گه‌ڕیده پۆڵۆنییه‌کان له ساڵانی 1800ه‌کاندا
له کوردستان
نووسینی: لیژه‌ک ژیگیل.
وه‌رگێڕانی له سوێدییه‌وه:
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی.
ڕه‌وشی سالآنی 1800ه‌کانی پۆڵۆنیا، کوردستانی وه‌بیر ده‌هێنایه‌وه.
پۆڵۆنیا له لایه‌ن سێ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی بیانییه‌وه، داگیر و دابه‌ش کرابوو. ئه‌و
دهسهڵاتداریهتییانه، له نێوان خۆیاندا پێکهاتبوون، له سه‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌ک به‌یه‌کدی
بکه‌ن، بۆ سه‌رکوتکردن و داپڵۆسینی هه‌موو یاخیبوون و ڕاپه‌ڕینێکی گه‌لێر. که‌سانێکی
زۆر به هۆی سیاسه‌ته‌وه، پۆڵۆنیایان به‌جێهێشت و ڕوویانکرده، ئیمپراتۆریای عوسمانی و بوون به
په‌نابه‌ر و له‌وێ پارێزگاری‌یان لێ کرا و کاریان درایه و له لایه‌ن خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی
نێوه‌ڕاسته‌وه داڵده دران. شانبه‌شانی ئه‌و هه‌ڵاتووه سیاسییانه، زانا و مژده‌ده‌ر(مسیۆنێر)ه
پۆڵۆنییه‌کانیش، گه‌یشتنه ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست. ڕاپۆرت و نووسینه‌کانیان، له گۆڤاری
به‌ناوبانگ و له شێوه‌ی کتێب و بیره‌وه‌ریدا بڵاو کراونه‌ته‌وه. کوردستان له زۆربه‌ی
ئه‌و وڵاتانه‌ی تری ئه‌و به‌شه‌ی ڕۆژاوای ئاسیا، که‌متر ده‌ستی ده‌گه‌یشتێ و شتێکی
سه‌رسووڕهێنه‌ر نییه، ئه‌گه‌ر نووسراو و ڕاپۆرته‌کان، زێتر باسی میزۆپۆتامیا و ڕۆژاوای
تورکیا و فلستین و مسر ده‌که‌ن. به‌ڵام له‌وه‌ش که‌متر، توێژه‌ره پۆڵۆنییه‌کان، خۆیان
به لێکۆڵینه‌وه، له باره‌ی کوردستانه‌وه خه‌ریک نه‌کردووه. ساڵی 1973 "مارییا
پارادۆڤسکا"، که ئهتنۆگرافێکی خه‌ڵکی "پۆزنان"ه، کتێبێکی به ناوی"نووسراوه
پۆڵۆنییه‌کان له‌مه‌ڕ ساڵانی 1800 له عیراق له شێوه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌کی ئه‌تنۆگرافیی
مه‌یدانیدا" نووسی. "پارادۆڤسکا"، له‌م کاره‌یدا، ته‌نێ به شێوه‌یه‌کی
که‌م، له‌مه‌ڕ کێشه‌ی کورده‌وه ده‌دوێت و باس ده‌کات. "ڤڵادیسڵاڤ یابڵۆنۆڤسکی"(1841-1894)،
یه‌که‌م گه‌ڕیده‌ی پۆڵۆنی بووه و بژیشکی له‌شکریی بووه، له له‌شکری تورک‌دا و
پاشان بووه به ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ته‌ندروستی جیهانی، له سکوتاری- ئه‌لبانیا و له
بورگارس- بوڵگاریا. بۆ یه‌که‌م جار ساڵی 1866 سه‌ردانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی کردووه
و گه‌شته‌که‌ی له حه‌ڵه‌به‌وه ده‌ستپێکردووه، به‌ره‌و دیاربه‌کر و مووسڵ و که‌رکووک. له که‌رکووک له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی
سه‌ربازیی تورکیدا کاری کردووه. ساڵێک پاشتر گوێزراوه‌ته‌وه بۆ باشوور، بۆ دیوانییه
و پاشانیش بۆ مووسڵ. له‌وێ به خێرایی و
هاسانی جێگیر بووه و به چاکی و ڕه‌وانی، زمانی تورکی فێر بووه و گه‌لێک دۆست و براده‌ریشی په‌یدا کردووه. به گه‌شت و سه‌ردان
چووه‌ته گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری مووسڵ و
ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یشی بۆ هه‌ڵکه‌وتووه، ناسیاویی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی‌دا په‌یدا
بکات و فه‌رهه‌نگی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه، به‌تایبه‌تی به‌لای ئه‌وه‌وه، شتێکی سه‌رنجڕاکێش
بووه. ساڵی 1870 گوێزراوه‌ته‌وه بۆ حلله و له‌وێوه، له ڕێگه‌ی که‌ربه‌لا و به‌غدا
و مووسڵ و دیاربه‌کره‌وه، ڕۆیشتووه بۆ ئیسته‌نبوول. ساڵی 1884 له کاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی
مافهتهدا، له شێوه‌ی تورکێکی نوێنه‌ری کۆمیته‌ی ته‌ندروستی جیهانیدا، گه‌ڕاوه‌ته‌وه
بۆ عیراق و کاری پشکنینی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌وروبه‌ری به‌غدا و کووت و عه‌ماره‌ی، وه‌ئه‌ستۆ
گرتووه. له‌مه‌ڕ هۆیه‌کانی په‌یدابوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا، له نێو کورده‌کانی ئێران‌دا، ساڵی 1885 ده‌ستی
به لێکۆڵینه‌وه کردووه و له دواییشدا، له گوندێکی چکۆلانه‌ی کورددا، له نێزیکی
سلێمانی کاری کردووه. هه‌مان ساڵ له له‌شکری تورک، خانه‌نشین کراوه و ئیدی ڕۆژهه‌ڵاتی
نێوه‌ڕاستی به‌جێهێشتووه. ساڵانی دوایی ژیانی، به کاری بژیشکییهوه به سه‌ر
بردووه، له بورگارس، که به‌نده‌رێکی بوڵگارییه. "ئه‌لیکسانده‌ر یابڵۆڤسکی"(1829-
1913)، که برای "ڤڵادیسڵاڤ" بووه، مێژوونووس بووه و هه‌وه‌س و سۆز و
ئاره‌زووی بۆ توێژینه‌وه، به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی بردووه. له‌وێ ساڵێکی به
سه‌ر بردووه. ساڵی 1870 له ڕێگه‌ی سووریاوه، سه‌ری دیاربه‌کری داوه و پاشانیش،
له گه‌شته‌که‌یدا به‌رده‌وام بووه و چووه‌ته مووسڵ و به‌غدا و حلله و که‌ربه‌لا.
له کۆتاییشدا، له ڕێگه‌ی دیمه‌شق و به‌یرووت و یافاوه، گه‌یشتووه‌ته ئۆرشه‌لیم
و مسر و به سه‌ر ئیستهنبوولدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ پۆڵۆنیا. "کارڵ برزۆزۆڤسکی"(1821-
1904)، سه‌رباز و سیاسی و شاعیری ئاواره‌ی پۆڵۆنی. ئه‌و که‌سه بوو، که پته‌وترین
و به‌هێزترین پێوه‌ندی، له‌گه‌ڵ کوردستانی ساڵانی 1800ه‌کاندا هه‌بووه. ساڵی 1853
له پاریسه‌وه گه‌یشتووه‌ته ئیسته‌نبوول و له ئه‌نادۆڵ و بوڵگاریا و مه‌که‌دۆنیا
و تراکیا و ئیسالیا و ئه‌لبانیادا، له‌گه‌ڵ ته‌کنیککاره پۆڵۆنییهکاندا، کاری کردووه
و جارجاریش به ڕاو و شکار خۆی ژیاندووه. تورکه‌کان پێیان گوتووه"قهرهئانجی"
واته: ڕاوکهرهڕهشهکه. کچی کۆنسولی فرانسی له "لاتاکیا" هێناوه.
ساڵی 1863، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وروپا، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی پۆڵۆنیادا
به‌شدار بێت و له‌و ڕاپه‌ڕینه‌شدا، به سه‌ختی بریندار بووه. پاش دامرکاندنه‌وه‌ی
ڕاپه‌ڕینه‌که، له تورکیا کاری باخه‌وانیی کردووه. پاشان چووه‌ته نێو ئه‌و ده‌سته
و تاقمه‌وه، که له ده‌وری "مه‌دحه‌ت پاشا"ی ڕیفۆرمیستی ئابووریی میزۆپۆتامیا
ئاڵابوون. مه‌دحه‌ت پاشا، باخێکی له نێزیکی به‌غدا، به دیاری پێ به‌خشیوه. ساڵی
1869 به کۆمه‌کی مه‌دحه‌ت پاشا، ده‌سته‌یه‌کی
پشکنینی جیۆگرافیی ساز کردووه و هه‌موو ئامراز و که‌ره‌سه‌یه‌کی کاری بۆ ئاماده کردوون،
بۆ پشکنین و توێژینه‌وه و نه‌خشه‌کێشان له هه‌ندێ شوێندا، له چیای زاگرۆس له کوردستان.
ساڵی 1892 ڕاپۆرتێکی به ناوی "ڕێپێشاندهرێک له سلێمانییه‌وه تا ئامێدی Hineraire
de Suleimani a Amadia"، له‌مه‌ڕ توێژینه‌وه‌کانی
بڵاو کردووته‌وه. "برزۆزۆڤسکی"، به ناسراوترین شاره‌زایانی کوردستانی
ساڵانی 1800ه‌کان داده‌نرا. پاش ئه‌وه‌ی، که 30 ساڵی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا
به سه‌ر بردووه، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ پۆڵۆنیا، بۆ ئه‌وه‌ی کوڕه‌کانی په‌روه‌رده بکات،
بۆ ئه‌وه‌ی ببنه پۆڵۆنی، نه‌ک عه‌ره‌بی فرانسی، ژنه‌که‌ی فرانسی بووه. ئه‌و سێ دۆزه‌ره(مکتشف)
پۆڵۆنییانه، کۆمه‌ڵێک بیره‌وه‌ری و گوتاریان، له پاش خۆیان به‌جێهێشتووه، که
بوونه‌ته هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاری له باره‌ی کوردستان و فه‌رهه‌نگی کورده‌وه،
له نێو هه‌موو ئه‌وروپاییه‌کاندا. "ئۆوگوست کۆشسێژا ژابا"[1] (1801-
1894) ، چواره‌م گه‌ڕیده‌ی پۆڵۆنی، به‌شێکی
له فه‌رهه‌نگی کوردی له بزربوون و له‌نێوچوون ڕزگار کرد و زمانی کوردیی به ئه‌وروپا
ناساند. "ژابا"، زمانه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی له پێشدا، له زانستگه‌ی "ڤیلنۆ"،
له پۆڵۆنیا و پاشان له زانستگه‌ی "سانت پێته‌ربۆرگ" و مۆسکۆ و کازان له
ڕووسیا، خوێندووه و دوایی، له ده‌سته‌ی دیپلۆماسیی ڕووسیای تزاریدا له یافا و ئیزمیر،
کاری کردووه و له ساڵی 1848هو تا 1866 له ئه‌رزه‌ڕووم بووه، له کوردستانی
تورکیا. له ئه‌رزه‌ڕووم، ده‌ستی به لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی، زمان و ئه‌ده‌ب
و فه‌رهه‌نگ کردووه، له نێو هۆز و خێڵه کورده‌کاندا له تورکیا و عیراق. "ژابا"
یه‌که‌م که‌س بووه، که فه‌رهه‌نگێکی کوردی- فرانسی ئاماده کردووه و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی
به ناوی "تێبینی و سه‌رنج و گێڕانه‌وه له باره‌ی خێڵه‌کانی کوردستانه‌وه Recueil de notices et recis
de la litteratur et des tribus de
Kurdistan" نووسیوه. "ژابا"
له نێو هاوچه‌رخه‌کانیدا، به چاکترین شاره‌زای کێشه‌ی کورد داده‌نرا. "ژابا"
له ئیزمیر مردووه و ته‌واوی ده‌سنووسه‌کانی، بۆ ئه‌رشیڤی ڕووسی له سانت پێته‌ربۆرگ
به‌جێهێشتووه. به پێچه‌وانه‌ی پۆڵۆنییه‌کانی دیکه‌وه، "ژابا" ته‌نێ به
زمانی فرانسی ده‌ینووسی. "ژابا" داوای له "مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی"[2] کردووه،
که دۆکۆمێنته کوردییه کۆنه‌کان، که زۆر لایه‌نی گیانه‌کی و ماددی و فه‌رهه‌نگیی
کوردی، کۆتایی ساڵانی 1700 و نیوه‌ی یه‌که‌می ساڵانی 1800 له دووتوێاندا پارێزراون،
کۆ بکاته‌وه و له شێوه‌ی کاتالۆگدا ئاماده‌یان بکات. ئه‌و که‌ره‌سه به‌نرخانه،
که "مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی" به ناوی "عادات و رسوماتنامهی اکرادیه"[3]وه
نووسیبوونی و پاشان له ئه‌رشیڤه‌که‌ی "ژابا"دا دۆزرانه‌وه، ساڵی 1963 له
مۆسکۆ به زمانی ڕووسی بڵاوکرانه‌وه. ڕه‌نگه شتێکی سه‌رنجڕاکێش بێت، ئه‌گه‌ر بڵێین
شاره‌زای ڕووسی به‌ناوبانگ له باره‌ی کوردستانه‌وه، "ڤاسیلی نیکیتین"،
که نووسه‌ری کتێبێکه به ناوی "کورده‌کان/Les
kurdes"، ئه‌و کتێبه‌ی، که دوای جه‌نگی
جیهانی دووه‌م له پاریس بڵاوکرایه‌وه، به بنه‌چه پۆڵۆنییه و له "سۆسنۆڤیێیهچ"،
که ناوچه‌یه‌کی پڕ له کانه، له باشووری پۆڵۆنیا، له‌دایک بووه و دایکیشی پۆڵۆنییه.
ئه‌نجومه‌نی پیران و په‌رله‌مانی پۆڵۆنی، له شێوه و چۆنیه‌تی کارگێڕی و کار و
فرماندا، سوودێکی زۆری له سه‌قامگیری و ڕێکوپێکی و کۆکیی، کارگێڕیی ده‌وڵه‌تی و کۆمه‌ڵگه‌ی
تورکی وه‌رگرتبوو. پۆڵۆنییه‌کان، له شێوه‌ی بژیشک و ته‌کنیککار و فه‌رمانبه‌ردا،
له نێو کارگێڕیی عوسمانی‌دا، کاریان کردبوو. وه‌ک خه‌ڵکێکی بیانییش دۆستانه و به
سۆز و حه‌زه‌وه، ده‌یاننۆڕییه گه‌لی کورد. له باره‌ی شێوه‌ی ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هۆزه کورده‌کانه‌وه، باسی ئه‌وه‌یان
کردووه، که به‌شێکیان ڕه‌وه‌ند و شوان بوون و به‌شێکی زۆریشیان وه‌رزێری جێگیر و
نیشته‌جێ، یا بازرگان و پیشه‌ساز بوون. له‌مه‌ڕ هۆزی شه‌ڕانی و چه‌ته‌ی هه‌مه‌وه‌نده‌وه[4]، که کاروانی
بازرگانییان له نێزیکی که‌رکووک، ڕووتکردبووه‌وه، "ڤڵادیسڵاڤ یابڵۆنۆڤسکی"
ده‌ڵێت، که ئازایی و فێڵبازیی کورده‌کان، بێچاره‌یی و ده‌سته‌پاچه‌یی سه‌رانی تورکان
ئاشکرا ده‌که‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورده‌کان، له که‌رکووک و به‌غدادا سیخوڕیان هه‌بوو،
زووتر به نه‌خشه‌ی تورکه‌کانیان ده‌زانی، پێش ئه‌وه‌ی تورکه‌کان، خه‌ڵک بنێرنه سه‌ریان
بۆ سزادانیان و زۆریش زیره‌کانه به به‌رتیل، ده‌می فه‌رمانبه‌ر و کارمه‌نده
عوسمانییه‌کانیان چه‌ور ده‌کرد. "یاپڵۆنۆڤسکی"، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌کی
تورکی ڕالهخۆبوو و گهوهزهدا، که نێردرابوون بۆ سه‌رکوتکردنی حه‌سه‌ن به‌گ و
جوامێری، سه‌رۆکانی هۆزی هه‌مه‌وه‌ند، چووبووه ناوچه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و باسی ئه‌و
ناوچه‌یه‌ی کردووه. گه‌ڕیده و بینه‌ره پۆڵۆنییه‌کان، ئه‌وه‌یان یادداشت کردووه،
که ئه‌و مرۆڤه خێڵه‌کییه بوێر و ئازا و خۆڕاگرانه، که‌وتبوونه داوی شه‌ڕ و
دوژمنایه‌تیی نێوخۆوه و کارگێڕانی تورکیش، ئه‌وه‌یان به ته‌واوی قۆستبووه و
سوودیان لێ وه‌رگرتبوو. پۆڵۆنییه‌کان وه‌نه‌بێ به ته‌نێ، باسی ڕه‌وه‌نده‌کان و
باری ئابووریی ئه‌وانیان کردبێت. ڤڵادیسڵاڤ یاپڵۆنۆڤسکی و کارۆڵ برزۆزۆڤسکی، له‌مه‌ڕ
کشتوکاڵ و به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم و جۆ و نیسک و لۆکه و تووتن و برنج و گه‌نمه‌شامی
له کوردستاندا نووسیویانه. ئه‌وان گه‌لێک به باخ و ڕه‌زی سلێمانی و ڕه‌واندزدا
هه‌ڵده‌ده‌ن و په‌سنی ده‌ده‌ن و زۆریش به سه‌یره‌وه، باسی خۆخ و هه‌ڵووژه و
شووتی و کاڵه‌ک و ترێی ئه‌و ناوه ده‌که‌ن. "ڤڵادیسڵاڤ یابڵۆنۆڤسکی" باسی
کانییه‌کی نه‌وت و کۆمه‌ڵه کرێکارێکی نیوه‌ڕووت، که خه‌ریکی کونکردن و هه‌ڵکه‌ندنی
به‌رد و تاوێر بوون به دووی نه‌فتدا، له ناوچه‌ی که‌رکووک ده‌کات. ده‌رهێنانی نه‌وت
له کوردستانی عیراقدا، به شێوه‌یه‌کی نوێ، له ساڵی 1927ه‌وه ده‌ستپێده‌کات، که
ده‌کاته کۆمه‌ڵه ساڵێک، پاش مردنی گه‌ڕیده پۆڵۆنییه‌کان. پۆڵۆنییه‌کان باسی چێشت
و خۆراک و خواردنه‌وه کوردییه نه‌ریتی و ئاسایی و باوه‌کانیان کردووه. "ڤڵادیسڵاڤ
یابڵۆنۆڤسکی" تا ڕاده‌یه‌ک به درێژا، باسی قاوهخانهێهکی ئاسایی ده‌کات له
مووسڵ. پۆڵۆنییه‌کان له باره‌ی "سه‌بیل"[5]ه کورته‌کانه‌وه
ده‌نووسن، که له‌و ده‌مه‌دا باو بووه و مووسڵ، به نێوه‌ند و جێگه‌ی سه‌بیلی
جوان داده‌نێن." برزۆزۆڤسکی" و "یابڵۆنۆڤسکی"، له باره‌ی
گونده‌کانی داوێنی که‌ژه‌کانه‌وه، که ڕه‌وه‌نده‌کان زستانانیان تێدا به سه‌ر
بردوون، نووسیویانه و باسی کۆلیته قوڕینه‌کانی پێدهشتهکانیان کردووه و له
باره‌ی ئه‌وه‌شه‌وه دواون، که جارجاریش تووشی مرۆڤگه‌لێک هاتوون، که له نێو ئه‌شکه‌وت
و کوندا، له نشێوه‌کاندا و له دۆڵه‌کانی
ده‌وروبه‌ری چه‌م و ڕووباره‌کاندا ژیاون. بێجگه له‌وانه‌ش، باسی شارگه‌لێکی گه‌وره‌ی،
وه‌ک که‌رکووک و مووسڵیشیان کردووه. "یاپڵۆنۆڤسکی"، شاری قایم و سه‌ختی
ئامێدیشی پێ سه‌یر و سه‌رنجڕاکێش بووه. جل و به‌رگ و پۆشاکی نایاب و سه‌یری کورده‌کان،
زۆر سه‌رنجی پۆڵۆنییه‌کانی ڕاکێشاوه و تێبینیی خشڵ و که‌ره‌سه‌ی خۆڕازاندنه‌وه و
ئارایشی کورده‌کانیان کردووه. گهڕیدهکانمان پارچه‌ی که‌تانی نایابی مووسڵ و
جاجمی چنراوی ده‌ستی ژنانی ڕه‌واندز و چه‌ک و فیشه‌ک و نه‌خش و نیگاری ته‌خته و
دارتاشین و دیکۆری پیاڵه و په‌رداخی سلێمانییان نرخاندووه و به لایانه‌وه گرنگ
بوون. گه‌ڕیده‌کان، پاش ئه‌وانه، باسی ئامرازی گواستنه‌وه و هاتوچۆ و بازاڕ ده‌که‌ن
و له باره‌ی بارکردن و گواستنه‌وه‌ی کووتاڵ و شتومه‌که‌وه ده‌دوێن، که به که‌ڵه‌ک
ئه‌نجام دراوه و باسی پردی سه‌یر و نائاسایی ده‌که‌ن و یه‌کێک له‌و پردانه پردی
مووسڵه، که له لایه‌ن ئه‌ندازیاری پۆڵۆنی "لودڤیک کۆرڤین"ه‌وه دروستکراوه.
گه‌ڕیده پۆڵۆنییه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک زانیارییه‌کی که‌میان، له باره‌ی بناخه و پێکهاتنی
کۆمه‌ڵگه‌ی کورد و باوه‌ڕی ئایینییانه‌وه به‌جێ هێشتووه. ئه‌وان له پله‌یه‌کی به‌رز
و به‌رچاودا دابه‌شکردنێکی بنه‌ڕه‌تی و بنچینه‌یی، له به‌ینی چینێکی ئه‌ریستوکراتی
ده‌وڵه‌مه‌ند و چینێکی وه‌رزێری هه‌ژاردا، له نێو هۆزێکدا وه‌دی ده‌که‌ن. به زۆرییش
له شێوه‌ی نه‌ریتی پێکهاتنی باوکزاڵیی (پاتریارکی) خێزانه‌وه دواون، که تێیدا
شوێن و پایه‌یه‌کی شیاو و هێژا بۆ ژن به‌جێ هێڵراوه. ژنان جوان و پڕ وزه‌ن و زێتر
قورسایی ئه‌رکی ماڵیان له سه‌ره و کاری کێڵگه و کاری جوداجوداش، له پیشه‌سازیی
لۆکه‌دا ده‌که‌ن. "ڤڵادیسڵاڤ یابڵۆنۆڤسکی"، به سه‌رپێییه‌که‌وه باسی
هاوکاری و پشتگریی نێو هۆزی، له مه‌سه‌له‌ی خوێن و دوژمنایه‌تیدا، کردووه. "یابڵۆنۆڤسکی"
و "برزۆزۆڤسکی"، هه‌ردووکیان به ڕوونی و دڵنیاییه‌وه، باسی هه‌ستی ڕێبه‌رێتی
و شه‌ڕانێتی ده‌که‌ن له نێو کورددا، که ده‌بێته هۆی په‌لاماردان و تاڵان و بڕین.
هه‌روه‌ها باسی خۆشه‌ویستی کوردان ده‌که‌ن بۆ وڵاته‌که‌یان و که چۆن جارێک کوردێک
زۆر به گه‌رموگوڕییه‌وه، له باره‌ی مێرگ و دارستانی جوانی ده‌وروبه‌ری ڕه‌واندز
و کۆیسنجاقهوه دواوه. "برزۆزۆڤسکی"، کورد وه‌ک گه‌لێکی به خاکه‌وه
گرێ‌دراو، له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. له سه‌ره‌تادا ده‌رفه‌ت ناده‌ن و لێناگه‌ڕێن، هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنرێن
و له پێشدا له خه‌ڵکی نامۆ و ده‌ره‌کی، به‌گومانن و له هه‌مان کاتیش‌دا، ده‌بنه
دۆست و چاوتێر و میوانپارێزیشن. هونه‌ری بژیشکیی نه‌ریتی، له تیمارکردنی برینداردا،
لای کوردان زۆر کاریگه‌ره. ئه‌وه‌ش "برزۆزۆڤسکی" بۆ خۆی دیویه‌تی و بۆی
ئاشکرا بووه، کاتێک، که له لایه‌ن دۆسته کورده‌کانییه‌وه تیمار کراوه. "یابڵۆنۆڤسکی"
و "برزۆزۆڤسکی"، زێتر و ڕوونتر باسی مه‌یل و ئاره‌زووی زۆری کورد ده‌که‌ن،
بۆ گۆڵمه‌ز و ڕابواردن و گۆرانی و داستانی دوورودرێژ. ئه‌ده‌به‌که‌یان، که زاره‌کی،
وه‌چه بۆ وه‌چه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه و به‌و شێوه‌یه‌ش بڵاو ده‌کرێته‌وه، گه‌لێک ئه‌فسانه
و شیعری سه‌رزاره‌کیی سه‌یری تێدایه. "برزۆزۆڤسکی"، بۆی ڕێککه‌وتبوو، چیرۆکی
شای دێوان بژنهفێت. ئه‌و شای دێوانه‌ی، که له هیندوستان ده‌ژی و ناوبه‌ناو ده‌که‌وێته
ئه‌و که‌ژ و کێوانه‌ی ده‌وروبه‌ر، وه‌دووی تاوانباراندا و به زه‌ویله‌رزه(بوومه‌له‌رزه)
سزایان ده‌دات. ئه‌و باسه‌ی، که "یابڵۆنۆڤسکی"، له‌مه‌ڕ ئێزدییه‌کانی شه‌نگاله‌وه
نووسیویه‌تی، به‌شێکی سه‌ربه‌خۆیه و ئه‌و له باره‌ی ڕه‌وشی ئابووری و پێوه‌ندیان
له‌گه‌ڵ موسوڵمانه نادۆسته‌کان و باوه‌ڕ و داب و نه‌ریتی ئایینی‌یان و گۆڕستانهکانیانهوه
ده‌دوێت. ئه‌و زانیارییانه‌ی، پۆڵۆنییه‌کان له باره‌ی شێوه‌ی ژیانی کورد و فه‌رهه‌نگی
کورده‌وه، له ساڵانی 1800ه‌کاندا کۆیان کردووه‌ته‌وه، تا ڕاده‌یه‌ک شتێکی که‌مه
و بێگومان له‌گه‌ڵ، ئه‌و توێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه تێروته‌سه‌ل و ڕێکوپێکانهی، که
چه‌ندین ساڵه، له لایه‌ن ئینگلیز و ئه‌ڵمانی و ڕووس و سکهندیناڤیاییهکانهوه
ئه‌نجام دراون، به‌راورد ناکریت. خه‌ڵکی پۆڵۆنی، زێتر به هۆی ئه‌و ڕووداو و کاره‌ساتانه‌ی،
که له ساڵانی شێست و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ڕوویان داوه، شاره‌زاییان له
باره‌ی کورده‌وه په‌یدا کردووه. توێژینه‌وه ئه‌نترۆپۆلۆژییه پۆڵۆنییه سه‌ره‌تاییه‌کان
له باره‌ی کورده‌وه، ساڵانی 1978 و 1980 ئه‌نجام دراون، له ناوچه‌کانی زاخۆ و ڕانیه
و دووکان و لای ڕۆژهه‌ڵاتی ئامێدی و نێزیکی پێنجوێن و لای ڕۆژاوای هه‌ولێر. ئه‌و
توێژینه‌وانه‌ش، ته‌نێ کوردی عیراقیان گرتووه‌ته‌وه. ئێستاش ئه‌وه ماوه، بزانین
ئاخۆ پۆڵۆنییه‌کان ده‌رفه‌تیان بۆ هه‌ڵده‌که‌وێت، سه‌رله‌نوێ سه‌ردانی کوردستان بکه‌ن.
من له‌و بڕوایه‌دام، که ئه‌نترۆپۆلۆژ و سۆسیۆلۆژ و مێژوونووسانی کورد، له
داهاتوودا به تێکۆشانی زێتر و چڕوپڕتر و گه‌وره‌تره‌وه، له فه‌رهه‌نگی کورد ده‌توێژنه‌وه
و ده‌کۆڵنه‌وه و باس ده‌که‌ن. ئێستاش کاتێکی زۆر له‌بار و پیرۆز و هه‌لێکی باشه،
بۆ ئه‌و کوردانه‌ی، که له زانستگه‌کانی ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست خوێندوویانه،
لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه، له باره‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان و ئه‌وه‌ی، که کورد
له‌و ناوچه‌یه‌ی جیهاندا به شارستانییه‌تی به‌خشیوه، بکه‌ن.
لیژه‌ک ژیگیل، ئه‌تنۆگراف و کوردناسی پۆڵۆنی:
لیژه‌ک ژیگیل، 15ی سێپته‌مبه‌ری 1931، له "مێسڵۆڤیچ"
له پۆڵۆنیا له‌دایک بووه. له نێوان ساڵانی 1950 و 1955دا، له زانستگه‌ی "یاگیڵۆنیا"
له "کراکۆڤ"، ئه‌تنۆگرافیی پۆڵۆنی و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپای خوێندووه و
به‌ڵگه‌نامه‌ی ماسته‌ری له ئهتنۆگرافیدا، له سه‌ر تێزه‌که‌ی، که له باره‌ی گڵێنهکاریی
نه‌ریتیی پۆڵۆنییه‌وه، نووسیویه‌تی، وه‌رگرتووه. له‌و کاته‌دا، له ئه‌نیستیتووتی
توێژینه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی پۆڵۆنیدا، کاری توێژینه‌وه‌ی کردووه. له ساڵی 1955ه‌وه
تا 1958 ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری "زیێمیا Ziemia" (لادێ) بووه، که گۆڤارێکی مانگانه‌ی وێنه‌دار بووه و به
شێوه‌یه‌کی جوان و له‌بار و په‌سه‌ند، باری کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی کۆمه‌ڵگه‌ی
گوندنشینی نه‌ریتیی پۆڵۆنی پێشکێش ده‌کرد. ساڵی 1960-1967 ده‌ستیکردووه به کاری
توێژینه‌وه و ئه‌مجاره‌یان، له مۆزه‌ی کراوه‌ی "کۆرزۆڤ"دا. بێجگه له‌مانه‌ش،
مامۆستا بووه و هێندێک جاریش، کاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی کردووه. ساڵی 1966 بۆرسێکی بۆ
ده‌رچووه و له مۆزه‌یه‌کی نۆروێژدا ماوه‌ته‌وه. له ساڵی 1969وه، تا ئێستا یه‌کێکه
له ده‌سته‌ی، توێژه‌ره‌وانی ئه‌نیستیتووتی کشتوکاڵی تایبه‌ت به ناوچه‌ی هێڵی یه‌کسان
(المنطقة الإستوائیة) و ده‌وروبه‌ری هێڵی یه‌کسان و لێڕه‌وار، له زانستگه‌ی کشتوکاڵدا
له کراکۆڤ، له‌وێ ئه‌و به‌رپرسیاری توێژینه‌وه‌یه، له‌مه‌ڕ مرۆڤ وه‌ک فاکتێک. ساڵی
1972 پله‌ی دوکتۆرای له توێژینه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تیدا وه‌رگرت، له کۆلێژی مێژوو و فه‌لسه‌فه،
له زانستگه‌ی کراکۆڤ و تێزه‌که‌ی به نێوی "East
African peasantry-a study in
Economic anthropology " وه بوو. بنچینه و بنه‌ڕه‌تی
بابه‌تی تێزه‌که، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و کاره مه‌یدانییه بڵاونهکراوانه و
زانیارییه کۆکراوانه‌ی، که پرۆفێسسۆری ناسراو، "ئا. ڤالیگۆڵسکی" له
ساڵی 1946 له کینیا ئه‌نجامی دابوو. ساڵی 1982 پله‌یه‌کی به‌رزتری دوکتۆرای وه‌رگرت،
له کۆلێژی مێژوو، له زانستگه‌ی پۆزنانی و تێزه‌که‌یشی به نێوی "Rural
community of contemporary Iraqi Kurdistan facing modernization" وه بوو و ئه‌و کتێبه‌ش، به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌ی
مه‌یدانیی نووسه‌ر خۆیه‌تی، له کوردستانی عیراق، له ساڵانی 1977 و 1978 و
1980دا، که به ئه‌ندامیه‌تی ده‌سته‌یه‌کی پسپۆری زانستی ئابووری- کشتوکاڵی پۆڵۆنی
له‌وێ مابووه‌وه و توێژینه‌وه‌کانیشیان، له ناوچه‌ی زاخۆ و ئامێدی و دووکان و ڕانیه
و پێنجوێن و هه‌ولێر ئه‌نجام دابوو. ژیگیل، له ساڵی 1984ه‌وه، مامۆستای ئه‌تنۆگرافی
سڵاڤی و به‌رپرسیاری توێژینه‌وه و وانه‌گوتنه‌وه‌یه، له باره‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهانی
سێیه‌م و فهرههنگهکانیانهوه، که زێتر و خه‌ستتر دیارده و گۆڕانی فه‌رهه‌نگی
و نوێکردنه‌وه‌ی، له ئه‌مڕۆی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا له‌به‌رچاو ده‌گرێت و هه‌روه‌ها
پرۆسێسی زانیاری ئیتنی له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقایش ده‌گرێته‌وه،
له زانستگه‌ی "یاگیڵۆنیا" له "کراکۆڤ". له ساڵی 1975ه‌وه،
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی بهڕێوهبریهتیی ئه‌تنۆگرافیی کۆڕی زانیاریی پۆڵۆنیی، به‌شی کراکۆڤه
و له ساڵی 1984ه‌وه، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تیی ئه‌تنۆگرافی کۆڕی زانیاریی
و ده‌سته‌ی کارگێڕیی کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌تنۆلۆژیی پۆڵۆنییه. "ژیگیل"، زۆرجاران
له ئه‌وروپا وه‌ده‌رکه‌وتووه. ساڵی 1974 چووه‌ته ئه‌فغانستان و له‌وێ له
زانستگه‌ی کابول بووه و له‌مه‌ڕ گۆڕانی فه‌رهه‌نگیی له کۆمه‌ڵگه‌ی شاردا لێکۆڵینه‌وه‌ی
ئه‌نجام داوه. ساڵی 1981 له‌گه‌ڵ تاقمێکی کشتوکاڵناس (ئهگرۆنۆم)ی پۆڵۆنیدا، به
نێو لیبیادا گه‌ڕان و چاویان به پرۆژه‌ی ئاودێری و شوێن و جێگه‌ی کشتوکاڵیی گرنگ که‌وت،
له ته‌رابلوس و واحهکانی فیسان و باکووری سیرینایکا.
# ئه‌م گوتاره و
ژیننامه‌ی ژیگیلیش، له گۆڤاری Svensk-kurdisk Journalی ژماره 3ی ساڵی 1985دا، به زمانی سوێدی، بڵاو کراوه‌ته‌وه. زستانی 1986
کراوه‌ته کوردی.
[1] "لیژه‌ک
ژیگیل"ی نووسه‌ری ئه‌م گوتاره، ناوی "ژابا"ی به تیپی لاتینی به‌م
جۆره نووسیوه"August Koseieza Zaba"، که به تیپی کوردیی خۆمان ده‌کاته
"ئۆوگوست کۆشیژا ژابا" و ژابای به پۆڵۆنی داناوه و ماوه‌ی کارکردنیشی
له ئه‌رزه‌ڕووم وه‌ک دیپلۆمات، له نێوان ساڵانی 1848- 1866 داده‌نێت، به‌ڵام
دوکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د، له گوتارێکیدا به ناوی"شه‌ره‌فنامه له
کوردناسیی سۆڤیێتدا"، که له کتێبی "شه‌ره‌فنامه"ی شه‌ره‌فخانی
بدلیسیدا، که هه‌ژاری موکریانی کردوویه به کوردی و ساڵی 1972 له لایه‌ن کۆڕی
زانیاری کورده‌وه له به‌غدا له چاپ دراوه، له لاپه‌ڕه‌ی سهدوشێستونۆدا، ناوی
ژابای وه‌ها نووسیوه"ئه‌لیکسه‌نده‌ر ژابا". هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی
126 و له په‌راوێزی 44ی لاپه‌ڕه‌ی 127ی کتێبی "مێژوو"، که له ساڵی
1983 له به‌غدا ده‌رچووه، دوکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د ده‌نووسێت:"ئه‌لیکسه‌نده‌ر
جابا(ژابا) که بۆ ماوه‌ی 33 ساڵ، له 1836وه تا 1869 کۆنسولی رووسیا بوو له
شاری ئه‌رزه‌رۆمی عوسمانی..". بابا مه‌ردووخی ڕۆحانی(شێوا) له کتێبی
"تاریخ مشاهیر کرد" به‌رگی دووه‌م، که له لایه‌ن ده‌سگای سروشه‌وه،
له ساڵی 1366دا له تاران چاپ کراوه، له لاپه‌ڕه‌ی 1 دا له‌مه‌ڕ ژاباوه ده‌نووسێت:"الکساندر
ژابا که مدت 33 سال از 1836 تا 1869م در شهر ارزروم عثمانی کنسول روسیه
بود.."، واته: ئه‌لیکسانده‌ر ژابا که ماوه‌ی 33 ساڵ (له 1846-1866 ز) له
شاری ئه‌رزه‌ڕۆمی عوسمانی کۆنسولی ڕووسیا بووه. موحه‌ممه‌د ساڵه‌حی ئیبراهیمی
موحه‌ممه‌دی (شه‌پۆل) له لاپه‌ڕه 557ی کتێبه‌که‌یدا، که به نێوی"ژیناوه‌ری
زانایانی کورد له جیهانی ئیسلامه‌تی یان گه‌نجینه‌ی فه‌رهه‌نگ و زانست"ه‌وه‌یه،
ساڵی 1364ی کۆچی له چاپخانه‌ی مهارت له تاران ده‌رچووه ده‌ڵێت:"ئا. ژابا
که له ساڵی 1836- 1869 زاوێنیدا قونسولی ئیمپراتۆریه‌تی رووس بووه له
تورکیا(ئه‌رزه‌ڕۆم)"، ئیدی ئه‌وه‌ی ژیگیل ڕاست و دروسته یا هی نووسه‌رانی
خۆمان، نازانم!(وه‌رگێڕ).
[2] مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی، ساڵی 1797 له بایه‌زید له باکووری کوردستان
له‌دایکبووه. وێڕای زمانی کوردی شاره‌زاییه‌کی له زمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی
وفارسی و تورکیدا هه‌بووه و گه‌لێک شیعری له‌و زمانانه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر
زمانی کوردی و له‌باره‌ی داستان و فۆلکلۆری کوردییه‌وه زۆری نووسیوه و له ڕێگه‌ی
ژاباوه هه‌موو نووسین و ده‌ستنووسه‌کانی نێردراون بۆ سانت پێته‌رسبۆرگ و تا
ئێستاش له کتێبخانه‌ی شاری لێنینگراددا ماونه‌ته‌وه. بایه‌زیدی، خزمه‌تێکی زۆری
به زمان و مێژووی کورد کردووه و به‌شێکی زۆری له له‌نێوچوون پاراستووه. له
باره‌ی کۆچی دواییه‌وه، ته‌نێ ئه‌وه نووسراوه، که تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌می
کۆچی له ژیاندا بووه، ئیدی کام ساڵ؟ نادیاره!(وه‌رگێڕ).
[3] ناوی ته‌واوی ئه‌و کتێبه"کتاب عادات و رسوماتنامه طوایفا اکرادیه و اصول
و نظامات کورمانجی"یه‌یه. ساڵی 1274ی کۆچی، که ده‌کاته 1858 یا 1859ی
زاینی. مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی له نووسینی بووه‌ته‌وه و م. ب. ڕۆدێنکۆ وه‌ریگێڕاوه‌ته
سه‌ر زمانی ڕووسی و له‌گه‌ڵ ده‌قه کوردییه‌که‌ی و پێشه‌کییه‌کدا له ساڵی 1963دا
له مۆسکۆ بڵاوکراوه‌ته‌وه.(وه‌رگێڕ).
[4] هه‌مه‌وه‌ند، تیره‌یه‌کی کورده، به ئازایی و لێهاتوویی و سه‌رسه‌ختی به‌ناوبانگن.
له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1700ی زایین‌دا له سنه‌وه هاتوون و له ناوچه‌ی بازیانی سه‌ر
به سلێمانی جێگیربوون. له شه‌ڕی نێوان میرانی بابان و والی به‌غدادا هه‌مووده‌م
پشتگریی میرانی بابانیان کردووه و دژ به عوسمانییه‌کان بوون. یه‌کێک له سه‌رکرده
مه‌زنه‌کانیان"جوامێر هه‌مه‌وه‌ند" بووه، که پێیان گوتووه
"جووکل هه‌مه‌وه‌ند". ئه‌م جوامێره هه‌میشه له‌گه‌ڵ عوسمانی و
قاجاریدا ناڕێک بووه. قاجارییه‌کان به سه‌رۆکایه‌تیی"حسام الملك/حیسامولمولک"
له ساڵی 1886دا هێزێکیان نارده سه‌ری و کوشتیان. عوسمانییه‌کان تیره‌ی هه‌مه‌وه‌ندیان
دوورخسته‌وه بۆ ته‌رابولسی شام، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ مه‌ڵبه‌ندی
خۆیان(بازیان). هه‌رچه‌نده ڕایه‌کی وا هه‌یه، که هێندێکیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه
و له لیبیا و ئه‌لجه‌زایر ماونه‌ته‌وه و نه‌وه و وهچهیشیان تا ئێستاش له‌وێن.
هه‌مه‌وه‌نده‌کان ئه‌گه‌ر به ڕێگری و جه‌رده‌ییه‌وه ناویان ده‌رکردووه، وه‌نه‌بێ
ئه‌وه به هۆی پیاوخراپی و به‌دخوویی و ئاکارنزمییانهوه بێت، به‌ڵکه به هۆی
نه‌بوونی و گرانی و قڕی و ناچارییه‌وه بووه وێڕای باری ئابووری و سیاسی ناجۆر و
خراپ، که کوردستانی ژێرده‌ستی عوسمانی و قاجاری تێدا بووه. (وه‌رگێڕ).
No comments:
Post a Comment