ئه‌و هه‌موو ده‌ستێک ماچ ناکات
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له نێو
زۆرینه‌ی سیاسه‌تکاران و سه‌رانی حیزب و ده‌وڵه‌ت و ئه‌وانه‌ی هه‌موو جیهاندا، هیچ
که‌سێکم له یاسر عه‌ره‌فات و جه‌لال تاڵه‌بانی، زیاتر و گه‌رموگوڕتر نه‌دیتووه،
هێنده کوژراو و عاشقه ماچ و لستنه‌وه‌ی به‌رانبه‌ره‌که‌یان بن. مه‌به‌ست له به‌رانبه‌ره‌که‌یشیان
هه‌میشه، نێرینه‌یه‌کی زرته‌بۆز و زه‌به‌لاحی وه‌ک خۆیانه، که ئه‌ویش دیاره به‌رپرسێکه
یا کاربه‌ده‌ستێکی لایه‌نێک یا ده‌وڵه‌تێک یاحیزبێک یا وڵاتێکه. به‌ناوبانگترین
ماچێک، که هه‌میشه له بیرگه‌ی خه‌ڵکدایه و هه‌رگیز وێنه‌که‌ی ناسڕێته‌وه و کاڵ
نابێته‌وه، ماچه‌که‌ی سه‌ر ڕوومه‌تی سه‌ددام حوسه‌ینی به‌غدایه، له ساڵی
1991دا، که جه‌لال تاڵه‌بانی پێوه‌ی نووسابوو و هه‌رگیز لێی نه‌ده‌بووه‌وه. ئه‌و
ماچانه، ماچی ڕوومه‌ت و لامل بوون. جه‌لال تاڵه‌بانی له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا و ڕێک
له ساڵی 2001دا، فێری ده‌ستماچکردنیش بوو، ئه‌گه‌ر پێشتریش وه‌ها کارێکی نه‌کردبێت!.
له‌و ساڵه‌دا، له کۆیه و به ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری میتی تورکیا و له کاتی دابه‌شکردنی
زه‌وی به سه‌ر تورکمانه‌کاندا، به هه‌موو له‌ش و قورسایی خۆیه‌وه دانووشتایه‌وه
و که‌وته سه‌ر ده‌سته‌کانی سه‌نعان قه‌سسابی، سه‌رۆکی به‌ره‌ی تورکمانی عیراقدا و
پوخته و جوان ماچی کرد و لستییه‌وه. هیرۆ خانم (هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)ی خێزانی
جه‌لال تاڵه‌بانی، له گوتارێکیدا به نێوی"ده‌ست ماچ کردن"[1]، ده‌یه‌وێت
وا پێشان بدات، که جه‌لال تاڵه‌بانی، هه‌میشه
دژی ده‌ستماچکردنی خه‌ڵک بووه و له وه‌ها کارێک تووڕه بووه و بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی
وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانی- دیاره هێرۆخانم به جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ڵێ: مام جه‌لال[2]- و خۆی(هێرۆخانم)،
ته‌نیا ده‌ستی دایکه شه‌هیدێک، باوکه شه‌هیدێک، لایان ئه‌وه‌نده پیرۆزه، که
لایه‌قی ماچکردن بێت، غه‌یری ئه‌وه لایه‌قی ئه‌و که‌سانه‌یه، که ساڵانێکه فێری
ده‌ست ماچ کردن و ده‌ست ماچ کران بوون و ئه‌وانه زۆر باش ئه‌زانن که چۆن ده‌سته‌کان
ئه‌لێسنه‌وه[3]. ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی، که به
بیری خوێنه‌ری ئه‌و گوتاره‌ی هێرۆخانمدا بێت، ئه‌وه بێت: ئایا هێرۆخانم ئه‌و فیلمه‌ی، که جه‌لال
تاڵه‌بانی ده‌ستی سه‌نعان قه‌سسابی تێدا ده‌لێسێته‌وه نه‌دیوه؟ یا هیچی له‌باره‌وه
نه‌بیستووه؟ یا خۆی لێ نه‌بان ده‌کات؟ خۆ وا باوه، ژن هه‌سته‌وه‌رییه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ر
به‌هێزیان هه‌یه، له دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندی مێرده‌کانیاندا به مرۆڤێکی دیکه‌وه،
یا له‌شکه‌وتنی مێرده‌کانیان به له‌شی که‌سێکی دیکه‌وه، یا بۆنێکی نائاسایی و غه‌ریب، که مێرده‌کانیان
له که‌سێکی دیکه‌وه‌ی وه‌رده‌گرن و پێیانه‌وه ده‌نووسێت. ده‌ی ئه‌و هه‌سته‌وه‌رییه
ژنانه به‌هێزه لای هێرۆخانم کوێوه چوو؟ من پێموانییه هێرۆخانم، ئه‌و فیلمه‌ی، که
قاره‌مانه‌که‌ی، "مام جه‌لال"ه‌که‌ی خۆیه‌تی و به‌شێکی زۆری کورد بینیویه‌تی،
نه‌دیبێت و ئاگای لێ نه‌بێت، به‌ڵکه بێگومانم له‌وه‌ی، که دیتوویه‌تی و چاکیشی دیتووه
و ته‌واوی ئه‌و گوتاره‌ی "ده‌ست ماچ کردن"ه‌یشی، هه‌ر بۆ سه‌رلێشێواندن
و شه‌واره‌کردن و چه‌واشه‌کردنی مرۆڤی
ئاسایی کورد نووسیوه و هیچی دی، به‌ڵام من له‌و بڕوایه‌دا نیم، مرۆڤی کورد، هێنده
سافیلکه بێت، به گوتارۆکه‌یه‌کی وه‌ها بڕوا بکات و به "سی. دی CD"یه فیلمێکی، زیندووی به ده‌نگ و ڕه‌نگ، باوه‌ڕ نه‌کات و نه‌زانێت،
که ئه‌وه‌ی له‌و فیلمه‌دا داده‌چه‌مێته‌وه و به ته‌واوی ویست و خواست و خۆشحاڵی
و گه‌شی و ده‌مبه‌پێکه‌نینه‌وه، ده‌ست ماچ ده‌کات، جه‌لال تاڵه‌بانییه و ئه‌وه‌ی
بسکه‌ی سمێڵی دێت و گه‌لێک که‌یفسازه و ده‌ستی ماچ ده‌کرێت، سه‌نعان قه‌سسابه. پێموانییه
وه‌ها گوتارێک و چه‌واشه‌کارییه‌ک، مرۆڤی کورد وا لێ بکات، که چاوی ڕێشکه‌وپێشکه
بکات و جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ستماچکاری، لێ ببێت به سه‌نعان قه‌سساب و سه‌نعان قه‌سسابی
ده‌ستماچکراویشی لێ ببێته جه‌لال تاڵه‌بانی. مرۆڤی کورد، زۆر باش ده‌زانێت، ئه‌وه‌ی
له‌و فیله‌مه‌دا ده‌ست ماچ ده‌کات، "مام جه‌لال"ه‌که‌ی هێرۆخانمه و که‌سێکی
دیکه نییه. سه‌نعان قه‌سسابیش، نه دایکه‌شه‌هیده و نه باوکه‌شه‌هیده و نه بۆ
خۆیشی به ته‌مایه شه‌هید بێت. سه‌نعان قه‌سساب، سیخوڕێکی تورکیایه، نۆکه‌ری میته،
که‌ونه به‌عسی و پیاوی ڕێژیمی به‌عس بووه، تورکمانێکی تۆرانی خوێنخۆر و دوژمنی کورده.
دیاره جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌و جۆره ده‌ستانه‌ی به لاوه مه‌به‌سته و ئه‌و جۆره
ده‌ستانه ماچ ده‌کات، که خوێنی کوردیان لێ ده‌تکێت. ئه‌و ده‌ستی خه‌ڵکانێک ماچ ده‌کات،
که له سه‌رووی خۆیه‌وه بن و له خۆی به گه‌وره‌تریان بزانێت و له خۆی به‌هێزتر
و ده‌سه‌ڵاتدارتر بن. ئه‌و ده‌ستانێک ماچ ده‌کات، که نه‌توانێت بیانبڕێت و بیانقرتێنێت.
ئه‌و ده‌ستانێک ماچ ناکات، که له خواره‌وه‌ی خۆیه‌وه بن و له خۆی بچووکتر و
لاوازتر و بێهێزتر و بێده‌سه‌ڵاتتر بن. ئه‌و ده‌سته شه‌قارشه‌قاره‌کانی وه‌رزێرێکی
هه‌ژاری کورد، یا پیرێژنێکی هه‌موو کوڕ و کچ و نه‌وه و مێرد ئه‌نفالکراو ماچ ناکات.
من بۆ خۆم ئه‌و فیلمه‌م دیوه[4] و زۆر
که‌سی دیکه‌یش بینیویانه، هیوادارم خێره‌ومه‌ندێک بیخاته سه‌ر یه‌کێک له ماڵپه‌ڕه
کوردییه‌کان و بێنێرێت بۆ هه‌رچوار ته‌له‌ڤزیۆنه کوردییه‌کان(کوردسات، کوردستان تیڤی،
ڕۆژ و میزۆپۆتامیا تیڤی)، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکانێک، که نه‌یاندیتووه، بیبینن و هێرۆخانمیش،
بۆ چه‌نده‌مین جار بیبینێته‌وه، تا ئیدی تۆمه‌تی ده‌ستماچنه‌کردن و نه‌لستنه‌وه، بۆ که‌سێکی
به‌ڕێزی وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانی، هه‌ڵنه‌به‌سترێت.
29/8/2004
[1]
هێرۆ،
ده‌ست ماچ کردن، خاک، ژماره 86، ساڵی هه‌شته‌م، 10 ئابی 2004. دیاره ئه‌و گوتاره‌ی
هیرۆخانم، گه‌لێک گرنگ بووه، هه‌ربۆیه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و
له ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێشدا بڵاوکراوه‌ته‌وه. بنۆڕه: تقبیل الایادي، کتابة:
هیرو ابراهیم احمد، ترجمة: مصطفی صالح کریم، الاتحاد، العدد 811، الخمیس
26/8/2004. هه‌روه‌ها بنۆڕه: کورستانی نوێ، ژماره 3458، یه‌کشه‌ممه 29/8/2004،
ل 6. له‌به‌ر گرنگیی ئه‌و گوتاره، ده‌بوو بکرابایه تورکی و فارسی و زمانانی دیکه‌ش.
[4] باسێکی
ئه‌و فیلمه، که پێشتر وه‌ک گوتارێک له ماڵپه‌ڕه‌کانی www.kurdistannet.org و www.dengekan.com
بڵاوم کردووه‌ته‌وه.
No comments:
Post a Comment