پاشخانێکی "په‌لکه‌زێڕینه" و پرۆژه‌ی
کتێبی خوێندنی کوردیی زارۆکان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
دۆی داده
ڕوونه[1]، ناوی
گوتارێکی مامۆستا حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌نه، له ژماره 117ی ساڵی2000ی گۆڤاری
"به‌ربانگ"دا و له ڕووپهلانی 9-11 و 15-18دا، بڵاو بووه‌ته‌وه. گوتاره‌که‌ی
مامۆستا حه‌سه‌ن، گوتارێکی ڕه‌خنه‌یی و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کانی
مامۆستا سروه عه‌زیزه، که کۆمه‌ڵه کتێبێکن بۆ منداڵان نووسراون و ئاماده‌کراون
و وه‌رگێڕدراون. مامۆستا حه‌سه‌ن، زۆر وردکارانه و وردبینانه، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی
خوێندوونه‌وه و زیره‌کانه تێبینی و سه‌رنجه‌کانی خۆی له سه‌ر نووسیون. منیش وه‌ک
که‌سێکی هاوپیشه و هاوکاری - نێزیکه‌ی ده ساڵێک کاری مامۆستاییم کردووه- مامۆستایان
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن و سروه عه‌زیز، هه‌م کتێبه‌کانی مامۆستا سروه عه‌زیز و هه‌م
گوتاره‌که‌ی مامۆستا حه‌سه‌نم خوێندوونه‌وه و له لاشم مه‌به‌ست بوون. مامۆستا حه‌سه‌ن
له گوتاره‌که‌یدا لێزانانه، هه‌م که‌لێن و چه‌وتی و هه‌ڵه‌کانی کتێبه‌کانی مامۆستا
سروه عه‌زیزی ده‌ستنیشان کردوون و هه‌میش ڕاستی و دروستییهکانی. من نووسینه‌که‌ی
مامۆستا حه‌سه‌نم کۆڵێک پێ جوان و باش و تۆکمه‌یه، ده‌ستخۆشی لێ ده‌که‌م و ئومێده‌واریشم
هه‌موو نووسینێک، مامۆستا حه‌سه‌ن ئاسا، بۆ ده‌رخستنی ڕاستییه‌کان و وه‌رامدانه‌وه‌ی
پرسیاره‌کان، ڕه‌خنه‌گرانه بخوێندرێته‌وه و هه‌ڵبسه‌نگێندرێت و بخرێته به‌ر باس
و ده‌مه‌ته‌قه. گوتاره‌که‌ی مامۆستا حه‌سه‌ن هانیدام، ئه‌م نووسینه، وه‌ک ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی
پێویست له‌مه‌ڕ ئه‌و بابه‌ته‌وه، که تا ڕاده‌یه‌ک ده‌کرێ وه‌ک پاشخانێک، بۆ کتێبه‌کانی
مامۆستا سروه عه‌زیز حیساب بکرێ، بخه‌مه به‌ر چاو.
ساڵانی 1970و 1980کان، مامۆستایانی زمانی کوردی – کرمانجی خواروو(سۆرانی) - له سوێد، که وانه‌یان به
زارۆکی کورد ده‌گوته‌وه، کتێبی ئه‌لفبێی ئیبراهیم باڵداریان - بێگومان ئێستاش هه‌ر
وایه- وه‌ک بناخه و بنه‌مایه‌ک بۆ فێربوونی زارۆک، به‌کار ده‌برد. دواتر هه‌نده‌ک
کتێبی دیکه، که هه‌ر هه‌موویان له سه‌ر بیرۆکه و شێوه‌ی کتێبه‌که‌ی مامۆستا باڵدار
دانرابوون، په‌یدا بوون، وه‌ک ئه‌و کتێبانه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی
زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران و ئینتیشاراتی سه‌لاحه‌ددینی کۆماری ئیسلامی ئێران،
وه‌لێ ئه‌مانه ئایدیۆلۆژێنرابوون و سیاسه‌تاوی کرابوون و هه‌ریه‌که‌و ده‌یه‌ویست
و ده‌یه‌وێت زارۆکی بێگه‌ردی پاکی فریشته‌ئاسا بکات به ئه‌ندام و هه‌وادار و چه‌کداری
حیزب و بیروباوه‌ڕه‌که‌ی خۆی. له پاڵ ئه‌وانه‌شدا مامۆستایان بۆ خۆیان له‌م کتێب
و ئه‌و کتێب، گوتار و نووسینیان فۆتۆکۆپی ده‌کرد و به‌کار ده‌برد. به‌هاری 1987، ئه‌وده‌می
من مامۆستا بووم و له باژێڕی "کارڵسکووگا Karlskoga
" ی سوێد، کارم ده‌کرد. سیڤ
نووردێلSiv Nordell ، خانمێک بوو
به‌رپرسی ده‌ستگای کارگێڕیی خوێندنگه بوو، بانگهێشتنی جڤینێکی کردم، له باژێڕی
"ئوپسالاUppsala "ی سوێد[2]. له‌و
جڤینه‌دا باس له پێویستی دانانی کتێبی خوێندنی زمانی کوردی، بۆ زارۆکانی کوردی سوێد
کرا. پێکڕا گه‌یشتنه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، که هه‌وڵ بدرێت، پێوه‌ند به که‌سانی دیکه‌ی
شاره‌زا و پسپۆر له‌و بواره‌دا بکرێت و هه‌وڵی پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌ک له‌و که‌سانه،
بدرێت و هه‌وڵ بدرێت بۆ ئاماده‌کردنی کتێب بۆ سێ پله‌ی خوێندن و جڤینی دیکه‌ش له‌و
جۆره بکرێت و ته‌واوی مه‌سره‌فی ئه‌و جڤین و کتێبانه‌ش، کارگێڕیی خوێندنگه‌کان وه‌ئه‌ستۆی
خۆی بگرێت. ئه‌و ئه‌نجامانه وه‌ک پێشنیاز و پێشبڕیار، له لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه
په‌سه‌ند کران. ماوه‌یه‌ک پاش ئه‌وه - ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم- به‌هاری ساڵی
1988، ئه‌وده‌می من له باژێڕی ستۆکهۆڵم وانه‌م ده‌گوته‌وه، بانگهێشتنی جڤینێکی دیکه
کرام له ستۆکهۆڵم. بانگهێشتنه‌که، له لایه‌ن سیڤ نووردێل یا مای بێییهر Maj
Beijer ه‌وه بوو، که
ئه‌مه‌ی دواییشیان هه‌ر له بواری کارگێڕیی خوێندنگه و ئه‌وانه‌دا کاری ده‌کرد[3]. له‌و
ڕوونیشتنهدا هه‌ر ئه‌و باسانه‌ی، که له جڤینه‌که‌ی ئوپسالادا باسکرابوون، به مه‌سه‌له‌ی
پێکهێنانی کۆمیتهیشهوه بۆ دانانی کتێبان، هێنرانه‌وه گۆڕێ و جه‌ختیان له سه‌ر
کرانه‌وه و بڕیاریان له سه‌ر درانه‌وه. له جڤینێکی دیکه‌ی کارگێڕیی خوێندنگه
و ئاماده‌کردنی کتێبی خوێندنی زمانی کوردی بۆ زارۆکان، که له 27/11/1989دا کرا[4]، بڕیاری
دامه‌زراندنی ده‌سته‌یه‌کی ڕاوێژکاریی بۆ کارکردن و به‌شداربوون، له پرۆژه‌ی
دانانی کتێبی کوردی بۆ زارۆکان، له نێوان 15/7/1989- 20/6/1990 درا[5]. ماوه‌یه‌ک
پێش ئه‌وه‌ش، کتێبی کوردی (کرمانجی سه‌روو) ئه‌م بخوینن Em Bixwinin، بۆ زارۆکان چاپ کرا. هه‌رچی کتێبه
به کوردی (کرمانجی خواروو- سۆرانی)، چ پرس و ڕاوێژێک به ئێمه نه‌کرا و ئه‌و ده‌سته‌ی
ڕاوێژکارییهش، که بۆ پرۆژه‌ی ئاماده‌کردنی کتێبان دامه‌زرێنرابوو، ته‌نێ له سه‌ر
کاغه‌ز بوو و من به‌ش به حاڵی خۆم، بێجگه له نامه‌ی بڕیاری دامه‌زراندنی ئه‌و ده‌سته‌یه،
که له نۆڤه‌مبه‌ری 1989دا به پۆست‌دا بۆم هاتبوو، نه که‌س بانگی کردم، بۆ به‌شداربوون
له دانانی کتێب‌دا و نه کۆمیته ساز کرا و نه هیچ. وا دیار بوو، له پشتی په‌رده‌وه،
کاره‌کان به جۆرێکی دیکه ئه‌نجام ده‌درێن. هه‌ر له‌و به‌ینه‌دا، مامۆستا سروه عه‌زیز،
ڕه‌شنووسی کتێبێکی بۆ ناردم، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ماشایه‌کی بکه‌م و سه‌رنجی خۆمی له سه‌ر
بده‌م. کتێبه‌که بێجگه له‌وه‌ی ڕه‌شنووس بوو، نه ناوی به سه‌ره‌وه بوو، نه وێنه‌ی
تێدا بوو، نه هیچ زانیارییه‌کی - وه‌ک بۆ چ پله‌یه‌کی خوێندنه و بۆ منداڵی چه‌ند ساڵانه
و ئه‌و شتانه- له باره‌وه نووسرابوو. ئه‌و ڕه‌شنووسه -وه‌ک دواتر زانیم- کتێبی
ڕاهێنانی "په‌لکه‌زێڕینه"بوو. واته: پێش ئه‌وه‌ی به کتێبی خوێندنه‌وه‌که‌دا
بچمه‌وه، من به کتێبی ڕاهێنانه‌که‌دا چوومه‌وه، چونکه سروه عه‌زیز خۆی له پێشدا
ئه‌وه‌ی بۆ ناردبووم و بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کیشی له‌گه‌ڵدا بێت، که شتی
وا هه‌رگیز نابێت و منیش به گوێره‌ی دیتن و بۆچوونی خۆم و تێگه‌یشتنم لێی، سه‌رنج
و تێبینییه‌کانم له نامه‌یه‌کدا بۆ سروه عه‌زیز نووسین و نامه‌که‌م بۆ نارد. ده‌قی
ئه‌و نامه‌یه له خواره‌وه وه‌ک خۆی بڵاو ده‌که‌مه‌وه و ناوی نامه‌ی یه‌که‌می لێ
ده‌نێم.
نامه‌ی یه‌که‌م:
خوشکی به‌ڕێز سروه خانم، سڵاو.
کتێبه‌که‌تم خوێنده‌وه، ده‌ستخۆشی و پیرۆزباییت لێ ده‌که‌م.
هه‌رچه‌نده من کتێبی خوێندنه‌وه‌که‌م نه‌خوێندووه‌ته‌وه و واپێده‌چێت ئه‌م کتێبه‌ش
ڕاهێنانی ئه‌و بێت، به‌ڵام ده‌توانم ئه‌م سه‌رنجانه‌ی خواره‌وه بخه‌مه به‌رچاو و
بێگومان بڕیاری سه‌ره‌تا و دوابڕیاریش هه‌ر هی خۆتانه. ل: بۆ لاپه‌ڕه دانراوه[6] :
- ئه‌گه‌ر کتێبه‌که بۆ
منداڵی بچووکه - هیچ نه‌بێ سه‌ره‌تاکه‌ی- ئه‌وا: من ناوم...، ده‌بێته گیروگرفت
و منداڵ ده‌بێ بنووسێت: من ناوم سه‌رکه‌وته، هێرۆیه، ئه‌و(ه) یه تۆزێک
ئاسان نییه. ئه‌گه‌ر هه‌ر بنووسرێت: ناو: ئازاد، سه‌رکه‌وت، هێرۆ، ڕه‌نگه
ئاسانتر بێت، ل:1.
- وشه‌ی (ئه‌وین) هه‌ر (ئه‌ڤین)ه‌که‌یه
و کوردی لای خۆمان و زێتر ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وایان لێ کردووه و ڕه‌نگه هه‌ر
به (ئه‌ڤین) بمێنێته‌وه باشتر بێت، ل:9، 18، 23، 24، 26، 41، 42، 45، 55،
73، 79، 81، 84، 89، 93.
- مه‌به‌ست له وشه‌ی(زار)
چییه؟ ل:5، 12، 22، 28، ئه‌گه‌ر به واتای (ده‌م) بێت، ئه‌وا: زارێکی ڕه‌ش،
ده‌مێکی ڕه‌ش، ڕه‌نگه باش نه‌بێت. ئه‌گه‌ر به واتای (زار)ی تاوڵه (نه‌رد)
بێت، ئه‌وا ده‌بێت.
- له بری وشه‌ی (به‌راز)،
وشه‌یه‌کی دیکه‌ی وه‌ک (مه‌ڕ)، ڕه‌نگه باشتر بێت، چونکه له کورده‌واریدا،
به‌راز هه‌ر به‌کار نابه‌ن و پێموانییه لێره‌ش(له ئه‌وروپا) له ماڵه کورددا،
به‌راز ئاسایی بێت! ل:12، 14.
- وشه‌ی (گوێ) بگۆڕدرێت به
وشه‌یه‌کی دیکه، چونکه (ێ)ی گوێ بۆ خۆی له (وێ Ö) دا هه‌یه و ده‌نگی (وێ
Ö)ییش
بۆ خۆی ده‌نگێکی سه‌ربه‌خۆیه، هه‌رچه‌نده ئه‌و پینهوپهڕۆیهی کوردییه
چاره‌سه‌ری ته‌واو نییه. ل:33.
- وشه‌ی(دان)، بکرێت به
(ددان) باشتره، چونکه ته‌نێ له سلێمانی ده‌گوترێت (دان) و ته‌واوی ناوچه‌کانی
دیکه‌ی کوردستان ده‌ڵێن(ددان، دران، دگان، دندان)، به‌ڵام (ددان) له هه‌موویان
باشتره. ل:35.
- (مه‌یمون) بکرێت به (مه‌یموون) واته: به (وو) بنووسرێت.
ل:8.
- (مه‌ڕه‌که زه‌رده)، ڕه‌نگه به‌کارهێنانی وشه‌ی (زه‌رد) بۆ
مه‌ڕ، هه‌ر ڕاست نه‌بێت، چونکه مه‌ڕی زه‌رد نییه. ده‌زانم له کتێبه‌کانی
لای خۆمانیش وا نووسراوه، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه. مه‌ڕ ده‌کرێ (ڕه‌ش، سپی، بۆر،
چار، په‌ر و...) بێت و شوان ئه‌وانه باشتر ده‌زانێت و ڕه‌نگه لێره‌ش خه‌ڵکی
پیر هه‌بن ئه‌وانه بزانن. ل: 39.
- (دارۆ) هه‌ر (دارا)یه. پێموانییه ناوی وا هه‌بێت. مه‌گه‌ر بۆ
خۆشه‌ویستی یا بچووککردنه‌وه بکرێت به (دارۆ). ل: 42، 55، 61، 84، 89.
- (تابان)، فارسییه و
بکرێت به ناوێکی کوردی باشتره. ل:47، 63.
- (نه‌نکم نان ده‌برژێنێت به ته‌نوور)، بکرێت به (نه‌نکم به
ته‌نوور نان ده‌کات) باشتره، چونکه وشه‌ی برژاندن بۆ (نان) زیاده‌یه و
فرمان(فعل Verb)یش له کوردی‌دا ده‌که‌وێته دواوه. ل:47.
- تیپی(ک، گ) به شێوه‌ی
فارسی بنووسرێن باشتره، نه‌ک به شێوه‌ی عه‌ره‌بی، که هه‌مزه‌یان له سه‌ره(ك).
ل:51، 57.
- س+ک= سک.
وشه‌ی (سک) ته‌نێ له سلێمانی به‌کار ده‌برێت، له بری ئه‌وه بگوترێ(زگ)، ڕه‌نگه
باشتر بێت، چونکه له هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان وا ده‌ڵێن. ل:53.
- وشه‌ی(بخوێنه‌ره‌وه،
پڕبکه‌ره‌وه، بخه‌ره و...)، بکرێن به (بخوێنه‌وه، پڕبکه‌وه، بخه و...)،
ڕه‌نگه باشتر بن. ل: 58، 61، 79، 80.
- گ+ڵا= گڵا، بنووسرێ(گه‌ڵا) باشتره نه‌ک (گڵا). ئه‌گه‌ر
له‌وێش مه‌به‌ست گ+ شتێکی دیکه بێت، ئه‌وا وشه‌ی (گه‌ڵا) لا ببرێت و بگۆڕدرێت
به وشه‌یه‌کی دیکه. ل:58.
- (ئاورنگ) بۆ خۆی
(ئاورینگ)ه. (ئاورینگ مانگا ده‌دۆشێ)، ڕاستتره، چونکه (دۆشین) به واتای
(شیردۆشین) دێت و ئه‌وه‌ش کاره‌که‌یه، که (دۆشین) بێت. واته: (شیر) له
گوانی مانگا یا مه‌ڕ ده‌رده‌کرێت و کاره‌که(العملیة) دۆشینی پێ ده‌گوترێت.
ل:59.
- (هۆ ڕێوی ڕێوی...)، ئه‌گه‌ر
به ته‌واوی بنووسرێت، ڕه‌نگه سوودی زیاتر بێت. ل: 63.
- (مقه‌ست) له (مقص)ی
عه‌ره‌بییه‌وه هاتووه و ڕاسته له قسه‌کردندا به‌کار ده‌برێت، به‌ڵام وشه‌ی
کوردی له بری(مقه‌ست) به‌کار ببرێت، بێگومان باشتره. ئه‌ڵبه‌ت وشه‌ی (قه‌یچی،
قاچی، دووێرد، دووێرده، دووێردک) کوردین و به واتای (مقه‌ست) دێن. ل:65.
- (ته‌له‌ڤیزیۆن) یا (ته‌له‌ڤزیۆن)
ڕاستترن له (ته‌له‌فیزیۆن)، چونکه ئێمه لای خۆمان وشه‌که به عه‌ره‌بی به‌کار
ده‌به‌ین و له به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب (ڤ)یان نییه، ده‌یکه‌ن به(ف) و ئێمه‌ش
هه‌ر له سه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌یه ڕۆیشتووین. ل:73، 83.
- (جادووگه‌ر) به (وو)
باشتره له (جادوگه‌ر) به (و). ل:76.
- (نه‌نکم شیری مانگا ده‌دۆشێ)،
ڕاست نییه و بگوترێ (نه‌نکم مانگا ده‌دۆشێ)، چونکه کورد وا ده‌ڵێ. ل:79.
- (بۆیه‌چی، ڕاوچی)، ئه‌و
پاشگری (چی)یه، له تورکییه‌وه هاتووه. بۆ (ڕاوچی، ل:84) "گۆران"ی
شاعیر، (ڕاوکه‌ر)ی به‌کار هێناوه. گۆران ده‌ڵێ:
چاوی نووقاند پرخه‌پرخ نووست تا ڕاوکه‌ر وتی پخ
23. (حاجی له‌ق له‌ق) بکرێت به (حاجی له‌قله‌ق) باشتره.
ل:85، دێڕی:10، 12، 14.
24. وشه‌ی (ئێڤه)
هه‌ڵه‌یه و ڕاستییه‌که‌ی (ئێڤا)یه. ڕه‌نگه لێره خه‌ڵکی کوردیش هه‌بن ناویان (ئێڤا)بێت، به‌ڵام (ئێڤا)
کوردی نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌م (ئێڤه)یه‌ی ئه‌م وانه‌یه بۆ خۆی سوێدییه، ئه‌وا قه‌یدی
نییه، به‌ڵام ده‌بێ بکرێت به (ئێڤا)، خۆ ئهگهرکوردیشه ئه‌وا بکرێت به ناوێکی
دیکه باشتره.ل: 98.
25. ته‌واوی کرمانج و کوردی تورکیا و سووریا و سۆڤیێت و
ئێرانیش - به کاریگه‌ریی فارسی- ده‌ڵێن (سوێد). (سوید) کوردی عیراق ده‌یڵێن و به
کاریگه‌ریی عه‌ره‌بی. ڕه‌نگه (سوێد)ه‌که جوانتر بێت.
سه‌رکه‌وتنت ده‌خوازم.
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی 2/11/1989
دوو سێ مانگێک دوای ئه‌و ڕاهێنانی په‌لکه‌زێڕینه‌یه و وه‌ڵامه‌که‌ی
من، کتێبێکی دیکه‌م له مامۆستا سروه عه‌زیزه‌وه بۆ هات، بۆ پێداچوونه‌وه. ئه‌مجاره‌یان
کتێبی خوێندنه‌وه‌ی په‌لکه‌زێڕینه بوو. ئه‌میش هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشوو، هیچ زانیاری
و پله و شتێکی وای له‌گه‌ڵدا نه‌بوو و وه‌ک جاری پێشوویش ڕه‌شنووس بوو. ئه‌مجاره‌شیان
پێیدا چوومه‌وه و تێبینی و سهرنجگهلێکم، که هه‌بوون کردمن به نامه‌یه‌ک و بۆ
سروه عه‌زیزم نارد. وا له خواره‌وه وه‌ک خۆی ده‌قه‌که‌ی بڵاو ده‌که‌مه‌وه و
ناوی نامه‌ی دووه‌می لێ ده‌نێم.
نامه‌ی دووه‌م:
به‌ڕێز سروه خانم، ڕێز و سڵاوم.
پاش خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ت، ئه‌م سه‌رنجانه‌ی خواره‌وه‌م
هه‌بوون، هیوادارم ئه‌گه‌ر سوودمه‌ندیش نه‌بن، بڕێک ڕووناکی بخه‌نه سه‌ر کاره‌که
و بواری ده‌مه‌ته‌قه و لێوردبوونه‌وه له کارێکی وادا، به‌رین و به‌رفراوانتر بکه‌ن.
ل: بۆ لاپه‌ڕه دانراوه[7]:
ل:1، 3، 5، 6:
- هه‌ر وه‌ک بۆ کتێبه‌که‌ی
دی نووسیبووم، من وشه‌ی (دارۆ)م پێ جوان نییه. وشه‌که به ئه‌سڵ(دارا)یه.
(دارۆ) له کوردی‌دا به واتای(هه‌یه، هه‌یه‌تی) دێت و ئه‌گه‌ر ببێت به(داڕۆ)
ده‌کاته: ده‌رمانی حه‌مام. زۆرجاران و زۆر منداڵ (ر)ی سووک به (ڕ) ده‌خوێننه‌وه.
- ڕاسته لای خۆمان وشه‌ی
(قوتابخانه) ڕۆیشتووه و باوه، به‌ڵام وشه‌یه‌کی خۆش نییه و له (کتابی
خانه)وه هاتووه، واته: (ئه‌هلی کیتاب) و (خانه)که‌یش به واتای: (جێی ئه‌وان).
ئه‌و (ک)هیش هه‌ر له هیچه‌وه بووه به (ق)، وه‌ک چۆن کرمانجی باکووری کوردستان
ده‌یگۆڕن. پێموایه وشه‌ی (فێرگه) بۆ پله‌ی سه‌ره‌تایی باشه و (خوێندنگه)یش
بۆ ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی و بڕێک سه‌ره‌وه‌تریش باشه.
ل:2، 3، 8، 16:
- من (ئه‌ڤین)م له (ئه‌وین)
پێ باشتره.
- پێموایه سوێدی ناڵێن
(ئێڤه)، به‌لکه ده‌ڵێن (ئێڤا)، جا که وا بێت بۆچی (ئێڤا) نه‌بێت؟
- مادام (خه‌ت خه‌تێن)
واتایه‌ک ده‌دات و یه‌ک وشه‌یه، وا چاکه به سه‌ر یه‌که‌وه بنووسرێت، به‌م
شێوه‌یه(خه‌تخه‌تێن).
ل:9: بۆ له بری وشه‌ی (به‌راز) وشه‌ی (قاز) یا
(ساز)، که ئامێرێکی مۆسیقایه یا (هاز)، که گیایه‌کی کێوییه و چێشتی لێ دروست ده‌کرێت،
یا (پیاز) نه‌بێت؟ چونکه (به‌راز) سه‌رباری ئه‌وه‌ی، که ناپه‌سه‌ند و ناشیرینه،
له نێو کوردیش‌دا خۆشه‌ویست نییه.
ل:10: که ده‌ڵێی (که‌و له سه‌ر
شاخ ده‌ژی...)، مرۆڤ وا تێده‌گات، که (که‌و) ته‌نێ له سه‌ر لووتکه‌ی شاخ ده‌ژین
و له لاپاڵ و دۆڵدا ناتوانن بژین! پێموایه (که‌و) له ناوچه‌ی شاخاوی ده‌ژین، نه‌ک
ته‌نێ(له سه‌ر شاخ).
ل:11: وشه‌ی (مۆز) دووباره‌یه و
له ل9 دا هاتووه، که له باره‌ی تیپی (ز)وه‌یه. ڕه‌نگه له ل 11 دا وشه‌یه‌کی
دی که (ۆ) ی تێدا بێت، دابنرێت، باشتر بێت، وه‌ک (جۆ)، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌که وشه‌یه‌کی
نوێ به‌و تیپه فێر ببێت.
ل:13: وشه‌ی (پایز) بکرێت به
(پاییز) و (گه‌یوه) بکرێت به (گه‌ییوه).
ل:14، 25: (سوید) بکرێت به (سوێد)،
(ماتۆڕ) نییه و (ماتۆر)ه. له بری وشه‌ی (ماتۆڕ) وشه‌یه‌کی دیکه، که به (ڕ) ته‌واو
ده‌بێت، دابنرێت ڕه‌نگه باشتر بێت. بۆ نموونه (ده‌ستاڕ)، که له کورده‌واریشه‌وه
نێزیکه، یا (بازاڕ) یا (باژێڕ)، که به واتای: بازاڕ و شاریش دێت، یا شتێکی دیکه.
ل:15: ڕه‌نگه وشه‌ی (ناو) ی:
(ماسی له‌ناو ئاودا ده‌ژی)، زیاده بێت و پێویست نه‌کات.
ل:16: 1. پێموایه له نێوان بووکی ڕاسته‌قینه و بووکی
یاریدا، جیاوازیی هه‌یه یا ده‌بێ هه‌بێت. بووکی یاری زێتر (بووکه‌شووشه و بووکڵه)ی
پێ ده‌ڵێن. ڕه‌نگه به‌کارهێنانی یه‌کێ له‌وانه کاره‌که ئاسانتر بکات و بووک و
بووکه‌شووشه له یه‌ک جیا بکاته‌وه. ئه‌و شتانه‌ش، که منداڵ گه‌مه‌یان پێ ده‌کات،
ده‌کرێت وشه‌ی "له‌یستۆک"یان بۆ به‌کار ببرێت.
- ده‌کرێ وشه‌ی (توو)یش له‌گه‌ڵ
ئه‌و وشانه‌دا بنووسرێت، چونکه دارتوو له کوردستان زۆره و کوردیش توو چاک
ده‌خوات.
ل: 21، 44: (ته‌له‌فون) بکرێت به (ته‌له‌فۆن).
ل: 22: 1. (مه‌یمون)ی دێڕی 4 بکرێت به (مه‌یموون).
- له بری وشه‌ی (مۆز)، که
له شوێنی دیکه‌شدا به‌کار هاتووه، وشه‌ی دیکه به‌کار بهێنرێت چاکتره. وه‌ک
(مشک، مار، مانگا، مێرووله، مایین، مریشک، مانگ، مه‌شکه).
ل: 23: باشه (ئاڵاکه‌ت) لابردووه، به‌ڵام به ڕاستی
ئه‌م (من منداڵم)هیش زۆر ناڕێکه و کێش و مۆسیقای له‌نگه. ده‌کرێ له بری ئه‌وه
شیعرێکی دیکه دابنرێت، که بۆ یا به سه‌ر یا به زمانی منداڵه‌وه گوترابێت و پێشموایه
له‌و بابه‌تانه زۆر هه‌ن، بۆ نموونه:
ئێمه منداڵی جوانین ئاواتی نیشتمانین
شادمان و کامه‌رانین که نه‌وه‌ی کوردستانین
ڕۆڵه‌ی خاکی پیرۆزین
بۆیه هێنده به سۆزین
ئه‌و شیعره وه‌ک گۆرانییش هه‌یه. ئه‌ڵبه‌ت من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی
لێ ده‌زانم، به‌ڵام بۆ خۆی زیاتره. ئه‌گه‌ر هه‌وڵده‌ی ڕه‌نگه ده‌ستت بکه‌وێت.
ل:24: پێموایه وشه‌ی (سه‌ربان)
هه‌ڵه‌یه‌کی بڵاوبووهوهیه، چونکه سه‌ر= بان.
وشه‌ی (بان) له گه‌رمیان به‌کار ده‌برێت و که ده‌ڵێن (له بان مێزه‌که) واته:
(له سه‌ر مێزه‌که) یا که ده‌ڵێن (بانی خانوو) واته: (سه‌ری خانوو) یا (به بان
چاو) واته: (به سه‌ر چاو). بێجگه له‌وه‌ش زۆر نووسه‌ری گه‌وره‌م دیتووه، که بۆ
وشه‌ی (سه‌ربان) هه‌ر ده‌نووسن (بان).
ل:26: وشه‌ی (کاتێ) زیاده‌یه، (که
له کوردستان بووم...) باشتره. (هه‌ڵوژه) بکرێت به (هه‌ڵووژه).
ل:27: (تابان) فارسییه، بکرێت به
(تارا، ته‌وار، ته‌روو...) باشتره.
ل:31: له بری (سابوونی ڕه‌قی)
من (نانه‌ڕه‌قه)م بیستووه، واته: ته‌نێ سه‌ردێڕه‌که و یه‌که‌م به‌یت ده‌گۆڕدرێت
و وای لێ دێت: (نانه‌ڕه‌قه پشتهتهقه). پێموایه به‌م شێوه‌یه‌یش باشتر له‌گه‌ڵ
کێشی شیعره‌که‌دا ده‌گونجێت. من خۆم به منداڵیی ئه‌و یارییه‌م کردووه. دوو منداڵ
پشت ده‌که‌نه یه‌کتر و قۆڵ له قۆڵی یه‌کتر ده‌که‌ن و یه‌کێکیان داده‌چه‌مێته‌وه
و یه‌کێکیان به‌رز ده‌بێته‌وه و ئه‌وجا ئه‌وی دی داده‌چه‌مێته‌وه و ئه‌وی دی به‌رز
ده‌بێته‌وه و به‌و جۆره یه‌کدی له سه‌ر پشتی خۆیان هه‌ڵده‌گرن و له‌گه‌ڵ هه‌ر
داچه‌مینه‌وه و بهرزبوونهوهیهکدا یه‌کێکیان یه‌که‌م به‌یت ده‌ڵێ و ئه‌وی دی
دووه‌م به‌یت. ئه‌گه‌ر وێنه‌یه‌کی وای بۆ دابنێی باشه.
ل:35: (ئاورنگ) بکرێت به (ئاورینگ)
یا (ئاونگ).
ل:36: (پیشانی) بکرێت به (پێشانی)،
که له (پێنیشاندان)ه‌وه هاتووه، نه‌ک (پینیشان). وشه‌ی (لێ ی) بکرێت به (لێی)
و به‌سه‌ریه‌که‌وه بنووسرێت.
ل:41: (یاری مان) بکرێت به (یاریمان).
(له‌به‌رده‌می) بکرێت به (له‌به‌ر). (له به‌ر بارانه‌که یارییان ده‌کرد؟) بکرێت
به (له به‌ر باران یارییان ده‌کرد؟)، چونکه وشه‌ی (بارانه‌که) له‌وێ یه‌ک
بارانی ده‌ستنیشانکراو دیاری ده‌کات و ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام (باران) به گشتییه.
(نا، له‌به‌ر بارانه‌که یاریمان نه‌ده‌کرد) ئه‌و (بارانه‌که)یه بکرێت به
(باران).
ل:45: 1. (من به فڕۆکه هاتم بۆ
سوید،..)، (سوید)ه‌که‌ی بکرێت به (سوێد) و ئه‌و فاریزه(،) هیه بکرێت به
(.)خاڵ(نوخته).
- (کاتێ شه‌ش ساڵ بووم..)
بکرێت به (ئه‌و کاته شه‌ش ساڵان بووم)، چونکه کورد ده‌ڵێ (شه‌ش ساڵان
بووم) یا (ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵ بوو)، یا بکرێت به (کاتێک که شه‌ش ساڵان بووم)
یا (که شه‌ش ساڵان بووم) یا (که ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵ بوو) و ئه‌و ڕسته‌یه‌ش
بخرێته پێش (من به فڕۆکه هاتم بۆ سوێد).
ل:46: (جادوگه‌ر) بکرێت به
(جادووگه‌ر).
ل:50: 1. (به‌رخ ئاژه‌ڵێکی ماڵی یه..)،
ڕسته‌که ڕاسته، به‌ڵام به‌رخ بۆیه ماڵییه، چونکه دایکی، که (مه‌ڕ)ه ماڵییه.
وه‌ک ئه‌وه وایه بڵیی: (تووتکه ئاژه‌ڵێکی ماڵییه) یا (بهچکهپشیله ئاژه‌ڵێکی
ماڵییه) یا (جاشه‌که‌ر ئاژه‌ڵێکی ماڵییه) یا (جووجه‌ڵه باڵنده‌یه‌کی ماڵییه)،
ئه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌گ و پشیله و که‌ر و مریشک ماڵی نه‌بن، تووتکه‌سه‌گ و بێچووهپشیله
و جاش و جووجه‌ڵه، ماڵی نابن، به‌ڵام تۆ مه‌به‌ستت (خ)ه‌که‌یه، ده‌نا تۆزێک
لاوازه.
- (دارخورما) بکرێت به
(خورما).
ل:51، 59: 1. (هه‌ندێ جار خه‌ویان..)،
(هه‌ندێ جار له خه‌ومدا..)، وشه‌ی (خه‌و)، که بۆ (حلم)ی عه‌ره‌بی و (Dream)ی ئینگلیزی و (Dröm)ی سوێدی دانراوه، بکرێت به (خه‌ون)،
چونکه (خه‌ون، ده‌کاته:Dream، Dröm)، به‌ڵام (خه‌و) ده‌کاته (خه‌وتن،
نووستن، ڕازان). بێگومان هه‌ر خه‌ڵکی مه‌هابادیش بۆ خۆیان وا ده‌ڵێن. بێجگه له‌وه‌ی،
که له نووسیندا (خه‌ون) و (خه‌و) له یه‌ک جیا ده‌کرێنه‌وه. عه‌ره‌ب (نوم و
حلم) به‌کار دێنن و له کوردیی‌شدا (خه‌و و خه‌ون) هه‌ن.
- (هه‌ندێ جار له خه‌ومدا
ده‌فڕم بۆ لایان..)، پاش گۆڕینی (له خه‌ومدا) بۆ (له خه‌ونمدا)، (له خه‌ونمدا)
هه‌ر بکرێت به (له خه‌وندا) باشتره.
ل:54: (ئێمه له‌سه‌رت ناکه‌ین!)،
نازانم مانای چییه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست یارمه‌تیدان و هاریکاریکردن و کۆمه‌ک بێت، ئه‌وا
کورد ناڵێ(له سه‌رت ناکه‌ین) به‌ڵکه ده‌ڵێ: له سه‌رت ناکه‌مه‌وه! له سه‌رت ناکه‌ینه‌وه!
له سه‌ری ده‌که‌مه‌وه! له سه‌رم ده‌کاته‌وه! له سه‌ری کردمه‌وه! له سه‌رمی کرده‌وه!
له سه‌رمانیان کرده‌وه! له سه‌ریان ده‌که‌ینه‌وه! له سه‌رتان ده‌که‌ینه‌وه!
ئیدی به‌و جۆره.
ل:56: من ئه‌و شیعره فۆلکلۆرییهم
به‌م شێوه‌یه بیستووه:
حاجی له‌قله‌ق مار هات
ماری زهنگڵهدار هات
حوشتر به قه‌تار هات
هه‌م درێژه‌ی هه‌یه، به‌ڵام من نایزانم. دیاره به شێوه‌یه‌کی
دیکه‌ش بیستوومه:
حاجی له‌قله‌ق ده‌نووک ته‌قته‌ق
کیسه و که‌مه‌ر یا پێغه‌مه‌ر
پێموایه (ماری سه‌وز و سوور هات) له‌گه‌ڵ کێشی (حاجی له‌قله‌ق
مار هات)دا، ڕێک نییه. بێجگه له‌وه‌ش دوو به‌یته‌که‌ی دوایی له تازه‌بابه‌ت ده‌چن.
ل:59: (دایکی له ده‌نگی زۆزان ڕاچه‌نی..)
بکرێت به (دایکی له ده‌نگی زۆزان ڕاچه‌نی و وتی:). (دایکی پرسیاری کرد:- کام بووکه؟)،
(کام بووکه؟) بکرێت به (کام بووک؟).
ل:61: (که‌چی ڕۆژێکیان دار گوێزه‌که
گه‌ڵاکانی وشک بوو و وه‌ری) بکرێت به (که‌چی ڕۆژێکیان گه‌ڵاکانی/گه‌ڵای دارگوێزه‌که
وشک بوونه‌وه و وه‌رین).
ل:62: دوای (ژیایه‌وه) و (گه‌ڵای
ده‌رکرد) فاریزه (،) دابنرێت. دوای (گوێزی زۆری گرت) خاڵ/نوخته(.) دابنرێت.
ل:64: (..بڕوایان پێ نه‌کرد..وه‌که‌س
به ده‌نگی یه‌وه نه‌چوو) بکرێت به (بڕوایان پێ نه‌کرد و که‌س به ده‌نگییه‌وه
نه‌چوو). به‌کارهێنانی (وه) له کوردی‌دا ڕاست نییه و ئه‌وه به‌کارهێنانێکی عه‌ره‌بییه،
چونکه عه‌ره‌ب ده‌ڵێن:(و، به فه‌تحه‌که‌ی سه‌رییه‌وه)، که ده‌کاته (وه) به کوردی.
واته: فه‌تحه‌ی عه‌ره‌بی ده‌کاته (ه)ی کوردی. بۆ نموونه: (القلم و الکتاب) ئه‌گه‌ر
کورد بیکات به (قه‌ڵه‌م وه کتێب) ئه‌وه هه‌ڵه‌یه و ده‌بێ ببێته (قه‌ڵه‌م و کتێب).
بێجگه له‌و سه‌رنجانه‌ی سه‌ره‌وه، چه‌ند تێبینییه‌کی
گشتیشم هه‌ن:
- کتێبه‌که چ ناوێکی به
سه‌ره‌وه نه‌بوو. ڕه‌نگه خراپ نه‌بێت ئه‌گه‌ر ناوێکی نوێی بۆ بدۆزرێته‌وه،
که تا ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی منداڵدا بگونجێت.
- پێموایه ده‌کرێ له بری
ئه‌و ناوه سوێدییانه، که نووسیوتن ناوی دیکه‌یش دابنرێن، بۆ نموونه ناوی
خه‌ڵکی دیکه‌ی ناسوێدی، که له سوێد ده‌ژین.
- ئه‌گه‌ر له پاڵ وشه‌ی
ته‌نیا و سه‌ربه‌خۆکاندا، وێنه هه‌بێت زۆر باشه.
- وشه‌ی وه‌ک (لێ ی)، (گوێ
ی)، (جێ ی)، (کێ ی)، (ده‌نگی یه‌وه) و....، پێکه‌وه بنووسرێن، به لای منه‌وه
چاکتره. واته: بکرێن به (لێی، گوێی، جێی، کێی، ده‌نگییه‌وه) بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر
له سه‌ره‌تاوه منداڵ بیزانێت و فێری بێت و بێجگه له‌وه‌یش ئاسانتره به سه‌ریه‌که‌وه
بنووسرێن.
- (ڕ) ئه‌گه‌ر له پێشه‌وه‌یش بێت، هه‌ر به (ڕ) بنووسرێت، واته:
حه‌وته‌که‌ی/ کڵاوه‌که‌ی بۆ بکرێت، چونکه بۆ منداڵ ئاسانتره جیاوازی له نێوان
(ر) و (ڕ)دا بکات، به‌ڵام (ڕ)ی بێحهوتی/ بێکڵاوی پێشه‌وه و (ڕ) حهوتداری/ کڵاوداری
ناوه‌ڕاست و دواوه، که هه‌موویان(ڕ) بن و یه‌کێک حه‌وتی/ کڵاوی نه‌بێت و یه‌کێک
هه‌یبێت، منداڵ تووشی سه‌رلێشێوان ده‌کات و ده‌پرسێ بۆ؟ و له ڕووی ڕاستییشهوه
ده‌بێ(ڕ)ی قه‌ڵه‌و له هه‌ر کوێ بێت، پاش، پێش و ناوه‌ڕاست، هه‌ر قه‌ڵه‌و بێت.
- پێموایه تێکسته‌کان که‌من
و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ کتێبه‌که‌ی (ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار) و ئه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵه
و دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئه‌وه‌ی ئێران‌دا به‌راورد بکرێ، ئه‌وان تێکستیان
زۆرتره. بێگومان زۆریی تێکست و وشه‌ی جۆراوجۆر، گه‌نجینه‌ی وشه لای منداڵ زیاد
ده‌کات.
- شێوه‌ی کتێبه‌که و داڕشتنی
زۆر له (ئه‌م بخوینین Em bixwinin)ی کرمانجی ده‌چێت. شیکردنه‌وه‌ی ڕسته بۆ بڕگه‌ی
بچووک بچووک و ده‌نگ، کارێکی باشه، به‌ڵام پێموایه، کرمانجه‌کان له‌و بواره‌دا
ئه‌زموونێکیان نییه و هه‌ر شتێکیشیان هه‌بێت، ته‌نێ تاقیکردنه‌وه‌ی سوێده.
- له بری ئه‌و شیعره‌ی، که
له سه‌ر زستان و نه‌ورۆز نووسراوه و هی (ن. ئه‌یار) ناوێکه و له کتێبه‌که‌ی
کۆمه‌ڵه‌دا هه‌یه، ده‌کرا شیعری باشتر هه‌ڵبژێریت له باره‌ی نه‌ورۆزه‌وه،
بۆ نموونه ئه‌وه‌ی، که ڕه‌فیق چالاک به گۆرانی ده‌یگوت:
جه‌ژنه جه‌ژنی کوردستانه جه‌ژنی
نه‌ورۆزه
به تیشکی ئاگر ده‌نووسم جه‌ژنه
پیرۆزه
ده‌کرێ زۆرتر شیعری منداڵانه بخرێنه نێو لاپه‌ڕه‌کانه‌وه،
به تایبه‌ت شیعری شاعیری مه‌زن و ناسراو، وه‌ک: گۆران، بێکه‌س(فایه‌ق)، هه‌ژار و
زۆری دیکه، بۆ نموونه: که‌روێشک له ناو لانه...،که هی گۆرانه.
- ئه‌گه‌ر، له کۆتایی کتێبه‌که‌دا،
پاشکۆیه‌ک وه‌ک فه‌رهه‌نگۆک هه‌بێت، باشه، چونکه مادام بۆ منداڵی کوردی موکریان،
سلێمانی، سنه، هه‌ولێر، که‌رکووک، کرماشان، خانه‌قین، کۆیه، سه‌قز، ورمێ و
شوێنانی دیکه‌یه، ده‌بێ هه‌ندێ وشه لێکبدرێنه‌وه و به زاراوه‌یه‌کی دیکه‌ش
بنووسرێن. بۆ نموونه، شووتی، سک، یاپراخ، پوول، مانگا، ساج، قارچک و زۆری دیکه‌ش.
ئه‌ڵبه‌ت نه‌ک هه‌ر منداڵ، به‌ڵکه مامۆستاکه‌ش سوودی لێ وه‌رده‌گرێ، چونکه
ئه‌ویش ڕه‌نگه هه‌ندێ وشه ته‌نێ به زاراوه‌که‌ی خۆی زێتر به هیچی دیکه نه‌یزانێت
و نموونه‌یش بۆ ئه‌وه زۆره! له کۆتاییشدا هیوام سه‌رکه‌وتنته.
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی 12/2/1990
دوای ماوه‌یه‌ک ئه‌و دوو ڕه‌شنووسه‌ی، که من پێیاندا
چوومه‌وه، کران به کتێب و له سه‌ر ئه‌رکی کارگێڕیی خوێندنگه‌کان چاپ کران.
دواتر، په‌لکه‌زێڕینه، چه‌ند کتێبی دیکه‌ی وه‌ک: ڕه‌زبه‌ر و گه‌ڵاڕێزان و شتی دیکه‌یشی
به دوادا هاتن و چاپی دووه‌م و سێیه‌میش کرانه‌وه. له‌م وڵاته و دیاره له هه‌موو
شوێنێکی جیهانیشدا هه‌ر وایه، پێوه‌ند و ناسیاوی و نێزیکایه‌تی که‌سێتی و خۆنێزیکخستنهوه
له ده‌سه‌ڵات و کاربه‌ده‌ستان، ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت. هه‌ر بۆیه‌ش کاره‌کان، که ده‌بوو
کۆمێتهیهکی پێکهاتوو له کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێکی تا ڕاده‌یه‌ک بڕێک شاره‌زا، ئه‌نجامی
بده‌ن، گۆڕدرا و به تاقه یه‌ک که‌س سپێردرا. تاککاریی جێی کۆکاریی و هه‌ره‌وه‌زی
گرته‌وه. مامۆستا سروه عه‌زیزیش، که ئیدی بوو به خودانی پرۆژه‌که، گوێی، دیاره
نه‌ک هه‌ر بۆ سه‌رنج و تێبینییه‌کانی من، به‌ڵکه بۆ ئه‌وانه‌ی مامۆستا پشکۆ نه‌جمه‌ددین
و مامۆستا حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌نیش، ڕانهدێراوه و شتاقیشیانی ڕه‌چاو نه‌کردوون.
گومانیش له‌وه‌دا نییه، پرۆژه‌یه‌کی له‌و جۆره، ئه‌گه‌ر کۆیه‌تی و به کۆمه‌ڵ کرابا
و تاکه‌که‌سی نه‌بووایه، گه‌لێک ڕێکوپێکتر و له‌بارتر ده‌بوو، وه‌ک له‌وه‌ی که
بوو، و دۆی داده‌ش هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه نهدهترنگا، به‌ڵکو دهخهستا و بهتامتریش
ده‌بوو.
دیسه‌مبه‌ری 2000
[1] له گه‌رمیان له بری وشه‌ی"ڕوون"، وه‌ک پێچه‌وانه‌ی وشه‌ی"خه‌ست"،
وشه‌ی"ترنگ" هه‌یه. نگ"ng"، وه‌ک"ng"ی سوێدی و ئینگلیزی. ده‌گوترێ:
شله‌یه‌کی خه‌ست، دۆیه‌کی خه‌ست و خۆشاوێکی خه‌ست. پێچهوانهکانیشیان: شله‌یه‌کی
ترنگ، دۆیه‌کی ترنگ و خۆشاوێکی ترنگ. له "هه‌نبانه‌بۆرینه"ی هه‌ژاری
موکریانی، "فه‌رهه‌نگی خاڵ"ی شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵ و
"کوردستان"ی گیوی موکریانیشدا، وشه‌ی "تراو"، هاتووه، که ده‌کاته:
شتی زۆر شل و ڕوون، که به‌شی ئاوی زۆرتر بێت، به‌رانبه‌ر به خه‌ست. ئه‌و
"تراو"ه ده‌کاته: تێراو و هه‌ر واتای وشه‌ی"ترنگ" ده‌دات.
[2] له‌و که‌سانه‌ی، که له‌و جڤینه‌دا به‌شدار بوون، سیڤ نووردێل، وه‌ک سه‌رپه‌رشتیکه‌ری
جڤینه‌که، ئه‌میری قازی، به‌ختیار ئه‌مین، فه‌رهاد شاکه‌لی، مارتین(موحه‌ممه‌د)فه‌ره‌ج،
خانمێک به ناوی ڕوقییه(مخابن پاشناویم وه‌بیر نایه‌ته‌وه)، مامۆستا عه‌زیز(مخابن
پاشناویم وه‌بیر نایه‌ته‌وه) و خۆم(ئه‌مجه‌د شاکه‌لی).
[4] به به‌شداربوونی: مای بێییهر، سیڤ نووردێل، حه‌سه‌ن ده‌رویش،
"ی سکووگمانJ Skogman " و ئا. ههسبهری.
[5] به گوێره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ش ده‌بوو
ئه‌و ده‌سته‌یه له‌م که‌سانه پێک بێت: سروه عه‌زیز، مه‌کی دالابا، ئیمرا ئهلیاجک،
ئاسۆ گه‌رمیانی، حه‌سه‌ن قازی، حه‌یده‌ر ئۆتلو، سه‌بیحه ئۆتلو، موسته‌فا ئوزون و
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی. ئه‌م ده‌سته‌یه له مامۆستایانی کوردیی کرمانجی سه‌روو و
کرمانجی خواروو پێکهاتبوو.
No comments:
Post a Comment