که‌رکووکه‌خه‌م
- هه‌شت -
- هه‌شت -
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له قۆناخی
ناوه‌ندیدا بووم، له سانه‌وی کفری
ده‌مخوێند. کفری، ئه‌وسا دوور له ئێستا، شار بوو. به به‌راورد له‌ته‌ک باژێڕه‌کانی
سلێمانی و که‌رکووک و خانه‌قیندا، چواره‌م شاری ئه‌و ده‌ڤه‌ره بوو، که‌رکووک یه‌که‌م
و سلێمانی دووه‌م و خانه‌قین سێیه‌م و کفرییش چواره‌م بوو. کفری، گه‌ره‌ترین
شارۆکه یا قه‌زای سه‌ر به ئوستانی که‌رکووک بوو. له‌و ته‌مه‌نه‌دا، بێجگه له مه‌کته‌ب و گه‌مه و پیاسه و تێکه‌ڵاویی
هاوڕێیه‌کانم، زۆرجارانیش گوێم ده‌دایه ڕادیۆی کوردی به‌غدا و چێژم له گۆرانی و
مۆسیقا وه‌رده‌گرت. جارجار به خه‌یاڵمدا ده‌هات و نامه‌م ده‌نارد بۆ ئه‌و ڕادیۆ کوردییه و داوای
گۆرانیم ده‌کرد و جارجاریش حه‌زم ده‌کرد،
نامه بۆ که‌سانێکی ناسراو، که له‌و ڕادیۆیه کاریان ده‌کرد، بنێرم. وه‌ک
نموونه: مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، که جارێکیان نامه‌یه‌کم بۆ نووسی و سه‌رسامبوونی
خۆم به ده‌نگ و گۆرانی و مۆسیقاکانی ده‌ربڕی و داوام لێکرد باسی ژیانی خۆیم بۆ
بنووسێت و وێنه‌ی خۆیم بۆ بنێرێت. ئه‌وده‌م نامه‌نووسین و نامه‌گۆڕینه‌وه، باو بوو.
نامه‌که‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردانم ئاماده‌کرد و ناوونیشانی ڕادیۆی کوردیی
به‌غدام له‌سه‌ر زه‌رفه‌که نووسی و نووسیشم، که ئه‌و نامه‌یه بگاته ده‌ستی
مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، دیاره نامه‌که‌م
به کوردی نووسیبوو، لێ ئه‌و ناوونیشان و ئه‌وانه‌ی سه‌ر زه‌رفه‌که‌م
به عه‌ره‌بی نووسی. ئه‌وده‌مه ده‌بوو به عه‌ره‌بی بنووسرێ، چونکه عه‌ره‌بی
زمانی ڕه‌سمیی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ش بوو. نامه‌که‌م هه‌ڵگرت و چووم بۆ پۆسته‌خانه(پۆست)،
که کارگێڕییه‌ک بوو بۆ پۆست و ته‌لیفۆن و ته‌لیگراف و له هه‌موو شار و شارۆکهیهکدا
هه‌بوو و پێیان ده‌گوت، دائیره‌ی به‌رید و به‌رق(دائرة البرید والبرق)، واته:
کارگێڕی یا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆست و بروسکه(ته‌لیگراف). ئه‌وده‌مه ئه‌و جۆره
خزمه‌تگوزارییانه بۆ هاووڵاتییان هه‌بوون و وه‌ک ئێستا قوڕی پێوه نه‌درابوو، که
خه‌ڵک له‌و وڵاته‌ی خۆمان(کوردستان)، هه‌ر نازانێ، پۆست چ واتایه‌کی هه‌یه و بۆ
چی باشه، چونکه هه‌ر نییه. که چوومه به‌رده‌م ئه‌و کارمه‌نده‌ی، ده‌بوو نامه‌که‌ی
بده‌مێ و پاره‌ی بده‌مێ، بۆ ئه‌وه‌ی پوول
له زه‌رفه‌که بدات و نامه‌که بنێرێ، یه‌کسه‌ر ناسیمییه‌وه و ده‌یزانی کێم و
کوڕی کێم و سه‌ر به چ بنه‌ماڵه‌یه‌کم. ئه‌و ناوی ڕیفعه‌ت بوو و تورکمان بوو. له‌و
ده‌ڤه‌رانه‌ی که‌رکووک، تاووغ، خورماتوو، کفری، قه‌ره‌ته‌پپه، که تورکمانیش له‌گه‌ڵ
کورددا ده‌ژین، وه‌ک نه‌ریت و بۆماوه‌یه‌کی سه‌رده‌می عوسمانییه‌کان و کاریگه‌ریی
زمان و فه‌رهه‌نگی تورکی، ئه‌و جۆره ناوانه: ڕیفعه‌ت، جه‌وده‌ت، نه‌جده‌ت، ته‌لعه‌ت،
سه‌فوه‌ت، مه‌دحه‌ت، نه‌شئه‌ت، عیززه‌ت، به‌هجه‌ت، شه‌وکه‌ت، ڕه‌ئفه‌ت، فیکره‌ت، فرسه‌ت، نه‌سره‌ت، زینه‌ت، سوحبه‌ت، نهدرهت،
عیففه‌ت، قودره‌ت، حیکمه‌ت، نه‌زهه‌ت، مروه‌ت و...ئه‌وانه
له‌نێو تورکمانه‌کاندا، به تایبه‌ت، گه‌لێک زۆرن و له‌نێو کوردانیشدا هه‌ن، ته‌نانه‌ت له مسریش وه‌ها ناوگه‌لێک فره‌ن، ئه‌ویش هه‌ر
به هۆی فه‌رهه‌نگی تورکی و ده‌سه‌ڵاتی تورکه‌وه له‌وێ. دوای سڵاو له ڕیفعه‌ت،
نامه‌که‌م دایه و ئه‌ویش، که سه‌یری ناوونیشانه‌که‌ی کرد و لێی نووسرابوو
ڕادیۆی کوردیی به‌غدا و ناوی عه‌لی مه‌ردانی پێوه بوو، ده‌سبه‌جێ گوتی: تۆ کوردی
یا سه‌ییدی؟ منیش گوتم هه‌ردووکیانم. جارێکی دیکه پرسیاره‌که‌ی دووپات کرده‌وه و
منیش هه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی پێشووم دایه‌وه. جاری سێیه‌م پرسیاره‌که‌ی کرده‌وه و من
هه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی پێشووم دایه‌وه. ئه‌وجا گوتی: نا ئه‌وه نابێ، تۆ ده‌بێ یه‌کێکیان
بیت، یا کورد یا سه‌یید! من هه‌م گوتم، که ههرددویانم. هه‌مدیس پێی گوتمه‌وه:
ئه‌وه ڕاست نییه، تۆ ئه‌گه‌ر کوردیت ئه‌وا سه‌یید نیت و ئه‌گه‌ریش سهییدیت ئه‌وا
کورد نیت! من هه‌ر له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ی خۆم سوور بووم و هه‌ر ده‌مگوت هه‌م کوردم
و هه‌م سهییدم. به کوردییه‌که‌ی ده‌ستبه‌رداری هیچ یه‌کێک له‌و دووانه نه‌ده‌بووم.
من ده‌مزانی ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو، ده‌ستبه‌رداری
کوردبوونهکهم بم و ئه‌و ناسنامه‌یه‌م لێ بستێنێته‌وه، چونکه ئه‌گه‌ر ته‌نێ سه‌یید
بم، ئه‌وا وه‌ک بنجوبناوان، ده‌بێ عه‌ره‌ب بم و بۆ ڕیفعه‌تیش ئه‌وه گرنگ بوو، که
من کورد نه‌بم، ئیدی هه‌رچی ده‌بم با ببم. ئیدی ئه‌و (ڕیفعه‌ت)، که دیتی سوودی
نییه و ناتوانێت له‌تم کات و کوردبوون و سهییدبوونهکهم، له‌یه‌کدی جودا بکاته‌وه،
کۆڵی دا و پووله‌که‌ی له نامه‌که دا و پاره‌که‌ی لێ وه‌رگرتم و نامه‌که‌ی وه‌رگرت،
بۆ ئه‌وه‌ی بینێرێ. به‌شێک له هاوپۆل و هاوڕێیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌م، وه‌ک
ڕیفعه‌ت تورکمان بوون، لێ بۆ من، له‌گه‌ڵ هاوڕێ کوردهکانمدا، هیچ جیاوازییه‌کیان
نه‌بوو. ئێستاش هاوڕێی تورکمانی ئه‌و ڕۆژگاره‌م هه‌یه، که گه‌لێک له‌یه‌که‌وه
نێزیکین و دۆستایه‌تیمان هه‌ر ماوه و به‌هێزه. من ئێستاش یه‌که‌م هاوڕێی
منداڵیی ته‌مه‌نی پێنج ساڵانی خۆمم دێته‌وه یاد، که ناوی ئه‌حمه‌دی مه‌لا برایم
بوو. ماڵی ئه‌حمه‌د هاوسێمان بوون و عه‌ره‌ب بوون. له‌و ته‌مه‌نه‌دا، نه ئه‌حمه‌د
و نه‌من، عه‌ره‌ب و کوردمان نه‌ده‌زانی. ئێمه منداڵ بووین و پێکه‌وه وازیمان ده‌کرد و له ماڵی یه‌کدی
نانمان ده‌خوارد و ده‌خه‌وتین و هه‌رگیز گچکه‌ترین هه‌ستی جیاوازی له‌نێوانماندا
نه‌بوو. منداڵ، که دێته دنیاوه و تا ته‌مه‌نێک،
بێ نه‌ته‌وه و بێ ئایین و بێ مه‌زهه‌ب و بێ هۆز و خێڵ و ته‌نانه‌ت بێ ڕه‌نگ و بێ
ڕهگهزیشن. خێزان و کۆمه‌ڵگه و ده‌سگاکانی جڤاک و میدیا و ده‌سه‌ڵاته، که ئیدی
منداڵ به سه‌ر نه‌ته‌وه و ئایین و مه‌زهه‌ب و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و هۆز و خێڵدا، ده‌به‌شنه‌وه.
من ئه‌وده‌می نامه‌که‌م بۆ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان نارد، چوارده ساڵێک ده‌بووم. ڕیفعه‌ت پیاوێکی په‌نجاساڵه‌ی
خڕهڵهی سوورکهڵهی سه‌رتاس بوو، که هه‌میشه پانتۆڵ و چاکه‌تی قاوه‌یی ده‌پۆشی.
ڕیفعه‌ت، هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌یی تورکمانیی هه‌بوو و ده‌یه‌ویست هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی
له‌کن منیش ببزوێنێ، که من ئه‌وده‌می، ئه‌و هه‌سته‌م به‌و شێوه نه‌بوو، لێ
پرسیاره‌کانی ڕیفعه‌ت، ختووکهیهکی هه‌ستی دام و وه‌ک بڵێی پێم خۆش نه‌بوو، وه‌ک
ئه‌و بڵێم و بکه‌م و بهزرێم. ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم، که وه‌ها پرسیارێک هه‌رگیز
ڕووبه‌ڕووی منداڵێکی چوارده‌ساڵانی هه‌ولێر، دهۆک، سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، زاخۆ،
کۆیه، ئامێدی، چۆمان و...نه‌ده‌بووه‌وه و نه ئێستاش ده‌بێته‌وه، لێ هه‌موو
کوردێکی که‌رکووک، خورماتوو، کفری، خانه‌قین، شاره‌بان، مووسڵ، مه‌نده‌لی، شنگال،
جه‌له‌ولا و ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان، که عهرهبێنراون و داگیرکراون،
نه‌ک هه‌ر ئه‌وده‌م، به‌ڵکه ئێستاش، به‌ره‌وڕووی هه‌مان پرسیار ده‌بنه‌وه. ئه‌و
پرسیاره، بۆ منداڵێکی چوارده‌ساڵان، بۆ خۆی ئه‌شکه‌نجه‌یه‌که و ئه‌گه‌ر له‌م ئه‌وروپایه
بووایه، ده‌بوو بخرابایه‌ته چوارچێوه‌ی نه‌ژادپه‌رستی و ڕقبوون له نه‌ته‌وه و
خه‌ڵکی دیکه و به چه‌ندین دانیشتن له‌گه‌ڵ بژیشکی ده‌روونی و ده‌روونناس و ئه‌وانه،
ئه‌وجا مرۆڤ گه‌یشتبایه‌ته ئه‌نجامی ئاسوودهبوونهوه و دڵدانه‌وه‌ی منداڵێکی
چوارده‌ساڵان. پاش ماوه‌یه‌ک له مامۆستا عه‌لی مه‌ردانه‌وه وه‌ڵامی نامه‌که‌م به
دست و خه‌تی خۆی درایه‌وه و باسی ژیانی خۆی بۆ نووسیبووم و وێنه‌یه‌کی خۆیشی
پێشکه‌ش کردبووم. ئای له‌و خۆشییه، عه‌لی مه‌ردان، ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه
نامه بۆ من ده‌نووسێت و وێنه‌ی خۆییم بۆ ده‌نێرێ! بۆ ماوه‌یه‌ک ڕیفعه‌ت و
پرسیاره نابهجێیهکانیم له‌بیرچوونه‌وه و هه‌ستم به زاڵبوونێکی بێوێنه ده‌کرد
به‌سه‌ر ڕیفعه‌تدا، لێ ئه‌و له‌بیرچوونه‌وه‌یه و ئه‌و زاڵبوونه، ته‌نێ بۆ ماوه‌یه‌کی
که‌م بوو، ئێستاش وه‌ک سووکایهتیپێکردنێک و دادگاییکردنێک دێته‌وه یادم و هه‌رگیز
له بیرگه‌مدا ناسڕێته‌وه. کورده که‌رکووکییه‌کان، هێشتا نه‌ک هه‌ر
ڕووبه‌ڕووی سه‌دان پرسیاری له‌و
جۆره ده‌بنه‌وه، به‌ڵکه له ڕه‌وشێکدا
ده‌ژین، که ئه‌گه‌ر خۆیان نه‌بنه‌وه خاوه‌نی که‌رکووک و داگیرکارانی عه‌ره‌ب وه‌ده‌رنه‌نرێن،
هه‌رگیز مه‌ترسی له‌نێوچوونیان له‌سه‌ر ناڕه‌وێته‌وه و هه‌رگیز نابنه خاوه‌نی که‌سیه‌تی
خۆیان و دڵنیا و خۆشگوزه‌ران و ئاسووده نابن.
22 – 11 - 2013
No comments:
Post a Comment