Wednesday, April 27, 2005

سه‌رۆککۆماره‌ په‌رجووه‌که‌

سه‌رۆککۆماره‌ په‌رجووه‌که‌

 

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 

ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی هه‌موو جیهان، مه‌گه‌ر تایبه‌ت بێت به‌ گۆرانی و مووزیک و ئه‌وانه‌، وه‌ک MTV، ده‌نا به‌ ده‌گمه‌ن گۆرانییان تێدا په‌خش ده‌کرێنه‌وه‌. ئه‌گه‌ریش وه‌ها کارێک بکرێت، ئه‌وا گواستنه‌وه‌ی کۆنسێرتێکی تایبه‌ته‌ یا بۆنه‌یه‌که‌، که‌ پێوه‌ندی به‌ ڕووداوێکی گرنگه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ک خڕکردنه‌وه‌ی پاره‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشییه‌کی وه‌ک ئه‌یدز یا شێرپه‌نجه‌ یا بۆ کۆمه‌ک به‌ منداڵانی ئه‌فریقا یا برسییانی فڵانه‌ وڵات و لێقه‌وماوانی فڵانه‌ زه‌ویله‌رزه‌ یا هه‌ر شتێکی خێرخوازانه‌ی دیکه‌. ته‌نانه‌ت که‌ناڵه‌ عه‌ره‌بییه‌کانی هاوسێیه‌کانی کوردستانیش هه‌مان سیاسه‌تیان هه‌یه‌. تۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هه‌ر چوار که‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌ کوردییه‌کان بکه‌یت، جاری وا هه‌یه‌، هه‌رچواریان له‌یه‌ک کاتدا، گۆرانی په‌خش ده‌که‌نه‌وه‌ و مووزیک لێ ده‌ده‌ن. ئه‌وجا چ گۆرانی و مووزیکێکیش! زۆرجاران مرۆڤ تووشی دڵتێکچوون ده‌که‌ن. تۆ که‌ ئه‌وه‌ ده‌بینیت، ئه‌وه‌ت بۆ ساغ ده‌بێته‌وه‌، که‌ کورد به‌ڕاستی له‌ شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ و چه‌قه‌نه‌ زیاتر ئه‌گه‌ر شتێکی دیکه‌یشی هه‌بێ، گه‌لێک که‌م و گچکه‌ن. ته‌له‌ڤزیۆنی کوردی، ده‌بوو هه‌ر له‌ یه‌که‌م ڕۆژی دامه‌زراندنیانه‌وه‌ ئه‌وه‌یان بکردایه‌ته‌ ئامانج، که‌ هه‌رچی وزه‌ و توانستیان هه‌یه‌ ته‌رخانی که‌ن بۆ بردنه‌پێشه‌وه‌ی پرسی کورد و هاندانی خه‌ڵکی کورد و جۆشدانی خه‌ڵک کورد و هۆشیارکردنه‌وه‌ و وه‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کورد، بۆ هه‌رچی زووتر گه‌یشتنه‌ به‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستان. ده‌بوو بۆ چرکه‌ کاتێکیش له‌ خه‌ڵک دانه‌بڕێن و له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا هه‌نگاو بنێن و پێش ڕووداو بکه‌ون. ده‌بوو ته‌واوی پرۆگرام و به‌رنامه‌کانیان، ته‌رخان بکه‌ن بۆ چوونه‌ نێو خه‌ڵک و ڕاپرسی و گواستنه‌وه‌ی ده‌نگی خه‌ڵک بۆ یه‌کدی و بۆ ده‌سه‌ڵات و گه‌رمکردنی ده‌مه‌ته‌قه‌ و گفتوگۆ و پرسیار و وه‌ڵام و ڕه‌خنه‌ و باسکردنی کێشه‌ و گیروگرفته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کان و خوێندنه‌وه‌ی بیروڕا جیاوازه‌کان و سه‌دان چالاکی دیکه‌، لێ ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی چاوێک له‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌ بکات، زۆر باش ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وان ئه‌و گیانه‌ زیندوو و هه‌سته‌ گه‌رم و هیوا گه‌وره‌یه‌ی مرۆڤی کورد، گچکه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ چه‌قه‌نه‌ و مووزیک و سترانی ناکوردی و ناحه‌ز ده‌یتاسێنن و ده‌یمرێنن. بێجگه‌ له‌وه‌یش زۆرجاران ده‌بینیت سیان یا دووان له‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌ به‌ عه‌ره‌بی یا تورکی یا تورکمانی په‌خش ده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێی بینه‌ری ئه‌و زمانانه‌یان گه‌لێک زۆر بن! ئه‌وه‌یه‌ ته‌له‌ڤزیۆنی کورد!

*****

  ئێستا که‌ ده‌نۆڕیته‌ میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کوردستان، ڕۆژنامه‌، ته‌له‌ڤزیۆن، ڕادیۆ، گۆڤار و ... به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی پۆستی سه‌رۆککۆماری عیراقی درایه‌، له‌ شاییگێڕان و گۆڤه‌ند و که‌یفکردن زیاتر شتێکی دیکه‌ت که‌متر به‌رچاو ده‌که‌وێت. کاتی خۆی جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ ماوه‌ی یه‌ک مانگ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ده‌سه‌ڵاتی عیراق بوو، له‌ لایه‌ن میدیاکانی حیزبه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ هێنده‌ی شایلۆغان بۆ کرا و هێنده‌ باس کرا، سه‌ری مرۆڤی کوردی پێ گێژ و هێڕ کرا. ئێستاکه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ و کێ ده‌ڵێ زیاتریش نابێت و هه‌ندێکی دیکه‌یشی نادرێته‌ ده‌مه‌وه‌، ده‌بێ هه‌موو خه‌ڵکی کورد خۆ ڕابێنن له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌راو و که‌یف و شاییگێڕانه‌ و ڕۆژانه‌ و بێ وچان و پشوودان، تامڵی خۆیان درێژ که‌ن و هه‌واڵ و باسی جه‌لال تاڵه‌بانی ببینن و ببیستن و بخوێننه‌وه‌.  میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، که‌ باسی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌که‌ن، به‌ڵێ به‌ سه‌رۆک مام جه‌لال و وه‌ک سه‌رۆکی عیراق ناوی ده‌به‌ن، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا واده‌زانن باسی سه‌رۆکی کوردستان، یا یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان یا سلێمانی ده‌که‌ن. ئه‌وان ئه‌وه‌یان له‌یاد چووه‌، که‌ تاڵه‌بانی ئێستاکه‌ چه‌نده‌ سه‌رۆکی به‌سره‌ و دیوانییه‌ و حلله‌ و فه‌للووجه‌ و به‌غدایه‌، هه‌ر هێنده‌یش سه‌رۆکی سلێمانی و که‌لار و مه‌نده‌لی و ئامێدییه‌. میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، ته‌واوی ئه‌و بروسکه‌ و نامه‌ی پیرۆزباییانه‌ی ده‌گه‌نه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی، یه‌ک به‌ یه‌کیان ده‌خوێننه‌وه‌ و په‌خشی ده‌که‌نه‌وه‌. ته‌واوی ئه‌و دیدار و ژوانانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ هه‌رکه‌سێکی ده‌ره‌کی و ناوه‌کیدا ده‌یکات و ئه‌نجامی ده‌دات، میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ده‌یخوێننه‌وه‌ و په‌خشی ده‌که‌نه‌وه‌. هه‌ر کۆبوونه‌وه‌یه‌ک و هه‌ر دیدارێکی ڕۆژنامه‌وانی و هه‌ر گوته‌یه‌کی، جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌یکات و ده‌یڵێت، میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ده‌یڵێنه‌وه‌ و پێشانی ده‌ده‌ن و باسی لێوه‌ ده‌که‌ن. میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی، ئێستاکه‌ ڕۆڵی میدیاکانی عیراقیش ئه‌نجام ده‌ده‌ن. جاران و تا پێش بوونی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ سه‌رۆککۆمار باسکردنی چالاکی سه‌رۆککۆمار کاری ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنه‌ عیراقییانه‌ بوو، که‌ له‌ به‌غداوه‌ په‌خش ده‌که‌ن. کارێک بوو پێوه‌ندی به‌ کاروباری عیراقه‌وه‌ هه‌بوو و پرسێکی عیراقییانه‌ بوو، نه‌ک کوردستانییانه‌، به‌ڵام ئێستاکه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆککۆماره‌، میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی ئه‌و پرسه‌یان کردووه‌ته‌ پرسێکی کوردستانی. من پێموایه‌ ئه‌گه‌ر له‌بری جه‌لال تاڵه‌بانی یا هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ی کوردی سه‌ر به‌ لایه‌نێکی دیکه‌ یا بێلایه‌ن، بکرابایە به‌ سه‌رۆککۆماری نه‌ک هه‌ر هینی عیراق، به‌ڵکه‌ هینی هه‌موو جیهان، میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، هه‌رگیز بۆیان گرنگ نه‌بوو و به‌م شێوه‌یه‌یان بۆ نه‌ده‌کرد و به‌م جۆره‌یان باس نه‌ده‌کرد، به‌ڵکه‌ پشتگوێیشیان ده‌خست. جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌وڕۆ سه‌رۆککۆماری عیراقه‌ و ئه‌ویش یه‌کێکه‌ وه‌ک غازی ئه‌لیاوه‌ر (غازي الیاور)ی سه‌رۆکی پێشووی عیراق. که‌ ئه‌لیاوه‌ر سه‌رۆک بوو، میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی باسی نامه‌ و بروسکه‌ و دیدار و ژوانه‌کانیان نه‌ده‌کرد، ئێستاکه‌ بۆ باسی ئه‌وانه‌ی تاڵه‌بانی ده‌که‌ن!

*****

یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، که‌ ته‌واوی میدیاکانی نێو وڵات بخاته‌ خزمه‌ت سه‌رۆککۆماری عیراقه‌وه‌ و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ خۆی له‌ باژێڕه‌کانی کوردستان هاندات بۆ شاییگێڕان، به‌ڵکه‌ له‌ شاره‌کانی ئه‌وروپایش به‌زمی جه‌ژن و ئاهه‌نگ و شایی ساز ده‌که‌ن, بۆ ئه‌و چوونه‌سه‌رته‌خته‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی. له‌ باژێڕه‌کانی سوێد، هۆڵاند، ئه‌ڵمانیا، ئینگلستان و...خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان خڕ ده‌کرێنه‌وه‌ و بانگ ده‌کرێن و ده‌خرێنه‌ شاییگێڕان و هه‌ڵپه‌ڕکێوه‌. ئه‌و خه‌ڵکه‌ش ته‌نێ هه‌ڵپه‌ڕکێی تێدا بێت، ئیدی سێودووی لێ ناکات و هیچ بیر له‌وه‌یش ناکاته‌وه‌، بۆ هه‌ڵده‌په‌ڕێت! ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره‌ بێت، یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان پێی ده‌نۆڕێته‌ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆککۆماریی عیراق له‌ لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه‌، ده‌بوو عه‌ره‌بی سوننه‌ و هۆزی شه‌ممه‌ریش، خورد و خه‌ویان له‌ خۆ و له‌ هه‌موو جیهان حه‌رام کردایه‌ و شه‌و و ڕۆژ شاییان بگێڕایه‌، کاتێک  غازی ئه‌لیاوه‌ر بوو به‌ یه‌که‌م سه‌رۆککۆماری عیراقی دوای سه‌ددام حوسه‌ین، لێ وه‌هایان نه‌کرد!

*****

ئه‌وه‌ی جێی پرسیار و سه‌رسووڕمانه‌ ئه‌وه‌یه‌، هه‌ندێک له‌و نووسینانه‌ی، لێره‌ و له‌وێ له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه‌وه‌ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ و بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، وای پێشان ده‌ده‌ن، که‌"گه‌لی عیراق شانازییه‌کی گه‌وره‌یان پێبڕا کاتێک که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی سیاسی و رووناکبیری ئازادیخوازی وه‌ک مام جه‌لال ده‌بێت به‌ سه‌رۆک کۆماریان...مام جه‌لال وه‌ک ماندێلا، ده‌توانێت ماناو ناوه‌ڕۆکێکی نوێ به‌ پۆستی سه‌رکۆماری بدات و ئه‌م پۆسته‌ بگۆڕێت به‌ کایه‌یه‌کی دیکه‌ی داهێنان و گۆڕانکاری...هه‌ڵبژاردنی مام جه‌لال به‌ سه‌رۆک کۆماری عیراق له‌و رووداوه‌ گرنگانه‌یه‌ که‌ ده‌توانێت واقیع بگۆڕێت و حورمه‌تێک بۆ عه‌داله‌ت بگێڕێته‌وه‌. ده‌توانێت هیوایه‌کی نوێ به‌ کوردو گه‌له‌ بنده‌سته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بدات و سه‌ره‌نجام ژیان جوانتر بکات...جه‌نابی وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێکی رووناکبیرو به‌ئه‌زموون، که‌ هه‌موو ژیانی دژی سته‌م و بۆ ئازادیی گه‌له‌که‌ی ته‌رخان کردووه‌، ده‌توانێت کۆمه‌ڵی عیراق به‌ کولتوورێکی سیاسی نوێ ئاشنا بکات و کۆمه‌ڵه‌ پرنسیپێکی سیاسی نوێ بۆ پێکه‌وه‌ژیانی یه‌کسانانه‌و ئازادانه‌ی گه‌لانی عیراق دابهێنێت "[1]. یه‌کێکی دیکه‌ ده‌نووسێت:"هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێز مام جه‌لال بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عیراق رووداوێکی مێژوویی که‌م وێنه‌یه‌. له‌ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا، کێشه‌ی گه‌لی کوردستان بۆ ئاستێکی جیهانی سه‌رنج راکێش پتر هه‌ڵکشا...گه‌ر ئه‌وان بزانن دانانی سه‌رۆکێکی کورد وڵات له‌ گیانی جیابوونه‌خوازی و شه‌ڕو شۆڕی ناوخۆیی دوور ده‌خاته‌وه‌و ئاشتی و ئاسایش له‌سه‌رده‌می سه‌رۆکێکی کورددا سه‌قامگیرتر ده‌بێت، ئیدی ئه‌وان بۆ له‌ سێبه‌ری فیدرالی و دیموکراسی بترسن؟...سه‌رۆک کۆمار رۆڵه‌ی گه‌له‌و یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی شه‌وو رۆژ خه‌باتی له‌پێناوی ئازادی و رزگاریدا کردووه‌. سه‌رۆک کۆماری پێشوو دیکتاتۆرو خوێنڕێژو بکوژی بووه‌، سه‌رۆک کۆماری ئه‌مڕۆ خزم و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رو ناسیاوه‌. په‌یامێکی دیموکراتی پێیه‌و ده‌یه‌وێ مافه‌ زه‌وتکراوه‌کان وه‌رگرێته‌وه‌و خه‌ون و ئاواتی شه‌هیده‌کان بهێنێته‌ دی. خۆشی و شادی خه‌ڵک((رێکه‌وت)) و ((رێکخراو)) و ((پلان بۆ دانراو)) نه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی و خۆڕسکی ته‌قیه‌وه‌. هه‌ر له‌ زاخۆوه‌ تا (ام قصر) و له‌ خانه‌قینه‌وه‌ بۆ(طریبیل) شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ بووه‌ بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌...هیوادارم کورده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات زه‌مینه‌ بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌که‌ن نێوی به‌ڕێز مام جه‌لال له‌سه‌ر لیستی پاڵێوراوه‌کانی(خه‌ڵاتی نۆبل) بۆ ئاشتی ساڵی 2005 بێت، بۆ ئه‌و ده‌وره‌ی له‌ماوه‌ی پتر له‌نیوسه‌ده‌داو به‌تایبه‌تی له‌رووخانی رژێمی پێشوو به‌دواوه‌ گێڕاوێتی بۆ هێورکردنه‌وه‌ بارودۆخی گرژو ئاڵۆزی سیاسی له‌عیراق و ناوچه‌که‌دا. ئه‌و کاته‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ رێزگرتنه‌ له‌که‌سێک هه‌موو هێزو توانای بۆ ئاشتی و پێکه‌وه‌ ژیان خستۆته‌ گه‌ڕ.."[2]. ئه‌و نووسین و بۆچوونانه‌، که‌ ته‌نێ "سه‌رۆکمان زێڕه‌"یان ناته‌واوه‌، بێجگه‌ له‌ پێشاندانی هه‌ژاریی خه‌یاڵ و مه‌رایی و مامه‌حه‌مه‌یی، خۆدزینه‌وه‌یه‌کن له‌ گوتنی  ڕاستییه‌کان و چاونووقاندنێکن له‌ دیرۆکی مرۆڤێک، که‌ نووسه‌ره‌کانیان له‌ ئێمه‌ی خوێنه‌ر باشتری ده‌ناسن، لێ له‌به‌ر هۆیه‌ک یا هۆیه‌کی دیکه‌[3]، خۆیانی لێ نه‌بان ده‌که‌ن. مرۆڤ له‌وه‌ تێناگات، گه‌لی عیراق بۆچی شانازییه‌کی گه‌وره‌یان پێ ده‌بڕێت به‌وه‌ی، جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌بێته‌ سه‌رۆککۆماریان! ئایا هه‌ر به‌ڕاستی جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ له‌ ڕووی سیاسی و ڕووناکبیرییه‌وه‌! ئایا هه‌ر به‌ ڕاستی پیاوێکی هێنده‌ ئازادیخوازه‌، که‌ هێنده‌ جێی شانازیی خه‌ڵک بێت! جه‌لال تاڵه‌بانی، ڕه‌نگه‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ له‌وانه‌ی دیکه‌ی عیراقییه‌کانی ده‌وروبه‌ری بڕێک بزێوتر و له‌به‌رچاوتر بێت، ئه‌ویش به‌ هۆی ئه‌و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌ی، له‌ ژیانی سیاسیی خۆیدا کردوویه‌تی و پێیدا تێپه‌ڕیوه‌ و به‌وه‌یش ڕه‌نگ و بۆیه‌کی داوه‌ته‌ خۆی و کرده‌وه‌کانی و خۆی له‌وانی دیکه‌ جودا کردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ کاتێک هینی ئه‌وه‌ نییه‌، شانازیی پێوه‌ بکرێت. گه‌لێک گوناهه‌ ناوی جه‌لال تاڵه‌بانی و ماندێلا بخرێنه‌ ڕیزی یه‌که‌وه‌ و وه‌ک یه‌ک چاویان لێ بکرێت. ماندێلا، ئه‌گه‌ر سه‌رده‌می بره‌وی ئایین بووایه‌ و بکرابایە پایه‌ی ئایینی ببه‌شرێته‌وه‌، ده‌بوو پله‌ی پیرۆزیی پێ ببه‌خشرایه‌ و بخرایه‌ته‌ ڕیزی فریشته‌ و په‌یامبه‌ر و پاکڕه‌وانانه‌وه‌، چونکه‌ هه‌موو ژیانی خۆی بۆ ئازادی و داد و یه‌کسانی گه‌ل و وڵاته‌که‌ی و مرۆڤایه‌تیی ته‌رخان کردووه‌. ماندێلا، خه‌ڵاتی تورکیای وه‌رنه‌گرت و دایه‌ دواوه‌، له‌ دژی سیاسه‌تی تورکیا له‌هه‌مبه‌ر کورد و گه‌لی کوردستان، لێ جه‌لال تاڵه‌بانی ئاماده‌یه‌ شه‌ووڕۆژ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیادا بێت و بکاته‌وه‌ و هه‌میشه‌ له‌نێو کۆڕی ئه‌واندا بێت. ماندێلا هه‌میشه‌ دژی چه‌وساندنه‌وه‌ و چه‌وسێنه‌ر بووه‌ و هه‌رگیز پشتیوانی له‌ سته‌م و دیکتاتۆران نه‌کردووه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی، نه‌ک بۆ خه‌ڵاتێک، به‌ڵکه‌ بۆ قه‌لێک و پله‌ گۆشتێکی گه‌وره‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو سیاسه‌تی خۆی بگۆڕێت و له‌ ته‌واوی په‌یمان و بڕیاری خۆی په‌شیمان ببێته‌وه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی به‌وه‌ ناسراوه‌، که‌ گه‌لێکی بۆ سه‌خته‌، گوتار و هه‌ڵوێست و دیدی سیاسیی خۆی "شه‌ومه‌نه‌"[4] بکات. جه‌لال تاڵه‌بانی لاملی سه‌ددام حوسه‌ینی دیکتاتۆر و مرۆڤکوژ و دڕنده‌ و ده‌ستی سه‌نعان قه‌سسابی که‌ونه‌به‌عسی و تۆرانی و دوژمنی کوردی ماچ ده‌کرد. ئه‌وه‌ی ئاگاداری ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆککۆماری عیراقی ئێستا بێت، ئه‌وه‌ی له‌کن ئاشکرایه‌، که‌ سه‌رۆککۆمار کابرایه‌کی بێده‌سه‌ڵاته‌ و هیچی ئه‌وتۆی پێ ناکرێت و ئه‌و پۆسته‌ ته‌نێ پۆستێکی ڕه‌مزییه‌، ئیدی جه‌لال تاڵه‌بانی چۆن ده‌توانێت ئه‌و پۆسته‌ی بگۆڕێت به‌ کایه‌یه‌کی داهێنان و گۆڕانکاری!. جه‌لال تاڵه‌بانی، ئه‌گه‌ر له‌ سیاسه‌تدا کایه‌ی داهێنان و گۆڕانکاری کردبێت، ئه‌وا داهێنان و گۆڕانکاری له‌ گۆڕینی خێرای دیتن و گوتار و هه‌ڵوێسته‌کانیدا کردووه‌، که‌ هه‌میشه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی پرسی گه‌لی کوردستانه‌وه‌ بوونه‌. هه‌ڵبژاردنی جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک هه‌ڵبژاردنی هه‌ر سه‌رۆککۆمارێکی بێده‌سه‌ڵاتی ئه‌م جیهانه‌ وایه‌ و هیچ ڕووداوێکی گرنگیش نییه‌ و هه‌رگیزیش ناتوانێت واقیعێکی بۆگه‌نی وه‌ک واقیعی عیراق بگۆڕێت، چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌وتۆی به‌ده‌ست نییه‌ و که‌ وایش نه‌بێت ئیدی چۆن حورمه‌ت بۆ عه‌داله‌ت ده‌گێڕێته‌وه‌! ئه‌و وه‌ک سه‌رۆککۆمار پابه‌ندی ته‌واوی قانوون و ڕێساکانی ئه‌و ڕێژیمه‌ی عیراقه‌، که‌ هه‌موو جموجووڵێکی سنووردار ده‌کات و ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌گرێت هه‌ر له‌ خۆڕا بتوانێت هه‌ڵسوکه‌وت بکات. ئه‌وجا سه‌رۆکێکی بێده‌سه‌ڵات و گرێدراوی قانوونه‌کانی عیراق، که‌ ته‌نانه‌ت تاڵه‌بانی بۆ خۆیشی به‌ وڵاتێکی عه‌ره‌بی ده‌یژمێرێت، چ هیوایه‌ک به‌ کورد و گه‌له‌ بنده‌سته‌کانی خۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌دات و ده‌بێ ئه‌و گه‌له‌ بنده‌ستانه‌، چ دڵخۆشییه‌کیان به‌و سه‌رۆکه‌ هه‌بێت و ئه‌و سه‌رۆکه‌ چۆن ده‌توانێت ژیان له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا جوانتر بکات! ئه‌مه‌ ته‌نێ خه‌یاڵێکی خۆشه‌ و خۆزگه‌یه‌که‌ و هیچی دی! ڕاسته‌ جه‌لال تاڵه‌بانی پیاوێکی ئه‌زموونداره‌، به‌ڵام به‌ڕاستی هه‌موو ژیانی دژی سته‌م و بۆ ئازادی گه‌له‌که‌ی ته‌رخان نه‌کردووه‌. ئه‌وه‌ی ئاگادارییه‌کی له‌ ژیانی جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌بێت، ده‌زانێت، له‌ نێوان 1962 و نیوەی مانگی شوباتی 1964دا له‌گه‌ڵ شۆڕشی کوردستاندا بوو، به‌ڵام ئیدی له‌وە به‌ دواوه‌، هه‌میشه‌ ڕۆڵی سازێنەری دووبه‌ره‌کی و له‌تکردن و پارچه‌کردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی بینیوه‌. ته‌واوی هزر و سیاسه‌ت و زانینی خۆی بۆ به‌شینه‌وه‌ی کورد و تێکدانی یه‌کڕیزی کورد ته‌رخان کردووه‌ و به‌ کردار و ڕه‌وتار و گوتار له‌گه‌ڵ سته‌م و دژی ئازادی گه‌له‌که‌ی بووه‌. وه‌ها مرۆڤێک چۆن ده‌توانێت کۆمه‌ڵی عیراق به‌ فه‌رهه‌نگێکی سیاسی نوێ ئاشنا بکات و چۆن ده‌توانێت داهێنان بهێنێته‌ گۆڕێ بۆ پێکه‌وه‌ ژیانی یه‌کسانانه‌ و ئازادانه‌ی خه‌ڵک، له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌و بۆ خۆی گیانێکی تێکده‌رانه‌ی هه‌بێت! هه‌ڵبژاردنی جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ سه‌رۆککۆماریی عیراق، بۆ ده‌بێ ڕووداوێکی که‌موێنه‌ بێت! تاڵه‌بانی، که‌ خۆی به‌ عیراقییه‌کی عه‌یار 24 ده‌زانێت، چ جیاوازییه‌که‌ی له‌ هه‌ر عیراقییه‌کی تر هه‌یه‌ تا هێنده‌ که‌موێنه‌ بێت! ئه‌و له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی، که‌ ئێستا له‌ سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتی عیراقن و له‌ په‌رله‌مانی عیراقدان و له‌ نێو حیزبه‌ عیراقییه‌کاندا کار ده‌که‌ن، هیچ جیاوازییه‌که‌ی نییه‌، ته‌نێ ئه‌وه‌ نه‌بێت، که‌ ئه‌و ده‌توانێت به‌ زمانی کوردییش قسان بکات. هه‌رچی کێشه‌ی گه‌لی کوردستانیشه‌، به‌ هۆی بوونی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ سه‌رۆککۆمار، هه‌رگیز له‌ شوێنی خۆی نه‌جماوه‌ و هه‌ڵنه‌کشاوه‌ و له‌ جاران زیاتر هه‌رگیز نه‌بووه‌ته‌ جێی سه‌رنج و هه‌ر له‌ شوێنی خۆیدایه‌. ئه‌گه‌ر به‌ جه‌لال تاڵه‌بانییش بێت، پتر و پتر له‌ عیراقی نێزیک ده‌خاته‌وه‌. عه‌ره‌ب و عیراقییان، گه‌لێک باش له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، که‌ تاڵه‌بانی له‌ خۆیان باشتر و جیددیتر و دڵسۆزانه‌تر، یه‌کیه‌تیی خاکی عیراقیان بۆ ده‌پارێزێت و له‌وان عیراقیانه‌تر ده‌هزرێت و له‌وان گه‌رمتر داکۆکی له‌ یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق ده‌کات. جیابوونه‌خوازیی، وشه‌یه‌که‌ نه‌یارانی ئازادی گه‌لی کوردستان به‌ درێژایی مێژوو به‌کاریان بردووه‌ و به‌کاری ده‌به‌ن و کوردی پێ تاوانبار کراوه‌ و ده‌کرێت. کورد بۆ خۆی ناڵێ: جیابوونه‌وه‌خوازیی. ئه‌وه‌ی عیراقییان و عه‌ره‌ب ناوی جیابوونه‌وه‌خوازیی لێ ده‌نێن، کورد بۆ خۆی پێی ده‌ڵێ: ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان. ئه‌وان(عیراقییان و عه‌ره‌ب) له‌ باسی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، زه‌نده‌قیان ده‌چێت و له‌وانه‌ ده‌ترسن، که‌ وه‌ها باسێک دێننه‌ گۆڕێ، لێ تاڵه‌بانییه‌کی خۆ به‌ عیراقی زان و داکۆکیکار له‌ عیراق و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب، هه‌رگیز "ئه‌وان" لێی ناترسن، چونکه‌ ئه‌وان به‌ هینی خۆیانی ده‌زانن. "ئه‌وان" له‌و فیدرالییه‌ نیوه‌چڵه‌ش، که‌ تاڵه‌بانی و ئه‌وانه‌ی وه‌ک وی بیرده‌که‌نه‌وه‌، باسی لێوه‌ ده‌که‌ن، له‌وه‌ش ناترسن. هه‌ر سه‌رۆککۆماری ئه‌مڕۆی عیراق به‌ ته‌نێ ڕۆڵه‌ی گه‌ل نییه‌، هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌یش، ته‌نانه‌ت سه‌ددام حوسه‌ین و هاوڕێیانی ویش ڕۆڵه‌ی گه‌لن. هیتله‌ر و ستالین و مۆسۆلینی و پینۆشێ و فرانکۆ و پۆڵ پۆت و هه‌موو ئه‌و دیکتاتۆرانه‌ی ئه‌م جیهانه‌یش ڕۆڵه‌ی گه‌لن و هیچ یه‌کێکیان له‌ ئاسمانه‌وه‌ نه‌هاتوون و خه‌ڵکی وڵاتێکی دیکه‌ی غه‌یری وڵاته‌که‌ی خۆیان نین، به‌ڵام که‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، ئیدی خۆیان لێ گۆڕاوه‌ و که‌وتوونه‌ته‌ وێزه‌ی خه‌ڵک. هه‌موو دیکتاتۆره‌کان، ڕۆژێک له‌ ڕۆژان، زارۆکێکی گچکه‌ی جوانکیله‌ بوونه‌ و خۆشه‌ویستی دایک و باوکی خۆیان بوونه‌ و له‌ کۆڵان وازییان کردووه‌ و کۆڕی گه‌ڕه‌ک و هاوڕێی خه‌ڵک و تاکێکی گه‌له‌که‌ی خۆیان بوونه‌. تاڵه‌بانی، ئه‌گه‌ر ساڵانێکی ته‌مه‌نی خۆی(تا سه‌ره‌تای ساڵی 1964) بۆ کوردایه‌تیی ته‌رخان کردبێت و خه‌باتی بۆ ئازادی و ڕزگاری کردبێت، ئه‌وا ته‌واوی ساڵانی دوای ئه‌و ساڵه‌ی، بۆ تێکدانی یه‌کیه‌تیی کورد ته‌رخان کردووه‌. هه‌موو هه‌وڵ و کۆششێکی بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و حیزبه‌که‌ی بووه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش په‌نای وه‌به‌ر هه‌موو ئامراز و فڕوفێڵێک بردووه‌. ئه‌و سێودووی له‌وه‌ نه‌کردووه‌ و له‌وه‌ نه‌سڵه‌میوه‌ته‌وه‌، که‌ له‌ خزمه‌تی بیانیدا و له‌ سه‌نگه‌ری بیانیدا، دژایه‌تیی شۆڕشی گه‌له‌که‌ی بکات. دیاره‌ ئه‌وه‌ ڕاسته‌، که‌ سه‌رۆککۆماری پێشوو (سه‌ددام حوسه‌ین) دیکتاتۆر و خوێنڕێژ بووه‌، لێ سه‌رۆککۆماری ئێستایش(جه‌لال تاڵه‌بانی) فریشته‌ نییه‌. ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌کی ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی، که ‌جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ ساڵی 1964ه‌وه‌ بووه‌ته‌ هۆی کوشتنیان، له‌به‌رده‌ستا بن، ڕه‌نگه‌ خۆ له‌ دەیان هه‌زار و پتر که‌س بده‌ن. تاڵه‌بانی، له‌و ساڵه‌وه‌ به‌ کرده‌وه‌ ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌ی به‌ره‌یه‌کی دژه‌شۆڕش بووه‌ و له‌ نێوان 1964-1970 له‌گه‌ڵ له‌شکری عیراقدا و به‌ چه‌کی حوکوومه‌تی عیراق و به‌ سواری تانک و هه‌لیکۆپته‌ری عیراقی، پێشمه‌رگه‌ی کوردی ده‌کوشت و گوندی کوردستانی وێران ده‌کرد و دژی شۆڕشی کورد و خه‌ڵکی کورد ده‌جه‌نگا و به‌ هه‌زاران که‌س له‌و جه‌نگانه‌دا کوژراون. تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی، هیچ حیزبێکی کورد نه‌ماوه‌، په‌لاماریان نه‌دابێت و له‌گه‌ڵیدا نه‌که‌وتبێتنه‌ جه‌نگه‌وه‌. پارتیی دیموکراتی کوردستان، حیزبی سۆسیالیستی کوردستان، حیزبی کۆمۆنیستی عیراق، پاسۆک، پارتیی گه‌ل، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، حیزبی کۆمۆنیستی کارگه‌ری و...زۆری دیکه‌ش، نموونه‌یه‌کی ئه‌وانه‌ن. جه‌نگه‌کانی پشتئاشان ئێستایش له‌ بیرگه‌ی خه‌ڵکدا زیندوون. کوشتاره‌که‌ی حوزه‌یرانی شاری سلێمانی، که‌ ده‌یان خه‌ڵکی بێتاوانی تێدا شه‌هید کران. جه‌نگی براکوژه‌ی 1994 و دواتر. تاڵه‌بانی، بۆ خۆی وه‌ک ڕێبه‌ری حیزبێک و سه‌رکرده‌ی بزاڤێک و هێزێکی چه‌کدار، ئاگاداری کوشتنی هه‌زاران خه‌ڵکی ساڵانی شه‌ڕی چه‌کداریی چیایه‌، که‌ بێ پێزانینی وی، کوشتنیان ئاسان نه‌بووه‌، ئیدی بۆ ده‌بێ تاڵه‌بانی وه‌ک فریشته‌ سه‌یر بکرێت!. وه‌دیهێنانی خه‌ون و ئاواتی شه‌هیده‌کانیش هه‌رگیز به‌ عیراقییاندنی باشووری کوردستان و دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق و به‌هێزکردنی ناکرێت، که‌ تاڵه‌بانی خه‌باتی بۆ ده‌کات، به‌ڵکه‌ به‌ خۆدوورخستنه‌وه‌ له‌و عیراقه‌ ده‌بێت و به‌ خۆدابڕین ده‌بێت لێی و به‌ لاوازکردنی و ڕووخاندنی ده‌بێت. خۆشی و شادی خه‌ڵک، که‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانه‌وه‌ پێشان ده‌درێن و شایی و گۆڤه‌ند و ئاهه‌نگگێڕانی خه‌ڵک، ئه‌وانه‌ی باشووری کوردستان و کوردانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، هه‌ر هه‌موو ڕێکخراو و نه‌خشه‌بۆدانراو بووه‌ و هیچی ڕێککه‌وت نه‌بووه‌. ئه‌و جۆره‌ چالاکییانه‌ له‌ وڵاتی کوردستان و ئه‌وانه‌ی وه‌ک کوردستان، به‌ فه‌رمانی حیزب ده‌کرێن و ده‌سه‌ڵات بۆ خۆی ڕێکخه‌ریانە. ئه‌و ئاهه‌نگ و به‌زمه‌ی سه‌رۆککۆماریی جه‌لال تاڵه‌بانی، یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان بۆ خۆی ڕێکخه‌ریه‌تی و ئه‌وان بۆ خۆیان له‌ پشتییه‌وه‌ن و سازی ده‌که‌ن. ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌ی خۆیان ڕاسته‌خۆ پێشانیان ده‌دات و ڕێکلامیان بۆ ده‌کات. داخوازی ئه‌وه‌ی کوردانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان هه‌وڵبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ناوی کاندید بکرێت بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی "نووبێل"ی ئاشتی ساڵی 2005، به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵاته‌ بۆ خۆی واتا و به‌هایه‌کی هه‌بێت، ئه‌وا داخوازییه‌کی سه‌یر و گاڵته‌ئامێز و مایه‌ی پێکه‌نینه‌، به‌ڵام بۆ نا، کاتێک ده‌بینین، ئه‌و خه‌ڵاته‌ خه‌ڵکانی وه‌ک "مه‌ناحیم بیگن" و "ئه‌نوه‌ر ئه‌سسادات" و "یاسر عه‌ره‌فات" و...وه‌ری ده‌گرن، ئه‌وده‌می که‌سێکی وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانییش ده‌شێ وه‌ری بگرێت.

*****

جه‌لال تاڵه‌بانی، که‌ونه‌ به‌عسییه‌کی موخابه‌راتی ئه‌نفالکاری کوردکوژی عیراقی، وه‌فیق ئه‌سسامه‌ڕائی(وفیق السامرائی) ده‌کاته‌ ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی خۆی و ده‌ڵێت، که‌ ئه‌سسامه‌ڕائی هه‌ر له‌و کاته‌یشدا، که‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوو له‌ نێو ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌یندا، پێوه‌ندی به‌ ئه‌وان و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ هه‌بووه‌. تاڵه‌بانی، ناڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌سسامه‌ڕائی ئه‌و پێوه‌نده‌ی هه‌بووه‌، ئیدی بۆ ئه‌نفالی کوردی ده‌کرد! ئه‌گه‌ر ڕاست بێت و پێوه‌ندیشی بووبێت، ئه‌وا دیاره‌ تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانی ئاگادارییان له‌مه‌ڕ ئه‌نفاله‌وه‌ هه‌بووه‌ و هاوئاگه‌نگییه‌ک له‌ نێوان ئه‌وان و ئه‌سسامه‌ڕائیدا هه‌بووه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌وڵده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی عیراق بگێڕێته‌وه‌ بۆ ئامێزی وڵاتانی عه‌ره‌ب، چونکه‌ پێیوایه‌ عیراق یه‌کێکه‌ له‌و وڵاتانه‌ و ده‌بێ بچێته‌وه‌ نێویان. جه‌لال تاڵه‌بانی، پێیوایه‌ بنبڕکردن و له‌ڕه‌گوڕیشه‌وه‌ ده‌رهێنانی به‌عس، کارێکی ڕاست نییه‌ و ده‌یه‌وێت حیزبی به‌عس زیندوو بکاته‌وه‌ و یه‌که‌م سه‌ردانی بۆ سووریا ده‌کات و پێیشیوایه‌، هه‌موو ئه‌ندامانی حیزبی به‌عس سه‌ددامی نین. ڕه‌نگه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی حیزبی به‌عس سه‌ددامی نه‌بن، به‌ڵام هه‌موویان به‌عسین و خاوه‌نی دید و بیروباوه‌ڕێکی نه‌ته‌وه‌یی شۆڤینیست و دژه‌ خه‌ڵک و گه‌لانی ناعه‌ره‌بن. ئه‌وان ئه‌گه‌ر سه‌ددامییش نه‌بن، عه‌فله‌قی، ئه‌سه‌دی، عه‌یسه‌میی، عیززه‌تی، تاریقی، یا شتێکی دیکه‌ن، که‌ هیچ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان بیرکردنه‌وه‌یاندا نییه‌ و هه‌موویان له‌ یه‌ک خانه‌دان. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عیراق و له‌ کوردستان ڕووده‌دات، له‌ ڕفاندن و کوشتنی خه‌ڵک و ته‌قینه‌وه‌ و تێکدان و وێرانکاری، هه‌موو به‌ ده‌ستی که‌ونه‌به‌عسییان و به‌ پاشماوه‌ی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیی له‌شکره‌که‌ی عیراقی به‌عس ئه‌نجام ده‌درێن. ئێستایش ته‌واوی کارگێڕی و ده‌سگاکانی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی ڕێژیمی نوێی عیراق، تژین له‌ که‌ونه‌به‌عسییان و هه‌ر ئه‌وانیشن، دۆزی ئه‌و وڵاته‌ ئاڵۆزتر ده‌که‌ن. جه‌لال تاڵه‌بانی، پشتی سوننه‌ی عه‌ره‌ب، که‌ 83 ساڵ چه‌وسینه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بوون، ده‌گرێت و ده‌یانهێنێته‌ پێشه‌وه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی، پێیوایه‌ تورکمان له‌ هه‌موو خه‌ڵکی دیکه‌ زیاتر چه‌وساونه‌وه‌ و مافیان خوراوه‌ و سته‌میان لێ کراوه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی، نایه‌وێ سه‌ددام حوسه‌ین، که‌ 182000 کوردی ئه‌نفال کردووه‌، 8000 بارزانی له‌نێو بردووه‌، پتر لە  20000 لاوی کوردی فه‌یلی کوشتووه‌، 5000 خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی گازباران کردووه‌ و ده‌یان هه‌زاری دیکه‌ی لێ بریندار و ده‌رده‌دار کردوون، 2000000 سه‌رباز و چه‌کداری له‌ جه‌نگی ئێران و کوردستان و کووه‌یتدا به‌ کوشت داوه‌، هه‌زاران شیعه‌ی کوشتووه‌، له‌ سێداره‌ بدرێت!. جه‌لال تاڵه‌بانی به‌زه‌یی به‌ سه‌ددام حوسه‌یندا دێته‌وه‌، به‌ڵام به‌زه‌یی به‌ شه‌هیدانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و کوردانی فه‌یلی و بارزانییه‌کان و شیعەکاندا نایه‌ته‌وه‌ و له‌ که‌س و خه‌ڵکانی ئه‌و شه‌هیدانه‌ ناپرسێت، که‌ چییان ده‌وێت و ده‌یانه‌وێ چی له‌ سه‌ددام حوسه‌ین و ده‌سته‌که‌ی بکرێت! جه‌لال تاڵه‌بانی، پێیوایه‌ کورد سه‌ربه‌خۆیی ناوێت و ده‌ستبه‌رداری ئه‌و داخوازییه‌ ده‌بێت، چونکه‌ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردیی شتێکی دووره‌ده‌سته‌ و هاوسێیه‌کانی عیراق ڕێگه‌ به‌ هه‌نگاوێکی له‌و جۆره‌ ناده‌ن و پێیوایه‌ کۆکردنه‌وه‌ی ئیمزا بۆ ڕاپرسی (ڕیفراندۆم) به‌ واتای داواکردنی سه‌ربه‌خۆیی نییه‌. دیاره‌ جه‌لال تاڵه‌بانی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه‌ هاوسێیه‌کانی عیراق، تورکیا، سووریا، ئێران، ئوردون، کووه‌یت و عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌، بانگهێشتنی کورد بکه‌ن و پێی بڵێن: وه‌رن ده‌وڵه‌تی خۆتان ڕاگه‌یه‌نن و جاڕیی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بده‌ن!. کورد ئه‌گه‌ر به‌ ته‌مای ئه‌و هاوسێیانه‌ی بێت، به‌ تایبه‌ت تورکیا و ئێران و سووریا، ئه‌وا هه‌رگیز ڕزگاری نابێت و هه‌ر به‌ بنده‌ست ده‌مێنێته‌وه‌. ڕزگاربوون و سه‌ربه‌خۆیی و جاڕدانی ئازادی کوردستان، پێش هه‌ر شتێک به‌ ئاماده‌کردنی خه‌ڵکه‌ بۆی. به‌ بارهێنان و جۆشدانی خه‌ڵکه‌ بۆی. به‌ به‌رده‌وام ده‌نگ بڵندکردنه‌وه‌یه‌ بۆی. خڕکردنه‌وه‌ی ئێمزای خه‌ڵکی کوردستان بۆ ڕاپرسیی، ڕێک پێچه‌وانه‌ی قسه‌که‌ی تاڵه‌بانی ده‌گه‌یه‌نێت و واتای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، که‌ گه‌لی کوردستان نه‌یانگه‌ره‌که‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا بژین و به‌ عیراقه‌وه‌ گری بدرێن. ئه‌و ڕاپرسییه‌ ده‌نگی خه‌ڵکی کورده‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ڕزگاری و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان. ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یڵێت، گاڵته‌پێکردن و سووکایه‌تیکردنه‌ به‌ خواست و ڕای گه‌لی کوردستان. جه‌لال تاڵه‌بانی و ته‌واوی ئه‌و کوردانه‌ی، دڵیان به‌ عیراق خۆشه‌ و وه‌دووی ده‌سه‌ڵاتدا له‌ به‌غدا غار ده‌ده‌ن، ده‌بوو شه‌رمیان به‌خۆیاندا هاتباوە، که‌ ئێستا له‌ ته‌نیشت ئاڵای به‌عسه‌وه‌ داده‌نیشن و قسان ده‌که‌ن. ئه‌و ئاڵایه‌ی به‌عس، که‌ له‌ په‌نایدا ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ کراوه‌ و سه‌دان هه‌زار کورد شه‌هید کراون و نیوه‌ی کوردستان وێران کراوه‌. کورد پێش جه‌لال تاڵه‌بانی و هه‌ر له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه‌، سه‌دانی وه‌ک تاڵه‌بانی و گه‌لێک له‌و به‌هێزتر و تواناتریشی له‌ بواری سیاسه‌تی عیراقیدا هه‌بووه‌ و هیچ یه‌کێکیشیان کێشه‌ی کورد و پرسی گه‌لی کوردستانیان هێنده‌ی ڕێزه‌یه‌ک نه‌بردووه‌ته‌ پێشێ. هه‌ر له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ینیشه‌وه‌، هۆشیار زێباری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراقه‌ و کۆمه‌ڵێکی دیکه‌یش وه‌زیر و کارگێڕی کورد هه‌ن له‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی عیراقدا، ئه‌وانه‌ی پێش سه‌ددام و زێباری و ئه‌وانه‌ی دوای سه‌ددام، چییان بۆ کورد کردووه‌، تاڵه‌بانیش هه‌ر هێنده‌ی پێ ده‌کرێت. ئه‌و کورده‌ی وه‌زیر و گزیر و کارگێڕ بێت له‌ عیراقدا، به‌ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆککۆماریشه‌وه‌، مادام له‌ به‌غدایه‌ و به‌شێکه‌ له‌ ده‌سگای ده‌سه‌ڵاتی عیراقی و به‌ ناوی عیراقه‌وه‌ قسان ده‌کات و کار بۆ ڕێژیمی عیراق ده‌کات، ئه‌وا بۆ کورد هیچی پێ ناکرێت، له‌ بازنه‌ی عیراقدا ده‌خولێته‌وه‌ و به‌ قازانجی عیراق و یه‌کیه‌تیی خاکی عیراق و یه‌کپارچه‌یی عیراق کار ده‌کات. ئێستا تاڵه‌بانی به‌م پۆسته‌ بێده‌سه‌ڵاتانه‌یه‌ی خۆیه‌وه‌ و به‌و بیروباوه‌ڕه‌یه‌وه‌، که‌ هه‌یه‌تی و به‌و خه‌ڵکه‌ی، به‌ چوارده‌ورییه‌وه‌ن، ده‌بێ چی بۆ کورد پێ بکرێت! من پێم وایه‌ نه‌ک هه‌ر هیچی باشی پێناکرێت، به‌ڵکه‌ زۆرجاران ڕیسه‌که‌ له‌ کورد ده‌کاته‌وه‌ به‌ خوری.

                                                                                                         27-04-2005

 

 

 

 

 



[1] د.ره‌فیق سابیر، سه‌رۆک کۆماری ئازادی،  کوردستانی نوێ، ژماره‌ 3641 یه‌کشه‌ممه‌ 10/4/2005.

[2] فازڵ که‌ریم ئه‌حمه‌د(م. جه‌عفه‌ر)، گرنگی و بایه‌خی هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێز مام جه‌لال بۆ سه‌رۆکایه‌تیی عیراق، کوردستانی نوێ، ژماره‌ 3651، پێنجشه‌ممه‌ 21/4/2005.                                                     .

[3] "لغایة‌ في نفس یعقوب"، واته‌: به‌هۆی مه‌به‌ستێکه‌وه‌، که‌ له‌ دڵی یه‌عقووبدا هه‌یه‌.

[4]واته‌: ئه‌وه‌ی که‌ شه‌و ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ گه‌رمێن به‌و خۆراک و شیوه‌ی پاشماوه‌ی شه‌و ده‌ڵێن"شه‌ومه‌نە".

 

 

Monday, April 25, 2005

میدیاکانی به‌عسیش هه‌ر به‌و جۆره‌یان ده‌کرد

میدیاکانی به‌عسیش هه‌ر به‌و جۆره‌یان ده‌کرد 
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ ژماره‌ 3645ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی 25/4/2005دا و له‌ لاپه‌ڕه‌ی 9 دا و له‌ ژێر سه‌ردێڕی"کورد و مه‌سه‌له‌ی کورد، کتێبێک بۆ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان"، جه‌بار سابیر، گوتارێکی نووسیوه‌، که‌ ڕانانی کتێبێکی "دوکتۆر شاکر خه‌سباک"ه‌، به‌ نێوی"کورد و مه‌سه‌له‌ی کورد". ڕانه‌ری کتێبه‌که‌، به‌ باشی کتێبه‌که‌ی خوێندووه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵیسه‌نگاندووه‌ و کۆمه‌ڵێک نموونه‌ی له‌ نووسینه‌که‌ی دوکتۆر خه‌سباک هێناوه‌ته‌وه‌ و ته‌واوی کتێبه‌که‌ی دوکتۆر خه‌سباکی پێ کارێکی چاک و زانستییه‌ و باسی وێژدان و ڕاستگۆیی دوکتۆر خه‌سباک ده‌کات و کۆڵێک په‌سنی کتێبه‌که‌ ده‌دات. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسووڕمانه‌ و به‌لای مرۆڤه‌وه‌ سه‌یره‌، جه‌بار سابیری ڕانه‌ری ئه‌و کتێبه‌ وا باس له‌و کتێبه‌ ده‌کات، وه‌ک بڵێی هه‌ر له‌ ئه‌سڵدا دوکتۆر خه‌سباک به‌ کوردی نووسیبێتی و به‌ هیچ جۆرێک به‌لای ئه‌وه‌دا ناچێت، که‌ ئه‌و کتێبه‌ له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ کراوه‌ته‌ کوردی و به‌ هیچ جۆرێک ناوێ ئه‌وه‌ی کردوویه‌تی به‌ کوردی نه‌هێناوه‌ و ته‌نانه‌ت ناوی ئه‌و په‌خشخانه‌یه‌شی نه‌بردووه‌، که‌ کتێبه‌که‌ی چاپ کردووه‌. ئه‌و کتێبه‌ من(ئه‌مجه‌د شاکه‌لی) بۆ خۆم کردوومه‌ته‌ کوردی و ساڵی 1997، له‌ سوێد و له‌ لایه‌ن "بنکه‌ی چاپه‌مه‌نی ڕۆژ"ه‌وه‌ بۆ یه‌که‌م جار چاپ کراوه‌. چاپی دووه‌میشی وا ئه‌مساڵ و له‌ لایه‌ن په‌خشخانه‌ی"ئاراس"ه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر کراوه‌، که‌ من بۆ خۆم هێشتا نه‌مدیوه‌. له‌ هیچ جێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌ وه‌ها کارێک ناکرێت، که‌ وا به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ و به‌ ئاشکرا، باس له‌ کتێبێکی وه‌رگێڕدراو بکرێت، بێ ئه‌وه‌ی نێوی وه‌رگێڕه‌که‌ ببرێت و باسێکی زمانی وه‌رگێڕانه‌که‌ی بکرێت و نێوی  ده‌سگای بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ ببرێت!. وه‌ها کارێک مه‌گه‌ر ته‌نێ له‌ کوردستانێکدا ڕوو بدات، که‌ "لێوانلێوه‌ له‌  دیموکراتی"! وه‌ها کارێک له‌  پێڕۆکردن و دووباره‌کردنه‌وه‌ و لاساییکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی به‌عس زیاتر شتێکی دیکه‌ نییه‌،  چونکه‌ میدیاکانی به‌عسیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یان ده‌کرد.                                                                                                   

25/4/2005

Thursday, April 7, 2005

قرتاندنی بڕگه‌یه‌کی مێژوو

قرتاندنی بڕگه‌یه‌کی مێژوو
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئه‌م پاش نیوه‌ڕۆیه‌، یه‌کێکم له‌ کۆنه‌ شاگردانی خۆم، که‌ پێش ده‌ دوازده‌ ساڵێک، له‌ یه‌کێک له‌ خوێندنگه‌کانی شاری ستۆکهۆڵم کۆمه‌کی زمانی سوێدی و وانه‌کانی دیکه‌م ده‌کرد، تووشبوو. ئه‌و خه‌ڵکی باکووری کوردستانه‌. له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کی تورکیدا پێکه‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون. سڵاوێکم لێکردن و لێیان تێپه‌ڕیم. پاش تۆزێک گوێم لێبوو، له‌ پشتمه‌وه‌ بانگم ده‌کات. که‌ ئاوڕم دایه‌وه‌ گوتی: مامۆستا کوردستان ئازاد بوو! گوتم: چه‌وا! گوتی: جه‌لال تاڵه‌بانی، بوو جمهوور باشقان[1]! گوتم: ڕاسته‌، لێ ئه‌و نه‌بوو جمهوور باشقانێ کوردستان، ئه‌و بووه‌ جمهوور باشقانێ عیراق!                                                                 
*****
پێموانییه‌ هیچ کوردێک هه‌بێت پێی ناخۆشبێت، کوردێک ببێته‌ نه‌ک هه‌ر سه‌رۆکی عیراق، به‌ڵکه‌ سه‌رۆکی حه‌به‌شه‌ و په‌نه‌ما و چین و هه‌رجێیه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌. به‌ڵام به‌ڕاستی سه‌رۆک بێت و ده‌ست و پێی نه‌به‌سترابێته‌وه‌ و کاری پێ بکرێت. سه‌رۆکی عیراقی ئێستا، له‌گه‌ڵ شای سوێد و سه‌رۆکی ئیسرائیل و سه‌رۆکی تورکیا و سه‌رۆکی فینلاندا، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی نییه‌ و ته‌نێ کار و پۆستێکی ڕه‌مزییه‌ و چ ده‌سه‌ڵاتێکی نییه‌. من له‌م قسه‌یه‌م، خودانه‌خواسته‌، مه‌به‌ستم که‌مکردنه‌وه‌ی نرخ و بایه‌خی سه‌رۆکی ئێستای عیراق نییه‌، به‌ڵکه‌ ته‌نێ ڕاستییه‌ک ده‌خه‌مه‌ ڕوو، که‌ نه‌ک هه‌ر من،  به‌ڵکه‌ هه‌موو خه‌ڵک ده‌یزانن.                                                                                                                        
*****
ئه‌وه‌ی ته‌ماشای میدیاکان و که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی کوردسات بکات، دوو ڕۆژه‌ له‌ شایی و گۆڤه‌ند و فیقوفاقی ئۆتۆمبیل و گه‌ڕانی نێو شار و سه‌ر جاده‌ و خرۆشانی خه‌ڵکی شاره‌کانی کوردستان و په‌ڕۆی که‌سک و وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی زیاتر، شتێکی دیکه‌ نابینێت. په‌یتاپه‌یتا و سه‌دان جار، وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌ سه‌رده‌می منداڵی و مێردمنداڵییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌وڕۆی، پێشان ده‌درێت و مێژووی ژیانی باس ده‌کرێت و ده‌خوێنرێته‌وه‌. وه‌ک سیاسییه‌کی لێزان و خودان ئه‌زموون و کارا و بیریار باس ده‌کرێت و پێشان ده‌درێت. له‌ ته‌واوی  ئه‌و میژووه‌ی ژیانی تاڵه‌بانیدا، که‌ میدیاکان ده‌یخوێننه‌وه‌ و پێشانی ده‌ده‌ن، به‌لای تاکه‌ یه‌ک شتدا ناچن و خۆ له‌ قه‌ره‌ی یه‌ک شت ناده‌ن، که‌ ئه‌ویش گرنگترین بڕگه‌ی ژیانی تاڵه‌بانییه‌، ساڵانی 1966-1970، واته‌: ساڵانی پشتکردنه‌ شۆڕشی کورد و  جاشایه‌تییه‌. یه‌ک وێنه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ پێشان ناده‌ن. به‌ سه‌ر ئه‌و ساڵانه‌دا باز ده‌ده‌ن و نێویان نابه‌ن و باسیان لێوه‌ ناکه‌ن، وه‌ک بڵێی ئه‌و ساڵانه‌ له‌ ده‌رێی مێژوون و لێی ده‌رهاوێژراون و سڕاونه‌وه‌. مێژووی ژیانی مرۆڤ، هه‌موو ژیانیه‌تی، له‌ ڕۆژی زایینیه‌وه‌ تا ڕۆژی مردنی. دێرۆکی تاڵه‌بانی، بڕگه‌ی ساڵانی 1966-1970یشی تێدایه‌ و ناکرێت هه‌روا بقرتێنرێت و گومناو بکرێت. مرۆڤ له‌ ژیانیدا هه‌رچییه‌کی کردبێت و هه‌رچۆنێک بیری کردبێته‌وه‌، چاک یا خراپ، ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ به‌شێک له‌ مێژووی ژیانی. مرۆڤ هه‌رچه‌نده‌ له‌ بڕگه‌یه‌کی ته‌مه‌نیدا هه‌ڵه‌یش بووبێت و کرده‌وه‌گه‌لێکی کردبێت، که‌ پاشتر به‌ دڵی نه‌بن و لێیان په‌شیمان بووبێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وانه‌ کرده‌وه‌ی ئه‌ون و هه‌رگیز ناتوانێت حاشایان لێ بکات. مرۆڤی شۆڕشگێڕ و ڕاستگۆ و بوێر، ئه‌و که‌سه‌یه‌ ددان به‌ هه‌ڵه‌ی خۆیدا ده‌نێ و ڕێکوڕه‌وان باسی هه‌ڵه‌ی خۆی ده‌کات و خۆی له‌ هیچ کێماسییه‌کی خۆی نادزێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانی و ته‌واوی ده‌سته‌که‌ی و هه‌وادارانی، ساڵانی 1966-1970 به‌ جاشایه‌تی نازانن و پێیانوایه‌ بوونیان له‌ سه‌نگه‌ری حوکوومه‌تی عیراقدا دژ به‌ شۆڕشی کوردستان، خه‌بات بووه‌ و بۆ کورد تێکۆشاون، ئیدی بۆچی باسی ئه‌و ساڵانه‌ ناکه‌ن و به‌سه‌ریدا باز ده‌ده‌ن! خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ساڵانه‌ش به‌ جاشایه‌تی و ناپاکی داده‌نێن، ئه‌وا با هێنده‌ بوێر بن و به‌ ڕاشکاوی بیڵێن و خۆیانی لێ نه‌بوێرن.                                                                                                                
*****
له‌و باسکردن و شاییگێڕانه‌ی میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستاندا و له‌ گوتار و نووسینی ماستاوساردکردنه‌وه‌ و مه‌رایی خۆبه‌ڕۆشنبیرزان و نووسه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدا، وا دێته‌ به‌رگوێ و به‌رچاو، که‌ زیره‌کی و لێوه‌شاوه‌یی و سیاسه‌تزانیی و شایسته‌یی جه‌لال تاڵه‌بانی، ئه‌وی گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌و پۆسته‌ی ئێستای"سه‌رۆککۆماری عیراق". پێش هه‌ر شتێک، هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین، که‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای به‌غدا و عیراق، به‌ ڤیزه‌ و چرای که‌سکی ئه‌مه‌ریکا دانراون و داده‌نرێن و ده‌ستنیشان ده‌کرێن. پاش ئه‌وه‌ش دانانی سه‌رۆککۆمار و سه‌رۆکی حوکوومه‌ت و په‌رله‌مان و وه‌زیر و گزیر و هه‌موو تێڵابه‌ده‌ستێکی ئه‌و وڵاته‌، به‌ پێکهاتنی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به‌ قایلبوونی ئه‌مه‌ریکا و سیستانی و...ده‌کرێت، واته‌: ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان بۆ خۆیان نێوی"ته‌وافوق"ی لێ ده‌نێن. ئه‌گه‌ر ده‌نگدانێکی ڕاسته‌وخۆ و هه‌ڵبژاردنێکی ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆککۆمار یا هه‌ر پۆستێکی دیکه‌ی ئه‌و وڵاته‌"عیراق" کرابا و خه‌ڵک ده‌نگیان به‌ که‌سه‌کان دابا و له‌ نێوان چه‌ند که‌سێکدا یه‌کێکیان هه‌ڵبژێردرابا، ئه‌وده‌م ده‌کرا باسی لێوه‌شاوه‌یی و گه‌لێری و کاریزما بکرێت. نه‌ک ئێستا، به‌ڵکه‌ هه‌ر دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراق، باسی دانانی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ سه‌رۆککۆماری عیراق، له‌ ئارادا بوو و هه‌ر له‌وده‌مییه‌وه‌ نێوزه‌د کراوه‌. پاش ئه‌وه‌ش بۆ پشتگری و کۆمه‌ک و پشتیوانیکردنی ته‌واوی هێزه‌کانی کوردستان و خه‌ڵکی کورد،  به‌ هه‌موو توێژ و چین و جیاوازییه‌کانییه‌وه‌ له‌ دانانی تاڵه‌بانیدا به‌ سه‌رۆککۆمار له‌ یاد بکرێت و ته‌واوی ئازایه‌تی و لێهاتوویی و کاراییه‌که‌ بۆ ته‌نێ تاڵه‌بانی و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی بگێڕدرێته‌وه‌!                                                                                         
*****
 کێ حه‌ز ناکات کورد هه‌میشه‌ له‌ شایی و که‌یف و خۆشیدا بێت، لێ نه‌ک بۆ هه‌موو شتێک هه‌ڵپه‌ڕێت و سه‌رچۆپی بگرێت و شایی بکات. له‌م شایی و شایلۆغان و به‌زم و هه‌رایه‌ی کوردستاندا، له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌سێکدا قسه‌ ده‌کرێت و هه‌ر که‌سێک ده‌مده‌کاته‌وه‌،  هه‌ڵبژاردنی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ خۆشترین ڕۆژی ژیان و ڕۆژی له‌دایکبوون و سه‌رکه‌وتنی کورد و...داده‌نێت. ئه‌و خه‌ڵکه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عیراقیش هه‌مان شتیان ده‌گوت و هه‌مان کاریان ده‌کرد، وه‌ک بڵێی کورد له‌ هه‌ڵپه‌ڕکێ زێتر هیچی دیکه‌ی نییه‌. خۆزگه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌رچی وزه‌ و توانست و که‌یفیان هه‌یه‌، ته‌رخان ده‌کرد و هه‌ڵیانده‌گرت بۆ  ڕزگاربوونی کوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان و هه‌ڵبژاردنی  په‌رله‌مانی کوردستان و سه‌رۆککۆماری کوردستان و یه‌ک ڕێزه‌یان له‌و وزه‌یه‌، له‌ پێناوی  عیراق و عیراقییه‌تیدا به‌ سه‌رۆککۆمارییه‌کیشییه‌وه‌، به‌ فیڕۆ نه‌ده‌دا.                                                                                                               
7/4/2005
                                                                                          



 وشه‌یه‌کی تورکییه‌ به‌ واتای:"سه‌رۆککۆمار".[1]

Sunday, March 20, 2005

مۆنومێنتی ئه‌نفال بۆ له‌ هه‌ولێر!

مۆنومێنتی ئه‌نفال بۆ له‌ هه‌ولێر!

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

16/3/2005، سه‌رۆکی حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، به‌ردی بناخه‌ی مۆنومێنت(نیشانه‌ یا په‌یکه‌ر)ێکی بۆ ئه‌نفال و شه‌هیدان له‌ هه‌ولێر دانا. ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌ به‌ ئاماده‌بوونی کۆمه‌ڵێک به‌رپرس و خه‌ڵکانی حیزبی و کارگێڕان و ئه‌ندازیاری ئه‌و مۆنومێنته‌(خوسره‌و جاف)، دانرا. من دانانی په‌یکه‌ر یا نیشانه‌یه‌ک بۆ ئه‌نفال و شه‌هیدان به‌ کارێکی پیرۆز و باش ده‌زانم و پێموایه‌ یادکردنه‌وه‌ی شه‌هیدان و به‌ تایبه‌ت قوربانیانی ئه‌نفال، ده‌بێ وه‌ک کارێکی هه‌میشه‌یی بێت و هه‌رگیز ڕاوه‌ستانی تێدا نه‌کرێت و به‌رده‌وام بێت. دیاره‌ ئه‌نفال تا ڕاده‌یه‌ک هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌کانی باشووری کوردستانی گرته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی، که‌ له‌ هه‌مووان زیاتر به‌رکه‌وت و تێداچوو و ئه‌نفال کرا و زیانمه‌ند بوو، گه‌رمیان و که‌رکووکی پێته‌ختی بوو. مرۆڤ، که‌ باسی ئه‌نفال ده‌کات و وشه‌ی ئه‌نفالی به‌رگوێ ده‌که‌وێت، ده‌سبه‌جێ ته‌واوی بیر و خه‌یاڵی بۆ که‌رکووک و گه‌رمیان ده‌ڕوات و ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی دێته‌ پێش چاو و ده‌سبه‌جێ پڕ گوێی ده‌بێت له‌ شین و شه‌پۆڕ و زریکه‌ و قیژه‌ و گریانی ژن و پیر و لاو و منداڵی ئه‌نفالکراو. که‌ که‌رکووک "دڵ" و "قودس" و "پێته‌ختی کوردستان" و "کرۆکی کێشه‌ی کورد" بێت، به‌ پێی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، که‌ که‌رکووک بۆ خۆی ئه‌نفالستان بێت و هه‌موو بسته‌ خاک و زه‌وییه‌کی گه‌رمیان و که‌رکووک ئه‌نفالگه‌یه‌ک بێت، ئیدی بۆچی په‌یکه‌ری ئه‌نفال له‌ هه‌ولێر دروست ده‌کرێت؟ سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، ده‌بوو هه‌موو هه‌وڵ و توانست و کۆشش و ئاوه‌زێکیان وه‌گه‌ڕخستبا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو کار و هه‌نگاو و بڕیارێکیاندا، ئه‌گه‌ر تاکه‌ یه‌ک میللیمیتریش له‌ که‌رکووک بچنه‌ پێشه‌وه‌ و تاکه‌ یه‌ک میللیمیتریش که‌رکووک به‌ره‌و ئامێزی به‌شه‌ ڕزگارکراوه‌که‌ی کوردستان بهێننه‌وه‌، سستی نه‌که‌ن و دوودڵیی نه‌که‌ن و هه‌رچی زووتره‌ به‌ره‌وپیری بچن. ئه‌گه‌ر تیۆری "بێپا و پادار"، بکه‌ینه‌ پێوه‌رێک بۆ هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ کێشه‌ یا شته‌ یا باره‌، گرنگ و گرنگتر و گرنگترینه‌کاندا، ئه‌وا هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک بێپاکانن و که‌رکووکیش پادار. که‌رکووک پاداره‌  گرنگترینه‌که‌یه‌ و ده‌بێ وه‌پێشی هه‌موو ئه‌رکه‌کانی دیکه‌ بخرێت. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد ده‌بوو و ده‌بێ له‌ هه‌موو کارێکیدا وه‌ها بیربکاته‌وه‌ و پاداره‌که‌ بگرێت و گرنگییه‌کی پتری پێ بدات، نه‌ک بێپاکان. تۆ که‌ مۆنومێنتێک بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و شه‌هیدانی چێ بکه‌یت، باشترین و شایسته‌ترین جێگه‌ بۆ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌. مۆنومێنتی ئه‌نفال و مۆزه‌ی ئه‌نفال و هه‌موو شتێکی پێوه‌نددار به‌ ئه‌نفاله‌وه‌ ده‌بێ له‌ که‌رکووک بێت و چێبکرێت، نه‌ک له‌ شوێنه‌کانی تر. ئه‌گه‌ر مۆنومێنته‌که‌ بۆ ته‌واوی شه‌هیدانی کوردستانیشه‌، به‌ ئه‌نفال و کوردانی فه‌یلی و بارزانییه‌کان و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌شه‌وه‌، ئه‌وا هیشتا که‌رکووک شایسته‌ترین جێگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌.                                         

20/3/2005

Friday, March 18, 2005

چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی کورد له‌ پای چی؟

 

چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی کورد له‌ پای چی؟

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 

ئه‌م هه‌واڵه‌ی خواره‌وه‌ له‌ په‌یامنێردا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و من بێ هیچ ده‌سکاری و گۆڕانێک، ڕێک وه‌ک خۆی ده‌یخه‌مه‌ پێش چاوی ئێوه‌ی هێژا:                                                                         

"سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ پیرۆزبایی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا ناوی کوردی نه‌هێنا                

                             کاتژمێر 11:5317-  Mars- 2005 -Peyamner

 – فرانس پرێس– (جۆرج بووش)ی سه‌رۆکی ولایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ پیرۆزبایی خۆی بۆ ئێرانییه‌کان و سه‌رجه‌می ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ نارد که‌ نه‌ورۆز به‌ جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌زانن. سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا که‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، ده‌ڵێت "نه‌ورۆز مانای هاتنی ساڵی نوێ و ئاهه‌نگگێڕانه‌ بۆ ژیان، ئه‌و جه‌ژنه‌ له‌ کۆنه‌وه‌ بۆنه‌یه‌که‌ بۆ کات به‌سه‌ربردن له‌گه‌ڵ خێزان و هاوڕێیان و چێژوه‌رگرتن له‌ جوانیی سروشت". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "زۆرێک له‌ ئه‌مریکییه‌ به‌ ره‌گه‌ز عێراقی و ئێرانی و ئه‌فغانی و پاکستانی و ئازه‌ربێجانی و تورکه‌کانی ناوه‌ڕاستی ئاسیا بۆ پاراستنی که‌له‌پووری ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆیان و دووپاتکردنه‌وه‌ی به‌ها و نه‌ریته‌کانی خۆیان له‌و بۆنه‌یه‌دا ئاهه‌نگ ده‌گێڕن". به‌یاننامه‌که‌ ته‌نیا ناوی ئه‌و وڵاتانه‌ی هێناوه‌ که‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزیان تێدا ده‌کرێته‌وه‌ .".             

ئه‌م هه‌واڵه‌"سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ پیرۆزبایی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا ناوی کوردی نه‌هێنا"، به‌ڵام به‌ گۆڕدراوی و ده‌ستکاری و ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، وه‌ک هه‌واڵێکی زۆر گرنگ و یه‌که‌م هه‌واڵ، له‌ هه‌واڵه‌کانی "کوردستان تیڤی"دا، که‌ خوێنرایه‌وه‌ و له‌ ڕۆژنامه‌ی "خه‌بات"دا که‌ بڵاوکرایه‌وه‌[1]، کرابوو به‌وه‌ی، که‌ "سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا پیرۆزبایی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ گه‌لی کورد ده‌کات". ئه‌وه‌ی ته‌ماشای ده‌قی ئه‌و هه‌واڵه‌ی په‌یامنێر بکات ده‌بینێت، که‌ جۆرج بووش، وشه‌ی کوردی به‌ زاردا نه‌هاتووه‌ و له‌ کووله‌که‌ی ته‌ڕیشدا نێوی کوردی نه‌بردووه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ نێوی ئێرانییه‌کان و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی بردووه‌ ، که‌ نه‌ورۆز به‌ جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌زانن. ڕاسته‌ کورد یه‌کێکه‌ له‌و نه‌ته‌وانه‌، لێ بووش نه‌یگوتووه‌ کورد. له‌ جێگه‌یه‌که‌ی دیکه‌شدا بووش، نێوی عیراقی، ئێرانی، ئه‌فغانی، پاکستانی، ئازه‌ربایجانی و تورکه‌کانی ناوه‌ڕاستی ئاسیای بردووه‌. هاوڕێیانی کوردستان تیڤی و ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، وشه‌گه‌لی "عیراقی" و" ئێرانی"یان، لێ بووه‌ به‌ کورد و پێیانوایه‌ بووش نێوی کوردی بردووه‌ و به‌وه‌ش شاگه‌شکه‌ گرتوونی و کۆڵێک خۆشحاڵ بوون. ئه‌گه‌ر عیراقی و ئێرانی، به‌ لای کوردستان تیڤی و ڕۆژنامه‌ی خه‌باته‌وه‌، واتای کورد بگه‌یه‌نن، ئه‌وا زۆر شاشن و خراپ له‌ مه‌سه‌له‌که‌ گه‌یشتوون. کورد کورده‌ و خه‌ڵکی کوردستانه‌. هه‌رچی عیراقییشه‌ یا ئێرانی، ئه‌وا عه‌ره‌ب و فارس و به‌لووچ و تورکمه‌ن و ئازه‌ری ‌ و مه‌ندائی و...ئه‌وانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، که‌ له‌ نێو ئێران و عیراقدا ده‌ژین، نه‌ک له‌ سه‌ر خاکی کوردستان و له کوردستانیش هه‌ندێک تورکمان و فه‌له ده‌ژین. پێش هه‌ر شتێک بووش نێوی کوردی نه‌بردووه‌ و وا گریمان نێوی کوردیشی برد، ئیدی ئه‌م هه‌ڵڵا و به‌زمه‌ی بۆ چییه‌ و بۆچی هێنده‌ گه‌وره‌ ده‌کرێته‌وه‌ و چما ده‌کرێته‌ یه‌که‌م هه‌واڵ و بۆچی مرۆڤی کورد به‌وه‌ دڵخۆش و که‌یفساز بێت، که‌ بووش نێوی بردووه‌!. بووشێک، ئه‌گه‌ر جیهان بکه‌یته‌ ده‌"10" به‌شه‌وه‌، نۆ"9" به‌شی و ڕه‌نگه‌ پتریش خۆشیان ناوێت و ڕقیان لێی ده‌بێته‌وه‌ و به‌ خراپی ده‌زانن و حه‌زیان به‌ سیاسه‌ته‌که‌ی نییه‌، بۆچی میدیای کورد، هێنده‌ له‌به‌رچاوی خه‌ڵکی کورد خۆشه‌ویستی ده‌کات و ده‌یڕازێننه‌وه‌ و ئارایشتی ده‌کات!. دوای ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌ که‌ی ڕاسته‌ میدیای کورد، خه‌ڵکی کورد چه‌واشه‌ بکات و هه‌واڵی ناڕاست ده‌رخواردی گوێ و چاو و مێشکی بدات!. جاران و ساڵانێکی پێشتر من بۆ خۆم خه‌ڵکی کوردم دیتووه‌، ته‌نانه‌ت خه‌ڵکانی سیاسه‌تکار و خاوه‌ن پایه‌، گوتوویه‌تی له‌ هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ک نێوی کورد بهێنرێت باشه‌، ئه‌گه‌ر جنێو و قسه‌ی ناشیرینیشی پێ بگوترێت. ئه‌و که‌سانه‌ پێیانوابووه‌ به‌و ناوهێنانه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ خراپه‌ش بێت، نێوی کورد ده‌که‌وێته‌ نێوانه‌وه‌ و قازانج و سوودێک به‌ پرسی کورد ده‌گات، به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ ڕاسته‌! من ده‌زانم هه‌ردوو کوردستان تیڤی و خه‌بات، میدیاگه‌لێکی حیزبین و ده‌نگی حیزبن و ده‌ربڕی بیروڕای حیزبن، به‌ڵام پێشموانییه‌ مرۆڤی کورد هێنده‌ سافیلکه‌ و زه‌ینکوێر بێت، که‌ هه‌روا و به‌ ئاسانی کڵاو بنرێته‌ سه‌ری و بخه‌ڵه‌تێنرێ و هه‌واڵێکی درۆی لێ بکرێ به‌ ڕاست. ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ میدیای کورد بیسه‌لمێنێت، که‌ به‌ کێشه‌ی ڕه‌وای خه‌ڵکی کوردستان، په‌یوه‌ست و پابه‌نده‌ و دڵسۆزی مرۆڤی کوردستانه‌ و هیچ درشت و وردێک له‌ خه‌ڵکی کوردستان ناشارێته‌وه‌ و ته‌واوی ڕاستییه‌کان و وه‌ک خۆیان پێشانی خه‌ڵک ده‌دات و ده‌نگی خه‌ڵکه‌، نه‌ک ته‌نێ ده‌نگی حیزب. ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئیدی میدیای کورد بیری عیراقییه‌تی، ئێرانییه‌تی، تورکیایه‌تی و سووریایه‌تی، له‌ مێشکی خه‌ڵکی کورد بسڕێته‌وه‌ و خه‌ڵکی کورد به‌ بیری کوردبوون و کوردستانیه‌تیی باربهێنێ و فێرکات. ئه‌وه‌ی ماوه‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بووش ناوی کورد بهێنێت یا نه‌، چی له‌ ڕه‌وشی هه‌ژاران و که‌سوکاری ئه‌نفالکراوان و شه‌هیدان و قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ و  کوردانی فه‌یلی و بێده‌سه‌ڵاتانی کورد به‌ تایبه‌ت و  کورد به‌ گشتی ده‌گۆڕێت!.                                                                                                            

18/3/2005




  هه‌واڵه‌کانی که‌ناڵی کوردستان تیڤی ڕۆژی 17/3/2005 و خه‌بات، ژماره‌ 1740، هه‌ینی 18/3/2005.[1]

سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران

سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 

پێموایه‌ مه‌زنیی و تێکۆشان و خه‌باتی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و ته‌رخانکردنی ته‌واوی ته‌مه‌نی خۆی بۆ خزمه‌تی گه‌لی کورد و وڵاتی کوردستان، له‌ هیچ یه‌کێکی خودان ویژدانی کورد و ناکوردی ئه‌م جیهانه‌، شاراوه‌ نییه‌ و هه‌مووان گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن. مه‌لا مسته‌فای بارزانییش، تا له‌ ژیاندا بوو هه‌رگیز هیچ که‌سێک له‌وانه‌ی، که‌ لێیه‌وه‌ نێزیک بوونه‌ و ناسیویانه‌ و دیتوویانه‌ و له‌ سه‌ریان نووسیوه‌ و باسیان کردووه‌، نه‌ لێیان بیستووه‌ و نه‌ دیتوویانه‌، که‌ پیاوێکی، خودا نه‌خواسته‌، خۆبه‌زلزان و خۆهه‌ڵکێش و ڕاله‌خۆبوو بێت. ئه‌وه‌ی ناسیویه‌تی و دیتوویه‌تی، لێی ده‌گێڕێته‌وه‌، که‌ مرۆڤێکی ساده‌ و ساکار و بێفیز و خاکی و گه‌لێر بووه‌ و هه‌میشه‌ خۆی وه‌ک یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی ژماردووه‌ و خۆی وه‌ک یه‌کێک له‌ تاکه‌کانی کورد زانیوه‌ و هه‌رگیز خۆی له‌ که‌س به‌ گه‌وره‌تر نه‌زانیوه‌ و ڕقی له‌ پێداهه‌ڵدان و مه‌زنکردنه‌وه‌ و په‌سندان و پێداهه‌ڵگوتن بووه‌. بارزانی ئه‌گه‌ر ئێستاش له‌ ژیاندا بووایه‌، هه‌روا ده‌بوو و هه‌رگیز ڕێگه‌ی به‌ هیچ که‌سێک نه‌ده‌دا، که‌ پێیداهه‌ڵبڵێ و په‌سنی بدات. له‌ مردنیشدا هه‌روا خاکی بووه‌. ئه‌وه‌ی بنۆڕێته‌ گۆڕه‌که‌ی، ئه‌و ساده‌یی و بێفیزییه‌ی بارزانی، به‌ ته‌واوی بۆ ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌وڕۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر بڵێم ڕۆژانه‌ ڕه‌نگه‌ زێده‌ڕۆیی نه‌بێت، له‌ ته‌له‌ڤزیۆنی "کوردستان تیڤی KTV"ه‌وه‌ ده‌یبینێت، که‌ به‌ لێشاو خه‌ڵک و عه‌شامات، پیر و گه‌نج، ژن و پیاو و منداڵ، خوێندکار و نه‌خوێندوو، کارمه‌ند و وه‌رزێر، حیزبی و ناحیزبی، سۆران و کرمانج، کوردی باکوور و باشوور و هی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوا، کاکه‌یی و ئێزدی و  شه‌به‌ک و عیسایی و شیعه‌ و سوننه‌، سترانبێژ و هونه‌رمه‌ند، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان، وه‌زیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان، عه‌ره‌ب و تورکمان، گه‌رمیانی و کوێستانی، که‌ونه‌پێشمه‌رگه‌ و که‌ونه‌جاش و که‌ونه‌به‌عسی و که‌ونه‌ شتی دیکه‌ و...هه‌موو پۆل پۆل ڕووده‌که‌نه‌ بارزان و سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران ده‌که‌ن. ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئه‌و هه‌موو ڕێگه‌ دوورانه‌ ده‌بڕن و خۆ ده‌خه‌نه‌ سه‌ختی و دژواری و مه‌ترسیی ڕێگه‌ی خراپ و ترافیکی خراپی کوردستانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران. ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ ویست و حه‌ز و ئاره‌زووی خۆیان ئه‌و سه‌ختییه‌ وه‌به‌ر خۆیان بده‌ن و وه‌ها کارێک بکه‌ن، ئه‌وا جێی خۆیه‌تی باس بکرێن و پێشان بدرێن، به‌ڵام هه‌ر له‌ دیتنی نووسراو و دروشم و وێنه‌ و تابلۆ و ئه‌و هه‌موو تاجه‌گوڵینه‌ زه‌لام زه‌لامانه‌ و ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی، که‌ پێیانه‌ و هه‌ڵیانگرتووه‌ و له‌گه‌ڵیاندان مرۆڤ تێده‌گات، که‌ ئه‌و هه‌موو شتانه‌ و ئه‌و ڕێوڕه‌سم و ڕێپێوانانه‌، کارگه‌لێکی هه‌روا هه‌ڕه‌مه‌کی و له‌خۆڕا و ده‌سبه‌جێی نیین، به‌ڵکه‌ نه‌خشه‌بۆداڕێژراون و ڕێکخراون و به‌ هاندانی ده‌سگا حیزبی و حوکوومه‌تی و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی پارتیی دیموکراتی کوردستان ده‌کرێن و ئه‌نجام ده‌درێن و ته‌له‌ڤزیۆنی کوردستانیش وه‌ک ڕێکلامێک بۆ پارتیی پێشانی ده‌دات. لێ ئه‌وه‌ی بڕێک ئاوه‌زی هه‌بێت و که‌مێک بیر له‌و شانۆگه‌رییه‌ بکاته‌وه‌، باش له‌وه‌ تێده‌گات، که‌ ئه‌و کاره‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی پارتیی ده‌یکات، هه‌رگیز به‌ قازانجی پارتیی و ناو ناوبانگ و پایه‌ و شایسته‌یی بارزانی ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵکه‌ ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ و به‌و کاره‌ی زیانێکی یه‌کجار زۆر و مه‌زن به‌ ناوی بارزانی و پایه‌ی وی و خۆشه‌ویستی وی له‌ دڵی خه‌ڵکی کورددا ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و کاره،‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی ڕێزمدا بۆ بارزانی، که‌ بێگومان بێ هیچ ڕکابه‌رێک، مه‌زنترین سه‌رکرده‌ی کورد بووه‌ له‌ هه‌موو مێژووی کورددا، سووکایه‌تییه‌ به‌ بارزانی و بارزانیزم. مرۆڤ ئه‌گه‌ر بیرێک له‌ ژیانی فرانکۆ، هیتله‌ر، ستالین، مۆسۆلینی، لێنین، پینۆشێ، سه‌ددام حوسه‌ین بکاته‌وه‌، هه‌رگیز وه‌ها کارێک ناکات و هه‌رگیز، سه‌ردانی ئارامگه‌ی نه‌مرانی وه‌ک بارزانی، ناکاته‌ ئه‌رکێک و نه‌ به‌ زۆر و نه‌ هاندانیش خه‌ڵک بۆ وه‌ها کارێک ناخاته‌ ڕێ، ئه‌گه‌ر خه‌ڵک بۆ خۆیان و به‌ ئاره‌زوو و ویستی خۆیان نه‌یکه‌ن. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکیش به‌ ویست و ئاره‌زووی خۆیان وه‌ها کارێک بکه‌ن، ئه‌وده‌م هیچ پێویست ناکات له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ و هه‌موو ڕۆژێک ئه‌و بابه‌ته‌ پێشانی خه‌ڵکی کورد بدرێت. هه‌زاران خه‌ڵکی کورد هه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی که‌س پێیان بزانێت و بێ ئه‌وه‌ی هیچ میدیایه‌ک ئاگای لێیان بێت، وه‌ک وه‌فا و خۆشه‌ویستییه‌ک بۆ بارزانی، بۆ خۆیان و به‌ ویست و ئاره‌زووی خۆیان و بێ هیچ ڕازاندنه‌وه‌ و به‌زم و هه‌را و به ‌بێده‌نگی و ئه‌وپه‌ڕی ئارامییه‌وه‌، بۆ خۆیان ده‌چنه‌ سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران له‌ بارزان. با میدیاکانی پارتیی، ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی خه‌ڵکی کورد، بۆ نه‌مران مه‌لا مسته‌فای بارزانی و ئیدریس بارزانی، کاڵ نه‌که‌نه‌وه‌ و ڕێزێک بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی، که‌ به‌ ڕاستی بارزانییان خۆش ده‌وێت دانێن و لێگه‌ڕێن ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ ڕاستینه‌یه‌ی خه‌ڵک نه‌بێته‌ دیمه‌ن و خۆهه‌ڵکێشان و مه‌رایی و خۆبردنه‌پێشه‌وه‌ و ماستاوساردکردنه‌وه‌ و مامه‌حه‌مه‌یی. من دڵنیام له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بارزانی بۆ خۆی ئێستاکه‌ له‌ ژیاندا بووایه‌، هه‌رگیز وه‌ها کارێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی میدیاکانی پارتیی ده‌یکه‌ن، قه‌بووڵ نه‌ده‌کرد. به‌ڕاستی گوناهه‌ بارزانی وا لێده‌کرێت و گوناهه‌ بازرگانی به‌ بارزانییه‌وه‌ ده‌کرێت و گوناهه‌ سه‌دان که‌سی تا دوێنێ نه‌یاری بارزانی و تا دوێنێ به‌دگۆ و جنێوده‌ر به‌ بارزانی و تا دوێنی دوژمن به‌ کورد و کوردستان و تا دوێنێ ساخته‌کار و فریوده‌ر، تا دوێنێ ئه‌گه‌ر پێی کرابا ناوی بارزانی له‌ جیهانی بووندا ده‌سڕییه‌وه‌، ئه‌وڕۆ ته‌نێ بۆ خۆبردنه‌پێشه‌وه‌ و بۆ ده‌ستکه‌وت و بۆ گیرفانپڕکردن و بۆ پایه‌ و...، ئه‌وڕۆ وه‌ک وڵاتپارێز و بارزانیست و کوردپه‌روه‌ر و خه‌باتکار، ده‌برێنه‌ سه‌ر مه‌زاری بارزانی. به‌و کاره‌ میدیاکانی پارتیی و به‌ تایبه‌ت کوردستان تیڤی، ئازاری گیانی بارزانی ده‌ده‌ن و لێناگه‌ڕێن بارزانی به‌ ئارامیی له‌ مه‌زاره‌که‌ی خۆیدا ئۆقره‌ بگرێت و بحه‌وێته‌وه‌.

18/3/2005  



Tuesday, March 15, 2005

دواخستنی گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ سه‌ر کوردستان و هێشتنه‌وه‌ی بۆ داهاتوو، به‌ هه‌ر بیانوویه‌ک بێت، تاوانه‌

دواخستنی گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ سه‌ر کوردستان و هێشتنه‌وه‌ی بۆ داهاتوو، به‌ هه‌ر بیانوویه‌ک بێت، تاوانه‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئه‌گه‌ر کورد له‌ دامه‌زراندنی عیراقی ساڵانی 1920ه‌کاندا ڕۆڵێکی له‌به‌رچاوی دیتبێت و سه‌دان ته‌وفیق وه‌هبی، موحه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی به‌گ، ماجید مسته‌فا، به‌کر سیدقی، جه‌عفه‌ر عه‌سکه‌ری و...بووبن و ئه‌وانیش پێشه‌نگی عیراقییاندنی کورد بووبن، ئه‌وا له‌ مێژووی دواتری پاش ئه‌و ساڵانه‌شدا، کورد له‌و ڕووه‌وه‌ درێخی نه‌کردووه‌ و له‌ عیراقییاندنی کورددا، جێ ده‌ستی دیار بووه‌. نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌ و ساڵ له‌ دوای ساڵ، خه‌ڵکانی دیکه‌ی هه‌مان ڕێبازی عیراقییاندنی کورد، په‌یدا بوون و کاریان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کردووه‌. فوئاد عارف، ئه‌حمه‌د موختار بابان، سه‌عید قه‌ززاز، خالید نه‌قشبه‌ندی، تاها شێخ ئه‌حمه‌د، عه‌زیز ئه‌لحاج، موکه‌ڕڕه‌م تاڵه‌بانی، عه‌بدوسسه‌تتار تاهیر شه‌ریف، هاشم عه‌قراوی، مه‌لا ماتۆر، شێخ جه‌عفه‌ر به‌رزنجی، تاها موحیه‌ددین و ...سه‌دانی دیکه‌، نموونه‌گه‌لێکن له‌و خه‌ڵکانه‌. ئه‌مانه‌ خه‌ڵکانێکن به‌شێکیان له‌ ده‌رێی بازنه‌ی حیزبه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ کورده‌کان و به‌شێکیان به‌ پله‌کانی په‌یژه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵزناون و به‌شێکیشیان ئه‌ندامان و هه‌وادارانی حیزبگه‌لێکن، چ کورد و چ ناکورد، که‌ هه‌ر بۆ خۆیان عیراقییانه‌ بیریان کردووه‌ته‌وه‌، وه‌ک حیزبی کۆمۆنیستی عیراق و ته‌نانه‌ت حیزبه‌ کوردییه‌ به‌ناو نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش، به‌ تایبه‌ت هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری باشووری کوردستان(پارتیی دیموکراتی کوردستان و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان)، که‌ ئه‌وانیش هه‌میشه‌ پرۆسه‌ی عیراقییاندنی کوردیان پێڕۆکردووه‌. بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد له‌ باشووری کوردستاندا، هه‌ر له‌ دوای نه‌مانی حیزبی "هیوا"وه‌، ئیدی عیراقییانه‌ ئاراسته‌ کراوه‌ و عیراقێنراوه‌. سه‌رانی کورد بۆ خۆیان ئێستاش ئه‌و تێزه‌ و ئه‌و کاره‌"عیراقییاندنی کورد" بره‌و پێ ده‌ده‌ن و ئه‌نجام ده‌ده‌ن. وه‌ک چۆن فلستین بنه‌ما و بزوێنه‌ری بزاڤی ڕزگاریخوازی عه‌ره‌ب بووه‌ و هۆی  یه‌کخستنی بیروڕا و تێڕوانینه‌کانیان بووه‌، که‌رکووکیش بۆ کورد هه‌ر ئه‌و جێگه‌ و پایه‌یه‌ی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌. که‌ پرسی کورد له‌ باشووری کوردستاندا، له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه‌ تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌ و کورد نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ مه‌به‌ست و ئامانجه‌کانی، که‌رکووک گرێکوێره‌ی ئه‌و پرسه‌ بووه‌. که‌ کورد له‌گه‌ڵ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقدا هه‌ر له‌ دروستبوونی عیراقه‌وه‌ پێکنه‌هاتووه‌ و ناکۆک بووه‌، که‌رکووک هۆیه‌کی بنه‌ڕه‌تی بووه‌ له‌و ناکۆکی و پێکنه‌هاتنانه‌دا. به‌و هه‌ڵوێسته‌ سست و خه‌مسارد و سازشکارانه‌یه‌ی سه‌رانی ئێستای کورد، له‌ هه‌مبه‌ر که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی کوردستانی بنده‌ستی به‌عس، له‌ کاتی ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسدا نواندیان و به‌وه‌ی بۆ خۆیان و به‌ ده‌ستی خۆیان نه‌یانتوانی عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندنی که‌رکووک وه‌ده‌رنێن و به‌وه‌ی، ڕێژه‌ی ئه‌ندامانی کوردی ئوستانداریه‌تیی که‌رکووکیان به‌ ¼ ی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ دانا و به‌وه‌ش بۆ خۆیان کوردیان کرده‌ که‌مینه‌ و به‌وه‌ی، به‌ره‌ی تورکمانیی شۆڤینیستی دژ به‌ کوردی نۆکه‌ری تورکیایان له‌گه‌ڵ خۆ برده‌وه‌ که‌رکووک و به‌وه‌ی، به‌ قانوون و به‌ په‌نجه‌مۆری خۆیان، قایلبوون به‌ مانه‌وه‌ی که‌رکووک له‌ ده‌رێی سێ ئوستانه‌که‌ی دیکه‌ی کوردستان و که‌رکووک بۆی نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ ئوستانه‌دا فیدرالییه‌ک پێکبهێنێت، به‌وانه‌ و به‌ زۆر شتی دیکه‌، سه‌رانی کورد بۆ خۆیان کێشه‌ی که‌رکووکیان هێنده‌ی دیکه‌ سه‌خت و ئاڵۆز کرد و کارێکی وایان کرد که‌، به‌و هه‌موو هێز و سه‌قامگیری و له‌شکر و په‌رله‌مان و ئابووری و سیاسه‌تکار و گه‌ل و حیزبانه‌وه‌، که‌ هه‌یانه‌ و له‌گه‌ڵیاندان، ئه‌مان بۆ خۆیان له‌به‌رده‌م عیراقییانی تا دوێنێی په‌ڕیوه‌ و ئاواره‌ی هه‌موو عه‌ردێکی ئه‌م جیهانه‌دا، بپاڕێنه‌وه‌ و له‌وان داوای که‌رکووک بکه‌ن. من پێموایه‌ ئه‌مه‌ شه‌رمه‌ و ئه‌مه‌ کێماسییه‌ و ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ڕی دۆڕانی سیاسییه‌، چونکه‌ ده‌بوو ئێستاکه‌ ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بووایه‌ و ده‌بوو ئێستا عیراقییه‌کان هاتبانه‌ کوردستان و له‌ که‌رکووک(وه‌ک پێته‌ختی کوردستان)، له‌ سه‌رانی کورد و له‌ گه‌لی کورد داوای لێخۆشبوونیان کردبا و بپاڕابانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی کورد قسه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ بکات، یا ڕێگه‌ به‌ خزمه‌کانیان(عه‌ره‌به‌ چێنراوه‌کان) بدات، تا جلک و جه‌واڵیان بپێچنه‌وه‌ و به‌ بێ شه‌ق و دارکاری و تێهه‌ڵدان و خۆڵه‌که‌وه‌ودۆ به‌سه‌رداکردن که‌رکووک به‌جێبهێڵن. ئێستا ڕێک پێچه‌وانه‌یه‌. ئێستاکه‌ له‌ دوای ڕووخانی سه‌ددامه‌وه‌، سه‌رانی کورد، "دروستکردنه‌وه‌ و بیناکردنه‌وه‌ و دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق"، بووه‌ته‌ ویرد و سه‌ڵاواتی سه‌ر زاریان و په‌یتاپه‌یتا وه‌ک بنێشته‌خۆشه‌ ده‌یجوونه‌وه‌ و ده‌یڵێنه‌وه‌، له‌ کاتێکدا ده‌بوو هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه‌ ته‌واوی کار و کۆشش و هزر و ئاوه‌زیان بۆ ڕووخاندن و داته‌پینی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی، که‌ نێوی عیراقی لێ نراوه‌، ته‌رخان کردبا. ده‌بوو هه‌وڵی هێنانه‌گۆڕێی هه‌موو هه‌لومه‌رجێکی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و عیراقه‌یان دابا. ده‌بوو خه‌ڵکی کوردیان هاندابا بۆ ڕێپێوان و خۆپێشاندانی به‌رده‌وام بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی باشووری کوردستان. ئێستاکه‌ ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌که‌ن. ئێستاکه‌ ئه‌مان(سه‌رانی کورد) چاکیان لێ هه‌ڵماڵیوه‌ و وه‌دووی عیراقییه‌کاندا هه‌ناسه‌یان سوار بووه‌ و هه‌ڕا ده‌که‌ن و داوای "فیدرالی" و "که‌رکووک" و ...یان لێ ده‌که‌ن. یه‌کێک له‌و شته‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ و سه‌رسووڕهێنه‌رانه‌ی، که‌ مرۆڤ ده‌بێ بیری لێ بکاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، به‌شێکی ئه‌و قانوونی"58"ه‌ی، که‌ کورد باسی لێوه‌ ده‌کات، گه‌ڕانه‌وه‌ی شارۆچکه‌ و قه‌زا و ناحیه‌ و ده‌ڤه‌ره‌کانی جاران(پێش عه‌ره‌باندن)ی سه‌ر به‌ که‌رکووکه‌ بۆ سه‌ر که‌رکووک. سیان له‌و قه‌زایانه‌ (چه‌مچه‌ماڵ، که‌لار، کفری) هه‌ر له‌ 1991ه‌وه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی کارگێڕیی حوکوومه‌تی کوردستان(سلێمانی)دان، که‌چی تا ئێستا نه‌توانراوه‌ ئه‌و قه‌زایانه‌ بخرێنه‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک. ناحیه‌کانی قه‌ره‌ته‌پپه‌ و جه‌باره‌ و کۆکس و گونده‌کانیان، که‌ سه‌ر به‌ "کفری"ن و جارانیش سه‌ر به‌ که‌رکووک بوون و ئێستاکه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی کوردستان(سلێمانی)دان، هێشتا نه‌خراونه‌ته‌وه‌ سه‌ر قه‌زای کفری. مه‌خموور، که‌ تا 1996 سه‌ر به‌ هه‌ولێر بوو و پاشان ڕێژیمی به‌عس خستییه‌ سه‌ر مووسڵ و ئێستاش له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی کوردستان(هه‌ولێر)دایه‌، هێشتا نه‌خراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر هه‌ولێر. من پێموایه‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ئه‌و قه‌زا و ناحیانه‌ و به‌ بڕیارێکی حوکوومه‌ته‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی، ده‌بوو بۆ خۆیان بڕیاری به‌جێهێنان و جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕگه‌قانوونه‌ی، که‌ پێوه‌ندی به‌و باسه‌وه‌ هه‌یه‌ دابا و کارگێڕی ئه‌و قه‌زا و ناحیانه‌ هه‌ر بۆ خۆیان، پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵ کارگێڕی عیراقدا پساندبا و ته‌واوی پێوه‌ند و نامه‌ و قسه‌ و باسیان له‌گه‌ڵ حوکوومه‌ته‌کانی کوردستاندا گرێ دابا و ڕووی ده‌میان له‌وان کردبا. سه‌رانی کورد، که‌ هێشتا بۆ خۆیان ئه‌وه‌یان نه‌کردبێت، ئیدی چۆن چاوه‌نۆڕن عیراقییان، به‌ "حوسن و مه‌حزی ڕه‌زای خۆیان" و هه‌روا به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری که‌رکووک، که‌ هه‌موو جیهان هه‌ر به‌ ناوهێنانی لیکی به‌ده‌مدا دێته‌ خوارێ، ببن!. ته‌واوی ئه‌و قانوون و کارانه‌ی ڕێژیمی به‌عس بۆ گۆڕینی سیمای که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستان، دایاننابوون و کردوویانن، ده‌بوو سه‌رانی کورد هه‌ر له‌ یه‌که‌م ساتی ڕووخانی ئه‌و ڕێژیمه‌وه‌، هه‌ر هه‌موویان سڕیبایه‌وه‌ و تووڕهه‌ڵدابا و له‌گۆڕ نابا. له‌ وڵات(عیراق)ێکدا، که‌ ئه‌سڵه‌ن زۆڵه‌ک و بیژییه‌، سه‌رانی کورد ده‌بوو، ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسیان به‌ ڕووخان و داته‌پینی ده‌وڵه‌تی عیراق و قه‌واره‌ی عیراق و بیری عیراقیه‌تییان دانابا و هه‌وڵی له‌گۆڕنانی ئه‌و عیراقه‌یان دابا. به‌ وه‌ها بیرکردنه‌وه‌ و کردارێک، که‌رکووک ده‌بووه‌وه‌ کوردستان و کوردستانیش ئازاد ده‌بوو. که‌ که‌رکووک وه‌ک خاک و مێژوو و جوگرافیا و...کوردستان بێت، ئیدی شه‌رمه‌ بۆ سه‌رانی کورد باسی ئه‌وه‌ بکه‌ن، که‌ به‌ ئامار و ڕای خه‌ڵک و ده‌نگدان و...کوردستانیبوونی که‌رکووک بسه‌لمێندرێت. ئه‌گه‌ر عیراقییه‌کان (عه‌ره‌ب، تورکمان، ئاشووری، کلدان، ئه‌رمه‌ن، عیسایی، شیعه‌، سوننه‌، مه‌ندائی و...)، به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ سه‌ر کوردستان و به‌ کوردستانیبوونی که‌رکووک قایل نابن، ئیدی شه‌رمه‌ بۆ سه‌رانی کورد هێنده‌ درێژدادڕی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ن. سه‌رانی کورد ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نگ پرسی کورد و کوردستانیبوونی که‌رکووکه‌وه‌ن و ئه‌گه‌ر بیر له‌ پایه‌ و کورسی و ناو ناکه‌نه‌وه‌ و به‌غدا و عیراق به‌هه‌ند وه‌رناگرن و پێیان شت نیین، پێموایه‌ تاکه‌ یه‌ک ڕێگه‌یان له‌ به‌رده‌ستدا ماوه‌ و ئه‌ویش تاکه‌ ڕێگه‌یه‌کی دروست و کوردانه‌یه‌، ڕێگه‌ی خۆکێشانه‌وه‌یه‌ له‌ به‌غدا له‌و گفتوگۆ بێئه‌نجام و بێبه‌رانه‌ و له‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵات و کارگێڕییه‌ عیراقییه‌که‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ کوردستان و بۆ ڕای گشتیی خه‌ڵکی کورد و ویژدانی مرۆڤی کورد. به‌وه‌ش کورد، ئه‌گه‌ر شتێک له‌ده‌ست بدات، ئه‌وا کۆت و به‌ندی عیراقیه‌تییه‌که‌یه‌تی و هیچی دیکه‌، به‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌و کۆت و به‌ندانه‌ش ده‌بێته‌وه‌ خاوه‌نی خۆی. چاره‌سه‌رنه‌کردنی پرسی که‌رکووک و نه‌گێڕانه‌وه‌ی بۆ ئامێزی کوردستان به‌ یه‌کجاره‌کی و دواخستنی بۆ کاتێکی دیکه‌ و دواتر و دوای ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌، ته‌نێ بیانوو و گاڵته‌کردنه‌ به‌ پرسی که‌رکووک و  به‌ خه‌ڵکی کورد و درێژه‌دانه‌ به‌ عه‌ره‌باندن و دابڕینێتی له‌ کوردستان. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد به‌ دواخستنی چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و پرسه‌ چاره‌نووسازه‌، هه‌ڵه‌کانی ده‌یان ساڵه‌ی سیاسه‌تی کورد دووپات ده‌کاته‌وه‌ و تاوانێکه‌ له‌هه‌مبه‌ر دواڕۆژی کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌یکات. ئه‌گه‌ر باشووری کوردستان و عیراق ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری ڕووبارێک بن و به‌ یه‌ک تاڵه‌موو پێکه‌وه‌ گرێ درابن، چاره‌سه‌ری  یه‌کجاره‌کی که‌رکووک و دواڕۆژی باشووری کوردستان، به‌ گڕتێبه‌ردانی ئه‌و تاڵه‌مووه‌یه‌، به‌ گڕیی ئاگره‌ هه‌میشه‌  زیندووه‌که‌ی باوه‌گوڕگوڕ.                                                                                                                   


15/3/2005

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...