Thursday, July 23, 2026

 

که‌رکووکه‌خه‌م

- سێ -

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌"

1. هه‌موو که‌سێک ئازادیی هاتن و چوون و هه‌ڵبژاردنی شوێنی نیشته‌جێبوونی له‌ نێو سنووری هه‌ر ده‌وڵه‌تێکدا هه‌یه.

 2. هه‌موو که‌سێک مافی به‌جێهێشتن و بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێکی، ته‌نانه‌ت وڵاته‌که‌ی خۆیشی، هه‌یه‌[1].

ئه‌وه‌ی له‌و  به‌نده‌ی ئه‌و جاڕنامه‌یه‌دا هاتووه‌، باس له‌ وڵاتێک ده‌کات،‌ مرۆڤ چ وه‌ک تاک و چ وه‌ک کۆمه‌ڵ، تێیدا ئازاده‌. وڵاتێک، مرۆڤ تێیدا مرۆڤه‌ و هه‌موو مافێکی ژیان و ڕاده‌ربڕین و هه‌ڵبژاردن و جووڵانه‌وه‌ و کار و ته‌واوی مافه‌کانی دیکه‌ی هه‌یه‌. باس له‌ کۆمه‌ڵێک ده‌کات،  خه‌ڵکه‌کانی له‌به‌رده‌م قانووندا چون یه‌کن و له‌ هه‌موو ماف و ئه‌رکه‌کانیاندا یه‌کسانن. وه‌ها مافێک، که‌ جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ، بۆ ته‌واوی مرۆڤی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ی ده‌سته‌به‌ر کردووه‌، هه‌رگیز له‌ وڵاتێکی وه‌ک کوردستاندا، که‌ به‌ ده‌ست چوار ده‌وڵه‌تی داگیرکاره‌وه‌ ده‌یناڵاند و ده‌ناڵێنێت، له‌ لایه‌ن ئه‌و داگیرکارانه‌وه‌، ناخوات و به‌ پووڵێکی قه‌ڵبی ناکڕن.           

 دیرۆکی کۆن و نوێی کورد و خه‌ڵکی کوردستان، بارگاوییه‌ و تژییه‌ له‌ کۆچ و کۆچپێکردن و بارکردن و وه‌ده‌رنان. ئیدی هه‌ر له‌ وه‌ده‌رنان و به‌ تۆبزی کۆچپێکردنی کوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ بۆ خوراسان و کۆچپێکردنی کوردانی ئه‌رمه‌نستانه‌وه‌ بۆ ئازه‌ربایجان و گورجستان و کۆچپێکردنی کوردانی باکووره‌وه‌ بۆ نێو تورکیا، تا ده‌گاته‌ وه‌ده‌رنان و کۆچپێکردنی کوردانی فه‌یلی به‌غدا بۆ ئێران و کوردانی که‌رکووک، بۆ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک.                                   

گه‌لێ جار، که‌ له‌گه‌ڵ سوێدییه‌کاندا، باسی کۆچپێکردن و وه‌ده‌رنانی کوردانی که‌رکووک و ناردنی عه‌ره‌ب بۆ که‌رکووک و عه‌ره‌باندنی که‌رکووکم کردووه‌، سوێدییه‌که‌ پێی سه‌یر بووه‌، که‌ من به‌و جۆره‌ ده‌نۆڕمه‌ ئه‌و باسه‌ و ئه‌وه‌ به‌ کێشه‌ و کاره‌سات ده‌زانم. ئه‌و پێیوابووه‌، بارکردن و گواستنه‌وه‌ و گۆڕینی شوێنی نیشته‌جێبوون، مافی هه‌موو که‌سێکه‌. ته‌واوی ئه‌و کۆچپێکردن و وه‌ده‌رنانی کورده‌ی له‌ که‌رکووک و ناردنی عه‌ره‌به‌ی بۆ که‌رکووک و عه‌ره‌باندنه‌ی، به‌ لاوه‌، وه‌ک گواستنه‌وه‌ و بارکردنی کابرایه‌کی خه‌ڵکی ستۆکهۆڵم بۆ شاری مالموێ یا یۆته‌بۆری یا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بووه‌. بۆ سوێدییه‌ک، مه‌سه‌له‌که‌ ته‌نێ گۆڕینی جێگه‌ی ژیان و ناونیشانه‌که‌یه‌ و هیچی دیکه‌. دیاره‌، سوێدییه‌کی مێشک داخراوی چوارسووچه بیرکه‌ره‌وه‌ی ته‌سکبین، هه‌رگیز ناتوانێت له‌وه‌ تێبگات، که‌ له‌ ده‌رێی ‌ ئه‌و  به‌ندی سێزده‌یه‌مه‌ی جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤه‌، قانوونگه‌لی دیکه‌ هه‌ن، که‌ قانوونی جه‌نگه‌ڵن و خه‌ڵکانێکی دڕنده‌، له‌ جه‌نگه‌ڵستانێکدا، که‌ ناوی وڵات و ده‌وڵه‌تی لێنراوه‌، کاری پێ ده‌که‌ن. سوێدییه‌ک و ئه‌وروپاییه‌کانی دیکه‌یش، دیاره‌ خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌کانیان، له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ندی سێزده‌یه‌مه‌وه‌، ده‌نۆڕنه‌ کێشه‌که‌ و نازانن عه‌ره‌باندن، تورکاندن و فارساندن، چین و چ واتا و ئه‌نجامێکیان هه‌یه‌! لێ زله‌نه‌هه‌نگه‌کانیان، ئه‌وانه‌یان، که‌ له‌ هه‌موو کاسه‌یه‌کدا که‌وچکن و  خودانی پاره‌ و به‌رژه‌وه‌ند و سه‌رمایه‌ و ده‌سه‌ڵات و پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تین و کاریگه‌رییان له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه‌ و کاری سیخوڕی و کۆمپانیا ده‌که‌ن و هه‌زارویه‌ک فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ و ته‌ونی داگیرکردن و تێکدان ده‌چنن، ئه‌وانه‌ زۆر باش له‌و ڕه‌وشه‌ی کوردستان تێده‌گه‌ن، لێ ئه‌گه‌ر خۆیان پشکێکیان له‌ کێشه‌که‌دا هه‌بێت‌ و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانی تێدا بێت، ئه‌وا چاوی لێ ده‌نووقێنن و هیچ نابینن و ناژنه‌فن.       

‌ ئه‌گه‌ر له‌نێوان 1963 – 2003دا و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ڕێژیمی به‌عسی تێدا ڕووخا، پاساوێک بۆ وه‌ده‌رنانی کورد له‌ که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی داگیرکراوی کوردستان(که‌ من هه‌موویان له‌ ژێر ناوی که‌رکووکدا کۆ ده‌که‌مه‌وه‌) هه‌بێت، ئه‌وا له‌ دوای 2003وه‌ هیچ پاساوێک نییه‌. پێش 2003، به‌عس سیاسه‌تی عه‌ره‌باندن و به‌عساندنی که‌رکووکی به‌ نه‌خشه‌ و به‌ هێز و هه‌موو جۆره‌ ئامراز و شێوه‌یه‌ک، پێڕۆ ده‌کرد و بۆیشی ده‌چووه‌ سه‌ر. ئه‌و سیاسه‌ته‌، که‌ له‌ هه‌ناردنی عه‌ره‌ب بۆ که‌رکووک و وه‌ده‌رنانی کورد له‌ که‌رکووکدا ده‌رده‌که‌وت،  له‌ هیچ که‌سێکی کورد و تورکمانی که‌رکووک و ته‌واوی کوردستان، شاراوه‌ نه‌بوو.  له‌ دوای 2003 و ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه‌، سیاسه‌تی به‌عساندن له‌ که‌رکووک به‌ ئاشکرا نه‌ماوه‌، به‌ڵام سیاسه‌تی عه‌ره‌باندن درێژه‌ی هه‌یه‌ و زۆر به‌ ڕێکوپێکی و به‌ نه‌خشه‌ و به‌به‌ر چاوی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان و هه‌موو حیزبه‌ کوردستانییه‌کان و کورده‌وه‌، پیاده‌ ده‌کرێت. ڕۆژنامه‌کانی کوردستان (هه‌رێم) و ته‌له‌ڤیزیۆن و جۆره‌کانی دیکه‌ی میدیاکانیان، بۆ خۆیان به‌رده‌وام گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن و ئه‌و باسانه‌، نه‌ک وه‌ک شیکردنه‌وه‌ و وه‌دوای چاره‌سه‌دا گه‌ڕان و ئه‌نجامگریی، به‌ڵکه‌ ته‌نێ وه‌ک هه‌واڵێکی خوێڕیله‌، دێننه‌ گۆڕێ. باس له‌ فراوانتربوونی کۆچی کوردانی که‌رکووک ده‌که‌ن و باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ به‌ جۆرێکی ڕێکخراو و به‌ بڕیار هه‌ڕه‌شه‌ له‌ کوردی که‌رکووک ده‌کرێ و باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ شه‌وانه‌ ته‌قه‌ له‌ ماڵه‌ کورده‌کانی که‌رکووک ده‌کرێ. ئه‌م باسه‌ وه‌نه‌بێ ته‌نێ نێو شاری که‌رکووک بگرێته‌وه‌، به‌ڵکه‌ به‌رده‌وام هه‌واڵی کۆچکردنی کوردانی دانیشتووی خورماتوو، قه‌ره‌ته‌پپه‌، جه‌له‌ولا(قه‌ره‌خان)، مه‌نه‌لی، سه‌عدییه‌(قزلڕه‌بات)، مووسڵ، شنگال، ته‌له‌عفه‌ر و ده‌یان شوێنی کوردنشین و کوردستانیی دیکه‌، ده‌بیسرێت.     

کۆچکردنی کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می ڕێژیمی به‌عسدا به‌ تۆبزی بوو، وه‌ده‌رنان و کۆچپێکردن بوو، ئه‌مڕۆ هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکه‌ به‌شێک له‌و خه‌ڵکه‌، به‌ ئاره‌زووی خۆیان کۆچ ده‌که‌ن و زێد و ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆیان جێده‌هێڵن. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، که‌ خاکێکی دابڕێنراون له‌ کوردستان و داگیرکراون، له‌ ڕه‌وشێکی زۆر تایبه‌تدا ده‌ژین. حوکوومه‌تی عیراق، وه‌ک یه‌که‌یه‌ک،  خۆی به‌ خاوه‌نی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ ده‌زانێت و له‌ هه‌مان کاتیشدا، حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش، وه‌ک یه‌که‌یه‌ک،  خۆی به‌ خاوه‌نیان ده‌زانێت. له‌ که‌رکووک و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا یه‌ک حوکوومه‌ت و یه‌ک ده‌سه‌ڵات نییه‌، به‌ڵکه‌ چه‌ندین حوکوومه‌ت و چه‌ندین ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ و ده‌کرێ ده‌سه‌ڵاتی دوو حوکوومه‌تی به‌غدا و کوردستان، ورد بکه‌ینه‌وه‌ بۆ چه‌ندین ورده‌ده‌سه‌ڵات و چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتی تریشیان بخه‌ینه‌ سه‌ر. عه‌ره‌بی سوننه‌، عه‌ره‌بی شیعه‌، عه‌ره‌بی که‌ونه‌به‌عسی، تورکمانی سوننه‌، تورکمانی شیعه‌، کۆمه‌ڵیک حیزبی تورکمانی سه‌ر به‌ تورکیا، کۆمه‌ڵێک حیزبی تورکمانی سه‌ر به‌ ئێران،  یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمه‌ڵێک حیزبی دیکه‌ی کوردستانی( گۆڕان، سۆسیالیست دیموکرات، یه‌کگرتووی ئیسلامی، کۆمه‌ڵی ئیسلامی، شیووعی کوردستانی، شیووعی عیراقی، پارتی چاره‌سه‌ر، زه‌حمه‌تکێشان، کۆمۆنیستی کارگه‌ری..)، هۆز و خێڵ و سه‌رۆکهۆز و سه‌رۆکخێڵی عه‌ره‌ب و کورد، فه‌ڵه‌، ده‌مڕاستی ئێزدیان، شێخانی ته‌ریقه‌تی ئیسلامی، ده‌مڕاستی یارسانان، مه‌ندائی، سیخوڕان و ده‌ستی تورکیا،  سیخوڕان و ده‌ستی ئێران، سیخوڕان و ده‌ستی ئه‌مه‌ریکا، سیخوڕان و ده‌ستی وڵاتانی ئه‌وروپایی، سیخوڕان و ده‌ستی ئیسرائیل و ده‌یان ده‌سته‌ی دیکه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌سه‌ڵاتن و کاریگه‌ری و هه‌ژموون و هێزیان هه‌یه‌ و خۆ به‌ خاوه‌نی که‌رکووک ده‌زانن. هه‌ر یه‌کێک له‌مانه‌ ناوه‌ندێکه‌ و کۆمه‌ڵێکی له‌ ده‌وری خۆی خڕکردووه‌ته‌وه‌. هه‌ر یه‌کێک له‌مانه‌ ده‌سه‌ڵاتێکه‌ و هیچ یه‌کێکیشیان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان به‌ سه‌ر که‌رکووکه‌وه‌ نییه‌.  هه‌موو ئه‌مانه‌ خۆیان به‌ خاوه‌نی که‌رکووک ده‌زانن و هیچیشیان به‌ ته‌واویی خاوه‌نی که‌رکووک نین. هه‌موو ئه‌مانه‌ پێیانوایه‌، خزمه‌ت به‌ خه‌ڵکی که‌رکووک ده‌که‌ن و هیچیشیان، هیچ بۆ خه‌ڵکی که‌رکووک ناکه‌ن و زۆرجاران، بار و قورسایین به‌ سه‌ر خاک و خه‌ڵکی که‌رکووکه‌وه‌.                                                                                              

پێش 2003، به‌عس کوردانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی وه‌ده‌رده‌نا و ده‌یناردن بۆ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک و شارۆچکه‌کانی سه‌ر به‌و ئوستانانه‌، ئێستایش کوردی که‌رکووک، که‌ کۆچ ده‌که‌ن، هه‌ر ڕوو له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ ده‌که‌ن. کوردی مه‌نه‌لی و سه‌عدییه‌ و جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌پپه‌ و خورماتوو، ڕوو ده‌که‌نه‌، که‌لار و سلێمانی. کوردی که‌رکووک، ڕوو ده‌که‌نه‌، سلێمانی و هه‌ولێر. کوردی شنگال و مووسڵ، ڕوو ده‌که‌نه‌ دهۆک و هه‌ولێر و سلێمانی. کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، ڕوو ده‌که‌نه‌، هه‌رێمی کوردستان.                                                                                              

ڕۆژانه‌ ده‌یان چیرۆکی پڕ له‌ نه‌هامه‌تی، خه‌ڵکی هه‌ڵاتووی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، ده‌ژنه‌فین، که‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌لێکردنه‌وه‌ جێگه‌ی نیشته‌جیبوونی خۆیان، جێده‌هێڵن. عه‌ره‌بی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، به‌ چه‌ک، به‌ ته‌لیفۆن، به‌ نامه‌، به‌ هاتنه‌ به‌ر ده‌رگه‌، به‌ سووکایه‌تیپێکردن، به‌ هه‌موو ئامرازێک، ناچاریان ده‌که‌ن، بارکه‌ن و بڕۆن زێدی خۆیان، جێبهێڵن. نازیسته‌کانی ئه‌ڵمانیایش، شه‌وی کریستاڵ، هه‌ر به‌و جۆره‌یان له‌ته‌ک جووە‌کاندا کرد، تاکه‌ جیاوازییه‌ک ئه‌وه‌یه‌، نازیسته‌کان، ماڵه‌ جووەه‌کانیان به‌ بۆیه‌یه‌ک ڕه‌نگ ده‌کرد و دیاری ده‌کرد و ئیدی به‌سه‌ریاندا ده‌دان و وه‌ده‌ریان ده‌نان. جووەکانیش له‌و ده‌مییه‌وه‌، که‌ فلستینیان داگیر کرد، توندترین و کاراترین و وردترین و لێزانانه‌ترین و نه‌خشه‌بۆداڕێژراوترین سیاسه‌ت و کرده‌ی وه‌ده‌رنانی عه‌ره‌بی فلستینییان پێڕۆ کردووه‌. عه‌ره‌به‌کانی که‌رکووک هێشتا ئه‌و ڕه‌نگه‌ی نازیسته‌کانیان به‌کار نه‌هێناوه‌، لێ ته‌واوی سیاسه‌تی جوواندنی(بە جووکردنی) فلستین و وه‌ده‌رنانی فلستینییان، ئه‌مانیش پێڕۆی ده‌که‌ن و له‌ سه‌ری ده‌ڕۆن. ئه‌مان، نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ فڕێ ده‌ده‌نه‌ ماڵه‌ کورده‌کانه‌وه‌ و زه‌نگیان بۆ لێده‌ده‌ن و شه‌وانه‌ ته‌قه‌ له‌ ماڵه‌کانیان ده‌که‌ن و دیواریان ده‌ڕووخێنن و دزییان لێ ده‌که‌ن و له‌ ده‌رکه‌یان ده‌ده‌ن و به‌ هه‌موو جۆرێک وه‌ڕسیان ده‌که‌ن و سه‌رئێشه‌یان بۆ ساز ده‌که‌ن. ئه‌و کوردانه‌یشی، تووشی وه‌ها مامه‌ڵه‌یه‌ک ده‌بن، له‌ بێ پشتوپه‌نایی و بێهێزیدا، ئیدی له‌ ترسی گیان و ماڵدا، سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن و ڕوو ده‌که‌نه‌ سێ قوته‌ڵه ئوستانه‌ی هه‌رێم.                                                                                              

ته‌واوی ئه‌و به‌زمه‌، ته‌واوی ئه‌و سووکایه‌تیپێکردنه‌، ته‌واوی ئه‌و عه‌ره‌باندنه‌، به‌به‌ر چاو و گوێی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان و هه‌موو حیزبه‌ کوردستانییه‌کان و له‌شکر و پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌وه‌، ڕوو ده‌دات و ده‌گوزه‌رێت، بێ ئه‌وه‌ی لێی بێنه‌ وه‌ڵام و کاردانه‌وه‌یه‌کیان هه‌بێت! هه‌موو کاردانه‌وه‌ و وه‌ڵامێکی ئه‌وان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا دێت، ته‌نێ باسکردنێتی وه‌ک هه‌واڵێک، ئه‌ویش نه‌ک هه‌واڵێکی هه‌ژێن و پڕبایه‌خ و گرنگ، به‌ڵکه‌ هه‌واڵێکی ساردوسڕ و هیچ نه‌گه‌یه‌ن و مردوو، له‌ میدیاکانی خۆیانه‌وه‌!                                            

له‌بری ئه‌وه‌ی کورد، که‌ خاکه‌که‌ی داگیرکراوه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ عه‌ره‌بی داگیرکه‌ر کردبا و وه‌ده‌ری نابا و خاکه‌که‌ی ڕزگار کردبا، عه‌ره‌به‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ کورد ده‌کات و ڕاوی ده‌نێ و خاکی پێ چۆڵ ده‌کات. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد، ئێستایش شانازی به‌وه‌وه‌‌ ده‌کات، که‌ هه‌رگیز نه‌چووه‌ته‌ سه‌ر که‌س، به‌ڵکه‌ هه‌ر خه‌ڵک هاتووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م و خه‌ڵک شه‌ڕیان هێناوه‌ته‌ خاکی کوردستان. ئه‌مه‌ چه‌وتترین بیرکردنه‌وه‌یه‌ و ترسنۆکانه‌ترین دید و بۆچوونه‌. کورد، ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ و هاورده‌ی که‌رکووکی پێ داگیرکه‌ره‌، ئیدی چ پاساوێک هه‌یه‌ بۆ خۆکه‌ڕکردن و چاونووقاندن له‌و ڕه‌وشه‌ی کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی پێدا تێده‌په‌رێن! خۆ ده‌بێ وه‌ڵام و کاردانه‌وه‌یه‌ک، بۆ ئه‌و کۆچه‌ی کورد و جێهێشتنی که‌رکووکه‌ هه‌بێت!                                 

ساڵی 1980 و پێش ده‌ستپێکردنی جه‌نگی عیراق دژ به‌ ئێران و وه‌ک به‌رایی و ڕێگه‌خۆشکردنێک بۆ هه‌ڵگیرساندنی ئه‌و جه‌نگه‌، له‌ لایه‌ن عیراقه‌وه‌، ته‌قه‌ و تۆپ وه‌شاندن له‌نێوان هێزه‌کانی عیراق و ئێراندا، جاروبار، ڕووی ده‌دا. من ئه‌وده‌می له‌ "باریکه"‌ی ده‌ڤه‌ری خانه‌قی، سه‌ربازی یه‌ده‌ک بووم. ته‌واوی ده‌ڤه‌ری خانه‌قی، تا ده‌گه‌یشته‌ بناری چیای به‌مۆ، که‌ سه‌ر به‌ خانه‌قی بوو، هه‌موو عه‌ره‌بێنرابوو و بۆ ده‌رمانیش له‌و گوندانه‌دا کوردێکت ده‌ست نه‌ده‌که‌وت. شه‌وێکیان تۆپێکی ئێران، به‌ ڕێککه‌وت، که‌وته‌ سه‌ربانی ماڵێک له‌ قۆره‌توو. ماڵه‌که‌ عه‌ره‌بی هه‌نارده‌/هاورده‌ بوو و ئه‌وده‌می هه‌موو خه‌ڵکی قۆره‌توو، عه‌ره‌بی هه‌نارده‌/هاورده‌ بوون. تۆپه‌که‌ له‌ بانه‌وه‌ که‌وته‌ نێو ماڵه‌که‌وه‌ و پێنج شه‌ش که‌سی ماڵه‌که‌ی کوشت، بۆ سبه‌ینێ، تاقه‌ یه‌ک ماڵه‌ عه‌ره‌ب له‌ قۆره‌توودا، نه‌مان و هه‌موو هه‌ڵاتن. له‌گه‌ڵ سه‌ربازێکی هاوڕێمدا، که‌ ناوی فه‌لاح بوو و خه‌ڵکی زاخۆ بوو، ئه‌و ڕۆژه‌ چووینه‌ قۆره‌توو و به‌ چۆڵیی و بێ عه‌ره‌ب، دیتمان.                                                                                                    

بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و حیز ب و چه‌کدار و ئه‌و هه‌موو هێز و به‌زمه‌ی هه‌یانه‌، گه‌لێک شه‌رمه‌ و گه‌لێک ترسنۆکییه‌، له‌ ئاست ئه‌و کاره‌ساته‌دا، که‌ به‌ سه‌ر که‌رکووک و ته‌واوی کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا دێت، خۆ گێل ده‌که‌ن و  بێده‌نگن و چ کاردانه‌وه‌کیان نییه‌!                              

داگیرکه‌ر، ته‌نێ یه‌ک زمان تێده‌گات و به‌ یه‌ک جۆر تێده‌گات و له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ردا تاکه‌ یه‌ک سیاسه‌ت ده‌خوات، ئه‌ویش"چاو  به‌ چاو و ددان به‌ ددان(العین بالعین و السن بالسن)".                                                                   

29 – 03 - 2013



[1] جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ، پێشه‌کی: که‌نداڵ نه‌زان، وه‌رگێڕانی بۆ کوردی: ڕۆژه‌ن به‌رناس، ڕه‌شۆ زیلان، به‌ختیار ئه‌مین، هـ . سه‌لیم، ئه‌مجه‌د شاکه‌لی، بڵاوکراوه‌ی ئه‌نیستیتووتی کورد له‌ پاریس، فرانسه‌، 1989، ل 63.   

 

کەرکووکەخەم

-دوو-

له‌ مێژووی ئیسلامدا، جه‌نگێک له‌نێوان عه‌ره‌به‌ موسوڵمانه‌کان به‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی په‌یامبه‌ری ئیسلام (موحه‌ممه‌د) و چه‌ند هۆز و خێڵێکی عه‌ره‌ب، به‌ سه‌رکردیه‌تیی ئه‌بوسوفیان(أبوسفیان)، که‌ به‌ ناوی ئه‌لئه‌حزاب(الأحزاب) خڕبووبوونه‌وه‌، له‌ سااڵی پێنجه‌می کۆچیدا، که‌ ده‌کاته‌ 627ی زایینی، ڕووده‌دات. ئه‌و جه‌نگه‌ به‌ ناوی ئه‌لخه‌نده‌ق(الخندق) یا ئه‌لئه‌حزاب(الأحزاب)ه‌وه‌ ناسرا. هۆزه‌ عه‌ره‌به‌کان، به‌ هاندانی جووله‌که‌کانی به‌نی ئه‌ننه‌زیر(بني النضیر)، ویستیان،  په‌لاماری شاری مه‌دینه‌(المدینة) بده‌ن و داگیری بکه‌ن و موسوڵمانه‌کان له‌به‌ین ببه‌ن و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی بڕووخێنن. په‌یامبه‌ری ئیسلام(موحه‌ممه‌د) به‌ره‌وڕووی ئه‌و عه‌ره‌به‌ناموسوڵمانانه‌ بووه‌وه‌، به‌وه‌ی که‌ فه‌رمانی به‌ له‌شکره‌که‌ی خۆی دا، له‌ باکووری شاری مه‌دینه‌، چالێک(که‌ن، که‌ند)ێکی گه‌وره‌ و قووڵ هه‌ڵبکه‌ندرێ، بۆ ئه‌وه‌ی هێرشبه‌ران و په‌لامارده‌رانی عه‌ره‌به‌ناموسوڵمانه‌کان، نه‌توانن به‌ ئاسانی بگه‌نه‌ ناو شاری مه‌دینه‌ و ئه‌و که‌نده‌ ڕێگه‌یان لێ بگرێ. خاوەنی بیرۆکه‌ی هه‌ڵکه‌ندنی ئه‌و که‌نده‌، سه‌لمانی فارسی(سلمان الفارسي) بوو، کە یه‌کێک له‌ یارانی په‌یامبه‌ر، ئەو پێشنیازی بۆ په‌یامبه‌ر کرد. سه‌لمانی فارسی، که‌ له‌ ده‌سپێکدا ناوی ڕووزبێ(روزبه‌) بوو و بۆ خۆی ئێرانی بوو و بووبووه‌ موسوڵمان، سرووشی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی له‌ مێژووی ئێرانه‌وه‌ بۆ هاتبوو، که‌ ئه‌وان (ئێرانییه‌کان) له‌ جه‌نگدا، دژی نه‌یارانیان، ئه‌و نه‌خشه‌یه‌یان به‌کار بردووه‌ و سوودیان لێ وه‌رگرتووه‌. به‌ هۆی ئه‌و چاڵه‌ قووڵ و گه‌وره‌یه‌وه‌، که‌ له‌ جه‌نگی خه‌نده‌قدا، هه‌ڵکه‌ندرا، ئه‌و جه‌نگه‌ ناوی خه‌نده‌قی لێ نرا. وشه‌ی خه‌نده‌ق (الخندق)، که‌ ئێستا وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه‌، له‌ بنه‌مادا له‌ وشه‌ی(که‌ند، که‌ن)ی زمانانی ئێرانییه‌وه‌ هاتووه‌، که‌ ئێستایش له‌ فارسی و کوردیدا به‌کار ده‌برێن. له‌ کوردستان، ده‌یان جێگه‌ هه‌یه‌،  وشه‌ی که‌ند یا که‌نی پێوه‌یه‌، بۆ نموونه‌: که‌نه‌زه‌رد، که‌نه‌که‌وه‌، که‌نه‌دڕیاگ (که‌نه‌دڕاو)، گڵکه‌ند، که‌ندیناوه‌ و....                                                                           

له‌ 17 – 12 – 2012دا، ئوستانداری ئوستانی که‌رکووک، دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم، ڕایده‌گه‌یه‌نێ، که‌ "ئیداره‌ی‌ كه‌ركوك خه‌نده‌قێك به‌درێژی‌ (150) كیلۆمه‌تر به‌چوار ده‌وری‌ شاری‌ كه‌ركوكدا لێده‌دات بۆ رێگرتن له‌ گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان كه‌ ده‌یانه‌وێت بێته‌ ناو شاری‌ كه‌ركوكه‌وه‌ و كرده‌وه‌ی‌ تیرۆریستی‌ ئه‌نجام بده‌ن..."[1].                                                                    

من وشه‌ی "ئوستان" و "ئوستاندار"، له‌بری وشه‌ی "پاریزگا" و "پارێزگار"، به‌کار ده‌هێنم، چونکه‌ پێم وایه‌ پارێزگا و پارێزگار وه‌رگێڕانی وشه‌گه‌لی"محافظة" و "محافظ"ی عه‌ره‌بین و ئه‌و دوو وشه‌گه‌له‌یش‌ له‌و ده‌میه‌وه‌ی شۆڤینیسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ عه‌ره‌به‌کان له‌ عیراقدا، دوای ڕووخاندنی کۆماره‌که‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم و ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ ده‌ست و زاڵبوونی دید و بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی ئه‌وان و سرووش وه‌رگرتن له‌ میسر و ناسریزم و به‌عسیزم، ئیدی ئه‌و وشانه‌ هاتنه‌ نێو زمانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ له‌ عیراق و کوردیش، وه‌ک زۆر جار و زۆر کاری دیکەی‌، بێ بیرکردنه‌وه‌ و وردبوونەوە، وه‌ریانگێڕایه‌ سه‌ر زمانی کوردی و ئیدی تا ئێستایش وه‌ک وشه‌ دزیوه‌کانی"به‌روار" و "پێشنیار" و "هه‌ڵده‌ستێ به‌..." و ده‌یانی دیکه‌ی ناکوردی بوون به‌ به‌ڵا، به‌سه‌ر زمانی کوردییه‌وه‌ و لێی نابنه‌وه‌. وشه‌گه‌لی "ئوستان" و "ئوستاندار"، دوو وشه‌ی ڕه‌سه‌نی زمانه‌ ئێرانییه‌کانن، که‌ زمانی کوردییش یه‌کێکه‌ له‌و زمانانه‌ و بۆ کورد ڕه‌وایه‌ و زۆر ڕاسته‌ و گه‌لێک زانستیانه‌تریشه‌، ‌ "ئوستان" و "ئوستاندار" به‌ هینی خۆی بزانێت و به‌کاریان بهێنێت.                                         

ئه‌وه‌ی بۆ من جێی سه‌رنج و ڕامانه‌، ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریمه‌، بۆ هه‌ڵکه‌ندنی که‌ندێکی 150 کیلۆمیتری به‌ ده‌وری که‌رکووکدا، بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ تێرۆریستان!.

من دڵنیام له‌وه‌ی، که‌ دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم و هه‌موو کورد و تورکمانێکی که‌رکووک، ئه‌گه‌ر خۆ نه‌خه‌ڵه‌تێنن، مێژووی عه‌ره‌باندنی که‌رکووکیان، زۆر باش له‌ یاده‌ و هێشتا له‌ بیرگه‌یاندا نه‌سڕاوه‌ته‌وه‌. له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌، که‌ به‌عس له‌ 1963دا ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست، ئیدی عه‌ره‌ب هه‌نارده‌ی که‌رکووک ده‌کران. له‌ کوودێتای 1968 به‌ دواوه‌، ئیدی به‌عس بێشه‌رمانه‌، عه‌ره‌بی به‌ لێشاو هه‌نارده‌ی که‌رکووک ده‌کرد و ماڵ و گه‌ڕه‌کی کوردی زه‌وت ده‌کرد و کوردی وه‌ده‌ر ده‌نا و عه‌ره‌بی له‌ جێگه‌یان، نیشته‌جێ ده‌کرد. هه‌موو که‌رکووکییه‌ک و هه‌موو که‌رکووکناسێک و هه‌موو خودان ویژدانێک، باش ده‌زانێت، که‌ ته‌واوی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی، له‌و ده‌مییه‌وه‌ هه‌نارده‌ی که‌رکووک کراون، به‌ سوننه‌ و شیعه‌یانه‌وه‌، بۆ داگیرکردنی که‌رکووک و عه‌ره‌باندنی و سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری تورکمانی و کوردی و سڕینه‌وه‌ی کوردستانیه‌تی که‌رکووک،  نێردراونه‌ که‌رکووک و هاتوونه‌ که‌رکووک. ئه‌وان، که‌ به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و به‌ خواست و ویست و قایلبوونی خۆیان، هه‌نارده‌ی که‌رکووک کران، په‌یامی وه‌ده‌ردانی کورد و عه‌ره‌باندن و به‌عساندنی که‌رکووکیان له‌گه‌ڵ خۆدا هێنابوو. ئه‌وان، سه‌رباز و ئه‌من و موخابه‌رات و جه‌یشوششه‌عبی و چه‌کدار و سیخوڕ و هه‌موو ئه‌وانه‌ بوون له‌ که‌رکووک و به‌ چه‌که‌وه‌ و به‌وپه‌ڕی خۆشی و شادی و که‌یفه‌وه‌، ڕژانه‌ نێو که‌رکووک. ئه‌وان، بۆ تاڵان و جه‌رده‌یی هاتنه‌ که‌رکووک و ته‌واوی کارگێڕی و ماڵ و موڵک و کاری کورد و تورکمانی که‌رکووکیان داگیر کرد. ئه‌وان که‌مترین به‌زه‌ییان به‌ کورد و تورکمانه‌کانی که‌رکووکدا، که‌ بۆ خۆیان خاوه‌ن ماڵ بوون، نه‌ده‌هاته‌وه‌ و نایه‌ته‌وه‌. ئه‌وان کوردیان ڕاو ده‌نا، ده‌کوشت، زیندانی ده‌کرد و هه‌موو په‌تپه‌تییه‌کیان پێ ده‌کرد و ئاماده‌یش بوون هه‌موو خراپکارییه‌ک به‌رانبه‌ر به‌ کورد بکه‌ن. ئه‌وان هه‌رگیز نه‌ فریشته‌ بوون و نه‌ په‌یامی ئاشتی و برایه‌تییان پێبوو، به‌ڵکه‌ داگیرکه‌ر و جه‌للاد بوون. پرۆسێسی عه‌ره‌باندنی که‌رکووک، 40 ساڵی ته‌واو، هه‌ر له‌ 1963 – 2003 درێژه‌ی هه‌بوو و ئێستایش به‌رده‌وامه‌. ئه‌و عه‌ره‌به‌ هه‌ناردانه‌، که‌ ده‌بوو له‌ 2003دا، ته‌نانه‌ت یه‌ک دانه‌یشیان له‌ که‌رکووکدا نه‌مابایه‌وه‌، ئێستایش له‌ جێی خۆیانن و ئێستایش ئه‌وانن، خاوه‌نی که‌رکووکن. ئه‌وان ئێستایش وه‌ک سه‌رده‌می به‌عس، هه‌رچییان له‌ده‌ست بێت، بۆ زیاتر عه‌ره‌باندنی که‌رکووک و بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان و بۆ سڕینه‌وه‌ی کوردستانیه‌تیی که‌رکووک، ده‌یکه‌ن و له‌ هیچ شتێکیش ناسڵه‌مێنه‌وه‌.

من ده‌زانم دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم، له‌به‌ر پله‌ و پایه‌ی خۆی، ڕه‌نگه‌ نه‌توانێت، ڕاشکاوانه‌ بیروڕا و بۆچوونی خۆی ده‌ربڕێت، به‌ڵام ئه‌ویش باش ده‌زانێت، که‌ گه‌ڕه‌کی عه‌ره‌بنشینی وا له‌ که‌رکووکدا هه‌یه‌، کورد به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ ناتوانێت ڕووی تێ بکات و خۆی وه‌ک کورد تێدا پێشان بدات. ئه‌وه‌ی  کاری تێرۆریستی له‌ ناو که‌رکووکدا ده‌کات، له‌ ده‌ڕێی که‌رکووکه‌وه‌ نایه‌ت بۆ که‌رکووک، ئه‌و تێرۆریستانه‌ بۆ خۆیان دانیشتووی که‌رکووکن و که‌ونه‌ به‌عسی و داگیرکه‌ر و مرۆڤکوژه‌کانی ئه‌و چل ساڵه‌ی پێش و پاش 2003ن و دانیشتووی ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ن، که‌ ئێستایش مۆڵگه‌ی شۆڤینیست و به‌عسی و عه‌ره‌به‌ توندڕۆکانن‌.

هه‌ڵکه‌ندنی که‌ندێکی 150 کیلۆمیتری به‌ ده‌وری که‌رکووکدا، له‌م سه‌رده‌مه‌دا، که‌ نه‌ سه‌رده‌می جه‌نگی ئه‌لخه‌نده‌قه‌ و نه‌ شێوازی جه‌نگیش به‌و جۆره‌ی ئه‌و ڕۆژگاره‌یه‌،  پتر له‌ خه‌یاڵ(Science fiction) ده‌چێت. نه‌ک که‌ندێک، ده‌یان که‌ندی دیکه‌ی له‌وه‌ گه‌وره‌تریش به‌ ده‌وری که‌رکووکدا هه‌ڵکه‌ندرێن، هه‌رگیز ‌ڕێگه‌ له‌ تێرۆریستان ناگرێت، چونکه‌ تێرۆریستان بۆ خۆیان له‌ نێو که‌رکووکدا ته‌راتێن ده‌که‌ن و هه‌میشه‌ گه‌رای نوێ داده‌نێن. وه‌ها که‌ندێک، ڕه‌نگه‌ میلیۆنان دۆلاری تێ بچێت. ئه‌و پاره‌یه‌ ئه‌گه‌ر ته‌رخان بکرێت بۆ دابه‌شکردنی به‌ سه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی له‌ 1963 به‌‌ دواوه‌ هه‌نارده‌ی که‌رکووک کراون، بۆ ناردنه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، ئه‌وده‌م ئیدی نه‌ تێرۆریست له‌ که‌رکووکدا ده‌مێنێت و نه‌ هه‌ڵکه‌ندنی وه‌ها که‌ندێکی مه‌زنی، ژینگه‌ وێرانکه‌ریش، پێویست ده‌بێت.

ڕووسه‌کان، ئێستایش که‌ باسی هێرش و په‌لاماردانی هێزه‌کانی ئه‌ڵمانیای نازیی بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌یان ده‌که‌ن، هه‌رگیز ناڵێن، ئه‌ڵمانیای نازی، یا له‌شکری هیتله‌ر، به‌ڵکه‌ ڕێکوڕه‌وان و گه‌لێ ڕاشکاوانه‌ ده‌ڵێن: ئه‌ڵمانییه‌کان هێرشیان کرد و ئه‌ڵمانییه‌کان وایان کرد. وڵاتانی ئه‌وروپایش، که‌ باس له‌ داگیرکردن و خراپکاریی ئه‌ڵمانیای نازی بکرێت، هه‌ر به‌و جۆره‌ باسی ئه‌ڵمانییه‌کان ده‌که‌ن و وه‌ک ئه‌ڵمان و ئه‌ڵمانییان ناویان ده‌به‌ن. ئه‌رمه‌نییه‌کان، که‌ باسی کۆمه‌ڵکوژی و قڕانه‌که‌یان ده‌که‌ن، که‌ پێش سه‌د ساڵێک له‌ لایه‌ن تورکی عو‌سمانییه‌وه‌ ئه‌نجام درا، هه‌رگیز ناڵێن، ئه‌و قڕان و کۆمه‌ڵکوژییه‌، ده‌وڵه‌تی عوسمانی کردی یا له‌شکری عوسمانی ئه‌نجامی دا، به‌ڵکه‌ زۆر به‌ ڕوونی و پڕ به‌ده‌م ده‌ڵێن، کۆمه‌ڵکوژی و قڕانیی  ئه‌رمه‌ن له‌ لایه‌ن تورکه‌وه‌ کرا. فلستینییه‌کان و عه‌ره‌ب، که‌ باس له‌ داگیرکردنی فلستین ده‌که‌ن، بێ پێچوپه‌نا، ناوی جوو‌ وه‌ک داگیرکه‌ر ده‌به‌ن. له‌ کاتێکدا له‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا، تاکه‌ که‌سێک نادۆزییه‌وه‌، ناوی برا و پیاوچاک و مێرخاس و هاوسێ و هاوبه‌ش، له‌ داگیرکه‌ر بنێت، کورد داگیرکه‌رانی که‌رکووک‌ وا ناو ده‌بات. کورد، به‌گشتی و به‌ تایبه‌تی توێژه‌ر و لێکۆڵه‌ر و نووسه‌ر و سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تکارانی،  تا ئێستایش نه‌یانتوانیوه‌ و نه‌یانوێراوه‌، به‌‌ ئاشکرا و بێ منجه‌منج و بێ په‌رده‌، ناوی داگیرکه‌ر، له‌و عه‌ره‌بانه‌ی   که‌رکووک بنێن و به‌ هۆکاری ته‌واوی کێشه‌کانی که‌رکووکیان، به‌ کاره‌ تێرۆریستییه‌کانیشه‌وه‌، بزانن.                                                                  

2013/03/10


 

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...