که‌رکووکه‌خه‌م
- حه‌فت –
ئه‌مجه‌د
شاکه‌لی
31ی ته‌مووزی 2013، له پیرمام، فه‌له‌که‌ددین
کاکه‌یی، کۆچی دوایی کرد. کاکه‌یی، ڕۆژنامه‌نووس، بیرمه‌ند، سیاسه‌تکار و
ڕووناکبیر بوو. پیاوێکی خاکی، ساده، ئارام، هێمن، ڕاستگۆ و سۆفی سرشت بوو. ئه‌و
له کۆمیۆنیستییهوه تێهه‌ڵچوو و به پارتییهتیدا تێپه‌ڕی و له عیرفان و سۆفیگه‌رییه‌وه
سه‌ری ده‌رهێنا، ئه‌و، بێجگه له ڕۆژنامه‌نووسیی و فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت، شاره‌زایه‌کی
باشی بواری ئایینی یارسان(کاکه‌یی، ئه‌هلی حه‌ق)یش بوو. به گوێره‌ی ئایین و باوه‌ڕی
یارسان، که له هزری "دۆناودۆن"دا، به‌رجه‌سته ده‌بێ، ئه‌وه له‌شی
مرۆڤه، که ده‌مرێ، گیانی مرۆڤ هه‌رگیز نامرێ. گیانی مرۆڤ، له‌گه‌ڵ مردنی له‌شه‌که‌دا،
ده‌رده‌چێ و ده‌چێته له‌شی که‌سێکی نۆزادهوه. به‌و جۆره، هیچ که‌س نامرێ و هه‌موو
که‌س ده‌ژی، گیانه‌کان ده‌ژین، به‌ڵام له لهشگهلێکی دیکه‌دا. له دیدێکی کاکهییانهوه،
فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، نه‌مردووه و گیانی ئه‌و، ئێستا له که‌سێکی دیکه‌دا شین
ده‌بێته‌وه و درێژه به ژیان و بوون ده‌دات. له‌کن ئیسلامیش، ئه‌وه‌ی ده‌مرێ له‌شه،
و گیان، که مرۆڤ مرد، ده‌رده‌چێ و ده‌چێته به‌رزه‌خ و له‌وێ تا ڕۆژی په‌سڵان،
چاوه‌ڕوان ده‌بێ. له هه‌ر دیدێکه‌وه
بنۆڕیته ئه‌و پرسه، فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، ڕۆیشت و له‌به‌رچاوان بزر بوو و
بۆشاییه‌کی له دووی خۆی جێهێشت.
:له کۆچی دوایی فه‌له‌که‌ددین کاکه‌ییدا، دوو شت، سه‌رنجی
منیان ڕاکێشا
یه‌که‌م: فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، وه‌ک موسوڵمان خرایه گۆڕ و وه‌ک
موسوڵمان له مزگه‌وت پرسه‌ی بۆ دانرا و وه‌ک موسوڵمان فاتیحه‌ی بۆ خوێنرا. فه‌له‌که‌ددین
کاکه‌یی، وه‌ک ئایین کاکه‌یی بوو و ده‌بوو بۆ ناشتنی و بۆ پرسه‌که‌ی و بۆ ته‌واوی
ده‌ستوور و نه‌ریته پێوه‌ندداره‌کان به مردووه‌وه، پێڕۆی شێوازه ئایینهییهکانی
کاکه‌یی کرابا. هه‌رچه‌نده ئه‌و بۆ خۆی تا بڵیی پیاوێکی کراوه و بهرینبین بوو،
لێ له‌و بڕوایه‌دام، ئه‌گه‌ر به ئاگایی و قایل‌بوونی خۆی بووایه، ئه‌وا وه‌ک یارسانێک،
ده‌نێژرا و وه‌ک یارسانێک، له جهمخانهیهکدا، نه‌ک مزگه‌وت، پرسه‌ی بۆ داده‌نرا،
یا ته‌نێ جڤینێکی سه‌ره‌خۆشیی بۆ ساز ده‌کرا. له وڵاتێک‌دا، که ئازادی ئایین و
باوه‌ڕی تێدایه، ده‌بوو، خه‌ڵک به گوێره‌ی ئایین و باوه‌ڕی خۆیان، بژین و بمرن.
له‌پرسه‌ی موسوڵماناندا له ئه‌وروپا، که قورئان و فاتیحه‌ی تێدا ده‌خوێنرێ،
گاور(دیان، فه‌له، عیسایی)م دیتووه، که هاتووه‌ته ژوورێ، هه‌ندێک به پێوه
ڕاوه‌ستاوه و به ده‌ست، له‌سه‌ر سنگی وێنه‌ی خاچ(الصلیب)ه‌که‌ی کێشاوه و هه‌ندێک
شتی گوتووه و پاشان دانیشتووه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، ئه‌و وه‌ک موسوڵمانه‌که
فاتیحه‌ی نه‌خوێندووه. ده‌ی که‌واته، بۆ کاکه‌ییه‌کان، نه‌یانتوانی ناشتن و پرسه‌ی
فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، به ئاره‌زووی خۆیان و به پێی نه‌ریتی خۆیان بکاکهییێنن(بیارسانیێنن)؟
دووه‌م: فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، خه‌ڵکی که‌رکووک بوو و پێموابێ
له بنه‌چه‌شدا خه‌ڵکی گوندی"عه‌لی سه‌رای" لای تاووغه. بۆ له پیرمام
نێژرا و بۆ نه‌برایه‌وه که‌رکووک؟ به بردنه‌وه‌ی ته‌رمی فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی
بۆ که‌رکووک، بێجگه له‌وه‌ی ده‌بووه جۆره خۆپێشاندانێک، که کوردێکی زۆر له
دووی ته‌رمه‌که ده‌بوون و خه‌ڵکێکی زۆرتریش له که‌رکووک وه‌دووی ده‌که‌وتن و
لێی خڕده‌بوونه‌وه، بۆ کورد و کوردستانیبوونی که‌رکووک، ده‌بووه جۆش و هانده‌رێک
و گه‌شه‌یه‌کی پتر و بۆ عه‌ره‌بی داگیرکاری که‌رکووکیش، وه‌ک شه‌قازلله‌یه‌ک ده‌بوو
به پهناگوێیاندا. گێڕانه‌وه‌ی ته‌رمی هه‌ر کوردێکی که‌رکووکی، به تایبه‌ت که‌سانێکی
له پله و پایه‌ی فه‌له‌که‌ددین کاکه‌ییدا، بۆ که‌رکووک، گرنگییه‌کی زۆری ده‌بێ
بۆ پرسی کورد له که‌رکووک، که ژماردنی تاکه گۆڕێکیشی بۆ گرنگه. فه‌له‌که‌ددین
کاکه‌یی، وه‌ک کاکه‌یی، له سه‌یده‌کانیان بوو. له‌نێو کاکه‌ییدا، وه‌ک ئێزدی و وه‌ک
هیندییه‌کان، پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، که ڕه‌نگه بکرێ پێی بگوترێ: چین(به
فارسی: طبقه، به عه‌ره‌بی: طائفة، به ئینگلیزی: Caste). فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، که سه‌یید بوو، له چینێکی
باڵای کاکه‌ییان بوو، ناشتنی ته‌رمه‌که‌ی له که‌رکووک و له گونده‌که‌ی خۆیان، ده‌بووه،
جێگه‌یه‌کی دیار و له‌به‌رچاو و خه‌ڵک سه‌ردانیان ده‌کرد. ئه‌وه‌ش بۆ که‌رکووک، ده‌بووه
خستنی چه‌ند میتره خاکێک و قه‌ره‌باڵغییه‌ک به سه‌ر کوردستانییه‌تی که‌رکووکدا.
من له ژیانمدا، یه‌ک جار
فه‌له‌که‌ددین کاکه‌ییم دیتووه. که وه‌زیری فه‌رهه‌نگ بوو له هه‌ولێر، پێموابێ
ساڵی 1998 بوو، بۆ ماوه‌ی 20 – 30 خولکه‌یه‌ک چوومه لای. له‌و کاته‌دا کۆمه‌ڵێک
له خزمانی خۆی، کاکه‌ییان، له شوێنی جیاوازه‌وه هاتبوون بۆ لای. گه‌لێکیان پیر
و ڕدێن سپی و به ساڵاچوو بوون. ئه‌وانه به‌و ڕیشهچهرمووهیانهوه ده‌ستی فهلهکهددینیان
ماچ ده‌کرد. من گه‌لێکم پێ سه‌یر بوو. دواتر له هاوڕێیه‌کی کاکهییمهوه زانیم،
که فه‌له‌که‌ددین سه‌ییده و سه‌ییدیش پایه‌ی به‌رزه و ده‌ستی ماچ ده‌کرێ.
بێگومان بردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌ی بۆ که‌رکووک له دوو لاوه کاریگه‌ری ده‌بوو، هه‌م
وه‌ک کاکه‌یی و هه‌م وه‌ک کورد، لێ ئه‌وه باسێکه، ره‌نگه له ڕۆژگارێکی وه‌ک ئه‌مڕۆی
کوردستاندا، که ده‌سه‌ڵات و ده‌ستوپێوه‌ندی، ته‌نیا له هۆڵی پاره و خه‌می دهوڵهمهندبووندان،
هێنده بایه‌خی پێ نه‌درێ.
تۆ که باس له که‌رکووک
و ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کان ده‌که‌یت، ده‌سه‌ڵات، به مادده‌ی 140 وه‌ڵامت ده‌داته‌وه،
که له 2003وه تا ئه‌مڕۆ، تاکه یه‌ک سهنتیمیتر، کوردستانییه‌تی که‌رکووکی نه‌چه‌سپاندووه
و نه‌یبردووه‌ته پێش و تاکه یه‌ک عه‌ره‌بی داگیرکه‌ریشی وهدهرنهناوه. من
له‌و بڕوایه‌دام کورد ده‌توانێ به سه‌دان جۆر، خه‌باتی خۆی بکات بۆ هێنانه‌وه‌ی
که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کان، بۆ باوه‌شی کوردستان. یه‌کێک له‌و شێوه
خه‌باتانه، بردنه‌وه‌ی ته‌رمی مردووه‌کانیانه بۆ که‌رکووک و ناشتنیان له‌وێ.
که‌سێکی هه‌ولێری، دهۆکی،
زاخۆیی، سلێمانیی، هه‌رگیز گرنگ نییه و چ کاریگه‌رییه‌کی نییه، له کوێ ده‌نێژرێ،
له‌و شارانه. لێ گێڕانه‌وه‌ی ته‌رمی کوردێکی خه‌ڵکی مه‌نده‌لی، زرباتییه، قه‌ره‌ته‌پپه،
که‌رکووک، خورماتوو، خانه‌قین، مووسڵ، شنگال، شاره‌بان و...گه‌لێک گرنگه و ده‌بوو
خه‌ڵک، به تایبه‌ت سیاسه‌تکاران و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، بیریان لێ کردباوه.
عه‌لی مه‌ردانی، هونه‌رمه‌ند، له به‌غدا مرد. پێش مردنی وه‌سیه‌تی کردبوو، له
گردی سه‌یوانی سلێمانی، له‌نێو کۆڕی شاعیران و نووسه‌ران و ناودارانی کورددا،
بینێژن. که مرد و ته‌رمه‌که‌یان برده‌وه
و گه‌یشته که‌رکووک، که‌س و خزم و دۆست و ناسیاوی خۆی له که‌رکووک، کردیان به
هه‌را و گوتیان نابێ ئه‌و ته‌رمه ببرێ بۆ سلێمانی و ده‌بێ له که‌رکووک بنێژرێ.
زۆریان گوت، که ئه‌وه بۆ خۆی وه‌سیه‌تی کردووه و هه‌ر ده‌بێ له سلێمانی
بنێژرێ، لێ که‌رکووکییان ملیان نه‌دا و گوتیان، جا با وه‌سیه‌تیشی کردبێ، ئێمه
قایل نابین و هه‌ر ده‌بێ له که‌رکووک به خاک بسپێردرێ. ئیدی که‌رکووکییان سه‌رکه‌وتن
و عه‌لی مه‌ردان، له که‌رکووک نێژرا. ئه‌وه بۆ خۆی کارێکی باش بوو و ده‌بوو، که‌رکووکییان
به ناشتنی فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی له پیرمام، قایل نه‌بووایه‌ن و بیانبردایهتهوه
بۆ که‌رکووک.
ده‌ڵێن عه‌دنان خه‌یروڵڵا(عدنان
خیرالله)، که وه‌زیری جه‌نگ بوو له حوکوومه‌تی به‌عسدا و کوڕه خاڵی سه‌ددام حوسه‌ینیش
بوو، له کاتی وه‌زیریدا، له ساڵی 1989، دوای ئه‌نفال و هه‌ڵاتنی حیزبه کوردییه‌کان
بۆ دیوی ئێران، گه‌شتێکی کوردستان ده‌کات و له‌گه‌ڕانه‌وه‌یدا له مووسڵه‌وه، له
نێزیک گوندی مه‌لاقه‌ره، له ده‌شتی که‌ندیناوه، فڕۆکه‌که‌ی به‌رده‌بێته‌وه و ده‌سووتێ
و ئه‌ویش ده‌مرێ. ده‌ڵێن سه‌ددام حوسه‌ین وه‌ک ڕێزگرتنێک له‌و و هێشتنه‌وه‌ی ناوی
و بۆ عه‌ره‌باندنی ئه‌و خاکه‌ی کوردستان، ناوی ئه‌و جێگه‌یه ده‌نێ: عه‌دنانییه(العدنانیة)،
به ناوی عه‌دنان خهیروڵڵاوه و گۆڕه‌که‌یشی ده‌کاته مه‌زارگه[1]،
بۆ مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی عه‌دنان و به‌عس و عه‌ره‌باندنی کوردستان. خه‌ڵک به‌و
جۆره کوردستان داگیر ده‌که‌ن و سیاسه‌تی عه‌ره‌باندن ده‌به‌نه پێشێ، کوردیش، نه‌ک
کورده زیندووه‌کان، ته‌نانه‌ت کورده که‌رکووکییه مردووه‌کانیش ، نابه‌نه‌وه که‌رکووک!
عه‌ره‌ب، که باسی کوردێک
بکه‌ن، به تایبه‌ت به‌ناوێکی کورد، هه‌رگیز پێیان خۆش نییه، بڵێن یا بنووسن، له
که‌رکووک له‌دایک بووه. عه‌بدولجه‌ببار ئه‌لعیتابی/ئه‌لعه‌تابی(عبدالجبار
العتابي)، له گوتارێکیدا، به ناوی: کۆچی بیرمه‌ندی کورد فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی"رحیل المفکر الکردي فلك
ا‌لدین کاکایی"، له
ماڵپه‌ڕی ئیلاف"إیلاف"ی عه‌ره‌بیدا[2]،
گوتارێکی جوانی نووسیوه و به جوانی باس له که‌سیه‌تیی فه‌رهه‌نگی و سیاسی و
ڕۆژنامه‌وانی و نووسه‌ری و بیرمه‌ندیی فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی ده‌کات، لێ که ده‌گاته
سه‌ر شوێنی له‌دایکبوونی، ده‌نووسێ، له هه‌ولێر له‌دایک بووه! من بۆ خۆم گومانم
هه‌یه له‌وه‌ی، نهیزانیبی، فه‌له‌که‌ددین له دایکبووی که‌رکووکه، لێ بۆ هزری
نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و بۆ زیاتر عه‌ره‌باندنی که‌رکووک و بۆ سڕینه‌وه‌ی
کوردستانیه‌تی که‌رکووک، خۆلادان له ناوهێنانی که‌رکووک و باسنه‌کردنی که‌رکووک،
وه‌ک شوێنی له‌دایکبوونی که‌سێکی ناسراو، بۆ عه‌ره‌ب، پێشکه‌وتنێکی گه‌لێک زۆره و
سه‌رکه‌وتنه و بۆ کوردیش به قوڕدا چوون و ژێرکه‌وتن و سڕینه‌وه و له‌نێوبردنه.
به‌خاک سپاردنی هه‌ر که‌رکووکییه‌ک،
له ده‌رێی که‌رکووک، که‌لێنێک بۆ که‌رکووک دێنێته ئاراوه، چۆڵاییه‌ک دروست ده‌کات.
که‌رکووک به گوڵهکانییهوه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یشی، که له‌ملاو و له‌ولا ده‌ژاکێن
و دهسیسێن جوانتر ده‌بێت، بریا وه‌ک به زیندوویی نه‌چوونه‌وه که‌رکووک، به
مردوویی هه‌موویان ده‌برانه‌وه که‌رکووک و مانه‌ندی شوکور مسته‌فا و موحه‌ممه‌د
موکری و فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی و خودا ده‌زانێ کێی دیکه، گۆڕغه‌ریب نه‌ده‌بوون[3].
02 – 08 -
2013
1 قه‌ره‌چۆغ، بە دەستخۆشی حكومەتی
هەرێمی كوردستان بەعسیەكان مەزاری عەدنان خیراللە چاک دەكەنەوە: http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=5437ba38
2 العتابي، عبدالجبار، رحیل المفکر الکردي فلك
ا‌لدین کاکایی،
No comments:
Post a Comment