هۆزگه‌رایی وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی
بنه‌مای ئایدیۆلۆژیی حیزب
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له په‌یدابوونی
جه‌لالیزمه‌وه، وه‌ک حیزب و جۆری بیرکردنه‌وه و جیهانبینییه‌ک له 1964ه‌وه، تا
ئه‌وڕۆ، له هه‌موو بۆچوون و گوته‌یه‌کیاندا وایان پێشانداوه، که ئه‌وان دژی تێز
و نه‌ریتی خێڵکیه‌تیی و هۆزگه‌ری و تیره‌بازیین. هه‌رده‌م ئه‌وان نه‌یارانی خۆیان(بنه‌ماڵه‌ی
بارزانی) به خێڵه‌کی نێوبردووه و پێیانوابووه بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له سه‌ر بنه‌مای
تیره و هۆز دامه‌زراون و تیره و هۆز و خێڵ ده‌پارێزن و بره‌و به بیری خێڵپه‌رستیی
ده‌ده‌ن و هه‌میشه‌ش خۆیان، به‌لای که‌مه‌وه له نێو لاوانی خوێنگه‌رم و نه‌ریتبه‌زێندا،
به کراوه‌یی و پێشکه‌وتووخوازی و دژه‌خێڵ و دژه‌هۆز داوه‌ته ناسین و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکانێکی
سافیلکه و خۆشباوه‌ڕ و ته‌نێ دیوی ده‌ره‌وه خوێنه‌ره‌وه‌ش، بڕوایان به‌و گوتانه‌ی
ئه‌وان هێناوه و پێیانوابووه، که ڕاست ده‌که‌ن و ڕاست ده‌ڵێن. من لێره‌دا نموونه‌یه‌کی
ناڕاستیی ئه‌و بانگاشه‌یه‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و بیروباوه‌ڕی جه‌لالیزم،
ده‌خه‌مه پێش چاو، که چۆن جه‌لال تاڵه‌بانی، سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کوردستان
و که‌ونه"ماویست!" و خۆ به"چه‌پ!" دانه‌ناساندن و خه‌ڵک ئه‌و
به "چه‌پ!" زان و حیزبه‌که‌ی وی و چه‌کداره‌کانی، که ساڵانێک په‌ڕۆیه‌کی
سووریا‌ن له قۆڵ ده‌به‌ست و لاسایی پاسه‌وانانی سووری "ما‌و"یان ده‌کرده‌وه
و خه‌ڵک نێوی"کۆڵوانه‌سوور"یان لێ نابوون، بره‌و به هۆزبازی و خێڵگه‌ری
و تیره‌چێتی ده‌ده‌ن و هه‌ر ڕۆژه‌ی پێشوازیی له کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی خێڵ و هۆزه‌کان ده‌کات.
من شێوه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه و ڕێنووسه‌که‌ی، به هه‌موو هه‌ڵه و چه‌وتیی
ڕێنووس و زمانه‌وه، که که‌مترین گرنگیی پێ ناده‌ن، ڕێک وه‌ک خۆی، که له کوردستانی
نوێ‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، هه‌روا ده‌گوێزمه‌وه.
کوردستانی نوێ ده‌نووسێت:"له‌پێشوازیی ژماره‌یه‌ک
مامۆستای ئایینی و که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌ی که‌رکوکدا، مام جه‌لال: سیاسه‌تمان ئه‌وه‌یه که‌رکوک له‌پێش هه‌موو شوێنه‌کانی تره‌وه‌یه‌و
چیمان له‌ده‌ست بێت بۆ خزمه‌تکردنی کورد‌و تورکمان و کلدۆئاشووری و عه‌ره‌بی ره‌سه‌ن
درێغی ناکه‌ین". "له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا
له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی کاکه‌ییه‌کانی کوردستان، مام جه‌لال: پێویسته له‌په‌رله‌مانی
داهاتووی کوردستاندا کاکه‌ییه‌کان نوێنه‌ریان هه‌بێت و ئێمه له‌و باره‌یه‌وه پشتیوانیان
ده‌بین"."له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا
له‌گه‌ڵ وه‌فدێکی برا ئێزدییه‌کانی ناوچه‌ی شه‌نگال و شێخان، مام جه‌لال بڕیاریدا
سه‌نته‌ری رووناکبیریی ئێزدییه‌کان بکرێته‌وه‌و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی
راسپارد ژماره‌یه‌ک له لاوانی برا ئێزدییه‌کانی ئه‌و ناوچانه له‌داموده‌زگاکانی
حکومه‌تدا دابمه‌زرێنێ". "له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا
له‌گه‌ڵ خزمانی هۆزی جاف، مام جه‌لال: بڕیارماندا گرنگیی زیاتر به‌لادێکانی کوردستان
بده‌ین که خۆمان به‌قه‌رزاریان ده‌زانین و هه‌رچییان بۆ بکه‌ین هێشتا هه‌ر که‌مه"."له‌پێشوازیی
وه‌فدێکی برا کلدوئاشوورییه‌کانی شاری که‌رکوکدا، مام جه‌لال چه‌ندین داواکاریی بۆ
جێبه‌جێکردن و هه‌موو کارئاسانیی و هاوکارییه‌کیشی بۆ ئه‌و ماڵه کلدۆئاشوورییانه‌ی
ناوه‌راست و باشووری عیراق دووپاتکرده‌وه که رووده‌که‌نه کوردستان". "مام
جه‌لال پێشوازیی له‌وه‌فدێکی حزبی تورکمان ئیللی کرد‌و رایگه‌یاند(ئیراده‌و ئاره‌زووی
ته‌واومان هه‌یه بۆ بووژاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی برایانه‌و هاوکاریی و هاوئاهه‌نگییکردن
له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کانی تورکمان). پێشوازیی کرد له وه‌فدێکی ته‌یاری ڵه دری". "له‌پێشوازیی
وه‌فدێکی سریانه ئه‌رسه‌دۆکسه‌کاندا، مام جه‌لال: له‌ناوچه‌که‌ی خۆمان گرنگییه‌کی
زۆر به مافی برایانی کلدۆئاشوور ده‌ده‌ین و له‌سه‌رتاسه‌ری عیراقدا ئاماده‌ین هاوکارو
پشتیوانیان بین". "له‌دیداری
وه‌فدێکی ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تی شاری فه‌لوجه‌دا، مام جه‌لال: بۆ چاره‌سه‌رکردنی
گرفتی فه‌لوجه پێویستمان به‌پلانێکی هه‌مه‌لایه‌ن و پێکه‌وه‌یی هه‌یه‌و ده‌بێت فه‌لوجه‌ییه‌کان
پلانێکیان هه‌بێت بۆ رزگارکردنی شاره‌که‌یان و وه‌ده‌رنانی تیرۆریستان. وه‌فده‌که
رایانگه‌یاند، که‌ڕاسپارده‌ی خه‌ڵکی فه‌لوجه‌یان بۆ لای هه‌ڤاڵ مام جه‌لال هێناوه
بۆ ئه‌وه‌ی توانا‌و حیکمه‌تی خۆی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی شاره‌که‌یان به‌کاربهێنێت"."له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا
له‌گه‌ڵ وه‌فدێکی عه‌شیره‌تی گه‌رگه‌ری ده‌ڤه‌ری زه‌مار، مام جه‌لال: له‌بواری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و
پێشکه‌شکردنی پرۆژه‌ی خزمه‌تگگوزارییه‌وه وا دابنێن که ناوچه‌کانتان سه‌ر به حکومه‌تی
هه‌رێمی کوردستانن ". "له‌پێشوازیی
جێگری میری ئێزدییان له‌عیراق و جیهان، مام جه‌لال: به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و پێگه
مێژووییه‌ی که ئێزدییه‌کان هه‌یانه، پێویسته له‌پرۆسه‌ی سیاسیی‌دا به‌شداربن و له‌په‌رله‌مان
نوێنه‌ریان هه‌بێت".
"له‌گه‌ڵ برایانی شه‌به‌ک و ئێزدی و کیکی- ی ده‌ڤه‌ری موسڵ کۆبووه‌وه، مام جه‌لال
ستایشی تێکۆشانی برا شه‌به‌که‌کانی کرد‌و ته‌ئکیدی کرده‌وه که‌پێویسته تایبه‌تمه‌ندییان
بپارێزرێت و له‌په‌رله‌مانی کوردستان و عیراق نوێنه‌ریان هه‌بێت"."له‌پێشوازیی
ژماره‌یه‌ک له‌سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی عیراق، مام جه‌لال: پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئێجگار
گرنگ و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه‌و زۆر گرنگه ئه‌و فرسه‌ته به‌باشترین شێوه بقۆزینه‌وه
بۆ بنیاتنانی عیراقێکی دیموکراتی فیدرالی په‌رله‌مانی"."له‌دیدارێکیدا
له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئایینی ئێزدیان له‌عیراق و جیهان، مام جه‌لال: برا ئێزدییه‌کانمان
به‌شێکی زیندووی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردین و چی له‌ده‌ستمان بێت درێغییان لێ ناکه‌ین". "له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک
که‌سایه‌تیی عه‌شیره‌تی سورچی، مام جه‌لال: ی.ن.ک هه‌رده‌م خۆی به‌پشتیوانی راسته‌قینه‌ی
برا سورچییه‌کان ده‌زانێت و چی له‌ده‌ست بێت درێغیان لێناکرێت". "له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی
چین و توێژه‌کانی سنووری سلێمانی و شاره‌زوورو هه‌ڵه‌بجه‌و پێنجوێن، مام جه‌لال:
شانازیی به‌وه‌وه ده‌که‌ین که حکومه‌ته‌که‌مان پاره‌و بودجه‌که‌ی به‌رده‌ستی بۆ کۆمه‌ڵانی
خه‌ڵکی کوردستان خه‌رج ده‌کات"."مام
جه‌لال له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی عه‌شیره‌تی میراوده‌لی کۆبووه‌وه‌و ستایشی خه‌بات
و تێکۆشانی کردن"."له‌دوو
کۆبوونه‌وه‌ی جیادا له‌گه‌ڵ خزمانی عه‌شیره‌تی مه‌نگگوڕو عه‌شیره‌تی غه‌واره، مام
جه‌لال:ململانێی نموونه‌یی له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کاندا حاڵه‌تێکی جوان و ته‌ندروسته‌و
کوردستان گه‌شه‌پێده‌دات. * ستایشی خه‌بات و تێکۆشانی هه‌ردوو عه‌شیره‌تی مه‌نگوڕو
غه‌واره‌ی کرد له بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیدا"."له‌پێشوازیی
ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تیی ناوچه‌ی بیتوێن-دا، مام جه‌لال ستایشی جه‌ماوه‌ری بیتوێن و
پشده‌ری کرد‌و رایگه‌یاند ی.ن.ک به‌چاوی گرنگیپێدانی زۆره‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و
ناوچه گرنگ و تێکۆشه‌ره‌و خواسته‌کانیان".
"له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌که‌سایه‌تییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان
و نوێنه‌رانی چین و توێژه‌کانی عه‌شیره‌تی گۆران، مام جه‌لال:ئێوه عه‌شیره‌تێکی
قاره‌مان و سه‌ربه‌رزن و توانیوتانه به‌شداریی له‌خه‌باتی ره‌وای میلله‌ته‌که‌ماندا
بکه‌ن. هه‌ڵبژاردنی عیراق زۆر چاره‌نووسسازو یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه‌و چاره‌نووسی کوردستان
و داڕشتنه‌وه‌ی عیراقی نوێی له‌سه‌ر وه‌ستاوه". "له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا
له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌که‌سایه‌تییه‌کانی عه‌شیره‌تی هه‌رکی، مام جه‌لال رایگه‌یاند
ی.ن.ک هه‌رکییه‌کان به‌نزیکی خۆی ده‌زانێت و به‌ڵێنی پێدان که‌حکومه‌ت و لایه‌نه
په‌یوه‌ندیداره‌کان راده‌سپێرێ بۆ جێبه‌جێکردنی خواسته ره‌واکانیان".
"له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کان و کادیرانی رێکخستنی شاره‌که،
مام جه‌لال: زاخۆی سه‌ربه‌رز له‌مێژووی سیاسی و رووناکبیریی کورددا شوێنێکی به‌رچاوی
هه‌یه‌و ئێمه له ی.ن.ک هه‌رچی بۆ بکه‌ین هێشتا به‌که‌می ده‌زانین". "له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا
له‌گه‌ڵ نوێنه‌ران و که‌سایه‌تییه‌کانی شاری رانیه‌و ده‌وروبه‌ری، مام جه‌لال بڕیاری
کردنه‌وه‌ی کۆلێژێکی له‌شاره‌که راگه‌یاندو لایه‌نه به‌رپرسه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی
راسپارد که په‌له له تاپۆکردنی(2000) خانووی ئۆردوگای رانیه‌دا بکه‌ن". "له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا
له‌گه‌ڵ جوتیاران و که‌سایه‌تییه‌کانی گونده‌کانی ده‌شتی کۆیه‌و ناحیه‌ی ئاشتی،
مام جه‌لال: ده‌شتی کۆیه‌و دێهاته‌کانی چاکه‌ی زۆریان به‌سه‌رمانه‌وه‌یه‌و به‌چاوی
بایه‌خ و په‌رۆشییه‌وه له‌خزمه‌تکردنیان ده‌ڕوانین"."له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا
له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌کانی تیره‌ی ته‌رخانی، مام جه‌لال ستایشی رۆڵی تێکۆشه‌رانه‌ی
کردن و رایگه‌یاند ی.ن.ک به‌شانازییه‌وه پشتیوانتانه‌و ئاگای لێتان ده‌بێت"."له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا
له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه جیاجیاکانی عه‌شیره‌تی نه‌ورۆڵی، مام جه‌لال: شانازیی به‌ئێوه‌وه
ده‌که‌ین و سه‌ربه‌رزین که‌پشتیوانی وه‌کو ئێوه‌مان هه‌یه"."له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کیدا
له‌گه‌ڵ وه‌فدێکی تورکمانه‌کانی شاری که‌رکوک، مام جه‌لال: بڕوامان وایه که له‌که‌رکوک
ده‌بێت به‌تایبه‌تی خزمه‌تی برا تورکمانه‌کان بکه‌ین و مافه ره‌واکانیان به‌زیاده‌وه
جێبه‌جێ بکه‌ین"."له‌دوو
کۆبوونه‌وه‌ی جیادا له‌گه‌ڵ رووناکبیران و لێپرسراوانی شاری قه‌لآدزێ و ده‌وروبه‌ری
و نوێنه‌ری عه‌شیره‌تی گه‌لآڵی، مام جه‌لال: له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پلانه‌ی دامانناوه
بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی کۆلێژو په‌یمانگه‌کان له‌ناوچه جیاجیاکانی کوردستاندا، کۆلێژێک
له‌زانکۆی کۆیه ده‌گوازینه‌وه بۆ شاری قه‌ڵادزێ. به‌ڵێنتان بۆ نوێده‌که‌مه‌وه که
یه‌کێتی له گه‌ڵاڵییه‌کان جیاناکرێته‌وه‌و گه‌ڵاڵییه‌کانیش له‌یه‌کێتی جیاناکرێنه‌وه"."له‌دوو
کۆبوونه‌وه‌ی جیادا له‌گه‌ڵ مامۆستایانی کوردستان و نوێنه‌رانی ده‌ڤه‌ری پشده‌رو قه‌ڵادزێ،
مام جه‌لال: رۆڵی مامۆستا ته‌واونابێت، هه‌رده‌مێنێ و گه‌شه‌ده‌کات. مژده‌تان ده‌ده‌مێ
که له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا، ناوچه‌ی پشده‌رو قه‌ڵادزێ
یه‌که‌م ناوچه ده‌بێت که لادێی هاوچه‌رخی تێدا دروست ده‌کرێت".
ئه‌و
نموونانه‌ی سه‌ره‌وه پێشوازییکردن و کۆبوونه‌وه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانین، له ماوه‌یه‌کی
کورت و دیاریکراودا، که له 19/8/2004-12/11/2004 ده‌گرنه‌وه و هه‌موو ڕۆژه‌کانی
نێوان ئه‌و دوو مێژوویه‌یشی تێدا نیین. ئه‌گه‌ر بڕێک ورد بنۆڕیته کوردستانی نوێی
ئه‌و ڕۆژانه و قسه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی بخوێنیته‌وه و ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌کان
بهێنیته‌وه یاد، ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ت لا ڕوون ده‌بنه‌وه:
1. ڕووپه‌لی
یه‌که‌می ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێی ئه‌و ڕۆژانه، هه‌موو ڕۆژێک، یه‌ک جۆره دیمه‌ن و یه‌ک جۆره وێنه‌ی له سه‌ره و
به سه‌ردێڕێکی گه‌وره و درشت هه‌واڵی ئه‌و کۆبوونه‌وانه نووسراوه. وێنه‌کان بریتین
له دوو به‌ش. لای چه‌پی لاپه‌ڕه‌که‌وه جه‌لال تاڵه‌بانی له شوێنێکی به‌رز، گه‌لێک
به‌رزتر له خه‌ڵکه‌که‌ی له‌گه‌ڵیان کۆبووته‌وه دانیشتووه و دوو که‌س لای چه‌پ و
ڕاستیان گرتووه و به ده‌مێکی به پێکه‌نینه‌وه قسه ده‌کات. لای ڕاستی ئه‌و وێنه‌یه‌ش،
خه‌ڵکه‌که‌ن، که هاتوون بۆ لای تاڵه‌بانی و له هۆڵێکی گه‌وره‌دا، که کۆڵه‌که‌یه‌ک
کردوویه‌تی به دوو له‌ته‌وه، ڕێک وه‌ک
پاکه‌تی سه‌ر ڕه‌فی فرۆشگه و کتێبی سه‌ر ڕه‌فی کتێبخانان، دانیشتوون و ته‌نێ گوێ
ده‌گرن.
2. بێجگه
له هۆز و خێڵی کورد: کاکه‌یی، جاف، گه‌رگه‌ری، سوورچی، میراوده‌لی، مه‌نگوڕ، غه‌واره،
گۆران، هه‌رکی، ته‌رخانی، نه‌ورۆڵی، گه‌ڵاڵی و...ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی، که جه‌لال تاڵه‌بانی
له‌گه‌ڵیاندا کۆده‌بێته‌وه، نوێنه‌ری ئایینه‌کانی: ئێزدی، کاکه‌یی، شه‌به‌ک، کلدان،
ئاشووری، سریان، سوننه‌ی عه‌ره‌ب، شیعه‌ی عه‌ره‌ب و..نوێنه‌ری که‌مینه نه‌ته‌وه‌ه‌یه‌کانییش: تورکمان نوێنه‌ری
هۆز و خێڵی عه‌ره‌بیش ده‌گرێته‌وه. ئه‌وه‌یشی که به نێوی که‌سایه‌تی فڵانه ده‌ڤه‌ر
له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا باس کراون، ئه‌وانه‌ش هه‌ر خه‌ڵکانێکی سه‌ر به هۆز و خێڵن و
زۆریان ئه‌ندامانی خێزانگه‌لی سه‌رۆکایه‌تیی یا ڕدێنسپی و ده‌مڕاستی هۆز یا خێڵێکن.
3. جه‌لال
تاڵه‌بانی، بۆ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی کۆیان ده‌کاته‌وه و قسه‌یان بۆ ده‌کات، دنیایان بۆ
ده‌کاته به‌هار و سه‌دویه‌ک به‌ڵێنیان ده‌داتێ، که ده‌بێ نوێنه‌ریان له په‌رله‌ماندا
هه‌بێت و، که هه‌رچییه‌کیان بۆ بکرێت هێشتا هه‌ر که‌مه و، که لادێ و گوندی هاوچه‌رخیان
بۆ دروست ده‌کرێت و، که یه‌کیه‌تیی له‌وان جیاناکرێته‌وه و ئه‌وان له یه‌کیه‌تیی
جیا ناکرێنه‌وه و، که کۆلێژێکی زانکۆیان بۆ ده‌گوێزیته‌وه شاره‌که‌یان و، که
شانازییان پێوه ده‌کات و سه‌ربه‌رزه به‌وه‌ی پشتیوانی وه‌ک ئه‌وانی هه‌یه و، که
ڕۆڵی تێکۆشه‌رانه‌یان هه‌بووه و، که چاکه‌یان به سه‌ریه‌وه و سه‌ریانه‌وه هه‌یه
و، که ده‌بێ خزمه‌ت بکرێن و بودجه‌یان بۆ ته‌رخان بکرێت و، که ده‌بێ گرنگیی به
خۆیان و ناوچه‌که‌یان بدرێت و، که له ده‌سگاکانی حوکوومه‌تدا دایانمه‌زرێنن و، که
خه‌رجیی دامه‌زراندن و پێکهێنانی فڵانه شتیان بۆ بدرێت و...زۆری دیکه‌ش.
4. به‌شێکی
زۆری ئه‌و هۆز و خێل و که‌سایه‌تیی و نوێنه‌ر و خه‌ڵکانه‌ی پێشوازییان لێ ده‌کات،
خێڵ و هۆز و که‌سایه‌تی و خه‌ڵکانێکن، که له ڕووی جوگرافیاییه‌وه و به‌گوێره‌ی
ئه‌و دابه‌شکردنه‌وه‌ی باشووری کوردستان، که هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی کورد کردوویانه،
ده‌که‌ونه ده‌ڤه‌ره‌کانی بنده‌ستی پارتییه‌وه. ئه‌و خه‌ڵکانه، که له شێخان و
زاخۆ و زه‌ممار و...ئه‌وانه‌وه ده‌گه‌نه سلێمانی، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی
ببینن و وێنه‌ی له‌گه‌ڵدا بگرن، دیاره ڕێگه‌یه‌که‌ی زۆر دوور ده‌بڕن تا ده‌گه‌نه
ئه‌وێ. ئه‌وانه هه‌روا به ئاسانی و هه‌ر له‌خۆڕا نایه‌ن بۆ سلێمانی، به‌ڵکه به
کاریگه‌ری نوێنه‌رانی جه‌لال تاڵه‌بانی خۆی له‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا و هاندانی ئه‌وان و
به‌ڵێنی چه‌وری ئه‌وان، ئه‌و هه‌موو ڕێگه‌یه ده‌بڕن، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه سلێمانی
و گوێ له‌و به‌ڵێنانه بگرن. ئه‌گه‌ر وه‌ک دوو کارگێڕیی و دوو ده‌سه‌ڵاتی جیاواز ته‌ماشای
یه‌کیه‌تیی و پارتیی بکه‌یت، که له ڕاستیشدا نه‌ک هه‌روان به‌ڵکه وه‌ک دوو ده‌وڵه‌تی
یه‌کجار جیاوازن، ئه‌وا ئه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌یکات، به کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ
خه‌ڵکانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی بنده‌ستی پارتییدا و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌وانی ده‌دات،
کارێکی ناقانوونییه و ده‌ستخستنه نێو ده‌ڤه‌ره‌که‌ی ئه‌وانه‌وه‌یه. جه‌لال تاڵه‌بانی
و حیزب و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌که‌ی ئاوڕ له:
ئاواره‌کانی ڕه‌مادی، که ئێستا لای ده‌ربه‌ندیخان ده‌ژین و ئاواره‌کانی که‌رکووک،
که له ژێر چادردا ده‌ژین و ئه‌نفالکراوانی سموود و ئاواره‌کانی خانه‌قین و مه‌نده‌لی،
که له ئێرانه‌وه گه‌ڕاونه‌وه و هه‌موویشیان سه‌ر به ده‌ڤه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌کی خۆیانن،
ناده‌نه‌وه و بۆ ته‌رخانکردنی پاره‌یه‌ک بۆ وه‌ده‌رنانی عه‌ره‌بی که‌رکووک و گێڕانه‌وه‌ی
که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه، بۆ ئامێزی کوردستان، پێسکه‌یی و ڕه‌زیلی ده‌که‌ن،
به‌ڵام بۆ شوێنانێکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیی
پاره هه‌ڵده‌ڕێژن و به‌ڵێنی هه‌رچی زۆرتره ده‌ده‌ن، ئه‌مه بۆ خۆی له ڕێکلام بۆ
خۆ و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه له لایه‌نه‌که‌ی دیکه و سازکردنی جۆره ئاژاوه‌یه‌ک
زیاتر شتێکی دیکه نییه.
5. زۆرێک
له‌وانه‌ی له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا داده‌نیشن و گوێ له جه‌لال تاڵه‌بانی ڕاده‌گرن، سه‌رده‌مانێک
و تا ئه‌م ساڵانه‌ی دواییه‌ش، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان پێوه‌ندیان به ڕێژیمی به‌عسه‌وه
هه‌بووه و خزمه‌تیان به نه‌یارانی کورد کردووه، دیاره مه‌به‌ستم بێجگه له خێڵ و هۆزگه‌لی کورد،
سوننه‌ی عه‌ره‌ب و هۆزی عه‌ره‌ب و تورکمان و سریان و ئه‌وانه‌شه، که‌چی تاڵه‌بانی
هه‌ر هه‌موویان وه‌ک تێکۆشه‌ر و خه‌باتکار نێودێر ده‌کات و په‌سنی هه‌موویان ده‌دات.
6. ئه‌و کۆبوونه‌وه
و دانیشتنانه، که به‌شێکی زۆریان ده‌بنه میوانداری و بانگهێشتن و مانه‌وه و
هوتێل و خوان و خۆراکی نایاب و خواردنه‌وه، کۆڵێک پاره‌ی تێده‌چێت، که بۆ مه‌به‌ستێکی
ناڕه‌وا به‌کارده‌برێت و کارێکه ته‌نێ
خزمه‌ت به جه‌لال تاڵه‌بانی خۆی و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ده‌کات و هیچی دیکه.
7. ته‌واوی
ئه‌و کارانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌نجامیان ده‌دات و میدیاکانی حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی
ڕێکلامی بۆ ده‌که‌ن و گه‌وره‌ی ده‌که‌نه‌وه و چه‌ندین حه‌فته لێکێده‌ده‌نه‌وه و
ده‌یخوێننه‌وه و تاوتوێی ده‌که‌ن و نانی پێوه ده‌خۆن، له پێناوی خڕکردنه‌وه‌ی ده‌نگدا
ده‌کرێت و ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌یه، که ئه‌و خه‌ڵکانه له جه‌لال تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی
ڕازی بن و ئه‌وانیان پێ باش بێت و ورده‌ورده بۆ نێو بازنه‌ی ئه‌و حیزبه‌ی وی په‌لکێش
بکرێن، ده‌نا ئیدی کێ هه‌ژاران و لێقه‌وماوانی ئه‌و خه‌ڵکه ده‌خوێنێته‌وه!.
8. دامه‌زراندنی
مه‌کته‌بی کۆمه‌ڵایه‌تی، که کونبه‌کون به شوێن خێڵ و هۆزدا ده‌گه‌ڕێت و مووچه‌ی
دیوه‌خانانه و سه‌رۆکهۆزانه و پیاوماقوڵانه بۆ خه‌ڵکانی خێڵ ده‌بڕێته‌وه و هه‌رده‌م
خڕکردنه‌وه‌ی خزمانی فڵانه هۆز و سه‌ردانی فڵانه خێڵ و پرسه و سه‌رخۆشییلێکردنی
سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تیی بۆ فیساره تیره، بۆ خۆی بره‌وپێدانی خێڵ و هۆز ده‌گه‌یه‌نێت.
جه‌لال
تاڵه‌بانی و حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، که چل ساڵه وه‌ک ئایدیۆلۆژیا و دید و سێزده
ساڵیشه وه‌ک ده‌سه‌ڵات، بانگاشه‌ی "کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی" و "سه‌روه‌ری
قانوون" و "ڕێکخراوی جه‌ماوه‌ری و گه‌لی" و "سه‌ندیکا" و
"بیری هاوچه‌رخ" و "شۆڕشی نوێ" و "پاکسازی و چاکسازی"
و گۆڕانکاریی له ده‌سه‌ڵات و ...ده‌یان دروشمی زه‌ق و زل ده‌که‌ن، هه‌رگیز نه له‌گه‌ڵ
خۆیاندا و نه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کورددا ڕاستیان نه‌کردووه. ئه‌وان، که خه‌ڵکی دیکه
به خێڵه‌کیه‌تیی و هۆزگه‌رایی تاوانبار ده‌که‌ن، بۆ خۆیان ئه‌و کاره ده‌که‌ن و
بره‌و به هۆزبازیی ده‌ده‌ن. سیستمی هۆز و خێڵ، که به‌شێکه له پێکهاته‌ی جڤاکیی
ڕۆژهه‌ڵات - به کوردیشه‌وه- و به‌شێکه له جڤاکی شوانکاره‌یی، ده‌ره‌به‌گی و وه‌رزێری،
له بری هه‌وڵدان بۆ لاوازکردن و کاڵکردنه‌وه و نه‌هێشتنی له نێو جڤاکی کورددا و
چه‌سپاندن و خستنه‌گه‌ڕی ڕێکخراوی گه‌لێر و جه‌ماوه‌ری و گرنگییدان به تاکی کورد
و هێنانه‌گۆڕێی یه‌کسانی له به‌رده‌م قانوون‌دا، تازه به تازه جه‌لال تاڵه‌بانی
و حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بره‌وی پێ ده‌ده‌ن و بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن و جڤاکی کورد،
له سه‌ر بنه‌مای سیستمی هۆز دابه‌ش ده‌که‌ن. سیستمی حیزبایه‌تی بۆ خۆی وه‌ک شێوه‌یه‌کی
ڕێکخستن و پێکهاته‌ی جڤاک و فه‌رمانڕه‌وایی، گه‌لێک له سیستمی خێڵه‌کییه‌وه دووره
و له‌گه‌ڵیدا ناگونجێت، چونکه حیزب له سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆژیا و جیهانبینی و بیروباوه‌ڕ
و دید پێک دێت، که کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی بڕوا به یه‌ک بیر و بۆچوون بوو، له چوارچێوه‌ی
ڕێکخراوێکدا کۆ ده‌کاته‌وه و بۆ یه‌ک مه‌به‌ست و ئامانج خه‌بات ده‌که‌ن. هه‌رچی خێڵ
و هۆزیشه له سه‌ر بنه‌مای خوێن و خزمایه‌تی پێک دێت و یه‌کده‌گرنه‌وه. جه‌لال
تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی، که دێنه قسه، خۆیان له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا و جڤاکه دیموکراتییه‌کان
و به‌ها مرۆڤییه‌کانی جیهان و ئابووری و ته‌کنیک و چه‌مکی نوێی جیهانگه‌ریدا، ده‌پێون
و ده‌م له دیموکراتاندنی جڤاکی کورد و خۆراوایاندنی کوردستان ده‌کوتن، که به هیچ
جۆرێک له‌گه‌ڵ خێڵ و هۆزدا وێکنایه‌نه‌وه و دوو دید و جیهانبینیی جیاوازن، له ڕاستیدا
و به کرده‌وه سیستمی هۆز و خێڵ زیندوو ده‌که‌نه‌وه و بره‌و پێ ده‌ده‌ن و جڤاکی کوردی
به سه‌ردا ده‌به‌شنه‌وه. هیچ یه‌کێک له حیزبه‌کانی کورد، له ئایدیۆلۆژیای هۆز
و خێڵ ڕزگاری نه‌بووه و هۆزگه‌رایی به‌شێکی سه‌ره‌کی و گرنگ له پێکهاته و جیهانبینی
ئه‌و حیزبانه پێک ده‌هێنێت، به‌ڵام بانگاشه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه و خۆ به هاوچه‌رخ
و نوێخواز و دیموکرات و دامه‌زرێنه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌روه‌ریی قانوون و ڕێزگرتن
له تاک و ئازادی بیروڕاده‌ربڕین و...زان و به‌کرده‌وه‌ش تا سه‌ر ئێسک خێڵه‌کی وه‌ک
ئه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی ده‌یکه‌ن، ئه‌مه‌یه کاره‌سات و ئه‌مه‌یه
شه‌واره‌پێکردن و چه‌واشه‌کاری، که ده‌بێ کورد لێی وه‌ئاگا بێته‌وه. ئه‌گه‌ر سیستمی
هۆز و خێڵ ده‌کرێنه پێگه‌ی حیزب و ده‌بنه چه‌مکێکی بره‌وپێدراو و زیندووڕاگیراو
و بنه‌مایه‌ک بۆ بیرکردنه‌وه و تێڕوانین و سیاسه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایی و بیناکردنی
جڤاک و ئابووری و فه‌رهه‌نگ، ئیدی با حیزبی کوردیی، وشه‌ی نیشتمانی و دیموکراتی و
سۆسیالیستی و نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامی و ...له خۆی بکاته‌وه و نێوی حیزبه‌کان بگۆڕدرێن
بۆ: حیزبی جاف و حیزبی هه‌رکی و حیزبی ئێزدی و حیزبی ته‌رخانی و حیزبی گه‌رگه‌ری و
حیزبی کاکه‌یی و حیزبی به‌رزنجی و حیزبی
سوورچی و حیزبی میراوده‌لی و حیزبی سه‌دان هۆزی دیکه. کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری، به
سایه‌ی سه‌ری سیاسه‌تکاران و سه‌رانییه‌وه، تا دێت ورد و وردتر ده‌کرێته‌وه. چه‌ندپارچه‌یی
کوردستان و چه‌ندبه‌شیی باشووری کوردستان و چه‌ندئایینی کورد و چه‌ندزاراوه‌یی کورد،
ئه‌مانه هیچیان سه‌رانی کوردیان تێر نه‌کرد و دڵیانی خۆش نه‌کرد، ئه‌وجا ڕه‌نگه هۆزگه‌رایی و خێڵبازیی
بڕێک دڵیان فێنک بکاته‌وه. سه‌رکرده‌گه‌لێک و حیزبگه‌لێک و سیاسه‌تکارگه‌لێک، وه‌ها
پرسی کورد بخوێننه‌وه و سیاسه‌ت بکه‌ن، هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی دواڕۆژێکی ڕووناکتریان
بۆ کورد لێ ناکرێت و تادێت کورد به‌ره‌و تاریکی ده‌به‌ن.
24/11/2004
کوردستانی نوێ،
ژماره 3466 سێشه‌ممه 7/9/2004.
کوردستانی نوێ، ژماره
3496، سێشه‌ممه 12/10/2004.
کوردستانی نوێ، ژماره 3499، هه‌ینی
15/10/2004.
کوردستانی نوێ، ژماره
3504، پێنجشه‌ممه 21/10/2004.
کوردستانی نوێ، ژماره
3505، هه‌ینی 22/10/2004.
کوردستانی نوێ، ژماره
3507، دووشه‌ممه 25/10/2004.
کوردستانی نوێ، ژماره
3508، سێشه‌ممه 26/10/2004.
کوردستانی نوێ، ژماره
3511، هه‌ینی 29/10/2004.
کوردستانی نوێ، ژماره 3513، دووشه‌ممه 1/11/2004.
کوردستانی نوێ، ژماره 3519، دووشه‌ممه 8/11/2004.