Thursday, October 17, 2013

جه‌له‌ولا

جه‌له‌ولا
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
سه‌رده‌مێکم دێته‌وه‌ یاد، وشه‌ی جه‌له‌ولا، ته‌نێ له‌ کتێبی خوێندنگه‌کان و کارگێڕییه‌ ڕه‌سمییه‌کان و ده‌سگا حوکوومه‌تییه‌کان و له‌ لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه‌ به‌کار ده‌هێنرا. کورد نه‌یده‌گوت جه‌له‌ولا و ئه‌گه‌ر بیشیگوتبا، به‌ ده‌گمه‌ن ده‌یگوت، کورد‌ ده‌یگوت"قه‌ره‌غان" یا "قه‌ره‌خان". کوردگه‌لێکی بڕێک به‌ ساڵداچووی ئه‌و گه‌رمێنی کوردستانه‌، ئێسته‌ش له‌بری جه‌له‌ولا ده‌ڵێن قه‌ره‌غان و قه‌ره‌خان.  دیاره‌ "قه‌ره‌غان" یا "قه‌ره‌خان"، وشه‌گه‌لێکی تورکین و له‌ سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی و داگیرکردنی کوردستان، له‌ لایه‌ن تورکه‌وه‌، دانراون و سه‌پێنراون. ئه‌و ناوانه‌، وه‌ک گه‌لێک ناوی دیکه‌ی شار و گوند و که‌ژ و کێو و ده‌شت و دۆڵی کوردستان، گۆڕدراون و تورکێنراون.                                                              
مامۆستا مه‌لا جه‌میلی ڕۆژبه‌یانی"یادی به‌خێر"، که‌ باسی جه‌له‌ولا ده‌کا، به‌ ناوی "گوڵولالا/گوڵولاله‌" ناوی ده‌با. کوردستان، له‌ سه‌رده‌می خه‌لیفه‌ی دووه‌م"عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب/ عمر بن الخطاب"دا، داگیر کرا. سه‌رداری ئه‌و سپایه‌ی کوردستانی داگیر کرد، سه‌عدی کوڕی ئه‌بی وه‌ققاس"سعد بن أبي وقاص" بوو. پاش داگیرکردنی مه‌دائینی پێته‌ختی ده‌وڵه‌تی ساسانیپان و هه‌ڵهاتنی "یه‌زده‌گورد"ی شای ساسانییان، سپای داگیرکه‌ری عه‌ره‌ب"ئیسلام"، له‌ ناره‌وه‌نه‌وه‌"نهروان" پێدا هاتن و به‌ره‌وژوور بوونه‌وه‌ به‌ره‌و "شاره‌بان" و خوسره‌واباد"قزل ڕه‌بات"[1] و گوڵولاله‌"جه‌له‌ولا" و خانه‌قین و تا گه‌یشتنه‌ "حه‌له‌وان" و کرماشان و له‌و به‌ینه‌شدا، کوردێکی زۆریان کوشت و ئیدی دوای داگیرکردنی وڵاتی چیا له‌ لایه‌ن سپای عه‌ره‌به‌وه‌، عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب، نامه‌یه‌کی بۆ سه‌عدی کوڕی ئه‌بی وه‌ققاسی سه‌رداری سپاکه‌ی نووسی، که‌:"حه‌زم ده‌کرد له‌ نێوانی ئێمه‌ و چیادا(بلاد الجبال – کوردستان) به‌رزه‌ به‌نده‌نێکی ئاگرین هه‌بووایه‌، نه‌ ئێمه‌ به‌ره‌و ئه‌وان ڕێمان هه‌بووایه‌، نه‌ ئه‌وان به‌ره‌و ئێمه‌. ئێمه‌ ڕه‌شه‌خاکی عیراقمان به‌سه‌"[2].                                            
عیراق ئه‌و ده‌مه‌، ته‌نێ ئه‌و خاکه‌ی نێوان به‌سره‌ و کووفه‌ بووه‌، که‌ عه‌ره‌ب پێی گوتووه‌"أرض السواد" و به‌ کوردییش ده‌بێته‌"ڕه‌شه‌خاک". له‌ به‌ر زۆریی داری خورما، خاکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، ڕه‌ش نواندوویه‌تی، بۆیه‌ ئه‌و ناوه‌ی لێ نراوه‌[3]. له‌ دوای ئه‌و خاکه‌وه‌، واته‌ له‌ ژوورووی ئه‌وێوه‌، که‌ ئیدی که‌ژ ده‌ستی پێ کردووه و "بلاد الجبال"‌ی پێ گوتراوه‌، کوردستان بووه‌ و عیراق نه‌بووه‌ و نامه‌که‌ی عومه‌ری کوڕی خه‌تتابیش، ڕێک ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌رده‌خات. دۆکتۆر شاکر خه‌سباک(شاکر خصباك)یش پێیوایه‌، له‌وجێگه‌وه‌، ده‌شتاییه‌کان ته‌واو ده‌بن و چیا ده‌ست پێ ده‌کات، ئیدی خاکی کوردستانه‌[4].                                                                                             
جه‌له‌ولا له‌ ساڵی 637ی زایینه‌وه‌، له‌ لایه‌ن سپای عه‌ره‌به‌وه‌، داگیر کرا. له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، جه‌له‌ولا، هه‌میشه‌ پێگه‌یه‌کی سه‌ربازی و نێوه‌ندێکی سپایی و بازرگانی بووه‌. شوێنگه‌ی جیۆگرافیی جه‌له‌ولا له‌ سه‌ر ڕووباری سیروان و له‌ نێوان به‌غدا و شاری خانه‌قین و گه‌رمێن و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌و گرنگییه‌ سه‌ربازی و بازرگانییه‌ی پێ داوه‌.                                             
گوڵولاله‌"جه‌له‌ولا، قه‌ره‌غان، قه‌ره‌خان"، ئێستا ناحیه‌یه‌کی سه‌ر به‌ خانه‌قینه‌ و خانه‌قینیش سه‌ر به‌ ئوستانی دیاله‌یه‌. گوڵولاله‌"جه‌له‌ولا" و خوسره‌واباد"قزل ڕه‌بات، سه‌عدییه‌" و خانه‌قین، ئێستا به‌شێکن له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی، به‌ "دابڕێنراو" و "دابڕاو" و "کوردستانیی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم" و "کێشه‌ له‌سه‌ر" و "جێناکۆک"، ناو ده‌برێن. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، ده‌ڤه‌رگه‌لێکن، مادده‌ی به‌دناو و بێفه‌ڕی140، ده‌یانگرێته‌وه‌، که‌ وه‌ک نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیان له‌ لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌تی کورد و حوکوومه‌تی عیراقه‌وه‌، په‌سه‌ند کراوه و تائێسته‌ش به‌ زیانی کورد و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌‌ و یه‌ک بسته‌ خاکی دابڕاوی کوردستانی نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ سه‌ر کوردستان.                                                                  
هه‌ردی عوسمان، له‌ ماڵپه‌ڕی"سبه‌ی"یدا، ده‌نووسێ: "به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا رایده‌گه‌یه‌نێت له‌ ساڵی‌ (2003) ه‌وه‌ تائێستا زیاتر له‌ (1800) خێزانی‌ كورد به‌هۆی‌ خراپی‌ ره‌وشی‌ ئه‌منی‌ ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولاوه‌ ناحیه‌كه‌یان به‌جێهێشتوه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ش له‌ نیوه‌ زیاتری خێزانه‌ كورده‌كانی ناحیه‌یه‌كه‌ پێكده‌هێنێت. ئه‌نوه‌ر حسێن، به‌ڕێوبه‌ری‌ ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و ئامارانه‌ی‌ كه‌ له‌به‌رده‌ستماندایه‌ له‌ دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عێراقه‌وه‌ له‌ساڵی‌ (2003) تائێستا زیاتر له‌ (1800) خێزانی‌ كورد ماڵ و حاڵی‌ خویان به‌جێهێتشتوه‌ و رویان له‌ ناوچه‌كانی‌ هه‌رێم كردوه‌ به‌تایبه‌ت قه‌زاكانی‌ كه‌لار و كفری‌ و چه‌ند شوێنێكی‌ تر.                                                      
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌پێی ئاماره‌كانی كۆبونی خۆراك و وه‌زاره‌تی بازرگانی، له‌ ساڵی (2003) زیاتر له‌ (3500) خێزانی‌ كورد له‌ ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولادا ده‌ژیان، به‌ڵام له‌ئێستادا نزیكه‌ی‌ (60%)ی ئه‌و رێژه‌یه‌ ناحیه‌كه‌یان به‌جێهێشتوه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ی‌ له‌ ناحیه‌كه‌د ئه‌نجامده‌درێت به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی كورد. به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا، ره‌خنه‌ی‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ عێراقی گرت به‌وه‌ی‌ نه‌یانتوانیوه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و لێشاوه‌ كۆچكردنه‌ی‌ كوردان له‌ ناوچه‌  كوردستانیه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بدۆزنه‌وه .                                                
ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا سه‌ر به‌ قه‌زای‌ خانه‌قینه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ به‌غداو له‌ ئێستاشدا ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ هۆی‌ به‌جێهێشتنیه‌وه‌ له‌لایه‌ن كوردانه‌وه‌ خه‌ریكه‌ مۆركی‌ كوردبونی له‌ده‌ستده‌دات
"[5].                                           
به‌ گوێره‌ی قسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا، له‌ ساڵی 2003 دا، 3500 خێزانی کورد، له‌و شارۆکه‌یه‌دا هه‌بوون و له‌و ساڵه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ(2013)، 1800 خێزان‌، که‌ ڕێژه‌یان ده‌کاته‌ 60%ی دانیشتووانی کوردی جه‌له‌ولا‌، شارۆکه‌که‌یان جێهێشتووه‌ و ڕوویان کردووه‌ته‌، که‌لار و کفری و شوێنی دیکه‌. به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌که‌، هۆی بارکردنی ئه‌و خێزانه‌ کوردانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ، خراپی ڕه‌وشی ئاساییش و هه‌ڕه‌شه‌ی تێرۆریستان و پێیشی وایه‌، جه‌له‌ولا خه‌ریکه‌ مۆرکی کوردبوونی له‌ده‌ست ده‌دا.                                                                                           
ئه‌گه‌ر له‌ نێوان 2003 – 2013 دا، که‌ ده‌کاته‌ ده‌(10) ساڵ، 1800 خێزانی کورد، شارۆکه‌ی جه‌له‌ولایان جێهێشتبێ، ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی، که‌ له‌ ماوه‌ی هه‌ر یه‌ک ساڵدا، 180 خێزانی کورد، ئه‌و شارۆکه‌یان جێهێشتووه‌ و ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی، که‌ له‌ هه‌ر دوو ڕۆژ جارێکدا، یه‌ک خێزانی کورد، باری کردووه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ر خێزانێکی کورد، به‌ پێنج که‌س بژمێرین، ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی، که‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵدا 900 و له‌ ماوه‌ی یه‌ک مانگدا 75 و له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژدا 5 که‌س و له‌ ماوه‌ی ئه‌و ده‌(10) ساڵه‌شدا، 9000 تاکی کورد، ئه‌و شارۆکه‌یان جێهێشتووه‌.                                    
 بارکردنی کورد له‌و شارۆکه‌یه‌ و جێهێشتنی، به‌ڵێ ترس و دڵه‌ڕاکه‌ و ڕه‌وشێکی نائارامی و نه‌بوونی ئاساییش و دڵنیایی، پاڵنه‌رێتی، لێ کارێکی خۆبه‌خش و ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌. ئه‌و خێزانه‌ کوردانه‌، بۆ خۆیان و به‌ ئاره‌زووی خۆیان، جلک و جه‌واڵ و شڕه‌ و شیتاڵی خۆیان ده‌پێچنه‌وه‌ و خانوو و زه‌وی و موڵکی خۆیان جێده‌هێڵن و ڕوو ده‌که‌نه‌، که‌لار و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی، که‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانی تێدایه‌. دیاره‌ که‌س نییه‌، له‌م جیهانه‌، هه‌وڵی ژیانێکی ئاسووده‌ و ئارام و خۆشتر نه‌دات و له‌ ته‌نگانه‌ و ناخۆشی و کێشه‌، هه‌ڵنه‌یه‌ت، ئه‌وه‌ش مافێکی سروشتی هه‌موو مرۆڤێکه‌، لێ ئه‌و خه‌ڵکه‌ کورده‌ی ئه‌و شارۆکه‌یه‌ و گه‌لێ شارۆکه‌ی دیکه‌ی وه‌ک: خورماتوو، تاووغ، مه‌نده‌لی، شه‌نگال، قه‌ره‌ته‌پپه‌، که‌رکووک، مووسڵ و...جێده‌هێڵن، که‌ هه‌مان کێشه‌ی شارۆکه‌ی جه‌له‌ولایان هه‌یه‌، ئه‌و خه‌ڵکه‌، بێ هیچ کاردانه‌وه‌ و به‌رهه‌ڵستیکردنێک و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ک و ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ک و ده‌ستدانه‌ یه‌خه‌ی یه‌کدی و شه‌ڕ و به‌رگرییه‌ک و ده‌ستدانه‌ تێڵایه‌ک و شه‌ڕه‌جوێنێک، سووک و ئاسان، ماڵه‌که‌یان ده‌خه‌نه‌ ئوتۆمبیله‌که‌وه‌ و به‌ره‌و که‌لار، کفری، سلێمانی، هه‌ولێر، هه‌ڵه‌بجه‌، ڕانیه‌ یا هه‌ر جێیه‌کی دیکه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌ی کوردستان، تێیده‌ته‌قێنێن و وڵات بۆ تێرۆریست و عه‌ره‌ب و داگیرکه‌ر، چۆڵ ده‌که‌ن! هیچ یه‌کێک له‌و ماڵانه‌ی بار ده‌که‌ن، له‌و که‌سانه‌ی شارۆکه‌که‌یان جێده‌هێڵن، هه‌رگیز گچکه‌ترین به‌رگرییان له‌ خۆ نه‌کردووه‌. عه‌ره‌ب و داگیرکه‌رانی ئه‌و شارۆکه‌یه‌، نامه‌یه‌ک فڕێ ده‌ده‌نه‌ ماڵه‌ کوردێکه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌که‌ن، که‌ ده‌یانکوژن و چی و چییان لێ ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی دوو یا سێ ڕۆژدا، بار نه‌که‌ن. جاری وایش هه‌یه‌، مۆڵه‌تی یه‌ک ڕۆژیان پێ ده‌ده‌ن، ئیدی کورده‌ش هه‌مان ڕۆژ خۆی ده‌پێچێته‌وه‌ و ماڵ و خانوو و کۆڵان و گه‌ڕه‌ک و شارۆکه‌، جێده‌هێڵێ و سه‌ری خۆی و ماڵ و منداڵی هه‌ڵده‌گرێ و به‌ هه‌ڵه‌داوان ده‌گاته‌‌ که‌لار، بێ ئه‌وه‌ی بیری به‌ لای ئه‌وه‌دا بچێت، به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان خۆی بپارێزێ و داکۆکی له‌ خۆی بکات، ئیدی به‌ ده‌ستدانه‌ چه‌ک بێت یا به‌ شه‌ڕه‌ده‌ست و شه‌ڕه‌شه‌ق و شه‌ڕه‌تێڵا یا هه‌ر شیوازێکی دیکه‌.                                                                        
ئه‌گه‌ر له‌نێو هه‌ر خێزانێکدا له‌و 1800 خێزانه‌ی، که‌ جه‌له‌ولایان جێهێشتووه‌، یه‌ک که‌سیان توانستی چه‌کهه‌ڵگرتن و به‌رگری و جه‌نگ و سه‌ره‌ڕوویی و شه‌ڕه‌شه‌قی هه‌بێت، ئه‌وا له‌و 1800 خێزانه‌، یه‌ک سپا یا ڕێکخراو یا گرۆ یا هێزێکی چه‌کداری 1800 که‌سی، دروست ده‌بوو و پێکده‌هات. هێزێکی 1800 که‌سیی، ده‌یتوانی نه‌ک ته‌نێ پارێزگاریی شارۆکه‌ی جه‌له‌ولا‌ و کورده‌کانی بکات، به‌ڵکه‌ ده‌یتوانی خوسره‌واباد(قزل ڕه‌بات، سه‌عدییه‌) و شاره‌بان و مه‌نده‌لی و به‌دره‌ و جه‌سسان و زرباتییه‌یش ڕزگار بکات. له‌بری ئه‌وه‌ی کوردانی جه‌له‌ولا و و ته‌واوی باژێڕ و شارۆکه‌کانی مانه‌ندی ئه‌و، زۆر خوێنساردانه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بن، نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بخرێته‌ ماڵه‌کانیانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بار که‌ن، ده‌بوو ئه‌مان خۆیان، نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان، بخستبایه‌ته‌ نێو ماڵه‌ عه‌ره‌به‌ داگیرکه‌ره‌کانه‌وه‌، بۆ وه‌ی ئه‌وان باریان کردبا و هه‌ڵهاتبان و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌یان جێهێشتبا. ده‌بوو ئه‌مان ده‌سپێشخه‌ر بووایه‌ن له‌ تۆقاندن و ڕاونانی داگیرکه‌ر. ده‌بوو ئه‌مان چووبانه‌ سه‌ر ماڵه‌ عه‌ره‌بی داگیرکه‌ر و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کردبان. ئه‌م گوێڕایه‌ڵییه‌ی کورد و قایلبوون به‌ هه‌ڵهاتن، به‌رانبه‌ر سووکه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی داگیرکه‌رانی عه‌ره‌ب، وه‌نه‌بێ شتێکی نوێ بێ و ته‌نێ له‌ جه‌له‌ولادا به‌رجه‌سته‌ بێت. پرۆسێسی ئه‌نفالیش، که‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌(ئه‌نفالکراوانه‌وه‌)، تاکه‌ یه‌ک به‌رگری و یاخیبوون و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌ خۆوه‌ نه‌بینی، به‌ڵکه‌ ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکه،‌ بێ بچووکترین و لاواترین به‌رگریی، دران له‌به‌ر و خرانه‌ نێو ئۆتۆمبیلی سه‌ربازییه‌وه‌ و بۆ خوارووی عیراق و بێئاوانه‌کانی، گواسترانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر هاتباو ئه‌و خه‌ڵکه‌ کورده‌، به‌رگرییان له‌ خۆ کردبا، بێگومان کۆمه‌ڵێک سه‌رباز و چه‌کداری عیراقی له‌ گونده‌ ئه‌نفالکراوه‌کانی کوردستان، ده‌کوژران و خه‌ڵکانێکی کورد، هه‌ڵده‌هاتن و ئه‌و کورده‌ گوندنشیانه‌شی، که‌ ده‌کوژران، هه‌ر هیچ نه‌با، له‌نێو گوند و دۆڵ و ده‌شتایی و په‌نادیواری، زێدی خۆیاندا، ده‌کوژران و نه‌ده‌بران بۆ ئه‌و ده‌شتاییانه‌ی عیراق. کورد، ئه‌و حه‌له‌ ئه‌وه‌ی نه‌کرد و ئێستاش، هه‌ڕه‌شه‌نامه‌یه‌کی عه‌ره‌بێک له‌ جه‌له‌ولا، سه‌دان کیلۆمیتر، هه‌ڵیده‌فڕێنێ و وڵاتی پێ چۆڵ ده‌کا. بڕوا ناکه‌م، هیچ خه‌ڵکێک له‌م جیهانه‌دا، مانه‌ندی کورد، وا سووک و ئاسان، ده‌ستبه‌رداری هه‌موو شتێک بن و چنگ له‌سه‌ر شان هه‌ڵبێن. عه‌ره‌ب، که‌ باسی خه‌ڵکی به‌رگه‌نه‌گر و قووچێن و هه‌ڵاتوو بکه‌ن، ده‌ڵێن: له‌ هه‌ڵاتندا وه‌ک ئاسکن"وفي الهزیمة کالغزال.."، له‌ ڕاستیدا کورد، له‌و بواره‌دا، وه‌ک ئاسک وایه‌ و هه‌میشه‌، خاکی بۆ دوژمنانی جێهێشتووه‌.                                                                                                
تۆ ئه‌گه‌ر، به‌راوردێکی کورد له‌گه‌ڵ فلستینییه‌کان بکه‌یت، نابه‌رانبه‌رییه‌کی یه‌کجار زه‌ق و له‌به‌رچاوت بۆ ده‌رده‌که‌وێ. فلستینییه‌کان، که‌ له‌ 1948ه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، ڕۆژانه‌، داگیر ده‌کرێن، وه‌ده‌ر ده‌نرێن، ماڵیان ده‌ڕووخێنرێ، ڕه‌زیان ده‌سووتێنرێ، خانوویان له‌گه‌ڵ خاکدا یه‌کسان ده‌کرێ، ده‌کوژرێن، زیندانیی ده‌کرێن، ئێستاش، پیاویان، ژنیان، منداڵیان، پیریان، لاویان، کچیان، کوڕیان، به‌رگری ده‌که‌ن و له‌سه‌ر داره‌زه‌یتوونێک، بڕکه‌ترۆزییه‌ک، ته‌پۆڵکه‌یه‌ک، جۆگه‌له‌یه‌ک، دیوارێک، به‌ردێک، به‌رگری ده‌که‌ن و به‌ هه‌موو شێوازێک، ته‌نانه‌ت به‌ به‌رد و تێڵاو و چه‌پۆک و به‌رده‌قانی و دارلاستیک و تف و جوێن، به‌ گژ، جووله‌که‌ی داگیرکه‌ردا ده‌چن. لێیان ده‌کوژرێ و لێیان زیندانی ده‌کرێ و لێیان له‌ زێدی خۆی دوورده‌خرێته‌وه‌، لێ ئه‌وان زیاتر به‌رگری ده‌که‌ن و به‌رخودانیان پتر په‌ره‌ده‌ستێنێ و هه‌رگیز له‌ خه‌بات و کاره‌ شۆڕشگێڕییه‌کانی خۆیان، بۆ یه‌ک خولکه‌ و یه‌ک سات و یه‌ک چرکه‌یش، سارد نابنه‌وه‌ و کۆڵناده‌ن.                                                                                           
حوکوومه‌ت و حیزب و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان، هه‌رگیز له‌ پرسیی ده‌ڤه‌ره‌ کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا، په‌رێزپاک و بێتاوان نین و ئه‌وان دڵسۆز و خه‌مخۆر و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتوو و جیددی و لێبڕاو، نه‌بوون و ناشبن و به‌رپرسیی دۆڕانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ و ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی تێدایه‌، هه‌مووی ده‌که‌وێته‌‌ ئه‌ستۆی ئه‌وان، لێ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت، که‌ خه‌ڵکی کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، هیچ به‌رپرسیاریه‌تییه‌کیان له‌و پرسه‌دا نه‌بێت! خه‌ڵکی کورد، له‌و باشووره‌ ته‌نبه‌ڵخانه‌ و مشه‌خۆرخانه‌یه‌ی کوردستان، وا ڕاهاتووه‌، ئه‌گه‌ر جۆگه‌له‌یه‌کی چلکاوبه‌ر به‌به‌ر ده‌رکه‌ی ماڵه‌که‌یدا بڕوات و ڕۆژێک ئه‌و جۆگه‌له‌یه‌، ئاوماڵکه‌ و خاشاک به‌ری بگرێ و چلکاوه‌که‌ به‌رزبێته‌وه‌ و به‌ر ماڵه‌که‌ی پیس کات، ئه‌وا دێته‌ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن و ده‌ڵێ حوکوومه‌ت هیچمان بۆ ناکات و ئه‌وه‌تا ئه‌و جۆگه‌له‌ چڵکاوه‌ خاوێن ناکاته‌وه‌!  ئه‌و کاره‌ به‌ هه‌ر مرۆڤێکی دانیشتووی ئه‌و کۆڵانه‌ ده‌کرێ و مرۆڤ ده‌توانێت له‌ خۆیه‌وه‌ و له‌ کار و ئه‌رکه‌ گچکه‌کانه‌وه‌، ده‌ست پێ بکات! کورد، ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی حیزب و سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بن، بۆ پاراستنی کوردستانیه‌تی جه‌له‌ولا و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی وه‌ک جه‌له‌ولا، ئه‌وا ئه‌نجامه‌که‌ی له‌م ده‌ ساڵه‌ی ڕابوردووه‌ باشتر نابێ! خه‌ڵک ده‌توانن، له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی وه‌ک مووسڵ، که‌رکووک، خورماتوو، تاووغ، قه‌ره‌ته‌پپه‌، مه‌نده‌لی، جه‌له‌ولا، قزلڕه‌بات، شاره‌بان و ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، سه‌دان ڕێکخراو، ده‌سته‌، کۆمه‌ڵه‌ وگرۆی ڕزگارکردنی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ و پاراستنی خه‌ڵک و خاکی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، سازکه‌ن و پشت به‌ خۆیان ببه‌ستن و پێش ئه‌وه‌ی داگیرکه‌ران، ده‌ستیان لێ بکه‌نه‌وه، ئه‌مان ده‌ستی خۆیان بوه‌شێنن و پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وان بیانکه‌ن به‌ شیو، ئه‌مان    ئه‌وان بکه‌ن به‌ فراڤین .                                                                                 .‌

17 – 10 - 2013




 که‌ ئێستا گۆڕاوه‌ و کراوه‌ به‌ سه‌عدییه‌"سعدیة".[1]
[2]  واقدی"گوایه‌" نووسیویه‌، وڵاتگیریی ڕه‌شه‌خاکی عیراق(فتوح سواد العراق)، ڕۆژبه‌یانی، کردوویه‌ به‌ کوردی و لێی کۆڵیوه‌ته‌وه‌ و په‌راوێزی له‌سه‌ر نووسیوه‌، چاپی دووه‌م، ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، 2011، ل 9.                            
 واقدی...، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 6. [3]
[4] خه‌سباک، دۆکتۆر شاکر، کورد و مه‌سه‌له‌ی کورد، ئه‌مجه‌د شاکه‌لی کردوویه‌ به‌ کوردی، بنکه‌ی اپه‌مه‌نی ڕۆژ، سوێد 1997، ل 43 – 44.  

Tuesday, September 10, 2013

دنیا هێشتا خێر و خێرخوازی لێ نه‌بڕاوه‌‌

دنیا هێشتا خێر و خێرخوازی لێ نه‌بڕاوه‌‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

بۆ سه‌ردانێکی یه‌ک شه‌ووڕۆژیی، واته‌ 24 سه‌عاتێک، به‌ره‌ک ئۆباما، سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا، به‌ یاوه‌ری شاندێکی یه‌کجار زۆر و هه‌مه‌جۆر، که‌ 700 که‌سێک ده‌بوون و به‌ فڕۆکه‌ی تایبه‌ت و بژیشکی تایبه‌ت و ئۆتۆمبیلی گولله‌نه‌بڕی تایبه‌ت و سه‌دان پاسه‌وانی تایبه‌تی خۆی و هه‌زاران پۆلیسی سوێدی و به‌ هه‌یت و هووت و به‌کاربردنی نوێترین ده‌سگه‌ی چاودێری و پاراستن و ئاماده‌ییه‌کی زیاد له‌ پێویست و ڕووماڵکردنی ئه‌و 24 سه‌عاته‌ی مانه‌وه‌ی له‌ سوێد، خوڵکه‌ به‌ خولکه‌ و چرکه‌ به‌ چرکه، به‌ هه‌موو ورده‌کارییه‌کانییه‌وه‌، له‌ لایه‌ن میدیای سوێده‌وه‌، 4ی سێپته‌مبه‌ری 2013، هاته‌ ستۆکهۆڵم. ئۆباما له‌گه‌ڵ سه‌رۆکوه‌زیرانی سوێد، نوروێژ، دانمارک و سه‌رۆکی فینلاند، کۆبووه‌وه‌ و له‌ پشتی په‌رده‌ و ده‌رگای داخراوه‌وه‌، وتوبێژی له‌گه‌ڵیاندا کرد. باسی چییان کرد و چی چووه‌ نێوانیانه‌وه‌، ئه‌وه‌ بۆ خه‌ڵکانێکی ئاسایی وه‌ک ئێمه‌، کارێکه‌، په‌ی پێ نابه‌ین و نایزانین.                 
ڕۆژێک پێش هاتنی ئۆباما بۆ ستۆکهۆڵم، به‌ فڕۆکه‌یه‌کی زه‌لامی ئه‌مه‌ریکی و له‌ ئه‌مه‌ریکاوه‌، چه‌ند دانه‌ هێلیکۆپته‌ری جه‌نگیی، گه‌یێنرانه‌ ستۆکهۆڵم. کاتی گه‌یشتنی ئۆباما و دابه‌زینی له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی ئارلاندا (Arlanda) یشاری ستۆکهۆڵم و پێشوازیکردنی له‌ لایه‌ن کارڵ بیلت(Carl Bildt)ی وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی سوێده‌وه‌، ده‌وروبه‌ری شوێنی نیشتنه‌وه‌ی فڕۆکه‌که‌ی و شوێنی پێشوازیکردنه‌که‌ی، له‌وانه‌ی پێشوازییان لێ ده‌کرد و له‌ پاسه‌وان و پیاوانی خۆیان زیاتر، ڕێگه‌ به‌ یه‌ک که‌سی دیکه‌ نه‌درا، که‌ لێی بێ. ته‌واوی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی له‌ فڕۆکه‌خانه‌که‌وه‌ تا ده‌گاته‌ هوتێل گراند(Grand Hotel) ینێو شاری ستۆکهۆڵم، که‌ جێی مانه‌وه‌ و حه‌وانه‌وه‌ی ئۆباما بوو، که‌ 35 کیلۆمیتره‌ و پتر له‌ 30 کیلۆمیتری شاڕێ"ڕێگه‌ی سه‌ره‌کی، Motor Way"ه‌، له‌ ئۆباما و که‌ژاوه‌ی ئۆتۆمبیل و پاسه‌وان و ئه‌وانه‌ی به‌وه‌وه‌ پێوه‌نددار بوون، زیاتر، هیچ که‌س و هیچ ماشێنێکی دیکه‌ بۆی نه‌بوو، له‌و ناوه‌دا بێت. ته‌واوی ئه‌و مۆبایل و ده‌سگانه‌ی، که‌ له‌ ده‌رێی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی ئۆباما، به‌ ده‌ست خه‌ڵکانێکی ڕۆژنامه‌نووس و میدیاکاره‌وه‌ بوون و ده‌یانویست، وێنه‌ له ماشێن و که‌ژاوه‌که‌ی ئۆباما بگرن، به‌ کاریگه‌ریی ده‌سگه‌ی دژه‌تیشک و ئامێری پێشکه‌وتووی دیکه‌، له‌ کار ده‌خران و هیچیان پێ نه‌ده‌کرا. سه‌ربانی هۆتێله‌که‌ی، که‌ ئۆبامای لێ بوو، دۆشکه‌ و چه‌کی دیکه‌ی قورس و پێشکه‌وتووی، له‌سه‌ر دامه‌زرابوو و پاسه‌وانی ئه‌مه‌ریکی بۆ خۆیان له‌و بانه‌ بوون. بێجگه‌ له‌ چه‌ندین هه‌زار پۆلیسی سوێدی، که‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ڕاوه‌ستابوون، سه‌دان چه‌کداری ئه‌مه‌ریکی و پاسه‌وانی تایبه‌تی ئۆباما، سه‌ر جاده‌کانیان گرتبوو و ئه‌وان بوون فه‌رمانیان به‌ پۆلیسی سوێدی ده‌دا.
ئه‌وه‌ی له‌و 24 سه‌عاته‌ی مانه‌وه‌یدا له‌ ستۆکهۆڵم، بۆ ئۆباما کرا، له‌ مێژووی سوێددا، بۆ هیچ که‌سێکی دیکه‌ نه‌کراوه‌. ته‌واوی ئه‌وه‌ی بۆی کرا، پێشێلکردن و لادانێکی یه‌کجار گه‌وره‌ و له‌به‌رچاو بوو، له‌ ته‌واوی ئه‌و نه‌ریت و قانوون و ڕێسایانه‌ی، له‌ سوێد، له‌ ماوه‌ی سه‌دان ساڵدا، پێڕۆ کراون. ئه‌وه‌ی کرا، به‌زاندنی سنووری دیموکراتی و بێلایه‌نی و ساده‌یی و یه‌کسانی و هه‌موو ئه‌و به‌ها مرۆڤایه‌تی و ئارامی و کۆمه‌ڵگه‌ی خۆشگوزه‌رانیی و جوانییه‌ بوو، که‌ سوێد پێی ناسرابوو و شانازی پێوه‌ ده‌کرد و له‌ زۆرێک له‌ وڵاتانی دیکه‌ی جیهانی جودا ده‌کرده‌وه‌.
ئۆباما، وه‌ک مرۆڤ و وه‌ک تاکێک، ڕه‌نگه‌ که‌س ڕقی لێ نه‌بێته‌وه‌ و که‌س کێشه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌بێت و بگره‌ خه‌ڵک سۆز و خۆشه‌ویستیشی بۆ هه‌بێ، لێ وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وه‌یان باسێکی تره‌. ئۆباما نوێنه‌ری سیاسه‌تی وڵاتێکه‌، که‌ ئه‌مڕۆ تاکه‌ وڵاتێکی زلهێزی ئیمپریالیزمه‌ له‌ جیهاندا. ئه‌مه‌ریکا، ئه‌مڕۆ، چڕبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی جیهانی و نوێلیبرالیزم و بازاڕی ئازاده‌ و نوێنه‌رایه‌تی سیاسه‌تی داگیرکردن، کوشتن، سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و قووتدانی هه‌موو جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خه‌ڵک و گه‌لان ده‌کات. ئه‌مه‌ریکا، که‌ هه‌ر له‌ بنه‌مادا بۆ خۆی به‌ داگیرکاری و زه‌وتکردن و سڕینه‌وه‌ و له‌به‌ینبردنی خه‌ڵک، دروست بووه‌، ته‌واوی مێژوویشی، داگیرکردن و کوشتنی گه‌لان بووه‌. مه‌زنترین تاوان، که‌ له‌ جیهاندا ئه‌نجامدرابێت، ئه‌مه‌ریکا کردوویه‌تی. هیرۆشیما و ڤیێتنام و کووبا و ئه‌مه‌ریکای لاتین و ئه‌فریقا و فلستین و ئه‌فغانستان و عیراق و لیبیا و...تۆپه‌ڵێک په‌ڵه‌ی ڕه‌ش و شه‌رمهێنه‌ر و خوێناوی و دژه‌ مرۆڤن، له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریکادا. ئۆباما، ئه‌گه‌ر بۆ خۆیشی، به‌شداریی له‌و تاوانانه‌دا نه‌کردبێ، ئه‌و که‌سی یه‌که‌م و نوێنه‌ری ته‌واوی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکایه‌. ئه‌وه‌، ئه‌مڕۆ درێژه‌ به‌و مێژووه‌ دزێو و نامرۆڤانه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌دات و هه‌ڵپه‌ی سه‌رکوتکردنی هه‌موو نه‌یارێکی ئیمپریالیزم و سه‌رمایه‌داری ده‌دات. ئه‌وه‌ به‌ درۆن(Drone)ه‌کانی، ئه‌و فڕۆکه‌ جه‌نگییانه‌ی، که‌ نه‌ شۆفێری هه‌یه‌ و نه‌ که‌سیشی تێدایهUAV (Unmanned Aerial Vehicle)‌، له‌ وڵاته‌ هه‌ژار و به‌له‌نگازه‌کان، سه‌دان مرۆڤی بێتاوان، ده‌کوژێ. ئۆباما سه‌رداری وڵاتێکه‌، که‌ ده‌سگه‌ی سیخۆڕی(CIA) و پێنتاگۆن و کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کان و سه‌رمایه‌داره‌ نه‌هه‌نگه‌کان، به‌ڕێوه‌ی ده‌بن و ئه‌و، نه‌خشه‌ و دید و فیلۆسۆفییه‌کانی ئه‌وان، جێبه‌جێ ده‌کات.
بۆ پێشاندانی ڕق له‌ ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌تی نامرۆڤانه‌ی ئه‌مه‌ریکا و هاتنی ئۆباما بۆ سوێد و باسکردنی جه‌نگی دژ به‌ سووریا و لێدانی و سیاسه‌تی دووڕوو و مه‌راییکارانه‌ی سوێد، پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه‌ی ئۆباما گه‌یشته‌ ستۆکهۆڵم، 4ی سێپته‌مبه‌ر، خۆپێشاندان و ڕێپێوانێکی یه‌کجار مه‌زن و فراوان، له‌ ناوه‌ندی شاری ستۆکهۆڵم ساز کرا. سه‌عات 5ی پاش نیوه‌ڕۆ له‌ مه‌یدانی گه‌وره‌ی مێدبۆریه‌ر پلاتسن(Medborgarplatsen)، هه‌زاران که‌س، جوان و پیر، کچ و کوڕ، ژن و پیاو، سپیپێست و سیاپێست، سۆسیالیست، کۆمیۆنیست، سه‌ندیکالیست، ئه‌نارکیست، ده‌یان جۆره‌ خه‌ڵکی چه‌پ، خه‌ڵکی دژ و سه‌ر به‌ کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆمیۆنیستی کارگه‌ری ئێرانی و عیراقی، خه‌ڵکانی دژ و سه‌ر به‌ ڕێژیمی سووریا، خه‌ڵکی شیعه‌، خه‌ڵکی سوننه‌، خه‌ڵکی دژ و سه‌ر به‌‌ ڕێژیمی عیراق، موسوڵمان، جووله‌که‌، مه‌سیحی، کچ و ژنی له‌چکدار، خه‌ڵکی ئه‌فریقا، ئه‌مه‌ریکای لاتین، فلستینی، سوێدێ، عه‌ره‌ب، ئه‌وروپایی، خه‌ڵکی هه‌موو قوژبنێکی جیهان، هه‌موو ئه‌مانه‌ و زیاتریش له‌و مه‌یدانه‌دا خڕبوونه‌وه‌ و به‌ گوتار و دروشمی جۆراوجۆر و هاتوهاوار و مۆسیقا و بڵاوکراوه‌، ده‌نگی ناڕه‌زایی و دژایه‌تی خۆیان له‌هه‌مبه‌ر هاتنی ئۆباما و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌رز کرده‌وه‌. خۆپێشاندانه‌که‌، پاش سه‌عاتێک بوو به‌ ڕێپێوان و به سه‌ر جاده‌یه‌کی که‌ونه‌ شاری ستۆکهۆڵمدا، به‌ ده‌م گوتنی بڕووخی ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریکا و نا بۆ لێدانی سووریا و نا بۆ سیاسه‌تی دژه‌مرۆڤانه‌ی ئه‌مه‌ریکا و سه‌دان دروشمی دیکه‌وه‌، ڕێچکه‌ی به‌ست و کشا به‌ره‌و مینت تۆریه‌ت(Mynttorget ، که‌ مه‌یدانێکه‌ له‌نێوان که‌ونه‌کۆشکی شای سوێد و ته‌لاری په‌رله‌ماندایه‌. پۆلیسی سوێدی ئه‌و ناوه‌ی ته‌نیبوو. له‌وێ ڕێپێوه‌کان ڕاوه‌ستان و ده‌یان خه‌ڵکی ناسراوی سوێدی گوتاریان خوێنده‌وه‌ و تووڕه‌یی خۆیان و خه‌ڵکه‌که‌یان دژ به‌ ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌ته‌کانی ده‌ربڕی. له‌و خۆپێشاندانه‌دا، به‌شێکی زۆری ئه‌و خه‌ڵکانه‌ ده‌بیرانه‌وه‌، که‌ له‌ هه‌موو ئه‌و جۆره‌ خۆپێشاندان و ڕێپێوانانه‌دا هه‌ن. له‌ ساڵی 1981ه‌وه‌، سه‌دانم له‌و ده‌موچاوانه دیتووه‌‌، که‌ 4ی سێپته‌مبه‌ر به‌شداریی ئه‌و ڕێپێوان و خۆپێشاندانه‌ بوون، ئه‌وان بۆ من ئاشنا بوون و له‌ هه‌موو ئه‌م جۆره‌ کار و کاردانه‌وانه‌دا، ئێمه‌ هاوڕێ و هاوسۆز بووینه‌ و شان به‌ شانی یه‌کدی جووڵاوین و تووڕه‌یی خۆمان ده‌ربڕیوه‌. ئه‌وه‌ی بڕێک وه‌ک جیاوازیی ده‌بینرا یا ساڵ له‌ دوای ساڵ ده‌بێنرێ، زیادبوونی هه‌ندێ مووی سپی سه‌ر و ڕدێن و لۆچی ڕوومه‌ت و ده‌موچاوه‌، له‌کن هه‌ندێک له‌و خه‌ڵکه‌، ده‌نا گیانه‌ یاخی و شۆڕشگێڕ و عه‌داله‌تخواز و حه‌قخواز و یه‌کسانیخواز و مرۆڤانه‌که‌، هه‌ر هه‌وه‌ و هه‌رگیز گڕ و تین و جۆش و کڵپه‌ی، خامۆش نابێته‌وه‌. پیره‌ژنێکی ته‌مه‌ن 85 ساڵ و زیاتر، که‌ له‌ سه‌دان خۆپێشاندانی دیکه‌دا دیومه‌، به‌ چه‌رخه‌که‌ی(عه‌ره‌بانه‌)یه‌وه، که‌ به‌ ده‌یان نووسین و دروشم و ئاڵا و وێنه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ ڕازاندبوویه‌وه‌ و له‌ سه‌ر دانه‌یه‌کیان له‌ بری ئۆباما نووسرابوو "بۆمباما"، شان به‌ شانم ده‌له‌نگی و ده‌ڕۆیشت و هه‌موو بوون و سیمای تووڕه‌یی بوو له‌ ئه‌مه‌ریکا و هاوار بوو بۆ جیهانێکی بێ جه‌نگ و ئاسووده‌ و یه‌کسان و بێ چه‌وسانه‌وه‌. هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌، که‌ ئێستا دژی جه‌نگی دژ به‌ سووریان، پێشتریش دژی جه‌نگی دژ به‌ ڤیێتنام، ئه‌فغانستان، عیراق بوون. هه‌موو ئه‌مانه،‌ له‌گه‌ڵ کووبا و لاتین ئه‌مه‌ریکا و ئه‌فریقا، دژ به‌ ئه‌مه‌ریکا بوون. هه‌موو ئه‌مانه‌، مرۆڤگه‌لێکی ڕادیکاڵن، که‌ هه‌میشه‌ هاواریان بۆ مرۆڤایه‌تی کردووه‌ و ده‌که‌ن.
 له‌نێو ته‌واوی ئه‌و عه‌شاماته‌دا، که‌ پتر له‌ هه‌شتهه‌زار که‌س ده‌بوون، تاکه‌ نیشانه‌یه‌کی کوردیی، که‌ هه‌بوو، تاکه‌ یه‌ک ئاڵای "په‌که‌که‌" ده‌بینرا، ئیدی مه‌گه‌ر تاکه‌ تاکه‌یه‌کی کوردی، من ئاسا، که‌ هه‌میشه‌ ڕێبواری ئه‌م ڕێگه‌ی هات و نه‌هاته‌ن و له‌ هه‌موو ئه‌م جۆره‌ چالاکییانه‌دا هه‌ن و به‌ ئه‌رکێکی ده‌زانن، ده‌نا بێجگه‌ له‌ دانه‌ دانه‌یه‌ک کوردی دیکه‌ی نێو حیزبه‌ کۆمیۆنیسته‌ ئێرانی و عیراقییه‌کان، ئیدی بۆ ده‌رمانیش، گرۆیه‌کی کورد یا تاکێکی کورد نه‌ده‌بینرا. حیزبگه‌لی کوردستان، ئه‌مڕۆ بێ جیاوازی، له‌ بازنه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکادا ده‌خولێنه‌وه‌ و ئه‌مه‌ریکا به‌ فریادڕه‌س ده‌زانن! ئه‌وان، ئیدی له‌ بازنه‌ی خه‌ڵک و بزاڤی دژه‌ئیمپریالیزم و دژه‌سه‌رمایه‌داریدا نه‌ماون و له‌به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکادان. هه‌ڵوێستی ئه‌وان هه‌رچۆنێک بێت و ئه‌وان و سه‌دانی وه‌ک ئه‌وانیش له‌ خانه‌ی ئه‌مه‌ریکادا بن، به‌ره‌ی دژ به‌ ئیمپریالیزم، هێشتا به‌هێزه‌ و مرۆڤی دڵسۆز و مرۆڤدۆست و حه‌قپه‌رست و عه‌داله‌تخواز و دژه‌چه‌وسانه‌وه‌، هێشتا هه‌ن و خه‌ڵکی خێرخواز و ئازادیخواز، هێشتا ده‌نگیان بڵنده‌ و به‌ره‌و بانه‌ڕۆژێکی گه‌ش و ڕوون و پڕ خێر و به‌ره‌که‌ت، هه‌نگاو ده‌نێن. مرۆڤ به‌وه‌ دڵخۆشه‌ و‌ ده‌توانم بڵێم، دنیا هێشتا خێر و خێرخوازی لێ نه‌بڕاوه‌.

10 – 9 - 2013 



Friday, August 2, 2013

که‌رکووکه‌خه‌م - حه‌فت -

که‌رکووکه‌خه‌م
- حه‌فت –
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
31ی ته‌مووزی 2013، له‌ پیرمام، فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، کۆچی دوایی کرد. کاکه‌یی، ڕۆژنامه‌نووس، بیرمه‌ند، سیاسه‌تکار و ڕووناکبیر بوو. پیاوێکی خاکی، ساده‌، ئارام، هێمن، ڕاستگۆ و سۆفی سرشت بوو. ئه‌و له‌ کۆمیۆنیستییه‌وه‌ تێهه‌ڵچوو و به‌ پارتییه‌تیدا تێپه‌ڕی و له‌ عیرفان و سۆفیگه‌رییه‌وه‌ سه‌ری ده‌رهێنا، ئه‌و، بێجگه‌ له‌ ڕۆژنامه‌نووسیی و فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت، شاره‌زایه‌کی باشی بواری ئایینی یارسان(کاکه‌یی، ئه‌هلی حه‌ق)یش بوو. به‌ گوێره‌ی ئایین و باوه‌ڕی یارسان، که‌ له‌ هزری "دۆناودۆن"دا، به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ، ئه‌وه‌ له‌شی مرۆڤه‌، که‌ ده‌مرێ، گیانی مرۆڤ هه‌رگیز نامرێ. گیانی مرۆڤ، له‌گه‌ڵ مردنی له‌شه‌که‌دا، ده‌رده‌چێ و ده‌چێته‌ له‌شی که‌سێکی نۆزاده‌وه‌. به‌و جۆره‌، هیچ که‌س نامرێ و هه‌موو که‌س ده‌ژی، گیانه‌کان ده‌ژین، به‌ڵام له‌ له‌شگه‌لێکی دیکه‌دا. له‌ دیدێکی کاکه‌ییانه‌وه‌، فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، نه‌مردووه‌ و گیانی ئه‌و، ئێستا له‌ که‌سێکی دیکه‌دا شین ده‌بێته‌وه‌ و درێژه‌ به‌ ژیان و بوون ده‌دات. له‌کن ئیسلامیش، ئه‌وه‌ی ده‌مرێ له‌شه‌، و گیان، که‌ مرۆڤ مرد، ده‌رده‌چێ و ده‌چێته‌ به‌رزه‌خ و له‌وێ تا ڕۆژی په‌سڵان، چاوه‌ڕوان ده‌بێ.  له‌ هه‌ر دیدێکه‌وه‌ بنۆڕیته‌ ئه‌و پرسه‌، فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، ڕۆیشت و له‌به‌رچاوان بزر بوو و بۆشاییه‌کی له‌ دووی خۆی جێهێشت.                                                                   
                                                                 
:له‌ کۆچی دوایی فه‌له‌که‌ددین کاکه‌ییدا، دوو شت، سه‌رنجی منیان ڕاکێشا

یه‌که‌م: فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، وه‌ک موسوڵمان خرایه‌ گۆڕ و وه‌ک موسوڵمان له‌ مزگه‌وت پرسه‌ی بۆ دانرا و وه‌ک موسوڵمان فاتیحه‌ی بۆ خوێنرا. فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، وه‌ک ئایین کاکه‌یی بوو و ده‌بوو بۆ ناشتنی و بۆ پرسه‌که‌ی و بۆ ته‌واوی ده‌ستوور و نه‌ریته‌ پێوه‌ندداره‌کان به‌ مردووه‌وه‌، پێڕۆی شێوازه‌ ئایینه‌ییه‌کانی کاکه‌یی کرابا. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بۆ خۆی تا بڵیی پیاوێکی کراوه‌ و به‌رینبین بوو، لێ له‌و بڕوایه‌دام، ئه‌گه‌ر به‌ ئاگایی و قایلبوونی خۆی بووایه‌، ئه‌وا وه‌ک یارسانێک، ده‌نێژرا و وه‌ک یارسانێک، له‌ جه‌مخانه‌یه‌کدا، نه‌ک مزگه‌وت، پرسه‌ی بۆ داده‌نرا، یا ته‌نێ جڤینێکی سه‌ره‌خۆشیی بۆ ساز ده‌کرا. له‌ وڵاتێکدا، که‌ ئازادی ئایین و باوه‌ڕی تێدایه‌، ده‌بوو، خه‌ڵک به‌ گوێره‌ی ئایین و باوه‌ڕی خۆیان، بژین و بمرن. له‌پرسه‌ی موسوڵماناندا له‌ ئه‌وروپا، که‌ قورئان و فاتیحه‌ی تێدا ده‌خوێنرێ، گاور(دیان، فه‌له‌، عیسایی)م دیتووه‌، که‌ هاتووه‌ته‌ ژوورێ، هه‌ندێک به‌ پێوه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ و به‌ ده‌ست، له‌سه‌ر سنگی وێنه‌ی خاچ(الصلیب)ه‌که‌ی کێشاوه‌ و هه‌ندێک شتی گوتووه‌ و پاشان دانیشتووه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و وه‌ک موسوڵمانه‌که‌ فاتیحه‌ی نه‌خوێندووه‌. ده‌ی که‌واته‌، بۆ کاکه‌ییه‌کان، نه‌یانتوانی ناشتن و پرسه‌ی فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، به‌ ئاره‌زووی خۆیان و به‌ پێی نه‌ریتی خۆیان بکاکه‌ییێنن(بیارسانیێنن)؟                                                                             
دووه‌م: فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، خه‌ڵکی که‌رکووک بوو و پێموابێ له‌ بنه‌چه‌شدا خه‌ڵکی گوندی"عه‌لی سه‌رای" لای تاووغه‌. بۆ له‌ پیرمام نێژرا و بۆ نه‌برایه‌وه‌ که‌رکووک؟ به‌ بردنه‌وه‌ی ته‌رمی فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی بۆ که‌رکووک، بێجگه‌ له‌وه‌ی ده‌بووه‌ جۆره‌ خۆپێشاندانێک، که‌ کوردێکی زۆر له‌ دووی ته‌رمه‌که‌ ده‌بوون و خه‌ڵکێکی زۆرتریش له‌ که‌رکووک وه‌د‌ووی ده‌که‌وتن و لێی خڕده‌بوونه‌وه‌، بۆ کورد و کوردستانیبوونی که‌رکووک، ده‌بووه‌ جۆش و هانده‌رێک و گه‌شه‌یه‌کی پتر و بۆ عه‌ره‌بی داگیرکاری که‌رکووکیش، وه‌ک شه‌قازلله‌یه‌ک ده‌بوو به‌ په‌ناگوێیاندا. گێڕانه‌وه‌ی ته‌رمی هه‌ر کوردێکی که‌رکووکی، به‌ تایبه‌ت که‌سانێکی له‌ پله‌ و پایه‌ی فه‌له‌که‌ددین کاکه‌ییدا، بۆ که‌رکووک، گرنگییه‌کی زۆری ده‌بێ بۆ پرسی کورد له‌ که‌رکووک، که‌ ژماردنی تاکه‌ گۆڕێکیشی بۆ گرنگه‌. فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، وه‌ک کاکه‌یی، له‌ سه‌یده‌کانیان بوو. له‌نێو کاکه‌ییدا، وه‌ک ئێزدی و وه‌ک هیندییه‌کان، پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ بکرێ پێی بگوترێ: چین(به‌ فارسی: طبقه‌، به‌ عه‌ره‌بی: طائفة، به‌ ئینگلیزی: Caste). فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی، که‌ سه‌یید بوو، له‌ چینێکی باڵای کاکه‌ییان بوو، ناشتنی ته‌رمه‌که‌ی له‌ که‌رکووک و له‌ گونده‌که‌ی خۆیان، ده‌بووه‌، جێگه‌یه‌کی دیار و له‌به‌رچاو و خه‌ڵک سه‌ردانیان ده‌کرد. ئه‌وه‌ش بۆ که‌رکووک، ده‌بووه‌ خستنی چه‌ند میتره‌ خاکێک و قه‌ره‌باڵغییه‌ک به‌ سه‌ر کوردستانییه‌تی که‌رکووکدا. 

من له‌ ژیانمدا، یه‌ک جار فه‌له‌که‌ددین کاکه‌ییم دیتووه‌. که‌ وه‌زیری فه‌رهه‌نگ بوو له‌ هه‌ولێر، پێموابێ ساڵی 1998 بوو، بۆ ماوه‌ی 20 – 30 خولکه‌یه‌ک چوومه‌ لای. له‌و کاته‌دا کۆمه‌ڵێک له‌ خزمانی خۆی، کاکه‌ییان، له‌ شوێنی جیاوازه‌وه‌ هاتبوون بۆ لای. گه‌لێکیان پیر و ڕدێن سپی و به‌ ساڵاچوو بوون. ئه‌وانه‌ به‌و ڕیشه‌چه‌رمووه‌یانه‌وه‌ ده‌ستی فه‌له‌که‌ددینیان ماچ ده‌کرد. من گه‌لێکم پێ سه‌یر بوو. دواتر له‌ هاوڕێیه‌کی کاکه‌ییمه‌وه‌ زانیم، که‌ فه‌له‌که‌ددین سه‌ییده‌ و سه‌ییدیش پایه‌ی به‌رزه‌ و ده‌ستی ماچ ده‌کرێ. بێگومان بردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌ی بۆ که‌رکووک له‌ دوو لاوه‌ کاریگه‌ری ده‌بوو، هه‌م وه‌ک کاکه‌یی و هه‌م وه‌ک کورد، لێ ئه‌وه‌ باسێکه‌، ره‌نگه‌ له‌ ڕۆژگارێکی وه‌ک ئه‌مڕۆی کوردستاندا، که‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌ستوپێوه‌ندی، ته‌نیا له‌ هۆڵی پاره‌ و خه‌می ده‌وڵه‌مه‌ندبووندان، هێنده‌ بایه‌خی پێ نه‌درێ.

تۆ که‌ باس له‌ که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کان ده‌که‌یت، ده‌سه‌ڵات، به‌ مادده‌ی 140 وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌، که‌ له‌ 2003وه‌ تا ئه‌مڕۆ، تاکه‌ یه‌ک سه‌نتیمیتر، کوردستانییه‌تی که‌رکووکی نه‌چه‌سپاندووه‌ و نه‌یبردووه‌ته‌ پێش و ‌ تاکه‌ یه‌ک عه‌ره‌بی داگیرکه‌ریشی وه‌ده‌رنه‌ناوه‌. من له‌و بڕوایه‌دام کورد ده‌توانێ به‌ سه‌دان جۆر، خه‌باتی خۆی بکات بۆ هێنانه‌وه‌ی که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کان، بۆ باوه‌شی کوردستان. یه‌کێک له‌و شێوه‌ خه‌باتانه‌، بردنه‌وه‌ی ته‌رمی مردووه‌کانیانه‌ بۆ که‌رکووک و ناشتنیان له‌وێ.

که‌سێکی هه‌ولێری، دهۆکی، زاخۆیی، سلێمانیی، هه‌رگیز گرنگ نییه‌ و چ کاریگه‌رییه‌کی نییه‌، له‌ کوێ ده‌نێژرێ، له‌و شارانه‌. لێ گێڕانه‌وه‌ی ته‌رمی کوردێکی خه‌ڵکی مه‌نده‌لی، زرباتییه‌، قه‌ره‌ته‌پپه‌، که‌رکووک، خورماتوو، خانه‌قین، مووسڵ، شنگال، شاره‌بان و...گه‌لێک گرنگه‌ و ده‌بوو خه‌ڵک، به‌ تایبه‌ت سیاسه‌تکاران و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، بیریان لێ کردباوه‌. عه‌لی مه‌ردانی، هونه‌رمه‌ند، له‌ به‌غدا مرد. پێش مردنی وه‌سیه‌تی کردبوو، ‌ له‌ گردی سه‌یوانی سلێمانی، له‌نێو کۆڕی شاعیران و نووسه‌ران و ناودارانی کورددا، بینێژن. که‌ مرد و  ته‌رمه‌که‌یان برده‌وه‌ و گه‌یشته‌ که‌رکووک، که‌س و خزم و دۆست و ناسیاوی خۆی له‌ که‌رکووک، کردیان به‌ هه‌را و گوتیان نابێ ئه‌و ته‌رمه‌ ببرێ بۆ سلێمانی و ده‌بێ له‌ که‌رکووک بنێژرێ. زۆریان گوت، که‌ ئه‌وه‌ بۆ خۆی وه‌سیه‌تی کردووه‌ و هه‌ر ده‌بێ له‌ سلێمانی بنێژرێ، لێ که‌رکووکییان ملیان نه‌دا و گوتیان، جا با وه‌سیه‌تیشی کردبێ، ئێمه‌ قایل نابین و هه‌ر ده‌بێ له‌ که‌رکووک به‌ خاک بسپێردرێ. ئیدی که‌رکووکییان سه‌رکه‌وتن و عه‌لی مه‌ردان، له‌ که‌رکووک نێژرا. ئه‌وه‌ بۆ خۆی کارێکی باش بوو و ده‌بوو، که‌رکووکییان به‌ ناشتنی فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی له‌ پیرمام، قایل نه‌بووایه‌ن و بیانبردایه‌ته‌وه‌ بۆ که‌رکووک.

ده‌ڵێن عه‌دنان خه‌یروڵڵا(عدنان خیرالله‌)، که‌ وه‌زیری جه‌نگ بوو له‌ حوکوومه‌تی به‌عسدا و کوڕه‌ خاڵی سه‌ددام حو‌سه‌ینیش بوو، له‌ کاتی وه‌زیریدا، له‌ ساڵی 1989، دوای ئه‌نفال و هه‌ڵاتنی حیزبه‌ کوردییه‌کان بۆ دیوی ئێران، گه‌شتێکی کوردستان ده‌کات و له‌گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ مووسڵه‌وه‌، له‌ نێزیک گوندی مه‌لاقه‌ره‌، له‌ ده‌شتی که‌ندیناوه‌، فڕۆکه‌که‌ی به‌رده‌بێته‌وه‌ و ده‌سووتێ و ئه‌ویش ده‌مرێ. ده‌ڵێن سه‌ددام حوسه‌ین وه‌ک ڕێزگرتنێک له‌و و هێشتنه‌وه‌ی ناوی و بۆ عه‌ره‌باندنی ئه‌و خاکه‌ی کوردستان، ناوی ئه‌و جێگه‌یه‌ ده‌نێ: عه‌دنانییه‌(العدنانیة)، به‌ ناوی عه‌دنان خه‌یروڵڵاوه‌ و گۆڕه‌که‌یشی ده‌کاته‌ مه‌زارگه[1]‌، بۆ مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی عه‌دنان و به‌عس و عه‌ره‌باندنی کوردستان. خه‌ڵک به‌و جۆره‌ کوردستان داگیر ده‌که‌ن و سیاسه‌تی عه‌ره‌باندن ده‌به‌نه‌‌ پێشێ، کوردیش، نه‌ک کورده‌ زیندووه‌کان، ته‌نانه‌ت کورده‌ که‌رکووکییه‌ مردووه‌کانیش ، نابه‌نه‌وه‌ که‌رکووک!
عه‌ره‌ب، که‌ باسی کوردێک بکه‌ن، به‌ تایبه‌ت به‌ناوێکی کورد، هه‌رگیز پێیان خۆش نییه‌، بڵێن یا بنووسن، له‌ که‌رکووک له‌دایک بووه‌. عه‌بدولجه‌ببار ئه‌لعیتابی/ئه‌لعه‌تابی(عبدالجبار العتابي)، له‌ گوتارێکیدا، به‌ ناوی: کۆچی بیرمه‌ندی کورد فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی"رحیل المفکر الکردي فلك الدین کاکایی"، له‌ ماڵپه‌ڕی ئیلاف"إیلاف"ی عه‌ره‌بیدا[2]، گوتارێکی جوانی نووسیوه‌ و به‌ جوانی باس له‌ که‌سیه‌تیی فه‌رهه‌نگی و سیاسی و ڕۆژنامه‌وانی و نووسه‌ری و بیرمه‌ندیی فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی ده‌کات، لێ که‌ ده‌گاته‌ سه‌ر شوێنی له‌دایکبوونی، ده‌نووسێ، له‌ هه‌ولێر له‌دایک بووه‌! من بۆ خۆم گومانم هه‌یه‌ له‌وه‌ی، نه‌یزانیبی، فه‌له‌که‌ددین له‌ دایکبووی که‌رکووکه‌، لێ بۆ هزری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و بۆ زیاتر عه‌ره‌باندنی که‌رکووک و بۆ سڕینه‌وه‌ی کوردستانیه‌تی که‌رکووک، خۆلادان له‌ ناوهێنانی که‌رکووک و باسنه‌کردنی که‌رکووک، وه‌ک شوێنی له‌دایکبوونی که‌سێکی ناسراو، بۆ عه‌ره‌ب، پێشکه‌وتنێکی گه‌لێک زۆره‌ و سه‌رکه‌وتنه‌ و بۆ کوردیش به‌ قوڕدا چوون و ژێرکه‌وتن و سڕینه‌وه‌ و له‌نێوبردنه‌.

به‌خاک سپاردنی هه‌ر که‌رکووکییه‌ک، له‌ ده‌رێی که‌رکووک، که‌لێنێک بۆ که‌رکووک دێنێته‌ ئاراوه‌، چۆڵاییه‌ک دروست ده‌کات. که‌رکووک به‌ گوڵه‌کانییه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یشی، که‌ له‌ملاو و له‌ولا ده‌ژاکێن و ده‌سیسێن‌ جوانتر ده‌بێت، بریا وه‌ک به‌ زیندوویی نه‌چوونه‌وه‌ که‌رکووک، به‌ مردوویی هه‌موویان ده‌برانه‌وه‌ که‌رکووک و مانه‌ندی شوکور مسته‌فا و موحه‌ممه‌د موکری و فه‌له‌که‌ددین کاکه‌یی و خودا ده‌زانێ کێی دیکه‌، گۆڕغه‌ریب نه‌ده‌بوون[3].
02 – 08 - 2013







1  قه‌ره‌چۆغ، ‌بە دەستخۆشی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەعسیەكان مەزاری عەدنان خیراللە چاک دەكەنەوە: http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=5437ba38
2  العتابي، عبدالجبار، رحیل المفکر الکردي فلك الدین کاکایی،  
http://www.dengekan.com/doc/2004/8/file/amjad15.htm[3]  شاکه‌لی، ئه‌مجه‌د، گۆڕغه‌ریب: 

Saturday, July 13, 2013

له‌فه + ‌ی + فیکه = ئه‌تککردنی زمانی کوردی‌

له‌فه + ‌ی + فیکه = ئه‌تککردنی زمانی کوردی‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ سه‌روبه‌ندی ڕووداوه‌کانی 30 حوزه‌یرانی 2013ی نێو په‌رله‌مانی کوردستاندا
 ده‌سته‌واژه‌یه‌کی نوێ هاته‌ نێو‌ زمانی کوردییه‌وه و به‌کاربرا‌، ئه‌ویش ده‌سته‌واژه‌ی"له‌فه‌ی فیکه‌"یه‌. ئه‌ندام په‌رله‌مانێک، که‌ هاتبوو بۆ جڤینی په‌رله‌مان، ئه‌و "له‌فه‌ی ‌فیکه"یه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابووه‌ ژوورێ. من لێره‌دا وردتر له‌ ڕووی زمانه‌وه‌، له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ و ڕاستی و دروستی و هه‌ڵه‌ و ناڕاستیی ده‌کۆڵمه‌وه‌:                     
                   
له‌فه‌، وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه و له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا به‌ له‌ففه‌(لفة)، واته‌: به‌ دانانی شه‌دده‌یه‌ک له‌ سه‌ر حه‌رفی"ف"، ده‌نووسرێ و ده‌خوێنرێته‌وه‌ و ده‌گوترێ. حه‌رفی شه‌دده‌له‌سه‌ری عه‌ره‌بی، له‌ زۆرێک له‌ زمانانی جیهاندا و له‌نێویشیاندا، زمانی کوردی، ده‌بێته‌ دوو حه‌رف، واته‌: دووپاتبوونه‌وه‌ی ئه‌و حه‌رفه‌، که‌ له‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌دا "له‌فه‌"یه‌، که‌ ده‌بێت، له‌ نووسین و خوێندنه‌وه‌ و گوتندا، ببێته‌ "له‌ففه‌" نه‌ک "له‌فه‌"، که‌واته‌ جارێ پێش هه‌ر شتێک وشه‌ی"له‌فه‌" هه‌ڵه‌یه‌ و وشه‌ی "له‌ففه‌" دروسته‌. وشه‌ی "له‌ففه‌"، له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا به‌ واتای: پێچانه‌وه‌ی شتێک یا شتێکی پێچراوه‌ به‌کار ده‌هێنرێت و ئێستا پتر بۆ خۆراکێکی پێچراوه‌، واته‌: خۆراکێکی وه‌ک، گۆشتی برژاو یا سووره‌وه‌کراو یا کوڵاو یا سه‌وزه‌ یا فه‌لافیل یا په‌نیر و که‌ره‌ یا هه‌ر جۆرێکی دیکه‌ی خۆراک، که‌ گرمۆڵه‌ بکرێ و له‌ نێو نانێکدا یا له‌ نێو دوو له‌تی نانێکدا دابنرێ یا نانێکی تێوه‌ بپێچرێت و بۆ خواردن ئاماده‌ بێت. ئه‌م "له‌ففه‌" یه‌، که‌ کورد، کردوویه‌تی به‌ "له‌فه‌"، له‌ زمانانی ئه‌وروپاییدا، وشه‌ی "ساندویچ  Sandwich"ی بۆ به‌کار ده‌هێنرێ، که‌ له‌ بنه‌مادا له‌ زمانی ئینگلیزییه‌وه‌، که‌و‌تووه‌ته‌ نێو زمانه‌ ئه‌وروپاییه‌کانی دیکه‌شه‌وه‌ و تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش، به‌ هۆی کاریگه‌ری ڕۆژاوا له‌ سه‌ر وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌مه‌ڕ خۆمان و به‌ هۆی کۆڵۆنیالیزم و به‌ هۆی چاولێکه‌ری و سه‌رسامبوونی خه‌ڵکه‌کانیه‌وه‌ به‌ ڕۆژاوا و ڕۆژاوازه‌ده‌ییه‌وه‌، ئه‌و وشه‌ی "ساندویچ"ه‌، که‌وتووه‌ته‌ نێو زمانانی عه‌ره‌بی و کوردی و ئه‌وانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌. وشه‌ی "ساندویچ"یش، که‌ که‌تووه‌ته‌ نێو ئه‌و زمانانه‌وه‌، گۆڕاوه‌ و زۆرجاران بووه‌ به‌"ساندویتش" و "ساندویج"، له‌کن عه‌ره‌ب، و له‌کن کوردیش بووه‌ به‌ "سه‌نده‌ویج". ده‌ڵێن عه‌ره‌ب و ئه‌کادیمیای زمانی عه‌ره‌بی، له‌ سه‌رده‌مێکدا، بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاریان بێت له‌ وشه‌ی "ساندویچ"ی بیانی و بۆ عه‌ره‌باندنی ئه‌و وشه‌یه‌، به‌ ڕسته‌یه‌ک وشه‌ی "ساندویچ"یان گۆڕیوه‌ یا لێکداوه‌ته‌وه‌ و کردوویانه‌ به‌ "له‌تکه‌ر و له‌تکراو و له‌توێشیاندا شتێکی تازه‌/ الشاطر والمشطور وبینهما طازج" یا "له‌تکه‌ر و له‌تکراو و ئه‌وه‌ی له‌ دووتوێیاندایه‌/ الشاطر والمشطور وما بینهما‌" یا "له‌تکه‌ر و له‌تکراو و له‌ دووتوێشیاندا گۆشتی وشککراو/ الشاطر والمشطور وبینهما لحم مقدد". گۆشتی وشککراو"لحم مقدد"، ئه‌و گۆشته‌یه‌، که‌ له‌به‌ر خۆر و تیشکی خۆر یا به‌ دووکه‌ڵی ئاگر ده‌برژێنرێ و وشک ده‌کرێ. ئه‌و ڕسته‌ دوورودرێژه له‌بری وشه‌ی"ساندویچ"‌، له‌به‌ر درێژی و سه‌ختی گوتنی و به‌کارهێنانی، که‌ مرۆڤ تووشی هه‌ناسه‌سواری ده‌کات، له‌ کاتی داواکردن و ناوهێنانی ساندویچێکی بچکۆله‌دا، به‌کار نه‌هات و نه‌بووه‌ ڕاستییه‌ک و له‌نێو زمانی عه‌ره‌بیدا جێی خۆی نه‌کرده‌وه و ئێستا عه‌ره‌ب وشه‌ی له‌ففه‌"لفة" و "ساندویچ، به‌ڵام به‌ شێوه‌ی ساندویتش و ساندویج و سه‌نده‌ویج"، به‌کاری ده‌به‌ن‌. کورد له‌بری ته‌واوی ئه‌و وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ عه‌ره‌بی و ئه‌وروپاییانه‌، ده‌سته‌واژه‌ و وشه‌ی ڕه‌سه‌نی خۆی له‌ زمانه‌که‌یدا هه‌یه‌، که‌ وشه‌ی"بابۆڵه‌"یه‌، که‌ ڕێک و دروست واتای "له‌ففه‌" عه‌ره‌بییه‌که‌ و "ساندویچ"ه‌ ئه‌وروپاییه‌که‌، ده‌گه‌یه‌نێت.

 هه‌رچی وشه‌ی "فیکه‌"شه‌، له‌ زمانی کوردیدا، ناوه‌ بۆ کارێک، که‌ مرۆڤ ده‌یکات و به‌ پێی ‌‌ لێکدانه‌‌وه‌ی هه‌ژاری موکریانی ده‌کاته‌‌‌: "فیته‌، فیکاندن، فیتوو، فیتوولێدان، فیکه‌فیک، فیته‌فیت، فیکه‌کێشان، فیکین، فیکه‌کردن، فیقه‌فیق، فیته‌فیت، فیقه، جیقه‌، فیتکه‌، فیتک، فیت، که‌ به‌ واتای: ده‌نگی تیژ له‌ ناو دوو لێو ده‌رخستن"[1] و به‌ پێی گیوی موکریانییش، فیکه‌:"جۆره‌ ده‌نگێکه‌ باریکه‌ به‌ لێو لێ ده‌درێ به‌ده‌م باوه‌ له‌ زار دێته‌ ده‌ره‌وه‌، شوان ئاژاڵی پێ لێ ده‌خوڕێ، سوار ئه‌سپی پێ ئاو ده‌دا و هێمنی ده‌کاته‌وه‌، دز هاواڵه‌کانی خۆی پێ ئاگادار ده‌کاته‌وه‌"[2]. فیکه‌، ته‌نێ شوان و سوار و دز، به‌کاری ناهێنن و نایکه‌ن و ئه‌نجامی ناده‌ن، به‌ڵکه‌ خه‌ڵکی دیکه‌ش فیکه‌ ده‌که‌ن و فیکه‌ده‌کێشن و ده‌فیکێنن و زۆرجاران مرۆڤی لێزان و به‌هره‌مه‌ند، به‌ فیکه، وه‌ک جۆره‌ مۆسیقایه‌ک،‌ ئاوازی خۆشی گۆرانی ده‌رده‌هێنن و ده‌کرێ ئه‌ویش وه‌ک هونه‌ر بژمێردرێ. که‌واته‌: فیکه‌کێشان، کرداره‌، لێ ئه‌وه‌ی که‌ له‌ دووتوێی نان(سه‌موون)ێکدا‌، هێنرابووه‌ نێو هۆڵی جڤینی په‌رله‌مانه‌وه‌، ده‌نگ و ئاواز و کردار نه‌بوو، چونکه‌ ئه‌وانه‌ ناخرێنه‌ توێی نانه‌وه‌ و به‌ ده‌ست ناگیرێن، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ی برابووه‌ ژوورێ، ئامرازێک بوو، به‌ ده‌ست ده‌گیرا و ده‌خرایه‌ به‌رکه‌وه‌ و هه‌ڵده‌گیرا و ده‌بێنرا و ده‌خرایه‌ توێی نان و هه‌ر شتێکی دیکه‌شه‌وه‌. ئه‌و ئامرازه‌، له‌ پلاستیک(باغه‌) یا کانزا، دروستکراو بوو و بۆ فیکه‌کێشان و فیکه‌لێدان، به‌کار ده‌هێنرا، لێ بۆچی برابووه‌ ژوورێ، ئه‌وه‌یان کاری من نییه‌ و من مه‌به‌ستم ته‌نێ لایه‌نی زمانه‌وانیی واژه‌که‌یه‌! ئه‌و ئامرازه‌ی نێو نان(سه‌موون)ه‌که‌، فیکه‌ نه‌بوو، به‌ڵکه‌: فیقنه‌، فیقه‌نه‌، فیتفیته‌، فیتک، پیپیک، فیته‌ک، شاور[3]، بوو و‌ هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ش‌، به‌و ئامێره‌‌ ده‌گوترێ، که‌ وه‌ک هه‌ر ئامێرێکی دیکه‌ی مۆسیقا، وه‌ک  ئامرازێک، بۆ ده‌رهێنانی ده‌نگ،که‌ پفی پێدا ده‌کرێ، وه‌ک بلوێر و زوڕنا و شمشاڵ و دووزه‌له‌ و...فیکه‌ی پێ ده‌کێشرێ یا لێده‌درێ،  به‌کار ده‌هێنرێن.                                                                          
                                                                         
که‌وابوو، ده‌سته‌واژه‌ی "له‌فه‌ی فیکه‌"، هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و کوردیی نییه و کورد به‌و جۆره‌ به‌کاری ناهێنێت‌. "له‌فه‌ی فیکه‌"یش، ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و خه‌رمانه‌ وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و ده‌ربڕینانه‌ی دیکه‌، که‌ له‌ کوردستان، ڕۆژانه‌ له‌ لایه‌ن خوێندووان و نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و سیاسه‌تکارانه‌وه‌، ئه‌تک ده‌کرێن و زمانی کوردییان پێ سه‌قه‌ت ده‌کرێ.                                                                                     
13 – 7 - 2013
  له‌ ژماره‌ 373ی 5 – 8 – 2013ی، حه‌فته‌نامه‌ی"ڕه‌خنه‌ی چاودێر" دا، بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.   *





 هه‌ژار، هه‌نبانه‌بۆرینه‌، فرهنگ کردی – فارسی یک جلدی، سروش، تهران 1369(1991)، ل 527، 529.[1]
 موکریانی، گیو، کوردستان، چاپی یه‌که‌م، ئاراس، هه‌ولێر 1999، ل 677.[2]
 هه‌ژار، سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 467.[3]

Monday, July 8, 2013

دوو فیشه‌ک به‌ توێڵی دیموکراتییه‌وه‌




دوو فیشه‌ک به‌ توێڵی دیموکراتییه‌وه

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

هه‌ولێر 30ی حوزه‌یرانی 2013، په‌رله‌مانتارانی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات و چه‌ند وردیله‌ حیزبێکی دیکه‌ی گرێدراوی ده‌سه‌ڵات، به‌ سیناریۆیه‌کی پێشوه‌خت ئاماده‌کراو و له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا، به‌ کۆده‌نگیی خۆیان، ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌ی قانوونێک ده‌ده‌ن، که‌ بۆ خۆی پرۆژه‌یه‌کی ناقانوونی و ناڕه‌وا و پاشێلکردنی قانوونه‌‌، ئه‌ویش درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی سه‌رۆکی ئێستای هه‌رێمه‌، بۆ دوو ساڵی دیکه. سه‌رۆکی هه‌رێم، که‌ پێشتر له‌ لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ مانگی ئابدا، ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی، که‌ چوار ساڵه‌ ته‌واو ده‌کات و پێشتریش چوار ساڵی دیکه‌، سه‌رۆکایه‌تیی کردووه‌، واته‌: به‌سه‌ریه‌که‌وه‌، ده‌بێته‌ هه‌شت ساڵ، که‌ سه‌رۆکی هه‌رێمه‌. ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی کوردستاندا، ڕوویدا، ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات و میدیاکانی پاشکۆیان، که‌وتنه‌ پێداهه‌ڵدان و په‌سندانی وه‌ک چاره‌سه‌ر و ده‌سکه‌وت و کارێکی زۆر گرنگ، له‌نێو خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ردا، ناڕه‌زاییه‌کی زۆری لێکه‌وته‌وه‌. ده‌سه‌ڵات دژ به‌ پێوه‌رگه‌لێک ئه‌و کاره‌ی کرد، که‌ خۆی وا پێشان ده‌دات، بڕوای پێیانه‌. ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنرا، له‌ کوودێتایه‌ک زیاتر هێچی دیکه‌ نه‌بوو، به‌ڵام کوودێتایه‌ک له‌نێو په‌رله‌مان و به‌هۆی په‌رله‌مانتارانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌‌ و به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و چاوسوورکردنه‌وه‌ی پۆلیسی ده‌سه‌ڵات.                                               
قاهیره‌ 3ی ته‌مموزی 2013، عه‌بدولفه‌تتاح ئه‌لسیسی(عبدالفتاح السیسي)، فه‌رمانده‌ی هێزی چه‌کدار و سپا و وه‌زیری جه‌نگی مسر، فه‌رمانی لابردنی موحه‌ممه‌د مورسی، سه‌رۆککۆماری هه‌ڵبژێردراوی مسر، له‌ سه‌رۆکایه‌تی ده‌رده‌کات و کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی حیزبی عه‌داله‌ت و ئازادی(ئیخوانولموسلمین) ده‌هێنێت و دواتریش سه‌رانی ئیخوان ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کات و ده‌ستوور هه‌ڵده‌په‌سێرێ و په‌رله‌مان و حوکوومه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و به‌ بێ هه‌ڵبژاردن سه‌رۆکێکی دیکه‌ بۆ مسر داده‌نێت. ئه‌وه‌ی ئه‌لسیسی و له‌شکری مسر کردیان، بێجگه‌ له‌ کوودێتایه‌کی سه‌ربازی و ناشه‌رعی، د‌ژ به‌و دیموکراتییه‌ په‌رله‌مانییه‌ی، که‌ خه‌ڵک ده‌نگی بۆ دابوو، هیچی دیکه‌ نه‌بوو.                         
دیموکراتی، وه‌ک چه‌مکێکی سیاسی و شێوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، چه‌مکێکه‌ له‌ دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه‌، له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و له‌ ڕاستیدا ده‌کرێ به‌ چه‌مکێکی هاورده‌ له‌ ڕۆژاواوه‌ بژمێردرێ. بنه‌ما و ڕیشه‌ی دیموکراتی، له‌ یۆنانه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا و له‌ ئه‌وروپا و ڕۆژاوایشه‌وه‌، به‌ره‌و وڵاتانی دیکه‌ی جیهان و ڕۆژهه‌ڵاتیش هاتووه‌. پایه‌ هه‌ره‌گرنگه‌که‌ی دیموکراتی، ڕکابه‌ری و هه‌ڵبژاردنه‌‌، له‌نێوان چه‌ند حیزب و ده‌سته‌ و قه‌واره‌یه‌کی سیاسییدا و بردنه‌وه‌ی زۆرینه‌ و دۆڕانی که‌مینه‌یه‌، ئه‌گه‌ر جیاوازیی نێوانیشیان 1% یا ته‌نانه‌ت نیو%یش بێت. زۆرینه‌، ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست و حوکوومه‌ت پێکده‌هێنێت و که‌مینه‌ش، که‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌می له‌ زۆرینه‌ که‌متره‌، له‌ یارییه‌که‌ دێته‌ ده‌ر و ده‌بێته‌ ئۆپۆزیسیۆن. په‌رله‌مان، له‌ ڕێژیمی دیموکراتیدا، باڵاترین ده‌سه‌ڵاته‌. ئه‌م جۆره‌ دیموکراتییه‌، پێی ده‌گوترێ، دیموکراتیی ناڕاسته‌وخۆ، واته‌: هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێک، که‌ گرێدراوی حیزبێک، ده‌سته‌یه‌ک، گرۆیه‌که‌ یا ڕه‌نگه‌ سه‌ربه‌خۆ و ته‌نیایش بێت، نوێنه‌رایه‌تی سه‌دان هه‌زار ده‌نگده‌ر ده‌کات و له‌بری ده‌نگپێده‌ره‌کانی قسان ده‌کات.                                 
ئه‌مه‌ی پێی ده‌گوترێ دیموکراتی په‌رله‌مانی و ئێستا تاڕاده‌یه‌ک ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی جیهان له‌سه‌ری پێکن و به‌ باشترین شێوه‌ی حوکمڕانی و ده‌وڵه‌تداریی داده‌نێن، له‌ باشترین حاڵدا، له‌ گه‌مه‌یه‌کی سیاسی و کڵاوبازییه‌ک زیاتر هیچی دیکه‌ نییه، چونکه‌: دیموکراتی په‌رله‌مانی(ناڕاسته‌وخۆ)، ده‌بێته‌ هۆی‌ دابه‌شکردنی خه‌ڵک و گه‌ل و مرۆڤی وڵات و جڤاکێک، به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک حیزبدا، که‌ زۆرجاران ته‌نێ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و تینوویه‌تی ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست و به‌رژه‌وه‌نده‌ که‌سیه‌تییه‌کان، هۆی دروستبوون و پاڵنه‌ر و جووڵێنه‌ریانن. گه‌لێ جار‌ گه‌وره‌یی‌ و گچکه‌یی و دارایی و نه‌داری حیزبه‌که‌ و ناووناوبانگ و کاریزمای ڕێبه‌ر و سه‌رانی حیزبه‌که‌ و مێژووی حیزبه‌که‌، کاریگه‌رییه‌کی گه‌لێک زیاتریان، له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و بردنه‌وه‌ و دۆڕانی حیزبه‌که‌ ده‌بێت، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕ و هزری حیزبه‌که‌دا‌. حیزبی چینێکی هه‌ژار، حیزبی کارگه‌ر و جووتیار و بێکاران و چه‌وساوانی نێو جڤاک، به‌ ئابوورییه‌کی که‌مه‌وه‌، هه‌رگیز ناتوانن ڕکابه‌ری حیزبێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و خودان کۆمپانیا و دارا بکه‌ن، که‌واته‌ ته‌رازووی چینی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌، با هزر و بڕوایشیان، پاکژترین و باشترین بێت و عه‌داله‌تخواز و یه‌کسانیخوازیش بن، بردنه‌وه‌یان، به‌رانبه‌ر حیزبگه‌لێکی بۆرژوازی دارا، هه‌رگیز ئاسان نییه‌. له‌ گۆر ئه‌و دیده‌ش، دیموکراتی په‌رله‌مانی، چ واتایه‌کی نییه‌ و خزمه‌ت به‌ مرۆڤایه‌تی و به‌تایبه‌تیش به‌ خه‌ڵکی هه‌ژاری ئه‌م جیهانه‌، که‌ زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تین، ناکات، به‌ڵکه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌، کۆمه‌ک به‌ سه‌رمایه‌داری و کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کان و چینه‌ داراکان ده‌کات.                                                                                     
ڕۆژاوا و له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا، سیاسییه‌ ڕه‌دووکه‌وتووه‌کانی ڕۆژاوا، له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌مه‌ڕ خۆمان، که‌ زۆرینه‌یان له‌ لایه‌ن رۆژاواوه‌ دامه‌زرێنراون و وابه‌سته‌ی ڕۆژاوان، ئه‌گه‌ر باس له‌ دیموکراتی په‌رله‌مانی و باس له‌ چه‌مکه‌ڕۆژاواییه‌کان ده‌که‌ن، له‌نێویشیاندا په‌رله‌مان و دیموکراتی ناڕاسته‌وخۆ، ده‌ڵێی باس له‌ ده‌قێکی پیرۆز و  پیرۆزیییه‌کی ئایینی ده‌که‌ن، که‌ ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌ لێگرتنیشی، به‌ لای ئه‌وانه‌وه‌، ناڕاسته‌ و ده‌بێ به‌ هه‌موو چه‌وتی و لارولوێرییه‌کییه‌وه‌ به‌ خاس و هێژا دابنرێ.                                           
حیزبی ئازادی و عه‌داله‌ت(ئیخوانولموسلمین) له‌ مسر، له‌و کاته‌وه‌ی له‌ لایه‌ن حه‌سه‌نولبه‌ننا(حسن البنا)وه‌ له‌ ساڵی 1928دا، دامه‌زرێنرا، تا ئێستا و به‌ درێژایی 85 ساڵان، به‌هێزترین و پڕجه‌ماوه‌رترین و توندوتۆڵترین ڕێکخستن بووه‌ له‌ مسردا، که‌ به‌رده‌وام دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمی پاشایه‌تی و ڕێژیمی ناسری(جه‌مال عه‌بدونناسر) و ڕێژیمی سادات(ئه‌نوه‌روسسادات) و ڕێژیمی موباره‌ک(حوسنی موباره‌ک)ی کردووه‌. مێژووی ئیخوانولموسلمین، له‌ سایه‌ی ئه‌و ڕێژیمانه‌دا، مێژووی زیندان و کوشتن و هه‌ڵواسین بووه‌ و مێژوویه‌ک بووه‌ هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانی به‌ خوێنی قوربانییه‌کانی نووسراوه‌ته‌وه‌. ئیخوان، حیزبێک بووه‌، ڕه‌گی له‌نێو خه‌ڵک و خاکی مسردا ڕۆچووه‌ و وه‌ک ڕووباری نیل، زۆرینه‌ی گه‌لی مسری له‌ چوارده‌ور و ئامێزی خۆیدا خڕ کردووه‌ته‌وه‌. ساڵی پار، به‌ پێوه‌ری دیموکراتی په‌رله‌مانیی ڕۆژاوایی و به‌ گوێره‌ی هه‌موو ڕێسا و نه‌ریت و قانوونێکی دیموکراتی، که‌ له‌ دنیادا پێڕۆ ده‌کرێ، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی گه‌لی مسر، حیزبی ئیخوان، هه‌ڵبژاردنی برده‌وه. ئیخوان حوکوومه‌تی دامه‌زراند و موحه‌ممه‌د مورسی، به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی گه‌ل، بردییه‌وه‌ و به‌ سه‌رۆککۆمار هه‌ڵبژێردرا. پاش یه‌ک ساڵ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان، له‌شکر، هێزی سه‌ربازی، گورزێکی له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراوی ئیخوان و سه‌رۆککۆماری هه‌ڵبژێردراوی ئیخوان، که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی "دیموکراتی"، گه‌ل هه‌ڵیبژاردبوون، دا، و ده‌سه‌ڵاتی لێ سه‌ندنه‌وه‌ و ئیخوان و موحه‌ممه‌د مورسی وه‌لا نا.                                  ‌
ده‌وڵه‌تان و  سیاسه‌تکاران و ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهان و حیزب و خه‌ڵک و میدیای جیهانی، هه‌رچۆنێک باس له‌ لابردنی موحه‌ممه‌د مورسی سه‌رۆککۆماری مسر و ده‌سه‌ڵاتی ئیخوانه‌کان و دانانی ڕێژیمێکی دیکه‌ له‌ جێگه‌ی بکه‌ن و هه‌رچۆنی پێناسه‌ بکه‌ن، ناکرێ و ناشێ له‌ یه‌ک ناو زیاتری لێبنرێ، ئه‌ویش کوودێتا. ئه‌وه‌ی له‌ مسر ڕوویدا کوودێتا بوو، دژی ئه‌و دیموکراتییه‌ ڕۆژاواییه‌ی، که‌ ڕۆاژاوا و شاگرده‌کانی له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، خۆیانی پێوه‌ باده‌ده‌ن و پێوه‌ی ده‌نازن و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن.  موحه‌ممه‌د مورسی، یه‌که‌م سه‌رۆککۆمار بوو له‌ مێژووی مسردا، که‌ له‌ لایه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵکی مسره‌وه‌ هه‌ڵبژێردرابوو، مورسی گه‌ل هه‌ڵیبژارد، که‌سێکیش گه‌ل هه‌ڵیبژێرێت، ده‌بێ وه‌ک نوێنه‌ری گه‌ل سه‌یر بکرێ و ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆی ته‌واو کات، ئه‌وجا باس له‌ گۆڕین و لابردنی بکرێت. مورسی، له‌شکر لایبرد و به‌ بڕیارێکی ڕێبه‌ریه‌تی له‌شکر له‌سه‌ر کار لابرا. له‌شکری مسر، هه‌موو خاوه‌ن ئاوه‌زێک ده‌زانێت، له‌شکرێکه‌ گرێدراوی ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و په‌نتاگۆنی ئه‌مه‌ریکییه‌ و ڕێک وه‌ک به‌شێک له‌ سپای ئه‌مه‌ریکا کار ده‌کات. لابردنی مورسی یه‌که‌م لابردنی، سه‌رۆکێک یا ده‌سه‌ڵاتێک نییه‌، که‌ هه‌ڵبژێردراوی گه‌ل بێت، به‌ڵکه‌ ئه‌مه‌ چواره‌م لابردنه‌،  له‌و ده‌ڤه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌دا ڕوو ده‌دات. لابردنی ده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌ی ئیسلامیی ڕزگاری(الجبهة الإسلامیة للإنقاذ) له‌ ئه‌لجه‌زائیر، لابردنی نه‌جمه‌ددین ئاربه‌کانی سه‌رۆک حوکوومه‌ت له‌ تورکیا، لابردنی حه‌ماس له‌ فلستین و ئه‌مه‌ی مورسی و حیزبی عه‌داله‌ت و ئازادی(ئیخوان)،که‌ هه‌رگیز دوالابردن نابێت. ئه‌و لابردنانه‌، هه‌ر هه‌موویان، یه‌ک خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ و یه‌ک شت کۆیانده‌کاته‌وه‌ و ده‌که‌ونه‌ چوارچێوه‌ی یه‌ک خانه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ ده‌سه‌ڵاتگه‌لێکی ئیسلامی بوون و حیزبگه‌لێکی ئیسلامی ڕێبه‌ریان بوون. هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ به‌ کوودێتا لابران و هێز بۆ لابردنیان به‌کار برا و له‌شکر لایانیبرد. هیچ یه‌کێک له‌و سه‌رۆککۆمار و سه‌رۆک حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئه‌لجه‌زائیر و تورکیا و فلستین و مسر، که‌ به‌ کوودێتا و به‌تۆبزی و به‌ چه‌ک له‌سه‌رکار لابران، هێنده‌ی مارگرێت تاتچه‌ر(بریتانیا) و تۆنی بله‌یر(بریتانیا) و جۆرج بووشی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا، له‌ هه‌ڵه‌ و خراپه‌کاری و زیانگه‌یاندن به‌ گه‌ل و وڵات و مرۆڤایه‌تیییه‌وه‌، نه‌گلابوون، که‌چی ئه‌مانه‌، به‌ هه‌موو کرده‌وه‌ دزێو و تاوانه‌ نامرۆڤانه‌کانیانه‌وه‌‌، که‌ ده‌بوو له‌سه‌ریان دادگایی بکرێن، نه‌ک ته‌نێ چوار ساڵ، به‌ڵکه‌ هه‌شت ساڵ، له‌ ده‌سه‌ڵات مانه‌وه‌ و به‌ ئه‌وپه‌ڕی ڕێزیشه‌وه‌ به‌ڕێخران. ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا بۆ خۆیان و له‌ وڵاتانی خۆیاندا، وه‌ها ده‌که‌ن و به‌و جۆره‌ هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ دیموکراتیدا ده‌که‌ن، لێ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌ر که‌ ناوی ئیسلام و ئیسلامی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌وه‌ بوو، ئیتر خودای ده‌کرد، ته‌واوی خه‌ڵکی وڵاتیش ده‌نگی بۆ دابوو و به‌ هه‌ڵبژاردن ده‌سه‌ڵاتی گرتبووه‌ ده‌ست، چاویان به‌رایی نادات و ده‌بێ، هه‌ر له ‌یه‌که‌م ڕۆژه‌وه‌ نه‌خشه‌ی له‌باربردنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان دانێن و بیانڕووخێنن.                                                                               
بڕوا ناکه‌م، ئه‌و ڕێژیمه‌ ئیسلامیانه‌، ڕێژیمگه‌لێکی بێ هه‌ڵه‌ و سه‌دله‌سه‌د ڕاست و دروست بووبن و ڕه‌نگه‌ په‌له‌شیان کردبێ له‌ بڵاوکردنه‌وه و سه‌پاندنی قانوون و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی و بیروڕای ئایینیی خۆیان به‌ سه‌ر خه‌ڵکی وڵاته‌کانیاندا، لێ ئه‌وه‌ کام ڕێژیمه‌ له‌م جیهانه‌دا، که‌ داوێنی پاکه‌ و چ ناته‌واوییه‌کی نییه و نایه‌وێ بیری خۆی و قانوونی خۆی و هه‌ژموونی خۆی به‌ سه‌ر خه‌ڵکدا بسه‌پێنێت‌! هه‌ر له‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌دا، ڕێژیمگه‌لی وه‌ک عه‌ره‌بستانی سعوودی و به‌حره‌ین و قه‌ته‌ر و ئیسرائیل و سووریا و سوودان و عیراق و تورکیا و ئێران هه‌ن، هه‌ر چه‌نده‌ هه‌ڵبژاردنیان تێدا ده‌کرێ و خاوه‌ن په‌رله‌مانن، تروسکه‌یه‌کیان تێدا نابێنرێ و لێوانلێون له‌ ناڕه‌وایی و نادادی و نامرۆڤایه‌تی.                            
ده‌سه‌ڵات و میدیاکانی ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستان، زیاتر له‌ ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و ئه‌وروپا ، داکۆکی له‌ به‌ها نامرۆڤییه‌کانی ڕۆژاوا ده‌که‌ن و له‌ بۆچوونی سیاسییاندا، له‌ ڕۆژاواییان گه‌لێک ڕۆژاواییترن. ئه‌وان ئێستاش به‌ ناوهێنانی جۆرج  بووش و تاتچه‌ر و بله‌یر و نه‌تانیاهوو، ئۆخژن و موچوڕکه‌ی خۆشیی به‌ له‌شیاندا دێت و شاگه‌شگه‌ ده‌بن و ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ وه‌ک نموونه‌ و فریادڕه‌س ده‌بینن و پێیان سه‌رسامن. ئه‌وان له‌ ڕۆژاوا گه‌لێک زیاتر، خۆ به‌ عه‌لمانی(سێکولار) ده‌زانن و له‌ هه‌مان کاتدا دژایه‌تی هه‌موو جۆره‌ بیرێکی ئیسلامی و ڕێکخستنێکی ئیسلامی ده‌که‌ن، که‌ ئه‌وه‌ کارێکه‌ له‌ عه‌لمانییان ناوه‌شێته‌وه‌، چونکه‌ عه‌لمانییان بڕوایان به‌ ئازادی هه‌موو جۆره‌ بیر و دیدیک و هه‌موو جیاوازییه‌ک هه‌یه‌...........                                                                           
 ده‌سه‌ڵات و میدیاکانی کوردستان و گه‌لێک له‌ ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و ماڵپه‌ڕه‌ کوردییه‌کان له‌ وڵات و له‌ تاراوگه‌، ڕووخاندنی ڕێژیمی مورسی و ئیخوانه‌کانیان، له‌ لایه‌ن سپاوه‌، پێ شه‌رعی و سه‌رکه‌وتن و باش و ڕه‌وایه‌ و به‌ ده‌رفه‌تێکی زۆر ده‌گمه‌نیشی ده‌زانن، بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر هێزه‌ ئیسلامییه‌کانی کوردستان و ناوزڕاندن و نوقڵانه‌ی خراپلێدان بۆیان، له‌ کاتێکدا هێزه‌ ئیسلامییه‌کانی کوردستان له‌ ده‌رێی ده‌سه‌ڵاتن و بۆ یه‌ک ڕۆژیش ده‌سه‌ڵاتیان نه‌گرتووه‌ته‌ ده‌ست! هه‌ر به‌وه‌یشه‌وه‌ ناوه‌ستن، به‌ڵکه‌ فره‌جار ئیسلام و هزری ئیسلامی و ته‌نانه‌ت شارستانی و فه‌رهه‌نگی ئیسلامیش، ده‌که‌نه‌ نیشان و تیری تێده‌گرن و وه‌ک هۆی نه‌زۆکیی و پاشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی، سه‌یر ده‌که‌ن. گه‌لێ جار و زۆرێک، له‌و به‌ ناو ڕووناکبیر و ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و میدیاکارانه‌ی کورد، هه‌ر ده‌ڵێی له‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی دیکه‌وه‌ هاتوون، هێنده‌ی ئیسلام و بیری ئیسلامی و حیزبی ئیسلامییان پێ نامۆ و نه‌باش و سه‌یر و به‌د و ناسروشتییه‌، هێنده‌ و زیاتریش بیری زایۆنیزم و نازیزم و شه‌یتانیزم و شتگه‌لی دیکه‌ی له‌و جۆره‌یان پێ سروشتی و باش و ئاساییه‌. زۆرێک له‌ میدیا و میدیاکارانی کوردستان، وه‌ک تووتی ئاخاوته‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێنه‌وه‌ و به‌ چاوی ده‌سه‌ڵات ڕووداوه‌کان ده‌بینن و به‌ مه‌ن و گه‌زی ده‌سه‌ڵات ده‌پێون و به‌ مێشکی ده‌سه‌ڵات نه‌ک هی خۆیان، بیر ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌وان، هه‌ردوو کوودێتاکه‌ی هه‌ولێر‌ و قاهیره‌یان پێ شۆڕشه‌ و پێ دروسته‌ و به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ داکۆکی له‌ سه‌ربازه‌ کوودێتاچییه‌کانی قاهیره‌ و په‌رله‌مانتاره‌ کوودێتاچییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر ده‌که‌ن.                                                                                
من بۆ خۆم سه‌ر به‌ هیچ یه‌کێک له‌ حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان نیم و سه‌ر به‌ هزری ئیخوان و حیزبی ئیخوانولموسلمینی مسریش نیم و به‌ هیچ حیزب و گرۆیه‌کیشه‌وه‌ پێوه‌ست نیم وتێکه‌ڵکردنی ئایین و ده‌وڵه‌تیشم پێ ڕاست نییه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئایینییشدا نیم و بڕوایشم به‌ دیموکراتی په‌رله‌مانیی ناڕاسته‌وخۆیش نییه‌، به‌ڵام پێموایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ولێر له ‌لایه‌ن حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستاندا کرا و ئه‌وه‌ی له‌ قاهیره‌ له‌ لایه‌ن سپا و هێزی چه‌کداره‌وه‌ کرا، دوو کوودێتا بوون، دوو ده‌ست بوون، وه‌ک ماره‌که‌ی شێخ ئۆمه‌ر، له‌ گه‌ردنی خه‌ڵک ئاڵان و ده‌نگی خه‌ڵکیان تاساند، بێڕێزییه‌ک بوون به‌ گه‌ل و وڵات و قانوون و ئازادی و دوو فیشه‌ک بوون، نرانه‌ ته‌وێڵێ ئه‌و دیموکراتییه‌ په‌رله‌مانییه‌ی، که‌ له‌ ئێستادا، وه‌ک سیستمی حوکم‌،  له‌ دوو وڵاتی کوردستان و مسر پێڕۆ ده‌کرێ‌،                                                      
8 – 7 - 2013








  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...