Thursday, March 19, 2009

بۆ سه‌لام موحه‌ممه‌د

بۆ سه‌لام موحه‌ممه‌د
                                                               

       برام کاک سه‌لام،
ڕێز و سڵاوی گه‌رمم،
                                      
له‌م ڕۆژانه‌دا و له‌‌ دواژماره‌ی گۆڤاری هه‌ناردا دیدارێکی دوورودرێژ و تێروته‌سه‌لی تۆم خوێنده‌وه‌، به‌ڕاستی که‌مجار دیداری وا خۆشم له‌نێو ئه‌و پاشاگه‌ردانی و زۆروبۆرییه‌ی ئه‌مڕۆی بڵاوکراوه‌ و بازاڕی به‌ناو "فه‌رهه‌نگ"ی کوردییه‌دا به‌رچاو که‌وتووه‌.                                      
                                   
ئه‌وه‌ی به‌ لای منه‌وه‌ جوان بوو و جێی ده‌ستخۆشییه‌ له‌ تۆ، ئه‌و ڕاستگۆیی و ڕاشکاوییه‌یه‌، که‌ له‌ قسه‌کانتدا هاتوون و هه‌موو شته‌کانت توێکڵ گرتوونه‌وه‌ و پاک و خاوێن و سپی، داوتنه‌ ده‌ست خوێنه‌ره‌وه‌.                                                                  ‌

به‌ بڕوای من ڕاستگۆیی له‌ قسه‌کردن و گوتار و نووسین و ڕاده‌ربڕیندا، گرنگترین شتێکه‌، که‌ گه‌ره‌که‌، ئاخێوه‌ر، نووسه‌ر، یا هه‌رکه‌سێکی دیکه، به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی خودان په‌یامێکه‌ و گه‌یاندنی په‌یامه‌که‌ی به‌ ئه‌رکێکی سه‌ر شانی خۆی ده‌زانێت،‌ بیپارێزێ و هه‌رگیز بۆ یه‌ک چاوترووکانیش له‌ بیری نه‌کات. ئه‌وه‌یشی پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی، ئیدی هه‌رچی بڵێت و بکات، جێی گومانه‌ و نیازپاکیشی نیشانه‌ی پرسیاری ده‌که‌وێته‌ سه‌ر.                                                                                                                       

من بۆ خۆم حه‌ز به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی که‌سیه‌تی و بیره‌وه‌ری و دیدار و ئه‌و جۆره‌ نووسینانه‌ ده‌که‌م، که‌ زۆرتر به‌ لای کراوه‌یی و "عه‌فه‌وییه‌ت' و "تیلقائییه‌ت' و ئه‌وانه‌دا ده‌ڕۆن و پێموایه‌ له‌و جۆره‌ قسانه‌دا مرۆڤ خۆی به‌ خه‌ڵک و خوێنه‌ر ده‌داته‌ ناسین، چه‌نده‌ ڕاستگۆ بێت، هێنده‌ خوێنه‌ر و گوێگر و بینه‌ر، هۆگری ده‌بن و قسه‌کانی کاریگه‌رییان ده‌بێت.                              

دیدارێکی خۆش، ساڵانێک پێش ئێستا له‌ حه‌فته‌نامه‌ی"میدیا"دا خوێندمه‌وه‌، هی "جه‌وهه‌ر ئاغای سوورچی" بوو، که‌ باسی له‌ پێوه‌ندی خۆی وه‌ک ڕاوێژکار و سه‌رۆکجاشێک به‌ حوکوومه‌تی به‌عسه‌وه‌ ده‌کرد، به‌ڕاستی هێنده‌ ئاشکرا و کراوه‌ و ڕاست و ڕه‌وان و بێ گرێوگۆڵ قسه‌کانی کردبوو، که‌ هه‌رگیز له‌ یادم ناچنه‌وه‌. به‌ڵێ به‌ خوێندنه‌وه‌ی دیدار و یاده‌وه‌ری مه‌زنگه‌لێکی وه‌ک "ئێدوارد سه‌عید" و هی دیکه‌ی وه‌ک وی، مرۆڤ به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت و شتگه‌لێکی زۆر فێر ده‌بێت و خه‌رمانی زانیارییه‌کانی پتر که‌ڵه‌که‌ ده‌بن و پتر به‌ ناخی خۆیدا ڕۆده‌چێ و شته‌کان وردتر و ڕوونتر ده‌بینێ، لێ زۆر جاران ئه‌وانه‌ی، که گرێوگۆتاڵی ژیانی نوێ و ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه و جیهانگه‌ری‌، چ کاریگه‌رییه‌کی له‌ سه‌ریان نه‌بووه و سافیلکانه‌ و هه‌ڕه‌مه‌کیانه‌ ده‌هزرێن و ده‌په‌یڤن، فێنکاییه‌کی تایبه‌ت، چێژێکی تایبه‌ت، به‌ مێشکی ئێمه‌ی خوێنه‌ر ده‌به‌خشن.      ‌‌                                                                  
چه‌ند شتێکی زۆر جوان، که‌ له‌ دیداره‌که‌تدا هاتوون و تۆ باست لێوه‌ کردوون، سه‌رباری شیعر و که‌رکووک و بزاڤی ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می 1970کان و کۆمه‌ڵێک شتی دی، که‌ بۆ خۆیان به‌شێکی گرنگی ‌مێژووی فه‌رهه‌نگی ئه‌و وڵاته‌ی خۆمانن، باسکردنی کێشه‌ی خواردنه‌وه‌ و سووتاندنی ماڵه‌که‌ی خۆت و ئه‌و پێوه‌نده‌ نائاساییه‌ت به‌ ده‌سگای پاراستن و ئه‌و کاره‌ی پێیان ڕاسپاردبووی و ئه‌نجامه‌که‌یشی، به‌ دیوه‌ عیراقییه‌ حوکوومه‌تییه‌که‌یدا.  بوون، واته‌: کۆمه‌ڵێک زانیاری له‌مه‌ڕ کۆمه‌ڵیک ورده‌کاری و ورده‌واڵه‌ی ژیانی که‌سه‌کی خۆته‌وه‌، که‌ پێوه‌ندیان به‌ ده‌وروبه‌ر و ژینگه‌ی ئه‌وده‌می وڵاتیشه‌وه‌ هه‌ن. من ناچمه‌ نێو ورده‌کاری باشی و خراپی و هه‌ڵه‌ و ڕاستیی ئه‌و کارانه‌ت و باس له‌و لایه‌نانه‌یان ناکه‌م، ته‌نیا باس له‌ درکاندنی ئه‌و باسانه‌ ده‌که‌م له‌ لایه‌ن خۆته‌وه‌. من ئه‌وه‌ به‌ بوێری و ڕاستگۆیی داده‌نێم و پێموایه‌ که‌مکه‌س ئاوها ده‌توانێت، ددان به‌ هه‌ڵه‌ و چه‌وتی  و پاشخانێکی ته‌ماوی و شاراوه‌ی خۆیدا بنێ و ڕاستییه‌کان ڕیکوڕه‌وان و بێ پێچوپه‌نا بدرکێنێ. پێموایه‌ کارێکی گه‌لێک چاکت کردووه‌ و خوا بکات ئه‌مه‌ی تۆ ببێته‌ پێشه‌نگ بۆ خه‌ڵکانی دیکه‌ش، به‌ تایبه‌ت بۆ سیاسه‌تکاران و تێڵابه‌ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، که‌ به‌شێکی زۆری ناهه‌مواری و نه‌هامه‌تیی و سیاچاره‌یی و به‌دبه‌ختی خه‌ڵکی کورد، له‌ کاری ژێربه‌ژێری و شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ.                                                                              
                    
ئه‌گه‌ر بێته‌وه‌ بیرت، من باشم دێته‌وه‌ بیر، نیوه‌ڕوانێکی گه‌رمی که‌رکووک، فازیل جاف و من، له‌ باڕ(مه‌یخانه‌)ی "حه‌موورابی"، که‌ له‌ سه‌ر جاده‌ی جه‌مهووری، له‌ سه‌رووی شوکر نه‌ججاڕ و له‌ ته‌نیشت سینه‌مای سه‌لاحه‌ددینه‌وه‌ بوو دانیشتبووین و ده‌مانخوارده‌وه‌، ئێمه‌ بیره‌ی ساردمان ده‌خوارده‌وه‌ و له‌پڕ تۆ خۆت به‌ ژووردا کرد و لای ئێمه‌ دانیشتی، پێکه‌وه‌ دانیشتین. یه‌کێک له‌و کوڕانه‌ی، که‌ له‌ باڕه‌که‌دا کاری ده‌کرد،  ناوی داوود بوو و له‌ مه‌سیحییه‌کانی که‌رکووک بوو و تا ڕاده‌یه‌ک براده‌رم بوو، وه‌ک نه‌ریت و ئوسووڵی لای خۆمان بانگم کرد، که‌ شتێکیش بۆ تۆ بهێنێت، تۆ داوای چاره‌کێک ویسکیت کرد. ئیدی نزیکه‌ی دوو سێ سه‌عاتێکمان له‌وێ به‌ قسه‌ و باسه‌وه‌ به‌سه‌ر برد و دواتر هه‌ڵساین. ئێمه‌ چووین بۆ چایخانه‌ی بابیل، که‌ من هه‌موو ڕۆژێک له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کمدا لێی داده‌نیشتین و تۆیش به‌ لایه‌کی دیکه‌دا ڕۆیشتی.                                                                                     

چایخانه‌ی بابیل، که‌ له‌ نێوان کتێبفرۆشی "ئاسۆ" و  ئۆرۆزدی باکی ئه‌وسا و به‌رانبه‌ر چایخانه‌ یا کازینۆی نه‌سر(نصر) بوو، جێی دانیشتنی ڕۆژانه‌ی ئێمه‌ چه‌ند هاوڕێیه‌ک بوو و هه‌موو عه‌سرانێک له‌وێ کۆده‌بووینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر یه‌ک دانه‌مان دیار نه‌بووایه‌، ئیدی ده‌بووه‌ جێی پرسیار و نیگه‌رانی. ئێمه‌، ئه‌وانه‌ی له‌وێ کۆ ده‌بووینه‌وه‌، سه‌رباز، کارمه‌ند، کارگه‌ر، بێکار، خوێندکار ، مامۆستا و هه‌موو جؤرێک بووین و له‌ هه‌موو ئاشێکمان ده‌کرد و هه‌موو شتێکمان ده‌گوت و ڕه‌خنه‌مان له‌ هه‌موو شتێک ده‌گرت. تا ڕاده‌یه‌ک ڕۆژانه‌ش ده‌چوومه‌‌ کتێبفرۆشیی ئاسۆ، که‌ هه‌موو ئێمه‌ سه‌ردانیمان ده‌کرد. کتێبفرۆشیی ئاسۆ، که‌ بۆ تۆ و بۆ من و بۆ زۆریی دیکه‌ش، بۆ خۆی باسێکه و زۆری ده‌وێ.                                                                                                               

من زۆرجاریش ده‌چووم بۆ لای له‌تیف هه‌ڵمه‌تی کۆنه‌ هاوپۆلم، که‌ ئه‌وه‌ده‌می فرۆشگه‌یه‌کی بچکۆلانه‌ی له‌ سه‌رووی ئه‌و  ده‌وروبه‌ره‌ی باسی ده‌که‌م، کردبووه‌وه‌ و له‌وێ گۆزه‌ی ده‌فرۆشت. شاعیر و گۆزه‌فرۆشتن! تا ڕاده‌یه‌ک کۆنتراستێکی سه‌یره‌، به‌ڵام بۆ نه‌ء، ئه‌ی چی کردبا! به‌ بڕوای من ئه‌و گۆزه‌فرۆشتنه‌ی هه‌ڵمه‌ت، به‌شێک بوو له‌ سه‌ره‌ڕۆیی یا هه‌ر درێژه‌پێدانێکی یاخیبوونه‌که‌ی بوو.‌                                                                                                                                           
                                                                     
ئێستاش ده‌ڵێی دوێنێیه‌"ده‌مه‌و ئێواران ده‌تبینم به‌ سوخمه‌یه‌کی زه‌رده‌وه"که‌تم دێته‌وه‌ یاد و نه‌ک ته‌نێ من، به‌ڵکه‌ زۆرینه‌ی ئه‌وه‌ی خوێندبوویه‌وه‌، گه‌لێکیان به‌ لاوه‌ جوان بوو و گه‌لێکیش بوێرانه‌ بوو، که‌رکووک له‌و سه‌رده‌مه‌دا و به‌و جۆره‌ باس بکه‌یت.                         

که‌رکووک چ ئه‌وده‌م و چ ئێستا بۆ ئێمه‌، خه‌ونێکی خۆش، عیشقێکی بێ بڕانه‌وه‌، مۆسیقایه‌کی پڕ جۆش و ئارامبه‌خش بوو. من بۆ خۆم ساڵانی ژیانی که‌رکووکم، به‌ خۆشترین ساڵانی ژیانم ده‌زانم و هه‌رگیز هیچ سه‌رده‌مێکی ژیانمم له‌و سه‌رده‌مه‌ پێ خۆشتر نه‌بووه‌. ئه‌و ساڵانه‌ بۆ من، بێجگه‌ له‌ پراکتیزه‌کردنی ژیان، به‌ لایه‌نه‌ کرده‌ییه‌که‌یدا نه‌ک ته‌نێ لایه‌نه‌ تیۆرییه‌که‌ی و سه‌ربازی و ده‌سپێکردنی کار، خوێندنگه‌یه‌ک بوون، ده‌یان وانه‌ی پڕبایه‌خیان تێدا فێر بووم، تێکه‌ڵاوییه‌کی زۆر و پێوه‌ندێکی توندوتۆڵم له‌گه‌ڵ ده‌یان دۆست و هاوڕێی نێزیکدا دروست کرد، ئه‌زموونێکی به‌رین و فراوانی هه‌ڵسوکه‌وت(به‌ کرده‌وه‌) له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی جیاواز، خه‌ڵکی جیاواز، بیروباوه‌ڕی جیاواز، نه‌ته‌وه‌ی جیاواز، ئایین و ئایینزای جیاوازدا فێر بووم. ئه‌و ساڵانه‌ی که‌رکووک، ساڵانی ئه‌ڤینداری و چڕبوونه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی چه‌پ و شۆڕشگێڕانه‌م بوون، که‌ هه‌میشه‌ دوو قۆڵیی، ده‌ست له‌ ملانی یه‌کدی بوون و جوێ نه‌ده‌بوونه‌وه‌. ساڵانێک بوون خوێندنه‌وه‌کانم بۆ ڕووداوه‌کان و دیدم بۆ بوون و ده‌وروبه‌ر، به‌ره‌به‌ره‌ جێگیر ده‌بوون و ڕێچکه‌ی خۆیان ده‌دۆزییه‌وه‌. هه‌ر له‌وده‌مه‌شدا بوو، من به‌ چاوی خۆم، له‌توپه‌تکردنی له‌شولاری که‌رکووکم ده‌دی، ڕۆژێک قامکێکی و ڕۆژێک ده‌ستێکی و ڕۆژێک لاقێکیان ده‌قرتاند و لێ ده‌کرده‌وه‌ و ڕۆژێکیش نێوقه‌دیان ده‌بڕییه‌وه‌. به‌عساندن و عه‌ره‌باندن و داگیرکردنی خاک و وه‌ده‌رنانی خه‌ڵکی کوردم ده‌دی و ده‌مدی چۆن هه‌وڵی تاساندن و گیانکێشانی که‌رکووک ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ مۆته‌که‌یه‌ک بوون بۆ ئێمه‌، لێ که‌رکووکی هه‌میشه‌ گڕ، خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ده‌دا و که‌رکووک به‌رخۆدانی ده‌کرد. که‌رکووکی بێشه‌ی شۆڕشگێڕان، ئاگرێکی زیندوو بوو و به‌وان خامۆش نه‌ده‌بووه‌وه‌. ئه‌وده‌م گه‌نج بووین و دڵی ئێمه‌ش به‌شێکی ئه‌و ڕۆحه‌ زیندووه‌ و ئه‌و ئاگره‌ زیندووه‌ی که‌رکووکی له‌نێو خۆیدا هه‌ڵگرتبوو و حه‌شار دابوو و بۆ هه‌میشه‌، وه‌ک ڕازێک، وه‌ک نهێنییه‌کی پیرۆز، پاراستی و ده‌یپارێزێ و هه‌ر ده‌یپارێزێ، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌رله‌نوێ شین ده‌بینه‌وه‌ و ده‌بینه‌وه ‌ منداڵه‌ چه‌قاوه‌سووه‌کانی ته‌په‌ی مه‌لا عه‌بدوڵڵا و ئیمام قاسم و به‌رته‌کیه‌ و ئه‌حمه‌دئاغا و حه‌سیره‌که‌ و زێوێ و ڕه‌حیماوا  و شۆڕیجه‌ و  هه‌موو کووچه‌ و کۆڵانه‌کانی ئه‌و شاره‌، باوه‌گۆڕگۆڕ و هه‌موو که‌رکووک. ئه‌و ڕۆژانه‌م، هه‌میشه‌، وه‌ک پاییزه‌خه‌ونێک یا شه‌سته‌بارانێکی به‌هار دێنه‌وه‌ یاد و ته‌زێکی خۆشی و فێنکاییه‌ک به‌ هه‌ست و مێشکمدا تێده‌په‌ڕێ. مه‌ولانا جه‌لالوددینی ڕۆمی ده‌ڵێ:                                                       
بشنو از نی چون حکایت میکند
از جداییها شکایت میکند

ئێمه‌ش مانه‌ندی ئه‌و نه‌یه‌ی مه‌ولانا باسی لێوه‌ ده‌کات‌، هه‌میشه‌ و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ ژیانداین، به‌و جودابوونه‌وه‌یه‌ی که‌رکووکه‌وه‌ ده‌تلێینه‌وه‌ و خۆده‌خۆێنه‌وه‌ و ده‌ناڵێنین و که‌سیش، بێجگه‌ له‌ خۆمان(که‌رکووکییان)، له‌و ده‌رده‌مان تێناگات. عه‌ره‌باندن و داگیرکردن و وه‌درنان و کۆچپێکردن و ئه‌نفال و گوندڕووخاندن و تاڵانکردن و زه‌وتکردنی هه‌موو شتێک، هه‌موو ئه‌وانه‌ و گه‌لێکی دیکه‌ش، داخگه‌لێکی گه‌رمن، پشکۆیه‌کن، به‌ مێشک و  بیرگه‌ و ده‌روون و بوونی هه‌موو ئێمه‌ی که‌رکووکیاندا چزێنراون و هه‌میشه‌ و تا ماوین بۆکڕووزی دێت و ته‌نێ خۆمانین هه‌ستی پێ ده‌که‌ین.                                                                                         
ئێمه‌، تۆ و من و هه‌موو ئه‌و که‌رکووکیانه‌ی ئه‌وده‌م، کۆمه‌ڵیک یاخی بووین و هه‌ر هه‌موو شه‌یدای ئازادی بووین و خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک خه‌ون بووین. ئێستاش ئه‌و خه‌ونانه‌ هه‌وێنی ژیان و به‌رده‌وامیمانن، تۆیش، که‌ تۆوێکی ئه‌و ژینگه‌یه‌یت و به‌‌ هه‌موو خه‌مه‌کان ئاشنایت، له‌و بڕوایه‌دا نیت؟                                                                                                                       
جارێکی دی ده‌ستخۆشیت لێ ده‌که‌م و هیوام به‌خته‌وه‌ری و که‌یفسازی و له‌شساغیته‌.                                                                       

ئه‌گه‌ر ئه‌درێسی پۆستیی خۆتم بۆ بنێریت، کتێبێکی شیعریی هاوڕێیه‌کی خۆشه‌ویستی خۆم(ته‌ییب جه‌ببار)ت بۆ ده‌نێرم.                               
                                               
هه‌میشه‌ سه‌رکه‌وتوو بیت.                                                                                                                ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
19/3/2009

  * ئه‌م نامه‌یه‌ له‌ گۆڤاری"هه‌نار"ی ژماره‌ 41ی یۆنیۆی 2009ی ساڵی چواره‌م، له‌ لاپه‌ڕه‌ی 102-107دا، بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.


Wednesday, March 11, 2009

ئایا کورد قوربانییه‌، جه‌للاده‌ یا هه‌ردووکیان

ئایا کورد قوربانییه‌، جه‌للاده‌ یا هه‌ردووکیان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ به‌شێکی ‌ دادگایی سه‌رانی رێژیمی به‌عسدا، که‌ له‌م ڕۆژانه‌دا له‌مه‌ڕ گرتن و له‌نێوبردنی بارزانییانه‌وه‌، به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ڕۆژی 2/3/2009، هه‌م تاریق عه‌زیز و هه‌م عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید، تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی، ئه‌وان دژه‌کورد بوون و دژه‌ کوردن و به‌عس وه‌ک حیزب دژه‌ کورد بووه‌، که‌ له‌ لایه‌ن پارێزه‌رانی شکاتکارانه‌وه‌ وه‌پاڵیان درابوو، ڕه‌تکردوه‌وه‌. تاریق عه‌زیز، باسی ئه‌وه‌ی کرد، که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان دژه‌کورد بووبێتن، چۆن له‌ ساڵی 1996دا هه‌ولێریان بۆ پارتیی گرته‌وه‌. عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جیدیش، ده‌یگوت، که‌ ئه‌و سه‌رکردیه‌تیی دووسه‌د و ئه‌ونده‌ هه‌زار چه‌کداری کوردی کردووه‌ کاتێک دژی ئێران جه‌نگاون و ئه‌و چه‌کدارانه‌ هاوکاریان بوون، ئیدی چۆن کورد ده‌کوژن!                                                                                                                                   
تاریق عه‌زیز، مه‌به‌ستی 31/8/2009 بوو، کاتێک، به‌ کۆمه‌ک و پاڵپشتی له‌شکری عیراق و له‌ سه‌ر داوای سه‌رکردیه‌تیی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، هێزه‌کانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، له‌ هه‌ولێر وه‌ده‌رنران و هه‌ولێر که‌وته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیی. عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جیدیش، مه‌به‌ستی ئه‌و دووسه‌د و ئه‌وه‌نده‌ هه‌زار جاش(سووکه‌جاش)ه‌[1] کورده‌ بوو، که‌ ئه‌وده‌م له‌ ژێر سه‌رکردیه‌تی و فه‌رمانی ئه‌ودا بوون و ئاماده‌ی جێبه‌جێکردنی هه‌موو فه‌رمان و کار ێکی ئه‌لمه‌جید و ڕێژیمی به‌عس بوون.                  
له‌وه‌تی دادگایی سه‌رانی ڕێژیمی به‌عس ده‌ستیپێکردووه‌ و تا ئه‌مڕۆ، بێجگه‌ له‌ دۆسێی دوجێل، که‌ سه‌ددام حو‌سه‌ینی له‌ سه‌ر هه‌ڵواسرا، و  دامرکاندنه‌وه‌ی ڕابوون و کۆکوژی شیعه‌، له‌ خوارووی عیراق، دۆسێیه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک، هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌نفال، کوردانی فه‌یلی و بارزانییه‌کان، هه‌ر هه‌موویان دۆسێگه‌لێکن پێوه‌ندیان به‌ کورده‌وه‌ هه‌ن. کورد وه‌ک قوربانی سه‌یر ده‌کرێت ده‌ژمێردرێت و سه‌رانی ڕێژیمیش وه‌ک جه‌للاد و تاوانبار.                                                                                                                             
 تۆ  ڕوواڵه‌تیانه،‌ هه‌ڕه‌مه‌کی، هاکه‌زایی، سه‌رپێی، بێلێکدانه‌وه و وردبوونه‌وه و به‌ چاوێکی خه‌ستی ناسیۆلیستانه‌وه‌، ته‌ماشایه‌کی ئه‌و دادگاییانه‌ی له‌مه‌ڕ کورده‌وه‌ن بکه‌یت، هاوكێشه‌که‌ت هه‌ر به‌و جۆره‌ دێته‌ به‌رچاو و کوردت پێ قوربانیین و سه‌رانی ڕێژیمیش، جه‌للاد. هیچ یه‌کێک له‌ ئێمه‌ لاری له‌وه‌ نییه، که‌ سه‌رانی ڕێژیمی به‌عس، جه‌للاد و تاوانبار و مرۆڤکوژ و دڕنده‌ بووبن، لێ دانان و سه‌یرکردنی کوردیش ته‌نێ وه‌ک قوربانی، به‌ بڕوای من، گاڵته‌جاڕییه‌ و  کارێکی ڕاست نییه‌.                                          
ئه‌و دووسه‌د و ئه‌وه‌نده‌ هه‌زار جاشه‌ کورده‌ی، عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید، باسیان لێوه‌ ده‌کات، هی ساڵی 1983ێن، چونکه‌ له‌و ساڵه‌دا‌ بارزانییان گیران و له‌نێوبران. ژماره‌ی ئه‌و جاشانه‌، له‌ دوای ئه‌و ساڵه‌وه‌ تا ساڵی 1991، که‌ ڕاپه‌ڕین ڕوویدا، گه‌لێک له‌ دووسه‌د و ئه‌وه‌نده‌ هه‌زار زیاتر بوون و تا نێزیکه‌ی سێسه‌د و سێسه‌دوپه‌نجا هه‌زاریش چووبوون. گریمان ئه‌گه‌ر ژماره‌یان ته‌نیا سێسه‌د هه‌زار جاشیش بووبێت و دانیشتووانی ئه‌وده‌می باشووری کوردستانیش به‌ شه‌ش میلیۆن که‌س بقرسێنین، ئه‌وا ڕێژه‌ی جاش ده‌بێته‌5%ی دانیشتووان، ته‌واوی دانیشتووان(به‌ ژن و منداڵ و پیریشه‌وه‌)، واته‌: له‌ هه‌ر بیست که‌س، یه‌کێکیان جاش بووه‌! دیاره‌ ته‌واوی ئه‌و جاشانه‌، نێرینه‌ بوون و تاکه‌ یه‌ک مێینه‌یان تێدا نه‌بووه‌، چونکه‌ ژن نه‌ده‌بوو و نه‌ده‌کرا به‌ جاش.                                                                                           
بێجگه‌ له‌و ژماره‌ زۆره‌ی جاشه‌، کوردێکی زۆر له‌ نێو له‌شکر و له‌شکری گه‌لێر[2] و ده‌سگای هه‌واڵگری و ئاساییش و حیزبی به‌عسی عیراقدا، نه‌ک هه‌ر تا ساڵی 1991، به‌ڵکه‌ تا ڕووخانی رێژیمی به‌عسیش، سه‌رباز و پله‌دار و چه‌کدار و هه‌واڵگر و سیخوڕ و ئه‌ندامی حیزب بوون. دیاره‌ ئه‌وانه‌ش، سه‌رباز و پله‌دار و چه‌کداره‌کان، هه‌موویان نێرینه‌ بوون، چونکه‌ ژن کاری به‌وانه‌وه‌ نه‌بوو، لێ هه‌واڵگری و سیخوڕی و ئه‌ندامیه‌تی حیزبی به‌عس، به‌ مێینه‌ش ده‌کرا و مه‌رج نه‌بوو ته‌نیا نێرینه‌ بێت.                                 
ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ژن و زارۆک و پیر و په‌ککه‌وته‌ی ئه‌وده‌می باشووری کوردستان له‌به‌رچاو بگرین و له‌ ته‌واوی دانیشتووانی که‌مکه‌ینه‌وه‌ و ده‌ریان بهێنین و ژماره‌ی سه‌رباز و پله‌دار و چه‌کداری له‌شکری گه‌لێر و هه‌واڵگر و سیخوڕ و ئه‌ندامانی حیزبی به‌عس بخه‌ینه‌ سه‌ر سێسه‌د هه‌زار جاشه‌که‌، ئه‌وده‌می ژماره‌ی خه‌ڵکانی کارای سه‌ر به‌ حوکوومه‌ت و له‌ خزمه‌تی حوکوومه‌ت و به‌عسدا بوو، له‌ نێو کورددا، خۆی ده‌دا له‌ نیو میلیۆن که‌س و پتریش و ڕێژه‌که‌یش ده‌بێته‌ پیچه‌ک زیاتر له‌ 8%. خۆ ئه‌گه‌ر مێینه‌(ژن) و منداڵ و پیران، که‌ جاشایه‌تی و سه‌ربازی و چه‌کداریه‌تیی به‌عسیان پێ نه‌ده‌کرا، به‌ بڕیک زیاتر له‌ نیوه‌ی کوردی ئه‌وده‌می باشووری کوردستانی بژمێرین، ئه‌وا ڕێژه‌ی جاش و خۆفرۆش و چه‌کدار و نۆکه‌ری به‌عس، له‌ نێو نێرینه‌( لاوان و پیاوان)ی کورددا، که‌ نیوه‌ یا بڕێک که‌متری دانیشتووانی باشووری کوردستان بوون، خۆی ده‌دا له‌ نێزیکه‌ی 16% و زیاتر.                                                                                            
بێجگه‌ له‌و جۆره‌ خه‌ڵکانه‌(جاش و چه‌کدار و سیخوڕ)، هه‌زاران خه‌ڵکی دیکه‌ی سه‌ر به‌ حیزبه‌ کارتۆنییه‌ کوردییه‌کان و هه‌زاران وه‌زیر و جێگری وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و کارمه‌ند و به‌رپرسانی ده‌سگاکانی ده‌ڤه‌ری ئۆتۆنۆمی و ئه‌نجومه‌نی ڕاپه‌ڕاندن و قانووندانان و هی دیکه‌، له‌ نێو ده‌سگا حوکوومه‌تییه‌کانی به‌عسدا هه‌بوون، که‌ پڕانییان نۆکه‌ر و سه‌ر به‌ ڕێژیم بوون.                                                         
ته‌واوی ئه‌و جۆره‌ خه‌ڵکانه‌ی له‌ته‌ک ڕێژیمدا بوون، وه‌ک ڕه‌گه‌ز کورد بوون و به‌ کوردی ده‌په‌یڤین و له‌ سه‌ر خاکی کوردستان ده‌ژیان، به‌ڵام ئه‌وان دژ به‌ کورد بوون و کاریان بۆ ڕێژیمی به‌عس ده‌کرد. ئه‌وان پێش له‌شکری به‌عس ده‌که‌وتن، کوردیان ده‌کوشت، گوندی کوردیان ده‌سووتاند و وێران ده‌کرد، ئه‌نفالیان ده‌کرد و کوردیان زیندانی ده‌کرد. ئه‌وان، که‌ ئێستا به‌شێکی زۆریان دۆست و نێزیکی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشووری کوردستانن و له‌نێو ده‌سگاکانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندان، چه‌نده‌ عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید و سوڵتان هاشم و تاریق عه‌زیز، تاوانبارن، ئه‌وان دوو هێنده‌ و پتر تاوانبارن، چونکه‌ ئه‌وان چاوساغ و ڕێنیشانده‌ری ڕێژیم بوون و ده‌ستی ڕێژیم بوون بۆ قڕان و ئه‌نفالی کورد.                                                                                                   
به‌ بڕوای من، تاریق ڕه‌مه‌زان و وه‌فیق ئه‌سسامه‌ڕائی و نه‌زار ئه‌لخه‌زره‌جی، که‌ سه‌رانی کورد دوای خزمه‌تکردن و ڕێزلێگرتنێکی ‌ زۆر، به‌ ده‌ستی خۆیان، به‌ره‌ڵایان  کردوون و کارئاسانییان بۆ کردوون، بۆ چوونه‌ هه‌نده‌ران و‌ سوڵتان هاشمی، وه‌زیری جه‌نگیی عیراقی به‌عس و ڕێبه‌ری ئه‌نفال، که‌ سه‌رانی کورد، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی، فه‌رمانی سه‌ره‌وه‌ی خۆی جێبه‌جێ کردووه‌،  به‌ بێتاوان، به‌ خه‌ڵکی کوردی ده‌ناسێنن، له‌و سه‌رانه‌ی ڕێژیم، که‌ ئێستا وه‌ک تاوانبار له‌ نێو قه‌فه‌زدان و دادگایی ده‌کرێن و له‌وانه‌یشی، که‌ پێشتر دادگایی کران و هه‌ڵواسران، که‌متر تاوانبار نین، به‌ڵکه‌ ڕێک هاوتای ئه‌وانن، ئه‌گه‌ر تاوانبارتر نه‌بن. هه‌ربۆیه‌ ده‌بوو ته‌واوی ئه‌وانه‌ و ته‌واوی سه‌رۆک جاش و ڕاوێژکار و ته‌واوی سه‌ره‌ زله‌کانی کورد، که‌ هاوکار و هاوسه‌نگه‌ری به‌عس بوون، له‌گه‌ڵ سه‌رانی به‌عسدا، له‌ قه‌فه‌زی دادگادا بووایه‌ن و ڕێک وه‌ک سه‌رانی به‌عس داگایی کرابان.                                                               ‌                       
وه‌نه‌بێ په‌رێزی حیزبه‌ کوردی و کوردستانییه‌کانیش، هێنده‌ خاوێن و بێگه‌رد بێت، به‌شێکی زۆری ئه‌وانیش، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وده‌می له‌ چیا بوون و به‌ حیساب، شه‌ڕی دژی رێژیمی به‌عسیان ده‌کرد، به‌ڵام له‌ کاره‌ساته‌کانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌  و ئه‌نفالدا، نۆره‌یه‌کی که‌متریان له‌ جاش و سیخوڕ و چه‌کداران و نۆکه‌رانی به‌عس نه‌بینیوه‌، به‌ڵکه‌ گه‌لێ کارا و بێشه‌رمانه‌، لێزانانه‌ کۆمه‌کیان به‌ به‌عس و ڕێژیمه‌که‌ی کردووه‌. ئه‌وان بێجگه‌ له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ به‌عسدا و ڕاپۆرتنووسین بۆ هه‌واڵگریی و ئاساییشی به‌عس و جێبه‌جێکردنی فه‌رمانه‌کانی ڕێژیمی به‌عس، ده‌ستی به‌عس و چاوی به‌عس  و جێگر و له‌بری به‌عس بوون له‌نێو چیاکانی کوردستاندا و به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کورده‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌عس هه‌ڵه‌بجه‌ی گازباران کرد، ئه‌وان ڕێگه‌خۆشکه‌ر بوون بۆ وه‌ها کارێک و ئه‌وان هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کانیان تاڵان کرد و قامکی شه‌هیده‌کانیان بۆ ئه‌نگوستیله‌یه‌کی زێر، ده‌بڕییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌عس و جاش کوردیان ئه‌نفال کرد، ئه‌وان ڕێگه‌خۆشکه‌ری ئه‌نفال بوون و بۆ خۆیان پێشی پاسداری ئێران که‌وتن و ڕه‌وشه‌که‌یان به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌ برد، که‌ ئه‌نفال ئه‌نجام بدرێ. ده‌بوو زۆرێک له‌وانیش له‌ نێو قه‌فه‌زی دادگادا به‌ته‌نیشت سه‌رانی ڕێژیمه‌وه‌ بووایه‌ن.                                                 
که‌وابوو، ته‌نێ سه‌رانی ڕێژیم، دژ به‌ کورد نه‌بوون و ته‌نێ سه‌رانی ڕێژیم، کوردکوژ نه‌بوون، به‌ڵکه‌ کوردێکی زۆر هه‌بوون، گه‌لێک له‌ سه‌رانی ڕێژیم گورجوگۆڵتر، ڕاوه‌ کوردیان ده‌کرد و له‌وان زیاتریش خزمه‌تیان به‌ پرۆسێسی، عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و وێرانکردنی کوردستان ده‌کرد. چه‌نده‌ سه‌رانی ڕێژیم شایسته‌ی سزان، دوو هێنده‌ کوردانی خۆفرۆش شایسته‌ی سزان. کورد، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی جار قوربانی بووبێت، هه‌موو جارێک قوربانی نییه‌، کورد، ته‌نێ قوربانی نییه‌، به‌ڵکه‌ زۆرجاران جه‌للادیشه‌.                                                                                                              
   ‌11/3/2009



 به‌ عه‌ره‌بی پێیان ده‌گوتن(الأفواج الخفیفة).[1]

به‌عه‌ره‌بی پێی ده‌گوترا (الجیش الشعبي).[2] 

Thursday, March 5, 2009

ڕه‌مه‌زان ڕه‌مه‌زان ده‌سڕێته‌وه ڕه‌مه‌زان ڕه‌مه‌زان ده‌سڕێته‌وه

ڕه‌مه‌زان ڕه‌مه‌زان ده‌سڕێته‌وه
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی‌

ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا، میدیای ناحوکوومه‌تی و ناحیزبی کوردستان، هه‌واڵی بزربوونی فڕۆکه‌وانێکیان بڵاو کرده‌وه‌، که‌ گوایه‌ له‌ ده‌ستی ئاساییشی سلێمانی و له‌ ڕێگه‌ی بردنی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانی، هه‌ڵهاتووه‌. ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌، که‌ ناوی تاریق ڕه‌مه‌زان بوو‌ه‌، به‌ هۆی به‌شداربوونی له‌ بۆمببارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا، پێش یه‌ک دوو ساڵێک له‌ که‌رکووک له‌ لایه‌ن چه‌کدارانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌، ده‌ستگیر کراوه‌ و نێردراوه‌ بۆ، زیندانی ئاساییشی سلێمانی و جه‌لال تاڵه‌بانی، سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و سه‌رۆککۆماری عیراق، بۆ خۆی ئاگاداری ئه‌و باسه‌ بووه‌ و جه‌ختی له‌ سه‌ر کردووه‌ته‌وه و به‌ ئاساییشی سلێمانیشی گوتووه‌‌، که‌ ده‌بێ زۆر ئاگاداری ئه‌و کابرایه بن و که‌ ئه‌و بۆ خۆی(تاڵه‌بانی) ڕاسته‌وخۆ به‌رپرسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌بێت و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ پێوه‌ندی به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بێت.                                                                                                               

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌کان، ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌، که‌ گوایه‌ له‌ ئاساییشی سلێمانییه‌وه‌ بۆ تیمار و دیتنی بژیشک براوه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانی، به‌ مه‌به‌سه‌تی به‌ره‌ڵڵاکردن ئه‌و کاره‌ی له‌گه‌ڵدا کراوه‌ و ئازاد کراوه‌، چونکه‌ چه‌ند ڕۆژێک پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی بزربوونی ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌، جه‌لال تاڵه‌بانی، چاوی به‌ چه‌ند سه‌رۆک هۆز و تیره‌ی ئه‌لعه‌ززه‌(العزة/ العزاوي) ده‌که‌وێت و ئه‌وان پێی ده‌ڵێن، که‌ که‌سێکی "بێتاوانی" سه‌ر به‌ هۆزی ئه‌وان، به‌ ناوی تاریق ڕه‌مه‌زان، له‌کن ئاساییشی سلێمانی زیندانییه‌ و داخوازی ئازادکردنی ده‌که‌ن. تاڵه‌بانییش، بێ سێودوولێکردن، زه‌نگێک بۆ ئاساییشی سلێمانی لێده‌دا و فه‌رمانیان پێ ده‌دا، که‌ ئه‌و کابرایه‌ به‌ره‌ڵا بکه‌ن و ئه‌وانیش ده‌سبه‌جێ به‌ره‌ڵای ده‌که‌ن و گوایه‌ کابرا دواتر ده‌گاته‌ ئوردون و له‌وێشه‌وه‌ ده‌گاته‌ ئینگلستان و له‌وێ داوای په‌نابه‌ری ده‌کات و په‌نا ده‌درێت و جێگیر ده‌بێت.                                                                                                                

که‌ هه‌واڵی هه‌ڵاتن(ئازادکردنی)ی ئه‌و کابرایه‌ په‌خش بووه‌وه‌ و خه‌ڵک هه‌موو ئاگادار بوونه‌وه‌ لێی و لێره‌ و له‌وێ هه‌ندێک نووزه‌نووز و ده‌نگه‌ده‌نگ په‌یدابوون و داوای ئاشکراکردنی ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و باسه‌یان کرد و باسی شکاتکردن له‌ ئاساییش و داواکردن له‌ پۆلیسی ئینگلستان و هه‌ندێک شتی دیکه‌ هاتنه‌ گۆڕێ، هاوڕێیه‌کم، که‌ له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی (چاک)دا کار ده‌کات،  به‌ ئیمه‌یڵ بۆی نووسیبووم، که‌ ڕێکخراوه‌که‌یان داوا ده‌کات و هه‌وڵده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئاساییشی سلێمانی بدرێته‌ دادگا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆکه‌وانه‌ی به‌ره‌ڵڵا کردووه‌، لێ هێنده‌ی پێنه‌چوو، هه‌موو باسه‌کان کپبوونه‌وه‌ و ده‌نگ نه‌ما.                

‌پێش چه‌ند ڕۆژێک، میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، ڕۆژنامه‌وان و فۆتۆگرافێکیان هێنایه‌ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانیان و قسه‌وباس و دیداریان له‌گه‌ڵدا ساز کرد و بردیانه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و بڕێک گرنگییان پێ دا، ئه‌و پیاوه‌ ڕه‌مه‌زان ئوێزتورک بوو. پاش چه‌ند ڕۆژێک له‌و گرنگییدانه‌ به‌ ڕه‌مه‌زان ئوێزتورک، سه‌رۆککۆماری عیراق، جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌ به‌غدا پێشوازیی لێ کرد. ئوێزتورک، که‌ وێنه‌ به‌ناووبانگه‌که‌ی عومه‌ری خاوه‌ر و منداڵه‌ ساواکه‌ی ئامێزی گرتووه، کۆڵێک سوپاسی تاڵه‌بانی کرد و  به‌ڵێنی دا له‌ دادگایی تاوانبارانی ژاربارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا، که‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، گه‌واهی بدات و گوتیشی، که‌ هه‌وڵ ده‌دات فیلمێک له‌ سه‌ر ژاربارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌، چێ بکات.                                            

تۆ که‌ ته‌ماشای ئه‌م دوو ناوه‌: تاریق ڕه‌مه‌زان و ڕه‌مه‌زان ئوێزتورک، ده‌که‌یت و که‌ ده‌ته‌وێت هه‌ندێک زانیارییان له‌ باره‌وه‌ بزانیت، چه‌ند خاڵێکی هاوبه‌ش و چه‌ند خاڵێکی جیاواز له‌ نێوانیاندا ده‌دۆزیته‌وه‌.                                                                                                               
خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان:
 ناو یا وشه‌ی ڕه‌مه‌زان له‌ ناوی هه‌ردووکیاندا هه‌یه‌، لێ له‌کن تاریق ڕه‌مه‌زان، ناوی باوکیه‌تی و له‌ لای ڕه‌مه‌زان ئوێزتورک ناوی خۆیه‌تی(واته‌: ناوی گچکه‌یه‌تی).                                                     
هه‌ردووکیان پێوه‌ندیان به‌ کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ی ساڵی 1988ه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ کاتی گازبارانکردن و ژاربارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا نۆره‌یه‌کیان بینیوه‌.                                                                        
هه‌ردووکیان له‌ لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆککۆماری عیراقه‌وه‌ گرنگییان پێ دراوه‌.
خاڵه‌ جیاوازه‌کان:
تاریق ڕه‌مه‌زان، عه‌ره‌بی عیراقییه‌، ڕه‌مه‌زان ئوێزتورک، کوردی باکووری کوردستانه(‌تورکیا).
تاریق ڕه‌مه‌زان، فڕۆکه‌وانه‌، ڕه‌مه‌زان ئوێزتورک، ڕۆژنامه‌وان و فۆتۆگرافه‌.
تاریق ڕه‌مه‌زان، گازباران و کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی کردووه‌، ڕه‌مه‌زان ئوێزتورک، وێنه‌ی عومه‌ری خاوه‌ر و شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ی گرتووه‌.                                                                                            
له‌ وڵاتێکدا، ئه‌گه‌ر قانوون تێیدا باڵا بێت و له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو که‌سێکه‌وه‌ بێت، کابرایه‌کی فڕۆکه‌وانی زیندانیی تاوانبار، که‌ بۆ خۆی له‌ گازبارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و کوشتنی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ بێتاوانه‌دا به‌شدار بووبێت و تاکه‌ شاهیدێک بێت له‌و باره‌وه‌ زانیاری وردی هه‌بێت،  ئه‌گه‌ر کاریگه‌ریترین نه‌خۆشیشی هه‌بێت و له‌ گیانه‌ڵڵایشدا بێت، وا سووک و هاسان، هه‌رگیز نابرێت بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی گشتی بۆ تیمارکردن! ئه‌گه‌ر هاتوو وایش ده‌رچوو و ئاساییش ئه‌و کاره‌ی کردبوو، ده‌بێ ئه‌وه‌ چ ئاساییشێک بێت، که‌ هێنده‌ سافیلکه‌ و گه‌مژه‌ بێت، تاوانبارێک به‌و ئاسته‌ و به‌و کێشه‌، هه‌روا له‌ ده‌ستی هه‌ڵبێت! ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌و جۆره‌ و به‌و گێڕانه‌وه‌یه‌، جێی بڕوا نییه‌ و  ته‌نێ پاساوێکه‌ و هیچی دی. که‌واته‌ ئه‌گه‌ری به‌ره‌ڵاکردنی تاریق ڕه‌مه‌زان، به‌ زه‌نگێکی جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ ئاساییشی سلێمانی، پتر به‌لای ڕاستیدا ده‌شکێته‌وه‌ و پتر له‌ ڕاستییه‌وه‌ نێزیکه، لێ له‌ وڵاتی قانووندا، هیچ که‌سێک با سه‌رۆککۆمار، سه‌رۆکی حوکوومه‌ت یا شای وڵاتیش بێت، بۆی نییه‌، تاوانبارێک، پێش دادگاییکردن، به‌ره‌ڵا بکات. ئازادکردن و نه‌کردنی تاوانبار، ته‌نێ دادگا و دادوه‌ر ده‌یکه‌ن و هیچ که‌سێکی دیکه‌ بۆی نییه‌ وه‌ها کارێک ئه‌نجام بدات و ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی کردوویه‌تی، ئه‌گه‌ر وا بێت، کارێکه‌ نه‌ له‌گه‌ڵ قانووندا ده‌گونجێت و نه‌ له‌گه‌ڵ دڵسۆزیی بۆ خاک و وڵات و نیشتمان و خه‌ڵک و هاووڵاتدا وێک دێته‌وه‌!                                                                         
جه‌لال تاڵه‌بانی، پێیوایه‌ سوڵتان هاشم(سلطان هاشم)ی کۆنه‌ وه‌زیری به‌رگریی سه‌ددام حوسه‌ین، تاوانبار نییه‌ و فه‌رمانی ڕێبه‌ر و سه‌رۆک و سه‌ره‌وه‌ی خۆی جێبه‌جێ کردووه‌، که‌واته‌ ئاساییشی سلێمانیش، ئه‌گه‌ر تاریق ڕه‌مه‌زانیان، به‌ره‌ڵا کردبێت، ئه‌وا فه‌رمانی سه‌رۆک و سه‌ره‌وه‌ی خۆیان، که‌ تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی       حیزبی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌‌ و ئاساییشیش سه‌ر به‌و حیزبه‌یه‌،  جێبه‌جێ کردووه

من بۆ هاوڕێیه‌که‌ی (چاک)م نووسی، ئه‌گه‌ر کاره‌کان به‌و جۆره‌ بووبێت، که‌ له‌ میدیاکاندا بڵاو بوونه‌وه‌   ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ڕاست ده‌که‌ن، گه‌ره‌که‌ نه‌ ئاساییشی سلێمانی و نه‌ نه‌خۆشخانه‌ سلێمانی و  نه‌ ئوردون و نه‌ پۆلیسی ئینگلستان، تاوانبار ب‌که‌ن، به‌ڵکه‌ ڕێکوڕه‌وان و بێ سڵه‌مینه‌وه‌، سه‌ر و دڵ و به‌رۆکی جه‌لال تاڵه‌بانی بگرن و له‌و بپێچنه‌وه‌.                                                                       

ده‌نگه‌کان کزبوون و نووسان و میدیاکانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و سه‌رۆککۆماری عیراقیش، وا پێده‌چێت، بۆ گه‌واهیدان له‌ باره‌ی ژاربانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌، له‌بری تاریق ڕه‌مه‌زان، ڕه‌مه‌زان ئوێزتورک ببه‌نه‌ دادگای تاوانبارانی هه‌ڵه‌بجه له‌ به‌غدا‌، چونکه‌ ئوێزتورک له‌ سه‌ر بانگهێشتنی ڕه‌سمیی نووسینگه‌ی سه‌رۆککۆماری عیراق، سه‌ردانی باشووری کوردستان ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دادگا وه‌ک شاهید ئاماده‌ی دادگاییکردنی تاوانبارانی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ بێت. بانگێشتکردنی ڕه‌مه‌زان ئوێزتورک بۆ باشووری کوردستان و گرنگیپێدانی و گه‌واهیدانی، کارێکی گه‌لێک باش و پیرۆزه‌ و ده‌بێ ده‌ستخۆشی لێ بکرێت، به‌ڵام هێنانی ئوێزتورک بۆ سڕینه‌وه‌ و له‌بیربردنه‌وه‌ و جێگۆڕکێی تاریق ڕه‌مه‌زان، ئه‌وه‌یان کارێکه‌ یه‌کجار دزێو و پڕه‌ له‌ شه‌رمه‌زاری. له‌کن کورد، که‌ هه‌ر ئێستا ده‌خوێنێته‌وه‌ و زۆر به‌ ئاسانی و خێرا شت له‌بیر ده‌کات، ڕه‌نگه‌ جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له‌ نێوان ڕه‌مه‌زانه‌کاندا نه‌بێت‌، ڕه‌مه‌زان هه‌ر ڕه‌مه‌زانه‌، چ له‌ پاش بێت یا له‌ پێش!                                                                                    

                                                                                                                   5/3/2009

Thursday, January 29, 2009

ئۆباما، موژده‌یه‌ک بۆ که‌نارخراوانی جیهان

ئۆباما، موژده‌یه‌ک بۆ که‌نارخراوانی جیهان


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

که‌ باراک ئۆباما(Barak Obama)، له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماریدا، له‌ ئه‌مه‌ریکا بردییه‌وه‌، ئێواره‌ی 5/11/2008، خه‌ڵکێکی یه‌کجار زۆر، له‌ گۆڕه‌پانێکی باژێڕی شیکاگۆ خڕبوونه‌وه‌ و ئۆباما گوتارێکی بۆ دان. خه‌ڵکێکی تابڵیی زۆر، ئاماده‌بوون و گوێیان ده‌دایه‌. کامیراکه‌ جاروبار به‌ سه‌ر ڕوو و ده‌موچاوی که‌سێکه‌وه‌ ده‌گیرسایه‌وه‌ و ڕوونتر و زه‌قتر ده‌موچاوه‌که‌ی پێشانی بینه‌ر ده‌دا. چه‌ند جارێک که‌وته‌ سه‌ر ده‌موچاوی جێسسی جاکسن(Jesse Jackson). جاکسن، ساڵانی 1985 و 1988 هه‌وڵی دا ببێته‌ نوێنه‌ری ڕه‌شپێستان، بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری. جاکسن، له‌ دوای شیرلی چیسهۆڵم(Shirley Chisholm)، یه‌که‌م ژنی ڕه‌شپێستی ئه‌مه‌ریکایی، که‌ له‌ ساڵی 1969دا، بووبه‌ ئه‌ندامی کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریکا و له‌ ساڵی 1972یشدا،‌ بۆ پۆستی سه‌رۆککۆماری ناودێر کرا، دووه‌م ڕه‌شپێست بوو، بۆ وه‌ها پۆستێکی باڵا ناودێر بکرێت. مافی ده‌نگدان بۆ یه‌که‌مجار، له‌ ساڵی 1965دا درایه‌ سیاپێستان. جاکسن، چاوه‌کانی پڕ بوووبوون له‌ فرمێسک و خوڕخوڕ به‌ سه‌ر ڕوومه‌تیدا ده‌هاتنه‌ خوارێ. که‌سێکی دیکه،‌ که‌ چاوه‌کانی پڕ بووبوون له‌ فرمێسک ئۆپرا وینفری(Oprah Winfrey) بوو، ئه‌و ژنه‌ی، که‌ پرۆگرامێکی ته‌له‌ڤزیۆنیی زۆر به‌ناووبانگی به‌ ناوی ئۆپرا(Oprah)وه‌ هه‌یه‌.‌ فرمێسکه‌کانی هه‌ردوو جاکسن و وینفری، فرمێسکی خۆشی بوون و ئه‌وان له‌ خۆشیدا ده‌گریان. له‌ خۆشی ئه‌وه‌ی هاوڕه‌گه‌زێکی خۆیان ده‌بێته‌ سه‌رۆککۆمار، لێ من له‌وه‌ دڵنیام، که‌ جاکسن و ته‌واوی ئه‌و سیاپێستانه‌ی دیکه‌ی، که‌ له‌ خۆشیدا ده‌گریان، ته‌واوی سته‌م و ئازار و به‌دبه‌ختی ڕه‌شپێستانی ئه‌مه‌ریکا و هه‌موو جیهانیان وه‌یاد ده‌هاته‌وه‌ و وه‌ک فیلمێکی سینه‌مایی و کۆمه‌ڵه‌ وێنه‌یه‌ک، ته‌واوی مێژووی کۆێله‌یه‌تیی و چه‌وسانه‌وه‌ی ڕه‌شپێستان و بازرگانیکردن پێیانه‌وه‌ و هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زییان وه‌بیر ده‌هاته‌وه‌.
*****
له‌ سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ئه‌مه‌ریکاوه‌ له‌ ساڵی 1776ه‌وه‌ تا سه‌رۆکایه‌تی ئۆباما، کۆمارییه‌کان 18 سه‌رۆک و دیموکراته‌کان 18 سه‌رۆکیان هه‌بووه‌. یه‌که‌م سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا جۆرج واشنگتن بوو و له‌ نێوان 1789-1797دا، سه‌رۆکایه‌تی کردووه‌.  هه‌موو سه‌رۆکه‌کان پرۆتستانت بوونه‌،  ته‌نیا جۆن که‌نه‌دی نه‌بێ، که‌ کاتۆلیک بوو.
*****
ئۆباما، که‌ له‌دایکبووی 1961 ه‌، منداڵی باوکێکی ئه‌فه‌ریقایی کینیایی ڕه‌شپێستی موسوڵمانی حوسه‌ین ناو و  دایکێکی سپیپێستی مه‌سیحی ئه‌مه‌ریکاییه‌. پاش دوو ساڵ له‌ له‌دایکبوونی، باوک و دایکی لێک جوداده‌بنه‌وه‌ و ئۆباما ته‌نێ له‌گه‌ڵ دایکیدا ده‌مێنێته‌وه‌. پاشان دایکیشی مێرد به‌ پیاوێکی ئیندۆنیزیایی ده‌کاته‌وه‌ و ئۆباما له‌کن دایکی و زڕباوکه‌که‌ی ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا ده‌چێته‌ ئیندۆنیزیا و دوای چه‌ند ساڵێک له‌وێ بێزار ده‌بێ و خۆی به‌ ته‌نیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کن داپیر و باپیری(له‌ لایه‌نی دایکییه‌وه‌)، ئیدی لای ئه‌وان ده‌بێت و دواتریش قانوونی له‌ هارڤارد و کۆڵۆمبیا خوێندووه‌. که‌ ئۆباما ده‌گاته‌ ته‌مه‌نی 20 ساڵان، باوکیشی به‌ ڕووداوێکی ئۆتۆمیل له‌ کینیا، کۆچیدوایی ده‌کات. به‌ هۆی باری خێزانی و جۆری گه‌وره‌بوون و بارهێنان و پاشخان و  ژینگه‌یه‌کی فره‌فه‌رهه‌نگ و کۆمه‌ڵێک جیاوازییه‌وه‌، که‌ ئۆبامای تێدا هاتووه‌ته‌ دنیاوه‌ و تێدا ژیاوه‌، ڕوانگه‌ و دیتنی فراوانتر و فره‌لایه‌نتره‌ و به‌رینتره‌، چونکه‌ قه‌بووڵکردنی فره‌فه‌رهه‌نگی و جیاوازییه‌کان، به‌ سه‌ریدا زاڵه‌ و ئاساییه‌ بۆی، بۆیه‌ ئه‌و ڕوونتر و هه‌مه‌لایه‌نه‌ ده‌نۆڕێته‌ ده‌وروبه‌ر و ڕه‌وشی جیهان و پێی ده‌کرێ باشتر بیانخوێنێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌. تێکه‌ڵاوی و ژینگه‌گۆڕین و چه‌ند جۆره‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی تێیدا گه‌وره‌ بووه‌، ده‌بێته‌ هۆی ئافراندنی ئۆبامایه‌کی فره‌فه‌رهه‌نگ و دووربین و به‌رینبین و کراوه‌.                                                                           
*****
ئۆباما، که‌ 20/1/2009دا، به‌ شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمیی سوێندی یاسایی خوارد و کرا به‌ سه‌رۆککۆمار، به‌ ناوی (باراک حوسه‌ین ئۆباما)وه‌، سوێندی خوارد. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و وه‌ک نوێنه‌ریکی حیزبی دیموکراتی ئه‌مه‌ریکا و گه‌لی ئه‌مه‌ریکا بووه‌ته‌ سه‌رۆکۆمار، لێ ناوه‌که‌ی، که‌ حوسه‌ینێکی تێدایه‌، بۆ ئه‌مه‌ریکایه‌کی تاکه‌ زلهێزی جیهان و پڕانی عیسایی ئایین، شتێکی نوێیه‌. ئۆباما، به‌ ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگی پێستی و به‌ ناوه‌که‌ی و بنه‌چه‌ و ڕه‌چه‌ڵه‌کی، یه‌که‌م و تاکه‌ ڕه‌شپێستێکه‌، که‌ تا ئێستا بووبێته‌ سه‌رۆککۆمار. ئه‌و به‌ حوسه‌ینه‌که‌ی دووه‌م ناوییه‌وه‌ و باوکێکی موسوڵمانی کینیایی و ڕه‌گه‌زێک و ڕه‌سه‌نێکی ئه‌فریقاییه‌وه‌، یه‌که‌م و تاکه‌ که‌سێکه‌، که‌ جیاوازه‌ له‌ 43 سه‌رۆککۆماره‌که‌ی پێش خۆی.                                          
*****
ئۆباما، یه‌کێکه‌ له‌و سه‌رۆکانه‌ی ئه‌مه‌ریکا، که‌ له‌ ته‌مه‌نێکی لاویدا(47 ساڵان) ده‌ستبه‌کار بوو، جیاوازییه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ گه‌لێک له‌و سه‌رۆککۆماره‌ به‌ته‌مه‌نانه‌ی پێش خۆیدا هه‌یه‌ و ئه‌م به‌ گیانێکی گه‌نجانه‌وه‌ ده‌نۆڕێته‌ کێشه‌کان و وه‌دووی چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێ بۆیان و به‌و گیانه‌وه‌ ده‌ست بۆ خه‌ڵک و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و پێوه‌نده‌کان درێژ ده‌کات.                                                                             
*****
ئۆباما، سه‌رسامه‌ به‌ مارتین لوسه‌ر کینگ(Martin Luther King)  و ئه‌براهام لینکۆڵن(Abraham Lincoln)، که‌ یه‌که‌میان، خه‌باتکارێکی ڕێگه‌ی ئازادی و یه‌کسانی نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و مافی سیاپێستان بوو و له‌ پێناوی ئه‌وه‌یشدا گیانی خۆی به‌خشی و دوومیشیان به‌ باوکی دیموکراتی ئه‌مه‌ریکا داده‌نرێت و ئه‌و که‌سه‌یه‌، که‌ بازرگانی به‌ کۆیله‌یه‌تییه‌وه‌ هه‌ڵگرت و قه‌ده‌غه‌ کرد. به‌ پێی سه‌رسامبوونی به‌و دووانه‌، ئۆباما، سیاسه‌تی ئه‌وان پێڕۆ ده‌کات و له‌ سه‌ر بنه‌مای هزریی ئه‌وان ده‌ڕوات، که‌ بڕوابوونه‌ به‌ دیموکراتی، یه‌کسانی، ئازادی مرۆڤ و سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌ ڕه‌گه‌زییه‌کان. هه‌ڵبژاردنی ئۆباما بۆ سه‌رۆککۆماریی ئه‌مه‌ریکا، هاتنه‌دی خه‌ون و ئاوه‌ته‌کانی مارتن لۆسه‌ر کینگه‌.                                                 
*****
ئۆباما، هه‌ر له‌یه‌که‌م ڕۆژی ناودێرکردن و خۆهه‌ڵبژاردنییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆککۆماریی، وشه‌ی گۆڕانی له‌سه‌ر زار بوو و باسی له‌ گۆڕان ده‌کرد. ئه‌گه‌ر هه‌ر گۆڕانی گه‌وره‌یشی پێ نه‌کرێت، ئه‌وا به‌ نه‌رمونیانی خۆی و به‌ ئارامی خۆی، ئه‌وه‌ی پێ ده‌کرێ، زمانی گوتووبیژ بکاته‌ زمانی سیاسه‌ت و پێوه‌نداریه‌تیی له‌گه‌ڵ جیهاندا و ئه‌وه‌ش بۆ خۆی کارێکی گه‌وره‌یه‌. ئه‌و بڕوای به‌ گۆڕانه‌ و به‌ به‌کاربردنی ئه‌و وشه‌یه و کاراکردنی‌، ده‌یه‌وێت جیاوازیی خۆی له‌ جۆرج بووش و ئه‌وانه‌ی پێش خۆی نیشان بدات.                                                                                                             
*****
ئۆباما، له‌ گوته‌ و لێدوانه‌کانیدا چ له‌ کاتی هه‌ڵبژاردن و چ له‌ کاتی دانانی به‌ سه‌رۆککۆمار، هه‌میشه‌ به‌ وشه‌ی "ئێمه‌"، باسی له‌ خۆی و کار و نه‌خشه‌کانی خۆی کردووه‌. ئه‌و وشه‌ی"من"ی به‌کار نه‌بردووه‌ و به‌ وشه‌ی "ئێمه‌" ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات، که‌ خۆیشی یه‌کێکه‌ له‌ خه‌ڵک و هه‌موو گه‌لی ئه‌مه‌ریکای له‌گه‌ڵه‌ و به‌ هه‌مووانه‌وه‌ کاره‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ئاواته‌کان ده‌هێننه‌ دی.                                                      
*****
هه‌ر له‌ ده‌سپێکی خۆناودێرکردنیدا و له‌ میانه‌ی پرۆسێسی هه‌ڵبژاردنه‌که‌یشیدا و تا ده‌ستبه‌کاربوونیشی، ئۆباما، جه‌ختی له‌ سه‌ر به‌کاربردنی زمانی گوتووبێژ کردووه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان. له‌ گوتاری دانانیدا به‌ سه‌رۆککۆمار(20/1/2009) یش، ئه‌و باسه‌ی جارێکی دیکه‌ هێنایه‌وه‌ گۆڕێ و گوتی ، که‌ له‌مه‌ودوا ئه‌مه‌ریکا هه‌وڵ ده‌دات ڕێگه‌ چاره‌ی دیکه‌ بۆ کێشه‌کان بدۆزێته‌وه‌ جگه‌ له‌ ڕێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی. ئه‌مه‌ جیاوازییه‌کی له‌به‌رچاوه‌ له‌ سیاسه‌تی جۆرج بووشی سه‌رۆکی پێشوو، که‌ هه‌میشه‌ وه‌ک "مشته‌ی ناو هه‌مبانه‌که" له‌ سه‌ر پێ بوو و په‌لاماری هه‌موو جیهانی ده‌دا و به‌ ڕاست و چه‌پدا گورزی ده‌هاوێشت.                                                                                                            
*****
چه‌نده‌ نه‌رمونیان و ئارامانه‌ ڕه‌وتار ده‌کات و دێته‌ گۆ، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئۆباما له‌ بیری ناچێت، که‌ ئه‌و نوێنه‌ری زلهێزترین وڵاتی جیهانه‌ و وڵاته‌که‌ی خۆی، به‌ ڕێبه‌ری هه‌موو جیهان ده‌زانێت، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و گوتی"ئێمه‌ ئاما‌ده‌ین جارێکی دیکه‌  ڕێبه‌ریه‌تیی بکه‌ین". ئه‌حمه‌د جانته‌کین، خه‌ڵکی باکووری کوردستان بوو، له‌ خوێندنگه‌ی به‌رزی مامۆستایانی ستۆکهۆڵم هاوپۆلم بوو ، باوکی کورد و دایکی ئه‌رمه‌ن بوو، هه‌ندێ جار خۆی به‌ کورد و هه‌ندێ جاریش خۆی به‌ ئه‌رمه‌ن ده‌زانی.  له‌ سه‌رده‌می گیانه‌ڵڵای سۆڤیێت و ڕووخانی به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا، که‌ باسی ڕۆناڵد ڕیگن(Ronald Reagan)ی کردبا، ده‌یگوت:"ئه‌و شێفی دنیایه‌"، شێف، وشه‌یه‌کی سوێدییه‌ به‌رانبه‌ر به‌ چیف (Chief)ی ئینگلیزی، که‌ به‌ واتای: ڕێبه‌ر و سه‌رۆک دێت. ئۆبامایش، له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی به‌ ڕێبه‌ری هه‌موو جیهان ده‌زانێت، بۆیه‌ ‌ ئاماده‌ی ڕێبه‌ریه‌تیکردنه‌.
*****
هه‌ڵبژاردنی که‌سێکی سه‌ر به‌ ڕه‌گه‌زێکی نائه‌وروپایی( ئه‌فریقایی) بۆ سه‌رۆککۆماری ئه‌مه‌ریکا، کارێکه‌ یا ڕووداوێکه‌ بێوێنه‌، له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریکادا. دوای 220 ساڵ و 43 سه‌رۆککۆماری سه‌ر به‌ ڕه‌گه‌زی ئه‌وروپایی، ئه‌وجا ئۆباما هه‌ڵبژێردرا. له‌ ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌دا، خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ ڕه‌گه‌زی ئه‌فریقایی (سیاپێستان) بێ حه‌وانه‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌ خه‌باتدا بوون، بۆ وه‌دیهێنانی یه‌کسانی و داد و هاوتاییان له‌گه‌ڵ سپیپێستاندا. ئه‌و خه‌باته‌ ماوه‌یه‌کی زۆری پێچوو تا ئه‌م گۆڕانه‌ هاته‌ گۆڕێ، سیاپێستێک ببێته‌ سه‌رۆککۆمار، ده‌بوو وه‌ها گۆڕانێک گه‌لێک زووتر، ڕه‌چاو کرابا و قه‌بووڵ کرابا و  ڕووی دابا، به‌ڵام سوێدی گوته‌نی:"دره‌نگ باشتره‌ له‌وه‌ی هه‌رگیز نه‌بێت". ئێستا که‌ ده‌رگا بۆ سیاپێستان کرایه‌وه‌، ئیدی ده‌بێ نۆره‌ی ژن و لاتین ئه‌مه‌ریکاییش بێت بۆ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مه‌ریکا. سیاپێستان یا ئه‌وانه‌ی له‌ ڕه‌گه‌زی ئه‌فریقایین، سه‌دان ساڵه‌ له‌ خه‌بات و ته‌قه‌لادان بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ مرۆڤییه‌کانیان و گه‌یشتن به‌ یه‌کسانی له‌گه‌ڵ سپیپێستاندا. ئه‌وان، هه‌موو جۆره‌ ئازار و سته‌م و زۆر و چه‌وساندنه‌وه‌ و کوشتن و بڕینێکیان چه‌شت، تا سه‌ره‌داوێکی ئازادی بگرنه‌ ده‌ست. هه‌زاران قوربانییان دا له‌ پێناوی ئازادیدا. کوژرانی گه‌وره‌پیاوانی وه‌ک مارتین لوسه‌ر کینگ و ماڵکۆڵم ئێکس(Malcolm X) و هه‌زارانی دیکه‌ی وه‌ک کونتا کینته(Kunta Kinte)‌،  هه‌موو ڕێگه‌خۆشکه‌ر بوون بۆ ئه‌مڕۆ.                                 
*****
ئۆباما، داکۆکی له‌ منداڵ له‌باربردن ده‌کات و دژی دانانی خه‌ڵکی پارێزگاره‌، له‌ دادگای بڵندی ئه‌مه‌ریکادا و له‌گه‌ڵ که‌مکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی باجه‌ و له‌گه‌ڵ دابینکردنی پشتیوانه‌یه‌ بۆ نه‌خۆشی و بواری ته‌ندروستی، واته‌: له‌ جۆرج بووش کراوه‌تر و لیبراڵتره‌ و سیاسه‌تێکی باشتر به‌ قازانجی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، هه‌ژاران، کارگه‌ران، وه‌رزێران و خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌ی، که‌ ئه‌و وڵاته‌یان دروستکرد، پێڕۆ ده‌کات.                                                                                                                                        
*****
له‌ گوتاره‌که‌یدا ڕۆژی دانانی به‌ سه‌رۆککۆماری، ئۆباما باسی ئه‌وه‌ی کرد، که‌ ده‌یه‌وێ له‌شکره‌که‌ی له‌ عیراق به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رپرسانه‌، بکێشێته‌وه‌ و عیراق بداته‌وه‌ ده‌ست عیراقییه‌کان. ئۆباما هه‌ر له‌ داگیرکردنی عیراقه‌وه‌، ئه‌و دژی جه‌نگی دژ به‌ عیراق بوو و دژی هه‌ڵوێستی بووش بوو. ئۆباما، ده‌یه‌وێ، ئاشتی  بۆ  ئه‌فغانستان بگێڕێته‌وه‌ و کێشه‌کانی چاره‌سه‌ر بکات و  له‌گه‌ڵ جیهانی ئیسلامیدا، به‌ هاریکاری و گوتووبێژ  کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و باسی ئه‌وه‌یشی کرد، که‌ ئه‌و ڕێزی بۆ جیهانی ئیسلامی هه‌یه‌ و گوتیشی، ئه‌مه‌ریکا هی مه‌سیحی، موسوڵمان، جووله‌که‌ و بێئایینه‌کانه‌. ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌و ئاماژانه‌دا وه‌دی ده‌کات، زمانی گوتوبێژ و خوێندنه‌وه‌ی به‌رانبه‌ره‌ و سیاسه‌تێکه‌ ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی نه‌خوێندنه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر و گومان له‌ هه‌موو خه‌ڵک و زاڵبوونی بیری ئایینی عیسایی و توندی و خۆبه‌که‌ڵه‌گازانینی بووشه‌وه‌یه‌. بووش هیچ کاتێک، ددانی خێری به‌ جیهانی ئیسلامیدا نه‌ناوه‌ و هه‌رگیزیش باسی موسوڵمانی ئه‌مه‌ریکای، وه‌ک ئه‌مه‌ریکایی نه‌کردووه‌. بووش به‌ زمانێکی زبر و گوماناوی، باسی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و جیهانی ئیسلامی ده‌کرد و لووتبه‌رزانه،‌ ده‌ینۆڕییه‌ وڵاتانی هه‌ژار، ئیسلامی و نائه‌وروپایی. بووش، که‌ عیسایه‌تیی سه‌رچاوه‌ی جیهانبینی و هزرینی بوو، جیهانی به‌ سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری ئه‌مه‌ریکا و ڕه‌دووکه‌وتووانی و نه‌یارانی ئه‌مه‌ریکادا دابه‌ش کردبوو و به‌ ناوی ته‌رۆریزم و ته‌رۆریسته‌وه‌، چه‌پۆکی به‌ سه‌ر هه‌موو جیهاندا ده‌کێشا و ئه‌وه‌ی وشه‌ی ئیسلامی به‌ زاردا هاتبا، ئیسلامێکی نه‌ئه‌مه‌ریکایێنراو و که‌وینه‌کراو، ئه‌و ده‌یخسته‌ خانه‌ی دوژمنه‌وه‌ و دایده‌پڵۆسی. ئه‌م گوتاره‌ی ئۆباما، ده‌لاقه‌یه‌که‌ بۆ لێکتێگه‌یشتن و بیروڕاگۆڕینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی یه‌کدی و با‌نگێکه‌ بۆ ئاشتبوونه‌وه‌. ئۆباما، فاشیزم و کۆمۆنیزمی پێ یه‌که‌ و به‌ یه‌ک چاو ته‌ماشای هه‌ردووکیان ده‌کات و هه‌ردوویانی خسته‌ یه‌ک خانه‌وه‌ و نه‌فره‌تی لێیان کرد. ئه‌و بۆچوونه‌ تا ڕاده‌یه‌ک، هه‌روا به‌ سووک و سانایی قه‌بووڵ ناکرێ و ناشکرێ فاشیزم و نازیزم و کۆمۆنیزم، چوون یه‌ک چاویان لێ بکرێت، به‌ڵام که‌ ئۆباما، بێ خۆگریدانه‌ ئایین و ئایدیۆلۆژییه‌کی تایبه‌ت ده‌نۆڕێته‌ جیهان، ئه‌وه‌یان بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و ئاشتیی جیهانی، هانده‌رێکه‌ و چاوه‌نواڕی ئه‌نجامی باشی لێ ده‌کرێت.
*****
سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌مبه‌ر ئیسرائیل، هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه‌ی ئیسرائیل وه‌ک ده‌وڵه‌تێک هاتووته‌ دنیاوه‌، سیاسه‌تیکی نه‌گۆڕ بووه‌ و هه‌میشه‌ ئه‌مه‌ریکا دۆستی ئیسرائیل بووه‌. ئیسرائیل چ وه‌ک ده‌وڵه‌ت و چ وه‌ک جووله‌که‌یش، که‌ له‌ ئه‌مه‌ریکادا ژماره‌یه‌کی له‌به‌رچاویان ده‌ژین، کاریگه‌رییه‌کی یه‌کجار مه‌زنیان له‌ سه‌ر دید و تێڕوانینی سیاسه‌تکارانی ئه‌مه‌ریکا و بنکه‌ و ده‌سگاکانی بڕیار له‌ ئه‌مه‌ریکا و به‌شێکی زۆری وڵاتانی ئه‌وروپایش و جیهانیش هه‌یه‌. خۆلادان یا خۆگێلکردن له‌و ڕاستییه‌، بۆ هیج سیاسه‌تکارێکی ئه‌مه‌ریکایی، کارێکی ئاسان نییه‌. ئۆبامایش له‌و سیاسه‌ته‌ به‌ده‌ر نییه‌ و ئه‌ویش خۆی به‌ دۆستێکی نزیکی ئیسرائیل ده‌زانێت. ئه‌گه‌ر سه‌دله‌سه‌دیش بڕوای به‌و دۆستایه‌تی و نزیکایه‌تییه‌ی ئیسرائیل نه‌بێت و پێشاندانی وه‌ها هه‌ستێک به‌رانبه‌ر ئیسرائیل و وه‌ها کارێک له‌گه‌ڵیدا،‌ پتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت،  تا نه‌یبه‌ستنه‌وه‌ به‌ ئیسلام و جیهانی سێیه‌م و ڕه‌گه‌زی ئه‌قریقایی و لایه‌نگریی لاوازان و ئه‌وانه‌وه، که‌ ئه‌مه‌یان که‌متر ڕێی تێده‌چێت. ئه‌وه‌ی پتر ڕێی تێده‌چێت، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئۆباما بێجگه‌ی له‌وه‌ی جووله‌کایه‌تی به‌ به‌شێک له‌ فه‌رهه‌نگی خۆی ده‌زانێت. به‌شێکی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یشی، له‌ بڕوابوونه‌وه‌یه‌، به‌ مافی ژیان، بۆ هه‌موو که‌سێک و هه‌موو گرۆیه‌ک و هه‌موو ده‌وڵه‌تێک و هه‌موو گه‌لێک.
*****
له‌ کاتێکدا ئه‌مه‌ریکا، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می جیمی کارته‌ره‌وه‌  تا جۆرج بووش، هه‌ڵوێستێکی نه‌یارانه‌ی نه‌گۆڕی به‌رانبه‌ر ئێران هه‌بووه‌ و ئابڵۆقه‌ی خستووه‌ته‌ سه‌ر و دژایه‌تی کردووه‌، به‌‌ گوێره‌ی زمانێک، که‌ ئۆباما به‌کاری ده‌بات و جۆری بیرکردنه‌وه‌ی، واپێده‌چێت ئه‌م سیاسه‌تێکی دیکه‌ به‌رانبه‌ر ئێران و کێشه‌ی به‌کاربردنی ئه‌تۆم بگرێته‌ به‌ر و گوتووبێژی پێ باشتر بێت بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان، هه‌رچه‌نده‌ جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌یش ده‌کاته‌وه‌، که‌ نابێ ئێران ببێته‌ خاوه‌نی چه‌کی ئه‌تۆمی. دیاره‌ ئه‌و "نابێ"یه‌ بۆ ئێران، هه‌موو وڵاتانی ئیسلامییش ده‌گرێته‌وه‌ و ته‌واوی ڕۆژاوا(ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا) له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێکن و له‌ کاتێکدا بۆ ئیسرائیل هه‌یه‌ هه‌ر جۆره‌ چه‌کێکی هه‌بێت، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگه‌ به‌ وه‌ها وڵاتگه‌لێکی وه‌ک ئێران نادرێت، ببنه‌ خاوه‌نی چه‌کێک بتوانن هه‌ڕه‌شه‌ی ئیسرائیلی پێ بکه‌ن. ئه‌میر تاهیری(أمیر طاهري)، که‌ نووسه‌رێکی به‌ ڕه‌گه‌ز ئێرانییه‌ و به‌ عه‌ره‌بی له ڕۆژنامه‌ی‌  ئه‌ششه‌رقولئه‌وسه‌ت(الشرق الأوسط)ی له‌نده‌نیدا ده‌نووسێت، باسی ئه‌وه‌ی کردبوو، که‌ له‌ ئێران، له‌ نێو خه‌ڵکدا، ناوی باراک ئۆبامایان لێکداوه‌ته‌وه‌ و باسی ئه‌وه‌یان کردووه‌، که‌ باراک،  ده‌کاته‌:  به‌ره‌که‌ت و فه‌ڕ و پیرۆزیی، واته‌(برکة)ی عه‌ره‌بی و ئۆباما، که‌ به‌ فارسی ده‌نووسرێ (او باما)، ده‌کاته‌ (او) واته‌: ئه‌و و (با ما) واته‌: له‌گه‌ڵ ئێمه‌، که‌ ده‌کاته‌: ئه‌و له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ئێرانییه‌کان به‌و لێکدانه‌وه‌یه‌ بۆ ناوی ئۆباما، بڕێک دڵی خۆیان خۆش کردبێ و ئیدی وابزانن ئۆباما، ته‌نانه‌ت له‌ بوونیان به‌ خاوه‌نی چه‌کی ئه‌تۆمییش له‌گه‌ڵیاندایه‌.                                                              
*****
پێش ده‌ستبه‌کاربوونی، ئۆباما، له‌ هه‌ندێک قسه‌وباسیدا، باسی له‌وه‌ کردبوو، که‌ هه‌وڵده‌دات بۆ به‌هێزکردنی پێوه‌نده‌کانی هه‌ریمی کوردستان و تورکیا و ئه‌و پێیوایه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ئاسانتر  ده‌توانرێ کێشه‌ی په‌که‌که‌ و تورکیا چاره‌سه‌ر بکرێت و پێیشیوایه‌،  سیاسه‌تی بووش په‌که‌که‌ی به‌هێز کردووه‌. سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا به‌رانبه‌ر تورکیا به‌ درێژایی مێژوویه‌کی دوورودرێژ، سیاسه‌تێکی نه‌گۆڕ بووه‌. ئه‌مه‌ریکا، هه‌میشه‌ تورکیای وه‌ک منداڵێکی نازداری خۆی، لاواندووه‌ته‌وه‌ و نازی داوه‌تێ. تا به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵات و سۆڤیێت هه‌بوو، تورکیا بۆ ئه‌مه‌ریکا گه‌لێک گرنگ بوو و پێگه‌یه‌کی به‌هێزی ئه‌مه‌ریکا بوو، بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ره‌یه‌. تورکیا وه‌ک ئه‌ندامێکی چالاکی ناتۆ و هێزێکی له‌شکریی مه‌زن دیسان گرنگیی خۆی هه‌یه‌. بێجگه‌ له‌وانه‌ش تورکیا، وه‌ک به‌رۆگری ئیمپراتۆریای عوسمانی ئیسلامی سوننه‌ و ئیسلامێکی میانڕۆ و تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌مه‌ریکایێنراو و ڕۆژاوایێنراو، ئێستاش تا ڕاده‌یه‌ک به‌و چاوه‌ لێی ده‌نۆڕدرێ و وه‌ک به‌ربه‌ستێکی گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م ئێرانی شیعه‌ و ژیانه‌وه‌ و بێداربوونه‌وه‌ی ئیسلامی و ته‌وژمی ئیسلامی توندڕۆی وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌ژمێردرێت. تورکیا، که‌ ڕێگه‌ی به‌ له‌شکری ئه‌مه‌ریکا نه‌دا، به‌ نێو خاکی تورکیادا بڕوات، بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر عیراق، له‌ ساڵی 2003دا و ئه‌وه‌ وه‌ک چه‌پۆکێک بوو به‌ ڕووی کارگێڕی بووشدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه‌ریکا چ هه‌ڵوێستێکی ساردوسڕ و نه‌یارانه‌ی به‌رانبه‌ر تورکیا نه‌نواند و له‌ سه‌ر سیاسه‌ته‌ دۆستانه‌که‌ی له‌گه‌ڵ تورکیادا به‌رده‌وام بوو. له‌و بڕوایه‌دام ئۆبامایش، ده‌ستبه‌رداری دۆستایه‌تی تورکیا نابێت و گرنگییه‌کی به‌ تورکیا درابوو، ئه‌ویش هه‌ر له‌ سه‌ری ده‌ڕوا. توندوتۆڵکردنی پێوه‌نده‌کانی هه‌رێمی کوردستان و تورکیاش، ‌ له‌ ڕاستیدا بۆ خۆی توندوتۆڵه‌ و باشووری کوردستان، چ له‌ ڕووی ئابووری و چ له‌ ڕووی فه‌رهه‌نگییه‌وه‌، بووه‌ به‌ کۆڵۆنییه‌کی تورکیا، هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر حیسابی په‌که‌که‌ و بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی باکووری کوردستان بووه‌ و ده‌بێت. ئۆباما، وه‌ک بووشی پێش خۆی و تورکیا و عیراق و سه‌رانی باشووری کوردستانیش، ئه‌ویش له‌و سیاسه‌ته‌ی دژ به‌ په‌که‌که‌، به‌ده‌ر نابێت و له‌ هه‌مبه‌ر په‌که‌که، به‌ هه‌موویانه‌وه‌ به‌ره‌و چه‌کداماڵینی په‌که‌که‌ و خامۆشکردنی ترۆسکه‌ی شۆڕشه‌که‌ی گه‌لی باکووری کوردستان و ڕازیکردنی دڵی تورکیا، هه‌نگاو ده‌نێن. ‌                                         
*****
ئه‌مه‌ریکا وه‌ک وڵاتێکی خاوه‌ن چه‌ندین ده‌سگا و دامه‌زراوه‌ و کارگێڕی و نه‌خشه‌ و قانوون و سیاسه‌تێکی داڕێژراو و سه‌قامگیر، به‌ گۆڕینی سه‌رۆککۆمار، گۆڕانێکی له‌به‌رچاو و گه‌وره‌ له‌ سیاسه‌ت و نه‌خشه‌کانیدا، به‌ تایبه‌ت له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا، نا‌یه‌ته‌ گۆڕێ. گۆڕانی سه‌رۆککۆمار، گۆڕانی مه‌زنی وه‌دوودا نایه‌ت. سه‌رۆککۆمار پابه‌به‌ندی بڕیار و دیدی کۆنگرێسه‌، به‌ هه‌ردوو به‌شه‌که‌یه‌وه‌، نوێنه‌ران و پیران و بێجگه‌ له‌وه‌ش ده‌یان ده‌سگای کارگێڕی دیکه‌ و گرنگ هه‌ن، وه‌ک: سی. ئای. ئه‌ی (CIA)، پێنتاگۆن، دادگای باڵا، که‌ سه‌رۆککۆمار گه‌ره‌که‌، له‌ چواچێوه‌ی بڕیاره‌کانیان ده‌رنه‌چێته‌ ده‌رێ، به‌ڵام سه‌رۆککۆمار ڕه‌نگ و ده‌نگی خۆیشی هه‌یه‌ و تاڕاده‌یه‌ک پێی ده‌کرێ جۆره‌ ڕه‌نگێک، تایبه‌تمه‌ندییه‌ک، سیمایه‌ک، ببه‌خشێته‌ کارگێڕییه‌که‌ی خۆی و جێده‌ستی دیار بێت، له‌ کارڕاپه‌ڕاندن و سیاسه‌تدا. ئه‌مه‌ریکا، وڵاتێکه‌ ته‌نیا سه‌رۆککۆمار به‌ڕێوه‌ی نابات. وڵاتی ده‌سگا و دامه‌زراوی قانوونییه‌. وڵاتێکه‌ ده‌ستوور و قانوون تێیدا باڵاده‌سته‌ و ده‌سگا و دامه‌زراوه‌کان، خاوه‌ن بڕیارن و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سگا و دامه‌زراوانه‌دا، هه‌موو بڕیارێک تاوتوێ ده‌کرێت و ده‌ڕه‌سێت. سیاسه‌تی وڵات، تا ڕاده‌یه‌ک چه‌سپاو و نه‌گۆڕه‌ و نه‌خشه‌ی درێژخایه‌نی بۆ داڕێژراوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌، گۆڕان له‌وێ، زۆر ئاسان نییه‌. ئه‌مه‌ ‌ واتای بێده‌سه‌ڵاتی و لاوازیی سه‌رۆککۆمار ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵکه‌ ئه‌ویش وشه‌ی خۆی و ده‌نگی خۆی و که‌سیه‌تیی خۆی هه‌یه‌ و خاوه‌ن بڕیاری خۆیشیه‌تی، لێ له‌ چوارچێوه‌ی قانووندا.  سه‌رۆک به‌ ته‌نیا هه‌موو شتێک نییه‌ و چاره‌نووسی هه‌موو سیاسه‌تێک، له‌ نێو ده‌سگا قانوونییه‌کاندا و له‌ نێو بڕیاره‌ تاوتوێکراو و کۆپێکهاتنه‌کاندا، دیاری ده‌کرێت. نه‌گۆڕیی ستراتیژی و  سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، له دوو هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکادا، به‌رانبه‌ر به‌ کووبا و به‌ ئیسرائیل، ده‌رده‌که‌وێت. له‌ 1960ه‌وه‌، ئه‌مه‌ریکا ئابڵۆقه‌ی خستووه‌ته‌ سه‌ر کووبا و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌، ته‌واوی ئه‌و سه‌رۆککۆمارانه‌ی، که‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مه‌ریکایان کردووه‌، ئایزنهاوه‌ر(Eisenhower)، که‌نه‌دی(Kennedy)، جۆنسن(Johnson)، نیکسن(Nixon)، فۆرد(Ford)، کارته‌ر(Carter)، ڕیگن(Reagan)، بووشی باوک(G.H.W Bush)، کلنتن(Clinton) و بووشی کوڕ(George. W. Bush)، هه‌موویان هه‌ڵوێستیان له‌ کووبا نه‌گۆڕ بووه‌ و کاسترۆیان به‌ دیکتاتۆر و ڕێژیمه‌که‌یشیان به‌ دیکتاتۆری ناونووس کردووه‌ و هه‌وڵی ڕووخان و گۆڕینی ئه‌و ڕێژیمه‌یان داوه‌. هه‌ڵوێستی دۆستانه‌ی ئه‌مه‌ریکایش له‌ ئیسرائیل، به‌ درێژایی مێژوو و گۆڕانی سه‌رۆککۆمار له‌ ئه‌مه‌ریکا، چ گۆڕانێکی به‌ سه‌ردا نه‌هاتووه‌ و هه‌میشه‌ به‌هێزتر بووه‌. 
*****
له‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ستراتیژییدا، بنه‌مایه‌کی نه‌گۆڕ هه‌یه، ئه‌ویش "به‌رژه‌وه‌نده‌کانی  ئه‌مه‌ریکایه‌". بۆ ئه‌مه‌ریکا مافی مرۆڤ و پاراستنی دیموکراسی، که‌ بانگاشه‌ی بۆ ‌ده‌کات، زۆر گرنگ نییه‌ و ته‌نێ بۆ چاوبه‌ستنی خه‌ڵک و خۆڵ له‌چاوکردنیانه‌. به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر بنه‌مای: نه‌وت و گاز(ئابووری) و دژایه‌تی و به‌رپێگرتن دژایه‌تیکردنی ته‌رۆریزم، وه‌ک خۆیان ده‌ڵین. وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی سه‌رمایه‌دار، پاراستنی سه‌رمایه‌ و سه‌رمایه‌دار و سه‌رمایه‌داری، ئیدی له‌ هه‌ر کوێیه‌ک و هه‌رچۆن بیت، بۆ ئه‌مه‌ریکا گه‌لێک گرنگه‌. مافی مرۆڤ و پاراستنی دیموکراتی هه‌مووی بانگاشه‌یه‌ و قسه‌ی بۆشه‌ و ڕاست نییه‌.                                                                                                                     
*****
پاییزی 1981، هێشتا چه‌ند مانگێک بوو هاتبوومه‌ سوێد. له‌ خوێندنگه‌یه‌کی سوێدی(KV) زمانی سوێدیم ده‌خوێند. مامۆستایه‌کمان هه‌بوو ناوی کریسته‌ر(Christer) بوو. ئه‌و ده‌مه‌ ته‌مه‌نی له‌ نێوان 45-50 ساڵێک ده‌بوو. ئه‌و ده‌یگێڕایه‌وه‌، که‌ کاتێک ئه‌و بۆخۆی مێردمنداڵ بووه‌ و خه‌ڵکی ڕه‌شپێستی بینیوه‌ له‌ ستۆکهۆڵم، که‌ دیاره‌ زۆر ده‌گمه‌ن بوونه‌،  زۆرجاران ئه‌و و سوێدییه‌کانی دیکه‌یش ویستوویانه‌ ده‌ست له‌ ده‌ستیان بده‌ن یا ئه‌گه‌ر ده‌ستیان به‌ر ده‌ستی ئه‌و ڕه‌شپێستانه‌ که‌وتبا، پێیانوابووه‌ ئه‌و ڕه‌نگه‌ ڕه‌شه‌ وه‌ک پێستێک یا توێکڵێک یا کاژێکی زیاده‌ به‌ له‌شی ئه‌وانه‌وه‌یه‌ و ده‌شێ لاببرێ یا هه‌ڵکڕێنرێ یا ڕه‌نگه‌ به‌ سابوون و ئاو و شۆردن لاچێت و ڕه‌نگی ئه‌و که‌سانه‌ کاڵ بێنه‌وه‌.
*****
هاوڕێیه‌کم، کاتی خۆی دانیشتووی شاری یێڤله‌(Gävle)ی سوێد بوو،  بۆی گێڕامه‌وه،‌ که‌ (ح. ق. د)، که‌ کوردێکی نیشته‌جێی ئه‌و شاره‌ بوو، ‌به‌ ڕه‌شپێستێکی ناسیاوی خۆی، که‌ هاوپۆل و هاوشاری بوون گوتبوو‌: "شیر بخۆوه‌ شیر!". کابرایش گوتبووی: "بۆ؟" (ح. ق. د)یش گوتبووی: "بۆ ئه‌وه‌ی سپی ببیته‌وه"‌.
*****
هه‌رچه‌نده‌ ڕه‌نگه‌ ئۆباما کارێکی زۆری پێ نه‌کرێ و نه‌توانێت په‌ڕجوویه‌ک بهێنێته‌ گۆڕێ، لێ هیوایه‌که‌ بۆ ڕه‌ش، هه‌ژار، که‌نارخراوانی کۆمه‌ڵگه، چونکه‌ ئه‌وان به‌ نوێنه‌ری خۆیانی ده‌زانن و به‌ هاوده‌ردی خۆیانی ده‌زانن.‌ چوونی ئه‌و بۆ کۆشکی سپی، کرانه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی کۆشکی سپییه‌ به‌ ڕووی خه‌ڵکه‌ پشتگوێخراوه‌کان و که‌نارخراوه‌کان و جیاواز و که‌مینه‌کاندا.
*****
سه‌رکه‌وتن و بردنه‌وه‌ی‌ ئۆباما له‌ هه‌ڵبژاردندا، شکاندنی ئه‌و تابووه‌ سه‌دان ساڵییه‌ بوو، که‌ له‌سه‌ر ڕه‌شپێستان هه‌بوو، به‌وه‌ی ده‌رگای نه‌ک هه‌ر کۆشکی سپی، به‌ڵکه‌ هی زۆر شوێنی دیکه‌ی ئه‌مه‌ریکایان لێ داخرابوو، وا ئێستا لێیان کرایه‌وه‌. کۆشکی سپی و سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌مه‌ریکا، له‌ 1779وه‌ تا 2008، له‌ یه‌که‌م سه‌رۆککۆماره‌وه‌ تا چلوسێیه‌مین سه‌رۆککۆمار، بێ هیچ وچان و بۆشایی و ڕاوه‌ستانێک، سه‌رۆککۆماری سپیپێست له‌ دووی یه‌کدی نیشته‌جێی بوونه‌ و هاتوونه‌ سه‌ر کار. ئۆبامای چلوچواره‌م سه‌رۆککۆمار، یه‌که‌م ڕه‌شپێسته‌، که‌ وه‌ک سه‌رۆکۆمار پێ ده‌نێته‌ نێو ئه‌و کۆشکه‌وه‌.
*****
ڕۆژی سوێندخواردنه‌که‌ی، ئۆباما، باسی باوکی وه‌ک نموونه‌یه‌کی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زیی، هێنایه‌ گۆڕێ و گوتی،  که‌ باوکی ئه‌گه‌ر  پێش 60 ساڵێک بچووایه‌ته‌ ڕیستۆرانگێک به‌و جۆره‌ی بشێ خزمه‌ت نه‌ده‌کرا. ڕه‌شپێستانی ئه‌مه‌ریکا بۆ یه‌که‌مجار له‌ ساڵی 1965دا، مافی ده‌نگدان و خۆهه‌ڵبژاردنیان وه‌ده‌ستهێنا. خوێندنگه‌، مه‌له‌وانگه‌، خواردنگه‌، دایه‌نگه‌، جێگه‌ی دانیشتنی نێو ئۆتۆبووس و شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ته‌نانه‌ت ئاوده‌ستخانه‌ی ڕه‌شپێست و سپیپێستان، جیا بوون. ئه‌وجا دیاره‌ باوکی ئۆبامایش، کینیاییه‌کی ڕه‌شی موسوڵمانی حوسه‌ین ناو،  ئه‌وده‌می هه‌روا مامه‌ڵه‌ کراوه‌.
*****
هه‌ڵبژاردنی ئۆباما، تا ڕاده‌یه‌ک زیندووبوونه‌وه‌ و گیانبه‌به‌رداکردنه‌وه‌ی،  کونتا کینته‌ی، ئالیکس هه‌یلی(Alex Haley) و هه‌زاران کونتا کینته‌کانی دیکه‌ی ئه‌و وڵاته‌ و ئه‌وروپایه‌، که‌ به‌ چ سه‌ختی و ده‌رده‌سه‌ری و چه‌وساندنه‌وه‌ و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یه‌ک، گه‌یێنرانه‌ ئه‌مه‌ریکا و چییان لێ ده‌کرا و چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌کران و ده‌کوژران و له‌نێو ده‌بران و کاریان پێ ده‌کرا و چ مافێکیانیش پێ ڕه‌وا نه‌ده‌بینرا. هاتنه‌دی ئه‌و خه‌ون و ئاواته‌یه‌‌، که‌ مارتن لوسه‌ر کینگ، هه‌یبوو و ده‌یخواست و بوو به‌ قوربانی بۆی.                                         
*****
بوونی ئۆباما به‌ سه‌رکۆمار گه‌ره‌که‌ ڕێگه‌ خۆشکات بۆ ئه‌وه‌ی:                                                                                                     
به‌لووچێک، کوردێک، عه‌ره‌بێک، ئازه‌رییه‌ک، سوننه‌یه‌ک، بتوانێ له‌ ئێراندا ببێته‌ سه‌رۆککۆمار.
 ئاشوورییه‌ک، تورکمانێک، کوردێک(ئێزدی، یارسان، شیعه‌، سوننه‌، هه‌ورامی، فه‌یلی، لوڕ، کرمانج، سۆران، قادری، نه‌قشبه‌ندی و...) کلدانێک، سریانێک، بتوانێت له‌ کوردستاندا ببێته‌ سه‌رۆک.           
کوردێک ، عه‌ره‌بێک، سریانێک، جووله‌که‌یه‌ک، بتوانێت له‌ تورکیادا ببێته‌ سه‌رۆککۆمار یا سه‌رۆکی  حوکوومه‌ت.
سریانێک، کوردێک، د‌رووزێک، بتوانێت ببێته‌ سه‌رۆککۆماری سووریا.
کلدانێک، ئاشوورییه‌ک، تورکمانێک، عه‌ره‌بێک، کوردێک، شیعه‌یه‌ک، سوننه‌یه‌ک، ئێزدییه‌ک، یارسانێک، بتوانێت ببێته‌ سه‌رۆککۆمار یا سه‌رۆکی حوکوومه‌تی عیراق.
فلستینییه‌ک، مه‌سیحییه‌ک، موسوڵمانێک، درووزێک، بتوانێت ببێته‌ سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت یا سه‌رۆکی حوکوومه‌تی ئیسرائیل.
قه‌ره‌چێک، جووله‌که‌یه‌ک، سریانێک، کوردێک، فارسێک، عه‌ره‌بێک، تورکێک، هیندییه‌ک، پاکستانییه‌ک، لاتین ئه‌مه‌ریکاییه‌ک، ئه‌مازیغییه‌ک، ببێته‌ سه‌رۆکی حوکوومه‌تی بریتانیا، بێلژیک، ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا، هۆڵاند، سوێد، ئیتالیا، یۆنان، نه‌مسا یا سه‌رۆککۆماری فرانسا.                                                      
*****
ئۆباما، له‌ بووشه‌وه. بێجگه‌ له‌ قه‌یرانی ئابووری و کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی جیهانیی، وه‌ک عیراق، ئه‌فغانستان، فلستین و ئیسرائیل، ئێران، کووبا، کۆریای باکوور، گوانتانامۆ و ده‌یانی دیکه‌ی، بۆ به‌جێ ماون، که‌ ده‌بێ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدا چاره‌سه‌ریان بکات و له‌ کۆڵی ئه‌مه‌ریکایان بکاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ بووشه‌وه‌ بۆی به‌جێ نه‌ماوه‌، دید و زمانه‌که‌ی بووشه‌. بووشێک، جیهانی کردبووه‌ دوو له‌ته‌وه‌، جیهانی "ئه‌وان و ئێمه" ‌و وشه‌ی ته‌رۆر و ته‌رۆریزمیش، بنێشته‌خۆشه‌ی بن ددانی بوون، لێ ئۆباما، به‌ پێی گوتار و کرداره‌کانی، نه‌ جیهان وه‌ک دوو جیهان ده‌بینێت و نه‌ وشه‌گه‌لی ته‌رۆر و ته‌رۆریزمیشی به‌ ‌ زاردا ‌هاتن. جیهان لای ئۆباما، یه‌ک جیهانه‌ و بۆ هه‌موو مرۆڤه‌ و ته‌رۆر و ته‌رۆریزمیش، دوو وشه‌ن بۆ تۆقاندن و سه‌رکوتکردنی خه‌ڵکانی جیاواز و ته‌نێ له‌ نێو مێشکی خه‌ڵکانێکی نه‌خۆشدا هه‌ن. به‌ ڕێزگرتن له‌وی دیکه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وی دیکه‌ و قه‌بووڵکردنی ئه‌وی دیکه‌ وه‌ک چۆن هه‌یه‌ و قه‌بووڵکردنی جیاوازییه‌کان و ده‌ستنیشانکردنی ده‌رده‌ جڤاکی و ئابووری و سیاسییه‌کان و گێڕانه‌وه‌ی ماف و داد و ئازادی، بۆ چه‌وساوان و به‌شخواراوان و نه‌داران و که‌نارخراوان، جیهان ده‌بێته‌وه‌ یه‌ک جیهان و وشه‌گه‌لی ته‌رۆر و ته‌رۆریزمیش، له‌ فه‌رهه‌نگی زمان، ده‌رده‌هاوێژرێت. بووش و جیهانبینییه‌کی هێنایه‌ گۆڕێ و به‌ تۆبزی به‌ سه‌ر جیهاندا ده‌یبه‌شییه‌وه و ده‌یسه‌پاند‌، چی له‌ فاشیزم و نازیزمه‌که‌ی مۆسۆلینی و هیتله‌ر که‌متر نه‌بوو. هاتنه‌ سه‌رکاری ئۆباما، پێچانه‌وه‌ی ئه‌و جیهانبینییه‌یه‌ و ختووکه‌یه‌کی  خه‌ونی هه‌ژاران و که‌نارخراوان و چه‌وساوانه‌ و هه‌نگاوێکه‌ به‌ره‌و جیهانێکی ئارام و بڕێک یه‌کسانی.                                                                                 

29/1/2009

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...