Monday, November 7, 2005

پاریسی گڕگرتوو و کوردستانی خامۆش

پاریسی گڕگرتوو و کوردستانی خامۆش

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

وا بۆ یازده‌ ڕۆژ ده‌چێت لاوان و بیانییان و بێکارانی گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژاره‌کانی پاریس، دژی ده‌سه‌ڵات و نایه‌کسانی و نادادی و بێکاری و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و هه‌ڵاواردن و که‌نارخستن، ڕاپه‌ڕیون و جامی تووڕه‌یی خۆیان به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران و نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵده‌ڕێژن. ئه‌وانه‌ی ڕاپه‌ڕیون، مێردمنداڵان و لاوانی وه‌چه‌ و نه‌وه‌ی دووه‌م و سێیه‌می بیانیگه‌لێکن، که‌ باوک و دایک و باپیر و داپیریان، له‌ وڵاتگه‌لی ژێرده‌سته‌ی فرانساوه‌ هاتوون و هه‌میشه‌ وه‌ک نۆکه‌ر چاویان لێ کراوه‌ و ڕه‌وتاریان له‌گه‌ڵ کراوه‌. ئێستایش نه‌وه‌کانی ئه‌وان دوای نێزیکه‌ی یه‌ک سه‌ده‌ هه‌ر به‌و چاوه‌ ته‌ماشا ده‌کرێن و ڕه‌وتاریان له‌گه‌ڵ ده‌کرێ. ڕه‌گه‌زپه‌رستان و سه‌رمایه‌دارانی بێویژدان، ئه‌وان به‌ مرۆڤ نازانن و وه‌ک ئامێرێکی کار و مشه‌خۆر لێیان ده‌نۆڕن. له‌ 6ی دیسه‌مبه‌ری 1986، له‌ یاخیبوونێکی خوێندکاراندا، خوێندکارێکی ته‌مه‌ن 22 ساڵ به‌ نێوی "مالیک ئوسه‌کین" له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ کوژرا. مارییا شۆتینیووس(Maria Schottenius)، له‌ گوتارێکیدا له‌ ژێر سه‌ردێڕی پاریس ده‌سووتێ(Paris brinner) له‌ ڕۆژنامه‌ی داگنس نویهێته‌ر(Dagens Nyheter)ی سوێدیدا، ده‌ڵێ:"له‌ 1986دا، که‌ یاخیبوونێکی خوێندکاران ڕووی دا و که‌ مالیک ئوسه‌کین له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ کوژرا، ئێمه‌ له‌ پاریس ده‌ژیاین، یه‌کێک له‌ هاوسێیه‌کانمان گوتی: ئه‌وه‌ی کوژرا خوێندکار نه‌بوو، عه‌ره‌بێک بوو"[1]. ئه‌وه‌ "عه‌ره‌بێک بوو"ه‌، دوور له‌ گیانی ئه‌و لاوه‌، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ باسی مردن، کوژران یا تۆپینی ئاژه‌ڵێک بکرێت. سووتاندنی ئۆتۆمبیل و په‌لاماردان و هێرشکردنه‌ سه‌ر فرۆشگه‌ و کارگێڕییه‌ حوکوومه‌تییه‌کان و ڕاونانی پۆلیس و ڕێپێوان و خۆپێشاندان و هاتوهاوار و ده‌یان چالاکی دیکه‌، به‌شێکن له‌ جۆره‌کانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، که‌ یاخیبووانی پاریس ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. کوشتنی دوو مێردمنداڵی به‌ ڕه‌گه‌ز بیانی، توونسییه‌ک و یه‌کێکی خه‌ڵکی مالی، له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ و هه‌ر له‌خۆڕا و بێ هیچ هۆیه‌ک، بوو به‌ ده‌سپێکی پێکردنی بزیسکی ڕابوونه‌که‌ و هاواری خه‌ڵکی تووڕه‌ بۆ له‌کارلابردنی، نیکۆلا سارکۆزی، وه‌زیری نێوخۆی  فرانسا. هه‌رچه‌نده‌ ده‌ستپێکردنی ڕووداوه‌کان به‌و جۆره‌ بوو، لێ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌گه‌زپه‌رستی و بێکاری و په‌راوێزاندن، هۆگه‌لی سه‌ره‌کی ئه‌م یاخیبوونه‌ن و قه‌یرانی به‌رینبوونه‌وه‌ی جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌کان بنه‌مای یاخیبوونه‌که‌ن. له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌یه‌کی "نیکۆلا سارکۆزی"ی وه‌زیری نێوخۆ و "دۆمینیک دوڤیلپا"ی سه‌رۆکی حوکوومه‌تی فرانسا، ڕابوونه‌که‌ پتر گه‌رم ده‌بێت و ته‌شه‌نه‌ ده‌کات و وا بێجگه‌ له‌ پاریس، باژێڕه‌کانی "تولوو" و "لییۆن" یشی گرتووه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ پاریس ڕووده‌دات، تایبه‌تمه‌ندییه‌ک نییه‌، ته‌نێ پێوه‌ندی به‌ پاریسه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵکه‌ ده‌نگی هه‌ژاران و په‌راوێزێنراوان و بێکاران و بیانییانه‌، دژی سه‌رمایه‌داری و ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵات و ڕه‌گه‌زپه‌رستی. ده‌نگێک و تووڕه‌بوونێک و یاخیبوونێکه‌، ده‌بێ هه‌موو فرانسا و له‌وێشه‌وه‌ هه‌موو جیهان بته‌نێته‌وه‌.
که‌ ئاوڕێک له‌ مێژووی ئه‌م دوا دوو سێ سه‌ده‌یه‌ی وڵاتی فرانسا و گه‌لی فرانسا ده‌ده‌یته‌وه‌، ئه‌وه‌ت بۆ ئاشکرا ده‌بێت، که‌ وڵاتی فرانسا بێشه‌ی چه‌ندین ڕابوون و یاخیبوون بووه‌ و که‌ گه‌لی فرانسا فره‌جار خه‌ڵکێکی پێشه‌نگ بوونه‌ له‌ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی نادادی و ناڕه‌وایی و سته‌مکاری و  چه‌وساندنه‌وه‌ و تووڕهه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵاتداری به‌دڕه‌وتار و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ده‌مکوتکردن و چه‌پاندن. شۆڕشی فرانسای 1789-1799، که‌ به‌ دروشمی "ئازادی، برایه‌تیی و یه‌کسانی"یه‌وه‌ هاته‌ مه‌یدان و کۆموونه‌ی پاریسی نێوان مارس- مه‌ی 1871، که‌ شۆڕشگێڕان ده‌ستیان به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و کارگێڕیی پاریسدا گرت و یاخیبوون و ڕاپه‌ڕینی خوێندکاران و لاوانی فرانسای 1968 و بڵندکردنه‌وه‌ی دروشمی"ئازادی، یه‌کسانی و هاریکاری"، هه‌موو بوونه‌ هۆی هه‌ڵته‌کاندنی کۆمه‌ڵگه‌ی کۆنی فرانسا و گۆڕینی بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و کراوه‌ و یه‌کسان و سروشبه‌خشی گیانی شۆڕش و ڕابوون و یاخیبوونیش بۆ گه‌لانی دیکه‌ی سه‌ر گۆی زه‌وی. ئه‌گه‌ر ئه‌و یاخیبوون و سه‌رهه‌ڵدانانه،‌ خاڵگه‌لێکی مه‌زنی وه‌رچه‌رخان بن له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، ئه‌وا فرانسا بێجگه‌ له‌وانه‌ش هه‌میشه‌ به‌خشه‌ری چه‌ندین تووڕه‌یی و ناڕه‌زایی و ڕاپه‌ڕین بووه‌. یاخیبوونی وه‌رزێر و کارگه‌ر و شۆفێر و فرۆشیار و توێژ و پۆل و چینه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و وڵاته‌ و له‌ سه‌رده‌مانێکی جیاوازدا  و ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی ئێستایش، نیشانه‌یه‌کی زه‌قی زیندوویی گیانی یاخیبوونه‌ له‌ نێو وڵاتێکی زیندوو و گه‌لێکی زیندوودا. دیاره‌ خاکی به‌ پیت، به‌روبوومی باش  وه‌به‌رهه‌م دێنێت و گه‌ل و خه‌ڵکی ئاگا، کرداری ئاگایانه‌یان لێ ده‌وه‌شێته‌وه‌. که‌ چه‌وساوه‌ و سته‌ملێکراو هه‌ستیان به‌ ده‌رده‌کانی خۆیان و سته‌ملێکراویی خۆیان کرد و پێیانیان زانی و هۆکاره‌کانیان دۆزییه‌وه‌، ئه‌وده‌می ئیدی بۆ خۆیان تیماری ده‌رده‌کانی خۆیان ده‌که‌ن.                                                                                        
گه‌نده‌ڵی و دزی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ناڕه‌وا و هه‌رله‌خۆڕا و ڕووتاندنه‌وه‌ی وڵات و به‌شی خه‌ڵک خواردن و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رمایه‌دارانه‌وه‌ له‌ کوردستان، کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی کردووه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵک، که‌ ئه‌گه‌ر له‌ ترسی له‌کارده‌رکردن و نانبڕین و سزاداندا نه‌بێت، هه‌رگیز هیچ گوتوبێژێک و هیچ نێزیکایه‌تییه‌ک و هیچ پێوه‌ندێک له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکدا نییه‌. جیاوازیی چینایه‌تیی هه‌میشه‌ له‌ به‌رینبووندایه‌ و ژماره‌ی سه‌رمایه‌داری تێڕه‌ و چاوچنۆکیش به‌رده‌وام له‌ زیادبووندایه‌. مشه‌خۆرانی بازاڕی فه‌رهه‌نگ و نووسین، که‌ کاریان ته‌نێ ده‌هۆڵلێدانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و له‌وه‌ڕین و خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و ده‌ستگرتنه‌ به‌ کڵاوی خۆیانه‌وه‌ و کوێری و لاڵییه‌ له‌ ئاست هه‌موو ناڕه‌وایی و گه‌نده‌ڵییه‌کان، ئه‌وانیش هه‌رگیز له‌ که‌مبووندا نین، به‌ڵکه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ و له‌ سه‌ر حسێبی بێویژدانیی خۆیان، هه‌ر له‌ زیادبووندان. ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، به‌و سامان و پاره‌ زۆره‌ی له‌ ژێر ده‌ستیاندایه‌ و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژیش له‌ زیادبووندایه‌، کار بۆ چینی مشه‌خۆری سه‌رمایه‌دار ده‌که‌ن. ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌رمایه‌داری لامژی کوردستان، که‌ ئه‌وڕۆ هه‌ردوو هاوبه‌شن له‌ ڕووتاندنه‌وه‌ و دزینی وڵاتدا و هه‌ردوو هاوبه‌شن له‌ تێکدان و داته‌پاندنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان و هاوبه‌شن له‌ سازکردنی پرۆژه‌ی دژ به‌ خه‌ڵک و بۆ خێری خۆیان و هاوبه‌شن له‌ هێنانه‌ژووره‌وه‌ی سه‌رمایه‌دار و کۆمپانیای وڵاتگه‌لی داگیرکاری کوردستان و هاوبه‌شن له‌ هه‌موو تاوانێکدا له‌ هه‌مبه‌ر داڕزاوترین چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌، هه‌رگیز چ کارێکی باشیان له‌ ده‌ست نایه‌ت و هه‌رگیز بۆ قازانجی گه‌ل و خاک و وڵات کار ناکه‌ن. ته‌واوی پرۆژه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌یه‌ک، که‌ هه‌رده‌م و بێشه‌رمانه‌ بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن و خۆیانی پێوه‌ هه‌ڵده‌کێشن، ئه‌و پرۆژه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وانه‌ن، که‌ خێروبێری ته‌نێ بۆ چینی ده‌وڵه‌مه‌نده‌. ئه‌گه‌ر وانییه‌ ئه‌دی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانی بێێاوی و بێبه‌نزینی و بێسووته‌مه‌نی و بێخانوویی و بێ سه‌دان شتی دیکه‌یه‌ چییه‌!  ئه‌گه‌ر وانییه‌ چۆن ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان و ئه‌وانه‌یشی وا له‌ سه‌ر ئه‌وان ده‌له‌وه‌ڕێن، هه‌میشه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌بن! ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی کوردستان به‌ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌دارانی نێو وڵات و سه‌رمایه‌دارانی داگیرکارانی کوردستان و کۆمپانیاکانی دیکه‌دا، هه‌رگیز به‌ لای پرۆژه‌ و کارێکدا ناچن، که‌ ژێرخانی ئابووری کوردستان بنیات بنێت و بنگه‌ی ئابووریی کوردستان دروست بکات، به‌ڵکه‌ کاره‌کانیان ته‌نێ بواری خزمه‌ت و ڕابواردنی وه‌ک هوتێل و ڕیستۆران و بازاڕ و گازینۆ و ئه‌وانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، که‌ هه‌مووی بۆ خزمه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندان و هاوسامانانی وه‌ک ئه‌وانه‌.                
پێش ماوه‌یه‌ک خه‌ڵکی تووڕه‌ی که‌لار و گه‌رمیان و له‌ پێش هه‌موویشیانه‌وه‌ لاوانی خوێنگه‌رمی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، ڕابوون و تووڕه‌یی خۆیان دژی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و دژی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی ئه‌له‌کتریک و نه‌بوونی ئاو و نه‌بوونی خزمه‌تی جڤاکی و نادادی و دژی هه‌ڵسوکه‌وت و بێڕه‌وشتیی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسان ده‌ربڕی، لێ به‌ توندیی له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ سه‌رکوت کران و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ زۆر به‌ ئاسانییش ناوی ئاژاوه‌گێڕ و سه‌رلێشواویان لێ نرا. ده‌سه‌ڵات بۆ داپۆشینی دزی و ساخته‌کارییه‌کانی خۆی و شاردنه‌وه‌ی هه‌رچی گه‌نده‌ڵیی خۆیه‌تی، نێوی دز و تێکده‌ری بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌کار برد. چه‌ند ڕۆژێک پێش ئێستایش له‌ شاری ئاکرێ یاخیبوونێک دژی ده‌سه‌ڵات په‌یدا بوو و پاش ماوه‌یه‌کی که‌م دامرکایه‌وه‌ و بێده‌نگ بوو. که‌ که‌لارییان دژی ده‌سه‌ڵات ڕاپه‌ڕین، پێموابوو ئه‌مه‌ ئیدی ده‌سپێکی هه‌ستکردنه‌ به‌ ده‌رده‌کانی خۆیان و سته‌ملێکراویی خۆیان و ئیدی پێیان ده‌زانن و هۆکاره‌کانیان ده‌دۆزنه‌وه‌ و ئه‌وده‌میش ئیدی بۆ خۆیان تیماری ده‌رده‌کانی خۆیان ده‌که‌ن. پێموابوو ئه‌مه‌ ئیدی ده‌بێته‌ بزیسکی ڕاماڵین و گڕتێبه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و ده‌سه‌ڵاتدارانی دز و سه‌رمایه‌دارانی چاوچنۆک و مشه‌خۆری کوردستان. که‌ ئاکرێیان ڕابوون، پێموابوو ئه‌وانیش به‌ده‌نگی که‌لارییانه‌وه‌ چوون و هه‌رچه‌نده‌ به‌ گولله‌ وه‌رامی که‌لارییان درایه‌وه‌، لێ خه‌ڵکی بوێری کوردستان له‌وه‌ ناترسن و هه‌موو وێکڕا ده‌بنه‌ گڕێکی زیندوو، بۆ له‌نێوبردنی سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌ڵاتدارانی گه‌نده‌ڵ. به‌ ڕاپه‌ڕینی که‌لار و ئاکرێ دڵم خۆش بوو و چاوڕوانی به‌رده‌وامییان بووم. کورد زۆر له‌مێژه‌ گوتوویه‌تی:"جام پڕ بوو لێی ده‌ڕژێ" یا "کاسه‌ پڕ بوو لێی ده‌ڕژێ". به‌ گوێره‌ی ئه‌و تیۆرییه‌ ده‌بوو ئێستا خه‌ڵکی ڕه‌شوڕووت و چه‌وساوه‌ و هه‌ژار و لاوان و ژنانی چینه‌ په‌راوێزێنراوه‌کانی کوردستان به‌ جۆرێ ڕاپه‌ڕیبان، که‌ هه‌رچی بنگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رمایه‌داراندا بیانڕووخاندبا و هه‌رچی پرۆژه‌ی بێکه‌ڵک و دزخانه‌ و کارگێڕیی و گه‌نده‌ڵخانه‌ی وڵاته‌ کاولیان کردبا. ده‌بوو بۆ خۆیان کۆنترۆڵی سیاسه‌ت و بازاڕیان کردبا و ئابوورییان بگرتبایه‌ته‌ ده‌ست. بریا چه‌وساوان و هه‌ژاران و به‌شخوراوان و بنده‌ستان و په‌راوێزێنراوان و ئه‌نفالزادان و مه‌ینه‌تبارانی گه‌لی باشووری کوردستان چاوێکیان له‌ پاریسی گڕگرتوو ده‌گرت و ئه‌وانیش ڕاده‌بوون و گڕیان به‌رده‌دایه‌ هه‌رچی سه‌رمایه‌دار و ده‌سه‌ڵاتداری دز و گه‌نده‌ڵ و بێویژدانی کوردستان و پاشکۆکانیشیانه‌ و ته‌خت و به‌ختیانیان ده‌سووتاندن. بریا یاخیبوون هه‌موو جیهانی ده‌ته‌نییه‌وه‌ و هه‌رچی جڤاکه‌ سه‌روبنی ده‌کرد و سه‌رله‌نوێ جیهانێکی نوێی یه‌کسان و ئازاد و پڕدادی بۆ هه‌مووان دابین ده‌کرد. به‌و هیوایه‌ی ئه‌م گڕه‌ی پاریس هه‌موو جیهان، به‌ وڵاته‌که‌ی خۆیشمانه‌وه‌ (کوردستان) بگرێته‌وه‌.                                                                                                                      
7-11-2005




 . Maria Schottenius, Paris brinner, Dagens Nyheter 2005-11-07 [1]

Thursday, November 3, 2005

په‌رۆشه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی

په‌رۆشه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

تاڵه‌بانی، بانگهێشتنی کچ و ماڵباتی سه‌ددام حوسه‌ین ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ کوردستان و داڵده‌ بدرێن.
تاڵه‌بانی، جار له‌ دوای جار، جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ ئه‌و فه‌رمانی له ‌سێداره‌دانی سه‌ددام حوسه‌ین مۆر ناکات.                                                                                                         
تاڵه‌بانی، ژوانێک له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌زار که‌ونه‌ئه‌فسه‌ر و فڕۆکه‌وانی ڕێژیمی سه‌ددام حوسین و به‌عسی عیراق ساز ده‌کات و هانیان ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ کوردستان و له‌وێ داڵده‌ بدرێن.                           
تاڵه‌بانی، ده‌یه‌وێت به‌رزان تکریتی له‌ زیندانه‌که‌ی بێته‌ ده‌رێ، بۆ ئه‌وه‌ی تیماری ده‌رده‌که‌ی، که‌ شێرپه‌نجه‌ی بڕبڕه‌ی پشتیه‌تیی، بکرێت.                                                                                  
تاڵه‌بانی، ئه‌و کوردانه‌ی دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ که‌رکووک، که‌رکووک جێده‌هێڵن به‌ خیانه‌تکار داده‌نێت.                 
تاڵه‌بانی، پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی ده‌نگی بۆ ده‌ستووری عیراق نه‌دابێت، تاوانبار و خائینه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌دایه‌.                                                                                                               
تاڵه‌بانی، عیراق به‌ به‌شێک له‌ نیشتمانی عه‌ره‌ب داده‌نێت.
*****
ئه‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌ زووزوو، به‌رچاو و گوێی خه‌ڵکی کوردستان و هه‌موو جیهان ده‌که‌وێت و تاڵه‌بانی هه‌ر ڕۆژه‌ی بابه‌تێکی نوێی پێیه‌، که‌ خه‌ڵکی کوردی پێ ده‌تۆقێنێت و ناکوردانیشی پێ دڵخۆش ده‌کات. ئه‌مانه‌ی ده‌ێڵێین ته‌نێ پێوه‌ندیان به‌م ساڵانه‌ی دواییه‌ی دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌نا هێنده‌ی که‌ونه‌ شتی دیکه‌ هه‌ن، که‌ هه‌ر له‌ باسکردن نایه‌ن. ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ی بووبێته‌ هۆی پێڕۆکردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌ لایه‌ن تاڵه‌بانییه‌وه‌، که‌م و زۆر له‌م خاڵانه‌دا وه‌دی بکرێن:                                                                                                                                    
1. پێوه‌ندێکی توندوتۆڵ و مێژوویه‌کی زۆر کۆن و نان و نمه‌ک، له‌ نێوان بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانییان، که‌ جه‌لال تاڵه‌بانییش یه‌کێکه‌ له‌وان و تکریتییاندا، که‌ سه‌ددام حوسه‌ینیش یه‌کێکه‌ له‌وان، هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ و هه‌ردوولایان به‌ هانای یه‌کدییه‌وه‌ هاتوون و فریای یه‌کدی که‌توون. جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ خۆی چه‌ندین جار ئه‌و ڕاستییه‌ی گوتووه‌ته‌وه‌.                                                                                           
2. به‌رزان تکریتی له‌ پاڕانه‌وه‌نامه‌که‌یدا بۆ بووش و بله‌یر و شا عه‌بدوڵڵا و تاڵه‌بانی و...کاتێک هاوار بۆ تاڵه‌بانی ده‌بات، به‌ نێوی دۆستایه‌تییه‌وه‌ هاواری ده‌باتێ و ده‌ڵێ، که‌ تاڵه‌بانی بۆ خۆی له‌ ساڵی 1996دا و له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و له‌ به‌رده‌م ڕۆژنامه‌وانان و که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆندا گوتوویه‌تی، ده‌چێت بۆ ژنێڤ بۆ سه‌ردانی هاوڕێییه‌کی، که‌ به‌رزان ئیبراهیم ئه‌لتکریتییه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیه‌یشیدا بنگه‌یه‌کی هاوبه‌ش و تێگه‌یشتنێکی هاوبه‌شیان بۆ پرس و کاره‌کان هه‌یه‌. تاڵه‌بانی دۆستایه‌تییه‌کی له‌مێژینه‌ و به‌هێزی له‌گه‌ڵ به‌رزان تکریتیدا هه‌بووه‌ و بۆ خۆیشی به‌ هیچ جۆرێک لاریی له‌و دۆستایه‌تییه‌ نییه‌ و به‌ ڕاشکاوییش باسی لێوه‌ ده‌کات.                                                                                
3. تاڵه‌بانی ساڵانێکی ژیانی، هاوسه‌نگه‌ر و هاودید و هاوخوان و هاوهه‌ست و هاوکاری حیزبی به‌عس و ده‌سته‌ی سه‌ددام حوسه‌ین و به‌رزان تکریتی و له‌شکر و ئاساییش و موخابه‌راتی عیراق بوو و به‌ درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ش نێزیکایه‌تیی و تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه‌ و ئه‌و نێزیکایه‌تی و تێکه‌ڵاوییه‌یش، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ڕووی جوگرافیاییشه‌وه‌ شوێن و پێگه‌ی تاڵه‌بانی گۆڕابێت و له‌و هاوسه‌نگه‌رانه‌ی نێزیک و دوور که‌وتبێته‌وه‌، هه‌رگیز نه‌پساوه‌ و هه‌ر درێژه‌ی هه‌بووه‌ تا دواساته‌کانی ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسیش.                                                                      
*****
من ناتوانم "بانگهێشتنی کچ و ماڵباتی سه‌ددام حوسه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ کوردستان و داڵده‌ بدرێن و  جار له‌ دوای جار جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌ سه‌ر مۆرنه‌کردنی فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی سه‌ددام حوسه‌ین و ژوان سازکردن له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌زار که‌ونه‌ئه‌فسه‌ر و فڕۆکه‌وانی ڕێژیمی سه‌ددام حوسین و به‌عسی عیراقدا و هاندانیان بۆ چوونه‌ کوردستان و له‌وێ داڵده‌دانیان و هێنانه‌ده‌ره‌ێی به‌رزان تکریتی له‌ زیندانه‌که‌ی بۆ تیمارکردن و ناوزڕاندنی ئه‌و کوردانه‌ی دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ که‌رکووک، که‌رکووک جێده‌هێڵن، به‌ خیانه‌تکار و دانانی ئه‌وه‌ی ده‌نگی بۆ ده‌ستووری عیراق نه‌دابێت به‌ تاوانبار و خائین و هاوکاری ئه‌لقاعیده‌ و دانانی عیراق به‌ به‌شێک له‌ نیشتمانی عه‌ره‌ب"، وه‌ک ده‌روێشه‌کانی تاڵه‌بانی بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، به‌ نیشتمانپه‌روه‌ری و  شۆڕشگێڕی و سنگفراوانی و به‌زه‌یی و دڵسۆزی و کوردایه‌تی دابنێم، به‌ڵکه‌ ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و گوتار و ڕه‌وتارانه‌م پێ چه‌وتییه‌ و ناڕاست. هه‌موو سازشکارییه‌ک له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی به‌عسی و سه‌ر به‌ ڕێژیمی به‌عسدا، له‌ هه‌ر پله‌ و پایه‌یه‌کدا بن، نه‌خوازه‌ڵڵا بنه‌ماڵه‌ی سه‌ددام حوسه‌ین و ئه‌فسه‌ر و فڕۆکه‌وان و ئاساییش و موخابه‌رات و نۆکه‌رانی ئه‌و ڕێژیمه‌، ناکرێ له‌ ناپاکی زیاتر نێوێکی دیکه‌ی لێ بنرێت! من سه‌ددام حوسه‌ین و به‌رزان تکریتی و هاوچه‌شنه‌ دڕنده‌کانی ئه‌وانم پێ تاوانبارن و هه‌موو تاوانبارێکیش گه‌ره‌که‌ سزای خۆی وه‌رگرێت و  مافی مافخوراوانی لێ بکرێته‌وه‌ و هه‌رگیز ئه‌وانه‌م پێ شایسته‌ی به‌زه‌یی نین. من ناڵێم ده‌نگدان به‌ "به‌ڵێ" به‌ ده‌ستووری عیراق خیانه‌ته‌ و ناپاکی، چونکه‌ مرۆڤ ئازاده‌ له‌وه‌ی ده‌نگ ده‌دات یا نه‌ یا ده‌نگی به‌ "به‌ڵێ" یا ده‌نگ به‌ "نه‌" ده‌دات، لێ ده‌ستووره‌که‌ به‌ ده‌ستوورێکی ملکه‌چکه‌ری گه‌لی کوردستان ده‌زانم و ده‌نگدان بۆ ده‌ستوور به‌ ده‌نگدان بۆ سه‌رشۆڕیی کورد ده‌زانم و ده‌نگنه‌دان بۆ ده‌ستوور به‌ هه‌ڵوێستی ڕاستودروست ده‌زانم. من گوتار و ڕه‌وتار و کرداره‌کانی تاڵه‌بانی، به‌ په‌رۆشگه‌لێکی عیراقییانه‌ و عه‌ره‌بانه‌ ده‌زانم و پێشموایه‌ بۆ گه‌لی کوردستان هیچیان تێدا نییه‌ و هیچیش سه‌وز ناکه‌ن.                                                                             
*****
ته‌واوی کردار و ڕه‌وتارێکی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌یکات و ته‌واوی گوتارێکی ده‌یڵێت، ئاوکردنه‌ به‌ ئاشی عه‌ره‌ب و عیراق و عه‌ره‌بایه‌تیی و عیراقیایه‌تیی و عیراقیاندنی پرسی گه‌لی کوردستان. ئه‌و مێژوویه‌که‌ له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێته‌وه‌ و کاری بۆ ده‌کات و شانازییشی پێوه‌ ده‌کات. تاڵه‌بانی ئه‌گه‌ر به‌ کوردی قسه‌ی نه‌کردبا و نه‌زانرێت کورده‌، گه‌لێک جاران له‌ سیاسییه‌کی عه‌ره‌ب جودا نه‌ده‌کرایه‌وه‌. ئه‌و له‌ بۆچوون و بیروڕایدا که‌مجار دیتنێکی جیاوازیی له‌ سیاسییان و ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب هه‌یه‌. ئه‌و ته‌نێ له‌گه‌ڵ سیاسییان و ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بدا ئه‌و هاوبه‌شی و  هاوهه‌ڵوێستی و لێکچوونه‌ی نییه‌، به‌ڵکه‌ له‌گه‌ڵ سیاسییان و ده‌سه‌ڵاتدارانی تورک و ئێرانیشدا، ئه‌وانه‌ی هه‌یه‌ و تاڕاده‌یه‌ک بۆ خۆی هه‌وڵده‌دات هاودیدیی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا پێشان بدات و خۆ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بگونجێنێت و هه‌میشه‌ داشکان له‌ پرسی کورددا بۆ داگیرکارانی کوردستان بکات. ڕازیکردنی دڵی عه‌ره‌ب و داگیرکارانی دیکه‌ی کوردستان، ئامانجێکه‌ هه‌رده‌م تاڵه‌بانی لێی دانه‌بڕاوه‌ و ئێستاش کاری بۆ ده‌کات. ئه‌نجامی وه‌ها کارێکیش، ئه‌مڕۆ و له‌ عیراقدا، گێڕانه‌وه‌ی حیزبی به‌عسه‌، به‌ جۆری دیکه‌ و له‌ به‌رگی دیکه‌دا، بۆ سه‌ر شانۆی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات. ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یکات و ده‌یڵێت، کارێکه‌ پێچه‌وانه‌ی خواستی گه‌لی کوردستان و به‌ قازانجی داگیرکارانی کوردستان و هه‌ڵپه‌یه‌که‌ بۆ ڕاوه‌ده‌نگ و مسۆگه‌رکردنی ده‌نگی سوننه‌ی عه‌ره‌ب و به‌عسییه‌کان، بۆ چه‌ند ساڵێکی دیکه‌ی سه‌رۆککۆماری و به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سیی خۆی، ده‌نا چی دیکه‌!                                                                                                      

3-11-2005

Monday, October 31, 2005

مردنیش ده‌کرێته‌ بابه‌تی ڕێکلام

مردنیش ده‌کرێته‌ بابه‌تی ڕێکلام

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

پێش چه‌ند ڕۆژێک هه‌واڵی کۆچیدوایی ڕه‌وانشاد "فه‌تاح خانی سه‌یفی قازی"، کوڕی شه‌هید"موحه‌ممه‌د حوسین خانی سه‌یفی قازی، وه‌زیری جه‌نگ له‌ کۆماری مه‌هاباددا"، بڵاو بووه‌وه‌. وه‌ک باوه‌، فه‌تاح خان، به‌ هۆی پێکدادانی ئۆتۆمبیله‌وه‌ له‌ باژێڕی مه‌هاباد، گیانی له‌ ده‌ست داوه‌. ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ چه‌ند شوێنێک له‌ میدیای کوردستاندا بڵاوکرایه‌وه‌. ڕۆژنامه‌ی"الاتحاد"ی عه‌ره‌بی زمانی، یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، که‌ له‌ به‌غدا ده‌رده‌چێت، ئه‌و هه‌واڵه‌ی وه‌ک ڕێکلامێک بڵاو کردووه‌ته‌وه‌، که‌ بێگومان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌یشی، دوور له‌ گیانی فه‌تاح خان و بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی قازی، ڕێک وه‌ک بزربوونی ناسنامه‌، پاسپۆرت یا مۆڵه‌تی ئاژۆتنی ئۆتۆمبیل و وه‌ک هه‌ر ڕێکلامێکی دیکه‌ی شامپۆ و ئاڵتوونسا و برنجی به‌سمه‌تی و مۆبایلی ئاسیاسێل و... پاره‌ وه‌رگیراوه‌ و ڕێکوڕه‌وان له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌یش نووسراوه‌: بابه‌تی ڕێکلام![1] ڕه‌نگه‌ " الاتحاد " و حیزبه‌که‌یشی، که‌ له‌ پشتییه‌وه‌یه‌، بۆ نه‌ڕه‌نجاندن و نه‌ئێشاندنی دڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی هاوسێیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتیان، ئه‌و هه‌واڵه‌یان به‌و جۆره‌ په‌خش کردبێته‌وه‌. هه‌رچۆنێک بێت واپێده‌چێت ئێستا ئیدی مێژوو و که‌سایه‌تی و مرۆڤ و هه‌موو شتێکی کورد و کوردستان له‌کن ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، ته‌نێ به‌ پاره‌وپووڵ ده‌نرخێندرێن و ده‌شێ وه‌ک هه‌ر کاڵایه‌کی دیکه‌ بخرێنه‌ بازاڕه‌وه‌!.                                                                                                                     
31-10-2005



 الاتحاد، العدد 1146، الاحد 30/10/2005.[1]

Saturday, October 22, 2005

هیچ پاساوێک بۆ ده‌مکوتکردنی مرۆڤ نییه‌

هیچ پاساوێک بۆ ده‌مکوتکردنی مرۆڤ نییه‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ده‌مکوتردنی ده‌نگی جیاواز له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، کارێکی نوێ نییه‌ و تایبه‌تیش نییه‌ ته‌نێ به‌ کوردستانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه‌. له‌وه‌تی مرۆڤ هه‌بووه‌ و ده‌سته‌یه‌کی گچکه‌ به‌نێوی ده‌سه‌ڵات و کارگێڕی و فه‌رمانڕه‌واییه‌وه‌ سواری سه‌ری زۆرینه‌که‌ی جڤاک بوون، ئیدی هه‌میشه‌ و بێبڕانه‌وه‌، ململانێیه‌کی سه‌خت له‌ نێوان تێڵابه‌ده‌ستانی که‌مینه‌ و ده‌ستپه‌تی و بێتێڵایانی زۆرینه‌دا هه‌بووه‌. تێڵابه‌ده‌ستان هه‌میشه‌ گه‌جه‌ر و گوجه‌ری بازاڕی فه‌رهه‌نگ و خه‌ڵکانی کاسه‌لێس و پاشاخوڕخۆر و هه‌لپه‌رست و سازشکار و درۆزن و پاره‌په‌رستیان له‌ خۆ خڕکردووه‌ته‌وه‌ و کاره‌ دزێو و ناڕه‌وا و به‌دڕه‌وشتی و ساخته‌کاری و دزی و ناحه‌زه‌کانی خۆیانیان به‌هۆی ئه‌و لۆتی و زۆڕناژه‌نانه‌وه‌، به‌ ڕه‌وا و جوان و باش، به‌ مرۆڤ، به‌ هاووڵات، پێشانداوه‌ و فرۆشتووه‌ته‌وه‌. له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تییدا نموونه‌ی هه‌زارانی له‌و خۆهه‌ڵواسێنه‌رانه‌، که‌ وه‌دووی ده‌سه‌ڵات که‌وتوون و ده‌که‌ون و لیکیان به‌ لالێودا هاتووه‌ و دێته‌ خوارێ، ده‌بینینه‌وه‌. پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌یش خه‌ڵکانێکن، ڕاستگۆیی دروشمیانه‌ و کار بۆ ڕه‌وایه‌تی و داد و چوونیه‌کیی و خۆشگوزه‌رانی مرۆڤ ده‌که‌ن. ئه‌مانه‌ هه‌رگیز خۆشه‌ویستی ده‌سه‌ڵات نه‌بوونه‌ و نین و هه‌رده‌میش له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، به‌ چاوی گومانه‌وه‌ سه‌یرکراون و وه‌به‌ر قامچی ده‌سه‌ڵات که‌وتوون.
ده‌سه‌ڵاتی ترسنووک هه‌میشه‌ له‌ مرۆڤی ڕاستگۆ و بوێر ده‌ترسێت و ڕێگه‌ی پێ نادات قسه‌ی خۆی بکات. ئه‌وانه‌ی له‌نێو ته‌لار و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن و ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و میدیاکانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، جاروبار ئه‌گه‌ر جووکه‌ و نووزه‌یه‌کیان لێوه‌ بێت، مه‌گه‌ر هه‌ربۆخۆیان به‌ ڕه‌خنه‌گرتنی دابنێن، ده‌نا له‌ پینه‌کردنی قنگی هه‌ڵماڵراو و  به‌ده‌ره‌وه‌بووی ده‌سه‌ڵات و ئارایشتکردن و ڕازاندنه‌وه‌ی ڕوومه‌تی دزێو و بێفه‌ڕی ده‌سه‌ڵات زیاتر، هیچی دیکه‌ نییه‌. ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌نگه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ نێوی ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات، ده‌جووکێنن و ده‌نووزێنن، بۆ خۆیان ده‌نگی دواوه‌ی ده‌سه‌ڵاتن و به‌ده‌ر له‌وه‌ هیچی دیکه‌ نین. هیچ ده‌روێشێک له‌ نێو کۆڕی زیکر و ده‌روێشانی حاڵگرتوودا، که‌ خۆی یه‌کێک بێت له‌وان،  ناتوانێت دژی شێخه‌که‌ی ڕاوه‌ستێت و خراپه‌ی بڵێت. هیچ حیزبییه‌ک له‌ نێو ڕێکخراوه‌که‌ی خۆیدا، که‌ خۆی یه‌کێک بێت له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و ڕێکخراوه‌ و ئایدیۆلۆژیای حیزبه‌که‌ی لێ بووبێت به‌ ئایین، ناتوانێت دژی حیزبه‌که‌ی و سه‌رۆکی حیزبه‌که‌ی و ئایدیۆلۆژیای حیزبه‌که‌ی ڕاوه‌ستێت و خراپه‌ی بڵێت . هیچ نووسه‌ر و ڕووناکبیرێک، که‌ له‌ سه‌ر خوانی  ده‌سه‌ڵات بله‌وه‌ڕێت و هه‌رچی شانازییه‌کی هه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت، ناتوانێت نووسه‌ر و ڕووناکبیرێکی ڕاستگۆ و خاوه‌نهه‌ڵوێست بێت، به‌ڵکه‌ هه‌میشه‌ ملکه‌چ و چه‌شه‌کراو و چاوه‌خواری مووچه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌.
 له‌ کوردستانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان هه‌رجاره‌و که‌سێک یا که‌سانێک و هه‌رجاره‌و به‌ بیانوویه‌که‌وه‌، ده‌مکوت ده‌کرێن. ڕۆژێک ده‌نگی عه‌بدولخالیق مه‌عرووف، کپده‌کرێته‌وه‌ و وه‌به‌ر گولله‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌درێ، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌ی ڕاست ده‌کات و چرایه‌ک پێده‌کات و گه‌ره‌کیه‌تیی چوارده‌وری خۆی و دڵی خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی ڕۆشن بکاته‌وه‌. ڕۆژێکی دیکه‌ به‌کر عه‌لی، وه‌به‌ر ڕێژنه‌ی گولله‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌درێ، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاواری چه‌وساوه‌ و لانه‌وازان به‌ گوێچکه‌ی که‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌دات و هه‌ست و وێژدانی هه‌ژاران ده‌گه‌یه‌نێته‌ ده‌سه‌ڵات. ڕۆژێک ده‌سه‌ڵات ته‌نگ به‌ نووره‌ددین وه‌یسی و ئاکۆ موحه‌ممه‌د گه‌ردی هه‌ڵده‌چنێت، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاستگۆن و باسه‌کان وه‌ک چۆنن وه‌ها ده‌یانخه‌نه‌ پێش چاوی خه‌ڵک و ئامارێکی ده‌ربڕی ڕای خه‌ڵک بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌. ڕۆژێکیش ده‌سه‌ڵات خه‌ڵکی گه‌رمیان و که‌لار ده‌داته‌ به‌ر گولله‌، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گله‌یی له‌ به‌ختی خۆیان ده‌که‌ن و باسی نه‌بوونه‌یی خۆیان و دزیی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌که‌ن. ڕۆژێک فه‌تتاح زاخۆیی، له‌ وه‌زاره‌ت وه‌ده‌رده‌نرێت، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگی بۆ ده‌ستوورێکی سه‌رشۆڕکه‌ر نه‌داوه‌. ڕۆژێکیش دوکتۆر که‌مال سه‌یید قادر، بزرده‌کرێت و ده‌گیرێت.
له‌ سه‌رده‌می شۆڕش و ڕابوونی خوێندکارانی فرانسا، له‌ مایسی 1968دا، هه‌ندێک خه‌ڵک داوایان له‌ ژه‌نه‌راڵ دیگۆل[1] کرد، که‌ سارتر[2] بگرێت و زیندانی بکات، دیگۆل به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ قیڕاندی به‌ ڕوویاندا و گوتی: "داوای گرتنی "ڤۆلته‌یر"[3]م لێ ده‌که‌ن؟ ڤۆلته‌یر ناگیرێت".                                                                              
ئه‌وه‌ی دیگۆل کردی و گوتی، هه‌ڵوێستی پیاوێکی سیاسیی مه‌زنه‌، به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی دژی بوون و  به‌ره‌وڕووی ده‌بوونه‌وه‌ و دژی ده‌په‌یڤین و ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرت. پیاوی سیاسیی مه‌زن له‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرن و دژی ده‌نووسن و ده‌په‌یڤن ناترسێت و بگره‌ ڕێزیشیان بۆ داده‌نێت. ئه‌وانه‌ی پیاوی سیاسیی مه‌زن ده‌بێ لێیان بترسێت، ئه‌وانه‌ن هه‌میشه‌ و بێ هیچ بۆنه‌یه‌ک و خۆبه‌خشانه‌ و هه‌رله‌خۆڕا ده‌ستخۆشی لێ ده‌که‌ن و په‌سنی ده‌ده‌ن و پیایدا هه‌ڵده‌ڵێن و هه‌ڵده‌ده‌ن و مه‌رایی بۆ ده‌که‌ن و ماستاوی بۆ سارد ده‌که‌نه‌وه‌ و مامه‌حه‌مه‌یی بۆ ده‌که‌ن و هیچ هه‌ڵه‌یه‌کی نابینن و ناخه‌نه‌ پێش چاو. ئه‌وانه‌ی پیاوی سیاسیی مه‌زن ده‌بێ لێیان بترسێت، ئه‌وانه‌ن هه‌میشه‌ به‌ گرێی ملدا ده‌ده‌ن و پاساو بۆ هه‌موو هه‌ڵه‌ و تاوانکارییه‌کی ده‌سه‌ڵات ده‌هێننه‌وه‌ و له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدا بچووک بچووک ده‌بنه‌وه‌ و له‌ نێو ڕاڕه‌و و ته‌لاره‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا گرگن گرگن دێن و ده‌چن و قسه‌کانی ده‌سه‌ڵات کاوێژ ده‌که‌نه‌وه‌.                                                                                        
من ناڵێم عه‌بدولخالیق مه‌عرووف و به‌کر عه‌لی و نووره‌ددین وه‌یسی و ئاکۆ موحه‌ممه‌د گه‌ردی و که‌لارییه‌ ڕاپه‌ڕیوه‌کان، فریشته‌ بوون و هیچ جۆره‌ هه‌ڵه‌یه‌کیان نه‌بووه‌ و نایه‌ژم دوکتۆر که‌مال سه‌یید قادر، ڤۆلته‌یر یا ژان پۆڵ سارتره‌ و ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ به‌شێکی زۆری نووسین و بۆچوونه‌کانیشیدا نه‌بم و ناشڵێم فه‌تتاح زاخۆیی، به‌رهه‌ڵستکار و دژه‌ده‌سه‌ڵاته‌، لێ پێموایه‌ ئه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی و ڕه‌خنه‌، کپ بکاته‌وه‌ و خه‌ڵک له‌ سه‌ر گوتنی بیروڕا، وه‌به‌ر فیشه‌ک بدات و له‌ زیندان توند بکات و ئه‌وه‌ی پێیوابێ ده‌نگنه‌دان و نه‌گوتنی به‌ڵێ، به‌و ده‌ستووره‌ عیراقییه‌ سه‌رشۆڕکه‌ره‌ی کورد، خیانه‌ته‌، هه‌رگیز له‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و ئازادی جیاوازیی بیروبۆچوون و ئازادی مرۆڤ نه‌گه‌یشتووه‌ و بڕوای پێ نییه‌ و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی وڵاته‌که‌یدا ڕاستگۆ نییه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان و خاک و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانی نه‌گه‌ره‌که‌ و به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌. ئه‌وه‌ی لێنه‌گه‌ڕێت خه‌ڵک قسه‌ی خۆی بکات و چ ده‌ڵێت بڵێت و چ ده‌نووسێت بنووسێت و باس له‌ چ ده‌کات بکات و ئه‌وه‌ی سانسۆر بخاته‌ سه‌ر قسه‌ی خه‌ڵک و فلته‌ر بخاته‌ گه‌رووی خه‌ڵکه‌وه‌، ده‌بێ هه‌میشه‌ نه‌فره‌تباران بکرێت و هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی ئارامیی نه‌بێت. به‌ بۆچوون و دیتنی من، هه‌رگیز هیچ پاساوێک بۆ کڵۆمکردنی زاری خه‌ڵک نییه‌ و به‌ هیچ جۆرێک و له‌ هیچ هه‌لومه‌رجێکیشدا، نابێ ڕێگه‌ له‌ ڕاده‌ربڕین بگیرێت. ڕێگه‌گرتن له‌ ڕاده‌ربڕێن تاساندنی ئازادییه‌ و دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی لاڵ و بێزمان و ملکه‌چ و که‌وییه‌ و هیچی تر.                                                                           
30-10-2005




[1]   ژه‌نه‌راڵ شارڵ دیگۆل(Charles De Gaulle) 22ی نۆڤه‌مبه‌ری 1890- 9ی نۆڤه‌مبه‌ری 1970، ژه‌نه‌راڵی له‌شکری و سیاسیی فرانسی. له‌ نێوان 1944-1946دا سه‌رۆکی حوکوومه‌تی فرانسا و له‌ نێوان 1959-1969یشدا سه‌رۆککۆماری فرانسا بوو.
[2] ژان پۆڵ سارتر(Jean-Paul Sartre)   21ی یوونی 1905- 15ی ئه‌پریلی 1980، فه‌یله‌سووف و ڕووناکبیر و نووسه‌ری فرانسی.
[3] ڤۆلته‌یر(Voltaire François) 21ی نۆڤه‌مبه‌ری 1694- 30 ی مای 1778، نووسه‌ری فرانسی.

Thursday, October 13, 2005

جه‌لال تاڵه‌بانی داهۆڵێكه‌ بۆ تۆقاندنی كورد چه‌قێنراوه‌

جه‌لال تاڵه‌بانی داهۆڵێكه‌ بۆ تۆقاندنی كورد چه‌قێنراوه‌

ئه‌مجه‌د شاكه‌لی 

عه‌ره‌ب(به‌ شیعه‌ و سوننه‌ و مه‌ندائییانه‌وه‌) و توركمان و ئاشووری و كلدان و له‌ سه‌رووی هه‌مووانیشه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكای ده‌سه‌ڵاتداری ڕاستینه‌ی عیراق، هه‌رگیز كه‌سێكی دیكه‌ی له‌ جه‌لال تاڵه‌بانییان خاستر و چاكتر بۆ سه‌رۆككۆماریی عیراق چنگ ناكه‌وێت. ئه‌و خزمه‌ته‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ ته‌واوی ناكوردان و ناكوردستانییانی ده‌كات، هیچ یه‌كێك له‌و وڵاته‌دا(عیراق) پێی ناكرێت. جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ عه‌ره‌ب عه‌ره‌بتره‌ و له‌ عیراقییان عیراقیتره‌ و پارێزه‌ری یه‌كه‌می یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراقیشه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌ و دیدارێكدا له‌گه‌ڵ هه‌زار كۆنه‌ ئه‌فسه‌ری له‌شكری عیراقدا له‌ ڕۆژی 11/10/2005 له‌ به‌غدا، جه‌لال تاڵه‌بانی باس له‌ قوربانیدانی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ ده‌كات و پێیوایه‌ ئه‌وانه‌ له‌ پێناوی عیراقدا و بۆ نیشتمان قوربانییان داوه‌، نه‌ك بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌ک یا حیزبێک. هه‌ر له‌و جڤینه‌دا تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه‌، كه‌ عیراق بۆ ئه‌وه‌ دروست بووه‌، كه‌ به‌هێز و یه‌كگرتوو بمێنێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها گوتیشی، كه‌ عیراق ژماره‌یه‌كه‌ قابیلی دابه‌شكردن نییه‌ و كه‌ عیراقییه‌كانیش سوورن له‌ سه‌ر پاراستنی یه‌كیه‌تیی نیشتمانییان و هه‌موو عیراقییه‌كانیش به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ یه‌كیه‌تیی نیشتمانیی عیراقیدا ده‌بینن. تاڵه‌بانی له‌مه‌ڕ كه‌ونه‌فڕۆكه‌وانه‌كانیشه‌وه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ ئه‌وان چ تاوانێكیان نییه‌ و هه‌ر كارێكیان له‌ كۆندا ئه‌نجام دابێت، ناچار بوونه‌، چونكه‌ فه‌رمانیان پێ دراوه‌ و ئێستاش، كه‌ هه‌وڵی له‌نێوبردنیان ده‌درێت، ده‌توانن بچنه‌ سلێمانی و هه‌ولێر و له‌وێ بژین و ته‌واوی پاراستنیشیان بۆ دابین ده‌كرێت[1].                                                                                                                     
                            
ئه‌و ئه‌فسه‌ر و فڕۆكه‌وانانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵیاندا كۆبووه‌ته‌وه‌ و قسه‌ی بۆ كردوون و گوێی بۆ قسه‌كانیان شل كردووه‌، ئه‌فسه‌ران و فڕۆكه‌وانانی ڕێژیمی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ینن. ئه‌وانه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ن، كه‌ فه‌رمانده‌ و سه‌ركرده‌ی له‌شكری عیراق بوونه‌ و له‌وه‌تی عیراقیش بووه‌ به‌ ده‌وڵه‌ت و باشووری كوردستانی پێوه‌ لكێنراوه‌، باشووری كوردستان له‌ ژێر چه‌كمه‌ی ئه‌و له‌شكره‌دا بووه‌. ئه‌وانه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ن، كه‌ پێنج هه‌زار گوندی كوردستانیان له‌گه‌ڵ خاكدا ته‌خت و یه‌كسان كرد و 182000 مرۆڤی كوردیان ئه‌نفال كرد و 20000 لاوی كوردی فه‌یلییان جوانه‌مه‌رگ كرد و 8000 بارزانییان هه‌واڵه‌ی مردن كرد. ئه‌و فڕۆكه‌وانانه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ن، كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌یان گازباران ده‌كرد و هه‌شتا و ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ كوردستان بۆمباران ده‌كه‌ن و زارۆك و پیر و لاوی كورد ده‌كوژن و ماڵ و خوێندنگه‌ و مزگه‌وت و كڵێسه‌ و نه‌خۆشخانه‌ و كتێبخانه‌ و گوند و شاری كوردستان وێران ده‌كه‌ن و خه‌له‌ و خه‌رمان و باخ و ڕه‌زی كوردستان ده‌سووتێنن. ئه‌وه‌ی له‌ له‌شكری عیراقدا، ئه‌فسه‌ر بووبێت یا فڕۆكه‌وان یا هه‌ر شتێكی دیكه‌، سه‌ربازی به‌ تۆبزی و یه‌ده‌كی لێ ده‌رچێت، ته‌واویان به‌عسی بوونه‌ و ئه‌گه‌ر به‌عسییش نه‌بووبن، ئه‌وا له‌ خزمه‌تی به‌عسدا بوونه‌ و له‌ هه‌موو حاڵێكیشدا هه‌رگیز دۆستی گه‌لی كوردستان نه‌بوونه‌، به‌ڵكه‌ نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی گه‌لی كوردستان بوونه‌. ئه‌وانه‌ هه‌میشه‌ مه‌رگه‌ساتیان بۆ كوردستان كردووه‌ته‌ دیاری و قڕانیان خستووه‌ته‌ نێو گه‌لی كوردستان. ئه‌وانه‌ كه‌ركووك و مووسڵ و دیالا و كووتیان زه‌وت كردووه‌. ئه‌وانه‌ هه‌رچی ناشێت به‌ ژنی كوردیان  كردووه‌. ئه‌وانه‌ نه‌وه‌ی "یه‌زید و شه‌مر و سه‌عد و حه‌ججاج و قه‌عقاع"ن و هاوڕێ و هاوكار و هاوبیری "زه‌عیم سددیق و تاها شه‌كه‌رچی و مولازیم موحسین"ن و هه‌ڵگر و درێژه‌پێده‌ری په‌یامی ئه‌وانن، كه‌ ده‌بوو ئێستاكه‌ هه‌ناسه‌یشیان لێ قه‌ده‌غه‌ كرابا. تاڵه‌بانی به‌ چ مافێك ڕێگه‌ به‌ خۆی ده‌دات، بانگهێشتنی فڕۆكه‌وانی تاوانباری به‌عس ده‌كات بۆ كوردستان و پاراستنیشیان مسۆگه‌ر ده‌كات! دایكی چ شه‌هیدێك و كچی چ ئه‌نفالكراوێكی گه‌رمیان و كوڕی چ گازبارانكراوێكی هه‌ڵه‌بجه‌ و خوشكی چ لاوێكی كوردی فه‌یلی و ژنی چ بارزانییه‌كی سه‌رنگومكراو و چ كه‌ركووكی و خانه‌قینی و به‌دره‌ییه‌ك قه‌بووڵ ده‌كه‌ن، فڕۆكه‌وانه‌ تاوانباره‌كانی به‌عس و ئه‌فسه‌رانی له‌شكری عیراق، بێنه‌ كوردستان و له‌وێ داڵده‌ بدرێن! ئه‌و ئه‌فسه‌ر و فڕۆكه‌وانانه‌ تاوانبارن و ده‌بوو له‌ بری دیتن و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان و  پێشوازیكردنیان و داڵده‌دانیان و پشتیوانیكردنی داخوازییه‌كانیان، دادگایی بكرێن و سزا بدرێن. تاڵه‌بانی پرسی به‌ چ كوردێك كردووه‌، كه‌ هه‌روا و له‌خۆڕا، وه‌ها بڕیارێك ده‌ر ده‌كات و ئه‌وانه‌ بانگ ده‌كات بۆ كوردستان! ته‌واوی ئه‌و كارانه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یكات بۆ خزمه‌تی عه‌ره‌ب و عیراق ده‌یكات و دژایه‌تیكردنێكی خویا و له‌به‌رچاوی خواسته‌كانی گه‌لی كوردستانه‌. تاڵه‌بانی به‌ پێشوازیكردنی له‌ ئه‌فسه‌ران و فڕۆكه‌وانانی به‌عس، پێشوازیی له‌ كوژه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و ده‌ستخۆشیی له‌ تاوانه‌كانیان ده‌كات، كه‌ له‌هه‌مبه‌ر گه‌لی كوردستان ئه‌نجامیان داوه‌. ده‌ستخۆشیی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و زیندانه‌قه‌سسابخانه‌كانی مووسڵ و كه‌ركووك و ئه‌منه‌سووره‌كه‌ و...یان لێ ده‌كات. تاڵه‌بانی به‌ بانگهێشتنی فڕۆكه‌وانانی به‌عس بۆ كوردستان و پاراستنیان و به‌ پێداهه‌ڵدان و نرخاندنی ئه‌فسه‌رانی به‌عس و به‌وه‌ی، كه‌ بڕیاری له‌ سێداره‌دانی سه‌ددام حوسه‌ین مۆر ناكات و به‌وه‌ی، كه‌ هه‌رده‌م جه‌خت له‌ سه‌ر دابه‌شنه‌كردنی عیراق و یه‌كیه‌تیی خاكی عیراق ده‌كات و ئه‌و عیراقه‌ی هێنده‌ لا پیرۆزه‌، ته‌نێ یه‌ك شتی مه‌به‌سته‌، ئه‌ویش نه‌ڕه‌نجاندنی دڵی عه‌ره‌به‌ و خۆشیرینكردنه‌ له‌كن عیراقییان و ئوممه‌ی عه‌ره‌بی. هیچ  دووریش نییه‌، هیوای مسۆگه‌ركردنی نوێكردنه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆككۆمارییه‌كه‌یشی هه‌بێت. ئه‌و خزمه‌ته‌ی تاڵه‌بانی به‌ عه‌ره‌بایه‌تیی و عیراقیه‌تیی و یه‌كپارچه‌یی عیراقی ده‌كات، هیچ عیراقی و عه‌ره‌بێكی دیكه‌ به‌و دڵسۆزییه‌وه‌، وه‌ها كارێكیان پێ ناكرێت. جه‌لال تاڵه‌بانی داهۆڵێكه‌ بۆ تۆقاندن و ڕه‌واندن و تاراندن و پاسه‌كورد چه‌قێنراوه‌ و پێشوازیشی له‌و ئه‌فسه‌ر و فڕۆكه‌وانه‌ مرۆڤكواژانه‌، هه‌ڕه‌شه‌ و چاوزیتكردنه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌ڵكی كورد و ترساندنیانه‌. ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یڵێت و ده‌یكات به‌ هیچ جۆرێك ده‌ربڕی هه‌ست و دیتن و بیر و بۆچوون و خواست و ویستی گه‌لی كوردستان نییه‌ و ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌یه‌. ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی باشووری كوردستان پێیانوایه‌، كه‌ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستانیان له‌گه‌ڵه‌، ئه‌وا ده‌بێ باش له‌وه‌ تێبگه‌ن، كه‌ بێجگه‌ له‌ خه‌ڵكانێكی مشه‌خۆر و كاسه‌لێس و لامژی ڕه‌دووكه‌وتووی ده‌سه‌ڵات و پاره‌، زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌وان به‌ ڕووتی ده‌بینن و ده‌زانن وه‌ك پاشایه‌كه‌ چ پۆشاكیان له‌به‌ر نییه‌، لێ له‌ ترسی نانبڕین و داركاری، چه‌پڵه‌یان بۆ لێ ده‌ده‌ن و وه‌دوویان كه‌وتوون.                                                                                                              
13/10/2005




[1] بنۆڕه‌: www.sotkurdistan.com 13/10/2005، www.elaph.com 11/10/2005، كوردستانی نوێ، ژماره‌ 3799، 12/10/2005.

Wednesday, October 12, 2005

شاری خه‌ونه‌کان یا شه‌وه‌ی خه‌ونه‌کان

شاری خه‌ونه‌کان یا شه‌وه‌ی خه‌ونه‌کان

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

شاری خه‌ونه‌کان، پرۆژه‌ی دروستکردنی خانوو و جێی نیشته‌جێبوونێکه‌ له‌ هه‌ولێر و له‌ لایه‌ن کۆمپانیای ئه‌ششه‌رقولئه‌سه‌ت(الشرق الاوسط)ه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. شاری خه‌ونه‌کان، پرۆژه‌یه‌که‌ خه‌ڵک ده‌توانێت هه‌ر له‌ ئێستاوه‌، که‌ هێشتا جێبه‌جێ نه‌کراوه‌، خانوو و جێیکار و ئه‌وانه‌ی تێدا بکڕێت و پێشه‌کی پاره‌که‌ی بدات. بێجگه‌ له‌وه‌ش، وا باوه‌ نرخی هه‌ر خانوویه‌ک له‌و شاره‌دا 250000 دۆلارێکه‌. که‌ناڵی کوردستان تیڤی، په‌یتاپه‌یتا ڕێکلام بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌کات و له‌ هه‌موو ئه‌و ڕێکلامانه‌یشیدا ڕسته‌ی"گرنگترین و پێشکه‌وتووترین پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوونه‌ له‌ عیراقدا، که‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان..."سه‌دپات ده‌کاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، پرۆژه‌که‌ له‌ هه‌ولێری پێته‌ختی ئه‌وڕۆی کوردستان ئه‌نجام ده‌درێت، که‌چی باسی عیراق ده‌کرێت و به‌ گرنگترین و پێشکه‌وتووترین پرۆژه‌ له‌ عیراقدا ده‌درێته‌ ناسین. له‌ ناوونیشانی پرۆژه‌که‌یشدا هه‌موو جار، که‌ پێشان ده‌درێت ده‌نووسرێت: ئوتێلی هه‌ولێری نێوده‌وڵه‌تیی ناسراو به‌ شیراتۆن، به‌ڵام له‌ نێو ئیمایله‌که‌یاندا له‌ بری هه‌ولێر نووسراوه‌ ئه‌ربیل، وه‌ک بڵێی نه‌کرێ له‌کن عه‌ره‌ب و بیانی و ئه‌وانه‌ هه‌ولێر به‌ هه‌ولێره‌ کوردییه‌که‌یه‌وه‌ نێو ببرێت. ئه‌وه‌ی بۆ من جێی سه‌رنجه‌ و سه‌یره‌، بۆ ده‌بێ نێوی عیراق بێته‌ گۆڕێ و باسی عیراق بکرێت و بۆ ناگوترێ گرنگترین و پێشکه‌وتووترین پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوونه‌ له‌ کوردستاندا! بۆ هه‌میشه‌ و بێ هیچ بۆنه‌ و هۆیه‌ک، کوردستان وه‌ک پاشکۆیه‌کی عیراق و به‌شێک له‌ عیراق، ناو ده‌برێت و ناوی له‌گه‌ڵ ناوی عیراقدا پێکه‌وه‌ دێننه‌ سه‌ر زمان! بۆ ده‌بێ عیراق له‌ کوردستان به‌ گه‌وره‌تر  و به‌ناوبانگتر بزانرێت و کوردستان له‌و گچکه‌تر و نه‌ناسراوتر پێشان بدرێت! ئه‌و که‌ناڵانه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و میدیایانه‌ی کوردستان، ئه‌گه‌ر بڕێک پرسی کوردستانیبوونیان له‌کن گرنگ بووایه‌، ده‌بوو له‌ ناوهێنانی عیراق، شه‌رمیان به‌ خۆ هاتبا و ئه‌و وشه‌یه‌یان به‌ ده‌گمه‌ن له‌ زار هاتبایه‌ته‌ ده‌ر. ئه‌وجا ده‌بێ بشپرسین: کێن ئه‌وانه‌ی ده‌توانن خانوو له‌وێ بکڕن! پاره‌یه‌کی له‌و جۆره‌ ته‌نێ له‌کن سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌مه‌ندان و به‌رپرسانی حیزبی و حوکوومه‌تیی کوردستان هه‌یه‌ و ته‌نێ ئه‌وانن ده‌توانن خه‌ونه‌خانووی له‌ شاری خه‌وناندا پێ بکڕن، ده‌نا هیچ هه‌ژارێکی ئه‌و کوردستانه‌ وه‌ها کارێکی پێ ئه‌نجام نادرێت. له‌بری دروستکردنی خه‌ونه‌شار و هوتێلی 28 نهۆمی و گه‌وره‌بازاڕ و چی و چی، که‌ ته‌نیا بۆ خزمه‌تی به‌رپرسان و خه‌ڵکانی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌ قازانجی ئه‌وانن، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردیان مه‌به‌ست بووایه‌، ده‌بوو ژێرخانی ئابووری وڵات چاک بکه‌ن و دروست بکه‌ن. ده‌بوو کشتوکاڵیان پێشخستبا و ئاروو و بیبه‌ر و ته‌ماته‌یان له‌ وڵاتانی دیکه‌وه‌ نه‌هاوردبا و کوردستان بۆ خۆی ئه‌وانه‌ی هه‌ناردبایه‌ته‌ ده‌رێ! ده‌بوو ئه‌له‌کتریک و  ئاوی خاوێنی خواردنه‌وه‌یان بۆ خه‌ڵک دابین کردبا، نه‌ک خه‌ڵکیان له‌ سه‌ر داخوازی ئه‌و پێویستییانه‌ وه‌به‌ر ته‌قه‌ دابا! ده‌بوو خانوو و جێژیانیان بۆ ئاواره‌کانی که‌رکووک چێ کردبا و له‌ سه‌رما و گه‌رما بیانپاراستبایه‌ن و له‌ نه‌خۆشی و ده‌رد و بێخوێندنگه‌یی منداڵ و بێنه‌خۆشخانه‌یی و بێ هه‌موو شتێک ڕزگاریان کردبان، نه‌ک ناوی خائینیان لێ نابان! ده‌بوو و سه‌دان ده‌بووی تر. ده‌سه‌ڵاتدارانێک بۆ خۆیان نوێنه‌ری چینێکی بۆرژوازی و سه‌رمایه‌دار و خودان پاره‌ بن، چۆن ده‌کرێ بیر له‌و جۆره‌ شتانه‌ بکه‌نه‌وه‌، که‌ ئاواره‌یه‌کی بێ خانوو و بێ سه‌ره‌تاییترین ئامرازه‌کانی ژیانی که‌رکووک یا ئه‌ڵتاش، که‌ بێ ئه‌له‌کتریک و بێ ئاوێکی که‌لار، که‌ برسی و ده‌رده‌دارێکی هه‌مووکه‌س ئه‌نفالکراوی گه‌رمیان بیری لێ ده‌کاته‌وه‌! ئه‌گه‌ر ئه‌وان وایان بیر کردباوه‌، ئێستا و دوای سێزده‌ ساڵی ئازادی به‌شێکی کوردستان، ڕۆژانه‌ ده‌یان به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداری دز و قۆڵبڕ و ساخته‌کار، هه‌ر له‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات تا خوارێی ده‌سه‌ڵات، ده‌درانه‌ دادگه‌ و له‌ کار وه‌ده‌رده‌نران و زیندانی ده‌کران و وڵاتیان لێ خاوێن ده‌کرایه‌وه‌، لێ کاتێک ده‌سه‌ڵات وه‌ک ده‌سگایه‌ک، بۆ خۆی دز و قۆڵبڕ ساخته‌کار بێت، چاوه‌ڕوانی له‌وه‌ باشتری لێ ناکرێت. ئه‌وڕۆ باشووری کوردستان، وه‌ک کۆشکێکی پڕ له‌ هه‌موو خێری خودایه‌کی به‌ره‌ڵاکراوی ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندێکی لێ هاتووه‌، که‌ خودان ماڵ جێیهێشتبێت و ڕێگه‌ به‌ خه‌ڵکێک درابێت تێیکه‌ون و به‌ هه‌وه‌سی خۆیان چییان ده‌وێت بیبه‌ن. ئه‌وڕۆ باشووری کوردستان، وه‌ک کوردستانی سه‌رده‌می به‌عس و سه‌رده‌می ئه‌نفالی لێ هاتووه‌ و هه‌موو به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌نفالی ده‌که‌ن و لێی ده‌خۆن. ئه‌وڕۆ باشووری کوردستان، وه‌ک که‌رکووک و باژێڕه‌کانی دیکه‌ی دوای ڕووخانی به‌عسی لێ هاتووه‌، ده‌سه‌ڵاتداران ته‌نێ هه‌ڵپه‌ی خڕکردنه‌وه‌ و ئاوه‌ودیوکردنی پاره‌ و سامان ده‌که‌ن. ئه‌وڕۆ باشووری کوردستان وه‌ک ئاژه‌ڵێکی کوژراو و بریندار و لاکێکی لێ هاتووه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی، داڵ و که‌متیارئاسا و ئاژه‌ڵی دڕنده‌ی دیکه‌ئاسا، هه‌ریه‌که‌و ده‌یه‌وێت قه‌پاڵی خۆی لێ بگرێت و پشکی خۆی لێ بکاته‌وه‌. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی ئه‌وڕۆ له‌ کوردستان ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن و ڕێگه‌یان به‌ خۆیان داوه‌، خه‌ڵکه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتن. ئه‌وانن به‌ هه‌وه‌سی خۆیان ده‌دزن و سه‌رمایه‌ خڕ ده‌که‌نه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌وانیشن شاری خه‌ون و هوتێلی خه‌ون و مۆبایلی خه‌ون و کۆشکی خه‌ون و هه‌زارویه‌ک شته‌ خه‌ونی دیکه‌ بۆ خۆیان و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ خۆیان چێ ده‌که‌ن.                                                              
12/10/2005


Sunday, October 9, 2005

گه‌رده‌لووله‌که‌ی جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ و دیتنێکی گچکه‌

گه‌رده‌لووله‌که‌ی جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ و دیتنێکی گچکه‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئه‌وانه‌ی ته‌ماشای فیلم و زنجیره‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی و شانۆیی و ئه‌و جۆره‌ کاره‌ هونه‌رییانه‌ ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچ شاره‌زاییشیان له‌ باره‌یانه‌وه‌ نه‌بێت و هیچیشیان لێ نه‌زانن، ده‌بینن سه‌دان فیلم و سه‌دان زنجیره‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی، کاتێک به‌ زمانێکی دیاریکراو ئاماده‌ ده‌کرێن و په‌خش ده‌کرێنه‌وه‌، ته‌نێ به‌و زمانه‌ی، که‌ مه‌به‌سته‌ و کاره‌که‌ی پێ ئاماده‌ کراوه‌، په‌خش ده‌کرێنه‌وه‌ و ته‌واوی ئه‌کته‌ره‌کانیش هه‌ر به‌و زمانه‌ قسان ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر کاره‌که‌ بۆ نموونه‌ به‌ زمانی فرانسی، ئینگلیزی، ئه‌ڵمانی، ڕووسی، ئیسپانیۆلی، عه‌ره‌بی، تورکی، فارسی، سوێدی، سۆمالی یا هه‌ر زمانێکی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌ بێت، ئه‌وا زمانی ئه‌کته‌ره‌کان هه‌ر به‌و زمانانه‌ ده‌بێت. ئه‌گه‌ر فیلمێک یا زنجیره‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنی یا شانۆییه‌ک بۆ نموونه‌ له‌مه‌ڕ هیتله‌ر، ستالین، گیڤارا، ماو، چاوچێسکۆ، ئه‌تاتورک، ماندێلا، لێنین، ئیبنولعه‌ره‌بی، حافزی شیرازی و...بکرێت، ئه‌وا زمانی ئه‌و فیلمه‌ یا زنجیره‌ ته‌له‌ڤزیۆنییه‌ یا شانۆییه‌ چییه‌، ئه‌وانه‌ی ڕۆڵی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌لیزن له‌و کاره‌دا، هه‌ر به‌و زمانه‌ ده‌په‌یڤن. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ به‌ زمانی فرانسی بێت، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ڕۆڵی هیتله‌ر، ستالین، گیڤارا، ماو، چاوچێسکۆ، ئه‌تاتورک، ماندێلا، لێنین، ئیبنولعه‌ره‌بی یا حافزی شیرازی ده‌لیزێت، نایه‌ت به‌ ئه‌ڵمانی، ڕووسی، ئیسپانیۆلی، چینی، ڕۆمانی، تورکی، ئینگلیزی، عه‌ره‌بی یا فارسی بپه‌یڤێت، به‌ڵکه‌ ئه‌و هیتله‌ر، ستالین، گیڤارا، ماو، چاوچێسکۆ، ئه‌تاتورک، ماندێلا، لێنین، ئیبنولعه‌ره‌بی و حافزی شیرازییه‌ی نێو ئه‌و کارانه‌، هه‌ر به‌ فرانسی ده‌په‌یڤن. ئه‌گه‌ر هاتو ئه‌کته‌ره‌کان به‌ زمانێکی دیکه‌ی بێجگه‌ له‌ زمانی فیلمه‌که‌ یا ئه‌و کاره‌ هونه‌رییه‌ په‌یڤین، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر کاره‌که‌ به‌ فرانسی بوو و ئه‌وه‌ی ڕۆڵی هیتله‌ر ده‌لیزێ به‌ ئه‌ڵمانی په‌یڤی، ئه‌وا ئه‌و په‌یڤه‌ی ئه‌و ده‌بێ بگۆڕدرێته‌ سه‌ر زمانی فرانسی و به‌ نووسین، ئه‌گه‌ر له‌ سینه‌ما یا له‌ ته‌له‌ڤزیۆندا، پێشانی بینه‌ر بدرێت، وه‌ک زۆرینه‌ی ئه‌و فیلمانه‌ی له‌ سینه‌ما و ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی جیهاندا ده‌یانبینین. له‌ فیلم و زنجیره‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی و کاره‌ دۆکیۆمینتێره‌کاندا، که‌ خه‌ڵکانی نێو کاره‌که‌ بۆ خۆیانن و وێنه‌ و ده‌نگ و ڕه‌نگی ڕاستینه‌ی خۆیانه‌، به‌ زمانی خۆیان ده‌په‌یڤن، لێ له‌ کاتی پێشاندانیاندا وه‌رده‌گێڕدرێنه‌ سه‌ر ئه‌و زمانه‌ی، که‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌ پێ ده‌په‌یڤێ یا زمانی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌یه‌ یا هی کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێکه‌ له‌ نێو وڵاتێکدا ده‌ژین، که‌ ڕه‌نگه‌ وڵاتی خۆیشیان نه‌بێت. ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بیڵێم له‌مه‌ڕ زنجیره‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنییه‌وه‌یه‌، که‌ له‌ 4/10/2005ه‌وه‌ له‌ که‌ناڵی کوردساته‌وه‌ په‌خش ده‌کرێته‌وه‌. ئه‌و کاره‌ هونه‌رییه‌ نێوی"گه‌رده‌لوول"ه‌ و سیناریۆ و ده‌رهێنانی "جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌"یه‌. کارێکه‌ باس له‌ هه‌وڵی کوشتنی ئوستاندارێکی باژێڕی سلێمانی ده‌کات، که‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند لاوێکی شۆڕشگێڕه‌وه‌، له‌ سه‌رده‌می ڕێژیمی به‌عسدا ئه‌نجام درا. ئه‌وانه‌ی له‌و کاره‌دا ڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عس و عیراق ده‌لیزن، ئیدی له‌ پۆلیس و ئاساییش و موخابه‌رات و نوێنه‌ری به‌غدا و به‌عسی و به‌رپرس و ئه‌وانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ پله‌کانی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵات، هه‌موو به‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌په‌یڤن. زمانی ئه‌و کاره‌ بۆ خۆی کوردییه‌ و ئه‌کته‌ره‌کانیش هه‌موو کوردن و له‌ ته‌له‌ڤزیۆنێکی کوردستانیی کوردزمانیشه‌وه‌ په‌خش ده‌کرێت، که‌چی ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ به‌ عه‌ره‌بی ده‌په‌یڤن. ئه‌وجا چ عه‌ره‌بییه‌کیش، خۆزگه‌م به‌وه‌ی گوێی لێ نه‌بووه‌. عه‌ره‌بییه‌ک قسان ده‌که‌ن هه‌موو سه‌قه‌ت و ناته‌واو و ناخۆش و شکاو و له‌ هه‌رچی بچێت له‌ عه‌ره‌بی ناچێت. ئه‌و عه‌ره‌بییه‌ شه‌ق و شڕه‌یش، نه‌ به‌ نووسین و نه‌ به‌ زاره‌کی ناکرێته‌ کوردی! ئه‌و کاره‌ هونه‌رییه‌ش بۆ بینه‌ر و بیسه‌ری کورد کراوه‌ و پێشانی ئه‌وان ده‌درێت. من بۆ خۆم گومانم هه‌یه‌، که‌ عه‌ره‌بێک هه‌بێت بنواڕێته‌ ئه‌و که‌ناڵه‌ کوردییانه‌! که‌ وه‌ها کارێک بۆ بینه‌ر و بیسه‌ری کورد ئاماده‌ ده‌کرێت، ده‌بوو پێش هه‌ر شتێک بیر له‌وه‌ کراباوه‌، که‌ میلیۆنان کورد هه‌ن چاو له‌و که‌ناڵه‌ کوردییه‌ ده‌که‌ن و چاو له‌و زنجیره‌ ته‌له‌ڤزیۆنییه‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام  ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ عه‌ره‌بی ئه‌وان نایزانن و  کورد گوته‌نی:"هه‌ڕی له‌ بڕه‌وه‌ ناکه‌ن". ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست پێشاندانی بڕگه‌یه‌کی مێژووی کورده‌ و مه‌به‌ست زیندووڕاگرتنی یادی ئه‌و لاوه‌ شۆڕشگێڕانانه‌یه‌ و له‌بیرنه‌چوونه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌ و پێشاندانیه‌تیی به‌ نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان، ئه‌وا ده‌کرا به‌عسی و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی ڕۆڵی خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات، له‌و زنجیره‌یه‌دا ده‌لیزن، به‌ کوردی قسان بکه‌ن، یا که‌ به‌ کوردی قسان ناکه‌ن قسه‌ عه‌ره‌بییه‌کانیان وه‌رگێڕدرابانه‌ سه‌ر زمانی کوردی و به‌ نووسین له‌ بنه‌وه‌ی وێنه‌ و دیمه‌نه‌کان خه‌ڵکی کوردی عه‌ره‌بینه‌زان بیانتوانیایه‌ بیخوێننه‌وه‌! ڕه‌نگه‌ ئاماده‌کارانی ئه‌و کاره‌ و له‌و جۆره‌ کارانه‌ و سه‌رپه‌رشتکارانی ئه‌و که‌ناڵه‌ کوردییانه‌، پێیانوابێت هه‌موو کورد عه‌ره‌بی ده‌زانن یا ڕه‌نگه‌ ئه‌و کاره‌یان ته‌نێ بۆ کوردانی باشووری کوردستان ئاماده‌ کردبێت و کوردانی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیان له‌کن گرنگ نه‌بێت. ئه‌گه‌ر ته‌نێ کوردی باشووری کوردستانیش چاو له‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ بکه‌ن، ئه‌وا مامۆستا جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ و هاوکاران و که‌ناڵی کوردساتیش ده‌بوو بزانن، که‌ ته‌نانه‌ت هه‌موو کوردانی باشووری کوردستانیش عه‌ره‌بیزان نیین. وا گریمان عه‌ره‌بیزانیش بوون، ئه‌وا هیچ پێویست ناکات ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ ڕۆڵی عه‌ره‌ب ده‌لیزن به‌ عه‌ره‌بی بپه‌یڤن. مه‌رج نییه‌ ئه‌گه‌ر سبه‌ی فیلمێک یا زنجیره‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنی کوردی له‌مه‌ڕ تاوانه‌کانی سه‌ددام حوسه‌ین و عه‌لی کیمیاییه‌وه‌ کرا، ئه‌کته‌رگه‌لێکی ڕۆڵی ئه‌وان ده‌بینن ده‌توانن به‌ کوردی نه‌ک عه‌ره‌بی، هه‌رچه‌ندی ئه‌و هه‌ردوو سه‌ددام و کیمیایی عه‌ره‌بیشن، بئاخڤن و که‌سیه‌تیی ئه‌و دووانه‌یش وه‌ک خۆیان پێشان بده‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌ندێک بڕگه‌ی نێو ئه‌و کاره‌ دۆکیۆمێنت بوون، ئه‌وا ده‌کرێ ئه‌وانه‌ وه‌ک خۆیان پێشان بدرێن و قسه‌ عه‌ره‌بییه‌کانی ئه‌وان هه‌ر وه‌ک خۆیان په‌خش بکرێنه‌وه‌، به‌ مه‌رجێک بۆ بیسه‌ر و بینه‌ری کورد بکرێنه‌ کوردی.                                                                                      

9/10/2005     

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...