ئه‌مه‌ریکا به‌ردی بناخه‌ی سیخوڕخانه‌یه‌ک له سلێمانی داده‌نێت
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
به به‌شداربوونی زه‌لمای خه‌لیلزادی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له عیراق و جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆککۆماری عیراق، له ڕۆژی 11-12-2005دا، بناخه‌ی زانستگه‌ی[1] ئه‌مه‌ریکی له شاری سلێمانی دانرا[2]. وه‌ک پیشه‌ی هه‌رده‌می میدیای کوردستان، کۆڵێک په‌سنیان دا و به پرۆژه‌یه‌کی گه‌لێک گرنگ و هاوچه‌رخ و باش بۆ گه‌لی کوردستان و...نرخێندرا و باس کرا. ئه‌وه هیچ، که خه‌لیلزاد زۆری له باره‌وه گوت، تاڵه‌بانیییش بۆ خۆی وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی له په‌سندان و پێداهه‌ڵدان و مه‌زنکردنه‌وه، چه‌ندی پێی کرا، له‌مه‌ڕ ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه ئاخافت و کۆڵێ په‌سنی بووش و ئه‌مه‌ریکا و دۆستانی دیکه‌یشی دا. ئه‌مه‌ریکا له هه‌ر کارێکیدا، که ده‌یکات، نه‌خشه‌یه‌کی هه‌یه و به مه‌به‌ستێکی تایبه‌ت ده‌یکات. ته‌واوی پرۆگرامێکی له سیاسه‌تی عیراقدا، به باشووری کوردستانیشه‌وه، که ئه‌مڕۆ پیاده ده‌کرێت و ده‌خرێته گه‌ڕ، ئه‌نجامی نه‌خشه‌یه‌کی داڕێژراوی پێشتری ئه‌مه‌ریکایه. هه‌رچه‌ندی سه‌رانی کورد و سه‌رانی عیراقیش بانگاشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و خۆبڕیاردان و خاوه‌نی خۆبوون بکه‌ن، پتر له ڕاستییه‌وه دوور ده‌که‌ونه‌وه. ئه‌مه‌ریکا فه‌رمانڕه‌وای ڕاسته‌قینه‌ی عیراقه و هه‌موو بڕیاره گرنگ و مه‌زنه‌کان به ده‌ستی ئه‌وه‌وه‌یه. که ئه‌مه‌ریکا زانستگه‌یه‌ک له سلێمانی ده‌کاته‌وه، هه‌رگیز مه‌به‌ستی پێشخستنی گه‌لی کوردستان و وڵاتی کوردستان نییه و ده‌یان مه‌رام و مه‌به‌ستی دیکه له په‌نا کردنه‌وه‌ی وه‌ها زانستگه‌یه‌کدا، خۆیان مه‌ڵاس داوه. هه‌ر دامه‌زراو و بنکه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکا، هه‌رچییه‌ک بێت و بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێک بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ خوداپه‌رستییش بێت وه‌ک مزگه‌وت و ئه‌وانه یا بۆ تیمارکردنی نه‌خۆش بێت یا بۆ کۆمه‌ک به زارۆک و ژن و په‌ککه‌وته بێت یا بۆ ڕابواردن و خواردنه‌وه و به‌نگکێشان بێت و یا بۆ هه‌ر به‌زمێکی دیکه بێت، له هه‌رکوێیه‌کی جیهاندا و به تایبه‌ت له وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و چواره‌م و ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌مه‌ریکای خواروو و وڵاتانی ئیسلامی و ڕۆژهه‌ڵات، که داده‌مه‌زرێت و ده‌کرێته‌وه، بنکه و دامه‌زراوێکه، ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی 1%ی کاره‌کانی کارێکی مرۆڤانه بێت، ئه‌وا ڕێژه‌ی 99%ی کاره‌کانی کاری سیخوڕی و جاسووسییه. بێجگه له‌وه‌یش ئه‌وانه‌ی، که له‌و جۆره دامه‌زراوانه‌دا ده‌خرێنه گه‌ڕ و کار وه‌رده‌گرن، به پێ‌زانین یا پێنه‌زانینی خۆیان بێت، ده‌خرێنه خزمه‌ت کاری سیخوڕی و جاسووسییه‌وه. هه‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه بۆ خۆیشیان ده‌بنه فێرگه و بنکه و مۆڵگه‌ی بارهێنانی سیخوڕ و جاسووس و پێگه‌یاندنیان و په‌خشکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی سیخوڕی و جاسووسی و په‌خشکردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی بێفه‌رهه‌نگیی ئه‌مه‌ریکایی و ته‌واوی بێبه‌هایی و ده‌رده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و مێشکشۆردنه‌وه و شێواندن و تێکدانی مێژوو و فه‌رهه‌نگ و باری جڤاکی ئه‌و وڵات و شوێنانه‌ی وه‌ها دامه‌زراو و بنکه‌گه‌لێکی تێدا ده‌کرێنه‌وه. بناخه‌دانانی زانستگه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکایی له سلێمانی بێجگه له‌و مه‌به‌سته هیچ مه‌به‌ستێکی دیکه‌ی له پشته‌وه نییه. ئه‌مه‌ریکا، به ئاگاداری و زانیاری هه‌ردوو سه‌رانی باشووری کوردستانیش، به کردنه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌ک له سلێمانی و یه‌کێکی دیکه له هه‌ولێر و کۆبوونه‌وه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی حوکوومه‌تی سلێمانی و یه‌کێکی دیکه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی حوکوومه‌تی هه‌ولێر و پێشوازیی شاندێکی کارگێڕیی حوکوومه‌تی هه‌ولێر و یه‌کێکی دیکه‌ی کارگێڕیی حوکوومه‌تی سلێمانی و بانگهێشتنی به‌رپرسێکی پارتیی و یه‌کێکی دیکه‌ی یه‌کیه‌تیی و کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌یه‌ک له هه‌ولێر و یه‌کێکی دیکه له سلێمانی و ددانپێدانی به هه‌ردوو کارگێڕیی سلێمانی و هه‌ولێر و نه‌ڕه‌نجاندنی دڵی هه‌ردوو لایان و ته‌ماشکردنی هه‌ردوو لایان وه‌ک دوو ده‌سه‌ڵاتی چه‌سپاو و شه‌رعیی و دابه‌شکردنی وه‌کیه‌کی نێزیکایه‌تی و دوورایه‌تیی خۆی بۆ هه‌ردوو له‌ته ده‌سه‌ڵاته‌کانی باشووری کوردستان، باشترین گه‌مه له نێوان هه‌ردوو لایاندا ده‌کات و به ڕدینی هه‌ردوو لایان پێده‌که‌نێت و ناڕاسته‌وخۆ پێیان ده‌ڵێ: نه‌خه‌ڵه‌تێن یه‌ک بگرن! هه‌ر ئه‌و گه‌مه‌یه، ڕاگرتنی هاوتایی هه‌ردوو لایانه و پاراستنی دووکه‌رتی و نه‌گه‌یشتنه‌یه‌ک و پێکنه‌هاتنی هه‌ردوو لایانه و چه‌سپاندنی ده‌ڤه‌رێکه به نێوی فیدرالیی هه‌رێمی کوردستانی عیراق، به‌ڵام هه‌رێمێکی بێ که‌رکووک، بێ مووسڵ، بێ به‌شه کوردستانه‌کی دیالا و کووت. ئه‌گه‌ر ڕاست بووایه و ئه‌مه‌ریکا، وه‌ک سه‌رانی کورد ده‌یڵێن و جه‌ختی له سه‌ر ده‌که‌نه‌وه و بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، دۆستی گه‌لی کوردستان بووایه، نه باشووری کوردستان گرێدراوی عیراق ده‌بوو و نه باشووری کوردستان دوو ده‌سه‌ڵات و دوو حوکوومه‌ت فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کرد و هه‌نووکه‌یش ڕه‌وشی کورد و پرسی کورد و وڵاتی کورد، ته‌واوی کورد، له ئاستێکی دیکه‌دا ده‌بوو.
14-12-2005
[1]وشه‌ی زانکۆ، وشه‌یه‌کی داتاشراو و دروستکراوه، که کورد بۆ(زانستگه،جامعة، دانشگاه، University) به هه‌ڵه به‌کاری ده‌بات. (زان): کورتکراوه‌ی زانینه، که واتایه‌کی ته‌واوی زانین و زانست نابه‌خشێت و و (کۆ): له‌یه‌ک دانه زیاتر، واته: گردبوونه‌وه‌ی چه‌ند شتێک، که به‌و پێیه ده‌کاته(زان)، واته: کۆی زان، که هیچ واتایه‌کی نییه و وشه‌یه‌کی ناڕاسته. به‌لآم زانستگه، که باشترین وشه‌یه‌یه بۆ(جامعة، دانشگاه، University)، ده‌کاته: جێی زانست، شوێنی زانست، که ئه‌وه بۆ خۆی ده‌ربڕی ته‌واوی وشه‌که و ناوه‌ڕۆکی کاری ئه‌و ده‌سگا و دامه‌زراوه‌یشه.
No comments:
Post a Comment