Thursday, January 17, 2008

ته‌ندروستی سروشتی، ڕێبازێک بۆ ژیان و گۆڕینی جیهان

ته‌ندروستی سروشتی، ڕێبازێک بۆ ژیان و گۆڕینی جیهان

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

دوای ئه‌وه‌ی، که‌ به‌ ته‌له‌فۆن پێکهاتین له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چاومان به‌ یه‌کدی بکه‌وێت، چێشته‌نگاوێکی پاییزه‌ ڕۆژێکی مانگی سێپته‌مبه‌ری 2007، خۆره‌تاوێکی خۆش و ئاسمانیش سایه‌قه‌ی ساماڵ بوو، دوای گۆڕینی  شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی ژێرزه‌وی، بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی سه‌ر زه‌وی و بۆ ئۆتۆبووسێک، پاش سه‌عات و نێوێک ڕێگه‌، له‌ شوێنی وه‌ستانی ئۆتۆبووسه‌که و کاتی دیاریکراودا‌، ڕاوه‌ستابوو و چاوه‌ڕێم بوو. له‌گه‌ڵ کاک(عوسمان فه‌ره‌ج)دا، له‌وێ یه‌کدیمان گرته‌وه‌ و به‌ پیاسه‌ و پاش چه‌ند خولکه‌یه‌ک گه‌یشتینه‌ کێڵگه‌که‌ی، که‌ ده‌که‌وێته‌ گه‌ڕه‌کێکی ڕۆژاوای شاری (له‌نده‌ن). کێڵگه‌که‌ی به‌شێکه له‌ زه‌وییه‌کی به‌رین، که ته‌رخانکراوه‌ و تایبه‌ته‌ بۆ چاندن و ڕوواندن و کشتوکاڵ. زه‌وییه‌که،‌ کۆمه‌ڵه‌ کێڵگه‌یه‌ک ‌‌له‌خۆ ده‌گرێت و هه‌ر کێڵگه‌و خاوه‌نێکی هه‌یه‌. کاک عوسمان ماوه‌ی سێ چوار ساڵێکه‌ ئه‌م کێڵگه‌یه‌ی هه‌یه‌. ڕووبه‌ری کێڵگه‌که‌ی 250 میتری چوارگۆشه‌یه‌. کاک عوسمان و ئه‌وانی دیکه‌ی خاوه‌ن کێڵگه‌کان، کێڵگه‌کانیان له‌ کۆمیته‌یه‌ک، که‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و کێڵگه‌یانه‌ ده‌کات، به‌ کرێ ده‌گرن و ئه‌و کۆمیته‌یه‌یش کێڵگه‌کانی له‌ شاره‌وانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ وه‌رگرتووه‌. کۆمیته‌که‌، کێڵگه‌کان ده‌به‌خشێت به‌و که‌سانه‌ی، که‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ژین یا نزیکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن و ئاره‌زووی چاندن و کشتوکاڵیان هه‌یه‌، به‌رانبه‌ر به‌ کرێیه‌کی ساڵانه‌ی که‌م. کاک عوسمان ساڵ دوازده‌ مانگ له‌ کێڵگه‌که‌یدا کار ده‌کات، به‌ڵام پتر به‌هاران و هاوینان خه‌ریکی کارکردنه‌، که‌ ڕۆژانه‌ کاری تێدا ده‌کات. پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م  کێڵگه‌یه‌ به‌ کرێ بگرێت و کاری تێدا بکات، کاک عوسمان، چ شاره‌زاییه‌کی له‌ چاندن و ڕواندن و کشتوکاڵدا نه‌بووه‌ و ئێستا به‌ هۆی تێکه‌ڵاوی خه‌ڵک و پرسیار و خوێندنه‌وه‌وه‌‌ و له‌ پێش هه‌ر شتێکیشدا ئاره‌زوو و خواسته‌وه‌، شاره‌زاییه‌کی باشی په‌یدا کردووه‌ له‌و بواره‌دا.
کێڵگه‌که‌ی کاک عوسمان کۆمه‌ڵێک جۆری جیاوازی سه‌وزه‌ی تیدایه‌: ته‌ماته‌، ئاروو، بیبه‌ر، دوو جۆر توودڕک، کاهوو، به‌زالیا، که‌له‌رم، سپێناغ، فینێڵ، ئۆریگانۆ، گوڵه‌به‌ڕۆژه‌، بره‌سڵکۆڵ، کووله‌که. کێڵ، سێله‌ری و...چه‌ند جۆره‌ میوه‌یه‌کیشی وه‌ک ترێ، سێو، هه‌رمێ، هه‌نجیر و هه‌ڵووژه‌ی تێدایه‌. جۆره‌ گه‌ڵایه‌کیش ده‌چێنێت، که‌ کۆمفری(Comfrey) پێ ده‌گوترێ، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یینی لێ دروست بکات. پاشماوه‌ و وشکه‌وه‌بوو و توێکڵ و گژوگیا و چێوی نێو کێڵگه‌که‌ی، له‌ نێو دوو ده‌فری گه‌وره‌ی سه‌رداخراودا، که‌ پێیان ده‌ڵین (په‌ییندروستکه‌ر) داده‌نێ و هه‌موو تێکه‌ڵ ده‌بن و ماوه‌ی چه‌ند حه‌فته‌یه‌ک‌ ده‌مێننه‌وه‌ و پاشان ته‌ڕی و تاریکی و کاریگه‌ری به‌کتیریا، له‌ شته‌کانی نێو ده‌فره‌که‌، ده‌بنه‌ هۆی په‌یدابوونی کرم و کرمه‌کانیش له‌و شتانه‌ی نێو ده‌فره‌که‌ ده‌خۆن و به‌ره‌به‌ره‌ ئه‌وه‌ی ناو ده‌فره‌که‌ ڕه‌نگی ده‌گۆڕێت و نه‌رم ده‌بێت و ده‌پوتورکێت و ده‌بێته‌ په‌یین. ئه‌و په‌یینه‌ باشترین خۆراکێکه‌‌، که‌ بۆ کشتوکاڵ و چاندن گه‌لێک به‌که‌ڵکه‌. چونکه‌ چ مادده‌یه‌کی کیمیایی تێدا نییه‌ و ته‌نێ شتی سروشتی تێدایه‌.
کاک عوسمان بێجگه‌ له‌وه‌ی ساڵانێکه،‌ گۆشتی هیچ جۆره‌ ئاژه‌ڵیک ناخوات، به‌روبوومی ئاژه‌ڵیش ناخوات و ناخواته‌وه‌. گوشتی ئاژه‌ڵ، ماسی، مریشک و په‌له‌وه‌ر، په‌نیر، که‌ره‌، ماست، هێلکه‌ ناخوات و شیریش ناخواته‌وه‌. ئه‌وه‌ی به‌شێک بێت له‌ له‌شی ئاژه‌ڵ و هه‌ر گیانله‌به‌رێکی دیکه‌، یا دروستکراوی ئه‌و گیانله‌به‌رانه‌ بێت ئیدی ئه‌گه‌ر گۆشت یا شیر یا ئه‌وه‌ی له‌ شیر دروستکرابێت یا هێلکه‌ بێت و ته‌نانه‌ت هه‌نگوێنیش ناخوات. ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ ناخۆن و ناخۆنه‌وه‌ دوو جۆرن. جۆرێکیان پییان ده‌گوترێ: ڕووه‌کی یا ڕووه‌کخۆر، که‌ ڕه‌نگه‌ ته‌نێ گۆشتی ئاژه‌ڵ نه‌خۆن، به‌ڵام به‌رووبوومی ئاژه‌ڵ ده‌‌خۆن. جاری وایش هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ ماسی یا مریشک بخۆن و ته‌نیا گوشتی ئاژه‌ڵ نه‌خۆن. یا ڕه‌نگبێ به‌شێک له‌ به‌روبوومی ئاژه‌ڵ نه‌خۆن، بۆ نموونه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ر هێلکه‌ نه‌خۆن یا هه‌ر ماست نه‌خۆن. جۆرێکی دیکه‌ی ڕووه‌کییان یا ڕووه‌کخۆران ئه‌وانه‌ن، که‌ نه‌ ئاژه‌ڵ و نه‌ هیچ جۆره‌ به‌روبوومێکی ئاژه‌ڵ ناخۆن و به‌روبوومی ئاژه‌ڵی تێکه‌ڵکراو به‌ خۆراکی دیکه‌یش ناخۆن. بۆ نموونه‌ شیرێنییه‌ک، چوکۆلێت یا نوقڵیک، که‌ شیری تێدا بێت نایخۆن. به‌سته‌نی و پیتزا و ماستاو و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ش ناخۆن و ناخۆنه‌وه‌. چونکه‌ شیر و په‌نیر و ماستیان تێکه‌ڵه‌.
کاک عوسمان، نه‌ک هه‌ر ئاژه‌ڵ و به‌روبوومی ئاژه‌ڵ ناخوات، به‌ڵکه‌ هیچ شتێکی کوڵاو و برژاو و سووره‌وه‌‌کراو  یا به‌ هه‌ر جۆرێک وه‌به‌ر ئاگر یا گه‌رمایی که‌وتوویش ناخوات. ته‌نێ خۆراکی کاڵ و خاو و نه‌کوڵاو ده‌خوات، واته‌: سه‌وزه‌ و میوه‌ و گوێز و باده‌م و پسته‌ و ئه‌وانه‌ ده‌خوات، به‌ڵام هه‌موو سه‌وزه‌یه‌کیش ناخوات، بۆ نموونه‌ ئه‌و سه‌وزانه‌ی، که‌ به‌ کاڵی تامێکی توون و تیژ و تاڵیان هه‌یه،‌ وه‌ک سڵق، که‌ره‌وزی پیر، ڕێواس، ته‌ڕه‌تووره‌، که‌وه‌ر، پیاز، سیر و توور و هه‌ندێکی دیکه‌ش ناخوات، هه‌روه‌ها میوه‌ی کاڵی نه‌گه‌ییو و زۆر گه‌ییویش ناخوات. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک خوێ و ڕۆن و شه‌کر، له‌ خۆراکدا به‌کار نابات. قاوه‌ و چا ناخواته‌وه‌. ته‌واوی ژه‌می خواردنه‌کانی، کاک عوسمان، که‌ سێ ژه‌من و هه‌موو ژه‌مه‌کانیشی له‌ کاتی خۆیدان و به‌ ڕێکوپێکی ده‌یانخوات، پێکهاتوون له‌ سه‌وزه‌ و میوه‌. هه‌موو جۆره‌ میوه‌یه‌ک، هه‌موو جۆره‌ سه‌وزه‌یه‌ک، ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ بازاڕدا هه‌بن و په‌یدا بن. ژه‌مه‌کانی، پیاز و سیر و توونی و تیژی تێدا نین.
کاک عوسمان نانیش، هیچ جۆره‌ نانێک ناخوات و خۆراکی ئاماده‌کراو و هی قوتوو و پێچراوه‌ و پاکه‌تکراو و ئه‌وه‌ی له‌ کارگه‌ به‌ مه‌کینه‌ چێده‌کرێت، ناخوات. هیچ جۆره‌ خواردنه‌وه‌یه‌ک نه‌ ئه‌لکوهوولیک و نه‌ نائه‌لکوهوولیک ناخواته‌وه‌. کۆکاکۆلا و شه‌ربه‌ت(ئه‌وانه‌ی پاکه‌ت و دروستکراون) ناخواته‌وه‌. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی وه‌ک (کاک عوسمان)ن به‌ خۆیان ده‌ڵێن: پێڕۆیانی"ته‌ندروستی سروشتی" یا"له‌شساغی سروشتی" یا "له‌شدروستی سروشتی".
بێجگه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و نه‌خواردن و نه‌خواردنه‌وه‌ی ئه‌و شتگه‌له‌، کاک عوسمان، نه‌ک هه‌ر ئاوی لووله‌ی نێو ماڵ ناخواته‌وه‌، به‌ڵکه‌ ئاوی شووشه‌ یا ئاوی کانزایش ناخواته‌وه‌، که‌ لێره‌ له‌ ئینگلستان، هه‌موو خه‌ڵک، به‌ هۆی پیسی ئاوی لووله‌ی نێو ماڵه‌وه‌، له‌و ئاوه‌ ده‌خۆنه‌وه. کاک عوسمان،‌ ئاوی خاوێنی پاڵێوراو ده‌خواته‌وه‌‌. ئه‌و ئاوه‌، به‌ ماشینێکی تایبه‌تی، که‌ پێی ده‌ڵێن ڕیڤێرس ئۆزمه‌وسیس (Reverse Osmosis)‌، له‌ زۆربه‌ی ئه‌و مادده‌گه‌له‌ی له‌ نێویدا تواونه‌وه‌، که‌ به‌ بڕوای کاک عوسمان، ده‌بنه‌ هۆی کۆمه‌ڵێک نه‌خۆشی، ده‌پاڵێورێ و پاک ده‌کرێته‌وه.
کاک عوسمان، له‌و بڕوایه‌دایه‌، پێڕۆکردنی ئه‌و شێوازه‌ خۆراکه‌ سروشتییه‌، مرۆڤایه‌تی ده‌گۆڕێت و خه‌ڵک له‌شساغتر ده‌بن و ته‌مه‌ندرێژتر ده‌بن و نه‌خۆشی نامێنێت و ژێنگه‌ی هه‌موو جیهانیش ده‌گۆڕێت.
نه‌خواردنی شتی کوڵاو و ته‌نێ کاڵخۆریی، بارێکی قورس و گران له‌سه‌رشانی مرۆڤایه‌تی لاده‌دات و ژیان سووک و ئاسان ده‌کات، به‌وه‌ی که‌ ئیدی چێشتلێنان نامێنێت و ئاگر و گاز و نه‌وت و چێشتلێنه‌ر نامێنن. کارگه‌ی دروستکردنی خۆراک و خواردنه‌وه‌ نامێنێت و مرۆڤ کاتی ئازادی پتر و درێژتر ده‌بێت و سه‌رمایه‌داریی جیهانیش، به‌وه‌ی هیچ جۆره‌ خۆراک و خواردنه‌وه‌یه‌کی چێکراو و ئاماده‌ نامێنێت، داده‌ته‌پێت.
کاک عوسمان فه‌ره‌ج، ساڵی 1944، له‌ شاری کفری، باشووری کوردستان له‌دایک بووه‌. ساڵی 1955، له‌ کفرییه‌وه‌ باریان کردووه‌ته‌وه‌ که‌رکووک. ساڵی 1958 خوێندنی سه‌ره‌تایی ‌ و 1960 ناوه‌ندی و 1964 ئاماده‌یی له‌ که‌رکووک ته‌واو کردووه. ساڵی 1968، به‌شی ئه‌له‌کتریکی له‌ کۆلیژی ئه‌ندازیاری زانستگه‌ی به‌غدا ته‌واو کردووه‌. له‌ نێوان ساڵانی 1969-2003 دا، له‌ بواری ته‌لیکۆمدا هه‌م له‌ کوردستان و عیراق و هه‌م له‌ ئینگلستان کاری کردووه‌. له‌ 1987ه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ئینگلستان و له‌ێ ده‌ژی. له‌ ساڵی 1987ه‌وه‌ وازی له‌ خواردنی گۆشت و هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵێک هێناوه‌ و پتر خۆراکی ئۆرگانێک (ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی سروشتی و بێ به‌کاربردنی کیمیایی وه‌به‌رهه‌م ده‌هێنرێن)ی خواردووه‌ و پتریش گیانله‌به‌ری ئاوی وه‌ک ماسی و جۆره‌کانی دیکه‌ی نێو ئاوی خواردووه‌. له‌ 1997ه‌وه‌ و پاش کۆمه‌ڵێک لیکۆڵینه‌وه‌ و تاقیکردنه‌وه‌، که‌وتووه‌ته‌‌ سه‌ر ئه‌م شێوه‌ ژیانه‌ی، که‌ ئێستا پێڕۆی ده‌کات، که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ داڕێژه‌ری بیر و تیۆری ئه‌و ڕێگه‌ و ڕێبازه‌، دۆکتۆر شێڵتن(1895-1995). شێڵتن، بژیشک و زانایه‌کی ئه‌مه‌ریکایی بوو، بناخه‌ی ئه‌و ڕێباز‌ و شێوه‌ ژیانه‌ی داڕشت، که‌ پێی ده‌گوترێ ته‌ندروستی سروشتی(Natural Hygiene)، که‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌م ڕێبازه‌‌:"ته‌ندروستی به‌نده‌ به‌ کۆمه‌ڵێک پێویستییه‌وه‌، خۆراک یه‌کێکه‌ له‌وانه.‌ له‌شی مرۆڤ دروست نه‌کراوه‌ بۆ ئه‌م شێوه‌ ژیانه‌ی، که‌ ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵک له‌ سه‌ری ده‌ڕۆن و پێڕۆی ده‌که‌ن. مرۆڤ وه‌ک چۆن ده‌یه‌وێت زاڵ بێت به‌ سه‌ر سروشتدا هه‌روایش ده‌بێت زاڵ بێت به‌ سه‌ر له‌شی خۆیدا، به‌ڵام نه‌ک ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بیخاته‌ خزمه‌ت کاره‌وه‌، به‌ڵکه‌ بۆ له‌شساغی و خۆشگوزه‌رانی خۆی".
خوێندنه‌وه‌ و پێڕۆکردنی ئه‌و ڕێبازه‌ (کاک عوسمان)ی هانداوه‌، بۆ ئه‌وه‌ کۆرسێکێ درێژ له‌باره‌ی  خۆراکه‌وه‌،که‌ ساڵی 2003 ته‌واوی کردووه‌، له ئه‌نیستیتووتی ترانسفۆرمه‌یه‌شن (Transformation Institute) ی ئه‌مه‌ریکی بخوێنێت.
گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێبازه‌‌، ده‌کاته‌ بڕوابوون به‌ گۆڕان. به‌رایی هه‌موو گۆڕانه‌کانیش له‌ تاکه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات. مرۆڤ له‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات و که‌ خۆی گۆڕی، تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌گۆڕێن و کۆمه‌ڵگه‌ ده‌گۆڕێت. به‌ گۆڕانی کۆمه‌ڵگه‌یش، ژیان و جیهان ده‌گۆڕێن و ژیانێکی ئاسووده‌تر و جیهانێکی ئارامتر و خۆشتر و ڕاسته‌قینه‌تر، دێته‌ گۆڕێ و مرۆڤ تێیدا ده‌حه‌سێته‌وه‌. ئه‌م ڕێبازه له‌ سه‌ر بناخه‌ی هیچ جۆره‌ فه‌لسه‌فه‌ و ئایدیۆلۆژیا و بڕوایه‌کی ئایینی یا سیاسی دا‌نه‌ڕێژراوه‌. ئه‌م ڕێبازه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌، که‌ مرۆڤ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ و ئه‌و شێوه‌ ژیانه‌ی، که‌ دروستی کردووه‌. له‌ ئه‌نجامی گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێبازه‌دا مرۆڤ، له‌گه‌ڵ خۆی و له‌گه‌ڵ سروشت و له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌وروبه‌ردا، ئیدی مرۆڤ، گیانله‌به‌ر و ئاژه‌ڵ بن یا ڕووه‌ک و دارو و دره‌خت و ژینگه‌، ده‌گاته‌ ئاساییش. به‌و جۆره‌ و له‌ ئه‌نجامدا زۆرینه‌ی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی، که‌ مرۆڤ بۆ کاڵا و خڕکردنه‌وه‌ی شت ‌ و دروستکردنی کاڵا و شتومه‌کی ناپێویست، دایمه‌زراندوون و دروستی کردوون، له‌نێو ده‌چن و له‌گه‌ڵ  زۆرینه‌ی ئه‌و پیساییه‌ی، که‌ دروستی کردوون، وه‌ک چۆن بارانێکی شه‌ست و ڕه‌هێڵه‌ زه‌وی خاوێن ده‌کاته‌وه‌، هه‌رئاوهایش، جیهان له‌ ته‌واوی ئه‌و شته‌ زیادانه‌ پاکژ ده‌بێته‌وه و ته‌واوی ئه‌وانه‌ له‌نێو ده‌چن‌.
‌‌ وه‌ک ڕێبازێکی ژیانیش، ڕێبازی له‌شساغی سروشتی، مزگێنی ڕزگارکردنی ژینگه‌ی ته‌واوی جیهان و دواڕۆژێکی به‌خته‌وه‌ریشی بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی پێیه‌.

17-1-2008

       

Monday, December 31, 2007

که‌رکووکتان به‌ سه‌وزی فرۆشت

که‌رکووکتان به‌ سه‌وزی فرۆشت

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی


ئه‌مڕۆ 31-12-2007 ه‌ و دوا ڕۆژی وه‌جێهێنانی به‌ڵێنێکه،‌ ئێوه‌ی سه‌رانی کورد، چوار ساڵه‌ گه‌لی کوردستانی پێ فریوده‌ده‌ن و هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن.                                                                          
31-12 ته‌واو بوو و ئه‌وه‌ی ده‌تانگوت درۆ ده‌رچوو.                                                                     
‌ له‌ ڕووخانی ڕێژیمی (سه‌ددام حوسه‌ین)ه‌وه تا ئێستا، گاڵته‌ به‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن و پێیان ڕاده‌بوێرن. وه‌ک که‌سێک منداڵێک ژیر ده‌کاته‌وه‌ و ده‌یخه‌ڵه‌تێنێ، ئێوه‌یش ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ به‌ کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنی درۆ و بریقه‌دار، خه‌ڵکی کوردستانتان فریودا و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند.                                            
 کۆتایی ساڵی 2007 تان کردبووه‌ دواکاتی ئه‌نجامدانی ده‌نگدان له‌ سه‌ر که‌رکووک، ساڵی 2007 وا ‌ گیانی به‌ خاک سپارد و کۆتاییهات. نه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی خاوه‌ن ئاوه‌ز و گه‌وره‌ساڵ، به‌ڵکه‌ که‌سێکی شێت و یه‌کێکی بێئاگا له‌ دنیا و منداڵێکی تازه‌ ده‌ست به‌ خوێندنگه‌کردوویش ده‌یتوانێ بزانێ، که‌ ئه‌وه‌ ته‌نیا درۆیه‌که‌ و ته‌نیا هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵکه‌ و هه‌رگیز ناکرێت. تا چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر  ئێوه‌ هه‌ر باسی ئه‌نجامدانی ئه‌و ده‌نگدانه‌تان ده‌کرد، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی "گورگانه‌شه‌وێ" بۆ زارۆکی نێو بێشکه‌ بکه‌ن. ئێوه‌ به‌و کاره‌تان ته‌نیا ئه‌و کڵاوه‌ی ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر خه‌ڵکی کورد، گه‌وره‌ترتان ده‌کرده‌وه‌.                                                                                                                 
 ئێوه‌ ئه‌وده‌مه‌ی که‌رکووکتان قودساند، هه‌ر ئه‌وده‌مه‌ فرۆشتتان، چونکه‌ چاکتان ده‌زانی، که‌ قودس هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر فلستین. ئێوه‌یش "که‌رکووکی بووکی کوردایه‌تیتان، بۆچی گشت تاوانکارانی شه‌وتان کرده‌ ژووره‌که‌یه‌وه‌ و له‌ پشت ده‌رگاکانه‌وه‌ ڕاوه‌ستان و گوێتان هه‌ڵخستبوو بۆ قیژه‌ و هاواری کونکردنی په‌رده‌ی کچێنیی"[1]                                                                                             
ئێوه‌ له‌ کاتی ڕزگاربوونی که‌رکووکدا دیاری ده‌ستتان و چه‌پکه‌ گوڵی سه‌رکه‌وتنتان بۆ خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی که‌رکووک"سه‌نعان قه‌سساب"ی سیخوڕ و نه‌یاری که‌رکووک و هه‌موو کوردستان بوو.             
ئێوه‌ له‌بری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی که‌رکووک و ته‌واوی گه‌رمیان و حه‌مرین و مووسڵ و دیاله‌ و کووت و ته‌واوی باشووری کوردستان و چه‌سپاندنی سنوور و کارگێڕی و ئاماده‌کردنی خه‌ڵک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئه‌و ڕه‌وشه‌ نوێیه‌ و په‌خشکردنی هێزه‌کانتان له‌ ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، که‌وتنه‌ تاڵان و دزی و  چه‌پاو و ڕووتاندنه‌وه‌ی که‌رکووک و چۆڵکردنی کارگێڕی و ده‌سگاکانی له‌ هه‌موو که‌لوپه‌ل و ئامێر و که‌ره‌سته‌یه‌کی به‌که‌ڵک.                                                                                                                       
ئێوه‌ وه‌دووی فایه‌ل و کاغه‌ز و ڕاپۆرته‌کانی خۆتان، له‌ سیخوڕخانه‌کان و کارگێڕییه‌کانی ئاساییشی که‌رکووکدا، که‌ پێوه‌ندی زۆرێکتانی به‌و ده‌سگایانه‌وه‌ ده‌سه‌لماند، ده‌گه‌ڕان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێویان به‌رن و له‌ چاوی خه‌ڵک دووریان بخه‌نه‌وه‌.                                                                                       
ئێوه‌ خۆتان پشکی کوردتان له‌ کارگێڕی که‌رکووکدا، ڕێک وه‌ک پشکی تورکمان و عه‌ره‌ب و فه‌له‌، لێکرد و کوردتان کرده‌ که‌مینه‌.                                                                                                      
ئێوه‌ هه‌ر خۆتان له‌ کاتێکدا باسی وه‌ده‌رنانی عه‌ره‌بی عه‌ره‌باندنتان ده‌کرد، عه‌ره‌بتان بۆ که‌رکووک، به‌ پسووله‌ی خۆتان ده‌هێنانه‌وه‌.                                                                                              
ئێوه‌ به‌وه‌ی باسی ده‌نگدان و ڕاپرسیتان بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی که‌رکووک هێنایه‌ گۆڕێ، گومانتان خسته سه‌ر کوردستانیه‌تیی که‌رکووک، ده‌نا که‌رکووک هه‌رگیز جێی گومان نه‌بووه‌ له‌وه‌ی، که‌ کوردستانه و که‌سیش ده‌نگدان و ڕاپرسی له‌ سه‌ر ماڵی خۆی ناکات، مه‌گه‌ر خودا لێی تێکدابێت و ئاوه‌زی له‌ده‌ستدابێت!                                                                                                                 
ئێوه‌ خۆتان عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ و داگیرکارتان له‌ خه‌ڵکی کوردستان، کرد به‌ عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن و عه‌ره‌بی هاورده‌، ده‌نا هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌تیش خه‌ڵکی که‌رکووک چاک ده‌زانن، که‌ هه‌موو عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌نی که‌رکووک له‌ سێ چوار هه‌زارێک تێناپه‌ڕن و ته‌واوی ئه‌وانی دیکه‌یان، ناڕه‌سن و داگیرکار و هه‌نارده‌ن و هه‌موو یه‌کێکیان له‌  ئاساییش و سیخوڕ و به‌عسی و مرۆڤکوژ و داگیرکارێکی ئاره‌زوومه‌ند و خۆبه‌خش، که‌متر نه‌بووه‌ و که‌متری پێ نه‌سپێردراوه‌. ‌                                             
ئێوه‌ وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم و حوکوومه‌ت و کۆمار و په‌رله‌مان و زله‌به‌رپرسی کورد، ڕێگه‌ی به‌غداتان کردووه‌ته‌ که‌ره‌ڕێ، به‌ڵام ڕۆژێک له‌ ڕۆژان پێتان نه‌خستووه‌ته‌ نێو که‌رکووک، خورماتوو، کفری، خانه‌قین، قزڕه‌بات، شاره‌بان، مه‌نده‌لی، به‌دره‌، زرباتییه‌، مووسڵ، شه‌نگال و ته‌نانه‌ت مه‌خمووریش، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن، ئه‌وانه‌ کوردستانن.                                                                                  
ئێوه‌ وه‌ک کوردستانی و کورد نه‌چوونه‌ نێو که‌رکووکه‌وه‌، به‌ڵکه‌ وه‌ک حیزب چوونێ.                           
ئێوه‌ مێشکی زارۆک و ژنان و لاوانی که‌رکووکیتان له‌ نێوان قوتابخانه‌ و خوێندنگه و ژنان و ئافره‌تان و خوێندکار و قوتابییاندا، دابه‌ش کرد.                                                                                     
ئێوه‌ هه‌موو کوردانی که‌رکووکتان که‌سکاند و زه‌رداند و  ڕه‌نگتان کردن.                                         
ئێوه‌ پرد و شه‌قامتان، هه‌ر به‌رێکی ناوێکتان لێنا و هه‌ر به‌رێکی به‌ ڕه‌نگێک ڕه‌نگتان کرد.                  
 ئێوه‌ ناوی یه‌ک گه‌ڕه‌کتان له‌ ئه‌لبه‌عس(البعث) و ئه‌لعورووبه(العروبة)‌ و ئه‌لقادسییه‌(القادسیة) و ئه‌لواسیتی (الواسطي) و ده‌یان"ئه‌ل"ی دیکه‌ی عه‌ره‌باندنه‌وه‌ نه‌گۆڕی و هه‌ر گه‌لێک بوێرانه‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانتانه‌وه‌ و فره ‌بێشه‌رمانه‌ و بێ ئه‌وه‌ی له‌ وشه‌ی به‌عس بسڵه‌مێنه‌وه‌، به‌ ده‌نگی بڵند له‌ حه‌فته‌یه‌کدا چه‌ندین جار ده‌یڵێنه‌وه‌ و گه‌لێک له‌ سه‌ر زاریشتان خۆشه‌.                                         
ئێوه‌ یه‌ک گوند، یه‌ک شارۆچکه‌ی جارانی سه‌ر به‌ که‌رکووکتان نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ و نه‌خستووه‌ته‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک و بۆ خۆتان له‌تله‌تکردن و دابه‌شکردنی که‌رکووکتان پتر چه‌سپاند و کردتانه‌ ڕاستییه‌ک.                                                                                                               
ئێوه‌ خۆتان میتی تورکیا و کۆنه‌به‌عسی عیراق و سه‌دان جۆڕه‌ پیاوخراپ و دژه‌کوردتان هێنایه نێو‌ که‌رکووک و کردتاننه‌ خاوه‌نی که‌رکووک.                                                                               
ئێوه‌ بوون باسی برۆکسلاندنی که‌رکووکتان هێنایه‌ گۆڕێ، که‌ ئه‌نجامه‌که‌ی کردنی که‌رکووکه‌ به‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یه‌وه‌تی‌ بۆ ئامێزی کوردستان.                                                 
 ئێوه‌ هه‌موو وڵاته‌ عه‌ره‌به‌کانیشتان کرده‌ خاوه‌نی که‌رکووک.                                                      
ئێوه‌ بوون ده‌تانگوت که‌رکووک هێڵی سووره‌ و نابێ ببه‌زێنرێت، ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ به‌زێنرا! ئه‌وه‌تا کۆمه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانیشتان هێنایه‌ نێوه‌وه، که‌ خواستی ‌ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌ب و تورک و هه‌موو ناکوردانی جیهانه،‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان کێشه‌ی هه‌موو دنیای بنبڕ کردبێ!                                                                                                      
ئێوه ‌بوون ده‌تانه‌ویست به‌ 'قانوون"، عه‌ره‌بی هاورده‌ی که‌رکووک، که‌ بۆ خۆیان به‌ بێ قانوون و به‌ گۆتره‌ نێردراونه‌ته‌ که‌رکووک، به‌ره‌ودواوه‌ بگێڕنه‌وه‌.                                                                          
ئێوه‌ دڵتان به‌ به‌ندی 58 ی ده‌ستوور خۆشبوو و که‌ کرا به‌ 140 پێتان وابوو سه‌رکه‌وتنتان وه‌ده‌ستهێناوه‌.                                                                                                             
ئێوه‌ کۆمیته‌ له‌ دوای کۆمیته‌ و لێژنه‌ له‌ دوای لێژنه‌تان دروست کرد، ته‌نیا بۆ چاوبه‌ستنی خه‌ڵکی کورد، ده‌نا کێ هه‌یه‌ نه‌زانێت، که‌ لێژنه‌ و کۆمیته‌ و قانوون و 58 و 140 و ده‌یانی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وانه‌، ته‌نێ بۆ پاره‌خواردن و خۆله‌وه‌ڕاندن و دزی و فزی خۆتان سازتان کردووه‌ و هیچیان ده‌ردی که‌رکووک تیمار ناکه‌ن!                                                                                                                          
ئێوه‌ هه‌ر ڕۆژه‌و کۆمیته‌یه‌ک و هه‌ر ڕۆژه‌و لێژنه‌یه‌ک و هه‌ر ڕۆژه‌و ده‌سته‌یه‌کتان بۆ که‌رکووک و باسی که‌رکووک ساز ده‌کرد، ته‌نیا بۆ خۆڵ له‌چاوکردنی خه‌ڵکی کورد، ده‌نا کێ هه‌یه‌ نه‌زانێت، کۆمیته‌ و لێژنه‌ و ده‌سته‌، ده‌ردی که‌رکووک تیمار ناکات.                                                                                 
ئه‌گه‌ر عیراقییه‌کان و تورکیا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، نۆره‌یه‌کیان له‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ باوه‌شی کوردستاندا هه‌بێت،  ئێوه‌ سه‌دان نۆره‌تان هه‌بوو و هه‌یه‌ و ته‌واوی به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و کێشه‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌دایه‌. ئێوه‌ن که‌رکووکتان فرۆشت و ئێوه‌ن که‌رکووکتان دۆڕاند.                                      
ئێوه‌ بۆ دواخستنی جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140، پشت به‌ په‌رله‌مانێک ده‌به‌ستن، که‌ په‌رله‌مانی ئه‌شهه‌دوبیللا و به‌ گرێیملدادان و  په‌رله‌مانی‌ بێ ئۆپۆزیسیۆن و  په‌رله‌مانی دوو زلحیزبی دیکتاتۆر و سواری ملی خه‌ڵک بووه‌، که‌ ناوی په‌رله‌مانی مردووانیشی لێ زیاده‌ و په‌رله‌مانێکه‌ ئه‌سڵه‌ن نوێنه‌ری خه‌ڵکی کوردستان نییه‌، ده‌بێ بڕیارێکی وه‌ها په‌رله‌مانێک چ ڕه‌وایه‌تی و شه‌رعییه‌تێکی هه‌بێت!            
ئه‌گه‌ر بڕیار به‌ ده‌ست خه‌ڵکی کوردستان و هه‌موو تاکێکی کورد بێت بۆ گێرانه‌وه‌ی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌ داگیرکراوه‌کانی دیکه‌، ئه‌وا تاکه‌ یه‌ک که‌سیش ئاماده‌ی ده‌ستبه‌ردان له‌و مافه‌ نییه‌ و ئاماده‌ی خۆبه‌ختکردنیشه‌ له‌ پێناویدا،  ئێوه‌ چ وه‌ک حوکوومه‌ت چ وه‌ک په‌رله‌مان و چ وه‌ک ده‌سه‌ڵات، نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کوردستان ناکه‌ن و هیچ شه‌رعییه‌تێکتان نییه‌، کێ مافی فرۆشتنی که‌رکووکی  پێ داون!                                                                                                                           
ئێوه‌ ته‌نیان له‌و بریاره‌تاندا و هه‌رگیز خه‌ڵکی کورد، تاکه‌ یه‌ک کوردیشتان له‌گه‌ڵ نییه‌ و بڕیاره‌که‌شتان و ته‌واوی سازشکارییه‌کانیشتان له‌ سه‌ر که‌رکووک، دژ به‌ خواستی مرۆڤی کورده‌!                               ‌
 وه‌رزێر و جۆتیاری هه‌ژاری جارانی گه‌رمیان، هه‌موو کشتوکاڵ و ده‌غڵ و دانێکیان، له‌ سه‌ر باران بوو.  ئه‌گه‌ر وشکه‌ساڵ بووایه‌ و باران نه‌باریایه‌، ئه‌وا تووشی حه‌لوه‌لا ده‌بوون و قه‌رزوقۆڵه‌ی دنیایان ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خۆیان و منداڵ و خێزانیان، به‌خێو بکه‌ن و بژێنن. خۆ  ئه‌گه‌ر بارانه‌ساڵیش بووایه‌ و په‌ڵه‌یه‌کی خاسی بدایه‌ و ساڵ هات بووایه‌، هه‌رچه‌نده‌ بڕێک دڵخۆش ده‌بوون و چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌مێکی بڕێک باش ده‌بوون و مه‌ترسیی برسییه‌تییان لێ ده‌ڕه‌وایه‌وه‌، لێ هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رده‌رهێنان و سه‌وزبوونی خه‌له‌دا و پێش ئه‌وه‌ی ببێت به‌ قه‌رسیل و بگاته‌ زرانی، بازرگانی چاوچنۆکی شار و  حاجیاغا قۆڵبڕه‌کانیان ده‌هێنایه‌ سه‌ری و پێیان ده‌فرۆشتن. حاجیاغای قوڕمساغ و ته‌ماحکار و بێویژدانیش، چه‌ندی پێی کرابا، نرخی ئه‌و خه‌له‌ی داده‌به‌زاند و داده‌شکاند. وه‌رزێری هه‌ژاریش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت قه‌رزه‌کانی پارساڵی حاجیاغا بداته‌وه‌ و هه‌ندێکی دیکه‌یش قه‌رزکات، خه‌له‌که‌ی‌ هه‌رزانفرۆش ده‌کرد. ئیدی ئه‌و خه‌له‌یه‌ ده‌بووه‌ هی حاجیاغا و کابرای وه‌رزێر ته‌نیا پاسه‌وانی پێ ده‌بڕا،  بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رخه‌ل و مێگه‌ل، بیپارێزێت و به‌وه‌ش ته‌نیا نۆره‌ی داهۆڵی ده‌بینی و هیچی تر. به‌و کرده‌ی خه‌له‌فرۆشتنه‌ی وه‌رزێره‌ ده‌گوترا "به‌ سه‌وزی فرۆشتن". وه‌رزێر و جۆتکاری هه‌ژاری گه‌رمیان، له‌ لاوازی و ده‌ستنه‌ڕۆیشتن و نه‌داری و هه‌ژاری و ناچاریدا وه‌ها کارێکیان ده‌کرد، خۆ ئه‌گه‌ر دارا بووایه‌ن، وه‌ک هه‌ندێ وه‌رزێری ده‌وڵه‌مه‌ند، ئه‌وا هه‌رگیز خۆیان نه‌ده‌خسته‌ به‌ر ڕه‌حمه‌تی بازرگان و حاجیاغای قرچۆکی شارنشین.                                                                                                            
ئێوه‌ی سه‌رانی باشووری کوردستان، که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستانتان، له‌ ئه‌وپه‌ڕی ده‌وڵه‌مه‌ندی و ده‌ستڕۆیشتن و دارایی و هێزتاندا و هه‌ر به‌ سه‌وزی فرۆشت و وایشی نیشان ده‌ده‌ن که‌ هه‌ر ده‌تانه‌وێت!                                                                                 

31-12-2007 ‌



[1] موزه‌ففه‌ر ئه‌ننه‌واب(مظفرالنواب) ده‌ڵێ:"القدس عروس عروبتکم فلماذا أدخلتم کل جناة اللیل إلی حجرتها ووقفتم تسترقون السمع وراء الأبواب لصرخات فض بکارتها".                                                                                     

Friday, December 7, 2007

جیهانگه‌ریی جه‌نگ

جیهانگه‌ریی جه‌نگ


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

گردبوونه‌وه‌ی (هاوپه‌یمانیی جه‌نگ ڕاگرن)، گردبوونه‌وه‌یه‌که‌ له‌ سه‌روبه‌ندی جه‌نگی دژ به‌ عیراق و هێرشکردنه‌ سه‌ر عیراق و داگیرکردنی عیراقدا هاته‌ ئاراوه، که‌ ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی ئه‌نجامیان دا‌. مه‌به‌ست له‌م خڕبوونه‌وه‌یه‌ ڕاگرتنی جه‌نگ و کێشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی دیکه‌ بوو له‌ عیراق.                                                                                                                         
ئه‌مساڵ له ڕۆژی‌ شه‌ممه‌، 1-12-2007، له‌ ژێر دروشمی"جیهان دژ به‌ جه‌نگ/ 2007"، له‌ هۆڵی نێوه‌ندیی وێستمینیسته‌ر له‌ له‌نده‌ن ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ کۆنفرانسی دووه‌می خۆی به‌ست. ئه‌م کۆنفرانسه‌ درێژه‌پێدانی یه‌که‌م کۆنفرانسی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌، که‌ بۆ ئاشتیی، له‌ مانگی دیسه‌مبه‌ری 2005دا گیراوه‌.      
کۆنفرانسی ئه‌مساڵ، له‌ سه‌عات 10ی سه‌رله‌به‌یانییه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد و تا سه‌عات 6 ی پاش نیوه‌ڕۆی خایاند.                                                                                                                         
کۆنفرانسه‌که‌ به‌ سه‌ر پێنج به‌ش و حه‌وت ته‌وه‌ردا دابه‌ش کرابوو.
به‌شی یه‌که‌م: به‌خێرهێنان و قسه‌ی گشتی، که‌ بۆ هه‌موو ئاماده‌بووانی کۆنفرانسه‌که‌ بوو.
به‌شی دووه‌م: دوو ته‌وه‌ری له‌ خۆ گرتبوو، که‌ هه‌ردوو ته‌وه‌ره‌که‌ له‌یه‌ککاتدا و له‌ دوو هۆڵی جیاواز به‌ڕێوه‌ ده‌چوون. ته‌وه‌ری یه‌که‌م: ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ته‌وه‌ری دووه‌میش: دژی داگیرکردنی 
عیراق.                                                                                                                    
به‌شی سێیه‌م: دوو ته‌وه‌ری له‌خۆ گرتبوو و هه‌ردوو ته‌وه‌ره‌که‌ له‌یه‌ککاتدا و له‌ دوو هۆڵی جیاواز به‌ڕێوه‌ ده‌چوون. ته‌وه‌ری یه‌که‌م: ئه‌وروپا، بزاڤه‌که‌. ته‌وه‌ری دووه‌م: ئه‌فغانستان/ پاکستان.                             
به‌شی چواره‌م: ڕاپۆرتی جیهانی.
به‌شی پێنجه‌م: دانیشتنی کۆتایی، که‌ بۆ هه‌موو به‌شداربووانی کۆنفراسه‌که‌ بوو.
پتر له‌ دووهه‌زار که‌سێک له‌ کۆنفرانسه‌که‌دا به‌شدار بوون. خه‌ڵک و ڕێکخراو و بزاڤ و که‌سایه‌تیگه‌لێکی جیاواز، که‌ له‌ هه‌موو قوژبنێکی ئه‌م جیهانه‌وه‌ هاتبوون، تێیدا به‌شدار بوون.                                   
بێجگه‌ له‌ چه‌ندین ئه‌ندام په‌رله‌مانی بریتانی، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ گرۆی(Respect)، که‌ گرۆ و بزاڤێکن، خۆ به‌ جێگره‌وه‌ و یا له‌بری پارتیی کرێکارانی نوێ داده‌نێن و که‌سایه‌تی ئینگلستانیی دیکه‌، نوێنه‌ری کۆمه‌ڵێک ڕێکخراو و ده‌سته‌ی جۆراوجۆری:                                                                                       
 بریتانی(پارتیی کارگه‌رانی بریتانی، پارتیی کارگه‌رانی سۆشیالیست،  پارتیی سه‌وز، ده‌ستپێشخه‌ری موسوڵمانان، فیدراسیۆنی موسوڵمانانی بریتانی)، ئێرانی(حیزبی تووده‌، که‌مپه‌ینی ئێرانی، دایکانی ئێرانی دژه‌ جه‌نگ و..)، عیراقی(سه‌ندیکای کارگه‌رانی نه‌وتی عیراق، دیموکراته‌ عیراقیه‌کانی دژه‌ جه‌نگ، نووسه‌ران و ئه‌کادیمییانی عیراق، وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه‌)، چیکی(که‌مپه‌ینی بێسنوور، ڕێکخراوی پاراستنی شاره‌وانییه‌کان)، ئه‌ڵمانی(پارتیی چه‌پی ئه‌ڵمانی)، ئایرله‌ندی(بزاڤی دژه‌ جه‌نگی ئایرله‌ندی)، یۆنانی(هاوپه‌یمانیی جه‌نگ ڕاگرن/ یۆنان)، پاکستان(ئه‌نیستیتووتی بارهێنانی کارگه‌رانی پاکستانی)، که‌نه‌دا(هاوپه‌یمانیی ئاشتی که‌نه‌دایی)، لوبنان(پارتیی کۆمۆنیستی لوبنان، حیزبوڵڵای لوبنان)، کۆریا(کۆریاییانی دژی داگیرکردنی عیراق)، ئه‌مه‌ریکا(کارگه‌رانی ئه‌مه‌ریکایی دژه‌ جه‌نگ) و ئیتالی و ئه‌ندام په‌رله‌مانی مسری تێیدا به‌شدار بوون و هه‌موو گوتار و قسه‌ی خۆیان هه‌بوو.                                                                                                                    
زۆری قسه‌ و باسه‌کان دژی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ئینگلستان بوون له‌ عیراق و ئه‌فغانستان و دژی ئه‌گه‌ری لێدانی ئێران له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ و دژی سیاسه‌تی ئیسرائیل له‌ لوبنان و فلستین بوون. هه‌موو داوای هه‌رچی زووتر و ده‌سبه‌جێی کێشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئینگلستانیان ده‌کرد له‌ عیراق و ئه‌فغانستان. هه‌موو داوایان ده‌کرد، هێرش نه‌کرێته‌ سه‌ر ئێران و هه‌موو دژی جه‌نگ بوون له‌ هه‌موو جیهاندا، که‌ ئێستاکه‌ به‌ هۆی جیهانگه‌ری و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکاوه‌، جه‌نگیش به‌ ناوی به‌رگری و ڕێگه‌گرتن له‌ ته‌رۆریزم، بووه‌ته‌ به‌شێکی هه‌ره‌گرنگی جیهانگه‌ری، ئه‌و جیهانگه‌رییه‌ی په‌یامی پیرۆزی ئه‌مه‌ریکایه‌ بۆ هه‌موو جیهان. ئێستا، که‌ جیهانگه‌ری ئه‌مه‌ریکێنراوه‌، جه‌نگیش ئه‌مه‌ریکێنراوه‌.‌ جه‌نگی ئێستا سنوور ده‌به‌زێنێت و  سه‌ر به‌ هه‌موو قوژبنێکی جیهان و هه‌موو ئاواییه‌ک و هه‌موو ماڵێکدا ده‌کات. جه‌نگ جه‌نگی ئه‌مه‌ریکایه‌، دژی هه‌موو بێهێزێکی ئه‌م جیهانه‌.                                                    
کوردیش یه‌کێکه‌ له‌و بێهێزانه‌ی جیهان، که‌ ئه‌گه‌ر هێشتا داگیرکه‌رانی نه‌یانتواندبێته‌وه‌ ئه‌وا پرۆسه‌ی جیهانگه‌ری(ئه‌مریکاگه‌ری) وا به‌ره‌به‌ره‌ به‌ره‌و تواندنه‌وه‌ی ده‌بات!                                                 
ئه‌وه‌ی تاکه‌ یه‌ک نوێنه‌ر و یه‌ک که‌سی قسه‌که‌ری، له‌و خڕبوونه‌وه‌ و کۆنفرانسه‌دا نه‌بوو، کورد بوو. ئه‌وه‌ی که‌ ده‌نگی نه‌بوو، کورد بوو.  ئێمه‌ پێنج که‌سێک وه‌ک نه‌فه‌ر و گوێگر له‌وێ بووین، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نێ نوێنه‌ری خۆمان بووین و له‌ به‌رنامه‌ و لیستی نوێنه‌ر و قسه‌که‌راندا نه‌بووین.                           
له‌ سیاسه‌تدا گه‌لێک جاران، ئه‌وانه‌ی خۆ به‌ سیاسی ده‌زانن و ده‌م له‌ سیاسه‌ت ده‌ده‌ن، ده‌ربڕینی "هێلکه و سه‌به‌ته‌" به‌کار ده‌به‌ن. ده‌ڵێن"نابێ هه‌موو هێلکه‌کان بخه‌ینه‌ سه‌به‌ته‌ی فڵانه‌وه‌ یا هه‌موو هێلکه‌کانی خستووه‌ته‌ سه‌به‌ته‌ی فڵانه‌وه یا هه‌موو هێلکه‌کان مه‌خه‌ره‌ سه‌به‌ته‌ی فڵانه‌وه‌‌". مه‌به‌ست له‌و گوته‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئیدی "سه‌دله‌سه‌د خۆی گرێ داوه‌ به‌ فڵانه‌وه"‌ و "ته‌واوی کۆمه‌کی هه‌ر فڵانه"‌ و "تاکه‌ پشتیوانی فڵانه"‌ و "بڕوای ته‌نێ به‌ فڵانه" و "ته‌نیا چاوه‌ڕێی ده‌ستی فڵانه".                                     
 ساڵی 1974-1975، سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان، که‌ ئه‌وده‌می بارزانی(باوک) سه‌رۆکی بوو، هه‌موو هێلکه‌کانی خستبووه‌ سه‌به‌ته‌ی ئه‌مه‌ریکا و ئێرانه‌وه‌. تێکشکان و هه‌ره‌س و نسکۆی 1975ی به‌سه‌ردا هات. دوای ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی جه‌نگی چه‌کداری هه‌ر دوای چه‌ند مانگێک له‌و هه‌ره‌سه‌، جه‌نگگێڕانی نوێ، هۆی شکستی 1975یان به‌وه‌ لێکده‌دایه‌وه‌، که‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌یه‌تی کورد، خۆی گرێدابوو به‌ ئێران و ئه‌مه‌ریکاوه‌ و هه‌موو هێلکه‌کانی خستبووه‌ سه‌به‌ته‌ی ئه‌وانه‌وه‌، بۆیه‌ دۆڕا و شکستی خوارد. به‌ گوێره‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌بوو ئه‌مانه‌ی نوێ(ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی شۆڕشی نوێ و شۆڕشی گوڵان)ه‌وه‌ هاتنه‌وه‌ مه‌یدان، ئیدی هێلکه‌کانیان نه‌خه‌نه‌ یه‌ک سه‌به‌ته‌وه‌، به‌ڵکه‌ به‌سه‌ر چه‌ندین سه‌به‌ته‌ی جیاوازدا بیبه‌شنه‌وه‌. ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی نێوان 1975-1991، حیزبه‌کانی باشووری کوردستان، له‌ نێوان سووریا و ئێران و لیبیا و ئه‌وروپا و گه‌لێ وڵاتی دیکه‌دا ته‌راتێنیان ده‌کرد و هێلکه‌کانیان دابه‌شی نێو سه‌به‌ته‌کانی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌کرد. له‌ 1991یشه‌وه، که‌ به‌شێکی باشووری کوردستان که‌وته‌ بنده‌ستی ئه‌و حیزبانه‌وه‌، ‌ ئیدی ته‌نیا یه‌ک سه‌به‌ته‌یان هه‌ڵبژارد، بۆ ئه‌وه‌ی هێلکه‌کانی خۆیانی تێدا دانێن، ئه‌ویش سه‌به‌ته‌ی ئه‌مه‌ریکا بوو. که‌واته‌ سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی و سه‌رانی کورد، گه‌ڕانه‌وه بۆ سیاسه‌تێک، که‌ ده‌یان ساڵی به‌ سه‌ردا تێپه‌ڕ بووبوو و له‌ 1975دا پێڕۆ ده‌کرا و که‌ بۆ خۆیان هه‌موو به‌ هه‌ڵه‌یان ده‌زانی!                                                                
کورد له‌وێ ده‌مییه‌وه‌ تا ئێستاکه‌، ته‌نیا یه‌ک‌ سه‌به‌ته‌ ده‌بێنێت و هێلکه‌ ده‌کاته‌ یه‌ک سه‌به‌ته‌وه‌. کورد ته‌نیا ئه‌مه‌ریکا ده‌ناسێت و به‌س.  وا حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و ئه‌وانه‌یشی هاوکار و هاوپشکیانن، وایان بیرکرده‌وه‌ و وایان کرد، خۆ خه‌ڵکی دیکه‌ی کورد هه‌ن، ده‌م له‌ دژایه‌تی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا ده‌کوتن و خۆ به‌ دژه‌ جه‌نگ ده‌زانن! دژه‌جه‌نگبوون، ته‌نیا دژایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و داگیرکردنی عیراق ناگرێته‌وه‌، به‌ڵکه‌ دژی جه‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ ئه‌فغانستان و دژی جه‌نگی ئیسرائیل له‌ فلستین و لوبنان و دژی ڕێگه‌خۆشکردن بۆ جه‌نگ و لێدانی ئێران و  دژی جه‌نگ له‌ سۆمال و دژی جه‌نگ له‌ هه‌موو شوێنێکی جیهان ده‌گرێته‌وه‌. کوردیش وه‌ک خه‌ڵکێکی جه‌نگدیده‌ و جه‌نگگه‌سته‌، که‌ هه‌مووده‌مێک مه‌ترسی جه‌نگی له ‌سه‌ر بووه‌‌ و له‌ سه‌ره‌، جه‌نگی تورکیا، جه‌نگی ئێران، جه‌نگی سووریا و جه‌نگی ده‌یان گرووپی جۆراوجۆر له‌ عیراقی ئێستا، بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ هه‌میشه‌ تووشی کوشتن و له‌نێوبردن و هه‌ڵواسین و ڕاگواستن و سه‌د به‌زمی دیکه‌ بووه‌ و ده‌بێ و نوێترینیشیان ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و په‌لاماره‌ی تورکیایه بۆ سه‌ر باشووری کوردستان‌. خۆ ده‌بوو خه‌ڵکانێکی کوردی داکۆکیکار له‌ ئازادی مرۆڤ و دژه‌جه‌نگ یا چه‌پێک، کۆمۆنیستێک، ئیسلامییه‌ک، په‌که‌که‌ییه‌کی کورد،  له‌م خڕبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بووایه‌ن، به‌ڵام نه‌ء یه‌ک تاکه‌ که‌سی لێ نه‌بوو و یه‌ک که‌سیش له‌و کۆنفرانسه‌دا گوێی له‌ ده‌نگی کورد نه‌بوو، له‌ کاتێکدا ئه‌گه‌ر به‌راوردی کورد(له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان به‌ یه‌که‌وه‌) بکه‌یت له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتێک له‌ جیهاندا، ئه‌وا کورد له‌ هه‌موو خه‌ڵکێکی دیکه‌ زیاتر گرۆ و حیزب و ده‌سته‌ی چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆسیالیست و...ی هه‌یه‌.                                                                                                                           
 چه‌ند که‌سێک له‌و ئینگلیزانه‌ی به‌شدار بوون جاروبار له‌ قسه‌کانیاندا ناوی کوردیان ده‌هێنا و دژی له‌شکرکێشی تورکیا شتێکیان ده‌گوت، به‌ڵام ده‌بوو کورد بۆ خۆی ئه‌وه‌ی گوتبا و چاوه‌ڕێی ده‌می خه‌ڵکی نه‌کردبا.                                                                                                                        
کورد به‌وه‌ی، که‌ خۆی به‌ ئه‌مه‌ریکادا هه‌ڵواسیوه‌ و پێیوایه‌ ئه‌مه‌ریکا دۆستیه‌تی، ئیدی که‌سی دیکه‌ی بۆ خۆی نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستبه‌رداری  ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ به‌رینه‌ و ئه‌م خه‌ڵکه‌، خه‌ڵکی هه‌موو جیهان و به‌ تایبه‌تیش خه‌ڵکی ئه‌وروپا بووه‌ و ئه‌و هه‌موو ڕێکخراوه‌ مرۆڤدۆست و چه‌پ و دژه‌جیهانگه‌ری و دژه‌ئیمپریالیزمه‌ی وازلێهێناوه‌ و ته‌نێ ده‌زانێت یه‌ک ئاواز بخوێنێت و یه‌ک جۆر سه‌ما بکات، ئه‌ویش هه‌ڵدانیه‌تی به‌ سه‌ر و باڵاگه‌ردانیه‌تی‌  به‌ ده‌وری باڵای ئه‌مه‌ریکا و بووش و هاوبیرانیاندا.             
کورد(نه‌ک هه‌ر سه‌ران و ده‌سه‌ڵاته‌کی، به‌ڵکه‌ ته‌نانه‌ت خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌یشی، که‌مینه‌یه‌کی لێ ده‌رچێت) ئێستا له‌ خانه‌ی ئه‌مه‌ریکادایه‌ و ئه‌گه‌ر که‌سێکیش ناوی کوردی به‌ سه‌ر زاردا بێت و به‌زه‌ییه‌کی پێدا بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ دڵسۆزی و مرۆڤدۆستی و هه‌ست و پیاوه‌تی و گه‌وره‌یی خۆیه‌تی، ده‌نا به‌ڕاستی کورد هی ئه‌وه‌ نییه‌، خه‌ڵک به‌زه‌یی پێدا بێته‌وه‌.                                                            
گومان نێکه‌م فڵانی، ئه‌گه‌ر ئه‌و خڕبوونه‌وه‌ و کۆنفرانسه‌، چه‌قه‌نه‌ و سووڕدان[1] و زوڕناژه‌نی و گۆرانیی بێتام و گۆڵمه‌ز بووایه یا ته‌نیا بۆ کورد بووایه‌، نه‌ک دووهه‌زار، به‌ڵکه‌ پێنجهه‌زار کورد، ده‌هاتن و دوو سێ شه‌ڕه‌گه‌ڕه‌کیان ساز ده‌کرد و چه‌ند که‌سێکیشان لێ خوێناوڵ و بریندار ده‌بوون و بڕێکیشیان چه‌ند شه‌وێک میوانی پۆلیس ده‌بوون و بێجگه‌ له‌وه‌ش ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستان وه‌ک کارێکی فره‌ گرنگ ڕاسته‌وخۆ ئه‌و چه‌قه‌نه‌ و گۆڵمه‌زه‌یان، بۆ خه‌ڵکی کوردستانیان ده‌گواسته‌وه!                                   

                       ‌7-12-2007



 سووڕدان، پتر سلێمانییان به‌کاری ده‌به‌ن، هه‌ولێرییان ده‌ڵێن: "قوونبادان" و خانه‌قینییانیش ده‌ڵێن:"قنگخڕدان".[1]

Friday, November 30, 2007

تورکیا، په‌که‌که‌ و خه‌باتی چه‌کداری

تورکیا، په‌که‌که‌ و خه‌باتی چه‌کداری


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکاره‌کانی کوردستان، چ به‌ شێوه‌ و قه‌واره‌ و بیچمه‌ کۆنه‌ مێژووییه‌کانیانه‌وه‌ و چ به‌م سیمایه‌ی ئێستایشیانه‌وه‌، به‌ درێژایی مێژوو و بیره‌وه‌ری و هه‌ر له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌، هه‌میشه‌ سه‌یری گه‌لی کوردیان وه‌ک خه‌ڵکێکی سه‌ربه‌گۆبه‌ن  و ئاژاوه‌گێڕ و کێشه‌سازکه‌ر (Troublemaker) کردووه‌ و ده‌که‌ن. تورک، تاکه‌تاکه‌یه‌کی وه‌ک ئیسماعیل بێشکچی لێ ده‌رچێت، له‌ هیچ سه‌رده‌مێکدا کوردی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌ناسیوه‌ و هه‌رده‌میش هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ و له‌نێوبردنی داوه‌.
له‌م دوا کێشه‌یه‌ی نێوان تورکیا و  باشووری کوردستان، که‌ بیانووه‌که‌ی له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌، پارتیی کارگه‌رانی کوردستانه‌ و له‌ ڕاستیشدا کێشه‌ی تورکیا و هه‌موو کورده چ وه‌ک کۆمه‌ڵ و چ وه‌ک تاک‌، نه‌ک ته‌نێ پارتییه‌ک و به‌شێکی کوردستان یا به‌شێکی کورد، ئه‌گه‌ری هێرشی له‌شکریی تورکیا بۆ، سه‌ر باشووری کوردستان، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ له‌ ڕاستییه‌وه‌ نێزیک بوو و نێزیک ده‌بێته‌وه‌ و ئێستاش نه‌ڕه‌ویوه‌‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی بارۆمیتری تووڕه‌یی و که‌لله‌ییبوون و هه‌ڵچوون و پشووسواری و ده‌نگی تورکدا، سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسی باشووری کوردستان، ده‌نگی خۆی تا ڕاده‌ی نق له‌خۆبڕین نه‌وی ده‌کاته‌وه و سه‌ری خۆی داده‌نه‌وێنێت و باده‌داته‌وه‌ و له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی پێشووتری پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌ و سازشکارانه‌تر و لاوازتر ده‌چێته‌ پێشێ.
هێرش و جه‌نگی تورکیا، دژی کورد و ناوی کورد و وشه‌ی کوردستانه‌، نه‌ک ته‌نێ په‌که‌که. ئه‌گه‌ر هاتبا و په‌که‌که‌ له‌ به‌سره‌ و دیوانییه‌ و ناسرییه‌ و (ڕه‌مادی)ی عیراق بووایه‌ و قه‌ندیل له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ بووایه‌ و سنووری تورکیایش هه‌ر وه‌ک ئێستاکه‌ بووایه‌، ئه‌وا تورکیا هه‌رده‌چووه‌ سه‌ریان و هه‌وڵی له‌نێوبردنیانی ده‌دا، وه‌ک که‌ له‌ بیقاع کردی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سنووری تورکیا له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا (به‌سره‌، دیوانییه‌، ناسرییه‌ و ڕه‌مادی) بووایه‌ و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌یش هه‌ر وه‌ک ئێستاکه‌ عه‌ره‌بنشین بووایه‌ن و په‌که‌که‌یش عه‌ره‌ب بووایه‌ن و له‌بری (په‌که‌که)‌ ناویان (په‌عه‌عه)‌ یا هه‌ر شتێکی دیکه‌ بووایه، ئه‌وده‌می تورکیا ئه‌م گێچه‌ڵه‌ی ئێستا به‌ کوردی ده‌گێڕێت، به‌ عه‌ره‌بی نه‌ده‌گێڕا و هه‌رگیز نه‌یشیده‌توانی وا سووک و ئاسان هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش و په‌لامار به‌ به‌رچاوی هه‌موو جیهانه‌وه‌ بدات و نه‌یشیده‌وێرا بیکات.
سه‌رکرده‌‌یه‌تیی سیاسیی باشووری کوردستان، که‌ هه‌ر به‌ناو یه‌ک سه‌رکرده‌یه‌تییه‌ و ته‌نێ کاسه‌ی پڕ و به‌رژه‌وه‌نده‌ ئابوورییه‌کان یه‌کی خستوون، ده‌نا له‌ ڕاستیدا هه‌ر یه‌کێک له‌ سه‌رانی له‌ ئاوازیک ده‌خوێنن و چ یه‌کهه‌ڵوێستییه‌ک له‌ گوتاره‌کانیاندا وه‌دی ناکرێت.
زۆر له‌مێژ نییه‌، مه‌سعوود بارزانی، هه‌ڕه‌شه‌ی باسکردنی ئامه‌د و باکووری کوردستانی له‌ تورکیا ده‌کرد، ئه‌گه‌ر بێتو تورکیا له‌ سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام بێت. تورکیا به‌رده‌وام بوو و به‌رده‌وامیشه‌ و باسی ئامه‌د و باکووری کوردستان نه‌ک هه‌ر له‌ لایه‌ن مه‌سعوود بارزانییه‌وه‌، به‌ڵکه‌ له‌ لایه‌ن هیج یه‌کێک له‌ به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده‌وه‌ نه‌هاته‌ سه‌ر زاران! نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکه‌ تورکیا هێنده‌ سووکایه‌تی به‌ سه‌رانی کورد و سه‌رکرده‌یه‌تی کورد کردووه‌ و ده‌کات، که‌ هه‌رچه‌نده‌ کێشه‌ی په‌که‌که‌یش پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌ خاکێکه‌وه‌ هه‌یه‌، سه‌رکرده‌یه‌تی کوردستان ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی به‌ سه‌ریدا هه‌یه‌، هێشتایش ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵیاندا دانانیشێت و گوتوبێژیان له‌گه‌ڵ ناکات و ته‌نیا ڕوو له‌ عیراقییه‌کان ده‌کات. له‌و شانده‌ عیراقییانه‌شدا، که‌ له‌ ئه‌نکه‌ره‌ له‌گه‌ڵ تورکدا دانیشتبوون، تورکیا ڕێگه‌ی به‌ نوێنه‌رانی کورد نه‌ده‌دا، که‌ به‌شداری به‌شه‌ له‌شکری و نهێنییه‌کانی جڤینه‌کان بکه‌ن و هه‌م شانده‌که‌ و هه‌م سه‌رانی کوردیش، ئه‌و سووکایه‌تییه‌یان هه‌م له‌ تورک و هه‌م له‌ عیراقییه‌کانی هاوه‌ڵیان قه‌بووڵ کرد، که‌ ئه‌گه‌ر ڕێزه‌یه‌ک غیره‌ت و بوێرییان هه‌بووایه‌، ئه‌و سه‌رشۆڕییه‌یان پێ قووت نه‌ده‌درا و ده‌سبه‌جی خۆیان له‌و شاند و جڤینانه‌ ده‌کێشایه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ عیراقییانی ده‌سه‌ڵاتیشدا ده‌یانکرد به‌ هه‌را.
 هه‌ندێکی تر له‌ سه‌رانی کورد هه‌ڕه‌شه‌ی به‌کاربردنی چه‌ک و جه‌نگیان دژ به‌ تورکیا ده‌کرد!
(جه‌لال تاڵه‌بانی) یش وه‌ک پیشه‌ی هه‌مووده‌می، له‌ کوێ بووبێت به ‌گوێره‌ی دڵی ئه‌و خه‌ڵکه‌ و ئه‌و شوێنه‌ په‌یڤیوه‌ و ده‌په‌یڤێت. له‌ هه‌ندێک قسه‌وباسیدا داوای چه‌کفڕێدان و ده‌ستبه‌رداربوونی جه‌نگ و خه‌باتی چه‌کداریی له‌ چه‌کدارانی په‌که‌که‌ کرد و داوای لێکردن ئه‌وانیش، وه‌ک دیموکرات (دیموکراته‌کان: چونکه‌ ئێستاکه‌ دووانن) و کۆمه‌ڵه (کۆمه‌ڵه‌کان: چونکه‌ ئێستاکه‌ دووان) ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که‌ ئێستا چوارن، دانیشن و خه‌باتی سیاسی بکه‌ن. بۆ سه‌لماندنی قسه‌کانی خۆی‌ باسی ئه‌وه‌ی کرد، که‌ سه‌رده‌می جه‌نگی چه‌کدار و سه‌رده‌می گیڤارا به‌ سه‌ر چووه!
ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی، که‌ پێیوایه‌ جه‌نگی چه‌کدار باوی نه‌ماوه‌ و بلا په‌که‌که‌ چه‌ک فڕی بدات و له‌گه‌ڵ تورکیادا گوتوبێژ بکات و بکه‌وێته‌ خه‌باتی سیاسییه‌وه‌، که‌ ئه‌مڕۆ له‌ لایه‌ن سه‌رانی کورد و ڕه‌دووکه‌وتووه‌کانیانه‌وه‌، ده‌خرێته‌ بازاڕاوه‌ و له‌ نێو خه‌ڵکدا بره‌وه‌ی پێده‌درێ، قه‌وانێکه‌ تورکیا بۆ خۆی په‌خشی ده‌کاته‌وه‌ و تێزێکه‌ له‌ بیروباوه‌ڕ و دیدی که‌مالیزمه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ئه‌و قه‌وانه‌ هه‌ر ئه‌و قه‌وانه‌ سوواوه‌یه‌، که‌ فه‌تحیسته‌کانی فلستین له‌ سه‌رده‌می (عه‌ره‌فات) ه‌وه‌ و به‌ کاریگه‌ری ئیسرائیل بۆ خه‌ڵکی فلستینی لێده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌ی داوای چه‌کدانان له‌ په‌که‌که‌ ده‌کات، ده‌بوو ئه‌وه‌ی زانیبا، که‌ هیج مرۆڤێکی ئه‌م جیهانه‌، هه‌ر له‌خۆڕا و بۆ خۆشی ده‌ست ناداته‌ چه‌ک، ئه‌گه‌ر گوشارێکی نه‌خرابێته‌ سه‌ر یا ته‌نگاو نه‌کرابێت یا بارێکی تایبه‌ت ناچاری نه‌کردبێت، مه‌گه‌ر بۆ خۆی مرۆڤێکی نه‌خۆش بێت و بۆ مه‌به‌ستی کوشتنی له‌خۆڕای خه‌ڵک یا تاڵانکردن و جه‌رده‌یی و ڕووتکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک یا بۆ ڕاوه‌ئاژه‌ڵ، وه‌ها کارێک بکات.
ئه‌گه‌ر به‌ها و گرنگی و هێژایی و بایه‌خ و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ژیان به‌گوێره‌ی پله‌ و پایه‌ و نمره‌ و ڕیزی گرنگییان و ڕاده‌ی داکۆکی مرۆڤ لێیان ببه‌شینه‌وه‌ و له‌ ژێرڕا پێیاندا هه‌ڵکشێین به‌ره‌و سه‌رێ، ئه‌وا ده‌بنه‌ سێ به‌شه‌وه:
پله‌ی سێیه‌م(گرنگ) ،  پله‌ی دووه‌م(گرنگتر) و پله‌ی یه‌که‌م(گرنگترین).
پله‌ی سێیه‌م(گرنگ‌): کاری چاکه‌ و کۆمه‌ک، ڕێکوپێکی و پاک و خاوێنی و پشوودرێژی(ته‌حه‌موول، تۆلێرانس)، ده‌گرێته‌وه. ئه‌م به‌هایانه‌ گرنگن، به‌ڵام له‌ سه‌ر تاکه‌که‌س بۆ خۆی ڕاوه‌ستاون و پتر پرسێکی که‌سه‌کین.
پله‌ی دووه‌م(گرنگتر): خۆپێشاندان و ڕێپێوان، ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، مانگرتن، داکۆکیکردن له‌ سامان و موڵک و دارایی و پاراستنی بیروباوه‌ڕ و ‌بۆچوون، ده‌گرێته‌وه‌. به‌هاگه‌لێکن مرۆڤ ئاماده‌یه‌ خه‌باتیان بۆ بکات و خۆی له‌ پێناویاندا بخاته‌ سه‌ختییه‌وه‌.
پله‌ی یه‌که‌م(گرنگترین): منداڵ، ئازادی، باوه‌ڕی ئایینی و وڵات، ده‌گرێته‌وه‌. به‌هاگه‌لێکن مرۆڤ ئاماده‌یه‌ له‌ پێناویاندا بمرێت و خۆی به‌کوشت بدات. ئه‌و که‌سه‌ی له‌ پێناوی ئازادی و وڵات و باوه‌ڕدا ده‌مرێت، له‌ دیدی خۆی و ئه‌وانه‌ی وه‌ک خۆی بیرده‌که‌نه‌وه‌، قاره‌مان و شه‌هیده‌، لێ له‌ دیدی نه‌یارانیشیه‌وه‌ توندڕۆ و مرۆڤکوژ و پیاوخراپه.
ئه‌و چه‌کهه‌ڵگرتنه‌ی په‌که‌که(که‌ بۆ زارۆک، ئازادی و وڵاته‌)‌ و هه‌موو بزاڤێکی شۆڕشگێڕی ئه‌م جیهانه‌ ده‌که‌وێته‌ خانه‌ی پله‌ی یه‌که‌مه‌وه‌، که‌ به‌ لای زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌وه‌، گرنگترین به‌ها و شتگه‌لێکی ئه‌م جیهانه‌ن و په‌که‌که‌یش کارێکی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌کردووه‌، به‌ڵکه‌ هه‌روای کردووه‌.
داوای ڕاماڵینی چه‌کی په‌که‌که‌ و چه‌ککردنیان، که‌ ڕێک ده‌که‌وێته‌ چوارچێوه‌ی ئاره‌زووه‌کانی تورکیاوه‌، داوایه‌که‌ بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و ده‌ستبه‌رداربوون له‌ منداڵی کورد، ئازادی خه‌ڵکی کورد و وڵاتی کوردستان، که‌ خه‌ڵک له‌ پێناویاندا ئاماده‌ی مردنن‌ و په‌که‌که‌یش هه‌روای کردووه‌، خواستێکی دێرینی تورکیا و هه‌موو نه‌یارانی کورده‌.
چه‌ک دوا ئامرازه‌ مرۆڤێکی هۆشیار و خودان ئاوه‌ز ده‌ستی بۆ ده‌بات، ئه‌ویش ئه‌وده‌مه‌ی ئیدی ته‌واوی ڕێگه‌کانی دانوستاندن داده‌خرێن و هیچ تروسکاییه‌ک له‌ گۆڕێدا وه‌دی ناکرێت. ئه‌وه‌ی په‌که‌که‌ی ناچار کردووه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ک و یاخیبوون، هه‌ڵوێست و دیدی تورکیایه‌ له‌هه‌مبه‌ر کوردستان و خه‌ڵکی کورد.
هه‌ڵوێست و دیدی تورکیا، کار ده‌کاته‌ سه‌ر، ڕه‌وتاری تورکیا،
ڕه‌وتاری تورکیا، کاری ده‌کاته‌ سه‌ر، هه‌ڵوێست و دیدی کورد،
هه‌ڵوێست و دیدی کورد، کار ده‌کاته‌ سه‌ر، ڕه‌وتاری کورد،
ڕه‌وتاری کورد، کار ده‌کاته‌ سه‌ر، ‌هه‌ڵوێست و دیدی تورکیا.
ئه‌م هه‌ڵوێست و دید و ڕه‌وتاره،‌ له‌ جووڵانه‌وه‌یه‌کی بازنه‌ییدا کاریگه‌رییان له‌ سه‌ر یه‌کدی ده‌بێت. هه‌ڵوێست و دیدی تورکیا، که‌ وه‌ک دوژمن و پیاوخراپ نۆڕیویه‌تی و ده‌نۆڕێته‌ کورد، کاری کردووه‌ و کار ده‌کاته‌ سه‌ر ڕه‌وتاره‌کانی و  ڕه‌وتارێکی دوژمنانه‌ له‌هه‌مبه‌ر کورد ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌و ڕه‌وتاره‌ دوژمنانه‌یه‌ی تورکیا، کار ده‌کاته‌ سه‌ر هه‌ڵوێست و دیدی خه‌ڵکی کورد، که‌ ئه‌وانیش وه‌ک دوژمن بنۆڕنه‌ تورکیا. هه‌ڵوێست و دیدی دوژمنانه‌ی خه‌ڵکی کوردیش به‌رانبه‌ر تورکیا، کار ده‌کاته‌ سه‌ر خه‌ڵکی کورد به‌وه‌ی، که‌ ڕه‌وتارێکی دوژمنانه‌ و توند له‌هه‌مبه‌ر تورکیادا ئه‌نجام بده‌ن.  ئه‌و ڕه‌وتاره‌ توند و نه‌یارانه‌ی کورد، کار ده‌کاته‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵوێست و دیدی تورکیا، که‌ بۆ هه‌میشه‌یی ڕقی له‌ کورد ببێته‌وه‌ و هه‌ر به‌ نه‌یار و شه‌ڕانی و خراپی بزانێت. ئه‌م بازنه‌یه‌ بێکۆتاییه‌ی هه‌ڵوێست و ڕه‌وتاره‌، به‌ دووی یه‌کدا ده‌خولینه‌وه‌ و ڕاوی یه‌کتر ده‌نێن و  ڕق و تووڕه‌یی و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دی ده‌ئافرێنن و ده‌هێننه‌ ئاراوه. له‌م حاڵه‌ته‌ی تورکیا و کورددا، تورکیا بۆ خۆی بنه‌مای ئه‌و ڕق و هه‌ڵوێسته‌ دوژمنانه‌یه‌، نه‌ک کورد، چونکه‌ تورکیایه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ و خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و هێز و له‌شکره‌ و تورکیایه‌ وڵاتی کوردی داگیرکردووه.
ئه‌وی داوای چه‌کدانان له‌ په‌که‌که‌ ده‌کات، ده‌بوو به‌ دووی سه‌ره‌داوه‌کاندا گه‌ڕابا و بیزانیبا، که‌ تورکیایه‌ په‌که‌که‌ و خه‌ڵکی کوردی ناچار کردووه‌ به‌وه‌ی ده‌ست بده‌نه‌ چه‌ک و ده‌بوو بۆ هۆیه‌کانی چه‌کهه‌ڵگرتن گه‌ڕابایه‌وه‌ و ده‌بوو باسی بنجوبناوان و بنه‌ما و به‌راییه‌کانی کێشه‌که‌ بخاته‌ به‌ر باس و بدا به‌ گوێی تورکیادا. تورکیا هۆ و سۆنگه‌ و سازکه‌ری کاره‌که‌یه‌ و چه‌کهه‌ڵگرتنی کورد و په‌که‌که‌یش به‌رکار و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی کاره‌که‌ن و ئه‌نجامی گوشاری تورکیان.
ئه‌و‌ی داوای چه‌کدانان له‌ په‌که‌که‌ ده‌کات، بۆ خۆی چه‌کدانانی نسکۆ و هه‌ره‌سی 1975ی به ‌(ئاشبه‌تاڵ) نێو ده‌برد و ئێستایش ده‌یه‌وێت ئاشبه‌تاڵ به‌ په‌که‌که‌ بکات و به‌ کورد بڵێ بۆ هه‌میشه‌ ماڵئاوایی له‌ چه‌ک بکه‌ن. ئه‌و‌ی وه‌ها داوایه‌ک له‌ په‌که‌که‌ ده‌کات، ده‌ڵێی تورکیا و تورک ناناسێت. تورکیایه‌کی که‌مالیستی فاشیستی نه‌ژاپه‌رستی شۆڤینیست، که‌ ددان به‌ بوونی کورددا نانێت و وشه‌ی کورد یا کوردستان له‌ زاری یه‌ک به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌وه‌ نایه‌ته‌ ده‌رێ و هیج زمانێک تێناگات، چ ئاوه‌زێک هه‌یه‌، ئه‌وه‌ په‌سه‌ند بکات، که‌ گوتوبێژی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت! په‌که‌که‌ ده‌یان جار جه‌نگی ڕاگرت و ئاگربه‌ستی کرد، لێ تورک خۆی لێ گێل کرد و باشتر کوردستانی وێران ده‌کرد. چه‌کدانانی په‌که‌که‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێک ده‌کاته نه‌ک هه‌ره‌س و نسکۆ و نازانم چی دیکه، به‌ڵکه‌ (ئاشبه‌تاڵ)ێکی زل و زه‌لام.
داوای چه‌کفڕێدان له‌ په‌که‌که‌، له‌ لایه‌ن سه‌رانی کورد و کاسه‌لێس و تووتییه‌کانیانه‌وه‌، دید و چاره‌سه‌رێکی تورکیایی و تورکانه‌یه‌ بۆ کێشه‌یه‌ک، که‌ ته‌نیا کێشه‌ی تورکیا و په‌که‌که‌ نییه‌، به‌ڵکه‌ کێشه‌ی گه‌لێکی بێ ماف و چه‌وساوه‌ و داپڵۆسێنراو و سه‌رکوت و ده‌مکوتکراوه‌، که‌ وه‌ک هه‌موو خه‌ڵکێکی ئه‌م جیهانه‌ مافی ژیان و ئازادی هه‌یه‌ و  تورکیا خۆی لێ گیل و نه‌بان ده‌کات و قڕانی ده‌کات و ده‌یتوێنێته‌وه.
تورکیا ئێستایش به‌ته‌مای لکاندنی ویلایه‌تی مووسڵه (که‌ هه‌موو باشووری کوردستان ده‌گرێته‌وه‌) به‌ تورکیاوه.  تورکیا مرخی له‌ که‌رکووک خۆشکردووه‌ و ئه‌گه‌ر کورد خاوه‌نی ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌تییه‌ی بێت،  تورک ئه‌گه‌ر داگیریشی نه‌کات، ئه‌وا  ده‌یکاته‌ و ده‌بێته‌ پێته‌ختی ده‌ڤه‌رێکی ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی بۆ تورکمان یا لکێندراو به‌ تورکیاوه. تورکیا سه‌رسه‌ختترین دوژمنی کوردستانه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژی کورده و هه‌موو جۆره‌ شێوازیکیش ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ سه‌رپێشۆڕکردنی کورد.
‌سه‌رانی کورد، ئه‌گه‌ر پژمه‌ و کۆخه‌ و بایه‌کیان لێ به‌رببێته‌وه‌، ده‌سبه‌جێ مشه‌خۆر و کاوێژکار و تووتی و کاسه‌لێس و دابه‌سته‌ و گه‌نده‌ڵ و "ڕۆشنبیرانی ده‌ربار" و ویعازوسسه‌لاتین (وعاظ السلاطین)ه‌کانی ده‌ستوپێوه‌ندیان و گرێدراوانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، به‌ ڕۆژان و حه‌فتان و مانگان درێژه‌ی ده‌ده‌نێ و نانی پێوه‌ ده‌خۆن و گیرفانی پێ پڕ ده‌که‌ن و قه‌ل ئاسا و قاز ئاسا، ده‌یکه‌ن به‌ قیڕه‌قیڕ و قیژه‌ و ده‌یقۆزنه‌وه‌ و ده‌یان لێکدانه‌وه‌ و پاساوی بۆ ده‌هێننه‌وه‌ و به‌ ده‌یان جۆر ده‌یخوێننه‌وه و شییده‌که‌نه‌وه.
تێزی به‌سه‌رچوونی سه‌رده‌ه‌می گیڤارا و ماو و هۆ شی مینه و جه‌نگی چه‌کدار، تێزێکه‌ سه‌رمایه‌داری جیهانی و تاچچه‌ریزم و ڕێگنیزم و لیبراڵیزمی نوێ و بووشیزم و بازاڕی ئازاد و ئابووری بازاڕ و جیهانی یه‌کجه‌مسه‌ره‌ و  جیهانگه‌ری، که‌ هه‌موویان چه‌ند ناوێکی جیاوازن بۆ یه‌ک شت، بره‌وی پێ ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌ سه‌ر هه‌موو جیهانیدا بسه‌پێنن. ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌تی فه‌رمیی  نێوده‌وڵه‌تی ساڵانی جیهانی یه‌کجه‌مسه‌ره‌، رێکخراوگه‌لێکی وه‌ک ڕێکخراوی له‌شکری کۆماریی ئایرلاند(IRA)ی و ڕێکخراوی له‌شکری سوور(Brigate rosse)ی ئیتالی و ڕێکخراوی بادر ماینهۆف(Baader- Meinhof)ی ئه‌ڵمانی و ڕێکخراوی و باسکستان و ئازادی(ETA) و له‌شکری ئازادی نیشتمانیی زاپاتیست (EZLN)ی ده‌ڤه‌ری (چیاپاس)ی مه‌کسیک، که‌ ڕێکخراوگه‌لێکی ئازادیخواز بوون و ئازادیخوازن،  ته‌نیا له‌ پێناوی پاراستنی سه‌رمایه‌ و بازاڕی ئازاددا، کپ کرانه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ وڵاتگه‌لیکی وه‌ک ئه‌وروپادا گۆڕینی خه‌باتی چه‌کدار بۆ‌ گوتوبیژ تا ڕاده‌یه‌ک بخوات و کاری پێ بکرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تورکدا هه‌رگیز ناخوات و تورک له‌ وه‌ها شۆخییه‌ک هه‌رگیز تێناگات.
ئێستاش پڵنگه‌کانی تامیل له‌ سیریلانکا و ماویسته‌کانی نیپاڵ و حیزبوڵڵاهییه‌کانی لوبنان و حه‌ماسییه‌کانی فلستین، بزاڤگه‌لێکن چه‌کیان فڕێ نه‌داوه‌ و دژی نه‌یاره‌کانیان به‌کاری ده‌به‌ن. هیچ یه‌کێک له‌ نه‌یاره‌کانی ته‌واوی ئه‌و بزاڤه‌ چه‌کدارییانه‌ به‌ ڕێکخراوی (ETA) و (IRA) و  بادر ماینهۆف و له‌شکری سووریشه‌وه‌، هێنده‌ی نه‌یاره‌که‌ی په‌که‌که‌ و کورد، که‌ تورکیایه‌، دڕنده‌ و سه‌رسه‌خت و توندوتیژ نه‌بوون و نین.
هه‌ن پێیانوایه‌،‌ ‌ گوشاری ئه‌مه‌ریکا یا خه‌ڵکی تر، تورکیای سارد کرده‌‌وه‌ له‌ هێرش کردن.
هه‌ن پییانوایه‌، ده‌لاقه‌یه‌ک ڕووناکی له‌ سیاسه‌تی تورکیادا وه‌دی ده‌کرێت و ئاوه‌ز له‌ ئه‌نکه‌ره‌ و ئیسته‌نبول جێی که‌لله‌شه‌قی و سه‌رگه‌رمی ده‌گرێته‌وه‌.
هه‌ن پێیانوایه‌، به‌وه‌ی تورکیا به‌ره‌و یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا ده‌چێت، ئیدی ڕه‌وشی کورد له‌ باکووری کوردستان ده‌گۆڕێت و تورکیایش نه‌رمونیانتر له‌گه‌ڵ کورددا به‌گشتی هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات.
سه‌رانی باشووری کوردستان، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیان و بۆ پاراستنی پێوه‌نده‌ توندوتۆڵه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵ تورکیادا، به‌ هه‌موو جۆرێک ملکه‌چی هه‌ڕه‌شه‌ و خۆگیڤکردنه‌وه‌ی تورکیان.                   
تورکیا به‌ هه‌ندێک گه‌ف و ده‌نگه‌ده‌نگ، هه‌موو ئامانجه‌کانی خۆی ئه‌نگاوت و هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی سه‌رانی  باشووری کوردستانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یویست، وا به‌ره‌به‌ره‌ ئه‌نجامی ده‌دات.                                  
 باره‌گاکانی پارتی چاره‌سه‌ر، که‌ هه‌واداری په‌که‌که‌ن داده‌خرێن.
 ئابڵۆقه‌ی ئابووری و هاتووچۆ و ڕاگه‌یاندن ده‌خرێته‌ سه‌ر په‌که‌که و بنکه‌کانی قه‌ندیلیان و به‌ره‌به‌ره‌ هه‌وڵی وه‌ده‌رنان و چووڵکردنی قه‌ندیلیان پێ ده‌درێت.                                                          
سه‌ربازه‌ دیله‌کانی تورکیا، که‌ له‌کن په‌که‌که‌ دیل بوون، سووک و ئاسان و مفت و بێ هیچ مه‌رجێک    به‌ هۆی سه‌رانی کوردی باشووره‌وه‌، ئازاد کران و ساغ و سه‌لیم درانه‌وه‌ ده‌ست تورکیا.                           
یه‌ک هه‌نگاو، یه‌ک ده‌نگ، یه‌ک جووڵه‌ی دژه‌ تورکیا، نه‌ له‌ ڕاگه‌یاندن و میدیا و ده‌سه‌ڵات و بواره‌ فه‌رمییه‌کاندا و نه‌ له‌ بازاڕ و جاده‌ و باژێڕ و له‌نێو خه‌ڵکی کوردی باشووردا، دوای ئارامبوونه‌وه‌ی ئه‌و که‌فوکوڵه‌، نه‌ما و سه‌رانی کورد وه‌ک به‌شێک له‌ سازش و خۆشلکردن بۆ تورکیا، هه‌موویان هێور کرده‌وه.                                                                                                                    
چه‌قه‌نه‌ و زوڕنالێدان، بۆ کاڵا و شتومه‌کی تورکیا، بێ هیچ ڕاوه‌ستان و که‌مبوونه‌وه‌یه‌ک، له‌ هه‌موو ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستانه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و خه‌ڵکی کوردستانیش له‌ کڕین و فرۆشتنی خۆیان   له‌گه‌ڵ تورکیادا نه‌که‌وتوون و کاڵای تورکیا هه‌ر به‌کار ده‌به‌ن و خۆراک و خواردنه‌وه‌ی تورکیا هه‌ر ده‌خۆن و نۆش ده‌که‌ن و کووتاڵی تورکیایش هه‌ر ده‌پۆشن و له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی تورکیاشدا هه‌ر هاوکاری ده‌که‌ن و چ ساردییه‌کیشیان له‌کن وه‌دی ناکرێت.                                                          
تورکیا، به‌ره‌و یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا بچێت یا نه‌چێت و له‌ هه‌ڕه‌شه‌کانیدا هێور بووبێته‌وه‌ یا نه‌، هه‌رگیز له‌ دژایه‌تیکردنی خه‌ڵکی کورد و وڵاتی کوردستان، که‌م ناکاته‌‌وه.                                                    
دڵخۆشبوون به‌وه‌ی تورکیا و به‌رپرسانی نه‌رمی ده‌نوێنن و قسه‌ی ئارام ده‌که‌ن یا بزه‌ و خه‌نده‌ و گوڵباران و ڕۆشناییه‌ک له‌ تورکیای که‌مالیستانه‌وه‌،‌ به‌ کورد ببه‌خشرێت و به‌ سه‌ر کورددا ببارێنرێت، خۆگێلکردنه‌ له‌ سروشتی تورکیا وه‌ک ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ت و له‌ تاریکایی و ژار و کیمیایی و قڕکردن و تواندنه‌وه‌یش زیاتر چ مزگێنییه‌کی دیکه‌ی بۆ کورد، پێ نییه.                                                                         
‌ئه‌مه‌ریکا به‌ ئاشکرا هاریکاریی تورکیا له‌ دژایه‌تیکردنی په‌که‌که‌دا ده‌کات و هه‌موو زانیارییه‌کی سیخوڕییانه‌ له‌مه‌ڕ په‌که‌که‌ و جموجووڵ و بنکه‌ و مه‌کۆکانیانه‌وه‌ ده‌داته‌ تورکیا و وه‌ک تورکیاش په‌که‌که‌ به‌ دوژمنی خۆی ده‌زانێت. سه‌رباری ئه‌وانه‌ش ئه‌مه‌ریکا به‌ تورکیا ناڵێ:" نابێ هێرش بکه‌یت"، به‌ڵکه‌ ده‌ڵێ:" هێرش مه‌که‌". له‌ نێوان ئه‌و دوو گوتنه‌شدا جیاوازییه‌کی مه‌زن و به‌رین هه‌یه.  ئه‌مه‌ریکا به‌ فلستینییه‌کان ده‌ڵێ:" نابێ دژی ئیسرائیل بجه‌نگن".  ئه‌مه‌ریکا به‌ ئێران ده‌ڵێ:" نابێ چه‌کی ناوکییت هه‌بێت". ئه‌مه‌ریکا به‌ کووبا ده‌ڵێ:" کاسترۆ دیکتاتۆره‌ و ڕێژیمی کووبا ده‌بێ بڕووخێ".  ئه‌مه‌ریکا به‌ تورکیای نه‌گوتووه:" نا، نابێ، نه‌ء". دڵخۆشی کورد به‌ به‌ڵێنی ئه‌مه‌ریکا نیشانه‌ی مایه‌پووچی سیاسه‌تی سه‌رکرده‌یه‌تیی کورده‌.                                                                                                      
ئه‌مه‌ریکا و یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپایش، له‌ باشترین حاڵدا، بێجگه‌ له‌ که‌چه‌مافێکی فه‌رهه‌نگی و زمان و خوێندن، هیچی دیکه‌ به‌ باکووری کوردستان ڕه‌وا نابینن.                                                           
ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق و عه‌ره‌بی عیراق و هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بیش، هه‌ر له‌ دژی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ خودان نیبچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی باشووری کوردستان، هاوسۆزی تورکیان و قسه‌ و کرده‌وه‌کانیان له‌گه‌ڵ سه‌رانی باشووری کوردستاندا یه‌ک ده‌گرنه‌وه.                                                                                    
‌ چه‌کدانان و ده‌ستبه‌رداربوون له‌ خه‌باتی چه‌کداری وه‌ک سه‌رانی کورد و کاوێژکارانیان بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، ته‌نیا خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت په‌که‌که‌یش به‌ ده‌ردی چه‌کداره‌کانی خۆیان به‌رن، که‌ ئه‌وه‌ی پێ ده‌گوترێ گیانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و خۆڕاگریی له‌ کنیان نه‌ماوه.                                 
ڕه‌نگه‌ تاکه‌ هه‌ڵه‌یه‌ک له‌ خه‌باتی چه‌کداریی په‌که‌که‌دا، که‌ ‌ هه‌بێت ئه‌وه‌ بێت، که‌ جه‌نگی چه‌کداری خۆی له‌ کوردستان چ باشوور و چ باکووری ناگوێزێته‌وه‌ بۆ ناو خاکی تورکیا، مه‌به‌ستم تورکستانه گواستنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ بۆ ئه‌نکه‌ره‌ و ئیسته‌نبووڵ و ئیزمیر و باژێڕه‌ تورکیاییه‌کانی دیکه‌، تورکیا له‌ سیاسه‌تی چه‌وت و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی خۆی ئاگادار ده‌کاته‌وه‌ و خاستریش تێیانده‌گه‌یه‌نێت، که‌ ئازار و ئێش و ماڵوێرانی چییه‌ و کوردستانیش له‌ وێرانبوونی دوور ده‌خاته‌وه.                                          
ئه‌وی ده‌ڵێ جه‌نگی چه‌کداری و بیروباوه‌ڕی گیڤارا، ماو  یا هۆ شی مینه‌، کاتی به‌ سه‌ر چووه‌ و باوی نه‌ماوه‌، ڕێگه‌ له‌ کورد ده‌گرێت و خه‌ڵکی کورد چاوبه‌ست ده‌کات و وره‌ و هێزی گه‌لی کوردستان ده‌ڕووخێنێت و ده‌رگا له‌ خۆی کڵۆم ده‌کات و  دیوار و به‌ربه‌ست بۆ خۆی ساز ده‌کات، بۆ ڕۆژێک، که‌ ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ داگیرکارانی کوردستاندا، هیج زمان و قانوون و ئاوه‌ز و ژیرییه‌ک وه‌ده‌رد نه‌خوات.                   
ئه‌وی ئه‌گه‌ری خه‌باتی چه‌کدار وه‌لا ده‌نات، ئاڵای سپی هه‌ڵده‌کات و خۆ ده‌داته‌ ده‌سته‌وه‌.
ئه‌وی جاڕی مه‌رگی خه‌باتی چه‌کداری و جاڕی مه‌رگی گیڤارا و گیڤاریزم ده‌دات، جاڕی مه‌رگی که‌رکووک و  مووسڵ و دیاله‌ و کووت و هه‌‌موو ده‌ڤه‌ره‌ داگیرکراوه‌کانی دیکه‌ی باکوور و ‌ و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوای کوردستان ده‌دات، که‌ هیچ قانوونێک نایانخاته‌وه‌ سه‌ر کوردستان و له‌ داگیرکاران ڕزگاریان ناکات.                                                                                                                      
جاڕی مه‌رگی جه‌نگی چه‌کداری، جاڕی مه‌رگی هه‌موو سته‌مدیده‌ و چه‌وساوه‌ و به‌شخوراوانی جیهانه‌. جه‌نگی چه‌کداری و بیروباوه‌ڕی گیڤارا و ماو هۆ شی مینه، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی نادادی و نایه‌کسانی و نابه‌رابه‌ری و چه‌وساندنه‌وه‌ و مافخوراوی و سته‌م و هه‌ژاری و داگیرکردن له‌ سه‌ر ڕووی ئه‌م زه‌وییه‌ هه‌بێت، هه‌رگیز سه‌رده‌میان به‌سه‌ر نه‌چووه‌ و به‌سه‌ریش ناچێت.                                             
تا سه‌رمایه‌دار‌ی هه‌بێت، بیروباوه‌ڕی گیڤارا هه‌ر ده‌مێنێت و جه‌نگی چه‌کدارییش به‌شێکی دانه‌بڕاو ده‌بێت له‌ خه‌باتی چه‌وساوان و مافزه‌وتکراوانی جیهان.                                                        
ئێمیلیانۆ زاپاتا سالازار(Emiliano Zapata Salazar )ی ڕێبه‌ری شۆڕشی (مه‌کسیک)ی ساڵی 1910، ده‌ڵێ:"باشتره‌ به‌ سه‌ر پێوه‌ بمرێت‌ له‌وه‌ی به‌ سه‌ر ئه‌ژنۆوه بژیت‌".
2007-11-30

  ‌


  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...