Sunday, October 2, 2005
عهوڵاخهفۆکهکانی کوردستان
عهوڵاخهفۆکهکانی کوردستان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئه‌م وێنه‌یه‌ی تۆ ده‌یبینیت،
کۆمه‌ڵێک مرۆڤن به نێوی نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه، له جێگه‌یه‌ک دانراون
پێی ده‌گوترێ "ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی کوردستان" یا په‌رله‌مانی کوردستان.
ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی کوردستان وه‌ک له خه‌ڵکم بیستووه، هه‌ریه‌که‌و
مانگی چه‌ند هه‌زار دۆلارێک وه‌رده‌گرن. پێموانییه درۆ بێت، چونکه ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی
به‌غدای عیراق وه‌ک ده‌ڵێن، هه‌ریه‌که‌و مانگی له نێوان7000-10000 دۆلاری ئه‌مه‌ریکایی
وه‌رده‌گرن. مه‌گه‌ر خودا بۆ خۆی بزانێت مووچه‌ی مانگانه‌ی سه‌رۆککۆماری عیراق یا
سه‌رۆکی کوردستان یا سه‌رۆکانی حوکوومه‌تانی به‌غدا، هه‌ولێر و سلێمانی یا وه‌زیرانی
به‌غدا، هه‌ولێر و سلێمانی یا ده‌سه‌ڵاتدارانی دیکه‌ی حیزبی و ناحیزبی له‌و وڵاته‌ی
ئێمه‌دا (کوردستان) و له عیراق چه‌نده! کێ ده‌توانێت وه‌ها پرسیارێک له به‌رپرسێک
بکات! به‌رپرسانی کوردستان و عیراق بۆ خۆیان خاوه‌نی گه‌نجینه‌ی پاره‌ن و بۆ خۆیان
بودجه و داراییان به‌ده‌سته و ئه‌وانن نانبڕین و ناندانی خه‌ڵکیان به‌ده‌سته.
وا پێده‌چێت ئه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی له‌م وێنه‌یه‌دا ده‌بینرێن و ئه‌وانه‌یشی
وا دیار نیین، به‌ڵام هه‌روه‌ک ئه‌مانن، له‌به‌ر سه‌رقاڵییان به ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیانه‌وه
و له‌به‌ر میوانداری و بانگهێشتن و دانیشتنی شه‌وانه و گۆڵمه‌ز و به‌زمی تایبه‌ت
له ماڵی خۆیان نه‌توانن بخه‌ون، بۆیه وا خۆش له هۆڵیی په‌رله‌ماندا ده‌نوون. یا
ڕه‌نگه بێتامیی و سوواوی قسه و باسه‌کانی نێو هۆڵیی په‌رله‌مان بۆ خۆیان لایه‌لایه
و گورگانه‌شه‌وێ بن و ئه‌ندام په‌رله‌مان بخه‌نه خه‌و!
ده‌گێڕنه‌وه، که له سه‌رده‌مێکدا
له باژێڕی کۆیه، کابرایه‌ک به نێوی عه‌بدوڵڵا خه‌فۆک یا عه‌وڵا خه‌فۆک هه‌بووه.
ئه‌م عه‌بدوڵڵا خهفۆکه، هه‌میشه خه‌واڵوو بووه و هه‌ر یه‌کجار زوو و هه‌رله‌خۆڕا
خه‌وی لێ که‌وتووه، هه‌ر بۆیه نێوی خهفۆکی لێ نراوه. عه‌بدوڵڵا خه‌فۆک، خوێندنی
سووره‌تی ئه‌لفاتیحه(الفاتحة) و قولهوهڵڵاهوئهحهد(قل هو الله احد) و ئه‌وانه‌ی،
که له پرسه‌دا باوه، نه‌زانیوه و کاتێک چووه‌ته پرسه و هه‌ر که دانیشتووه
و ده‌ستکراوه به خوێندنی سووره‌تی ئه‌لفاتیحه، ده‌سبه‌جێ خه‌وێ لێ که‌وتووه و
ده‌ستی به پرخه‌پرخ کردووه. زۆرجاران هه‌ر له‌به‌ر نه‌زانینی ئه‌لفاتیحه و ئه‌و
خۆشخهوییهی، نه‌یویستووه بچێته پرسه و هاوڕێیه‌کانی به تۆبزی بردوویانه.
جارێکی هاوڕێیه‌کانی پێی ده‌ڵێن:" ئه‌وه کارێکی ئاسانه و شتێکت فێر ده‌که‌ین،
که هه‌م ئهلفاتیحهکهت له کۆڵ ده‌بێته‌وه و هه‌میش خه‌وت لێ ناکه‌وێت. هه‌ر که
گوتمان ئه‌لفاتیحه ئیدی تۆ له دڵی خۆتدا به بێده‌نگیی تا ده‌وروبه‌ری سی‌وچوار و
سیوپێنج بژمێره و ده‌ستێک به سهروچاوتدا بهێنه و ئیدی ته‌واو". عه‌بدوڵڵا
خه‌فۆک، ده‌ڵێ باشه. جارێکی له‌گه‌ڵیان ده‌چێته پرسه‌یه‌ک و هه‌ر که ئه‌لفاتیحه
داده‌ن، عه‌بدوڵڵا تا چوار و پێنج ده‌ژمێرێ و ئیدی خه‌وی لێ ده‌که‌وێت و ده‌ست به
پرخه ده‌کات. هاوڕێیه‌کانی له په‌ناوه تێوه‌ی ده‌ژه‌نن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ئاگا و بێ‌دار
بێته‌وه، هه‌ر که وه‌ئاگا دێته‌وه به ده‌نگێکی بڵند ده‌ڵێ:" سی‌وسێ، سی‌وچوار،
سیوپێنج و..."، ده‌ست به سه‌روچاویدا ده‌هێنێت. ئیدی ده‌بێته پێکه‌نین.
له په‌رله‌مانی عیراقی
سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا، ئه‌ندام په‌رله‌مانێک به نێوی شێخ موحه‌ممه‌د ئه‌لعرێبی(الشیخ
محمد العریبی)یه‌وه هه‌بووه، که سه‌رۆک هۆز و ده‌ره‌به‌گێکی ناسراویش بووه. ئه‌م
پیاوه له هه‌موو ده‌مه‌ته‌قه و جڤینێکی په‌رله‌ماندا خه‌وی لێ که‌وتووه و که کات هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر
شتێک بدرێت و ده‌نگدانی بۆ بکرێت، سه‌رۆکی په‌رله‌مان لێی پرسیوه، که شێخ عرێبی
چ ده‌ڵێ و ڕای چییه؟ ئه‌ویش که له‌خه‌و ڕاچڵهکێنراوه، یه‌کسه‌ر ده‌ستی به‌رز کردووه‌ته‌وه
و گوتوویه‌تی "موافج"، واته: موافق، به‌عه‌ره‌بیی عیراقی و به کوردییش ده‌کاته: "ڕام له‌سه‌ره، له‌گه‌ڵم، باشه".
له ته‌واوی کارگه و
فابریک و کارگێڕییه‌کانی ئه‌وروپا و وڵاتگه‌لێکی پێشکه‌وتوودا، هه‌موو کارگه‌ر و کارمه‌ندێک،
که ده‌چێته سه‌ر کار و ده‌ست به کاره‌که‌ی ده‌کات، کارتێکی پێیه، ده‌یکات به
ئامێرێکدا، ده‌سبه‌جێ کاتی چوونه‌ژووره‌وه‌ی بۆ جێکاره‌که‌ی به سه‌عات و خولکه
و چرکه، وه‌ک مۆرێک له کارته‌که ده‌درێت.
له هه‌موو دهرچوونهدهرهوهیهکدا له جێکارهکه و له هه‌موو هاتنهژوورهوهیهکدا
بۆ جێکارهکه، گه‌ره‌که ئه‌و کارمه‌نده یا کارگه‌ره ئه‌و کارته له‌و ئامێره
بدا. ته‌واوی ئه‌و کاته‌ی، که له جێکاره‌که‌ی بووه و ئه‌و کاتانه‌یشی له‌وێ نه‌بووه
به سه‌عات و خولکه و چرکه‌وه بۆ ده‌نووسرێت. که مووچه‌ی مانگانه یا حه‌فتانه
وه‌رده‌گرێت، پووڵی ئه‌و سه‌عات و خولکه و چرکانه‌ی لێ ده‌بڕن و پووڵی سه‌عاته‌کانی،
که به ڕاستی کاری کردووه ده‌ده‌نێ.
ئه‌و مووچه و پاره‌یه‌ی ئه‌م ئه‌ندامانه‌ی په‌رله‌مانی
کوردستان وه‌ریده‌گرن، به‌شێکی زۆریی بۆ کاتی خهوتنهکانیشیان ته‌رخان کراوه.
واته: پاره‌ی خه‌وتنیش وه‌رده‌گرن. ئه‌گه‌ر پاره‌ی کاتیی خه‌وتنیان نه‌درێتێ و له
مووچه‌کانیان ده‌ربهێنرێت، له‌وبڕوایه‌دام پاره‌یه‌کی زۆریان بۆ نامێنێته‌وه! ئه‌م
ئه‌ندام په‌رله‌مانانه، که هه‌رگیز وشه‌ی "نا"یان له زار نایه‌ته ده‌ر
و له فه‌رهه‌نگی کاره‌کانیاندا نییه و هه‌میشه به "تێکڕای ده‌نگ" و
به "کۆی ده‌نگ"، شێخ مه‌حه‌ممه‌د ئه‌لعرێبی ئاسا، له‌گه‌ڵدان و عهبدوڵڵاخهفۆک
ئاسایش تا سی‌وچوار و سیوپێنجهکهی خۆیان ده‌ژمێرن، له‌نێو جێگه‌ی گه‌رم و نه‌رمی
نووستندا بن یا له ته‌لاری په‌رله‌مان، هیچ له باس و پرس و کێشه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان
نایه‌ته گۆڕین و هیچ له ده‌رده‌کانی مرۆڤی کورد که‌م ناکه‌نه‌وه! وڵاتێک، نه‌ته‌وه‌یه‌ک،
گه‌لێک، خه‌ڵکێک، ئه‌مانه نوێنه‌رانی بن و چاوی له‌مانه بێت، به‌ره‌و که‌ناری
ئازادی و سه‌رخۆبوونی ببه‌ن، سته‌مه وا زوو بگاته ئامانج. ئه‌گه‌ر به ته‌ما بین
وڵاتی کوردستان ئازاد بێت و گه‌له‌که‌یشی بگاته به‌خته‌وه‌ری و خۆشگوزه‌رانی، ئه‌وا
ته‌نێ به نه‌مان و له‌نێوچوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی لامژ و مشه‌خۆر و دز و خه‌واڵوو، ئه‌و
ئامانجانه دێنه دی.
2/10/2005
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
سەرۆککۆمار
سەرۆککۆمار ئەمجەد شاکەلی لە 2003وە و دوای داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمەریکاوە، بە ناوی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و سیاسەتی تەواف...
-
سەرۆککۆمار ئەمجەد شاکەلی لە 2003وە و دوای داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمەریکاوە، بە ناوی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و سیاسەتی تەواف...
-
خوێندکارانی کوردستان و بڕێک سەرنج ئەمجەد شاکەلی ئەمڕۆ لە دیدارێکیدا ...
-
سەدەیەک گەڕانەوە بۆ قووڵایی مێژوو گەشتێک بۆ ئیسیووپیا ئەمجەد شاکەلی بیرۆکەی سەفەرەکە: کە هاوڕێم سەردار ئەمین، زەنگی بۆ لێد...
No comments:
Post a Comment