Wednesday, November 10, 2010

دشداشه‌

  دشداشه‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

 

پۆشاک و جلوبه‌رگیش، وه‌ک ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و خۆراک و کشتوکاڵ و ده‌یان شتی دیکه‌، به‌شێکن له‌ فه‌رهه‌نگ. هه‌ر کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێک، جڤاکێک، گه‌لێک، نه‌ته‌وه‌یه‌ک، خه‌ڵکی ده‌ڤه‌رێک، خه‌ڵکی وڵاتێک، فه‌رهه‌نگێکی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ که‌ تا ڕاده‌یه‌ک له‌ فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکانێکی دیکه‌ جیاوازه‌، به‌ڵام بوونی فه‌رهه‌نگی‌ سه‌د له‌ سه‌د پاڵاوته‌ و ته‌نێ هینی خۆ و بۆ خۆ  و ده‌سپێکیشی هه‌ر له‌ کن خۆ بووبێت، بڕێک ده‌گمه‌نه‌. فه‌رهه‌نگه‌کان تێکه‌ڵ به‌ یه‌کدی بوونه‌ و ده‌بن و له‌ یه‌کدییان وه‌رگرتووه‌ و وه‌رده‌گرن و له‌نێو یه‌کدیدا تواونه‌وه‌ و ده‌توێنه‌وه‌. فه‌رهه‌نگ نامێنێت و فه‌رهه‌نگی نوێ په‌یدا ده‌بێت و شوێنی ده‌گرێته‌وه‌. هه‌رچی فه‌رهه‌نگی  مرۆڤی سه‌ر ئه‌م زه‌وینه‌یه،‌ هینی هه‌مووانه‌ و فه‌رهه‌نگه‌کان وه‌ک جۆگه‌ڵه‌ و ڕووبار ده‌ڕژێنه‌ زەریای فه‌رهه‌نگی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌.

 له‌م سه‌رده‌مه‌ تیژڕۆ و بێسنوور و کراوه‌یه‌ی ئه‌مڕۆدا، به‌ هۆی جیهانگه‌ری و ئامرازی پێوه‌نده‌ خێرا و زۆره‌کانه‌وه‌، خه‌ڵک له‌ هه‌موو قوژبنێکی ئه‌م جیهانه‌، به‌ خێراترین کات، پێکده‌گه‌ن و ئاگاداری هه‌موو شتێکی نوێ ده‌بن و زانیاری ده‌گۆڕنه‌وه. له‌نێو شه‌پۆله‌فه‌رهه‌نگی خۆراوادا، گه‌لێ شتی باش و به‌ که‌ڵک و سوودبه‌خش و به‌هێز هه‌ن‌، که‌ ده‌بنه‌ هۆی پێشڤه‌چوون و نوێبوونه‌وه‌ و بته‌ویی فه‌رهه‌نگه‌ ژێرده‌سته‌کان. به‌شێک له‌و زانیارییانه‌ ده‌بنه‌ هۆی پێشخستنی هزری مرۆڤ و کرانه‌وه‌ی مێشک و فێربوون، لێ به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و شه‌پۆله‌ زانیارییه‌، ته‌نێ پۆخڵ و خاشاک و زبڵه‌فه‌رهه‌نگی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوای سه‌رمایه‌دارییه‌، که‌ ئه‌مڕۆ کلیلی سیاسه‌ت و ئابووری و فه‌رهه‌نگی هه‌موو جیهانیان له‌ به‌رکدایه‌ و ئه‌و شه‌پۆله‌ به‌ ناوی جیهانگه‌رییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنێت و ده‌یبات و ده‌یڕێژێته‌ نێو زه‌ریای وڵاتان و گه‌لانی به‌جێماوی جیهانه‌وه‌. پێچه‌وانه‌که‌یشی، واته‌ کاریگه‌ریی فه‌رهه‌نگی وڵاتان و گه‌لانی به‌جێماو، له‌وان، له‌ ڕۆژاوا، نه‌ هه‌یه‌ و نه‌ هه‌ستی پێده‌کرێت. فه‌رهه‌نگی زاڵی ئه‌وان(ڕۆژاوا) فه‌رهه‌نگێکه‌ جێ به‌ فه‌رهه‌نگی‌ خه‌ڵک و جڤاکه‌ لاوا‌زه‌کان له‌ق ده‌کات، فه‌رهه‌نگێکی خۆسه‌پێنه.

کورد ئه‌گه‌ر هه‌ندیک تایبه‌تمه‌ندیی خۆی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵکێک هه‌بووبێت و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ به‌شێک بن له‌و فه‌رهه‌نگه‌ی، که‌ هه‌یبووه‌، ئه‌مڕۆ خه‌ریکه‌ له‌ده‌ستی ده‌دات و ده‌یدۆڕێنێت. بێجگه‌ له‌ وه‌رگرتنی توێکڵه‌فه‌رهه‌نگ و پۆخڵه‌فه‌رهه‌نگی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا، هه‌رچی زبڵه‌فه‌رهه‌نگی تورکیا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ریشه‌، به‌ هۆی ڕاوەپارە و بازرگانی و بازاڕ و سه‌رمایه‌ و کاڵا و ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌، ڕووی له‌ کوردستان کردووه‌ و جێی خۆی له‌نێو جڤاکی کورددا کردووه‌ته‌وه‌‌. له‌ پاڵ ئه‌وانه‌یشدا، وا نێرگه‌له‌ و دشداشه‌ی عه‌ره‌بییش ڕوویان له‌ کوردستان کردووه.‌

له‌م به‌ینه‌دا و له‌ ژماره‌یه‌کی حه‌فته‌نامه‌ی ڕووداودا، نووسینێکم خوێنده‌وه، باس له‌ دیارده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی کراسی شۆڕ و درێژی عه‌ره‌بی(بە عەرەبی: دشداشة، قمیص)، له‌ هه‌ولێر و شوێنه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌کات و باسی ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ بازاڕی فرۆشی دشداشه‌ ڕوو له‌ زێده‌بوون و په‌ره‌سه‌ندنه.‌

ساڵی 1972 له‌ سه‌فه‌رێکمدا له‌ به‌غداوه‌ بۆ خانه‌قی، که‌ چه‌ند ڕۆژێک له‌وێ مامه‌وه‌ و ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ هاوڕێدا ده‌چووینه‌ پیاسه‌ی نێو شار. ڕۆژێکیان له‌ گه‌ڕه‌کی پاشاکۆپری و له‌ چایخانه‌یه‌ک، که‌ پێیانده‌گوت"چایخانه‌ی ئه‌بو شوکور" و ده‌که‌وته‌ سه‌ر جۆگه‌ئاوی"باڵاجۆ"، دیتم کابرایه‌ک به‌ عه‌گاڵ و چه‌تفه‌ و چاکه‌ت و که‌وای عه‌ره‌بییه‌وه‌ دانیشتووه‌. گوتیان ئه‌وه‌ "شیخ وه‌هابی تاڵه‌بانی" یه‌. ئه‌و له‌ سه‌رده‌می ڕێژیمی پاشایه‌تی عیراقدا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق بوو و وه‌کی دیکه‌ش یه‌کێک بوو له‌ سه‌رۆکه‌کانی هۆزی تاڵه‌بانی و خاوه‌ن موڵک و ده‌ره‌به‌گیش بوو. من ئه‌وه‌ یه‌که‌مجارم بوو چاوم به‌و پیاوه‌ بکه‌وێت. ئه‌و پیاوه‌، که‌ له‌ خانه‌قی بووایه‌، به‌ زۆری له‌و چایخانه‌یه‌ داده‌نیشت و هه‌میشه‌یش که‌وا و چاکه‌ت و عه‌گاڵ و چه‌تفه‌ی له‌به‌ردا بوو. عه‌گاڵێکی له‌سه‌ر چه‌تفه‌که‌وه‌ له‌سه‌رده‌نا، چوار گۆی زه‌ردی سورمه‌یی پرشه‌داری پێوه‌بوو، ڕێک وه‌ک ئه‌و عه‌گاڵه‌ بوو، که‌ شا سعوود کوڕی عه‌بدولعه‌زیزی ئال سعوود(1902– 1969) شای عه‌ره‌بستانی سعوودی له‌سه‌ری ده‌نا.

کۆتایی پاییزی ساڵ 1977 بۆ یه‌که‌مجار چووم بۆ دهۆک و لەوێیشەوە بۆ "سیمێل"، بۆ سه‌ردانی "سوعاد"ی خێزانم، که ئه‌وده‌می له‌ گوندی"قه‌سریه‌زدین"ی نێزیکی "سیمێل"‌، تازه‌ و بۆ یه‌که‌مجار وه‌ک مامۆستای سه‌ره‌تایی، ده‌ستی به‌کار کردبوو. له‌ "سیمێل"ه‌وه‌ ده‌بوو به‌ ماشێن بچووبام. منیش که‌ هاتمه‌ لای ئه‌و ماشێنانه‌ی بۆ قه‌سریه‌زدین ده‌چوون، دیتم چه‌ند لاندرۆڤه‌ر و پیکاپ و ئه‌وانه‌ ڕاوه‌ستاون و کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک، که‌ جلی عه‌ره‌بییان له‌به‌ره‌ و به‌ عه‌ره‌بی قسان ده‌که‌ن له‌ ده‌وروبه‌ری ماشێنه‌کانن. یه‌کێک له‌ شۆفێره‌کان ده‌سبه‌جێ لێی پرسیم بۆ کوێ ده‌ڕۆم. پێمگوت: بۆ قه‌سریه‌زدین. گوتی، وه‌ره‌ لای خۆم. دیتم لاندرۆڤه‌رێکی هه‌یه‌. ئیدی، که‌ نه‌فه‌ره‌کانی ته‌واو بوون، به‌ منی گوت، له‌ پێشه‌وه‌ لای خۆی دانیشم. ئه‌و عه‌گال و چه‌تفه‌ و جلکی عه‌ره‌بی له‌به‌ردا بوو و پێکه‌وه‌یش هه‌ر به‌ عه‌ره‌بی قسه‌مان ده‌کرد. دەستەیەک پرسیاری لێکردم: له‌ کوێوه‌ هاتووم و چ کاره‌م و بۆچی ده‌چم بۆ قه‌سریه‌زدین و چ ده‌که‌م له‌وێ و کێ له‌وێ ده‌ناسم و چه‌ند ده‌مێنمه‌وه و ئیدی هه‌موو ئه‌مانه کە لەو دەڤەرانەی لەمەڕ خۆمان دەبێ ئامادە بیت بۆ وەڵامدانەوەیان. هەر ئەوە مابوو داوای ناسنامە و جۆری خوێن و ئەوانەیشم لێ بکات ‌. منیش وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌کانیم دایه‌وه‌. دوای وه‌ڵامه‌کانی من، که‌ زانی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هاتووم و کوردم، گوتی: ئه‌ز ژی کوردم. منیش زۆرم پێ سه‌یر بوو و گوتم جا به‌و عه‌گاڵ و چه‌تفه‌ و کنجه‌ عه‌ره‌بییه‌تەوە، من چۆن بزانم تۆ کوردیت. ئیدی باسی خۆی کرد، که‌ پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوولدا سه‌رلق بووه‌ و دوای هه‌ره‌س، که‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئیدی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێزدی بووه‌، حوکوومه‌ت به‌ تۆبزی جلی عه‌ره‌بی له‌به‌ر کردوون و به‌ عه‌ره‌ب ناونووس کراون و گوتیشی که‌ ئه‌و هه‌ر کورده‌ و ڕقی له‌و جله‌ عه‌ره‌بییه‌ ده‌بێته‌وه‌ و ئاماده‌یشه‌ هه‌مدیس ببێته‌وه‌ پێشمه‌رگه.

له‌ یه‌کێک له‌م ساڵانه‌ی دواییه‌دا له‌ هه‌ولێر میوانی ماڵه‌ دۆستێک بووم. شه‌وێکی هاوین بوو و دانیشتبووین. زه‌نگێک بۆ دۆسته‌ خانه‌خوێکه‌م لێدرا و پاش که‌مێک ئۆتۆمبیلێک له‌به‌ر ماڵه‌که‌یاندا ڕاوه‌ستا و سێ کوڕی لاوی لێ دابه‌زین. هه‌رسێکیان دشداشه‌یان له‌به‌ردا بوو. به‌ شێوه‌ی قسه‌کردنیان دیار بوو خه‌ڵکی سلێمانین. بڕێک دانیشتن. دوای ماوه‌یه‌ک من لێم پرسین، چۆنه‌ وا دشداشه‌یان له‌به‌ردایه‌! هه‌رسێکیان باسی ئه‌وه‌یان کرد، که‌ حه‌زیان لێیه‌ و پێیانوایه‌ ئیسراحه‌ته‌ و فێنکه‌ و گوتیشیان، له‌ سلێمانییش له‌به‌ری ده‌که‌ن، نه‌ک هه‌ر له‌نێو ماڵدا یا بۆ خه‌وتن، به‌ڵکه ته‌نانه‌ت بۆ ده‌ره‌وه‌ و نێو شار و به‌ ڕۆژیش. ‌

له‌ هه‌مان ژماره‌ی ڕووداودا که‌ باسی دشداشه‌ هاتووه‌ته‌ گۆڕێ، وێنه‌یه‌کی "میر ته‌حسین به‌گی ئێزدی" بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، به‌ خۆ و به‌ عه‌گاڵه‌ زله‌که‌یه‌وه‌. تۆ ئه‌گه‌ر میر ته‌حسین به‌گ، که‌ سه‌رۆکی ئێزدییانی نه‌ک هه‌ر باشووری کوردستان، به‌ڵکه‌ هه‌موو کوردستان و جیهانه،‌ نه‌ناسیت، هه‌رگیز به‌و عه‌گاڵ و پۆشاکه‌ عه‌ره‌بییه‌یه‌وه‌، که‌ هه‌میشه‌ له‌به‌ری ده‌کات، نه‌ک هه‌ر نایناسییه‌وه،‌ به‌ڵکه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌رۆکهۆزێکی عه‌ره‌ب و خه‌ڵکی عه‌ره‌بستانی سعوودی و کووه‌یت و شه‌ممه‌ر عه‌ره‌‌بی ده‌شتایی و بێئاوانی عه‌ره‌ب ڕاوه‌ستێت، هه‌رگیز نازانی ئه‌و‌ کورده، هه‌ر به‌ عه‌ره‌بی ده‌زانی و له‌ عه‌ره‌بی جودا ناکه‌یه‌وه‌‌. میر ته‌حسین به‌گ، که‌ دێته‌ قسه‌یش خۆی پێ ڕه‌سه‌نترین کورده‌ و ڕه‌نگه‌ کوردی دیکه‌ به‌ زڕه‌کورد بژمێرێ. ‌

هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و گه‌لێک جلی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. تۆ به‌ هۆی جله‌وه‌، پێش زمان و ئاخاڤتن، ده‌توانیت که‌سێک بناسیته‌وه‌، خه‌ڵکی چ وڵاتێکه‌ و سه‌ر به‌ چ نه‌ته‌وه‌یه‌که‌. عه‌ره‌ب، هیندی، سیک(سیخ)، ئه‌فغانی، ئه‌فریقایی، ئیندیان، قه‌ره‌چ، کورد، ژنی موسوڵمان، سام، جوو‌ و.... سیخه‌کان، به‌ مێزه‌ره‌ گه‌وره‌کانیانه‌وه‌، که‌ پرچه‌ درێژه‌ نه‌ته‌راشراوه‌کانیان ده‌شارێته‌وه‌، ده‌ناسرێنه‌وه‌. جوو‌، به‌ کڵاوه‌ گچکه‌کانیان که‌ ته‌وقی سه‌ریان داده‌پۆشی یا ته‌پله‌ زل و پان و ڕدێنه‌ درێژ و پۆشاکه‌ ڕه‌شه‌کانیانه‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه.‌ پیاوه‌ ئایینه‌ییه‌ بووداییه‌کان، به‌ جله‌ پرته‌قاڵی ڕه‌نگ و شان و ملی ڕووتیانه‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌. ته‌نانه‌ت زۆرجاران ده‌یشتوانی بزانیت ئه‌و که‌سه‌ خه‌ڵکی چ ده‌ڤه‌رێکه‌، وه‌ک پۆشاکی پیاوانه‌ی کورد له‌ بادینان، هه‌ولێر، سلێمانی و گه‌رمیان، یا مێزه‌ر و شه‌ده‌ و مشکی و جامه‌دانی، مه‌هاباد، سلێمانی، کرماشان، بارزان، جزیره‌ و که‌رکووک یا که‌وا و سه‌ڵته‌ی گه‌رمیانی و ڕانه‌کی پانتۆڵ ئاسای بادینان و ڕانه‌کی باریکی هه‌ولێر و ده‌ڵپی سلێمانی.

چه‌ندین که‌سایه‌تی به‌ جله‌ میللی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیانه‌وه‌ ده‌ناسرانەوه‌ و ده‌ناسرێنه‌وه‌: یاسیر عه‌ره‌فات،  به‌ جله‌ سه‌وزه‌ سه‌ربازییه‌که‌ی و جامه‌دانی و عه‌گاڵه‌که‌یه‌وه‌. جامه‌دانییه‌که‌ی ئه‌و، که‌ فلستینییانه‌ بوو، بووبووه‌ نیشانه‌ و هێمایه‌ک بۆ فلستینییان و لایه‌نگرانیان له‌ هه‌موو جیهاندا و ئێستایش هه‌زاران خه‌ڵک له‌ سه‌ر و ملی خۆیانی ده‌ئاڵێنن. پاشاکانی عه‌ره‌بستانی سعوودی و میرنشینه‌ عه‌ره‌به‌کان، به‌ جله‌ عه‌ره‌بی و عه‌گاڵ و جه‌تفه‌ و دشداشه‌کانیانه‌وه‌‌. زۆرێک له‌ سه‌رۆکه‌ ئه‌فریقاییه‌کان و هیندوستانی و ئه‌فغانییان به‌ جله‌ میللییه‌کانی خۆیانه‌وه‌. مه‌سعوود بارزانی، به‌ ڕانه‌ک و چۆغه‌ خاکی و پێشمه‌رگانه‌که‌یه‌وه‌‌ و به‌ جامه‌دانییه‌ سووره‌که‌یه‌وه‌، هێمایه‌که ‌بۆ جلی کوردی. موعه‌ممه‌ر قه‌ززافی، به‌ پۆشاکه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگ و به‌رین و جوانه‌ ئه‌فریقاییه‌کانییه‌وه‌،  ‌نموونه‌یه‌کی پۆشاکی ئه‌فریقاییه‌.

  له‌ کتێبی "سۆسیۆلۆژیای شۆڕشێک"دا، فرانز فانۆن(1925 – 1961)، ڕه‌وانناس و فیلۆسۆفی جڤاکناسی فرانسی، که‌ شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز بوو و له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕانی جه‌زائیردا بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ و دژی فرانسه‌ی داگیرکه‌ر جه‌نگا، پێی وایه‌: "تایبه‌تمه‌ندییه هونه‌رییه‌کانی پۆشاک و نه‌ریتی جل و خۆڕازاندنه‌وه‌، له‌ هه‌موو شێوه‌کانی دیکه‌ پتر له‌به‌رچاوه‌ و شتێکه‌ له‌ هه‌موو جڤاکێکدا ده‌سبه‌جێ هه‌ستی پێ ده‌کرێت. مرۆڤ به‌ هۆی پۆشاکه‌وه‌ و به‌هۆی هونه‌ری چه‌ندپاته‌بوونی کنجی دیاریکراوی پیاوان و ژنانه‌وه‌، ده‌توانێت پانتاییه‌کی به‌رینی شارستانی و ده‌ڤه‌ری فه‌رهه‌نگی گه‌وره‌ پۆلێن بکات. به‌ هۆی پۆشاکه‌وه‌، پێش هه‌ر شتێکی دیکه‌، نموونه‌ی جڤاکه‌کان ده‌ناسرێنه‌وه‌. ئه‌و جله‌ی ژنان له‌ جیهانی عه‌ره‌بدا ده‌یپۆشن، شتێکه‌ بیانی ڕاسته‌وخۆ ده‌یبینن. ڕه‌نگه‌ مرۆڤ بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر نه‌زانێت، موسوڵمان به‌راز ناخۆن یا له‌ کاتی به‌ڕۆژووبوونیاندا نابێ سێکس بکه‌ن، به‌ڵام چارشێوی ژنان تا ڕاده‌یه‌ک جێگرتووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی گشتیش به‌سه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ی جڤاکی عه‌ره‌بی. به‌ چارشێو شته‌کان دیاری ده‌کرێن و ڕێک ده‌خرێن. ژنی جه‌زائیری له‌ چاوی خه‌ڵکی دیکه‌وه‌، ئه‌و ژنه‌یه،‌ که‌ له‌ پشتی چارشێوه‌وه‌ خۆی حه‌شار داوه‌". 

فرانز فانۆن، ده‌گێڕێته‌وه‌، که‌ چۆن سه‌رپۆش بووه‌ته‌ جه‌نگێکی مه‌زن، هێزه‌کانی داگیرکار فره‌ترین سامان و زۆرترین جۆری کار و نه‌خشه‌یان بۆ ته‌رخان کرد و هێزێکی یه‌کجار گه‌وره‌یشیان خسته‌گه‌ڕ تێیدا. ئه‌و جه‌نگه‌ تونده‌ له‌ نێوان ساڵانی 1930 و 1935 دا ده‌ستی پێ کرد. فانۆن ده‌ڵێ:"ئه‌وده‌مه به‌رپرسانی کارگێڕی فرانسه‌، که‌ له‌ جه‌زائیر بوون، پێیان ڕاسپێردرا، به‌ هه‌ر نرخێک ده‌بێ، ڕه‌سانه‌یه‌تی گه‌لی جه‌زائیر تێکشکێنن، بۆ ئه‌وه‌یش هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکیان پێ درابوو بۆ په‌رتکردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گشت شێوه‌کانی هه‌بوون، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ دوور یا نێزیک ڕوویه‌کی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی جه‌زائیرییان پێشان ده‌دا". ئیدی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌موو توانستێکیان خسته‌ گه‌ڕ دژی پۆشینی چارشێو، که‌ وه‌ک هێمای په‌یکه‌رێکی ژنی جه‌زائیری ته‌ماشا ده‌کرا. فانۆن ده‌ڵێ:"پسپۆرگه‌لێکی بواری ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ دانیشتووانه‌ ڕه‌سه‌نه‌کان و به‌رپرسانی کارگێڕییه‌ پێوه‌ندداره‌کان به‌ عه‌ره‌ب، هاوئاهه‌نگییه‌کیان له‌ نێوان کاره‌کانیاندا له‌سه‌ر بنه‌مای لێکۆڵینه‌وه‌کانی زانیارانی کۆمه‌ڵناس و زانیارانی ئاکار، ئه‌نجام دا". ئیدی به‌ گوێره‌ی ئه‌و ده‌ربڕینه‌ به‌ناووبانگه" با کار بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ژنانمان له‌گه‌ڵ بن، ئیدی هه‌موو گه‌لیش به‌ دوویاندا دێن".  به‌ گوێره‌ی فانۆن، کارگێڕییه‌ داگیرکاره‌که‌ توانی تیۆرییه‌کی سیاسی دیاریکراو دابنات، که‌ به‌مجۆره‌ بوو"ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌ توندوتۆڵی و یه‌کگرتوویی هه‌موو پارچه‌کانی و له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی به‌رخۆدان و به‌ره‌نگاریی جڤاکی جه‌زائیری بده‌ین، گه‌ره‌که‌ پێش هه‌ر شتێک ژنان به‌ لای خۆماندا ڕاکێشین و گه‌ره‌که‌ هه‌وڵده‌ین له‌ پشتی چارشێوه‌وه‌، که‌ خۆیان له‌ پشتییه‌وه‌ ده‌شێرنه‌وه و له‌ ماڵه‌کانیاندا، که‌ پیاوان ده‌یانشێرنه‌وه‌، بۆیان بگه‌ڕێین".  فانۆن، پێیوایه‌ له‌گه‌ڵ چڕکردنه‌وه‌ی هه‌وڵ و ته‌قه‌لای فرانسییانی داگیرکار بۆ داماڵینی چارشێوی ژنانی جه‌زائیر و له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنیان له‌و کاره‌دا به‌ قایلکردنی تاکه‌ ژنێکیش هه‌ستیان به‌ چێژ و سه‌رکه‌وتن ده‌کرد، چونکه‌ به‌و کاره‌یان، وا هه‌ستیان ده‌کرد، که‌ به‌ره‌به‌ره‌ و ورده‌ورده، به‌ داماڵینی چارشێو،‌ ژنانی جه‌زائیر ڕووت ده‌که‌نه‌وه‌ و له‌ ته‌واوی که‌سیه‌تی خۆی و فه‌رهه‌نگی خۆی و ئایینه‌که‌ی و ناسنامه‌که‌ی دووری ده‌خه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌یش هه‌ستی چێژێکی سێکسی لا ده‌ئافراندن[1].

ئه‌گه‌ر به‌کاربردنی ئه‌و هه‌موو وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ ئه‌وروپاییانه‌ له‌ میدیا و نووسین و قسه‌کردندا و لاساییکردنه‌وه‌ی خوو و ڕه‌وتاری ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکایی و تورک و خه‌ڵکانی دیکه‌، به‌ هۆی که‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌، ئه‌وروپاییاندان و ڕۆژاواییاندنی خه‌ڵکی کوردستان بێت، ئه‌وا دشداشه‌ و نێرگه‌له‌ و زنجیره‌ فیلمه‌ عه‌ره‌بییه‌کان، به‌شێکن له‌ پرۆسه‌ی نه‌گریسی عه‌ره‌باندنی کوردستان، که‌ کورد بۆ خۆی و به‌ ده‌ستی خۆی ئه‌نجامی ده‌دات. له‌گه‌ڵ فرۆشتنی هه‌ر دشداشه‌یه‌ک و هه‌ر نێرگه‌له‌یه‌کدا و له‌گه‌ڵ له‌به‌رکردنی هه‌ر دشداشه‌یه‌ک و کێشانی هه‌ر نێرگه‌له‌یه‌ک له‌ لایه‌ن کوردێکه‌وه‌، ڕێژه‌یه‌ک له‌ عه‌ره‌باندن، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو عه‌ره‌ب و عه‌ره‌باندنه‌ی که‌رکووک و مووسڵ و دیاله‌ و کووت، ده‌خرێته‌ سه‌ر خه‌رمانی‌ عه‌ره‌باندنی کوردستان و سڕینه‌وه‌ی شته‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کورد. 

   بڕوا ناکه‌م له‌ هیچ شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا، خه‌ڵکێک هه‌بن، هێنده‌ی کورد، له‌ پێناوی پاره‌ و گیرفان و ده‌وڵه‌مه‌ندبووندا، هه‌ڵپه‌یان بێت و ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ سازش و کار و شتێک بن، که‌ دژی ته‌واوی به‌رژه‌وه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و وڵات و فه‌رهه‌نگ و خاک و ئایین و هه‌موو شته‌کانی دیکه‌یشیان بێت، ئه‌وانه‌ی که‌ خۆیان بانگه‌شه‌ی‌ پیرۆزییان بۆ ده‌که‌ن. 

ئه‌گه‌ر ڕۆژێک له‌ ڕۆژان خه‌ڵاتێک دابنرێت بۆ خه‌ڵکێک، گه‌لێک یا نه‌ته‌وه‌یه‌کی لاساییکه‌ره‌وه‌ و سه‌رده‌قشکێن له‌ لاساییکردنه‌وه‌ و چاولێکه‌ریدا‌، ئه‌وا کورد یه‌که‌م خه‌ڵکێکن ده‌بنه‌ به‌ره‌نده‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌. ڕه‌نگه‌ خه‌ڵکی هێنده‌ی کورد چاولێکه‌ر، له‌م جیهانه‌دا که‌م یا ده‌گمه‌ن بن.  

 

10ی نۆڤەمبەری 2010



[1]  الشیخ، ممدوح، فرانز فانون إعتبر الحملة علی النقاب أثناء إحتلال الجزائر إنتهاکا جنسیا، جریدة الحیاة، 30 – 10 – 2010. هه‌روه‌ها بنۆڕه‌:  فانون، فرانز، سوسیولوجیا ثورة، ترجمة ذوقان قرقوط، بیروت، دارالطلیعة 1970. 

Thursday, October 7, 2010

سۆسیالیزم و به‌رتیل

سۆسیالیزم و به‌رتیل

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌و گه‌شته‌ی سۆڤیێتمدا له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌ک، ساڵی 1986، چه‌ند ڕۆژێکی له‌ یه‌ره‌ڤانی پێته‌ختی ئه‌رمه‌نستان بووین. ڕۆژێکی تووشی له‌رز و تایه‌کی زۆر ناحه‌ز هاتم و له‌ هوتێله‌که‌ لێیکه‌وتم و توانستی ئه‌وه‌م نه‌بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌کانمدا بچمه‌ سه‌ردانی ئه‌ملاو ئه‌ولا و جێگه‌ دێرین و شوێنه‌واران. هه‌ڤاڵانم بۆخۆیان چوون و ئه‌منیان به‌ ته‌نێ له‌ ژووری هوتێلی جێهێشت. کاک تیمووری خه‌لیل،کوردێکی ئه‌وێنده‌رێ بوو، زانیبووی من نه‌خۆشم و له‌ ژووره‌وه‌ جێماوم، ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆ په‌یدا بوو و گوتی:"ڕابه‌‌، کوڕۆ ڕابه‌، زوو کنجێ خۆ ل ‌به‌ر خۆ که‌، ئه‌ز ته‌ ببه‌م جه‌م دختۆری". ئه‌منیش، هه‌رچه‌ندی فره‌ بێهێز و که‌نه‌فت بووم، لێ وه‌ک شاگردێکی گوێڕایه‌ڵ به‌ قسه‌یم کرد و خۆم له‌به‌رکرد و وه‌دووی که‌وتم. که‌ له‌ هوتێل وه‌ده‌رکه‌وتین، سواری ماشێنه‌که‌ی بووین و به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ئاژۆت. ده‌رکه‌ی  ده‌ره‌وه‌ و حه‌وشه‌ی ‌نه‌خۆشخانه، که‌‌ ده‌رکه‌یه‌کی ئاسنینی قه‌به‌ و زه‌لام بوو، هه‌ر له‌ ده‌رکه‌ی زیندان و گرتنگه‌ و ئۆردوگا و کامپ و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ ده‌چوو و زه‌به‌لاحێکی ده‌رکه‌وان له‌وێ ڕاوه‌ستابوو و ده‌بووایه‌ ئه‌و ده‌رکه‌مان بۆ بکاته‌وه‌، بۆ وه‌ی وه‌ژوورکه‌وین، به‌ڵام نه‌یکرده‌وه‌ تا له‌ته‌ک کاک تیمووردا هه‌ندێکیان به‌ ڕووسی قسان کرد و ئیدی ده‌رکه‌ی بۆ کردینه‌وه‌ و به‌ ماشینه‌وه‌ وه‌ژوورکه‌وتین. له‌ ژوورێکی چاوه‌ڕوانکردندا من دانیشتم و کاک تیمووریش هه‌ر ده‌چووه‌ کن ئه‌م و له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیکه‌دا قسه‌ی ده‌کرد. ئه‌و چاوه‌ڕوانی و قسه‌کردنانه‌ پتر له‌ نیو سه‌عاتێکی پێ چوو. پاشان کاک تیموور گازی کردم و وێکڕا چووینه‌ ژوورێکه‌وه‌. بژیشکێکی ژنی لێ دانیشتبوو و ئێمه‌ش هه‌ریه‌که‌و له‌سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتین. من که‌ زمانم نه‌ده‌زانی کاک تیموور ده‌بوو نۆره‌ی وه‌رگێڕی کوردی و ڕووسی له‌نێوانماندا بگێڕێ. دوای هه‌ندێ پرسیار و باسکردنی ڕه‌وشی خۆم، دوکتۆر، که‌ به‌ سه‌روسه‌کوت و قسه‌ و هه‌ڵسوکه‌تێدا هیچی وای له‌ پۆلیس جودا نه‌بوو، دوو دانه‌ حه‌بی بۆرڕه‌نگی، خسته‌ ناو کاغه‌زێکی له‌ حه‌به‌کان بۆرتره‌وه‌ و دایه‌ ده‌ستمه‌وه‌ و به‌ جۆرێکی فه‌رمانئامێز، گوتی هه‌ر ئێستا ئه‌وانه‌ بخۆ، ئیدی چاک ده‌بییه‌وه‌. منیش گوتم کاک تیموور ئه‌وه‌ چییه‌! گوتی:"ما چ دخازی ل ڤر هه‌ر ئه‌ڤ هه‌یه‌ و ل ڤێ ژی باشتر تونه و ئه‌ڤ ژی ده‌رمانا گش نه‌خۆشی و  ده‌ردانه‌ کو ل دنیایێ هه‌نه‌". گوتم جا خۆ من بۆ خۆم حه‌بی ئالڤێدۆن (Alvedon) ی سوێدیم پێیه‌، هه‌ر زۆر له‌وه‌ی چاکتر و به‌هێزتر و جێباوه‌ڕتره‌. کاک تیموور گوتی:"ئه‌گه‌ر تو حه‌بێ وه‌لاتی خۆ  باشتر دبینی  ئیدی چما ئه‌م هاتین ڤر!". سواری ماشینه‌که‌ بووین و ده‌بوو جارێکی دیکه‌ کابرای ده‌رکه‌وان ده‌رکه‌مان بۆ بکاته‌وه‌ بۆ وه‌ی وه‌ده‌رکه‌وین. که‌ وه‌ده‌رکه‌وتین کاک تیموور ماشینه‌که‌ی ڕاگرت و دابه‌زی و ده‌ستی کرد به‌ باخه‌ڵیدا و شتێکی ده‌رهێنا و چووه‌ کن کابرای ده‌رکه‌وان و شته‌که‌ی نێو ده‌ستی خۆی خسته‌ نێو له‌پی ده‌رکه‌وان و گه‌ڕایه‌وه‌ و سواری ماشێنه‌که‌ بووه‌وه‌ و ئاژۆتی. منیش لێم پرسی، که‌ ئه‌وه‌ چی بوو دای به‌و کابرایه‌. گوتی هیچ. گوتم نا به‌ ڕاستی. گوتی:" هه‌ند په‌ره‌ بوو". گوتم چما. گوتی:"وه‌ی باڤۆ تو چه‌ند دپرسی، ئه‌گه‌ر ئه‌ز په‌ره‌ نه‌ددا وی، زلام ده‌ری ژی ژ مه‌ ڕه‌ ڤه‌ نه‌دکر و ئه‌م نکاری بوو بچین هوندر". گوتم بۆ مه‌گه‌ر ئه‌و کاری ده‌رکه‌کردنه‌وه‌ و ده‌رکه‌داخستن نییه‌ و مه‌گه‌ر ئێره‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی نییه! گوتی به‌لێ. گوتم ده‌ی ئیتر چی. گوتی "کوڕۆ تو چ دبێژی، ما ل وه‌لاتێ وه‌ تشتی وسا نینه؟"‌. گوتم نا به‌خوا شتی ولۆ نییه، ئه‌وه‌ به‌رتیله‌ به‌رتیل‌. گوتی"ها هووو ما تو نزانی هوون ل وه‌لاتێ که‌پیتالیست دمینن و ئه‌م ژی ل‌ وه‌لاتێ سۆسیالستن، ما تو نزانی هوون پاشدا مانه‌ پاش، هوون گه‌لکی پاشدا مانه‌!".
له‌ دوا ڕۆژه‌کانمدا له‌ سۆڤیێت، له‌ مۆسکۆ بووم. ئێوارانێکی هه‌ڤاڵێکی کوردی باشووری کوردستان، که‌ له‌مێژ بوو له‌وێ ده‌ژیا، یارمه‌تی دام له‌ کڕینی هه‌ندێ دیاری و ورده‌ شتدا(قۆری، سه‌ماوه‌ر، بۆکه‌ڵه‌، شه‌تره‌نج، شووشه‌ و...)و پێکه‌وه‌ش هاتینه‌وه‌ هوتێله‌که‌ی، که‌ منی لێبووم. کۆمه‌ڵێک کتێبی کوردیی ئه‌و وڵاته‌شم له‌ نووسه‌ره‌کانیانه‌وه‌‌ ده‌ستکه‌وتبوو. ئه‌و کوردانه‌ی سۆڤیێتی جاران، ماشاڵڵایان لێ بێ، نووسه‌ر و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستیان گه‌ڵێک زۆر بوون و هه‌مووشیان کتێبی چاپکراویان هه‌بوون. ده‌بوو ئه‌و شتانه‌م بپێچمه‌وه‌ و له‌ پاکه‌ت و کارتۆنیان نێم، بۆ وه‌ی نه‌شکێن و نه‌دڕێن. له‌ یه‌کێک له‌و کارگه‌رانه‌ی نێو هوتێله‌که‌ پرسیارمان کرد، ئه‌گه‌ر کارتۆن و پاکه‌تی لا په‌یدا ده‌بێ! گوتی بۆتان په‌یدا ده‌که‌م. چوو و دوای ماوه‌یه‌ک هاته‌وه‌ و یه‌ک دوو کارتۆنی خواروخێچ و گچکه‌ی هێنا و له‌ پێشمان داینا و له‌پی پانکرده‌وه‌. هاوڕێیه‌که‌م گوتی ئه‌وه‌ پاره‌ی ده‌وێ. منیش هه‌ندێک پاره‌م دایه‌. کارتۆنه‌کان به‌شی هێچیان نه‌ده‌کرد، به‌ڵام چار نه‌بوو. پاشان ده‌بوو، ئه‌و کارتۆنانه‌ داخه‌ین و به‌ چه‌سپ یا به‌ن و په‌ت بڕێک سفت بپێچرێنه‌وه‌. ئه‌وجا نه‌ چه‌سپ و نه‌ په‌تیش هه‌ن. دیسان په‌نامان بۆ کابرای له‌مه‌ڕ خۆمان برده‌وه‌ و داوای چه‌سپ و به‌نمان لێکرد. چوو و دواتر هاته‌وه‌ دوو تاڵه‌ به‌نی گوشی له‌گه‌ڵ ده‌ستیدا هێنا داینێ و دیسان له‌پی پانکرده‌وه. له‌ هاوڕێیه‌که‌مم پرسی مه‌گه‌ر پاره‌مان نه‌دایه خۆ ئه‌م په‌ته‌ش به‌شێکه‌ له‌ پاکه‌ت و پێچانه‌وه‌که‌ و ده‌بوو له‌گه‌ڵ کارتۆنه‌کاندا ئه‌م په‌تانه‌شی بهێنایه‌!. گوتی:"به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌و وا بیر ناکاته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی ده‌ستکه‌وێ هه‌ر جارێ شتێک بهێنێت پاره‌یه‌کت لێ وه‌رده‌گرێ". هه‌ر جاره‌ش که‌ پاره‌که‌ی لێ وه‌رده‌گرتم، ده‌رکه‌ی ژووره‌که‌ی داده‌خست و زۆر به‌ بێده‌نگی و ئه‌سپایی وه‌ریده‌گرت و له‌ به‌رکی خۆی ده‌نا و ژووره‌که‌ی جێده‌هێشت. ئه‌و کارتۆن و په‌تانه‌ش، که‌ به‌ منی ده‌فرۆشتنه‌وه‌، کارتۆن و په‌تی فڕێدراو و بێکه‌ڵک بوو، که‌ ده‌بوو له‌گه‌ڵ گسکداندا تووڕ بدرێن.
 چه‌ند ساڵێک دوای ئه‌وه‌ کاک تیموور و ئه‌و هاوڕێیه‌ی دیکه‌ و زۆری دیکه‌ش له‌و کوردانه‌ی سۆڤیێت و کوردانی کوردستان، بۆ خۆیان  هاتن بۆ سوێد و وڵاتانی دیکه‌ی ڕۆژاوای ئه‌وروپا و بوون به‌ هاووڵاتی وڵاتگه‌لێکی که‌پیتالیست. گه‌نده‌ڵیی ته‌نێ سۆڤیێت و وڵاتانی سه‌ر به‌ سۆڤیێتی نه‌گرتبووه‌ و ته‌نێ فه‌رمانڕه‌وا و سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتیش ناگرێته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌وان نین گه‌نده‌ڵن، گه‌نده‌ڵیی هه‌ڵسوکه‌وت، بارهێنان، په‌روه‌رده‌، دید، گیان، هزر و فه‌رهه‌نگیشه‌ و تاکه‌کانی خواره‌وه‌ی جڤاکیش ده‌گرێته‌وه‌ و ئه‌وانیش له‌ کرده‌ی گه‌نده‌ڵیی به‌ده‌ر نین. ئه‌گه‌ر سۆسیالیزم خه‌ونی ڕزگارکردنی مرۆڤ بێت له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و پردی په‌ڕینه‌وه‌ی مرۆڤ بێت بۆ یه‌کسانی و ئاسووده‌یی‌ و خۆشگوزه‌رانی و داد، ئه‌وا، ئه‌و سۆسیالیزمه‌ی سۆڤیێت، نه‌ک هه‌ر ئه‌و خه‌ون و پرده‌ نه‌بوو، به‌ڵکه کوژه‌ری ئه‌و خه‌ونه‌ و ئازادی و هیوای مرۆڤ بوو‌. چه‌وتوچێڵی و خواروخێچی و لارولوێری و ناته‌واوی و سه‌قه‌تی و گه‌نده‌ڵیی و بێفه‌ڕی ئه‌و سۆسیالیزمه‌ی سۆڤیێت، که‌پیتالیزمی له‌به‌رچاو خه‌ڵک شیرین کرد، ده‌نا که‌پیتالیزم هه‌رگیز به‌ قازانجی مرۆڤ نه‌بووه‌ و نییه‌ و ناشبێ.

7 – 10 - 2010    

Monday, September 20, 2010

هه‌ڵبژاردن و خه‌ون

هه‌ڵبژاردن و خه‌ون
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
پتر له‌ مانگێکه‌، پێش ڕۆژی هه‌ڵبژاردن، ئه‌و حیزبانه‌، له‌ هه‌موو گه‌ڕه‌ک و نێوه‌ندی شاره‌دارییه‌کاندا، هه‌ریه‌که‌و بنکه‌یه‌کی گچکه‌ی کردووه‌ته‌وه‌، که‌ ژوورێکی بچووکی له‌ ته‌خته‌دروستکراوی زنجئاسایه و هه‌موویان له‌ یه‌ک شوێن و به‌ ته‌نیشت یه‌کدییه‌وه‌ن. له‌وێ هه‌ر حیزبه‌و کۆمه‌ڵێک سیپاره‌ و نووسراو و بڵاوکراوه‌ی خۆی داناوه‌ و یه‌ک دوو که‌سی سه‌ر به‌و حیزبه‌ له‌وێن. تۆیه‌ک ئه‌گه‌ر پرسێک یا بۆچوونێک یا هه‌ڵوێستێکت هه‌یه‌، ده‌توانیت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا باسی که‌یت و ڕه‌نگه‌ دوای بڕێک قسه‌وباس و ڕاگۆڕینه‌وه‌، یه‌ک دوو لاپه‌ڕه‌ی بڵاوکراوه‌یه‌ک یا سیپاره‌یه‌کی گچکه‌ یا نوقڵیکت بده‌نێ. ئارام ئارام، بێ هه‌روا و هوریا و قڕه‌، خه‌ڵک به‌ به‌رده‌م ئه‌و ژووره‌ ته‌خته‌ییانه‌دا و به‌ نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ حیزبانه‌دا دێن و ده‌چن، نه‌ قسه‌ و قسه‌ڵۆکێک، نه‌ هه‌رایه‌ک، نه‌ ده‌نگێکی به‌رز، نه‌ شه‌ره‌ په‌ڕۆ و ده‌نگی گڕ و ناسازی بڵندگۆیه‌ک. نه‌ مۆڕه‌له‌یه‌ککردن و نه‌ هه‌ڕشه‌یه‌ک، نه‌ فیقوفاقی ئۆتۆمبیل و ئاڵا و وێنه‌ی سه‌رکرده‌ و ڕێبه‌ری حیزب. تۆ ئه‌گه‌ر خۆت ئاره‌زووی ئه‌وه‌ت نه‌بێ له‌و بنکه‌ حیزبییانه‌ نێزیک بکه‌وێته‌وه‌ و نه‌ته‌وێت ته‌ماشای شتێک بکه‌یت یا شتێک بڵێیت، هه‌رگیز یه‌کێک له‌وان وه‌دووی تۆدا هه‌ڕا ناکات و بانگت ناکات.                                                                                                     
به‌شێکی زۆری خه‌ڵک، هه‌ر پێش ڕۆژی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن، ده‌نگی خۆیان ده‌ده‌ن، ده‌نگدانی پێشوه‌خت. له‌ هه‌موو گه‌ڕه‌که‌کاندا، له‌ کتێبخانه‌کاندا و له‌ فرۆشگه‌کاندا و له‌ زۆر شوێندا، مێزیک  و سندووقێکی پاکه‌تیی و کۆمه‌ڵێک زه‌رفی وه‌ک زه‌رفی نامه‌ و لیستی هه‌ر حیزبه‌و به‌ جیا، که‌ ناوی ناودێرکراوه‌کانی حیزبه‌که‌ی بۆ په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نی شاره‌داری و ئه‌نجومه‌نی ستانه‌کان تێدایه‌ و هیچ یه‌کێک له‌و لیستانه‌ له‌ ده‌ستێک، هه‌ر چوار په‌نجه‌کانی(بێجگه‌ له‌ په‌نجه‌که‌ڵه‌) بنووشتێنییه‌وه‌ و به‌ ناوله‌پیشه‌وه‌ گه‌وره‌تر نییه‌، دانراوه. دوو سۆمالی، دوو کچی منداڵکاری سوێدی، کوڕێکی ئێریتریایی و کچێکی بۆلیڤی، کچێکی سریان و کوڕێکی ئێرانی یا کچه‌ پۆڵۆنییه‌ک و کوڕێکی سوێدی یا...به‌ دیار ئه‌و مێز و لیست و سندووقانه‌وه‌ دانیشتوون و تۆ که‌ ده‌نگ ده‌ده‌یت سێ دانه‌ له‌و لیستانه‌ بۆ په‌رله‌مان، شاره‌داری و ستان هه‌ڵده‌گری و هه‌ریه‌که‌یان ده‌خه‌یته‌ زه‌رفێکه‌وه‌ و کارتی ده‌نگدانه‌که‌ت، که‌ مانگێک پێشتر به‌ پۆستدا بۆت هاتووه‌ و ناسنامه‌که‌ت ده‌ده‌یته‌ ده‌ست یه‌کێک له‌و دووه‌ی له‌ سه‌ر مێز و سندووقه‌که‌ن و ئه‌ویش ته‌ماشای ناوه‌که‌ت ده‌کات و دیاری ده‌کات و سێ زه‌رفه‌که‌ی تۆ به‌ داخراوی له‌گه‌ڵ کارتی ده‌نگدانه‌که‌تدا، ده‌خاته‌ ناو زه‌رفێکی گه‌وره‌تره‌وه‌ و ئه‌و زه‌رفه گه‌وره‌یه‌ش‌، هه‌ر هێنده‌ی دوو ناوله‌په، نه‌ک په‌شته‌ماڵێکی حه‌مام‌، ده‌خاته‌ نێو سندووقه‌که‌وه‌ و سوپاست ده‌کات و تۆیش ده‌ڕۆیت.                                                                                                  
دوێنێ 19ی سێپته‌مبه‌ر، ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، شاره‌دارییه‌کان و ئه‌نجومه‌نی ستانه‌کان بوو له‌ سوێد. کۆمه‌ڵێک حیزب، که‌ له‌ دوو به‌ره‌ی سوورکه‌سک و شیندا(چه‌پ و ڕاست)  ڕکابه‌ری یه‌کدی بوون و چه‌ند حیزبیکی دیکه‌ش، که‌ سه‌ر به‌ هیچ یه‌کێک له‌و دوو ده‌سته‌یه‌ نین، به‌شداری ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بوون. له‌ کاتژمێر هه‌شتی به‌یانییه‌وه‌ تا هه‌شتی ئێواره‌، کرده‌ی ده‌نگدان به‌ڕێوه‌ چوو. ئێواره‌ ڕێک کاتژمێر هه‌شت، نه‌ک هه‌شت و یه‌ک خولکه‌، سندووقه‌کانی ده‌نگدان و شوێنی ده‌نگدانه‌کان، داخران. هه‌ر دوای نیو کاتژمێر و که‌متریش ده‌رکه‌وت چ به‌ره‌یه‌ک به‌ره‌نده‌ و دۆڕاوی هه‌ڵبژاردنه‌. ده‌سته‌ی ڕاست(شینه‌کان) به‌ره‌نده‌ بوون و چه‌په‌کان دۆڕاو. حیزبێکی تا ڕاده‌یه‌ک ڕه‌گه‌زپه‌رست و ڕاستڕۆ و کۆنه‌نازیست(دیموکراته‌کانی سوێد) بۆ یه‌که‌مجار له‌ مێژووی  سوێددا هاته‌ نێو په‌رله‌مانه‌وه‌.
 پێش چه‌ند ڕۆژێک له‌گه‌ڵ "په‌ری"ی کچمدا باسی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان و ئه‌وانه‌مان ده‌کرد. په‌ری گوتی:"بابه‌، ئێستا خه‌ڵک گۆڕاوه‌، ئه‌وه‌ی جاران باوی بوو ئێستا خه‌ڵک گاڵته‌ی پێ ده‌کات، گه‌نجان ئێستا له‌ ده‌وری حیزبه‌ بچووکه‌کان خڕده‌بنه‌وه‌ و به‌ لای حیزبی گه‌وره‌دا ناچن. ده‌نگ به‌ ژینگه‌، راستڕۆ، حیزبێکی بچووکی گه‌ڕه‌ک و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ ده‌ده‌ن. خه‌ڵک ئێستا پرسه‌ گه‌وره‌کانی به‌ لاوه‌ گرنگ نییه‌. سۆسیالیزم و گیڤارا و یه‌کسانی و....ئه‌وه‌ی تۆ و خه‌ڵکانی وه‌ک تۆ باسی ده‌که‌ن، ئێستاکه‌ ته‌نێ خه‌ونن، خه‌ونی خۆش".                                                    
نه‌ پۆلیس، نه‌ به‌رپرسیی حیزب، نه‌ چه‌ک، نه‌ هه‌ڕه‌شه‌، نه‌ ژاوه‌ژاو و هه‌را و فه‌رته‌نه‌، نه‌ چاوسوورکردنه‌وه‌، نه‌ قێڕه‌ و قیژه‌ و تۆقاندن، نه‌ تانک، نه‌ تۆپ، نه‌ هێزی چه‌کدار، نه‌ به‌شینه‌وه‌ی دۆلار و ده‌مانچه‌ و زه‌وی و خانوو، نه‌ شایلۆغان و بانگهێشتنی خواردن و خواردنه‌وه‌ و ئاهه‌نگگێڕان، نه‌ پڕکردنی سندووقی ده‌نگدان به‌ ده‌نگی ساخته‌، نه‌ شاردنه‌وه‌ و دزینی سندووقی ده‌نگدان، نه‌ فڕکانفڕکان و سه‌رۆکی حیزب هات و سکرتێری حیزب ڕۆیشت، نه‌ ناقایلنه‌بوون به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، نه‌ تۆمه‌تهه‌ڵبه‌ستن و تاوانبارکردنی به‌رانبه‌ر و به‌ره‌نده‌، نه‌ تێکه‌ڵکردن و باسی بنه‌ماڵه‌ و ئایین و پاشخان، نه‌ دیوه‌خان و ته‌کیه‌ و خانه‌قا و مزگه‌وت و سه‌رۆکهۆز، نه‌ کوڕی فڵانه‌ به‌رپرس و کچی فڵانه‌ وه‌زیر و برای فڵانه‌ ڕێبه‌ر،  دۆڕاو گوتی دۆڕام و به‌ کڕی چووه‌ ماڵی خۆی و به‌ره‌نده‌ش بێ فشه‌ و لووتبه‌رزی و منه‌ت به‌سه‌رخه‌ڵکداکردن، به‌رپرسیاریه‌تی وه‌رگرته‌وه‌‌.                                                                                              
ئه‌وه‌ی خه‌ڵکانی وه‌ک من و من باسی ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر خه‌ونێکی خۆشیش بێت، هه‌ر له‌ گاڵته‌جاڕیی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی باشتره‌ و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت، پێموانییه‌ گۆڕینی جڤاک و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵک و ئازادی و یه‌کسانی مرۆڤ و خه‌ونه‌کانی ئێمه‌...له‌ سه‌رڕا و له‌ سندووقی ده‌نگدان و په‌رله‌مانه‌وه‌ بێنه‌ دی، به‌ڵکه‌ کۆمه‌ڵگه‌ له‌ ژێره‌وه‌، له‌ بنه‌وه‌، له‌ خواره‌وه‌ ده‌گۆڕدرێ، تا خه‌ونه‌ خۆشه‌کان بێنه‌ دی، هه‌ربۆیه‌ ده‌نگم نه‌دا.                                                                            

20 – 9 - 2010

Sunday, May 9, 2010

ته‌نیا دیکتاتۆره‌کان له‌ ڕه‌خنه‌ ده‌ترسن



ته‌نیا دیکتاتۆره‌کان له‌ ڕه‌خنه‌ ده‌ترسن
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له‌ کوردستانی "ئازاد" دا، که‌ سه‌رانی به‌رده‌وام و بێشه‌رمانه‌، هه‌میشه‌ باس له‌ کراوه‌یی و ئازادی ڕاده‌ربڕین ده‌که‌ن، له‌ ماوه‌ی ئه‌م 19 ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی کورددا، چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووس، نووسه‌ر، ده‌نگی جیاواز، که‌ دوایینیان سه‌رده‌شت عوسمان بوو، کوژراون. بێجگه‌ له‌ کوشتن، ده‌یانی دیکه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنیان لێ کراوه‌، تۆقێنراون و ترسێنراون. من ناڵێم ئه‌وانه‌ی کوژراون، ده‌سه‌ڵات کوشتوونی، لێ ئه‌وان، به‌ به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، یا له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانێکی گرێدراوی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، یا له‌ لایه‌ن که‌سانێک له‌ نێو ده‌سگایه‌ک له‌ ده‌سگاکانی ده‌سه‌ڵاتدا، کوژراون. له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌ر پاساوێکیشی بۆ بهێنرێته‌وه‌، کوشتنی ئه‌وان، ته‌نێ یه‌ک هۆی هه‌یه‌، جیاوازیی بیروڕا و ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسان.           
ئازادی ڕاده‌ربڕین له‌ هه‌موو جڤاکێکی ئه‌م جیهانه‌دا، نیشانه‌ی پێشکه‌وتن و کراوه‌یی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌یه‌. ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و ئازادییه‌، نیشانه‌ی ڕاستگۆیی ئه‌و سیستمه‌ سیاسییه‌یه‌، که‌ کارگێڕیی هه‌ر وڵاتێک وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرێ. ئه‌گه‌ر میدیا ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م بێت، وه‌ک ده‌گوترێ، ئه‌وا ئه‌گه‌ر له‌ سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی تر، قانووندانان، جێبه‌جێکردن و دادوه‌ری، گرنگتر نه‌بێت، هیچی له‌وان که‌متر نییه‌. ئازادی ڕاده‌ربڕین، ئازادییه‌کی ڕه‌هایه‌ و ته‌واوی لایه‌نه‌کانی ژیان ده‌گرێته‌وه‌. له‌ سیستمێکدا، له‌ جڤاکێکدا، که‌ باوه‌ڕی به‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین هه‌بوو، هه‌موو شتێک، که‌ به‌ بیردا دێت، ده‌خرێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و خه‌ڵک بۆیان هه‌یه‌، بێ هیچ سنوور و سانسۆرێک، قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ن و بیروباوه‌ڕی خۆیان له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕن. ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران، ئایین، کۆمه‌ڵگه‌، هزر، فه‌رهه‌نگ و هه‌موو پیرۆزیی و لا‌یه‌نه‌کانی دیکه‌ی ژیان، بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و ئازادییه‌یه‌. که‌ مرۆڤ یا میدیاکاران، له‌ هه‌ر جڤاکێکدا، به‌ بێ ترس له‌ نانبڕین و ڕاونان و سزا و چاولێسوورکردنه‌وه‌ و تۆقاندن و کوشتن، توانییان ئه‌و ئازادییه‌ پیاده‌ بکه‌ن، ئه‌وه‌ ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی، که‌ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌شساغه‌ و چ کێشه‌یه‌کی ڕاده‌ربڕینی نییه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یشی(چ له‌ باری سیاسییه‌وه‌ یا ئایینی و هزری) هێنده‌ سه‌قامگیره‌ و هێنده‌ له‌سه‌رپێی خۆی ڕاوه‌ستاوه‌، چ باکی نییه‌ و له‌ هه‌مان کاتیشدا، ته‌واوی ئه‌و ڕه‌خنه‌ و بۆچوون و سه‌رنجانه‌، وه‌ک هاندان و هۆشیارکردنه‌وه‌ و وه‌ئاگاهێنانه‌وه‌ ده‌زانێت. ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ جڤاک و ده‌سه‌ڵات و ئایین و سه‌رخانی وڵاتێک ده‌گرێ، له‌ پێناوی چاککردنی ڕه‌وشی ئه‌و وڵاته‌دا، وه‌ها کارێک ده‌کات. وه‌ها که‌سێک ده‌یه‌وێت جڤاکێکی چه‌قبه‌ستوو و مێشکێکی داخراو بشڵه‌قێنێ و گه‌ره‌کیه‌تی تاریکستانێک ڕۆشن بکاته‌وه‌ و گۆڕینێک بهێنێته‌ گۆڕێ. ئه‌وه‌ی وه‌ها کارێک ده‌کات، ده‌نگێکی جیاوازه‌، ده‌نگێکه‌ ده‌ربڕی هه‌ستی زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌، ده‌نگێکه‌ باس له‌ نه‌هامه‌تی و نادادی و ئازاری مرۆڤ ده‌کات. ده‌مکوتکردن و کڵۆمکردن و کپکردنه‌وه‌ی ده‌نگی جیاواز، به‌شێکه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی دیکتاتۆری و ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنه‌ر. ده‌سه‌ڵاتێک، هه‌میشه‌، ته‌نێ چاوه‌ڕوانی په‌سن بێت، ده‌سه‌ڵاتێکی بێگیان و مردووه‌. ده‌سه‌ڵاتێک، هه‌رده‌م چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بێت خه‌ڵک، به‌ خراپی  و ناڕه‌وایی و نادادی و ناته‌واوی و هه‌ڵه‌ و گه‌نده‌ڵی و ته‌واوی شته‌ دزێو و قێزه‌وه‌نه‌کانیشیدا هه‌ڵبڵێت، ده‌سه‌ڵاتێکه‌، ترسه‌نۆک و دژ به‌ خواستی خه‌ڵک.                                            
سه‌رانی ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستان، وشترمه‌ل ئاسا، سه‌ری خۆیان له‌ بن لم ناوه و خۆیان نه‌با ده‌که‌ن له‌ باری ژیانی خه‌ڵک، خه‌ڵکانی ده‌رێی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و له‌وه‌ی له‌و وڵاته‌دا ده‌گوزه‌رێ‌، ده‌نا زۆرینه‌ی خه‌ڵک له‌ ڕه‌وشی کوردستان و له‌ هه‌ڵسوکه‌وت و هه‌ڵوێست و گوتاری سیاسه‌تکاران و به‌رپرسانیان، ناڕازین و دژ به‌ سیاسه‌تیانن. ئه‌وه‌ی ڕوومه‌ت و سه‌روسه‌کوتی ئه‌وان(ده‌سه‌ڵاتداران) ده‌ڕازێنێته‌وه‌ و ئارایشت ده‌کات، ئه‌و له‌شکره‌ مشه‌خۆر و له‌میش و هه‌لپه‌رست و چڵیسه‌ی "ڕۆشبیر" و "نووسه‌ر" و "ڕۆژنامه‌نووس"ه‌ قه‌ڵه‌مفرۆشانه‌یه‌‌، که‌ پاشاخوڕی ده‌سه‌ڵات ده‌خۆن و له‌سه‌ر خوانی ده‌سه‌ڵات ده‌له‌وه‌ڕێن. ده‌سه‌ڵات و ئه‌و له‌شکره‌ ڕه‌دووکه‌وتووه‌یشی، له‌ ده‌نگه‌ جیاوازه‌کان زه‌نده‌قیان ده‌چێ و له‌وه‌ ده‌ترسن، هه‌موو عه‌یب و کێماسی و کاره‌ خراپه‌کانیان بخرێنه‌ به‌ر باس و ڕوومه‌ته‌ دزێوه‌کانیان بۆ خه‌ڵک هه‌ڵماڵرێن، هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌ کۆششدان بۆ تاساندنی ئه‌و ده‌نگانه‌ و له‌نێوبردنیان.            
ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو جێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌، به‌رپرسه‌ له‌ ته‌واوی ورد و درشتی شتگه‌لێک، که‌ له‌ وڵاتدا ڕووده‌دات. ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ بزربوونی مریشکێکه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ پاراستنی سه‌ر و ماڵی ته‌واوی دانیشتووانی وڵات. که‌ ڕووداوێک ده‌قه‌ومێ، ده‌سه‌ڵات ده‌بێ هۆکاره‌که‌ی بزانێت و بچێته‌ بنجوبناوانییه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانیش، وه‌ک به‌شێک له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهان، ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌‌. کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان و پێشتریش سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و عه‌بدوسسه‌تتار تاهیر شه‌ریف و سه‌ربه‌ست مه‌حموود و ئه‌بوبه‌کر عه‌لی، ده‌ستخستنه‌ ناقڕه‌ و کپکردنی ده‌نگگه‌لێکی جیاوازه‌، شکاندنی قه‌ڵه‌مه‌، دڕین و سووتاندنی کاغه‌ز و ڕۆژنامه‌ و کتێبه‌، تیربارانکردنی ڕه‌خنه‌یه‌، کوشتنی وشه‌یه‌، هه‌ڵواسینی په‌یڤه‌‌، له‌سێداره‌دانی ئازادیی ده‌ربڕینه‌، که‌ ته‌نێ له‌ په‌نای ده‌سه‌ڵاتێکی، له‌ڕه‌خنه‌ترساو، له‌پرسیارترساو، له‌ڕاستگۆیی هه‌تره‌شچوودا ئه‌نجام ده‌درێ. ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ده‌بێ باش له‌وه‌ تێبگه‌ن که‌: ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ مامه‌حه‌مه‌ییان بۆ ده‌کات و ماستاویان بۆ سارد ده‌کاته‌وه‌ و مه‌راییان بۆ ده‌کات و پێیان ناڵێ ڕووتن و به‌ پۆشته‌ ناویان ده‌بات و سه‌ریان بۆ داده‌نه‌وێنێت، له‌ ترسا و له‌ برسا و بۆ گیرفانپڕکردن، ئه‌وه‌یان بۆ ده‌کات، ده‌نا هه‌ر که‌ باریان لار بوو، که‌س به‌ ده‌وری خۆیانه‌وه‌ نابینن و سبه‌ی لێیان ده‌خوێنن و نه‌فره‌تیان لێ ده‌که‌ن.         
ورووژاندنی پرسیار و ڕه‌خنه‌گرتن، نیشانه‌ی زیندوویی جڤاکه‌ و نه‌بوون و تاساندنیشی ده‌کاته‌ مردوویی کۆمه‌ڵگه‌. کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان، که‌ نه‌توانرێ پرسیاری تێدا بکرێ و ڕه‌خنه‌ی تێدا بگیرێت، هه‌رگیز ناکرێ ناوی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی زیندووی لێ بنرێ. وه‌ها جڤاکێک ده‌بێ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ بگۆڕدرێت و ده‌سه‌ڵاتدارانیشی وه‌ک هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ی هاووڵاتی ئه‌و وڵاته‌، مل بۆ قانوون که‌چ که‌ن و سه‌ر بۆ ڕه‌خنه دانه‌وێنن، ده‌نا خوێنی سه‌رده‌شت عوسمان و شه‌هیدانی دیکه‌ی ڕێگه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین، هه‌میشه‌ وه‌ک گه‌واڵه‌ هه‌ورێکی تووڕه‌ به‌ سه‌ر سه‌ریانه‌وه‌ دێت و ده‌چێ و نه‌فره‌تیان به‌سه‌ردا ده‌بارێنێت.                                                     
9-5-2010
  ‌      
   

Saturday, April 10, 2010

شه‌واره‌بوونی هزر

شه‌واره‌بوونی هزر

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

هاوڕێیه‌کم، زۆر له‌مێژه‌ مامۆستایه‌ و وانه‌ی زمانی کوردی، به‌ منداڵانی کوردی باکووری کوردستانی دانیشتووی سوێد ده‌ڵێته‌وه. گێڕایه‌وه‌ و گوتی:"له‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا(2010)، له‌گه‌ڵ منداڵه‌کاندا باسی نه‌ورۆزمان ده‌کرد. ئه‌فسانه‌ی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر و زوحاک و ماره‌کانی سه‌رشانی و ئاگر و چه‌کوش و‌ ئه‌وانه‌م بۆ باسکردن و گوتم، که‌ ئه‌وانه‌ هه‌موو ئه‌فسانه‌ن‌، لێ نه‌ورۆز ڕۆژێکی خۆشه‌ و به‌هاره‌ و نوێبوونه‌وه‌یه‌ و ئاگر ده‌کرێته‌وه‌ و شایی ده‌کرێ و خه‌ڵک جه‌ژنه‌پیرۆزه‌ له‌یه‌کدی ده‌که‌ن و خۆراکی خۆش ده‌خۆن و دڵخۆشن. له‌ یه‌کێک له‌ زارۆکه‌کانم پرسی، که‌ ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵانه‌: نه‌ورۆز بۆ تۆ چییه‌ و تۆ چ ده‌که‌یت و بۆجی خۆشه‌؟ زارۆکه‌که‌ یه‌کسه‌ر و بێ ڕاوه‌ستان و بێ بیرکردنه‌وه ‌گوتی: ئاااااپۆ! من ده‌سبه‌جێ تێگه‌یشتم، که‌ مه‌به‌ستی عه‌بدوڵڵا ئوێجالانه‌.گوتم: ئێمه‌ باسی نه‌ورۆز ده‌که‌ین و باسی ئاپۆ ناکه‌ین، ئاپۆ چ پێوه‌ندێکی به‌م باسه‌ی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌؟ زارۆکه‌که‌ گوتی: ئاااااپۆ ترکا دکوژه‌!                                                                    
وشه‌ی "نه‌ورۆز" ی کوردی، له‌ "نوروز"ی فارسییه‌وه‌ هاتووه‌، نو، واته‌: نوێ، روز، واته‌: ڕۆژ. هه‌ندێک ده‌نگێ "ز" له‌ زمانی فارسییدا، لای کورد ده‌بنه‌ "ژ". بۆ نموونه‌: تیز، ده‌بێته‌: تیژ. زیر، ده‌بێته‌: ژێر. زن، ده‌بێته‌: ژن. دراز، ده‌بێته‌: درێژ.کورد وشه‌ی نه‌ورۆزی هه‌ر وه‌ک فارسییه‌که‌ وه‌رگرتووه‌ و نه‌یکردووه‌ته‌ کوردی. ئه‌‌گه‌ر بکرێته‌ کوردی، ده‌بێته‌: نه‌وڕۆژ(وه‌ک: نه‌وجه‌وان، نه‌وڕه‌سیده‌، نه‌وژه‌ن، نه‌وزاد، نه‌ونه‌مام، نه‌وشه‌فه‌ق) یا نوڕۆژ(وه‌ک: نوخشه‌، نوخشانه‌) یا  نووڕۆژ(وه‌ک: نووبه‌هار، نووچه‌، نووده‌م) یا نوێڕۆژ(وه‌ک: نوێبوونه‌وه‌، نوێکردنه‌وه‌) یا نۆڕۆژ(وه‌ک: نۆماڵ، نۆموسوڵمان، نۆزا، نۆهه‌وار، نۆبووک، نۆبه‌ره‌، نۆبه‌خش، نۆما).                                                                 
بیرکردنه‌وه‌ له‌ تورککوشتن وه‌نه‌بێ ته‌نێ له‌ خه‌یاڵی ئه‌و زارۆکه‌دا هه‌بێ، به‌ڵکه‌ له‌کن گه‌وره‌ساڵی مێشکشۆراوه‌ش هه‌یه‌. ئێواره‌یه‌کی پاییزی ساڵی 1988، له‌ قاوه‌خانه‌که‌ی زانستگه‌ی ئوپسالا له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کدا دانیشتبووین قاوه‌مان ده‌خوارده‌وه‌. یه‌کێک له‌و هاوڕێیانه‌ی له‌گه‌ڵماندا بوو، خه‌ڵکی باکووری کوردستان بوو و په‌که‌که‌یی بوو، کیفه‌ ده‌ستییه‌که‌ی کرده‌وه‌ و شتێکی ده‌فته‌رئاسای ده‌رهێنا، که‌ له‌ سه‌دان کارت یا کاغه‌زی ئاماده‌ و له‌سه‌رنووسراو پێکهاتبوو. کاغه‌زه‌کان یا کارته‌کان، وه‌ک چه‌کی پاره‌ و پسووله‌ وابوون و هه‌ریه‌که‌ نرخێکی جیاوازی له‌سه‌ر نووسرابوو. هه‌بوو به‌ 10 کرۆنی سوێدی و هه‌بوو به‌ 50 کرۆن و هه‌بوو به‌ 100 کرۆن و ئیدی به‌ نرخ و پاره‌ی جیاواز. ئه‌و هاوڕێیه‌ له‌کاتی قسه‌کردنماندا دوو دانه‌ی له‌و کارتانه‌ بڕی و سه‌رو دانه‌ی دایه‌ ده‌ست هاوڕێیه‌کی دیکه‌ و من. منیش بێ ئه‌وه‌ی سه‌یری کارته‌که‌ بکه‌م، هه‌ر ده‌سبه‌جێ پێمگوت: ئه‌م کارته‌ چییه‌؟ ئه‌ویش زۆر ئارام و زۆر ڕوون گوتی: کارتێک له‌وانه‌ بکڕه‌ و تورکێک بکوژه‌! منیش وه‌رامه‌که‌یم گه‌لێک پێ سه‌یر بوو و به‌ توندی گوتم: چی! گوتی: تۆ ئه‌گه‌ر کارتێک بکڕیت، پاره‌که‌ی فیشه‌کێک ده‌کات و به‌و فیشه‌که‌ تورکێک ده‌کوژرێت. قسه‌که‌یم زۆر پێ ناشیرین و بێبایه‌خ و شێتانه‌ بوو و هه‌ر حه‌زم نه‌کرد گوێم لێیبوو و کارته‌که‌یم دایه‌وه‌ ده‌ستی و گوتم: هاوڕێ، جارێ مادام ئه‌و کارته‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌، ئه‌وه‌ من هه‌ر نامه‌وێ و نایکڕم و یه‌ک کرۆنیشت ناده‌مێ، به‌ڕاستی ئه‌وه‌ قسه‌یه‌کی تابڵێی قۆڕه‌ و ئه‌وه‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی گه‌لێک نه‌خۆش و سه‌قه‌ت و دزیوه‌. ئێمه‌ جه‌نگمان دژی تورکه‌ یا دژی ڕێژیمێک و ده‌سه‌ڵاتێکه‌، که‌ وڵاته‌که‌ی داگیرکردووین و له‌نێومان ده‌بات! ئه‌و هاوڕێیه‌ چه‌ند ساڵێک دوای ئه‌وه‌، وازی له‌ په‌که‌که‌ هێنا و ئه‌وڕۆ ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیرکرنه‌وه‌ و جیهانبینییه‌ی جارانی، ده‌هزرێ.                                           
ساڵی 1958 و دوای کوودێتای 14ی ته‌مموزی 1958، حیزبی کۆمۆنیستی عیراقی، کارتێکی سوورباو و په‌مه‌ییان چاپ کردبوو و کادرانی حیزب، گوندانیان لێ پڕ کردبوو و ده‌یاندایه‌ وه‌رزێران و خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌که‌. به‌ عه‌ره‌بی له‌ سه‌ری نووسرابوو "تبرعوا لحزبکم الشیوعي العراقی المناضل" واته‌: ببه‌خشنه‌ حیزبی کۆمۆنیستی عیراقی خه‌باتگێڕتان. کارته‌کان نرخیان جیاواز بوو و ئیدی 250 فلس و نیو دینار و یه‌ک دینار و ئه‌وانه‌ی تێدا بوون(دینار و فلسی ئه‌وده‌م به‌ها و بایه‌خی خۆیان هه‌بوو و وه‌ک ئه‌م دیناره‌ بێفه‌ڕه‌ی ئێستا نه‌بوون). ئه‌و کادرانه‌ی حیزبی کۆمۆنیست، که‌ کارته‌کانیان ده‌دایه‌ وه‌رزێر و هه‌ژارانی گوندان، ده‌یانگوت: تۆ که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌به‌خشیت و ده‌بێته‌ خاوه‌نی ئه‌و کارته‌، له‌ داهاتوودا حیزبی کۆمۆنیست و حوکوومه‌ت، تراکتۆر و کۆمباین و بیری ئاو و خوێندنگه‌ و نه‌خۆشخانه‌ و ئۆتۆمبیل و ئه‌له‌کتریک و ته‌نانه‌ت بارانی ده‌سکردت بۆ دابین و مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ وه‌ده‌ستبهێنیت، گه‌ره‌که‌ کارته‌که‌ بکڕیت و له‌کن خۆت وه‌ک به‌ڵگه‌ هه‌ڵیگریت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دواڕۆژدا ئه‌وانه‌ت ده‌ستکه‌ون. ئیدی ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌یش به‌و به‌ڵێنه‌ قه‌به‌ و زلانه‌ و به‌و قسه‌ لووسانه‌ له‌ خشته‌ ده‌چوون و ناچار ده‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی له‌و خێری خودایه‌ی، که‌ به‌ سه‌ریاندا ده‌بوو بباریبا، مه‌حرووم نه‌بن، کارته‌ سووریان ده‌کڕی و له‌ جێیه‌کی زۆر نهێنی و نادیار قایمیان ده‌کرد و هه‌ڵیان ده‌گرت بۆ بانه‌ڕۆژ.                                                                        
کارته‌که‌ی حیزبی کۆمۆنیستی عیراق، بانگه‌شه‌ و هاندانی کوشتنی به‌ دواوه‌ نه‌بوو، به‌ڵکه‌ مژده‌ی خۆش و به‌ڵێن و چاوه‌ڕوانی وه‌دواوه‌ بوو، لێ کارته‌که‌ی ئه‌و هاوڕێ په‌که‌که‌یه‌، کوشتنی وه‌دواوه‌ بوو، کوشتنی مرۆڤێکی بێتاوان. نه‌ورۆزی منداڵه‌ شاگرده‌که‌ی مامۆستاکه‌ی هاوڕێیشم، ئه‌ویش هه‌ر کوشتنی به‌ دواوه‌یه‌، کوشتنی که‌سێکی بێتاوان.                                                                            
ساڵانێک پێش ئه‌و دوو ڕووداوه‌، پیاوێکی هه‌ژاری تورکم ده‌ناسی ناوی "دورسن" بوو. دورسن، له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌یدا له‌و گه‌ڕه‌که‌ی منی تێدا ده‌ژیام، له‌ شاری ستۆکهۆڵم ده‌ژیان. دورسن، تورکێکی عه‌له‌وی بوو و له‌ هه‌ژاری و به‌دبه‌ختیدا وڵاتی به‌جێهێشتبوو و گه‌یشتبووه‌ سوێد بۆ کارکردن. ئه‌و چ پێوه‌ندێکی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نه‌بوو و ڕقی له‌ که‌س نه‌بوو و دژی داگیرکاری و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ بوو و تورک و کورد، بۆ ئه‌و جیاوازییان نه‌بوو، ته‌نێ ئه‌وه‌ نه‌بێ، که‌ ئه‌و زمانی کوردیی نه‌ده‌زانی و به‌ تورکی ده‌په‌یڤی. دورسن، شه‌و و ڕۆژی ده‌دایه‌ ده‌م یه‌کدییه‌وه‌ و حه‌زی ده‌کرد، درێژییان نه‌ک 24 سه‌عات، به‌ڵکه‌ 240 سه‌عات بووایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پتر کاری کردبا و پاره‌یه‌کی زیاتری وه‌ده‌ستکه‌وتبا. دورسن، هه‌موو جۆره‌ کارێکی سه‌ختی ده‌کرد، له‌ گسکدان و قاپشۆردنه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ کۆڵ هه‌ڵگرتن. هێنده‌ شه‌که‌ت بوو، که‌ ئیدی له‌گه‌ڵ ڕۆژگاردا پڕووکا و هێزی لێبڕا، تووشی شێرپه‌نجه‌ هات و له‌ ته‌مه‌نێکدا، که‌ هێشتا گه‌نج بوو و زۆری مابوو، کۆچیدوایی کرد.                                                                     
من، که‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی هاوڕێم بیست و وه‌رامی منداڵه‌ حه‌وت ساڵانه‌که‌ی بۆ باسکردم و بۆ خۆیشم قسه‌کانی هاوڕێ په‌که‌که‌ییه‌که‌مم گوێ لێبوو، بێزم له‌ سیاسه‌ت هاته‌وه‌، که‌ چۆن وه‌ک به‌نج، وه‌ک تلیاک، وه‌ک ده‌رمانی بێهۆشکه‌ر، مرۆڤ کاس و هێڕ و ده‌به‌نگ ده‌کات. بێزم له‌وه‌ هاته‌وه‌، که‌ مرۆڤ نه‌توانێت ته‌ڕ و وشک و باش خراپ لێک جوێ بکاته‌وه‌ و نه‌توانێت بۆ خۆی خاوه‌نی هۆش و هزر و دیدی خۆی بێت، به‌ڵکه‌ بیانداته‌ ده‌ست خه‌ڵکی دیکه‌وه‌، که‌ ئه‌وان بیئاژۆن. منداڵه‌ حه‌وت ساڵانه‌که‌، چ تاوانێکی نییه‌، تاوانبار ئه‌و ماڵه‌یه‌، که‌ تێیدا زاوه‌. تاوانبار ئه‌و دایک و باوکه‌یه، فێری ئه‌وه‌یان کردووه‌ و وه‌ها بیریکیان له‌ مێشکه‌ چکۆلانه‌که‌یدا چه‌سپاندووه، که‌ ئاپۆ(ڕێبه‌ر ئاپۆ..نازدار ئاپۆ.. شیرن ئاپۆ..سه‌رۆک ئاپۆ..ئاپێ من)ی میوانی له‌مێژینه‌ی زیندانی ئیمرالی، له‌ زیندانیشه‌وه‌، هه‌مه‌کاره‌ و هه‌موو شتێکه‌ و که‌ ئاپۆ به‌ کوشتنی تورکان، کوردستان ڕزگار ده‌کات‌.                                                                   
هه‌ریه‌کێک له‌ ئێمه‌ سه‌دان دورسنی ناسیوه‌ و ده‌ناسێت و له‌ تورکیاشدا میلیۆنان هه‌ژاری مینا دورسن هه‌ن، چه‌ند بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ناڕاسته‌، تۆ بیر له‌ کوشتنی ئه‌و دورسنانه‌ بکه‌یته‌وه‌! له‌نێو تورکدا ئیسماعیل بێشکچی هه‌ڵکه‌وتووه‌، که‌  مه‌سیح ئاسا، هه‌موو گوناهه‌کانی کوردی هه‌ڵگرتووه‌ و هه‌مووده‌م به‌ڕێی زیندانه‌وه‌یه‌ و له‌بری کورد زیندانیی ده‌کرێ و هێنده‌ی میلیۆنان کورد کاری بۆ پرسی کورد کردووه‌، چه‌ند ئاوه‌زێکی نه‌خۆشه‌ تۆ بیر له‌ کوشتنی ئه‌و بێشکچییانه‌ یا ئه‌و دورسنانه‌ بکه‌یته‌وه‌!                                                               
به‌وه‌ی تۆ وه‌ک کورد، تورکیک، فارسێک یا عه‌ره‌بێک بکوژیت، هه‌رگیز وڵاتت پێ ڕزگار ناکرێت. له‌نێو ئه‌و تورک، فارس و عه‌ره‌بانه‌دا، میلیۆنان هه‌ژاری تێدان‌، که‌ ئه‌وانیش دژی چه‌وساندنه‌وه‌ و نادادین و خه‌بات بۆ ئازادی و یه‌کسانی ده‌که‌ن، چه‌وساوه‌کانی ئه‌وان، هه‌ژاره‌کانی ئه‌وان، چینه‌کانی خواره‌وه‌ی ئه‌وان، ‌ هه‌موویان ده‌توانن ببنه‌ دۆستی تۆ و لێتتێبگه‌ن و له‌گه‌ڵ تۆدا بن.                                                                
10-4-2010                

 له‌ ژماره‌ 108ی 12-4-2010ی حه‌فته‌نامه‌ی "ڕووداو"دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.*

Wednesday, March 17, 2010

ئه‌مڕۆی فه‌رهه‌نگ و ڕه‌وشه‌نبیری کورد



ئه‌مڕۆی فه‌رهه‌نگ و ڕه‌وشه‌نبیری کورد



رابه‌ر فاریق: ڕۆشنبیرانی كورد توانیویانه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ی مۆدێرن و چه‌مكه‌ جیهانییه‌كان دۆخی گشتیی ئیسته‌ی كوردستان بخوێننه‌وه‌ و قه‌یرانه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر به‌ كێش بكه‌ن؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: دۆزی گشتیی ئێستای كوردستان، یان هه‌ر جڤاكێكی دیكه‌ی ئه‌م جیهانه‌،‌ ته‌نێ به‌ كه‌ره‌سته‌ی نوێ و چه‌مكی جیهانی ناخوێنرێنه‌وه‌ و به‌ره‌و چاره‌سه‌ریش نابرێن. له‌ نێوان جڤاكه‌كاندا كۆمه‌ڵێك شتی هاوبه‌ش و لێكچوو هه‌ن، لێ سه‌د له‌ سه‌دیش وه‌كیه‌ك نین. تۆ ناتوانێت ته‌واوی كه‌ره‌سته‌ و چه‌مك و فه‌لسه‌فه‌ و ئیدیۆلۆگی و دیدێكی گه‌وره‌ فیلۆسۆفانی سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵناسی و ئابووریزانانی فرانسی، یا ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی، كه‌ بۆ جڤاكه‌كانی خۆیان به‌كاربراون‌ و ده‌ستیانداوه‌ و ده‌ستده‌ده‌ن، بهێنیت و ڕێك به‌ ڕاسته‌ و میللیمیتر به‌ سه‌ر جڤاكه‌كانی سۆمال، چین، ڕواندا، ئه‌فغانستان، یا كوردستاندا بیانسه‌پێنیت و به‌و پێوه‌رانه‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌یت. ساڵانێك كۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان و وڵاتانی ئیسلامی و كوردستانی خۆشمان، به‌ بێ ئه‌وه‌ی چ پێشه‌سازی و پێشكه‌وتنی ئابوورییان به‌ خۆیانه‌وه‌ بینیبێ، یا چینێكی كارگه‌ری به‌هێزیان تێدا په‌یدا بووبێت، یا چینی بۆرژوازی و سه‌ر‌مایه‌داریی گه‌یشتبنه‌ پله‌ی ئه‌وه‌ی، كه‌ له‌ ڕۆژاوادا وه‌دی ده‌كران و هه‌بوون و ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ و وڵات و مرۆڤیان داگیر كردبوو، یا ئاگایی مرۆڤی ئه‌و وڵاتانه‌ و ڕاده‌ی هزرین و دیدیان، نه‌ک ته‌نێ هی خه‌ڵکه‌ هه‌ژار و چه‌وساوه‌ و بنده‌ست و وه‌رزێر وڕه‌شایی و کارگه‌ره‌که‌، ته‌نانه‌ت هی خه‌ڵکه‌ ڕووناکبیر و خوێندووه‌که‌ش، گه‌یشتبێته‌ ئاستی وه‌لانانی ئاوه‌ز و بیر و شێوه‌ژیانی خێڵ و تیره‌ و ڕه‌وه‌ندایه‌تی و شوانكاره‌یی و سه‌ره‌تاییترین جڤاكی كشتوكاڵیی، باس له‌ گۆڕینێكی توند و ڕاسته‌وخۆ و به‌ تۆبزی ده‌كرا، بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی سیاسیی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سۆڤیێت و چین هه‌بوون، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و جڤاکگه‌له‌ش بۆ خۆیان، به‌ پێچه‌وانه‌ی تیۆرییه‌که‌ی مارکسه‌وه‌، بووبوونه‌ وڵاتگه‌لێکی سۆسیالیستی. یه‌مه‌ن نموونه‌یه‌ك بوو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی و عه‌ره‌بی و خۆرهه‌ڵاتی ناڤیندا، ئه‌ویش خۆی ڕانه‌گرت و هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌. ئه‌فغانستانیش، نموونه‌یه‌کی دیکه‌ بوو له‌و ده‌ڤه‌ردا، ئه‌ویش، ڕێک وه‌ک عیراق، که‌ چۆن له‌ 2003دا، به‌ تانکی ئه‌مه‌ریکی "دیموکراتی" بۆ برا، به‌ سه‌ره‌نێزه‌ و تانکی سۆڤیێت، سیستمی کۆمۆنیزمی بۆ برا، بۆیه‌ ئه‌ویش خۆی ڕانه‌گرت. دیاره‌ من خۆڕانه‌گرتن و هه‌ڵوه‌شانه‌و‌ه‌ی ئه‌و تێزانه‌، به‌ خۆڕانه‌گرتن و لاوازیی تێز و تێۆریی ماركسیزم و کۆمۆنیزم نازانم، چونکه‌ پێموایه‌ ئه‌و کاته‌ی که‌ موڵکییه‌تی تایبه‌تی نامێنێت و سه‌رمایه‌داری وه‌ک سیستم هه‌ره‌س دێنێ، که‌ ئه‌وه‌ ئامانج و مه‌به‌ستی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمه‌، ئه‌و کاته‌ ئیدی مرۆڤ له‌ کۆت و به‌ندی دارایی و سامان و مادده‌ ڕزگار ده‌بێ و وه‌ک مرۆڤ به‌ها و بوونی خۆی تێده‌گات و ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌وه‌ش کۆمۆنیزم و ئه‌نارکیزم وه‌دی ده‌هێنن‌. هۆکاری تێداچوونی ئه‌و ڕێژیمانه‌ یا سه‌رنه‌که‌وتنیان، من، له‌ به‌ خراپ تێگه‌یشتن و خراپ خوێندنه‌وه‌ و چه‌وت ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕه‌وش و واقیعی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ و وڵاتانه‌دا ده‌یبینم، ده‌نا من له‌و بڕوایه‌دام، که‌ پیاده‌کردنی سۆسیالیزم و یه‌کسانی و ده‌دوه‌ری له‌ جڤاکگه‌لێکی وه‌ک ئه‌وانه‌ی ئێمه‌شدا ده‌کرا و ده‌کرێ و کارێکی نه‌کرده‌ نییه‌. ده‌كرێ تۆ چه‌مك و كه‌ره‌سته‌ی نوێ بكه‌یته‌ ده‌سگر و چاویلكه‌ و چوارچێوه‌،‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیعی كوردستان، به‌ڵام تۆ ناتوانێت ڕێك وه‌ك ئه‌و كه‌ره‌سته‌ و چه‌مكانه‌ واقیعه‌كه‌ لێكبده‌یته‌وه‌ و بخوێنیته‌وه‌. تۆ ئه‌گه‌ر به‌و كه‌ره‌سته‌ و چه‌مكانه‌ش واقیعی كوردستانت خوێنده‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، كه‌ گه‌ره‌كه‌ ئه‌و واقیعه‌ بگۆڕیت، كه‌ره‌سته‌ و چه‌مكه‌كانی به‌كارت بردوون، چ بایه‌خێكیان نامێنێت‌. گرنگ گۆڕینی ئه‌و واقیعه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ به‌سته‌ڵه‌كئاسایه‌یه‌‌، من مه‌به‌ستم واقیعه‌ هزری و جیهانبینییه‌كه‌یه‌.‌
ڕۆشنبیری كورد، گه‌لێ جار، دوای لێشاو و قه‌ره‌باڵغیی جیهانگه‌ری و بازاڕی ئازاد و نۆلیبرالیزم كه‌وتووه‌، پێیوایه‌، به‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكانه‌ و گوتنه‌وه‌یان و خۆهه‌ڵواسین پێیاندا، ئیدی ده‌رگای هه‌موو گۆڕان و هه‌موو تازه‌ییه‌كانی جیهان له‌به‌رده‌میدا واڵا ده‌بێ. كه‌سانێك تا دوێنێ، كه‌ ده‌یانویست كوردستان بكه‌ن به‌ كۆپێیه‌كی سۆڤیێت، یا چین، یا ئه‌لبانیا، ئه‌وڕۆ ئه‌وانن، كوچك له‌ ئاگر گه‌رمتر، بانگاشه‌ی سه‌رمایه‌داری و بازاڕی ئازاد ده‌كه‌ن. ئه‌وێ ڕۆژێ به‌ كه‌ره‌سته‌ و چه‌مكی ماركسیزم، باسیان له‌ گۆڕینی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی كورد ده‌كرد، ئه‌مڕۆ به‌ نۆلیبرالیزم و بازاڕی ئازاد و سه‌رمایه‌داری و کۆمپانیا و مه‌یخانه‌ و قومارخانه و سیتی و مۆڵ و به‌رزه‌هوتێل‌، گه‌ره‌كیانه‌ جڤاكی كورد بگۆڕن، که‌ ئه‌وه‌ گۆڕین نییه‌، به‌ڵکه‌ ته‌نێ گیرفاپڕکردن و لاساییکردنه‌وه‌یه‌. بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یران و كێشه‌كان، هیچ جۆره‌ چه‌مك و ئامراز و كه‌ره‌سته‌یه‌كی سیحرامێز نییه‌، كه‌ بتوانێت ده‌سبه‌جێ و یه‌كودوو، كێشه‌ نه‌هێڵێت و قه‌یران له‌ناو ببات. گه‌وره‌ ڕووناکبیرانی کوردیش، ئه‌گه‌ر هه‌بووبن یا هه‌بن، وه‌ک به‌شێک له‌ ڕووناکبیرانی جیهان، هه‌رگیز ڕێبه‌ریه‌تیی بزاڤی جڤاکیی سه‌رکه‌وتوویان له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا نه‌کردووه و به‌وه‌ش، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌، هادی ئه‌لعه‌له‌وی(هادي العلوي) گوته‌نی:" ڕووناکبیری گه‌وره‌ ‌له‌ هه‌مان کاتدا سیاسییه‌کی دۆڕاوه‌" با چه‌مکی جیهانی و ئامرازی نوێیش به‌کار ببه‌ن.

رابه‌ر فاریق: باشه‌ كه‌ چه‌مك و ئامراز و كه‌ره‌سته‌كان نه‌توانن ده‌سبه‌جێ، یان به‌ شێنه‌یی و قۆناغ به‌ قۆناغ قه‌یرانه‌كان له‌ نێو ببه‌ن، یان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر به‌ كێشیان بكه‌ن، ئه‌دی چی ده‌توانێ، یان كۆمه‌كمان ده‌كا؟ ئه‌مه‌ به‌ نیسبه‌ت دۆخی گشتیی كوردستان. ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ بكه‌ینه‌ تایبه‌ت و بپرسین، ئه‌دی له‌ هه‌مبه‌ر پرسه‌ فه‌رهه‌نگی و ڕۆشنبیرییه‌كانی خۆیاندا چییان كردووه‌، چی ده‌بێژی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: له‌نێوبردنی قه‌یران و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی جڤاک، ته‌نێ به‌ چه‌مک و که‌ره‌سته‌ و ئامرازی نوێ ناکرێن و ته‌نێ ئه‌وانه‌ مه‌رج نین بۆ گۆڕین، به‌ڵکه‌ پێش هه‌ر شتێک به‌ خه‌ڵک، به‌ مرۆڤ ده‌کرێن. مرۆڤیش پێش هه‌ر شتێک هۆشه‌، ئاوه‌زه‌، هزره‌، ئه‌وانه‌ش له‌ زه‌وینه‌ و که‌ش و ژینگه‌یه‌کی ئازاددا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، مه‌به‌ستم زه‌وینه‌ و ژینگه‌ی مێشکی مرۆڤ خۆیه‌تی. مرۆڤ، تا مێشکێکی کراوه‌ی به‌ ڕووی هه‌موو بیر و دیدیکی ئازاددا نه‌بێت و گومان له‌ هه‌موو ڕاستی و جێگرتوو و چه‌سپاوییه‌ک نه‌کات و هه‌موو دیارده‌ و په‌یڤ و وشه‌ و هزر و فه‌لسه‌فه‌ و جیهانبینییه‌ک نه‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ناتوانێت خۆی به‌ خودانی مێشکێکی کراوه‌ و ئازاد بزانێت، وه‌ها مێشکێکیش، مێشكێکی داخراو، هه‌رگیز ڕه‌ها نابێت و ئاوه‌ز و هۆش و هزری گۆڕینوه‌دیهێنه‌ر وه‌به‌رهه‌م ناهێنێت. که‌واته‌ ڕه‌هابوونی مێشک، ڕه‌هابوونی بیرکردنه‌وه‌ دێنێته‌ ئاراوه‌ و به‌وه‌ش ڕه‌هابوونی هۆش و هزر دێته‌ گۆڕێ، ئیدی ئه‌وده‌م ئه‌و مرۆڤه‌ هۆشیاره‌ هزرمه‌نده‌ ئاوه‌زداره‌ توانستی قه‌بووڵکردن و به‌کاربردنی هه‌موو جۆره‌ چه‌مک و ئامراز و که‌ره‌سته‌یه‌کی نوێی لا په‌یدا ده‌بێ و به‌ شێوه‌یه‌کی دروست به‌کاریان ده‌بات. باسی نوێبوونه‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی نه‌ک هه‌ر کورد، به‌ڵکه‌ فارس، عه‌ره‌ب، تورک، به‌نگالی، هیندی، ئه‌مازیغی و...بنه‌مایه‌کی خۆیی و خۆڕسکی نییه‌ و به‌ کاریگه‌ریی ڕۆژاواوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ نێو ئه‌و جڤاکانه‌وه‌. ئێمه‌ که‌ بڕوامان به‌ تێکه‌ڵاوی و کارلێکردن و دان و ستاندن و گۆڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگه‌کانی جیهان هه‌بێت، تا ڕاده‌ی به‌یه‌کبوونی فه‌رهه‌نگ، ئه‌وده‌م کاریگه‌ریی ڕۆژاوا کارێکی سروشتییه‌، لێ ئه‌وه‌ی ده‌بێ بگوترێ ئه‌مه‌یه‌: ئه‌و نوێبوونه‌وه‌یه‌ له‌ ژینگه‌ و که‌شێکی کوردیدا بۆ خۆی دروست نه‌بووه‌. نوێبوونه‌وه‌ له‌ فه‌رهه‌نگدا، له‌ گۆڕینی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ په‌یدا ده‌بێ. له‌ گۆڕینی پێوه‌نده‌ جڤاکییه‌کان و گۆڕینی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی و ژێرخانی ئابووری و که‌شی سیاسی و ته‌واوی ئه‌وانه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات و به‌نده‌ به‌و ژینگه‌یه‌، که‌ مرۆڤی تێدا ده‌ژی. مرۆڤ زاده‌ی ژینگه‌ جڤاکییه‌که‌یه‌تی به‌ خێزان و هۆز و چین و توێژ و ده‌وروبه‌رییه‌وه‌. به‌ هۆش و ئاوه‌زێکی شوانکاره‌یی و خێڵه‌کی، نوێبوونه‌وه‌ وه‌به‌رهه‌م نایه‌ت. خۆراوا، دوای شکاندنی هه‌موو دیوار و بازنه‌کان، که‌ چوارده‌وری هزریان ته‌نیبوو، هزریان ئازاد کرد، ئیدی ڕه‌هابوونی هزر، ته‌واوی نوێبوونه‌وه‌کانی له‌ بواره‌ جیاوازه‌کانی: ئایین، که‌له‌پوور، جڤاک، زمان، ئازادی تاک، کۆمه‌ڵگه‌، ئازادی گه‌ڕان و گه‌شت و منه‌کردن و پشکنین، ئازادی پرسیار و ڕامان، ئازادی ڕاده‌ربڕین، مرۆڤ، باسی خوا و فه‌رهه‌نگی، وه‌دووی خۆدا هێنا. مارکس، فێرمان ده‌کات، که‌ هێزی نوێبوونه‌وه‌، تازه‌گه‌ری، به‌ گوێره‌ی دیالێکتیک، له‌ کۆڵه‌که‌ و پایه‌ و بنه‌ماکانی بزاڤی مێژووه‌. نوێبوونه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ به‌ هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه‌، شتێک نییه‌ به‌ده‌ر و دابڕاو، له‌ نوێبوونه‌وه‌ و گۆڕینی جڤاک، له‌ بواره‌کانی سیاسی و ئابووری و هه‌موو لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ژیان. ساڵانی 1970کانی سه‌ده‌ی پێشوو، فه‌رهه‌نگی کوردییش، به‌ چیرۆک و شیعر و شانۆ و په‌خشان و شێوه‌کاری و...گۆڕانێکی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و ته‌کانێکی دا، ئه‌ویش تۆ ناتوانی بێژی، که‌ هه‌روا و له‌ خۆڕا و بێ پێشینه‌ و به‌ بڕیارێک، وه‌ها کارێک ئه‌نجام درا، نه‌خێر، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی کورد، به‌ کاریگه‌ریی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و شیعر 69ی ئه‌دۆنیس و به‌یانه‌ شیعرییه‌که‌ی فازیل ئه‌لعه‌ززاوی(فاضل العزاوي) و...بوو، لێ ئه‌وده‌مه‌، جیهان به‌ گشتی، به‌ شه‌پۆلێک گۆڕاندا تێپه‌ڕی و تێده‌په‌ڕێ و ژان ده‌یگرت و ده‌هه‌ژا. ئه‌وده‌م، بزاڤی چه‌پ و مارکسیزم، ماویزم و شۆڕشه‌ فه‌رهه‌نگییه‌که‌ی چین، جیهانیان ته‌نیبووه‌، ئه‌وده‌م گیڤارا ڕابوو و شۆڕشی گه‌یانده‌ لوتکه‌ و به‌ شه‌هیدبوونیشی مێژووی هه‌تاهه‌تایی پێکنه‌هاتنی چه‌وساوه‌ و چه‌وسێنه‌ری دروستکرد و بوو به‌ چرایه‌ک بۆ ڕۆشنکردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌وه‌ جیهانێکی سۆسیالیستیی بێ چێن و بێ چه‌وسانه‌وه و پیرۆزیی دایه‌ به‌ها و بیروباوه‌ڕه‌کانی، که‌ ئاواتی ته‌واوی گشت چه‌وساوانی جیهانی وه‌خۆ گرتبوو. ئه‌وده‌م‌ خوێندکارانی فرانسا دژی سه‌رمایه‌داری و نادادی و ناڕه‌وایی و بۆ ئازادی، هه‌موو ئازادییه‌ک، ڕابوون. ‌ئه‌وده‌م ڕووناکبیرانی عه‌ره‌ب، گۆمه‌ مه‌نگه‌ وه‌ستاوه‌که‌ی فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بییان شڵه‌قاند. کوردیش، یا ڕاستتر، ڕووناکبیر و لاوانی کورد، وه‌ک زایه‌ڵه‌یه‌ک به‌ دوای ئه‌واندا و به‌ چاولێکه‌ریی ئه‌وان، نووزه‌یه‌کیان لێوه‌هات و جووڵه‌یه‌کیان کرد و که‌وتنه‌ پرسیارکردن و گومان و عه‌وداڵی ڕاستییه‌کان بوون و وه‌دووی چاره‌سه‌ر و وه‌رامدا، که‌وتنه‌ هه‌نگاونان.  مرۆڤی کوردستانیی به‌ هه‌زار داو و کۆتی دزێوه‌وه‌، توند شه‌ته‌ک دراوه‌ و سه‌رخانه‌ هزرییه‌که‌شی، سه‌رخانی وڵات و جڤاکه‌که‌ی، بۆ خۆی به‌شێکه‌ له‌و کۆت و داوانه‌ و بۆ خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ری کۆت و داوه‌ و بۆ خۆی سه‌پێنه‌ری داخراوییه‌. شکاندنی ئه‌و کۆت و داوانه‌، گه‌ره‌که‌ به‌ سه‌ر لاشه‌ی سه‌رخانه‌ هزرییه‌کدا بڕوات،که‌ فه‌رهه‌نگ، به‌شێکی سه‌ره‌کی و گرنگی ئه‌و سه‌رخانه‌یه‌. له‌گه‌ڵ هه‌ڵته‌کاندن و گۆڕینی ژێرخانه‌ ئابوورییه‌که‌، سه‌رخانه‌که‌ش ده‌گۆڕێ و فه‌رهه‌نگێکی نوێ به‌ره‌به‌ره‌ خۆی ده‌سه‌پێنێت. هه‌رچه‌نده‌ له‌ بواری فه‌رهه‌نگییشدا، گه‌لێک جاران، چه‌مک و که‌ره‌سته‌ و ئامرازی نوێ، به‌کار ده‌برێن، لێ هێشتاکه‌ فه‌رهه‌نگی کوردی نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئاست پرسه‌ هزرییه‌ مه‌زنه‌ مێشکخجڵکار و مێشکجووڵێنه‌ر و هه‌ژێنه‌کاندا، ڕاشکاوانه‌ خۆ ده‌رخات و بێته‌ مه‌یدانه‌وه‌. ژینگه‌یه‌کی کراوه‌ و که‌شێکی ته‌واو ئازاد، که‌ مرۆڤ خۆی تێیدا ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو هزر و به‌هاکان، تاکه‌ مه‌رجێکه‌ بۆ ڕه‌هاکردنی بیر و ئازادی بیرکردنه‌وه‌ و هه‌موو نوێبوونه‌وه‌ و داهێنانێک.

رابه‌ر فاریق: ڕۆشنبیرانی كورد ده‌زانن بیر له‌ چی ده‌‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ پشت بیركردنه‌وه‌‌كانیاندا چ مه‌به‌ستێ خۆی نواندووه‌؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی كورد پێیان ده‌ڵێ ڕۆشنبیر، چ جۆره‌ پێوه‌ندێكیان به‌ ڕۆشنبیرییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکه‌ "دابه‌زیوی هوتێلی ڕۆشنبیرین"، دیاره‌ كورد گه‌لێك جاران جیاوازیی له‌ نێوان ڕووناكبیر و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان و نوشته‌نووسدا ناكه‌ن و ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌می به‌ ده‌سته‌وه‌ بێت و چوار وشه‌ بخاته‌ سه‌ر كاغه‌ز، ئیدی هه‌مزاغایه‌ و ناوی ڕووناكبیری لێ ده‌نێن، نه‌ک هه‌ر خه‌ڵک، ته‌نانه‌ت بۆ خۆیشی ئه‌و ناوه‌ له‌ خۆی ده‌نێ و به‌ خۆی ده‌ڵێ "مامۆستا" و له‌ بنه‌وه‌ی ناوه‌که‌ی ده‌نووسن"ڕووناکبیر"، ئه‌و نه‌ک هه‌ر شه‌رم ناکات به‌ڵکه‌ به‌وه‌ گه‌لێک که‌یفی سازه‌ و بسکه‌ی سمێڵیشی دێت. جاران له‌ هه‌ولێر، هه‌ر كه‌سێك پانتۆڵی له‌ پێ كردبا، پێیان ده‌گوت مامۆستا، له‌ شامیش به‌ هه‌موو که‌س ده‌ڵێن ئوستاد"استاذ". ڕۆشنبیران، چ له‌ كوردستان و چ له‌ هه‌ر باژێڕستان و گوندستان و خاكستان و قوژبنستانێكی ئه‌م جیهانه‌، هیج كات،گرۆیه‌كی یه‌كڕه‌نگ و یه‌كهزر و یه‌كدید و یه‌كپه‌رۆش، پێكناهێنن، به‌ڵكه‌ زۆرجاران هه‌ریه‌كه‌یان له‌ ئاوازێك ده‌خوێنێت و جۆرێك بیر ده‌كاته‌وه‌. زۆرێك له‌وانه‌ی كورد ناوی ڕووناكبیریان لێناون، خه‌ڵكانێكن خۆیان به‌ ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵواسیوه‌ و له‌سه‌ر خوانی ده‌سه‌ڵات ده‌له‌وه‌ڕێن و په‌سنی ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن و له‌ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدان و چاویان له‌دووی پاره‌ و پووڵ و گیرفانپڕكردن و سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه‌ و پاسه‌وانیان به‌ دواوه‌یه‌وه‌ و چه‌كداری حیزب ده‌یانپارێزێ و نۆره‌بڕیی ڕیزی دۆكتۆر و خوێندنگه‌ و ئه‌له‌كتریك و ئاو و ئازووقه‌ و زانستگه‌ و ئۆتۆمبیل و زه‌وی و خانوو و باخ و مووچه‌ی خانه‌نشینانه‌ و شه‌هیدانه‌ و ئه‌نفالانه‌ و سه‌رکه‌ژانه‌ و نێودۆڵانه‌ و زیندانانه‌ و بندیوارانه‌ و هه‌موو شتێك، له‌ خه‌ڵكی ئاسایی وڵات ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر پێیان بكرێت نانی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ ده‌بڕن، ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی كیسه‌ی خۆیان پڕ بێت. ئه‌و جۆره‌ ڕۆشنبیرانه‌، كه‌سانێكن بیركردنه‌وه‌ و مه‌به‌ستیان تێركردنی زگ و به‌رزگ و ئاره‌زووه‌ ئاژه‌ڵییه‌كانی خۆیانه‌ و ئه‌گه‌ر جاروبارێكیش ده‌م له‌ بابه‌تێك بكوتن و خۆ له‌ قه‌ره‌ی باسێك بده‌ن و قسه‌یه‌ک بگوڵمێنن، ئه‌وه‌ هه‌ر بۆ مه‌به‌سته‌ تایبه‌تییه‌ كه‌سه‌كییه‌كانی خۆیانه‌، ئه‌وانه‌ خه‌ڵكانێكی تاریكبیر و خۆفرۆش و مشه‌خۆرن، چونكه‌ ڕۆشنبیر، كه‌ قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی فرۆشت و بوو به‌ مه‌یموونی ده‌سه‌ڵات و بوو به‌ زوڕناژه‌نی ده‌سه‌ڵات و حیزب، ده‌كاته‌ ئه‌وه‌ی ته‌نێ بیر له‌ خۆی ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر پاره‌دار و سه‌رمایه‌دار و چاوچنۆكێكی دی، هه‌ر خۆی مه‌به‌سته‌. دیاره‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و جۆره‌ ڕووناكبیره‌، جۆرێكی دیكه‌ هه‌یه‌، كه‌ ڕاستگۆیه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌رد و ئازاری خه‌ڵك و وڵاته‌كه‌یدایه‌ و هه‌میشه‌یش هه‌ڵگری چرای ئازادی و ڕزگاری و یه‌كسانی و دژی چه‌وسانه‌وه‌یه‌ و هانده‌ری گۆڕینه‌. ئه‌مانه‌ بیر له‌ گۆڕینی جڤاك ده‌كه‌نه‌وه‌ و مه‌به‌ستیانه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندووی خاوه‌ن ئاوه‌ز بئافرێنن، كه‌ خه‌ڵك به‌ مێشكی خۆی بیر بكاته‌وه‌ و كه‌س له‌ بری كه‌سێكی دیكه‌ بیر نه‌كاته‌وه‌‌.

رابه‌ر فاریق: له‌ نێو ڕۆشنبیرانی ئیسته‌ی كوردستاندا كۆمه‌ڵێك گرووپ ئاماده‌ییان هه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌مانه‌ بنه‌مایه‌كی ته‌ندروستیان هه‌یه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ كاره‌كانیان؟ بۆچی ئه‌م گرووپانه‌ هه‌ر ده‌مێك و كه‌سێك وه‌ك (ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی كورد)، یا (شاعیری گه‌وره‌ی كورد) ده‌ناسێنن؟ ئه‌م (گه‌وره‌ییـ)ـیه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی لۆژیكییه‌، یان هه‌ڕه‌مه‌كیی؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: خه‌ڵكی جیاواز له‌ نێو ڕووناكبیرانی كوردستاندا هه‌ن، به‌ڵام كه‌مجاران وه‌ك ده‌سته‌ و گرۆ ئاماده‌ییان هه‌بووه‌. سه‌رده‌مانێك ڕوانگه‌ییه‌كان و سه‌رده‌مانێك ماركسیسته‌كان و سه‌رده‌مانێك بوونگه‌راییه‌كان (وجوودییه‌كان) و سه‌رده‌مانێك ڕه‌هه‌ندییه‌كان و پۆستمۆدێرنیسته‌کان هه‌بوون و هه‌ن. بوونی ئه‌م جۆره‌ گرۆیانه‌ دیارده‌گه‌لێكی ناساغ و ده‌رده‌دار و نه‌خۆش نه‌بوون و نین، به‌ڵكه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه،‌ دیارده‌ی له‌شساغی و گه‌شیی و ئافراندن بوون و هه‌ن. فه‌رهه‌نگ و هزر، به‌ فره‌ڕه‌هه‌ندی و جیاوازی و گه‌نگه‌شه و فره‌ڕه‌نگیی‌، بنه‌مایه‌كی ته‌ندروست بۆ جڤاكێكی ته‌ندروست و زیندوو ده‌سازێنێت. ئه‌وه‌ی، كه‌ به‌ كه‌سێك بگوترێ "ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی كورد" یا "شاعیری گه‌وره‌ی كورد"، هه‌رگیز ده‌سته‌واژه‌یه‌كی لۆگیكی نییه‌ و زۆریش ناڕاسته‌. ئه‌م ڕۆشنبیری گه‌وره‌ و شاعیری گه‌وره‌یه‌،‌ هه‌ر له‌ فه‌رهه‌نگه‌لێكی به‌جێماوی وه‌ك فه‌رهه‌نگی كورددا وه‌دی ده‌كرێ و زۆرجاران حیزب دروستی ده‌كات و به‌ گوێی خه‌ڵكیدا ده‌دات. چما ڕووناكبیر و شاعیر پله‌ی له‌شكریین، كه‌ له‌ مولازیمی دووه‌مه‌وه‌‌ ببنه‌ مولازیمی یه‌كه‌م و له‌ مولازیمی یه‌كه‌مه‌وه‌‌ ببنه‌ نه‌قیب و له‌ نه‌قیبه‌وه‌ ببنه‌ ڕائید و له‌ ڕائیده‌وه‌‌ ببنه‌ موقه‌دده‌م و له‌ موقه‌دده‌مه‌وه‌ ببنه‌ عه‌قید و دواتر عه‌مید و لیوا و فه‌ریق و مارشاڵ و... تا دوایی! تۆ ئه‌گه‌ر نازناوی "ڕووناكبیری گه‌وره"‌ت دایه‌ فڵان و "شاعیری گه‌وره‌"ت دایه‌ فڵانی دیكه‌، ئه‌دی ئه‌و ڕووناكبیر و شاعیره‌كانی دیكه‌ چی لێ ده‌كه‌یت و چ پله‌یه‌كیان ده‌ده‌یتێ! خۆ ناشێ ناوی "ڕووناکبیری بچووک" و "شاعیری بووده‌ڵه‌" و "ڕۆشنبیری خوێڕیله‌" و "چیرۆکنووسی گه‌مژه‌"یان لێ بنێی. ڕووناكبیر له‌ جیهان و ته‌مه‌نی مرۆڤدا زۆربوون و زۆرن، به‌ڵام كامیان هێنده‌ی ڕێبه‌را‌نێکی وه‌ک عیسای مه‌سیح و په‌یامبه‌ری ئیسلام و ئیمام عه‌لی و فیلۆسۆفێکی وه‌ک ماركس، نۆره‌یان له‌سه‌ر هزری مرۆڤ بینیوه‌ و خه‌ڵكیان به‌ خۆوه‌ سه‌رگه‌رم كردووه‌ و خه‌ڵكیان وه‌دووی خۆدا بردووه‌‌‌! من به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆری دیکه‌وه‌، که‌ ته‌نێ وه‌ک بانگده‌ر و بانگه‌شه‌کارێک سه‌یریان ده‌که‌ن، عیسا و موحه‌ممه‌د و عه‌لیم، بێجگه‌ له‌ ڕێبه‌ریه‌تی پێ ڕووناکبیریشن، ئه‌وان ڕوونابیرگه‌لێکی جڤاکین، که‌ له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌دا ژیاون و کرده‌ی گۆڕینی جڤاکیان به‌ ئه‌رکی خۆیان زانیوه‌ و پیاده‌یان  کردووه‌. تۆ ناتوانیت ته‌نێ ئه‌وان به‌ گه‌وره‌ و كه‌ڵه‌ڕووناكبیر بزانیت و پله‌ی مارشاڵیان بده‌یتێ و هیگڵ و برتره‌ند ڕه‌سڵ و سارتر و ئیدوارد سه‌عید بسڕیته‌وه‌ یا پله‌ی مولازیمی دووه‌میان بده‌یتێ. ڕووناكبیر یا شاعیر هه‌ریه‌كه‌ و له‌ بوارێكدا ڕه‌نگه‌ پێشه‌نگ بێت، لێ له‌ هه‌مان كاتدا ڕووناكبیرێكی دیكه‌ و شاعیری دیكه‌ش هه‌ن، كه‌ به‌ جۆرێكی دیكه‌ پێشه‌نگن. به‌شینه‌وه‌ی ئه‌و نازناو و گه‌وره‌ییانه‌، نه‌ ڕووناكبیر و نه‌ شاعیر، ناكاته‌ پله‌ یه‌ك و گه‌وره‌ییان پێ نابه‌خشێت، ئه‌گه‌ر بۆ خۆیان، به‌ به‌رهه‌م و هزر و داهێنانه‌كانیان، گه‌وره‌ نه‌بن! ڕووناكبیری ڕاسته‌قینه‌ و گه‌وره‌‌، كه‌سێكه‌ داهێنه‌ر، كه‌سێكه‌ پێشبینی ده‌كات و داهاتوو ده‌خوێنێته‌وه‌ و ده‌بینێت، ئایا له‌ نێو كورددا، له‌و جۆره‌ ڕووناكبیره‌ هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌شبێ، گه‌لێک ده‌گمه‌نه‌ و له‌به‌ر "ڕووناکبیرانی" مشه‌خۆر و کاسه‌لیس، که‌متریش وه‌به‌رچاوان ده‌که‌وێ.

رابه‌ر فاریق: كه‌سانێك هه‌ن زۆر به‌ داخراوه‌یی و سانایی پێكهاته‌ و لایه‌نه‌كانی مه‌جازیی ده‌ق هه‌ڵده‌سه‌نگینن، به‌ واته‌یه‌كی تر: ته‌نیا ده‌ڵێن (ئه‌م ده‌قه‌ جوانه‌)، (ئه‌م ده‌قه‌ ناشیرینه‌)، به‌ بێ ئه‌وه‌ی بپرسن: بۆچی جوانه‌؟ بۆچی ناشیرینه‌؟ هۆكاری ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵسه‌نگانانه‌ بۆ چی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: نه‌ك هه‌ر ده‌ق، به‌ڵكه‌ هه‌موو نووسینێك، داهێنانێك، دیارده‌یه‌ك، ڕووداوێك، بۆچوونێك یا هه‌ر شتێكی ئه‌م ژیان و جیهانه‌، كه‌ تۆ ده‌یبینی، ده‌یبیسی، ده‌یخوێنییه‌وه‌، ئاگات لێیه‌، كه‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌ بێت تۆ بیر و دید و ڕای خۆتی له‌ سه‌ر ده‌ربڕی، تۆ ناتوانیت به‌ یه‌ك وشه‌، جوانه‌ یا دزێوه‌‌، باشه‌ یا خراپه‌، خۆشه‌ یا ناخۆشه‌، گه‌ماره‌ یا خاوێنه‌، هه‌روا سه‌رپێی، وه‌رام بده‌یته‌وه‌، به‌ڵكه‌ گه‌ره‌كه‌، هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌و گوتنه‌ی خۆت ڕوونبكه‌یته‌وه‌ و بێژی بۆچی وایه‌ یا بۆچی وانییه‌. ئه‌وه‌ی هه‌روا خێرا و بێ هه‌ڵسه‌نگاندن و وردبوونه‌وه‌ و ده‌سبه‌جێ مۆری دزێویی یا ڕه‌نگینیی به‌ ده‌قیکه‌وه‌ بنێ، به‌ تایبه‌ت ده‌قێکی سه‌نگین، پێموایه‌ جۆره‌ په‌له‌کردنێک له‌ بڕیاره‌که‌یدا هه‌یه، که‌ نیشانه‌ی ته‌نکیی بیرکردنه‌وه‌ و هه‌ناسه‌سواریی پێوه‌ دیاره‌‌. ده‌قی جوان و باش و ده‌قی نه‌باش و دزێو، گرێدراوی كاریگه‌ری و نۆره‌یانن له‌سه‌ر مرۆڤ. ده‌قی جوان، په‌خشکردنی به‌رامه‌ و ده‌مکردنه‌وه‌ی گوڵه‌ و جووڵه‌یه‌ و بزاوته‌ و نه‌سره‌وتنه‌ و به‌خشینی شتێكی نوێیه‌ به‌ جیهان و مرۆڤایه‌تی.‌ ده‌قی جوان، شکاندنی به‌سته‌ڵه‌ک و کردنه‌وه‌ی ڕێچکه‌ی نوێ و کردنه‌وه‌ی ده‌لاقه‌ و ده‌رگای نوێیه‌.

رابه‌ر فاریق: كه‌نگێ ده‌توانین بڵێین ئه‌م نووسراوه‌ (زاره‌كییه‌) و ئه‌ویدی به‌ (نووسراوكراو)ه‌؟ هاوكات ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ (بنیاتنه‌ر)ه‌ و ئه‌ویدیكه‌ (ڕوخێنه‌ر)ه‌؟ ئه‌م دابه‌شكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌، هاوكاتیش؛ كه‌نگێ و بۆچی ده‌توانیین ئه‌م پرسیار و پێودانگانه‌ ده‌رببڕین؟ ئه‌گه‌ر پێویستیش نییه‌ باسیان لێوه‌ بكه‌ین، هۆكاره‌كان كامانه‌ن؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: ئه‌ده‌بی زاره‌كی، ئه‌و ئه‌ده‌به‌یه‌، كه‌ له‌سه‌ر زمانی خه‌ڵك بووه‌ و ده‌ماوده‌م له‌ نه‌وه‌كانی پێشووه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ نه‌وه‌كانی دواتر. ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ فۆلكلۆر، ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و خانه‌یه‌وه‌. لاوێك هه‌ستی خۆی به‌رانبه‌ر به‌ كچه‌ چاوباشقاڵه‌ جوانكیله‌كه‌ی هاوسێی، له‌ چه‌ند وشه‌یه‌كدا، كه‌ جوانیی ئه‌و كچه‌ و حه‌زی ئه‌و لاوه‌، وای لێكردوون ببنه‌ وشه‌گه‌لێكی كێشدار و سه‌روادار و جۆره‌ ڕیتم و ئاوازێك هه‌ڵگرن و ببنه‌ شیعر، ده‌ربڕیوه‌ و ئه‌و شیعره‌ ده‌ماوده‌م بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و ئیدی به‌و جۆره‌ ده‌یان و سه‌دان له‌و شیعرانه‌ خڕبوونه‌وه‌ و له‌ سه‌رجه‌می ئه‌وانه‌ و له‌و چیرۆكه‌ ئه‌فسانه‌ییانه‌ی، پڕبوون و پڕن له‌ باسی دێو و درنج و جنۆكه‌ و مێرده‌زمه‌ و چه‌ته‌ و دز و قاره‌مان و جه‌نگگێڕ و هه‌مووده‌م گێڕدراونه‌وه‌ و له‌و فۆلكلۆره‌ی پێوه‌ندیان به‌ هه‌ندێك بۆنه‌ و نه‌ریت و ڕێساوه‌ هه‌بووه‌، وه‌ك: كاروباری كشتوكاڵ و ژیانی ئاوایی و دره‌و و ساوه‌ركوتان و مانگادۆشین و ئاودێری و بێری و هه‌ندێك بۆنه‌ی ئایینی، مانه‌ندی ئاهه‌نگی جه‌ژنان و مه‌ولوودنامه‌ و شه‌وی به‌رات و هێلكه‌ڕه‌نگكردنی ئێزدیان و جماتی یارسانییان و مردن و چه‌مه‌ره‌ و شیوه‌ن و بڕێك بۆنه‌ی جڤاكیی وه‌ك: زه‌ماوه‌ند و بووكگواستنه‌وه‌ و له‌دایكبوونی منداڵ و خه‌ته‌نه‌كردنی كوڕان و ده‌یان بۆنه‌ و نه‌ریتی دیكه‌، له‌وانه‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌ده‌به‌ زاره‌كییه‌ خڕبووه‌ته‌وه‌. ئه‌م ئه‌ده‌به‌ زاره‌كییه‌ هه‌رچه‌نده‌ جوانه‌ و له‌به‌ردڵانه‌ و كاریگه‌ره‌ و دڵخۆشكه‌ره‌، لێ مێشكگوشین و هونه‌ر و ماندوبوونی تێدا به‌كار نه‌براوه‌، به‌ڵكه‌ هه‌روه‌ك چۆن ده‌ربڕاوه‌ و له‌ زار هاتووه‌ته‌ ده‌ر، هه‌ر به‌و جۆره‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئێمه‌. ئه‌ده‌بی زاره‌كی، ده‌سپێك و بێژه‌ری دیار نییه‌ و كه‌سیش نازانێت، كه‌ی گوتراوه‌ و كێ گوتوویه‌تی. هه‌رچی ئه‌ده‌بی نووسراویشه‌، هونه‌ری تێدا به‌كار هاتووه‌ و كه‌سێك پێوه‌ی ماندوو بووه‌ و هونه‌ركاریی تێدا كردووه‌ و هه‌وڵیداوه‌ به‌ جوانترین شێوه‌ بیخاته‌ به‌ر دید و ده‌ستی خوێنه‌ر و پێیدا چووه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵه‌گیری تێدا كردووه‌ و مه‌به‌ستی بووه‌ چی بنووسێت و باسی چی بكات و هه‌ست و دید و جیهانبینی و هزر و ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه‌ و كه‌سیه‌تیی خۆی تێدا نواندووه‌، ‌تا ئافراندوویه‌تی. ڕه‌خنه‌، ڕه‌خنه‌یه‌ و ڕووخێنه‌ر و بنیاتنه‌ر چ واتایه‌كی نییه‌. ئه‌وه‌ی تۆ و من و خه‌ڵكێك به‌ ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ری ده‌زانین و دایده‌نێین، ڕه‌نگه‌ خه‌ڵكی ده‌سه‌ڵاتدار و نووسه‌ره‌ هه‌ڵمش و مشه‌خۆره‌كانی ده‌وری ده‌سه‌ڵات، به‌ ڕووخێنه‌ری دابنێن و پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌ر ڕاسته‌، ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێیان بنیاتنه‌ره‌، ڕه‌نگه‌ لای خه‌ڵكی دیكه‌ ڕووخێنه‌ر بێت‌. ڕه‌خنه‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و هه‌ڵسه‌نگاندن و شیكردنه‌وه‌ و لێوردبوونه‌وه‌ و پێشاندانی هه‌موو هزر و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی پشت نووسینی ئه‌و ده‌قه‌ و لایه‌نه‌ به‌هێز و لاوا‌زه‌كانی ئه‌و ده‌قه‌یه‌ و ده‌قیش له‌ نووسه‌ره‌كه‌ی جوێ ناكرێته‌وه‌ و ته‌واوی بیری نووسه‌ره‌که‌یه‌تی و نوسه‌ره‌که‌ خۆی و ڕه‌وشی و جیهانبینی، پیکهاته‌ و کرۆکی ئه‌و ده‌قه‌ن و ده‌شێ نووسه‌ره‌كه‌یشی وه‌ك ئافه‌رێنه‌ری ده‌ق، وه‌به‌ر ڕه‌خنه‌ بكه‌وێت. ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی تۆ له‌ منی بگریت و من به‌ دڵم نه‌بێت، تۆ ناوی ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ری لێ ده‌نێیت، من ناوی ڕه‌خنه‌ی ڕووخێنه‌ری لێ ده‌نێم. ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی من له‌ تۆی ده‌گرم، من ناوی بنیاتنه‌ری لێ ده‌نێم، تۆش ئه‌گه‌ر پێت باش نه‌بێت، ناوی ڕووخێنه‌ری لێ ده‌نێیت. ڕه‌خنه‌ی ڕووخێنه‌ر، ئه‌و جۆره‌ ڕه‌خنه‌یه‌یه‌‌، كه‌ پێوه‌ندی ته‌نیا به‌ ئه‌ده‌ب و ده‌قه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكه‌ له‌‌ پێوه‌ندداریه‌تییشدا له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ڕۆژانه‌ به‌كار ده‌برێ و ده‌گوترێته‌وه‌، كاتێك یه‌كدی ده‌شكێننه‌وه‌ و یه‌كدی سووك ده‌كه‌ن و نزم ته‌ماشای یه‌كدی ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نی هه‌ستیاریی مرۆڤ لێكبدرێته‌وه‌ و شێوه‌ی دروستبوون و سروشتی مرۆڤ بخوێنرێته‌وه‌، به‌وه‌ی كه‌ ناته‌واوییه‌كی له‌ش یا هۆش ده‌كرێته‌ نه‌نگی و هۆی گاڵته‌ و لاقرتێ.

رابه‌ر فاریق: ڕه‌خنه‌گرانمان به‌ده‌ر له‌ كاری خۆیان (ڕه‌خنه‌گر)ی، (به‌دیل دۆزه‌ره‌وه‌)شن، پێت وایه‌ ئه‌م دووانه‌ گه‌ره‌كیان به‌ كه‌سی تایبه‌تمه‌ند و ئه‌كادیمیستی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌بێ؟ كه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بیی (ئه‌ڵته‌رناتیڤ) ده‌خوازی؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: ڕه‌خنه‌گر، هیچ كاتێك مه‌رج نییه‌، ئه‌كادیمیست و خاوه‌ن بڕوانامه‌ بێت. ڕه‌خنه‌گری باش، خوێنه‌رێكی زیره‌ك و وردبین و بیرتیژ و شیكار و گومانكار و تژیی پرسیاره‌ و ئاسۆی دیتنی به‌رینتره‌ و دوورتر ده‌بێنێت و دیوه‌ شاراوه‌ و نادیاره‌كانی نێو ده‌قه‌كه‌ ده‌بینێت و ئه‌وه‌ی له‌ ده‌قه‌كه‌دا نه‌گوتراوه‌ و نه‌نووسراوه‌، ئه‌و ده‌یبینێت و ده‌یخوێنێته‌وه‌، ‌كه‌ ده‌قیش ده‌خوێنێته‌وه‌، له‌ منی خوێنه‌ری ئاسایی به‌رینتر و چڕتری ده‌خوێنێته‌وه‌ و بیر له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ده‌كاته‌وه‌، لێ ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر بریت(به‌دیل)دۆزه‌ره‌وه‌ش بێت، چونكه‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی چ بریتێكی نییه‌ و ئه‌وه‌ی نووسراوه‌ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، خاس یا خراپ، لاواز، یا به‌هێز، ئیدی بووه‌ به‌ هی خه‌ڵك و ده‌كرێ قسه‌ی له‌ سه‌ر بكرێ و باس بكرێ و ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێ.‌

رابه‌ر فاریق: بۆچی ڕه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی كاری له‌ سه‌ر نه‌كراوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ سه‌رچاوه‌مان له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌بێ، له‌ كاتێكدا ده‌بوو ئیسته‌ زیاتر له‌ جاران بایه‌خی پێ درابا، چونكه‌ نائاماده‌ییی له‌ ڕۆژگارێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، هه‌م بۆشایی و هه‌م قه‌یران و هه‌م ده‌رگه‌ی داخستنی سه‌رده‌مێكیشمان به‌ ڕوودا ده‌كاته‌وه‌؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: ڕه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی، یان ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریی، بوارێكی گه‌لێك فراوان و به‌رینه‌ و پێویستی به‌ قووڵبوونه‌وه‌یه‌كی زیاتر و بایه‌خپێدانێكی زۆر و جیددی هه‌یه‌، به‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی جیاواز و نووسه‌ری جیاواز و بواری جیاواز و ژینگه‌ی جیاواز و به‌ باڵاگرتنی ده‌قی نووسه‌رێكی سه‌ر به‌ زمان و نه‌ته‌وه‌ و وڵاتێك، به‌ ده‌قی نووسه‌رێكی دیكه‌ی وڵات و نه‌ته‌وه‌ و زمانێكی جیاواز. به‌ باڵاگرتنی چیرۆكیك به‌ چیرۆكیكی دیكه‌ و شیعرێك به‌ شیعرێكی دیكه‌ و نووسه‌رێك به‌ نووسه‌رێكی دیكه‌، یان به‌رواردكردنی داهێنانێكی ئه‌ده‌بی به‌ كارێكی هونه‌ری وه‌ك فیلم، شانۆیی، مۆسیقا‌ و شێوه‌كاری. ته‌واوی ئه‌و به‌راوردكارییه‌ ده‌شێ، له‌ ‌نێوان نووسه‌رێك یا ده‌قێكی كوردیدا و نووسه‌ر و ده‌قێكی ناكوردی و سه‌ر به‌ ژینگه‌ و زمانیكی دیكه‌دا بكرێت. هه‌ندێ جاریش وه‌ها به‌راوردێك له‌ ‌نێوان نووسه‌ر و ده‌قی یه‌ك زماندا، به‌ڵام سه‌ر به‌ ژینگه‌ و فه‌رهه‌نگ و وڵاتی جیاوازدا ده‌كرێت، بۆ نموونه‌ مه‌غریب و سووریا(زمانی عه‌ره‌بی)، ئه‌مه‌ریكا و نیوزیلاند (زمانی ئینگلیزی)، كۆنگۆ و توونس و فرانسا (زمانی فرانسی)، ئێران و تاجیكستان و ئه‌فغانستان (زمانی فارسی). وه‌ها كارێك زمانزانین و چێژی ده‌وێ. نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی به‌راوردكاری، بۆشاییه‌ك ده‌سازێنێت، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ببێته‌ هۆی قه‌یران و ده‌رگه‌داخستن به‌ سه‌ر سه‌رده‌مێكدا. ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریی و ڕه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی، بۆ خۆی وه‌ك به‌شێك له‌ ئه‌ده‌ب و چالاكیی ئه‌ده‌بی، گه‌لێك كۆن نییه‌، هه‌موو ئه‌و خوێندنگه‌ و ڕێبازانه‌ی، كه‌ به‌ ڕێبازی فرانسی و ئه‌مه‌ریكی و ئه‌ڵمانی و... ناسراون، كۆنترینیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، واته‌: ساڵانی 1800ه‌كان. له‌ نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا، ڕه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی ژانرێكی نوێیه‌، پێموایه‌ نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری كورد، هێنده‌ خۆی له‌ قه‌ره‌ی نه‌داوه‌ و به‌ سه‌ری نه‌كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ نابێته‌ هۆی ماڵوێرانیی كورد و پووكانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی، لێ هه‌بوونی، ته‌كانێكی به‌هێز به‌ ئه‌ده‌بی كوردی و ناساندنی به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ ده‌دات و ده‌كات.

رابه‌ر فاریق: له‌ ئیسته‌دا، داهێنان و ڕیكلام هاوئاستن له‌ خستنه‌ڕووی ئاستی ده‌ق له‌ كوردستاندا، به‌ڵام ئه‌و ڕیكلامه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ دابه‌شبووه‌ به‌ سه‌ر خوێنه‌ر و ڕاگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی حیزبه‌كان. بۆئه‌وه‌ی نووسه‌ری ئیبداعكار پردێك دروست بكات، بۆ به‌ یه‌كترگه‌ییشتنی داهێنان و ڕیكلام، ئه‌وه‌ چییه‌ له‌ وه‌ها وه‌ختێكدا ده‌بێت به‌ كۆمه‌كاری ته‌ندروست؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: داهێنان و ڕیكلام دوو شتی جیاوازن و هه‌رگیزیش له‌ یه‌ك ئاستدا نین. خوێنه‌ری زیره‌ك، زۆرچاك نووسه‌ری داهێنه‌ر و ده‌قی به‌رز و هێژا، له‌ نووسه‌ری ناداهێنه‌ر و ده‌قی بێهێز و هیچنه‌گۆ، جیا ده‌كاته‌وه‌ و جیاوازییه‌كانیان به‌ ئاسانی ده‌بینێت. تۆ بنۆڕه‌ هه‌ندێک له‌و میعر و قسه‌ هیچوپووچانه‌ی هه‌ژاری موکریانی و جه‌گه‌رخوین و گۆران، که‌ له‌ باره‌ی ستالین و ڕووس و لێنین و عیراق و دابه‌شکردنی عه‌رده‌وه‌ گوتوویانه‌، که‌ی ڕه‌وایه‌ ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ شاکاره‌کانی جه‌زیری و نالی و مه‌حوی و گۆران و شێرکۆ بێکه‌س و فه‌رهاد شاکه‌لی و عه‌بدوڵڵا په‌شێودا، به‌ یه‌ک چاو ته‌ماشا بکه‌یت. شه‌فیق ئه‌لکه‌مالی (شفیق الکمالي)یه‌ک، که‌ به‌عس کردبووی به‌ کوێخای ئه‌دب و فه‌رهه‌نگ له‌ عیراقدا و عه‌بدوڕه‌ززاق عه‌بدولواحید(عبدالرزاق عه‌بدالواحد)ێک، که‌ نازناوی شاعیری "دایکی نه‌به‌رده‌کان" و "شاعیری قادسییه‌"ی به‌عسی وه‌رگرتبوو، هه‌رگیز به‌ به‌در شاکر ئه‌سسه‌ییاب و موزه‌ففه‌ر ئه‌لننه‌وواب و حه‌سه‌ب ئه‌لشێخ جه‌عفه‌ر و ئه‌دۆنیس، ناپێورێن و هه‌میشه‌ ئه‌وان گرگن و کورته‌باڵان‌ و ئه‌مانیش به‌ژن زراڤ و که‌ڵه‌گه‌تن. له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیشدا، وه‌ک زۆرێک له‌ کۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان، ده‌سه‌ڵات ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا ده‌گرێ، بواری فه‌رهه‌نگییش، یه‌کێکه‌ له‌ بواره‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌کان و زۆر جاران، نووسه‌رانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات و ئه‌وانه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌نووسن، گۆڕه‌پانه‌که‌ داگیر ده‌که‌ن و ڕووناکییه‌که‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌وان، به‌ڵام ئه‌وه‌ دیارده‌یه‌کی کاتییه‌ و نووسه‌ری باش و ده‌قی باش، وه‌ک چۆن "به‌ بێژنگ به‌ری خۆر ناگیرێت"، هه‌رگیز ناشاردرێنه‌وه‌. ده‌ق یا نووسه‌رێك، كه‌ ڕاگه‌یاندنی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی گه‌وره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌ و ڕیكلامی بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بۆ خۆی(ده‌ق) شتێكی تێدا نه‌بێت و (نووسه‌ر)شتێکی پێ نه‌بێت و نووزه‌یه‌کی لێوه‌ نه‌یه‌ت، هه‌رگیز وه‌ك داهێنان و داهێنه‌ر ته‌ماشا ناكرێن و پله‌ی هێژایه‌تی وه‌ده‌ستناهێنن.

رابه‌ر فاریق: دیكارت ڕوانینێكی وه‌هایه‌: "من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌م"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاراوه‌ ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یه‌: كام (بیر كردنه‌وه‌) ده‌توانیت (بوون)یكی پڕجووڵه‌ و ئیبداعكاریی به‌رده‌وام به‌رهه‌م بهێنێ، هاوكات بیركردنه‌وه‌ له‌ كن تاكی هۆشیار تا چه‌ند په‌یوه‌سته‌ به‌ (ئاگایی) و (ئه‌وانیدیكه‌)وه‌؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: بوون و نه‌بوونی مرۆڤ و پێناسه‌كردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆنی ده‌بینین. مرۆڤ، كه ‌ هاته‌ دنیاوه‌ ئیدی هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌ژی، ده‌خوا، ده‌ڕێ، ده‌سێکسێ،كار ده‌كا، ده‌مرێ و... به‌ڵام بوونێكی وا ئاژه‌ڵیش هه‌یه‌تی، هه‌رچه‌نده‌ تا ڕاده‌یه‌ك جیاوازییه‌كی هێنده‌ مه‌زن له‌ نێوان ئێمه‌ی مرۆڤ و ئاژه‌ڵدا، له‌ لایه‌نه‌ فیزیكییه‌كه‌وه‌ نییه‌ و ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ ئاژه‌ڵ جوێ ده‌كاته‌وه‌، لایه‌نه‌ ئاوه‌زی و هۆشه‌كییه‌كه‌یه‌. ئاژه‌ڵ مێژوویان نییه‌ و ئێمه‌ مێژوودارین. ئاژه‌ڵ بیرگه‌یان یا نییه‌ یا هه‌ر یه‌کجار کورت و که‌مخایه‌نه‌. منی بیركه‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر منێك نه‌بێت، هه‌میشه‌ مێشكی بارگرانی پرسیار و گومان و دوودڵی و وردبوونه‌وه‌ ‌‌بێت، هه‌رگیز منێك نییه‌، كه‌ هه‌بێت، به‌ڵكه‌ منێكی ناچالاك  و خاووخلیچك و خوێڕیله و سسته‌‌، كه‌ ته‌نێ هه‌یه‌ و هه‌ناسه‌ ده‌دات و بۆشاییه‌ك له‌ سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ پڕ ده‌كاته‌وه‌. منێكه‌ چه‌ندباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ده‌مرێ و له‌گه‌ڵ منه‌كانی تردا، هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ بوونی مرۆڤ، وه‌ك ئایینه‌كان جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌، ته‌نێ بۆ كڕنۆشبردن و ملكه‌چبوون بێت بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی باڵا و هێزیكی بانتر، ئه‌وه‌ بوون نییه‌، ئه‌وه‌ ته‌نێ بۆشایی پڕکردنه‌وه‌یه‌. ئه‌وه‌ بوونێكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بازنه‌یه‌كدا، كه‌ جێگه‌ی پرسیار و گۆڕان و بیركردنه‌وه‌ی تێدا نابێته‌وه‌. مرۆڤ شارستانی و ژیاری ده‌ئافرێنێ و هۆش ده‌كاته‌ پێوه‌ر بۆ به‌رده‌وامبوون و درێژه‌پێدانی ژیان و به‌ وروژاندنی پرسیار و داهێنان و به‌ده‌وكاریی و ئافراندن، بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت. بوون، ئه‌گه‌ر په‌یامێكی نه‌بێت ئه‌وه‌ هیچ واتایه‌کی نابێت.

رابه‌ر فاریق: چی له‌و واقیعه‌ تاڵه‌ بكه‌ین كه‌ خه‌یاڵ و فه‌نتازیا ناتوانن بیگۆڕن؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: شیعری جوان، چیرۆكی جوان، ڕۆمانی جوان، مۆسیقای جوان، تابلۆی جوان، خه‌یاڵی جوان و خۆش، چپه‌ی جوان، مرۆڤی جوان، خۆشه‌ویستیی، هه‌موو خه‌ونی خۆش و جوانن و مرۆڤیش، ئه‌گه‌ر خه‌ونی نه‌دیت، ئیدی ده‌مرێت. مرۆڤ به‌ خه‌ونه‌وه‌، به‌ ئومێده‌وه‌، ده‌توانێت درێژه‌ به‌ ژیان بدات. من له‌و بڕوایه‌دام جوانی و خۆشه‌ویستی، واقیعی تاڵ ده‌گۆڕن، به‌ڵام نه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ و ڕادیكاڵ و سه‌ر و بن. ئه‌و جوانی و خۆشه‌ویستییه‌، بیر و جیهانبینی و ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌هه‌ژێنن و هه‌ژاندنیش گۆڕانی به‌دوودا دێت. به‌شێكی زۆری داهێنان و شاكاره‌شیعر و شاكاره‌هونه‌ر و شاكاره‌ڕۆمانه‌كانی ئه‌م جیهانه‌، خه‌یاڵێكی خۆش و خه‌ونێكی فێنكی جوانن و خراونه‌ته‌ نێو چوارچێوه‌ی مه‌به‌سته‌كانه‌وه‌. بێ خه‌ون و خه‌یاڵ، ژیان ته‌نێ چه‌قه‌چه‌قی ئاش و ته‌قه‌ته‌قی ماشێن و ده‌نگێکی ناساز و ژاوه‌ژاوه‌.

رابه‌ر فاریق: كۆمه‌ڵگه‌ و تاكی كوردیی توانیویانه‌ له‌ گۆڕانه‌ به‌رده‌وامه‌كاندا خۆیان به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن و جۆرێك له‌ فره‌ڕه‌هه‌ندیی ڕوانین به‌رهه‌م بهێنن؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: تاكی كورد و جڤاكی كوردستان، به‌شێكی دابڕاو‌ نین، له‌ مرۆڤی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ و ئه‌م جیهانه‌. ئه‌وانیش وه‌ك هه‌موو مرۆڤ و جڤاكه‌كانی دیكه‌ی مرۆڤایه‌تی، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان، كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی تێكه‌ڵاویی و پێوه‌نده‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌. هه‌ر گۆڕانێك له‌ بوارێكی ژیاندا، ئابووری، سیاسی، زانستی، ته‌كنیكی، فه‌رهه‌نگی و... له‌ جیهاندا ڕوو بدات، كار ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌موو جڤاكێك و تاكێكی ئه‌م جیهانه‌ و كوردیش، یه‌كێكه‌ له‌وان و تاكی كوردیش، له‌وه‌ی له‌ ده‌وروبه‌ری و له‌وپه‌ڕی دنیا ده‌گوزه‌رێت، به‌ ڕێژه‌یه‌ک ئاگاداره‌. به‌ هۆی ئه‌و ئاگاداربوونه‌وه‌، فره‌ڕه‌هه‌ندیی و ڕوانینێكی به‌رینتر وه‌به‌رهه‌م دێن، كه‌ ڕێك ده‌بنه‌ هۆی گۆڕانی به‌رده‌وام و نوێبوونه‌وه‌، كه‌ مه‌رج نییه‌ گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌یه‌كی فره‌خێرا و له‌پڕ بن.

رابه‌ر فاریق: بۆچی خوێنه‌رانی كورد له‌ سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی كاریگه‌رترین و گه‌وره‌ترین ڕۆمانی دنیادا، وه‌ها هه‌ڕه‌مه‌كی پێشوازی له‌م ژانره‌ ده‌كه‌ن؟ هاوكاتیش، تۆ بڵێیت ڕۆمان ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌موو بۆشاییه‌كانی ئه‌ده‌ب بێت؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: به‌ بڕوای من، له‌ ڕۆژگارێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، كه‌م كه‌سی كورد، خۆی به‌ خوێندنه‌وه‌وه‌ خه‌ریك ده‌كات. ئه‌وه‌ی ده‌خوێنێته‌وه‌ له‌نێو جڤاكی كورددا، خه‌ڵكێكی یه‌كجار كه‌من. ئه‌وانه‌ خه‌ڵكێكن بۆ خۆیان، ئاره‌زوویه‌كی ئه‌ده‌بی و هونه‌رییان هه‌یه‌. خه‌ڵكی ئێمه‌، هێنده‌ی ده‌م له‌ سیاسه‌ت ده‌كوتن و مێشكیان سیاسه‌تاوی بووه‌، یه‌ك له‌ سه‌دی ئه‌وه‌، خۆیان به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و هزره‌وه‌ خه‌ریك ناكه‌ن. هه‌ندێك رۆمان، كه‌ پێشتر، ڕیكلامێكی زۆریان بۆ ده‌كرێت و زۆریان له‌ باره‌وه‌ ده‌نووسرێت و نووسه‌ره‌كانی، به‌ هۆی نێزیكییانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌سگاكانی ڕاگه‌یاندن و حیزبه‌وه‌، ده‌خرێنه‌ به‌ر ڕووناكی و هه‌ڵده‌درێن، ئه‌وده‌می خوێنه‌ریان بۆ په‌یدا ده‌كرێن. ئه‌و جۆره‌ نووسه‌رانه‌ یا ڕۆمانه‌كانیان به‌ ویست و خواست، گه‌وره‌ ده‌كرێن، خه‌ڵكی ئێمه‌ش، یان ڕاستتر، خوێنه‌ری ئێمه‌ شوێنی ئه‌و هه‌ڵڵا و ده‌نگه‌ده‌نگه‌ ده‌كه‌ون و زۆر به‌ جیددی شوێنی ئه‌و عه‌شاماته‌ ده‌كه‌ون. ڕۆمان، به‌ریناییه‌ک و ئاسۆیه‌کی گه‌لێک هه‌راو له‌ ئه‌ده‌بدا پڕ ده‌کاته‌وه‌ و به‌شێکی فره‌ی کووچه‌ و کۆڵانه‌کانی ژیان و ئه‌ندێشه‌کانی مرۆڤ و خه‌م و خواست و ویست و ئۆمێد و ده‌رده‌کانی ده‌گرێته‌ خۆ و مێژووی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌داته‌ شاندا، لێ ناتوانێت جێ به‌ شیعر له‌ق کات و پاڵ به‌ چیرۆکه‌وه‌ بنێ و بیانسڕێته‌وه‌ و ده‌ست بخاته‌ ناقڕه‌یان و بیانتاسێنێت. ڕۆمان، نۆره‌ی خۆی و شیعر و چیرۆکیش، نۆره‌ی خۆیان ده‌بینن و هه‌ریه‌که‌یان بۆشاییه‌ک پڕ ده‌که‌نه‌وه‌ و هه‌ریه‌که‌یان په‌یامێک ده‌گه‌یه‌نن. ئه‌وروپا، که‌ زێد و جێی له‌دایکبوونی ڕۆمانه‌، تا ئێستاش شیعری جوان و چیرۆکی جوان و به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئه‌ده‌ب، به‌ به‌رده‌وامی دێنێته‌ به‌رهه‌م. 

رابه‌ر فاریق: ده‌توانین بڵێین كولتووری ڕۆژهه‌ڵات كولتوورێكه‌ ده‌كرێ ببێته‌ كه‌ره‌سه‌ی داهێنانگه‌لێك، به‌ڵام ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان سوودی ئه‌وتۆیان لێی وه‌رنه‌گرتووه‌ له‌ به‌رابه‌ر ڕۆژئاواییه‌كاندا. ئه‌وه‌ نووسه‌رانی ئێمه‌ن كه‌ جیهانبینییان ته‌سكه‌ و ناتوانن له‌ كولتوور ده‌قی ئافرینه‌رانه‌ به‌رهه‌م بهێنن، یان بینینی هه‌ر كولتوورێك له‌ دووره‌وه‌ باشتر قووڵاییه‌كانی دیار ده‌كه‌ون؟ یان چیی؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: فه‌رهه‌نگ، به‌ بڕوای من، له‌ هه‌ر جیۆگرافیا و له‌نێو هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و وڵات و خه‌ڵكێكدا بێت و هه‌رچه‌ندی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بێت، بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تییه‌، به‌ واتایه‌كی تر: فه‌رهه‌نگی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر سه‌ر به‌ شوێن و خاك و كۆمه‌ڵگه‌ و ئایین و نه‌ته‌وه‌ و زمانی جیاوازیش بێت، هه‌ر یه‌ك فه‌رهه‌نگه‌ و بۆ ته‌واوی مرۆڤه‌كانی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌یه‌ و هه‌رگیز له‌یه‌كدی دابڕاو نییه‌، به‌ڵكه‌ وه‌ك زنجیرێك ته‌واوی گه‌وه‌كانی گرێدراوی یه‌كدین‌. ‌ڕۆژهه‌ڵات جیۆگرافیایه‌كی تا بڵێی به‌رینی فه‌رهه‌نگیی ده‌گرێته‌ خۆ. جیهانێكه‌ پڕ له‌ فه‌رهه‌نگی جیاواز. جیهانێكه‌ پر له‌ داهێنان و ئافراندن. جیهانێكه‌ پڕ له‌ خه‌ون و خه‌یاڵ و ئه‌فسانه‌ و سیحر. تۆ بنۆڕه‌ ئه‌و هه‌موو‌ ئایین و په‌یامبه‌ریه‌تی و فه‌لسه‌فه‌ و ڕیباز و هزر و شیعر و ئه‌ده‌ب و په‌یامه‌ مرۆڤانه‌ و نووسینه‌‌ مه‌زن و پڕبایه‌خ و به‌هادارانه‌ی، له‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌دا وه‌به‌رهه‌م هاتوون: بوودایزم، كۆنفۆشیانیزم، تاویزم، شامانیزم، میتراییزم، جووله‌كایه‌تی، مه‌سیحییه‌ت، ئیسلام، سۆفیزم، شیعه‌، عه‌له‌وی، هیندۆیزم، ئێزدیایه‌تی، یارسانی، زه‌رده‌شتی، مه‌ندائی، نه‌قشبه‌ندی، قادری، یۆگا، زێن و ده‌یان ڕێباز و بیر و هێڵ و ئایین و ئایینزا و فه‌لسه‌فه‌ی دیكه‌. تۆ بنۆڕه‌ فه‌رهه‌نگی چین و ژاپۆن و هیندوستان و ئێران و عه‌ره‌ب، چییان به‌ فه‌رهه‌نگیی جیهانی پێشكه‌ش كردووه‌. ته‌واوی فه‌رهه‌نگێك، كه‌ ئه‌مڕۆ ڕۆژاوا شانازی پێوه‌ ده‌كات، له‌ بنه‌مادا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فه‌رهه‌نگی گرێك (یۆنان) و پاشماوه‌ و درێژه‌پێدانی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌یه‌. ئه‌مڕۆ زاڵبوونی ته‌كنیك و ئابووری و سیاسه‌ت و هێزی ڕۆژاوا، كارێكی وای كردووه‌، فه‌رهه‌نگه‌كه‌یشی به‌ سه‌ر فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتدا زاڵ بێت و باڵاده‌ست بێت. ڕۆژاوا به‌ ڕێنێسانس و ئازادی بیر و ڕه‌هاكردنی ئاوه‌ز و هزر، گره‌وی پێشكه‌وتنی فه‌رهه‌نگیی و زاڵبوونی، له‌ ڕۆژهه‌ڵات برده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی، كه‌ ئیدی خه‌ڵك پشت له‌ فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵات بكه‌ن و پێیانوابێت هیچی تێدا نه‌ماوه‌ و ڤالایه‌. نووسه‌رانی ئێمه‌، به‌شێكی زۆریان، سه‌رسامبوونێكی زیاد له‌ پێویست به‌ فه‌رهه‌نگی ڕۆژاواوه‌ پێشان ده‌ده‌ن و ته‌واوی فه‌رهه‌نگ و پاشخانی ڕۆژهه‌ڵاتیه‌تی خۆیان ده‌سڕنه‌وه‌. ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ به‌شێكه‌ له‌ ده‌رده‌ڕۆژاوایه‌تی (ڕۆژاوازه‌ده‌یی)، كه‌ ئه‌وانه‌ دووچاری بوون. له‌ فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتدا هێنده‌ كیشوه‌ر هه‌ن، كه‌ هێشتا نووسه‌رانی ئێمه‌ نه‌یاندۆزیوه‌ته‌وه‌. هێنده‌ سنوور هه‌ن، كه‌ هێشتا نه‌یانبه‌زاندووه‌ و به‌ سه‌ریدا نه‌په‌ڕیونه‌وه‌. جیهانبینی ئه‌و نووسه‌رانه‌، كه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ خۆ بزانن، سه‌رسامی سیاسه‌ت و بازاڕی ئازاد و ته‌كنیك و لیبرالیزمی ڕۆژاوان، وای لێكردوون، مه‌ستی فه‌رهه‌نگی ڕۆژاوا بن، ئه‌وان مه‌ستی ئیدیۆلۆگیی کۆڵۆنیالیستانه‌ی ڕۆژاوان، که‌ په‌یامی سڕینه‌وه‌ی نه‌ک هه‌ر فه‌رهه‌نگه‌که‌یان، به‌ڵکه‌ هی خۆیانیشی پێیه‌، ئه‌وان مه‌ستی زانستی رۆژاوایی نین. ئه‌و نووسه‌رانه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێک له‌ دیرۆک ورد ببنه‌وه‌ و ته‌ماشایه‌کی ده‌وروبه‌ری خۆیان بکه‌ن، فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاته‌كه‌ی خۆیان هێنده‌ی تێدایه‌، كه‌ سروشبه‌خش بێت و ببێته‌ بنه‌مای ئافراندن و داهێنان. ڕه‌نگه‌ تیۆری "ده‌نگی ده‌هۆڵ له‌ دووره‌وه‌ خۆشه‌"‌ یا "سترانبێژی گه‌ڕه‌ك، مرۆڤ ناخاته‌ سه‌ما"، له‌ سه‌رده‌مێكدا، له‌ته‌ك ئه‌م ڕه‌وشه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ی ئێستادا، وێك هاتباوه‌، لێ ئێستا هه‌موو ده‌رگه‌كان كراوه‌ن و هیچ شتێكی شاراوه‌ نییه‌ و فه‌رهه‌نگی دوور نه‌ماوه‌ و هه‌موو فه‌رهه‌نگێك نزیكه‌.‌‌

رابه‌ر فاریق: به‌رده‌وام كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌ن پێیان وایه‌ ئایین نه‌بێت باشتره‌، ئه‌م تێڕوانینه‌ بنچینه‌یه‌كی ته‌ندروستی هه‌یه‌؟ ئه‌مه‌ ده‌رهاویشته‌ی دنیای مۆدیرنیته‌یه‌، یان شتیكی دیكه‌؟ هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌توانێت به‌بێ ئایین درێژه‌ به‌ ڕه‌وتی پێشكه‌وتنی خۆی بدات؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: بوون و نه‌بوونی ئایین، به‌ ده‌ستی تۆ و من و ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ که‌سه‌ نییه‌. هه‌ر له‌ سه‌رده‌می بوونی مرۆڤه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی، كه‌ مرۆڤ له‌ مه‌یموونیه‌تی ده‌رچووه‌ و بووه‌ به‌ مرۆڤ و له‌ ئه‌شكه‌وتدا ژیاوه‌ و گه‌ڵای داری به‌ گه‌ڵ و گون و گوانی خۆیه‌وه‌ پێچاوه‌، مرۆڤ بۆ خۆی وه‌دووی هێزێك له‌ خۆی به‌هێزتر و به‌ ده‌سه‌ڵاتتردا گه‌ڕاوه‌ و ناوی بۆ دۆزیوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر جڤاك و خه‌ڵكێك ناوێكی تایبه‌تیان له‌و هێزه‌ ناوه‌. خه‌ڵك ئه‌و هێزه‌ی به‌ پێویست زانیوه‌، بۆ وه‌ی له‌ ته‌نگانه‌دا به‌ هانا‌یانه‌‌وه‌ بێت. ئه‌و هێزه‌ فریادڕه‌سێك بووه‌ و هه‌میشه‌ مرۆڤ هاواری پێ كردووه‌ و په‌نای بۆ بردووه‌. زۆرجاران مرۆڤ وێنای ئه‌و هێزه‌یان وه‌ك شتێكی دنیایی و له‌به‌رچاو و بینراو كردووه‌، كه‌ له‌ شێوه‌ی ئاژه‌ڵێكدا خۆی نواندووه‌ یا له‌ شێوه‌ی مرۆڤدا بووه‌. ئه‌وه‌تا چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و خه‌ڵكی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌، مانگا به‌ پیرۆز ده‌زانن و هی وایش هه‌ن، سرشت یا شتێك له‌ سرشتدا ده‌په‌رستن و هی دیكه‌ش هه‌بوون و هه‌ن به‌رد و بت و کۆته‌ڵ و شتی دیكه‌ ده‌په‌رستن. ئایینی میترایی، با و باران و ئاگر و به‌هار و كه‌ژ و ئاسمان و لێڕه‌وار و شه‌وی پێ پیرۆز بوو و پێڕه‌وانی ده‌یانیپه‌رستن. ئایینه‌ یه‌كتاپه‌رسته‌كانی وه‌ك جووله‌كایه‌تی‌، عیسایی و ئیسلام، هه‌رسێیان بڕوایان به‌ بوونی یه‌ك خودا هه‌یه‌، كه‌ سه‌روو و سه‌ره‌تا و خاوه‌ن و ئافه‌ریده‌ و كۆتایی هه‌موو بوونه‌ و ده‌بێ بپه‌رسترێت. ئه‌م هه‌موو ئایینه‌ له‌ مانگاپه‌رسته‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ به‌رد و بت و خوا، تۆ ناتوانیت هه‌روا هێڵێكی چه‌پوڕاستی به‌ سه‌ردا بێنێت و بیانسڕیته‌وه‌ و بڵێی نه‌بن باشتره‌. هه‌رچه‌نده‌ ئایین، هه‌موو ئایینه‌كان، به‌ تایبه‌ت ئایینه‌ ئاسمانییه‌كانی وه‌ك جووله‌كایه‌تی، عیسایی و ئیسلام، له‌ ده‌ستپێكدا، وه‌ك كۆمه‌ڵێك قانوون و ڕێسا، بۆ ڕێنوێنی مرۆڤ و ڕێكخستنی كاروباری مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ و پێوه‌ندداریه‌تیی مرۆڤ له‌ته‌ك یه‌كتردا، هاتوون‌، لێ لایه‌نێكی دیكه‌ی گرنگیشیان تێدا بووه‌ و هه‌یه‌، ئه‌ویش ڕێكخستنی پێوه‌ندی مرۆڤه‌ به‌ خوداوه‌. به‌ بڕوای من ئه‌و ڕایه‌ڵه‌ و پێوه‌ندداریه‌تییه‌ی مرۆڤ و خودا، كه‌ دیوێكی گرنگیی ئایینه‌، بابه‌تێكی كه‌سه‌كی تایبه‌ته‌ و مرۆڤ بۆ خۆی چۆنی ئه‌نجام ده‌دا یا نادا، پێوه‌ندی به‌ خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌. عه‌بدولکه‌ریم سرووش ده‌ڵێ:"ئێمه‌ چ ئه‌زموونێکی ئایینی گشتگر و به‌ کۆمه‌ڵمان نییه‌، ئه‌زموونه‌که‌ هه‌میشه‌ که‌سه‌کی و خۆیه‌کییه‌. ئێمه‌ به‌ ته‌نێ خۆمان له‌ عیشقدا خۆشه‌ویستیدا ده‌ژین و به‌ ته‌نێ ده‌مرێن و ئه‌زموونی ئایینییش به‌ ته‌نی خۆمان تێیدا ده‌ژین". له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گۆڕانی شێوه‌ی ژیانی مرۆڤ و ئابووری و جڤاك و هزردا، دیدی مرۆڤیش له‌هه‌مبه‌ر ئایین، گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و زۆر وه‌ك پێویستییه‌ك نایه‌ته‌ به‌رچاو. زۆرجاران پێكهاتنی خه‌ڵك له‌نێو جڤاكدا له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك ڕێسا و قانوون و جۆری هه‌ڵسوكه‌وت و نه‌ریت، بۆ خۆی ده‌بێته‌ ئایین و خه‌ڵك پێڕۆی ده‌كه‌ن و پێیان سه‌خته‌ لێی لابده‌ن، به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕبوونی كات و گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌كان، ئه‌و پێكهاتنانه‌ ده‌گۆڕێن بۆ پێكهاتنی نوێ و خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌ خه‌ڵكی تر و هی دوای ئه‌وان، جێیان ده‌گیرێته‌وه‌ و ئه‌وده‌می ڕێسای نوێ و دیدی نوێ، جێی ئه‌وانی پێشوو ده‌گرنه‌وه‌، كه‌واته‌: هه‌ر سه‌رده‌مه‌و جۆره‌ ئایینێك یا دیدێك باوی ده‌بێت و گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌کانی ژیان و پێشکه‌وتنی هۆش و هزر و ئابووری و ته‌کنیک و زانستیش، زه‌وینه‌ی گۆڕین له‌ دیدی مرۆڤدا له‌هه‌مبه‌ر ئایین دێنێته‌ گۆڕێ و زه‌وینه‌ش خۆش ده‌کات بۆ گونجاندنی ئایین له‌گه‌ڵ ڕۆژگار و پێویستییه‌کانی سه‌رده‌مدا. نه‌بوونی هیچ ئایینێكیش، یا بێ ئایینی كار له‌ ڕه‌وتی مرۆڤایه‌تی ناكات و سه‌دان كۆمه‌ڵگه‌ له‌م جیهانه‌دا هه‌ن بێئایینن و كاروباریشیان به‌ ڕێكوپێكی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. ئایین، بڕێك ڕێسا و قانوونی خۆی هه‌یه‌، بۆ مردن و له‌دایكبوون و هاوسه‌رگیریی ژن و پیاو و هه‌ندێك جه‌ژن و بۆنه‌ی دیكه‌، كه‌ هه‌ر بۆنه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌تیی خۆی هه‌یه‌، ئیدی شێوه‌ی ناشتنی مردوو و ناولێنانی منداڵ و ماره‌بڕینی بووك و زاوا و نوێژ و ڕۆژوو، كه‌ هه‌ر ئایینه‌و به‌ جۆرێكی ئه‌نجام ده‌دات. برێژنێڤی سه‌رۆكی پێشووی حیزبی كۆمۆنیسی سۆڤیێت و سه‌رۆكی پێشووی وڵاتی سۆڤیێت، هه‌رچه‌ندی وه‌ك كۆمۆنیستێك بڕوای به‌ ئایین نه‌بوو، لێ كه‌ مرد، قه‌شه‌یان هێنایه‌ سه‌ری و برایه‌ كڵێسه‌ و وه‌ك عیساییه‌ك به‌ خاك سپێردرا. ده‌مه‌وێ بڵێم، هه‌ندێ جار، مرۆڤ نازانێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ پێشهات و ڕووداودا بكات، بۆ ئه‌وه‌ په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ئایین و له‌ ئایینه‌وه‌ وه‌ڵامی به‌شێك له‌ پرسیاره‌كانی ده‌ستده‌كه‌ون. ماركسیسته‌كان ده‌یانگوت، هونه‌ر جێی ئایین و خوداپه‌رستی ده‌گرێته‌وه‌ و مرۆڤ ئه‌وده‌می چ پێویستییه‌كی به‌ ئایین نییه‌. لایه‌نه‌ قانوونی و جڤاكی و ڕێكخستنه‌كه‌ی ئایین، مرۆڤی ئێستا به‌ ئاوه‌زی نوێ و هزری نوێ و دیدی نوێ، قه‌ره‌بووی ده‌كاته‌وه‌ و مرۆڤ بۆ خۆی نه‌خشه‌ی چۆنیه‌تیی كار و ژیان و پێوه‌ندداریه‌تییه‌كان داده‌ڕێژێ و چ پێویستی به‌ هێزێكی سه‌ره‌وه‌ی مرۆڤ یا ئه‌ودیوی سرشت نییه‌ بۆی داڕێژێ. ئه‌و ئارامییه‌ گیانه‌کییه‌ی مرۆڤێکی خودان باوه‌ڕ هه‌ستی پێ ده‌کات، هه‌رگیز که‌سێکی گوماناوی یا بێباوه‌ڕ هه‌ستی پی ناکات، ڕه‌نگه‌ له‌و ڕووه‌یشه‌وه‌ ئایین هێشتا و تا ماوه‌یه‌کی زۆر و درێژی تر کاریگه‌ریی خۆی هه‌بێت و بشمێنێت. ئێستاش پێڕه‌وانی مووسا و عیسا و موحه‌ممه‌د و شیڤا و کریشنا و بوودا(هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م سێیه‌ی دوایین ئایینی ئاسمانیی نین) و...گه‌لێک له‌وانه‌ زۆرترن، که‌ بێئایینن.
رابه‌ر فاریق: له‌ هه‌موو وڵاتێك و ئایینه‌كاندا، كۆمه‌ڵێك یاسا و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ن، كه‌ پێویسته‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ی قبووڵیان ده‌كه‌ن بچنه‌ ژێر ڕكێفیانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ یاسا و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ نه‌مێنن، مرۆڤ ده‌توانێت به‌ شێوه‌یه‌كی قووڵ و تۆكمه‌تر باس له‌ هه‌بوون و ژیان و ئاوه‌زی خۆی بكات؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: پرسیاری پێشوویش تا ڕاده‌یه‌ك هه‌مان مه‌به‌ستی هه‌بوو. من له‌و بڕوایه‌دام، ئه‌و قانوون و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له‌ ئاییندا هه‌ن و له‌ وڵاتاندا پێڕۆ ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ كاتدا و له‌گه‌ڵ گۆڕانی مرۆڤ و جیهان و بیركردنه‌وه‌ و ئاوه‌زدا، به‌ره‌به‌ره‌ كاڵ ده‌بنه‌وه‌ و ئه‌و نۆره‌یه‌ی، كه‌ له‌ ده‌سپێكدا هه‌یانبوو، نایانمێنێت. مرۆڤ چاره‌نووسی خۆی و نه‌خشه‌ و ڕێگه‌ی ژیانی خۆی ڕاده‌ستی هێزێكی نادیاری ده‌رێی سرشت ناكات و كه‌س به‌ گه‌وره‌ و سه‌روه‌ری خۆی نازانێت و تا بۆی بكرێ و بۆی بلوێ له‌ بازنه‌ی به‌سته‌ڵه‌كئاسای ئایین خۆی ده‌رباز ده‌كات.

رابه‌ر فاریق: ئایین له‌ توانایدا هه‌یه‌ به‌رگری له‌ ئازادیی و فیكر و ژیانی تاكه‌كه‌س بكات؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: ئایین، ڕێسا و قانوون و ورده‌کارییه‌کانی، که‌ دانراون و له‌ لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ لێکدراونه‌ته‌وه‌، له‌ قاڵبدانی هزر و ئازادی و ژیانی مرۆڤه‌ و ته‌واوی بیركردنه‌وه‌ و جووڵانه‌وه‌ی مرۆڤ، به‌ ئایین، چوارچێوه‌دار و سنووردار ده‌بێت. مێشك له‌ مه‌نگه‌نه‌ ده‌درێت و هزر له‌ شوێنی خۆیدا چه‌قده‌به‌ستێ، ڕێك وه‌ك سه‌هۆڵبه‌ندانێكی ئه‌م وڵاتانه‌ی سه‌رێی گۆی زه‌وی. مرۆڤ، ناتوانێت ئه‌و هێڵانه‌ی بۆی دانراوه‌ ببه‌زێنێت و له‌و بازنه‌یه‌ ده‌رچێته‌ ده‌رێ. ئایین، هه‌موو شته‌كان، ئه‌وه‌ی تووشی مرۆڤ ده‌بێت و هه‌موو بوونی مرۆڤ، ده‌داته‌ ده‌ست خوداوه‌، یا هێزێكی سه‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و بوون و سرشت‌، كه‌ له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌ و ئه‌و بڕیاری هه‌موو شتێك ده‌دات و ئه‌وه‌ی دێته‌ ڕێگه‌ی مرۆڤ، به‌ دیتنێكی ئایینی، له‌ نێوچاوانی نووسراوه‌ و هه‌ر زۆر پێشتر له‌ لا‌یه‌ن خوداوه‌ بڕیاری له‌ سه‌ر دراوه‌، كه‌وابوو، چ ئازادی و بیر و ژیانێكی تاكه‌كه‌سیی له‌ نێو ئه‌و ژێنگه‌یه‌دا جێی نا‌بێته‌وه‌ و مرۆڤ هه‌رگیز توانستی هه‌ڵبژاردنی له‌به‌رده‌مدا نییه و مینا زارۆکێکی قوماتکراوی نێو بێشکه‌، توانستی هیچ جووڵانه‌وه‌یه‌کی نییه‌‌‌.

رابه‌ر فاریق: كه‌نگێ ئایین به‌ربه‌ست دروست ده‌كات له‌ به‌رده‌م زیاتر كرانه‌وه‌ی جیهاندا، هاوكاتیش تا چه‌ند كراوه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م به‌ربه‌سته‌ گه‌وره‌كاندا؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: كاتێك ئایین ده‌رگه‌ی بیركردنه‌وه‌ له‌ مرۆڤ دابخات و ڕێگه‌ به‌ مرۆڤ نه‌دات، به‌ ئاره‌زووی خۆی ببزوێ و ڕای خۆی ده‌ربڕێت و بهزرێت و هه‌ڵسوكه‌وت بكات و بخوات و بخواته‌وه‌ و بپۆشێت و بچێته‌ نێو ته‌واوی ورده‌کارییه‌کانی ژیانه‌وه‌ و هه‌موو شتێک له‌ مرۆڤ بسێنێته‌وه‌ و ڕاده‌ستی هێزێکی بانه‌کی بکات، ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م كرانه‌وه‌ی مرۆڤدا، كه‌ ده‌كاته‌ كرانه‌وه‌ی جیهانیش، چونكه‌ مرۆڤ بۆ خۆی خاوه‌نی جیهانه‌ و خۆی یه‌كسانه‌ له‌گه‌ڵ جیهاندا. من بۆ خۆم بڕوام وایه‌، که‌ ئه‌و هه‌موو به‌ند و گرێ و داخراوییه‌ی به‌ ئایینه‌وه‌ ده‌لکێنرێن، به‌شێکی زۆریان یا هه‌موویان، له‌ داهێنانی ئه‌وانه‌ن، که‌ به‌ ناوی ئایینه‌وه‌ قسان ده‌که‌ن، واته‌: پیاوانی ئایینی و کارمه‌ندانی ئایینی و  ئامۆژگاریی به‌خشه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات(وعاظ السلاطین)، ده‌نا بنه‌مای ئایین و سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌می ئایین، که‌ بنه‌مای بوون و ژیان بێت و ده‌سپێکی ده‌سپێکه‌کان بێت، پێموانییه‌ هه‌رگیز ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی ئافراندبێ، چونکه‌ ئه‌و ئافه‌رێنه‌ره‌، که‌ خودایه‌، خودای ته‌واوی مرۆڤه‌، به‌ هه‌موو ڕه‌نگ و زمان و فه‌رهه‌نگ و جیۆگرافیا و سێکس و هزر و نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزا جیاوازییه‌کانیانه‌وه‌. خودای گێتی و بوون و هه‌موو شتێکه‌. به‌و پێیه‌، ده‌بێ ڕێگر نه‌بێت له‌به‌رده‌م کرانه‌وه‌ی جیهان و تێکه‌ڵاوبوونی مرۆڤدا. بیری بوونی خودا، وه‌ک ئافه‌رێنه‌ریکی ژیان و بوون و گێتی تاڕاده‌یه‌ک بیرێکی جوانه‌، لێ ئه‌وه‌ی که‌ ناوی ئه‌و خودایه‌ ده‌زڕێنێ و دزێوی ده‌کا، ئه‌وانه‌ن، که‌ خۆیان به‌ جێگر و بریکار و بڵندگۆی وی ده‌زانن. ئه‌وانه‌ن، که‌ ته‌واوی ڕاستییه‌کان له‌کن خۆیان ده‌بینن و به‌رانبه‌ره‌کانیان به‌ هه‌ڵه‌ و چه‌وت ده‌زانن و کێشه‌ له‌نێوان ئایینه‌کان و مرۆڤه‌کاندا چێ ده‌که‌ن و پێیانوایه‌، که‌ خودا ته‌نێ خودای ئه‌وان و ئایین و ئایینزاکه‌ی ئه‌وانه‌.

رابه‌ر فاریق: ده‌شێت (بوونی ئایین) پێوه‌ست بكرێت به‌ درێژبوونه‌وه‌ی (بوونی مرۆ)وه‌؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: مه‌رج نییه‌ وا بێت، ڕه‌نگه‌ مرۆڤ له‌ مه‌ودایه‌كی درێژدا و پاش چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی دیكه‌، هیچ جۆره‌ پێویستییه‌كی به‌ ئایین نه‌مێنێت و باسێكیش له‌ ئایین ته‌نێ وه‌ك مێژوو بكرێت. تۆ هه‌ر ئێستا و له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌بینیت، مرۆڤ هێنده‌ی جاران پابه‌ندی ئایین نییه‌ و ئایین ئه‌و نۆره‌ كارایه‌ی جاران له‌ ژیانیدا نابینێت، تۆ له‌وه‌ گه‌ڕێ، ئه‌مڕۆ ئایین له‌ به‌شێکی زۆری جیهاندا و له‌ سه‌ر ده‌ستی کۆمه‌ڵێک بازرگانی سیاسی و سیاسه‌تکاری ساخته‌کار، کراوه‌ته‌ کاڵا و وه‌ک ئامرازێک بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ و کوشتنی ئازادی و له‌نێوبردنی مرۆڤ به‌کار ده‌برێ. تۆ ده‌زانی وڵاتی چین، که‌ گه‌وره‌ترین کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤه‌ له‌م جیهانه‌دا و خاوه‌نی شارستانییه‌کی 4-5 هه‌زار ساڵه‌ و زیاتریشه‌، وڵاتێکه‌ هه‌رگیز ئایینی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌ و ئایین تێیدا زاڵ نه‌بووه‌ و بێ ئایین ژیاوه‌ و ده‌ژی، مه‌به‌ستم ئایینێک، که‌ بڕوای به‌ تاکه‌ خوایه‌ک یا چه‌ند خوایه‌ک هه‌بێت و بڕوای به‌ زیندووبوونه‌وه‌ی دوای مردن و لێپرسینه‌وه‌ هه‌بێت! کۆنفۆشیانیزم، بوودیزم، شامانیزم و تاویزم، که‌ خه‌ڵکی چین پێڕۆیانیانن، هیچیان ئایینی خودایی و ئاسمانی و بڕوابوو به‌ زیندووبوونه‌وه‌ و ژیانێکی دیکه‌ و لێپرسینه‌وه‌ نین، به‌ڵکه‌ ئه‌وانه‌ پتر فه‌لسه‌فه‌ و ڕێبازیکی ژیانن. هه‌رچی مه‌سیحییه‌ت و ئیسلامیشه‌، که‌ ئایینگه‌لێکی ئاسمانیین، هه‌زار  و چه‌ند سه‌د ساڵێکه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ چین و له‌ چاو ئه‌و ڕێباز و فه‌لسه‌فه‌ ڕه‌سه‌نانه‌ی چین خۆیدا، که‌ له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی چیندا ڕه‌گیان داکوتاوه‌، هێنده‌یان کاریگه‌ری نییه‌. ئیندیانه‌کانی هه‌ردوو ئه‌مه‌ریکای باکوور و باشووریش، که‌ مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ندین هه‌زار ساڵ، ئایینی ئاسمانییان نییه‌ و پتر سرشتپه‌رستن و ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان ئایینه‌ گرێدراوی سرشته‌. ڕاستافارییه‌کان، که‌ پتر له‌ جامایکا و ئه‌سیووپیا هه‌ن، کۆنه‌ ئیمپراتۆری ئه‌سیووپیا، هایلا سیلاسی، به‌ گیانی خودا و خودا ده‌زانن و ئه‌و ده‌په‌رستن. له‌ ئه‌فریقا چه‌ندین کۆمه‌ڵگه‌ و خه‌ڵک هه‌ن، بڕوایان وایه‌، که‌ له‌ پاڵ خودایه‌کی مه‌زندا، که‌ ئافه‌رێنه‌ری هه‌موو گێتییه‌، چه‌ند خودای گچکه‌گچکه‌ هه‌ن، که‌ کۆمه‌کی پێ ده‌که‌ن. هه‌ندێک کۆمه‌ڵگه‌ی دیکه‌ هه‌ن له‌و بڕوایه‌دان، که‌ له‌ هه‌موو شتێکدا ته‌نانه‌ت بێگیانیش، به‌شێکی گیانیی خودای تێدایه‌. خه‌ڵکانێکیش هه‌ن ئاژه‌ڵ، ده‌په‌رستن. مرۆڤ، بێ ئایین ژیاوه‌ و بێ ئایینیش ده‌توانێ بژی.

رابه‌ر فاریق: به‌ درێژاییی مێژووی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی كوردی، داهێنان و تێپه‌ڕاندن هه‌بووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، ئه‌مه‌یش له‌ (حاجی قادری كۆیی) و (نالی) و (مه‌وله‌وی) و (سالم) و (كوردی)یه‌وه‌ بگره‌، تا (مه‌سعوود محه‌ممه‌د) و (شوكور مسته‌فا) و سه‌رده‌می ئه‌مڕۆمان. لێره‌شه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم كه‌ ئافراندن پێوه‌ندیی به‌ هه‌بوونی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌، واته‌: تا ژیانكردن له‌ سه‌ر زه‌وی به‌رده‌وام بێت، ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌یش درێژه‌ ده‌كێشێت. ئایا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی تا چه‌ند كراوه‌ بووه‌ له‌ به‌رانبه‌ر قبووڵكردنی ده‌قه‌ نه‌مره‌كاندا؟ هاوكات ئێمه‌ ده‌زانین مه‌گه‌ر چۆن، ئه‌گینا ده‌قی ڕه‌سه‌ن هه‌رده‌م دژ ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ میژوو، بۆیه‌ له‌ پاڵ ئه‌م پرسانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ده‌پرسم: ده‌وری مێژوو چییه‌ له‌ ناساندن و په‌رده‌پۆشكردنی داهێناندا؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: ده‌قی جوان و تۆكمه‌ و پڕ له‌ هزر و سروشبه‌خش، ده‌قێکه‌ هه‌رچی داو و گرێ و ده‌سرازه‌ و کۆت هه‌یه‌، هه‌مووی تێکده‌شکینێ و ده‌پسێنێ و وه‌ک باڵنده‌یه‌کی سرک ده‌فڕێ، ده‌قێکه‌ سه‌ر بۆ هێچ چه‌مکێکی ڕۆژانه‌ی باو و سواو  نه‌وی ناکات، تابوو ده‌شکێنێ، کاوێژ ناکات و ناجوێته‌وه‌ و ڕێگه‌ی نوێ بۆ ده‌ربڕین ده‌بینێته‌وه‌، ئازاده‌ و بێنیازه‌ له‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و سه‌روه‌رێک و نابێته‌ کۆیله‌ی هیچ یه‌کێک له‌وان، وه‌ها ده‌قێک، هه‌میشه‌ خۆی ده‌سه‌پێنێت و له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌دا ده‌بێت و نۆره‌ی پێشه‌نگ ده‌بینێت. مێژوو، مرۆڤ دروستی ده‌كات و ده‌قی خاس و ده‌قی خراپیش، هه‌ر مرۆڤ ده‌یداته‌ ده‌ر. نه‌ مێژوو و نه‌ مرۆڤ، ناتوانن ده‌قێكی بێفه‌ڕ و خوێنتاڵ و  مردوو، بكه‌نه‌ داهێنان. ده‌قی خراپ، لاڵه‌ و به‌ مردوویه‌تی له‌دایک ده‌بێت و له‌بارده‌چێت و ده‌قی خاسیش، گیانداره‌ و زیندووه‌ و هه‌موو به‌ربه‌ست و کۆسپه‌کان ده‌ڕووخێنێت و هه‌ژان دروست ده‌کات. گه‌لێ جار، كات ده‌ڕوات و رۆژگار تێده‌په‌ڕن، مرۆڤ دره‌نگانێك، وه‌ئاگا دێنه‌وه‌ و به‌ها و بایه‌خی ده‌قێكی پشتگوێخراویان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت یا ده‌قێك، كه‌ به‌ هۆیه‌ك له‌ هۆیه‌كان، له‌ سه‌رده‌مێكدا، كه‌نار خراوه‌ و زۆر گرنگیی پێ نه‌دراوه‌، دێته‌وه‌ مه‌یدان و خه‌ڵك به‌ جۆرێكی دیكه‌ ده‌یخوێننه‌وه‌ و چاوی لێ ده‌كه‌ن. ده‌قی چاك هه‌میشه‌ زیندووه‌ و هه‌رگیز نامرێت. ده‌قی نه‌مریش ده‌قێكه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر، دروستكار و نوێكه‌ره‌وه‌‌ و ئافه‌رێنه‌ر، ده‌قێكه‌ هه‌میشه‌ وه‌دووی دۆزینه‌وه‌ی نوێ و جیهانی نوێدا وێڵه‌ و به‌رده‌وام‌ ده‌ربڕی نیگه‌رانییه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی مرۆڤه‌. به‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعرێک، چیرۆکێک، ڕۆمانێک یا په‌خشانێک، ئه‌گه‌ر هه‌ستت کرد مێشکت جووڵه‌ی تێده‌که‌وێ و ئه‌گه‌ر که‌وتیته‌ هزرین و پرسیارت لا دروست بوو و ئه‌گه‌ر ئاسۆی هزرت به‌رینتر بووه‌وه‌ و چیژێک به‌ گیانت به‌خشرا و هه‌ستت ختووکه‌ی هاتێ، ئه‌وده‌مه‌ ده‌زانیت ئه‌وه‌ ده‌قیکی مه‌زنه‌. ده‌قی مه‌زن و داهێنه‌ر و تۆكمه‌،‌ ته‌نێ سیپاڵی دوێنێی له‌به‌ردا نییه‌ و باس له‌ دوێنێ ناكات و ته‌نێ بۆ ئه‌مڕۆ نییه‌، به‌ڵكه‌ بۆ داهاتوو و ڕۆژانێكه‌، كه‌ هێشتا ئێمه‌ چاوه‌ڕوانیانین. ئه‌و ده‌قه‌ی ئه‌مڕۆ خزمه‌ت به‌ مرۆڤی کورد ده‌کات و دیدی فراوانتر ده‌کاته‌وه‌ و ڕوونتر پێی ده‌بینێ، ده‌قێکه‌ دژی باو و مه‌نگیی کۆمه‌ڵگه‌ و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی چه‌وت و ده‌سگا ئایینه‌ییه‌ وشکهه‌ڵاتووه‌کان و پێکهاته‌ فه‌رهه‌نگییه‌ ژه‌نگرتووه‌کان و هه‌موو ئه‌و ده‌سگایانه‌ی مرۆڤ ده‌خه‌سێنن و ده‌مکوت ده‌که‌ن، ده‌قێکه‌ هه‌موو ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ ده‌ڕووخێنێ و دید و بیستن و زمان و مێشک، ده‌کاته‌وه‌ و ئازاد ده‌کات.  ده‌قی داهێنه‌ر و به‌هادار، ئه‌و ده‌قه‌یه‌، كه‌ جێگه‌ و شوێن و كاتی بۆ نییه‌ و ده‌قێكه‌ بۆ هه‌موو شوێن و هه‌موو كاتێك، وه‌ها ده‌قێك هه‌رگیز نامرێت.‌
دیدار: ئه‌مجه‌د شاكه‌لی
سازدانی: ڕابه‌ر فاریق

مارسی 2010

 *ئه‌م دیداره‌ له‌ سێ ژماره‌ی حه‌فته‌نامه‌ی"ڕووبه‌ری داهێنان"دا، ژماره‌ 21ی 29/6/2010 و ژماره‌ 22ی 6/7/2010 و ژماره‌ 23ی 13/7/2010 و به‌ سێ به‌ش بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.
* دیداره‌که‌ له‌ سازدانی"ڕابه‌ر فاریق" ه‌، به‌ڵام له‌ حه‌فته‌نامه‌که‌دا هه‌ر به‌ ناوی ڕووبه‌ری داهێنانه‌وه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.
* بۆ دیتنی هه‌ر سێ به‌شی دیداره‌که‌ له‌ حه‌فته‌نامه‌ی"ڕووبه‌ری داهێنان"دا، ته‌ماشای ئه‌م لینکانه‌ بکه‌:



  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...