Friday, July 27, 2012

خه‌می زمان


خه‌می زمان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له‌ دواژماره‌ی حه‌فته‌نامه‌ی ڕووداودا(221ی دووشه‌ممه‌ 23/7/2012) گوتارێکم له‌مه‌ڕ زمانی کوردییه‌وه‌ به‌ ناوی"یاسایه‌ک بۆ زمانی کوردی نه‌ک بۆ شێوه‌زار" له‌ نووسینی مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان سددیق خوێنده‌وه. دووراودوور ئاگاییه‌کم له‌مه‌ڕ هزر و نووسینه‌کانی مامۆستا سددیقه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌زانم ئه‌و یه‌کێکه‌ له‌و ڕووناکبیره‌ ده‌گمه‌نانه‌ی کورد، که‌ په‌رۆشێکی هه‌میشه‌یی بۆ ژینگه‌، فه‌رهه‌نگ، بارهێنان و په‌روه‌رده‌، هزر، کشتوکاڵ، له‌شساغی، ئایین، خێزان و ته‌واوی بواره‌کانی دیکه‌ی ژیان له‌ وڵاته‌که‌ی خۆمان و ئه‌م به‌شه‌ی جیهاندا هه‌یه‌.‌ دیاره‌ زمانیش به‌شێکه‌ له‌ خه‌مه‌کانی مامۆستا و ته‌واوی ئه‌وانه‌ و ئه‌و په‌رۆش و گرنگیدانه‌ی ئه‌و و خه‌مه‌کانی، شایسته‌ی ڕێز و پێزانین و ده‌ستخۆشی و سوودلێوه‌رگرتنن.                                                                      
ئه‌وه‌ی مامۆستا له‌مه‌ڕ ڕه‌وشی زمانی فرانسی و عه‌ره‌بییه‌وه‌ و په‌رۆشه‌کانی فرانسییه‌کان و عه‌ره‌ب و خه‌می ئه‌وان و کاریگه‌ریی ته‌کنۆلۆژیای نوێ و ئینته‌رنێت و زمانی ئینگلیزی له‌سه‌ر زمانه‌کانیان، زۆر ڕاسته. ئه‌و‌ خاڵانه‌شی مامۆستا ئاماژه‌ی پێکردوون: کۆچی عه‌ره‌بی عیراق بۆ کوردستان، بوونی کۆمپانیای بیانی له‌ کوردستان، خوێندنگه‌ی ئه‌هلی و تایبه‌ت له‌ کوردستان و شۆڕشی نوێی مۆبایل و ئینته‌رنێت و فه‌یسبووک و ته‌واوی ئه‌وانه‌ هه‌موو ڕاست و دروستن.                                                                              
 ته‌واوی نووسینه‌که‌ی مامۆستا سددیق قسه‌ و باسێکی زۆر هه‌ڵده‌گرێ و ده‌کرێ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ تێمای جیاواز سوودی لێ وه‌ربگیرێت. یه‌ک خاڵی نووسینه‌که‌ی مامۆستا بۆ من له‌ هه‌مووان زیاتر جێی ڕامان و لێوردبوونه‌وه‌یه‌ و ده‌کرێ پتری له‌ سه‌ر بگوترێ، نه‌ک وه‌ک ڕه‌خنه‌، به‌ڵکه‌ ته‌نیا وه‌ک په‌ره‌پێدانی باسه‌که‌. مامۆستا ده‌ڵێ:"پێویسته‌ هه‌موومان هه‌موو‌ هه‌ستیارییه‌کی ناوچه‌یی و شێوه‌زاری وه‌لابنێین، چونکه‌ پرۆژه‌ یاسای پاراستنی زمانی کوردی، باسکردن نییه‌ له‌ زمانی ستاندارد و زاڵکردنی شێوه‌زارێک به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا، به‌ڵکو که‌ ده‌ڵێین زمانی کوردی واته‌ هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی زمانی کوردی، چونکه‌ ئێستا کاتی پاراستنی زمانی کوردییه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌زاره‌کانییه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ژموونی زمانه‌ بیانییه‌کانی دیکه‌دا".                                    
ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ئاوڕ له‌ مێژوویه‌کی نه‌ک زۆر  دوور ته‌نانه‌ت نزیکی باشووری کوردستان بده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین هه‌رگیز زمانی کوردی به‌ ڕه‌وشێکی هێنده‌ خراپی وه‌ک ئه‌مه‌ی ئێستادا تێنه‌په‌ڕیوه‌. من دڵنیام له‌وه‌ی، که‌ مامۆستا سددیق زۆرباشتر له‌من ئاگاداری ئه‌وه‌یه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر زمانی کوردیدا هاتووه‌ قه‌یرانه‌ و قه‌یرانێکی گه‌لێک مه‌زنه‌ و پرۆسێسێکه‌ بۆ وێرانکردن و له‌نێوبردنی زمانی کوردی و نه‌هێشتنی وه‌ک یه‌ک زمان. له‌ سه‌رده‌می ڕێژیمێکدا(به‌عس)، که‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌، گه‌لێک نه‌هامه‌تی به‌سه‌ر گه‌لی کورد و باشووری کوردستاندا هێنا، هه‌رگیز له‌ ڕووی زمانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ر کورددا نه‌هێنا، که‌ ئه‌مڕۆ له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کورد خۆیه‌وه‌ به‌ سه‌ر زمانی کوریدا هاتووه‌ و دێت. ڕێژیمی به‌عس، که‌ باسی له‌ زمانی کوردی ده‌کرد و به‌ ڕه‌سمیی ده‌یناسی، باسی زمانه‌ کوردییه‌که‌ی میرنشینی بابان و نالی و مه‌حوی و حوکوومه‌ته‌که‌ی شێخ مه‌حموود و کۆماره‌که‌ی قازی موحه‌ممه‌د و زمانی گۆران و عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی و مه‌سعوود موحه‌ممه‌د و هه‌ژاری موکریانی و هێمن و شوکور موسته‌فا و مه‌لا جه‌میلی رۆژبه‌یانی و ئه‌و زمانه‌ ڕه‌سمییه‌ی ده‌کرد، که‌ له‌ ده‌سپێکی 1900ه‌کانه‌وه‌ زمانی ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و خوێندنگه‌ و کۆڕی زانیاری کورد و هه‌موو بواره‌کانی دیکه‌ بوو،  ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان و کۆمه‌ڵێک له‌و بێزمان و زماننه‌زان و زماننه‌ناسانه‌ی له‌ ده‌وری خڕ بوونه‌وه‌، پرۆژه‌ی له‌تله‌تکردنی زمانی کوردییان پێیه‌. له 1991 به‌ دواوه‌، که‌ ئیدی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمۆکه‌ی کوردستان که‌وته‌ ده‌ستی کورد خۆی، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک، که‌ خۆ به‌ زمانزان ده‌زانن، هه‌ریه‌که‌و به‌ بیانوو و پاساوێکه‌وه‌، کار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، هه‌موو شێوه‌زارێکی زمانی کوردی، ببێته‌ زمانێکی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌وان، که‌ باسی شێوه‌زارێک ده‌که‌ن، ناوی زمانی لێده‌نێن. بۆ نموونه‌ ده‌ڵێن: زمانی هه‌ورامی، زمانی سۆرانی، زمانی کرمانجی و...ئه‌وان ئه‌و زمانه‌ کوردییه‌ی، که‌ ته‌نانه‌ت سه‌ددام حوسه‌ین به‌ کوردی ڕه‌وا ده‌بینی، به‌ شێوه‌زارێک ناو ده‌به‌ن و پێیانوایه‌ به‌کاربردنی ئه‌و زمانه‌ و باسکردنی وه‌ک زمانی ستانداردی کورد، کرده‌یه‌کی شۆڤینیستییه‌. زمانی کوردی، وه‌ک چه‌ند شێوه‌زارێکی جیاواز، وه‌ک ئه‌وه‌ی تێکده‌رانی زمانی کوردی ده‌یانه‌وێت، له‌ هه‌مبه‌ر هه‌ژموونی زمانانی بیانیدا، هه‌رگیز خۆی ڕاناگرێ و له‌به‌ین ده‌چێ، که‌ ئه‌وه‌ پرۆژه‌ی جووتستاندارد و فره‌ستاندارد و تێکده‌رانی زمانی کوردییه‌. ئێستا هه‌روا وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی بیانییه‌، له‌ لایه‌ن کۆلکه‌ خوێندووی کورده‌وه‌، خۆی ده‌کات به‌ نێو زمانی کوردیدا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕێگرێک بۆ به‌کاربردنیان دابنرێ. ئێستا وشه‌گه‌لی: پاکێج، په‌یج، سیتی، ئیمێرجینسی، ڤیترێنێر و ڤیترێنه‌ری، ستێپ، شۆو، کلیپ، ستایڵ، فۆرم، سه‌نته‌ر، مۆڵ، مارکێت، سوپه‌رمارکێت، مینی مارکێت و سه‌دانی دیکه‌، شوێنی وشه‌گه‌لێکی کوردی ده‌گرنه‌وه‌، که‌ له‌ زمانی کوردیدا هه‌ن. له‌ سه‌ر که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆن، که‌متر نووسینی کوردی ده‌بینرێ، وشه‌گه‌لی: سپۆرت، نیووز، ئیکۆنۆمی، پۆلیس، کاڵچه‌ر و ده‌یانی دیکه‌، نه‌ک هه‌ر به‌ تیپی لاتینی، به‌ڵکه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی ده‌نووسرێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌م کوردستانه‌ وڵاتێکی ئینگلیزی زمان بێت. ئێستا عه‌ره‌بێک، تورکێک، فرانسییه‌ک، ڕووسێک یا که‌سێکی سه‌ر به‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌، بێته‌ کوردستان و بیه‌وێت زمانی کوردی فێر بێت، له‌ دهۆک و سلێمانی و ته‌وێڵه‌، سێ جۆره‌ کوردیی جیاواز فێر ده‌کرێ، له‌ کاتێکدا ده‌بوو، یه‌ک جۆر فێر کرابا. ئه‌و زمانه‌ کوردییه‌ی، که‌ مامۆستا سددیق پێی ده‌نووسێ و ئه‌م زمانه‌ کوردییه‌ی من ئه‌م دێڕانه‌ی پێ ده‌نووسم، ئه‌و زمانه‌یه‌، که‌ ده‌بوو به‌ یاسا بپارێزرێ و وه‌ک زمانی کوردی بژمێردرێ – وه‌ک له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا چۆن بوو-  و هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌ وه‌ک پاڵپشتێک و سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ ئه‌م زمانه‌ ته‌ماشا کرابان، نه‌ک وه‌ک زمانی جیاواز. ئه‌م زمانه‌ کوردییه‌، زاڵبوون و به‌ تۆبزی سه‌پاندنی شێوه‌زارێک نییه‌ به‌سه‌ر شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌دا، به‌ڵکه‌ له‌ ئه‌نجامی پرۆسێسێکی دوورودرێژ و مێژوویه‌که‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌مڕۆ و ئه‌م ئاسته‌. ئه‌وانه‌ی باس له‌ زمانی هه‌ورامی، زمانی سۆرانی، زمانی کرمانجی، زمانی که‌ڵهوڕی و زمانی زازا ده‌که‌ن، جیاوازی له‌ نێوان زمان و شێوه‌زاردا ناکه‌ن و هه‌ر ده‌ڵێی باس له‌ زمانگه‌لی سۆمالی، چینی، ئه‌رمه‌نی یا شتێکی دیکه‌ ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی 1970-1974دا و له‌ سایه‌ی حوکوومه‌تی به‌عسدا بۆ یه‌کیه‌تیی زمانی کوردی و پاراستنی و ستانداردکردنی کرا، له‌ سایه‌ی بیستویه‌ک ساڵی حوکوومه‌تی کوردستان و کورد خۆیدا، هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ و تێکدرا و ڕووخێنرا. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ کوردستاندا ڕووده‌دات، زمانی کوردی به‌ره‌و له‌نێوبردن و کورد به‌ره‌و له‌تبوون ده‌بات. وشه‌ی کورد، ئه‌گه‌ر ڕه‌وش وه‌ک ئێستا بڕوات، نامێنێت و له‌بری کورد، زازا، کرمانج، سۆران، هه‌ورامی، که‌ڵهوڕ و هه‌ر که‌چه‌ هۆز و خێڵێکی کورد، بۆ خۆی ده‌بێته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ. ‌‌سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌ی خوێندن و خوێندنگه‌کانی کوردستان، له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی نابه‌رپرس و بازرگان و کۆمه‌ڵێک مشه‌خۆره‌وه‌ به‌ ناوی شاره‌زا و ڕاوێژکار، نۆره‌یه‌کی هه‌ره‌خراپ له‌ بارهێنان و فێرکردن و پێگه‌یاندنی زارۆک و نه‌وه‌ی نوێدا ده‌بینن. له‌بری ئه‌وه‌ی زارۆکی کورد له‌پاڵ زمانه‌ کوردییه‌که‌یدا و دوای یه‌ک دوو ساڵی خوێندن، فێری زمانانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی کرابا، ئه‌مڕۆ له‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ باخچه‌ی منداڵان و دایه‌نگه‌وه‌، فێری زمانی ئینگلیزی ده‌کرێ، که‌ ته‌نێ دوورخستنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی کورده‌ له‌ فه‌رهه‌نگی وڵات و نه‌ته‌وه‌گه‌ل و ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ری کوردستان و سه‌رسامبوونه‌ به‌ فه‌رهه‌نگێک، سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی فه‌رهه‌نگه‌کانی جیهان په‌یامیه‌تی. ته‌واوی ئه‌و ده‌ستگا و بوارانه‌ی، وه‌ک: فێرگه‌ و خوێندنگه‌ و زانستگه‌ و میدیا به‌ هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه‌ و ئه‌کادیمیای کوردی و زۆری دیکه‌ش،که‌ ده‌بوو ‌پارێزگاری زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی بکه‌ن، ئه‌مڕۆ ئه‌وانن، که‌ نۆره‌ی تێکدان و له‌تله‌تکردنی زمانی کوردی و سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردی، به‌ به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ و پێزانینه‌وه‌ جیبه‌جێ ده‌که‌ن و ئه‌نجام ده‌ده‌ن.   شێوه‌زار له‌ هه‌موو جیهاندا و له‌وه‌تی مرۆڤ هه‌یه‌، تایبه‌ته‌ به‌ مرۆڤ خۆیه‌وه‌ وه‌ک و تاک و گرۆیه‌ک، که‌ ئه‌و شێوه‌زاره‌ به‌کار ده‌به‌ن، لێ زمانی ستاندارد، هی جڤاکه‌ و زمانێکه‌ ته‌واوی خوێندن و نووسین و میدیا و قانوون و ئه‌ده‌ب و هه‌موو بواره‌ ڕه‌سمییه‌کان ده‌گرێته‌وه‌، زمانی ده‌وڵه‌ته‌. بوونی زمانێکی ستاندارد بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک، پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و بناخه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌. وڵاتێک، که‌ له‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ پێکهاتبێ، ناکرێ له‌ یه‌ک زمانی ستانداردی پتر هه‌بێت. له‌ هه‌موو جیهاندا وایه‌. ئه‌گه‌ر له‌ یه‌ک زمانی ستانداردی زیاتر هه‌بوو، هیچ جۆره‌ هه‌ستێکی یه‌ک نه‌ته‌وه‌یی و یه‌ک خاکیی و یه‌ک فه‌رهه‌نگیی له‌ نێو ئه‌و وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌دا نامێنێت. بوونی یه‌ک زمانی نه‌ته‌وه‌یی و ستاندارد بۆ هه‌ر وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌ک بنه‌مای دیموکراتی و یه‌کسانییه‌، چونکه‌ هه‌موو تاکه‌کانی نێو ئه‌و وڵات و نه‌ته‌وه‌ و کۆمه‌ڵگه‌یه‌، ده‌توانن به‌ ئاسانی و بێ کێشه‌، بیروڕای خۆیان، به‌ یه‌ک زمان و وه‌ک یه‌ک ده‌ربڕن و له‌یه‌کدی تێبگه‌ن. نه‌بوونی یه‌ک زمانی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ربه‌ست و ڕێگره‌ له‌به‌رده‌م دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا. به‌کاربردنی کۆمه‌ڵێک شێوه‌زار و کردنیان یا هه‌وڵدان بۆ کردنیان به‌ زمان له‌ هه‌ر وڵاتێکدا، بێجگه‌ له‌ تیکدانی یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌، خه‌رج و مه‌سره‌ف و ئه‌رکێکی یه‌کجار زۆری تێده‌چێت و بارگرانییه‌کی زیاد و ناپێویسته‌ بۆ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌موو تاکه‌کانیشی. کورد ئه‌مڕۆ زمانی ستاندارد و نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌یه‌ و وا پتر له‌ سه‌د ساڵێکیشه‌ له‌ باشووری کوردستاندا، زمانێکی ڕه‌سمییه‌، ئیدی ئه‌م سه‌رله‌خۆتێکدان و ماڵی خۆ وێرانکردنه‌ چییه‌، که‌ له‌م وڵاته‌دا ڕوو ده‌دات و ده‌سه‌ڵاتی کوردستانیش، خۆی لێ که‌ڕ کردووه‌ و چ هه‌نگاوێکی جیددی نانێت، بۆ بڕینه‌وه‌ی ئه‌م باس و گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌! زمانی کوردی هی هه‌موو کورده‌، ته‌واوی جڤاکی کورد و گشت تاکه‌کانی. ته‌واوی کورد به‌رپرسه‌ له‌ زمانی کوردی و ئه‌رکی ته‌واوی کورده‌، که‌ به‌ته‌نگ زمانی کوردییه‌وه‌ بێت و  به‌ شێک له‌ په‌رۆشه‌کانی خۆی بزانێت و قسه‌ی له‌ سه‌ر بکات و هه‌وڵی پێشخستنی بدات. بێده‌نگبوون له‌ ئاست ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ر زمانی کوردیدا دێت، ناپه‌رپرسیاریه‌تییه‌ و هه‌ڵاتن و خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌ مه‌زنترین ئه‌رکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌مڕۆ زمانی کوردی ئه‌تک ده‌کرێ و ئاوه‌ڕووت ده‌کرێ. بریا پێش ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی ئه‌نفال بکرێت، خه‌ڵکانێکی دڵسۆز و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتوو و لێوه‌شاوه‌ی وه‌ک مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان سددیق، کراوه‌تر و ڕوونتر و ڕاشکاوانه‌تر، کاتێکی باشی خۆیان ته‌رخان ده‌کرد، بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ و قسه‌وباس له‌ باره‌ی زمانی کوردییه‌وه‌ و بوێرانه‌تر قسه‌کانی خۆیان ده‌کرد.                     
27/7/2012 

*ئه‌م وتاره‌ وه‌ک به‌دواداچوونێک بۆ وتارێکی مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان سددیق، که‌ له‌ حه‌فته‌نامه‌ی ڕووداودا بڵاوکرابووه‌، نووسیم. به‌ باشم زانی هه‌ر له‌ ڕووداودا بڵاو ببێته‌وه‌، به‌ڵام ڕووداو له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌یاندا و به‌ ناته‌واوی، دایانبه‌زاندووه‌ و له‌ حه‌فته‌نامه‌که‌دا بڵاویان نه‌کردووه‌ته‌وه.                                               ‌

Saturday, April 7, 2012

ده‌وڵه‌تی کوردستان له‌نێوان هه‌ڵچوون و واقیعدا

ده‌وڵه‌تی کوردستان له‌نێوان هه‌ڵچوون و واقیعدا

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ دوای ڕووخانی رێژیمی به‌عسه‌وه‌ له‌ عیراق و زیندووکردنه‌وه‌ و دامه‌زراندنه‌وه‌ و دروستکردنه‌وه‌ و بیناکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق، له‌ عیراقێکی داته‌پیو و هه‌ڵوه‌شاوه‌ و به‌شبه‌ش، که‌ کورد وه‌ک هه‌مووده‌مێک نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاوی له‌ گیان به‌به‌رکردنیدا بینی، کورد له‌ ڕووی خاکه‌وه‌، له‌ ڕووی گێڕانه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی کوردستانه‌که‌یه‌وه‌، تاکه‌ یه‌ک سه‌نتیمیتر نه‌چووه‌ پێش و هیچی دیکه‌ی له‌و خاکه‌ی بنده‌ستی به‌عسی ئه‌وسا و حوکوومه‌تی عیراقی دوای به‌عس و ئێستای، نه‌گێرایه‌وه‌ سه‌ر خاکی هه‌رێمه‌که‌ی خۆی. ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئه‌مڕؤ سه‌رانی کوردی باشوور فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ن و ده‌ستیان به‌سه‌ریدا ده‌ڕوا، هه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌یه‌ کاتی خۆی سه‌ددام حوسه‌ین له‌ دوای هه‌ره‌سی 1975 بۆ کوردی دیاری کرد. به‌رپرسی یه‌که‌م و سه‌ره‌کیی دروستکردنه‌وه‌ و دامه‌زراندنه‌وه‌ی عیراقی دوای سه‌ددام حوسه‌ین و نه‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوانه‌ی کوردستان، دوو زلحیزبی(پارتی و یه‌کیه‌تی) ده‌سه‌ڵاتن و به‌تایبه‌تیش سه‌رۆکه‌کانیان بارزانی و تاڵه‌بانی.                                                          
  کورد وه‌نه‌بێ هه‌ر له‌م جاره‌ی دروستکردنه‌وه‌ی عیراقدا نۆره‌ی بووبێت، له‌ دروستکردن و دامه‌زراندنی یه‌که‌مجاری ده‌وڵه‌تی عیراقیشدا هه‌ر له‌ پێشی پێشه‌وه‌ بوو. ئێستا ئه‌و هه‌رێمه‌ی، که‌ کورد بۆ خۆی ده‌سه‌ڵاتداره‌ تێیدا، ئه‌گه‌ر 50%ی خاکی باشووری کوردستان پێکبهێنێت ئه‌وا 50%که‌ی دیکه‌ی ئه‌و خاکه،‌ هێشتا له‌ بنده‌ست به‌غدایه‌، ئه‌مه‌ له‌ حاڵه‌تێکدا ئه‌گه‌ر باشووری کوردستان وه‌ک جاری جاران و وه‌ک مێژوو و وه‌ک دانیشتووان و وه‌ک دیتنی کورد، ته‌واوی ئوستانانی مووسڵ و که‌رکووک(به‌ شار و شارۆچکه‌کانی جارانییه‌وه‌) و به‌شێک له‌ دیالا(ده‌ڤه‌ره‌کانی خانه‌قین و شاره‌بان و قزلڕه‌بات و مه‌نده‌لی و...) و به‌شێک  له‌ کووت و عیماره‌ بگرێته‌وه‌ و به‌ باشووری کوردستان بژمێردرێت.                                                                    
خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان و یه‌کگرتنه‌وه‌ی کورد هه‌میشه‌ ختووکه‌ی هه‌ست و مێشکی مرۆڤی کوردی داوه‌. تا دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، هه‌ر ده‌سته‌ و سه‌رکرده‌یه‌کی کورد، که‌ خه‌باتی سیاسی کردبێت و ڕێبه‌رایه‌تی ڕابوونێکی کردبێت، گوتاری سیاسی ئه‌و، باسی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بووه‌، که‌ شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و شێخ مه‌حموودی حه‌فید و حیزبی خۆیبوون و ژێکاف و هیوا، نموونه‌گه‌لێکی ئه‌و ڕاستییه‌ن. له‌ دوای په‌یدابوونی پارتی دیموکراتی کوردستان(عیراق و ئێران)یشه‌وه‌، ئیدی باسی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ئارادا نه‌ما و هه‌موو تێکۆشان و خه‌باتی ئه‌و حیزبانه‌ و حیزبه‌گه‌لێکیش که‌ له‌ پزدانی ئه‌وانه‌وه‌ هاتنه‌ دنیاوه‌ و حیزبی دیکه‌ش، که‌ دواتر په‌یدابوون، هیچیان دروشمی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان به‌رز نه‌کرده‌وه‌ و خه‌باتیان بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو. خه‌ڵکی کوردیان به‌ پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق، ئێران، تورکیا و سووریا، بار ده‌هێنا و فێر ده‌کرد و باسی جیابوونه‌وه‌ی کورد و سه‌ربه‌خۆییان پێ بڤه‌ بوو و خاکی ئه‌و چوار وڵاته‌یان پێ پیرۆز بوو و دابه‌شکردنیانیان به‌ زێده‌ڕۆیی و هه‌ڵه‌ و هه‌ندێ جاریش به‌ تاوان ده‌زانی،وه‌ک ڕیزپه‌ڕ ده‌کرێ پاسۆک و پارتی کرێکارانی کوردستان، نه‌خرێنه‌ نێو ئه‌و ڕیزبه‌ندییه‌وه‌. له‌ دوای جه‌نگیی دووه‌می جیهانییه‌وه‌، پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌کن کورد و هێزه‌ سیاسییه‌کانی نه‌بووه‌ و نییه‌. ئه‌گه‌ر کۆماره‌که‌ی مه‌هابادیش به‌ ده‌وڵه‌ت بژمێردرێ، هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ و هه‌رگیز ده‌وڵه‌ت نه‌بووه‌.               
  له‌ 2003 به‌ دواوه‌، باسی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستانی باشوور، گه‌لێ جار وه‌به‌رگوێ ده‌که‌وێ و مرۆڤی کورد ڕاده‌چڵه‌کێنێت. ئه‌و باسه‌ له‌نێوان مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانیدا زۆرجاران لێکدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ کراوه‌‌. له‌ کاتێکدا تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی به‌ خه‌ون و خه‌یاڵی شاعیران داناوه‌، بارزانی باسی له‌وه‌ کردووه‌، که‌ کورد ڕۆژێک دێت ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی خۆی داده‌مه‌زرێنێت. چه‌ندین جار بارزانی ئه‌و قسه‌یه‌ی چه‌ند پاته‌ کردووه‌ته‌وه‌. خێراخێراش ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌گاته‌ خه‌ڵک و یه‌کێک ده‌ڵێ ئه‌مساڵ و یه‌کێک ده‌ڵێ له‌ نه‌ورۆزدا و یه‌کێک ده‌ڵێ فڵانه‌ مانگ، جاڕی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان ده‌درێت. ئه‌و بانگه‌شه‌ و قسه‌ و قاو و ده‌نگۆیه‌ وه‌نه‌بێ ته‌نێ له‌ لایه‌ن کورده‌وه‌ بۆ خۆی بکرێ، عه‌ره‌بیش(به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌بی عیراق) وا ده‌ڵێن و پێیانوایه‌ گوتاری کورد(به‌ تایبه‌ت بارزانی) به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌چێت. من بۆ خۆم نازانم وه‌ها قسه‌ و بانگه‌شه‌یه‌ک تا چه‌ند ڕاسته‌ یا درۆیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانم، که‌ وه‌ها ده‌وڵه‌تێکی کوردی، ئه‌گه‌ر ببێته‌ ڕاستییه‌کیش، ئه‌وا ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی گچکه‌ و ناته‌واو و سه‌قه‌ت و بێفه‌ڕ ده‌بێت، چونکه‌ هه‌ر ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌گرێته‌وه‌، که‌ ئێستا به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه‌یه‌ و هه‌رگیز که‌رکووک و مووسڵ و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی دیکه‌ ناگرێته‌وه‌. له‌ باشترین حاڵدا خانه‌قین ده‌گرێته‌وه‌ و به‌س.                                
 کاتی خۆی سه‌ددام حوسه‌ینیش به‌ ده‌وڵه‌تێکی کوردی بێ که‌رکووک و مووسڵ قایل ده‌بوو. عه‌ره‌بی عیراق و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای عیراقیش، به‌ وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی بێ که‌رکووک و مووسڵ، وه‌ک لابردنی دۆمه‌ڵێک و ڕزگاربوون له‌ ئازارێکی درێژخایه‌نی گونێکی قۆڕ، قایل ده‌بن. تورکمانی که‌رکووکیش به‌ وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی بێ که‌رکووک ناڵێن نه‌ء و چه‌پڵه‌شی بۆ لێده‌ده‌ن، چونکه‌ به‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک، ڕه‌نگه‌ که‌رکووک ببێته‌ هه‌رێمێک بۆ خۆی و ئه‌ویش وه‌ک ده‌وڵه‌تۆکه‌ کوردییه‌که‌، ده‌بێته‌ پاشکۆیه‌کی تورکیا. بێجگه‌ له‌وه‌ش تورکمانه‌کانی که‌رکووک، که‌ تا ئێستا له‌ عه‌ره‌به‌کانه‌وه‌ نێزیک بوون و نێزیکن، ئه‌وده‌می پتر له‌یه‌کدی نزیک ده‌بنه‌وه‌ و ئه‌و کورده‌شی له‌ که‌رکووک ده‌بێت، پشتگوێ ده‌خرێت و چ حیسابێکی بۆ ناکرێت. ده‌وڵه‌تی تورکیاش، که‌ سه‌رسه‌ختترین نه‌یاری باسی ده‌وڵه‌تی کوردستان و ته‌نانه‌ت وشه‌ی کوردستانیشه‌، بۆ مسۆگه‌رکردنی نه‌وت و گازی مفتی کوردستان و بازاڕی کوردستان، به‌ وه‌ها ده‌وڵه‌تێک قایل ده‌بێ. وه‌ها ده‌وڵه‌تێک، که‌ تورکیا پێی قایل بێت، له‌ باشترین حاڵدا، ده‌بێته‌ پاشکۆیه‌کی بێده‌سه‌ڵاتی گوێڕایه‌ڵی ده‌وڵه‌تی تورکیا و تورکیا له‌ باشترین حاڵدا بۆی ده‌بێته‌ زڕباوکێک یا زڕدایکێک. وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ک ده‌بێته‌ بنکه‌ و مه‌کۆیه‌کی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا و ئیسرائیل و ده‌بێته‌ گۆڕه‌پانێک بۆ ته‌راتێنی سیخوڕی سی. ئای. ئه‌ی و مۆساد و زۆری دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وان. وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ک ده‌بێته‌ هۆی دابڕینی کورد له‌و جیۆگرافیا و ژینگه(ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و جیهانی ئیسلامی)‌یه‌ی تێیدا ده‌ژی و ده‌بێته‌ ئیسرائیلێکی دووه‌می ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جیهان. کوردی تورکیا، ئێران، سووریا و کوردی دانیشتووی ئه‌م هه‌رێمۆکه‌یه‌ی ئێستای باشووری کوردستان(سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆک) ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌موویشیان نه‌بێت، زۆرینه‌یه‌کی ڕه‌هایان، حه‌زیان به‌ دامه‌زراندنی وه‌ها ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌کی بێ که‌رکووک هه‌یه‌، چونکه‌ بۆ ئه‌وان هیچی تێناچێت و هێچ له‌ده‌ست ناده‌ن و تا ڕاده‌یه‌کیش هه‌ست به‌ ئازاره‌کانی که‌رکووکییان و مووسڵیان و گه‌رمیانییان ناکه‌ن. کوردانی ئه‌م هه‌رێمۆکه‌یه‌ی ئێستاش(دهۆک، هه‌ولێر و سلێمانی)، که‌ هه‌رێمۆکه‌که‌یان بوو به‌ ده‌وڵه‌تۆکه‌، بۆ ئه‌وان که‌یف و شاییه‌، چونکه‌ ده‌بنه‌ خاوه‌نی پاسپۆرتی کوردستانیی خۆیان، ئیدی چش له‌ که‌رکووک و مووسڵ و مه‌نده‌لی و به‌دره‌ و هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ش.                                                                                    
دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌ لایه‌ن هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و خه‌ڵکێکه‌وه‌، هه‌روا هه‌ڕه‌مه‌کی و له‌خۆڕا ناکرێت و نابێت. ئه‌گه‌ر ته‌ماشایه‌کی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ بکه‌یت، که‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا دامه‌زراون ده‌بینیت هیچیان به‌ بڕیارێکی تاکه‌که‌سی یا له‌پڕ دروست نه‌بوون، به‌ڵکه‌ هه‌موویان ساڵانێکی فره‌، زه‌مینه‌یان بۆ خۆش کراوه‌ و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵک و ده‌وروبه‌ر و هه‌موو مه‌رجێکیان بۆ ئاماده‌ کراوه‌ و دواتریش به‌ بڕیاری خه‌ڵک، به‌ بڕیاری مرۆڤه‌کان و ڕاپرسی و ده‌نگدان و قایلبوونی ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، جاڕی د‌امه‌زراندنیان دراوه‌. ئه‌زموونی باشووری سوودان، تیمووری ڕۆژهه‌ڵات، کۆسۆڤۆ، له‌تبوونی چیک و سلۆڤاکیا و زۆری دیکه‌ش، ئه‌وه‌مان فێر ده‌که‌ن، که‌ ده‌وڵه‌ت له‌پڕ دروست ناکرێت.                                                                           
ساڵی 2005 له‌گه‌ڵ ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌عیراق، بزاڤێک به‌ ناوی ڕیفراندۆم په‌یدا بوو و له‌گه‌ڵ ده‌نگداندا بۆ هه‌ڵبژاردنی عیراق، خه‌ڵک له‌ هه‌رێمی کوردستان فۆرمێکی ئاماده‌کراوی ئه‌و بزاڤی ڕیفراندۆمه‌یان بۆ جیابوونه‌ی کوردستان له‌عیراق پڕکرده‌وه و پتر له‌ دوو میلیۆن ‌ده‌نگ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی باشووری کوردستان خڕکرایه‌وه‌ و ئه‌و ده‌نگانه‌ برایه‌ ئه‌مه‌ریکا و نازانم کوێی دیکه‌. ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌نگی خه‌ڵک بوون و ده‌وڵه‌تی عیراقیش ئه‌وده‌مه‌ وه‌ک ئێستا نه‌بوو، که‌چی سه‌رانی کورد، به‌ تایبه‌ت تاڵه‌بانی، شۆخیی دنیایان به‌و ده‌نگانه‌ کرد و به‌ گه‌مه‌ی منداڵیان دانا و پێیانبوابوو، کورد سه‌ربه‌خۆیی نه‌گه‌ره‌که‌ و به‌ دڵ و گیان ئاره‌زووی مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا ده‌کات.                                                                             
ئه‌مڕۆ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناویندا دوو جه‌مسه‌ری سیاسه‌ت و دوو ئاراسته‌ی سیاسی و دوو دیدی سیاسی وه‌دی ده‌کرێن، یه‌که‌میان: جه‌مسه‌رێکی ڕۆژاوایی و دۆستی ڕۆژاوایه‌، که‌ بازنه‌یه‌که‌، ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل ڕیبه‌رایه‌تی ده‌که‌ن و  تورکیا و عه‌ره‌بستانی سعوودی و وڵاتانی که‌نداو و ئوردن له‌خۆ ده‌گرێ. دووه‌میشیان: ئێران ڕێبه‌رایه‌تی ده‌کات و سووریای ئه‌سه‌د و عیراقی مالیکی و حیزبوڵڵای لوبنان له‌خۆ ده‌گرێ. کوردیش، سه‌رانی کورد تا ڕاده‌یه‌ک به‌سه‌ر ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌دا دابه‌شبوون. تاڵه‌بانی، به‌ هۆی هاوسنووریی پێته‌ختی حیزبه‌که‌ی(سلێمانی) له‌گه‌ڵ ئێراندا و باوه‌ڕنه‌بوونی به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کورد و لێکچوواندنی به‌ خه‌ونی شاعیران و به‌گرێی ملدا دان و گوتنی ئه‌شهه‌دوبیللا بۆ هه‌موو لایه‌ک و به‌ده‌م هه‌موو که‌سێکه‌وه‌ پێکه‌نین و خۆ پیاوخراپنه‌کردن له‌ کن هیچ هێز و ده‌سته‌یه‌کی سیاسی و پاراستنی کورسییه‌که‌ی به‌غدای، ئه‌گه‌ر به‌ ئاشکراش نه‌یڵێ، ئه‌وا خۆی له‌ بازنه‌ی دووه‌مدا ده‌بینێته‌وه‌. هه‌رچی بارزانیشه‌، هه‌روه‌ک چۆن له‌ 1974دا سه‌رکرده‌یه‌تی شۆڕشی کورد، ته‌واوی هێلکه‌کانی خستبووه‌ سه‌به‌ته‌ی ئه‌مه‌ریکاوه‌، ئێستا ئه‌میش ته‌واوی هێلکه‌کانی خستووه‌ته‌ سه‌به‌ته‌ی جه‌مسه‌ری یه‌که‌مه‌وه‌ و خۆی له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.                                                         
ئه‌گه‌ر ئیسرائیل و ڕۆژاوا، هانده‌ری وه‌ها ده‌وڵه‌تێک بن بۆ کورد، ئه‌وا له‌وه‌ی زیاتر، که‌ نییه‌تێکی خراپیان هه‌یه‌، هیچی دیکه‌ نییه‌. ئه‌وان هه‌میشه‌ ئاژاوه‌ ده‌نێنه‌وه. ‌سوننه‌ی عه‌ره‌بیش، که‌ عه‌ره‌بساتنی سعوودی و قه‌ته‌ر و...ڕێبه‌رایه‌تییان ده‌که‌ن و تورکیاش خۆی به‌ ڕدینسپییان ده‌زانێت، به‌ درێژایی مێژوو دژ به‌ شیعه‌ بوونه‌، ئاگری جه‌نگ و دوژمنایه‌تی له‌نێوان کورد و شیعه‌دا خۆش ده‌که‌ن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئه‌و کاره‌ی خۆیان پێیان ناکرێ یا ده‌کرێ و به‌ڵام گوشارێکی زیاتر و ئاژاوه‌یه‌کی زیاتریان مه‌به‌سته‌ و پێ باشتره‌، به‌ کوردی بکه‌ن و کورد بده‌ن به‌ گژ شیعه‌دا.                                                                               
ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ک به‌ قایلبوون و چرای که‌سکی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکا له‌و هه‌رێمۆکه‌ی باشووری کوردستاندا دامه‌زرێت، وه‌ک گورگه‌که‌ی چیرۆکی "هه‌یاسی خاس"، که‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی گیسکه‌که‌ی شا له‌یه‌ک کێشدا (نه‌ قه‌له‌و نه‌ لاواز) بۆ ئێران به‌کار ده‌برێ. ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و ڕۆژاوا ده‌یانه‌وێ وڵاتانی ئیسلامی، خۆرهه‌ڵاتی ناڤین، باکووری ئه‌فریقای عه‌ره‌ب له‌تله‌ت بکه‌ن و ده‌یان قه‌واره‌ی گچکه‌ گچکه‌ قوت بکه‌نه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ کوردیش وه‌ک به‌شێک له‌و نه‌خشه‌یه‌ سه‌یری خۆی بکات و ڕه‌نگه‌ ئه‌وانیش کوردیان خستبێته‌ نێو ئه‌و نه‌خشه‌یه‌وه‌ و به‌گوێی بارزانیدا شتێکیان چرپاندبێ، بۆیه‌ ئێستا و به‌م خێراییه‌، باسی ده‌وڵه‌ت ده‌کات، ده‌نا له‌م کاته‌دا و به‌م که‌فوکوڵ و هه‌ڵچوونه‌ و بێ مسۆگه‌رکردنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کان، کارێکه‌ ته‌نێ خواستی ئه‌و زلهێزانه‌ دێنێته‌ دی نه‌ک خواستی مرۆڤی کورد.                                                            
دژایه‌تی مالیکی ده‌کاته‌ دژایه‌تی به‌شێکی گرنگی شیعه‌ی عیراق و ئێران، سوننه‌ هه‌وڵده‌دات کورد بخاته‌ وه‌ها کێشه‌یه‌که‌وه‌. ئه‌گه‌ر کوردیش پێیوابێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوسێ عه‌ره‌به‌کانی هه‌رێمه‌که‌ی ئێستای فره‌تر یا هه‌ر به‌ ته‌واوی سوننه‌ن و ده‌بێ له‌بۆ ڕاگرتنی دڵی ئه‌وان و ڕاکێشانی مه‌یلی ئه‌وان به‌لای خۆیدا، ببێته‌ که‌واسووری به‌ر له‌شکری دژایه‌تی مالیکی و حیزبی ده‌عوه‌ی شیعه‌، ئه‌وا وه‌ها کارێک هه‌رگیز به‌ قازانجی کورد ناشکێته‌وه‌ و کورد وه‌ک هه‌میشه‌ بۆ خه‌ڵکی دیکه‌ و به‌ قازانجی خه‌ڵکی دیکه‌ ده‌جه‌نگێ و ماڵی خۆی وێران ده‌کات.                                                      
سه‌رانی کورد هێشتا دوو ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر و سلێمانییان نه‌کردووه‌ته‌ یه‌ک، هێشتا حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانی له‌ هه‌ولێر میوانه‌ و حیزبه‌که‌ی بارزانی له‌ سلێمانی و گه‌رمیان میوانه‌. هێشتا سه‌رۆکی هه‌رێم، ته‌نێ له‌ هه‌ولێر و دهۆک، سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ و له‌ سلێمانی و که‌لار که‌س کاغه‌زی وی ناخوێنێته‌وه. ‌ هێشتا تاکه‌ زمانێکی کوردیی بۆ ته‌واوی باشووری کوردستان به‌ ڕه‌سمیی نه‌ناسێنراوه‌‌ و هه‌ر زاراوه‌ و بنزاراوه‌ و خێڵێک داوای به‌ ڕه‌سمیی ناسینی شێوه‌ی قسه‌کردنی ماڵی خۆی وه‌ک زمانی ڕه‌سمی ده‌کات و ئه‌و زمانه‌یشی که‌ هه‌یه‌ به‌ره‌به‌ره‌ سووک و ڕسوا ده‌کرێت. هێشتا کێشه‌ی ئاو و کاره‌با و هاتوچۆ و کشتوکاڵ و ته‌ندروستی و سیستمی خوێندن و تێکه‌ڵاوی حیزب و کارگێڕییه‌کان و واسیته‌ و پشتگوێخستنی قانوون و ناسه‌ربه‌خۆیی دادگه‌ و ده‌یان کێشه‌ی دیکه‌، چاره‌سه‌ر نه‌کراون‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ چ ده‌وڵه‌تێک بێت باسی لێوه‌ ده‌که‌ن! ده‌وڵه‌تێک ئه‌گه‌ر تاکه‌کانی خۆشگوزه‌ران و به‌خته‌وه‌ر نه‌بن، دروستکردنی کابول و مۆقادیشۆیه‌کی وێران له‌ کوردستان، با سه‌ربه‌خۆیش بێت، هیچ مایه‌ی خۆشی و که‌یفسازی نییه‌ بۆ خه‌ڵکی کورد.                                                                                     
دامه‌زاراندنی وه‌ها ده‌وڵه‌تێک هه‌رگیز به‌ قازانجی کورد و پرسی کورد نییه‌، به‌ڵکه‌ زیانێکی زۆری بۆ کورد ده‌بێت. کورد بۆ هه‌تایه‌ که‌رکووک ده‌دۆڕێنێت و وه‌ک قودسه‌که‌ی فلستینییانی لێدێ، مه‌گه‌ر کورد هه‌ر بڵێ: ئه‌م نانه‌ به‌و ڕۆنه‌! کوردستانێکی بێ که‌رکووک، هیچ بایه‌خ و به‌هایه‌کی نییه‌ و نه‌بوونی زۆر باشتره‌ له‌ بوونی. ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد بچنه‌ ژێر وه‌ها بارێک، ئه‌وا ڕێک ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن، که‌ ئه‌وان ته‌نیا کورسییه‌کانی خۆیان مه‌به‌سته و هیچی دی. ئه‌وان گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆک بن، ئیدی خودای ده‌کرد سه‌رۆکی گوندێک ده‌بوون! دامه‌زراندنی وه‌ها ده‌وڵه‌تێک دامه‌زراندن و چاندنی ئیسرائیلێکی دیکه‌یه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناڤیندا. داکۆکیکردن له‌ دامه‌زران و جاڕدان و بوونی وه‌ها ده‌وڵه‌تێکی ئیفلیج، نه‌ک هه‌ر مایه‌ی شانازی نییه‌ بۆ کورد، به‌ڵکه‌ مایه‌ی شه‌رمه‌زاری و سه‌رشۆڕییه‌ بۆ کورد. ئه‌وه‌ی بڕێک به‌ته‌نگ خاکی کوردستانه‌وه‌ بێت و مێژووی کورد بزانێت و بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد بکاته‌وه‌، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ وه‌ها بیرکردنه‌وه‌یه‌کدا نییه‌ و نابێت. ئه‌گه‌ر جاڕی وه‌ها ده‌وڵه‌تێک بدرێت، که‌رکووک و مووسڵ و بڕه‌ کوردستانه‌که‌ی دیاله‌ و  کووت و عیماره‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت‌‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵدابوونی و چه‌پڵه‌لێدان بۆی، کارێکی نانیشتمانی و ناڕاسته‌ و دژایه‌تیکردنی کارێکی ڕاست و دروست و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و شؤڕشگێڕانه‌یشه‌.                              
ساڵانی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی پێشوو، که‌ له‌ به‌غدا بووم، له‌ سه‌ره‌تای شه‌قامی ئه‌ڕڕه‌شید(الرشید) له‌ گۆڕه‌پانی ئه‌لمه‌یدان(المیدان) که‌بابخانه‌یه‌ک هه‌بوو به ‌ناوی که‌باب ئه‌ربیل(کباب أربیل). گه‌لێ جار له‌گه‌ڵ هاوڕێکانمدا ده‌چووینه‌ ئه‌وێ و که‌بابمان ده‌خوارد. من ئه‌وده‌می گۆشتخۆر بووم و نه‌بووبوومه‌ ڕووه‌کخۆر. ئێمه‌ی خوێندکاری گیرفان به‌تاڵی ئه‌وێ ده‌م، داوای نیو نه‌فه‌ر که‌بابمان ده‌کرد. ئه‌و کابرایه‌ی که‌ ده‌هات و پرسیاری لێده‌کردین چ ده‌خۆین، دوای ئه‌وه‌ی ده‌مانگوت نیو نه‌فه‌ر که‌باب یا له‌ باشترین حاڵدا ئه‌گه‌ر بمانگوتبا نه‌فه‌رێک که‌باب، که‌ ئه‌وه‌ جه‌ژن بوو بۆ ئێمه‌، کابرا ده‌یگوت ته‌ماته‌ی له‌گه‌ڵ بێ یا نه‌، من ده‌مگوت نا و هاوڕێیه‌کی دیکه‌ ده‌یگوت به‌ڵێ با ته‌ماته‌ی له‌گه‌ڵ بێ، ئیدی کابرای شاگرد به‌ ده‌نگێکی بڵند و زوڵاڵ و به‌ شێوه‌زاری هه‌ولێر به‌ وه‌ستای که‌بابچی ده‌گوت:"نه‌فه‌ره‌ک هه‌یبی" یا ده‌یگوت:"نیو نه‌فه‌ر نه‌یبی"، ئه‌و هه‌یبی و نه‌یبییه‌ بۆ ته‌ماته‌ بوو، ئیدی به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی چیمان داوا کردووه، به‌ ته‌ماته‌ و بێ ته‌ماته‌ ده‌هاته‌ به‌رده‌ستمان‌. ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی بارزانی باسی لێوه‌ ده‌کات، ئه‌گه‌ر نه‌یبی(که‌رکووک و مووسڵ ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی باشوور کوردستان) ئه‌وا پووڵێکی قه‌ڵب ناهێنێت و نه‌بوونی گه‌لێک باشتره‌ له‌ بوونی، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌یبی(که‌رکووک و مووسڵ و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی باشووری کوردستان، ئیدی به‌ ئاشتی ده‌بێت یا به‌ جه‌نگ و داگیرکردن و تۆبزی)، ئه‌وا عه‌ره‌ب گوته‌نی"فبها" و ئه‌وده‌م خه‌ڵکی کورد قسه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌بێت.                                                                   
7- 4- 2012‌

  

Sunday, November 20, 2011

پیری به‌ ته‌مه‌ن نییه



پیری به‌ ته‌مه‌ن نییه‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

زۆرجاران به‌ ته‌ماشاکردنی مرۆڤێک و لێوردبوونه‌وه‌ له‌ سه‌ر و سیمای، ده‌توانیت ته‌مه‌نی بخه‌مڵێنیت و بڵێی ئه‌م مرۆڤه‌ ئه‌وه‌نده‌ ساڵانه‌. جاری وایش هه‌یه‌، هه‌رگیز نێزیکیشی ناکه‌ویته‌وه‌ و به‌ هه‌ڵه‌ بۆی ده‌چیت. هه‌ندێک مرۆڤ به‌ سه‌ر و سیمادا، ته‌مه‌ن کاریان تێ ناکات و گه‌وره‌یی و چوونه‌نێوساڵه‌وه‌یان پێوه‌ دیار نییه‌ و هه‌ندێکی تریش، هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاویدا ئیدی مووی سپی سه‌ر و سمێڵ و چرچ و لۆچی ده‌موچاو و مل و نیشانه‌کانی دیکه‌ی پیرییان پێوه‌ دیاره‌. ئه‌وان نیشانانه‌ی له‌ له‌ش و جه‌سته‌ی مرۆڤدا، ده‌رده‌که‌ون، مرۆڤ وه‌ک پیر یا لاو، نیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌و نیشانانه‌، ناوه‌وه‌ی مرۆڤ، هه‌ستی، ده‌روونی، بیرکردنه‌وه‌ی، دیدی، خواست و ئاره‌زووه‌کانی، ئومێد و داهاتووی، هیچیان نیشان ناده‌ن. ڕه‌نگه لاوێکی ته‌ڕ و ناسک و تازه‌، هێنده‌ خاووخلێچک و ساردوسڕ و بێئاره‌زوو و ناچالاک و بێ وزه‌ و بێ وره‌ بێت، که‌ چ هیوایه‌کی به‌ ژیان نه‌بێت و هه‌رچی ژیانه‌ و هه‌رچی شته‌، له‌کن وی، تاریک و ڕه‌ش و ته‌ماوی و ناجۆر بێت. پێچه‌وانه‌که‌یشی مرۆڤێکی به‌ ساڵاچووی که‌م وزه‌ و بێهێز و له‌شنه‌خۆش، که‌ هه‌موو شتێکی ژیانی به‌لاوه‌ خۆشه‌ و هه‌موو ڕۆژێکی به‌لاوه‌ نوێیه‌ و هه‌میشه‌ پڕه‌ له‌ ئاوات و خه‌ون و هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی نوێدایه‌. که‌وابێ ئه‌م مرۆڤه‌ به‌ ساڵاچووه‌، تۆ ناتوانی پێی بڵێی پیر، چونکه‌ پیری پتر هه‌سته‌ و که‌ هه‌ست و ده‌روون و ناوه‌وه‌ی مرۆڤ پیر نه‌بوو، ئه‌وا مرۆڤ لاوه‌ و هێشتا دڵی به‌ ژیان خۆشه‌. ئێستا هێنده‌ داووده‌رمانی لابردنی لۆچ و چرچی و پێستنه‌رمکردن و ڕه‌نگکردنی مووی سه‌ر و سمێڵ په‌یدا بووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌کوردستان، خه‌ریکه‌ ئه‌و سنووره‌ی نێوان گه‌وره‌ساڵان و لاوان ده‌سڕیته‌وه‌. ڕۆژانه‌ سه‌ر و سمێڵی ڕه‌نگکراوی ڕه‌شی قه‌ترانیی سیاسه‌تکارانی کورد له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانیانه‌وه‌ ده‌بینرێن، که‌ یه‌ک تاڵه‌مووی سپیی له‌ سه‌ر و ڕوویاندا نابینرێ و به‌ ناسینه‌وه‌ی خۆیان و مێژوویان و چرچ و لۆچی مل و ده‌ست و په‌نجه‌ و گۆنا و ده‌وروبه‌ری چاویاندا، ته‌مه‌ن و پیرییان ئاشکرا ده‌بێ. چوونه‌نێو ساڵه‌وه‌ و هه‌ڵچوونی ته‌مه‌نیش، هه‌رگیز ناکاته‌ نزیکبوونه‌وه‌ له‌ مردن و مه‌رگ. مردن هیچ پێوه‌ندێکی به‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ نییه‌. جاری وا هه‌یه‌ ده‌یان لاو ده‌مرن، لێ پیرێک نامرێ.                                  
پێناسه‌کردنی پیری و لاویی، بێجگه‌ له‌ ته‌مه‌ن و له‌ش و جه‌سته‌، پێناسه‌ و دیتنێکی فه‌رهه‌نگییه و پێوه‌ندی به‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌یه‌، ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ ته‌که‌یاندا و له‌نێویاندا ده‌ژی. له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌وروپاییدا، سوێد بۆ نموونه‌، تۆ هه‌رگیز ناتوانیت به‌ یه‌ک که‌س بڵێی پیر، ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سه‌ ئه‌گه‌ر بۆ خۆیشی به‌ خۆی گوت پیر و سووریش بزانێت و بزانیت پیره‌، ئه‌وا تۆ ده‌بێ بڵێی نا نا تۆ هه‌رگیز پیر نیت، تۆ هێشتا گه‌نجیت. سوێدی، که‌ ته‌مه‌نیان ده‌گاته‌ 65 ساڵ و خانه‌نشین ده‌بن، ده‌ڵێن ئێستا ژیان ده‌ستپێده‌کات. که‌ ده‌گه‌نه‌ 70 ده‌ڵێن ژیان له‌ 70وه‌ ده‌ستپێده‌کات. ئیدی به‌و جۆره‌. ئه‌وان له‌ 80 و 90 ساڵییشدا پیر نین و خۆ به‌ گه‌نج ده‌زانن. له‌ 80 ساڵیدا پایسکیل داژۆن و ده‌چنه‌ مه‌له‌وانی و له‌ دارستان هه‌ڕا ده‌که‌ن و کوارگ خڕده‌که‌نه‌وه‌ و کرێمی نه‌هێشتنی لۆچی ده‌موچاو و ڤیتامین و ده‌یان به‌زمی دیکه‌ به‌کار ده‌هێنن و به‌ دوای خۆراکی باش و به‌ که‌ڵکه‌وه‌ن و ده‌چنه‌ سینه‌ما و سه‌ما ده‌که‌ن و ده‌خۆنه‌وه‌ و وه‌رزش ده‌که‌ن و ده‌چنه‌ گه‌شت و وڵاتان ده‌گه‌ڕێن.                                                     
 له‌ فه‌رهه‌نگی وڵاتانی وه‌ک کوردستان و کوردستانیشدا، هه‌ر زوو خه‌ڵک وه‌ک پیر ته‌ماشا ده‌کرێن. ڕه‌نگه‌ مرۆڤێک ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشتبێته‌ 70 و جاری وایش هه‌یه‌ 60، ئیدی خه‌ڵک حیسابی پیری بۆ ده‌کات و ده‌ڵێن فڵانه‌ که‌س پێی له‌ لێواری گۆڕه‌، واته‌: ئیدی ها ئێستا ها ساتێکیتر ده‌مرێ. مرۆڤ، که‌ پێی گوترا مامه‌ و خاڵه‌ و پوورێ و میمکه‌ و دایکه و باوکه‌ و باپیره‌‌، نه‌ک هه‌ر له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌، به‌ڵکه‌ له‌ لایه‌ن، منداڵی خۆی و برازا و خوشکه‌زا و منداڵه‌زایه‌وه‌، ئیدی  حیسابی پیری‌ بۆ کراوه‌. هه‌ندێ جار به‌ حاجییش بانگی پیر ده‌کرێ. له‌ ته‌مه‌نی منداڵی و مێردمنداڵی و لاویدا مرۆڤ که‌سێکی 10-12 ساڵ له‌ خۆ مه‌زنتریشی پێ گه‌وره‌ و پیره‌. من خۆم له‌ منداڵیدا که‌سی 15 ساڵم پێ پیر بووه‌. دواتر ئه‌گه‌ر بیانگوتبا فڵان 20 ساڵانه‌ ده‌مگوت ئه‌وه‌ هه‌ر پیر پیره‌.                                        
 له‌ شاکه‌ل دوو برا هه‌بوون ناویان (عه‌لی و عه‌زیز)بوون و باوکیان ناوی(ئه‌حمه‌د) بوو، به‌ڵام خه‌ڵک به‌ (ئه‌حۆل) ناویان ده‌برد، دیاره‌ به‌ره‌وڕوو نا، به‌ڵکه‌ له‌ پاشمله‌ و به‌و دوو برایه‌شیان ده‌گوت: عه‌له‌ی ئه‌حۆل و عه‌زه‌ی ئه‌حۆل. عه‌لی 20 ساڵ له‌ عه‌زیزی برای گه‌وره‌تر بوو. من زۆرم پێ سه‌یر بوو و ده‌مگوت چۆن شتی وا ده‌بێ و عه‌له‌ی ئه‌حۆلم به‌ پیر ده‌زانی! ساڵانێک دواتر که‌ (سلێمان)ی برام هاته‌ دنیاوه‌، دایکم ده‌یگوت: تۆ جاران پێت سه‌یر بوو عه‌له‌ و عه‌زه‌ی ئه‌حۆل 20 ساڵیان به‌ینه‌، ئێستا تۆ و (سلێمان)یش 20 ساڵتان به‌ینه‌! ئیدی تێگه‌یشتم، که‌ ده‌بێ و وا بۆ خۆیشم ئیدی به‌و حیسابه‌ی عه‌له‌ و عه‌زه‌، ده‌که‌ومه‌ خانه‌ی پیرانه‌وه‌.                                                                         
شه‌وێکی دره‌نگ دوای کاتژمێر دوازده‌، له‌ نێو شاره‌وه‌ بۆ قه‌رات ده‌گه‌ڕامه‌وه‌. ئه‌وده‌می له‌ هه‌ولێر ده‌ژیام. له‌سه‌ر ئه‌و جاده‌یه‌ی به‌ ناوه‌ندی قه‌راتدا ده‌ڕۆیشت و له‌به‌ر ڕووناکی چرائه‌له‌کتریکێکدا دوو منداڵی پێنج شه‌ش ساڵان، کچ و کوڕێک، یه‌کێکیان به‌ کێردێکی زل و درێژه‌وه‌ و یه‌کێکیشیان به‌ که‌ڵه‌شێرێک به‌ ده‌سته‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون. که‌ گه‌یشتمه‌ ئاستیان ها‌تنه‌ به‌رده‌مم و گوتیان: "مامه‌که‌، ئه‌و که‌ره‌بابه‌مان لۆ ناکوژییه‌وه‌!". منیش گوتم:"ئه‌دی لۆ له‌ ماره‌ خۆتان نایکوژنه‌وه‌؟". گوتیان:"له‌ مار که‌سمان نییه‌ لۆمان بکوژیته‌وه‌". گوتم:"زۆر باشه‌" و ئیدی کێردم به‌ ملی که‌ره‌بابدا هینا و لۆم کوشتنه‌وه‌ و وێم دانه‌وه‌. من ئه‌وده‌می 26 ساڵان بووم و هه‌رگیز خۆم به‌ مامه‌ نه‌ده‌زانی، لێ من بۆ ئه‌وان پیر بووم، بۆیه‌ به‌ منیان گوت مامه.                                                                              ‌
له‌ له‌نده‌ن، که‌ سواری ئۆتۆبووس یا شه‌مه‌نده‌فه‌ری ژێرزه‌وی نێوشار ده‌بیت، ده‌بینی ئه‌گه‌ر که‌سێکی پیر به‌ پێوه‌ ڕاوه‌ستابێت و جێگه‌ی دانیشتنی نه‌بێت، ئه‌وا که‌سێکی له‌ خۆی ته‌مه‌ن گچکه‌تر هه‌ڵده‌ستێ و جێگه‌که‌ی خۆی بۆ چۆڵ ده‌کات. بۆ یه‌که‌مجارم بوو له‌ ئۆتۆبووسێکدا ببینم لاوێک هه‌ڵسا و به‌منی گوت، که‌ له‌ جێگه‌که‌ی دانیشم، من سوپاسیم کرد و هه‌ر به‌ پێوه‌ ڕاوه‌ستام، به‌ڵام له‌وه‌ تێگه‌یشتم، ئه‌و منی به‌ پیر زانیوه‌ و وه‌ک به‌زه‌یی و هه‌ستێکی مرۆڤیانه،‌ ویستی جێگه‌که‌ی خۆیم بداتێ. له‌ سوێد ئه‌و کرده‌یه‌ نییه‌ و ئه‌گه‌ریش ڕوو بدا، ڕه‌نگه‌ بۆ خه‌ڵکێکی که‌مئه‌ندام و په‌ککه‌وته‌، خه‌ڵک وه‌ها کارێک بکات، ده‌نا بۆ ده‌رمانیش بگه‌ڕێی یه‌ک مرۆڤ نابینییه‌وه‌ خۆی به‌ پیر بزانێت.                                                                                         
   له‌ گوتارێکیدا به‌ ناوی"خاک و جه‌سته‌ لای جه‌نگیز ئه‌یتماتۆف و سه‌میر نه‌قاش، له‌ هه‌ردوو رومانی(رۆژه‌که‌ له‌ سه‌ده‌یه‌ک درێژتر ده‌بێته‌وه‌) و (شلۆمۆ کورده‌ و من و رۆژگار)دا"، که‌ له‌ دوو به‌شدا، وه‌ک ڕانانێک بۆ دوو کتێبی تازه‌ په‌خشکراوی نووسه‌ر و چیرۆکنووس مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، بڵاو بووه‌ته‌وه، ‌نه‌جات نوری، نووسه‌ری گوتاره‌که‌، ده‌نووسێت:"له‌م دێڕانه‌ی سه‌ره‌تادا ده‌بێت قه‌دری هه‌وڵه‌ دیاره‌کانی برای ئازیزمان(جه‌لیل کاکه‌وه‌یس)ی چیرۆکنوس بگرم که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی ئه‌و بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌و به‌رده‌وام به‌و عه‌شقه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ خوێنه‌رانی کورد ده‌کات. هێشتا ده‌یه‌وێت ئه‌ده‌ب ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانمان و له‌ناو هه‌مو تاریکاییه‌کاندا روناکیه‌کمان پێ ببه‌خشێت. هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه‌ باشانه‌ که‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ ده‌ستی پێیان نه‌گه‌یشتووه‌..."[1]. تۆ له‌م نووسینه‌دا تێبینی ئه‌م ڕسته‌ و وشانه‌ بکه‌"..که‌ به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا عه‌شقی بۆ ئه‌ده‌ب و نووسین پیرۆزی ماوه‌..." و "..هێشتا ده‌یه‌وێت..." و "هێشتا ده‌ست ده‌بات بۆ وه‌رگێڕانی...".، وا باسی مامۆستا کاکه‌وه‌یس ده‌کات، وه‌ک بڵێی خودانه‌خواسته‌ و دوور له‌ گیانی مامۆستا کاکه‌وه‌یس، مامۆستا کاکه‌ویس :                                                      
"له‌ نێو ماڵێکی بێ ژن دا
له‌ بن لێفێکی چڵکن دا
له‌ سه‌ر ته‌ختێکی ڕه‌ق و ته‌ق
سه‌رتاپای شه‌ڵاڵی ئاره‌ق
پیر و که‌نه‌فت و که‌له‌لا
 هه‌موو له‌شی هه‌لا هه‌لا
پشتی ڕه‌ق و باسکی ته‌زیو
پێێ نه‌ده‌کرا ئه‌م دیو ئه‌و دیو
کز و گۆد و سڕ و بێ ناز
پێچی ده‌دا وه‌ک مارانگاز"[2] ، که‌وتووه‌ و بێهێز و لاواز، به‌ حاڵ نووزه‌ی لێوه‌ دێ و هه‌ناسه‌ ده‌دات. به‌و جۆره‌ باسکردنی مامۆستا کاکه‌وه‌یس و نیشاندانی وه‌ک پیرێکی په‌ککه‌وته‌، ئه‌گه‌ر به‌لای مامۆستا نه‌جات نووریشه‌وه‌ بۆ پێشاندانی وزه‌ و توانست و خواست و کۆشسی مامۆستا کاکه‌وه‌یسیش بێت، هێشتا کورت ده‌هێنێ و له‌ ڕووی ده‌روونی و سایکۆلۆگییه‌وه‌ کار ده‌کاته‌ سه‌ر مرۆڤ(کاکه‌وه‌یس) ئه‌گه‌ر نه‌یشێباته‌وه‌ سه‌ر خۆی و وه‌هایش پێشان بدات، که‌ گرنگ نییه‌ و بێخه‌مه‌ له‌و ڕووه‌وه‌.                                                                            
مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، هه‌موو چه‌ند مانگێکه‌، له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا وه‌ک مامۆستا خانه‌نشین کراوه‌، ئیدی که‌ی هی ئه‌وه‌یه‌ پێی بگوترێ:"به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا...."، خۆ ده‌یان خه‌ڵکی 75-80 ساڵان و هه‌ورازتریش ئه‌مڕۆ فه‌رمانڕه‌وای وڵاته‌که‌ی مامۆستا کاکه‌وه‌یسن و بڕیار به‌سه‌ر ژیانی میلیۆنان کاکه‌وه‌یسدا ده‌ده‌ن و که‌سیش پێیان ناڵی پیر!                                                                                              
له‌ نێو نووسه‌رانی جیهاندا، که‌ تا دوا ساته‌کانی ته‌مه‌نی خۆیان و له‌ته‌مه‌نێکی هه‌ورازدا، له‌ خه‌بات و نووسین نه‌که‌وتبوون ده‌کرێ ناوی چه‌ند که‌سێکیان و ته‌مه‌نیان بخه‌مه‌ به‌رچاو: تاها حوسه‌ین 84 ساڵ، ته‌وفیق ئه‌لحه‌کیم 89 ساڵ، ئه‌نیس مه‌نسوور 87 ساڵ، نه‌جیب مه‌حفووز 95 ساڵ، ئۆمبه‌رتۆ ئێکۆ 80 ساڵ، گابریێل گارسیا مارکیز 85 ساڵ، یه‌شار که‌مال 89 ساڵ و مامۆستا مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس 104 ساڵ. ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌یان که‌ له‌ ژیاندا نه‌ماون تا ئه‌و کاته‌ی ژیان، له‌ کار و نووسین نه‌که‌وتن و ئه‌وانه‌شیان وا ماون ئێستاش چالاکن و به‌رده‌وامن له‌ خه‌بات.  ستیفن هاوکینگ(Stephen Hawking)، گه‌وره‌ترین فیزیکزانی جیهان دوای ئاینشتاین، که‌ ئێستا ته‌مه‌نی 70 ساڵه‌، هیچ به‌شێکی له‌شی بێجگه‌ له‌ مێشکی، کار ناکات. ئه‌و له‌ سه‌ر عه‌ره‌بانه‌ و چه‌رخی که‌مئه‌ندام داده‌نیشی، که‌چی به‌رده‌وام کار ده‌کات و تیۆری نوێ و هزری نوێ له‌ جیهان و بۆ مرۆڤایه‌تی په‌خش ده‌کاته‌وه‌. بوون و چالاکی ئه‌و زانایه‌، تیۆری "ئاوه‌ز(هۆش، عه‌قڵ)ی ساغ له‌ له‌شی ساغدایه" و تیۆری "ته‌مه‌ن و پیری و گه‌وره‌ساڵی"، به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و تیۆرییانه‌ دروست بووایه‌ن ده‌بوو هاوکینگ ده‌مێک بوو مردبا و له‌ په‌لوپۆ که‌وتبا یا ئه‌گه‌ر ئه‌و زانایه‌، له‌ کوردستان و وڵاتانی مانه‌ندی کوردستان بووایه‌، زۆر له‌مێژ بوو، خرابووه‌ خانه‌ی لاق له‌ لێوار گۆڕ و پیر و په‌ککه‌وته‌ و بێکه‌ڵک و سه‌قه‌ت و خودا ده‌زانی چی دیکه‌وه‌.                                                     
هاوینی 2008،، باوکم زۆر نه‌خۆش بوو. له‌گه‌ڵ کاک سه‌لاح و کاک سلێمانی برامدا، بردمان بۆ لای ئه‌و دۆکتۆره‌ی، که‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌مان و بۆ هه‌موو نه‌خۆشییه‌ک له‌ سلێمانی ڕووی تێده‌که‌ن. بێجگه‌ له‌ دۆکتۆر خۆی، دوو که‌سی دیکه‌ له‌ کلینیکی دۆکتۆردا کار ده‌که‌ن، یه‌کێکیان بلیتی ژماره‌ی نۆره‌ ده‌داته‌ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی دێنه‌ کلینیکه‌که‌ و ئه‌وێ دیکه‌ش له‌به‌ر ده‌رگای ژووری دۆکتۆره‌که‌دا دانیشتووه‌ و نه‌خۆشه‌کان دوو دوو سێ سێ و جاری وایش هه‌یه‌ چوار چوار ده‌کاته‌ ژووره‌وه‌. ئێمه‌ ژماره‌یه‌کمان وه‌رگرت و دانیشتین و چاوه‌نۆڕی نۆره‌ی خۆمان بووین. نه‌خۆش ده‌چوونه‌ ژوورێ و ده‌هاتنه‌ ده‌رێ و ئیدی ده‌نگه‌ده‌نگیش پڕ ئه‌و به‌رهه‌یوانه‌ بوو، که‌ نه‌خۆشه‌کانی لێ دانیشتبوون. یه‌کێک له‌ نه‌خۆشه‌کان له‌ کارمه‌ندی بلیت دابه‌شکه‌ری کلینیکه‌که‌ی پرسی، که‌ که‌ی نۆره‌ی دێت و ده‌یکه‌نه‌ ژووره‌وه‌. کابرای بلیت دابه‌شکه‌ر، که‌ لاوێکی بیست و دوو سێ ساڵیی بوو، سه‌یرێکی ژماره‌ بلیتی نه‌خۆشه‌که‌ی کرد و گوتی: "دوو نه‌خۆشی تر له‌ پێشته‌وه‌ن، ئه‌و پیاوه‌(ده‌ستی بۆ پیاوێک ڕاکێشا) ده‌چێته‌ ژوورێ و دوای ئه‌و ئه‌و پیره‌ژنه‌(ده‌ستی بۆ ژنێک ڕاکێشا) ده‌چیته‌ ژوورێ، دوای ئه‌و پیره‌ژنه‌ ئیتر نۆره‌ی تۆیه‌". ئه‌و ژنه‌ی ئه‌و پێی ده‌گوت پیره‌ژن، ژنێکی لادێی هه‌ژار بوو، که‌ ته‌مه‌نی هه‌رگیز له‌ 45 ساڵ تێپه‌ڕی نه‌کردبوو. که‌ نۆره‌ی ژنه‌که‌ هات و ژماره‌که‌ی بانگ کرا، کارمه‌ندی نه‌خۆشکردنه‌ژووره‌وه بۆ ژووری دۆکتۆر، که‌ له‌به‌ر ده‌رکه‌ی دۆکتۆردا دانیشتبوو، به‌ ده‌نگێکی بڵند قێڕاندی:"ده‌ هه‌سته‌ ده‌ی پیره‌ژن نۆه‌ره‌ی تۆیه‌". به‌ سه‌لاح و سلێمانی برامم گوت: ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌م ژنه‌ و ئه‌م کارمه‌ندانه‌ له‌ سوێد ده‌بوون و ئه‌م رووداو و قسانه‌ له‌وێ ده‌بوون، ئه‌و ژنه‌ که‌وشه‌کانی داده‌که‌ند و که‌رکوتێکی باشی ئه‌و دوو زه‌لامه‌ی ده‌کرد.‌                                                                                  
باسکردنی خه‌ڵک وه‌ک پیر یا په‌ککه‌وته‌ و که‌مئه‌ندام، فه‌رهه‌نگێکی گۆج و سه‌قه‌ت و ناڕاست و دزیوی خه‌ڵکی کورده‌. خه‌ڵک زۆر به‌ لایه‌وه‌ ئاساییه‌ به‌ شه‌ل بڵی شه‌ل و به‌ کوێر بڵێ کوێر و به‌ که‌ڕ بڵێ که‌ڕ و به‌ لاڵ بڵێ لال و به‌ شیت بڵێ شێت. خه‌ڵک زۆر به‌ لایه‌وه‌ ئاساییه‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ش بانگیان بکات، بێ ئه‌وه‌ی ناویان بهێنێت. جارێ به‌کاربردنی ئه‌و جۆره‌ ناووناتۆرانه‌ بۆ منداڵ و مێردمنداڵ، ئه‌وه‌ هه‌ر هیچ ڕیگرێک له‌ به‌رده‌میدا نییه‌. له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کورددا، ڕۆژانه‌ وشه‌گه‌لی سه‌رزل، خوێڕی، کوێری، شه‌لی، لاڵی، که‌ڕی، شیتی، مردوو، لووته، چڵمن، لیکن، مشکه‌، گوله‌، خێله‌، که‌ره‌‌ و...ده‌یانی دیکه‌ت به‌رگوێ ده‌که‌ون، که‌ به‌ خه‌ڵک ده‌گوترێن و بۆ بانگکردنی خه‌ڵک به‌کار ده‌برێن. وه‌ها نه‌ریتێک، ڕه‌وتارێک، خوویه‌ک، گوتارێکی ڕووخێنه‌ر و ئه‌ژنۆشکێنه‌ و سووکنۆڕین و شکاندنه‌وه‌ی مرۆڤه‌. ناوهێنانی خه‌ڵک و باسکردنیشیان وه‌ک پیر، هه‌رگیز هیچی له‌ ناوهێنان و باسکردنیان وه‌ک شه‌ل و کوێر و لاڵ و سه‌رزل و لووتفش و ئه‌وانه‌ که‌متر نییه‌ و کارێک نییه‌، که دڵی مرۆڤ خۆش کات، به‌ڵکه‌ مرۆڤ ده‌ڕووخێنێت.                                                                                   
20/11/2011


[1] ره‌خنه‌ی چاودێر، ژماره‌(285)، 24/10/2011. ڕێنووسی نووسینه‌که‌ی مامۆستا (نه‌جات نووری)م، هه‌رچه‌نده‌ پێ هه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ک خۆی گواستوومه‌ته‌وه‌.                                                                                                    ‌
[2] به‌شێکه‌ له‌ پارچه‌ شیعرێکی مامۆستا هیمنی موکریانی له‌ ژێر ناوی "بناری هه‌ڵگورد"دا، من ته‌نێ جێناو(پاشگر)ه‌ تاکه‌ که‌سه‌ یه‌که‌مه‌کانم گۆڕیوه‌ بۆ جێناو(پاشگری)ی تاکی که‌سی سێیه‌م بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ مامۆستا جه‌لیل کاکه‌وه‌یسدا. بنۆڕه‌: دیوانی هێمن موکریانی، پێشه‌کی و پێداچوونه‌وه‌: س. چ. هێرش، چاپی یه‌که‌م، کتێبفرۆشی ئه‌رزان، سوێد 2003، ل 254.                                                                                                                        

Sunday, October 23, 2011

قه‌ززافی: پیاوێک له‌ خه‌ون و خه‌یاڵ و بڕێک فشه‌

قه‌ززافی: پیاوێک له‌ خه‌ون و خه‌یاڵ و بڕێک فشه‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ده‌ دوانزده‌ ڕۆژێک ده‌بوو تازه‌کی له‌ کوردستان و ئێران و سوریاوه‌، گه‌یشتبوومه سوێد. نه‌ورۆزی به‌سه‌ردا هات، نه‌ورۆزی ساڵی 1981. به‌شێک له‌ کوردانی شاری ستۆکهۆڵم، ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ورۆزیان له‌ یه‌کێک له‌ هۆڵه‌کانی شاری ستۆکهۆڵم، ساز کرد. جه‌ژنی نه‌ورۆز، که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا هی کورد و سه‌رکه‌وتنی کورد نییه، به‌ڵکه‌ هی فارس و سه‌رکه‌وتنی فارس و دۆڕانی کورده‌‌، له‌ کن کورد بوو بووه‌ جه‌ژنێکی حیزبی و هه‌ر حیزبه‌و به‌ جودا بۆ خۆی و هه‌وادارانی، جێژنیان ده‌گێڕا، پێموابێ ئێستاش هه‌روایه‌. دیاره‌ من بۆ خۆم هه‌ر له‌ کۆتایی ساڵانی 1980کانه‌وه‌، ئیدی بۆ ئه‌و جۆره‌ ئاهه‌نگ و به‌زمه‌ کوردییانه‌ نه‌چووم. ئه‌و کاته‌، زۆرینه‌ی کوردانی شاری ستۆکهۆڵم له‌ هۆڵێکدا جێگه‌یان ده‌بووه‌وه‌. دوای گوتاری به‌خێرهێنان و سه‌رپه‌رشتکارانی ئاهه‌نگه‌که‌، سه‌فیری لیبیا، هاته‌ سه‌ر سه‌کۆکه‌ و گوتاری لیبیای خوێنده‌وه‌. به‌ ده‌نگێکی یه‌کجار بڵند، پیرۆزبایی گه‌لی لیبیا و ڕێبه‌ری لیبیا، موعه‌ممه‌ر ئه‌لقه‌ززافی و سڵاوی وی، به‌ گه‌لی کوردستان و سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسی کورد گه‌یاند و خۆش خۆش له‌بری "الشعب الکردي" گه‌لی کورد، ده‌یگوت "الأمة الکردیة" و "الأمة الکردستانیة"، واته‌: نه‌ته‌وه‌ی‌/ئوممه‌تی کورد و نه‌ته‌وه‌ی/ئوممه‌تی کوردستانی و گوته‌کانی قه‌ززافی له‌مه‌ڕ مافی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان، چه‌ند پاته‌ کرده‌وه‌. ئه‌و گوتانه‌ بۆ ئه‌و کاته‌ گه‌لێک زۆر بوون. هیچ یه‌کێک له‌و حیزبه‌ سیاسییانه‌ی کوردستان، بێجگه‌ له‌ پاسۆک، ئه‌و قسانه‌یان نه‌ده‌کرد و نه‌یانده‌وێرا له‌ مێشکی خۆیانیشدا وه‌ها بیرێک بکه‌نه‌وه‌. قه‌ززافی، ئه‌وده‌م تاکه‌ سه‌رکرده‌یه‌ک بوو له‌ جیهاندا، باسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و کورد و ده‌وڵه‌تی کوردستان بکات. ئه‌وده‌م قه‌ززافی له‌ دڵی خه‌ڵکی کورددا، خۆشه‌ویست بوو.                                                              
*****
یه‌ک دوو ساڵێک دوای ئه‌و نه‌ورۆزه‌، له‌ خولێکی فێربوونی زمانی سوێدی، لاوێکی خه‌ڵکی لیبیام له‌گه‌ڵدا بوو. به‌ عه‌ره‌بی پێکه‌وه قسه‌مان ده‌کرد. ئه‌و باسی ڕێژیمی لیبیا و قه‌ززافی، زۆر خراپ ده‌کرد و قه‌ززافی به‌ دیکتاتۆر و مرۆڤکوژ و لیبیای به‌ زیندان و پێشێلکه‌ری مافی مرۆڤ داده‌نا و منیش، هه‌روا له‌ خۆمه‌وه‌ قه‌ززافیم به‌ شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست، داده‌نا و خۆشم ده‌ویست و داکۆکیم لێ ده‌کرد. لاوه‌ لیبییه‌که، هه‌موو جارێک‌ ده‌یگوت:" تۆ له‌ عیراقه‌وه‌ هاتووی، خۆ سه‌ددام حوسه‌ین پیاوێکی شۆڕشگێڕه‌ و سۆسیالیسته‌، تۆ بۆ به‌ خراپ و دیکتاتۆری ده‌زانیت!". منیش ده‌مگوت:"ده‌ی سه‌ددام حوسه‌ین، نه‌ شۆڕشگێڕه‌ و نه‌ سۆسیالیسته‌، به‌ڵکه‌ دیکتاتۆر و مرۆڤکوژه‌". ئه‌و ده‌یگوت:"خۆ تۆ خه‌ڵکی لیبیا نیت، من خه‌ڵکی لیبیام و من له‌ تۆ باشتر، قه‌ززافی و ڕێژیمه‌که‌ی ده‌ناسم و وه‌ک چۆن تۆ له‌ ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین هه‌ڵاتووی، منیش هه‌ر به‌و جۆره‌، له‌ ڕێژیمی قه‌ززافی هه‌ڵاتووم". ئیدی منیش به‌ گوێره‌ی تیۆری: خه‌ڵکی مه‌ککه‌ شاره‌زاتری شیوه‌کانین"أهل مکة أدری بشعابها"، قسه‌که‌ییم به‌ لاوه‌ په‌سه‌ند بوو، هه‌ر بۆیه‌، پایدۆسم لێ کرد و کۆڵم دا. 

*****
قه‌ززافی، نه‌ک هه‌ر باسی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستانی ده‌کرد، ته‌واوی حیزبه‌ کوردستانییه‌کانیشی بانگهێشتی لیبیا ده‌کرد و له‌گه‌ڵیان کۆ ده‌بووه‌وه‌ و به‌رده‌وام گیرفانیانی پڕ له‌ پاره‌ ده‌کرد و کۆمه‌کی پێ ده‌کردن. کاک ئازاد مسته‌فای سکرتێری پاسۆک، یادی به‌خێر، باسی چوونی سه‌رانی حیزبه‌ کوردییه‌کانی باشووری کوردستانی بۆ ته‌رابولسی پێته‌ختی لیبیا و وه‌رگرتنی پاره‌وپووڵ و کۆمه‌کی قه‌ززافی چه‌ندین جار بۆ گێڕابوومه‌وه‌. سه‌رانی کورد "کتێبی سه‌وز"ی قه‌ززافیشیان، بۆ پاره‌ کرده‌ کوردی.                                 
*****
دوای ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ستی حیزبه‌ کوردییه‌کانی باشووری کوردستان، سه‌رانی کورد به‌ قه‌ززافییان ده‌گوت"برای سه‌رکرده‌ موعه‌ممه‌ر قه‌ززافی"، که‌ وه‌رگێڕانی"الأخ القائد معمر القذافي"ی عه‌ره‌بی بوو. سه‌رانی کورد یه‌ک حه‌مکه‌ سه‌رسامبوون به‌ قه‌ززافی، هه‌ربۆیه‌ باخچه‌ و هۆڵ و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌یان به‌ ناوی"برای سه‌رکرده‌ مه‌عه‌ممه‌ر قه‌ززافی"یه‌وه‌ ناو نابوو، له‌ سلێمانی باخچه‌یه‌ک به‌و ناوه‌وه‌ هه‌بوو. وه‌ک وه‌فایه‌کیش سه‌رانی کورد ده‌چوونه‌ سه‌ردانی لیبیا و قه‌ززافی. که‌ ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین له‌ 2003دا، نه‌ک له‌ لایه‌ن عه‌ره‌ب یا کورد یا عیراقییانه‌وه‌، به‌ڵکه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌، ڕووخێنرا، قه‌ززافی به‌ شۆخییه‌وه‌ به‌ کوردی گوت، زۆریش ڕاستگۆ بوو له‌و قسه‌یه‌یدا، که‌ کورد ده‌ستیان له‌ بنی هه‌نبانه‌که‌وه‌ ده‌رچووه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی، که‌ زۆرترین پاره‌ی له‌ قه‌ززافی وه‌رده‌گرت و که‌ خه‌ڵکانی نێزیکی ئه‌و، کتێبه‌ که‌سکه‌که‌ی قه‌ززافیان کرده‌ کوردی، یه‌که‌م که‌س بوو، به‌رپه‌رچی قسه‌کانی قه‌ززافی دایه‌وه‌، وه‌ک بڵێی قه‌ززافی کوفری کردبێت یا درۆی کردبێ، چونکه‌ تاڵه‌بانی و بارزانی و هه‌موو سه‌رانی کورد، له‌بری گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک و ته‌واوی خاکی باشووری کوردستان و دروستکردنی ماڵه‌ وێرانه‌که‌ی خۆیان، خجڵی بنیاتنانه‌وه‌ و دروستکردنه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ی ئێسکوپروسکی لێکترازاو و هه‌ڵوه‌شاوه‌ و زیندووکردنه‌وه‌ی "عیراقی هیوا و ئاشتی" بوون و خه‌رێکی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق بوون. قه‌ززافی، له‌ بنی هه‌نبانه‌که‌ی دا و بوێرانه‌ ئه‌و  قسه‌یه‌ی کرد.
*****
گۆڤاری ئه‌نارکیستیی(Anarkistisk tidskrift)، که‌ له‌ لایه‌ن فێدراسیۆنی ئه‌نارکیستانه‌وه‌ له‌ سوێد ده‌رده‌چوو، ژماره‌ 6 – 7 ی ساڵی 1992ی، که‌ دوو ژماره‌ی گۆڤاره‌که‌ بوون، لێ له‌ یه‌ک به‌رگدا، تایبه‌ت بوو به‌ باس و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌مه‌ڕ موعه‌ممه‌ر قه‌ززافی و کتێبه‌ که‌سکه‌که‌ی و دید و هزری وی و ئه‌زموونی شۆڕشی لیبیا، کۆمه‌ڵێک گوتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری ئه‌نارکیست(شۆڕشگێز و سۆسیالیست)ه‌وه‌، له‌خۆگرتبوو. ئه‌و نووسه‌رانه‌، گه‌لێک بابه‌تیانه‌ و فره‌ وردبینانه‌، قه‌ززافیزمیان لێکدابووه‌وه‌ و شیکردبووه‌وه‌ و زۆریش به‌ بایه‌خ و ڕێزه‌وه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ و هزری قه‌ززافییان نرخاندبوو و هه‌ڵسه‌نگاندبوو و به‌ هه‌ندیان وه‌رگرتبوو.
‌بیروباوه‌ڕی قه‌ززافی و تیۆرییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌نارکیزمدا، له‌ چه‌ند خاڵێکدا یه‌کیان ده‌گرته‌وه‌:                                                                                
 قه‌ززافی، پێیوابوو دیموکراتی به‌ هۆی سندووقی ده‌نگدانه‌وه‌، نایه‌ته‌ دی.         
قه‌ززافی پێیوابوو په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردن، گاڵته‌جاڕییه‌ و پیکه‌نینه‌ به‌ ڕدێنی خه‌ڵک و پێیوابوو خواردنی مافی 49%ی خه‌ڵکه‌ دۆڕاوه‌که‌یه‌ له‌ لایه‌ن 51%ه‌که‌وه‌، که‌ به‌ره‌نده‌ن.                                                                                
قه‌ززافی، بڕوای به‌ حیزب نه‌بوو و فشه‌ی به‌ حیزبایه‌تی ده‌هات.                  
قه‌ززافی، باوه‌ڕی به‌ دیموکراتی لیبراڵی نه‌بوو، به‌ڵکه‌ باوه‌ڕی به‌ دیموکراتی ڕاسته‌وخۆ و ده‌نگدانی ڕاسته‌وخۆ و ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی ڕاسته‌وخۆی گه‌ل بوو، بێ میانگه‌ر و له‌ ڕێگه‌ی کۆمیته‌ گه‌لێره‌کانه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ لیبیاشی ناونابوو"جه‌ماوه‌ری..."نه‌ک کۆمار.                                                     
کتێبه‌که‌سکه‌که‌ی قه‌ززافی، کۆمه‌ڵێک بیر و بۆچوونی تێکه‌ڵکراو بوو له‌ ئایینی ئیسلام و سۆسیالیزم و ئه‌نارکیزم و ئایدیالیزم و یۆتۆپیا و بڕێکیش ترۆتسکیزم و دیدێک و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ک بوو بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی خۆشگوزه‌ران و خه‌ڵکێکی ئازاد و یه‌کسان و ژێنگه‌یه‌کی خاوێن و جیهانێک بۆ هه‌مووان.                                                                                           
ئه‌نارکیستانیش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان کۆمێته‌ی کارگێڕی گه‌لێر، کاروباری گوند و شار وگه‌ڕه‌ک و کارگه‌ و کۆمه‌ڵگه‌کان، جێبه‌جێ بکات، که‌ ئه‌وه‌ بۆ خۆی بیرۆکه‌یه‌کی شوورائاسایه‌. ئه‌نارکیستانیش، پێیانوایه‌، سندووقی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان و حیزب و هه‌موو ئه‌و تیۆری و باس و چوارچێوانه‌، گاڵته‌جاڕین و خه‌نینن به‌ خه‌ڵک و خۆڵ له‌چاوکردن و فریودانی مرۆڤن و قسه‌ی قۆڕن،  له‌ لایه‌ن سه‌رمایه‌دارییه‌ و وازیگه‌لێکن سه‌رمایه‌داران و سه‌رمایه‌داری، بۆ هه‌ڵپه‌ڕاندن و ڕووتاندنه‌وه‌ی زیاتر و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵک، سازی ده‌که‌ن.     
*****
ته‌نێ کورد نه‌بوون، که‌ قه‌ززافی پشتی ده‌گرتن و کۆمه‌کی پێ ده‌کردن. هه‌موو بزاڤه‌ دژ به‌ ئیمپریالیزمه‌کانی جیهان و شۆڕشگێڕانی جیهان، که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاواوه‌، به‌ بزاڤگه‌لێکی ناجۆر و مرۆڤکوژ و تێرۆریست، سه‌یر ده‌کران، له‌کن‌ قه‌ززافی، میوان ده‌بوون و پێشوازی ده‌کران و یارمه‌تی ده‌دران. ڕێکخراوه‌ ڕزگاریخوازه‌کانی فلستین، له‌شکری کۆماریی ئایرلاندی، له‌شکری سووری ژاپۆنی، کارلۆس شه‌کاڵ(Ilich Ramrez Sánches /Carlos Schakal)، نێلسۆن ماندێلا، ڕۆبه‌رت مۆگابی، دانیال ئۆرتێگا، هیوگۆ چافێز، پۆلیساریۆ، بزاڤی ڕزگاریخوازی باشووری سوودان، ته‌واوی بزاڤه‌ چه‌پ و سۆسیالیست و گه‌لێر و ڕادیکاڵ و دیموکراتییه‌کانی جیهان، کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ جه‌نگیدا دژ به‌ ڕێژیمی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین و زۆری تر. نه‌یارانی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا، دۆستی قه‌ززافی بوون و سه‌ردانی لیبیایان ده‌کرد. ئه‌وان و خه‌ڵکانێکی شۆڕشگێڕ، قه‌ززافییان پێ سۆسیالیست بوو. ئه‌مه‌ریکا و رۆژاوا، به‌ سیاسه‌تی قه‌ززافی تێکده‌چوون و قه‌ززافییان به‌ شێت ده‌زانی و کۆڵێک په‌ستبوون له‌وه‌ی ماندێلا سه‌ردانی قه‌ززافی و لیبیا بکات، به‌ڵام ماندێلا له‌ وه‌ڵامی ئه‌واندا گوتی:"کاتێک ئه‌م پیاوه‌ کۆمه‌کی به‌ ئێمه‌ ده‌کرد، ئێوه‌ کۆمه‌کتان به‌ نه‌یارانی ئێمه‌ ده‌کرد". ماندێلا وه‌ک وه‌فایه‌ک بۆ ڕۆژانی ته‌نگانه‌ی گه‌له‌که‌ی و پیاوه‌تی قه‌ززافی له‌گه‌ڵیاندا، وه‌ک جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌رانی کوردی نه‌کرد، که ئه‌گه‌ر پێیان کرابا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، پێی گوتوون، کورد له‌ شاییه‌که‌ به‌ نۆکێک هاته‌ ده‌رێ، به‌ر شه‌قیان ده‌دا. ماندێلا، گوێی به‌ ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی هاوپه‌یمانی نه‌دا و چووه‌ دیده‌نیی قه‌ززافی و میوانی وی بوو.
 ‌ *****
شۆڕشگێڕه‌کان زۆر جاران شێتن یا شێتانه‌ ڕه‌وتار ده‌که‌ن، مرۆڤی شێتیش راستگۆیه‌ و مرۆڤی ڕاستگۆیش، له‌سه‌ر داکۆکی له‌ ڕاستگۆیی، زۆر جاران تووڕه‌یه. ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک قسه‌ و هه‌ندێک بیروڕا و هه‌ندێک شێوه‌ و هه‌ندێک ‌ڕه‌وتاری وه‌ها که‌سانێک، گه‌لێ جار، نامۆ و سه‌یروسه‌مه‌ره‌، بێنه‌ به‌رچاو و جێی سه‌رنج بن و له‌لایه‌ن خه‌ڵکانێکه‌وه‌، که‌ هه‌موو شتێک ده‌خه‌نه‌ چوارچێوه‌ و قاڵبه‌وه‌، نه‌یه‌نه‌ قه‌بووڵکردن. قه‌ززافی، له‌و جۆره‌ که‌سانه‌ بوو. شێوه‌ی قژه‌ درێژ و بژ و لووله‌که‌ی، پۆشاکه‌ ڕه‌نگڕه‌نگه‌ ئه‌فریقاییه‌کانی، چاویلکه‌ ڕه‌شه‌که‌ی، ڕه‌شماڵ و ده‌وار و پاسه‌وانه‌ مێینه‌کانی. شێوه‌ی ئاخافتنی و گاڵته‌کردنی به‌ کۆمه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تان(UN) و به‌ کۆمکاری عه‌ره‌بی و داواکردنی بۆ گۆڕینی ناوی ئیسرائیل بۆ ئیسراتین(ئیسرا + تین)، وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی هاوبه‌ش بۆ ئیسرائیل و فلستین و سیگارکێشانی و دووکه‌ڵکردنه‌ ده‌م و سه‌ر و چاوی شافه‌هددا، له‌ کۆنگره‌یه‌کی لووتکه‌ی عه‌ره‌بیدا و قسه‌له‌ڕوویی و ده‌سبه‌جێی و هه‌ندێ جاریش فشه‌کردنی و...زۆری دیکه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ بۆ سیاسه‌تکاره‌ چوارچێوه‌یی و قاڵبییه‌کان، قووت نه‌ده‌درا و به‌ خێسه‌وه‌ لێیان ده‌نۆڕی.
*****
قه‌ززافی، که‌ له‌ 1969دا، به‌ کوودێتایه‌کی سه‌ربازی، ڕێژیمی پاشایه‌تی لیبیای گۆڕی و کردی به‌ کۆماری. وه‌ک که‌سێکی سه‌رسام به‌ جه‌مال عه‌بدونناسر و بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و سۆسیالیزم، که‌وته‌ وه‌ده‌رنانی ته‌واوی بنکه‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌مه‌ریکی و بریتانییه‌کان، که‌ له‌ لیبیا بوون و ده‌ستی به‌ سه‌ر نه‌فتی وڵاته‌که‌یدا گرت و لیبیای له‌ کۆمپانیا بیانییه‌کان ڕزگار کرد. هه‌موو ئه‌و کرده‌وانه‌ و ئه‌و کۆمه‌کانه‌ی به‌ بزاڤ و خه‌ڵکانی شۆڕشگێڕی جیهان ده‌یکرد   و داڵده‌دانیان، دژ به‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا بوون، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وان، قه‌ززافییان خسته‌ خانه‌ی تێرۆریزم و نه‌یارانی خۆیانه‌وه‌.
*****
دوو ئه‌ندازیارم دیتن، یه‌کێکیان له‌ ئاماده‌یی پێکه‌وه‌ خوێندوومانه‌ و ئێستاکه‌ ئه‌ندازیاری بیناسازی و ڕێگه‌ و پرد و ئاوه‌، ئه‌وی دیکه‌شیان ئه‌ندازیاری نه‌فته‌، هه‌ریه‌که‌یان ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک له‌ لیبیا ژیابوون، ده‌یانگوت، قه‌ززافی زۆری بۆ خه‌ڵکی لیبیا کردووه‌ و پێیان سه‌یر بوو خه‌ڵک له‌ دژی ڕاده‌بن!
*****
قه‌ززافی، له‌ خۆراک و ژیانیدا پیاوێکی ساکار بوو و وه‌ک بیروبۆچوون و تیۆری و جیهانبینیش، پیاوێکی وشک و له‌قاڵبدراو نه‌بوو. ئه‌و پتر خه‌یاڵاوی بوو و خه‌ونی زۆریشی ده‌بینی. ده‌سه‌ڵات، خاوێنترین و خه‌یاڵاویترین و خه‌ونبینترین مرۆڤ، له‌خشته‌ ده‌بات و ده‌ستی ده‌کاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاره‌زووی خۆی، ڕه‌وتار بکا و بدزێ و ببڕێ و بکوژێ و سامان خڕکاته‌وه‌ و خه‌ڵک سه‌رکوت و ده‌مکوت کا و بچه‌وسێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی بوو به‌ ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌ستیڕۆیشت ئیدی خۆی له‌بیر ده‌کات و پێیوایه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی تا بوون هه‌یه‌ ده‌مێنێت، بۆیه‌ له‌ هیچ شتێک ده‌ست ناپارێزێت، به‌ تایبه‌تی له‌ خراپه‌کاری. به‌ کوردییه‌که‌ی: ئه‌وه‌ی ده‌ستی بڕوات خودای خۆی ناناسێت. قه‌ززافیش، ده‌سه‌ڵاتدار بوو و خاوه‌نی سامان و ده‌وڵه‌ت و هێز و هه‌موو ئه‌وانه‌ بوو، ئه‌ویش خلیسکا و خۆی لێ بایی بوو و که‌وته‌ وێزه‌ی خه‌ڵک. ئه‌ویش هه‌موو لیبیای کرده‌ زیندانێکی گه‌وره‌ و به‌رین و هه‌موو گه‌لی لیبیای بۆ په‌رستنی خۆی بارده‌هێنا و په‌روه‌رده‌ ده‌کرد و که‌سی له‌ خۆ به‌ولاوه‌ به‌ ڕاست نه‌ده‌زانی و ده‌ستی کوڕ و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی خۆی و ئه‌وانه‌ی به‌ سه‌ری وی سوێندیان ده‌خوارد، واڵا کردبوو بۆ گیانی گه‌لی لیبیا و خڕکردنه‌وه‌ و داگیرکردنی سامانی وڵات.
*****
20/10/2011، له‌ زێدی خۆی(سیرت)، قه‌ززافی به‌ شێوازێکی گه‌لێک دڕندانه‌ و نامرۆڤانه‌ و به‌ برینداری و یه‌خسیری،کوژرا. قه‌ززافی به‌ زیندوویی گیرا، به‌ڵام ده‌سبه‌جێ کوژرا. کوشتنی قه‌ززافیش، که‌ هه‌رگیز هه‌روا و هه‌ڕه‌مه‌کی نه‌بوو، وه‌ک کوشتنی بین لادن و کوشتنی سه‌ددام حوسه‌ین بوو. زلهێزه‌کان و ده‌سگا سیخوڕییه‌کان و وڵاته‌کانیان، نایانه‌وێت که‌سانێک وه‌ک ئه‌مانه،‌ دوای دۆڕانی ده‌سه‌ڵاتیان، له‌ به‌رده‌م دادگه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ و دادپه‌روه‌ردا، بێنه‌ گۆ و بێنه‌ زمان و قسه‌ی خۆیان بکه‌ن و نهێنییه‌کان بدرکێنن. زلهێزه‌کان، نایانه‌وێ نهینییه‌کانی خۆیان ده‌رکه‌ون. هه‌ر له‌ دوای 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌‌، که‌ ئیدی بووشی کوڕ، جیهانی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا به‌شییه‌وه‌، هیچ که‌سێکی نه‌یاری ئه‌مه‌ریکا، که‌ له‌ سیاسه‌تدا نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاوی هه‌بێ و نهێنی له‌کن بێ، ناهێڵڕێته‌وه‌ و ده‌سبه‌جێ له‌نێو ده‌برێ، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌م نه‌کاته‌وه‌ و هه‌موو شتێک له‌گه‌ڵ لاشه‌که‌یدا وه‌ژێر گڵ که‌وێت. کوشتنی خێرای ئه‌و که‌سانه‌، شاردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک نهێنییه‌ و له‌گۆڕنانی چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکه‌ بۆ ده‌رکه‌وتنی ڕاستییه‌کان.
*****
 من، هه‌رگیز دیکتاتۆر و چه‌وسێنه‌ر و سه‌رکوتکه‌ر و سته‌مکارم خۆش نه‌ویستووه‌ و خۆش ناوێت و ده‌شزانم قه‌ززافیش یه‌کێک بوو له‌وان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو فشه‌ و له‌خۆباییبوون و بڕێک ڕه‌وتار و گوتاری سه‌یرو‌سه‌مه‌ره‌شیدا، هه‌رگیز نه‌ ڕقم لێی ده‌بووه‌وه‌ و نه‌ش ڕقم لێی ده‌بێته‌وه‌. فره‌جاریش وه‌ک مرۆڤێکی خودان خه‌ون و خودان هه‌ڵوێست ته‌ماشام ده‌کرد. ئه‌وانه‌ی دژی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا و ئیمپریالیزم و سه‌رمایه‌دارین، هه‌میشه‌ مۆری شێتی و سه‌ره‌ڕوویی و تێرۆریزم و دواکه‌توویی و دژه‌مرۆڤی و دڕنده‌یی و خراپه‌کارییان، له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌، پێوه‌ ده‌نرێ و ‌ هه‌رگیز لێیان نابێته‌وه‌، تا سه‌ریان ده‌خۆن. قه‌ززافیش یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی، که‌ وه‌به‌ر نه‌فره‌تی ئه‌و زلهێزانه‌ که‌وت. ئیمپریالیزمی جیهانی، ئه‌مه‌ریکا، سه‌رمایه‌داری، به‌ وشه‌ی دیموکراتی، مافی مرۆڤ، ئازادی تاک، مافی ژنان، بازاڕی ئازاد و کۆمه‌ڵێک ده‌سته‌واژه‌ی بریقه‌دار و له‌سه‌رزمان خۆش، فریوی هه‌موو جیهان ده‌ده‌ن. ئه‌وان ئه‌و سیستم و بیرکردنه‌وه‌ و جیهانبینییه‌ و شێوه‌ ژیانه‌ی خۆیان، کردوونه‌ته‌ پێوه‌رێک، بۆ هه‌موو جیهان. تۆ، که‌ وه‌ک ئه‌وان نه‌ژیت و بیر نه‌که‌یته‌وه‌، ئیدی تۆ له‌ ده‌رێی بازنه‌که‌ی ئه‌وانیت و تۆ ناگۆنجێی له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ئه‌واندا. که‌ له‌ ده‌رێی ئه‌و بازنه‌یه‌ش بوویت و که‌ نه‌شگونجای له‌گه‌ڵ ره‌وتی ئه‌واندا و که‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌وان ده‌یڵین و ده‌یکه‌ن، پێت قووت نه‌درا و که‌ ڕه‌فزی ئه‌وانت کرد، ئیدی تۆ، تێرۆریست و شێت و مرۆڤکوژ و خراپه‌کار و ده‌رووننه‌خۆش و توندڕۆ و هه‌زارویه‌ک شتی بێفه‌ڕی دیکه‌یت. قه‌ززافیش، تا ده‌سه‌ڵات، تووشی سه‌رلێشێوان و شه‌واره‌ی نه‌کرد، یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی، له‌ده‌رێی گه‌ل، له‌ ده‌رێی بازنه‌که‌ی‌ ئه‌وان، ده‌یخوێند و ده‌یچڕی.
****
عیراق، پاش 14ی ته‌ممووزی 1958 و له‌نێوبردنی بنه‌ماڵه‌ی شافه‌یسه‌ڵی دووه‌م، خێری له‌ خۆی نه‌دی و تا ئه‌مڕۆ له‌ خراپه‌وه‌ به‌ره‌و خراپتر ڕۆیشتووه‌. دوای ڕووخاندنی سه‌ددام حوسه‌ینیش، ڕه‌وشی عیراق باشتر نه‌بوو، مادام زمانی بگره‌ و بکوژه‌ و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دی له‌ سیاسه‌تدا زاڵ بێت و مادام کارگه‌ی دروستکردنی دیکتاتۆر و مرۆڤکوژ و خراپه‌کار،  سروشی له‌ هزری ئیمپریالیزمی جیهانی و ئه‌مه‌ریکا بۆ بێت و مادام سه‌رمایه‌داری، هه‌ژاری و نادادی و سته‌م به‌سه‌ر زۆرینه‌ی مرۆڤی جیهاندا ببه‌شێته‌وه‌، به‌ نه‌مانی بین لادن و سه‌ددام حوسه‌ین و قه‌ززافی و خه‌ڵکی دیکه‌ش، جیهان، هه‌رگیز ئارامی و ئاسووده‌یی و داد، به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێت و ده‌رده‌کانی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی، کۆتاییان نایه‌ن. له‌و بروایه‌شدا نیم،‌ جیهانی پاش قه‌ززافی و بێ قه‌ززافی، گه‌لێک له‌وه‌ی پێشتر، ڕۆشنتر و ڕه‌نگینتر بێت.  

 23/10/2011

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...