Monday, September 4, 2006

کێشه‌ی ئاڵا

کێشه‌ی ئاڵا


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی


به‌ درێژایی مێژوو وبوون و ژیانی مرۆڤ، مرۆڤ گه‌لێ شتی ماددی له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی و ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێدا ده‌ژی، هه‌ڵبژاردووه‌ و کردوونی‌ به‌ نیشانه‌ و پیرۆزییه‌کی پێ به‌خشیون. زۆر شت هه‌ن، ئه‌گه‌ر مرۆڤ ناوێکیان لێ نه‌نێت و بایه‌خێکیان پێ نه‌دات و وه‌ک پیرۆزییه‌ک ته‌ماشایان نه‌کات، بۆ خۆیان هیچ نین. ئاڵا، که‌ له‌ پارچه‌ په‌ڕۆیه‌ک پێکدێت، یه‌کێکه له‌و شتانه‌. ئاڵا، نیشانه‌یه‌که‌ هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌کی شوێنێک، گرۆیه‌ک، کۆمپانیایه‌ک، تیمێک، کۆمه‌ڵه‌خه‌ڵکێک، گه‌لێک، ده‌سته‌یه‌ک، فرۆشگه‌یه‌ک، شارێک، ئایینێک، ئایینزایه‌ک، خێڵێک، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک، حیزبێک، نه‌ته‌وه‌یه‌ک و وڵاتێکه‌. ئاڵا، هێمای یه‌کخستنی هه‌موو یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ و جوێکردنه‌وه‌ی هه‌موو دووانێکه‌ له‌وانه‌. ئاڵا، سه‌رچاوه‌ی پاراستنی یه‌کیه‌تییه‌ بۆ هه‌ندێک و سه‌رچاوه‌ی ماڵوێرانی و په‌رتبوونه‌ بۆ هه‌ندێکی دیکه‌. ئاڵای لایه‌نێک بۆ خه‌ڵکانی سه‌ر به‌و لایه‌نه‌‌ پیرۆزه‌، لێ مه‌رج نییه‌ بۆ لایه‌نێکی دیکه‌ پیرۆز بێت. پیرۆزیی ئاڵا مرۆڤ بۆ خۆی ئافراندوویه‌تی و پێی داوه‌، ده‌نا ئاڵا وه‌ک پارچه‌ په‌ڕۆیه‌ک، ئه‌گه‌ر نێوی ئاڵای لێنه‌نرێت، هیچ پیرۆزییه‌کی نییه‌.                                                                             
*****
هه‌ر له‌ دوای 1991ه‌وه، که‌ ئیدی به‌شێک له‌ باشووری کوردستان له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمی به‌غدا ڕزگاری بوو و که‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌ کوردستانییه‌کانه‌وه‌، ئاڵای کوردستان به‌ ئاشکرا له‌و به‌شه‌دا هه‌ڵکرا و بوو به‌ دیارده‌یه‌کی ڕۆژانه‌ و ئاسایی.  ئاڵای کوردستان له‌ 1991ه‌وه‌ تا ڕووخانی به‌عس له‌ ئه‌پریلی 2003دا، تاکه‌ ئاڵایه‌کی شه‌کاوه‌ بوو له‌ به‌شه‌ ڕزگارکراوه‌که‌ی باشووری کوردستاندا. پاش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسیش، له‌ ده‌ڤه‌ری ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیی دیموکراتی کوردستان، ئاڵای عیراق هه‌ر هه‌ڵنه‌کرایه‌وه و ته‌نێ ئاڵای کوردستان له‌ ئارادا هه‌بوو‌، لێ له‌ ده‌ڤه‌ری ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان(کارگێڕی سلێمانی)،  هه‌ر پاش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، ئاڵای عیراق هه‌ڵکرایه‌وه‌ و له‌ ته‌نیشت ئاڵای کوردستانه‌وه‌ چه‌قێنرا. هه‌ڵکردنی ئاڵای عیراقی به‌عس هه‌ر ڕێک له‌ دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له‌ ده‌ڤه‌ری حوکوومه‌ته‌که‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، ڕێک وه‌ک درێژه‌دانێک بوو به‌ هێماکانی به‌عسی ڕووخاو و گیانبه‌به‌رداکردنی ڕێژیمه‌ داته‌پیوه‌که‌ی. یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و سه‌رکرده‌یه‌تییه‌که‌ی هه‌ر له‌ خۆڕا و بێبیرکردنه‌وه‌ ئاڵای عیراقی به‌عسیان هه‌ڵنه‌کرده‌وه‌، ئه‌وان وه‌ک حیزب و خه‌ڵکانێکی خۆبه‌عیراقیزان، هه‌موو هه‌ڵپه‌یه‌کیان بۆ عیراق بوو. ئه‌وان و به‌ تایبه‌ت  سه‌رکرده‌یه‌تیی جه‌لال تاڵه‌بانی، به‌ هۆی پێوه‌ندێکی توندوتۆڵ و له‌مێژینه‌یان له‌گه‌ڵ به‌عسدا و له‌گه‌ڵ ڕێژیمی به‌غدادا تا دوا هه‌ناسه‌ی ئه‌و ڕێژیمه‌ پێیان سه‌خت بوو، ئاڵای کوردستان به‌ ته‌نێ دابنێن و سه‌دان پاساویان بۆ دانانی ئاڵای عیراق ده‌هێنایه‌وه‌.                                                                 
*****
له‌ 1-9-2006دا سه‌رۆکی کوردستان، مه‌سعوود بارزانی، بڕیاری وه‌لانان و هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاڵای ئێستای عیراقی، که‌ ئاڵای به‌عس و ڕێژیمه‌که‌یه‌تی و له‌ په‌نایدا هه‌زاران تاوان دژی گه‌لی کوردستان ئه‌نجام دراوه‌ و هێمایه‌کی سه‌دله‌سه‌دی شۆڤینیزمی عه‌ره‌بییه‌ و هه‌ڵکردنی ته‌نێ ئاڵای کوردستانی له‌ کوردستان، ده‌رکرد. وه‌ها بڕیاریک و پاساوێک بۆ ده‌رکردنی له‌ لایه‌ن مه‌سعوود بارزانییه‌وه‌ کارێکی نوێ نییه‌، به‌ڵکه‌ له‌مێژه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی مه‌سعوود بارزانییدا کاری پێ کراوه‌. وه‌ها بڕیارێک جێی دڵخۆشیی هه‌موو کوردێکه‌ و بڕیارێکی بوێرانه‌ و باشه‌. ئه‌م بڕیاره‌ ئێستاکه‌ بۆ ده‌ڤه‌ره‌که‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌، که‌ هێشتا و تا ئێستاکه‌یش، ئاڵای عیراقی تێدا ده‌شه‌کێته‌وه‌! مه‌سعوود بارزانی، ئێستاکه‌ وه‌ک سه‌رۆکی کوردستان، به‌ ده‌ڤه‌ره‌که‌ی یه‌کیه‌تییشه‌وه‌، به‌م بڕیاره‌ی ده‌یه‌وێت یه‌کیه‌تیی هه‌ردوو ده‌ڤه‌ره‌که‌ و یه‌کیه‌تیی کارگێڕی کوردستان بسه‌لمه‌نێت. ئه‌م بڕیاره‌ی بارزانی کاریگه‌رییه‌کی ده‌سبه‌جێیی کرده‌ سه‌ر عیراقییان و عه‌ره‌بان، که‌ له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌،‌ ده‌میان له‌ بارزانی کرده‌وه‌ و دیسانه‌وه وه‌ک پیشه‌ی هه‌مووده‌مێکیان،‌ به‌ جیابوونه‌وه‌خواز و تێکده‌ر و...ده‌یان شتی دیکه‌ نه‌ک هه‌ر ئه‌و به‌ڵکه‌ هه‌موو کوردیان تۆمه‌تبار کرده‌وه‌. عه‌ره‌ب و ناکوردانی دیکه‌، هه‌رگیز چاویان به‌رایی نادات، که‌ ئاڵای کوردستان به‌ ته‌نیا بشه‌کێته‌وه‌ و ئه‌وان  ئه‌و ئاڵایه‌ به‌ نیشانه‌ی دژایه‌تی عه‌ره‌ب و جیاخوازیی و له‌تکردنی خاکی عه‌ره‌ب، که‌ کوردستانیش به‌ به‌شێک له‌و خاکه‌ داده‌نێن، ده‌زانن.                                                                             
*****
که‌ بیرێک له‌ هه‌ڵوێستی ته‌واوی عه‌ره‌ب و عیراقییان ده‌که‌یته‌وه‌ ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که‌ ته‌واوی هه‌وڵ و کۆشش و خۆشه‌که‌تکردنێکی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان، له‌ پێش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس و دوای ڕووخانی، بۆ پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق و دروستکردنه‌وه‌ی عیراق و  هه‌ڵبژاردنی فیدرالی و ده‌نگدان بۆ په‌رله‌مانی عیراق و ده‌نگدان بۆ ده‌ستووری عیراق و به‌شداربوون له‌ حوکوومه‌تی به‌غدا و هه‌موو جۆره‌ کارێکی عیراقییانه‌، بێجگه‌ له‌ بێهووده‌یی هیچی دیکه‌ نه‌بووه‌. ته‌واوی ئه‌و کارانه‌ به‌ فیڕۆبردنی وزه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بووه‌ و گاڵته‌کردن بووه‌ به‌ مێژوویه‌کی دوورودرێژی خه‌بات و شؤڕش و قوربانیدانی خه‌ڵکی کوردستان. هه‌ر دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس،  سه‌رکردیه‌تیی سیاسیی کوردستان ده‌بوو هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی خاڵی جوێبوونه‌وه‌ نه‌ک هاوبه‌ش  له‌گه‌ڵ عیراقدا بێت و ده‌بوو بێپێچوپه‌نا باسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بهێنێته‌ گۆڕی و بیدا به‌ گوێی ئه‌مه‌ریکا و عیراق و هه‌موو عه‌ره‌ب و ئه‌وانی دیکه‌یشدا.                                                                                      
*****
ئه‌گه‌ر یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان له‌ ده‌ڤه‌ری ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا و هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌که‌می ڕووخانی به‌عسه‌وه‌،‌ ئه‌و ئاڵایه‌ی عیراقی هه‌ڵنه‌کردبا و وه‌لای نابا و ته‌نێ ئاڵای کوردستانی هه‌ڵکردبا، ئه‌وا ئێستا پێویستی به‌ ده‌رکردنی وه‌ها بڕیارێک له‌ لایه‌ن بارزانییه‌وه‌ نه‌ده‌بوو. به‌ڵکه‌ هه‌موو باشووری کوردستان بێ ئاڵای عیراق ده‌بوو. ئه‌و عیراقی و عه‌ره‌ب و بیانییانه‌ی هاتوچۆی هه‌ولێر و دهۆک و ده‌ڤه‌ری پارتییان ده‌کرد، هه‌موو به‌وه‌ ڕاهاتبوون، که‌ ته‌نێ ئاڵای کوردستان له‌وێ ببینن، لێ هه‌ر ئه‌وانه‌، که‌ ده‌چوونه‌ ده‌ڤه‌ری یه‌کیه‌تیی ئاڵای عیراقیان له‌وێ ده‌بینی و ئه‌وه‌ جێی پرسیار بوو بۆ ئه‌وان، که‌ بۆ له‌ سلێمانی ئاڵای عیراق هه‌یه‌ و له‌ هه‌ولێر نییه‌! ئه‌گه‌ر هاتبا له‌و ده‌ڤه‌ره‌ی یه‌کیه‌تییش ئاڵای عیراق نه‌بووایه‌، ئه‌وا عیراقی و عه‌ره‌ب و بیانییان به‌وه‌ ڕاده‌هاتن، که‌ هه‌موو کوردستان ئاڵای عیراقی تێدا نییه‌ و ته‌نێ ئاڵای کوردستانی تێدایه‌. که‌ وه‌ها بووایه‌ ئه‌وده‌می ئه‌م هه‌رایه‌ی ئێستا ساز بووه‌ و شۆڤینیستانی عه‌ره‌ب هێناویانه‌ته‌ گۆڕێ، ساز نه‌ده‌بوو، یا ئه‌گه‌ر هه‌ر سازیش بووایه‌، ئه‌وا زووتر ساز ده‌بوو و تا ئێستا و دوای ئه‌و ماوه‌ زۆره‌، ئه‌نجامێکی دیکه‌ی هێنابووه‌ گۆڕێ.                                                                                                           
*****
ئه‌وه‌ی به‌ من مه‌ترسی لێ ده‌کرێت و جێی ڕامان و سه‌رنجه‌ و سه‌رکردیه‌تیی سیاسیی کوردستان گه‌ره‌که‌ له‌به‌رچاوی بگرێت ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌م کێشه‌ی ئاڵایه‌:                                                                    
1.  به‌ دنه‌دانی ئه‌مه‌ریکا و عه‌ره‌ب و ته‌واوی ناکوردان، به‌ره‌و ئه‌وه‌ ببرێت، که‌ ببێته‌ به‌شێک له‌ نه‌خشه‌ی سازکردنی جه‌نگی نێوخۆیی له‌ عیراقدا.  هه‌موو جیهان باس له‌وه‌ ده‌کات، که‌ عیراق به‌ره‌و جه‌نگێکی نێوخۆیی ده‌چێت. ئه‌گه‌ر جه‌نگی نێوخۆیی ئه‌وه‌ بێت، که‌ خه‌ڵک له‌ سه‌ر جیاوازیی ئایینزایی و نه‌ته‌وه‌یی و... یه‌کدی بکوژن، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عیراقدا ڕووده‌دات، بێجگه‌ له‌ جه‌نگی نێوخۆیی هیچی دیکه‌ نییه‌. ڕۆژانه‌ ده‌یان که‌س ده‌بنه‌ قوربانیی ئایینزا و نه‌ته‌وه‌ و...ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و ئینگلستان و تورکیا و ئێران و سووریا و عه‌ره‌ب، هه‌موو ده‌یانه‌وێت عیراق به‌ره‌و ئه‌و جه‌نگه‌ ببه‌ن. ئه‌وان بۆ خۆیان ئه‌و جه‌نگه‌یان سازکردووه‌ و به‌رده‌وام ئاگره‌که‌ی خۆش ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ کوردستان دووره‌ له‌و ئاگره‌ هیج ڕاست ناکات. که‌رکووک نموونه‌یه‌کی زیندووی ڕۆژانه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌یه‌. له‌ دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه‌ تا ئێستا سه‌دان ته‌قینه‌وه‌ و کوشتن له‌ هه‌ولێر و که‌رکووک و سلێمانی و مووسڵ و جه‌له‌ولا و خانه‌قین و خورماتوو و ده‌یان شوێنی دیکه‌ی باشووری کوردستان ڕوویان داوه‌. ته‌واوی ئه‌وانه‌یش به‌شێک بوونه‌ له‌ جه‌نگی نێوخۆیی.   بڕیاره‌که‌ی بارزانی وه‌ک ده‌بینین بووه‌ته‌ هۆی ورووژاندنی هه‌موو عیراقییان و هه‌موو عه‌ره‌ب و سبه‌ی ده‌بێته‌ هۆی نیگه‌رانی تورکیا و ئێرانیش. هه‌موو ئه‌مانه‌یش‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌ تێکه‌ڵاوه‌کانی  کوردستاندا (که‌رکووک و مووسڵ و جه‌له‌ولا و خورماتوو و شه‌نگال و مه‌خموور و...) هه‌وڵی سازکردنی جه‌نگی عه‌ره‌ب-کورد، تورکمان-کورد، ئاشووری- کورد و ته‌نانه‌ت کورد-کورد و  هه‌موو جۆره‌ جه‌نگێکی دیکه‌ ده‌ده‌ن. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان(وه‌ک هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک)، که‌ پێشتر عه‌ره‌بی تێدا نه‌بوون، ئێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد پڕیان له‌ عه‌ره‌ب کردوون. سبه‌ینێ ئه‌وانه‌یش ده‌بنه‌ به‌ڵایه‌کی دیکه‌ و سه‌دان خراپه‌یان پێ ده‌کرێت. ڕه‌نگه‌ شۆڤینیستانی عه‌ره‌ب هه‌وڵی خۆشکردنی ئاگری جه‌نگێکی له‌و جۆره‌ی دژ به‌ کورد بده‌ن.                                                                                             
2. عه‌ره‌ب ئێستا بۆ خۆیان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ کورد ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ عیراق جودا بێته‌وه،‌ با به‌ ئاشکرا و ڕێکوڕه‌وان هاوار بکات و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان جاڕ بدات. عه‌ره‌ب و ته‌واوی ئه‌وانی دیکه‌یش، که‌ باس له‌ ده‌وڵه‌تی کوردستان ده‌که‌ن، مه‌به‌ستیان ته‌نێ ئه‌و کوردستانه‌یه‌، که‌ پێش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورددا بووه‌، واته‌: دهۆک، هه‌ولێر و سلێمانی. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان، که‌ تا ئێستا هیچی بۆ گێڕانه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی وه‌ک که‌رکووک و خورماتوو و شه‌نگال و مووسڵ و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و به‌دره‌ و...نه‌کردووه‌ و پێشناچێت هیچ بکات، دوور نییه‌ گوشاری عه‌ره‌ب و ئه‌مه‌ریکا و هه‌موو ئه‌وانی له‌و بازنه‌یه‌دان، کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی بکه‌نه‌ سه‌ر، که‌ به‌و جوگرافیایه‌ی له‌ته‌کوردستانه‌ی ئێستاکه‌ی(دهۆک، هه‌ولێر، سلێمانی) قایل بێت و به‌م بڕیاره‌ی ئێستای ئاڵایه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ریکایش چرای که‌سکی بۆ هه‌ڵکردبێت، ڕه‌وشه‌که‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ببات، که‌ که‌چه‌ کوردستانێکی بێکه‌رکووک، بێمووسڵ، بێدیاله‌، که‌ عه‌ره‌بیش دژی نابن، چێ بکات. هه‌روه‌ک چۆن ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ زاخۆ یا هه‌ر جێگه‌یه‌کی ئه‌م کوردستانه‌ی ئێستای ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان، وه‌ک ڕێگه‌خۆشکردنێک بۆ دوورکه‌وتنه‌وه‌ و ده‌ستبه‌رداربوون و ده‌ستشۆردن له‌ که‌رکووک و خانه‌قین و مووسڵ و شوێنه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، دێته‌ پێش چاو، هه‌ر به‌و جۆره‌یش قایلبوونی عه‌ره‌ب به‌ چێکردنی کوردستانێکی پێکهاتوو له‌ سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆک، ده‌ستبه‌رداربوون و ده‌ستشۆردنه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌.                                                                                                                       
*****
مه‌سعوود بارزانی و سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان، به‌م بڕیاره‌ له‌مه‌ڕ تووڕهه‌ڵدانی ئاڵای به‌عس و هه‌ڵکردنی ته‌نێ ئاڵای کوردستان، هه‌نگاوێکی بوێرانه‌یان ناوه‌. خه‌ڵکی کورد له‌ ته‌واوی کوردستان و ده‌رێی کوردستانیش ده‌بێ ده‌ستخۆشییان لێ بکه‌ن و پشتیوانیی له‌ بڕیاره‌که‌یان بکه‌ن و هه‌موو توانستی خۆیان ته‌رخان که‌ن بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی شۆڤینیستانی عه‌ره‌ب و ناکوردانی دیکه‌، به‌ڵام گرنگترین شتێک، که‌ گه‌ره‌که‌ به‌ هیج جۆرێک چاوپۆشیی لێ نه‌کرێت و که‌مته‌رخه‌می له‌باره‌وه‌ نه‌کرێت، پرسی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی کوردستانه‌، که‌ هێشتا نه‌خراونه‌وه‌ سه‌ر کوردستان.  با لابردنی ئاڵای عیراق و هه‌ڵکردنی ته‌نێ ئاڵای کوردستان نه‌بێته‌  هۆی:                                                              
-  بڕینه‌وه‌ی باسی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌، که‌ سه‌دان ساڵه‌ خه‌ڵکی کورد قوربانییان بۆ ده‌دات. که‌رکووک کێشه‌ی ته‌واوی گه‌لی کوردستانه‌ له‌ ڤان و بتلیس و ئورفه‌ و عه‌فرین و ورمێوه‌ تا ده‌گاته‌ به‌درره‌ و ئیلام. مه‌سعوود بارزانی و سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی جیددی نه‌نێن بۆ گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌، که‌ گه‌لێک دره‌نگه‌، ئه‌وا عه‌ره‌ب و ته‌واوی ناکوردان و له‌ پشتیشیانه‌وه‌ زلهێزان، گه‌لی کوردستان ده‌خزێننه‌ قوژبنی ته‌سکی قایلبوون به‌ کوردستانێکی بێکه‌رکووک و بێمووسڵ و بێدیاله‌ و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌، که‌ ئه‌وده‌می ئیدی نه‌ک هه‌ر هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان هیچ واتایه‌کی نابێت، به‌ڵکه‌ سڕینه‌وه‌ی مێژوویه‌ک ئه‌نجام ده‌درێت و شه‌هیده‌کان له‌ گۆڕه‌کانیان ده‌رده‌هێنرێنه‌وه‌ و پرۆسێسی خیانه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی جێبه‌جێ ده‌کرێت.                                             
- پشتگوێخستنی خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان، له‌ دابینکردنی ئاساییترین پێویستییه‌کانی ژیانیان و نه‌بێته‌ هۆی پێشێلکردنی مافه‌ ڕه‌واکانیان.                                                                
- فه‌رامۆشکردن و خۆدزینه‌وه‌ له‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان له‌ سه‌ر ته‌واوی خاکی باشووری کوردستان.                                                                                                 
                                                                           
4-9-2006
                                                                                       

‌

Friday, August 25, 2006

کوردستان بۆ کاسه‌لێسان به‌هه‌شته‌

کوردستان بۆ کاسه‌لێسان به‌هه‌شته‌

ئه‌مجه‌د‌ شاکه‌لی


کوردستان وڵاتی کورد و هه‌ندێک گه‌لێ دیکه‌یه(تورکمان، کلدان، ئاشووری، ئه‌رمه‌ن، عه‌ره‌ب و...)‌ و کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ چه‌مکێکه‌ هیچ کوردێک لاریی لێی نییه‌ و هه‌موو له‌ سه‌ری کۆکن. له‌ هه‌ر قوژبنێکی کوردستان قه‌واره‌یه‌ک یا بنکه‌یه‌ک دروست بووبێت و دروست بێت، قه‌واره‌ و بنکه‌یه‌که‌ بۆ هه‌موو گه‌لی کوردستان. که‌ کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد دروست بوو، له‌ ماوه‌ی ئه‌و یه‌ک ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا، په‌ناگه‌ و بنکه‌ و مه‌کۆ و جێژیانێک بوو بۆ هه‌زاران کوردی باشوور و باکوور و ڕۆژاوای کوردستان. که‌ شۆڕشی ڕزگاریخوازی گه‌لی باشووری کوردستان به‌رپا بوو، بێشه‌ و په‌نا و بنکه‌یه‌ک بوو بۆ هه‌موو کوردی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان. که‌ شۆڕشی باکووری کوردستان ده‌ستپێکرا، بوو به‌ مه‌کۆ و سه‌نگه‌رێک بۆ هه‌موو به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان. که‌ ئه‌م قه‌واره‌ نیمچه‌ده‌وڵه‌ت و نیمچه‌سه‌ربه‌خۆیه‌ی باشووری کوردستان چێ کرا، ده‌بوو ببێته‌ په‌ناگه‌ و پاسار و داڵده‌یه‌ک بۆ ته‌واوی کوردی هه‌موو کوردستان. جیاوازییه‌کی مه‌زنی نێوان کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد و شۆڕشی گه‌لی باشووری کوردستان و شۆڕشی گه‌لی باکووری کوردستان و ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی ئێستای باشووری کوردستان، له‌ هه‌ژاری و نه‌داری ئه‌و سێیه‌ی پێشه‌وه‌ و  ده‌وڵه‌مه‌ندی و دارایی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی ئێستای باشووری کوردستاندایه‌. زۆرینه‌ی خه‌ڵکانێکی، به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، که‌ ڕوویان ده‌کرده‌ کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد و شۆڕشی باشووری کوردستان و شۆڕشی باکووری کوردستان، خه‌ڵکانێکی بێته‌ماح و شۆڕشگێڕ و خاوێن و پێشمه‌رگه‌ و ده‌ستپاک و دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر و خاوه‌ن پرۆژه‌ بوون. زۆرینه‌ی خه‌ڵکانێکی، به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، دیاره‌ نه‌ک هه‌موو، که‌ ئه‌وڕۆ ڕوو ده‌که‌نه‌ باشووری کوردستان، خه‌ڵکانێکی خۆبه‌هونه‌رمه‌ندزان، خۆبه‌ڕۆشنبیرزان، خۆبه‌نووسه‌رزان، خۆبه‌سیاسییزان و خۆبه‌پسپۆرزانن. به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌مانه‌ له‌ دڵسۆزی و شۆڕشگێڕی و خاوێنی و نیشتمانپه‌روه‌رییان نییه‌، به‌ڵکه‌ له‌ چه‌وری و بژێوی و ته‌ڕی باشووری کوردستانه‌. به‌شێکی زۆری ئه‌مانه‌ هه‌رچی کون و قوژبنی سیخوڕخانه‌کانی وڵاتی داگیرکاری به‌شه‌ کوردستانه‌که‌ی لێیه‌وه‌ هاتوون، تاقی کردووه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌زار ئاویان داوه‌ و قولیان ته‌ڕ نه‌بووه‌. ئه‌مانه‌ ته‌ماح و قازانج و به‌رژه‌وه‌ند پاڵیی پێوه‌ ناون و پاڵیان پێوه‌ ده‌نێ، بۆ ڕووکردنه‌ باشووری کوردستان. ئه‌م جۆره‌ خه‌ڵکانه‌، که‌ ده‌چنه‌ باشووری کوردستان، له‌ ده‌وری ده‌سه‌ڵات خڕ ده‌بنه‌وه‌ و کار بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن و له‌ سه‌ر خوانی ده‌سه‌ڵات ده‌له‌وه‌ڕێن. ئه‌مانه‌ ده‌سه‌ڵات بانگهێشتنیان ده‌کات و به‌خێویان ده‌کات. ده‌سه‌ڵات زۆرترین پاره‌، باشترین هوتێل، باشترین خانوو، خۆشترین خۆراک، نوێترین ئۆتۆمبیل، هه‌موو خزمه‌تێک، هه‌رچی میدیای کوردستانه‌، ده‌خاته‌ به‌رده‌ستیان و بۆیان ڕۆ ده‌کات. ئه‌مانه‌ ڕوو له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن و به‌ باڵای ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵده‌ڵێن و په‌سنی ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن و پشت له‌ خه‌ڵک ده‌که‌ن. ئه‌مانه‌ ئاگایان له‌ خه‌ڵک نییه‌ و بۆ ئه‌مان خه‌ڵک گرنگ نییه‌، مادام بۆ خۆیان باش ده‌ژین و گیرفانپر و زگ و به‌رزگتێرن، ئیدی هیج شتێک بۆ ئه‌وان گرنگ نییه‌ و  کوردستانیش بۆ وه‌ها خه‌ڵکانێک به‌هه‌شته‌ و بۆ هه‌ژارانیش سته‌مخانه‌!                                                                                   
له‌ کاتێکدا، که‌ له‌ کفری، که‌لار، چه‌مچه‌ماڵ، ده‌ربه‌ندیخان، زه‌ڕایه‌ن، سلێمانی و...خه‌ڵک بۆ کاره‌با، ئاو، سووته‌مه‌نی، به‌نزین و داد، ڕێپێوان و خۆپێشاندانیان ده‌کرد و هاواریان ده‌کرد و ده‌چوونه‌ سه‌ر جاده‌ و چه‌کدارانی ده‌سه‌ڵات به‌ گولله‌ وه‌ڵامیان ده‌دانه‌وه‌، له‌ کاتێکدا، که‌ له‌ تاسلووجه‌ کارگه‌ران بۆ بڕێک باشترکردنی گوزه‌رانیان و بڕێک زیادکردنی کرێیان هاواریان ده‌کرد و چه‌کدارانی کۆمپانیایه‌کی پاسه‌وانیی کۆنه‌سیخوڕێکی به‌عس وه‌به‌ر گولله‌یان ده‌دان، له‌ کاتێکدا، که‌ ته‌واوی باشووری کوردستان به‌ ده‌ستی گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵات و دزانی ده‌سه‌ڵاتدار و نه‌داری و نه‌بوونی ئازادی و به‌ڵێنی درۆ و فریودانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، له‌ وه‌ها کاتێکدا سه‌رۆکی کوردستان، مه‌سعوود بارزانی، پێشوازیی له‌ گوڵستان په‌روه‌ر و شڤان په‌روه‌ر ده‌کات!                                                                                                        
سه‌رۆکی کوردستان، له‌ باره‌گای تا‌یبه‌تی خۆی چاوی به‌‌ هونه‌رمه‌ند گوڵستان په‌روه‌ر ده‌که‌وێت!
سه‌رۆکی کوردستان، گوڵستان په‌روه‌ر و شڤان په‌روه‌ر ئاشت ده‌کاته‌وه‌!
گوڵستان په‌روه‌ر و ده‌یانی وه‌ک وێ، که‌ نێوی هونه‌ر‌مه‌ندیان له‌ خۆ ناوه‌ و هه‌رچی ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستانه‌ له‌ خزمه‌تیاندایه‌ و شه‌و و ڕۆژ به‌ ناهونه‌ر و نامووزیک و وێنه‌ی ناپه‌سه‌ند مێشکی مرۆڤی کورد ده‌شڵه‌قێنن، ڕه‌نگه‌ هه‌ر شتێکی دیکه‌ بن، لێ هونه‌رمه‌ند نین. گوڵستان، هه‌رچی گۆرانی و هونه‌رێکی هه‌یه‌تی، هه‌مووی گوتنه‌وه‌ی کۆنه‌گۆرانییه‌کانی شڤانی کۆنه‌شوویه‌تی. گوڵستان و هاوجۆرانی وه‌ک گه‌لێک له‌و "نووسه‌ر" و "سیاسی" و "پسپۆر" و "ڕۆشنبیر"انه‌ی داکۆکیکارانی ده‌سه‌ڵات، له‌ کۆمه‌ڵێک کاسه‌لێس و خۆگه‌هێن و شوێنکه‌وتووی پاره‌وپووڵ و بژوێن زیاتر هیچی دیکه‌ نین. ئه‌مانه‌ به‌ هه‌موو بایه‌ک شه‌ن ده‌که‌ن و هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدان و هه‌میشه‌ ئاماده‌ی خۆگۆڕین و هه‌ڵوێستگۆڕین و ڕاگۆڕینن. گوڵستان و شڤان په‌روه‌ر سه‌رده‌مێکی له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا بوون، ماڵی بارزانی و پارتییان به‌ "پاشڤه‌ڕو" و "خێڵه‌کی" و "فیۆداڵ"و...ده‌زانی. وه‌نه‌بێ ته‌نێ ئه‌م په‌روه‌رانه‌ بووبن و بن، که‌ وه‌ها بیریان کردبێته‌وه‌ و بیر بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵکه‌ سه‌دان"هونه‌رمه‌ند" و "نووسه‌ر" و "سیاسی" و "پسپۆر" و "ڕۆشنبیر" و "په‌روه‌ر"ی دیکه‌یش، که‌ ئێستاکه‌ له‌ سه‌ر خوانی سه‌رۆکی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان و له‌ سه‌ر حیسابی خه‌ڵکی هه‌ژار و نه‌داری باشووری کوردستان ده‌ژین و ده‌له‌وه‌ڕێن، وه‌ها بیر ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌مانه‌ وه‌ک مێش و زه‌رده‌واڵه‌ و مێرووله‌، به‌ شیرینی و چه‌وریی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نووساون، ده‌نا هه‌ر به‌و جۆره‌ی ئێستاکه‌ له‌ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کورددان، هه‌ر ئاوها خزمه‌تیان به‌ ده‌سه‌ڵاتی ناکوردیش کردووه‌ و ده‌شتوانن بیکه‌ن.                                                                                                             
نه‌ک ئاشتکردنه‌وه‌ی گوڵستان و شڤان په‌روه‌ر، به‌ڵکه‌ ئاشتکردنه‌وه‌ی هه‌ر دوو که‌سێک یا چه‌ند که‌سێکی دیکه‌یش، نه‌ک هه‌ر کاری سه‌رۆکی  کوردستان نییه‌، به‌ڵکه‌ کێماسییه‌کیشه‌ بۆ سه‌رۆکی کوردستان. وه‌ها کارێک، کاری مه‌لای گوندێک یا کوێخای ئاواییه‌ک یا ڕدێنچه‌رمووی خێڵێکه‌، نه‌ک سه‌رۆکی کوردستان. سه‌رۆکی کوردستان ده‌بوو سه‌رۆکی کوردستان بووایه‌ نه‌ک پێشوازیکار له زوڕناژه‌ن و سه‌ماکار و ئه‌لفبێی وه‌رزشزان و قه‌ڵه‌مفرۆشان و خه‌ڵکانێک، که‌ ده‌بوو پێشکه‌شکاری پرۆگرامیکی ته‌له‌ڤزیۆن یا کارگێڕێکی ڕادیۆ یا ته‌له‌ڤزیۆن یا کارمه‌ندێکی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ یا ڕۆژنامه‌وانێک پێشوازی لێ کردبان. ئه‌وه‌ کاری ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌یه‌، نه‌ک کاری سه‌رۆکی کوردستان.  نه‌ک هه‌ر له‌ ئه‌وروپا و وڵاتانی پێشکه‌وتووی جیهاندا، به‌ڵکه‌ له‌ وڵاتانی چوارده‌وری کوردستانیش، هیچ سه‌رۆکێک پێشوازیی له‌و جۆره‌ خه‌ڵکانه‌ ناکات. تۆ بنۆڕه‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد و سیزه‌ر و ئاردۆگان و ئه‌سه‌د و ئه‌لمالیکی و شای ئوردون و عه‌ره‌بستانی سعوودی و کووه‌یت و هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌، کێیان وه‌ها کارێک ده‌کات! مه‌سعوود بارزانی، سه‌ردانێکی وڵاتی چینی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و نه‌یکرد، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی، که‌ سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته‌ پێشوازی لێ نه‌ده‌کرد و وه‌زیرێک دیاری کرابوو بۆ پێشوازیی لێکردنی و مادام وه‌زێر هاوتای ئه‌م(مه‌سعوود بارزانی)  نییه‌ و وه‌ک سه‌رۆکی وڵاتیک پێشوازیی لێ ناکرێت، بۆیه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ ناکات. ده‌ی که‌سانێکی وه‌ک 
  گوڵستان و گوڵستانه‌کان که‌ی هاوتای سه‌رۆکی کوردستانن !                                                         
له‌بری ئاشتکردنه‌وه‌ی گوڵستان و شڤان و پێشوازی ده‌یان ناهونه‌رمه‌ند و ناڕۆشنبیر و ناسیاسیی 
به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و به‌تایبه‌تیش باکووری کوردستان و باشووری کوردستان:             
سه‌رۆکی کوردستان با چه‌ند ڕۆژێکی له‌ چه‌ند ماڵێکی بێکاره‌بای وڵاته‌که‌ی خۆیدا به‌سه‌ر بردبا!
 سه‌رۆکی کوردستان با بۆ چه‌ند سه‌عاتیک له‌ ڕیزی وه‌رگرتنی به‌نزیندا ڕاوه‌ستابا!
سه‌رۆکی کوردستان با سه‌ردانێکی پاشماوه‌ی ئه‌نفالکراوه‌کانی سموود و گازبارانکراوه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و کوڕکوژراوه‌ فه‌یلییه‌کانی کردبا!                                                                                          
سه‌رۆکی کوردستان با ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ک جاریش بووایه‌ سه‌ردانێکی که‌رکووک، خانه‌قین، مه‌نده‌لی، به‌دره‌، حه‌مرین، مووسڵ، شه‌نگال و کفری و خورماتووی کردبا، ته‌نێ بۆ سه‌لماندنی کوردستانیه‌تی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ و وه‌ک نیشاندان و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌یه‌کی نه‌یارانی کوردستانیه‌تی ئه‌و شوێنانه‌!                               
سه‌رۆکی کوردستان با دژی گه‌نده‌ڵی و دز و سوودوه‌رگران له‌ ده‌سه‌ڵات که‌وتبایه‌ته‌ کار و ئه‌وانه‌ی بنبڕ کردبا!                                                                                                                           
سه‌رۆکی کوردستان با کۆنه‌جاش و ئه‌نفالچی و کۆنه‌به‌عسی و کۆنه‌ڕاوێژکار و کۆنه‌سیخوڕانی ڕێژیمی به‌عسی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆی دوورخستبایه‌وه‌ و دادگایی کردبان!                                                 
سه‌رۆکی کوردستان با هێنده‌ کزۆڵه‌ و گوێڕایه‌ڵی ئه‌مه‌ریکا و عیراق و تورکیا و سووریا و ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌ب نه‌بووایه‌!                                                                                                             
 سه‌رۆکی کوردستان با ڕێگه‌ی به‌ پتر ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ناڕه‌وای ده‌وڵه‌مه‌ندان نه‌دابا!
 سه‌رۆکی کوردستان با جیاوازیی چینایه‌تیی بڕێک که‌متر کردباوه‌ و ئاوڕێکی له‌ هه‌ژار و نه‌داران داباوه‌!                                                                                                                         
سه‌رۆکی کوردستان با هێنده‌ی گوێ شل نه‌کردبا بۆ کاسه‌لێس و مشه‌خۆرانی سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگ، که‌ مه‌به‌ستیان له‌و په‌سن و شانته‌کاندنه‌ ته‌نێ قازانج و به‌رژه‌وه‌ند و سوودی تایبه‌تی خۆیانه‌!                 
 سه‌رۆکی کوردستان با ده‌رگای دیوه‌خانه‌که‌ی بۆ خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ و به‌شخوراو و نه‌دار و بێوه‌ژنی ئه‌نفال و دایکانی فه‌یلی و منداڵانی گازباران و خه‌ڵکانی بێکه‌س و بێده‌ره‌تان و بێپشتوپه‌نا کردبا‌وه‌ و گوێی له‌وان گرتبا، نه‌ک له‌ گوڵستان و گوڵستانه‌کانی دی، که‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ مفتخۆر و چلێسێک زیاتر هیچی تر نین!                                                                                                                 
سه‌رۆکی کوردستان ده‌بوو له‌وه‌ گه‌یشتبا، که‌ به‌شیکی زۆری ئه‌م ماستاوچی و کاسه‌لێسانه‌ بۆ سوودی تایبه‌تیی خۆیان ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌بن و ڕێگه‌ی پێ وێڵ ده‌که‌ن!                    
شێخ موحه‌ممه‌دی خالیسی کوڕی شێخی شاعیران، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی، له‌ نامه‌یه‌کیدا بۆ شێخ مه‌حموودی حه‌فید، شای کوردستان ده‌ڵێ:                                                                               
له‌ ڕۆژی وا پیاوێ چاتره‌ بۆ تۆ له‌ پێنجسه‌د که‌س
هه‌زاری لیره‌یێ ناکا ده‌ پاره‌ و پوول و تارانی
هه‌موویان دوژمنن، نه‌ک دۆستی تۆن ئه‌و گیپه‌خۆرانه‌
که‌ ئیمڕۆ تۆ وه‌لی نیعمه‌ت و ئاگای هه‌موویانی
هه‌موو شێر و پڵنگن وه‌قتی نانخواردن له‌ ئه‌ترافت
سمێڵبابر و کفندڕ که‌لله‌خڕ، په‌رچه‌م مه‌ریوانی
دوعات با بۆ بکه‌ن ئه‌مما به‌ ته‌دبیریان نه‌که‌ی زینهار
مه‌لا و ده‌روێش و سۆفی و شێخه‌کانی لوقمه‌ باتمانی
........................................................................
له‌به‌ر چاوت وه‌کو یه‌ک وایه‌ بێ فه‌رقن له‌ خزمه‌تتا
شه‌هێن و حاجی له‌قله‌ق، شێر و ڕێوی، مورشید و جانی
له‌ کوێت دۆزینه‌وه‌ ئه‌م کوێر و قۆڕانه‌ی له‌خوایاخی
چلۆنت که‌وته‌ خاتر مشکه‌کوێر و ورچی کوێستانی؟
که‌ر و گا خه‌رجی بار و جووته‌، هێستر ماڵی کاروانه‌
ئه‌مانه‌ نابنه‌ کوێخا و ڕه‌ئیس و میری دیوانی
به‌یارکێڵان و گای له‌ڕ، پیر و کچخواستن، ژن و ته‌دبیر
سه‌گ و جۆ، ئه‌سپ و ئێسقان، بۆق و سه‌ردار، جرج و ناوکانی
عه‌با و که‌ر، فێس و ڕێوی، ورچ و شه‌پقه‌، مێزه‌ر و مه‌یموون
حه‌یا و کوێر، شه‌رم و دۆم، قه‌حپه‌ و وه‌فا، نامووس و سۆزانی؟

شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی بۆ شێخ عه‌لی برای، که‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌مڕاستی تاڵه‌بانییان ده‌بێت ده‌نووسێت:                                                                                                                
بێگانه‌ هه‌موو ساحیبی جاه و جه‌به‌رووتن
بێجاره‌ برای شێخ عه‌لی موفلیس و ڕووتن
ئه‌ی شێخ عه‌لی چاکه‌ وسووقت به‌ برا بێ
باوه‌ڕ مه‌که‌ به‌م خه‌ڵقه‌ که‌ وه‌ک تووله‌ له‌دووتن
قه‌ومێ که‌ له‌ عه‌هدی پده‌رت حه‌ڵقه‌ به‌ گووش بوون
ته‌حقیقی بزانه‌ به‌خودا جومله‌ عه‌دووتن
ڕه‌حمیان نییه‌ ده‌رباره‌یی توو خزم و ئه‌قاریب
موشفیقتره‌ بێگانه‌ له‌مانه‌ که‌ عه‌مووتن
نادان و قوڕمساغ و نه‌زانن که‌ ئه‌مانه‌
گاهێ له‌ سه‌ما، گاه له‌ سه‌یری مه‌له‌کووتن
ئه‌م ته‌کیه‌ نۆشینانه، چ ده‌روێش و چ سووفی
هه‌رچه‌نده‌ به‌ دڵ موشته‌غیلی زیکر و قونووتن
وه‌ک حاجییێ مابه‌ینی سه‌فا و مه‌روه‌ به‌ ته‌عجیل
بۆ لوقمه‌ ئه‌مانیش به‌ مه‌سه‌ل یوونس و حووتن
ئه‌وه‌ی که‌ شێخ خالیسی گوتوویه‌تی و ئه‌وه‌ی شێخ ڕه‌زای مه‌زن گوتوویه‌تی، ئێستا و داهاتوویش ده‌خوات و ئه‌و گیپه‌خۆر و لوقمه‌باتمانی و سمێڵبابڕ و قوڕمساغ و که‌لله‌خڕانه‌ی ئه‌وده‌می ده‌وری شێخی حه‌فید و  ده‌وری شێخ عه‌لی تاڵه‌بانی و ئه‌مانه‌ی ده‌وری سه‌رۆکی ئێستای کوردستان، هه‌ر یه‌کن و چ جیاوازییه‌کیان له‌ نێواندا نییه‌! ساخته‌کار و مشه‌خۆر و مه‌راییکار و قۆڵبر، له‌ هه‌موو سه‌رده‌میکدا هه‌ر یه‌ک شتن!                                                                                                                     

25-8-2006

Friday, August 18, 2006

شێواندنی فه‌رهه‌نگ

شێواندنی فه‌رهه‌نگ


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی


هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و خه‌ڵک و وڵات و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌م جیهانه‌، هه‌ریه‌که‌و خاوه‌نی فه‌رهه‌نگێکی تایبه‌تی خۆیانن، به‌ڵام ته‌واوی فه‌رهه‌نگه‌کانیش گرێدراوی یه‌کدین و گه‌لێک چوونیه‌کی و  هاوبه‌شیی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ و کاریگه‌رییان له‌ سه‌ر یه‌کدی هه‌یه‌ و تێکه‌ڵن و دان و ستاندن، له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. فه‌رهه‌نگێکی سه‌دله‌سه‌دی تایبه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و خه‌ڵک و وڵات و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک، بێ ئه‌وه‌ی چ پێوه‌ندیکی به‌ فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و خه‌ڵک و وڵات و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌وه‌ هه‌بێت و ته‌واو دابڕاو بێت له‌ فه‌رهه‌نگه‌کانی دیکه،‌ نییه‌ و چه‌ندین ڕایه‌ڵه‌ پێکیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. فه‌رهه‌نگی ته‌واوباش و ته‌واوخراپ و فه‌رهه‌نگی خاوێن و فه‌رهه‌نگی پیس له‌ گۆڕێدا نییه. له‌ فه‌رهه‌نگێکدا باش هه‌یه‌ و خراپیش هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ باشیی فه‌رهه‌نگێک له‌کن فه‌رهه‌نگیکی دیکه‌ خراپ بێت و به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌. که‌ باس له‌ که‌ڵه‌گایه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌مه‌ریکایاندنی جیهان ده‌کرێت، مه‌به‌ست ته‌نێ داگیرکردنی له‌شکری و هێنانی تانک و تۆپ و چه‌ک و ئه‌وانه‌ نییه‌، به‌ڵکه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م، بڵاوکردنه‌وه‌ و بره‌ودانه‌ به‌ فه‌رهه‌نگ و نه‌ریته‌ جڤاکییه‌ ئه‌مه‌ریکایی و ڕۆژاواییه‌کان‌، که‌ کاریگه‌رییه‌کی ده‌سبه‌جێیی و فره‌ ده‌که‌نه‌ سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌کرێنه‌ ئامانجی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا. دیاره‌ کوردستانیش  یه‌کێکه‌ له‌و شوێنانه‌ی، که‌ ساڵانێکه‌ وه‌به‌ر شاڵاوی هێرشی فه‌رهه‌نگی ئه‌مه‌ریکایی و ڕۆژاوایی که‌وتووه‌ و به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌برێت. ئه‌وه‌ هیچ، که‌ ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا بۆ خۆیان وایان ده‌وێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانیش، هه‌ر به‌و مێشکه‌ ده‌هزرێن و گه‌لێک خێرا به‌ره‌و باوه‌شی ئه‌و دیتنه‌ ته‌کان ده‌ده‌ن و ده‌چن. بێجگه‌ له‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی جۆرج بووش و ئاڵای ئه‌مه‌ریکا و بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕێکی گۆج و سه‌قه‌تی وه‌ک "ئه‌مه‌ریکا دۆستمانه‌" و "سوپاسگۆی ئه‌مه‌ریکاین" و په‌خشکردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و ‌ ده‌نگوباسه‌کان و هه‌ڵسووڕاندنی میدیا به‌و جۆره‌ی، که‌ ئه‌مه‌ریکا پێی باشه‌ و له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی بیروباوه‌ڕ و سیاسه‌تی ئه‌ودا ده‌ڕوات،  ده‌یان نه‌ریت و هزر و دیارده‌ و دیدی ژیانی ئه‌مه‌ریکاییانه‌یش، که‌ گه‌لیک نامۆن به‌ جڤاکی کورد، وه‌نێو کۆمه‌ڵه‌گه‌ی کوردستان که‌وتوون. دیاره‌ لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ نه‌ریت و هزر و دیارده‌ و دید و ژیانی ئه‌مه‌ریکاییانه، ته‌نێ ئه‌مه‌ریکا وه‌ک ئه‌و جوگرا‌فیایه‌ی، که‌ هه‌یه‌، نییه‌، به‌ڵکه‌ ته‌واوی ڕۆژاوا و ئه‌و ڕێکخراو و گرۆ و ده‌ستانه بیانییانه‌‌یش، دیاره‌ نه‌ک هه‌مووان، ده‌گرێته‌وه‌، که‌ ئه‌مڕۆ به‌ ناوی خێرخوازی و هاریکاری و به‌رهه‌مهێنان و فێرکردن و ده‌یان ناوی دیکه‌وه‌ له‌ کوردستان جێگیرن و کار ده‌که‌ن. دیارده‌یه‌کی گه‌لێک ترسناک و دزێو و کاریگه‌ر، که‌ هێنراوه‌ته‌ نێو کوردستانه‌وه‌ و زه‌وینه‌ی بۆ خۆش ده‌کرێت و بره‌وی پێ ده‌درێت و به‌ره‌و چه‌سپاندن ده‌برێت، تێکدانی زمانی کوردییه‌، که‌ بێ هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تیی به‌رانبه‌ر فه‌رهه‌نگی کوردی و  داهاتووی کوردستان، شێواندن و ناشیرینکردنی ئه‌نجام ده‌درێت. به‌شێکی زۆری ئه‌وانه‌ی ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن و به‌و ئاراسته‌یه‌ هه‌نگاو ده‌نێن و زمانی کوردی به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره‌ ده‌به‌ن، خه‌ڵکانێکی کوردن، که‌ فره‌جاران به‌ هاندانی ده‌ره‌کی و له‌ ژێر کاریگه‌ریی مێشکێکی ئاخنراوی تژیکراوی به‌های ڕۆژاواییانه‌ و واقوڕمان و سه‌رسووڕمان و حه‌په‌سان به‌رانبه‌ر پێشکه‌وتنێک، که‌ له‌ ڕۆژاوادا وه‌دیهاتووه‌، وه‌ها کارێک ده‌که‌ن. بێجگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و تیپه‌ لاتینییه‌ی، که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا تورکییه‌ و خه‌ریکه‌ له‌ کوردستان پتر و پتر په‌ره‌ی پێ ده‌درێت و خه‌ڵکی پێ فێر ده‌کرێت، وشه‌ی ناپێویستی ئه‌وروپاییش، که‌ له‌ زمانی کوردییدا به‌رانبه‌ره‌کانیان و هاوواتاکانیان هه‌ن، ده‌هێنرێنه‌ نێو زمانی کوردییه‌وه‌، ته‌نێ له‌ پێناوی نیشاندانی کورد یا کوردستان وه‌ک گه‌ل و وڵاتێکی نێزیک له‌ ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا، که‌ له‌ بنه‌ڕتیشدا به‌ مه‌به‌ستی ڕێکلام و بره‌وپێدانی کاڵا و بازاڕ و بازرگانی ده‌کرێت، یا بۆ خۆدوورخستنه‌وه‌ له‌و فه‌رهه‌نگه‌ی ده‌وروبه‌ری کوردستان له‌و جوگرافیایه‌ی کوردستانی تێدایه. نموونه‌ بۆ ئه‌م دیتنه‌ گه‌لێک هه‌ن، لێ ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ بیری مندا دێت ئه‌م چه‌ند نموونه‌یه‌ن:                                                                                   ‌
 - نازسیتی(Naz City) نێوی گه‌ڕه‌کێکی تازه‌دروستکراوه‌ له‌ هه‌ولێر، که‌ له‌ لایه‌ن کۆمپانیای (نوورسۆی) تورکییه‌وه‌، که‌ له‌ کوردستان به‌ "نورصوی" ده‌ینووسن و بۆ خۆی به‌ تورکییش به‌(Nursoy)  ده‌نووسرێت، ناوێکی ئه‌وروپاییانه‌یه‌ و ده‌کرا له‌بری وشه‌ی سیتی(City) وشه‌ی شار، باژێڕ، گه‌ڕه‌ک، تاخ و...ی کوردی به‌کار برابا.  
- نازه‌مۆڵ(Naze Mall) نێوی بازاڕێکه‌ له ‌کوردستان و مۆڵ(Mall)  هه‌ر وشه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکاییه‌ و ده‌کرا  له‌بری وشه‌ی مۆڵ(Mall)، وشه‌یه‌کی کوردی وه‌ک، بازاڕ، فرۆشگه‌، گه‌وره‌بازار، گه‌وره‌فرۆشگه،‌ یا هه‌ر شتێکی دیکه‌ به‌کار برابا.
- وشه‌ی سوپه‌رمارکت(Super Market)، که‌ به‌ کوردی ده‌بێته‌(گه‌وره‌بازاڕ، گه‌وره‌فرۆشگه‌، مه‌زنه‌بازار، یا...)، باشتر نییه‌ کوردییه‌کی به‌کار ببرێت له‌بری ئه‌و وشه‌ ئینگلیزییه‌!
- نێرگزنیووز(Nergiz News)، که‌ له‌ سلێمانی وشه‌ی دوو (و) دار هه‌رگیز به‌ دوو(و) نانووسن و هه‌ر یه‌ک (و) به‌کار ده‌به‌ن، ناوی پرۆگرامێکی ته‌له‌ڤزیۆنییه‌ له‌ کوردساته‌وه‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت، ده‌کرا له‌ بری نیووز(News) بگوترابا، نێرگزه‌هه‌واڵ و نێرگزه‌ده‌نگوباس، نێرگزه‌جاڕ یا....
- کوردستار(Kurd Star) پرۆگرامێکی ته‌له‌ڤزیۆنی کوردساته‌،  خه‌ڵکانێک تێیدا به‌شدار ده‌بن، که‌ ده‌یانه‌وێت ببنه‌ گۆرانبێژ. له‌بری وشه‌ی ستار(Star) ده‌کرا، ئه‌ستێره‌، ستێرک، هه‌ساره،‌ به‌کار برابا و پرۆگرامه‌که‌ ببوایه‌ته‌، هه‌ساره‌کورد، ئه‌ستێره‌ کورد، ستێرکه‌کورد یا....
به‌ به‌کاربردنی ئه‌و وشه‌گه‌له‌ ئه‌وروپاییانه‌، نه‌ کورد ده‌بێته‌ ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکایی و نه‌ کوردستان ده‌بێته‌ به‌شێک له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا، به‌ڵکه‌ زمانی کوردی، که‌ بۆخۆی زمانیکی هێنده‌ به‌هێز نییه‌، لاوازتر ده‌کرێت و نه‌وه‌ی داهاتووی کوردیشی پتر لێ دوور ده‌خرێته‌وه‌.

*****
پێشاندانی گؤرانی و گۆرانیبێژ و به‌رنامه‌ و پرۆگرامی تایبه‌ت به‌ مووزیک و ستران و سترانبێژ و دیداری ئه‌وان و باسی ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌ هێنده‌ زۆرن، که‌ پشکی زۆری کاته‌کانی ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنانه‌یان به‌رده‌که‌وێت و هێنده‌ی گرنگیی به‌و باسانه‌ ده‌درێت و ئه‌وانه‌ پێشان ده‌درێن، که‌ به‌شێکی یه‌کجار زۆریشیان، هه‌رچییه‌ک بن، نه‌ کوردین و نه‌ مووزیکن و نه‌ هونه‌رن، هێنده‌ گرنگیی به‌ باسه‌ چاره‌نووسسازه‌کانی، وه‌ک ژیانی خه‌ڵک و گه‌نده‌ڵی کارگێڕییه‌کان و پرسه‌ کوردستانییه‌کانی وه‌ک که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ و پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و...، نادرێت. پێشکه‌شکاری به‌رنه‌مایه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنی که‌ناڵی"زاگرۆس"، له‌ گوتوبێژێکیدا له‌گه‌ڵ سترانبێژێکی کورددا باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد، که‌ هونه‌رمه‌ندانی کورد بۆ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ناده‌ن، مووزیکی کوردی بگه‌یه‌ننه‌ ئاستی مووزیکی جیهانی به‌وه‌ی کوردیش مووزیکی په‌ب(Pub Music)، چێ بکات و گۆرانی کوردی "بپه‌بێنرێت"!. ئه‌م جۆره‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌ نه‌ک ته‌نێ بواری مووزیک و گۆرانی گرتووه‌ته‌وه‌ و ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵکه‌ ئێستاکه‌ ڕوانین و تێزێکه خه‌ریکه‌ ته‌واوی بواره‌کانی ژیانی خه‌ڵکی کورد و کوردستان، ده‌گرێته‌وه‌. نه‌ ته‌نێ خه‌ڵکی کورد و کوردستان، به‌ڵکه‌ ته‌واوی جیهان، به‌ هۆی "ڕۆشنبیر" و "ڕووناکبیر"ی خۆفرۆش و مێشکشڵه‌قاوی  ئه‌وروپایێنراو و ڕۆژاوایێنراوه‌وه‌،  له‌ به‌رده‌م مه‌ترسیی و هه‌ڕه‌شه‌ی تواندنه‌وه‌ و سڕینه‌وه‌ی‌ فه‌رهه‌نگه‌خۆماڵییه‌که‌ی خۆیاندان و ئه‌وروپاییاندن و ئه‌مه‌ریکاییاندنی ته‌واوی بیر و به‌ها و نه‌ریت و هه‌موو شته‌کانی خۆیاندان.
دانیشتووانی جیهان، خه‌ڵک، وڵاتان، نه‌ته‌وه‌کان، گه‌لان، به‌ جیاوازییه‌کانیانه‌وه‌ جوانن.  مووزیک و خۆراک و پۆشاک و زمانانی ئه‌فریقاییان به‌ ڕه‌شپێستانی ئه‌فریقاییه‌وه‌ جوانن. چینییه‌ک، ئیندیانێک، ئه‌بۆریجینیک، ماورییه‌ک، عه‌ره‌بێک، هیندییه‌ک، قه‌ره‌چێک، کوردێک...به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆیانه‌وه‌ جوانن. ئیسپانیۆلییه‌ک به‌ فلامێنکۆ و سکۆتلاندییه‌ک به‌ دا‌مه‌ن و مه‌شکه‌مووزیک و عه‌ره‌بێک به‌ ڕه‌بابه‌ و عوود و دشداشه‌ و ئه‌فریقاییه‌ک به‌ سه‌ما و جلی ڕه‌نگامه‌ و گوڵگوڵ و فارسێک به‌ سێتار و نه‌ی و مه‌قام و کوردێک به‌ ڕانه‌ک و چۆخه‌ و شاڵ و شه‌پک و قه‌تار و لاوک و حه‌یرانه‌که‌ی خۆیه‌وه جوانه‌. چی له‌وانه‌ ده‌په‌بێنرێت و که‌ی جوانن ئه‌گه‌ر بپه‌بێنرێن!‌ ئه‌گه‌ر هه‌رچی خه‌ڵک و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی جیهانه‌ ده‌ستبه‌رداری مووزیک و خۆراک و پۆشاک و زمان و فه‌رهه‌نگه‌کانی خۆیان بوون و هه‌موویان کرد به‌ په‌ب و ڕۆک و هه‌موو جۆره‌ خۆراکێکی ئه‌مه‌ریکایی یا ئه‌وروپاییان خوارد و هه‌موو پانتۆڵ و چاکه‌ت و دامه‌نیان پۆشی و هه‌موو به‌ ئینگلیزی په‌یڤین و هه‌موو هاتوچۆی کڵێسه‌یان کرد، ئیدی چ جوانی و خۆشییه‌ک له‌ ژیان و له‌ جیهاندا ده‌مێنێته‌وه‌!
ماوه‌یه‌ک، که‌ کاری مامۆستایه‌تیم ده‌کرد، له‌ خوێندنگه‌ی تووره‌به‌ری(Tureberg), که‌ یه‌کێک بوو له‌ خوێندنگه‌کانی گه‌ڕه‌کی سۆللنتوینا(Sollentuna) ی شاری ستۆکهۆڵم، پۆلێکی خوێندکارم هه‌بوو، زمانی سوێدیم پێ ده‌گوتنه‌وه‌. ئه‌و خوێندکارانه‌ لاوانی ته‌مه‌ن نێوان 13 و 14 ساڵ تا ده‌وروبه‌ری 18 ساڵ و ئه‌وانه‌ بوون. پۆلێکی تیکه‌ڵ بوو، ئه‌لبانی، کورد، سۆمالی، گامبیایی، عه‌ره‌ب و... تێدا بوون. مامۆستایه‌کی پیره‌ژنی سوێدی دوای ماوه‌یه‌ک بوو به‌ هاوکارم و جارجار ده‌هات و ماتماتێکی به‌ بڕێک له‌و خوێندکارانه‌ ده‌گوته‌وه‌. نیوه‌ڕوان کاتی نانخواردن، ده‌بوو ئه‌و مامۆستایه‌ یا من یا هه‌ردووکمان له‌گه‌ڵ ئه‌و خوێندکارانه‌ بچینه‌ جێی نانخواردن هه‌ر له‌ نێو خویندنگه‌که‌مان و له‌وێ نانیان له‌گه‌ڵ بخۆین و چاودێری و ئاگادارییشیان بکه‌ین. یه‌ک دوو جار ئه‌و مامۆستا پیره‌ژنه‌ سوێدییه‌ به‌ ته‌نێ له‌گه‌ڵ ئه‌و منداڵانه‌ ‌چووه‌ جێی خواردن و که‌ ‌هاته‌وه‌  هه‌را و ده‌نگه‌ده‌نگ و به‌زمێکی قه‌وماند و هێنایه‌ گۆڕێ، مه‌گه‌ر هه‌ر خۆی کردبێتی. که‌ ‌هاتنه‌وه‌ پیره‌ژن تووڕه‌ ‌بووبوو و ده‌می ته‌ته‌ڵه‌ی ده‌کرد و هه‌زارویه‌ک شتی ده‌گوت. تووڕه‌بوونه‌که‌ی به‌ سه‌ر یه‌كێک له‌و خوێندکارانه‌دا، که‌ خه‌ڵکی گامبیا بوو و‌ ناوی"دودوو" بوو، هه‌ڵده‌ڕشت. دودوو، کوڕێکی لاوازی ڕه‌شپێستی هێمن و له‌سه‌رخۆ بوو. له‌ کاتی نانخواردندا، دودوو به‌ ده‌ست و به‌ نووکی قامکه‌کانی نانی ده‌خوارد و ده‌ستی به‌ ناو ده‌ورییه‌که‌ی به‌رده‌میدا ده‌سووڕانده‌وه‌ و وای نه‌ده‌کرد، که‌ هه‌ر له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه‌ بخوات. دودوو، که‌ به‌ ڕێگه‌یشدا ده‌ڕۆیشت، بۆ خۆی فیکه‌ی ده‌کێشا و جارجار بازی ده‌دا و ده‌ست و لاقی ده‌جووڵاندنه‌وه‌. پیره‌ژنه‌ سوێدییش به‌و کرده‌وانه‌ی دودوو تێکده‌چوو و پێیوابوو، ئیدی به‌وه‌ دنیا تێکده‌چێت. من ده‌مزانی دودوو وا ده‌کات و به‌و جۆره‌ ده‌خوات و به‌لای منه‌وه‌ کارێکی ئاسایی بوو و ئه‌وه‌ که‌سایه‌تی دودوو بوو و ئه‌وه‌یشی ده‌یکرد، به‌شێک بوو له‌ فه‌رهه‌نگی خۆی و وڵات و خه‌ڵکه‌که‌ی. پیره‌ژن سکاڵای لای من ده‌کرد، به‌و حیسابه‌ی منیش بیانیم و سه‌ر به‌ فه‌رهه‌نگێکم وه‌ک ئه‌وه‌ی دودوو یا نێزیکم لێیه‌وه‌ و ده‌یگوت :"قسه‌ له‌گه‌ڵ دودوودا بکه‌ با ئه‌و به‌زمه‌ نه‌کات، ئه‌وه‌ کارێکی ناشیرینه‌ و ئه‌وه‌ ئه‌وروپاییانه‌ نییه‌ و ئه‌وه‌ خه‌ڵکی بێفه‌رهه‌نگ ئه‌و کارانه‌ ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ کاری خه‌ڵکانی دواکه‌وتووه‌ و من جارێکی دیکه‌ ڕێگه‌ی ناده‌م له‌وێ نان بخوات و ده‌ری ده‌که‌م..". منیش به‌ پیره‌ژنم گوت:"تۆ ده‌زانیت دودوو خه‌ڵکی کوێیه‌!". گوتی:"ئه‌ی چۆن نازانم خه‌ڵکی گامبیایه‌". گوتم:"ده‌ی باشه‌ گامبیا له‌ کوێیه‌!". گوتی:"چییه‌ گاڵته‌م پێ ده‌که‌یت، گامبیا له‌ ئه‌فریقایه‌". گوتم:"ده‌زانی دودوو له‌ گامبیا خه‌ڵکی کوێیه‌!". گوتی:"خه‌ڵکی گوندێکی زۆر گچکه‌ی دووره‌ شاره‌". گوتم:"ده‌زانی دودوو پێش هاتنی بۆ سوێد چ کاره‌ بووه‌!". گوتی:"به‌رخه‌له‌وان و شوان بووه‌". گوتم:"ده‌ی ئیتر چی، خۆت به‌رسڤی هه‌موو پرسیاره‌کانت دایه‌وه‌، ده‌ته‌وێ دودوو به‌م ماوه‌ که‌مه‌ی لێره‌یه‌ فیری چه‌قۆ و چنگاڵ بێت و واز له‌ فیکه‌کێشان بهێنێت. دودوویه‌کی گوندیی شوان، که‌ له‌گه‌ڵ سروشت و بزن و مه‌ڕ و چۆڵه‌وانیدا مه‌زن بووه‌ و هه‌ر به‌و جۆره‌ خۆراکی خواردووه‌ و هه‌ڵسوکه‌وتی کردووه‌، ده‌ته‌وێت چی بکات. ئه‌و هه‌ر ئه‌و زمان و شێوه‌ جووڵانه‌وه‌ ده‌زانێت و ئه‌وه‌ به‌شێکه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی خۆی و وڵاته‌که‌ی و مرۆڤ ده‌بێ تێی بگات و قه‌‌بووڵی بکات. دودوو و هه‌موو دودووه‌کانی دیکه‌یش شانازی به‌ فه‌رهه‌نگی خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن و هیج مه‌رجیش نییه‌ ئه‌مه‌ی تۆی ئه‌وروپایی ڕاست و دروست  بێت و ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ بێت. بؤ ده‌بی وابێت و کێ ئه‌و پێوه‌ره‌ی داناوه‌! هه‌رکه‌سه‌و فه‌رهه‌نگی خۆی پێ ڕاسته‌ و هه‌مووانیش ڕاستن له‌ بۆچوونه‌کانیاندا‌". ئیدی پیره‌ژن ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌ک دودووی ده‌ناسی و له‌ یه‌ک دودوو تووڕه‌ بوو، ته‌واوی بیانییانی، به‌ منی هاوکاریشیه‌وه‌ لێ بووین به‌ دودوو.

18-8-2006

Friday, August 11, 2006

نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر و گه‌نده‌ڵ به‌ قازانجی خه‌ڵکه‌

نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر و گه‌نده‌ڵ به‌ قازانجی خه‌ڵکه‌


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ تا ئێستا دوو حیزبی کوردستانی(پارتیی و یه‌کیه‌تیی) بۆخۆیان ده‌سه‌ڵاتداری به‌شێکی باشووری کوردستانن و کۆنترۆڵی هه‌موو بواره‌کانی ژیانی ئه‌و به‌شه‌، سیاسه‌ت، ئابووری، فه‌رهه‌نگ، له‌شکری، جڤاکی و...، ده‌که‌ن. ئه‌وان هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌که‌می ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ستیانه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ و به‌ ئاراساته‌کردنێکی ئه‌مه‌ریکاییانه‌ و ڕۆژاواییانه‌ و وڵاتانی دیکه‌ی سه‌رمایه‌داری، که‌ بۆ خۆیان به‌رژه‌وه‌ند و سوود و مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان له‌و بواره‌دا هه‌یه‌، به‌ نێوی بازاڕی ئازاده‌وه‌، که به‌ هه‌ڵه‌ و شێوه‌یه‌کی چه‌وت به‌کار ده‌برێت،‌ کوردستانیان کردووه‌ به‌ بازاڕێکی کراوه‌ی بێسه‌روبه‌ر و بێکۆنترۆڵ و پاشکۆیه‌کی بێبه‌رهه‌می وڵاتانی ده‌وروبه‌ری کوردستان. بازاڕێک، که‌ قاچاخچی و دز و سه‌رمایه‌داری چاوچنۆک و قرچۆک و کرێت، به‌ ئاره‌زووی خۆیان و به‌ به‌شداریی ده‌سه‌ڵات، چۆنیان بوێت به‌و جۆره‌ خه‌ڵکی ئاسایی و هه‌ژاری کوردستان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن. گه‌لی کوردستان له‌ گه‌لێکی به‌رمه‌مهێنه‌ر و خاوه‌ن ئابوورییه‌کی کشتوکاڵیی به‌هێزه‌وه‌، کردووه‌ته‌ گه‌لێکی مشه‌خۆر و ته‌نبه‌ڵ و بێبه‌رهه‌م و به‌کاربه‌ر و کڕیار و مووچه‌خۆر و وڵاته‌که‌یشیان کردووه‌ته‌ ته‌نبه‌ڵخانه‌یه‌کی گه‌وره‌، که‌ خه‌ڵک چاوی له‌ دووی مووچه‌ و ئازووقه‌ی نه‌وت به‌رانبه‌ر به‌ خۆراکه‌. کوردستان له‌ وڵاتێکی به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌وزه‌ و میوه‌وه‌، ئێستاکه‌، وڵاتێکی هاورده‌ و هێنه‌ری سه‌وزه‌ و میوه‌یه‌. له‌ وڵاتێکی ئاژه‌ڵداره‌وه‌ ئێستاکه گۆشت و خوری و پێستی له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستانڕا بۆ دێت.‌  له‌ وڵاتێکه‌وه‌، که‌ خه‌ڵکه‌که‌ی کارا بوون و ته‌واوی پێویستییه‌کانی خۆیان دابین ده‌کرد و خۆیان خزمه‌تی خۆیان ده‌کرد، ئێستاکه کارگه‌ر له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ ده‌هێنرێن و کاره‌که‌ری ژنان بۆ خزمه‌تی ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندان له‌ تایلاند و فیلیپپینڕا ده‌هێنرێن. ڕاسته‌ به‌عس و ڕێژیمی عیراق به‌ وێرانکردنی گونده‌کانی کوردستان و خڕکردنه‌وه‌ی گوندنشینان، له‌ چه‌ند ئۆردووگه‌یه‌کی زۆره‌ملێدا و ڕاگواستنیان بۆ ئه‌م باژێڕ و ئه‌و‌ شارۆچکه‌ و به‌ ئه‌نفال و ڕووخاندنی کوردستان و به‌ عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و ته‌واوی ئه‌وانه‌، ژێرخانی ئابووری کوردستانیان داته‌پاند و ڕووخاند و بنه‌ڕه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌رۆزه‌کار و مشه‌خۆر و بێبه‌رهه‌میان دانا و ئه‌و کاره‌یشیان به‌ مه‌به‌ست و بۆ له‌نێوبردنی گه‌لی کوردستان و کاولکردنی کوردستان ده‌کرد‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، که‌ وا زیاتر له‌ 15 ساڵه‌ فه‌رمانڕه‌وای کوردستانن، بۆ خه‌ڵک، مه‌به‌ستم زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌، بۆ گه‌ل، نه‌ک بۆ سه‌رته‌ڵ و ده‌سته‌بژاری نێو جڤاکی کوردستان، چییان کردووه‌ و وڵاتیان به‌ره‌و چ ئاقارێک بردووه‌! ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له‌بری دروستکردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری و به‌شدارکردنی ته‌واوی تاکه‌کانی گه‌ل له‌و‌ کاره‌دا و کاراکردنی هه‌موو مرۆڤێکی کوردستان و ده‌ستپێکردن به‌ شته‌ هه‌ره‌پێویست و گرنگه‌کانی ژیانی خه‌ڵک، هاتن چێنێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی مشه‌خۆری دزیان، که‌ به‌شێکیان پیاوانی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستوپێوه‌ندی خۆیانن و به‌شێکیشیان ده‌وڵه‌مه‌ند و پاره‌داری قۆڵبڕی وڵات و ده‌رێی کوردستانن، هێنایه‌ گۆڕێ و گه‌لی کوردستان و کوردستانیان پێ ڕووتانده‌وه‌‌. هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک له‌ جیهاندا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی خزمه‌تی خه‌ڵک و پێشخستنی وڵات بێت، ئه‌وا پێش هه‌ر شتێک بیر له‌ ژێرخانی ئابووری و پێویستییه‌ بنه‌ڕه‌تی و گرنگه‌کانی وڵات و خه‌ڵک ده‌کاته‌وه‌. ‌خه‌ڵک که‌ نانی نه‌بێت‌ بیخوات، ئه‌له‌کتریکی نه‌بێت ماڵه‌که‌ی پێ ڕووناک بکاته‌وه‌ و خۆی پێ فێنک و گه‌رم بکاته‌وه‌ و به‌نزینی نه‌بێت‌ بۆ ئۆتۆمبیل و ماشێنی دیکه‌ی‌ به‌کار ببات و نه‌فتی نه‌بێت بۆ سووته‌مه‌نی زستانی و خانووی نه‌بێت‌ تێدا بژی و دوکتۆری نه‌بێت چاره‌سه‌ری ده‌رده‌کانی بکات و له‌بری ده‌رمانی نوێ و باش ده‌رمانی له‌کارکه‌وتوو و کاتبه‌سه‌رچووی بخرێته‌ به‌رده‌ست و پێ بفرۆشرێت و کۆڵانی شاره‌که‌ی هه‌موو قوڕ و چڵپاو بێت و  پۆلی خوێندنی خوێندنگه‌ی منداڵه‌که‌ی په‌نجه‌ره‌ی پێوه‌ نه‌بێت‌ و سه‌رمای زستان له‌ منداڵه‌که‌ی بدات و خۆراکی کۆن و پڕژار و ده‌رمانی تورکیا و سووریا و مسر و ئێران و عیراق و کوێ و کوێی بدرێتێ و له‌ ترسی ده‌سه‌ڵات له‌ پێستی خۆیدا نه‌وێرێت بجووڵێته‌وه‌ و له‌ سه‌ر بچووکترین گازنده‌ ده‌مکوت بکرێت و...، هوتێلی 400 میلیۆن دۆلاری و زانستگه‌ی ئه‌مه‌ریکایی 300 میلیۆن دۆلاری و شاری خه‌ونه‌کان و نازه‌مۆڵ و نازسیتی و خانووی گه‌شتوگوزار و ده‌یان پرۆژه‌ی بێکه‌ڵکی دیکه‌ی، که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ده‌یکه‌نه‌وه‌ و دایده‌مه‌زرێنن و که‌ ته‌نێ به‌ قازانجی ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رمایه‌دارانن و هیچی تر، بۆ چییه‌! ئه‌و ملیاران دۆلاره‌ی بۆ ئه‌و شته‌ بێکه‌ڵکانه‌ ده‌ڕوات گه‌لێک له‌ بودجه‌ی ده‌یان له‌ وڵاتانی جیهان، که‌ ده‌وڵه‌تن و خاوه‌نی چه‌ندین میلیۆن دانیشتووانن و سه‌دان ده‌سگا و دامه‌زراویان هه‌یه‌، زیاتره‌.  ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه‌دارانی کوردستان هه‌ردوو  هاوپشکن و کاره‌کانیان پێکه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. مووچه‌ و زه‌وی و خانوو و موڵک و سامانی ده‌سه‌ڵاتداران و مڵومووشکه‌رانی ده‌وروبه‌ریان، که‌ له‌ ئه‌نجامی دزی و داگیرکردن و که‌ڵه‌گایی و به‌ نێوی کوردایه‌تی و خه‌بات و شؤڕشه‌وه‌ پێکه‌وه‌یان ناوه‌ و خڕیانکردووه‌ته‌وه‌، هێنده زۆر و بێتامه‌، که‌ ئیدی له‌وه‌ ده‌رچووه‌ له‌ گوتارێکدا بتوانرێت باسی لێوه‌ بکرێت. تا ڕێژیمی به‌عس هه‌بوو و سه‌ددام حوسه‌ین مابوو، ئه‌وان(ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان) به‌نێوی به‌ره‌وڕووبوونه‌ی دوژمن و داگیرکاره‌وه‌ فریوی خه‌ڵکیان ده‌دا. ساڵانێک به‌نێوی شه‌ڕی براکوژی و خۆکوژی و یه‌کترکوشتنه‌وه‌ کڵاویان ده‌نایه‌ سه‌ر خه‌ڵک. ئێستایش به‌ نێوی ئه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره‌کانی که‌رکووک و خانه‌قین و شنگال و ئه‌وانه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و خاڵی 140ی ده‌ستوور جێبه‌جێ ده‌که‌ن و به‌ نێوی یه‌کخستنه‌وه‌ی کارگێڕییه‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی و فڵانه‌ جڤین و سه‌د به‌زمی دیکه‌وه،‌ خه‌ڵکی کورد ده‌خاپێنن.                                                                                                               
ڕاپه‌ڕین و خۆپێشاندانه‌کانی که‌لار و هه‌ڵه‌بجه‌ و کفری و چه‌مچه‌ماڵ و ده‌ربه‌ندیخان و  زه‌ڕایه‌ن و ئاکرێ، که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان وه‌ک هه‌ر ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و دژه‌گه‌ل، به‌ گولله‌ وه‌ڵامیان داونه‌وه‌ و هه‌ر خۆپێشاندانێکی دیکه‌یش، که‌ له‌ هه‌ر کوێیه‌کی کوردستان‌ ده‌کرێت، نیشانه‌ی ناڕه‌زایی و بێزاری و تووڕه‌بوونی خه‌ڵکه،‌ له‌ ڕێژیمێکی گه‌نده‌ڵ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر و دز و نیشانه‌ی ئاگایی خه‌ڵکه‌ له‌ به‌شخوراوییان و له‌و دزی و ساخته‌کارییه‌ی، که‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یکات و نیشانه‌ی نادادی و ناڕه‌وایی و سته‌مێکه‌، که له‌ کوردستان باڵاده‌سته‌ و فه‌رمانڕه‌وا. ده‌سه‌ڵات هیچ به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ و کارنامه‌یه‌کی بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و قه‌یران و کێشانه‌ی گه‌لی کوردستان پێ نییه‌ و دانه‌ناوه‌ و هه‌ر به‌ڵێنێکیش داویه‌تی و ده‌یدات، ته‌نێ قسه‌ی بۆش و بێبه‌ر بووه و هه‌ر وایش ده‌بێت‌. ده‌سه‌ڵات هه‌موو جارێک به‌ هه‌ندێک قسه‌ی لووس و وشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییانه‌ی زه‌ق و هه‌ستبزوێن، یاری به‌ هه‌ستی خه‌ڵکه‌که‌ ده‌که‌ن و له‌ جۆش و گه‌رمی و هه‌ڵچوونیان سارد ده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌یانگێڕنه‌وه‌ قاوغی خۆیان و هیچیشیان بۆ ناکه‌ن. خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ و به‌شخوراوی کوردستان به‌ هه‌ر جۆر و شێوازێک ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕن و به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات ببنه‌وه‌، مافی خۆیانه‌، چونکه‌ ده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتی چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌دار و بۆرژوازی کوردستانه‌ و  ته‌نێ له‌ خه‌می ده‌وڵه‌مه‌ندتربوونی خۆی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی دزه‌کاندایه. تاکه‌ جیاوازییه‌کی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای کوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکاره‌کانی کوردستان و ڕێژیمگه‌لی دیکه‌ی دیکتاتۆریدا، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌م به‌ کوردی قسان ده‌کات و ئه‌وان به‌ زمانی دیکه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ کوردستان ڕووده‌دات، قه‌یرانی ده‌سه‌ڵاتێکه‌، که‌ نوێنه‌ری خه‌ڵک نییه‌. کێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکه‌، که‌ هیچی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا نییه‌ و نێوانی ئه‌و و خه‌ڵک، گه‌لێک له‌یه‌که‌وه‌ دووره‌ و بوونی ئه‌و، به‌و جۆره‌ی که‌ هه‌یه‌، بووه‌ته‌ هۆی ئافراندنی کێشه‌ و قه‌یران بۆ خه‌ڵک. چاره‌سه‌رێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ و بنبڕ و مسۆگه‌ر، که‌  به‌ قازانجی خه‌ڵکی هه‌ژار و ئاسایی و چێنه‌کانی خواره‌وه‌ی گه‌لی کوردستان بێت و  خزمه‌ت به‌وان بکات، بۆ ئه‌و قه‌یران و کێشه‌یه‌ی کوردستانی تێدا ده‌ژی و که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستایش ئه‌وه‌ی پێ نییه‌ و نایکات،  به‌رده‌وامبوونی ڕێپێوان و خۆپێشاندان و ناڕه‌زاییه‌کانه‌، تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی‌ ده‌بێته‌ ڕاپه‌ڕینێکی جه‌ماوه‌ری و سه‌رتاسه‌ری و ته‌واوی باشووری کوردستانی ده‌گرێته‌وه‌.  ئه‌وده‌م ئیدی هیوای وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ فه‌رمانڕه‌وا گه‌نده‌ڵه‌ و هێنانه‌ سه‌رکاری ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل و ده‌سه‌ڵاتێکی نیشتمانپه‌روه‌ر و وڵاتپارێز و له‌ خه‌ڵکه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک، نێزیک ده‌بێته‌وه‌ و دێته‌ دی. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای کوردستان ده‌بوو ئه‌وه‌یان زانیبا، که‌ له‌نێوچوونی فڵانه‌ دیکتاتۆر و فڵانه‌ ڕێژێمی سه‌رکوتکار و دژه‌گه‌ل و فڵانه‌ دز و ساخته‌کار و گه‌نده‌ڵ و چه‌وسێنه‌ر و داپڵۆسه‌ر و مشه‌خۆر، که‌ بۆ خۆیشیان له‌و جۆره‌ن، زه‌نگی ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌که‌، بۆ  هه‌موو ڕێژیم و ده‌سه‌ڵاتێکی له‌و جۆره،‌ و نه‌مان و داڕووخان و له‌نێوچوونیان، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئیدی نۆره‌ی له نێوچوون و گیانکێشانی ئه‌مانیش هاتووه.                                                                                                                        
ده‌ڵێن کابرایه‌ک، که‌ زۆری دڵ به‌ ژیان و دنیا خۆش ده‌بێت، ئه‌و ڕۆژه‌ی کاتی مردن و  ڕۆژته‌واوبوونی دێت، عیزرائیلی لێ وه‌ژوور ده‌که‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی گیانی بکێشێت و بیمرێنێت. کابرا له‌ عیزرائیل ده‌پرسێت:"تۆ کێیت و چیت لێم ده‌وێت و بۆچی هاتوویت؟". عیزرائیلیش پێی ده‌ڵێ، که‌ ئه‌و عیزرائیله‌ و چونکه‌ ڕۆژی ته‌واو بووه‌، هاتووه‌ گیانی بکێشێت. کابرا ده‌ڵێ:"جا چۆن وا ده‌بێ، تۆ ده‌بوو پێش هاتنت ئاگادارت کردبامه‌وه‌ و پێت گوتبام، تا من خۆم ئاماده‌ کردبا و ئه‌وده‌می تۆیش کاری خۆت کردبا" و زۆری لێ ده‌پاڕێته‌وه‌ و داوای لێ ده‌کات، که‌ وازی لێ بهێنێت و مردنه‌که‌ی دوا بخات بۆ کاتێکی تر. عیزرائیلیش به‌ گوێی ده‌کات و ده‌ڵێ:" باشه‌ ئه‌مجاره‌ لێت خۆش ده‌بم، به‌ڵام جارێکی دی، که‌ هاتمه‌وه‌ ئیتر ته‌واو و بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا گیانت ده‌کێشم". کابرا به‌و کاره‌ی عیزرائیل دڵخۆش ده‌بێت و ژیانی به‌رده‌وام ده‌بێت. چه‌ند ساڵێک به‌ سه‌ر ئه‌و هاتنه‌ی عیزرائیلدا تێده‌په‌ڕێت و له‌و ماوه‌یه‌یشدا، هه‌ر جاره‌و که‌سێک له‌ ناسیاو و هاوماڵ و هاوسێی کابرا ده‌مرێت و پرسه‌ی بۆ داده‌نرێت و کابرای له‌مه‌ڕ خۆیشمان ده‌چێته‌  زۆرێکی ئه‌و پرسانه‌ و ئه‌لفاتیحای خۆی ده‌خوێنێت و دێته‌ ده‌رێ. ڕۆژێکیان، که‌ ئیدی کاتی دیاریکراوی مردنی کابرا دێت، عیزرائیل خۆی ده‌کات به‌ ماڵی کابرادا. کابرا دیسان لێی ده‌پرسێته‌وه‌، که‌ کێیه‌. عیزرائیل خۆی پی ده‌ناسێنێته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێت، که‌ بۆ گیانکێشانی هاتووه‌. کابرا تووڕه‌ ده‌بێت و ده‌یکات به‌ هه‌را و بۆڵه‌بۆڵ و ده‌ڵێ:" بۆ پێشتر ئاگادارت نه‌کردمه‌وه‌ و پێت نه‌گوتم و چۆن ده‌بێ ئاوا له‌پڕ بێیت!". عیزرائیل ده‌ڵێ:"مه‌گه‌ر ئاگادارم نه‌کردوویه‌وه‌". کابرا ده‌ڵێ:"کوا!". عیزرائیل ده‌ڵێ:"له‌ بیرته‌ فڵانه‌ حاجی مرد و فڵانه‌ هاوسێت مرد و فڵانه‌که‌س مارپێوه‌دا و مرد و فڵانه‌ پیره‌مێرد مرد و فڵان که‌وته‌ ئاوه‌وه‌ و خنکا  و فڵانه‌ پیره‌ژن مرد و فڵانه‌ ناسیاوت مرد و فڵان له‌ سه‌ربان به‌ربووه‌وه‌ و مرد و فڵانه‌ خزمت مرد و فڵانی ئامۆزات و فڵان به‌ر گولله‌ که‌وت و کوژرا و فڵان و... !". کابرا ده‌ڵێ:"به‌ڵێ، هه‌مووم له‌بیره‌". عیزرائیل ده‌ڵێ:" ده‌ی مردنی ئه‌وانه‌ هه‌موو ئاگادارکردنه‌وه‌ بوون بۆ تۆ و ده‌بوو تۆیش تێگه‌یشتبای، که‌ ئیدی نۆره‌ی‌ تۆیش وا هات". ئیتر کابرا چاری نامێنێت و خۆ به‌ عیزرائیل ده‌سپێرێت و ئه‌ویش ڕێکوڕه‌وان گیانی ده‌کێشێت. ‌                                                                                                            

11-8-2006

Wednesday, August 9, 2006

خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی مێژوویه‌کی چه‌وت‌

خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی مێژوویه‌کی چه‌وت‌


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی‌

له‌تیف هه‌ڵمه‌تی شاعیر، له‌ دیدارێکیدا که‌ ئه‌حمه‌د میره‌ و هێمن باقر له‌ که‌رکووک و بۆ گۆڤاری لڤین له‌گه‌ڵیدا کردوویانه‌ و له‌ لاپه‌ڕه‌کانی 46-51ی گۆڤاری "لڤین"دا، که‌ له‌ سلێمانی ده‌رده‌چێت، بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، باس له‌ شیعر و ئه‌ده‌ب و به‌رهه‌مه‌کانی خۆی و ئه‌زموونی شیعری خۆی و گرۆی کفری و ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌کات. من کارم به‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌وه‌ نییه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌یان کاری من نییه‌ و کورد گوته‌نی"نان بۆ نانه‌وا و گۆشت بۆ قه‌سساب". ئه‌وه‌ی بۆ من جێی ڕامان و سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ له‌ هه‌ندێک له‌ وه‌ڵامه‌کانیدا هه‌ڵمه‌ت وه‌ها ده‌ڵێت:"له‌ کۆتایی شه‌سته‌کاندا له‌ شه‌ست و شه‌شه‌وه‌ فکری (ماوستی تۆنگ) که‌وته‌ کوردستانه‌وه‌. ئێمه‌ خۆمان به‌ یه‌کێک له‌و گوڵانه‌ ده‌زانی که‌ ماوتسی تۆنگ ده‌یوت لێگه‌ڕێن با بکرێنه‌وه‌. من خۆم کتێبی ماوتسی تۆنگم له‌ به‌غداوه‌ ده‌هێنا بۆ کفری و ده‌مویست بیری(ماوتسی تۆنگ) له‌ کفری بڵاوبێته‌وه‌...من وه‌ک لایه‌نگر له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌تی مه‌کته‌بی سیاسیدا بووم...یه‌که‌م به‌یاننامه‌ که‌ باسی نوێگه‌ری بکات له‌ ساڵی(69)دا له‌ گۆڤاری(ڕزگاری)دا من بڵاوم کرده‌وه‌، که‌ باڵی چه‌پی شۆڕشی ئه‌یلوول ده‌ریده‌کرد..."[1].                                                                     
جه‌لالییان، هه‌ر له‌ ده‌سپێکی1964ه‌وه‌، که‌ سه‌نگه‌ری شۆڕشی گه‌لی کوردستانیان چۆڵکرد و ڕوویانکرده هه‌مه‌دان و تارانی ساواک و ‌له ‌1966ه‌وه‌، که‌  به‌ شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی و ئاشکرا که‌وتنه‌ به‌غدا و ده‌ستیان به‌ کاری حیزبی و سیاسی کرد و چه‌کداره‌کانیان له‌ به‌غدا و شاره‌کانی  کوردستان و دوو سێ بنکه‌ و مه‌کۆی سه‌ره‌کی وه‌ک به‌کره‌جۆ و که‌لار و داره‌مان خڕکرده‌وه‌ و هه‌موو کۆمه‌کێکیان له‌ لایه‌ن حوکوومه‌ت و له‌شکری عیراق و ده‌سگاسیخوڕییه‌کانی دیکه‌ی عیراقه‌وه‌، له‌ سه‌رده‌می هه‌ردوو سه‌رۆک عارفه‌کاندا و دواتریش له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا پێ ده‌کرا، له‌و کاته‌دا، له‌ به‌غدای دژه‌کۆمۆنیزم و دژه‌ماویزم و دژه‌چه‌پ و پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستیی عه‌ره‌ب و دژه‌کورد و کۆنه‌خوازه‌وه‌ و به‌به‌رچاو و به‌ کۆمه‌ک و به‌ پاره‌ی ده‌سگاسیخوڕییه‌کانی به‌غدا و به‌عس و عورووبییه‌کان، بیری ماو تسیتۆنگ و کتێبی وی...بۆ کوردستان و له‌ لایه‌ن جه‌لالییانه‌وه‌، ده‌نێردراو بڵاو ده‌کرایه‌وه‌. جه‌لالییان ئه‌وده‌م به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی ماو له‌ کوردستاندا و هه‌ڵگرتنی کتێبه‌ سووره‌که‌ی وی و قۆڵپێچانه‌وه‌ی خۆیان به‌ په‌ڕۆیه‌کی سوور، ده‌یانه‌ویست فریوی خه‌ڵکی کورد بده‌ن و له‌ بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانی دووربخه‌نه‌وه‌ و خۆ له‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی به‌و بانگاشه‌یه‌‌ جوێبکه‌نه‌وه‌، که‌ ئه‌مان چه‌پ و چه‌پخوازن و بارزانی ڕاستڕۆ. حوکوومه‌تی عیراقیش بۆ دابڕینی گه‌لی کورد له‌ شۆڕش و سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی، دنه‌ی ئه‌و مارکسیزم و ماویزمه‌ی، که‌ بۆ خۆی دروستی کردبوو و له‌ په‌نای جاشیزمدا و له‌ ڕێگه‌ی جاشیزمه‌وه‌ بڵاو ده‌کرایه‌وه‌، ده‌دا. ئه‌گه‌ر له‌و ده‌مه‌دا ڕێکخراوێکی سیاسی و ده‌سته‌یه‌کی چه‌پ چ له‌ کوردستان و ج له‌ عیراقدا هه‌بووبن، ئه‌وا کۆمۆنیسته‌کان بوونه‌ و کۆمۆنیسته‌کانیش ئه‌وده‌م دوو حیزب و دوو ڕێکخراو بوون، حیزبی کۆمۆنیستی سه‌ركرده‌یه‌تیی نێوه‌ندی(القیادة‌المركزیة) و حیزبی کۆمۆنیستی كۆمیته‌ی نێوه‌ندی(اللجنة‌المركزیة‌). هه‌ردوو سه‌ركرده‌یه‌تیی ئه‌و دوو حیزبه‌ له‌ ده‌وری سه‌ركرده‌یه‌تیی بارزانی كۆوه‌بوون و كۆمه‌كیان له‌ بارزانییه‌وه‌ پێ ده‌كرا[2]. كه‌چی له‌هه‌مان كاتدا حیزبی جه‌لالی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حیزبه‌ كۆمۆنیسته‌كاندا ناكۆک بوون. له‌ كاتێكدا كه‌ حیزبی كۆمۆنیستی عیراق(سه‌ركرده‌یه‌تیی نێوه‌ندی- القیادة‌المركزیة‌)، که‌ شۆڕشگێڕترین و ڕادیکالترین و چه‌پترین ڕێکخراوی عیراقی بوو، وه‌به‌ر دڕنده‌ترین شاڵاوی به‌عس كه‌وتبوو و قه‌ڵاچۆ و بنبڕ ده‌كرا، پارتییه‌كه‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د- جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ ترۆپكی هاریكاریدا بوو له‌گه‌ڵ به‌عسدا و ڕاوی نه‌یارانی ڕێژیمیان– له‌وانه‌ش كۆمۆنیسته‌كانی قیاده‌ی مه‌ركه‌زی- بۆ به‌عس ده‌كرد و ته‌واوی ئه‌و كار و كرده‌وانه‌شیان بۆ خۆیان به‌ چه‌پایه‌تی و كوردایه‌تی و شۆڕشگێڕی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا. كۆمۆنیسته‌ نه‌ریتییه‌ ڕه‌دووكه‌وتووه‌كانی سۆڤیێتی لێژنه‌ی مه‌ركه‌زییش له‌ ساڵانی پاشكۆیه‌تییاندا بۆ به‌عس، هه‌مان هه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ر به‌ كۆمۆنیسته‌كانی قیاده‌ی مه‌ركه‌زی هه‌بوو و ئه‌وان و تاقمی جه‌لال تاڵه‌بانی، دووزمانییان له‌سه‌ر ئه‌و كۆمۆنیستانه‌ ده‌كرد و له‌گه‌ڵ به‌عسدا له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ردا، دژایه‌تییانیان ده‌كرد و هه‌وڵی له‌نێوبردنیان ده‌دان[3].
 جه‌لالی(پێڕۆیانی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و جه‌لال تاڵه‌بانی و كۆمه‌ڵه‌ییه‌كان)، له‌ به‌غدای پێته‌ختی به‌عس و به‌ به‌رچاوی ته‌واوی ده‌سگا جاسووسی و سیخوڕییه‌كانی  به‌عسه‌وه‌ و له‌ كاتێكدا، كه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ له‌ سه‌ر بڵاوكراوه‌یه‌كی زۆر ساكار و سانا، كه‌ هه‌ر بیانزانیبا بۆنی چه‌پ و ماركسایه‌تیی ڕاسته‌قینه‌ی لێ دێت، هه‌ڵده‌واسران و له‌توپه‌ت ده‌كران، كتێبی ماویستی و ماركسایه‌تییان چاپ و بڵاو ده‌كرده‌وه‌. هه‌ر ئه‌و کاته‌ی ئه‌و کتێبانه‌ له‌ لایه‌ن جه‌لالییانه‌وه‌ په‌خش ده‌کرانه‌وه‌، له‌ به‌غدا و کوردستان و ته‌واوی شوێنه‌کانی دیکه‌ی عیراقدا، خه‌ڵکی دیکه‌ی ماویست و چه‌پی ڕاستی له‌ سه‌ر تاکه‌ بڵاوکراوه‌یه‌کی ماویستی و له‌ سه‌ر یه‌ک ڕووپه‌لی کتێبێکی چه‌پخواز و له‌ سه‌ر یه‌ک وشه‌ی گومانی چه‌پبوون و چه‌پایه‌تی لێ کرابا، له‌نێو ده‌بران، ئه‌وان له‌و ده‌مه‌دا كتێبفرۆشیی "بیری نوێ"ی پڕ به‌ ئه‌ده‌بییاتی ماركسایه‌تییان له‌ ناوه‌ندیی به‌غدایێ دانابوو و ده‌یانماركسان و ده‌یانماواند و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌شدا بوو، كه‌ كتێبی سوور"چه‌پكێك له‌ وته‌كانی ماوتسی تۆنگ"یان چاپكرد و وه‌ک ته‌ورات و ئینجیل و قورئان، بۆ ڕاكێشانی لاوانی كورد به‌ره‌و جه‌لالییه‌تی و خۆڕه‌نگگردن به‌ بۆیه‌ی ماركسی- لێنینی و خۆهه‌ڵواسین به‌ چه‌پدا و بۆ پتر خۆدوورخستنه‌وه‌ له‌ پارتیی و سازكردنی – به‌ قسه‌ی خۆیان- حیزبی جیاواز و "پێشڕه‌و و پێشه‌نگ"، به‌كار ده‌برد. به‌ قسه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا، كتێبی"چه‌پكێك له‌ وته‌كانی ماوتسی تۆنگ"، كه‌ به‌ كتێبی سوور، نێوی ده‌ركردبوو، نه‌وشیروان مسته‌فا و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، له‌ سه‌ره‌تای 1970كاندا و دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حیزبی جه‌لالی، كاتێک له‌ قه‌سرێ، له‌ باره‌گای بارزانی، ده‌بن، ده‌یكه‌نه‌ كوردی. كتێبی"بژی سه‌ركه‌وتنی جه‌نگی گه‌ل"ی "لین پیاو"یش، هه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا كردوویه‌ به‌ كوردی[4].
جه‌لالییان ئه‌وده‌م و دواتریش، بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ک بده‌ن به‌ خۆیان و سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی به‌ بێ ڕه‌گ و ڕووت دابنێن و خۆ به‌ حیزب و بارزانی به‌ ناحیزب و خۆ به‌ ڕاست و بارزانی به‌ درۆ و خۆ به‌ خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر و بارزانی به‌ ده‌سته‌یه‌کی که‌م و خۆ به‌ خوێندوو و بارزانی به‌ نه‌خوێندوو و خۆ به‌ شارستانی و بارزانی به‌ خێڵه‌کی دابنێن،  به‌ خۆیان ده‌گوت ده‌سته‌ی "مه‌کته‌بی سیاسی"، ده‌نا خۆ پارتیی و سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانییش مه‌کته‌بی سیاسییان هه‌بوو و زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردیش له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانیدا بوون و که‌مینه‌ له‌گه‌ڵ جه‌لالییاندا بوون. ئه‌وه‌ی نێوی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی لێ نرابوو، حیزبی جه‌لالی بوو و کۆمه‌ڵێک چه‌کدار بوون و له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی عیراقدا بوون.                                                                                                             
گۆڤاری" ڕزگاری"، که‌ له‌ سلێمانی ده‌رده‌چوو و نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رنووسه‌ری بوو، گۆڤارێکی جه‌لالییانه‌ بوو و جه‌لالییان ده‌ریان ده‌کرد. باڵی جه‌لالییش ئه‌و کاته‌ له‌ نێو شۆڕشی ئه‌یلوولدا نه‌مابوون و له‌نگه‌ریان له‌ به‌غدا و له‌ په‌نای حوکوومه‌تی عیراقی دژ به‌ شۆڕشی ئه‌یلوول خستبوو.  شۆڕشی ئه‌یلوول ئه‌وه‌ بوو، که‌ بارزانی ڕێبه‌رایه‌تیی ده‌کرد. ئه‌وان دژی بارزانی و دژی شۆڕشی ئه‌یلوول بوون و شۆڕشی ئه‌یلوولیان به‌ خیانه‌ت و جیابوونه‌خوازی و نۆکه‌ری بیانی و یاخیبوون و بارزانییان به‌ خائین و جیابوونه‌خواز و نۆکه‌ر و یاخیبوو ده‌زانی و هه‌مووده‌م به‌ تایبه‌ت له‌ گۆڤاری "ڕزگاری"دا، ناوی "چۆمبی"یان لێ نابوو[5]. به‌ ناولێنانی بارزانی به‌ چۆمبی، ده‌یکرده‌ ئه‌وه‌ی کوردستان به‌ کاتانگا و عیراق به‌ کۆنگۆ و سه‌رۆکی عیراق"عارفی یه‌که‌م و عارفی دووه‌م و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌کر و سه‌ددام حوسه‌ین" ‌به‌ پاتریس لۆمۆمبا،  بچووێندرێن، که‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی پێشێلکردن و زه‌وتکردنی ڕاستییه‌ و درۆیه‌کی شاخداره‌. جه‌لالی، وه‌ک بزاڤێک هه‌ر له‌ په‌یدابوونییه‌وه‌، وه‌ک بیروباوه‌ڕ چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداره‌ داگیرکاره‌کانی کوردستاندا نه‌بووه‌ و هه‌رده‌میش دژایه‌تیی بیری سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی کردووه‌ و ڕێبه‌رایه‌تیی بزاڤی شۆڕشی کوردستانی به‌ جوداخواز و نۆکه‌ری بیانی نێو بردووه‌. جه‌مال نه‌به‌ز ده‌ڵێت:"هورده‌بۆرژوازی كورد{مه‌به‌ست جه‌لالییه‌‌-شاكه‌لی}چ له‌ كاتی خۆهه‌ڵپه‌ساردنی دا به‌ سه‌ركرده‌یه‌تی ی كلاسیكی ی كورده‌وه‌(له‌ 1946ه‌وه‌ تا1964) و چ له‌ كاتی خۆهه‌ڵپه‌ساردنی دا به‌ فه‌رمانڕه‌وایان و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ووڵاتانه‌وه‌ كه‌ كوردستانیان دابه‌شكردووه‌ به‌ نیازی كوژاندنه‌وه‌ی شۆڕشی كورد(له‌ 1964ه‌وه‌ تا1970)، زۆر به‌ توند و تیژی به‌ربه‌ره‌كانێ ی ((بیری ده‌وڵه‌تی ناسیۆنال))ی كوردی ده‌كرد، هه‌روه‌ك ناسیۆنالیسته‌ عه‌ره‌ب و تورك و فارسه‌كان و بگره‌ خه‌ستتریش له‌وان دژی هه‌موو هه‌ستێكی سه‌ربه‌خۆیی ی له‌ نێو كورددا ده‌وه‌ستا، و به‌ نێوی ((جیابوونه‌وه‌خوازی))یه‌وه‌ به‌ربه‌ره‌كانێ ی ده‌كرد و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی دیكتاتۆری ئه‌م ووڵاتانه‌دا هاوكاری ده‌كرد(چ به‌ چه‌ك و چ به‌ ده‌نگوباس بۆ كۆكردنه‌وه‌) له‌ دژی ئه‌و كوردانه‌ی به‌ فه‌رمانڕه‌وایی ی ئه‌م بێگانانه‌ رازی نه‌ده‌بوون"[6].
گۆڤاری ڕزگاری، له‌ لایه‌ن باڵی دژه‌شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه‌ ده‌رده‌چوو، که‌ بانگاشه‌ی چه‌پایه‌تی ده‌کرد و ئه‌گه‌ر چه‌پیش بووبێت، ئه‌وا ده‌کرێ به‌ باڵی چه‌پی جاشایه‌تی نێو بنرێت. جه‌لالی له‌ سه‌رده‌مێكدا، كه‌ له‌ به‌غدا، له‌ خزمه‌تی حوكوومه‌تی عیراقدا بوون، له‌ ڕۆژنامه‌ی ئه‌ننوور"النور"ی زمانحاڵی خۆیاندا، كه‌ له‌ به‌غدا ده‌رده‌چوو و له‌ گۆڤاری"رزگاری"دا، كه‌ بڵندگۆ و سه‌كۆی هزر و بۆچوون و سیاسه‌تی جه‌لالییان بوو له‌ نێو بزووتنه‌وه‌ی كورددا، ده‌یان گوتار و لێكۆڵینه‌وه‌ی، دژ به‌ سه‌ركرده‌یه‌تیی بارزانی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتیی دیموكراتی كوردستانیان، تێدا بوون. گۆڤاری ڕزگاری، مه‌سه‌له‌ی جیابوونه‌وه‌ و شه‌ڕی جه‌لالی و پارتیی (سه‌ركرده‌یه‌تی بارزانی)، له‌ ده‌سماڵی سووری ئایدیۆلۆژیا ده‌پێچا و پاساوی هزری و سیاسی ده‌دا[7].  گۆڤاری ڕزگاری، كه‌ هه‌ژاری موكریانی ناوی نابوو "گۆڤاری ڕزگاریی له‌ نامووس" و كه‌ له‌ لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ له‌ سلێمانی ده‌رده‌كرا، له‌ ژماره‌ 1 و 2ی ساڵی 1967یدا و له‌ژێر ناونیشانی"دژی جیابوونه‌وه‌ین"، به‌ ئاشكرا مه‌به‌ست و نیاز و تێڕوانینی ئه‌وان ده‌رده‌كه‌وێت[8]، كه‌ چۆن دژ به‌ خواستی گه‌لی كورد، پروپاگه‌نده‌ی خراپیان، دژی شۆڕشی كورد و بارزانی ده‌كرد.   
ده‌مه‌وێ چپه‌یه‌ک به‌ گوێی له‌تیف هه‌ڵمه‌تی شاعیردا، که‌ هه‌میشه‌ بوێر و پێشه‌نگ و ده‌نگهه‌ڵبڕ و نه‌ترس بووه‌، بده‌م و پێی بڵێم: ئه‌گه‌ر حیزبی جه‌لالی1964-1970  باڵی چه‌پ بووبن، ئه‌وا ده‌کرێ حیزبه‌که‌ی شێخ سه‌تتار(پارتیی شۆڕشگێڕی کوردستان) و حیزبه‌که‌ی مه‌لا ماتۆر(بزووتنه‌وه‌ی پێشکه‌وتنخوازانی کورد) و حیزبه‌که‌ی هاشم عه‌قراوی(پارتیی دیموکراتی کوردستان)، که‌ کورد ناوی حیزبی کارتۆنیی لێ نابوون و ته‌واوی جاشه‌ کورده‌کانی دیکه‌ی حوکوومه‌تی عیراق به‌ کۆنه‌جاش و قورس و سووکه‌جاشه‌کانیشه‌وه‌، هه‌ر هه‌موو حیسابی باڵی شۆڕشی ئه‌یلوول، شۆرشی نوێ و شۆڕشی گوڵان(که‌ دوای هه‌ره‌سی 1975 به‌رپا بوون) یان بۆ بکرێت، چونکه‌ حیزبی جه‌لالی له نێوان‌ 1964-1970دا و ته‌واوی ئه‌و حیزب و ده‌ستانه‌ی دیکه‌، هه‌ر هه‌موو له‌ یه‌ک خانه‌ و یه‌ک سه‌نگه‌ردا بوون، که‌ ئه‌ویش خانه‌ و سه‌نگه‌ری حوکوومه‌ته‌کانی عیراق بوون . حیزبه‌کانی شێخ سه‌تتار و مه‌لا ماتۆر و هاشم عه‌قراوی، چه‌کداریان نه‌بوو و هه‌ر به‌ کاری سیخوڕی و نۆکه‌ری بۆ به‌عس و عیراق، دژایه‌تی شۆرشی کوردستانیان ده‌کرد، لێ جه‌لالییان به‌وانه‌ و به‌ چه‌کیش، ڕێک وه‌ک کۆن و قورس و سووکه‌جاشه‌کانی دیکه‌ی حوکوومه‌تی عیراق، که‌ حوکوومه‌ت ناوی "سواره‌ی سه‌لاحوودین"ی لێ نابوون، دژایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوولی کوردستانیان ده‌کرد. که‌واته‌ ده‌توانین بڵێین حیزبی جه‌لالی، خۆی له‌ بازنه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول ده‌رکردبوو و شۆڕشی ئه‌یلوولی له‌ 1964 به‌ دواوه‌ به‌ شۆڕش نه‌ده‌زانی و حیسابی نۆکه‌ری و خۆفرۆشیی بۆ ده‌کرد. ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیار بێت جه‌لالی باڵێکی شۆڕشی ئه‌یلوول بووبێت، ئه‌وا تا کۆتایی ساڵی 1963 به‌شێک بووه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول، به‌ڵام له ده‌سپێکی 1964ه‌وه‌ ئیدی له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول دابڕا و که‌وته‌ سه‌نگه‌ری به‌رانبه‌ری شۆڕشی ئه‌یلوول و بوو به‌ دوژمنی شۆڕشی ئه‌یلوول. ئه‌گه‌ر هه‌ر چه‌پیش بووبێت، ئه‌وا باڵی چه‌پی شۆڕشی ئه‌یلوول نه‌بووه‌، به‌ڵکه‌ باڵی چه‌پی جاشایه‌تی بووه‌، یا ده‌کرێ بگوترێ "چه‌په‌جاش" بووه‌، چونکه‌ ڕه‌نگه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ جاشه‌ نه‌ریتییه‌کاندا، ئه‌مان هه‌ندێک چه‌پ بووبن. چه‌پبوونی جه‌لالی، که‌ ته‌نێ خۆیان، خۆیان به‌ چه‌پ زانیوه‌ و هیج چه‌پێکی دیکه‌ ئه‌وانی به‌ چه‌پ نه‌زانیوه‌، له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا له‌ بانگاشه‌یه‌کی هه‌رزان و بێ بنه‌ما و ناڕاست زیاتر، هیج شتێکی دیکه‌ نه‌بووه‌.    
من ده‌زانم له‌ کوردستان ئازادی بیروڕا ده‌ربڕن نییه‌ و ده‌نگی جیاواز ده‌تاسێنرێت و ده‌مکوت ده‌کرێت. من ده‌زانم له‌ ده‌رێی گوتاری ده‌سه‌ڵات چ گوتارێکی دیکه‌ ناخوات و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکیش، زۆرینه‌ی خه‌ڵک، هه‌ر به‌ گوتاری ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێن ئامین و سه‌ر بۆ گوتاری ده‌سه‌ڵات ده‌له‌قێننه‌وه‌. من ده‌زانم هه‌ندێک خه‌ڵک له‌ ترسی نانبڕان، ناوێرن زاریان بکه‌نه‌وه‌. من ده‌زانم نووسه‌ر و به‌ناو"ڕووناکبیر"ی له‌میش و مووشه‌ک و چڵێس و وه‌دووی پاره‌که‌وتوو و خۆفرۆش و نووکه‌ری ده‌سه‌ڵات، بۆ پڕکردنی گیرفان و تێرکردنی زگ و به‌رزگ و ئاره‌زووه‌ ئاژه‌ڵییه‌کانی خۆیان، ئاماده‌ی هه‌موو جۆره‌ خۆنه‌ویکردن و سووکایه‌تییه‌کن و ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خۆیانی تێک نه‌ده‌ن به‌ هیچ ناڵێن نه‌ء و ئه‌وپه‌ڕی مه‌رایی بۆ ده‌سه‌ڵات و داکۆکی له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن، لێ پێموانییه‌ هه‌موو که‌سێک، ئه‌گه‌ر سارتر گوته‌نی بزانێت "مرۆڤ هه‌ڵوێسته"،‌ وا بیر بکاته‌وه‌ و خۆ له‌و بازنه‌یه‌دا ببینێته‌وه‌، که‌ پێموایه‌ هه‌ڵمه‌تی شاعیریش له‌و خاوه‌ن هه‌ڵوێستانه‌یه‌. له‌و بڕوایه‌دام بۆچوونه‌کانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ته‌نێ له‌ خۆشه‌که‌تنه‌کردن و نه‌گه‌ڕانی به‌ دوای ڕاستییدا و نه‌زانین و خوێندنه‌وه‌یه‌کی یه‌کلایه‌نه‌ی ئه‌و مێژووه باوه ‌ به‌هه‌ڵه‌نووسراوه‌ ‌ سه‌پێنراوه‌ ڕه‌سمییه‌ی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی خۆی تێدا ده‌ژی، سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و هیچی دی‌. ‌دیاره‌ ته‌نێ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت نییه‌، که‌ که‌وتووه‌ته‌ ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ی ئه‌و مێژووه‌وه‌، به‌ڵکه‌ زۆرێک، که‌ به‌ دیتنی خۆیان، خۆ له‌ خانه‌ی "ڕۆشنبیر"دا ده‌بیننه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و دیده‌یان هه‌یه و ئێستایش چه‌پ و ڕاستی نه‌ک هه‌ر سیاسه‌ت و بزاڤێک، به‌ڵکه‌ هی خۆیشیان به‌ سه‌ختی بۆ لێک جوێ ده‌کرێته‌وه‌‌. بۆ پتر ئاگاداربوون له‌و باسانه‌ ده‌بوو هه‌ڵمه‌ت بڕێک دوورتر بینواڕیایه‌.  
9-8-2006







 لڤین، ژماره‌ 42، ته‌ممووزی 2006.[1]
[2] عبدالكریم، سمیر، اًضواﺀعلی الحرکة الشیوعیة في العراق، الجزﺀالرابع(18تشرین الثانی1963-17-30تموز1968)، دارالمرصاد، بیروت، ص113.
[3]  الحاج، عزیز، من اًوراق الحیاة، باریس 1997، ص69،55.  
[4] ئه‌مين، نه‌وشيروان مسته‌فا، له‌ كه‌ناری دانوبه‌وه‌ بۆ خڕی ناوزه‌نگ، به‌رلين 1997، ل359.
[5]  مۆیس چۆمبی(Moise Tshombes)، ڕێبه‌ری ئه‌و یاخیبوونه جوداخوازییه‌ بوو، که‌ له‌ ده‌ڤه‌ری کاتانگای سه‌ر به‌ کۆنگۆ و به‌ کۆمه‌کی کۆمپانیا مه‌زنه‌ جیهانییه‌کان و دنه‌دانی هێزی له‌شکری به‌لژیک، پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربوخۆیی کۆنگۆ، دژ به‌ کۆنگۆ و "پاتریس لۆمۆمۆمبا"ی ڕێبه‌ری، ساز کرا.                                                                                                                   
[6] نه‌به‌ز، جه‌مال، بيري نه‌ته‌وه‌ی ی كوردی نه‌ بيری "قه‌وميه‌ت"ی رۆژهه‌ڵاتی و نه‌ بيری"ناسيۆناليزم"ی رۆژاوایی يه‌، ستۆكهۆڵم1984، ل170.                                                                                            
 نه‌جمه‌دين، پشكۆ، له‌ سێبه‌ری ديوی ناوه‌وه‌ی رووداوه‌كان، سوێد 1997، ل24.[7]
 نه‌به‌ز..، بیری..، ل257.[8]

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...