ڕۆڵی نوێی ژن، هێزی کوردستانه
ئاماده‌کردنی: فه‌رهاد شاکه‌لی.
وه‌رگێڕانی له سوێدییه‌وه بۆ کوردی: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی.
هێنی هاراڵد هانسن، فه‌رهه‌نگ - ئه‌نترۆپۆلۆگی[1]
دانمارکی، یه‌کێکه له دانه‌رانی بنه‌مای توێژینه‌وه‌ی مرۆڤناسی، له‌مه‌ڕ شوێن و
پایه‌ی ژن له فه‌رهه‌نگی ئیسلامی‌دا. لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌کانی له‌باره‌ی ژیانی
ژنه‌وه له عیراق و کوردستان له دوو کتێبی هێژادا بڵاوکردووه‌ته‌وه، که ئه‌مانه‌ن:
*ژیانی ژنی کورد The kurdish woman’s life
*پشکنین له
گوندێکی شیعه‌دا Investigations
in ashi’a Village
له ده‌ستپێکدا به توێژینه‌وه‌ی ئهتنۆگرافییهوه[2] خه‌ریک
بووه له باره‌ی جل و پۆشاکه‌وه و واتا و گرنگییان، به‌ڵام پاشان ده‌ستی به لێکۆڵینه‌وه
و توێژینه‌وه‌ی جڤاکناسی و ئه‌نترۆپۆلۆگی فه‌رهه‌نگیی له‌باره‌ی ڕۆڵی ژنه‌وه له
نێو ئیسلامدا، کردووه. له نێزیکه‌وه توانیویه‌تی له گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی
ژنی کورد و ئاگایی سیاسیی و هاوبه‌شیی له خه‌باتدا بۆ کوردستانێکی ئازاد، ئاگادار
بێت.
* نێزیکه‌ی 28 ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر ئێوه بۆ دواجار له کوردستان
بوون، گه‌شته‌که‌تان بۆ ئه‌وێ چ واتا و گرنگییه‌کی هه‌بوو بۆ خۆتان و بۆ کاری
زانستیی ئێستاتان؟
- زۆر ڕاسته، من پێش 28 ساڵ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م بۆ ڕه‌خسا،
به ئه‌ندامیه‌تیی ده‌سته‌یه‌کی دانمارکی بۆ پشکنین و لێنۆڕینی دووکان، ماوه‌ی پێنج
مانگێک له کوردستانی عیراق بمێنمه‌وه. مانه‌وه‌شم له‌وێ له شێوه‌ی هاوبه‌شیی و
چاودێریی مه‌یدانیدا بوو، که ده‌کاته ئه‌وه‌ی، مرۆڤ ده‌بێ له‌و ژینگه‌یه‌دا، که
ده‌یه‌وێت لێی بکۆڵێته‌وه، بژی و له‌و حاڵه‌ته‌ی
مندا ده‌یکرده ئه‌وه‌ی، له نێو ژنانی موسوڵمانی سوننی کورددا بژیم و هه‌وڵی ڕوونکردنه‌وه
و لێکدانه‌وه و ڕاڤه‌کردنی شوێن و پایه‌یان له ماڵ و له نێو کۆمه‌ڵ و هه‌روه‌ها
له نێو ئایینی ئیسلامدا بده‌م. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئه‌و یه‌که‌مجار و (دواجاری)
چاوپێکه‌وتنه‌م له‌گه‌ڵ ژنی کوردستانی عیراقدا چ گرنگییه‌کی هه‌بوو بۆ خۆم به تایبه‌تی
و چ کارێکی کرده سه‌ر کاره زانستییه‌کانم، ده‌توانم ته‌نێ ئه‌وه بڵێم، که ئه‌و
به‌یه‌کگه‌یشتن و تێکهڵاوبوونهم له‌گه‌ڵ ژنی ئیسلامدا و به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ژنی
کورددا، زۆر به نرخ و کاریگه‌ر و پڕواتا بوو بۆ هه‌موو کارێکی دواترم له ڕۆژهه‌ڵاتی
نێوه‌ڕاستدا. من یه‌که‌م ژنێکی دانمارکی بووم، که خوێندبووم بۆ وه‌ی ببمه ئه‌تنۆگراف(فه‌رهه‌نگ-ئه‌نترۆپۆلۆگ)
و هه‌ر له دهستپێکڕا ئاره‌زووم له‌وه بوو، له‌باره‌ی جۆره‌کانی پۆشاک و جلی گه‌لانی
جیاوازه‌وه بکۆڵمه‌وه. له نێو کورده‌کانی کوردستانی عیراقدا وه‌ک ژنێک بۆم ڕه‌خسا،
که له نێو ژناندا بژیم و تێکه‌ڵاویان ببم و له‌گه‌ڵیاندا هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌م و له
باره‌ی ژیانیانه‌وه پشکنین و توێژینه‌وه بکه‌م. مانگ له دوای مانگ ئه‌وه‌م بۆ ده‌رکه‌وت،
که چارشێو و عه‌با، که جلێکی تایبه‌تن به ژن، بێجگه له‌وه‌ی، که شێوه‌یه‌کی
جلن و ئیدی بڕین و پارچه‌که‌ی هه‌ر جۆرێک بێت، چ واتا و گرنگییه‌کی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیشیان
هه‌ن. ساڵی 1957، چارشێو و حه‌ره‌مسه‌را، ئه‌و شوێنه‌ی که پیاوی بیانیی ده‌ره‌وه‌ی
خێزانی لێ جیا ده‌کرایه‌وه، له ناوچه‌یه‌کی وه‌ک سلێمانیدا له‌وپه‌ڕی گهشاوهییدا
بوو و له باری کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه له نێوان نێر و مێدا جیاوازی ده‌کرا. هه‌رچه‌نده
چارشێو و عه‌با له ده‌ره‌وه‌ی شار و له گونده‌کاندا به‌کار نه‌ده‌بران، له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا له‌وێش له ژیانی ڕۆژانه‌دا له نێوان پیاو و ژن‌دا، جیاوازی هه‌بوو. ژیانی
پیاو له ده‌ره‌وه و له نێو جڤاکدا بوو، به‌ڵام ژنان له نێو چوار دیواری ماڵدا
ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد. ئه‌گه‌ر ژنێکیش بیویستایه سه‌ری نێزیکترین شاریش بدات، ده‌بووایه
چارشێو و عه‌با بپۆشێت. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئاره‌زووم له لێکۆڵینه‌وه بوو له باره‌ی
جل و به‌رگه‌وه، کاتێک که سه‌ردانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستم کرد و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی
پشکنیندا چوومه کوردستانی عیراق، ئیدی که‌وتمه سه‌ر ئه‌و هێڵه له جڤاکناسیدا، که
ئیتر له کاره‌که‌مدا له به‌حره‌ین ساڵی 1960 و له ئێران ساڵی 1963 و له دوایشدا
له مسر ساڵی 1967، که ماوه‌ی نۆ مانگی لێ مامه‌وه، پێڕۆم کرد. کاره توێژینه‌وه
و جڤاکناسییه زانستییه بهراییهکانم، که له ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه‌کانمدا له
نێو ژناندا له کوردستانی عیراق وه‌دیهاتن و بنیاتنران، له دوو کتێب‌دا به ئینگلیزی بڵاوم کردوونه‌ته‌وه که ئه‌مانه‌ن:
The Kurdish woman’s lifeژیانی ژنی کورد.
The daughters of Allah
کچانی خوا.
ئێستا پاش نێزیکه‌ی 30 ساڵان، خۆشبه‌ختانه
ئه‌و دوو کتێبه وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی کوردی و چاپ کراون[3].
من ئه‌وه به شه‌ره‌فێکی مه‌زن ده‌زانم، که یه‌که‌م کاری توێژینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵناسیی
زانستیم و ئه‌نجامه‌کانی، ئێستا له لایه‌ن نوێنه‌رانی ئه‌و گه‌له‌وه، که باسی
ژنه‌کانیان ده‌کات، ده‌خوێنرێته‌وه. یه‌که‌م و تاکه سه‌ردانم له کوردستانی عیراق
و ژیانم له نێو ژنانی کورددا واتایه‌کی کاریگه‌ر و گرنگی به پێشکه‌وتن و کاری
پاشترم به‌خشی.
* ژنانی ئیسلام(به ژنی کوردیشه‌وه) له زۆر ڕووه‌وه
له یه‌ک ده‌چن، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه جیاوازیی مه‌زن له نێوان ژنانی کورد
و ژنانی گه‌لانی نێزیکیدا هه‌یه. ئایا بینینی ئه‌و جیاوازییانه له کاتی ده‌ستپێکردنی
لێکۆڵینهوهکهتاندا هاسان بوو بۆ ئێوه؟
- وه‌ک پێشتر باسم کرد، من توێژینه‌وه جڤاکناسییه
زانستییه‌کانم له نێو ژنانی کوردی کوردستانی عیراقدا ده‌ستپێکرد و ئیدی ئه‌و ژنانه
بۆ من بوونه پێوه‌رێک، که ده‌بووایه ژنی ئیسلام چۆن بووایه‌ن. بێجگه له‌وه‌ش
دواتر بۆم ده‌رکه‌وت، که مێژووی سیاسیی پڕ له ئه‌ندێشه و ڕووداو و کاره‌ساتی کورد،
چه‌شنه ژنێکی تایبه‌ت و هۆشیاری له نێو ژنانی ئیسلامدا چێ کردووه، جۆره ژنێک، که
بێگومان له نێو کۆمه‌ڵگه‌کانی تری ئیسلامدا، که ده‌یانتوانی ژیانێکی ئاسووده‌تر
و کهمگۆڕانکاریتر له باری کۆمه‌ڵایه‌تی و له باری سیاسییه‌وه بڕه‌خسێنن، وه‌دی
ناکرێت. ئێستاش کۆمه‌ڵه ژنێکی جوان و سه‌ربه‌رزی کوردم دێنه‌وه یاد، که له‌و
باوه‌ڕه‌دام نموونه و هاوتایان له کۆمه‌ڵگه‌ی دیکه‌دا نابینرێن.
* چۆن باسی بنگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستانی
باشوور(کوردستانی عیراق)دا ده‌که‌ن له کۆتایی ساڵانی 1950کاندا، ئه‌و کاته‌ی که
ئێوه چووبوونه کوردستان؟
بنگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستانی عیراقدا به هیچ شێوه‌یه‌ک
بابه‌ت و مه‌به‌ستی لێکۆڵینه‌وه‌ی من نه‌بوو، له ماوه‌ی ئه‌و پێنج مانگه‌ی که له‌و
وڵاته‌دا مامه‌وه. توێژینه‌وه زانستییه‌کانی من به ته‌نێ له‌مه‌ڕ شوێن و پایه‌ی
ژنه‌وه بوو له نێو ئایین و خێزان و کۆمه‌ڵدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من وه‌ک ژن تاکه
ده‌رفه‌تێکم هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێو ده‌سته‌ی ژناندا، سه‌رقاڵ بم و په‌سه‌ند بکرێم.
وه‌کی دی ده‌مه‌وێ ئاماژه به کتێبه‌که‌ی فرێدریک بارت"Principles
of Social Organisation in Southern Kurdistan" بنه‌ماکانی ڕێکخستنی جڤاکیی له خوارووی کوردستان،
بکه‌م، که ساڵی 1953 ده‌رچووه.
* بێگومان کتێبه‌کانی ئێوه له‌مه‌ڕ ژنانی کورد له‌نێو
باشترین سه‌رچاوه‌کاندا داده‌نرێن له‌و بواره‌دا و هه‌روایش ده‌مێننه‌وه، ئه‌گه‌ر
لێکۆڵینه‌وه‌ی نوێ نه‌کرێت. بۆچی هیچ لێکۆڵینه‌وه‌ی نوێ ئه‌نجام نادرێت؟
- هۆی ئه‌نجامنه‌دانی توێژینه‌وه‌ی
زانستییانه‌ی وه‌ک ئه‌وانه‌ی من له‌نێو ژنانی کورددا، بێگومان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
بار و دۆزه سیاسییه ئاڵۆزه‌که‌ی، که له‌و کاته‌وه‌ی من له‌وێ بووم، باڵی به‌سه‌ر
کوردستانی عیراقدا کێشاوه.
* له ساڵانی 1950کاندا ژنانی کورد، کچ و ژن و دایک و
خوشک بوون، به‌ڵام له 1960 و 1970کاندا زێتر چوونه نێو کاری سیاسییه‌وه و بوون
به تێکۆشه‌ری ڕێگه‌ی ئازادی. ئایا چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌یان لێ ده‌کرا و ئه‌وان
ئاماده بوون بۆ بینینی ڕۆڵی نوێی خۆیان و ئه‌و به‌رپرسیارییه‌ی که به هۆیه‌وه
چێ بوو؟
- به دیتنی من، هیچ ژنێک له ژنی کورد باشتر نه‌یده‌توانی
ئه‌م ڕۆڵه نوێیه ببینێت و هیچ که‌سێکیش له ژنی سه‌ربڵندی کورد باشتر نه‌یده‌توانی
خه‌بات بۆ ئازادی گه‌ل بکات. من به‌و شێوه‌یه ژنی کوردم ناسیوه.
* ئایا بیرتان له‌وه کردووه‌ته‌وه، له‌باره‌ی ژیانی
ژنی کورده‌وه، به‌رده‌وام بن له توێژینه‌وه، به تایبه‌ت که گۆڕانکارییه‌کی زۆر
و مه‌زن له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا ڕوویداوه؟
- ئێستاکه زۆریی ته‌مه‌نم(من ساڵی 1900 هاتوومه‌ته دنیاوه)
زیاتر ڕێگه‌م لێده‌گرێت، گه‌شتی ده‌ره‌وه بکه‌م و کاری مه‌یدانی بکه‌م. من ده‌بێ
به‌وه قایل بم، که خه‌ریکی ئه‌و تاقیکردنه‌وه و که‌ره‌سانه بم، که کاتی خۆی هێناومنهوه
بۆ ماڵ پاش گه‌شت و پشکنینه‌کانم له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا له نێوان ساڵانی
1957 و 1968دا.
* ئێمه‌ی کورد زۆر شانازی به دۆستانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتمانه‌وه(کوردناسه‌کان)
ده‌که‌ین، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا سه‌رمان له‌وه سووڕده‌مێنێت، که بۆچی له‌م کاته
ناسک و ئاڵۆزه‌ی مێژووی گه‌له‌که‌ماندا، که کاتێکی دژواره بۆ ئێمه و هه‌ڕه‌شه‌ی
له‌نێوبردنمان لێ ده‌کرێت، ده‌نگیان نابیسین؟
- من گله‌ییکردن له دۆستانی کورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، که
ده‌نگیان لێوه نایه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورد، به ناسوپاسگوزاری و ناڕه‌وایی
ده‌بینم. وه‌ک من ده‌یبینم له ئه‌مه‌ریکا و له نۆروێژ و له سوێد ده‌نگیان ده‌بیسرێت.
* که زانیتان کتێبه‌کانتان وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر
زمانی کوردی، هه‌ستتان به چی کرد؟
- سه‌باره‌ت به
وه‌رگێڕانی هه‌ردوو کتێبه‌که‌م: The kurdish woman’s life ,The daughters of Allah بۆ کوردی، هه‌ستم به شادییه‌کی
زۆر کرد و ئه‌و کاره‌شم به شه‌ره‌فێکی زۆر گه‌وره دانا. له هه‌مان کاتیش‌دا یه‌که‌م
پرسیارم ئه‌وه بوو، ئایا من به شێوه‌یه‌کی دادوه‌رانه ئه‌وه‌م بۆ دۆستانی کوردم
و بۆ فه‌رهه‌نگی ئه‌وان کردووه، که سوودی وانی تێدا بێت؟ یا ئه‌وه‌ی من نووسیومه
به‌و شێوه نرخ و بایه‌خیان هه‌یه که خۆم ده‌مویست؟ پرسیاری ئه‌وه‌شم له خۆم ده‌کرد،
که ئایا من هێنده تێگه‌یشتووم له‌و خه‌ڵکانه‌ی که بینییانم و بوون به دۆستم؟ و
ئایا سه‌رکه‌وتووم له‌وه‌ی، که به شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێک ئه‌و دیدار و کاریگه‌رییه
گه‌وره‌یه‌ی، که فه‌رهه‌نگی ژنانی کورد کردوویه‌تییه سه‌رم، بیگه‌یه‌نم به خه‌ڵک؟
چه‌ند چه‌سپیو و له‌بیرنه‌چووه یادی ئه‌و دیداره‌م له‌گه‌ڵ ژنی کورددا. قووڵترین
هیوا و ئاواتیشم ئه‌وه‌یه، که کتێبه‌کانم هه‌م ستایش و هه‌م خۆشه‌ویستیم بۆ گه‌لی
کورد ده‌رببڕن.
* چ مۆچیارییهکتان هه‌یه بۆ گه‌لی کورد به گشتی و
ژنی کورد به تایبه‌تی؟
- بۆ گه‌لی کورد هیوای ئه‌وه‌م هه‌یه، بگات به‌و
ئامانجانه‌ی وا خه‌باتی بۆ ده‌کات. بۆ ژنانی کوردیش ده‌مه‌وێ پێیان بڵێم، که پارێزگاریی
شوێن و پایه‌ی خۆیان له ڕه‌وتی به‌ره‌وپیره‌وه‌چوونی ژیاندا بکه‌ن. به‌شێکی زۆر له
هێزی کۆمه‌ڵ له‌کن ژنانه. له کاتێکدا، که پیاوان دژی هه‌موو جۆره چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ک
خه‌بات ده‌که‌ن، ڕۆڵی ژن له کاتێکی وا ئاڵۆزدا ڕوون و ئاشکرا دیاره، که ده‌بێ
ئاگاداری منداڵ و ئاژه‌ڵی ماڵ بکه‌ن. کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خه‌باتکار ده‌بێ به‌ره‌یه‌کی
ماڵیشی هه‌بێت له ژنان. ئه‌وه‌ش ڕۆڵێکی زۆر گرنگه بۆ ژنی سه‌ربه‌رزی کورد.
له‌باره‌ی ژیانی هێنی هاراڵد هانسنهوه:
ساڵی 1900 له‌دایک بووه. له سه‌رده‌می لاوی‌دا خه‌ونی به‌وه‌وه
ده‌بینی، که ببێته هونه‌رمه‌ند(نیگارکێش)، به‌ڵام باوک و دایکی ناردیانه پاریس،
بۆ ئه‌وه‌ی له مۆدهخانهیهکی فرانسی بهناووبانگدا دروومان و بهرگبڕین بخوێنێت.
له‌وێ شاره‌زاییه‌کی زۆری له زانیاری مۆده و شێوه‌ی بڕین و نه‌خشه‌دانان و پێشاندانی
جل و به‌رگدا په‌یدا کرد، که پاشان یارمه‌تییه‌کی زۆری دا، له کاری زانستی و پێشکه‌وتنیدا.
مێردکردن و پێکه‌وه‌نانی خێزان دایبڕی له کار و بۆپێشهوهچوونی له‌و بواره‌دا. له
ساڵانی 1940کاندا ده‌ستی کرده‌وه به خوێندن و له 1941دا، به هۆی ئه‌و زانیارییه
فراوانه‌ی له‌باره‌ی جل و مۆده‌وه هه‌یبوو، بوو به یارمه‌تیده‌ری زانستیی به‌شی
ئه‌تنۆگرافی له مۆزه‌ی میللی دانمارک. دوای چه‌ند ساڵێک به جله مۆنگۆلییه کۆکراوه‌کانی
مۆزهکهوه خۆی خه‌ریک کرد و له ساڵی 1951دا کتێبێکی به ناوی: جلی مۆنگۆلی
"Mongol Costumes"، نووسی. ئه‌و کتێبه، به کارێکی بنگه‌یی ده‌ژمێردرێت چ له
ڕووی سیستم و چ له ڕووی ئهتنۆگرافییهوه. هه‌ر ئه‌و ساڵه 1951، له زانستگه‌ی کۆپنهاگن
خوێندنی ته‌واو کرد و له دانمارک‌دا بوو به یه‌که‌م ژنی ئه‌نترۆپۆلۆگ. ساڵی 1954 کتێبی:
"Klaededregtens Kavalkade"، (قه‌تاره‌ی پۆشاک یا ڕێڕۆی پۆشاک)ی چاپ‌کرا. ئه‌و کتێبه‌ی له
هه‌موو کتێبه‌کانی زێتر بڵاوبووه‌ته‌وه و له هه‌مووشیان زێتر خوێنراوهتهوه و کتێبێکی
به ناووبانگی زانستییه‌وه و وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر یازده زمان. له ساڵانی 1950کاندا
ده‌ستیکرد به توێژینه‌وه فرهسهرنجڕاکێشهکانی له‌باره‌ی فه‌رهه‌نگی ئیسلامه‌وه.هانسن،
هاوبه‌شیی له‌و ده‌سته ئهنترۆپۆلۆگییهدا، که ساڵی 1957 نێردرابوون بۆ دووکان، کرد
و له 1960دا له به‌حره‌ین و له 1963دا له لوڕستان له ئێران و 1966-1967 له
مسر کاری مه‌یدانی ئه‌نجامداوه. ته‌نانه‌ت سه‌ردانی یۆگسولاڤیا و تورکیای کردووه
و له‌وێش کاری توێژینه‌وه‌ی، له باره‌ی فه‌رهه‌نگی ئیسلامه‌وه، کردووه. له زۆربه‌ی
ئه‌و شوێنانه‌ی، که بۆ پشکنین بۆی ڕۆیشتووه، له‌گه‌ڵ خۆیدا شتومه‌ک و که‌ره‌سه‌ی
ئه‌تنۆگرافی هێناوه‌ته‌وه، بۆ مۆزه‌ی میللی کۆپنهاگن. ئه‌و وه‌نه‌بێ به ته‌نێ
ئاره‌زووی له لایه‌نی ماددی بووبێت له فه‌رهه‌نگی ئیسلامی‌دا، به‌ڵکه توێژینه‌وه‌کانی
هه‌موو لایه‌نه فه‌رهه‌نگییه‌کان ده‌گرنه‌وه، به تایبه‌تییش شوێن و جێگه‌ی ژنی
ئیسلام، هه‌م له لایه‌نی ئایین و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه و هه‌م له لایه‌نی سیاسییه‌وه.
له ڕاستیدا ئه‌وه‌ش، که له بواری توێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌کانیدا یارمه‌تی داوه،
ئه‌وه بووه، که ئه‌و بۆ خۆی له لایه‌که‌وه ژن بووه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه
چووبووه نێو ساڵه‌وه. کاتێک که‌بۆ یه‌که‌م جار به‌شداریی کاریی مه‌یدانی کرد، ته‌مه‌نی
57 ساڵ بوو. ئه‌و دوو هۆیه، به چاکی و ڕێکوپێکی کۆمه‌کیان پێ کرد، که به شێوه‌یه‌کی
کارا و هاسان بچێته نێو جیهانی ژنی ئیسلامه‌وه، که ئه‌وه مه‌یدانێکی داخراو
بوو بۆ هه‌ڤاڵ و هاوکاره پیاوه‌کانی. به هۆی چه‌ند ساڵێکی خه‌ریکبوونی به لێکۆڵینه‌وه‌وه
له‌باره‌ی ژنی ئیسلامه‌وه، ده‌ڵێت:"تێگه‌یشتن و هه‌ڵسه‌نگاندنمان، بۆ نموونه،
له‌باره‌ی به‌کاربردنی چارشێوه‌وه، یا له‌باره‌ی سیستمی حه‌ره‌مسه‌راوه، هه‌ڵه
بووه و ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ، به‌هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن و بهههڵهشیکردنهوه و بهههڵهلێنۆڕینمان
له شته‌کان". ئه‌مه‌ش له هه‌ردوو کتێبه‌که‌یدا: 1971 The kurdish woman’s life (ژیانی
ژنی کورد) و 1968Investigations
in ashi’a Village (پشکنین له گوندێکی شیعه)دا، ده‌رده‌که‌وێت، که له‌وێدا له ڕۆڵی
ژن، له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و سیاسییه‌وه له ئایینی ئیسلامدا، ده‌دوێت.
سه‌ره‌ڕای کاره ئهنترۆپۆلۆگییه مه‌یدانییه گرنگه‌کانی و چه‌ند ساڵێکی توێژینه‌وه‌شی
له باشووری ڕۆژاوای ئاسیادا، ماوه‌ی 25 ساڵ زیاتر هاوکار و یاریده‌ری زانستیی مۆزه‌خانه‌ی
میللی له کۆپنهاگن بووه. کاره پێشه‌نگییه ورد و ڕێکوپێکه‌کانی هانسن له‌باره‌ی
ژنی ئیسلامه‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێزیک و دوور، بایه‌خێکی زۆری پێدراوه و به ڕێزه‌وه
تێی ڕوانراوه و هه‌ڤاڵه ئهنترۆپۆلۆگهکانیشی ددانیان به مه‌زنییدا ناوه، هه‌ر
وه‌ک چۆن ددانیشیان به مه‌زنیی لێکۆڵینه‌وه ئهتنۆگرافییهکانی پێشتریشیدا له‌باره‌ی
جل و به‌رگ و گرنگییه‌وه، ناوه. هانسن، ساڵی 1967 کرا به سکرتێری گشتیی مۆزه‌خانه‌ی
میللی دانمارک و ساڵی 1979 به بۆنه‌ی ئاهه‌نگگێڕانه‌وه به 500 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی
زانستگه‌ی کۆپنهاگنه‌وه بڕوانامه‌ی دوکتۆرای شه‌ره‌فی زانستی‌یان پێ به‌خشی له کۆمه‌ڵناسی
و مێژوودا. ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ناوی ئه‌و کارانه‌یه، که هێنی هاراڵد هانسن، نووسیونی
و پێوه‌ندیان به کوردستانه‌وه هه‌ن:
1958 Allah’s døtre. Blandt muhammedanske kvinder i Kurdistan. København.
1958 Klaedeklip fra Kurdistan. Hjemmets Verden no. 1o.
1960 Daughters of Allah: among
muslim women in Kurdistan . London .
1961 The Kurdish woman’s life.
Field research in a muslim society, Iraq . Nationalmuseets Skrifter,
Etnografisk Række 7. København.
1963 Growing up in two
diferent muslim areas, Field research in Iraqi Kurdistan and in Bahrain
in the Persian(Arabian) Gulf. Folk 5, pp. 143-156. København.
1967 Kurdene og Kurdistan. Jordens folk 3. årg.
nr 4, pp. 153-162. København.
* ئه‌م گوتاره بۆ جاری یه‌که‌م له
گۆڤاری (Svensk-kurdisk Journal)ی ژماره 2ی ساڵی 1985دا، که له لایه‌ن (کۆمه‌ڵه‌ی
فه‌رهه‌نگیی سوێد - کوردستان)ه‌وه له سوێد ده‌رده‌چوو، بڵاو کراوه‌ته‌وه. له 1986یشدا، کراوه‌ته کوردی. (وه‌رگێڕ).
[1] ئه‌نترۆپۆلۆگ:
مرۆڤ‌ناس، فه‌رهه‌نگ - ئهنتۆپۆلۆگ: توێژه‌ر له باره‌ی فه‌رهه‌نگی مرۆڤه‌وه، واته:
مرۆڤ‌ناس له ڕووی فه‌رهه‌نگه‌وه.(وه‌رگێڕ).
[3]
کتێبی(The Kurdish woman’s life)، مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی، وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی و به ناوی (ژیانی
ئافره‌تی کورد)ه‌وه ساڵی 1983 له به‌غدا له لایه‌ن کۆڕی زانیاری عیراق -ده‌سته‌ی کورد-ه‌وه چاپ کراوه. کتێبی (The daughters of Allah) یش د. ناجی عه‌بباس کردوویه‌تی به کوردی و به‌ناوی
(کچانی کورد)ه‌وه ساڵی 1980 له لایه‌ن کۆڕی زانیاری عیراق -ده‌سته‌ی کورد- ه‌وه
بڵاو کراوه‌ته‌وه. (وه‌رگێڕ).
No comments:
Post a Comment