خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێی 14ی ته‌ممووزی 1958ی عیراق
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
زۆرجاران دیمه‌نێک،
ئاوازی گۆرانییه‌ک، مۆسیقایه‌ک، ده‌نگێک، سیما و ڕوومه‌تێک، ڕه‌نگێک، شوێنێک، که‌سێک،
بزه‌یه‌ک، چپه‌یه‌ک، ساتێک و شتی دیکه‌ش ده‌بنه هۆی بزواندنی هه‌ست و مرۆڤ ده‌به‌نه‌وه
دواوه و ده‌یگێڕنه‌وه بۆ سه‌رده‌مێک، که وه‌ک یادگاری و مێژوو به‌سه‌ر ده‌کرێته‌وه.
وه‌رگێڕانی کتێبه‌که‌ی دۆکتۆر شاکر خه‌سباک (کورد و مه‌سه‌له‌ی کورد) بزوێنه‌رێک
بوو و ئه‌و جۆره هه‌سته‌ی پێ به‌خشیم. ئێستاش وا ده‌زانم دوێنێیه، به‌ره‌به‌یانی
14ی ته‌ممووزی1958، پشووی هاوین بوو، پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تاییم ته‌واوکردبوو و بۆ
پۆلی سێیه‌م ده‌رچووبووم. له شاکه‌ل(گونده‌که‌ی خۆمان) و له ماڵی خۆمان و له یه‌کێک
له ژووره یه‌ک له‌نێو
یه‌که‌کاندا نووستبووم - شه‌وانی هاوین له نێو حه‌وشه‌دا
و له بن دارگهزهکاندا ده‌نووستین، به‌ڵام ده‌مه‌وبه‌یانیان به تایبه‌ت، که ئیدی
خۆر هه‌ڵده‌هات، هه‌ر یه‌کسه‌ر گه‌رم ده‌بوو و مێشیش هێرشیان ده‌هێنا، ئیدی ده‌بوو
مرۆڤ خۆ بگه‌یه‌نێته ژوورێ و هیچ نه‌بێ بۆ ماوه‌یه‌کی دیکه‌یش درێژه به خه‌وی
بن سێبه‌ر بدات-
له ده‌نگی کاکه کاکه‌ی ئه‌نوه‌ری برام، که له من گچکه‌تر بوو، بێ‌دار بوومه‌وه.
که چاوم کرده‌وه، به قژه زه‌رده سپی باوه‌که‌یه‌وه ڕاوه‌ستابوو و به ده‌نگێکی
منداڵانه گوتی: کاکه ده‌زانی چی! گوتم: چی! گوتی: سه‌بره
بووه، جمبوورییه! سه‌بره (سه‌وره- ثورة) واته: شۆڕش و جمبووری (جه‌مهووری-
جمهوریة)ش، واته: کۆماریی. ئیدی که هه‌ستام، ئه‌و پێشم که‌وت و به هه‌ڕا چووین
بۆ دیوه‌خان(ژووری میوان)، که 20-30 میتر له ژووره یه‌ک له ناو یه‌که‌کانه‌وه،
که پێمان ده‌گوتن نیشتمان، دوور بوو. که چوومه ئه‌وێ، باوکم ڕادیۆ "پای"ه
سووره‌که‌ی دانابوو و گوێی ده‌دایه. ئه‌و جۆره ڕادیۆیه باترییه‌کی زلی پێوه ده‌به‌سترا
و وایه‌رێکی درێژیشی پێوه گرێ ده‌درا، که سه‌ره‌که‌ی دیکه‌ی له بانی خانووه‌که،
به سه‌ری دارێکی درێژه‌وه له بانه‌که دهچهقێنرا و قایم ده‌کرا، ده‌به‌سترا.
ئه‌و ڕادیۆیه ساڵانی دواتر، ناوی کهروجاشیان لێ نابوو. ئه‌وده‌مه ئه‌و ڕادیۆیانه
باو بوون و هه‌ندێک خه‌ڵک هه‌یانبوو. قسه‌که‌رانی نێو ڕادیۆکه، ده‌یانقیڕاند و دهیانشیڕاند
و هاوارهاواریان بوو و مۆسیقا و سروودی نیشتمانی ده‌بیسترا. لام وابێ سه‌عات حه‌وت
و حهوتونیوی به‌یانی بوو. وه‌ک بیرم بێته‌وه، چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ش له‌گه‌ڵ باوکمدا
دانیشتبوون و گوێیان له هاتوهاواری ڕادیۆکه ده‌گرت. له نێوان خۆیاندا باسی ئه‌و
ڕووداوه‌یان ده‌کرد. باوکم ئه‌و گۆڕانه‌ی پێ باش بوو و پێده‌چوو هه‌م ئه‌و و هه‌م
ئه‌وانی دیکه‌ش، که له‌وێ بوون، به‌و باره نوێیه، دڵخۆش بن. ئه‌وه‌ی که له‌وانم
ده‌بیست و وا دیار بوو لێی تێگه‌یشتبن ئه‌وه بوو، که ئیدی ڕێژیمی پاشایه‌تی نامێنێت
و ده‌بێته کۆماری و هه‌موو خه‌ڵک وه‌ک یه‌ک ده‌بن و چ جیاوازییه‌ک له نێوان مرۆڤێک
و مرۆڤێکی دیکه‌دا نامێنێت. ئه‌وه یه‌که‌م تێگه‌یشتنی منی ئه‌و کاته منداڵ و ئه‌و
خه‌ڵکه بوو، له‌و جمبووری و سهبرهیه. پێموایه که‌س به ڕێکوپێکی نه‌یده‌زانی،
ئه‌و باره به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوا و به چ ئه‌نجامێک ده‌گات. هه‌ر دوای ئه‌و گۆڕانه
ئیدی ئه‌و خه‌ڵکه وه‌ک پێشتر ده‌ست و پێیان به‌سترابێته‌وه و پێوه‌ند کرابن و له‌پڕ
به‌ره‌ڵڵا کرابن وا بوون. هاتوچۆ و جمووجۆڵێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره له هه‌موو لایه‌ک
په‌یدا بووبوو. له نێو شار و شارۆچکه‌کاندا، خۆپێشاندان و ڕێپێوان ده‌کرا و ده‌نگی
بژی و بڕووخی له گشت لایه‌ک ده‌هاته گوێ. پاییز فێرگه کرایه‌وه و چوومه‌وه که‌لار.
له‌به‌ر نه‌بوونی خوێندنگه له گونده‌که‌ی خۆمان، له که‌لار ده‌مخوێند. که‌لار،
ئه‌وده‌مه، گه‌وره‌ترین و خۆشترین و پێشکه‌وتووترین ئاوایی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان
بوو. به‌ڕێوه‌به‌ری فێرگه‌که‌مان، مامۆستا "حوسه‌ین عه‌لی به‌یاتی" بوو.
خه‌ڵکی کفری بوو، تورکمان بوو و کۆمۆنیست‌یش بوو. مامۆستا به‌یاتی، یه‌کێکه له‌و
مامۆستایانه‌ی، که تا ئێستاش خۆشم ده‌وێ و ڕێزێکی زۆرم بۆی هه‌یه. یه‌که‌م سروودێک،
که مامۆستا به‌یاتی فێری کردین:
"سنمضي سنمضي الی ما نرید، وطن حر وشعب سعید، سنحمي سنحمي حماة السلام ونبني ونبني عراقا جدید" (هه‌ر ده‌ڕۆین هه‌ر
ده‌ڕۆین تا ده‌گه‌ینه مه‌به‌ست، نیشتمانێکی ئازاد و گه‌لێکی به‌ختیار، هه‌ر ده‌پارێزین
هه‌ر ده‌پارێزین پارێزگارانی ئاشتی، عیراقێکی نوێش دروست ده‌که‌ین و هه‌ر دروست ده‌که‌ین)
بوو. هه‌موو منداڵانی مه‌کته‌ب وێکڕا و به‌یه‌ک ده‌نگ، ئه‌و سرووده‌مان، به ده‌نگ
و ئاوازێکی زۆر خۆش ده‌گوته‌وه. مامۆستا به‌یاتی واتای سروودهکهیشی بۆ لێکدابووینهوه
و کۆڵێک به واتاکه‌ی دڵخۆش و که‌یفخۆش بووین و بۆ ئه‌و ئاواته ده‌ژیاین.
پێش ئه‌و گۆڕانه - واته: پێش 14ی ته‌ممووز- منداڵه به‌گزاده‌کان (به‌گزاده‌ی
جاف)، که له‌گه‌ڵماندا ده‌یانخوێند، زۆر قیت و قۆز و جوانپۆش و شۆخ ده‌بینران و زۆریشیان
ڕێز لێ ده‌گیرا. ڕه‌نگه به‌شێکی ئه‌و ڕێزه زۆره‌ش ترس بووبێت. پاش ئه‌و گۆڕانه،
ئه‌و به‌گزاده گچکانه، وه‌ک جاران نه‌مان. ژاکان و سیس بوونه‌وه. ئه‌و مامه‌ڵه
تایبه‌تییه‌ی، که جاران ده‌کران، نه‌ما و له‌گه‌ڵ به‌چکه وه‌رزێر و هه‌ژاراندا،
له جل و به‌رگ و پۆشاک و شێوه‌ی هه‌لسوکه‌وت و په‌یڤیندا نه‌بێت، که نه‌ده‌کرا ئه‌وانه‌شیان
لێ زه‌وت بکرێت، جیاوازییان نه‌ما. منداڵی ئه‌و ده‌مه پاره و پووڵی وه‌ک منداڵی
ئێستاکه له باخه‌ڵدا نه‌بوو. مام ئه‌حمه‌دی فه‌ڕاشی فێرگه، نوقڵ و بسکویت و چوکلێت
و شه‌کرۆکه‌ی، له نێو فێرگه‌دا و له کاتی پشوودا دهفرۆت. باوکم پێشه‌کی پاره‌یه‌کی
ده‌دا به مام ئه‌حمه‌د و منیش بایی ئه‌و پاره‌یه له‌و شتانه‌م لا ده‌برد، تا پاره‌که‌م
ته‌واو ده‌بوو. له ناو گوندیش، سه‌مینی حه‌مید به‌قاڵ و سه‌مینی کاکه‌مین، دوکانێکی
گچکه‌یان هه‌بوو و ئه‌وانیش شه‌کرۆکه و نوقڵیان دهفرۆت. ئه‌مان شه‌کرۆکه و نوقڵی
به کاغه‌ز پێچراوهیان دهفرۆت، که وێنه‌یان تێدا بوون. وێنه‌ی عه‌بدولکه‌ریم
قاسم و هی دیکه‌ش. ئێمه‌ی منداڵ، خوومان دابووه کڕینی ئه‌و جۆره شه‌کرۆکه وێنهدارانه
و ئه‌گه‌ر عانه(پاره‌یه‌کی مس ئاسای سوورباو بوو و نرخی چوار فلس بوو)یه‌کمان ده‌ست
که‌وتبا، ده‌ماندایه ئه‌و شتانه. ناوی عه‌بدولکه‌ریم قاسممان باش ده‌زانی و زۆریشمان
خۆش ده‌ویست.
له پله‌یه‌کی ته‌مه‌ندا یا ڕه‌نگه به درێژایی ژیانیش هه‌ر وا بێت، مرۆڤ
هه‌ر له خۆیه‌وه و به‌بێ هیچ هۆیه‌ک و بێ ئه‌وه‌ی به وردی نۆڕیبێتییه مه‌سه‌له‌که،
که‌سێک یا چه‌ند که‌سێکی، بۆ ده‌بنه به‌رسه‌رنج و خۆشه‌ویست و ڕێنوێن و ڕێبه‌ر و
بهرحهز و مایه‌ی شانازی و په‌رستراو و هه‌موو باشی و جوانی و ڕاستی و ئازایی و زیره‌کی
و زانایییهک و ده‌یان
چاکه‌ی دی له خۆدا کۆده‌که‌نه‌وه. ئه‌و که‌سانه زۆرجاران، سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی،
مامۆستا، فیلۆسۆف، هزرڤان، تیۆریزان، شاعیر، نووسه‌ر، ئه‌کته‌ری شانۆ، ئه‌کته‌ری
سینه‌ما، سترانبێژ یا هونهرمهندێکن، یا جه‌رده، دز، چه‌ته، مرۆڤکوژێکن یا ڕه‌نگه
کوڕه چه‌توونه چه‌مووشه چه‌قۆکێشه لاساره هۆکێیه شه‌ڕانییه‌که‌ی گه‌ڕه‌ک، یا
کچه باڵابه‌رزه گه‌نمڕه‌نگه خوێنگه‌رمه چاوگه‌شه قه‌لاشه چاوباشقاڵه گهرمۆڵهکهی
کۆڵان بێت. مرۆڤ وه‌ک ده‌روێشێک له شێخه‌که‌یدا یا موریدێک له مورشیدهکهیدا یا
عاشقێک له خۆشه‌ویسته‌که‌یدا، هیچ جۆره هه‌ڵه و کێماسییه‌ک له‌و جۆره که‌سانه‌دا،
وه‌دی ناکات. دواتریش ناوی مه‌لا مسته‌فای بارزانی ده‌بیسترا و ئه‌ویش خۆشه‌ویست
بوو. ناوی ئه‌و - له لای گه‌وره‌ساڵان- هه‌ستی کوردبوون و باسی کوردایه‌تی لای خه‌ڵک
ده‌بزواند. ئێمه‌ی منداڵ عه‌بدولکه‌ریم قاسممان خۆشتر ده‌ویست و باسی کورد و کوردایه‌تی
بۆ ئێمه گرنگ نه‌بوو. عه‌بدولکه‌ریم قاسم بۆ میلیۆنان زارۆک و گه‌وره‌ساڵانی عیراق،
ڕێبه‌ر و خۆشه‌ویست و په‌رستراو و ئازا و ڕێبین و ڕزگارکار و فریشته‌ی خێر و خۆشی
بوو. له نێو زۆربه‌ی ماڵان‌دا و به خواستی خۆیان، وێنه‌یه‌کی عه‌بدولکه‌ریم قاسم،
هه‌ڵواسرابوو. جاری وایش هه‌بوو، بێجگه له وێنه‌ی ئه‌و، وێنه‌ی خه‌ڵکی دیکه‌ش هه‌ڵده‌واسرا.
وێنه‌ی عه‌بدوسسه‌لام عارف، مه‌هداوی، وه‌سفی تاهیر، ماجید موحه‌ممه‌د ئه‌مین، مه‌لا
مسته‌فای بارزانی، شێخ مه‌حموود - له ژوورێکی ماڵی خۆماندا، وێنه‌یه‌کی شێخ مه‌حموود
هه‌ڵواسرابوو، که له پاڵ به‌رده‌قاره‌ماندا گیرابوو، پێمان ده‌گوت وێنه‌که‌ی شێخ
مه‌حموودی مه‌لیک و له دیوێکی دیکه‌ش، وێنه و وه‌سیه‌تنامه‌کانی، چوار ئه‌فسه‌ره
شه‌هیده‌کان، عیززه‌ت و خۆشناو و خه‌یروڵڵا و قودسی، هه‌ڵواسرابوو - و زۆری دیکه‌ش.
خۆپێشاندان بووبووه به‌شێک له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی که‌لاری ئه‌و ده‌م.
خه‌ڵکی گوند به چه‌ندین سه‌دان، به‌ڵکه به هه‌زار و پتریش، له به‌ر مزگه‌وته‌که‌دا
کۆده‌بوونه‌وه و پاشان ڕێپێوان ڕێکده‌خرا و ده‌ستی پێ ده‌کرد. ده‌بوو به زۆربه‌ی
کۆڵانه گه‌وره‌کانی گونددا و به تایبه‌ت به به‌ر ماڵه به‌گزاده‌کاندا بڕۆن. زۆرجاران
ئه‌حمه‌دی فه‌تاح ڕۆسته‌م - خوای لێ خۆش بێت- پێشه‌نگ و پێشڕه‌وی ئه‌م ڕێپێوانانه
بوو. گه‌لێک جاریش شێخ عه‌تای تاڵه‌بانی، ئه‌و نۆره‌یه‌ی ده‌بینی. ئه‌وان پێش ده‌که‌وتن
و خه‌ڵکه‌که‌ش به دوویاندا ده‌ڕۆیشتن. ئێمه‌ی منداڵه وردکهیش، ده‌که‌وتینه شوێنی
ئه‌و عه‌شاماته. له‌و ڕێپێوانانه‌دا، ده‌نگ به‌رز ده‌کرایه‌وه و یه‌کێک ده‌یگوت
و هه‌موو ئه‌وانی دی به دوویدا ده‌یانگوته‌وه:
"ماکو زعم الا کریم(که‌س سه‌رۆک نییه له که‌ریم زیاتر)، باران باری
ته‌ڕمی کرد، عه‌بدولکه‌ریم سه‌وره‌ی کرد، بژی گه‌ل ڕۆڵه‌ی گه‌ل عه‌بدولکه‌ریم قاسم،
کورد و عه‌ره‌ب برایه بۆ جه‌مهووری فیدایه، هه‌تا هه‌تا هه‌تایه کورد و عه‌ره‌ب برایه،جبهة جبهة وطنیة لا
اقطاع و لا رجعیة (به‌ره به‌ره‌ی نیشتمانی نه ده‌ره‌به‌گ و نه پاشڤه‌ڕو)، بڕووخێ
ئیستیعمار، ماکو مؤامرة تصیر الحبال موجودة (هیچ پیلانێک ڕوونادات په‌ت هه‌یه)،
هذا مصیر الخونة الحبال موجودة (ئه‌مه چاره‌نووسی خائینانه په‌ت هه‌یه)،
بڕووخێ ده‌ره‌به‌گ، کاکه که‌ریم للامام دیموقراطیة و سلام (کاکه‌که‌ریم بۆ پێشه‌وه
دیموکراسی و ئاشتییه)، عیني کریم للامام دیمقراطیة وسلام(چاوه‌که‌م که‌ریم بۆ
پێشه‌وه دیموکراسی و ئاشتییه)، کاکه‌که‌ریم بۆ پێشه‌وه ڕیشه‌ی ئاغا بکێشه‌وه، کاکه‌که‌ریم
بۆ پێشه‌وه ڕێشه‌ی دوژمن بکێشه‌وه، کاکه‌که‌ریم بۆ پێشه‌وه ڕێشه‌ی ده‌ره‌به‌گ
بکێشه‌وه، عاش الزعیم عبدالکریم شعب العراق شعب عظیم(بژی سه‌رۆک عه‌بدولکه‌ریم گه‌لی
عیراق گه‌لێکی مه‌زنه)، عاش زعیمي عبدالکریمي حزب الشیوعي بالحکم مطلب عظیمي(بژی
سه‌رۆکم عه‌بدولکه‌ریمم حیزبی کۆمۆنیست بگاته ده‌سه‌ڵات داخوازییه‌کی مه‌زنمه)، بڕووخێ
که‌ر کوڕی که‌ر جه‌مال عه‌بدولناسر، عاش الشعب السوري عاش بقیادة خالد بکداش
فلیسقط جمال حشاش(بژی گه‌لی سووریا بژی به سه‌رۆکایه‌تی خالید به‌گداش با بڕووخێ
جه‌مال بهنگیی)، هێزه‌که‌مان هێزی گه‌له هێزی جووتیار و ڕه‌نجبه‌ره، سنمضي سنمضي
الی ما نرید وطن حر وشعب سعید(هه‌ر ده‌ڕۆین هه‌ر ده‌ڕۆین تا ده‌گه‌ینه مه‌به‌ست،
نیشتمانێکی ئازاد و گه‌لێکی به‌ختیار)، بژی برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان و
ئاسووری و ئه‌رمه‌نی".
ئه‌م دوادروشمهم بۆ یه‌که‌م جار له تاریق زه‌ینه‌ڵ "طارق زینل"ی
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی شێروانه(سه‌رقه‌ڵا) به‌رگوێ که‌وت، ئه‌ویش جارنا ڕێبه‌ریی
وه‌ها خڕبوونه‌وه و ڕێپێوان و خۆپێشاندانێکی ده‌کرد و قسه‌ی بۆ به‌شدارانی ده‌کرد.
ئه‌و دروشمانه، وه‌نه‌بێ جێگرتوو
و سه‌قامگیر بن، له‌گه‌ڵ ڕۆژگاردا ئه‌وانیش، وه‌ک خه‌ڵکه‌که، گۆڕانیان به‌سه‌ردا
ده‌هات. خالید به‌گداش، که به ڕێبه‌ر و سه‌رکرده دانرابوو و بژیی بۆ ده‌کرا،
دوای ماوه‌یه‌ک داوای ڕووخانی ده‌کرا و خه‌ڵک ده‌یانگوت: عاش الزعیم عاش عاش، فلیسقط
خالد بکداش(بژی ڕێبه‌ر بژی بژی، با بڕووخێ خالید به‌گداش).
ئیدی به‌و جۆره بژی و بڕووخێ به‌رده‌وام ده‌بوو. هه‌ندێ جار و له هه‌ندێ
شوێن دروشمه‌کان ده‌گۆڕان و شتی دیکه ده‌گوتران. بۆ نموونه: له سلێمانی و له نێو
منداڵاندا و به‌تایبه‌تیش کچان، له کاتی خولانه‌وه و خۆپێشانداندا، ده‌یانگوت:
"کۆتره باریکه‌ی ده‌نووک عه‌باسی، ئه‌چی بۆ به‌غا زه‌عیم بناسی، ئه‌گه‌ر
نازانی زه‌عیممان کێیه،عه‌بدولکه‌ریمه و سێ نه‌جمه‌ی پێیه". جارجاریش شتی بێتام و له ڕه‌وشت به‌ده‌ر ده‌گوترا،
وه‌ک : "نه که‌ر ماوه و نه مایین ده‌ست که‌ینه ئاغاژن گایین". له یه‌کێک
له‌و گوندانه‌ی گه‌رمیان ژنێکی سه‌ره، میمکه خانمیان پێ ده‌گوت، پڕ به‌ده‌م
هاواری ده‌کرد و ده‌یگوت: "بێره ده‌شتۆ من عوزم کێر خرۆشۆف وهکوزم(وه‌ره ده‌رێ
من ئه‌ندامم کێری خرۆچچۆڤ به کوزم)".
ماڵی بهگزادهجافهکان ئه‌وده‌م له که‌لار بوون. خه‌ڵک ئه‌وانیان به ئیستیعمار
و ده‌ره‌به‌گ و شاپه‌رست و نۆکه‌ری بیانی ده‌زانی. که خۆپێشاندان ده‌گه‌یشته به‌ر
ماڵه‌کانی ئه‌وان، منداڵه وردکه ده‌ستیان به به‌رده‌فڕکێ ده‌کرد و به سه‌دان به‌رد
به دهرکهکانیاندا دهماڵرا. گه‌وره‌کانیش ئه‌و کاره‌یان ده‌کرد. هه‌ر ئه‌وانه‌ی
که به‌ردیان ده‌هاوێشت، چه‌ند مانگێک پێش ئه‌و کاته، هه‌لی ئه‌وه‌یان بۆ هه‌ڵنه‌ده‌که‌وت،
له دیوه‌خانی یه‌کێک له‌و بهگزادانهدا، له پایینی پایینه‌وه دانیشن. زۆرینه‌ی
ئه‌و خه‌ڵکه، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم گشتی، به شێوه‌یه‌ک گرێدراوی ئه‌و به‌گزادانه بوون
و زۆرجاران چاوه‌نۆڕی لالێکردنه‌وه‌ی ئه‌وان بوون. خه‌ڵک، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی،
له‌و ڕێپێوان و خۆپێشاندانانه‌دا به‌شدار ده‌بوون، نه‌ک ته‌نێ به‌گزاده‌کان، به‌ڵکه
ده‌ستوپێوه‌ند و سه‌رکار و نوێنه‌ر و هه‌ڵسووڕێنه‌ر و پیاوانی نێزیکی ئه‌وانیشیان،
به ئیستیعمار و دژه‌شۆڕش ده‌زانی. هه‌ربۆیه‌ش جاروبار دروشمی دژ به‌و جۆره خه‌ڵکانه‌ش
ده‌گوترایه‌وه. بۆ نموونه، چه‌ند که‌سێک هاواریان ده‌کرد و ده‌یانگوت: "چیتان
ئه‌وێ ئه‌ی مناڵ؟"، منداڵ و گه‌وره‌ش له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌یانگوت:
"عیدامی ساله‌ی چه‌تاڵ". ساله‌ی چهتاڵیی ههشبهسهریش یه‌کێک بوو له‌و
خه‌ڵکانه‌ی، که جۆره پێوه‌ندێکی به به‌گزاده‌وه هه‌بوو، ده‌نا چ تاوانێکی نه‌کردبوو.
خۆپێشاندان وه‌ک مار، به نێو کووچه و کوڵاناندا ده‌کشا و ده‌پێچا، تا ده‌هاته‌وه
به‌ر مزگه‌وت. ئه‌وجا ئه‌حمه‌دی فه‌تاح ڕۆسته‌م یا شێخ عه‌تای تاڵه‌بانی یا که‌سێکی
دیکه، ده‌چوونه بانی مزگه‌وت و ده‌ستیان به قسان ده‌کرد. باسی ڕۆژ، باسی شۆڕش،
باسی شتگه‌لێک، که دڵی خه‌ڵکه‌که‌ی فێنک ده‌کرده‌وه و باسی به‌ڵێن و زۆر شتی دیکه‌ش
ده‌کران. خه‌ڵکه‌که به‌و قسانه هێنده‌ی دی ده‌ورووژان و ده‌نگی بڕووخێ و بژییان،
پتر تاوی ده‌سه‌ند و جۆش و هه‌رایان سه‌رله‌به‌ری ئاوایی ده‌هه‌ژاند. سروودی:
عبدالکریم کل القلوب تهواك عبدالکریم رب العباد یرعاك(عه‌بدولکه‌ریم هه‌موو دڵان خۆشتیان
ده‌وێ، عه‌بدولکه‌ریم خودای به‌ندان بتپارێزێ)، که جێی: ملیکنا ملیکنا نفدیك بالارواح(پاشامان
پاشامان قوربانت ده‌بین به گیان)ی گرته‌وه و سروودی: هه‌ربژی کورد و عه‌ره‌ب رمز
النضال(هه‌ربژی کورد و عه‌ره‌ب نیشانه‌ی خه‌بات)، ختووکه‌ی هه‌ستی خه‌ڵکیان ده‌دا
و هیوا و ئاواته‌کانی خه‌ڵکیان ده‌ڕازانده‌وه. خه‌ڵک چاوه‌نۆڕی زۆرتر و خۆشتر و
باشتر بوون. ئێمه‌ی منداڵانی ئه‌و کاته، زۆرمان دڵ به‌و وێنه و مه‌دالیا ئاسنانه
و بریق و باقی ئه‌و سه‌رده‌مه خۆش بوو. زۆرجاران، که باوکم له‌گه‌ڵ خۆێدا ده‌یبردم
بۆ کفری، داوام ده‌کرد وێنه‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم و کۆتری ئاشتیم بۆ بکڕێت.
جاروبار له که‌لاره‌وه نامه‌ی منداڵانه‌م بۆ کاکهحهمهم (باوکم) ده‌نووسی و له
بنه‌وه و پێش ئه‌وه‌ی ناوی خۆم بنووسم، به‌م ڕستانه کۆتاییم به نامه‌که ده‌هێنا:
بژی جه‌مهووری، بژی سه‌رۆکی تاقانه عه‌بدولکه‌ریم قاسم و بژی حیزبی شیووعی عیراقی.
له مێشکه بچکۆلانه‌کانی ئێمهمانانیشدا، ئه‌و دروشمانه چه‌سپابوون و له‌گه‌ڵیاندا
ده‌ژیاین و به‌و هیوا و ئاوات و خه‌ونانه‌وه دهماننۆڕییه داهاتوو و پێمان
وابوو، عیراق ده‌بێته به‌هه‌شتێک و ئیدی مه‌ڕ و گورگ پێکڕا ئاو ده‌خۆنه‌وه و ژیان
له به‌ختیاری و شادی زێتر هیچی دیکه نابێت. سۆسیالیزمی خه‌ونی هه‌زارساڵه‌ی مرۆڤایه‌تی،
دێته دی و ئیدی مرۆڤ، برسی و بێکار نابن و له سه‌ر چین و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و ئایین
و بیروباوه‌ڕ و بۆچوون، ناچه‌وسێنرێنه‌وه. هه‌موو خه‌ڵک گه‌شبین بوون و دڵیان به
ڕووداوه‌کان خۆش بوو و وه‌ها ده‌یاننۆڕییه ڕووداوه‌کان.
ڕووخانی پاشایه‌تی به پێوه‌ری ئه‌و ده‌مه، مایه‌ی دڵخۆشی پڕانیی خه‌ڵک
بوو. ئازادیی بیروباوه‌ڕ، یه‌کسانی گشت نه‌ته‌وه‌کان، نه‌مانی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و
به‌شینه‌وه‌ی زه‌وی به سه‌ر وه‌رزێراندا، ئازادیی ڕێکخراو و حیزب و سه‌ندیکا، نه‌مانی
ده‌سه‌ڵاتی بیانی و کۆمپانییهنهوتییهکان، ڕزگاربوون له په‌یمانی سه‌نتۆ و پێوهنداریهتیی
ده‌وڵه‌تگه‌لی کۆڵۆنیالیست، ئازادی ژن و یه‌کسانییان له‌گه‌ڵ پیاودا، گهلێراندنی کار
و خوێندن و له‌شساغی و....ئه‌مانه و ده‌یان شتی دیکه، بابه‌تگه‌لێک بوون، که
ئاپۆره‌ی خه‌ڵک و مرۆڤی ئه‌و وڵاته(عیراق) به گشت نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزا و
توێژاڵ و چینه‌کانی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه، به ته‌مایان بوون و چاوه‌نۆڕیان بوون و
ده‌یانه‌ویست وه‌دی بێن و له‌گه‌ڵیاندا بژین. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه، وه‌ک خه‌ونێکی
خۆش، موچوڕکه‌یه‌ک و چێژێکی که‌مخایه‌ن ڕه‌وینه‌وه و ئێمه‌ی منداڵی ئه‌وده‌مه و لاوان
و گه‌وره‌ساڵانی دواتر و کۆمار و وڵات و خه‌ڵک و مرۆڤ و خۆزی و ئاواته‌کان، سه‌رله‌به‌ریان،
خۆمان له نێو دۆزه‌خێکدا بینییه‌وه، دۆزه‌خێکی گه‌وره، مهنجهنیقێک. کوشتن، بڕین،
هه‌ڵواسین، گوریسلهملخستن و ڕاکێشان، بۆمبباران، چه‌ک، سه‌رباز، به‌رگریی گه‌لێر(المقاومة‌الشعبیة)،
پۆلیس، پاسه‌وانی نه‌ته‌وه‌یی(الحرس القومي)، دز، ساخته‌چی، جاش - هه‌م ئاسایییهکانیان
و هه‌م جاشه خاوه‌ن ئایدیۆلۆژییه‌کان، که ساڵانێکی دواتر په‌یدا بوون- به هه‌موو
جۆره‌کانییه‌وه، ئه‌نفال، هه‌ڵاتن، مێگ، سۆخۆی، میراژ، سه‌دانی دیکه، که ده‌شێ
فهرههنگانیان لێ ساز بکرێن. ئێمه‌ی منداڵی ئه‌و ده‌مه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا مه‌زن
بووین. گۆڕانه‌کان به‌ره‌و خراپتر چوون و که‌سیش نه‌یده‌زانی ئه‌و باره به‌ره‌و کوێ
ده‌ڕوا و به چ ئه‌نجامێک ده‌گات. ڕێڕه‌وی گۆڕانه‌که به‌و جۆره‌ی، که ده‌بوو بڕوا
نه‌ڕۆییشت. ده‌سپێکی هه‌ڵه‌کان، هه‌ر له ڕۆژی 14ی ته‌ممووزی 1958 خۆیه‌وه بوو. تۆوی
به‌دبه‌ختی و ته‌واوی کاره ناحه‌ز و ناپه‌سه‌نده‌کانی ساڵانی دواتر، هه‌ر له چۆنیه‌تی
ئه‌نجامدانی گۆڕانکارییه‌که خۆیدا بوو. کوشتن و قه‌ڵاچۆکردنی ماڵباتی شا و به‌و شێوه
ناشیرین و دڕندانه و نامرۆڤانه‌یه‌ی، که کرا، بۆ خۆی، کارێکی دزێو بوو. پهتخستنهملی
مرۆڤ و ڕاکێشانی له‌شی بێ‌گیان، به نێو جاده‌دا به دوای ئۆتۆمبیله‌وه و پارهپارهکردنی
له‌ش و کرۆژتنی قامک و ده‌ستی بڕاو و هه‌ڵواسینی نیوهلهشی مردوو به دیواره‌وه
و هۆیهاگوتن و فیکاندن و شاییکردن و خۆبادان، له‌به‌رده‌م وه‌ها دیمه‌نێکدا، ده‌بێ
له هۆڤیه‌تی زێتر ناوی چی لێ بنرێت!. مه‌سه‌له‌که‌ش ئه‌گه‌ر هه‌ر له قڕکردنی بنه‌ماڵه‌ی
شادا ڕاوه‌ستابا، هه‌رنه‌یسه خراپ نه‌بوو، به‌ڵام به دادگادان و تیرباران و له
سێداره‌دانی پیاوانی سه‌رده‌می پاشایه‌تی، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که له‌و سه‌رده‌مه‌دا
کاربه‌ده‌ست بوون - له نێو ئه‌وانه‌دا پیاوی ئه‌وتۆیی تێدا بوو، که لێزانی و زیره‌کی
و دڵسۆزی و خزمه‌تگوزارییان به خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته، تا ئێستاش وه‌ک نموونه باس ده‌کرێن،
نموونه‌ی ئه‌وانه‌ش سه‌عید قهززازه- ئه‌وانه
کاره‌که‌یان ناحه‌زتر و دزێوتر کرد. ئیدی به درێژایی ساڵانێک، که عیراق ناوی کۆماری
لێ نرا و تا ئێستاش، ئه‌و جۆره ڕه‌وتارانه به‌رده‌وامیی هه‌یه، له بری ئازادی،
خۆشه‌ویستی، هاریکاری، یه‌کسانی و یاسا، دیارده‌ی ڕاکێشان هاته ئاراوه. گوریس و
په‌ت، شوێنی گوڵه‌گه‌نم و کۆتری ئاشتییان گرته‌وه. له 1958ه‌وه تا ئه‌وڕۆ، ساڵانی
ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی عه‌بدولکه‌ریم قاسمی لێ ده‌رچێت، ئیدی له 1963 و هاتنه سه‌رکاری
به‌عسه‌وه، زه‌بر و کوشتن و قه‌ڵاچۆ و وێرانکاری، له کاری تاکه‌که‌سییه‌وه، بوو
به کارێکی دهوڵهتێنراو و شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی و قانوونی وه‌رگرتووه. ئه‌وه‌ی که
ده‌بوو به‌هاترین سه‌رمایه بێت(مرۆڤ)، بێبایه‌خترین شته له‌و وڵاته‌دا. ئه‌و دیارده
دزێوانه‌ی، که باسکران به تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگار و ساڵان، نه‌ک هه‌ر به شێوه‌کانی
خۆیان مانه‌وه، به‌ڵکه یه‌ک حه‌مکه بهدهوکاریشیان تێدا کران. له کوشتن و هه‌ڵواسین
و ڕاکێشان و تیربارانی تاکهتاکهوه، کار گه‌یشته کوشتن و هه‌ڵواسین و ڕاکێشان و
تیربارانی سه‌دان هه‌زار. له ئاگرتێبه‌ردانی یه‌ک ماڵ و سووتاندنی یه‌ک شت و ڕووخاندنی
خانوویه‌که‌وه، کار گه‌یشته گڕتێبه‌ردان و سووتاندن و ڕووخاندنی، سه‌دان شار و گه‌ڕه‌ک
و هه‌زاران گوند و سه‌دان هه‌زار خانوو و وێرانکردنی یه‌ک وڵاتی ته‌واو و دزینی نیشتمانێک
و برسیکردنی ده‌یان میلیۆن مرۆڤ. موزه‌ففه‌ر ئهلنهوواب (مظفرالنواب) گوته‌نی:"هیچ
خاکێک شک نابه‌م، هێنده‌ی خاکی وڵاته‌که‌م، به خوێن و خۆر ئاودرابێت". ئه‌وده‌مه
وه‌ک منداڵ، ئێمه وه‌دووی لێشاوه‌که که‌وتبووین و ئاوه‌زی شیکردنه‌وه و وردکاریمان
نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا، که به چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه ده‌نۆڕمه ڕووداوه‌کان و ئه‌و
وڵاته که‌لاوه‌یه‌ی خۆمان و ڕووداوه‌کانی، به باڵای وڵات و ڕووداوی له‌و جۆره ده‌گرم،
ده‌توانم بایی قایلکردنی ویژدانی خۆم، تیرێژ بخه‌مه سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه و ڕوونتر
بیانبینم. زۆر سه‌یره گرتنی ڕادیۆی به‌غدا و کوشتنی بنه‌ماڵه‌ی شا، له لایه‌ن چه‌ند
سه‌رباز و ئه‌فسه‌رێکه‌وه، کۆتایی به سه‌رده‌مێک و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌ک بهێنێت و ناوی
شۆڕشی لێ بنرێت. ئه‌وه‌ی که له 14ی ته‌ممووزی 1958دا له عیراق ڕوویدا، ناکرێ له
کوودێتا زێتر، ناوێکی دیکه‌ی لێ بنرێت. گۆڕان له شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌گه‌ر هاوڕێ
نه‌بێت له‌گه‌ڵ گۆڕان له واتا و چه‌مکه‌کاندا، ئه‌وا هیچ شتێک له کۆمه‌ڵگه‌دا
ناگۆڕێت. ئامانجی شۆڕش ته‌نێ دامه‌زراندنی بینای سیاسی نییه، به‌ڵکه بیناکردنه‌وه‌ی
ته‌واوی کۆمه‌ڵگه ده‌گرێته‌وه. مارکس ده‌ڵێ:"نه‌بوونی ڕهگیهتیی له شۆڕشدا،
که بۆ خۆی له کرۆکدا گۆڕینێکی ڕهگییه، ده‌بێته هۆی تێکشکانی و له دواییشدا ده‌بێته
هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی گشت گه‌نده‌ڵییه کۆنه‌که". شۆڕش بزاڤێکی سه‌رله‌به‌ره و
سیاسه‌ت ته‌نێ لایه‌که له لا زۆره‌کانی. به چ پێوه‌ر و فه‌لسه‌فه و زانست و تیۆرییه‌ک،
ده‌کرێ شۆڕشی فرانسه و شۆڕشی ئوکتۆبه‌ری ڕووسیا و سۆڤیێتهکان و شۆڕشی ماوتسیتۆنگی
چین و شۆڕشی ئه‌لجه‌زائیر و شۆڕشی کووبا و شۆڕشی 1979ی ئێران، له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانه‌ی
14ی ته‌ممووزی 1958ی عیراقدا، پێکه‌ڵ بکرێن و به باڵای یه‌کدی بگیرێن و ئه‌وه‌ی عیراقیش
ناوی شۆڕشی لێ بنرێ؟ ئه‌و گۆڕانه‌ی عیراق پاش ڕوودانی، بۆ پڕانیی خه‌ڵک، مایه‌ی دڵخۆشی
بوو، به‌ڵام ئایا پێش ڕوودانی چ وه‌رزێرێکی شاره‌زوور، چبایش، ده‌شتی قه‌راج یا توێریج(طویریج)
به‌وه‌یان ده‌زانی؟ که‌نگێ خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته، له زاخۆوه تا به‌سره و له سلێمانییه‌وه
تا ڕوتبه (الرطبة)، هه‌موو وێکڕا ڕاپه‌ڕیون و په‌لاماری داموده‌سگه و کارگێڕی و
ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی سه‌رده‌می پاشایه‌تییان داوه و تێکیان هاڕیوه؟ ده‌ی که وا نه‌بێ،
بۆ ده‌بێ ناوی شۆڕش به هه‌ڵه به‌کار ببرێت و کوودێتا بکرێت به شۆڕش.
ئه‌دۆنیس ده‌ڵێ:"بڕوای مرۆڤ به‌وه‌ی، که ته‌نێ خۆی خاوه‌نی ڕاستییه،
سه‌رچاوه‌ی هه‌موو داپڵۆسینێکه". زۆرجاران له بری مرۆڤێک، بیروباوه‌ڕێک،
پارتییه‌ک، کۆمه‌ڵه‌یه‌ک، ده‌سته و تاقمێک، سا ئیدی سیاسی، فه‌لسه‌فه‌یی، ئایینی یا
هه‌ر شتێکی دیکه بێت، ده‌بێته به‌رسه‌رنج و خۆشه‌ویست و ڕێنوێن و ڕێبه‌ر و بهرحهز
و مایه‌ی شانازی و په‌رستراو و هه‌موو باشی و جوانی و ڕاستی و ئازایی و زیره‌کی و
زاناییه‌ک و ده‌یان چاکه‌ی دیکه له خۆدا کۆ ده‌کاته‌وه و ئه‌و نۆره‌یه ده‌بینێت
و ده‌بێته ئایین و شاڕێگه و مرۆڤ خۆ له پێناویدا به کوشت ده‌دات و خه‌ڵکیش ده‌کوژێ
و گومانیشی له ڕاستی خۆی و هه‌ڵه‌ی به‌رانبه‌ره‌که‌ی نییه. ئایین، نه‌ته‌وه، خێڵ
و هۆز - به تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵات و وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و چواره‌م و وڵاته
دواکه‌وتووه‌کانی تر- و ڕه‌گه‌ز و حیزب، زۆرجاران مرۆڤ نابینا ده‌که‌ن و تووشی ده‌مارگیری
و له‌خۆده‌رچوونی ده‌که‌ن و هیچ جیاوازییه‌کیش، له نێوان ده‌مارگیریی بۆ ئایین و
نه‌ته‌وه و خێڵ و هۆز و ڕه‌گه‌ز و حیزبێک و ئایین و نه‌ته‌وه و خێڵ و هۆز و ڕه‌گه‌ز
و حیزبێکی دیکه‌دا نییه. ڕووداو و گۆڕانه‌کانی دوای 14ی ته‌ممووزی 1958یش، کارێکی
وایان کرده سه‌ر خه‌ڵکی عیراق، که نه‌ک هه‌ر سه‌رده‌می پاشایه‌تی به بۆگه‌ن نه‌زانن،
به‌ڵکه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م نێزیکه‌ی چل ساڵه‌ی سه‌رده‌می کۆمارییه‌دا، به
دیموکراسی و خۆشگوزه‌رانی و ئاساییش و ئارامیی بزانن و گه‌لێکیش به‌خێر یادی بکه‌نه‌وه
و ناوی بهێنن. هه‌ر له دوای 14ی ته‌ممووزه‌وه، ئیدی فه‌لسه‌فه‌ی زۆر و زه‌بر و کوشتن،
بوو به فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رده‌ست و زاڵ و باو. هه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ش بوو به شێوه‌ی
بیرکردنه‌وه و فه‌رهه‌نگ. ئه‌وده‌مه ناوی نوێ و به‌زمی نوێ، هاتنه ئاراوه. خه‌ڵک
بهشرانهوه به سه‌ر ده‌سته و تاقم و کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان و ئاسووری و ئه‌رمه‌نی
و سابیئه(الصابئة، المندائیون) و حیزب و بۆرژوازی و ده‌ره‌به‌گ و ئیستیعمار و شیووعی
و به‌رگری گه‌لێر(المقاومة‌الشعبیة) و پێشکه‌وتنخواز و کۆنه‌په‌رست و به‌عس و نه‌ته‌وه‌یی
عه‌ره‌ب و ناسری و پارتیی و نۆکه‌ر و سه‌د شتی دیکه‌دا. هه‌ر دروست ئه‌و بهشرانهوهی
خه‌ڵکه له دوای 14ی ته‌ممووزه‌وه، بوو به بنه‌مای سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه و فه‌رهه‌نگی
داپڵۆسین. هه‌رچه‌نده له سه‌رده‌می پاشایه‌تیشدا، یا هه‌ر له ده‌سپێکی دامه‌زراندنی
عیراقه‌وه، وه‌ک ده‌وڵه‌تێک، شتێک به ناوی گه‌لی عیراق، وه‌ک یه‌که‌یه‌کی یه‌کپارچه
و پته‌و و یه‌کگرتوو، نه‌بووه و هه‌میشه لاوازییه‌ک له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی
نێو عیراقدا، به هۆی شێوه‌ی دابه‌شبوونی ده‌سه‌ڵاته‌وه، هه‌بووه، چونکه ده‌سه‌ڵات
به ده‌ست که‌مینه‌یه‌کی سوننه‌ی عه‌ره‌به‌وه بووه و زۆرینه‌یه‌کی شیعه‌ی عه‌ره‌بیش
هه‌میشه چه‌وساوه و زۆرلێکراو و کوژراو بوونه و کورده‌که‌ش نۆره‌یه‌کی ئه‌وتۆ و
له‌به‌رچاوی نه‌بووه، بۆیه زۆرجاران هه‌ستی عیراقیبوون و خۆشیبینین له‌و عیراقییهتییه،
تا ڕاده‌یه‌ک لای شیعه و کورد لاواز بووه. له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا ته‌نانه‌ت که‌سێکی
وه‌ک شه‌هید "فه‌هد"ی، دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئه‌و ڕێژیمه، مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوو،
که له دادگه‌دا داکۆکی له خۆی بکات و پارێزه‌ریشی هه‌بێت. به‌ڵام له کۆماریدا
له‌و جۆره باسانه هه‌رگیز نه‌بیستراوه.
ئه‌گه‌ر شۆڕشی زانستیی گۆڕینی هه‌ڵکه‌وت(واقع) بێت، به‌ره‌و ئازادتر، تێرتر،
پۆشته‌تر، له‌شساغتر، شادی، باشتر و خۆشتر، ئه‌وا له سایه‌ی کۆمار‌دا له عیراق، ئه‌وانه
نه‌هاتنه دی و خه‌ڵک تا ڕاده‌یه‌ک، مه‌گه‌ر له خه‌ون و دووتوێی ڕووبه‌ری کتێباندا
ئه‌وانه ببینێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌فسه‌ره ئازادانه(الضباط الاحرار)، که له دڵسۆزی
و خۆشه‌ویستی خه‌ڵک و خاک و وڵاته‌وه، ئه‌و کوودێتایهیان ئه‌نجام دا، لێگه‌ڕابان
و ئه‌و کاره‌یان نه‌کردایه، ئه‌وا ڕه‌وتی ئه‌و وڵاتی عیراقه پاشایه‌تییه، زۆر به
ئاسایی ده‌ڕۆیشت و له باری کشتوکاڵی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و له‌شساغی
و هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌وه، گه‌شه‌ی ده‌کرد و پێشده‌که‌وت. ئه‌گه‌ر دیموکراسی ڕۆژاوایی،
که له هه‌ڵبژاردن و ململانێی پارتایه‌تی و سیاسی‌دا خۆ ده‌نوێنێت، مه‌به‌ست بێت بۆ
به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، ئه‌وا له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا هه‌ڵبژاردن هه‌بوو و په‌رله‌مانیش
هه‌بوو و له هه‌ندێ کات و قۆناغیشدا پارتییه سیاسییه‌کان، بێجگه له پارتیی کۆمۆنیست
و پارتیی دیموکراتی کوردستان، به ئاشکرا کاریان ده‌کرد و به‌شداریی هه‌ڵبژاردنیشیان
ده‌کرد. هه‌ر له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه له ساڵی 1921دا، تا ساڵانی جه‌نگی
جیهانیی دووه‌م، حوکوومه‌ته‌کانی ئه‌و ده‌مانه‌ی عیراق، زۆر به توندی، دژی بۆچوون
و بیروباوه‌ڕی جیاوازی خه‌ڵک نه‌بوون و ڕێگه‌یان له ڕاده‌ربڕین نه‌گرتبوو، به‌ڵکه
تا ڕاده‌یه‌کیش جۆره ئازادییه‌ک، به هه‌ڵگرتن و بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕا و بۆچوونی نوێ،
له بواری سیاسه‌ت، کۆمه‌ڵناسی، ئه‌ده‌ب، فه‌لسه‌فه و هونه‌ردا درابوو و ئه‌و
ئازادییه‌ش بووبووه هۆی په‌یدابوون و دامه‌زراندنی خوێندنگه و یانه و ڕێکخراوی
نه‌ته‌وه‌یی و کۆمۆنیستی و ئایینی و هی دیکه‌ش. له ساڵی 1938دا به گوێره‌ی
قانوونێک، که ئه‌و کاته دانرا، ئه‌و که‌سه‌ی پرۆپاگه‌نده‌ی بڵاو کردبایه‌وه، یا
هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی کۆمۆنیستی و ئه‌نارکیستی و به‌ره‌ڵڵایی بووایه، تووشی حه‌وت
ساڵان، زیاتر نه، زیندان ده‌بوو، یا ده‌بوو پاره‌یه‌ک بدا، یا هه‌ردووکیان(زیندان
و پاره). به‌و قانوونه ئیدی ڕێگه له بهئاشکراباسکردنی کۆمۆنیزم گیرا. ساڵانی
1946-1954، ڕێگه‌ی کارکردنی ئاشکرای پێنج پارتیی سیاسیی، له لایه‌ن ڕێژیمی پاشایه‌تییه‌وه
درابوو. پارتییه‌کان ئه‌مانه بوون: پارتیی نیشتمانیی دیموکراتی(الحزب الوطني الدیمقراطي)،
پارتیی سه‌ربه‌خۆیی(حزب الاستقلال)، پارتیی گه‌ل(حزب الشعب)، پارتیی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی(حزب
الاتحاد الوطني)، پارتیی ئازادان(حزب الاحرار). پارتیی ئازادان(حزب الاحرار)ی لێ ده‌رچێت،
هه‌ر چوار پارتییه‌که‌ی دی، هه‌مووده‌م نوێنه‌ری ئۆپۆزیسیۆن بوون و تا ڕاده‌یه‌کیش
بیروڕای خه‌ڵکه مارکسی و چه‌پ و سۆسیالیست و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان ده‌رده‌بڕی و به
شه‌رمیشه‌وه نوێنه‌رایه‌تییان ده‌کردن. پاشتریش چوار پارتیی دیکه‌ش ڕێگه‌ی کارکردنیان
پێ درا، که ئه‌مانه بوون: پارتیی بیراز(حزب الاصلاح)، پارتیی یه‌کیه‌تیی ده‌ستووری(حزب
الاتحاد الدستوري)، پارتیی به‌ره‌ی گه‌لێری یه‌کگرتوو(حزب الجبهة الشعبیة المتحدة)،
پارتیی ئوممه‌ی سۆسیالیستی(حزب الامة الاشتراکي). له ساڵی 1954دا، کارکردنی ئاشکرای
پارتییه سیاسییه‌کان قه‌ده‌غه کرا و ئیدی قۆناغێکی نوێی کارکردن ده‌ستی پێ کرد، ئه‌ویش
قۆناغی کارکردنی نهێنی بوو. هه‌رچی ئه‌م ڕێژیمه به ناو کۆمارییانانهیه، که له
14ی ته‌ممووزی 1958 به دواوه ده‌سه‌ڵاتدارن له عیراقدا، له بری هه‌ڵبژاردن و چه‌سپاندنی
دیموکراسییه‌ک، که خۆیان شه‌و و ڕۆژ باسیان لێوه کردووه و ده‌که‌ن، فشه و درۆی
شاخدار و تارمایی مه‌رگ و ژار و فیشه‌ک و ئاگریان، هه‌مووده‌م کردووه‌ته خه‌ڵاتی
خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته. ئه‌و عیراقه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی پڕ له نه‌وت و خێر و به پیت و
به‌ره‌که‌ته، ئه‌گه‌ر نه‌کرابا به کۆماری، هه‌رگیز حاڵ و بار و گوزه‌رانی، له
نزمترین ڕێکار و خراپترین شێوه‌دا، له ئێستاکه‌ی مه‌غریب، ئوردون، کووه‌یت، میرنشینهیهکگرتووهکانی
عه‌ره‌ب، قه‌ته‌ر یا عومان، خراپتر نه‌ده‌بوو و بێگومان سه‌دان جار باشتریش ده‌بوو.
هه‌رگیز وه‌ک ئێستاکه، خه‌ڵک برسی نه‌ده‌بوو و خه‌ڵک له مه‌رگ نه‌ده‌ترسا و ئه‌و
میلیۆنه خه‌ڵکانه‌ش له جه‌نگی عیراق و کورد، عیراق و ئێران، عیراق و هه‌موو ڕۆژاوا،
به‌عس و کورد، به‌عس و کۆمۆنیست، به‌عس و هه‌موو عیراق، کۆمۆنیست و پارتیی، کورد و
کورد، عه‌ره‌ب و عه‌ره‌ب، کورد و تورکمان، ئه‌نفال، کیمیاییباراندا نه‌ده‌کوژران، کۆچپێکردنی
زۆره‌ملێ و هه‌ڵاتن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش، میلیۆنانی ڕاو نه‌ده‌نا. نه برسییه‌تی
و نه گرانی و نه وێرانکاری و خراپه‌کاریش به‌م جۆره‌ی ئێستا ده‌بوو.
هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌ی دیکه، که له به‌رپرسیاریه‌تی ڕووداوه‌کاندا، نۆره‌یه‌کی
خویا و به‌رچاوی هه‌بوو، شێوه‌ی په‌روه‌رده‌کردنی خه‌ڵک بوو، له لایه‌ن حیزبی کۆمۆنیستی
عیراقه‌وه. زۆرجاران خه‌ڵکیان چه‌واشه ده‌کرد و ناڕاست تێیاندهگهیاندن، بۆ
نموونه له وڵاتێکی دواکه‌وتووی ڕۆژهه‌ڵاتیی، وه‌ک کوردستان و عیراقدا، کابرایه‌کی
تا چه‌ند ساڵ له‌وه‌وبه‌ر مه‌لا، که له گونداندا وه‌عزی بۆ خه‌ڵک ده‌دا، له پڕ که‌وتبووه
پرۆپاگه‌نده، دژی ئایین و ئیسلام و خوا و قورئان و نوێژ و....له بری ده‌ره‌به‌گایه‌تی
و سه‌رمایه‌داری و زێده‌بایی، ئه‌و جۆره شتانه‌ی، که پێوه‌ندیان به ئایینه‌وه
هه‌بوو، لێی بووبوون به کێشه و گرێکوێره. شێوه‌ی خه‌باته کۆمۆنیستییه‌که و بڵاوکردنه‌وه‌ی
بیروباوه‌ڕه‌که، له لایه‌ن ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیسته‌وه، تا ڕاده‌یه‌ک ڕه‌نگێکی فه‌لسه‌فه‌یی
و زانستی و ئایدیۆلۆژی پێ درابوو، نه‌ک سیاسی، کۆمه‌لایه‌تی و ئابووری، که به لای
زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌وه ڕوون و ئاشکرا بوو و هاسانتر لێی ده‌گه‌یشتن. ئه‌و شێوازه کارکردنه‌ش،
بووبووه هۆی دروستبوونی وێنه‌یه‌کی ناحه‌زی کۆمۆنیزم، وه‌ک دژه ئایین، دژه نه‌ته‌وه
و دژه نه‌ریت، له مێشکی خه‌ڵکانێکی زۆردا، که پاشان به زیانی پارتیی کۆمۆنیستی
عیراق گه‌ڕایه‌وه. که‌سانێکی دیکه‌ی ئه‌و حیزبه باسی ئه‌وه‌یان بۆ وه‌رزێران ده‌کرد،
که له ماوه‌یه‌کی که‌مدا، ناباته ساڵێک، ئیدی هه‌ر وه‌رزێرێکی عیراقی، ده‌بێته
خودانی تراکتۆر و کهمباین و خانووی چاک و کێڵگه‌ی خۆی و ئیدی پێویست ناکات وه‌رزێر
چاوه‌نۆڕی خوا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بارانی بۆ ببارێنێت، چونکه خوا هه‌ر نییه و پاشان
به مه‌کینه و ته‌کنیکی نوێ باران ده‌بارێنرێت و وشکه‌ساڵیی نامێنێت. بێجگه له‌وه‌ش
کارتێکی سووریا‌ن دابووه وه‌رزێران، ئه‌ویش به پاره و بۆ خڕکردنه‌وه‌ی پیتاک، له
وه‌رزێرانیش وابوو، که ئه‌وی ئه‌و کارته‌ی هه‌بێت، ئیدی خێر و به‌ره‌که‌تی به سه‌ردا
ده‌بارێت و هه‌موو جۆره شتێکی بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت و ئه‌ویشی نه‌یبێت، له هه‌موو
خێرێک بێبه‌ش ده‌کرێت. سه‌رباری ئه‌مانه‌ش کاری ناڕه‌وای به‌رگریی گه‌لێر(المقاومة‌الشعبیة)
و پۆلیس و سه‌رباز و ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ر به میری ئه‌وده‌مه، که پارتیی کۆمۆنیست‌یش،
نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاویان تێدا هه‌بوو. بێگومان ئه‌وه‌ی که ئه‌و هاوڕێیانه باسیان
ده‌کرد، ته‌نێ خه‌یاڵ بوو. خه‌ڵک حه‌زیان ده‌کرد خێر و به‌ره‌که‌تیان به سه‌ردا بڕژێت،
زه‌وی و زار و کێڵگه‌ی خۆیان هه‌بێت و پێویستیان به باران نه‌بێت بۆ کاروباری کشتوکاڵ
و هه‌موو که‌س خاوه‌نی هه‌موو شتێک بێت، به‌ڵام ئه‌مانه وا زوو و به بێ هیچ بناخه
و بنچینه و خۆئاماده‌کردنێک نه‌ده‌هاتنه دی.
به‌شێکی سه‌ره‌کی به‌رپرسیاریه‌تی و تاوانی ئه‌و بار و ڕه‌وش و شێوه‌ی کارکردنه،
ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی کارگێڕان و هه‌ڵسووڕێنه‌ران و خه‌ڵکانی ناشۆڕشگێڕ و لاده‌ر و
چه‌وتڕه‌و و ڕاستڕه‌وی نێو ئه‌و حیزبه، حیزبی کۆمۆنیستی عیراق، ده‌نا خۆ ئه‌ندامانی
خواره‌وه‌ی ئه‌و حیزبه، هه‌موو خه‌ڵکه ڕه‌ش و ڕووت و چه‌وساوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که
بوون و نموونه‌ی مرۆڤی شۆڕشگێڕ و ساده و له‌خۆبوردوو و دڵسۆز بوون. ئه‌و کارگێڕه
چه‌وتڕه‌و و ناشۆڕشگێڕانه‌ی نێو ئه‌و حیزبه، وه‌ک هه‌موو کارگێڕانی حیزبێکی دیکه،
له سه‌ر ئه‌و پرۆپاگه‌نده و کلاوبازی و که‌ڵه‌کانه ده‌ژیان. سافیلکه‌یی خه‌ڵکیان
به‌کار ده‌هێنا و بۆ هه‌ل ده‌گه‌ڕان و بۆ خۆیان چاک ده‌ژیان و خه‌ڵکیش هیچیان چنگ
نه‌ده‌که‌وت. بۆ تێگه‌یشتن له ڕه‌وتار و شێوه‌ی کارکردنی پارتیی کۆمۆنیستی عیراق
و هه‌ڵوێستی ئه‌وان به‌رانبه‌ر ڕێژیمی عه‌بدولکه‌ریم قاسم، پێویسته مرۆڤ پاشخانێکی
سیاسه‌تی ئه‌و پارتییه له‌به‌رچاو بگرێت. هه‌ر له دوای کۆنگره‌ی بیسته‌می پارتیی
کۆمۆنیستی سۆڤیێت له ساڵی 1956دا و زاڵبوونی چه‌مکه‌کانی پێکه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داریدا
و ڕێگه‌ی ناسه‌رمایه‌داری و دیموکراتیی شۆڕشگێڕ و ئه‌و جۆره بابه‌تانه، به سه‌ر
سیاسه‌تی پارتیی کۆمۆنیستی سۆڤیێتدا، ئیدی سیاسه‌تی پارتییه کۆمۆنیسته‌کانی دیکه‌ی
جیهانیش، ئه‌و بریسک و ڕۆشنایی و شۆڕشگێڕییه‌ی جارانیان نه‌ما و ورده‌ورده دهسیسان.
کۆمۆنیزمی سۆڤیێتی، به‌ردئاسا وشکههڵات و شێوه‌یه‌کی بیرۆکراتانه و ڕه‌سمی و ناشۆڕشگێڕانه
و دووڕووانه و ترسنۆکانه‌ی وه‌رگرت و لادان له مارکسایه‌تی شۆڕشگێڕانه و کۆمۆنیزمی
وهرچهرخێندراو و به‌ره‌واژه و چهوتڕهوێتی، بوو به ڕێپێشاندهر و شاڕێگه‌ی زۆرینه‌ی
بزاڤ و پارتییه کۆمۆنیسته‌کانی جیهان. پارتیی کۆمۆنیستی عیراقیش له‌و بار و ڕه‌وشه
به دوور نه‌بوو و هه‌مان نه‌خۆشی تووشی ئه‌ویش بوو. له نێو پارتیی کۆمۆنیستی عیراقیشدا،
ململانێیه‌کی ئایدیۆلۆژی توند هه‌بوو و ئه‌و پارتییه، تا ڕاده‌یه‌ک دوو باڵی سه‌ره‌کی
یا ڕاستتر دوو هێڵی سه‌ره‌کی تێدا وه‌دی ده‌کران. هێڵێکی شۆڕشگێڕ به ڕێبه‌رایه‌تیی
شه‌هیدان "سه‌ڵام عادیل" و "جه‌مال حه‌یده‌ری" و هێڵێکی ناشۆڕشگێڕ
و ڕاستڕه‌و و چه‌وتڕه‌و و کۆمۆنیستی به‌ره‌واژه و ژه‌نگگرتوو به ڕێبه‌رایه‌تیی "زه‌کی
خه‌یری"، "عامیر عه‌بدوڵڵا"، "به‌هائه‌ددین نووری"، "موحه‌ممه‌د
حوسه‌ین ئهبولعیس" و "هادی هاشم". ڕێبه‌رانی باڵی ڕاستڕه‌و و چه‌وتڕه‌و
و ناشۆڕشگێڕ، به موو له هێڵه‌که‌ی سۆڤیێت، دوور نه‌ده‌که‌وتنه‌وه و پارتییه‌که‌یان،
وه‌ک هه‌موو ئه‌و پارتییه کۆمۆنیستانه‌ی سه‌ر به سۆڤیێت، به پاشکۆیه‌کی ته‌واوی
سۆڤیێت ده‌زانی و به فه‌رمانی ئه‌وان هه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌کرد. ئه‌و باڵه له باره‌ی
ڕێژیمی نوێی عیراق و عه‌بدولکه‌ریم قاسمه‌وه، هه‌مان بیر و بۆچوونی سۆڤیێتیان هه‌بوو،
له بری ئه‌وه‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم به بۆرژوازییه‌کی نیشتمانپه‌روه‌ر دانێن، ئه‌ویان
به دیموکراتێکی شۆڕشگێڕ داده‌نا و پێیان وابوو، که قاسم تا سه‌ر له‌گه‌ڵ سۆسیالیزم
و کۆمۆنیزمدایه. له هه‌مان کاتدا که قاسم نوێنه‌رایه‌تی هێڵی نیشتمانپه‌روه‌رێتی
و نانه‌ته‌وه‌یی ده‌کرد، هێڵێکی دیکه‌ش له ئارادا هه‌بوو، که له عه‌بدوسسه‌لام
عارف و به‌عسییه‌کان پێکهاتبوو و نوێنه‌رایه‌تیی ڕه‌گه‌زپه‌رستی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی
و دژایه‌تی هه‌موو پێشکهوتنخوازییهکیان ده‌کرد. ئه‌م دوو هێڵه له ململانێیه‌کی
به‌رده‌وامدا بوون. تا پاشتر هێڵی دووه‌م قاسمیان بۆڕ دا و به سه‌ریدا سه‌رکه‌وتن.
پارتیی کۆمۆنیستی عیراق، که له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا، گه‌وره‌ترین و شۆڕشگێڕترین
هێزی سیاسی عیراق بوو، له سه‌رده‌می قاسمیشدا، وه‌ک مه‌زنترین هێزی سیاسی ده‌رکه‌وت،
که توانیبووی زۆرترین خه‌ڵکی وڵات له ده‌وری خۆ کۆکاته‌وه. بێگومان له‌و ململانێیه‌ی
نێوان قاسم و عارف- به‌عسدا، پارتیی کۆمۆنیست وه‌ک هه‌ڵبژاردنێکی ڕاست، هه‌ر ده‌بوو
پشتگری له قاسم بکات. به‌ڵام ئه‌و پشتگرییه‌ی قاسم، نه‌ده‌بوو به شێوه‌یه‌کی وا
بێت، که ئیدی قاسم به نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی چه‌وساوه‌کانی گه‌ل و شۆڕشگێڕ و چی
و چی بدرێته قه‌ڵه‌م و چاوپۆشی له هه‌موو هه‌ڵه‌کانی بکرێت و بۆی بپۆشرێت و جێگۆڕکێی
چینایه‌تی پێ بکرێت و بخرێته خانه‌یه‌کی دیکه‌وه، که خانه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی نه‌بوو.
عه‌بدولکه‌ریم قاسم وه‌ک زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی، که لێیه‌وه نێزیکبوون و ناسیویانه
ده‌ڵێن، له ڕووی که‌سایه‌تییه‌وه سه‌رباری نیشتمانپه‌روه‌ری و دڵسۆزیی بۆ خه‌ڵک
و خاک، پیاوێکی ده‌ستپاک، نانه‌ته‌وه‌یی، دوژمنی سه‌رسه‌ختی بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی،
هه‌ژاردۆست بوو، به‌ڵام وه‌ک سیاسه‌تکارێک له ده‌ڕۆستی فرتوفێڵی سیاسه‌ت نه‌ده‌هات
و تا ڕاده‌یه‌کی زۆر حولحولی(ڕاڕا، بگۆڕ، دوودڵ)بوو و خۆشباوه‌ڕ بوو و قسه‌ی خه‌ڵک
و ده‌وروبه‌ر زوو کاری تێ ده‌کرد و ده‌یگۆڕی و به قووڵی نه‌یده‌ڕوانییه کێشه و ڕووداوه‌کان
و دۆست و دوژمنی خۆی به باشی له‌یه‌ک جودا نه‌ده‌کردنه‌وه. به‌ڵگه‌یه‌کی هه‌ژاردۆستی
قاسم و خزمه‌تی زۆری به هه‌ژاران، دروستکردنی باژێڕ یا شارۆچکه‌ی ئهسسهوره(الثورة)ی
به‌غدایه. ئه‌و شارۆچکه‌یه، که کۆنتر چوادر(چادره‌کان، خێوه‌ته‌کان)ی پێ ده‌گوترا
- چونکه خه‌ڵکه‌که‌ی که هه‌ژارترین و چه‌وساوه‌ترین مرۆڤ بوون و له نێو چادردا ده‌ژیان-
قاسم بۆی کردن به خانوو و هه‌موو جۆره پێویستییه‌کی ژیانیی بۆ ساز کردن. ئه‌وانه‌ش
که تا دواساتهکهنی ژیانی قاسم له‌گه‌ڵیدا بوون و به وه‌فا بوون بۆی و پیاوه‌تی
ئه‌و ڕێبه‌ره‌یان له به‌رچاو بوو، هه‌ژارانی چوادر و لاوانی کوردانی فه‌یلی - که
له بابششێخ"باب الشیخ" و عه‌گدلئه‌کراد "عگد الا‘کراد" و شه‌قامی
کیفاح "شارع الکفاح"دا قاره‌مانانه ڕووبه‌ڕووی پیاوکوژان و کوودێتاچییانی
به‌عس بوونه‌وه- و لاوانی شۆڕشگێڕی نێو پارتیی کۆمۆنیست بوون. ئه‌و قاره‌مانانه
نموونه‌ی توێژ و خه‌ڵکه دڵسۆز و شۆڕشگێڕ و ڕاستگۆ و خاوێنه‌که‌ی کۆمه‌ڵگه‌که
بوون، که داکۆکی و پارێزگاری‌یان له به‌ها و نرخ و ئه‌ندێشه و خه‌ون و ئازادی مرۆڤه‌کانی
ئه‌و وڵاته و داد و یه‌کسانی ده‌کرد و ده‌یانه‌ویست ڕێ له شه‌وه و عفریت و خوێن‌ڕێژ و جه‌للاده‌کانی به‌عس بگرن، به‌ڵام
مخابن، ئه‌وان(به‌عسییه‌کان) وه‌ک ئافات و په‌تا و ده‌رد و هه‌موو شتێکی دزێو و
ناحه‌ز، وڵاتیان گرت و پیسی و قڕێژی و گه‌نده‌ڵی و وێرانکاری و ڕووباری خوێنیان له‌گه‌ڵ
خۆیاندا هێنا.
به گۆڕینی ڕێژیمی پاشایه‌تی بۆ کۆماریی، بیرۆکراتی و کاغه‌زبازی و سستی و
خاووخلیچکی کارڕایی و ئه‌نجامدانی کار له کارگێڕییه‌کانی ده‌وڵه‌تدا نه‌گۆڕا و
کارا و خێراتر نه‌بوو، به‌ڵکه گه‌نده‌ڵی و ناکارایی و سستی زیادی کرد و تا ده‌هات
خراپتر ده‌بوو. له که‌لار پیاوێکی پیری پشتکووڕی ته‌نیا و هه‌ژار و په‌ککه‌وته هه‌بوو
به ناوی "ڕه‌حیمی تازهئهوڕهحمان". مام ڕه‌حیم به هه‌ر جۆرێک بێت، خۆی
گه‌یانده به‌غدا و چووه کن عه‌بدولکه‌ریم قاسم، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌ک، مووچه‌یه‌ک،
شتێکی له‌و بابه‌ته‌ی بۆ ببڕێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ وه‌ک مرۆڤێک ژیان بباته سه‌ر.
عه‌بدولکه‌ریم قاسمیش، مووچه‌یه‌کی مانگانه‌ی بۆ بڕیار ده‌دات و ئیدی مام ڕه‌حیمیش
ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵی خۆی له که‌لار. بۆ بڕینه‌وه‌ی ئه‌و مووچه‌یه، ده‌بوو له عه‌بدولکه‌ریم
قاسمه‌وه، فه‌رمان به وه‌زاره‌تی ناوخۆ بدرێت و له‌وێشه‌وه به ئوستاندار(پارێزگار،
متصرف)ی که‌رکووک فه‌رمان بدرێت و له‌وێشه‌وه به قایمقامییه(قائمقامیة)تی کفری
فه‌رمان بدرێت و له‌وێشه‌وه به به‌ڕێوه‌به‌رییه‌تی ناحیه(مدیریة ناحیة) ی شێروانه(سه‌رقه‌ڵا)
فه‌رمان بدرێت و له‌وێشه‌وه به کوێخا(مختار)ی که‌لار فه‌رمان بدرێت و له ڕێگه‌ی
ئه‌ویشه‌وه مام ڕه‌حیم ئاگادار بکرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بچێ له سه‌رقه‌ڵا مووچه‌که‌ی
وه‌رگرێت. به‌ڵام ئه‌و مووچه‌یه‌ی - که نازانم له ئه‌سڵدا چه‌ند بوو و عه‌بدولکه‌ریم
قاسم چه‌ندی بڕیار دابوو- که ده‌گه‌یشته مام ڕه‌حیم، ته‌نێ یه‌ک ڕوبعهدینار(دووسه‌دوپه‌نجا
فلس)بوو. بێگومان بۆ پاره‌که ده‌بووه یه‌ک ڕوبعهدینار، ئه‌وه چ تاوانێکی قاسمی
تێدا نه‌بوو، به‌ڵکه بۆگه‌نیی کارگێڕی و ده‌سگا ده‌وڵه‌تییه‌که، کاره‌که‌ی وا لێ
ده‌کرد. مام ڕه‌حیم ئه‌و قسه‌یه‌ی له کاتێکدا بۆ باوکم ده‌گێڕایه‌وه، که باوکم میلی ڕادیۆ
پایه‌که‌ی به سه‌ر وێستگه‌کاندا ده‌سووڕاند و به دوای هه‌واڵێک یا شتێکی له‌و
جۆره‌دا ده‌گه‌ڕا و گوێیشی بۆ مام ڕه‌حیم ڕاگرتبوو، مام ڕه‌حیمیش خۆش خۆش به
باوکمی ده‌گوت:"شێخ محه‌مه‌د قورعانی پێ بخوێنه، قورعان". مه‌به‌ستی ئه‌وه
بوو ڕادیۆکه بخاته سه‌ر وێستگه‌یه‌ک، که قورئان بخوێنێ.
که ڕێژیمی پاشایه‌تی ڕووخێنرابوو - که ئه‌وه بۆ خۆی هه‌ڵه‌یه‌ک بوو و ڕوویدا
بوو- ڕێژیمێکی نیشتمانپه‌روه‌ر هاتبووه سه‌ر کار، دروست له‌و کاته و له‌و سه‌روبه‌نده‌دا،
ده‌بوو پارتیی کۆمۆنیستی عیراق، ئه‌و هه‌له بقۆزێته‌وه و بۆ ڕێگه‌گرتن، له
دوژمنانی ڕێژیمی نوێ و مسۆگه‌رکردنی فراژووتنی گۆڕانکارییه‌کانی ڕێژیمی نوێ، به‌ره‌و
ڕزگاریی نیشتمانی و دیموکراسی و له دواییشدا سۆسیالیزم، مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست،
وه‌ک بیر و بۆچوون، له نێو که‌سانێکدا له پارتیی کۆمۆنیستی عیراقدا هه‌بوو، به‌ڵام
مه‌سه‌له‌یه‌ک نه‌بوو، که زه‌مینه‌ی بۆ خۆش کرابێت و هه‌وڵێکی جیددی بۆ درابێت، بۆ
ئه‌وه‌ی ببێته واقیع. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له نێو خه‌ڵک و له شه‌قامدا، باسی لێکرابوو
پێش ئه‌وه‌ی له کۆبوونه‌کانی کۆمیته‌ی نێوه‌ندیی ئه‌و پارتییه‌دا باسی لێوه بکرێت،
واته ویست و خواستێکی به‌هێز و به ته‌وژمی گه‌لێر هه‌بوو بۆ کار و ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست.
به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی زه‌مینه‌ی پته‌و و به‌هێزیی باڵ و هێڵی ڕاستڕه‌و و چه‌وتڕه‌وی
نێو پارتیی کۆمۆنیست، که پاشکۆی سیاسه‌تی سۆڤیێتی بوو، ئه‌و کاره ئه‌نجام نه‌درا
و مه‌سه‌له‌که له‌بار برا. هه‌ر ئه‌و لهباربردنهش، بوو به هۆی زاڵبوون و سه‌رکه‌وتنی
نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و خه‌ڵکانی سه‌ر به ئیمپریالیزمی جیهانی له عیراقدا.
پاش کوودێتای به‌عسی 1963، شه‌هید سه‌لام عادیل ده‌گیرێ و پێش له‌توپه‌تکردن و کوشتنی
ده‌ڵێ که، کوودێتای ڕاسته‌قینه له 1963دا ڕووینه‌داوه، به‌ڵکه له ساڵی
1959دا ڕوویداوه و عه‌بدولکه‌ریم قاسم و بۆرژوازییه‌تی عیراق پاڵه‌وانانی ڕاسته‌قینه‌ی
ئه‌و کوودێتایهن. ئه‌گه‌ر پارتیی کۆمۆنیست ده‌سه‌ڵاتی گرتبایهته ده‌ست - هه‌رچه‌نده
ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ر ده‌سه‌ڵاته به ده‌ست هه‌ر که‌سێکه‌وه بێت- ئه‌وا عیراق ده‌بووه
وڵاتێکی سۆسیالیست و ڕه‌وش و باری عیراق له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه، له بوڵگاریا و
چیکۆسلۆڤاکیا و یۆگوسلاڤیا و ئه‌وانه باشتر ده‌بوو و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی و میللیش
هه‌رگیز به‌و جۆره زه‌ق و گرژ و ده‌مارگیرانه نه‌ده‌بوو، وه‌ک که دواتر وای لێ
هات. ئه‌و دیتنه‌ی که هێڵه ناشۆڕشگێڕه‌که‌ی نێو پارتیی کۆمۆنیست، له‌مه‌ڕ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی
قاسم و نائامادهییان بۆ ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست هه‌یانبوو، له سه‌رده‌می عارفی یه‌که‌میشدا،
که دوای ڕووخانی به‌عس له 1963دا ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، ئه‌و تێزه پتر بره‌وی
په‌یدا کرد و له 1964دا ئیدی ڕێگه‌ی ناسه‌رمایه‌داری و نۆره‌ی کارای بۆرژوازی گچکه
و خه‌باتی دیموکراتیی شۆڕشگێڕانه‌یان، بۆ بوو به ڕێباز و دروشمی پارتیی کۆمۆنیست
و به ئاشکرا بانگه‌وازی بۆ ده‌کرا و مه‌سه‌له‌ی سه‌رکرده‌یه‌تیی چینی کریکار و دهسهڵاتگرتنهدهستیش
له ئارادا نه‌ما و ته‌نانه‌ت داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتیی کۆمۆنیست و تێکه‌ڵبوونی
له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تی سۆسیالیستی عه‌ره‌بی(الاتحادالاشتراکي العربي) ده‌کرا، وه‌ک چۆن
له مسر ڕوویدابوو.
هه‌رچی مه‌سه‌له‌ی کورده له عیراقدا، پێش 14ی ته‌مموزی 1958، واته له سه‌رده‌می
پاشایه‌تیدا، له دوای نه‌مان و تێکچوونی بزووتنه‌وه‌کانی بارزانی 1943- 1945 و په‌ڕینه‌وه‌ی
پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌و ڕابوونه، به ڕێبه‌ریه‌تیی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، بۆ دیوی کوردستانی
ئێران و یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت، ئیدی که‌وته بار و دۆزێکی دیکه‌وه و وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی
زه‌قی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ده‌هاته به‌رچاو. کوردیش له سه‌ر ئه‌وه‌ی که کورده له‌و
سه‌رده‌مه‌دا نهدهچهوسێنرایهوه، به‌ڵکه تا ڕاده‌یه‌کیش له کارگێڕی و ده‌سگای
ده‌وڵه‌تیدا کار و باری ده‌ڕۆیشت و له په‌رله‌مانیشدا کۆمه‌ڵێک ئه‌ندامی هه‌بوو و
ده‌یان وه‌زیر و سه‌رکرده‌ی له‌شکر و سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و سیاسه‌تکاری گه‌وره‌شی هه‌بوون.
به دڵنیاییشه‌وه ده‌ڵێم له زۆر بار و ڕووه‌وه، حاڵ و ڕه‌وشی کورد، له شیعه گه‌لێک
باشتر بوو. پاش 14ی ته‌ممووزی 1958، مه‌لا مسته‌فای بارزانی له یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت
گه‌ڕایه‌وه. بارزانی له‌گه‌ڵ عه‌بدولکه‌ریم قاسم و حیزبی کۆمۆنیستی عیراقیشدا، نێوانی
خۆش بوو و گه‌لێک به حاڵ و گوزه‌رانی کورد ڕازی بوو و نه‌یده‌ویست به هیچ شێوه‌یه‌ک
ئه‌و باره بشێوێنێت، چونکه ئه‌و ڕێژیمه نوێیه بۆ یه‌که‌م جار بوو له مێژووی عیراقدا،
عه‌ره‌ب و کورد به هاوبه‌ش له‌و نیشتمانه‌دا(عیراق) دابنێت و ئه‌وه‌یش له ده‌ستووردا
بنووسرێت. ئه‌و پارتییه‌ی که به ناوی پارتیی دیموکراتی کورد یا کوردستانه‌وه هه‌بوو
و بارزانی به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی، که له ده‌ره‌وه بوو و که هاته‌وه‌ش هه‌ر
سه‌رۆکی بوو، ناته‌بایی و ململانێیه‌کی قووڵی تێدا هه‌بوو. ئه‌و ململانێیه‌ش شتێکی
نوێ نه‌بوو، به‌ڵکه هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی پارتییه‌وه هه‌ر هه‌بوو.
دوو هێڵی سه‌ره‌کی له نێو پارتیدا وه‌دی ده‌کران. هێڵێک که هه‌مزه عه‌بدوڵڵا ڕێبه‌ری
بوو - هێڵی چه‌پ- و هێڵێکی دیکه که ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ڕێبه‌ری بوو - هێڵی ڕاست-.
ڕێبه‌ری ئه‌م هێڵی دووه‌مه، هه‌ر له سه‌ره‌تای بوونه پارتییهوهی به نهێنی و
به ئاشکرا، دژایه‌تی که‌سایه‌تی و گهلێریی و ده‌سه‌ڵات و سه‌رکرده‌یه‌تی بارزانی
ده‌کرد و هه‌رگیز له‌گه‌ڵ بیر و بۆچوونه‌کانی بارزانیدا پێک نه‌ده‌هات. ئه‌م هێڵه‌ی
ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده، که پاشتر جه‌لال تاڵه‌بانی و عومه‌ر ده‌بابه و هی دیکه‌شی
له خۆ کۆکرده‌وه، له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا، به ناوی پێشکه‌وتنخوازییه‌وه،
دژایه‌تی بوونی که‌سانێکی وه‌ک شێخ له‌تیفی حه‌فید و کاکهزیادیان ده‌کرد و ته‌نانه‌ت
بیر و بۆچوونه‌کانی شه‌هید فه‌هد و شه‌هید جه‌مال حه‌یده‌ریشیان به ڕاستڕه‌وانه
داده‌نا و خۆیان له‌وان پێ چه‌پتر بوو و به ناوی کوردایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌و
جۆره شتانه‌شه‌وه، دژایه‌تی هه‌مزه عه‌بدوڵڵایان ده‌کرد. له کاتێکیشدا که به‌شی
زۆری خه‌ڵکی عیراق، له ده‌وری حیزبی کۆمۆنیستی عیراق خڕبووبوونه‌وه و خه‌باتیان
ده‌کرد و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ خه‌ڵک هێنده‌ی مه‌سه‌له‌ی چینایه‌تی و باری
ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی گرنگ نه‌بوو، ئه‌مان له‌گه‌ڵ حیزبی کۆمۆنیست‌دا دانووله‌یان
پێکه‌وه نه‌ده‌کوڵا و ددانی خێریان به حیزبی کۆمۆنیست‌دا نه‌ده‌نا. دوای 14ی ته‌ممووزیش
به قایل‌بوون و ڕه‌زامه‌ندیی بارزانی - به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت- و له ڕێگه‌ی ئه‌ویشه‌وه
توانییان به سه‌ر باڵه چه‌پڕه‌و و پێشکهوتنخوازهکه(باڵی هه‌مزه عه‌بدوڵڵا)دا
سه‌رکه‌ون. بارزانی به کۆمه‌ڵێک چه‌کدار و له ئێوارهکوودێتایهکی حوزه‌یرانی
1959دا، باره‌گای پارتیی له به‌غدا، گه‌مارۆ دا و هه‌مزه عه‌بدوڵڵای وه‌ده‌رنا و
پاشان ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی به سکرتێری پارتیی دانا. بارزانی به‌و کاره‌ی(ده‌رکردنی
هه‌مزه عه‌بدوڵڵا و دانانی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له شوێنی وی) داوێکی بۆ خۆی نایه‌وه
و جێگه‌ی ئه‌و بۆمبه کۆککراوهی، که له‌مێژ بوو بۆی دانرابوو و له 1964دا ته‌قییه‌وه،
خۆشتر و چاکتر کرد. به وه‌ده‌رنانی هه‌مزه عه‌بدوڵڵا، پارتیی له چه‌پ پاکتاو کرا
و ڕاستڕهویهتی ده‌ستی به‌سه‌ر پارتییدا گرت. له‌و ده‌مه‌شدا که هه‌موو خه‌ڵکی نیشتمانپه‌روه‌ر
و چه‌پ و دڵسۆزی خاک و وڵات له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی گه‌ل(قاسم و شۆڕش و حیزبی کۆمۆنیست)دا
بوون، سه‌رکرده ڕاستڕه‌وه‌کانی پارتیی ده‌یانه‌ویست پارتیی به بۆرژوازییه‌ته‌وه(موحه‌ممه‌د
حه‌دید- پارتیی نیشتمانیی دیموکراتی و سددیق شه‌نشه‌ل - پارتیی سه‌ربه‌خۆیی) گرێ
بده‌ن و خۆ یه‌کخه‌ن و سازکه‌ن و به‌ره‌ی دژ به گه‌ل(عارف و به‌عس و ڕاستڕه‌و و ڕه‌گه‌زپه‌رست
و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان)یان هه‌ڵبژارد و که‌وتنه هاوکاریکردن له‌گه‌ڵیان، دژ به لێشاوی
جه‌ماوه‌ر و به‌ره‌ی گه‌ل و شۆڕش، بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی نیشتمانپه‌روه‌ری قاسم. وه‌ک
به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌نجامدانی سیاسه‌تی ڕاستڕه‌وانه‌ی خۆیان به هاوکاری ده‌ره‌به‌گ
و ئاغاکانی ناوچه‌ی پشده‌ر و به هاندانی کۆمپانییه‌کانی نه‌فتی بیانی و ده‌سگه سیخوڕییه‌کانی
ڕۆژاوا و ساواکی ئێرانی شا، یاخیبوونی ساڵی 1961یان به‌رپا کرد. بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌که‌شیان
به ئه‌نجام بگات، بارزانی‌یان تێوه گلاند و له په‌نای ناو و گه‌لێری وی‌دا، خه‌ڵکیان
له خۆ خڕکرده‌وه و ده‌ستیان به جه‌نگ کرد. ئه‌و یاخیبوونه - که پاشتر ناوی شۆڕشی
لێ نرا، هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا به‌شێکی سه‌ره‌کی بوو له نه‌خشه‌ی که‌سک "طرح
سبز"ی ساواکی ئێران، بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی قاسم و گێڕانه‌وه‌ی ڕێژیمی پاشایه‌تی،
یا هه‌ر ڕێژیمێکی سه‌ر به ڕۆژاوا بێت بۆ عیراق- گه‌وره‌ترین خیانه‌تێک بوو به‌رانبه‌ر
مه‌سه‌له‌ی کورد به تایبه‌تی و عیراق به گشتی. کورد هه‌رگیز پێویستی به‌و جه‌نگه
چه‌کدارییه نه‌بوو و ئه‌وه‌ش جه‌نگی ئه‌و نه‌بوو، به‌ڵکه جه‌نگی ته‌واوی هێزه ئه‌هریمه‌نییه‌کان
بوو دژ به خاک و گه‌ڵانی عیراق، قانوونی دابه‌شکردنی زه‌وی، قانوونی ژماره 80ی نه‌فت
و هه‌موو گۆڕانه گه‌لی و باشه‌کان- هه‌رچه‌نده ئه‌وانه هه‌نگاوگه‌لێکی ڕادیکاڵانه
نه‌بوون و ته‌نێ پینه‌وپه‌ڕۆیه‌کی سۆسیالیستانه بوون، به‌ڵام له هیچ باشتر بوون-
که له وڵات‌دا وه‌دی هاتبوون. ئه‌و جه‌نگه بۆ شێواندنی یه‌کیه‌تی و برایه‌تی و به‌ختیاری
و ئازادی و ئاشتی خه‌ڵکی عیراق بوو. سه‌رانی پارتیی چالاکانه، نۆره‌ی خۆیان له‌و
نه‌خشه‌یه‌دا بینی و بوون به هۆی وێرانکاری و کوشتار و به‌دبه‌ختی خه‌ڵک و لاوازکردنی
له‌شکر و ئابووری عیراق. به به‌رپاکردنی جه‌نگ و یاخیبوونی ساڵی 1961، ئیدی مه‌سه‌له‌ی
کورد گواسترایه‌وه بۆ خانه‌یه‌کی دی. چه‌ک بوو به تاکه ئامرازی خه‌بات، و زمان
و گفتوگۆ له‌کار خران. مه‌سه‌له‌ی کورد و هێزی سیاسیی کورد، به هۆی سیاسه‌تی چه‌وتی
ئه‌و ده‌سته ڕاستڕه‌وه‌وه، بوو به کاغه‌زێکی قومار و پارسه‌نگێکی بێبایه‌خ و
ئامرازێکی گوشارخسته‌سه‌ر و چه‌کدارێکی به‌کرێگیراوی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، هێزی ده‌ره‌کی
و ئیمپریالیزم. ئه‌و ههڵهشهسیاسی و چهکبازییه ئیدی له‌و کاته‌وه، بوو به یاری
و نه‌ریتێک له کن کوردان و له نێو هه‌موو کورد و به‌شه‌کانی کوردستاندا، په‌تائاسا
بڵاو بووه‌وه و ته‌شه‌نه‌ی کرد و تا ئه‌م ڕۆژگاره‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه. ئه‌و نه‌خشه
و جه‌نگه‌ی 1961ه، و هاوکارییه‌ی سه‌رانی پارتیی له‌گه‌ڵ به‌عس و عارفدا، سه‌رباری
هۆکاری کاریگه‌ری دیکه، بوون به هۆی ڕووخاندنی قاسم، به‌ڵکه ڕووخاندن و داته‌پینی
ته‌واوی به‌ها و خۆشه‌ویستی و برایه‌تییه‌ک و هاتنی به‌عس بۆ سه‌ر کار و ده‌سه‌ڵات
به شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی ئه‌مه‌ریکی له 1963دا. وه‌ک ئه‌نجامدانێکی به‌شه گرنگه‌که‌ی
سیاسه‌تی خۆیان، سه‌رانی ئه‌و هێڵه ڕاستڕه‌وه‌ی نێو پارتیی، بزاڤی کوردیان به‌ره‌و
هه‌ڵدێری 1964 برد و دووبه‌ره‌کییان ساز کرد. به‌و کاره‌شیان خۆرهئاسا که‌وتنه نێو
جه‌سته‌ی میلله‌تێک، که تا ئه‌و ده‌مه خۆی به یه‌ک میلله‌ت ده‌زانی و ته‌واوی کورده‌که‌ی
هه‌موو کوردستانیان، به سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ به یه‌کدا - له‌وێ ڕۆژێ ڕا تا ئه‌وڕۆ-
دابه‌ش کرد.
ته‌واوی ئه‌و هه‌موو نه‌گبه‌تی و ناهه‌موارییه‌ی، که به سه‌ر وڵات و خه‌ڵکی
عیراقدا هاتووه، ئه‌گه‌ر پاشایه‌تی نهڕووخێنرابا، یا ئه‌گه‌ر باڵه شۆڕشگێڕه‌که‌ی
نێو پارتیی کۆمۆنیستی عیراق هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، باڵه ناشۆڕشگێڕ و ڕاستڕه‌وه‌که‌ی
وه‌لا نابا و به‌سه‌ریدا زاڵ بووبا، یا پارتیی کۆمۆنیستی عیراق به ڕێبه‌ریه‌تی باڵه
شۆڕشگێڕه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتی گرتبا ده‌ست، ئیدی ئه‌و هه‌موو به‌ڵایه، به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا
نه‌ده‌هات. هه‌رچه‌نده ئه‌و ململانێیه‌ی نێوان هێڵی شۆڕشگێڕ و هێڵی ناشۆڕشگێڕ، چه‌پ
و ڕاست، بیری نوێخواز و گۆڕانکار و بیری ژهنگرتوو و پێشمه‌رگه و خێڵی په‌توودا،
له نێو پارتیی کۆمۆنیستی عیراقدا، ساڵانێکی دواتر، له ڕاپه‌ڕینه پاکسازییه‌که‌ی
17ی ئه‌یلوولی 1967دا ته‌قییه‌وه و له‌یه‌ک جوێ بوونه‌وه، به‌ڵام تازه کار له کار
ترازا بوو و خه‌ڵکانی سه‌ر به ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریکی و ئینگلیزی و به پشتگری سۆسیال-
ئیمپریالیزمی سۆڤیێت، کاریان گرتبووه ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و ئابوورییه‌کی
هێنده به‌هێز هه‌بوو و جێپێی خۆیان به جۆرێک قایم کردبوو و مێشکی خه‌ڵکیان به شێوه‌یه‌ک
شۆردبووه و خه‌ڵکیان وا چه‌واشه کردبوو، که ئیدی جێیان پێ له‌ق نه‌ده‌کرا، مه‌گه‌ر
به ڕاپه‌ڕینێکی یه‌کجار گه‌لێر و به‌شداریکردنێکی یه‌کجار فراوان.
ده‌ڵێن مێژوو جارێکی دی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی دیکه. بۆ
وه‌دیهێنانی ویست و خه‌ونی چه‌وساوه‌کانی ئه‌و وڵاته و ڕۆحدانهوهبهر 14ی ته‌ممووز
و ساڵانی 1958 و 1959، له حوزه‌یرانی 1968دا، له نێو زۆنگاوه‌کانی غهمووگهدا،
میراتگرێکی حوسه‌ین و حه‌مدانی قه‌رمه‌تی(حمدان القرمطي)، هه‌ڵگری خه‌م و په‌رۆشه‌کانی
گشت ڕه‌نجده‌ر و برسی و ڕووت و ڕهجاڵانی عیراق، خالید ئه‌حمه‌د زه‌کی(ظافر) شۆڕشگێڕ،
ئاڵای ئه‌و شۆڕشه سپارتاکۆسییه هه‌ڵده‌گرێت و قاره‌مانانه به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات،
زۆرداری، بنده‌ستی و چه‌وساندنه‌وه ڕاده‌په‌ڕێت، به‌ڵام تاکه شتێک که هه‌یه‌تی
و پێی ده‌کرێت، به‌خشینی گیانی خۆیه‌تی به‌و ڕێگه‌یه. گیڤارا ده‌یگوت:"کۆمۆنیست
دواکه‌سه که ده‌خوا و دواکه‌سه که ده‌نوێ و یه‌که‌م که‌سه که ده‌مرێ"،
به شه‌هیدبوونی ئه‌و و کوژانه‌وه‌ی تروسکه‌ی وڵاتێکی به‌ختیار و گه‌لێکی یه‌کسان،
خۆزگه و ئومێد و خه‌ون و ئاواته‌کانی ئێمه‌ی منداڵانی 1958یش، نه‌ک هه‌ر نایه‌ته
دی ، به‌ڵکه له نێو گۆمی بێهووده‌یی و بێهیوایی و تاریکیدا نوقم ده‌بێت.
ته‌ممووزی 1996
No comments:
Post a Comment