Thursday, August 7, 2014

نیگه‌رانیی

نیگه‌رانیی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ته‌واوی ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له‌ باشووری کوردستان له‌ دوای 10ی حوزه‌یرانی 2014 و داگیرکردنی باژێڕێ مووسڵه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ چه‌کداره‌کانی داعشه‌وه‌، هاتووه‌ته‌ گۆڕێ، له‌ شانۆیییه‌ک ده‌چێ، که‌ تێگه‌یشتن لێی، بۆ ئێمه‌گه‌لێکی ده‌رێی بازنه‌ی سیاسه‌ت و دامێنی جڤاک و کۆمه‌ڵ، کارێکی ئاسان نییه‌.
دوای ڕزگارکردنی به‌شێک له‌ ده‌ڤه‌ره‌، جاران دابڕاوه‌کانی کوردستان، به‌تایبه‌ت که‌رکووک، له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌وه‌، هه‌موو کورد، گه‌شایه‌وه‌ و دڵخۆش و که‌یفساز بوو و چاوه‌نۆڕی ئه‌وه‌ بوو، که‌ ته‌واوی باشووری کوردستان، تا ده‌گاته‌ زنجیره‌کانی جه‌وه‌ڵ حه‌مرین، به‌ ته‌واوی ئوستانی مووسڵ و ته‌واوی ئوستانی  که‌رکووک و به‌شێکی ئوستانه‌کانی تکریت و دیاله‌ و کووت و عه‌ماره‌وه‌ ڕزگار ده‌بن و به‌وه‌ش ته‌واوی خاکی باشووری کوردستان ڕزگار ده‌بێ و ئیدی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی و ده‌وڵه‌تی کوردستان، خه‌ونی سه‌دان ساڵه‌ی خه‌ڵکی کوردستان، له‌ زووترین کاتدا، دێته‌ دی.
چاوه‌ڕوانییه‌کان وا ده‌رنه‌چوون:
وا بۆ دوو مانگ ده‌چێ، جه‌له‌ولا، که‌ باژێڕێکی گچکه‌ی گه‌رمێنه‌ ڕزگار نه‌کراوه‌. تاقه‌ گه‌ڕه‌کێک له‌ ناو جه‌له‌ولادا داعش فه‌رمانڕه‌وایه‌تی و کورد پێی ناگیرێ. ئه‌وه‌ هیچ که‌ سه‌عدییه‌ و مه‌نده‌لی و به‌دره‌ و جه‌سسان و زرباتییه‌ و...ده‌ڤه‌ره‌کانی خواره‌وه‌ی جه‌له‌ولا چ باسێکیان لێوه‌ ناکرێن. سلێمان به‌گ و ئامرلی و به‌شێکی دیکه‌ی ده‌ڤه‌ری خورماتوو و تاووغ و حه‌وویجه‌ له‌ ئوستانی که‌رکووک، هێشتا له‌بن ده‌سه‌ڵاتی داعشدان‌. باژێڕی مووسڵ و به‌شێکی زۆری ئوستانی مووسڵ له‌بن ده‌سه‌ڵاتی داعشدایه‌.
پێش چه‌ند ڕۆژان، سه‌رۆکی هه‌رێم باسی ڕزگارکردنی مووسڵ و وه‌ده‌رنانی داعشی ده‌کرد! داعش نه‌ک هه‌ر وه‌ده‌ر نه‌نرا، به‌ڵکه‌ زوممار و شنگال و ڕيبیعه‌شی، که‌ پێشتر له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ ڕزگار کرابوون، گرته‌وه‌. پێشمه‌رگه،‌  شنگال و هه‌موو ئێزدییه‌ داماوه‌کانی مارانگه‌سته‌ی چه‌ندین هێرش و په‌لامار و قڕکردن له‌ مێژووی کۆن و نوێدا، بۆ گورگه‌کانی داعش جێهێشت و هه‌ڵات. كه‌ سه‌ربازه‌کانی عێراق به‌ هاتنی داعش بۆ مووسڵ، هه‌ڵاتن، پێشمه‌رگه‌ و کورد، گاڵته‌یان پێ ده‌کردن. پێشمه‌رگه‌ خۆی له‌و سه‌ربازانه‌ی که‌متر نه‌کرد و هه‌مان ڕێگه‌ی ئه‌وانی گرته‌به‌ر.
ئێستاش که‌ونه‌ پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵکه‌ حزبییه‌کانی کوردستان، ده‌یان داستانی نه‌به‌رده‌کانی ساڵانی 1980 و ده‌شتاییه‌کانی گه‌رمیان، که‌ به‌ چه‌کی سووکه‌وه‌ به‌رانبه‌ر سه‌دان تانک و هێلیکۆپته‌ر و چه‌کی قورس و هێزی زۆر و کارامه‌ی سپای عیراق ڕاوه‌ستاون و تێیاندا سه‌رکه‌وتوون، ده‌گێڕنه‌وه‌، به‌ڵام گه‌ڕه‌کێکی جه‌له‌ولایان پێ ڕزگار ناکرێ! شنگال و زوممار چۆڵ ده‌که‌ن و هه‌ڵدێن!  ناتوانن ده‌شتاییه‌کانی که‌رکووک له‌ داعش خاوێن که‌نه‌وه‌! په‌نا بۆ عیراق و حوکوومه‌ته‌که‌ی مالیکی ده‌به‌ن بۆ وه‌ی کۆمه‌کیان پێ بکات و له‌ داعش بیانپارێزێ!
ئێستا پێشمه‌رگه‌، سه‌دجاران له‌و ساڵانه‌، پۆشته‌تر و پڕچه‌کتر‌ و تێرتره‌. ئێستا خاوه‌نی هه‌موو جۆره‌ چه‌کێکی پێشکه‌وتووه‌ له‌ تانک و تۆپ و سه‌دان شتی دیکه‌وه‌، که‌ من ناویان نازانم تا خودا ده‌زانێ چی دیکه‌، لێ جه‌نگ ته‌نێ چه‌ک و پۆشته‌یی نییه‌! داعش ئه‌مڕۆ شه‌ڕی حوکوومه‌تی عیراق و حوکوومه‌تی کوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌ کوردییه‌که‌ی ڕۆژاوای کوردستان و حوکوومه‌تی سووریا ده‌کات، ئه‌وه‌شی له‌ میدیاکانه‌وه‌ ده‌بێنرێ، ئه‌وان چه‌کی هێنده‌ به‌ هێزیان نییه‌، که‌ بتوانن له‌هه‌مبه‌ر چوار حوکوومه‌تدا بجه‌نگن! ڕه‌نگه‌ ته‌نیا چه‌کێکی زیاتر له‌ چه‌کی پێشمه‌رگه، که‌ ئه‌وان هه‌یانبێ و پێشمه‌رگه‌ نه‌یبێ، چه‌کی باوه‌ڕه‌که‌یان بێ،  ئه‌و باوه‌ڕه‌ سه‌قه‌ت و خواروخێچه‌ی هه‌یانه‌ و مه‌ستی کردوون، که‌ له‌کن پێشمه‌رگه‌کانی باشووری کوردستان نییه‌.
کێماسیگه‌لێکی مه‌زن و له‌به‌رچاو، که‌ ئه‌مڕۆ له‌ باشووری کوردستان و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌نگه‌دا ده‌بێنرێن، ڕه‌نگه‌ له‌ چه‌ند خاڵێکدا بخرێنه‌ به‌رچاو:
- هێزی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵێ به‌ ڕواڵه‌ت سه‌ر به‌ حوکوومه‌تی کوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا یه‌ک هێز نییه‌ و یه‌ک فه‌رمانده‌ی نییه‌ و سه‌ر به‌ حوکوومه‌ت نییه‌ و هێزی وڵاتی کوردستان و خه‌ڵکی کوردستان نییه‌، به‌ڵکه‌ کۆمه‌ڵێک میلیشیای سه‌ر به‌ حیزبن و وه‌لائیان بۆ حیزبه‌ و کار بۆ حیزب ده‌که‌ن. سپایه‌ک ئه‌گه‌ر سپایه‌کی نیشتمانی نه‌بوو و له‌ژێر یه‌ک فه‌رمانده‌دا نه‌بوو و یه‌ک ئامانجی نه‌بوو، هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی سه‌رکه‌وتنی لێ ناکرێ!
- هیچ سپایه‌کی ئه‌م جیهانه‌ له‌ میدیاکانه‌وه‌ باسی ورده‌کاریی جموجووڵی سه‌ربازه‌کانی و نه‌خشه‌کانی و چه‌که‌کانی و هیچ شتێکی پێوه‌نددار به‌ له‌شکر و جۆری کار و چالاکییه‌ سه‌ربازییه‌کانه‌وه‌ ناکات و بچووکترین نهێنی نادرکێنێ. کاتی خۆی ساڵونیوێک له‌ سپای عیراقدا سه‌ربازییم کردووه‌، که‌ له‌ شوێنێکه‌وه‌ ده‌گوێزراینه‌وه‌ بۆ شوێنێکی دیکه‌، له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ نیو سه‌عاتدا فه‌رمانمان پێ ده‌درا، خۆمان و هه‌موو شتومه‌کمان ئاماده‌که‌ین و ده‌سبه‌جێ سواری ئۆتۆمبیله‌ سه‌ربازییه‌کان ده‌بووین و وه‌ڕێ ده‌که‌وتین، بێ ئه‌وه‌ی بزانین بۆ کوێ ده‌ڕۆین، هیچ یه‌کێکیشمان بۆی نه‌بوو پرسیار بکات. ئه‌و کاته‌ سپاکه‌ له‌ جه‌نگیشدا نه‌بوو. له‌ سپادا نه‌ریتێک، یاسایه‌ک، فه‌رمانێک هه‌بوو ده‌یگوت: جێبه‌جێی که‌ و گه‌نگه‌شه‌ی له‌سه‌ر مه‌که‌"نفذ ولا تناقش". ئێستا پێش ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌فسه‌ر و ڕێبه‌ره‌کانیان بزانن، میدیاکانی کوردستان، هه‌مووی هه‌ڵده‌ڕێژن و ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌م داعش و هه‌موو خه‌ڵکی دیکه‌ش. ته‌ماشای ئه‌م هه‌واڵانه‌ بکه‌، که‌ میدیای کورد بڵاوی کردووه‌ته‌وه و من ڕێک وه‌ک خۆیان وه‌رمگرتوون‌:

"کاروانێکی دیکەی چەکی قورس دەگاتە ھەولێر.

ھێزێکی تایبەت بەرەو گوێڕ بەڕێکەوت.

پێشمه‌رگه‌ به‌خێرایی به‌ره‌و شه‌نگال ده‌چن.

ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی‌ رۆژهه‌لات گه‌یشتنه‌ به‌ره‌كانی شه‌نگال.

هێزێكی گەورەی پێشمەرگە لە گوێر و مەخموور جێگیردەكرێن.

کاکەییەکانی داقووق چەک هەڵدەگرن.

وێنە ؛ پێشمەرگەکانی کوردستان ئەم چەکانەیان بەدەست گەشتووە.
وێنە ؛ بزانە ئەم بەیانییە وەزیری پێشمەرگە لەکوێ نانی خواردوە.

فەرماندەكانی پێشمەرگە دەڵێن بەمزووانە هەردوو رێگە سەرەكییەكەی شنگال كۆنترۆڵدەكرێ".

ئه‌مه‌ چ پاراستنی نهێنی و چ سپا و ‌ چ وڵاتێکه‌،که‌ میدیا و میدیاکارانی کوردستان، نۆره‌ی تابووری پێنجه‌می تێدا ده‌بینن!
- سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حوکوومه‌تی کوردستان، ده‌بوو ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستانی چه‌کدار کردبا و سپایه‌کی میللی، گه‌لێری کوردستانیی، نه‌ک حیزبی و ئایینی و ئایینزایی و خێڵه‌کی، له‌ ته‌نیشت هێزی پێشه‌مه‌رگه‌وه‌ دروست کردبا، وه‌ک هێزێکی یه‌ده‌ک، بۆ پشتیوانیی پێشمه‌رگه‌ و داکۆکی له‌ خاک و خه‌ڵکی کوردستان. ئێستا خه‌ڵکی کوردستان، به‌ تایبه‌ت دانیشتووان و هاووڵاتیانی هه‌رێم، بێلایه‌نانه‌ له‌و جه‌نگه‌ی هه‌یه‌ ده‌نۆڕن و نه‌بوونه‌ته‌ لایه‌ک لێی. حوکوومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و ڕێبه‌رانی کوردستان، ده‌بێ خه‌ڵک بکه‌نه‌ لایه‌ن و خه‌ڵک بخه‌نه‌ نێو کێشه‌ و جه‌نگ و باسه‌که‌وه‌ و هه‌ڵوێستیان هه‌بێ، خه‌ڵک وا لێ بکه‌ن هه‌موو ڕووداو و لێقه‌ومان و شکست و پێشکه‌وتنه‌کان، به‌ هی خۆیان بزانن.
- هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کوردستان، که‌ ناوی پێشمه‌رگه‌یان لێ نراوه‌، ڕێک وه‌ک عه‌شیره‌ت و هۆزه‌کانی جاران و وه‌ک سووکه‌جاشه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس ناودێر ده‌کرێن و باس ده‌کرێن. پێشمه‌رگه‌ی پارتی، یه‌کیه‌تیی، سۆسیالیست، دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان، په‌که‌که‌، یه‌په‌گه‌، پاسه‌وانه‌کانی گۆڕان، لیواکانی کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ و هی دیکه‌ش. ئه‌مه‌ فره‌به‌ره‌یی و ناکۆکی هێزی چه‌کدار و سپای کوردستان ده‌رده‌خا.
- له‌ ته‌واوی ڕووداوه‌کانی کوردستاندا، ناته‌بایی و دووفاقی و جیاوازییه‌ک له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی هه‌ردوو زلحیزبی، پارتی و یه‌کیه‌تیی ده‌بینرێن. هه‌ردوو لا به‌ دوو ئاراسته‌ی جیاواز کار ده‌که‌ن و هه‌ریه‌که‌یان به‌ره‌یه‌ک ده‌لاوێنێته‌وه‌ و کاریگه‌ریی لایه‌نێکی له‌سه‌ره‌. ئه‌گه‌ر وا نییه‌، ڕێگه‌دان به‌ هاتنی چه‌کداری عه‌ره‌ب و ئێرانی و به‌در و حوکوومه‌تی عیراق بۆ که‌رکووک و کفری و تاوغ و خورماتوو، چ واتایه‌کی هه‌یه‌! ئه‌ی ئه‌و هه‌موو عه‌ره‌ب و تورکمانه‌ی له‌ مووسڵ و ته‌له‌عفه‌ر و شوێنانی دیکه‌ هه‌ڵدێن و له‌ که‌رکووک داڵده‌ ده‌درێن، بۆ؟ که‌رکووک هێشتا عه‌ره‌به‌کانی هه‌نارده‌ و عه‌ره‌باندنی له‌کۆڵ نه‌بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وجا ئه‌وانه‌شی دێنه‌ سه‌ر. کارگێڕی شاری که‌رکووک، وه‌ک به‌شێک له‌ سیاسه‌تی یه‌کیه‌‌تیی نیشتمانی بۆ ڕازیکردنی عیراق و ئێران، وه‌ها کارێک ئه‌نجام ده‌دا، که‌ به‌ڕاستی هه‌رگیز به‌ قازانجی که‌رکووکی کوردستان نابێت.
- خڕبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو عه‌ره‌به‌ هه‌نارده‌ و هاورده‌ و هێزی کار و هه‌ڵاتوو و په‌نابه‌ره‌، له‌ شار و گوند و هه‌موو جێیه‌کی باشووری کوردستان(هه‌ولێر، دهۆک، که‌رکووک، سلێمانی، خانه‌قین، که‌لار و...)، جگه‌ له‌ داڵده‌دانی سه‌دان هه‌زار خه‌ڵکی هه‌واداری داعش و به‌عس و تێرۆریست زیاتر شتێکی دیکه‌ نییه‌. ئه‌وانه‌ ده‌ستی داعشن له‌نێو کوردستاندا و هه‌موو ئه‌وانه‌ شانه‌ی خه‌وتوون و قورمیش کراون، هه‌ر که‌ پێویستی کرد، وه‌ئاگا ده‌هێنرێنه‌وه‌ و ده‌ته‌قنه‌وه‌ و کوردستان ده‌که‌نه‌ دۆزه‌خ. هه‌ر ئێستا ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌ ئاشکرا ده‌بێنرێ. داعش به‌ یارمه‌تی عه‌ره‌به‌کانی شنگال هاتوونه‌ته‌ نێو شنگاله‌وه‌ و به‌ کۆمه‌کی عه‌ره‌به‌کانی مه‌خموور هاتوونه‌ته‌ نێو مه‌خمووره‌وه‌ و عه‌ره‌بی که‌رکووکه‌، که‌ ته‌قینه‌وه‌ و کوشتن و ماڵوێرانی له‌ که‌رکووک جێبه‌جێ ده‌کا و سبه‌ی هه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ن، له‌ سلێمانی و چۆمان و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ولێر و که‌لار، ده‌یان مه‌رگه‌سات ده‌ئافرێنن. ئه‌م بۆچوونه‌ی من هه‌‌رگیز به‌رهه‌می دید و هزر و بۆچوونێکی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ نییه‌ و هه‌رگیز ڕقبوونه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌ب نییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕاستییه‌که‌ و له‌به‌رچاوه‌ و چاره‌سه‌ریشی ڕێگه‌نه‌دانه‌ به‌ بوونی عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ و هاورده‌ و ئاواره‌ و هه‌موو جۆره‌کانی دیکه‌، له‌ کوردستان و گێرانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان یا خڕکردنه‌وه‌ی ئاواره‌کانیان، وه‌ک کارێکی مرۆڤانه‌، له‌ خێوه‌تگه‌ و ئۆردووگادا، به‌ مه‌رجی چاودێری، تا ئه‌و کاته‌ی هه‌لی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێن و نشینگه‌ی خۆیان هه‌ڵده‌که‌وێ.‌
له‌ ساڵی 61ی کۆچی/ 680ی زایینی، که‌ ئیمام حوسه‌ین، له‌سه‌ر داوا و خواست و بانگهێشتنی خه‌ڵکی کووفه‌ و عیراق، له‌ مه‌ککه‌وه‌ وه‌ڕێ ده‌که‌وێ به‌ره‌و کووفه‌ له‌ عیراق بۆ وه‌ی ببێته‌ ڕێبه‌ری موسوڵمانان و دژی ده‌سه‌ڵاتی یه‌زیدی کوڕی موعاویه‌ ڕاوه‌ستێ، له‌ ڕێگه‌ تووشی فه‌ره‌زده‌ق(الفرزدق)ی شاعیر ده‌بێ، که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئیمام حوسه‌ینه‌وه‌، له‌ کووفه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مه‌ککه‌. ئیمام حوسه‌ین هه‌واڵی کووفه‌ و عیراقی لێ ده‌پرسێ، ئه‌ویش ده‌ڵێ:"دڵیان له‌گه‌ڵته‌ و شمشێره‌کانیان له‌بان سه‌رته‌(قلوبهم معك وسیوفهم علیك". عه‌ره‌بی کوردستان، هه‌مان ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ن، ئه‌مانه‌ نه‌وه‌ی موعاویه‌ و یه‌زید و ئه‌مه‌وییه‌کانن و له‌سه‌ر ئایینی ئه‌وانن. ئه‌مانه‌ نه‌وه‌ی به‌عس و ئه‌نفالکه‌ر و داگیرکه‌ر و وێرانکه‌ری کوردستانن، هه‌رگیز ڕێزه‌یه‌ک خۆشه‌ویستییان بۆ خاکی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی نییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌زاران ساڵیش به‌خێوی کردبن و داڵده‌ی دابن. ئه‌مانه‌ هه‌میشه‌ شمشێره‌کانیان له‌سه‌ر سه‌ری کوردستانه‌.
- ماڵوێرانییه‌کی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی کوردستان، ئه‌و خۆشباوه‌ڕی و زیاد له‌ پێویست بڕوابوونه‌یه‌ به‌ ئه‌مه‌ریکا. ئه‌مه‌ریکا هه‌رگیز دۆستی که‌س نه‌بووه‌ و نییه‌ و ناشبێت. نه‌ به‌ڵێنی هه‌یه‌ و نه‌ دڵسۆزی هیچ که‌سێکه‌ و نه‌ به‌زه‌یی به‌ که‌سیشدا دێته‌وه‌. ئه‌و وه‌دووی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیه‌وه‌یه‌تی. ئه‌مه‌ریکا له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا ده‌نۆڕێته‌ کورد و ئێستاش له‌ تاکه‌ یه‌ک لێدوانی ڕه‌سمی و باسێکی جیددی و دیپلۆماسیدا، وشه‌ی کوردستان یا کورد، به‌ زاری هیچ به‌رپرسێکیاندا نایه‌ت و وه‌ک گه‌لی عیراق و سنووره‌کانی عیراق و وڵاتی عیراق و لێقه‌ومانی عیراق، باس له‌ کوردستان ده‌که‌ن، ئه‌ویش بۆ کورد خۆی و که‌سێکی شاره‌زای ئه‌و ناوچه‌یه‌، که‌ نێوان دێڕه‌کان ده‌خوێنێته‌وه‌ و تێده‌گا، عیراق کوردیش ده‌گرێته‌وه‌، ده‌نا بۆ خه‌ڵکێکی ناشاره‌زا و دوور له‌ مێژوو و ڕه‌وشی ئه‌و ناوچه‌یه‌، هه‌رگیز ناتوانێ له‌وه‌ تێبگا، کورد، به‌شێکی گرنگی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و سیاسه‌تیه‌تی. ئه‌مه‌ریکا له‌م وه‌رزی سه‌رهه‌ڵدانی داعشه‌دا، ئێستا و له‌یه‌ک کاتدا، چه‌ک ده‌داته‌ عیراق و کوردستان و هیچ گومانیشت له‌وه‌ نه‌بێت، له‌ په‌ناوپێچه‌وه‌ به‌ سوننه‌ و داعشیشی ده‌دات! ئه‌مه‌ریکا چه‌ک ده‌فرۆشێ، چه‌ک ده‌ئه‌زمووێ و مه‌به‌ستیشێتی هه‌رچی زۆرتره‌ و هه‌رچی زووتره‌، خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینی، ئیسرائیلی لێ ده‌رچێ، له‌کۆڵ بێته‌وه‌.
- سه‌رکرده‌یه‌تی کوردستان یا سه‌رکرده‌یه‌تییه‌کانی کوردستان، چونکه‌ له‌ ڕاستیدا یه‌ک سه‌رکرده‌یه‌تی نییه‌، هه‌میشه‌ ده‌که‌ونه‌ دوای ڕووداو و ده‌گلێنرێنه‌ نێو ڕووداو و دوای لێقه‌ومانه‌کانه‌وه‌، که‌ قه‌وما و ناقڕه‌ی گرتن، ئه‌وجا باس له‌ دانانی نه‌خشه‌ و کار و چاره‌سه‌ر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ده‌که‌ن. پێشبینیی له‌کن ئه‌وان نییه‌! پێکهاتن و یه‌کخستنی هه‌ڵوێسته‌ جیاوازه‌کانی خۆیان و دانانی نه‌خشه‌ی پێشوه‌خت و هاوئاهه‌نگیی و ئاماده‌یی له‌کن ئه‌وان نییه‌! سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش، گه‌لێک بێمنه‌تانه‌ و له‌خۆباییانه‌، دێنه‌ گۆ و ڕه‌وتار ده‌که‌ن، که‌ ته‌واوی ئه‌و کرده‌یه‌، کاریگه‌رییه‌کی خراپ ده‌کاته‌ سه‌ر گه‌لی کوردستان و تۆوی بێبڕوایی و نابه‌رپرسیاریه‌تی و بێهووده‌یی و دوودڵی و نیگه‌رانی له‌نێو خه‌ڵکدا، دێنێته‌ گۆڕێ.
هه‌ویری کورد ئاوکێشه‌ و نیگه‌رانییه‌کان گه‌لێکن و به‌ چه‌ند دێڕێک نایه‌نه‌ کۆتا.


7 – 8 - 2014

Thursday, July 31, 2014

ئاخرنه‌ باخ


ئاخرنه‌ باخ
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ناردیانه‌وه‌ یا هاته‌وه‌ یا هێنرایه‌وه‌، گه‌ڕێنرایه‌وه‌ یا گه‌ڕایه‌وه‌، هیچ له‌ باسه‌که‌ ناگۆڕێت. دوای پتر له‌ ساڵونیوێک له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی ئه‌ڵمانیا، سه‌رۆککۆماری عیراق و سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، گه‌یێنرایه‌وه‌ سلێمانی. ئه‌و وه‌ک سه‌رۆککۆمار پێشوازیی لێ نه‌کرا و ته‌نێ ماڵباتی تاڵه‌بانی و ته‌نانه‌ت بێ سه‌رکرده‌کانی حیزبه‌که‌یشی، پێشوازییان لێ کرد.
تاڵه‌بانی، هه‌زار ساڵی ته‌مه‌ن بێ و خوا ته‌مه‌نی نووحی بداتێ و خوا له‌ ته‌مه‌نی یه‌کبه‌یه‌کی ئه‌ندامانی حیزبی یه‌کیه‌تیی، هه‌ریه‌که‌و ساڵێک که‌م بکاته‌وه‌ و بیخاته‌ سه‌ر ته‌مه‌نی تاڵه‌بانی، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی له‌ دواڕۆژه‌کانی ساڵی 2012، که‌ گه‌یێنرایه‌ ئه‌ڵمانیا، ئیدی ئه‌و وه‌ک سه‌رۆککۆمار و وه‌ک سکرتێری گشتیی، نه‌یتوانیوه‌ کار بکات و کارا بێت و به‌ ته‌واوی له‌ژێر چاودێری بژیشک و چاره‌سه‌ردا بووه‌.
خه‌ڵک هه‌موو له‌ ڕه‌وشی تاڵه‌بانی تێگه‌یشتبوون، ته‌نێ یه‌کیه‌تییه‌کان نه‌بێ. ئه‌وان هه‌رگیز و ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێ، ئه‌و بوێری و ڕاستگۆییه‌یان نه‌بوو و به‌لای ئه‌وه‌دا نه‌ده‌چوون و نه‌یانده‌ویست، ڕه‌وشی وی وه‌ک خۆی ببینن. گوته‌بێژێکیان به‌ناوی دوکتۆر و بنه‌ماڵه‌ و حیزبه‌وه‌ دانابوو، هیچی له‌ موحه‌ممه‌د سه‌عید ئه‌لسه‌ححاف(محمد سعید الصحاف) که‌متر نه‌بوو.‌ ڕۆژانه‌ به‌ بۆنه‌ و بێ بۆنه‌، درۆی زه‌لام و شاخداری وای ده‌کرد، ته‌نانه‌ت منداڵیش بڕوای پێ نه‌ده‌کرد. دوکتۆر ده‌یگوت، تاڵه‌بانی هه‌موو شه‌وێک به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرد و سڵاوی ده‌گه‌یاند و وای ده‌گوت و وای ده‌فه‌رموو. تاڵه‌بانییه‌ک، ئێستاش که‌ له‌ سلێمانییه‌، ئه‌گه‌ر بیتوانیایه‌ یه‌ک ڕسته‌ به‌ ڕێکوپێکی بڵێ، چما یه‌کیه‌تییه‌کان نه‌یانده‌کرده‌ ڕۆژی خۆیان و ئه‌و ڕسته‌یه‌یان شه‌ووڕۆژ له‌ میدیاکانی خۆیانه‌وه‌ لێنه‌ده‌دایه‌وه‌ و دونیایان لێی پڕ نه‌ده‌کرد!
یه‌کیه‌تی ده‌بوو هه‌ر که‌ تاڵه‌بانی برا بۆ ئه‌ڵمانیا، ئیدی سکرتێرێکی گشتییان بۆ خۆیان دانابا و عیراقیش ده‌بوو، جێگرێکی تاڵه‌بانییان کردبایه‌ته‌‌ سه‌رۆککۆمار و ئیدی ده‌رگای ئه‌و هه‌موو درۆیه‌یان داخستبا و واقیعه‌که‌ چۆنه‌ به‌و جۆره‌ جووڵابانه‌وه‌.
هێنانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌م کاته‌دا، ڕه‌نگه‌ به‌شێکی پێوه‌ندی به‌ لایه‌نی بژیشکی و چاره‌سه‌ر و نه‌خۆشییه‌که‌یه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵام پێوه‌ند و کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به‌ ڕه‌وشی ئێستای عیراق و کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ عیراق وه‌ک وڵاتێک هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و یه‌کپارچه‌یی خاکه‌که‌ی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌.
وه‌ک سیاسییه‌کی کارامه‌ و زمانلووس و عه‌ره‌ب گوته‌نی: له‌بله‌بان(لبلبان)، تاڵه‌بانی، نه‌ک هه‌ر ئێستا، به‌ڵکه‌ ته‌واوی ژیانی سیاسیی خۆی و هه‌ر له‌ سه‌رهه‌ڵدانی جه‌لالیزمه‌وه‌ وه‌ک فێرگه‌یه‌کی سیاسیی له‌ کوردستان، له‌ شار بووبێت یا له‌ چیا، له‌ هه‌نده‌ران بووبێت یا له‌ وڵات، ڕانه‌کوچۆغه‌ی له‌به‌ر بووبێ یا پانتۆڵوچاکه‌ت، به‌ کوردی قسه‌ی کردبێ یا به‌ عه‌ره‌بی، هه‌میشه‌ ستوون و کۆڵه‌که‌ و پایه‌ی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق بووه‌ و هه‌میشه‌ کاری بۆ عیراقییاندنی کورد کردووه‌ و هه‌میشه‌ سه‌ری کوردی له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقدا نه‌وی کردووه‌ و هه‌میشه‌ سازشی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌نده‌ باڵاکانی گه‌لی کوردستان کردووه‌. هه‌رگیز هیچ کێشه‌ و پرسێکی گرنگی، به‌ تایبه‌ت پێوه‌نددار به‌ کوردستان و کورده‌وه‌، چاره‌سه‌ر نه‌کردووه‌. ئه‌و وه‌ک که‌سێک که‌ چۆن هه‌موو خاشاک و پۆخڵییه‌کان گسک بدات و ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو لایانبات، بیانکاته‌ ژێر ڕایه‌خه‌که‌وه‌، ڕێک وای کردووه‌. پرس و کێشه‌ و گرفته‌کانی ماڵیونه‌ته‌ ژێر ڕایه‌خه‌که‌وه‌ و شاردوونیه‌وه‌ و دایپۆشیون. ئه‌و کێشه‌کانی پینه‌ کردووه‌، بۆیه‌ هه‌مووده‌م هه‌ڵته‌قاونه‌‌وه‌ و سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و نوێبوونه‌‌وه‌.
ئێستا ئه‌و نه‌خۆشه‌ و له‌ڕه‌وشێکی تایبه‌تدایه‌ و قسه‌ ناکات و ئاگای له‌خۆ نییه‌، لێ قسه‌ و بیروباوه‌ڕه‌کانی، خه‌ڵکانی دیکه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی و حیزبه‌که‌ی ده‌یخوێننه‌وه‌ و تێیده‌گه‌ن و پێڕۆی ده‌که‌ن. ئه‌وان چۆنیان بووێ وا لێکی ده‌ده‌نه‌وه‌.
حاجی برایمی شاتری، له‌ دوای کۆچیدوایی حاجی قادری شاتری مامی، یادیان به‌خێر، بوو به‌ سه‌رۆکی هۆزی شاتری. حاجی برایم، پیاوێکی خوێندوو و شاعیر بوو. زمانی تور بوو و زۆر په‌له‌ قسه‌ی ده‌کرد و تێگه‌یشتن لێی سه‌خت بوو. له‌ دوا ساڵه‌کانی ژیانیدا زمانی تورتر بوو و گه‌لێ سه‌ختتر مرۆڤ لێی تێده‌گه‌یشت و ته‌نێ که‌سه‌ نزیکه‌کانی خۆی لێی تێده‌گه‌یشتن. ساڵی 1998 له‌ته‌ک کاک سه‌لاحی برامدا چووینه‌ خزمه‌تی. من خه‌می ئه‌وه‌م لێهاتبوو چۆن لێی تێبگه‌م. کاک سه‌لاح پێیگوتم، که‌سێکی خۆیان قسه‌کانی بۆ ئێمه‌ وه‌رده‌گێڕێ. ڕیک وابوو. نه‌ به‌خێرهێنان و نه‌ پرسیار و نه‌ قسه‌وباسه‌کان، که‌ له‌گه‌ڵی ده‌کردم،  تاکه‌ یه‌ک وشه‌یشی تێنه‌ده‌گه‌یشتم. کوڕێکی یا کوڕه‌زایه‌کی مێردمنداڵی له‌ نێوانماندا دانیشتبوو، ئه‌و قسه‌کانی حاجی بۆ من وه‌رده‌گێڕا و له‌ مه‌به‌سته‌کانی تێیده‌گه‌یاندم. ئیدی هه‌ر به‌و جۆره‌ش ماڵباتی حاجی، ته‌واوی قسه‌ و مه‌به‌ست و بیروڕاکانی ئه‌ویان ده‌خوێنده‌وه‌ و لێکده‌دایه‌وه‌ و پیاده‌ ده‌کرد.
تاڵه‌بانی، زمانی تور نه‌بوو و ئێستاش تور نییه‌ و به‌په‌له‌ قسه‌ی نه‌ده‌کرد و ئێستاش به‌په‌له‌ قسه‌ ناکات، ئه‌و هه‌ر قسه‌ ناکات، ته‌واوی ئه‌وه‌ی له‌ مێشکی ئه‌ودایه‌ به‌ مه‌یلی ماڵباته‌که‌ی و که‌سه‌نزیکه‌کانی، لێکده‌درێته‌وه‌ و پێڕۆ ده‌کرێ و وه‌گه‌ڕ ده‌خرێ و جێبه‌جێ ده‌کرێ.
له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ک نه‌خۆشێک مامه‌ڵه‌ بکرێ و دشداشه‌یه‌کی له‌به‌ر بکرێ و ئارام و ئاسووده‌ بحه‌سێته‌وه‌ و له‌ سیاسی و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و هه‌موو ئه‌و یارییانه‌ دوورخرێته‌وه‌، ئه‌و هه‌موو ڕۆژێک ملپێچێکی سوور و قاتێک پانتۆڵ و چاکه‌تی له‌به‌ر ده‌کرێ و په‌یتاپه‌یتا شاند و خه‌ڵک و سیاسه‌تکار دێن و ده‌هێنرێنه‌ سه‌ردانی، که‌ ئه‌وه‌ بارگرانییه‌که‌ بۆ ئه‌و و تا ڕاده‌یه‌کیش ئازاردانی ئه‌وه‌.
ئه‌و هێنرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی:
- چه‌کدارانی ئێرانی و به‌در، به‌ناوی پاراستنی شوێنه‌ پیرۆزه‌کانی شیعه‌وه،‌ له‌ ڕێگه‌ی سلێمانییه‌وه‌ بگه‌یه‌نرێنه‌ که‌رکووک و تاووغ و خورماتووی کوردستان.
- شانده‌کانی ئێران و حوکوومه‌تی به‌غدا و حیزبی یه‌کیه‌تیی له‌ سلێمانی کۆبوونه‌وه‌ بکه‌ن و نه‌خشه‌ی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق دانێن.
- ڕیسه‌کان بکرێنه‌وه‌ به‌ خۆری و هه‌موو باسێک له‌ هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ی عیراق و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، گرفت بخرێته‌ ڕێی و به‌ر به‌ شه‌پۆلی ویستی خه‌ڵکی کوردستان بگیرێ.
- قه‌وانی سواوی عێراقی هیوا و ئاشتی و برایه‌تی و یه‌کپارچه‌یی، هه‌میشه‌ لێ بدرێته‌وه‌ و خه‌ڵکی کورد له‌ هیوا و ئاواته‌کانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی، دووخرێنه‌وه و سارد کرێنه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و ئاواتانه‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌، خه‌ونی شاعیرانه‌‌.
- فوئاد مه‌عسووم، شاگرده‌ گوێڕایه‌ڵه‌که‌ی بنه‌ماڵه‌ و درێژه‌پێده‌ری ڕێبازه‌ سازشکارییه‌که‌ی تاڵه‌بانی، بکرێته‌ سه‌رۆککۆمار، تا کورد بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خانه‌ی یه‌که‌می گه‌مه‌ی مار و په‌یژه‌که‌‌.
- ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و که‌سه‌ نزیکه‌کانی زیاتر بچه‌سپێنرێن و به‌ره‌به‌ره‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌نێو حیزبه‌که‌یدا نووزه‌یه‌کیان لێوه‌ دێ، که‌نار خرێن.
- به‌شێکی زۆری ئه‌جیندا و نه‌خشه‌کانی عیراق و حوکوومه‌ته‌ فشۆڵه‌که‌ی و ئێران و عه‌ره‌ب و زۆرێک له‌ نه‌یارانی کورد، تێپه‌ڕێنرێ.
هه‌موو ئه‌وانه‌ و خودا ده‌زانێ چی دیکه‌!
 له‌ فۆلکلۆری کوردیدا گوتراوه‌:
 ناسکۆڵه‌ی نازه‌نینم یاخوا به‌خێربێ
ده‌رکه‌و لاروله‌نجه‌که‌ی ئه‌نجامی خێر بێ
تاڵه‌بانی هێنرایه‌وه‌، یاخوا به‌خێربێته‌وه‌، به‌ڵام خوا به‌خێری بگێڕێ و خوا بکات ئه‌نجامی خێر بێت و تورکمان گوته‌نی:"ئاخرنه‌ باخ" واته‌: ته‌ماشای کۆتاییه‌که‌ی که‌! 

                                                             31 – 7 - 2014

Thursday, July 24, 2014

کورد له‌پرخه‌ی خه‌ودا بوو، داعش وه‌ئاگای هێنایه‌وه

کورد له‌پرخه‌ی خه‌ودا بوو، داعش وه‌ئاگای هێنایه‌وه

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

مرۆڤ مه‌گه‌ر خۆی گێل کات ده‌نا ڕێکوڕه‌وان ده‌زانێ و له‌وه‌ تێده‌گات، که‌ داعش و داعشییه‌کان، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا تێکه‌ڵه‌یه‌کن له‌ ده‌یان گرۆی سوننه‌ی توندڕۆ و ئه‌لقاعیده‌ و که‌ونه‌به‌عسییان و پاشماوه‌ی سپاکه‌ی به‌عس و هێزی خێڵ و عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌کان، به‌ڵام له‌ بنه‌مادا ده‌سکردی ئه‌مه‌ریکان. ئه‌مانه‌ جووجه‌ڵه‌ی ئه‌و موجاهید‌"مجاهد"ه‌، سه‌ر و پرچ ڕشکنانه‌ن، که‌ کاتی خۆی ئه‌مه‌ریکا، بۆ دژایه‌تی  کۆمۆنیزم و سۆڤیێت له‌ ئه‌فغانستان دروستی کردن. ئه‌و موجاهیدانه‌ له‌و ده‌میه‌وه‌ ئیدی له‌ زاوزێدان و ده‌یان نه‌وه‌ و وه‌چه‌یان لێ که‌وتووه‌ته‌وه‌. بێجگه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا، ئیسرائیلیش کاری به‌م جۆره‌ خه‌ڵکانه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل، له‌ ژینگه‌یه‌کی قڕێژ و گه‌ماری وه‌ک عه‌ره‌بستانی سعوودی و قه‌ته‌ر و له‌نێو خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ وه‌هابییه‌ت و سوننه‌ی تونڕۆدا، هه‌زاران گه‌را و تۆوی ده‌یان ڕێکخراوی داعشانه‌ ده‌چێنن، ئه‌وان هه‌ر هیچ نه‌که‌ن، بۆ دژایه‌تی ئیسلام و سووککردنی ئیسلام، که‌ ته‌واوی ڕۆژاوا و ئیسرائیل، له‌ دوای ڕووخانی سۆڤیێت و به‌ره‌ی سۆسیالیستییه‌وه‌، به‌ دوژمنی سه‌ره‌کی خۆیانی ده‌زانن، ده‌یان ده‌سته‌ و گرۆ و ڕێکخراوی له‌و جۆره‌ی داعش و ئه‌لقاعیده‌"القاعدة" و مانه‌ندی وان دروست ده‌که‌ن.                                                                                     
پیاوێکی جافی گڵاڵیی خاوه‌ن ژن و ماڵ و منداڵ هه‌بوو، وه‌ک لێی ده‌گێڕنه‌وه‌، له‌ دۆستایه‌تی و پێوه‌ندی له‌ته‌ک ژنانی تردا، هه‌رگیز دریغی نه‌ده‌کرد. ده‌ڵێن گه‌لێ جار له‌ ماڵێکیتر و له‌نێو جێگه‌ و پێخه‌فی ژنێکدا وه‌ئاگایان هێنا‌وه‌ته‌وه‌ و لێیان ‌پرسیوه‌، که‌ ئه‌و، شه‌و له‌ ماڵی خۆیدا خه‌وتووه، چۆنه‌ وا له‌ ماڵ و له‌نێو پێخه‌فی یه‌کێکی دیکه‌دایه‌‌ و ئیدی ‌بووه‌ به‌ هه‌را و ئه‌ویش، که‌ وه‌ئاگا ‌هاتووه‌ته‌وه‌‌ و به‌دوای جلک و کڵاو و مشکییه‌که‌یدا گه‌ڕاوه‌ تا له‌به‌ریان کاته‌وه‌، به‌ده‌م بۆڵه‌بۆڵه‌وه‌ گوتوویه‌تی:"ئه‌یه‌ با هاورده‌م باران هاورده‌م، چه‌ هاورده‌م ڕا ئه‌یره‌‌!".                                          
داعش، با هاوردی، باران هاوردی، نازانم چی هاوردی، هه‌رچی هاوردی، به‌ڵی ئه‌ژدیهایه‌ک و کۆنه‌په‌پوویه‌که‌، په‌یامی قڕان و کوشتن و خوێن و تاریکی و دواکه‌وتوویی و ده‌رد و مه‌رگ و نامرۆڤی و وێرانکردنی پێیه‌، لێ ڕاته‌کان و ده‌نگ و هاوار و زه‌نگێک بوو، کوردی ڕاچه‌نی و له‌و خه‌وه‌ قووڵه‌ی تێیدا بوو، بێداری کرده‌وه‌. هاتنی داعش هێز و وزه‌یه‌کی وه‌به‌ر کورد هێنایه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گوڕ و تین وئه‌زنه‌کێک به‌خۆی بدات و به‌شێکی زۆری ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان ڕزگار بکات و به‌شێکی گرنگ له‌و مادده‌ بێفه‌ڕ و دزێوه‌ی 140، که‌ کورد به‌ کرده‌ ده‌ستی لێی شۆردبوو، به‌ کردار جێبه‌جێ بکات.                                                                                        
له‌ 2003 دا و له‌گه‌ڵ داته‌پینی ڕیژیمی به‌غدادا، عیراق وه‌ک ده‌وڵه‌ت، هه‌ڵوه‌شابووه‌وه‌ و داری به‌سه‌ر به‌ردییه‌وه‌ نه‌مابوو. ئه‌مه‌ریکای داگیرکه‌ر عیراقی دروست کرده‌وه‌، لێ ئه‌وه‌ی نۆره‌یه‌کی گه‌لێک له‌به‌رچاو و کاریگه‌ری له‌و دروستکردنه‌وه‌ی عیراقه‌دا دیت، کورد بوو، چونکه‌ کورد، له‌ دوای ئه‌مه‌ریکا و سپا داگیرکه‌ره‌که‌ی، زلترین و تواناترین هێز بوو له‌ عیراقدا. له‌سه‌رشانی کورد عیراق گیانی به‌به‌ردا کرا و کورد هه‌ر به‌وه‌وه‌ ڕانه‌وه‌ستا، به‌ڵکه‌ سپا ده‌ست به‌ خوێنی کورد سوور و ڕووخاو و خوێڕیله‌که‌ی عیراقیشی دروست کرده‌وه‌. کورد له‌و بگره‌وبه‌رده‌یه‌ی 2003دا، سووک و ئاسان ده‌یتوانی ته‌واوی باشووری کوردستان(ته‌واوی هه‌ردوو ئوستانی که‌رکووک و  مووسڵ، که‌ کورد ئه‌وڕۆ باسی مووسڵ ناکات و به‌شێکی ئوستانه‌کانی دیاله‌‌ و تکریت و کووت و عه‌ماره‌)،که‌ له‌ ڕووی مێژوویی و جیۆگرافیاییه‌وه‌ کوردستانن، بخاته‌ بن ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ عیراقی دوای به‌عسدا، به‌ کۆنفیدرالی یا فیدرالی ته‌واوی باشووری کوردستان پێک هاتبا. کورد وه‌ک چۆن هه‌لی 1991ی له‌ده‌ست دا ئه‌و هه‌ڵه‌ی 2003یشی له‌ ده‌ست دا، کورد ئه‌وه‌ی نه‌کرد و له‌بری ئه‌وه‌ پینه‌ی عیراقه‌ شیتاڵ و هه‌ڵوه‌شاوه‌که‌ی کرده‌وه و پتر له‌ 50% کوردستانه‌که‌شی له‌ بنده‌ست عیراقدا هێشته‌وه‌‌.                                                                                    
له‌و سه‌روبه‌ندانه‌ی دوای زیندووکردنه‌وه‌ی عیراق، مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراقی، به‌ قایلبوون و شاگه‌شکه‌ی کورد هاته‌ گۆڕێ، وه‌ک چاره‌سه‌رێک بۆ ده‌ڤه‌ره‌ قرتێنراوه‌کانی کوردستان، که‌رکووک و....مادده‌ی 140، که‌ پێشتر 58 بوو، له‌ ساڵی 2006دا ده‌سته‌یه‌کی 9 که‌سیی بۆ جێبه‌جێکردنی دامه‌زرا و 200 میلیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریکی بۆ ته‌رخان کرا و خرایه‌ ژێر ده‌ستی ئه‌و ده‌سته‌یه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140 خه‌رج بکرێ. ئه‌و ده‌سته‌ 9 که‌سییه‌ سێیان کورد بوون: نه‌رمین عوسمان، وه‌زیری ژینگه‌ بوو له‌ حوکوومه‌تی عیراقدا، بابه‌کر سددیق ئه‌حمه‌د و موحه‌ممه‌د ئیحسان سلێڤانی.                                                              
هه‌نگاوه‌کانی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140، به‌پێی ڕیزبه‌ندی، ده‌بوو به‌ سێ قۆناغدا تێپه‌ڕێنرێن:                                                                                  
1. ئاساییکردنه‌وه‌ و سرشتاندنی باری ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی مادده‌ی 140 ده‌یگرتنه‌وه‌، که‌ به‌ چاسه‌رکردنی کێشه‌ و ناکۆکییه‌کانی موڵکداریه‌تی و گێڕانه‌وه‌ی ده‌رکراوان و  کۆچپێکراوان و ناردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌کراوان بۆ زێد و جێی نیشته‌جێبوونی ئه‌سڵیی خۆیان و گێڕانه‌وه‌ی سنووری پێش 1968ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌.                       
2. ئامار و سه‌رژمێریی.
3. ده‌نگدان و ڕاپرسیی.
مادده‌ی 140 کۆتایی ساڵی 2007ی بۆ دانرابوو بۆ جێبه‌جێکردن. جێبه‌جێ نه‌کرا و پاره‌وپووڵێکی یه‌کجار زۆریش درایه‌ عه‌ره‌بی هه‌نارده‌، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان. هیچ عه‌ره‌بێک نه‌گه‌ڕایه‌وه‌.                                                          
مادده‌ی 140 دزێوترین مادده‌یه‌ک بوو، که‌ کورد واژۆی کردبوو. کورد به‌و مادده‌یه‌ له‌ کوردستانیبوونی که‌رکووک و هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌ کوردستانییه‌ دابڕاوه‌کانی دیکه‌، که‌وته‌ گومانه‌وه‌ و عه‌ره‌به‌ عیراقییه‌کانیشی له‌ کوردستاندا، کرده‌ خاوه‌نماڵ.                                                                         
ئێستا و دوای داعشاندنی مووسڵ و چه‌ندین باژێڕی دیکه‌ له‌ عیراق و کوردستان، هه‌لێک هاته‌ پێشی و کورد توانیی که‌رکووک و به‌شێک له‌ ئوستانی مووسڵ بگێڕێته‌وه‌ ئامێزی کوردستان. که‌رکووک، که‌ نێزیک به‌ سه‌ده‌یه‌که‌ ده‌عه‌ره‌بێنرێ، کرۆکی کێشه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانی نێوان کورد و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌کانی عیراق بووه‌، ئه‌مڕۆ کورد تێیدا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاته‌. ‌کورد، له‌بری ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بێت، هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کان خاکه‌که‌ی جێبهێڵن، ده‌بێ بۆ خۆی به‌ گوێره‌ی توانست و هه‌لومه‌رج و هێز، هێرش بکاته‌ سه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ و له‌ داگیرکه‌ر ڕزگاریان بکات. به‌ ڕزگارکردنی بست به‌ بستی خاکه‌ دابڕێنراوه‌کانی کوردستان و گه‌یشتن به‌ سنووره‌ مێژووییه‌که‌ی باشووری کوردستان، حه‌مرین، ئیدی کورد ده‌گاته‌ ئه‌و ئامانجه‌ی سه‌دان ساڵه‌ خه‌باتی بۆ ده‌کات و باشووری کوردستان ده‌بێته‌ هی خۆی.                                                                                    
له‌م هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌ی هاتووه‌ته‌ گۆڕێ حه‌قوایه‌ سه‌رۆکی کوردستان و حوکوومه‌تی کوردستان و په‌رله‌مانی کوردستان، زۆر به‌ وردی بیر بکه‌نه‌وه‌ و به‌خێرایی کار بکه‌ن و هه‌وڵبده‌ن بۆ وه‌ی:                                                                        
1. به‌ فه‌رمان و بڕیار و قانوونێک، هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی ئوستانی مووسڵ و که‌رکووک و ئوستانی که‌رکووک و خانه‌قین و مه‌خموور و ئه‌و جێیانه‌ی دیکه‌، که‌ ئێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورددان، بگێردرێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و له‌گه‌ڵ ڕزگارکردنی هه‌ر به‌شێکی نوێ له‌و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوانه‌، ئه‌وانیش به‌ فه‌رمان و به‌یان بگێڕدرێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم.                                                                                      
2. به‌ فه‌رمان و بڕیار و قانوونێک، سنووره‌ ئیدارییه‌کانی هه‌موو ئوستان و شارۆکه‌ و شاره‌دێ و گونده‌کانی، که‌ له‌ سه‌رده‌می ڕێژیمی به‌عسدا گۆڕابوون، وه‌ک پێش ساڵی 1968یان لێ بکرێته‌وه‌. بۆ نموونه‌: خورماتوو و کفری و که‌لار و چه‌مچه‌ماڵ و ته‌واوی شاره‌دێ و گونده‌کانیان بگێڕدرێنه‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک و مه‌خموور بگێڕدرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌ولێر و ئه‌گه‌ر مووسڵ به‌ کوردستان نازانن و ده‌ستبه‌رداری ده‌بن، که‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی مێژووییه‌ و له‌ده‌ستدانی به‌شێکی گرنگی کوردستانه‌، ئه‌وا ده‌ڤه‌ره‌ کوردستانییه‌کانی مووسڵیش بخرێنه‌ سه‌ر دهۆک، هیچ نه‌بێ له‌م کاته‌دا، به‌وه‌ش یه‌کێک له‌ به‌نده‌کانی مادده‌ بێفه‌ڕه‌که‌ی 140 جێبه‌جێ ده‌بێ، که‌ ئاساییکردنه‌وه‌ و سروشتاندنه‌.                                                                               
3. ئیدی به‌ ڕه‌سمیی ئه‌و ناوچانه‌(که‌رکووک و.....) له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌، سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، کارگێری، فه‌رهه‌نگی، سه‌ربازی، خزمه‌تگوزاری و.... وه‌ک سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆک، مامه‌ڵه‌ بکرێن و سه‌یر بکرێن و بژمێردرێن و له‌وانیش زیاتر گرنگییان پێ بدرێن و کار بکرێ بۆ یه‌کسانکردنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شاره‌کانی ئێستای هه‌رێمدا.                                                                                   
4. هه‌وڵبدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی کێڵگه‌کانی نه‌فتی که‌رکووک، ئه‌وانه‌یشی که‌ هێشتا ده‌ستی کورد نه‌که‌وتوون، ده‌ستی کورد بکه‌ونه‌وه‌ و نه‌فتخانه‌ی خانه‌قینیش، که‌ له‌ سه‌رده‌مێکدا نه‌فت و به‌نزینی هه‌موو عیراقی دابین ده‌کرد، ده‌ست بکه‌وێته‌وه‌ و له‌ ڕووی کارگێڕی و هه‌موو لایه‌نه‌کانی دیکه‌وه‌ بخرێنه‌ ژێر ده‌ستی کورده‌وه‌.                                                                        
5. که‌ جه‌له‌ولا، سه‌عدییه‌، مه‌نده‌لی، به‌دره‌، ڕزگارکران، ئه‌وده‌می ئوستانێکی نوێ، که‌ ناوه‌نده‌که‌ی خانه‌قین بێت، دروست بکرێت و دواتر که‌لاریش ‌بخرێته‌ سه‌ر ئه‌و ئوستانه‌.                                                                             
6. که‌رکووک، به‌ هۆی فره‌نه‌وه‌یی و فره‌ئایینی و ئایینزاییه‌وه‌، ڕه‌وشێکی تایبه‌تی هه‌یه‌ و پێویستی به‌ کاری تایبه‌ته‌. زۆر باشه‌ گرنگییه‌کی زۆر به‌ ‌ تورکمان بدرێ، که‌ ده‌بنه‌ نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م له‌ باشووری کوردستان. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی و گرنگیدانه‌، شه‌نگال و ته‌له‌عفه‌ر و تلکیف و تاووغ و خورماتوو و جه‌له‌ولا و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و...ده‌گرێته‌وه‌. زۆرباشه‌ ئه‌رشه‌د ساڵحی یا ده‌مڕاستێکی تورکمانی که‌رکووک یا که‌سێک که‌ تورکمان بۆ خۆیان هه‌ڵیده‌بژێرن، وه‌ک جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم دابنرێ و تورکمانی دیکه‌ وه‌ک جێگری سه‌رۆکی حوکوومه‌ت، جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان، وه‌زیر، پارێزگاری که‌رکووک یا به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی شاری که‌رکووک دابنرێن.                                                              
7. ئیدی ده‌سته‌واژه‌ی دابڕێنراو و جێناکۆک و ...به‌کار نه‌هێنرێن و به‌ ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ نوێ گه‌ڕاوانه‌ هه‌ر بگوترێ کوردستان.                                            
8. هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراو هه‌وڵ بدرێ بۆ ناردنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندن و هه‌نارده‌(ئه‌وانه‌ی که‌رکووک و هه‌موو شوێنه‌کانی دیکه‌ی کوردستان بۆ عیراق)، نه‌ک به‌ تۆبزی، به‌ڵکه‌ به‌ هاندان و کڕینی موڵکه‌کانیان و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یان و به‌ خواست و ئاره‌زووی خۆیان. گه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت، که‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ و عه‌ره‌باندن، هه‌ر هه‌موو به‌عسی و پیاوی ئه‌من و موخابه‌رات و مرۆڤکوژ و خراپه‌کار بوونه‌ و هه‌ر ئه‌وانیشن، ئێستاش، کاری ته‌قینه‌وه‌ و خۆته‌قاندنه‌وه‌ و تێرۆریستی له‌ که‌رکووک و هه‌موو شوێنه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌که‌ن. خه‌ڵکی کورد و سه‌رکرده‌یه‌تی کورد، ده‌بێ باش له‌وه‌ تێبگه‌ن، که عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ یا هاورده‌ی کوردستان، له‌ پشتی هه‌موو کاریکی تێکده‌رانه‌ و خۆکوژیی دژه‌کوردستانه‌وه‌ن و تێرۆریستانی که‌رکووک، عه‌ره‌به‌کانی که‌رکووکن.                                                                              
9. گۆڕینی کارگێڕ و کارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر و ده‌سه‌ڵات له‌ که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌ نوێ گه‌ڕاوه‌کانی دیکه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ تا خوار و گونجاندنیان له‌گه‌ڵ ڕه‌وشی کوردستاندا و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و عه‌ره‌به‌ هه‌ناردانه‌ی که‌رکووک و شوێنه‌کانی دیکه‌، که‌ کارمه‌ند و خاوه‌ن پله‌ و پایه‌ن، له‌ کارگێڕی و فه‌رمانگه‌ و کارگه‌ و کاره‌کانیان به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ کۆمپانیای نه‌فتن و ئه‌وانه‌ی کاری بڕێک له‌به‌رچاو و باڵایان هه‌یه‌ و گۆڕینیان به‌ خه‌ڵکی کورد و تورکمان.                                                                   
10. ڕێگه‌دان به‌ هاتنی عه‌ره‌ب وه‌ک هێزی کار له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی پێشوودا و ئێستاش وه‌ک په‌نابه‌ر و هه‌ڵاتوو له‌ جه‌نگ، به‌ڵێ کارێکی مرۆڤانه‌یه‌ و به‌ هاناهاتنه‌وه‌ و کۆمه‌ک و یارمه‌تی و دڵ و ده‌روون و سنگفراوانی و شیێچکی(چاوتێری، ده‌ستبڵاوی و سه‌خیه‌تی)یه‌، لێ له‌نێو ئه‌و ئاپۆره‌ی عه‌ره‌به‌دا، سه‌دان شانه‌ی خه‌وتووی خراپه‌کاری و تیرۆر هه‌ن، که‌ له‌ کاتی خۆیدا، کوردستان، ته‌واوی کوردستان، باژێڕ و گوند و هه‌موو ماڵێک، ده‌که‌نه‌ مه‌به‌ست و ئامانج، چونکه‌ ئه‌وانه‌ له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ک هه‌ن. ئه‌و باره‌ وریاییه‌کی زۆری ده‌وێ.                                                                   
11. کورد چاوه‌ڕوانی هیچ خێروبێرێک له‌ عیراق نه‌کات و ده‌ست له‌ عیراق بشوات و بۆی گرنگ نه‌بێ کێ ده‌بێته‌ سه‌رۆکی حوکوومه‌تی به‌غدا و کێ ده‌بێته‌ سه‌رۆککۆمار و کێ ده‌بێته‌ چی. کورد هه‌وڵی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی بدات. هیچ پێویستیش ناکات کورد بڵێ: "هێزی پێشمه‌رگه‌، که‌ چووه‌ته‌ که‌رکووک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی تر و ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌ندێ بیره‌نه‌فتدا گرتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌، جێی هێزه‌کانی حوکوومه‌ت، که‌ ئه‌و شوێنانه‌یان جێهێشتووه‌، پڕبکه‌نه‌ه‌وه‌". ئه‌مه‌ قسه‌یه‌کی سواو و گه‌لێک لاوازه‌. کورد که‌ چووه‌ته‌ ئه‌و شوێنانه‌، چووه‌ته‌ سه‌ر خاک و نه‌فتی خۆی و ڕزگاری کردوون. به‌ بڕوابه‌خۆبوونه‌وه‌، کورد ده‌بێ بوێرانه‌ ئه‌وه‌ بڵێ و بڕوای به‌و وتنه‌ش هه‌بێ.                                                                              
12. بۆ گێڕانه‌وه‌ی هه‌موو ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی جاران، که‌ هێشتا به‌شێکیان نه‌گێڕدراونه‌وه‌، هیچ پێویست به‌ ده‌نگدان و ڕاپرسی ناکات، ئێستا ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر کوردستان و به‌شێکن له‌ کوردستان. که‌س ڕاپرسی له‌سه‌ر خاک و ماڵ و موڵکی خۆی ناکات، ته‌نانه‌ت بیرکردنه‌وه‌ له‌وه‌ و باسکردنیشی، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌. هه‌رچی ڕاپرسی و ده‌نگدانه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان(ته‌واوی باشووری کوردستان)، ئه‌وه‌ کارێکی باشه‌ و ده‌شێ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ئیدی کورد خۆی بۆ ئاماده‌ بکات و ته‌واوی کوردستانییانی لێ ئاگادار بکرێنه‌وه‌ و په‌یتاپه‌یتا ڕێگه‌ی ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ بۆ خه‌ڵکی کورد ڕۆشن بکرێته‌وه‌.                                                                     
13. دوای ڕزگارکردن و گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی باشوور کوردستان و پێش ڕاپرسی و ده‌نگدان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان، پێویسته‌ ئامار و سه‌رژمێرییه‌کی دروست و ورد و ڕیکوپێک بۆ دانیشتووانی باشووری کوردستان بکرێ، به‌وه‌ش به‌ندێکی دیکه‌ی مادده‌ بێفه‌ڕه‌که‌ی 140 جێبه‌جێ ده‌کرێ.                                                                                  
14. باشووری کوردستان، به‌ نه‌ته‌وه‌گه‌لی عه‌ره‌ب، تورک و فارس، که‌ هه‌رسێیان نه‌ته‌وه‌گه‌لێکی موسوڵمانن، حاته‌ دراوه‌، باسکردنی ئه‌وه‌ی که‌ ئیسرائیل پشتی گه‌لی کورد ده‌گرێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان، ختووکه‌ی هه‌ستی دژایه‌تی کورد ده‌دا و پله‌ی ئه‌و دژایه‌تییه‌، له‌کن ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ به‌ره‌و هه‌ڵکشان ده‌بات، چوون ئه‌وان بۆ خۆیان ڕقیان له‌ ئیسرائیله‌ و کورد به‌ ئیسرائیله‌وه‌ گرێ ده‌ده‌ن. ئیسرائیل ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌کات له‌ پشتگریی کورد، ده‌توانێت وه‌ها کارێک به‌ نهێنی بکات و هیچ پێویستی به‌وه‌ نییه‌ به‌ ئاشکرا ئه‌وه‌ بڵێت. ئیسرائیل وه‌ها ده‌نگۆیه‌ک بڵاو ده‌کاته‌وه‌ تا کورد له‌به‌رچاوی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ سووک بکات و دوژمنایه‌تی له‌نێوان نه‌ک هه‌ر کورد و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاتانه‌ (عیراق، سووریا، تورکیا و ئێران) دا بهێنێته‌ گۆڕێ، به‌ڵکه‌ له‌نێوان کورد و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌شدا. باشتر وایه‌ کورد هێنده‌ به‌ ئاشکرا و ڕاشکاوانه‌ و به‌و زه‌قییه‌ باسی ئیسرائیل نه‌کات.                                                                        
15. هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌کخرێ و له‌ ده‌ست حیزب ده‌رکرێ و بکرێ به‌ سپایه‌کی نیشتمانی و کوردستانی و وه‌لائی بۆ خاک و وڵات و کوردستانییان بێت. تا پێشمه‌رگه‌ هی حیزب بێت، کورد له‌ ئاست دوژمنانی وڵاته‌که‌یدا لاوازتر ده‌بێت و ڕێگه‌ی ئازادی و سه‌رکه‌وتن و سه‌ربه‌خۆیی درێژتر ده‌بێته‌وه‌ و دوور ده‌که‌وێته‌وه‌.                                                                             
16. گردبوونه‌وه‌ له‌ ده‌وری یه‌ک دروشم و یه‌ک گوتار(ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی کوردستان) و یه‌ک سه‌رکردایه‌تی(سه‌رۆکی کوردستان)، کوردستان و گه‌لی کوردستان ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئاقاری ئازادی. پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش، واته‌: دروشمی جیاواز و گوتاری جۆراوجۆر و فره‌سه‌رکرده‌یه‌تی، ئه‌وه‌یشی کراوه‌ و هه‌یه‌ له‌به‌ین ده‌چێ و چ ئامانجێکیش نایه‌ته‌ دی و کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خاڵی ده‌سپێک.                          
هه‌لێکه‌ و هاتووه‌ته‌ پێش و نابێ له‌ده‌ست بچێ، که‌ له‌ده‌ست چوو، وڵاتێک، خاکێک و گه‌لێک مایه‌پووچ ده‌بێ.                                                                     

24 – 7 - 2014

Wednesday, May 21, 2014

سووتانی خەونێک


سووتانی خەونێک

ئەمجەد شاکەلی

 

" له‌م شه‌وه‌دا،

هه‌موومان،

له‌ چایخانه‌ی ئاڵۆزەکان گردبووینه‌وه‌،

چاومان بڕیبووه‌ شاشه‌ی ته‌لەڤزیۆنه‌که‌،

چاوه‌ڕوانی دیدارێکی عه‌زیز ئه‌لحاج بووین،

پێش چه‌ند ڕۆژێک،

 هه‌واڵی چه‌ند نه‌به‌ردێکی قیاده‌مان له‌ زونگاوه‌کان بیست،

که‌ دیداره‌که‌ په‌خش کرا،

بێده‌نگییه‌کی ترسناک هاته‌ گۆڕێ،

وەک ئەوەی چایخانه‌که‌ بووبێتە مۆنۆلۆگێکی ناوه‌کی،

ته‌نیا چل خوله‌کێکی خایاند،

به‌ڵام درزێکی له‌ یاده‌وه‌ریدا دروست کرد،

هێشتا له‌ ئاوێنه‌کانماندا ده‌یبینین،

سه‌عات هه‌شتی ئێواره‌ بوو،

بیرم نایەتەوە

 کاممان،

پێشتر ئه‌وێمان به‌جێهێشت.."[1]


نیوەڕوانێک، عەبدولقادر ئەلجەنابی(عبدالقادر الجنابي)ی شاعیر و فازڵ عەبباس هادی(فاضل عباس هادي)ی وێنەگر و شاعیر و ڕۆژنامەوان و فیلۆسۆف، لە گەڕەکی وەزیرییەی بەغدا و لە کتێبخانەکەی نێوەندی فەرهەنگی بریتانی، وەدووی دیوانە شیعری"هەڵۆی بەر باران"ی تید هیووز"Ted Hughes"دا وێڵن  و کە نایدۆزنەوە و تەنانەت کارمەندانی کتێبخانەکەیش نازانن ئەو یەک دانەیەی لەو کتێبە، کە هایانبوو چی بەسەر هاتووە، وەدەردەکەون. لە ڕێگە تووشی جان دەممۆ (جان دمو)ی شاعیر، دیاردە تایبەتەکەی ژیان، خەونستان، یاخی، کەونەمارکسیست، پووچگەرا و هەڵگری پشکێک لە خەمستانەکەی کەرکووک، دەبن. دەممۆ، لە پێکەنیندا بەملا و بەولادا لارەلار دەبێتەوە و هەڵۆکەیان پێشان دەدات و دەڵێ: کوڕە باوە ئەوە شێتە! ئەو نیوەڕۆیە نیوەڕۆی ڕۆژی 3ی ئەپریلی 1969، بەو جۆرە تێدەپەڕێ. بۆ ئێوارەکەی هەموو لە چایخانەی دەروون ئاڵۆزان، سوریالیستان، یاخییان، لانەوازان، فیلۆسۆفان و... خڕدەبنەوە و چاو دەبڕنە تەلەڤیزیۆنەکە و چاوەڕوانی دیدارێک دەکەن...
ڕێک ئەو دیدارەی عەبدولقادر ئەلجەنابی(عبدالقادر الجنابي)، فازڵ عەبباس هادی(فاضل عباس هادی) و جان دەممۆ(جان دمو) و دەروون ئاڵۆزانی دیکەی چایخانەکە، چاوەنۆڕی بوون، منیش ڕێک و هەر ئەو ئێوارەیە، چاوەنۆڕی ئەو دیدارە بووم.  ئەوان و من، ئەودەمە، هەر لە یەک شاردا بووین (بەغدا)، لێ لە دوو جێگەی جیاواز. ئەوان و من، یەک شتی هاوبەش لە دووریی یەکدییەوە کۆی کردبووینەوە، ئەویش دیدارەکە بوو، دیداری سووتانی خەونەکانمان. ئەوان سێ هاوڕێ و چەند دانە مرۆڤی ئاڵۆز و خەمۆکان و ئێمەیش، چەند کارگەرێکی یانەی خوێندکاران و خاوێنکردنەوە و و سەدان خوێندکاری خەمۆک و ئاڵۆز و کازمی هاوڕێم و من...شیعرەکەی ئەلجەنابی منی گێڕایەوە بۆ ئەو ئێوارەیە، کە ئەمێستا چلوپێنج ساڵ بەسەر دیداری گڕتێبەردانی ئەو خەونانەماندا تێدەپەڕێ و هەنووکەش دەڵێی دوێنییە... 
 درەنگانێک، نێوان عەسرێکی درەنگ و خۆراوایەکی مانگی ئەپریل، دوای گەڕانەوەم لە کۆلیژەوە، لەنێو شاری بەغداوە، بۆ خەوگەکەمان لە شاری زانستگە(المدینة الجامعیة)، کە دەکەوتە سەر ڕێگەی باقوبە(بعقوبة) و خانی بەنی سەعد (خان بني سعد)، نێزیک بە نەخۆشخانە یا شێتخانەی ئەششەماعیە (الشماعیة)، هێندە شەکەت بووم، بێ خۆگوڕین، هەر بە جلی ڕۆژ و کەوشەکانمەوە، لەسەر گازەرەی پشت، لەبان تەختی خەوتنەکەم لە ژوورەکەدا، کە لەگەڵ چوار یا پێنج خوێندکاری دیکەدا، هاوژووربووین و دابەشمان دەکرد، پاڵکەوتم. ئەو ساتەی گەڕامەوە و پاڵکەوتم، کەسی دیکە لە ژوورەکەدا نەبوو و تەنێ خۆم بووم. خەوم لێکەوت. ڕەنگبێ نێزیکەی سەعاتێک یا بڕێک زیاتر خەوتبێتم، لەپڕ بە دەنگی هەڵسەهەڵسە(أگعد أگعد)یەک، بیدار بوومەوە و کە چاوەکانم کردنەوە، دیتم کازم ئەلحاج ڕەزووقی ئەلعەتتار(کاظم الحاج رزوقي العطار)، بە چاویلکە گەورەکانی و دەستە پیجامە شینەکەیەوە، بە دیار سەرمەوە ڕاوەستاوە و هەڵسەهەڵسەکە ئەوە و وەئاگام دەهێنێتەوە. بە چاوێکی خەواڵوو و ڕوومەتێکی بەیەکدادراو و تاڕادەیەک پەست، گوتم بۆ هەڵمدەستێنی، تازە خەوم لێکەوتووە! گوتی: هەستە تەنبەڵ، کەمێکی تر مامت لە تەلەڤزیۆن دەردەچێ. واقم وڕما و گوتم: مامی من، مامی چی، مامم کێیە؟ گوتی: ئای لەوە، ئەوە چییە! بۆ خۆت نەبان دەکەیت، عەزیزی مامت، عەزیز ئەلحاج (عزیزالحاج). گوتم: قسەی قۆڕ، چۆن شتی وادەبێ و ئەوە خەونە تۆ دەیبینی، هەرگیز شتی وا نابێ. گوتی: جارێ هەستە و قیت ببەوە و خێراکە، تا زووە بچین جێگەیەک لە یانەی خوێندکاران(نادي الطلبة) بگرین و ئەودەمی بە چاوی خۆت دەیبینی. کازم و من هەردوومان خوێندکاری کۆلیژی ئابووری بووین و هەردوومان ساڵی یەکەممان بوو، لێ هاوپۆل نەبووین و لە خەوگەشدا، لە یەک ژووردا نەبووین. کازم خەڵکی عەمارە (العمارة) بوو و کۆمۆنیست بوو و سەربە حیزبی شیووعی عیراقی(لیژنەی مەرکەزی) بوو. منیش مەیل و سۆزێکم بۆ حیزبی شیووعی عیراقی(قیادەی مەرکەزی) هەبوو و هەواداری بووم. هەریەکەمان لە سەنگەرێکدا بووین و هەردوویشمان بەیەکدیمان دەزانی و هەموو قسەوباسێکیشمان، بێ هیچ ترس و شاردنەوە و سڵەمینەوەیەک، لەتەک یەکدیدا دەکرد و هیچمان لەیەکتر نەدەشاردەوە. دۆستایەتی و هاوڕێیەتیمان لەڕادەبەدەر بوو و لەسەرێی هەموو شتێک و لەدەرێی هەموو شتەکانی دیکە بوو و بڕوایەکی تەواومان بەیەکدی هەبوو. خێرا لەگەڵ کازمدا بەرەو یانەی خوێندکاران، کە سێسەد میترێک لێمانەوە دووربوو،  وەڕێکەوتین. من دەمزانی عەزیز ئەلحاج ماوەیەک پێش ئەو ڕۆژە گیراوە، لێ هەرگیز بڕوام بە قسەکەی کازم نەبوو، کە ئەلحاج دێتە سەر تەلەڤزیۆن و لە دڵی خۆمدا دەمگوت، کازم گاڵتەم پێ دەکات و پێم ڕادەبوێرێ. گەیشتینە یانەی خوێندکاران، یانە جمەی دەهات و هەر خوێندکار بوو، کورسییەکی بۆخۆی داگیرکردبوو و ڕووەو تەلەڤزیۆنەکە دانیشتبوو و هەمووان چاوەڕوانی شتێکی گرنگ بوون. هەرچۆنێک بوو، کازم و منیش، سەرو کورسیمان پەیدا کرد و لە پشتی چەند ڕیزێکەوە دانیشتین و ئەبڵەق ئەبڵەق ڕوومان کردە تەلەڤیزیۆنەکە. ئەوەی ئەو خەڵکە چاوەڕیی بوون پێشان بدرێ، هێشتا مابووی. هەموو دەتگوت لەسەر ساجێکی گەرم ڕاوەستاون و سمکۆڵان دەکەن یا پێخاوسن و پێیان بە دڕکدا دەچەقێ. چاوەکان پەلەی بینین و گوێیەکان پەلەی بیستنیان بوون و زۆرێک لەوانەی دانیشتبوون، دڵەپرتەیان وێ کەوتبوو و پەلەی ڕووداوەکە بوون. دوای ئەو چاوەڕوانییە بێزارکەرە، موحەممەد سەعید ئەلسەححاف(محمدسعیدالصحاف)، کە ئەودەمی بەڕێوەبەری ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی بەغدا بوو، دەرکەوت و عەزیزئەلحاجی بە ناوی عەزیز ئەلحاج عەلی حەیدەر (عزیزالحاج علي حیدر) و وەک سکرتێری حیزبی شیووعی عیراقی(قیادەی مەرکەزی)ی پێشکەشکرد. ئیدی ئەلسەححاف دەیپرسی و ئەلحاج بەرسڤی دەدایەوە. ئەلحاج، ئەوەی لە هەنبانەکەیدا بوو، هەڵیڕژت و بارەکەی بەتاڵ کرد و دڕوویەکی بە فوودانکەکەدا کرد و تەقاندییەوە. کۆمەڵێک لەوانەی لەو هۆڵەدا بوون بە منیشەوە، هەموو هێڕ و کاس بووین و تاسابووین و وشە لە گەروومانا گیری خواردبوو و توانستی دەراندنی هیچ پەیڤێک، هیچ ڕایەک، تەنانەت هیچ دەنگێکمان نەمابوو، بێجگە لە هەناسەی سارد هەڵکێشان. چاوانیشمان، فرمێسکیان تێ زابوون و کەپوویشمان کەوتبوونە مشەمش. ئەوەی عەزیز ئەلحاج گوتی، چەپۆکێک بوو بە سەروسەکوتی هەموو یەکێک لە ئێمە و شەقازللەیەک بە بناگوێی هەموو یەکێک لە ئێمە و سووکایەتپێکردنی هەموو یەکێک لە ئێمە بوو. دیارە نەک هەر ئێمەی نێو ئەو هۆڵە، بەڵکە تەواوی خەڵکی دژە دەسەڵاتی عیراق. عەزیز ئەلحاج، لە خەیاڵی ئێمە و زۆرینەیەکی عیراقیاندا، عەرەب و کورد و...، گیڤارایەک بوو و دونیایەک خەونی ڕەنگاوڕەنگی جوان و خۆشمان بەوەوە دەبینی و کۆمەڵێک ئومێدمان بە دەوری ئەو و بزاڤەکەی ویدا هەڵچنیبوو، چاوەڕوان بووین مزگێنی ئازادی و یەکسانی و بەختەوەری، بۆ گەل، بۆ هەموو گەل، بۆ مرۆڤ، بۆ چەوساوانی وەڵات بهێنێت و ئیدی هەموو خەون و هیواکانمان بهێنێتە دی و جیهانێکی ڕازاوە و گوڵستانێک ببنە جێگرەوەی ئەم جیهانە، پڕ مەینەتی و نادادی و ناڕەواییە. لەبری ئەوانە، ئەوەی ئەو کردی،  "بە پاکانە نانێکی بۆ فڕێداین...و حیزبێکی ڕووخاند، بە دەستی خۆی دروستی کردبوو..."[2] و سەرلەنوێ فەهد و سەلام عادیل و جەمال حەیدەری و خالید ئەحمەد زەکی(خالد أحمد زکي/ظافر) و چێ گیڤارای لە خاچ دایەوە و چۆڕاوگەی خوێنی سەرجەم شەهیدەکانی ئەو ڕێبازەی ئەوانی بەردایەوە...
دیدارەکە تەواو بوو و لەگەڵ کازمدا لۆژەلۆژ و بێدەنگ و کشومات، خامۆش وەک گۆڕستاننشینان، بەرەو ژوورەکانی خۆمان کشاین و تا گەیشتینەوە، ورتە لە هیچ یەکێکمانەوە نەهات. ژوورەکەی کازم پێش ژوورەکەی من بوو و لەبەردەم دەرکەی ژوورەکەی ئەودا، من کازمم جێهێشت و نە ئەو دەنگ و نە من دەنگ، تەنێ چاومان بڕییە نێو چاوی یەکدی، ئیدی لێکتێگەیشتین و من بەردەوام بووم و چوومەوە ژوورەکەم و هەر دەسبەجێیش چوومەوە سەر تەختەکەم و بێ شەوباشی هاوژوورەکانم پاڵکەوتم و تا سبەی ئەمدیووئەودیوم دەکرد و بۆ یەک خولەکیش خەو نەچووە چاوم...
21-05-2014  

 



[1]  عبدالقادر الجنابي، قصیدة صور بغدادیة جدیدة، https://elaph.com/Web/Culture/2014/5/902294.html.

[2] لە شیعرێکی موزوففەر ئەننەوواب(مظفرالنواب)دا هاتووە بەناوی "براءة"، واتە: پاکانە.

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...