Thursday, August 28, 2008

سیاسه‌تی چه‌وتی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان که‌رکووکی به‌م ده‌رده‌ برد

سیاسه‌تی چه‌وتی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان که‌رکووکی به‌م ده‌رده‌ برد


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی


ساڵی 1974 و تا دواگوتوبێژی نێوان شاندی کورد و حوکوومه‌تی به‌عس، سه‌ددام حوسه‌ین تا دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات، نیو به‌ نیو، له‌ که‌رکووک، له‌گه‌ڵ بارزانی و سه‌کرده‌یه‌تیی کورددا بوو و لاریی لێ نه‌بوو. سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی به‌وه‌ قایل نه‌بوو و که‌رکووکی پێ 100% کوردستان بوو و نه‌ده‌کرا واز له‌ نیوه‌ی بهێنرێ. ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی ڕاست و دروستی پیاوێکی شۆڕشگێڕ بوو. که‌ جه‌نگی نێوان بزاڤی چه‌کداریی کورد و حوکوومه‌تی به‌عسی به‌غدا له‌ ساڵی 1974دا ده‌ستیپێکرده‌وه‌، پرسی که‌رکووک، سه‌ره‌کیترین کێشه‌ی نێوان هه‌ردوو لا بوو. بارزانی، هه‌رگیز بۆ یه‌ک ساتیش ده‌ستبه‌رداری کوردستانیه‌تی که‌رکووک نه‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌ستی دایه‌وه‌ چه‌ک. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی بارزانی، هه‌ڵوێستێکی جوامێرانه‌ و شۆڕشگێڕانه‌ و دروست بوو، به‌ڵام چاره‌سه‌رنه‌کردنی ئه‌و کێشه‌یه‌ و نه‌بڕینه‌وه‌ی له‌ کاتی مۆرکردنی پێکهاتنی 11ی مارسی 1970ی نێوان سه‌رکرده‌یه‌تیی کورد و حوکوومه‌تی به‌غدادا و دواخستنی بۆ ماوه‌ی چوار ساڵی دوای ئه‌و پێکهاتنه‌، که‌ هه‌ندێک له‌  که‌سان و  به‌رپرسانی به‌رده‌ستی بارزانی بوونه‌ هۆی، کارێکی سازشکارانه‌ و که‌مته‌رخه‌مییه‌ک و هه‌ڵه‌یه‌ک بوو و ده‌بوو  بارزانی هه‌ر ئه‌وده‌م و گه‌رماوگه‌رم، تا مۆرنه‌کردنی ئه‌و پێکهاتنه‌ش، ئه‌و باس و کێشه‌یه‌ی یه‌کلا کردبایه‌وه‌ و بڕیبایه‌وه‌ و ‌ده‌بوو نه‌ ڕێگه‌ی به‌و به‌رپرسانه‌  دابا و نه‌ گوێی لێ گرتبان، که‌ وه‌هایشی کرد، ئه‌ویش پشکی ئه‌و که‌مته‌رخه‌مییه‌ی وه‌به‌ر ده‌که‌وێت. ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی جه‌نگی 1974یش له‌ پێناوی که‌رکووکدا،  هه‌رچه‌نده‌ هه‌ره‌سی 1975یشی وه‌دوودا هات، ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بوو.                                                                                                               

*****
تا 8ی ئه‌پریلی 2003، پێش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، چ گومانێک له‌ کوردستانییه‌تی که‌رووکدا نه‌بوو و که‌سیش به‌ ڕاشکاوی ناکوردستانییه‌تی که‌رکووکی نه‌ده‌سه‌لماند. که‌ ڕێژیم ڕووخا و هێزه‌کانی کورد چوونه‌ که‌رکووکه‌وه‌، ده‌ڵێم چوونه که‌رکووکه‌وه‌،‌ چونکه‌ پارتی و یه‌کیه‌تیی وه‌ک دوو حیزب و دوو هێزی چه‌کدار چوونه‌ که‌رکووکه‌وه‌، هیچ که‌س، نه‌ کورد و نه‌ ناکورد، چاوه‌نواڕی که‌متر له‌، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی که‌رکووک و گێڕانه‌وه‌ی بۆ ئامێزی کوردستان و سڕینه‌وه‌ی عه‌ره‌باندن، نه‌بوو، لێ وا نه‌بوو، سه‌رانی کوردی باشوور وه‌هایان نه‌کرد، هێزه‌کانیان له‌ که‌رکووکدا که‌وتنه‌ تاڵانی و گواستنه‌وه‌ی سامان و موڵکی کارگێڕییه‌کانی حوکوومه‌تی به‌عس و داگیرکردنی خانوو و ماڵه‌ به‌رپرسانی به‌عس، سه‌رانی کورد کوردستانییه‌تی که‌رکووکیان خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌‌ و گومانیان خسته‌ سه‌ری و گرنگترین پرسی کوردستان(که‌رکووک)یان هێنده‌ سووک و چرووک کرد،  که‌ مرۆڤ گومان له‌ هه‌موو تێز و دید و کرده‌وه‌یه‌کی کۆن و نوێیان بکات.                                                                                        

*****
پێشینه‌ی سووک و چرووککردنی پرسی که‌رکووک له‌ لایه‌ن سه‌رانی کورده‌وه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵێک داشکان و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و ملکه‌چبوون، که‌ ئه‌وان یه‌ک له‌ دوای یه‌ک و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ، له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا بۆ لایه‌نه‌ نه‌یاره‌کانی کوردیان ئه‌نجامداوه‌:                                                         
ده‌ستماچکردنی سه‌نعان قه‌سسابی سه‌رۆکی ئه‌وده‌می به‌ره‌ی تورکمانی و پیاوی موخابه‌راتی عیراق و پیاوی میتی تورکیا، له‌ کۆیه‌ و ته‌رخانکردنی زه‌وی بۆ تورکمانانی سه‌ر به‌ به‌ره‌ی تورکمانی له‌ کۆیه‌ و کردنه‌وه‌ی باره‌گای به‌ره‌ی تورکمانی له‌ زۆرینه‌ی باژێڕه‌کانی کوردستان[1].                                    
بردنه‌وه‌ی سه‌نعان قه‌سساب، هه‌ر یه‌کسه‌ر دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، وه‌ک تاجه‌گوڵینه‌یه‌ک بۆ شاری که‌رکووک.                                                                                                                     
 پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌کی 24 که‌سی، 6 تورکمان و 6 عه‌ره‌ب و 6 کلدوئاشووری و 6 کورد، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات له‌ که‌رکووک، هه‌ر ده‌سبه‌جێ دوای ڕووخانی ڕێژیم.                                     
 بانگهێشتنی نوێنه‌رانی میت و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی تورکیا بۆ که‌رکووک، پێش چه‌ند ساڵێک، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌وشی تورکمانی که‌رکووک ئاگادار بن.                                                                            
 هێنانه‌ گۆڕێی بیرۆکه‌ی برۆکسلاندنی که‌رکووک و پێشنیازکردنی نموونه‌ی برۆکسل وه‌ک چاره‌سه‌رێکی کێشه‌که‌.                                                                                                                     
 هێنانه‌گۆڕێی بیرۆکه‌ی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له‌ که‌رکووک به‌ ڕێژه‌ی 32%  بۆ کورد و 32% بۆ عه‌ره‌ب و 32% بۆ تورکمان و 4% بۆ کلدوئاشووری[2].                                                              
دانانی  تورکمانێکی تۆرانی توندڕه‌و و ڕه‌گه‌زپه‌رست(موزه‌ففه‌ر ئه‌رسه‌لان)، که‌ نیوه‌ی ئه‌و خاکه‌ی باشووری کوردستان به‌ تورکمانستان داده‌نێ و داوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی تورکمانستان ده‌کات له‌ سه‌ر خاکی کوردستان، به‌ ڕاوێژکاری سه‌رۆککۆماری عیراق بۆ کاروباری تورکمانان. ئه‌رسه‌لان  له‌ دیدارێکدا ده‌ڵێ:"ده‌وڵه‌تی تورکمان له‌ سنووری تورکیا ده‌ستپێده‌کات و به‌ بانه‌کانی مووسڵدا تێده‌په‌ڕێ و گه‌ڕه‌که‌ تورکمانییه‌کانی هه‌ولێریش به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌گرێ و هه‌روه‌ها که‌رکوک، ئاڵتون کۆپری، دوزخورماتو و دیالاش به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌گرێ، پایته‌خته‌که‌شی که‌رکوکه‌"[3]. به‌و جۆره‌ ئه‌رسه‌لان ته‌نێ سلێمانی و دهۆک و هه‌ندێک گه‌ڕه‌کی هه‌ولێر بۆ کورد ده‌هێڵێته‌وه‌ و چه‌ندین جاریش ژماره‌ی تورکمانی له‌ باشووری کوردستاندا به‌ سێ میلیۆن(3000000) که‌س داناوه‌!                                                                                     
 سه‌ردانی سه‌رۆککۆماری عیراق بۆ تورکیا، که‌ وه‌ک هه‌موو شتێکی تر، ته‌نیا وه‌ک سه‌رۆککۆمار نه‌بێت، پێشوازی لێ کرا.                                                                                                   
زێده‌ڕۆیی له‌ باسکردن و گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی تورکمان و گریان و فرمێسک ڕشتن بۆ دانیشتوانی گوندی بێشیر.                                                                                                                         
 هێشتنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ و کۆنه‌به‌عسییانی شاری که‌رکووک و پاراستنیان و ڕێگه‌دان به‌ هاتنی عه‌ره‌بی نوێ بۆ شاره‌که‌.                                                                                                    
هێشتنه‌وه‌ی ته‌واوی ناوه‌ عه‌ره‌بی و به‌عسییه‌کانی گه‌ڕه‌که‌کانی که‌رکووک، وه‌ک: ئه‌لعرووبه(العروبة)، ئه‌لبه‌عس(البعث)، ئه‌لواسیتی(الواسطي) و... ده‌یان (ئه‌ل)ی دیکه‌.                                                  ‌
بانگاشه‌ و پرۆپاگه‌نده‌ بۆ بیرۆکه‌ی ئه‌وه‌ی "که‌رکووک به‌ قانوون ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باوه‌شی کوردستان و عه‌ره‌باندن به‌ قانوون لاده‌برێ" و بره‌وپێدانی ئه‌و تێزانه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ ڕاستیی کێشه‌که‌ و بنه‌ما و چۆنیه‌تیی داگیرکردن و عه‌ره‌باندنی که‌رکووک.                                                                       
پێڕۆ و پیاده‌کردنی سیاسه‌تێکی دووفاقی دوو حیزب له‌ نێو که‌رکووکدا و به‌شینه‌وه‌ی خه‌ڵک و هه‌موو  شتێکی که‌رکووک به‌ سه‌ر حیزب و زه‌رد و سه‌وز و دڵ  و قودسه‌که‌ی حیزبدا[4].                              
زه‌نگلێدان و بروسکه‌ و نامه‌نووسینی چه‌ندباره‌ و په‌یتا په‌یتای سه‌رۆککۆماری عیراق بۆ  ته‌ییب ئاردۆغان و عه‌بدوڵڵا گویلی تورکیا و دڵدانه‌وه‌یان و دڵنیاکردنه‌وه‌یان له‌ ڕه‌وشی تورکمان و له‌وه‌ی، که‌ به‌ره‌ی    تورکمانی دوای ته‌قه‌کردنیشیان له‌ خۆپێشانده‌رانی که‌رکووک و کوشتنی که‌رکووکییان"سه‌لامه‌تن". 
سازکردنی کۆمیته‌ی هاوبه‌ش له‌ نێوان یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و به‌ره‌ی تورکمانیدا له‌ که‌رکووک، هه‌ر ده‌سبه‌جێ دوای ته‌قه‌کردنی چه‌کدارانی به‌ره‌ی تورکمانی له‌ خۆپێشانده‌رانی کوردی که‌رکووک.                                                                                                                     
بانگهێشتنی حیزب و حوکوومه‌ته‌که‌ی ئاردۆغان بۆ ناردنی ده‌سته‌یه‌ک و شاندێک بۆ له ‌نزیکه‌وه‌ ئاگاداربوون و دڵنیابوون له‌ ڕه‌وشی تورکمان و به‌ره‌ی تورکمانی، دوای کوشتنی کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی که‌رکووک، له‌ خۆپێشاندانه‌که‌ی دژ به‌ قانوونی ژماره‌ 24 دا.                                                       
دڵنیاکردنه‌وه‌ی سه‌رانی تورکیا له‌وه‌ی، که‌ داواکردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی که‌رکووک، به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، ته‌نێ هه‌ڕه‌شه‌یه‌که‌ و هیچی تر.                                          
 و ... ده‌یان شت و کرده‌وه‌ی ناپه‌سه‌ندی دیکه‌ش.                                                                     

 *****
سه‌رانی کورد، ده‌ستبه‌رداری به‌شه‌ دابڕاوه‌کانی که‌رکووک، که‌ له‌ بنده‌ستی خۆیاندان‌(چه‌مچه‌ماڵ، کفری، که‌لار، قادرکه‌ره‌‌م، له‌یلان و به‌شێکی خورماتوو، جه‌باره‌، قه‌ره‌ته‌پپه‌ و...) نه‌بوون و نه‌‌یانگه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ سه‌ر که‌رکووک، که‌ به‌ ئه‌نجامدانی وه‌ها کارێک، بێ هیچ هه‌راو و هاتوهاوارێک، زۆرینه‌ی که‌رکووک ده‌بووه‌وه‌ کورد، عه‌ره‌ب و تورکمان و ئه‌وانی دیکه‌ش، ده‌بوونه‌ که‌مینه، له‌بری ئه‌وه‌ش تێزی ئیداره‌ی گه‌رمیانیان هێنایه‌ گۆڕێ، که‌ کارگێڕی چه‌مچه‌ماڵ و کفری و که‌لار( که‌ هه‌موویان به‌ بڕیاری حوکوومه‌تی به‌عس له‌ که‌رکووک دابڕاون) ده‌گرێته‌وه‌، کراونه‌ته‌ یه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و نێوه‌نده‌که‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌، ئه‌مه‌ش بۆ پتر ده‌ستبه‌ردابوون و ده‌ستشۆردن له‌ که‌رکووک و سڕینه‌وه‌ی بیری که‌رکووکبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ ئامێزی کوردستان له‌ مێشک و هزری خه‌ڵکدا.                                                                                               
  *****
                                                               
مۆرکردن و په‌سه‌ندکردن و قایلبوون به‌ مادده‌ی 58 و 140ی ده‌ستووری عیراق، که‌ که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌ داگیرکراوه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌خاته‌ به‌ر ده‌نگدان و ڕاپرسی، یه‌کێک بوو له‌ خاڵه‌ هه‌ره‌ ناپه‌سه‌ند و نابه‌جێ و لاوا‌زه‌کانی سه‌رانی کورد، که‌ به‌ ده‌ستی خۆیان، گومانی کوردستانیبوونی که‌رکووکیان مۆر کرد و قایلبوون به‌وه‌ی خاکی کورد و ماڵی کورد بخه‌نه‌ ده‌نگدان و ڕاپرسییه‌وه‌، کارێک، که‌ هیچ خودان ئاوه‌زێکی ئه‌م جیهانه‌ نایکات. گومان له‌ کوردستانیبوونی که‌رکووک، سڕینه‌وه‌ی کوردستانیبوونی مووسڵ و به‌دره‌ و مه‌نده‌لی و... زارکڵومکردنیش بوو به‌رانبه‌ر بوونی کورد له‌ به‌غدا و کووت و عیماره‌. مادده‌ی 140، سووککردنی پرسی که‌رکووک بوو و کۆت و زنجیرێک بوو بۆ به‌ستنه‌وه‌ی ده‌ستی کورد. گریمان مادده‌ی 140 چاره‌سه‌رێکی باش بێت بۆ کێشه‌ی که‌رکووک،  که‌ وایش نییه‌، ده‌سه‌ڵاتی کورد له‌ جێبه‌جێکردنی ئه‌و مادده‌یه‌شدا بۆ خۆی که‌مته‌رخه‌م و سارد و ناکارا و ده‌مچه‌فت بوو و ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی دیکه‌یش نۆره‌یان له‌ جێبه‌جێنه‌کردنی ئه‌و مادده‌یه‌دا بووبێت ئه‌وا نۆره‌ی ناکارا و سازشکارانه‌ و لاوازانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کورد، له‌ نۆره‌ی تێکده‌رانه‌ی خه‌ڵکانی دیکه‌ گه‌لێک زیاتره‌.‌                                                                                                                    
سه‌رانی کورد، له‌ شێوه‌ی ڕه‌وتار و گوتاریاندا له‌مه‌ڕ که‌رکووک و زۆر شتی دیکه‌شه‌وه‌، هێنده‌ لاواز و ترسنۆکانه‌ هه‌ڵسوکه‌وت و قسه‌یان کردووه‌، که‌ به‌ هیج جۆرێک له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ و به‌ها و گرانیی کێشه‌ی که‌رکووکدا نه‌گونجاوه‌ و ناگونجێت. ئه‌وان زۆر ملکه‌چانه‌ و ترسنۆکانه‌ ڕووبه‌ڕووی قانوونی 24ه‌که‌ی په‌رله‌مانی به‌غدا و مه‌شهه‌دانی سه‌رۆکی په‌رله‌مان بوونه‌وه‌ و گه‌لێک ترسنۆکانه‌ له‌هه‌مبه‌ر به‌ره‌ی تورکمانیدا، که‌ بووه‌ هۆی شه‌هیدکردن و بریندارکردنی سه‌دان که‌س، له‌ که‌رکووک چۆکیان دادا.                                                                                                                        
*****
سه‌رانی کورد، به‌ هۆی گرێدراوی و پێوه‌ندیان به‌ تورکیاوه، هه‌ر له‌ یه‌که‌م ڕۆژی ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ستیانه‌وه‌ له‌ 1991ه‌وه، ئیدی وه‌ک ناوبژیوان و پارێزه‌ری ئاشتی نێوان پارتی و یه‌کیه‌تیی و وه‌ک کۆمپانیا و بازرگان و ده‌یان شێوازی دیکه‌‌ و پتریش دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، بۆ خۆیان به‌ هه‌موو جۆرێک ڕێگه‌یان بۆ ‌ تورکیا خۆش کرد و تورکیایان کرده‌ براگه‌وره‌ و ڕدینسپی و هێنایانه‌ نێو ته‌واوی کوردستان و به‌ تایبه‌تیش که‌رکووک و پرسی که‌رکووک و کردیان به‌ خاوه‌ن ماڵ و خاوه‌نی که‌رکووک. تورکیا وه‌ک مشته‌ی نێو هه‌نبانه‌که‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ و به‌ بۆنه‌ و بێ بۆنه‌ خۆی له‌ کاروباری که‌رکووکدا هه‌ڵده‌قورتێنێ و خۆی به‌ سه‌رپه‌رشتکار و به‌رپرس و خاوه‌نی تورکمان ده‌زانێ، که‌چی بۆ تاکه‌ یه‌کجاریش سه‌رانی کورد نه‌یانتوانیوه‌ باسێکی کوردی باکووری کوردستان یا کوردی ئیسته‌نبوول، که‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌‌ 4-5 میلیۆنێک، بهێننه‌ گۆڕێ و بیده‌ن به‌ نێوچاوانی ئه‌و تورکانه‌ی له‌گه‌ڵیان داده‌نیشن، یا هه‌ر هیچ نه‌بێت، وه‌ک عیراقییه‌ک، که‌ ئه‌وان جار له‌ دوای جار جه‌خت له‌ سه‌ر عیراقییه‌تی خۆیان و شاری که‌رکووک ده‌که‌نه‌وه‌، بتوانن تورکان به‌وه‌ ده‌مکوت بکه‌ن، که‌ که‌رکووک عیراقییه‌ و باسکردنی که‌رکووک له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌، خۆخستنه‌ نێو کاروباری وڵاتێکی دیکه‌ی سه‌ربه‌خۆوه‌یه‌‌. ئه‌وه‌ی تورکیا ده‌یکات ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌، ئێران باسی نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا بهێنێته‌ گۆڕێ و خۆی به‌ خاوه‌نیان بزانێ و ڤاتیکان باسی عه‌نکاوه‌ و هه‌رمۆته‌ و تلکێف و...بهێنێته‌ گۆڕێ و زۆر نموونه‌ی دیکه‌ش. سه‌رانی کورد باسی کوردانی به‌غدا، کووت، عیماره‌ و ته‌نانه‌ت مووسڵیش له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی عیراقدا ناهێننه‌ گۆڕێ، ئیدی بۆ قایل ده‌بن به‌وه‌ی تورک باسی که‌رکووک بکه‌ن! قایلبوون و شلی و گوێڕایه‌ڵییان، نیشانه‌ی گرێدراوی و وابه‌سته‌ییانه‌‌ به‌ تورکیاوه‌.‌                                                                                    
*****
 به‌ به‌رچاو و گوێ و ئاگایی سه‌رانی کورده‌وه‌، له‌شکر و سه‌ربازانی تورکیا هه‌رده‌م و به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام به‌ بیانووی ڕاوه‌دوونان و له‌نێوبردنی په‌که‌که‌وه‌، هه‌روا ده‌که‌ن دێنه‌ نێو باشووری کوردستانه‌وه‌ و بۆمببارانی چیای قه‌ندیل به‌ تۆپ و فڕۆکه‌ ده‌که‌ن و به‌ ئاره‌زووی خۆیان سنووری نێوده‌وڵه‌تی ده‌به‌زێنن و گوند وێران ده‌که‌ن و ئاژه‌ڵ ده‌کوژن و ژینگه‌ تێکده‌ده‌ن و پیس و ژاراوی ده‌که‌ن. سه‌رانی کورد هه‌ر ده‌ڵێی گوێزیان بۆ ده‌ژمێرن، وه‌ک بڵێی قه‌ندیل له‌ ئه‌فریقا یا ئه‌مه‌ریکای لاتینه‌ و چ پێوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ نییه‌. ئه‌و به‌ ئاسانی ته‌راتێنکردنه‌‌ی تورکان له‌ باشووری کوردستاندا و  بێده‌نگی و سه‌رشۆڕیی سه‌رانی کورد، له‌ ئاست ئه‌و کاره‌ی تورکاندا، چرایه‌کی که‌سک و ڕێگه‌خۆشکردن و ئه‌رێیه‌که‌ بۆ تورکان، که‌ زۆر ئاسان و به‌وپه‌ڕی بڕوابه‌خۆبوونه‌وه‌ بتوانن لووت له‌ که‌رکووکیش هه‌ڵژه‌نن، وه‌ک چۆن له‌ قه‌ندیل ده‌یکه‌ن.  لێدانی قه‌ندیل و قه‌ندیلنشینان، وزه‌یه‌که‌ی زیاتری به‌ تورک به‌خشێوه‌ و بوێرییه‌کی زیاتری پێ داون، که‌ که‌رکووکیشیان پێ ئاسان بێت. تورک ئێستاش ته‌واوی کوردستان به‌ به‌شێک له‌ ئیمپراتۆریاکه‌ی خۆی داده‌نێ و که‌رکووک به‌ تورکستان ده‌زانێت و کوردیش به‌ نۆکه‌ری خۆی. ئه‌وه‌ سه‌رانی کوردن، که‌ ده‌بوو هه‌مووده‌م په‌یامی کوردستانیه‌تی که‌رکووک بده‌ن به‌ گوێی تورکاندا و هێنده‌ له‌به‌رده‌میاندا سه‌رنه‌وی نه‌بن و ئاماده‌ی  ناوبردن و هێنانه‌گۆڕێی باسی باکووری کوردستان و سه‌رێشه‌ سازکردن بن بۆ تورکان وه‌ک بۆ خۆیان بانگاشه‌یان بۆ ده‌کرد و ڕایانده‌گه‌یاند و ده‌یاندا به‌ گوێی خه‌ڵکی کورددا.                                                                                                                       
                               
*****

وه‌ک چۆن عه‌ره‌ب، فلستین و ئه‌سکه‌نده‌رۆنه‌ و ئه‌نده‌لوس و تونبولکوبرا(طنب الکبری) و تونبولسوغرا(طنب الصغری) و ئه‌بومووسایان(أبوموسی) دۆڕان و له‌ ده‌ستیان چوو،، کوردیش به‌و جۆره‌ مووسڵی دۆڕان و وا که‌رکووکیشی هاته‌ سه‌ر. دۆڕانی خاک پرۆسێسێکه‌ چه‌ند ماوه‌ و کاتی زیاتر به‌ سه‌ر داگیرکردنیدا تێپه‌ڕێ، هێنده‌ له‌ده‌ستچوون و له‌بیرچوونه‌وه‌ و دۆڕانی زووتر ده‌بێت و خه‌ڵکه‌که‌یشی به‌ره‌به‌ره‌ خۆ له‌بیر ده‌که‌ن و ده‌بنه‌ به‌شێک له‌ داگیرکه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر و داگیرکه‌ریش به‌ره‌به‌ره‌ ده‌بێته‌ خاوه‌ن خاک و ماڵ و ئه‌و خاکه‌ی بۆ ده‌بێته‌ زێد و نیشتمان و وڵات. عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ی داگیرکه‌ری که‌رکووک، که‌ له‌ کۆتایی 1960ه‌کانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه‌ هه‌ناردراونه‌ته‌ که‌رکووک، ئه‌مڕۆ له‌ دوێنێ و سبه‌ی له‌ ئه‌مڕۆ زیاتر خۆیان به‌ که‌رکووکی و خاوه‌نی که‌رکووک ده‌زانن.                                                                                                        
                                                                        
*****
عه‌ره‌باندن و گۆڕینی سیمای کوردستانیبوونی که‌رکووک له‌ سه‌رده‌می ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌یندا، که‌ به‌ هۆی نیشته‌جێکردنی سه‌دان هه‌زار عه‌ره‌به‌وه‌ و هه‌ناردنیان بۆ که‌رکووک ئه‌نجام ده‌درا، سه‌رانی کورد، چاویان لێی نووقاند و گوێی خۆیانیان لێی که‌ڕ کرد و ئێستا هه‌ر باسیشی لێوه‌ ناکرێت. ئه‌وان له‌م ساڵانه‌ی دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسیشه‌وه‌ هیچ ڕێگرییه‌کیان له‌ هاتن و جێگیربوونی عه‌ره‌بی دیکه‌ له‌ که‌رکووک نه‌کردووه‌ و بۆ خۆیان ڕێگه‌یان بۆ خۆش کردوون و به‌ مۆڵه‌تی ئه‌وان هاتوون، له‌ کاتێکدا، ئه‌وان(سه‌رانی کورد) ده‌یانتوانی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ پاره‌وپووڵیش بێت ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ بگێڕنه‌وه[5]. جووله‌که‌ هه‌رچه‌نده‌ داگیرکه‌ری فلستینن، لێ کاتی خۆی زۆریک خانوو و خاک و ماڵی فلستینییانیان کڕی و بۆ خۆیان له‌ شوێنه‌کانیان نێشته‌جێ بوون و ئه‌وانیان ده‌رپه‌ڕاند له‌ خاک و زێدی خۆیان. عه‌ره‌بی که‌رکووک هه‌نارده‌ و داگیرکه‌رن و ئه‌گه‌ر وه‌ها کارێکیان له‌گه‌ڵدا کرابا هیچ ناڕه‌وایی و نادادییه‌ک نه‌بوو، به‌ڵکه‌ ئه‌وان له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس کۆڵێک به‌وه‌ قایل و سوپاسگۆ بوون ئه‌گه‌ر کورد خانوو و موڵک و ماڵیان لێ کڕیبان و ئه‌وانیش گه‌ڕاباناوه‌ بۆ زێدی خۆیان.                                                                                     
                                                     
*****
ده‌سه‌ڵاتی کورد و سه‌رانی کورد، هه‌رگیز به‌ جیددی و لێبڕاوانه‌ باسیان له‌ پرسی که‌رکووک نه‌کردووه‌ هه‌ر باسێکی هێڵی سوور و سنووربه‌زاندن و هه‌رچی فشه‌ و خۆهه‌ڵکێشان و خۆ گیڤکردنه‌وه‌یه‌کیشیان کردبێت و بیکه‌ن، بۆ کڵاوله‌سه‌رنانی خه‌ڵکی کورد و کپکردنه‌وه‌ی ده‌نگ و نووزه‌نووزێکی خه‌ڵک بووه‌، ده‌نا به‌رانبه‌ر به‌ ته‌واوی لایه‌نه‌ ناکورده‌کانی دیکه‌،  ئه‌وان هه‌میشه‌، بێزمان و ملکه‌چ و ده‌سته‌پاچه‌ بوون و که‌مترین و لاوازترین هه‌ڵوێستیان نواندووه‌.                                                                            
                                                           
*****
سه‌رانی کورد، هه‌میشه‌ شانازییان به‌ دۆستایه‌تی ئه‌مه‌ریکاوه‌  کردووه‌ و ده‌کرد و له‌ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ند و ته‌نانه‌ت جیهانیشدا تاکه‌ خه‌ڵکێک بوون، که‌ چه‌پڵه‌یان بۆ ئه‌مه‌ریکا لێده‌دا و پێیانوابوو ئه‌مه‌ریکا هێلکه‌ی زێڕینیان بۆ ده‌کات و کوردی پێ له‌ خه‌ڵکی دیکه‌ له‌ پێشتر و باشتره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌لفبێیه‌کی سیاسه‌ت بزانێت له‌وه‌ تێده‌گات، که‌ ئه‌مه‌ریکا نه‌ک کورد به‌ڵکه‌ هه‌موو جیهان به‌ به‌رمیله‌ نه‌وتێک ناگۆڕێته‌وه‌ و ئه‌و قازانج و سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتنی، له‌ ماڵوێرانی و کاولبوون و دواکه‌وتنی خه‌ڵک و وڵاتانی دیکه‌دایه‌. ئه‌مه‌ریکا له‌و ڕۆژه‌وه‌ی عیراقی داگیر کردووه‌،‌ له‌ یه‌ک کێشه‌دا لایه‌نگری کورد نه‌بووه‌ و هه‌میشه پێچه‌وانه‌ی خواستی خه‌ڵکی کورد بووه‌ و دژ به‌ به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بووه‌.                                                                                                                           
*****
گومان له‌وه‌دا نییه‌، که‌ له‌ کاتی ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسدا، هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌ هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌کانییه‌وه‌، له‌ دوای له‌شکری ئه‌مه‌ریکا، یه‌که‌م هێزی چه‌کدار و سه‌ربازی بوو له‌ عیراقدا، هه‌ر ئه‌وده‌م و گه‌رماوگه‌رم، ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد بڕیک بوێر و ڕاستگۆ بووایه‌ن، به‌ ئاسانی، ته‌واوی خاکی باشووری کوردستانیان(ته‌واوی که‌رکووک و مووسڵ و به‌شه‌ کوردستانه‌که‌ی دیاله‌ و کووت و تا دوا میتره‌خاکێکی باشووری کوردستانیان) ده‌خسته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر چه‌ند ڕۆژێکیش وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئه‌مه‌ریکا و تورکیا و خه‌ڵکی دیکه‌، شتێکیان گوتبا، ئه‌وا پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌و ده‌نگه‌ده‌نگه‌ش نه‌ده‌ما و ده‌بوو به‌ واقیع و ده‌چه‌سپا و هه‌رگیز ئه‌م کاره‌ساته‌ی ئێستای به‌ دوادا نه‌ده‌هات.                                                                                                                  
*****
سه‌رانی کورد، ڕێکخراوی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان(UN)یان هێنایه‌ نێو کێشه‌ی که‌رکووکه‌وه‌ و کردیان به‌ لایه‌نێک له‌و پرسه‌دا و دێمستۆرایان کرده‌ ڕدێنسپی و ناوبژیکار. له‌ هیچ کونجێکی ئه‌م جیهانه،‌ ئه‌و ڕێکخراوه،‌ گچکه‌ترین کێشه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌کردووه‌، به‌ڵکه‌ خراپتر و ئاڵۆزتری کردووه‌ و به‌ بێ چاره‌سه‌ری هێشتووه‌ته‌وه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و ڕێکخراوه‌ ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن نییه‌ و گرێدراوی ئه‌مه‌ریکا و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ڕۆژاوایه‌. بۆ ئه‌و ڕێکخراوه‌ که‌رکووک و کێشه‌ی که‌رکووک له‌ کێشه‌ی له‌نێوبردنی چه‌ند مریشک و وشککردنه‌وه‌ی جۆگه‌ئاوێک و ڕووخاندنی کڵێسایه‌ک، مه‌زنتر و له‌پێشتر نییه‌.
*****
ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ڵگه‌ی ناڕاستگۆیی و ساردوسڕی و نادڵسۆزی سه‌رانی کورد بن بۆ کێشه‌ی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستان، ئه‌وا کارابوونیان له‌ زیندووکردنه‌وه و‌ دروستکردنه‌وه‌ی عیراقێکی لێکترازاوی لاوازی ده‌رده‌داری مردووی پاش سه‌ددام حوسه‌ین و بوونیان به‌ پاسه‌وان و پارێزه‌ری یه‌کپارچه‌یی و به‌هێزکردنی‌ ئه‌و عیراقه و دروستکردنه‌وه‌ی له‌شکره‌که‌ی، بۆ خۆی کارێک بوو و کارێکه‌، که‌ نه‌ده‌کرا و ناکرێ خه‌ڵکی کورد چاوی لێ بپۆشن و گوێیی لێ که‌ڕ بکه‌ن. سه‌رانی کورد، مرددویه‌کیان زیندوو کردوه‌وه‌ و گیانیان به‌به‌ردا کرده‌وه‌.                                                       
                                   
*****
سه‌رانی کورد، کاتێک ده‌یانتوانی شتێک بۆ که‌رکووک بکه‌ن، که‌ بۆ هه‌ولێر و دهۆک و سلێمانی بنده‌ستی خۆیان، شتێکیان کردبا. ئه‌وان ئه‌و هه‌رێمه‌ی بنده‌ستی خۆیانیان کردووه‌ته‌ گه‌نده‌ڵستان و  کۆمه‌ڵه‌ کۆمپانیایه‌کی گرێدراوی تورکیا و وڵاتانی تر و مانگایه‌کی شیرده‌ر، که‌ ئه‌مان ته‌نێ بۆ دادۆشینی، هه‌وساری ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته‌ ده‌ست. ئه‌مان ئه‌گه‌ر هه‌ر خۆیان وه‌ک ئێستا که‌ هه‌ن، ببنه‌ خاوه‌نی که‌رکووک له‌و باژێڕانه‌ی باشتر بۆ ناکه‌ن و بۆ خه‌ڵکه‌که‌یشی له‌وه‌ی بۆ باژێڕه‌کانی خۆیانیان کردووه‌ زیاتر ناکه‌ن. ئه‌مان به‌و دید و تێڕه‌یی و هه‌رگیزتێرنه‌بوون و ده‌ردانه‌یانه‌وه‌، هه‌رگیز شتێکی باشتریان نه‌ بۆ که‌رکووک و نه‌ بۆ که‌رکووکییان پێیه‌.                                       
                                     
*****
ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ر که‌رکووکدا هاتووه‌ و دێت له‌ 9ی ئه‌پریلی 2003وه‌ و ئه‌وه‌ی ڕۆژی که‌رکووکی به‌م ده‌رده‌ی ئێستای برد، ته‌نێ ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان و سه‌رانی کوردن. ئه‌وان به‌رپرسن له‌ ته‌واوی ئه‌وه‌ی که‌رکووک و که‌رکووکییه‌کان تووشی بوون. ئه‌وان به‌رپرسن له‌وه‌ی ئێستاش که‌رکووک ده‌عه‌ره‌بێنرێ، ده‌تورکێنرێ، ده‌به‌عسیێنرێ، ده‌سوننه‌یێنری، ده‌شیعه‌یێنرێ، ده‌فه‌ڵه‌یێنرێ، ده‌ڕووخێنرێ و ته‌نێ ناکوردستانیێنرێ.                                                                                                             
*****
بۆ ئاڵۆزکردنی باری حوکوومه‌تی عیراق و سه‌رلێتێکدانی ناکوردانی که‌رکووک و شێواندنی ڕه‌وشی عیراق، کوردانی به‌غدا و مووسڵ و کووت و عیماره‌ و... ئێستا ده‌بێ داوای مافی فه‌رهه‌نگی و سیاسی  و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان و دابه‌شکردنی شاره‌کانیان بکه‌ن و ده‌یان شتی دیکه‌ بکه‌ن.                                    
                       
*****
ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ سه‌ر خانه‌قین و قه‌ره‌ته‌پپه‌ و جه‌باره‌ و جه‌له‌ولا و قزڕه‌باتدا دێت و له‌شکری عیراق ڕووی تێ ده‌کات و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌تۆقێنرێن، هه‌مووی تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی هێزی کورد و سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستانه‌ و حوکوومه‌تی عیراق و ته‌واوی ناکوردانی عیراق ده‌یکه‌ن و به‌وه‌ش خۆ بۆ وه‌ده‌رنانی چه‌کداران و لایه‌نه‌ کوردییه‌کان له‌ که‌رکووک و مووسڵ ئاماده‌ ده‌که‌ن.                                            
*****
ده‌سه‌ڵاتی کوردستان، که‌ له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ینه‌وه‌ نه‌یانویست باشووری کوردستان له‌ عیراق جوێ بکه‌نه‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ عیراقیانه‌وه لکانده‌وه‌ و نه‌یانتوانی ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان بگێرنه‌وه‌ سه‌ر کوردستان و خه‌ڵکی کوردیان به‌ وشه‌ی بێناوه‌ڕۆکی فیدراڵی هه‌ڵخه‌ڵه‌تان، گه‌لێ باشتر بوو هه‌ر ببوایه‌نه‌وه‌ عیراقی و وه‌ک عیراقییه‌کی سه‌رده‌می شاهایه‌تی پێش 1958 و سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسم، ڕه‌وتار و سیاسه‌تیان کردبا و به‌ ته‌واوی هێزیانه‌وه‌ هه‌وڵیان دابا، کورد له‌ عه‌ره‌ب که‌متر، خۆی به‌ خاوه‌نی عیراق نه‌زانێت. له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ناویشی له‌ کووله‌که‌ی ته‌ڕدا له‌ عیراقدا نه‌بوو وه‌ک گیای به‌هار سه‌ریهه‌ڵدا و شین بوو. عیراق به‌گوێره‌ی تیۆری ته‌وافوق به‌شرایه‌وه‌ به‌ سه‌ر ده‌یان ده‌سته‌ و گرۆدا، سوونه‌، شیعه‌، عه‌ره‌ب، کورد، تورکمان، ئێزدی، شه‌به‌ک، مه‌ندائی، کلدان، ئاشووری، سریان و ده‌یانی دیکه‌ش، که‌چی له‌ سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌یندا له‌ عه‌ره‌ب و کورد زیاتر له‌ عیراقدا ناو نه‌ده‌برا و که‌سیش نه‌یده‌وێرا باسی ئه‌و هه‌موو گرۆ و ده‌ستانه‌ بهێنێته‌ گۆڕێ. دیاره‌ که‌س نکۆڵی له‌ بوونی به‌شێک له‌و گرۆیانه‌ ناکات، به‌ڵام ئه‌و سه‌رێشه‌یه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ئه‌وده‌می نه‌بوو و به‌شێکی زۆری ئه‌و گرۆیانه‌ و ناوهێنانیان، ته‌نێ ئافراندنی ئاڵۆزی و لاوازکردنی پێگه‌ی کورده‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان.                                                                                                 ‌
*****

ئێستا ئه‌گه‌ر به‌ هێز، ته‌واوی ده‌ڤه‌ره نه‌گه‌ڕاوه‌کانی باشووری کوردستان(که‌رکووک، مووسڵ، به‌شێکی دیاله‌، به‌شێکی کووت و به‌شێکی تکریت) نه‌خرێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، ئه‌وا به‌ گوتوبێژ و قانوون هه‌رگیز وه‌ها کارێک ناکرێت و تاکه‌ ڕێگه‌یه‌کیش، که‌ ئێستا له‌به‌رده‌م سه‌رانی کورددایه،‌  خۆکێشانه‌وه‌ی ته‌واوی خۆیان و نوێنه‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتیانه‌، له‌ به‌غدا و ته‌واوی ده‌سگا حوکوومه‌تییه‌کانی عیراق، حوکوومه‌ت، په‌رله‌مان، له‌شکر، سه‌رۆکایه‌تی کۆمار و هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌، بۆ ئه‌وه‌ی حکوومه‌تی به‌غدا بڕووخێت، که‌ گومان له ڕووخانیدا نییه‌، که‌ ڕووخا ئه‌وده‌م عیراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ڕۆژی 9ی ئه‌پریلی 2003 و ئه‌وده‌م ئیدی ڕه‌وشی پاشاگه‌ردانی و نه‌مانی ده‌سه‌ڵات دێته‌ گۆڕێ و ده‌شێ خه‌ڵکی کورد بتوانن ببنه‌ خاوه‌نی کوردستانه‌که‌ی خۆیان، ده‌نا ئه‌گه‌ر به‌م گێله‌گێلییه‌ی سه‌رانی کورد و ڕۆژبه‌سه‌ربردنه‌یان بێت، ئه‌وا هێرش و داگیرکردن و ئه‌نفال و دۆڕانی گه‌لێ گه‌وره‌تر چاوه‌ڕێی خه‌ڵک و وڵاتی کوردستان ده‌که‌ن.                                                      
                                                   
*****
گه‌لی کورد له‌ باشووری کوردستان له‌ سایه‌ی سه‌ری ئه‌م سه‌ردارانه‌یه‌وه‌، ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی شتێک بن، ئه‌وا چاوه‌ڕوانی گێڕانه‌وه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسییه‌که‌ی ده‌که‌ن بۆ سنووره‌کانی پێش ڕووخانی ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین، واته‌: وه‌ده‌رنانیان له‌ که‌رکووک و مووسڵ و دیاله‌. وه‌ها کارێک ئه‌گه‌ر به‌ به‌کاربردنی هێزیش ته‌واو بێت، ئه‌وا ئه‌نفالێکی دیکه‌ و داگیرکردن و تاڵانی دیکه‌، ده‌بنه‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌کی پرۆسێسه‌که‌.                                                                                                                  
28-8-2008




[1] ئه‌مه‌ له‌ سیدی CD  یه‌کدا چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا بڵاو بوویه‌وه‌ و من بۆ خۆیشم گوتارێکم به‌ ناوی"خۆسووککردن" له‌ باره‌یه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی www.dengekan.com  دا بڵاو کرده‌وه‌.
[2]  گوڵبه‌نکیان(Calouste Sarkis Gulbenkian  ،  23/3/1869- 20/7/1955)، پیاوی کار و خێرخوازێکی ئه‌رمه‌نی له‌دایکبووی ئیسته‌نبوول، که‌ له‌ بواری نه‌وتدا کاری ده‌کرد، له‌ ساڵی 1927دا، که‌ نه‌وت له‌ باوه‌گوڕگوڕ دۆزرایه‌وه‌ و له‌ 1928دا ده‌ستکرا به‌ ده‌رهێنانی، به‌ فه‌رمانێکی شاهانه‌، گوڵبه‌نکیان، کرا به‌ هاوبه‌ش له‌ کۆمپانیای نه‌وتی عیراقدا، که‌ ئیدی له‌و ده‌مه‌دا دامه‌زرا و پشکی 5%ی بۆ بڕایه‌وه. گوڵبه‌نکیان، که‌ بۆ خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، هێنده‌ی دیکه‌ ده‌وڵه‌مه‌نتر بوو و بۆ خاوه‌نی سامانێکی یه‌کجار زۆر. ئه‌و له‌مه‌ڕ پشکی5%ی نه‌وته‌که‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌یگوت:"پارچه‌یه‌کی بچووک له‌ کێکێکی گه‌وره‌ باشتره‌ له‌ پارچه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ کێکێکی بچووک". به‌ هۆی ڕێژه‌ی 5%ه‌وه‌، گوڵبه‌نکیان‌ ناو نرا مسته‌ر 5%(Mr. 5 %)‌. ده‌بوو سه‌رۆکی عیراقیش ناو نرابا مسته‌ر 32%.       
  میدیا، ژماره‌ 327، سێشه‌ممه‌ 19/2/2008.[3]
[4] ناونانی که‌رکووک وه‌ک قودسی کوردستان، ده‌ستشۆردنه‌ له‌ که‌رکووک، ڕێک وه‌ک ده‌ستشۆردنه‌ له‌ قودسی فلستین، چونکه‌ هه‌موو که‌س ده‌زانێت که‌ قودس نابێته‌وه‌ فلستین و فلستینییان مه‌گه‌ر هه‌ر خه‌ون به‌ قودسه‌وه‌ ببینن.                                                                                                                               
[5] له‌ مانگی ته‌ممووزی 2008دا سه‌ردانی دۆستێکم کرد، که‌ له‌ گه‌ڕه‌کی ئه‌لواسیتی(الواسطي) که‌رکووک داده‌نیشێت، گه‌ڕه‌که‌که‌یان پتر عه‌ره‌ب و کۆنه‌به‌عسی و کۆنه‌ئه‌فسه‌ری به‌عسی تێدا ده‌ژین و تاکه‌تاکه‌یه‌ک کورد و تورکمانیشی لێیه‌، گه‌لێک خانووی چۆڵ له‌و گه‌ڕه‌که‌دا هه‌بوون و هه‌ن، که‌ ڕۆژانه‌ ماڵی عه‌ره‌بی له‌ملاو و له‌ولاو و له‌ ده‌ره‌وه‌ی که‌رکووکه‌وه‌ بۆ دێن و تێیاندا نێشته‌جێ ده‌بن. ده‌سه‌ڵاتی کوردستان ده‌یتوانی ئه‌و خانووانه‌ بکڕێت و ئه‌گه‌ر به‌ کرێیش بێت بیدا به‌ خه‌ڵکی کورد یا بۆ خۆی بیکات به‌ باره‌گا و جێکاری حیزب و هه‌ر شتێکی دیکه‌. ئه‌و دیارده‌یه‌ تایبه‌ت نییه‌ ته‌نیا به‌و گه‌ڕه‌که‌وه‌، به‌ڵکه‌ گه‌ڕه‌که‌کانی تریش هه‌ر به‌و جۆره‌ن.                                                                                                                               

Tuesday, August 12, 2008

ماویه‌تی وێرانی بکه‌ن

ماویه‌تی وێرانی بکه‌ن


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئه‌مه‌ریکاییه‌کان قسه‌یه‌کیان هه‌یه‌ ده‌ڵێت:"جۆرج ‌ پشووی هه‌یه‌- له‌ کوێ، ئایا گه‌لی ئه‌مه‌ریکا ده‌نگیان بۆ وه‌ها سه‌رۆکێک دا، که‌ له‌ کاتی جه‌نگدا له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ و ددانی عه‌قڵی هه‌ڵده‌کێشێت!"                      
George is on holiday - Where, would US people vote for such president who is out pulling wisdom tooth at time of war!
له‌ کاتێکدا ‌:
 که‌رکووک ده‌دۆڕێ و هه‌رچی نه‌یاری کوردستانیبوونی که‌رکووکه‌( تورکمان، تورکیا، عه‌ره‌ب، عیراقی،  وڵاتانی عه‌ره‌ب،  سوننه، شیعه، به‌عس و زۆرێک ئاشووری و ناکورد) یه‌کده‌گرن و خۆ به‌هێز ده‌که‌ن و ده‌ست له‌ کوشتن و داگیرکردن و خۆته‌قاندنه‌وه‌ ناپارێزن،                                                          
هه‌رچی داگیرکه‌ر و عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ و تورکمانی گرێدراوی میتی تورکیایه‌ ده‌بنه‌ خاوه‌ن ماڵ و  که‌رکووکییه‌ خاوه‌ن ماڵه‌ ڕاستینه‌کانیش ده‌بنه‌ بیانی و میوان،                                                    
 هێزه‌کانی عیراق جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌پپه‌ و جه‌باره‌ و قزڕه‌بات له‌ کفری و خانه‌قین داده‌بڕن و نه‌خشه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان داده‌ڕێژن،                                                
 هێزی عیراق و سواره‌ی وه‌حده‌ و حوڕییه‌ و ئیشتراکییه،‌ خۆ بۆ ئه‌نفالێکی دیکه‌ ئاماده‌ ده‌که‌ن،
ده‌یان ته‌ون و ده‌یان تۆڕ بۆ تاساندنی نووزه‌ی کوردستانیبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ ئاماده‌ ده‌کرێن و ده‌چنرێن،                                                                                                                 
 سه‌رانی کورد سازش له‌ دوای سازش خۆ  به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن و سه‌ریان بۆ  به‌عسییه‌کانی عیراق و که‌مالیسته‌کان، که‌ ئێستا له‌ پێست و به‌رگی سوننه‌ و شیعه‌ و به‌ره‌ی‌ تورکمانیدان، نه‌وی ده‌که‌ن و بست به‌ بست کوردستانه‌که‌یان جێده‌هێڵن و هه‌ریه‌که‌یان له‌ به‌زمێکدان و هه‌ریه‌که‌ و وێرانه‌که‌ی خۆی  بۆ نه‌یارانی وڵاته‌که‌ی  جێده‌هێڵێ و ڕوو له‌ هه‌نده‌ران ده‌کات:                                                         
 جه‌لال تاڵه‌بانی، بۆ نه‌شته‌رگه‌ری ده‌چێته‌ ئه‌مه‌ریکا.
نێچیرڤان بارزانی،  بۆ بازرگانی ده‌چێته‌ ئێران.
مه‌سعوود بارزانی، به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ ده‌ڕوا، بێ ئه‌وه‌ی که‌س بزانێت بۆکوێ و بۆچی!‌ مه‌گه‌ر هه‌ر خوا بۆ خۆی بزانێت، ڕه‌نگه‌ ئه‌ویش بۆ هه‌ڵکێشانی ددانی بڕوات، چونکه‌ پێشتریش له‌ کاتی ته‌نگانه‌دا ڕێگه‌ی هه‌نده‌رانی گرتووه‌ته‌ به‌ر و باس له‌وه‌ کراوه‌، که‌ بۆ تیمارکردنی ددانی چووه‌.                                   
به‌رهه‌م ساڵه‌ح، بۆ کڕین و فرۆشتن ده‌چێته‌ ئێران.
کوردستانێک، که‌ ئێستا له‌ هه‌موو ده‌مێک زیاتر ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ و داگیرکردن و ئه‌نفال و ته‌واوی ئه‌وانه‌یه‌ و نه‌یارانی خوله‌ک له‌ دوای خوله‌ک جێپێی خۆیان قایم ده‌که‌ن، سه‌رانی هه‌ل و کات و ده‌رفه‌تی له‌مه‌ له‌بارتر و باشتر نادۆزنه‌وه‌ بۆ جێهێشتنی و به‌ گورگانخوارددانی!                               
دایکم به‌ که‌سێکی که‌ له‌ کاتی ئه‌نجامدانی کار و ئه‌رکێکی پێسپێردراو و پێویستیدا خۆی بدزیبایه‌‌وه‌ و ته‌مبه‌ڵی بیگرتایه‌ ده‌یگوت:"تانجییه‌که‌ی عه‌زیز ئاغایه‌، له‌ کاتی ڕاودا گووی دێ". ده‌ڵێن عه‌زیز ئاغایه‌ک هه‌بووه‌، تاژییه‌کی ڕاوی هه‌بووه‌، هه‌ر کاتێ چووبێ بۆ ڕاو و له‌ کاتی په‌یدابوونی نێچیردا، که‌ ئیدی ده‌بوو وه‌دووی که‌وێ و بیگرێ، تاژییه‌که‌ خۆی دزیوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستی به‌ گووکردن کردووه.                       
ئه‌گه‌ر جۆرج(بووش) ددانی عه‌قڵی ده‌رده‌هێنێت، ئه‌دی سه‌رانی کورد چ ددانێکیان ده‌رده‌هێنن! ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکاییه‌کان په‌شیمان بن له‌وه‌ی ده‌نگیان بۆ وه‌ها سه‌رۆکێک داوه‌، خۆ سه‌رانی کورد به‌ بێ ده‌نگدانی کوردستانییانیش، کوێخاکه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ئاسا، کوردان خۆشیان بێ و ترشیان بێ هه‌ر ڕێبه‌ر و هه‌ر سه‌رکرده‌ و سه‌رۆکن.                                                                                                         
له‌ سه‌رکرده‌گه‌لێکی بازرگان و خۆپه‌رست و ترسنۆک و سازشکار و ملکه‌چ و منجه‌منجکه‌ر، هه‌رگیز چاوه‌ڕێی له‌مه‌ باشتر ناکرێت و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و وڵاتێکیش ئه‌مانه‌ به‌ ڕێبه‌ری خۆیان بزانن، له‌ ژێرده‌سته‌یی و کۆیله‌یی و دۆڕان زیاتر، شتێکی دیکه‌ چاوه‌ڕێیان ناکات!                                           
12-8-2008

جۆرج ڕۆیشتوه‌ بۆ پشوو. قوڕ به‌سه‌ر گه‌لی ئه‌مه‌ریکا که‌ بۆ سه‌رۆکێکی وه‌ها ده‌نگ ده‌ده‌ن که‌ له‌ کاتی جه‌نگدا ده‌ڕوا ددانی عه‌قڵی ده‌کێشێت!


Friday, August 1, 2008

ڕه‌هاکردنی بیر

ڕه‌هاکردنی بیر


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

11ی سێپته‌مبه‌ری 2001، گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تیی له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی و سیاسه‌تی جیهانی و ته‌نانه‌ت جیهانبینیی خه‌ڵکی ئاسایی خۆراوایشدا هێنایه‌ گۆڕێ. هه‌ر له‌وێ ڕۆژێ ڕا،  ئیدی جیهان له‌مسه‌رییه‌وه‌ بۆ ئه‌و‌سه‌ری و ته‌واوی گۆی زه‌وی بوو به‌ مه‌یدانێکی ته‌ختایی بێ قۆرت و بێ کۆسپ و بێ گت، بۆ ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمان و هاوبیرانی و بوو به‌ نیشانی تیری پێشتر ئاماده‌کراو و هاوێژراوی ئه‌وان. ئه‌گه‌ر جاران ڤیێتنام و ته‌واوی ئه‌مه‌ریکای لاتین و ئه‌فریقا و وڵاتانی سه‌ر به‌ به‌ره‌ی سۆسیالیستی"ناسۆسیالیستی"...مه‌به‌ست بووبن، له‌ دوای 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌، هه‌موو جیهان و به‌ تایبه‌تیش جیهانی ناڕوژاوا و نامه‌سیحی و ئیسلامی مه‌به‌ستن. له‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد و گه‌یشته‌ عیراق و فلستین و لوبنان و به‌ره‌و سووریا و ئێران و...ملده‌نێت و پێشده‌چێت هه‌ر له‌و نێوانه‌دا نه‌وه‌ستێت و هه‌موو جیهان بته‌نێته‌وه‌. موجاهیدین و جه‌نگاوه‌رانی دوێنێی دژه‌کۆمۆنیزم له‌ ئه‌فغانستان، که‌ ده‌رچوو شاگردی فێرگه‌ سیخوڕییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بوون و ئه‌مه‌ریکا بۆ خۆی بارهێنه‌ر و په‌روه‌رده‌کاریان بوو و دوای ئه‌وه‌ی کاری پێیان نه‌ما، له‌ دوای 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ و له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا، بوون به‌ شه‌یتانێکی نه‌فره‌تلێکراو و خوێنتاڵ و دژه‌ڕۆژاوا و مۆری ته‌رۆریست و ته‌رۆریزمیان به‌ ته‌وێڵه‌وه‌ نرا. ته‌رۆریزم و ته‌رۆریست، بوون به‌ بنێشته‌خۆشه‌ی بن ددانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆیان له‌ خانه‌ی ئه‌مه‌ریکادا ده‌بیننه‌وه‌. ئه‌مه‌ریکا به‌ داهێنان و هێنانه‌گۆڕێی ئه‌و تێزی ته‌رۆره‌، ئه‌وه‌ی له‌ بیرگه‌ی به‌شێکی زۆری خه‌ڵکدا سڕییه‌وه‌، که‌ بۆ خۆی وه‌ک ده‌وڵه‌ت، ته‌رۆریسته‌ و که‌ ئه‌و کاره‌ نامرۆڤیانه‌ و ئه‌و جه‌نگ و کۆمه‌ڵکوژییانه‌ی ئه‌و ئه‌نجامی داون و ئافراندوونی، ئه‌وانه‌ بۆ خۆیان، ته‌رۆرن.  ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ ناوی ته‌رۆریستیان لێ نراون و ده‌نرێن و ته‌واوی ئه‌و کارانه‌یشی له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ ناوی ته‌رۆر و ته‌رۆریزمیان لێ نراون و ده‌نرێن، هه‌ر له‌ 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ی ئه‌فغانستان و ئه‌وانه‌ی عیراقی دوای سه‌ددام حوسه‌ین، هه‌ر هه‌موویان جێی گومانن و مرۆڤ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر هێڵ و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک توند و چه‌سپاو گومانهه‌ڵنه‌گر، که‌ ته‌واوی سه‌ره‌داوه‌کان بگێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌ریکا خۆی و بۆ زایۆنیزمی جیهانی و ‌ئه‌وان به‌ چێکار و ئافرێنه‌ر و جووڵێنه‌ری ئه‌و به‌ڵا و کاره‌سات و ماڵوێرانییانه‌ بزانێت و هه‌موو ئه‌وانه‌یشی، که‌ به‌ ناوی"ئه‌بوو فڵان و ئه‌بوو کێ و که‌تائیبی چی و ده‌سته‌ی فڵان و ئه‌نجونه‌ی نازانم چی و گرۆی شه‌هید کێ و له‌شکری ڕزگاری کوێ...." و ده‌یان نێوی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی دیکه‌وه، وه‌ک ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و کارانه‌ پێشان ده‌درێن، ته‌نێ وه‌ک خه‌ڵکانێکی کڕدراو و کۆککراو و گێژکراو و ئه‌کته‌ر بێته‌ به‌رچاو، که‌ ئه‌و نۆرانه‌یان پێ به‌خشرابێت. به‌ وه‌ها کارێک، دزێواندنی هه‌موو نائه‌مه‌ریکاییه‌ک و ناڕۆژاواییه‌ک و نازایۆنیستییه‌ک، ئه‌نجام ده‌درێت و ڕێگه‌ی ڕاماڵین و له‌نێوبردنی هه‌موو جۆره‌ دژه‌بۆچوون و جیاوازییه‌ک خۆش ده‌کرێت و جیهان، ته‌واوی جیهان، وه‌ک تۆپێکی گچکه‌، ده‌خرێته‌ نێو له‌پێ ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا و زایۆنیستانه‌وه‌ و ئیدی جیهانێک دێته‌ گۆڕێ ئه‌مه‌ریکایێندراو و یه‌کڕه‌نگ و تاکفه‌رهه‌نگ.                                                             
ئه‌گه‌ر مرۆڤ باوه‌ڕی به‌ ئازادی هه‌بێت و جیهان و مرۆڤایه‌تیی به‌ جیاوازییه‌کانیانه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت جیاوازییه‌ فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی و هزرییه‌کان، پێ جوان و خۆش و باش بێت، ئه‌وا هه‌رگیز بیری بۆ له‌ قاڵبدان و چوارچێوه‌دارکردن و سنووردارکردنی ئه‌و جیاوازییانه‌ ناچێت و هه‌وڵی تواندنه‌وه‌یان نادات. هه‌ر فه‌رهه‌نگێک، باژێڕێک، وڵاتێک، گه‌لێک،  جڤاکێک، مرۆڤێک به‌وه‌وه‌ جوانه‌، که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیکه‌دا جیاوازه‌ و تایبه‌تمه‌ندیه‌تی خۆی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئیندیانێک و چینییه‌ک و ئه‌فریقاییه‌ک و سوێدییه‌ک و کوردێک و هیندییه‌ک، وه‌ک یه‌کیان لێ هات و چ جیاوازییه‌ک له‌ نێوانیاندا نه‌ما و وه‌ک یه‌ک بیریان کرده‌وه‌ و یه‌ک جۆره‌ نه‌ریت و یه‌ک فه‌رهه‌نگ و یه‌ک سیاسه‌ت، بوون به‌ سه‌رخانی ژیانیان، ئه‌گه‌ر هه‌موو یارسان و هیندۆس و بوودیست و ئێزدی و کۆنفۆشیۆسی و موسوڵمانێک بوون به‌ عیسایی، ئه‌گه‌ر هه‌موو کۆمۆنیست و ئه‌نارکیست و چه‌پ و دژه‌ئیمپریالیست و دژه‌سه‌رمایه‌دارێک بوون به‌ سه‌رمایه‌دار و نۆلیبراڵ، ئیدی چ تامێک و چ جوانییه‌ک له‌و جڤاک و وڵات و گه‌لانه‌دا وه‌دی ده‌کرێت و چ خۆشییه‌ک ده‌مێنێته‌وه!‌. کارێک، که‌ ئه‌مه‌ریکا ئه‌نجامی ده‌دات و سیاسه‌تێک، که‌ ئه‌مه‌ریکا پێڕۆی ده‌کات و زایۆنیزمی جیهانیی له‌ پشته‌وه‌یه‌ و ڕۆژاوا و ئه‌وروپا ده‌ستخۆشیی لێ ده‌که‌ن و سیاسه‌تکار و ده‌سه‌ڵاتداره‌ کڕدراو و گه‌ڵحۆ و گه‌مژه‌ و به‌ کورسییه‌لکاوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌ب و ئه‌وانه‌ی قه‌لئاسای کوردستانی له‌مه‌ڕ خۆیشمان، که‌ هه‌ر سه‌ری بۆ ده‌له‌قێنن و بۆی به‌ لاملدا ده‌ده‌ن و تووتیئاسا ده‌یڵێنه‌وه، کار و سیاسه‌تێکه‌، هه‌موو ڕێگه‌کان به‌ره‌و ئه‌مه‌ریکا ده‌به‌نه‌وه‌ و هه‌موو ئاوه‌کان به‌ ئاشی ئه‌مه‌ریکادا ده‌که‌ن و هه‌موو هزر و نه‌ریت و فه‌رهه‌نگه‌کان ده‌که‌نه‌ قوربانی هزر و نه‌ریت و فه‌رهه‌نگی"بێهزری و بێنه‌ریتی و بێفه‌رهه‌نگی" ‌ئه‌مه‌ریکا و کلیلی مێشک و بیرکردنه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌ده‌نه‌ ده‌ست ئه‌مه‌ریکا و ئیدی ئه‌مه‌ریکا له‌بری هه‌موو جیهان و دانیشتووانی جیهان ده‌هزرێت. هێنانه‌ گؤڕێی باسی"ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی نوێ" و "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی گه‌وره‌" له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ و نه‌خشه‌دانان بۆ گؤڕینی نه‌خشه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوین، که‌ هه‌ر ده‌وڵه‌تگه‌لی کۆڵۆنیال بۆ خۆیان دایانناوه‌ و لابردنی ده‌سه‌ڵاتدارانێک، که‌ هه‌ر کۆڵۆنیالیستان بۆ خۆیان دایانناون و دانانی ده‌سه‌ڵاتدارانێکی دیکه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆیان، هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌که‌ونه‌ چوارچێوه‌ی  نه‌خشه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی جیهان له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ و ئه‌مه‌ریکایاندنی جیهان. ئه‌مه‌ریکا ڕۆڵی پۆلیسی جیهانی ده‌بینێت و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهان، ژماره‌یه‌کی یه‌کجار که‌می لێ ده‌رچێت، وه‌ک کاسترۆ و چافێز و مۆرالێس و ئه‌وانه‌ی ئێران و حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵایه‌ک، ئیدی سه‌رجه‌م چه‌پڵه‌ی بۆ لێ ده‌ده‌ن و بۆی ده‌خه‌نن. ئه‌گه‌ر وا نییه‌، ئه‌مه‌ریکا چی داوه‌ له‌وه‌ی سووریا، ئێران، لیبیا، کووبا، بۆلیڤیا یا هه‌ر قوژبنێکی ئه‌م جیهانه‌ چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت!  ئه‌مه‌ریکا بۆچی تورکیا، ئیسرائیل، مسر، عه‌ره‌بستانی سعوودی، وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌نداو و ئه‌و وڵاتانه‌ی، که‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی سیاسه‌تی خۆیدان، ئه‌وانه‌ بۆ ناخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌!                                                                 
داکۆکی له‌ فلستین و فلستینی و لوبنان و حیزبوڵڵا و حه‌ماس و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ سیاسه‌تی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکا، له‌ لایه‌ن کوردێکه‌وه‌، ناکاته‌ له‌بیرکردنی ئه‌نفال و گازباران و کۆڕه‌و و کۆمه‌ڵکوژیی کورد و وێرانکردنی کوردستان و هه‌رگیزیش ناکاته‌ له‌بیرکردنی عه‌ره‌باندن و داگیرکردنی مووسڵ و که‌رکووک و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و کووت و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی کوردستان، هه‌موو کوردستان. وه‌ها داکۆکییه‌کیش ناکاته‌ چاوپۆشین و له‌بیرکردنی تاوانه‌کانی ڕێژیمی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین و که‌ما‌لیستانی تورکیا و ڕێژیمی سووریا و ئێران، له‌هه‌مبه‌ر گه‌لی کوردستان و پێداهه‌ڵدان و به‌باشه‌باسکردنی ئه‌وان. سیاسه‌تکار و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و تاریکبیرانی پاشکۆ و پاشاخوڕخۆری ئه‌وان، گه‌لی کوردستان و خاکی کوردستان و پرسی کوردیان کردووه‌ته‌ په‌یژه‌ی ئه‌مه‌ریکا و خۆیانیان کردووه‌ته‌ دارده‌ستی ئه‌مه‌ریکا و هه‌نگاوێک ناهاوێژن ئه‌گه‌ر هێنده‌ی موویه‌ک له‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا جیاواز بێت و کارێک ناکه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا قیچێک دڵی بڕه‌نجێ و شتێک ناڵێن ئه‌گه‌ر به‌ دڵی ئه‌مه‌ریکا نه‌بێت و ئه‌مه‌ریکا نه‌هێنێته‌ خه‌نین و له‌ چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌ و گوتاری ئه‌مه‌ریکادا نه‌بێت. ئه‌وان نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵکه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی، که‌ تورکیا و ئیسرائیل  به‌ "دیموکراتی" بده‌نه‌ قه‌ڵه‌م و پێیاندا هه‌ڵده‌ن و به‌ سه‌رسووڕمانه‌ باسیان بکه‌ن، هه‌نگاو ده‌نێن و ڕێگه‌ به‌ خۆیان ده‌ده‌ن. ئه‌و کرده‌وه‌ و دید و گوتارانه‌، ئه‌گه‌ر به‌خشه‌ر و گه‌یێنه‌ری یه‌ک په‌یام بن، ئه‌وه‌ سووککردنی مرۆڤی کورده‌ و هیچی تر.                             
 هه‌روه‌ک چۆن ئازادی، سه‌ربه‌خۆیی، ڕزگاری، سه‌ربه‌ستی، سه‌رفرازی، له‌ ته‌واوی جیهاندا و له‌کن هه‌موو مرۆڤی ئه‌م گۆی زه‌وییه‌، یه‌ک واتایان هه‌یه‌ و یه‌ک شت ده‌گه‌یه‌نن و هه‌ڵگری یه‌ک په‌یامن و یه‌ک چێژ ده‌به‌خشن و له‌تله‌ت ناکرێن و دابه‌ش ناکرێن، هه‌ر به‌و جۆره‌یش داگیرکاری، سته‌م، چه‌وساندنه‌وه‌، چه‌پاندن، سه‌رکوتکردن، برسیکردن، ڕاگواستن، کۆچپێکردن، له‌ ته‌واوی جیهاندا و له‌کن هه‌موو مرۆڤی ئه‌م گۆی زه‌وییه‌، یه‌ک واتایان هه‌یه‌ و یه‌ک شت ده‌گه‌یه‌نن و هه‌ڵگری یه‌ک په‌یامن و یه‌ک جۆره‌ ئازار و ناخۆشی ده‌به‌خشن و له‌تله‌ت ناکرێن و دابه‌ش ناکرێن. وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی و ڕزگاربوونی گه‌لان و وڵاتانی ماندێلا و کاسترۆ و هۆ شی مینه‌ و ئه‌لجه‌زائیر و کوردستان و هه‌ر شوێنێکی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌، له‌ ئه‌پارتاید و باتێستا و کۆڵۆنیالیزمی  ئه‌مه‌ریکا و کۆڵۆنیالیزمی فرانسا و داگیرکارانی کوردستان و...، یه‌ک واتایان هه‌یه‌ و هه‌رگیز دابه‌ش ناکرێن، هه‌ر به‌وجۆره‌یش ئه‌نفال و گازباران و کۆڕه‌و و قڕانی کورد و هۆڵۆکوستی جووله‌که‌ و له‌نێوبردنی ئیندیان و ڕه‌شپێستان و ئه‌تۆمبارانی هیرۆشیما و کوشتنی خه‌ڵکی ڤیێتنام و ئه‌لجه‌زائیر و ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ فلستین و لوبناندا و سبه‌ینێ له‌ عه‌رده‌کی دیکه‌ ڕووده‌دات، ئه‌گه‌ر مرۆڤ خۆ له‌ بازنه‌ی کۆبیرکردنه‌وه‌ و گه‌له‌پرۆپاگه‌نده‌ی ئه‌مه‌ریکا و هاوڕایانی ده‌رباز کات و بترازێنێت و خۆ له‌و کۆتانه‌ ڕه‌ها کات و به‌ چاوێکی ڕوونه‌وه‌ له‌ میدیاکانی کوردستان و کوردی خۆیشمان بنۆڕێت و ڕووداوه‌کان به‌ مێشکی خۆی بخوێنێته‌وه‌، هیچیان له‌ یه‌کتر جودا ناکرێنه‌وه‌ و  دابه‌ش ناکرێن و هه‌موو هه‌ر ده‌که‌ونه‌ چوارچێوه‌ی تاوانی دژ به‌ مرۆڤه‌وه‌ و ناکرێ مرۆڤ خۆیان لێ بێده‌نگ بکات‌.                                     

1-8-2006

Saturday, February 2, 2008

شکستی کورد له‌ئیراق و ئه‌رک و هه‌نگاوه‌کانی ئاینده



شکستی کورد له‌ئیراق و ئه‌رک و هه‌نگاوه‌کانی ئاینده

‌
پ 1 : هه‌نووکه‌ له‌پێنج ساڵی ته‌واو نزیک ده‌بینه‌وه‌ به‌سه‌ر داڕووخانی رژێمی به‌عس له ‌ئیراقدا، ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌‌ کورد وه‌ک لایه‌نێکی کاریگه‌ر به‌رده‌وام له‌کێشمه‌کێش و گفتوگۆ و جه‌نگی سارددا بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد، وه‌ها ده‌بینرێت کورد به‌ دریژایی ئه‌م پێنج ساڵه‌‌ هیچ ده‌ستکه‌وتێکی سیاسی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ به‌ڵکو سنوور و مه‌ودای ده‌سته‌ڵات و ده‌ستکه‌وته‌کانی له‌جێگه‌ی خۆیدا ڕاوه‌ستاون، ئایا ده‌کرێت بڵێین لایه‌نی کوردیی له ‌ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌‌دا شکستخواردوو بووه‌؟ ئایا هه‌موو ئاماژه‌کان جۆرێک له ‌شکست بۆ لایه‌نی کوردیی نیشان ناده‌ن؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی:  مه‌به‌ست له‌ لایه‌نی کاریگه‌ر، لایه‌نێکه‌ توانیبێتی و بتوانێ ڕای خۆی بچه‌سپێنێت و بوونی خۆی بسه‌لمێنێت و سه‌نگ و قورسایی خۆی له‌ ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان و کارڕایی و ئه‌نجامدان و پێڕۆ و جێبه‌جێکردنی  کاردا، بینیبێت و ببینێت و نۆره‌ی بڕیارده‌ر و دروستکا‌ری بڕیار ببینێت. کورد له‌ به‌غدا، له‌ سه‌رده‌می پاش به‌عسدا، هه‌رگیز ئه‌و نۆره‌یه‌ی نه‌دیوه‌ و ناشبینێت. ئه‌و ڕۆڵه‌ کاریگه‌رییه‌ی تۆ ده‌یده‌یه‌ کورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدای دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، زۆر زۆری لێ زیاده‌، کورد له‌ ڕۆڵی "پارسه‌نگ"یی به‌ولاوه،‌ چ نۆره‌یه‌کی دیکه‌ی نه‌بینیوه‌. کام تای ته‌رازووه‌که‌ سووک بووبێت، کورد له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ له‌وێ دانراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو تای ته‌رازووه‌که‌ وه‌ک یه‌کیان لێبێت. ئه‌و خزمه‌ته‌ی کورد به‌ حوکوومه‌ته‌کان و ڕێژیمی عیراقی پاش به‌عسی کردووه‌، هیچ لایه‌نێکی دیکه‌ نه‌یکردووه‌. کورد هۆیه‌کی بنه‌ڕه‌تی به‌هێزکردنی هه‌ردوو لایه‌نی سوننه‌ و شیعه‌ بووه‌ و فره‌ترین سوودی به‌وان و نه‌خشه‌کانی ئه‌وان گه‌یاندووه و کۆمه‌کی به‌ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان کردووه‌. کورد له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکای داگیرکاری عیراقه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن عیراقییانی ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌، هه‌ر ڕۆڵی "پارسه‌نگ"یی پێ ڕه‌وا بینراوه‌. گه‌لێک جار بۆ ژیرکردنه‌وه‌ی لایه‌نێک له‌ لایه‌نه‌کان، ڕۆڵی ناوبژیکار و گه‌لێک جاریش ڕۆڵی گورگه‌که‌ی نێو "گورگانه‌شه‌وێ" و جنۆکه‌ و مێرده‌زمه‌ی پێدراوه‌ و ده‌درێ. کورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدادا، هه‌میشه‌ ڕۆڵی کوڕه‌ گوێڕایه‌ڵ و سه‌لاره‌که‌ و ڕۆڵی "وه‌ڕوێرکه"‌ی بینیوه‌. هه‌رچییه‌کیان پێ گوتبێ و به‌ سه‌ریدا سه‌پاندبێ، ئه‌م نه‌ئی به‌ زاردا نه‌هاتووه‌. ئه‌م هه‌ر له‌گه‌ڵ بووه‌. سه‌رانی کورد، له‌ سه‌ر حیسابی گه‌ل و خاک و خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، عیراقیان، وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی مردوو و هه‌ڵوه‌شاوه‌ و له‌تله‌ت، دروست کرده‌وه‌ و گیانیان به‌به‌ردا کرده‌وه‌. بوونی کۆمه‌ڵه‌ سیاسه‌تکارێکی کورد له‌ به‌غدا و له‌ نێو ده‌سه‌ڵاتی عیراقدا، له‌ دوای ڕووخانی به‌عس و (سه‌ددام حوسه‌ین)ه‌وه‌، هیچ جیاوازییه‌کی له‌ته‌ک بوونی سیاسه‌تکارانی کورددا له‌ به‌غدای سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌ین و پێش سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌ین، به‌ سه‌رده‌می(برایانی عارف) و عه‌بدولکه‌ریم قاسم و سه‌رده‌می(شا)یه‌تیشه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ته‌نێ له‌ ده‌موچاو و که‌سه‌کاندا جیاوازییه‌کی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر بنۆڕینه‌ ڕۆڵی سیاسه‌تکارانی کورد له‌ به‌غدا، له‌ دروستبوونی عیراقه‌وه وه‌ک ده‌وڵه‌ت و تا ئه‌مڕۆ، ‌ده‌توانین ساڵانی 1970-1974 وه‌ک باشترین سه‌رده‌مێک بۆ سه‌رکرده‌یه‌تی ‌کورد نێو ببه‌ین، که‌ ئه‌وده‌م هاوپشکی ده‌سه‌ڵات بوو. له‌ سه‌رده‌می (شا)یه‌تی عیراقیشدا که‌سانێکی لێوه‌شاوه‌ و بوێر و ده‌مڕاست هه‌بوون، که‌ جێده‌ستیان له‌ سه‌ر نه‌خشی ڕۆژگاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا‌ دیار بووه.‌ کورد له‌ سه‌رده‌می 1958-1961ی (قاسم)یشدا ڕۆڵی له‌به‌رچاوی له‌ به‌غدا هه‌بوو و له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا یه‌کسان بوو‌. ساڵانی 1966-1970یش حیزبی جه‌لالی، که‌ ڕه‌وێک سیاسه‌تکاری له‌ خۆ خڕکردبووه‌وه‌، له‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ به‌غدادا بوو، به‌ڵام چ ڕۆڵ و کاریگه‌رییه‌کی هه‌بوو، له‌وه‌ی زیاتر خزمه‌تی به‌ حکوومه‌ته‌کانی به‌غدای ئه‌و ڕۆژگاره‌ و شۆڤینیزمی عه‌ره‌بی ده‌کرد و له‌ پشته‌وه‌ش خه‌نجه‌ری له‌ بڕبڕه‌ی پشتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد ده‌دا! ڕۆڵی سیاسه‌تکارانی ئێستای کورد له‌ به‌غدا، هه‌ر هێنده‌ی ڕۆڵی حیزبی جه‌لالی 1966-1970 و ڕۆڵی تاها موحیه‌ددین، هاشم ئاکره‌یی، عه‌بدوسسه‌تتار تاهیر شه‌ریف، ئه‌رشه‌د زیباری، مه‌لا ماتۆر و موکه‌ڕڕه‌م تاڵه‌بانی و زۆری دیکه‌ی سه‌رده‌می( سه‌ددام حوسه‌ین)ه‌. کورد به‌وه‌ی سه‌رۆککۆمار و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و جێگری سه‌رۆکی حوکوومه‌تی وه‌رگرتووه‌، چ سوود و قازانج و ده‌سکه‌وتێکی چنگ نه‌که‌وتووه‌. ئه‌و دوو که‌سه‌ی سه‌رۆککۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراقن، که‌ کوردن، له‌گه‌ڵ هیچ عه‌ره‌بێکی نه‌ته‌وه‌یی و عیراقییه‌کی داکۆکیکار له‌ عیراق و عیراقییه‌تیدا، جیاوازییان نییه‌ و ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بێکی میانڕه‌و و عیراقییه‌کی دیموکراتیخواز بووایه‌ن، پتر که‌ڵکیان به‌ کورد و کێشه‌کانی گه‌لی کوردستان، گه‌یاندبا. ئه‌وان، به‌ تایبه‌ت سه‌رۆککۆماره‌که‌یان، له‌ داهۆڵێک بۆ توقاندنی کورد زیاتر، شتێکی دیکه‌ نین. سه‌رانی کورد به‌وه‌ی له‌ به‌غدا ته‌نیا به‌ گرێی ملدا ده‌ده‌ن و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵن و ئیملایان پێ ده‌کرێ، بوون و نه‌بوونیان له‌ به‌غدا چوون یه‌که‌. ئه‌وان چ کێشه‌یه‌کی کوردیان چاره‌سه‌ر نه‌کردووه‌ و چ پرسێکی کوردیان به‌ره‌وپێش نه‌بردووه‌. گرنگترین پرسی کورد، به‌ درێژایی سه‌ده‌ی ڕابردوو و ئێستایش، پرسی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستانه‌، که‌ کێشمه‌کێشیان له‌ سه‌ره‌، سه‌رانی کورد چییان بۆ کردووه‌، له‌وه‌ی زیاتر، که‌ کوردستانیبوونی (که‌رکووک)یان خسته‌ ژێر گومانه‌وه‌ به‌وه‌ی، که‌ به‌ ده‌نگدان و مادده‌ی 140ی به‌دناو قایل بوون، که‌ ڕه‌وشی که‌رکووک وه‌ک ڕه‌وشی تکریت و نه‌جه‌ف و ئه‌وانه‌ ته‌ماشا ده‌کات، که‌ بڕێک گۆڕانکاری له‌ سنووری ئوستانه‌کانیاندا ڕوویداوه‌. بوونی سه‌رۆککۆمارێک و کۆمه‌ڵێک وه‌زیر و گزیر و ئه‌ندام په‌رله‌مان و سیاسه‌تکار و حیزب و هه‌زاران کوردی دیکه‌ی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی کورد له‌ به‌غدا، تاکه‌ یه‌ک قانوونی (سه‌ددام حوسه‌ین)ی له‌مه‌ڕ که‌رکووکه‌وه‌ نه‌سڕییه‌وه! ناوی یه‌ک گه‌ڕه‌کی که‌رکووکی عه‌ره‌بێنراوی له‌ ئه‌لعورووبه‌ و ئه‌لبه‌عس و ئه‌لقادسیه‌ و ئه‌لواسیتییه‌وه،‌ نه‌کرده‌ ناوێکی کوردی! تاکه‌ یه‌ک گوندی دابڕاو له‌ که‌رکووک، که‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر تکریت  یا دیاله‌، نه‌گێڕایه‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک! یه‌ک عه‌ره‌بی داگیرکاری به‌عسی و کۆنه‌ئاساییش و موخابه‌رات و سیخوڕی ڕێژیمی، له‌ که‌رکووک وه‌ده‌رنه‌نا! ته‌واوی نه‌خشه‌ و سیاسه‌ته‌کانی تورکیا و عه‌ره‌بی سوننه‌ و وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ هه‌موو ورده‌وه‌ڵاکانیانه‌وه‌ی به‌ سه‌ردا تێده‌په‌ڕێنرێ و ئه‌میش ملی خۆی لێ خه‌واندووه‌ و هه‌ر باکیشی نییه‌! گچکه‌ترین کێشه‌ و ده‌ردیسه‌ری تاکه‌ کوردێکی فه‌یلی، که‌ هه‌موو ژیان و دیرۆکیان گرفت و نه‌هامه‌تی و کێشه‌ بووه‌ و بۆ خۆیان دانیشتووی به‌غدان و دوو هه‌نگاو له‌ کۆشکه‌کانی به‌رپرسانی کورد له‌"ده‌ڤه‌ری که‌سک – المنطقةالخضراء"ه‌وه‌ دوورن، چاره‌سه‌ر نه‌کرد!  سیاسه‌تکارانی کورد له‌ "ده‌ڤه‌ری که‌سک"ی به‌غدان، چونکه‌ بژێو و ته‌ڕ و چه‌ور و ڕازاوه‌یه‌ و عه‌ره‌ب گوته‌نی:"ئاو و سه‌وزایی و ڕوومه‌تی جوان(الماء والخضراء والوجه‌ الحسن)"‌. ئه‌وان له‌ به‌غداوه‌ پاره‌وپووڵی خه‌یاڵییان ده‌ستده‌که‌وێت و بودجه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی کوردستانیشیان، هه‌ر له‌ به‌غداڕا پێ ده‌گات، بۆیه‌ به‌غدا بۆ ئه‌وان، خوان و گیرفان و گه‌شت و ڕایه‌خی سوور و خۆشگوزه‌رانییه‌، ده‌نا ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه‌، هه‌ر زوو به‌غدایان جێده‌هێشت و ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵی خۆیان. ئه‌وان هیچ سیاسه‌ت و کارێکیان له‌ به‌غدا،  سه‌رکه‌وتنی وه‌ده‌ستنه‌هێناوه. ئه‌گه‌ر له‌ تاکه‌ یه‌ک سیاسه‌تیاندا سه‌رکه‌وتوو ‌بووبن، له‌ عیراقیاندنه‌وه‌ و سووککردنی  پرسی کورد و باشووری کوردستاندا بووه‌. مانه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ به‌غدا، ته‌نیا چه‌قین و ڕاوه‌ستان بووه‌ له‌ شوێنی خۆیاندا و ئه‌گه‌ر شتێکیش پێشان بدات، ئه‌وا شکستی سیاسه‌تی ئه‌وان و بووده‌ڵه‌یی ئه‌وان پێشان ده‌دات. 
    
پ 2 : ئه‌و دیمه‌نه‌ی به ‌ڕوونی له‌ هاوکێشه‌ی سیاسی ئیراقدا هه‌ستی پێده‌که‌ین، لایه‌نی عاره‌بی له ‌ڕێگه‌ی ده‌ستی ده‌ستی و کاتکوشتن و خۆدزینه‌وه‌وه‌ له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م ویسته‌کانی لایه‌نی کوردیی داده‌نێت یان به‌مانایه‌کی تر هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی جوگرافیای ده‌ستکه‌وته‌کانی کورده‌ له‌ئیراقدا، به‌شێک له‌چاودێران وه‌های ده‌بینن ده‌بێت کورد بایکۆتی حکوومه‌ته‌که‌ی مالیکی بکات چونکه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کابینه‌که‌ی مالیکی، هه‌ندێکی دی ڕایده‌گه‌یه‌نن هێشتا هه‌موو ده‌رگاکان دانه‌خراون و بوار ماوه‌ بۆ گفتوگۆی زیاتر، به ‌بۆچوونی ئێوه‌ کام هه‌نگاو دروست و واقیعیتره ‌و چ کارێک پێویسته‌ کورد له‌و ڕووه‌وه‌ پێی هه‌ستێت؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: به‌ بڕوای من، کێشه‌که‌ ته‌نیا کابینه‌که‌ی مالیکی نییه‌، کێشه‌که‌ کابینه‌کانی پێش (مالیکی)یشه‌، عه‌للاوی و جه‌عفه‌ری و کێشه‌که‌ په‌رله‌مان و ته‌واوی ده‌سه‌ڵات و زۆرێک له‌ حیزبه‌کانی دیکه‌ی عیراقیشه‌. ئه‌وان به‌ هیچ جۆرێک له‌ چوارچێوه‌ی بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌بایه‌تی نه‌چوونه‌ته‌ ده‌رێ. ئه‌وان ئێستاش چ جیاوازییه‌کی مه‌زنیان له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه‌ی سه‌ددام حوسه‌ین و به‌عسدا نییه‌ و ئێستایش بۆ کورد، له‌ ماڵ و که‌لاوه‌که‌ی خۆیشیدا(کوردستان)، حیسابی میوان ده‌که‌ن. به‌ دید و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی له‌و جۆره‌وه‌‌‌، دیاره‌ چاوه‌ڕێی هیچی باشتر، له‌و لایه‌نه‌ عیراقییانه‌ی نێو ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غدا‌(سوننه‌، شیعه‌، تورکمان. فه‌له‌ و هه‌موو ناکوردێک) ناکرێت. کێشه‌که‌ جۆری دید و هزرین و بۆچوونی ئه‌وانه‌، به‌رانبه‌ر کورد. ئاوه‌ز و هزری ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌ب، له‌ هیچ کونجێکی خاکی عه‌ره‌ب و عه‌ره‌بستاندا، له‌ شام و به‌غداوه‌ تا ته‌نجه، هیچ ناعه‌ره‌بێک قه‌بووڵ ناکات. بنۆڕه‌ ئه‌مازیغییه‌کانی مه‌غریب و ئه‌لجه‌زائیر و عیساییه‌کانی خوارووی سوودان و دارفۆرییه‌ ئه‌فریقاییه‌ ناعه‌ره‌به‌کانی سوودان و قوپتییه‌کانی مسر و کوردی ڕۆژاوای کوردستان(سووریا) و کوردی باشووری کوردستان(عیراق)، کێشه‌ی هه‌موو ئه‌م خه‌ڵکانه‌ یه‌ک جۆره‌، کێشه‌ی گیرخواردنی که‌مینه‌یه‌، به‌ ده‌ست زۆرینه‌یه‌کی لووتبه‌رز و خۆبه‌زلزان و ملهوڕ و داخراوه‌وه‌، که له‌ جیاوازی تێناگات و هیچ شتێک، به‌ ئه‌وی دیکه،‌ ڕه‌وا نابینێت. ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غدا، ئه‌وه‌ی پێیان بکرێت، بۆ کاتبه‌سه‌ربردن و ده‌ستی ده‌ستی و کێشه‌سازکردن و خۆدزینه‌وه،‌ له‌ هه‌موو خواست و ویستێکی گه‌لی کوردستان، کردوویانه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌و فریو و خۆخڵافاندن و پشتگوێخستنه‌، به‌ سه‌ر سیاسه‌تکارانی کورددا تێپه‌ڕێت! بۆ سه‌رانی کورد ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ده‌که‌ن! ئه‌مه‌ جێی ڕامانه‌ و کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێست و دیدی لایه‌نی عه‌ره‌بی یا ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، به‌شێکی کێشه‌که‌ بێت، ئه‌وا به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی، له‌ چڕی و خه‌ستیی، تێکه‌ڵکردنه‌وه‌ و گرێدانه‌وه‌ی کوردستانه‌ به‌ عیراقه‌وه، که‌ له‌ ئه‌ستۆی سه‌رانی کورددایه،‌ ئه‌وانن ئه‌نجامده‌ری، و له‌ خۆشبڕوایی خه‌ڵکی کورده‌وه‌یه‌، به‌ سه‌رانی خۆی و عیراقییه‌کان. کێشه‌که‌ له‌ سستی و خاووخلیچکی سه‌رانی کورد و نوێنه‌رانی کورددایه‌ له‌ به‌غدا. سیاسه‌تکارانی کورد، له‌بری هه‌ڕاکردن وه‌دووی عیراقییه‌کاندا، ده‌بوو خۆکێشانه‌وه‌یان له‌ به‌غدا، وه‌ک گوشار و هه‌ڕه‌شه‌، به‌کار بردبا و وه‌ها کارێکیان زووزوو کردبا و حوکوومه‌ت له‌ دوای حوکوومه‌تیان، به‌مه‌ی (مالیکی)یشه‌وه‌، که‌ له‌ هه‌موویان شایسته‌تری ڕووخاندنه‌، ڕووخاندبا، تا خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستانیان به‌ سه‌ردا ده‌چه‌سپاندن و ده‌سه‌پاندن. من هه‌رگیز له‌وانه‌‌ تێناگه‌م، که‌ ده‌ڵێن، هێشتا هه‌موو ده‌رگاکان دانه‌خراون و بوار بۆ گفتوگۆی زیاتر ماوه‌! سه‌رانی کورد هه‌ر به‌وه‌ی کوردستانیان لکانده‌وه‌ عیراق و گه‌لی کوردستانیان عیراقییانده‌وه‌، گه‌وره‌ترین سووکایه‌تییان به‌ گه‌لی کورد کرد و گه‌وره‌ترین سازشکارییان ئه‌نجام دا و ده‌سبه‌رداری خواستی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بوون، که‌ به‌ کرده‌وه‌ زه‌وینه‌ی بۆ ڕه‌خسابوو. ئه‌و نۆره‌یه‌ی ئێستا سه‌رانی کورد له‌ به‌غدا ده‌یبینن، هیچ جیاوازییه‌کی له‌و نۆره‌یه‌ی سه‌رانی فه‌تح و فلستینییه‌کان نییه‌، که‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا ده‌یبین. ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، به‌ ئه‌مه‌ریکاییاکانیشه‌وه‌، هیچی بۆ کورد پێ نییه‌. جوگرافیا و چوارچێوه‌ی ئاوه‌ز و هزری نه‌ته‌وه‌په‌رستی عه‌ره‌ب (دیاره‌ ئێستا قسه‌که‌ له‌ سه‌ر عه‌ره‌به‌، ده‌نا ئه‌وه‌ سیفه‌ت و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌موو نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌که‌)، جێی کورد و هیچ ناعه‌ره‌بێکی تێدا نابێته‌وه‌. گه‌لی باشووری کوردستان، به‌ هۆی سیاسه‌تی چه‌وت و سازشکارانه‌ و پاشکۆیه‌تی سه‌رانییه‌وه‌، له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه‌، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ، سه‌ری پێ شۆڕ ده‌کرێ و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و ده‌سکه‌وته‌کانی که‌م و کورتتر ده‌کرێنه‌وه‌ و ته‌واوی مه‌رجه‌کانی خه‌ڵکانی دژه‌ خواسته‌کانی خۆی، به‌ سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێن و ناچار ده‌کرێ، واز له‌ خاکه‌ داگیرکراوه‌که‌یشی بهێنێ. مه‌سعوود موحه‌ممه‌د ده‌ڵێ:"ئه‌و بنه‌مایه‌ قه‌بووڵه‌، داوا له‌ داگیرکه‌ر و زه‌وتکه‌ر بکرێ، ده‌ست له‌ داگیرکراو هه‌ڵگرێ و بیداته‌وه‌ به‌ خاوه‌نی خۆی، نه‌ک لایه‌نی تاڵانکراو، ناچار بکا، ده‌سبه‌رداری ئه‌وه‌یش ببێ، که‌ لای ماوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستی له‌ بنی هه‌مانه‌وه‌ پێ ده‌ربکا". سه‌رانی کورد، بۆ خۆیان، له‌ پێناوی هه‌نگوینی ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌و بنه‌مایه‌یان پێشێل کرد و ده‌سبه‌ردای که‌رکووکی تاڵانکراو و زه‌وتکراو و داگیرکراو بوون و ده‌ستیشیان له‌ بنی هه‌مانه‌که‌وه‌ پێ ده‌ر کرا. جووله‌که‌ ئێستاش، که‌ باسی مێژووی خۆیان و به‌سه‌رهات و لێقه‌ومان و ئاوشڤه‌یز(Auschwitz) و هۆلۆکوۆست (Holocaust) ده‌که‌ن، ناوی "جه‌نگی ته‌واونه‌بو یا جه‌نگی نه‌بڕاوه‌ یا جه‌نگی کۆتایینه‌هاتوو(The Unfinished War)"ی لێده‌نین. ئه‌وان، که‌ ئێستا بۆ خۆیان که‌ڵه‌گای جیهانن و بۆ خۆیان جه‌نگ به‌ خه‌ڵک ده‌فرۆشن، پێیانوایه‌ ئێستایش هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگیان له‌ سه‌ره‌ و هه‌میشه‌ ‌له‌ جه‌نگدان و ئه‌و جه‌نگه‌ له‌ دژیان بووه‌، هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌، واته‌: ئه‌وان له‌ جه‌نگێکی هه‌میشه‌ییدا ده‌ژین. کورد گه‌ره‌که‌ له‌ دوو ڕووه‌وه‌ ته‌ماشای ڕه‌وشی خۆی‌ بکات، یه‌که‌م: هه‌ڕه‌شه‌ و جه‌نگێکی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌بڕاوه‌ و کۆتایینه‌هاتووی، هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌ و درێژه‌ی هه‌یه‌ و درێژه‌یشی ده‌بێت و دووه‌م:  جه‌نگێکی نه‌بڕاوه‌ و کۆتایینه‌هاتوویشی له‌ پێشه‌، بۆ ناچارکردنی داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌ی، بۆ ده‌ستبه‌ردابوون له‌وه‌ی داگیریان کردووه‌. ‌ئێدموند بوێرک(Edmund Burke، 1729-1797)، سیاسه‌تکار و تیۆریزان و نووسه‌ر و فیلۆسۆفی ئایرله‌ندی، ده‌ڵێ:"ئه‌وانه‌ی جارێک، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵیش بێت، ده‌رده‌ده‌سه‌ڵاتیان گرت و سوود و قازانج و ده‌سکه‌وتێکیان چنگ که‌وت، هه‌رگیز به‌ خواستی خۆیان ده‌ستبه‌رداری نابن". سه‌رانی کورد له‌ به‌غدا، شینی "هه‌ریسه"که‌ ده‌که‌ن، نه‌ک شینی ئیمام "حوسه‌ین".‌ ئه‌وان کوژراو و مه‌ستی ده‌سه‌ڵاتن و ناتوانن ده‌ست له‌و هه‌موو ده‌سکه‌وته‌ ماددی و تایبه‌تمه‌ندییه‌ که‌سه‌کییانه‌یان هه‌ڵگرن.
 
پ 3 : بۆچوونێک هه‌یه‌ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی کوردیی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کات خۆی ڕۆڵی هه‌یه‌ له‌خولقاندنی گرفت و قه‌یرانی سیاسی له‌ئیراقدا ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی داپۆشینی قه‌یرانه‌کانی ناوخۆی کوردستان، تۆ پێتوایه‌ سه‌رکردایه‌تی کورد هه‌میشه‌ له‌ڕێی پاساوی قه‌یرانه‌کانی ئیراقه‌وه‌ بیه‌وێت قه‌یرانه‌ لۆکاڵییه‌کانی ناو کوردستان له‌بیر باته‌وه‌؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: پێموانییه‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، هێنده‌ زیره‌ک بێ له‌وه‌ی، بتوانێ گرفت و قه‌یرانی سیاسی له‌ عیراقدا بئافرێنێ، ئه‌وه‌ بیر و بۆچوونی نه‌ته‌وه‌په‌رستانی عه‌ره‌ب و عیراقییه‌ یه‌ک ده‌نده‌کانه و ئه‌وان وای لێکده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌بینن. ‌دوو زلحیزبه‌کانی کوردستان(پارتی و یه‌کیه‌تیی)، تا سێ ساڵێکیش له‌ دوای ڕووخانی به‌عس، هێشتا یه‌کده‌نگ و یه‌کهه‌ڵوێست نه‌بوون و هه‌ریه‌که‌یان حوکوومه‌ت و میرنشین و هه‌رێمۆکه‌ی خۆی هه‌بوو، ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت، که‌ به‌ ناو، یه‌ک حوکوومه‌تیان هه‌یه‌، هێشتا شوێنه‌واری دووهه‌رێمۆکه‌یی و دوومیرنشینی و دووحوکوومه‌تییان پێوه‌ دیاره‌ و به‌ چاوی کزی، بێ چاویلکه‌ی گه‌ردیله‌بینیش، درزه‌که‌ی نێوانیان،  ده‌بینرێ. ڕه‌نگه‌ ئه‌مان له‌ سازکردنی کێشه‌ و گرفت، بۆ یه‌کدی و بۆ گه‌لێ کوردستان، نه‌ک بۆ عیراق و عیراقییان، گه‌لێک زیره‌ک و لێهاتوو بن. دیاره‌ مێژووی ئه‌م نیوسه‌ده‌یه‌ی دواییه،‌ گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌دا. ‌کێشه‌کانی باشووری کوردستان و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی، گه‌لێ کوردی، له‌وێ تێدا ده‌ژی، به‌ هیچ بێژنگ و سه‌ره‌ن و په‌رده‌یه‌ک داناپۆشرێن و ناشێردرێنه‌وه‌. کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌، وه‌ک مرۆڤ و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێکی سه‌ر ڕووی ئه‌م گۆی زه‌وییه‌، بۆ خۆی له‌ قه‌یران و کێشه‌دایه‌. خاکه‌که‌ی، فه‌رهه‌نگه‌که‌ی، زمانه‌که‌ی، ژینگه‌که‌ی، پێوه‌نده‌ جڤاکییه‌کانی، کشتوکاڵ و ژێرخان و ئابوورییه‌که‌ی و هه‌رچی هه‌یه‌، له‌ قه‌یراندایه‌. کورد وه‌ک به‌شێک له‌ مرۆڤایه‌تی، هیچ نه‌خشه‌یه‌کی بۆ هیچ یه‌کێک له‌و قه‌یرانانه‌ی تێیدا ده‌ژی و هیچ نه‌خشه‌یه‌کی بۆ داهاتوو و نه‌وه‌کانی داهاتووی، نییه‌ و سه‌ران و سیاسه‌تکاران و به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردیش، له‌وه‌ی زیاتر، ڕاوه‌ پاره‌وپووڵ و سامان و موڵک و ژن ده‌که‌ن، چ په‌رۆشێکی دیکه‌یان نییه‌. تۆ ته‌ماشای ئه‌م هه‌موو قه‌یرانه‌ بکه‌، که‌ گه‌لی باشووری کوردستانی تێدا ده‌ژی: ئاو، ئه‌له‌کتریک، کشتوکاڵ، سووته‌مه‌نی، ڕێگه‌وبان، گه‌نده‌ڵی، دزی، هه‌ڕه‌شه‌ و که‌ڵه‌گایه‌تی و هێرشی تورکیا، خۆراکی ژاراوی، که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌ داگیرکراوه‌کانی دیکه‌، زمان و شێوه‌زار، بارهێنان و خوێندن و په‌روه‌رده‌، ژنکوشتن، خۆعه‌ره‌باندن و خۆتورکاندن و خۆفارساندن، داڕووخانی فه‌رهه‌نگی، ده‌رد و نه‌خۆشی، نه‌بوونی ئازادی ڕاده‌ربڕین، خراپتربوون و داڕزاوی باری ژیانی خه‌ڵکی هه‌ژار، به‌رینبوونه‌وه‌ی جیاوازیی چینایه‌تی، نه‌خۆشی و ده‌رمانی کاتبه‌سه‌رچوو، گرانی و ... سه‌دان ده‌ردی دیکه‌، که‌ جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیان کونکون کردووه‌ و له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ده‌یهه‌ژێنن و به‌ره‌و داته‌پین و ڕووخان و لێکترازان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ده‌به‌ن. کورد له‌ باشووری کوردستان، ئه‌مڕۆ، له‌ سایه‌ی 17 ساڵی کارگێڕیی، ‌"کۆنه‌ پێشمه‌رگه‌ و شۆڕشگێڕانی ئه‌وسا" و "تازه‌ دز و گه‌نده‌ڵ و شۆڕشگێیانی ئێستا"یه‌وه‌‌، بووه‌ته‌ گه‌لێکی بێبه‌رهه‌م و مشه‌خۆر و هه‌ڵڵووش و مفتخۆر و مووچه‌خۆر، که‌ هه‌ر "ده‌خوا و ده‌ڕێ" و ژینگه‌ پیس ده‌کات و وڵاته‌که‌یشی بووه‌ته‌ تاقیگه‌ و گوفه‌کی هه‌رچی قڕێژ و قڕێژی و پیس و پیسی، وڵاتانی ده‌وروبه‌ری و هه‌ندێک له‌ وڵاته‌ دووره‌کانیش‌.‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ دواکه‌وتن و به‌ره‌وپاشگه‌ڕانه‌وه‌دا پێشکه‌وتووه‌. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک هه‌موو تاکه‌کانی به‌ یه‌ک چاو ته‌ماشا نه‌کرێن و  یه‌ک قانوون، کار و بار و ژیانیان به‌ڕێوه‌ نه‌بات و هه‌موو یه‌ک جۆره‌ ده‌رفه‌تیان بۆ نه‌ڕه‌خسێنرێت، هه‌رگیز چاوه‌ڕێی پێشکه‌وتنی لێناکرێت، به‌ڵکه‌ چاوه‌ڕوانی داڕووخان و داته‌پینی لێ ده‌کرێت. وڵاتێکی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ جه‌نجاڵ و ئاڵۆز و پڕگۆڕان و جیهانگه‌رییه، بیر و دید و جیهانبینی و هۆش و ئاوه‌زی هۆزگه‌رایی، خێڵگه‌رایی، ده‌سته‌گه‌رایی، گرۆگه‌رایی، خێزان و بنه‌ماڵه‌گه‌رایی، حیزبگه‌رایی، سه‌رکرده‌په‌رستی، ناتوانێت و ناشێت، به‌ڕێوه‌ی ببات. ‌پێشکه‌وتنی جڤاک و ده‌ربازبوون له‌ قه‌یران و کێشه‌، به‌ خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و بنه‌ما و سه‌ره‌تا و ڕیشه‌ی قه‌یران و کێشه‌کان و تاوتوێ و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێفێربوونه‌وه‌ ده‌کرێ، که‌ هۆش و ئاوه‌زێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی گه‌ره‌که‌. هۆش و ئاوه‌زێک، هه‌رچی شته‌ و هه‌رچی که‌سه‌ و هه‌رچی مێژووه‌ و هه‌رچی نه‌ریته‌ و هه‌رچی پیرۆزییه‌، بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. وه‌ها عه‌قڵێک ده‌توانێت، ته‌کانێک به‌ کورد بدات و بیخاته سه‌ر ڕاسته‌ڕێ. سه‌رکرده‌یه‌تیی کورد، له‌و ئاسته‌دا نییه‌ و خودانی ئه‌و عه‌قڵه‌ش نییه‌ و ناتوانێتیش کورد به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌ ببات. کورد بۆ خۆیشی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ هێشتا له‌ په‌راوێزی گۆڕانه‌کاندا ده‌ژی و  به‌م بیرکردنه‌وه‌ لاساییکارییه‌ و خۆنه‌ناسینه‌ی ئێستایه‌وه‌ و به‌ وه‌رگرتنی توێکڵ و خه‌ڵته‌ی به‌ناو"پێشکه‌وتن"، گه‌لێ سه‌خته‌ وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، بتوانێت له‌ که‌نارێکی ئاسووده‌ و ئارامدا له‌نگه‌ر بگرێت و درێژه‌ به‌ ژیان بدات. ئه‌و وڵاته (باشووری کوردستان)‌ هه‌ر شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ ناوی "گه‌نده‌ڵستان' و 'قه‌یرانستان"ی لێ بنرێت. ده‌سه‌ڵاتی کوردستان، له‌ 1991ه‌وه‌، به‌رپرسه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌و قه‌یران و کێشانه‌ی له‌و وڵاته‌دا هه‌بوو‌ن و هه‌ن و دێنه‌ گۆڕێ. هیچ پاساوێک بۆ ئه‌و قه‌یرانانه‌ نییه‌ و مرۆڤی دووربین و هۆشیار و دڵسۆزی خاک و خه‌ڵک، ئه‌و قه‌یرانانه و که‌مته‌رخه‌ی و گه‌نده‌ڵی و ساخته‌کاری ده‌سه‌ڵاتی کوردستانیش، ڕوون و ئاشکرا ده‌بینێ. ئه‌‌وه‌ی جێی داخه‌، خه‌ڵکی وڵاتی ئێمه، خه‌ڵکه‌ لێقه‌وماو و به‌شخوراو و سته‌مدیده‌که‌، هێشتا ده‌سه‌ڵات وه‌ک چه‌تر و نوێنه‌ری خه‌ڵک و پارێزه‌ر و سێبه‌ری خودا، ده‌بینن و هه‌موو مفتخۆری و ده‌وڵه‌مه‌ندی و دزییه‌کی ده‌سه‌ڵاتدارانیشیان، پێ ڕه‌وایه‌ و وه‌ک خواپێدان و به‌ش، بۆیان حیساب ده‌که‌ن.                                                                                                                    
2-2-2008                                                                                                                   ئاماده‌کردنی: ستیڤان شه‌مزینی بۆ گۆڤاری"نێوه‌ند".

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...