ڵک ئه‌نجامی ده‌دات،
ئیدی ڕه‌نگه دزی، به‌نگکێشان، پێوه‌ندی سێکسیی نهێنی، مرۆڤ و گیانله‌به‌ر کوشتن، به
دزییه‌وه خواردن و ده‌یان جۆره ڕه‌وتار و کرداری دیکه بگرێته‌وه. لێره‌دا، له‌و
ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ده‌سته‌واژه‌ی"خووی نهێنی" بۆ یه‌ک مه‌به‌ست به‌کار
هاتووه، که وه‌رگێڕانی ده‌سته‌واژه‌ی "العادة السریة"ی زمانی عه‌ره‌بییه
و عه‌ره‌ب "الإستتمناء"یش به‌کار ده‌هێنن. له زمانی کوردییدا ده‌سته‌واژه‌ی"ده‌سپه‌ڕ،
ده‌ستپه‌ڕ" هه‌یه، که ده‌کاته کرداری خۆڕه‌حه‌تکردن و گه‌یشتن به لوتکه‌ی
چێژی سێکسی، بێ جووتبوون و ئه‌نجامدانی سێکس له‌گه‌ڵ مرۆڤێکی دیکه‌دا، ئیدی ئه‌و
ڕه‌حه‌تبوونه به ده‌ست بێ، که زۆرتر به‌ده‌ستیشه، یا به ئامێرێکی دیکه و له‌لایه‌ن
مرۆڤ خۆیه‌وه یا که‌سێکی دیکه بۆی ئه‌نجام بدات، بێ تێکه‌ڵبوون و جووتبوون. کرداری
سێکسی نێوان دوو مرۆڤ پێی ده‌گوترێ"گان، گایین، گانکردن، گاندان و..."،
لێ ڕه‌حه‌تبوون به ده‌ست و ئامێر، ده‌بێته "ده‌سپه‌ڕ" و هه‌ردوویشیان
ئه‌نجامه‌که‌یان یه‌ک شته. ده‌گوترێ: ده‌سپه‌ڕکردن، ده‌سپه‌ڕ ده‌کات، ده‌سپه‌ڕی
کرد و...ده‌سته‌واژه‌ی "ده‌سپه‌ڕ"، له کوردی‌دا زۆر له‌مێژه به‌کار
هێنراوه و جێی خۆی گرتووه. وشه‌ی "ده‌سپه‌ڕ" له زمانی فارسییدا
"جلق"ه و به کرداره‌که‌یشی ده‌گوترێ"جلق
زدن" و له زمانی سوێدیدا " runka، onanera"یه
و له زمانی ئینگلیزیشدا " masturbation, wank"ه.
14. وشه‌ی "ڕوفات" له زمانی عه‌ره‌بیدا"رفات"،
بۆ ئیسک و پروسک و پاشماوه‌ی له‌شی مردوو، که له گۆڕدا ده‌مێنێته‌وه، به‌کار ده‌هێنرێ.
کورد، به‌تایبه‌ت له سه‌روبه‌ندی گێڕانه‌وه‌ی ئێسک و پاشماوه‌ی ئه‌نفالکراوه‌کانه‌وه
ئیدی ئه‌و وشه‌ی "ڕوفات"ه‌ی کردووه‌ته بنێشته‌خۆشه‌ی بن ددانی و ده‌یڵێته‌وه
و ده‌ینووسێ، له کاتێکدا ده‌کرێ هه‌ر وشه‌ی"ئێسک/ ئێسک و پروسک/ ئێسک و
پاشماوه" به‌کار بهێنرێ.
15. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ :"دکتۆره به‌لقیس، دکتۆره شوکریه، دکتۆره ئاشتی، دکتۆره مه‌روه،
دکتۆره روناک، دکتۆره چنار، دکتۆره سه‌نا، دکتۆره سه‌باح و...". ئه‌وه
هیج، که وشه‌گه‌لی وه‌ک شوکریه و روناک، به هه‌ڵه به‌و جۆره ده‌نووسرێن و ده‌بێ
وه‌ها(شوکرییه، ڕووناک) بنووسرێن، ده‌سته‌واژه‌ی دکتۆره و به‌کارهێنانی به‌و
جۆره هه‌ڵه‌یه، چونکه کورد به‌و شێوه نووسین و گوتنه‌ی وشه‌که‌ی له عه‌ره‌بییه‌وه
وه‌رگرتووه. ئه‌و بزوێنه(ه)ی له وشه‌ی (دکتۆره)دا هه‌یه، نیشانه‌ی مێیه‌تی
وشه‌که‌یه له زمانی عه‌ره‌بیدا و له زمانی کوردییدا نیشانه‌ی مێینه به‌کارناهێرێ
و بۆ ژن و پیاوی دکتۆر(بژیشک) و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دکتۆراش هه‌ر ده‌بێ بنووسێ و
بگوترێ (دکتۆر) نه‌ک (دکتۆره).
16. به هۆی گۆڕانی ته‌کنۆلۆژیا و
به‌کاربردنی ئامێر و شێوازی بیانی و بڕێک جاریش لاساییکردنه‌وه و خۆهه‌ڵواسین به
ڕۆژاوادا، گه‌لێ ده‌سته‌واژه‌ی زمانانی ئه‌وروپایی هاتوونه‌ته نێو زمانی کوردییه‌وه.
به‌شێکیان پێوه‌ندیان به بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری
و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن و میدیاوه هه‌یه و به‌شێکی دیکه‌یان پێوه‌ندیان به
کۆمپیووته‌ر و ئینته‌رنێته‌وه هه‌یه و به‌شێکیان پێوه‌ندیان به ئۆتۆمبیل و
ماشێنی دیکه‌وه هه‌یه و به‌شێکیان پێوه‌ندیان به له‌شساغی و نه‌خۆشی و نه‌خۆشخانه‌وه
هه‌یه و به‌شێکیان به ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه و به‌شێکیان پێوه‌ندیان به سیاسه‌ت
و جڤاک و خۆراک و کشتوکاڵ و ئابووریی و وه‌رزشه‌وه هه‌یه. ده‌نووسرێ و ده‌گوترێ:
"ئایدیا، ئۆفه‌ر، ئه‌کادیمیا، ئه‌کادیمی، ئه‌کاونت، ئه‌کته‌ر، ئۆتۆنۆمی، ئێرکۆندیشن،
ئیسپانه، ئۆتۆمۆبیل، ئیمێرجنسی، ئه‌مبۆڵانس، ئه‌پڵیکه‌یشن، ئه‌رشیف، ئه‌رشیڤ، ئه‌رکیڤ،
ئۆفیس، ئۆرکێستر، ئۆڤه‌رپاس، ئه‌نده‌رپاس، ئۆنلاین، ئۆفلاین، ئیکۆنۆمی، باڵانس، باوڵ، باکگراوند، بیبلیۆگرافیا، بۆرد، پارک، پاسوۆرد، پرێس،
په‌نچه‌ر، په‌یج، پرۆتۆکۆل، پرۆفیشناڵ، پرۆگرام، پلاییس،
پۆست، پۆپۆلیزم، پلینیۆم، پانۆراما، پرۆپۆزڵ، پرۆتۆکۆڵ، پۆرتاڵ، پرنسیپ، پرۆسه، پرۆسێس، پرۆتستۆ، پرۆتێست، پرێس، پلان، پۆلیتیک،
ڕیاڵ پۆلیتیک، تاوه‌ر، تاکتیک، تایپ، تایتڵ، ته‌لیفۆن، تێرۆریست، ته‌نده‌ر، ترادیشیۆنال،
ترادیسیۆن، تراژیدیا، تراژیدی، تراکتۆر، تونێل، تیراژ، چات، داتا، دیبه‌یت، دیپلۆماتیک،
دیکۆمێنت، دیموکراسی، دیجیتاڵ، دیزاین، ده‌ڕنه‌فیز، ڕۆست، ڕۆمان، ڕیژسیۆر، ڕیفراندۆم،
ڕێژی، ساندویچ، سه‌نده‌ویج، سپۆت، سپۆنسه‌ر، ستایڵ، ستراتیژی، ستراتیژ، سوپرایز،
ستێك، سوپه‌رمارکێت، سیتی، سێت، سێکس،
سیڤی، سه‌کندهاند، سه‌یڤ، سایت، وێب سایت، سیناریۆ، سلایدشۆ، سپۆرت،سۆکێت، ستاندارد، سۆنه‌ر سه‌نته‌ر،شۆرت، شووت، شۆڤڵ، شانۆ، شۆفێر، شه‌مه‌ندوفێر، شه‌مه‌نده‌فه‌ر، شوۆ، فاکه‌ڵتی،
فه‌نده‌مێنتالیزم، فیچه‌ر، فراکسیۆن، فلاش، فووتبۆڵ، فاونده‌یشن، فۆند، فۆنداسیۆن، فێستیڤاڵ، فاکت، فاکته‌ر، فایبه‌ر، فایبه‌ر ئۆپتیک، فیته‌ر، فیلته‌ر،
فنیش، فراکسیۆن، فیگه‌ر، فیگوور، فیدرالی،
فیناڵ، فیۆداڵ، فۆتۆشۆپ، ڤایرۆس، کاریکاتێر، کامیرا، کامیرامان، کرێم، کوالیتی،
کۆد، کۆنگرێس، کۆنسێرت، کۆنفیدرالی، کاندید، کڵووب، کلتوور، که‌وانته‌ر، که‌ڵچه‌ر،
کۆتا،کاپشن، کۆڵۆنیال، کۆڵۆنی، کۆڵۆنیالیست، کۆنزه‌رڤاتیڤ، کۆنزێرڤاتیزم، کۆنترۆڵ،
کێس،که‌یس،"که‌پیتالیزم، که‌پیتالیست، کۆمباین، کۆپله،"کێبڵ، کۆمێنت، کۆمیته،
کۆمۆنیکه‌یشن، کۆمپلیت،کابینه،کۆمسیۆن، گه‌ریلا، گه‌له‌ری،
گۆڵ،"لایف ستایڵ، لایک، لۆکاڵ، لیست، ماتماتیک، ماسته‌رپلان،
میدیا، ماسمێدیا، مه‌ڵتیمیدیا، مه‌گه‌زین، ماکیاج، مینی مارکێت، مارکێت، مانۆڤه‌ر،
مانۆره، مه‌ید ئین کوردستان، موزیک، میوزیک، مۆڵ، ، مه‌ساج، مه‌ساژ، میمۆری، میکسه‌ر، ،میلیشیا، ناپرۆفیشناڵ، ناسیۆنالیست، نۆرماڵ، نۆرم، نۆڤلێت، وایه‌ر،
وایه‌رلێس،
وۆرکشۆپ، وۆردپرێس، هاندی...".
به‌شێک له‌و وشه و ده‌سته‌واژانه، ڕه‌نگه
مرۆڤ نه‌توانێت خۆی لییان ده‌رباز بکات و جێگره‌وه‌یان نه‌بێت، ئیدی به هۆی پێشنه‌که‌وتنی
زمانی کوردی له بواری زانستی و کارگێڕی و فیلۆسۆفی و سیاسه‌ت و...، لێ به‌شێکیان
ده‌کرێ و ده‌شێ له زمانی کوردییدا، که چه‌ندین شێوه‌زاری تێدایه، هه‌بن و ده‌کرێ
مرۆڤ ده‌ستبه‌رداری وشه ئه‌وروپاییه‌که ببێت و هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی
نه‌دا و به دوای وشه‌یه‌کی کوردی‌دا بگه‌ڕێ بۆ وشه ئه‌وروپاییه‌که و ئه‌گه‌ر له
زمانی کوردیی‌شدا نه‌دۆزرایه‌وه، ڕه‌نگه زمانانی فارسی، به‌لووچی، په‌شتۆ و
تاجیک، که زمانانی ئێرانین و کوردییش زمانێکی ئێرانییه، کۆمه‌ک و سه‌رچاوه بن
بۆ وه‌ها ده‌سته‌واژه و وشه‌گه‌لێک.
زمانه پێشکه‌وتووه‌کانی جیهان، ساڵانه، چه‌ندین وشه‌ی
بیانییان تێده‌که‌وێ و لێیانه‌وه وه‌رده‌گرن. جیاوازیگه‌لێک له نێوان ئه‌و
زمانانه و زمانێکی وه‌ک زمانی کوردییدا، که هه‌ن، ئه‌وان ده‌زانن چه‌ند وشه له
زمانانی بیانییه‌وه هاتووه‌ته نێو زمانه‌کانیانه‌وه و چه‌ندیان وه‌رگرتووه و
بۆ وه‌ریانگرتوون و چۆن ئه‌و وشه بیانیانه هاتوونه‌ته نێو زمانه‌کانیانه‌وه،
بێجگه له‌وه‌ش هه‌ر وشه‌یه‌کی وه‌ریده‌گرن و دێته نێو زمانه‌کانیانه‌وه، له
ماشینی زمانه‌که‌ی خۆیانی ده‌ده‌ن و ده‌یکه‌نه خۆماڵی و ڕه‌نگه ئه‌وانه‌ی سه‌ر
به زمانه ئه‌سڵییه‌که هه‌ر نه‌یشیناسنه‌وه. تۆ ته‌ماشای زمانی فارسی بکه، هه‌زاران
وشه‌ی عه‌ره‌بیی وه‌رگرتووه و به‌رده‌وامیش وه‌ریده‌گرێ، وای فارساندوون، عه‌ره‌بی
خاوه‌نیان هه‌رگیز نایانسێته‌وه. زمانی سوێدی، به به‌راورد له‌گه‌ڵ زمانانی
ئینگلیزی و فرانسی و ئیسپانیۆلی و ڕووسی و ئه‌ڵمانی و زۆر زمانی دیکه‌دا، زمانێکی
گچکه‌یه، لێ هێنده پوخت و خزمه‌تکراوه و هێنده زمانه‌وان و ده‌سه‌ڵاته پێوه‌ندداره‌کانی
به زمانه‌وه و ڕووناکبیران و نووسه‌ران و خه‌ڵکه‌که‌یشی، ته‌نانه‌ت خه‌ڵکه
ئاساییه‌که‌یشی، که سوێدین، به ته‌نگییه‌وه دێن و خه‌میانه، به‌رده‌وام وه‌ک ئه‌رک
و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ک، خه‌ریکین و خۆیانی پێوه ماندوو ده‌که‌ن و نوێی ده‌که‌نه‌وه
و پاکژی ده‌که‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه پێشخرێ و جوانکاریی تێدا بکرێ و ده‌وڵه‌مه‌ند
بکرێ. ساڵی 2013، چل(40) وشه و ده‌سته‌واژه‌ی نوێ، که به‌شی هه‌ره زۆریان، هه‌ر
سوێدین، به‌ڵام تێهه‌ڵکێش و لێکدراون له‌گه‌ڵ وشه‌ی دیکه‌ی سوێدیدا یا له‌گه‌ڵ وشه‌یه‌کی
بیانی‌دا، هاتوونه‌ته نێو زمانی سوێدییه‌وه و به وشه و ده‌سته‌واژه‌ی نوێ ده‌ژمێردرێن.
سوێدییه‌کان ده‌زانن ئه‌و وشه‌گه‌لانه پێشتر به‌و جۆره به‌کارنه‌هاتوون و تازه
هاتوونه‌ته گۆڕێ. زمانی کوردی، وه‌ک کاروانسه‌را و بازاڕ و مزگه‌وت و چایخانه‌ی
لێ هاتووه و هه‌ر وشه‌یه‌و خۆی پێدا ده‌کات و هه‌ر بابایه‌و وشه‌ی هه‌ڵه به‌کارده‌هێنێ
و ده‌نووسێ، تاکه یه‌ک ده‌سگه‌ی فه‌رهه‌نگی و یه‌ک ده‌سه‌ڵاتیش له‌م کوردستانه‌دا
نییه، ڕێزه‌یه‌ک خه‌می زمان بخوات و خۆی لێ بکات به خاوه‌ن، له کاتێکدا هه‌مووان
ئه‌و ڕاستییانه‌ش ده‌زانن، که جاران داگیرکه‌ر و دوژمنانی کورد زمانی کوردی‌یان
له‌به‌ین ده‌برد و ئێستا کورد بۆ خۆی خشت به خشتی زمانه‌که‌ی له باڵه‌خانه و ته‌لاری
زمانی کوردی ده‌ردێنێ و زمانی خۆی ده‌ڕووخێنێ و له‌به‌ین ده‌با. کورد، ته‌نێ زمانه‌که‌ی
پارێزه‌ری بوونیه‌تی، ئه‌گه‌ر زمانه‌که‌ی له‌ده‌ستدا، ئیدی هه‌موو شتێکی له‌ده‌ستداوه
و هه‌رگیز بوونه‌وه‌رێک به ناوی کورد نامێنیت.
18 – 5 - 2014
No comments:
Post a Comment