Sunday, March 20, 2005

مۆنومێنتی ئه‌نفال بۆ له‌ هه‌ولێر!

مۆنومێنتی ئه‌نفال بۆ له‌ هه‌ولێر!

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

16/3/2005، سه‌رۆکی حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، به‌ردی بناخه‌ی مۆنومێنت(نیشانه‌ یا په‌یکه‌ر)ێکی بۆ ئه‌نفال و شه‌هیدان له‌ هه‌ولێر دانا. ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌ به‌ ئاماده‌بوونی کۆمه‌ڵێک به‌رپرس و خه‌ڵکانی حیزبی و کارگێڕان و ئه‌ندازیاری ئه‌و مۆنومێنته‌(خوسره‌و جاف)، دانرا. من دانانی په‌یکه‌ر یا نیشانه‌یه‌ک بۆ ئه‌نفال و شه‌هیدان به‌ کارێکی پیرۆز و باش ده‌زانم و پێموایه‌ یادکردنه‌وه‌ی شه‌هیدان و به‌ تایبه‌ت قوربانیانی ئه‌نفال، ده‌بێ وه‌ک کارێکی هه‌میشه‌یی بێت و هه‌رگیز ڕاوه‌ستانی تێدا نه‌کرێت و به‌رده‌وام بێت. دیاره‌ ئه‌نفال تا ڕاده‌یه‌ک هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌کانی باشووری کوردستانی گرته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی، که‌ له‌ هه‌مووان زیاتر به‌رکه‌وت و تێداچوو و ئه‌نفال کرا و زیانمه‌ند بوو، گه‌رمیان و که‌رکووکی پێته‌ختی بوو. مرۆڤ، که‌ باسی ئه‌نفال ده‌کات و وشه‌ی ئه‌نفالی به‌رگوێ ده‌که‌وێت، ده‌سبه‌جێ ته‌واوی بیر و خه‌یاڵی بۆ که‌رکووک و گه‌رمیان ده‌ڕوات و ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی دێته‌ پێش چاو و ده‌سبه‌جێ پڕ گوێی ده‌بێت له‌ شین و شه‌پۆڕ و زریکه‌ و قیژه‌ و گریانی ژن و پیر و لاو و منداڵی ئه‌نفالکراو. که‌ که‌رکووک "دڵ" و "قودس" و "پێته‌ختی کوردستان" و "کرۆکی کێشه‌ی کورد" بێت، به‌ پێی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، که‌ که‌رکووک بۆ خۆی ئه‌نفالستان بێت و هه‌موو بسته‌ خاک و زه‌وییه‌کی گه‌رمیان و که‌رکووک ئه‌نفالگه‌یه‌ک بێت، ئیدی بۆچی په‌یکه‌ری ئه‌نفال له‌ هه‌ولێر دروست ده‌کرێت؟ سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، ده‌بوو هه‌موو هه‌وڵ و توانست و کۆشش و ئاوه‌زێکیان وه‌گه‌ڕخستبا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو کار و هه‌نگاو و بڕیارێکیاندا، ئه‌گه‌ر تاکه‌ یه‌ک میللیمیتریش له‌ که‌رکووک بچنه‌ پێشه‌وه‌ و تاکه‌ یه‌ک میللیمیتریش که‌رکووک به‌ره‌و ئامێزی به‌شه‌ ڕزگارکراوه‌که‌ی کوردستان بهێننه‌وه‌، سستی نه‌که‌ن و دوودڵیی نه‌که‌ن و هه‌رچی زووتره‌ به‌ره‌وپیری بچن. ئه‌گه‌ر تیۆری "بێپا و پادار"، بکه‌ینه‌ پێوه‌رێک بۆ هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ کێشه‌ یا شته‌ یا باره‌، گرنگ و گرنگتر و گرنگترینه‌کاندا، ئه‌وا هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک بێپاکانن و که‌رکووکیش پادار. که‌رکووک پاداره‌  گرنگترینه‌که‌یه‌ و ده‌بێ وه‌پێشی هه‌موو ئه‌رکه‌کانی دیکه‌ بخرێت. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد ده‌بوو و ده‌بێ له‌ هه‌موو کارێکیدا وه‌ها بیربکاته‌وه‌ و پاداره‌که‌ بگرێت و گرنگییه‌کی پتری پێ بدات، نه‌ک بێپاکان. تۆ که‌ مۆنومێنتێک بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و شه‌هیدانی چێ بکه‌یت، باشترین و شایسته‌ترین جێگه‌ بۆ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌. مۆنومێنتی ئه‌نفال و مۆزه‌ی ئه‌نفال و هه‌موو شتێکی پێوه‌نددار به‌ ئه‌نفاله‌وه‌ ده‌بێ له‌ که‌رکووک بێت و چێبکرێت، نه‌ک له‌ شوێنه‌کانی تر. ئه‌گه‌ر مۆنومێنته‌که‌ بۆ ته‌واوی شه‌هیدانی کوردستانیشه‌، به‌ ئه‌نفال و کوردانی فه‌یلی و بارزانییه‌کان و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌شه‌وه‌، ئه‌وا هیشتا که‌رکووک شایسته‌ترین جێگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌.                                         

20/3/2005

Friday, March 18, 2005

چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی کورد له‌ پای چی؟

 

چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی کورد له‌ پای چی؟

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 

ئه‌م هه‌واڵه‌ی خواره‌وه‌ له‌ په‌یامنێردا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و من بێ هیچ ده‌سکاری و گۆڕانێک، ڕێک وه‌ک خۆی ده‌یخه‌مه‌ پێش چاوی ئێوه‌ی هێژا:                                                                         

"سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ پیرۆزبایی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا ناوی کوردی نه‌هێنا                

                             کاتژمێر 11:5317-  Mars- 2005 -Peyamner

 – فرانس پرێس– (جۆرج بووش)ی سه‌رۆکی ولایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ پیرۆزبایی خۆی بۆ ئێرانییه‌کان و سه‌رجه‌می ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ نارد که‌ نه‌ورۆز به‌ جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌زانن. سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا که‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، ده‌ڵێت "نه‌ورۆز مانای هاتنی ساڵی نوێ و ئاهه‌نگگێڕانه‌ بۆ ژیان، ئه‌و جه‌ژنه‌ له‌ کۆنه‌وه‌ بۆنه‌یه‌که‌ بۆ کات به‌سه‌ربردن له‌گه‌ڵ خێزان و هاوڕێیان و چێژوه‌رگرتن له‌ جوانیی سروشت". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "زۆرێک له‌ ئه‌مریکییه‌ به‌ ره‌گه‌ز عێراقی و ئێرانی و ئه‌فغانی و پاکستانی و ئازه‌ربێجانی و تورکه‌کانی ناوه‌ڕاستی ئاسیا بۆ پاراستنی که‌له‌پووری ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆیان و دووپاتکردنه‌وه‌ی به‌ها و نه‌ریته‌کانی خۆیان له‌و بۆنه‌یه‌دا ئاهه‌نگ ده‌گێڕن". به‌یاننامه‌که‌ ته‌نیا ناوی ئه‌و وڵاتانه‌ی هێناوه‌ که‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزیان تێدا ده‌کرێته‌وه‌ .".             

ئه‌م هه‌واڵه‌"سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ پیرۆزبایی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا ناوی کوردی نه‌هێنا"، به‌ڵام به‌ گۆڕدراوی و ده‌ستکاری و ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، وه‌ک هه‌واڵێکی زۆر گرنگ و یه‌که‌م هه‌واڵ، له‌ هه‌واڵه‌کانی "کوردستان تیڤی"دا، که‌ خوێنرایه‌وه‌ و له‌ ڕۆژنامه‌ی "خه‌بات"دا که‌ بڵاوکرایه‌وه‌[1]، کرابوو به‌وه‌ی، که‌ "سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا پیرۆزبایی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ گه‌لی کورد ده‌کات". ئه‌وه‌ی ته‌ماشای ده‌قی ئه‌و هه‌واڵه‌ی په‌یامنێر بکات ده‌بینێت، که‌ جۆرج بووش، وشه‌ی کوردی به‌ زاردا نه‌هاتووه‌ و له‌ کووله‌که‌ی ته‌ڕیشدا نێوی کوردی نه‌بردووه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ نێوی ئێرانییه‌کان و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی بردووه‌ ، که‌ نه‌ورۆز به‌ جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌زانن. ڕاسته‌ کورد یه‌کێکه‌ له‌و نه‌ته‌وانه‌، لێ بووش نه‌یگوتووه‌ کورد. له‌ جێگه‌یه‌که‌ی دیکه‌شدا بووش، نێوی عیراقی، ئێرانی، ئه‌فغانی، پاکستانی، ئازه‌ربایجانی و تورکه‌کانی ناوه‌ڕاستی ئاسیای بردووه‌. هاوڕێیانی کوردستان تیڤی و ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، وشه‌گه‌لی "عیراقی" و" ئێرانی"یان، لێ بووه‌ به‌ کورد و پێیانوایه‌ بووش نێوی کوردی بردووه‌ و به‌وه‌ش شاگه‌شکه‌ گرتوونی و کۆڵێک خۆشحاڵ بوون. ئه‌گه‌ر عیراقی و ئێرانی، به‌ لای کوردستان تیڤی و ڕۆژنامه‌ی خه‌باته‌وه‌، واتای کورد بگه‌یه‌نن، ئه‌وا زۆر شاشن و خراپ له‌ مه‌سه‌له‌که‌ گه‌یشتوون. کورد کورده‌ و خه‌ڵکی کوردستانه‌. هه‌رچی عیراقییشه‌ یا ئێرانی، ئه‌وا عه‌ره‌ب و فارس و به‌لووچ و تورکمه‌ن و ئازه‌ری ‌ و مه‌ندائی و...ئه‌وانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، که‌ له‌ نێو ئێران و عیراقدا ده‌ژین، نه‌ک له‌ سه‌ر خاکی کوردستان و له کوردستانیش هه‌ندێک تورکمان و فه‌له ده‌ژین. پێش هه‌ر شتێک بووش نێوی کوردی نه‌بردووه‌ و وا گریمان نێوی کوردیشی برد، ئیدی ئه‌م هه‌ڵڵا و به‌زمه‌ی بۆ چییه‌ و بۆچی هێنده‌ گه‌وره‌ ده‌کرێته‌وه‌ و چما ده‌کرێته‌ یه‌که‌م هه‌واڵ و بۆچی مرۆڤی کورد به‌وه‌ دڵخۆش و که‌یفساز بێت، که‌ بووش نێوی بردووه‌!. بووشێک، ئه‌گه‌ر جیهان بکه‌یته‌ ده‌"10" به‌شه‌وه‌، نۆ"9" به‌شی و ڕه‌نگه‌ پتریش خۆشیان ناوێت و ڕقیان لێی ده‌بێته‌وه‌ و به‌ خراپی ده‌زانن و حه‌زیان به‌ سیاسه‌ته‌که‌ی نییه‌، بۆچی میدیای کورد، هێنده‌ له‌به‌رچاوی خه‌ڵکی کورد خۆشه‌ویستی ده‌کات و ده‌یڕازێننه‌وه‌ و ئارایشتی ده‌کات!. دوای ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌ که‌ی ڕاسته‌ میدیای کورد، خه‌ڵکی کورد چه‌واشه‌ بکات و هه‌واڵی ناڕاست ده‌رخواردی گوێ و چاو و مێشکی بدات!. جاران و ساڵانێکی پێشتر من بۆ خۆم خه‌ڵکی کوردم دیتووه‌، ته‌نانه‌ت خه‌ڵکانی سیاسه‌تکار و خاوه‌ن پایه‌، گوتوویه‌تی له‌ هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ک نێوی کورد بهێنرێت باشه‌، ئه‌گه‌ر جنێو و قسه‌ی ناشیرینیشی پێ بگوترێت. ئه‌و که‌سانه‌ پێیانوابووه‌ به‌و ناوهێنانه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ خراپه‌ش بێت، نێوی کورد ده‌که‌وێته‌ نێوانه‌وه‌ و قازانج و سوودێک به‌ پرسی کورد ده‌گات، به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ ڕاسته‌! من ده‌زانم هه‌ردوو کوردستان تیڤی و خه‌بات، میدیاگه‌لێکی حیزبین و ده‌نگی حیزبن و ده‌ربڕی بیروڕای حیزبن، به‌ڵام پێشموانییه‌ مرۆڤی کورد هێنده‌ سافیلکه‌ و زه‌ینکوێر بێت، که‌ هه‌روا و به‌ ئاسانی کڵاو بنرێته‌ سه‌ری و بخه‌ڵه‌تێنرێ و هه‌واڵێکی درۆی لێ بکرێ به‌ ڕاست. ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ میدیای کورد بیسه‌لمێنێت، که‌ به‌ کێشه‌ی ڕه‌وای خه‌ڵکی کوردستان، په‌یوه‌ست و پابه‌نده‌ و دڵسۆزی مرۆڤی کوردستانه‌ و هیچ درشت و وردێک له‌ خه‌ڵکی کوردستان ناشارێته‌وه‌ و ته‌واوی ڕاستییه‌کان و وه‌ک خۆیان پێشانی خه‌ڵک ده‌دات و ده‌نگی خه‌ڵکه‌، نه‌ک ته‌نێ ده‌نگی حیزب. ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئیدی میدیای کورد بیری عیراقییه‌تی، ئێرانییه‌تی، تورکیایه‌تی و سووریایه‌تی، له‌ مێشکی خه‌ڵکی کورد بسڕێته‌وه‌ و خه‌ڵکی کورد به‌ بیری کوردبوون و کوردستانیه‌تیی باربهێنێ و فێرکات. ئه‌وه‌ی ماوه‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بووش ناوی کورد بهێنێت یا نه‌، چی له‌ ڕه‌وشی هه‌ژاران و که‌سوکاری ئه‌نفالکراوان و شه‌هیدان و قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ و  کوردانی فه‌یلی و بێده‌سه‌ڵاتانی کورد به‌ تایبه‌ت و  کورد به‌ گشتی ده‌گۆڕێت!.                                                                                                            

18/3/2005




  هه‌واڵه‌کانی که‌ناڵی کوردستان تیڤی ڕۆژی 17/3/2005 و خه‌بات، ژماره‌ 1740، هه‌ینی 18/3/2005.[1]

سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران

سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 

پێموایه‌ مه‌زنیی و تێکۆشان و خه‌باتی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و ته‌رخانکردنی ته‌واوی ته‌مه‌نی خۆی بۆ خزمه‌تی گه‌لی کورد و وڵاتی کوردستان، له‌ هیچ یه‌کێکی خودان ویژدانی کورد و ناکوردی ئه‌م جیهانه‌، شاراوه‌ نییه‌ و هه‌مووان گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن. مه‌لا مسته‌فای بارزانییش، تا له‌ ژیاندا بوو هه‌رگیز هیچ که‌سێک له‌وانه‌ی، که‌ لێیه‌وه‌ نێزیک بوونه‌ و ناسیویانه‌ و دیتوویانه‌ و له‌ سه‌ریان نووسیوه‌ و باسیان کردووه‌، نه‌ لێیان بیستووه‌ و نه‌ دیتوویانه‌، که‌ پیاوێکی، خودا نه‌خواسته‌، خۆبه‌زلزان و خۆهه‌ڵکێش و ڕاله‌خۆبوو بێت. ئه‌وه‌ی ناسیویه‌تی و دیتوویه‌تی، لێی ده‌گێڕێته‌وه‌، که‌ مرۆڤێکی ساده‌ و ساکار و بێفیز و خاکی و گه‌لێر بووه‌ و هه‌میشه‌ خۆی وه‌ک یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی ژماردووه‌ و خۆی وه‌ک یه‌کێک له‌ تاکه‌کانی کورد زانیوه‌ و هه‌رگیز خۆی له‌ که‌س به‌ گه‌وره‌تر نه‌زانیوه‌ و ڕقی له‌ پێداهه‌ڵدان و مه‌زنکردنه‌وه‌ و په‌سندان و پێداهه‌ڵگوتن بووه‌. بارزانی ئه‌گه‌ر ئێستاش له‌ ژیاندا بووایه‌، هه‌روا ده‌بوو و هه‌رگیز ڕێگه‌ی به‌ هیچ که‌سێک نه‌ده‌دا، که‌ پێیداهه‌ڵبڵێ و په‌سنی بدات. له‌ مردنیشدا هه‌روا خاکی بووه‌. ئه‌وه‌ی بنۆڕێته‌ گۆڕه‌که‌ی، ئه‌و ساده‌یی و بێفیزییه‌ی بارزانی، به‌ ته‌واوی بۆ ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌وڕۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر بڵێم ڕۆژانه‌ ڕه‌نگه‌ زێده‌ڕۆیی نه‌بێت، له‌ ته‌له‌ڤزیۆنی "کوردستان تیڤی KTV"ه‌وه‌ ده‌یبینێت، که‌ به‌ لێشاو خه‌ڵک و عه‌شامات، پیر و گه‌نج، ژن و پیاو و منداڵ، خوێندکار و نه‌خوێندوو، کارمه‌ند و وه‌رزێر، حیزبی و ناحیزبی، سۆران و کرمانج، کوردی باکوور و باشوور و هی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوا، کاکه‌یی و ئێزدی و  شه‌به‌ک و عیسایی و شیعه‌ و سوننه‌، سترانبێژ و هونه‌رمه‌ند، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان، وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان، عه‌ره‌ب و تورکمان، گه‌رمیانی و کوێستانی، که‌ونه‌پێشمه‌رگه‌ و که‌ونه‌جاش و که‌ونه‌به‌عسی و که‌ونه‌ شتی دیکه‌ و...هه‌موو پۆل پۆل ڕووده‌که‌نه‌ بارزان و سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران ده‌که‌ن. ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئه‌و هه‌موو ڕێگه‌ دوورانه‌ ده‌بڕن و خۆ ده‌خه‌نه‌ سه‌ختی و دژواری و مه‌ترسیی ڕێگه‌ی خراپ و ترافیکی خراپی کوردستانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران. ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ ویست و حه‌ز و ئاره‌زووی خۆیان ئه‌و سه‌ختییه‌ وه‌به‌ر خۆیان بده‌ن و وه‌ها کارێک بکه‌ن، ئه‌وا جێی خۆیه‌تی باس بکرێن و پێشان بدرێن، به‌ڵام هه‌ر له‌ دیتنی نووسراو و دروشم و وێنه‌ و تابلۆ و ئه‌و هه‌موو تاجه‌گوڵینه‌ زه‌لام زه‌لامانه‌ و ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی، که‌ پێیانه‌ و هه‌ڵیانگرتووه‌ و له‌گه‌ڵیاندان مرۆڤ تێده‌گات، که‌ ئه‌و هه‌موو شتانه‌ و ئه‌و ڕێوڕه‌سم و ڕێپێوانانه‌، کارگه‌لێکی هه‌روا هه‌ڕه‌مه‌کی و له‌خۆڕا و ده‌سبه‌جێی نیین، به‌ڵکه‌ نه‌خشه‌بۆداڕێژراون و ڕێکخراون و به‌ هاندانی ده‌سگا حیزبی و حوکوومه‌تی و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی پارتیی دیموکراتی کوردستان ده‌کرێن و ئه‌نجام ده‌درێن و ته‌له‌ڤزیۆنی کوردستانیش وه‌ک ڕێکلامێک بۆ پارتیی پێشانی ده‌دات. لێ ئه‌وه‌ی بڕێک ئاوه‌زی هه‌بێت و که‌مێک بیر له‌و شانۆگه‌رییه‌ بکاته‌وه‌، باش له‌وه‌ تێده‌گات، که‌ ئه‌و کاره‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی پارتیی ده‌یکات، هه‌رگیز به‌ قازانجی پارتیی و ناو ناوبانگ و پایه‌ و شایسته‌یی بارزانی ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵکه‌ ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ و به‌و کاره‌ی زیانێکی یه‌کجار زۆر و مه‌زن به‌ ناوی بارزانی و پایه‌ی وی و خۆشه‌ویستی وی له‌ دڵی خه‌ڵکی کورددا ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و کاره،‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی ڕێزمدا بۆ بارزانی، که‌ بێگومان بێ هیچ ڕکابه‌رێک، مه‌زنترین سه‌رکرده‌ی کورد بووه‌ له‌ هه‌موو مێژووی کورددا، سووکایه‌تییه‌ به‌ بارزانی و بارزانیزم. مرۆڤ ئه‌گه‌ر بیرێک له‌ ژیانی فرانکۆ، هیتله‌ر، ستالین، مۆسۆلینی، لێنین، پینۆشێ، سه‌ددام حوسه‌ین بکاته‌وه‌، هه‌رگیز وه‌ها کارێک ناکات و هه‌رگیز، سه‌ردانی ئارامگه‌ی نه‌مرانی وه‌ک بارزانی، ناکاته‌ ئه‌رکێک و نه‌ به‌ زۆر و نه‌ هاندانیش خه‌ڵک بۆ وه‌ها کارێک ناخاته‌ ڕێ، ئه‌گه‌ر خه‌ڵک بۆ خۆیان و به‌ ئاره‌زوو و ویستی خۆیان نه‌یکه‌ن. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکیش به‌ ویست و ئاره‌زووی خۆیان وه‌ها کارێک بکه‌ن، ئه‌وده‌م هیچ پێویست ناکات له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ و هه‌موو ڕۆژێک ئه‌و بابه‌ته‌ پێشانی خه‌ڵکی کورد بدرێت. هه‌زاران خه‌ڵکی کورد هه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی که‌س پێیان بزانێت و بێ ئه‌وه‌ی هیچ میدیایه‌ک ئاگای لێیان بێت، وه‌ک وه‌فا و خۆشه‌ویستییه‌ک بۆ بارزانی، بۆ خۆیان و به‌ ویست و ئاره‌زووی خۆیان و بێ هیچ ڕازاندنه‌وه‌ و به‌زم و هه‌را و به ‌بێده‌نگی و ئه‌وپه‌ڕی ئارامییه‌وه‌، بۆ خۆیان ده‌چنه‌ سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران له‌ بارزان. با میدیاکانی پارتیی، ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی خه‌ڵکی کورد، بۆ نه‌مران مه‌لا مسته‌فای بارزانی و ئیدریس بارزانی، کاڵ نه‌که‌نه‌وه‌ و ڕێزێک بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی، که‌ به‌ ڕاستی بارزانییان خۆش ده‌وێت دانێن و لێگه‌ڕێن ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ ڕاستینه‌یه‌ی خه‌ڵک نه‌بێته‌ دیمه‌ن و خۆهه‌ڵکێشان و مه‌رایی و خۆبردنه‌پێشه‌وه‌ و ماستاوساردکردنه‌وه‌ و مامه‌حه‌مه‌یی. من دڵنیام له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بارزانی بۆ خۆی ئێستاکه‌ له‌ ژیاندا بووایه‌، هه‌رگیز وه‌ها کارێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی میدیاکانی پارتیی ده‌یکه‌ن، قه‌بووڵ نه‌ده‌کرد. به‌ڕاستی گوناهه‌ بارزانی وا لێده‌کرێت و گوناهه‌ بازرگانی به‌ بارزانییه‌وه‌ ده‌کرێت و گوناهه‌ سه‌دان که‌سی تا دوێنێ نه‌یاری بارزانی و تا دوێنێ به‌دگۆ و جنێوده‌ر به‌ بارزانی و تا دوێنی دوژمن به‌ کورد و کوردستان و تا دوێنێ ساخته‌کار و فریوده‌ر، تا دوێنێ ئه‌گه‌ر پێی کرابا ناوی بارزانی له‌ جیهانی بووندا ده‌سڕییه‌وه‌، ئه‌وڕۆ ته‌نێ بۆ خۆبردنه‌پێشه‌وه‌ و بۆ ده‌ستکه‌وت و بۆ گیرفانپڕکردن و بۆ پایه‌ و...، ئه‌وڕۆ وه‌ک وڵاتپارێز و بارزانیست و کوردپه‌روه‌ر و خه‌باتکار، ده‌برێنه‌ سه‌ر مه‌زاری بارزانی. به‌و کاره‌ میدیاکانی پارتیی و به‌ تایبه‌ت کوردستان تیڤی، ئازاری گیانی بارزانی ده‌ده‌ن و لێناگه‌ڕێن بارزانی به‌ ئارامیی له‌ مه‌زاره‌که‌ی خۆیدا ئۆقره‌ بگرێت و بحه‌وێته‌وه‌.

18/3/2005  



Tuesday, March 15, 2005

دواخستنی گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ سه‌ر کوردستان و هێشتنه‌وه‌ی بۆ داهاتوو، به‌ هه‌ر بیانوویه‌ک بێت، تاوانه‌

دواخستنی گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ سه‌ر کوردستان و هێشتنه‌وه‌ی بۆ داهاتوو، به‌ هه‌ر بیانوویه‌ک بێت، تاوانه‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئه‌گه‌ر کورد له‌ دامه‌زراندنی عیراقی ساڵانی 1920ه‌کاندا ڕۆڵێکی له‌به‌رچاوی دیتبێت و سه‌دان ته‌وفیق وه‌هبی، موحه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی به‌گ، ماجید مسته‌فا، به‌کر سیدقی، جه‌عفه‌ر عه‌سکه‌ری و...بووبن و ئه‌وانیش پێشه‌نگی عیراقییاندنی کورد بووبن، ئه‌وا له‌ مێژووی دواتری پاش ئه‌و ساڵانه‌شدا، کورد له‌و ڕووه‌وه‌ درێخی نه‌کردووه‌ و له‌ عیراقییاندنی کورددا، جێ ده‌ستی دیار بووه‌. نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌ و ساڵ له‌ دوای ساڵ، خه‌ڵکانی دیکه‌ی هه‌مان ڕێبازی عیراقییاندنی کورد، په‌یدا بوون و کاریان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کردووه‌. فوئاد عارف، ئه‌حمه‌د موختار بابان، سه‌عید قه‌ززاز، خالید نه‌قشبه‌ندی، تاها شێخ ئه‌حمه‌د، عه‌زیز ئه‌لحاج، موکه‌ڕڕه‌م تاڵه‌بانی، عه‌بدوسسه‌تتار تاهیر شه‌ریف، هاشم عه‌قراوی، مه‌لا ماتۆر، شێخ جه‌عفه‌ر به‌رزنجی، تاها موحیه‌ددین و ...سه‌دانی دیکه‌، نموونه‌گه‌لێکن له‌و خه‌ڵکانه‌. ئه‌مانه‌ خه‌ڵکانێکن به‌شێکیان له‌ ده‌رێی بازنه‌ی حیزبه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ کورده‌کان و به‌شێکیان به‌ پله‌کانی په‌یژه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵزناون و به‌شێکیشیان ئه‌ندامان و هه‌وادارانی حیزبگه‌لێکن، چ کورد و چ ناکورد، که‌ هه‌ر بۆ خۆیان عیراقییانه‌ بیریان کردووه‌ته‌وه‌، وه‌ک حیزبی کۆمۆنیستی عیراق و ته‌نانه‌ت حیزبه‌ کوردییه‌ به‌ناو نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش، به‌ تایبه‌ت هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری باشووری کوردستان(پارتیی دیموکراتی کوردستان و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان)، که‌ ئه‌وانیش هه‌میشه‌ پرۆسه‌ی عیراقییاندنی کوردیان پێڕۆکردووه‌. بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد له‌ باشووری کوردستاندا، هه‌ر له‌ دوای نه‌مانی حیزبی "هیوا"وه‌، ئیدی عیراقییانه‌ ئاراسته‌ کراوه‌ و عیراقێنراوه‌. سه‌رانی کورد بۆ خۆیان ئێستاش ئه‌و تێزه‌ و ئه‌و کاره‌"عیراقییاندنی کورد" بره‌و پێ ده‌ده‌ن و ئه‌نجام ده‌ده‌ن. وه‌ک چۆن فلستین بنه‌ما و بزوێنه‌ری بزاڤی ڕزگاریخوازی عه‌ره‌ب بووه‌ و هۆی  یه‌کخستنی بیروڕا و تێڕوانینه‌کانیان بووه‌، که‌رکووکیش بۆ کورد هه‌ر ئه‌و جێگه‌ و پایه‌یه‌ی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌. که‌ پرسی کورد له‌ باشووری کوردستاندا، له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه‌ تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌ و کورد نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ مه‌به‌ست و ئامانجه‌کانی، که‌رکووک گرێکوێره‌ی ئه‌و پرسه‌ بووه‌. که‌ کورد له‌گه‌ڵ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقدا هه‌ر له‌ دروستبوونی عیراقه‌وه‌ پێکنه‌هاتووه‌ و ناکۆک بووه‌، که‌رکووک هۆیه‌کی بنه‌ڕه‌تی بووه‌ له‌و ناکۆکی و پێکنه‌هاتنانه‌دا. به‌و هه‌ڵوێسته‌ سست و خه‌مسارد و سازشکارانه‌یه‌ی سه‌رانی ئێستای کورد، له‌ هه‌مبه‌ر که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی کوردستانی بنده‌ستی به‌عس، له‌ کاتی ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسدا نواندیان و به‌وه‌ی بۆ خۆیان و به‌ ده‌ستی خۆیان نه‌یانتوانی عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندنی که‌رکووک وه‌ده‌رنێن و به‌وه‌ی، ڕێژه‌ی ئه‌ندامانی کوردی ئوستانداریه‌تیی که‌رکووکیان به‌ ¼ ی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ دانا و به‌وه‌ش بۆ خۆیان کوردیان کرده‌ که‌مینه‌ و به‌وه‌ی، به‌ره‌ی تورکمانیی شۆڤینیستی دژ به‌ کوردی نۆکه‌ری تورکیایان له‌گه‌ڵ خۆ برده‌وه‌ که‌رکووک و به‌وه‌ی، به‌ قانوون و به‌ په‌نجه‌مۆری خۆیان، قایلبوون به‌ مانه‌وه‌ی که‌رکووک له‌ ده‌رێی سێ ئوستانه‌که‌ی دیکه‌ی کوردستان و که‌رکووک بۆی نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ ئوستانه‌دا فیدرالییه‌ک پێکبهێنێت، به‌وانه‌ و به‌ زۆر شتی دیکه‌، سه‌رانی کورد بۆ خۆیان کێشه‌ی که‌رکووکیان هێنده‌ی دیکه‌ سه‌خت و ئاڵۆز کرد و کارێکی وایان کرد که‌، به‌و هه‌موو هێز و سه‌قامگیری و له‌شکر و په‌رله‌مان و ئابووری و سیاسه‌تکار و گه‌ل و حیزبانه‌وه‌، که‌ هه‌یانه‌ و له‌گه‌ڵیاندان، ئه‌مان بۆ خۆیان له‌به‌رده‌م عیراقییانی تا دوێنێی په‌ڕیوه‌ و ئاواره‌ی هه‌موو عه‌ردێکی ئه‌م جیهانه‌دا، بپاڕێنه‌وه‌ و له‌وان داوای که‌رکووک بکه‌ن. من پێموایه‌ ئه‌مه‌ شه‌رمه‌ و ئه‌مه‌ کێماسییه‌ و ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ڕی دۆڕانی سیاسییه‌، چونکه‌ ده‌بوو ئێستاکه‌ ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بووایه‌ و ده‌بوو ئێستا عیراقییه‌کان هاتبانه‌ کوردستان و له‌ که‌رکووک(وه‌ک پێته‌ختی کوردستان)، له‌ سه‌رانی کورد و له‌ گه‌لی کورد داوای لێخۆشبوونیان کردبا و بپاڕابانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی کورد قسه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ بکات، یا ڕێگه‌ به‌ خزمه‌کانیان(عه‌ره‌به‌ چێنراوه‌کان) بدات، تا جلک و جه‌واڵیان بپێچنه‌وه‌ و به‌ بێ شه‌ق و دارکاری و تێهه‌ڵدان و خۆڵه‌که‌وه‌ودۆ به‌سه‌رداکردن که‌رکووک به‌جێبهێڵن. ئێستا ڕێک پێچه‌وانه‌یه‌. ئێستاکه‌ له‌ دوای ڕووخانی سه‌ددامه‌وه‌، سه‌رانی کورد، "دروستکردنه‌وه‌ و بیناکردنه‌وه‌ و دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق"، بووه‌ته‌ ویرد و سه‌ڵاواتی سه‌ر زاریان و په‌یتاپه‌یتا وه‌ک بنێشته‌خۆشه‌ ده‌یجوونه‌وه‌ و ده‌یڵێنه‌وه‌، له‌ کاتێکدا ده‌بوو هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه‌ ته‌واوی کار و کۆشش و هزر و ئاوه‌زیان بۆ ڕووخاندن و داته‌پینی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی، که‌ نێوی عیراقی لێ نراوه‌، ته‌رخان کردبا. ده‌بوو هه‌وڵی هێنانه‌گۆڕێی هه‌موو هه‌لومه‌رجێکی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و عیراقه‌یان دابا. ده‌بوو خه‌ڵکی کوردیان هاندابا بۆ ڕێپێوان و خۆپێشاندانی به‌رده‌وام بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی باشووری کوردستان. ئێستاکه‌ ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌که‌ن. ئێستاکه‌ ئه‌مان(سه‌رانی کورد) چاکیان لێ هه‌ڵماڵیوه‌ و وه‌دووی عیراقییه‌کاندا هه‌ناسه‌یان سوار بووه‌ و هه‌ڕا ده‌که‌ن و داوای "فیدرالی" و "که‌رکووک" و ...یان لێ ده‌که‌ن. یه‌کێک له‌و شته‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ و سه‌رسووڕهێنه‌رانه‌ی، که‌ مرۆڤ ده‌بێ بیری لێ بکاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، به‌شێکی ئه‌و قانوونی"58"ه‌ی، که‌ کورد باسی لێوه‌ ده‌کات، گه‌ڕانه‌وه‌ی شارۆچکه‌ و قه‌زا و ناحیه‌ و ده‌ڤه‌ره‌کانی جاران(پێش عه‌ره‌باندن)ی سه‌ر به‌ که‌رکووکه‌ بۆ سه‌ر که‌رکووک. سیان له‌و قه‌زایانه‌ (چه‌مچه‌ماڵ، که‌لار، کفری) هه‌ر له‌ 1991ه‌وه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی کارگێڕیی حوکوومه‌تی کوردستان(سلێمانی)دان، که‌چی تا ئێستا نه‌توانراوه‌ ئه‌و قه‌زایانه‌ بخرێنه‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک. ناحیه‌کانی قه‌ره‌ته‌پپه‌ و جه‌باره‌ و کۆکس و گونده‌کانیان، که‌ سه‌ر به‌ "کفری"ن و جارانیش سه‌ر به‌ که‌رکووک بوون و ئێستاکه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی کوردستان(سلێمانی)دان، هێشتا نه‌خراونه‌ته‌وه‌ سه‌ر قه‌زای کفری. مه‌خموور، که‌ تا 1996 سه‌ر به‌ هه‌ولێر بوو و پاشان ڕێژیمی به‌عس خستییه‌ سه‌ر مووسڵ و ئێستاش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی کوردستان(هه‌ولێر)دایه‌، هێشتا نه‌خراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر هه‌ولێر. من پێموایه‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ئه‌و قه‌زا و ناحیانه‌ و به‌ بڕیارێکی حوکوومه‌ته‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی، ده‌بوو بۆ خۆیان بڕیاری به‌جێهێنان و جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕگه‌قانوونه‌ی، که‌ پێوه‌ندی به‌و باسه‌وه‌ هه‌یه‌ دابا و کارگێڕی ئه‌و قه‌زا و ناحیانه‌ هه‌ر بۆ خۆیان، پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵ کارگێڕی عیراقدا پساندبا و ته‌واوی پێوه‌ند و نامه‌ و قسه‌ و باسیان له‌گه‌ڵ حوکوومه‌ته‌کانی کوردستاندا گرێ دابا و ڕووی ده‌میان له‌وان کردبا. سه‌رانی کورد، که‌ هێشتا بۆ خۆیان ئه‌وه‌یان نه‌کردبێت، ئیدی چۆن چاوه‌نۆڕن عیراقییان، به‌ "حوسن و مه‌حزی ڕه‌زای خۆیان" و هه‌روا به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری که‌رکووک، که‌ هه‌موو جیهان هه‌ر به‌ ناوهێنانی لیکی به‌ده‌مدا دێته‌ خوارێ، ببن!. ته‌واوی ئه‌و قانوون و کارانه‌ی ڕێژیمی به‌عس بۆ گۆڕینی سیمای که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستان، دایاننابوون و کردوویانن، ده‌بوو سه‌رانی کورد هه‌ر له‌ یه‌که‌م ساتی ڕووخانی ئه‌و ڕێژیمه‌وه‌، هه‌ر هه‌موویان سڕیبایه‌وه‌ و تووڕهه‌ڵدابا و له‌گۆڕ نابا. له‌ وڵات(عیراق)ێکدا، که‌ ئه‌سڵه‌ن زۆڵه‌ک و بیژییه‌، سه‌رانی کورد ده‌بوو، ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسیان به‌ ڕووخان و داته‌پینی ده‌وڵه‌تی عیراق و قه‌واره‌ی عیراق و بیری عیراقیه‌تییان دانابا و هه‌وڵی له‌گۆڕنانی ئه‌و عیراقه‌یان دابا. به‌ وه‌ها بیرکردنه‌وه‌ و کردارێک، که‌رکووک ده‌بووه‌وه‌ کوردستان و کوردستانیش ئازاد ده‌بوو. که‌ که‌رکووک وه‌ک خاک و مێژوو و جوگرافیا و...کوردستان بێت، ئیدی شه‌رمه‌ بۆ سه‌رانی کورد باسی ئه‌وه‌ بکه‌ن، که‌ به‌ ئامار و ڕای خه‌ڵک و ده‌نگدان و...کوردستانیبوونی که‌رکووک بسه‌لمێندرێت. ئه‌گه‌ر عیراقییه‌کان (عه‌ره‌ب، تورکمان، ئاشووری، کلدان، ئه‌رمه‌ن، عیسایی، شیعه‌، سوننه‌، مه‌ندائی و...)، به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ سه‌ر کوردستان و به‌ کوردستانیبوونی که‌رکووک قایل نابن، ئیدی شه‌رمه‌ بۆ سه‌رانی کورد هێنده‌ درێژدادڕی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ن. سه‌رانی کورد ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نگ پرسی کورد و کوردستانیبوونی که‌رکووکه‌وه‌ن و ئه‌گه‌ر بیر له‌ پایه‌ و کورسی و ناو ناکه‌نه‌وه‌ و به‌غدا و عیراق به‌هه‌ند وه‌رناگرن و پێیان شت نیین، پێموایه‌ تاکه‌ یه‌ک ڕێگه‌یان له‌ به‌رده‌ستدا ماوه‌ و ئه‌ویش تاکه‌ ڕێگه‌یه‌کی دروست و کوردانه‌یه‌، ڕێگه‌ی خۆکێشانه‌وه‌یه‌ له‌ به‌غدا له‌و گفتوگۆ بێئه‌نجام و بێبه‌رانه‌ و له‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵات و کارگێڕییه‌ عیراقییه‌که‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ کوردستان و بۆ ڕای گشتیی خه‌ڵکی کورد و ویژدانی مرۆڤی کورد. به‌وه‌ش کورد، ئه‌گه‌ر شتێک له‌ده‌ست بدات، ئه‌وا کۆت و به‌ندی عیراقیه‌تییه‌که‌یه‌تی و هیچی دیکه‌، به‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌و کۆت و به‌ندانه‌ش ده‌بێته‌وه‌ خاوه‌نی خۆی. چاره‌سه‌رنه‌کردنی پرسی که‌رکووک و نه‌گێڕانه‌وه‌ی بۆ ئامێزی کوردستان به‌ یه‌کجاره‌کی و دواخستنی بۆ کاتێکی دیکه‌ و دواتر و دوای ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌، ته‌نێ بیانوو و گاڵته‌کردنه‌ به‌ پرسی که‌رکووک و  به‌ خه‌ڵکی کورد و درێژه‌دانه‌ به‌ عه‌ره‌باندن و دابڕینێتی له‌ کوردستان. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد به‌ دواخستنی چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و پرسه‌ چاره‌نووسازه‌، هه‌ڵه‌کانی ده‌یان ساڵه‌ی سیاسه‌تی کورد دووپات ده‌کاته‌وه‌ و تاوانێکه‌ له‌هه‌مبه‌ر دواڕۆژی کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌یکات. ئه‌گه‌ر باشووری کوردستان و عیراق ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری ڕووبارێک بن و به‌ یه‌ک تاڵه‌موو پێکه‌وه‌ گرێ درابن، چاره‌سه‌ری  یه‌کجاره‌کی که‌رکووک و دواڕۆژی باشووری کوردستان، به‌ گڕتێبه‌ردانی ئه‌و تاڵه‌مووه‌یه‌، به‌ گڕیی ئاگره‌ هه‌میشه‌  زیندووه‌که‌ی باوه‌گوڕگوڕ.                                                                                                                   


15/3/2005

Saturday, February 26, 2005

پایته‌خته‌که‌ی نێو دڵ

پایته‌خته‌که‌ی نێو دڵ

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌و  پرۆژه‌قانوونه‌ی فیدرالی، که‌ هه‌ردوو زلحیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان په‌سه‌ندیان کرد و پێکه‌وه‌ مۆریان کرد و دایانه‌ عیراقییه‌کان، که‌رکووک به‌ پایته‌ختی کوردستان، نێو ده‌برێت. ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین ڕووخا و که‌رکووک ڕزگاری بوو، به‌ڵام هه‌ردوو زلحیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان له‌وه‌ی، که‌ که‌رکووک پایته‌ختی کوردستان بێت، په‌شیمان بوونه‌وه‌. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکه‌ نه‌ که‌رکووک و نه‌ ده‌ڤه‌ره‌کانی سه‌ر به‌ که‌رکووک (خورماتوو، کفری، که‌لار، چه‌مچه‌ماڵ) و نه‌ خانه‌قین و مه‌نده‌لی و شه‌نگال و ته‌نانه‌ت مه‌خمووری تا دوێنێی سه‌ر به‌ هه‌ولێریشیان بۆ نه‌خرایه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان. ئێستا پاش ئه‌وه‌ی باشووری کوردستان کرایه‌وه‌ به‌ عیراق و پاش ئه‌وه‌ی کوردی باشوور عیراقێنرانه‌وه‌، سه‌رانی کورد، وا به‌ کاوه‌خۆ خه‌ریکن کورد به‌وه‌ قایل بکه‌ن، که‌ به‌ڵێ که‌رکووک له‌ نێو دڵی کورددایه‌ و له‌ نێو دڵدا پایته‌خته‌. له‌ گفتوگۆیه‌کیدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ئه‌ڵمانی"Die Welt"[1]،  مه‌سعوود بارزانی ده‌ڵێت:"که‌رکووک ته‌نیا له‌ دڵی ئێمه‌دا پایته‌ختی کوردستانه‌". ئه‌مه‌ی مه‌سعوود بارزانی ده‌یڵێت، مراندن و ساردکردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی مرۆڤی کورده‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ ڕێک وه‌ک {من رﺃﻯ منکم منکرا فلیغیره بیده ﻔﺈن لم یستطع فبلسانه ﻔﺈن لم یستطع فبقلبه وذلك ﺃﻀﻌﻑ الایمان}ه‌، واته‌: {ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌ ئێوه‌ خراپه‌یه‌کی بینی، با به‌ ده‌ستی خۆی بیگۆڕێت، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی با به‌ زمانی بیگۆڕێت، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی با دڵی بیگۆڕێت، ئه‌وه‌ش لاوازترین بڕوایه‌}. ئه‌گه‌ر که‌رکووک له‌ دڵدا پایته‌ختی کوردستان بێت، ئه‌وه‌ لاوازترین و بێده‌سه‌ڵاترین و بێواتاترین هه‌سته‌ له‌هه‌مبه‌ر که‌رکووک. ئه‌وه‌ کاڵکردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی که‌رکووک و سڕینه‌وه‌یه‌تی له‌ مێشک و هزر و بڕوای مرۆڤی کورددا. سه‌رانی کورد، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی که‌ قانوونی کاتیی عیراقیان مۆر کرد و به‌ندی 58 یان قه‌بووڵ کرد و قایل بوون به‌وه‌ی سێ ئوستان(بێ که‌رکووک) بتوانێت هه‌رێمێکی فیدرالی چێ بکات و کوردیان له‌ ئه‌نجومه‌نی باژێڕی که‌رکووکدا به‌ 25% دانا و عه‌ره‌بی که‌رکووکیان هێشته‌وه‌، ئیدی هه‌ر له‌وده‌مه‌ی ڕا، که‌رکووکیان وه‌ک پایته‌ختی کوردستان، ته‌نێ له‌ دڵی کورددا هێشته‌وه‌ و به‌ واقیع دایانه‌ ده‌ستی عیراقییه‌کانه‌وه‌. ئێستاش هیچ یه‌کێک له‌ سه‌رانی کورد ڕێکوڕه‌وان نه‌یگوتووه‌ و ناڵێت، که‌ که‌رکووک کوردستانه‌ و بڕایه‌وه‌. جارێک ده‌ڵێن:"که‌رکووک شاری پێکه‌وه‌ ژیانه‌". جارێکی دیکه‌ ده‌ڵێن:"که‌رکووک شاری برایه‌تییه‌". جارێکی تر ده‌ڵێن:"که‌رکووک شارێکی عیراقییه‌ و ناسنامه‌که‌ی کوردستانییه‌". جارێکیش"که‌رکووک قودسی کوردستانه‌" و جارێکی دیکه‌ش "که‌رکووک دڵی کوردستانه‌". ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد، وه‌ک خه‌ڵکی کورد، بڕوایان به‌وه‌ هه‌بێت، که‌ که‌رکووک وه‌ک خاک کوردستانه‌، ئیدی هیچ به‌ڵگه‌ و پاساو و منجه‌منج و چپه‌ و لێوه‌له‌رزه‌یه‌کی نه‌گه‌ره‌که‌ و با ڕێکوڕه‌وان و بێ دوودڵیی بڵێن که‌رکووک کوردستانه‌. که‌ وا نه‌ڵێن، ئه‌وا ئیدی که‌رکووک ته‌نێ له‌ دڵدا ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ره‌به‌ره‌ و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ، ئه‌و دڵانه‌ش بێهێز ده‌بن و له‌ لێدان ده‌که‌ون و نێوی که‌رکووکیش ڕه‌نگه‌ ئیدی به‌ بیردا نه‌یه‌ت.
هه‌ر له‌و گفتوگۆیه‌یدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ئه‌ڵمانی"Die Welt"،  مه‌سعوود بارزانی،  بێجگه‌ له‌ پرسی که‌رکووک، که‌ ته‌نێ له‌ دڵدا هێشتییه‌وه‌ و کردی به‌ پرسێکی دڵه‌کی، باس له‌وه‌ش ده‌کات، که‌ خۆی ده‌بێته‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و نێچیرڤان بارزانی ده‌بێته‌ سه‌رۆکی حوکوومه‌تی یه‌کگرتووی کوردستان و جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌بێته‌ سه‌رۆکی عیراق و ئه‌و حوکوومه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌ی کوردستانیش _ که‌ سێ چوار وه‌زاره‌ته‌ گرنگه‌کانیان یه‌کناگرنه‌وه‌ _  دوو پایته‌ختی ده‌بێت و هه‌ردوو پایته‌خته‌که‌ی ئێستا(هه‌ولێر و سلێمانی) هه‌ر وه‌ک خۆیان ده‌مێننه‌وه‌. لێره‌دا ته‌نێ دهۆک،  بێ پایه‌ و بێ به‌رپرسیاریه‌تیی ده‌مێنێته‌وه‌ و نابێته‌ پایته‌خت. سه‌ره‌تای ساڵانی 1980کان، کاک "عوسمانی قادر مونه‌ووه‌ر"، یادی به‌خێر، که‌ به‌ "خاڵه‌ عه‌ففان" ناسراوبوو و ساڵانێکی دواتر به‌ ده‌ستی جه‌لالیستان شه‌هید کرا، فه‌رمانده‌یه‌کی پێشمه‌رگه‌یی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان بوو. جارێکیان کار به‌ سه‌ر پێشمه‌رگه‌کانی ده‌سته‌که‌ی خۆیدا دابه‌ش ده‌کات و به‌ یه‌کێک ده‌ڵێت تۆ فه‌رمانده‌ی که‌رتی و به‌وی دیکه‌ ده‌ڵێت تۆ به‌رپرسی فڵانه‌ شتیت و به‌ یه‌کێکی دیکه‌ ده‌ڵێت تۆ به‌رپرسی شتێکی دیکه‌یت و کار و به‌رپرسیی بۆ هه‌موویان دابین ده‌کات. یه‌کێکیانی له‌ یاد ده‌چێت و هیچ به‌ر‌پرسییه‌کی پێ ناسپێرێت. ئه‌ویش ده‌ڵێت،  کاک عوسمان ئه‌ی من، منت له‌بیر چوو ئه‌ی من چیم؟. کاک عوسمانیش ده‌ڵێت: "تۆیش حه‌یاته‌که‌یت". به‌و جۆره‌ دڵی که‌سیان نائێشێنێت و کار بۆ هه‌موویان داده‌نێت. ده‌کرێ دهۆکیش وه‌ک پێشمه‌رگه‌که‌ی له‌مه‌ڕ کاک عوسمانی قادر مونه‌ووه‌ر، پایه‌ی"حه‌یاته‌که‌" وه‌رگرێت.
26/2/2005




 ، 25/2/2005.    http://klawrojna.com/، ماڵپه‌ڕی   24/2/2005    http://www.peyamner.com/ ماڵپه‌ڕی   [1]

Tuesday, December 28, 2004

نانۆ

نانۆ
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئوولۆف پاڵمێ(30/1/1927-28/2/1986)، سه‌رۆکوه‌زیرانی پێشووی سوێد، له‌ جه‌ژنی له‌دایکبوونی مه‌سیحدا، له‌ 1972دا ده‌ڵێت:"مرۆڤ ده‌بێ شته‌کان به‌ ناوی خۆیانه‌وه‌ ناو ببات. ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ڤیێتنامدا ڕووده‌دات، جۆرێکه‌ له‌ ئه‌شکه‌نجه‌، هه‌ربۆیه‌ش بۆمببارانکردنی ئه‌وێ تاوانێکه‌. نموونه‌ی وه‌ک ئه‌و تاوانه‌مان زۆره‌ له‌ مێژووی نوێدا و به‌گشتییش گرێدراوی ناوێکن. گێرنیکا، ئۆرادوور، بابیژژار، کاتین، لیدیچه‌، شه‌رپڤیللێ، ترێبلینکا. له‌و شوێنانه‌دا زۆر و توندوتیژی شایی بۆ گێڕدراوه‌، به‌ڵام دوای وه‌ده‌نگهاتنی جیهان و تاوانبارکردنیان، سه‌خت و گران که‌وتوون له‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی، که‌ به‌رپرسیاریی ئه‌و تاوانانه‌یان هه‌ڵگرتبوو. ئێستاش ناوێکی نوێ ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌و ڕیزه‌ناوانه‌  هانۆی 1972". پاڵمێ له‌ تاوانه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و نازیزم و فاشیزمی ئه‌وروپا ده‌دوێت و پێیوایه‌ ده‌بێ هه‌موو شتێک به‌ ناوی خۆیه‌و ناو ببرێت و بانگ بکرێت. تۆ ناتوانیت به‌ زیندانیی بڵێی ئازاد و به‌ دیکتاتۆر بڵێی دیموکرات و به‌ ئه‌نارکیست بڵێی نازیست و به‌ جووله‌که‌ بڵێی بوودایی و به‌ ماسی بڵێی میوه‌ و به‌ جاش بڵێی شۆڕشگێڕ. تۆ ناتوانیت گیڤارا و باتێستا، یه‌زید و ئیمام حوسه‌ین، خالید ئه‌حمه‌د زه‌کی  و نازم گزار، ئارام و شێخ جه‌عفه‌ر به‌رزنجی، وه‌ک یه‌ک ناو ببه‌یت و بیانخه‌یته‌ ڕیزی یه‌که‌وه‌ و وه‌ک هاوتا ته‌ماشایان بکه‌یت. هه‌ر شته‌و هه‌رکه‌سه‌و ناوی خۆی هه‌یه‌ و به‌و ناوه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌.                                                                      
*****
ئه‌وه‌ی داوا له‌ تۆ و خه‌ڵکانی دیکه‌ و من ده‌کات، که‌ له‌ نووسین و ناوهێنانی خه‌ڵکدا، ئیدی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ هه‌رچییه‌ک بن، سه‌رکرده‌ یا بنکرده‌، سیاسی یا کووتاڵفرۆش، هونه‌رمه‌ند یا شیولێنه‌ر، نووسه‌ر یا شۆفێر، شاعیر یا بۆیاخچی،  مامۆستا یا وه‌رزێر، ده‌ست بپارێزین و که‌متر ناو ببه‌ین و ڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه‌ نه‌گرین و پێچه‌ڵپێچ بۆ شته‌کان بچین و ڕێکوڕه‌وان شته‌کان نه‌درکێنین و ڕازه‌کان نه‌که‌ینه‌وه‌ و په‌رده‌کان هه‌ڵنه‌ماڵین، ئه‌و داوای ئه‌وه‌مان لێ ده‌کات، که‌ ڕاستگۆ نه‌بین له‌ گوتاره‌کانماندا. داوای ئه‌وه‌مان لێ ده‌کات، که‌ سازشکارانه‌ له‌ دیارده‌کان، له‌ شته‌کان، له‌ په‌یڤه‌کان، له‌ کرداره‌کان، له‌ هه‌ڵوێسته‌کان بنۆڕین و بدوێین، یا خۆمانی لێ که‌ڕ که‌ین. داوای ئه‌وه‌مان لێ ده‌کات، که‌ دووڕوو و مه‌راییکار و خۆگه‌هێن و نانۆ بین. زۆرێک له‌و گه‌وره‌نووسه‌رانه‌ی، که‌ باسیان له‌ ڕۆمانی"نانی پێخاوس/الخبزالحافي"ی نووسه‌ری مه‌غریبی موحه‌ممه‌د شوکری و نووسینه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ کردووه‌، پێیانوایه‌، ئه‌وه‌ی شوکری ده‌ینووسێت، هی ئه‌وه‌ نییه‌ بکرێته‌ کتێب، یا هی ئه‌وه‌ نییه‌ بڵاوبکرێته‌وه‌، یا هێشتا کاتی نه‌هاتووه‌، یا به‌ نه‌ریت و ڕه‌وشتی جڤاک نامۆیه‌ و له‌ شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ و زمانی جڤاکی مه‌غریب و عه‌ره‌ب و ئیسلامه‌وه‌ دووره‌، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوکری، که‌سه‌کانی نێو ڕۆمان و چیرۆکه‌کانی ڕووت ده‌کاته‌وه‌ و کۆمه‌ڵگه‌ به‌ ڕووتی پێشان ده‌دات و ڕووت ده‌په‌یڤێت. توێکڵ وه‌به‌ر ئاخافتنه‌کانی ناکات و سڵ له‌ که‌س و له‌ هیچ نه‌ریت و ڕێسایه‌ک ناکاته‌وه‌. ئه‌و ناخی مرۆڤ ده‌کاته‌وه‌ و پێشان ده‌دات. ڕاسته‌وخۆیی و ده‌سبه‌جێی و هه‌ڕه‌مه‌کی و قسه‌له‌ڕوویی، ڕاستگۆییه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ ژێر لێوه‌وه‌ قسه‌ ده‌کات و ئه‌وه‌ی منجه‌منج ده‌کات و قسه‌ ده‌گوڵمێنێت، له‌به‌ر کۆمه‌ڵێک به‌رژه‌وه‌ندی که‌سه‌کی و شتی تایبه‌ت، خۆی له‌ گوتنی ڕاستییه‌کان ده‌دزێته‌وه‌. منجه‌منجکه‌ر و قسه‌گوڵمێن و له‌ژێرلێوه‌وه‌ قسه‌که‌ر، مرۆڤگه‌لێکی ناڕاست و نه‌وێر و سازشکارن. ئه‌وه‌ی له‌ ڕاستی بێده‌نگه‌ شه‌یتانێکی لاڵه‌"الساکت عن الحق شیطان ﺃخرس". من نووسه‌ری "بێحه‌یا"م[1] خۆش ده‌وێت، چونکه‌ ده‌زانم ڕاستگۆیه‌. من که‌ موحه‌ممه‌د شوکری ده‌خوێنمه‌وه‌، له‌گه‌ڵیدا به‌  کووچه‌ و کۆڵانه‌کانی ته‌نجه‌دا ده‌گه‌ڕێم و ته‌واوی به‌نگکێش و مه‌ینۆش و دز و برسی و سۆزانی و به‌دمه‌ست و لانه‌واز و بێده‌ره‌تان و په‌راوێزینراو و که‌نارخراوی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌م دێنه‌ به‌رچاو و ده‌یانبینم و هه‌ست ده‌که‌م له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیم. ئه‌وه‌ بۆ خۆی ڕاستگۆییه‌ و ڕاستگۆیی نووسه‌رێکه‌، که‌ نه‌ خۆی و نه‌ خه‌ڵک ناخاپێنێت، به‌ڵکه‌ ڕێکوڕه‌وان له‌ دوڕ مه‌به‌سته‌که‌ی ده‌دات و ده‌یئه‌نگێوێت. من نووسه‌ری زمانتیژ و بوێرم خۆش ده‌وێت، که‌ خۆی له‌ هیچ ناڕاست و ناداد و ساخته‌کار و فریوده‌ر و درۆزنێک نابوێرێت و ده‌مامکه‌کانیان تووڕ هه‌ڵده‌دات و هه‌موو شتێک به‌ ڕووتی ده‌خوێنێته‌وه‌ و هه‌موو که‌سێک به‌ ڕووتی ده‌بینێت. من ڕووتی به‌ ڕاست ده‌زانم، نه‌ک پۆشاکی ساخته‌ و ده‌هۆ. ڕووتبووه‌نه‌وه‌م پێ ڕاستتره‌ له‌ چارشێوی ساخته‌کارانه‌ی درۆ و مه‌رایی. عه‌ره‌قخۆر و به‌نگکێشی گیرفانبه‌تاڵ و ده‌ستپاک و ڕاستگۆم پێ باشتر و شه‌ریفتره‌ له‌ نوێژخوێنی پێسکه‌ و پووڵخڕکه‌ره‌وه‌ و حاجیاغای قۆڵبڕ و فریوده‌ر و خاپێنه‌ر. مرۆڤێکم خۆش ده‌وێت توانستی هه‌ڵبژاردنی هه‌بێت و بتوانێت به‌ ڕه‌ش بڵێت ڕه‌ش و به‌ سپی بڵێت سپی. مرۆڤێکم خۆش ده‌وێت نه‌زار قه‌ببانی گوته‌نی، له‌ نێوان خۆشه‌ویستی و  ناخۆشه‌ویستیدا، یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرێت و هه‌ڵنه‌بژاردنیشی پێ ترسنووکیی بێت و دڵنیا بێت له‌وه‌ی له‌ نێوان به‌هه‌شت و دۆزه‌خدا ده‌ڤه‌رێکی ناوه‌ند نییه‌[2]. مرۆڤێکم خۆش ده‌وێت پرسیار بورووژێنێت و گومان ساز کات. که‌سانێکی وا، عه‌وداڵن و وه‌دووی ڕاستیدا وێڵن و له‌ بنجوبناوانی پرسه‌کان ده‌گه‌ڕێن و بۆ خۆیان ڕاستگۆن. سوێدییه‌کان زۆرجاران له‌ وه‌ڵامی هه‌ندێک پرسیاردا ده‌ڵێن: نییا"Nja"، که‌ ده‌کاته‌: نا + ئا، واته‌: نه‌ ده‌ڵێن: نا و نه‌ ده‌ڵێن: ئا، به‌ڵکه‌ ده‌ڵێن: نه‌ئا، که‌ هیچ واتایه‌ک ناگه‌یه‌نێت. سوێدییه‌کان، وشه‌یه‌ک له‌ زمانه‌که‌یاندا هه‌یه‌ پێی ده‌ڵێن "لاگۆم(Lagom)"، که‌ وه‌رناگێڕدرێته‌ سه‌ر هیچ زمانێکی ئه‌م جیهانه‌ و ئه‌گه‌ر زۆر لێی ورد بینه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ بکاته‌: نێوه‌ند، ناوه‌ڕاست، به‌ینه‌به‌ین، مامناوه‌ندی، نه‌ زۆر ئه‌م و نه‌ زۆر ئه‌و، تۆزێک ئه‌م و تۆزێک ئه‌و. ئه‌و وشه‌یه‌، واتایه‌کی ده‌ڵه‌مایی و شله‌تێنی ده‌گه‌یه‌نێت، که‌ هه‌رگیز ناتوانیت بزانیت، ڕێک چ ده‌گه‌یه‌نێت. به‌کاربردنی وه‌ها وشه‌یه‌ک له‌ زمانی سوێدیدا، ده‌کاته‌ خۆساغنه‌کرنه‌وه‌ و خۆیه‌کلانه‌کردنه‌وه‌ی مرۆڤی سوێدی و هێشتنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستێکی ناهه‌ڵوێستانه‌ی"نه‌ ئه‌ملا و نه‌ ئه‌ولا" و "ڕه‌نگه‌" و "له‌وانه‌یه‌ وابێت و له‌وانه‌یه‌ وانه‌بێت"، که‌ مرۆڤی سوێدی تێیدا به‌ناووده‌نگه‌.
*****
جاران که‌ باس له‌ سیاسه‌تکار و ڕه‌وشه‌نبیر ده‌کرا، بیری خه‌ڵک ده‌سبه‌جێ به‌ره‌ولای کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێکی شۆڕشگێڕ، نموونه‌یی، ماندوو، وه‌دووی به‌خته‌وه‌ره‌ی خه‌ڵکدا وێڵ، خوازیاری به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و خۆشگوزه‌رانی وڵات، ڕاستگۆ، قسه‌له‌ڕوو، کردارپاکژ، ده‌ستپاک و خاوه‌ن پرنسیپ و...ده‌چوو و خه‌ڵک ئه‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ی له‌ مرۆڤی ئاسایی پێ زیاتر بوو و وه‌ک پێشه‌نگ چاوی لێ ده‌کردن و تا ڕاده‌یه‌ک به‌ پیرۆزی ده‌زانین و پێیوابوو ئه‌و بابه‌ته‌ مرۆڤانه‌ هیچ شتێک له‌و جیهانه‌دا فریویان نادات و هه‌رگیز بۆ گرانبه‌هاترین شت خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ ناده‌ن و مل که‌چ ناکه‌ن و هه‌میشه‌ سه‌ربڵند و هه‌ڵۆئاسا به‌رز ده‌فڕن. ئێستا که‌ ته‌ماشای بازاڕی سیاسه‌تی کورد ده‌که‌یت و، که‌ ده‌نۆڕیته‌ سه‌رانی کورد و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان و، که‌ له‌ کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی به‌ ناو ڕووناکبیر و سه‌رته‌ڵی وڵاته‌که‌ت ورد ده‌بییه‌وه‌، کۆمه‌ڵێک مه‌راییکار و ساخته‌کار و دووڕوو و نانۆت دێنه‌ به‌رچاو، که‌ له‌گه‌ڵ داچه‌مینه‌وه‌ و گچکه‌بوونه‌وه‌ی خۆیاندا، به‌هاکانیش نزم ده‌که‌نه‌وه‌ و سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگه‌که‌ش نه‌وی و بێبایه‌خ ده‌که‌ن. که‌سانێک هه‌بوون، ساڵانێک جه‌لال تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان مسته‌فا و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانیان به‌ دیکتاتۆر و تاوانکار و خراپ و خیانه‌تکار ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م و پێیانوابوو، که‌ ئیدی ناکرێت بێده‌نگ بن"لم یعد الصمت ممکنا" و ده‌بێ ته‌واوی تاوان و کرده‌وه‌ ناکوردانه‌ و خراپکارییه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌رانی دیکه‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی و حیزبی یه‌کیه‌تیی له‌قاو ده‌ن و ڕۆکه‌ن. ئه‌مانه‌ له‌ دژی جه‌لال تاڵه‌بانی و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی و سه‌رانی، له‌گه‌ڵ شه‌یتانیشدا هاوکارییان ده‌کرد. ئه‌مانه‌ سه‌نگه‌ریان له‌ یه‌کیه‌تییان ده‌گرت و هه‌وڵی ڕووخانی یه‌کیه‌تیی و تاڵه‌بانییان ده‌دا و خۆیان به‌ به‌رۆگری تاڵه‌بانی و یه‌کیه‌تیی ده‌زانی و ئه‌وانیان به‌ خیانه‌تکار ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م و قاز و بۆق ئاسا ده‌یانقیڕاند و ده‌یانگوت: ئیدی بێدنگیی به‌سه‌! ئه‌مانه‌، هی وایان تێدایه‌، له‌ لایه‌ن یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی به‌ هاوکاری و پێوه‌ندبوون به‌ ڕێژیمی به‌غدای به‌عسه‌وه تاوانبار کراوه‌‌، په‌تپه‌تیی دنیایشی پێ کراوه‌ و  میز به‌ سه‌ر و چاویدا کراوه‌ و ئاوایی به‌ ئاوایی وه‌ک دیل گێڕدراوه‌ و هی وایان تێدایه‌ نازناوی "که‌ر"ی پێ به‌خشراوه‌ و هی وایان تێدایه‌ "وه‌ک توێکڵه‌ شووتیی کڕێنراوه‌ته‌وه‌" و هیچیان پێ نه‌هێشتووه‌ و هێ وایان تێدایه‌ هه‌رچی قسه‌ی ناشیرینه‌ پێیان کردووه‌، که‌چی ئێستاکه‌ ئه‌مانه‌، ئه‌م که‌ونه‌ ئاش (ئاڵای شۆڕش)انه‌، یه‌ک له‌ دوای یه‌ک و دوایه‌کیان و هه‌ر هه‌موویان ده‌ست له ‌سه‌رسینگ و ملکه‌چ و نۆکه‌رئاسا له‌ دیوه‌خانی تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌یدا لێی که‌وتوون و  له‌ خزمه‌ت جه‌لال تاڵه‌بانی و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستاندا ڕاوه‌ستاون و پاساو بۆ ته‌واوی ورد و درشتی گوتار و فه‌لسه‌فه‌ و دیدی جه‌لال تاڵه‌بانی و  یه‌کیه‌تیی ده‌هێننه‌وه‌ و داکۆکی له‌ هزر و ڕه‌وتار و کرداری ئه‌و حیزبه‌ نه‌یاره‌ ده‌که‌ن و کڕنووش بۆ ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ ده‌به‌ن، که‌ تا دوێنی دوژمنیان بوو. که‌ونه‌شاعیرێک، که‌ونه‌جه‌لالییه‌ک، که‌ونه‌کۆمۆنیستێک، که‌ونه‌خزمه‌تکارێکی به‌عس و...تاقیکه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ڕێگه‌کان، تا دوێنی به‌ هۆڕ و شه‌ڵتان و بار جنێو و قسه‌ی ناشیرینی به‌ پارتیی دیموکراتیی کوردستان و ماڵباتی بارزانی ده‌گوت و ده‌دا، که‌چی ئه‌وڕۆ له‌ دیوه‌خانی ماڵی بارزانیدا لێی که‌وتووه‌ و بووه‌ به‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ئه‌و نمره‌ی نیشتمانپه‌روه‌ریی به‌ سه‌ر خه‌ڵکدا ده‌به‌شێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ به‌ ناوی ماڵی بارزانی و حیزبه‌که‌ی ماڵی بارزانییه‌وه‌ قسان ده‌کات و ئه‌وه‌ فه‌رهه‌نگی کورد و ڕاگه‌یاندنی حوکوومه‌ته‌که‌ی ماڵی بارزانی په‌ره‌ پێ ده‌دات و په‌خش ده‌کاته‌وه‌. شاعیرێک، نووسه‌رێک، ڕۆژگارێک  ده‌هاته‌ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌ی عه‌بدوڵڵا ئوێجالان و، به‌ ناوی خیانه‌تکاری و تاوانی مه‌زنی دژ به‌ گه‌ل و وڵاته‌وه‌ داوای دادگاییکردنی مه‌سعوود بارزانی ده‌کرد و ئه‌گه‌ر ده‌ستی ڕۆیشتبا، هه‌ر ئه‌وده‌می بۆ خۆی له‌ ستۆدیۆی ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنه‌دا، په‌تی سێداره‌ی ده‌خسته‌ ملی مه‌سعوود بارزانی، که‌چی ئێستاکه‌ ده‌چێته‌ خزمه‌ت مه‌سعوود بارزانی و برازای مه‌سعوود بارزانی و له‌ دیوه‌خانی ئه‌واندا ده‌حه‌وێته‌وه‌. هونه‌رمه‌ندێک، که‌ قسه‌ و واژه‌ و ده‌ربڕین نه‌ما له‌ فه‌رهه‌نگی زمانی کوردیدا، دژ به‌ جه‌لال تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی و شێرکۆ بێکه‌س و ده‌سته‌که‌یان، به‌کاری نه‌بات و ته‌واوی کاره‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی هه‌نده‌رانی، گاڵته‌پێکردن بوون به‌ جه‌لال تاڵه‌بانی و هاوبیرانی و پێوه‌ری بۆ هه‌موو پێوه‌ندێکی خۆی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا، پێوه‌ندی ئه‌و که‌سانه‌ بوو له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌و حیزبه‌دا، ئه‌گه‌ر ئه‌وان پێوه‌ندیان به‌ یه‌کیه‌تییه‌وه‌ هه‌بووایه‌، ئه‌وا ئه‌م پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌قرتاند. قسه‌ی سه‌ری زمان و بنی زمانی، دژایه‌تیکردنی جه‌لال تاڵه‌بانی و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی بوو، که‌چی ئێستاکه‌ کزۆڵه‌کزۆڵه‌ و بچووکبچووک ده‌چێته‌ خزمه‌ت جه‌لال تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی و په‌سنیان ده‌دات و له‌ دیوه‌خانی ئه‌واندا داده‌به‌زێت. بازاڕی سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگی کورد ئه‌وڕۆ تژییه‌ له‌و نموونانه‌، که‌ په‌رۆشی خوانی ڕازاوه‌ و گیرفانی پڕ و خۆشگوزه‌رانین، ئیدی به‌ هه‌ر نرخێک بێت. ئه‌مانه‌ن نموونه‌ی "سیاسه‌تکار" و "ڕووناکبیر"ی کورد. ئه‌مانه‌ن خۆ به‌ نوێنه‌ری گه‌ل و ویژدانی خه‌ڵک ده‌زانن و گه‌ل چاوه‌ڕێی پێشخسنی کۆمه‌ڵگه‌ و ڕێپێشاندانیان لێ ده‌کات. ئه‌مانه‌ن خۆ به‌ پێشه‌نگ ده‌زانن و مۆچیاری و ڕه‌وشت و فه‌رهه‌نگ و هزر و دڵسۆزی و گوتار و کردار و بیری چاک به‌ سه‌ر کورددا ده‌به‌شنه‌وه‌ و نه‌وه‌ی کورد پێده‌گه‌یه‌نن و چاوه‌نواڕن خه‌ڵکی کورد چاویان لێ بکه‌ن!. ئه‌م جۆره‌ "سیاسی" و "ڕووناکبیر"انه‌، که‌ بۆ پۆست و پایه‌ و پاره‌ و پووڵ و ناو و ڕابواردن و ده‌سه‌ڵات و نێزیکبوونه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات، ئاماده‌ی هه‌موو شتێکن، هه‌رگیز ناکرێت ببنه‌ نموونه‌ و پێشه‌نگ و خه‌ڵک چاویان لێ بکات. ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر خزمه‌تێکیش، وه‌ک خۆیان بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، به‌ گه‌ل و وڵات بکه‌ن، ئه‌وا له‌ دید و فه‌لسه‌فه‌ی جێیخۆخۆشکردن و مشه‌خۆری و لامژییه‌وه‌ ده‌یکه‌ن و له‌ ڕوانگه‌ی که‌سه‌کی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و خۆویستییه‌وه‌ ده‌نۆڕنه‌ هه‌موو شته‌کان. ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر خزمه‌تێکیش، وه‌ک خۆیان بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، به‌ گه‌ل و وڵات بکه‌ن، ئه‌وا خۆره‌ و مۆری بن دار و دیوار ئاسا ده‌یکه‌ن و تا چۆڕی لێنه‌بڕن وازناهێنن و که‌ چۆڕیشیان لێ بڕی ئه‌وجا سه‌نگه‌ر و خانه‌ی دیکه‌ زۆرن. دیاره‌ خه‌ڵک، به‌و جۆره‌ خه‌ڵکانه‌یشه‌وه‌ ئازادن له‌وه‌ی چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و چ ده‌که‌ن و چۆن ده‌که‌ن و چ ده‌ڵێن، لێ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ ئازادییه‌که‌یان کار نه‌کاته‌ سه‌ر ئازادی خه‌ڵکی دیکه‌ و نه‌بنه‌ زمانی خه‌ڵکی دیکه‌ و خۆ به‌ پێشڕه‌و و ڕێبه‌ر و پێشه‌نگی خه‌ڵک نه‌زانن و ڕۆڵی مامۆستایه‌تی و به‌رنوێژکاری خه‌ڵک نه‌بینن، ئیدی خودای ده‌کرد بۆ پاره‌ و پووڵ و پایه‌ و ده‌سه‌ڵات هه‌ر چییه‌کیان له‌ ده‌ست ده‌هات ده‌یانکرد. من هه‌میشه‌ گوتوومه‌ و هه‌رده‌میش ده‌یڵێمه‌وه‌، هه‌ڵوێستی ڕووناکبیرانێک و سیاسییانێکی کۆمۆنیستی وه‌ک "مالیک سه‌یف" و "ڕه‌فیق چالاک" و "عه‌زیز ئه‌لحاج"ێکم، که‌ ده‌ستبه‌رداری حیزبه‌که‌ی خۆیان ده‌بن و پشتی تێ ده‌که‌ن، خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ حیزبه‌که‌ی خۆیان ده‌ده‌نه‌ ده‌ست ئاساییش و موخابه‌راتی حوکوومه‌تی نه‌یاریانه‌وه‌ و هه‌رگیز ناگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو حیزبه‌که‌ی خۆیان، چونکه‌ لێی دابڕوان و جنێویان پێ داوه‌، گه‌لێک پێ شه‌ریفتر و پیاوانه‌تر و ڕاستگۆیانه‌تر و بوێرانه‌تره‌، له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌و سیاسه‌تکار و ڕووناکبیرانه‌ی، که‌ بۆ ده‌سه‌ڵات و پاره‌ و له‌ پێناوی فه‌لسه‌فه‌ی نانۆیزمدا، هه‌موو شتێک ده‌که‌ن.
*****
من پێموایه‌، ئوولۆف پاڵمێ گوته‌نی، ئێمه‌ ده‌بێ شته‌کان به‌ ناوی خۆیانه‌وه‌ ناو ببه‌ین. ده‌بێ ڕاست و ڕه‌وان، ناڕاستی و ساخته‌کاری و سه‌رلێشێواندن و چه‌واشه‌کارییه‌کان ئاشکرا که‌ین و له‌ باسکردن و ناوهێنان نه‌سڵه‌مینه‌وه‌ و بێ پێچوپه‌نا هه‌موو شتێک بڵێین. ده‌گێڕنه‌وه‌، که‌ کابرایه‌ک به‌ سه‌ر و سه‌کوتی خوێناوی و شکاوه‌وه‌ به‌ نێو گوندێکدا تێده‌په‌ڕێت. له‌به‌ر ده‌رگای ماڵێک ژنێک، که‌ دانیشتووه‌ و خجڵی کارێکه‌ له‌ کابرا ده‌پرسێت: ئه‌یه‌ڕۆ ئه‌وه‌ برا بۆ وا خوێناوڵ بوویت و وات لێ هاتووه‌؟ کابراش ده‌ڵێ: به‌خوا له‌ سه‌ر قسه‌ی حه‌ق. ژنه‌ ده‌ڵێ: جا چۆن له‌ سه‌ر قسه‌ی حه‌ق مرۆڤ وای لێ ده‌کرێت! کابرایش ده‌ست بۆ نێوگه‌ڵی ژنه‌ درێژ ده‌کات و ده‌ڵێ: تووخوا دایکم ئه‌وه‌ کوز نییه‌! ژنه‌ ده‌سبه‌جێ مه‌نجه‌ڵێکی له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت، ده‌یکێشی به‌ سه‌ر کابرادا و ده‌ڵێ: ده‌ک عه‌مرت نه‌مێنێت هیچ و پووچی خوێڕی، جا ئه‌وه‌ قسه‌یه‌! کابراش ده‌ڵێ: ده‌ی نه‌مگوت له‌ سه‌ر قسه‌ی حه‌ق وام لێ کراوه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ قسه‌ی حه‌ق نییه‌، خۆ درۆم نه‌کردووه‌. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بێ پێچوپه‌نا هه‌موو شتێک نه‌ڵێین و هه‌رچی بیرواڕامان هه‌ن قووتیان ده‌ین و بۆچوونه‌کانمان هه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ی خۆماندا بهێڵینه‌وه‌ و به‌ ساخته‌کار و فریوده‌ر و خاپێنه‌ر و مشه‌خۆر و هه‌لپه‌رست و خۆگه‌هێن و وه‌دووی به‌رژه‌وه‌ندی که‌سه‌کیدا وێڵ و ڕێوێڵکار و سه‌رلێشێوێنه‌ری سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگ، بڵێین ڕاستگۆ و شۆڕشگێڕ و زیره‌ک و ده‌ستپاک و خاوێن و خاوه‌ن شه‌هید و کوڕه‌خاسه‌ و چ سنوورێک له‌ نێوان ئه‌وانه‌دا دانه‌نێین و نه‌بینین، ئه‌وا ئیدی ده‌بێ بێجگه‌ له‌ فریوخواردن و خاپاندن و کڵاوله‌سه‌رنان، چاوه‌ڕێی یه‌ک شتی دیکه‌ نه‌که‌ین، چونکه‌ به‌ بێده‌نگی و به‌ شه‌رمکردن و به‌ خۆخواردنه‌وه‌ و به‌ نه‌وێرانمان، ته‌نێ زاڵبوونی دید و فه‌لسه‌فه‌ی ساخته‌کاری بره‌و  پێ ده‌ده‌ین و به‌هێز ده‌که‌ین. ئێمه‌ به‌ نه‌گوتنی ڕاستی و ناونه‌بردنی شته‌کان و دیارده‌کان و که‌سه‌کان به‌ ناوی خۆیانه‌وه‌، به‌شداری له‌ به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤی نانۆ و نه‌وه‌ی نانۆ و کۆمه‌ڵگه‌ی نانۆ و فه‌رهه‌نگی نانۆدا ده‌که‌ین.                                                                                 

  * نانۆ: به‌واتای، هه‌لپه‌رست، خۆگه‌هێن، مه‌راییکار، ساخته‌کار، سازشکار، مشه‌خۆر، تیکڵ، لامژ، فریوده‌ر، چڵێس، هه‌ڵپه‌کار، چاوتێرنه‌بوو(چاوبرسی)، دووڕوو و...دێت.                                           
28/12/2004 









 بێحه‌یا، به‌ گوته‌ی ناحه‌زانیان، ده‌نا ئه‌وان به‌ نووسه‌رانی بوێر و توانا و ڕاستگۆ ده‌ڵێن بێحه‌یا.[1]
‌[2]  نه‌زار قه‌ببانی ده‌ڵێت:"إختاري الحب أو اللاحب فجبن أن لا تختاري..لاتوجد منطقة وسطﻰ ما بین الجنة‌ والنار".                                                                                                                                                                           

Thursday, December 23, 2004

پیاوێکی هه‌میشه‌به‌هاره


پیاوێکی هه‌میشه‌به‌هاره
‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

وا بۆ چه‌ند مانگ ده‌چێت، به‌ ده‌گمه‌ن ڕۆژێک هه‌یه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی، پێشوازی له‌ کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک نه‌کات و بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێک قسه‌یان بۆ نه‌کات. جه‌لال تاڵه‌بانی، هه‌ر بۆ خۆی قسه‌ ده‌کات و ئه‌وانه‌ی دێنه‌ کنی ته‌نێ گوێ ده‌گرن. ئه‌و، هێنده‌ی ده‌ڵێ، هێنده‌ بیر ناکاته‌وه‌. که‌متر شتی نوێ ده‌ڵێ و پتر قسه‌کانی سه‌دباره‌ ده‌کاته‌وه‌. له‌ دیرۆک و سیاسه‌ت و ئایین و ئایینزا و ئه‌ده‌ب و کشتوکاڵ و بازرگانی و ئابوورییه‌وه‌ پێدا دێت تا ده‌گاته‌ پرسی ژنان  و هونه‌ر و سروشت. زۆر گه‌شبینانه‌ ده‌نۆڕێته‌ هه‌موو پرسه‌کان و چاره‌سه‌ر بۆ ته‌واوی گیروگرفت و پرس و کێشه‌کان ده‌بینێته‌وه‌ و هیچی له‌کن سه‌خت نییه‌ و هه‌رچی گرێکوێره‌یه‌ گه‌لێک به‌ هاسانی ده‌یانکاته‌وه‌، وه‌لێ کێشه‌کانیش هه‌ر له‌ جێگه‌ی خۆیاندان. به‌ڵێنی زۆر مه‌زن ده‌دات و به‌ کرده‌وه‌یش که‌میان وه‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت. دڵی یه‌ک که‌س ناشکێنێت و هه‌مووان له‌خۆ ڕازی ده‌کات و هه‌مووان ده‌کاته‌ شۆڕشگێڕ و خه‌باتکار و خودان دێرۆک و  پاشخانپاکژ و فریشته‌ و ده‌ست به‌ سه‌ر شانی هه‌موواندا دێنێت. جه‌لال تاڵه‌بانی، گه‌ش و ده‌مبه‌خه‌نده‌ و ئامێزکراوه‌، که‌ خۆی وه‌ژوورێدا ده‌کات و ماچ ده‌به‌شێته‌وه‌ و ماچ ده‌بارێنێت، ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ی له‌به‌ر قیت ده‌بنه‌وه‌ و به‌ خرمه‌ و هاڕه‌ی چه‌پڵه‌ و مامه‌ مامه‌ ڕووی لێ ده‌که‌ن و بۆی ده‌کرێنه‌وه‌ و ده‌پشکوون، سواڵه‌ی چه‌پڵه‌ ده‌دوورێته‌وه‌ و مه‌ڵۆی ده‌نگ خڕ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌سکه‌نه‌ی لایه‌نگر ده‌کات. ئه‌و دیمه‌نه‌ ڕۆژانه‌یه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و ئه‌وانه‌ی دێنه‌ کنی، له‌ کوردساته‌وه‌ خۆ ده‌که‌ن به‌ نێو ماڵی به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی  کورددا و تاڕاده‌یه‌ک خه‌ڵک هه‌م دیمه‌نه‌کان و هه‌م قسه‌کانی ئه‌ویشیان له‌به‌ر کردووه‌ و ده‌زانن باسی چ ده‌کات و چ ده‌ڵێته‌وه‌. ئه‌و دیمه‌ن و چه‌پڵه‌ڕێزان و مامه‌مامه‌یه‌، ئه‌گه‌ر شتێک وه‌بیربخه‌نه‌وه‌ ئه‌وا سه‌ددام حوسه‌ین و به‌ گیان، به‌ خوێن، ده‌بینه‌ قوربانت ئه‌ی سه‌ددام"بالروح بالدم نفدیك یا صدام"و کۆبوونه‌وه‌کانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا وه‌بیر دێننه‌وه‌. ئه‌و ماچانه‌ و ده‌ست به‌ سه‌ر دڵ و سینگدا دان و ئامێزکردنه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر شتێکمان وه‌یاد بهێننه‌وه‌، ئه‌وا یاسر عه‌ره‌فاتمان بیر ده‌خه‌نه‌وه‌.                                                                                                     
*****
له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا ڕۆژی 20/12/2004، له‌گه‌ڵ کاکه‌ییه‌کانی سوفه‌ییه‌، مووسڵ، که‌رکووک، خانه‌قین و هاوار، جه‌لال تاڵه‌بانی له‌مه‌ڕ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراق و ده‌نگدانه‌وه‌ گوتی، که‌ چه‌ندی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک زۆرتر به‌شدار بن له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌وا ژماره‌ی کورسییه‌کانی کورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق زۆرتر ده‌بن[1]. ئه‌وه‌ی ته‌ماشای شێوه‌ی دابه‌شکردنی کورسییه‌کانی په‌رله‌مانی داهاتووی عیراقی کردبێت، بۆی ده‌رده‌که‌وێت و ده‌زانێت، که‌ کورسییه‌کان به‌ گوێره‌ی تیۆری خۆیان گوته‌نی "ته‌وافوق"[2]، به‌م جۆره‌ دابه‌شکراون: شیعه‌:120، سوننه‌:75، کورد:55، تورکمان:15، مه‌سیحی:10 و...واته‌: هه‌ر پێشه‌کی بڕیار دراوه‌، که‌ به‌ گوێره‌ی نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزا، کورسییه‌کان دابه‌ش بکرێن و هه‌ر لایه‌نه‌ چه‌ندی به‌ر بکه‌وێت.  کورد 55 کورسیی بۆ دانراوه‌، که‌ ده‌کاته‌ 20%ی کورسییه‌کان و حیسابی 20%ی دانیشتووانی عیراقی بۆ کراوه‌. دیاره‌ ئه‌و 20%ییه‌ هه‌ر له‌ یه‌که‌م ڕۆژی هاتنی ئه‌مه‌ریکاوه‌ بۆ عیراق و ڕووخانی به‌عسه‌وه‌، بۆ کورد بڕایه‌وه‌ و وه‌ک کراس به‌به‌ریدا کرا و ئیتر، به‌ خۆلێگێلکردن و گوێیخۆلێخه‌واندن و چاونووقاندنی سه‌رانی کورد، لێی نه‌بووه‌وه‌ و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌. که‌ کورسییه‌کان، ئیدی هی هه‌ر لایه‌نێک بن به‌ کوردیشه‌وه‌، پێشه‌کی دیاری کرابن، ئیدی خه‌ڵک ده‌نگ بدات یا نه‌، زۆر خه‌ڵک به‌شداری ده‌نگدان بکه‌ن یا که‌م، هیچ له‌ باسه‌که‌ نایه‌ته‌ گۆڕین و ئه‌و کورسییانه‌ هه‌ر وه‌ک خۆیان ده‌مێننه‌وه‌.  واته‌ ئه‌گه‌ر کوردی پاژه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش ده‌نگ بده‌ن، ژماره‌ی کورسییه‌کانی کورد نابنه‌ 60. ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌که‌ منداڵێکی گچکه‌یش تێیده‌گات و ده‌یزانێت و چ پێویستی به‌و چه‌پڵه‌ڕێزانه‌ نییه‌، که‌ جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌ر ڕۆژه‌ خێڵ و هۆز و تیره‌ و ئایین و ئایینزایه‌ک و خه‌ڵکێکی بۆ کۆ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێی گه‌وره‌ترین په‌ڕجوو و نوێترین داهێنانیان بۆ باس ده‌کات.                                                                                                    
*****
هه‌ر له‌و جڤینه‌یدا، له‌گه‌ڵ کاکه‌ییه‌کاندا، جه‌لال تاڵه‌بانی له‌مه‌ڕ کوشتنی چوار کورد له‌ حه‌ویجه‌ی که‌رکووک گوتی، که‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان گیانی هاووڵاتییه‌ کورده‌کان له‌وێ نه‌پارێزن، ئه‌وا خۆیان(واته‌ تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی) ناچارن ئه‌و کاره‌ بکه‌ن. هه‌روه‌ها گوتی:"چیتر له‌و پیاوکوژ و تیرۆریستانه‌ قبووڵ ناکه‌ین که‌ له‌ حه‌ویجه‌ خۆیان حه‌شار داوه‌و رۆڵه‌ کورده‌کانمان تیرۆر ده‌که‌ن گه‌ر واز نه‌هێنن عاقڵیان ده‌که‌ین". هه‌روه‌ها گوتی، که‌ ده‌توانن پازده‌هه‌زار پێشمه‌رگه‌ بنێرین و ته‌مێیان بکه‌ن[3].   ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌وشی کورد له‌ باشووری کوردستاندا و به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌ڤه‌ره‌ کوردستانییه‌ تێکه‌ڵاو و ئاڵۆزه‌کانی وه‌ک که‌رکووک، مووسڵ، خانه‌قین و ده‌ڤه‌ره‌کانی عیراقیش، که‌ کوردیان تێدا ده‌ژین وه‌ک  به‌غدا ورد ببێته‌وه‌، به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که‌ کورد ئه‌وڕۆ له‌به‌ر کوردبوونی، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کورده‌، ده‌کوژرێت و له‌به‌ین ده‌برێت. سووتاندن و سه‌رژێکرن و کوشتنی ڕۆژانه‌ی کورد، له‌ به‌غدا، به‌له‌د، ده‌وروبه‌ری تکریت، مووسڵ، که‌رکووک، جه‌له‌ولا و...نیشانه‌یه‌کی زه‌ق و خویای ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌یه‌. وا له‌ حه‌ویجه‌یش وه‌ها کارێک به‌ کوشتنی چوار کورد ده‌ستیپێکرد. جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌رانی دیکه‌ی کورد، زۆرجاران ئه‌و قسه‌یه‌ سه‌دپات ده‌که‌نه‌وه‌، که‌ له‌مه‌ڕ ئه‌و دیارده‌یه‌وه‌ بێده‌نگ نابن و وا ده‌که‌ن و وا ده‌که‌ن و وا وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌، که‌چی تا ئێستا هه‌ر هیچیان نه‌کردووه‌. ڕێگه‌گرتن له‌و کارانه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و کارانه‌ ته‌نێ به‌ قسه‌ نابێت و کرده‌وه‌ی ده‌وێت. هێشتنه‌وه‌ و وه‌ده‌رنه‌نانی عه‌ره‌بی هاورده‌ و داگیرکه‌ر له‌ حه‌ویجه‌ و که‌رکووک و جه‌له‌ولا و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌، بۆ خۆی هۆی سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تی ئه‌و کوردکوشتنانه‌یه‌ که‌ ئه‌وڕۆ ڕووده‌ده‌ن. مۆرکردنی قانوونی بنه‌ڕه‌تیی کاتیی عیراق، که‌ که‌رکووک و  خانه‌قین و شنگال و خورماتوو و جه‌له‌ولا و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و مه‌خموور، ناگێڕێته‌وه‌ ئامێزی کوردستان و به‌ به‌شێک له‌ کوردستانیان ناژمێرێت و چاره‌نووسیان ده‌داته‌ ده‌ست، ده‌نگدان و عه‌ره‌ب و عیراقییانه‌وه‌، بنه‌مای ئه‌و کوردکوشتنانه‌یه‌ که‌ ئه‌وڕۆ ڕووده‌ده‌ن. تاڵه‌بانی و سه‌رانی دیکه‌ی کورد، ئه‌گه‌ر له‌ یه‌که‌م ڕۆژه‌وه‌ ته‌واوی کوردستانیان له‌ عه‌ره‌بی داگیرکه‌ر و هاورده‌ پاکژ کردبایه‌وه‌ و ته‌واویان وه‌ده‌رنابا، ئێستاکه‌ ڕه‌وش به‌م جۆره‌ی ئه‌وڕۆ نه‌ده‌بوو. تاڵه‌بانی، که‌ بانگاشه‌ی  ناردنی پازده‌هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌کات بۆ ته‌مێکردنی کوردکوژانی حه‌ویجه‌، ئه‌ی بۆ هه‌ر له‌ ڕووخانی به‌عسه‌وه‌ ئه‌و کاره‌ی نه‌کردووه‌! ئه‌ی چاوه‌ڕوانی چییه‌، که‌ ئێستاکه‌ وه‌ها کارێک ناکات! بشێ خۆی بۆ ڕۆژی ته‌نگانه‌ ئاماده‌ بکات! مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ تا ئێستا و له‌ دوای ڕووخانی به‌عسه‌وه‌ حه‌فتسه‌د و ئه‌وه‌نده‌ ماڵی کورد له‌ حه‌ویجه‌ وه‌ده‌رنراون و که‌رکووک و مووسڵ و جه‌له‌ولا و مه‌نده‌لییش هه‌ر به‌ عه‌ره‌بێنراوی ماونه‌وه‌! ئه‌ی ئه‌وه‌ به‌رده‌وامیی عه‌ره‌باندن و پاکتاوی ڕه‌گه‌زی نییه‌! به‌ سێ پازده‌هه‌زاری پێشمه‌رگه‌ نه‌ ته‌نێ حه‌ویجه‌، به‌ڵکه‌ ته‌واوی مووسڵ و که‌رکووک و دوا گوند و ده‌ڤه‌ری کوردستان ڕزگار ده‌کرێن. تاڵه‌بانی و سه‌رانی کورد، که‌ بۆ خۆیان داکۆکی له‌ خه‌ڵکی کورد ناکه‌ن و عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندن وه‌ده‌رنانێن، ده‌توانن هه‌ر هیچ نه‌بێت ڕێگه‌ له‌ خه‌ڵک، له‌ مرۆڤی ئاسایی، له‌ دانیشتووانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، له‌ گه‌ل، له‌ جه‌ماوه‌ر نه‌گرن و با ئه‌وان کاری خۆیان بکه‌ن و عه‌ره‌بان وه‌ده‌رنێن و داکۆکی له‌ خۆیان و خاکی کوردستان بکه‌ن. سێپته‌مبه‌ری ساڵی 1980، که‌ جه‌نگی عیراق دژ به‌ ئێران ده‌ستیپێکرد، تۆپێکی ئێران، له‌ قۆره‌توو، که‌ ناحیه‌یه‌کی سه‌ر به‌ قه‌زای خانه‌قینه‌ و دانیشتووانه‌ کورده‌کانی ده‌رکرابوون و عه‌ره‌ب داگیری کردبوو، که‌وتبووه‌ بانی خانووی یه‌کێک له‌ ماڵه‌کان و سه‌ربانه‌که‌ی بڕیبوو و که‌وتبووه‌ نێو ماڵه‌که‌وه‌ و ته‌قیبووه‌وه‌. ئیدی چه‌ند که‌سێکی ماڵه‌که‌ی کوشتبوو و بۆ سبه‌ینێ قۆره‌توو یه‌ک ماڵه‌ عه‌ره‌بی تێدا نه‌ما و هه‌موو هه‌ڵاتن و چۆڵیانکردن. ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر گه‌ڕه‌کێکی عه‌ره‌بنشینی که‌رکووک و جه‌له‌ولا و حه‌ویجه‌ و مه‌نده‌لی و خورماتوودا، دوو سێ بۆمب ته‌قێنرابایه‌وه‌ و چه‌ند ئۆتۆمبیل و خانوو و کارگه‌ و فرۆشگه‌ سووتێنرابان و وێران کرابان، ئێستاکه‌ عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندن و پاشماوه‌ی به‌عس چۆڕیان لێ بڕابوو و به‌ ده‌گمه‌نیش نه‌ده‌بینران. تاڵه‌بانی و سه‌رانی دیکه‌ی کورد و حیزبه‌کانیان، ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ له‌ کوردی مووسڵ، که‌رکووک، خورماتوو، جه‌له‌ولا، خانه‌قین، مه‌نده‌لی، به‌دره‌ و جه‌سسان و کووتیش نه‌گرن و فێره‌ ده‌سه‌مۆیی و گوێڕایه‌ڵییان نه‌که‌ن، ئه‌وا ئه‌وان کێشه‌کانی خۆیان چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن و وڵات له‌ داگیرکه‌ر خاوێن ده‌که‌نه‌وه‌. وه‌ها کارێک گیانێکی یاخی ده‌وێت. سه‌رانی کورد گیانی یاخی و یاخیبوون ده‌کوژن.                                                                              
*****
 21/12/2004، جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک پیشه‌ی زۆرینه‌ی ڕۆژه‌کانی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ران و ڕێکخستنه‌کانی ده‌ڤه‌ری خانه‌قیندا کۆوه‌بوو. دوای گوته‌یه‌کی دوورودرێژ گوتی:"پرۆژه‌کانتان ئاماده‌ بکه‌ن و پێشکه‌شی بکه‌ن. ئه‌وه‌ خۆشتان کاک عیماد له‌ حکومه‌ته‌و بۆی بنێرن، منیش هه‌مووی ئیمزا ده‌که‌م ئینشائه‌ڵڵا بۆ ئه‌وه‌ی بۆتان بێته‌ دی"[4].                                                                                                  
له‌و سه‌ر سه‌کۆیه‌ی، که‌ هه‌موو جار تاڵه‌بانی لێی داده‌نیشێت، هه‌میشه‌ به‌ یه‌ک ده‌سته‌ به‌رپرس و وه‌زیر و کارگێڕی گه‌وره‌ی حیزب و حوکوومه‌ت حاته‌دراوه‌ و ئه‌ملاو و ئه‌ولایان گرتووه‌. ئه‌مجاره‌ش یه‌ک له‌وانه‌ی له‌وێ بوو، عیماد ئه‌حمه‌دی که‌ونه‌ ئاش(ئاڵای شۆڕش)ی جێگری سه‌رۆکی حوکوومه‌تی سلێمانی بوو. جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعوود بارزانی، ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتێکدا بووایه‌ن، که‌ سه‌ره‌تاییترین پرنسیپه‌کانی دیموکراتیی تێدا بووایه‌، له‌وه‌ی زێتر، که‌ هه‌ریه‌که‌و سه‌رۆک و سکرتێری حیزبێکی کوردن له‌ کوردستان، شتێکی دیکه‌ نه‌ده‌بوون. ئه‌وان وه‌ک سه‌رۆک و سکرتێری دوو حیزب له‌ کوردستاندا، ئه‌گه‌ر بڕوایان به‌ دیموکراتی هه‌بێت، هیچ جیاوازییه‌کیان له‌گه‌ڵ، سه‌لاحه‌ددین به‌هائه‌ددینی یه‌کگرتووی ئیسلامی و موحه‌ممه‌دی حاجی مه‌حموودی سۆسیالیست دیموکراتی و قادر عه‌زیزی زه‌حمه‌تکێشان و که‌مال شاکری کۆمۆنیست و مه‌لا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیزی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و به‌هائه‌ددین نووری دیموکراتخوازان و کێ و کێی دیکه‌دا نییه‌. ئه‌وان هیچیان له‌و سه‌رۆک و سکرتێری حیزبانه‌ی دیکه‌ زێتر نییه‌. که‌ جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ خانه‌قینییان ده‌ڵێت:"پرۆژه‌کانتان ئاماده‌ بکه‌ن و پێشکه‌شی بکه‌ن. ئه‌وه‌ خۆشتان کاک عیماد له‌ حکومه‌ته‌و بۆی بنێرن، منیش هه‌مووی ئیمزا ده‌که‌م ئینشائه‌ڵڵا بۆ ئه‌وه‌ی بۆتان بێته‌ دی"، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، که‌ ئه‌و بۆ خۆی له‌ سه‌ره‌وه‌ی عیماده‌ و له‌ سه‌ره‌وه‌ی حوکوومه‌ته‌ و له‌ سه‌ره‌وه‌ی قانوونه‌ و له‌ سه‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌ و له‌ سه‌ره‌وه‌ی ته‌واوی کارگێڕی وڵاته‌وه‌یه‌، ده‌نا ئه‌گه‌ر وانییه‌، به‌ چ مافێک ئه‌و به‌ سه‌ر ته‌واوی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌دا باز ده‌دات و ده‌یانبه‌زێنێت و ئه‌و ئیمزای ده‌کات! به‌و قسه‌یه‌ی، تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت و جه‌خت ده‌کاته‌وه‌، که‌ ئه‌و که‌سی یه‌که‌می ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆیه‌تی و ئه‌وه‌، که‌ بڕیاری هه‌موو شته‌کان ده‌دات و ئه‌وه‌، که‌ کۆنترۆڵی دارایی ده‌کات و سه‌رچاوه‌ی قانوونه‌ و بێ ئه‌و هیچ ناکرێت و کار ئه‌نجام نادرێت. که‌وایه‌، مرۆڤ ناتوانێت له‌وه‌ تێبگات، ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی له‌و دانیشتنه‌دا به‌ نێوی حیزبه‌که‌یه‌وه‌ قسه‌ ده‌کات و ئه‌و خه‌ڵکانه‌یشی هاتوون بۆ لای حیزبین، ئیدی بۆ نێوی عیماد ئه‌حمه‌د ده‌بات، که‌ ئه‌و جێگری سه‌رۆکی حوکوومه‌تی سلێمانییه‌!. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵکانه‌ پرۆژه‌یان هه‌یه‌ و ئه‌و پرۆژانه‌ش پێوه‌ندیان به‌ کارگێڕی حوکوومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ و عیماد ئه‌حمه‌د وه‌ک جێگری سه‌رۆکی حوکوومه‌ت جێبه‌جێیان ده‌کات، ئیدی ئه‌و(تاڵه‌بانی) بۆ ئیمزای ده‌کات و بۆ خۆی له‌ کاروباری حوکوومه‌تدا تێهه‌ڵده‌قورتێنێت، له‌ کاتێکدا که‌ سه‌رۆکی حوکوومه‌ت هه‌یه‌ له‌و وڵاته‌دا!. ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دیموکراتییه‌ی، که‌ تاڵه‌بانی و سه‌رانی دیکه‌ی کورد بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت وه‌ک نموونه‌ به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا بیبه‌شنه‌وه‌!. له‌و جۆره‌ دیموکراتییه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پڕه‌ و هه‌موو کۆپێی یه‌کدین.                                                 
*****
نووسه‌ری عیراقی حه‌سه‌ن ئه‌لعه‌له‌وی(حسن العلوي)، له‌ باره‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسمه‌وه‌ ده‌ڵێت:"عه‌بدولکه‌ریم قاسم له‌ ماڵی خۆیدا جڤاکیی نه‌بوو. سیاسییش نه‌بوو. ژیانی له‌شکریی هه‌موو جیهانی ئه‌و بوو. هه‌ربۆیه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ و دووره‌په‌رێزیشی له‌ خه‌ڵک و مه‌یلی بۆ گفتوگۆی ڕه‌وانیی و کارکردنی به‌ پێی تیۆری خۆدواندن له‌بری گوتوبێژ(مۆنۆلۆگ له‌بری دیالۆگ)، یارمه‌تی دابێت، له‌ ئاشکرانه‌کردن و شاردنه‌وه‌ی ویسته‌ شۆڕشگێڕییه‌کانی خۆیدا. وادیاره‌ ئه‌و که‌سانه‌ی تیۆری یه‌که‌میان پێڕۆ کردووه‌، به‌شدارییان له‌ دروستکردنی مێژوودا کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وانی خاوه‌نی تیۆری دووه‌م، نه‌یاتوانیوه‌ نه‌ بۆ مێژوو و نه‌ بۆ خۆیان هیچ دروست بکه‌ن"[5]. به‌ گوێره‌ی ئه‌و تیۆرییه‌ی حه‌سه‌ن ئه‌لعه‌له‌وی، ڕه‌نگه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی، که‌ که‌متر ده‌هزرێت و فره‌تر ده‌په‌یڤێت و فره‌ به‌ڵێن ده‌دات و هه‌موو وه‌رزه‌کان ده‌کاته‌ به‌هار، بکه‌وێته‌ خانه‌ی خاوه‌نانی تیۆری دووه‌مه‌وه‌.  ئایا ئه‌و توانیویه‌تیی بۆ خۆی یا بۆ مێژوو (به‌ تایبه‌ت مێژووی کورد) شت دروست بکات یا نه‌، ئه‌وه‌ پرسیارێکه‌ به‌رسڤه‌که‌ی خه‌ڵکی کورد و ڕۆژگار ده‌یده‌نه‌وه‌!.                                                                                                           
23/12/2004




 کوردستانی نوێ، ژماره‌ 3552، سێشه‌ممه‌ 12/12/2004.[1]
[2] وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه‌ و به‌ عه‌ره‌بییش هه‌ر "توافق"ه‌ و ڕه‌نگه‌ به‌ کوردی بتوانرێت بگوترێ: پێکهاتن، ڕێککه‌وتن، قایلبوون. ئه‌م ته‌وافوقه‌ش، وه‌ک وشه‌ی شه‌ففافییه‌ت"شفافیه‌"، که‌ به‌ واتای: کراوه‌یی، ڕوونی، ئاشکرایی دێت، هه‌ر له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه‌ هاته‌ ئاراوه‌ و سیاسه‌تکارانی کورد گه‌لێک ئه‌و وشانه‌یان له‌ سه‌ر زار خۆشه‌.                                                                                        
 کوردستانی نوێ، ژماره‌ 3552، سێشه‌ممه‌ 12/12/2004.[3]
 کوردستانی نوێ، ژماره‌ 3553، چوارشه‌ممه‌ 22/12/2004.[4]
 حسن العلوي، عبدالکریم قاسم، رﺅیة بعدالعشرین، منشورات دارالزوراﺀ، لندن 1983، ص 12.[5]

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...