Monday, February 2, 2004

ڕامانێک له‌چاوه‌ڕوانی هه‌ژاندا..

ڕامانێک له‌چاوه‌ڕوانی هه‌ژاندا..
 ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ته‌قینه‌وه‌کانی 1/2/2004ی هه‌ولێر، که‌ کۆمه‌ڵه‌ کوردێکی سیاسه‌تکار و هی دیکه‌یان تێدا شه‌هیدبوون، ئه‌وه‌ هیچ، که‌ جێی داخ و خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی زۆرن و کرده‌وه‌گه‌لێکی ناخۆش و دڵته‌زینیشن، ده‌کرێت له‌ چه‌ند لا و دیده‌وه‌، تێیان بنۆڕدرێت و بخوێنرێنه‌وه‌:                                                                    
حیزبه‌ کوردییه‌کان و زۆرینه‌ی خه‌ڵک، ده‌سبه‌جێ بیریان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت، که‌ ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌، ڕاسته‌خۆ پێوه‌ندیان به‌ ئه‌لقاعیده‌ (القاعدة‌) و ئوسامه‌ بین لادن (أسامة بن لادن) ه‌وه‌ هه‌بن. ڕه‌نگه‌ وه‌ها ته‌قینه‌وه‌ و کردارێک، له‌ خه‌ڵکانی سه‌ر به‌و ته‌وژمه‌ توندڕۆ و سه‌رهشکانه‌ بوه‌شێته‌وه‌ و ئه‌وان بن، که‌ له‌ پێناوی "چوونه‌به‌هه‌شت" و "کوشتنی بێئایینان" و "خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ ئه‌مه‌ریکا"دا، وه‌ک خۆیان بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، ئاماده‌ بن، وه‌ها کارێک ئه‌نجام بده‌ن، لێ دووریش نییه‌ و زۆریش ڕێی تێده‌چێت، خه‌ڵکانێکی دڵسووتاو و جه‌رگهه‌ڵقرچاو و ماڵوێرانکراو و که‌سوکار کوژراو، وه‌ها کارێک ئه‌نجام بده‌ن. له‌ جڤاکی خۆرهه‌ڵاتی خۆماندا، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن قانوون، تێیدا نییه‌ و ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ مافی مرۆڤ تێیدا نییه‌ و به‌ گوێره‌ی تیۆری: ددان به‌ ددان و چاو به‌ چاو"السن بالسن و العین بالعین"، خه‌ڵک هه‌لسوکه‌وت و ڕه‌وتار ده‌کات و تۆ ئه‌گه‌ر تۆڵه‌ی خوێنێکی ڕژاوی خۆت نه‌که‌یته‌وه‌، هیچ که‌سێک تۆڵه‌ی تۆ ناکاته‌وه‌، خه‌ڵکانێکی له‌و جۆره‌، که‌ هه‌رده‌م چاوه‌ڕوانی هه‌ل ده‌که‌ن، بۆ وه‌ی تۆڵه‌ی خوێنی که‌سه‌کانیان به‌ ده‌ستی خۆیان بکه‌نه‌وه‌ و هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ردان بۆ نه‌یاره‌کانیان، ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ بن، خۆیان لێ زیاده‌ بێت و ڕاده‌ی تووڕه‌بوون و که‌لله‌ییبوون و هه‌ڵچوونیان، گه‌یشتبێته‌ ئاستی ئه‌وه‌ی به‌رچاویان تاریک بێت و کوشتن و ئاوخواردنه‌وه‌یان له‌کن وه‌ک یه‌ک بێت، ڕه‌نگه‌ ته‌نێ ئه‌و بابه‌ته‌ مرۆڤانه‌، کارێکی له‌و جۆره‌یان پێ ئه‌نجام بدرێت. من ناڵێم، ئه‌نساروئیسلام (أنصارالاسلام) و ئه‌وانه‌ پێوه‌ندیان به‌م ته‌قینه‌وانه‌وه‌ هه‌ن، به‌ڵام ئه‌و کاره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و حیزبه‌که‌ی به‌ ئه‌نساروئیسلامیان کرد و که‌ فڕۆکه‌کانی ئه‌مه‌ریکایان هێنانه‌ سه‌ریان و که‌ گۆشت و ئێسک و خوێنی ئه‌وان و گڕ و دووکه‌ڵ و خاکی کوردستان تێکه‌ڵبوون و تاڵه‌بانی و ده‌سته‌که‌ی له‌و شینه‌دا، شاییان ده‌گێڕا و سه‌رچۆپییان ده‌گرت، ده‌بوو خه‌ڵک چاوه‌نۆڕی ئه‌وه‌یش بێت، برا و کوڕ و باوک و دایک و خوشک و کچ و ژنی، ئه‌و کوژراوانه‌ی ئه‌وان، بێ ئه‌وه‌ی چ پێوه‌ندێکیشیان به‌ ئه‌نساروئیسلام و هیچ ئه‌نسارولشتێکیدیکه‌یشه‌وه‌ هه‌بێت، ڕۆژێک له‌ ڕۆژان، به‌ گوێره‌ی ڕێسا و نه‌ریتێکی باوی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژه‌هه‌ڵاتییه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان، تۆڵه‌ی خوێنی که‌سه‌کانیان بکه‌نه‌وه‌. له‌ هیچ وڵاتێکی بڕێک پێشکه‌وتووی جیهاندا، ده‌سه‌ڵات و کارگێڕیی دوای ڕووداو و کاره‌سات و لێقه‌ومانێک، نایه‌ن ده‌سبه‌جێ، که‌سێک یا لایه‌نێک، سه‌دله‌سه‌د تاوانبار بکه‌ن و به‌ ملیاندا بشکێننه‌وه‌، به‌ڵکه‌ وه‌ک قانوون، باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ چه‌ند هێڵ و شوێنه‌وار و که‌س و لایه‌ن هه‌ن، که‌ جێی گومانن و له‌ ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌دووداچوون و لێهه‌ڵپێچانه‌وه‌ و وردکاری، ئه‌وجا ده‌گه‌نه‌ ئه‌نجامێک و به‌سه‌ر یه‌کێک یا لایه‌نێکیدا ساغ ده‌که‌نه‌وه‌. تۆ بنۆڕه‌ کوشتنی "ئولۆف پاڵمێ" و "ئاننا لیند"ی سوێد، که‌ چه‌ندین بگره‌ و به‌رده‌ و لێکۆڵینه‌وه‌، ئه‌وجایش بۆیان ڕووننه‌بووه‌ته‌وه‌ و ده‌سبه‌جێ هیچیان نه‌گوتووه‌. ئه‌و کاری لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌دووداچوونی تاوان و تاوانبارانه‌، وردکاری و وردبینی و پشوویه‌کی درێژ و لێزانینی ده‌وێت. ئه‌مه‌ی دوێنێ ڕوویدا، یه‌که‌م ڕووداو نه‌بوو، که‌ ڕووی داوه‌، به‌ڵکه‌ دوای کوشتنی فره‌نسۆ هه‌ریری و ته‌قاندنه‌وه‌ی چه‌ندین ئۆتۆمبیل و کاری دیکه‌ی له‌و جۆرانه‌، که‌ ڕوویانداوه‌، ڕووی داوه‌، سه‌رانی کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و کارگێڕیی کوردستان، ده‌بوو بڕێک زیاتر شاره‌زاییان له‌و کارانه‌دا په‌یدا کردبا و لێزانانه‌ کاریان کردبا. باشووری کوردستان، له‌ ساڵی 1994 ه‌وه‌، دوو حوکوومه‌تی سه‌ر به‌ دوو حیزب، فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ن. ئه‌و دوو حیزب و دوو حوکوومه‌ته‌، هه‌موو هه‌وڵ و کۆششێکیان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی، هه‌ردوو ده‌ڤه‌ره‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بووه‌، له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌، له‌ یه‌کدی. ئه‌وان ژنانیان کردووه‌ته‌، ئافره‌تان و ژنان، و خوێندکارانیان کردووه‌ته‌، خوێندکاران و قوتابیان، و لاوان و مامۆستایان و ڕۆژنامه‌وانان و هه‌موو ڕێکخراو و کارگێڕییه‌ک، دوو ناوی جیاواز و دوو بیرکردنه‌وه‌ی جیاواز و دوو سیستمی جیاوازیان هه‌ن. ده‌سگای پۆلیسی نهێنی، ئاساییش، له‌ هه‌ردوو کارگێڕییه‌که‌ی کوردستانیشدا، جیاوازن و دوو ناوی جیاوازیشیان هه‌ن. هێنده‌ی ده‌سگای زانیاری سه‌ر به‌ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، پێوه‌ندی به‌ ئیتتیلاعاتی ئێران و میتی تورکیا و موخابه‌راتی سووریا و جارانیش موخابه‌راتی عیراقه‌وه‌ هه‌بووه‌ و  هه‌یه‌، هێنده‌ی، له‌ کات و سه‌رده‌می ئاشتی و پێکهاتنیشیاندا، پێوه‌ندی به‌ ده‌سگای ئاساییشی پارتیی دیموکراتیی کوردستانه‌وه‌ نییه‌. هێنده‌ی ده‌سگای ئاساییشی سه‌ر به‌ پارتیی دیموکراتیی کوردستان، پێوه‌ندی به‌ ئیتتیلاعاتی ئێران و میتی تورکیا و موخابه‌راتی سووریاوه‌ هه‌یه‌، هێنده‌ی، له‌ کات و سه‌رده‌می ئاشتی و پێکهاتنیشیاندا، پێوه‌ندی به‌ ده‌سگای زانیاریی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌ نییه‌. بێجگه‌ له‌وانه‌ش ئه‌و دوو ده‌سگایه‌ (زانیاری و ئاساییش) ، هێنده‌ی چاودێری یه‌کدی ده‌که‌ن و کوڵ له‌ یه‌کدی ده‌گرن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن نهێنییه‌کانی یه‌کدی بزانن، هێنده‌ به‌رانبه‌ر ئیتتیلاعاتی ئێران و میتی تورکیا و موخابه‌راتی سووریا و عیراق و شوێنه‌کانی دیکه‌، ورد و چاوکراوه‌ و گوێسووک نه‌بوونه‌ و نین. ئه‌وان هه‌ردوو لایان، پتر له‌ یه‌کدی ده‌ترسن، نه‌ک له‌ ده‌سگا سیخوڕییه‌ ده‌ره‌کییه‌کان. بوونی دوو جۆره‌ ده‌سگای ئاساییش له‌ دوو شاری سه‌ر به‌ یه‌ک وڵاتدا و دوورییان له‌ یه‌کدییه‌وه‌ و ناهاوئاهه‌نگییان، درزێکی ئه‌وتۆ زل ده‌خاته‌ نێو ئاساییشی وڵاته‌وه‌، که‌ فیل و وشتریش به‌ باره‌وه‌ به‌ کونی ده‌رزیدا تێده‌په‌ڕێندرێت و تێیدا بزر ده‌بێت و ڕوودانی هه‌موو شتێکیش، زۆر ئاساییه‌ و چاوه‌ڕوانکراو. نایه‌کگرتوویی و نایه‌کیه‌تیی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، هۆیه‌کی هه‌ره‌ مه‌زنی له‌به‌رچاو و ئاشکرایه‌، بۆ لاوازیی کۆنترۆڵ و ده‌سه‌ڵاتیان، به‌ سه‌ر نه‌یارانی بزاڤی کورددا، به‌ پێچه‌وانه‌ی کۆنترۆڵ و ده‌سه‌ڵاتیانه‌وه‌، به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کورددا. هه‌ر کارێکی تێکدان و کوشتن و خراپکاری و ته‌قینه‌وه‌، له‌ کوردستاندا ده‌کرێت، باجی به‌عیراقیبوونه‌وه‌ی کورده‌. باجی کردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رگاکانی کوردستانه‌، به‌ ڕووی هه‌موو شۆڤینیسته‌ عه‌ره‌ب و تورکمان و کلدۆئاشوورییان و که‌ونه‌به‌عسی و که‌ونه‌جاش و خراپه‌کارانی عیراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ریدا. باجی واڵاکردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌کانه‌ به‌ ڕووی میت و موخابه‌رات و ئیتتیلاعات و خودا ده‌زانێت چی دیکه‌دا. به‌شێکی باشووری کوردستان و مێشکی زۆرینه‌ی مرۆڤی کورد، له‌ نێوی عیراق و عیراقایه‌تی و به‌غدای پێته‌خت و برایه‌تیی کورد عه‌ره‌ب و یه‌کیه‌تیی خاکی عیراق و. . . ڕزگاری بووبوو و هه‌رگیزیش بیری له‌وه‌ نه‌ده‌کرده‌وه‌، جارێکی دیکه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و نێو و بابه‌تانه‌دا سه‌روسه‌ودای هه‌بێت، لێ سه‌رانی کورد له‌ عیراقییاندنی باشووری کوردستان و سه‌رله‌نوێ عیراقییاندنی مێشکی مرۆڤی کورد، ڕۆڵێکی یه‌کجار له‌به‌رچاو و چالاکانه‌یان دیت و ده‌بینن. تێکه‌ڵاوبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عیراق، که‌ هێنده‌ی نووکه‌ ده‌رزییه‌ک سوودی بۆ کورد نه‌بووه‌ و نابێت، هه‌موو ڕۆژێکی خه‌رمانی که‌ڵه‌که‌کراوی زیانه‌کانیشی به‌رزتر ده‌کاته‌وه‌ و کورد زیانمه‌ندتر ده‌بێت لێی. بڕوایه‌کی ڕه‌ها و بێسنووری سه‌رانی کوردیش، به‌ ئه‌مه‌ریکا و حیسابکردنی وه‌ک دۆست و بیناکردنی هه‌موو هیوا و ئاواتێک له‌ سه‌ر دۆستایه‌تیی ئه‌وان، ئه‌وه‌ هیچ، که‌ کارێکی ناڕاسته‌ و ئه‌مه‌ریکا ئه‌وه‌ نییه‌، که‌ ئه‌وان بیری لێ ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ڵکه‌ له‌ گه‌لێک جاریشدا، ئه‌مه‌ریکا بۆ خۆی سازکه‌ری کێشه‌کانه‌ و له‌ فه‌رهه‌نگیی سیاسه‌تی ئه‌واندا، چ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان کورد و عه‌ره‌ب و تورک و فارس و سابیئه‌ و ئێزدی و شیعه‌ و سوننه‌ و. . . دا نییه‌ و هه‌مووان بۆ ئه‌و چوونیه‌کن و کێ قازانج به‌ به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکا بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ له‌ پێشه‌ و کێیش دژایه‌تیی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکا بکات، ئه‌وه‌ نه‌یاره‌. ئه‌مه‌ریکا هه‌مووده‌م و زۆر به‌ ئاسانییش ده‌توانێت، دۆست و نه‌یاری خۆی بگۆڕێت. ئه‌وه‌ی دوێنی دۆستی ئه‌مه‌ریکا بوو، ڕه‌نگه‌ ئه‌وڕۆ دوژمنی بێت و ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا ئێستا به‌ دۆستی خۆی ده‌زانێت، له‌ هه‌مان کات و ساتدا، نه‌یارێکی نه‌بینراو و شاراوه‌ی له‌ بنه‌وه‌ بۆ قوت ده‌کاته‌وه‌ و که‌ پێویستیشی کرد ئاشکرای ده‌کات. بۆ هه‌ر دۆستێکی، نه‌ک نه‌یارێک، به‌ڵکه‌ نه‌یارگه‌لێکی هه‌ن. له‌م هاوکێشه‌یه‌دا، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رانی کورد بۆ خۆیان پێیانوایه‌، که‌ له‌ ئه‌مه‌ریکاییه‌کانه‌وه‌ زۆر نێزیکن، لێ هه‌رگیز وا نییه‌ و ئه‌مه‌ریکا ده‌توانێت و هه‌رکاتێکیش بیه‌وێت، پشت ده‌کاته‌ کورد و هیچیشی بۆ ناکات. ته‌واوی ئه‌وانه‌ی ناکوردن، له‌ ده‌وروبه‌ری کوردستان، ئیدی سه‌ر به‌ چ ڕه‌گه‌ز و ده‌وڵه‌ت و زمان و فه‌رهه‌نگێکن، هیچ یه‌کێکیان دۆستی کورد نین و ته‌واویشیان نه‌یاری کوردن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ سڕینه‌وه‌ و له‌نێوبردنی، هه‌موو شتێکی کوردی و کوردستانی. ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌، په‌یامێکن بۆ ته‌واوی کورد، بۆ مله‌که‌چبوون و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و وازهێنان له‌ هه‌موو خواستێکی ڕه‌وای گه‌لی کورد وجه‌ژنانه‌ی نه‌یارانی کورد بوون، بۆ زارۆک و ژن و دایک و خوشک و برا و باوکی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی تێدا چوون. وه‌ک وه‌رامێکی هه‌نووکه‌یی و ده‌سبه‌جێ و ڕاست، ده‌بوو سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، بێ هیچ ڕامان و ڕاوه‌ستان و بیرکردنه‌وه‌یه‌ک:                                                                                    
هاتبانه‌ سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن و په‌یڤێکیان بۆ گه‌لی کورد دابا و ڕه‌وشه‌که‌یان ڕوون کردبایه‌وه‌ و پێوه‌ندیان به‌ ته‌واوی حیزب و ده‌سته‌کانی کوردستانه‌وه‌ کردبا و جاڕی ڕه‌وش و حاڵه‌تی نائاسایی و کتوپڕ (حالة‌ الطوارئ) یان دابا سه‌رکرده‌کانی هه‌ردوو حیزبی فه‌رمانڕه‌وا، جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعوود بارزانی، جاڕی یه‌کخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو کارگێڕییه‌کانیان دابا و سنووره‌کانی هه‌موو کوردستانیان، به‌ ده‌ڤه‌ره‌ ئازادکراوه‌کانیشیه‌وه‌، به‌ ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌ی، که‌ ده‌ستیان پێ ڕا ده‌گات، داخستبا و ڕێگه‌یان به‌ هیچ که‌سانێک، که‌ دانیشتووی کوردستان نین، نه‌دابا بێنه‌ نێو کوردستانه‌وه‌. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، چیدی هێنده‌ دڵخۆش و گه‌شبین نه‌بێت، به‌ برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب و یه‌کیه‌تیی خاکی عیراق و بلا به‌ره‌به‌ره‌ خۆی له‌و داو و بازنه‌یه‌، وه‌ده‌رخات و خواسته‌کانی گه‌لی کورد، ڕێکوڕه‌وان له‌ پێش هه‌موو ئه‌وانه‌ی، که‌ سه‌رده‌داوێکیان له‌ کاره‌کاندا هه‌یه‌، دانێت.                                                                                                        
 یه‌ک شتیش، که‌ به‌لای منه‌وه‌ جێی سه‌رنج و داخیشه‌ له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌وه‌یه‌، که‌ کاتێک منداڵێک یا پێشمه‌رگه‌یه‌ک یا هه‌ر مرۆڤێکی فلستینی شه‌هید ده‌بێت، ده‌سبه‌جێ و بێ هیچ بیرکردنه‌وه‌ و ڕامانێک، خه‌ڵکی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕی فلستینی، وه‌ک بزیسکه‌، وه‌ک هاژه‌ی با، وه‌ک لافاو و شه‌پۆلی ئاو، ده‌که‌ونه‌ نێو شه‌قام و جاده‌ و به‌ هاتوهاوار و قێڕه‌، تووڕه‌یی خۆیان ده‌ده‌رێنن و ته‌رمی شه‌هیده‌کانیان، هه‌ڵده‌گرن و هه‌موو کووچه‌ و کۆڵانی باژێڕه‌کانی پێ ده‌که‌ن و ده‌گه‌ڕێن و دژی ئیسرائیل ده‌نگ بڵند ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ به‌رچاوی سه‌رباز و چه‌کداری ئیسرائیلی و به‌ ته‌نیشت تانکه‌کانیاندا ده‌ڕۆن و هاوار ده‌که‌ن، که‌چی خه‌ڵکی ئێمه‌ له‌ کوردستان، ده‌ڵێی خۆڵی گورستانیان به‌سه‌ردا کراوه‌، نه‌ ده‌نگێ، نه‌ تووڕه‌بوونێ، نه‌هاوارێ، نه‌ هیچ شتێک، هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌وانه‌ی شه‌هید بوون، هه‌موو ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووی هه‌شتا و         نه‌وه‌د ساڵییه‌وه‌ بووه‌ و له‌ سه‌ر جێگه‌ و به‌ مه‌رگی خودا مردوون!                                                  
                                      
 2/2/2004                                                                            

                                                         

Tuesday, January 27, 2004

که‌رکووکێکم خه‌م له‌دڵدایه‌

که‌رکووکێکم خه‌م له‌دڵدایه‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

دۆکتۆ شاکر خه‌سباک (شاکر خصباك) ، نووسه‌ر و مامۆستای زانستگه‌ و لێکۆڵه‌ڤانی عه‌ره‌ب، له‌مه‌ڕ جوگرافیای باشووریی کوردستانه‌وه‌، ده‌ڵێت:"کوردستانی عیراق بریتییه‌ له‌ چوار پارێزگه‌ (لیوا) : پارێزگه‌کانی مووسڵ، هه‌ولێر، سلێمانی و که‌رکووک، هه‌روه‌ها به‌ نێو پارێزگه‌ی دیاله‌شدا درێژه‌ی هه‌یه‌ و ناوچه‌کانی خانه‌قین و مه‌نده‌لی ده‌گرێته‌وه‌."[1]. دۆکتۆر خه‌سباک، له‌مه‌ڕ ڕێژه‌ی دانیشتووانی کورد، له‌ ئوستانه‌ کوردییه‌کانی باشووری کوردستاندا، که‌ زانیاری و ژماره‌کانی له‌"Edmunds، C.J، The Kurds of Iraq، Middle East Journal، vol. 11، No 1، 1952، p 52 "ه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، به‌م جۆره‌ دایانده‌نێت: پارێزگه‌ی سلێمانی: 100%، پارێزگه‌ی هه‌ولێر: 91%، پارێزگه‌ی که‌رکووک: 55،2%، پارێزگه‌ی مووسڵ: 35% [2]. ساڵانی سه‌رده‌مانی ڕێژیمه‌کانی پاشایه‌تی و کۆمارییه‌که‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم، کوردستانیبوونی ته‌واوی خاک و سنووره‌ جوگرافییه‌کانی ئوستانه‌کانی سلێمانی، هه‌ولێر، که‌رکووک و مووسل و باژێڕه‌کانی خانه‌قین و مه‌نده‌لی، هیچ کێشه‌یه‌کی له‌ سه‌ر نه‌بوو و که‌س ته‌نانه‌ت ناکوردانیش، چ گومانێکیان له‌ کوردستانبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ نه‌بوو و نه‌یانده‌گوت، ئه‌وانه‌ کوردستان نین و که‌س به‌خۆیشیدا نه‌یده‌په‌رموو، ته‌نانه‌ت وه‌ها بیرێکیش به‌ مێشکیدا بێت. پاش کوودێتای 1963ی به‌عس، ئیدی ئه‌و په‌رژینی ترسه‌ی عه‌ره‌به‌ شکا و هه‌ر، که‌ بۆیان لوا، ده‌ستیان کرد به‌ گۆڕینی سیمای که‌رکووک و مووسڵ و عه‌ره‌باندیانن. پاش ئه‌وه‌ی مه‌راییکاران و پاره‌په‌رستان و ڕه‌دووکه‌وتووانی پووڵ و ناوبانگ و پایه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون، که‌ له‌ هه‌مووده‌م و له‌ هه‌موو شوێنێک هه‌ن، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، توانییان، پێش مۆرکردنی پێکهاتنی 11ی مارسی 1970ی نێوان سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی و حوکوومه‌تی به‌غدا، بارزانی به‌وه‌ قایل بکه‌ن، که‌ پرسی که‌رکووک، دوابخرێت، بۆ کاتێکی دیکه‌ و دوای ئه‌نجامدانی ئامار و سه‌رژمێرییه‌کی گشتیی، پاشان قسه‌ی له‌ سه‌ر بکرێت و چاره‌نووسی دیاری بکرێت. حوکوومه‌تی به‌عس، له‌و ماوه‌ی چوار ساڵه‌ی پێکهاتنه‌که‌دا، شاڵاوی کۆچپێکردنی کوردی که‌رکووکی، ده‌ست پێ کرد و عه‌ره‌باندنی کرده‌ کارێکی یه‌کجار چالاک و ڕۆژانه‌ و ته‌واوی ده‌نگ و ڕه‌نگ و سیمای، که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانی، به‌و جۆره‌ی بۆ خۆی ویستی، گۆڕیی. ساڵی 1972، ئیدی ته‌واوی نیاز و ورده‌کاری و ئه‌نجامه‌کانی سیاسه‌تی به‌عس و ئه‌و گۆڕانانه‌ی، که‌ به‌ سه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا هاتن، بۆ بارزانی و بۆ هه‌موو کوردێکی دیکه‌ی وڵاتپارێز و خودان هه‌ڵوێستیش، وه‌ک ڕۆژی نیوه‌ڕۆ ئاشکرا بوو. له‌ دانیشتنێکیدا، له‌گه‌ڵ مورته‌زا ئه‌لحه‌دیسی (ﻤﺭﺘﻀﻰالحدیثي) ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراقدا، که‌ له‌ ناوپردان ده‌بێته‌ میوانی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، بارزانی ڕووی لێ ده‌کات و پێی ده‌ڵێت:"گۆڕینی باژێڕی که‌رکووک به‌ کرده‌وه‌ ئه‌نجام درا. ئیدی هیچ پێویستییه‌ک بۆ ئامار و سه‌رژمێرییش نییه‌، چونکه‌ ئه‌نجامه‌که‌یشی نیشانه‌یه‌کی زیاده‌ی دیکه‌یه‌، له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، که‌ ئێمه‌ خۆمان له‌ ڕاستی بوارد و دوورخسته‌وه‌"[3]. بارزانی، ئه‌وه‌ هیچ که‌ نه‌ده‌بوو، گوێ بۆ ده‌ستوپێوه‌نده‌ مه‌راییکاره‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆی ڕادێرێت، ده‌بوو پێی له‌ سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی ده‌سبه‌جێی کێشه‌ی که‌رکووک داگرتایه‌ و سووربووایه‌ له‌ سه‌ر، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و تێکدانی هه‌موو پێکهاتنه‌که‌، ئه‌گه‌ر پێویستی کردبا. که‌ وای نه‌کردووه‌، من بۆ خۆم پێموایه‌، هه‌ڵه‌ی کردووه‌ و ئیدی کاره‌کان به‌و جۆره‌ی، که‌ ده‌بوو بچن، نه‌چوون و کێشه‌که‌، هه‌ر مایه‌وه‌. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، ئه‌وڕۆیش دوای 52 ساڵان، له‌و نووسینه‌ی سی. جه‌ی. ئێدمۆندز (Edmunds،C. J) و دوای 45 ساڵان، له‌و نووسینه‌ی دۆکتۆر شاکر خه‌سباک و دوای سیودوو ساڵان، له‌و قسه‌یه‌ی بارزانی به‌ مورته‌زا ئه‌لحه‌دیسی و دوای چلوئه‌وه‌نده‌ ساڵ له‌ عه‌ره‌باندن، تازه‌ به‌ تازه‌ دێت و به‌ ئامار و سه‌رژمێریی که‌رکووک، قایل ده‌بێت و کێشه‌که‌ بۆ چه‌ندین ساڵی دیکه‌ش، دوا ده‌خات. هه‌ڵه‌ی هه‌ره‌ زه‌ق و مه‌زنیی سه‌رانی کورد، پێش هه‌ر شتێک، له‌وه‌دایه‌، که‌ تا ئێستاش له‌وه‌ تێنه‌گه‌یشتوون و ده‌رک به‌وه‌ ناکه‌ن و ناتوانن و ناوێرن، به‌ ئاشکرا بیڵێن و هاوار که‌ن، که‌ که‌رکووک، به‌ ئامار و بێ ئامار و به‌ عه‌ره‌بێنراوی و به‌ نه‌عه‌ره‌بێنراوی، به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه‌ له‌ کوردستان و هه‌روا بووه‌ و هه‌روایش ده‌بێت. که‌رکووک، ئه‌گه‌ر یه‌ک کوردیشی تێدا نه‌مێنێته‌وه‌، وه‌ک خاک، کوردستانه‌ و هه‌رگیز نابێت، به‌ هیچ جۆرێک، هیچ جۆره‌ سازشێکی له‌ سه‌ر بکرێت. که‌رکووک هێنده‌ی ئامه‌د و ئورفه‌ و کرماشان و قامیشلوو و هه‌ڵه‌بجه‌، کوردستانه‌. به‌وه‌ نییه‌، که‌ ئه‌وڕۆ کێ له‌ که‌رکووک ده‌ژی، به‌ڵکه‌ هه‌رکه‌سانێکی تێدا بژین و هه‌ر زمانێک قسان بکه‌ن و ڕه‌نگی پێستیان هه‌رچۆنێک بێت، کوردستانیبوونی که‌رکووک، نایه‌ته‌ گۆڕان. شاری به‌غدای پێته‌ختی عیراق، پتر له‌ یه‌ک میلیۆن کورد و سه‌دان هه‌زار ئه‌رمه‌ن و سریان و فارس و ئاشووری و جوو و ناعه‌ره‌بی تێدا ده‌ژین، که‌چی بۆ یه‌ک چرکه‌یش عه‌ره‌بایه‌تیی شاری به‌غدا، به‌ر گومان نه‌بووه‌ و ناعه‌ره‌باتیشی نه‌خراوه‌ته‌ به‌ر باس. ئیسته‌نبوولی تورکیا، پتر له‌ سێ میلیۆن کورد و ده‌یان نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵکی دیکه‌یشی تێدا ده‌ژین، که‌چی هه‌ر باژێڕێکی تورکه‌. ته‌واوی باژێڕه‌کانی خواره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هاوسێی ئه‌مه‌ریکای لاتین، له‌ لاتین ئه‌مه‌ریکاییدا جممه‌یان دێت و تژین لێیان، تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی له‌و ده‌ڤه‌ره‌، زمانی ئیسپانیۆلی، له‌ پێش زمانی ئینگلیزییه‌وه‌ دێت، که‌چی هیچ که‌سێکیش ناڵێت، ئه‌و باژێڕانه‌، مه‌کسیکایی یا ئه‌مه‌ریکای لاتینین. میلیۆنان کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که‌ونه‌ شاکانی ئێران، له‌ کوردستان، وه‌ده‌ریاننان و له‌ خوراسان و ئه‌و ناوه‌ نیشته‌جێیان کردن، کێ هه‌یه‌ بڵێت ئه‌و شارانه‌ی ئێران، کوردن؟. دوڕگه‌یه‌کی فینلاندی هه‌یه‌، به‌ ناوی ئۆلاند (Åland) ه‌، که‌ ده‌که‌وێته‌ نێو زه‌ریاچه‌ی به‌ڵتیک (Baltic Lake) ، به‌ سوێدی "ئوێسته‌رشوێن (Östersjön) "، و ته‌واوی دانیشتووانی سوێدین و نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌کیشیان هه‌یه‌ (ئۆتۆنۆمی) و له‌ سوێدیشه‌وه‌ نێزیکتره‌ تا فینلاند، هه‌رگیز سوێد به‌ هی خۆی نه‌زانیوه‌ و به‌ هی فینلاندی زانیوه‌ و که‌سیش گومانی له‌ فینلاندیبوونی نه‌بووه‌، چونکه‌ وه‌ک خاک هی فینلانده‌. نموونه‌ی له‌م بابه‌تانه‌ گه‌لێک زۆرن و سه‌رانی کورد، ئه‌گه‌ر بڕێک وه‌دووی ئه‌و زانیاری و ڕاستییانه‌دا گه‌ڕابان، ده‌یانتوانی هه‌ندێک بوێرانه‌تر خۆنیشانده‌ن. سه‌رانی کورد، به‌ ته‌ته‌ڵه‌کردنی زمانیان و لاڵبوونیان له‌ گوتنی ڕاستییه‌کان و کوێراییان له‌ دیتنی ڕاستییه‌کان، بۆ خۆیان، تۆوی ئه‌و گومان و دوودڵی و نه‌وێرانه‌ی، به‌ ئاشکرا باسکردنی کوردستانیبوونی که‌رکووک، ده‌چێنن. سه‌رانی کورد، به‌ سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ ترسنۆکانه‌ و نێره‌مووکانه‌کانیان، به‌رپرسن له‌ زیندووکردنه‌وه‌ و زیندووڕاگرتنی ته‌وژمی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی- تورکمانی- کلدۆئاشووری، له‌ کوردستاندا، که‌ ئه‌وڕۆ هه‌ر سێیان کلکیان لێک ئاڵاندووه‌ و بۆ یه‌ک مه‌به‌ست کار ده‌که‌ن، ئه‌ویش ده‌رخستنی که‌رکووکه‌ له‌ کوردستان و ئه‌گه‌ر ده‌ستیشیان بڕوات ده‌یان ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ی دیکه‌، پێشانی کورد ده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ، بۆ که‌رکووک، باس له‌ ئامار و سه‌رژمێری و ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌که‌ن، هه‌رچه‌نده‌ مێزه‌ری مه‌لایه‌تی و کڵاوی ئه‌مه‌ریکاییان له‌ سه‌ر ناوه‌، یا سه‌رکۆتن، هیچیان له‌گه‌ڵ سه‌ددامییه‌کاندا جیاواز نییه‌ و بگره‌ ئه‌گه‌ر جاران سه‌ددام، یه‌ک دانه‌ بوو و ڕوون و ئاشکرا و خویا بوو، ئه‌وڕۆ هه‌موو هه‌ر سه‌ددامن، لێ له‌ که‌وڵی مارینز و مه‌لا و سه‌یید و سه‌رۆکهۆز و ده‌ده‌ و دایی و میخا و حه‌ننادا. سه‌رانی کورد و تاکه‌کانی کوردیش، که‌ له‌ سه‌ر ئاوازی ڕه‌بابه‌ و ته‌پڵ و چه‌قه‌نه‌کانی ئه‌وان، سه‌ما ده‌که‌ن، هیچ جیاوازییه‌کیان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نییه‌ و کاره‌کانیان هه‌ر ده‌ڕژێته‌ ئاوه‌ڕۆ و ئه‌ستێڵی ئه‌وانه‌وه‌. من یه‌ک جاری دیکه‌یش دووپاتی ده‌که‌مه‌وه‌ و حه‌زیش ده‌که‌م سه‌رانی کورد بزانن، که‌: که‌رکووک، به‌ ئامار و بێ ئامار، به‌ عه‌ره‌بێنراوی و به‌ نه‌عه‌ره‌بێنراوی، به‌ زۆریی تورکمان و عه‌ره‌ب و کلدۆئاشووری، یا که‌میی ئه‌وان و به‌ نه‌مانی هه‌رچی کوردیشه‌ تێیدا، به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه‌ له‌ کوردستان و هه‌روا بووه‌ و هه‌روایش ده‌بێت. هه‌رچییه‌کیش بۆ که‌رکووکی ده‌ڵێم، پێموایه‌ مووسڵ و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و به‌دره‌ و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌یش ده‌گرێته‌وه‌. شاعیری عه‌ره‌ب نه‌زار قه‌ببانی(نزار قباني) له‌ شیعرێکیدا به‌ ناوی"گێڕانه‌وه‌یه‌ک له‌ دادگه‌ی شیعردا" ده‌ڵێ:"من برینێکم، که‌ به‌ پێیه‌کانی خۆی ده‌ڕوات و ئه‌سپه‌کانم شه‌که‌تیی پڕووکاندوونی، برینه‌کانی حوسه‌ین بڕێکی برینه‌کانمن و که‌ربه‌لایه‌کم خه‌م له‌ دڵدایه‌"[4]. ده‌ڵێن ئیمام خومه‌ینییش هه‌مووده‌م ئه‌و"که‌ربه‌لایه‌کم خه‌م له‌ دڵدایه‌"ی ده‌گوته‌وه‌. منیش ده‌ڵێم:" که‌رکووکێکم خه‌م له‌ دڵدایه‌".

 27/1/2004

 

 




[1] خه‌سباک، دۆکتۆر شاکر، کورد و مه‌سه‌له‌ی کورد، ئه‌مجه‌د شاکه‌لی کردوویه‌ به‌ کوردی، بنکه‌ی چاپه‌مه‌نی ڕۆژ، سوێد 1997، ل43.
 سه‌رچاوه‌ی پێشوو.[2]
[3] فتح الله، جرجیس، زیارة‌ إﻟﻰ الماضي القریب، دارالشمس للطباعة‌ والنشر، ستوکهولم، 1998،ص192. هه‌روه‌ها بنۆڕه‌: جرجیس فتح الله، مدینة کرکوك، تاریخیا - اثنوگرافیا- ومحاولة‌التعریب، کرکوك: بحوث الندوة‌ العلمیة‌ حول کرکوك 2-5 نیسان 2001 اربیل، دار ئاراس للطباعة‌ والنشر، ص47.
[4]  شیعره‌که‌ی نه‌زار قه‌ببانی، که‌ به‌ ناوی" إفادة في محکمة الشعر"ه‌، له‌ نۆیه‌م گردبوونه‌وه‌ی شیعریدا له‌ به‌غدا له‌ ئه‌پریلی 1969دا خوێنراوه‌ته‌وه‌ و به‌ عه‌ره‌بی وه‌هایه‌:" أنا جرح یمشي علی قدمیه‌ و خیولي قد هدها الإعیاء، فجراح الحسین بعض من جراحي و بصدري من الأسی کربلاء"، 

Sunday, January 11, 2004

که‌رکووک، زایه‌ڵه‌ی خه‌مێک، که‌ هه‌میشه‌ له‌ گوێماندا ده‌زرنگێته‌وه‌

که‌رکووک، زایه‌ڵه‌ی خه‌مێک، که‌ هه‌میشه‌ له‌ گوێماندا ده‌زرنگێته‌وه‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

یه‌کێک له‌و هه‌ڵه‌ سه‌خت و کوشندانه‌ی، که‌ زۆرجاران سه‌رانی کورد کردوویانه‌ و چه‌ند باره‌یشیان کردووه‌ته‌وه‌، دواخستنی چاره‌سه‌رکردن و بڕینه‌وه‌ی، کێشه‌ هه‌ره‌مه‌زن و گرنگ و گه‌رم و چاره‌نووسسازه‌کانی کورده‌، بۆ داهاتوو. سه‌رانی کورد، کاتێک له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانێک، که‌ به‌ نێوی ئۆپۆزیسیۆنی عیراقه‌وه‌، کاریان ده‌کرد و ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌، شاگردانی فه‌رمانڕه‌وایانی ڕاسته‌قینه‌ی عیراق(ئه‌مه‌ریکاییه‌کان)، داده‌نیشتن و بۆ یه‌کدی پێده‌که‌نین و فه‌رموو فه‌رموویان، له‌یه‌کدی ده‌کرد و پێکه‌وه‌ ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌ و ده‌مه‌ته‌قه‌یان ده‌کرد، ده‌بوو هه‌ر پێش ڕووخانی سه‌ددام حوسه‌ین و هه‌ر له‌ جڤینه‌کانی له‌نده‌ن و پیرمامه‌وه‌، ته‌واوی ئه‌و پرۆژه‌ی فیدرالییه‌ی، دایانڕشتبوو و له‌ سه‌ری پێکهاتبوون و ته‌واوی ورده‌کارییه‌کانیشی، که‌ که‌مترین مافێکه‌ بۆ کورد، بخه‌نه‌ پێش چاوی هه‌موو حیزب و ڕێکخراو و ده‌سته‌ و تاقمێکه‌وه‌، که‌ به‌ خۆیان ده‌گوت، ئۆپۆزیسیۆنی عیراقی. ده‌بوو هه‌ر ئه‌وده‌می، کارێکی وایان کردبا و به‌ زۆر بووایه‌ یا به‌ خۆشی و ڕه‌زامه‌ندی، به‌ په‌نجه‌مۆر و قایلبوون و ناونووسینه‌وه‌، به‌ڵگه‌نامه‌ و کاغه‌زیان، به‌ ئاگاداری زلهێزانی نێوده‌وڵه‌تی، و یه‌کیه‌تیی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان، و یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا، به‌و ئۆپۆزیسیۆنانه‌، مۆر کردبا و هیچ بوارێکی، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ و په‌شیمانییان، تێدا نه‌هێشتبایه‌وه‌. سه‌رانی کورد، که‌ بۆ خۆیان پێیانوابوو و پێیانوایه‌، ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانیی، دۆستی کوردن و به‌ ته‌نگ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورده‌وه‌ دێن و به‌ هاواری کورده‌وه‌ هاتوون، ده‌بوو بیانتوانیبا، ته‌واوی خواست و ئامانجه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، بخه‌نه‌ پێش چاویان و بێ سێودوولێکردن و ڕاشکاوانه‌ له‌گه‌ڵیاندا، هه‌موو باسێکیان کردبا. کارێکی له‌و جۆره‌یش، پێویستییه‌کی یه‌کجار زۆری، به‌ یه‌کده‌نگیی کورد خۆیه‌وه‌ هه‌بوو و هه‌یه‌. هه‌ر ئه‌و ده‌می ده‌کرا، به‌ مه‌رج، نه‌ک هه‌روا و هه‌ڕه‌مه‌کی و به‌ گوێره‌ی تیۆریی"په‌نا به‌خوا"، هاریکارییان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا کردبا. هه‌ر ئه‌و ده‌می ده‌کرا، بێ هیچ دوودڵییه‌ک، باسی سه‌رخۆبوون و ئازادی و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی باشووری کوردستانیان هێنابایه‌ زمان. سه‌رکرده‌یه‌تیی کورد، به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی ته‌نانه‌ت خێرایش، له‌ ڕابوردوویه‌کی زۆر نێزیک، ئه‌و ڕاستییه‌یان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که‌ باسنه‌کردن و دواخستنی پرسگه‌لێکی مه‌زن و هه‌ڵگرتنیان بۆ ده‌مێکی دیکه‌، هیچ کاتێک به‌ قازانجی گه‌لی کوردستان نه‌بووه‌. ساڵی 1970، له‌ ده‌سپێکی دانیشتنه‌کانی سه‌رکرده‌یه‌تیی بزاڤی کورددا، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی حوکوومه‌تی به‌غدای به‌عسدا، له‌ ناوپردان، که‌ پێکهاتنی 11ی مارسی 1970ی لێ که‌وته‌وه‌، باسی ئه‌وه‌ هاتبووه‌ گۆڕی، که‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ری ئۆتۆنۆمییه‌ی کوردستان، کوێ ده‌گرێته‌وه‌، عه‌بدوڵڵا سه‌للووم ئه‌سسامه‌ڕائی(عبدالله سلوم السامرائي)، سه‌رۆکی شاندی گفتوگۆی عیراق گوتبووی:"که‌رکووک شارێکی عه‌ره‌بییه‌". مه‌لا مسته‌فای بارزانییش، به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ پێی گوتبوو:"تۆ کێی تا بڵێیت که‌رکووک عه‌ره‌بییه‌؟". بارزانی هه‌ستابووه‌ سه‌ر پێ و گوتبووی:"من له‌ جڤینێکدا دانانیشم، ئه‌م کابرایه‌ی تێدا بێت" و ویستبووی له‌ جڤینه‌که‌ وه‌ده‌رکه‌وێت. ئیدی ئاماده‌بووان، تکای لێ ده‌که‌ن و ئه‌ویش ناگه‌ڕێته‌وه‌ نێو دانیشتنه‌که‌ و سوور ده‌بێت، له‌ سه‌ر وه‌ده‌رنانی ئه‌سسامه‌ڕائی، له‌ هۆڵی کۆبوونه‌وه‌که‌. پاشان ئه‌وه‌یشی بۆ ئه‌نجام ده‌درێت و ئیدی ئاماده‌بووانی جڤینه‌که‌، له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک بێده‌نگ ده‌بن[1]. ئه‌و بێده‌نگبوونه‌، بوو به‌ هۆی، دواخستنی باسکردنی کۆمه‌ڵێک پرسی گرنگ. پرسی باژێڕی که‌رکووک و ده‌وروبه‌ری ئه‌و شاره‌، یه‌کێک بوو. له‌و پرسانه‌ی، که‌ دواخرا بۆ دواترێکی نادیار. گفتوگۆی نێوان سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی و شاندی حوکوومه‌تی به‌عس، تا ڕاده‌یه‌ک له‌و باره‌وه‌، گه‌یشتبووه‌ بنبه‌ست و  به‌ره‌و پێکنه‌هاتن و بڕینی دانوستاندن ده‌چوو. بارزانی، سوور بوو له‌ سه‌ر، کوردستانیی که‌رکووک و عیراقییه‌کانیش پێچه‌وانه‌وه‌ی وی بوون. ئه‌وه‌ی بوو به‌ هۆی، درێژه‌پێدانی گفتوگۆ و به‌رده‌وامیی و نه‌پچڕانی، هه‌وڵ و ته‌قه‌لای، کۆمه‌ڵێک له‌و ماستاوساردکه‌ره‌وه‌ و خۆگه‌هێن و هه‌لپه‌رست و مه‌راییکار و کوژراوی کورسی و ده‌سه‌ڵاتی، نێو سه‌رکرده‌یه‌تیی پارتیی و ده‌وروبه‌ری سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی بوون، که‌ ئێستایش هه‌ندێکیان ماون و درێژه‌ به‌ سازشکاری و کاری سیاسی خۆیان ده‌ده‌ن. ئه‌وان ئه‌وده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدایان له‌ده‌ست نه‌چێت و ببنه‌ وه‌زیر و گزیر و کارمه‌ندی گه‌وره‌ و خاوه‌ن پاره‌ و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیان بپارێزن، که‌وتنه‌ نێوان بارزانی و شاندی حوکوومه‌ته‌وه‌ و جۆره‌ سازشکارییه‌کیان کرد و بارزانییان، به‌ بێده‌نگبوون و دواخستنی ئه‌و باسه‌، بۆ ده‌رفه‌تێکی دیکه‌، قایل کرد. پێکهاتن له‌گه‌ڵ شاندی حوکوومه‌تی به‌غدادا، له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کرا، که‌ دواتر له‌ ئامارێکی گشتیدا، که‌ ده‌بێ بکرێت و له‌ سه‌ر بنه‌مای زۆرینه‌ و که‌مینه‌، کوردستانیبوونی باژێڕی که‌رکووک دیاری بکرێت. بارزانی، له‌وه‌ گه‌یشتبوو، که‌ دواخستنی ئه‌و باسه‌ و چاوه‌ڕوانکردنی ئه‌نجامدانی ئامار و سه‌رژمێری، هه‌رگیز به‌ قازانجی کورد ناگه‌ڕێته‌وه‌ و حوکوومه‌تی به‌عس، ئیدی دوای ئه‌وه‌ی، که‌ خۆی گرت و جێی خۆی قایم کرد، زۆر به‌ هاسانی و به‌ هۆی ڕاگواستن و کۆچپێکردنه‌وه‌ ده‌توانێت، باری دیمۆگرافی که‌رکووک و ئه‌نجامی ته‌واوی ئه‌و ئامار و سه‌رژمێرییه‌، به‌ قازانجی خۆی و ناکوردستانیبوونی که‌رکووک بگۆڕێت و فڕوفێڵی تێدا بکات. هه‌ر بۆیه‌ش بارزانی، له‌ کاتی گفتوگۆدا له‌گه‌ڵ شاندی حوکوومه‌تی به‌غدادا له‌ ناوپردان، پێی گوتبوون، که‌:"ئه‌گه‌ر له‌ که‌رکووک ته‌نێ دوو کوردیش بمێننه‌وه‌، که‌رکووک هه‌ر کوردستانه‌"[2]. دیاره‌ ئه‌و باسی ئامار و سه‌رژمێرییه‌ی، که‌ هاته‌ گۆڕێ، بێجگه‌ له‌ که‌رکووک، ده‌ڤه‌ره‌کانی شه‌نگال و خانه‌قینیشی ده‌گرته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌، خه‌ڵکانێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی و پارتیی هه‌بوون، که‌ نه‌یانده‌ویست باسی کوردستانیبوونی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌، دوابخرێت و ده‌یانویست، هه‌ر ده‌سبه‌جێ چاره‌سه‌ر بکرێت و ده‌نگی خۆیشیان بڵند کردبووه‌وه‌، لێ ده‌نگی ئه‌وان له‌چاو ده‌نگی سازشکاران و هه‌لپه‌رستاندا، ته‌نێ وه‌ک نووزه‌یه‌ک به‌رگوێ که‌وت و سازشکاران سه‌رکه‌وتن. 29/9/1971، به‌ هۆی ناردنی چه‌ند "بۆمبه‌مه‌لا" و "بۆمبه‌ئۆتۆمبیل"ێکه‌وه‌، بۆ باره‌گای بارزانی، له‌ ناوپردان، هه‌وڵێکی کۆشتنی مه‌لا مسته‌فای بارزانی درا. هه‌وڵه‌که‌ سه‌رنه‌که‌وت و بارزانی ڕزگاری بوو. پاش ئه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری بارزانی، چاوه‌نۆڕی ئه‌وه‌ بوون، له‌ سه‌ر ئه‌و کاره‌ی حوکوومه‌تی عیراق، بارزانی جاڕی جه‌نگ بدات و بیکات به‌ هه‌را. بارزانی، ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی، که‌ به‌و کرداره‌ په‌ست و تووڕه‌ بووبوون، هێور کردنه‌وه‌ و جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌، که‌ هیچ جۆره‌ دژه‌کردارێک، له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و کاره‌دا نابێ بکرێت و پێیشی گوتن:"ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر من ، یا له‌به‌ر که‌سێکی دیکه‌، جه‌نگ ده‌ست پێ بکه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ بکه‌ین، ئه‌وا له‌ سه‌ر کێشه‌یه‌کی چاره‌نووسساز، بۆ نموونه‌ که‌رکووک، ده‌یکه‌ین"[3]. دواخستنی چاره‌سه‌رکردنی، کێشه‌یه‌کی چاره‌نووسسازی وه‌ک که‌رکووک و جێهێشتنی بۆ کات و سه‌رده‌مێکی دیکه‌ و داهاتوو، نه‌ک هه‌ر هیچ خزمه‌تێک به‌ کێشه‌ی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌ی کورد و کوردستان ناکات، به‌ڵکه‌ کاریگه‌رییه‌کی نه‌یێنیش، ده‌کاته‌ سه‌ر ئه‌و پرسه‌ و چاره‌سه‌رکردنی دوا ده‌خات و ده‌یمرێنێت. بۆ  بڕواکردن به‌ به‌ڵێن و بانگاشه‌ی ئه‌مه‌ریکاییه‌کان و عه‌ره‌بی عیراق، که‌ پرسی که‌رکووکیان به‌ مۆله‌قی هه‌ڵگرتووه‌، بۆ داهاتوویه‌ک، که‌ هیچ تروسکه‌ و ڕووناکییه‌کی لێوه‌ دیار نییه‌، ده‌بوو هه‌ر هیچ نه‌بێت و وه‌ک کارێکی کتوپڕی و هه‌نووکه‌یی، خانه‌قین و مه‌نده‌لی و جه‌له‌ولا و قزڕه‌بات و به‌دره‌، بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و کفری و که‌لار و چه‌مچه‌ماڵ و پردێ و دووبز و خورماتوویش بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌ کورده‌کانی ده‌وروبه‌ری باژێڕی مووسڵیش بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌ریمی کوردستان، ئیدی له‌ هه‌مان کاتیشدا، عه‌ره‌بی هاورده‌، وه‌ده‌رنرابان و کوردی وه‌ده‌رنراو، بگێڕدرابانه‌وه‌ سه‌ر خاکی خۆیان. ئه‌وی دیاره‌ و له‌به‌رچاوه‌، سه‌رانی کورد، له‌ باسی باژێڕی مووسڵیش، ده‌ستیان شۆردووه‌ و ناوی مووسڵیان به‌ زاردا نایه‌ت و خۆیان لێ که‌ڕ کردووه‌، لێ مووسڵیش به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی خاکی کوردستانه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌وان که‌رکووکیان به‌ یه‌کلانه‌کراوه‌یی و مۆله‌قی هێشتووه‌ته‌وه‌، ده‌کرا ڕه‌وشێکی له‌و جۆره‌یش بۆ مووسڵ بێته‌ گۆڕێ و باسی لێوه‌ بکرێت، چونکه‌ ئه‌و عیراقه‌ی، که‌ سه‌رانی کورد، به‌ پیرۆزی ده‌زانن و دژی له‌تکردنین و له‌گه‌ڵ یه‌کپارچه‌ییدان و بۆ خۆیشیان خزمه‌ت به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌که‌ن، بۆ خۆی هه‌رگیز:"یه‌که‌یه‌کی سیاسیی و خاوه‌ن ڕابوردوویه‌کی سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه‌. ئه‌م سنوورانه‌ی ئێستای، پتر به‌ ویستی ده‌وڵه‌تگه‌لێکی بیانی و بۆ خزمه‌تکردنی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌ره‌کی، سه‌رده‌مێک کێشراون و دانراون، خه‌ڵکانێک که‌ ئێستاش زیندوون، باشیان به‌ بیر دێت"[4]. ته‌واوی ئه‌و بزاڤه‌ سیاسیی و ڕزگاریخواز و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی، که‌ له‌ کوردستاندا به‌رپا بوون، هه‌ر به‌شێکی کوردستان، هه‌میشه‌ دروشمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان، بڵند کردووه‌ته‌وه‌ و خه‌باتیان، بۆ ئه‌و ئارمانجه‌ کردووه‌. بزاڤه‌کانی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، به‌درخانییه‌کان، شێخی پیران، شێخ مه‌حموودی حه‌فید، حیزبی هیوا، ژێکاف، هه‌ر هه‌موویان، له‌ سه‌رخۆبوونی کوردستان و کورد، داخوازییه‌کی که‌متریان نه‌بووه‌. به‌ کاریگه‌ریی سۆڤیێت و به‌ره‌ی سۆسیال ئیمپریالیزمی جیهانی، بره‌و به‌ تێزی ئۆتۆنۆمی و نانێوه‌نده‌کی و فیدرالی و یه‌کپارچه‌یی خاک و برایه‌تی و ته‌واوی ئه‌و پێناسه‌ و چه‌مکانه‌ درا. ژێکاف، که‌ به‌ کاریگه‌ریی سۆڤیێت، کرا به‌ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و له‌ باشووری کوردستانیش پارتیی دیموکراتیی کوردستانی عیراق، دامه‌زرا و هه‌ردووکیان، وشه‌گه‌لی ئێران و عیراقیان خرایه‌ سه‌ر، ئیدی پرسی کورد، بوو به‌ پرسێکی نێوخۆیی ئه‌و وڵاتگه‌له‌ی، که‌ کوردستانیان پێوه‌ لکێنراوه‌. به‌و جۆره‌، هه‌موو هاوار و خه‌باتێکی کورد، گۆڕدرا بۆ، خه‌بات بۆ دیموکراتی له‌و وڵاتانه‌دا و ئۆتۆنۆمی و... بۆ فڵانه‌ به‌شی کوردستان. سه‌ره‌تای هه‌ڵه‌کان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عیراقییاندن و ئێرانییاندن و تورکیایاندن و سووریایاندنی، پرسی کورد. سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کورد، به‌ بارزانیشه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر وه‌ک بیرکردنه‌وه‌ش، به‌ مه‌به‌ستی سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کپارچه‌یی کوردستان خه‌باتیان کردبێت، له‌ واقیع و پراکتیکدا و له‌ کۆتایی ساڵانی 1940ه‌کانه‌وه‌، وه‌ها کارێکیان نه‌کردووه‌، هه‌ربۆیه‌ هیچ یه‌کێک له‌وان، له‌و هه‌ڵه‌یه‌ ده‌رباز نابن. به‌شێکی زۆری ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ش، ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی بارزانی، چونکه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی دیارترین سه‌رکرده‌ی کورد بووه‌، درێژترین ماوه‌یش، سه‌رکردیه‌تیی بزاڤ و سیاسه‌تیی کوردی کردووه‌ و ڕێبه‌ری گشت کوردی، هه‌موو کوردستانیش بووه‌. بارزانی، ته‌نێ بارزانی، ده‌یتوانی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ی کورد، له‌ پرسێکی هه‌رێمیی نێو عیراق، ئێران، سووریا، تورکیاوه‌، بگۆڕێت و بگوێزێته‌وه‌ و بیکاته‌ پرسێکی سه‌دله‌سه‌د کوردستانیی و له‌ باشووری کوردستانه‌وه‌، ده‌ستی پێ کردبا و خه‌ڵکی له‌ سه‌ر، بارهێنابا و په‌روه‌رده‌ کردبا و پاشانیش، به‌ره‌و به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانی بردبا. ئێمه‌، که‌ ده‌نۆڕینه‌ بزاڤه‌ سیاسییه‌کانی زۆرینه‌ی جیهان، به‌ ده‌گمه‌ن بزاڤێک هه‌یه‌ له‌م جیهانه‌دا، ئه‌گه‌ر بزاڤێکی نه‌ته‌وه‌یی بێت و خودانی تایبه‌تمه‌ندیگه‌لێک بێت، که‌ زۆر خویا، له‌ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و ده‌سه‌ڵاتدار و داگیرکار، جوێی ده‌کاته‌وه‌، هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ بدات، له‌ چوارچێوه‌ی وڵاتێکدا بمێنێته‌وه‌، که‌ بۆ خۆی دژی ده‌جه‌نگێت. فلستینی، ئێریتریایی، باسک، ئێرلاندییه‌کان، تیمووری ڕۆژهه‌ڵات، خوارووی سوودان، مه‌که‌دۆنییه‌کان، چێچنییه‌کان و ده‌یان نموونه‌ی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌، هیچ یه‌کێک له‌وانه‌، باسی ئه‌وه‌یان نه‌کردووه‌، که‌ له‌گه‌ڵ و له‌ نێو ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ی تێیدان، پێکه‌وه‌ ده‌ژین و بران و کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. له‌ سیاسه‌تدا برایه‌تی و ئه‌و جۆره‌ ده‌سته‌واژانه‌ نییه‌. تۆیه‌ک، که‌ کوردیت و خاکێکت هه‌یه‌ نێوی کوردستانه‌ و خاوه‌نی زمان و دیرۆک و فه‌رهه‌نگی خۆتی و دژی تورکیا، عیراق، ئێران، سووریا، ده‌جه‌نگیت، ئیدی بۆ خه‌بات بۆ دوورکه‌وتنه‌وه‌ و دابڕان ناکه‌یت، له‌ تورکیا، ئێران، سووریا، عیراق؟ بۆ ڕێک و ڕه‌وان باسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، له‌گه‌ڵ که‌سانێکدا، که‌ تۆ به‌ دۆستی خۆتیان ده‌زانیت و کاریان پێ ده‌کرێت، ناکه‌یت؟ بۆ له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ و بێ پێزانینی خه‌ڵکی کورد و ته‌نانه‌ت هێزه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش، له‌ خۆته‌وه‌ و  بێ ڕاوێژ و گفتۆگۆکردنێک له‌گه‌ڵیاندا و بێ سازکردنی یه‌کده‌نگییه‌ک، له‌ کوردستانه‌که‌ی خۆتدا، سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ به‌ چاره‌نووسی گه‌ل و وڵاتێکه‌وه‌ ده‌که‌یت؟ جۆره‌ ماسییه‌ک هه‌یه‌ پێی ده‌گوترێ"ماسییه‌زێڕینه‌"، که‌ به‌ عه‌ره‌بی ده‌بێته‌"سمکة ‌ذهبیة‌" و به‌ ئینگلیزی ده‌بێته‌"Golden Fish" به‌ سوێدییش ده‌بێته‌"Guld Fisk"، ده‌ڵێن ئه‌م ماسییه‌، ته‌نێ سێ چرکه‌ کاتی دێته‌وه‌ بیر، واته‌: که‌ شتێک ده‌بینێت و به‌ ڕێگه‌یه‌کدا ده‌ڕوات، دوای سێ چرکه‌، له‌ بیری ده‌چێته‌وه‌، که‌ ئه‌و شته‌ی دیوه‌ و به‌و ڕێگه‌یه‌دا چووه‌. وا پێده‌چێت، سه‌رانی کوردیش، سروشتی ماسییه‌زێڕینه‌یان هه‌بێت و هه‌ر یه‌کجار زوو، دیرۆکی ده‌رده‌سه‌ری کورد و خۆشباوه‌ڕی خۆیان، له‌ بیر بکه‌ن. هێشتنه‌وه‌ی پرسی که‌رکووک بۆ دواتر، سه‌رانی کورد، هه‌رچوونی لێکده‌ده‌نه‌وه‌، ته‌نێ یه‌ک شت ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش بیرته‌سکی و که‌مبینین و په‌ندوه‌رنه‌گرتنی ئه‌وانه‌ له‌ دیرۆک و فریوخواردنیانه‌ له‌ نه‌به‌رده‌ سیاسییه‌کاندا.

11/1/2004                                                                                                                   






 فتح الله، جرجیس، زیارة‌ الی الماضي القریب،دارالشمس للطباعة‌ والنشر، ستوکهولم،1998،ص188.[1]
  سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ،ل53.[2]
 سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل198-201.[3]
[4] دان، اوریل، العراق فی عهد قاسم، تاریخ سیاسی1958-1963، نقله الی العربیة‌ وعلق علیه جرجیس فتح الله المحامي، الجزء الاول، دار نبز للطباعة‌ والنشر، السوید1989، ص18.

Thursday, January 1, 2004

سه‌ری ساڵ و بڕێک ورده‌سه‌رنج

سه‌ری ساڵ و بڕێک ورده‌سه‌رنج

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

خۆراوا به‌ هۆی پێشکه‌وتنێکی ته‌کنۆلۆژی و ئابووری و ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه‌، که‌ هه‌یه‌تی، له‌وه‌ ده‌رچووه‌، که‌ ته‌نێ وه‌ک چه‌ند وڵاتێک لێی بنۆڕدرێت. خۆراوا، ئه‌مڕۆ، لافاوێکی فه‌رهه‌نگییه‌ و ئه‌وه‌ی دێته‌ ڕێی، به‌ شه‌پۆلی توند و به‌هێزی خۆی ڕایده‌ماڵێت و لوولی ده‌دات و ده‌یپێچێته‌وه‌ و ئاوه‌ودیوی ده‌کات. خۆراوا، ئه‌مڕۆ، ئه‌وه‌ی دێته‌ ڕێی، له‌ فلته‌ری خۆی ده‌دات و کلک و گوێی ده‌کات و په‌ڕ و باڵی ده‌کات و ئه‌وده‌می و دوای خۆراوایاندنی ده‌یکاته‌وه‌ به‌ گه‌رووی هه‌موو جیهاندا و ده‌رخواردی مێشکی هه‌موو مرۆڤایه‌تیی ده‌داته‌وه‌. خۆراوا، زۆر له‌ مێژه‌، کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات، عیسای په‌یامبه‌ر، له‌ پیاوێکی گه‌نمڕه‌نگی، ئه‌سمه‌ری، پتر به‌ لای ڕه‌شتاڵه‌ییدا چووی، پرچڕه‌شی، لات و پێخاوس و هه‌ژاری، جووله‌که‌ی فلستیننشینی، خۆرهه‌ڵاتیی، بکاته‌ که‌سێکی پرچزه‌ردی، چاوشینی، سووروسپی و پێستسپی ئه‌وروپایی ئاسا و خۆراوایی، زۆر چاکیش له‌و کاره‌یدا سه‌رکه‌وتووه‌. ئێستا ئیدی، که‌ عیسا بوو به‌ خۆراوایی، زۆر به‌ ئاسانی، خۆراوا ده‌توانێت، وه‌ک هه‌نارده‌یه‌کی کاڵائاسا، له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌نگاوێکیدا، به‌ره‌و هه‌موو شوێنێکی جیهان و له‌گه‌ڵ هه‌موو ورده‌واڵه‌یه‌کی ته‌کنۆلۆژیایی و هه‌موو چالاکییه‌کی ئابووری و هه‌موو کاڵایه‌کی بازرگانی و هه‌موو ئامێر و ئامرازێکی ژیان و هه‌موو چه‌مکێکی فه‌رهه‌نگیدا، عیسایه‌تیشی تێکه‌ڵ کات، و که‌رته‌ عیسایه‌کی، له‌گه‌ڵدا بنێرێت و هه‌وڵی عیسایاندنی، هه‌رچی کون و قوژبنێکی جیهانه‌ بدات. ئێستا ئه‌و به‌زم و خۆ ئاماده‌کردن و ڕازاندنه‌وه‌ و چالاکییانه‌ی، له‌ هه‌ر وڵاتێکی عیسایی ئاییندا، به‌ بۆنه‌ی له‌دایکبوونی عیسا و هاتنی سه‌ری ساڵی عیساییه‌وه‌، ساز ده‌کرێن، خه‌ریکن هه‌موو جیهان ده‌ته‌ننه‌وه‌ و هه‌ر له‌ خۆڕا و بێ هیچ بیرکردنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌یه‌ک، هه‌موو جیهان ده‌یانکه‌نه‌ جه‌ژن و شایی و ئاهه‌نگگێڕان. ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ری ساڵی عیسایی، که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ له‌دایکبوونی عیساوه‌ و به‌شێکه‌ له‌ ئایینی عیسایی، ئێستا وا چین و ژاپۆن و مالایزیا و هیندوستان و ئه‌مه‌ریکای خواروو و ئه‌فریقا و ئاسیا و ته‌نانه‌ت کوردیشی، گرتووه‌ته‌وه‌. کورد، به‌ تایبه‌ت نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، که‌ ده‌یدوێنیت، خۆی به‌ موسوڵمان نازانێت و خۆی به‌ ڕۆڵه‌ی میدیا و که‌یخوسره‌و ده‌زانێت و باسی زه‌رده‌شتایه‌تی و ئاهۆرامه‌زدا و ئه‌هریمه‌ن و ئێزدیایه‌تی و ئه‌وانه‌ت بۆ ده‌کات و هه‌وڵده‌دات، خۆی له‌ بازنه‌ و "قه‌فه‌زی" ئیسلامه‌تی بهێنێته‌ ده‌ر و ده‌رباز بکات و باس له‌ نه‌ورۆز و ساڵی کوردی ده‌کات، که‌چی شایی و به‌زم و خۆبادان و که‌یف و خۆشییه‌ک، له‌ سه‌ری ساڵی عیساییدا ده‌یکات، هه‌رگیز له‌ نه‌ورۆزدا نایکات. کورد، ئه‌گه‌ر وه‌ک نه‌ته‌وه‌ و گه‌لێکیش ته‌ماشای بکه‌یت، پڕانی خه‌ڵکه‌که‌ی موسوڵمانن، لێ، نه‌ له‌ سه‌ر ساڵی کۆچی(هجري) دا، که‌ ساڵی موسوڵمانانه‌، و نه‌ له‌ له‌دایکبوونی په‌یامبه‌ر(موحه‌ممه‌د)دا، که‌ په‌یامبه‌ری موسوڵمانانه‌، هه‌رگیز ئه‌و به‌زم و هه‌رایه‌ی، که‌ له‌ سه‌ری ساڵیی زایینیدا ده‌یکات، له‌وه‌ی خۆیدا نایکات. خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ک ئێزدی و یارسانیش بنۆڕیته‌ کورد، یا به‌شێک له‌ کورد، ئه‌وا هه‌رگیز له‌و بۆنه‌ ئایینییانه‌ی، که‌ پێوه‌ندیان به‌و دوو ئایینه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌و دوو ئایینه‌ش دوو ئایینی کوردین، ئه‌و به‌زمه‌ی، که‌ بۆ ساڵی عیسایی ده‌یکات، بۆ ئه‌وانه‌ی ناکات. له‌ سه‌ری ساڵی عیساییدا، هێنده‌ی کورد، پیرۆزبایی له‌ یه‌کدی ده‌که‌ن، به‌ ته‌له‌فۆن، ناردنی کارت، ئیمه‌یل، نامه‌، سه‌ردان و... یه‌ک له‌ سه‌ر سه‌دی ئه‌وه‌، له‌ سه‌ری ساڵی کۆچی و جه‌ژنی نه‌ورۆز و له‌دایکبوونی په‌یامبه‌ر و بۆنه‌ی ئێزدی و یارساناندا، ناکه‌ن. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش، به‌ڵکه‌ پڕانیی کورد، هه‌ر ناشزانن، که‌نگێ سه‌ری ساڵی کۆچییه‌ و که‌نگێ ڕۆژی له‌دایکبوونی په‌یامبه‌ره‌!. زۆرجاران مرۆڤ گوێی له‌ وه‌ها بانگاشه‌یه‌ک ده‌بێت، که‌ کورد چی داوه‌، له‌و یادانه‌(سه‌ری ساڵی کۆچی و له‌دایکبوونی په‌یامبه‌ر موحه‌ممه‌د)، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی، که‌ ئه‌وانه‌ هی عه‌ره‌بن و کورد بۆ خۆی شتێکی تایبه‌ته‌ و ئایینی خۆی هه‌یه‌. که‌ دێیته‌ سه‌ر ئایینه‌که‌ی خۆیشی، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئێزدیایه‌تی و یارسان و زه‌رده‌شتایه‌تی بێت، ئه‌وا له‌ باره‌ی ئه‌وانه‌شه‌وه‌، هیچ نازانێت. ئه‌وه‌ی، که‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستانه‌وه‌ پێشان ده‌درێن، جه‌ژن و شایی و ئاهه‌نگگێڕان و ڕازاندنه‌وه‌ی جاده‌ و کۆڵان و پیاسه‌ی سه‌ر جادان و دانانی چراخان و ته‌قاندنه‌وه‌ی فیشه‌که‌شێته‌ و سازکردنی کۆنسێرت و گۆڕینه‌وه‌ی پیرۆزبایی و خواردنه‌وه‌ و ...گه‌لێک له‌و به‌زمانه‌ی، که‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌کرێن، ئه‌وانه‌ی کوردستان، زیاترن و پتر گرنگییان پێده‌درێن و گه‌لێک زێده‌ڕۆییشیان تێدا ده‌کرێن. هه‌ڵه‌یه‌کی یه‌کجار زه‌ق و له‌به‌رچاویش، که‌  له‌ کوردستان ده‌یکه‌ن و هه‌رگیز بیری لێ ناکه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وان له‌وێ دوو شت تێکه‌ڵ ده‌که‌ن، له‌دایکبوونی عیسا، له‌گه‌ڵ سه‌ری ساڵی زاییندا. دانانی داره‌کاژه‌که‌ و هاتنی ئه‌و شته‌ی، که‌ له‌ کوردستان پێی ده‌ڵێن"بابانۆئێل"، هه‌ردووکیان پێوه‌ندیان به‌ له‌دایکبوونی عیساوه‌ هه‌یه‌ و هیچ پێوه‌ندیان به‌ سه‌ری ساڵه‌وه‌ نییه‌. بابانۆئێله‌که‌، شه‌وی 24 له‌ سه‌ر 25ی مانگی 12 دێت، و دیاری به‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌دا، دابه‌ش ده‌کات. هه‌رچی دارکاژه‌که‌یشه‌ چه‌ند ڕۆژێک، پێش ئه‌و مێژووه‌ داده‌نرێت و به‌ ورده‌واڵه‌ و ته‌تکه‌وله‌رزانه‌ و چرای ڕه‌نگاوڕه‌نگ و په‌ڕۆ و ورده‌ شتی دیکه‌، ده‌ڕازێنرێته‌وه‌ و پاکه‌تی پێچراوه‌ و داخراو و ئاماده‌کراوی دیارییه‌کانی، له‌ بندا داده‌نێن و شه‌وی له‌دایکبوونی عیسا و هاتنی بابانۆئێل، دابه‌ش ده‌کرێن. ته‌واوی ئه‌وانه‌، جه‌ژن و ئاهه‌نگگێڕانێکی ئایینین و پێوه‌ندیان به‌ ئایینی عیساییه‌وه‌ هه‌یه‌. که‌سێک، که‌ عیسایی نه‌بێت و سه‌ر به‌و ئایینه‌ نه‌بێت، چ پێویست ده‌کات، ئه‌و جه‌ژنه‌ بکات. ئه‌و جه‌ژنه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌ری ساڵدا، دوو شتی جیاوازن و ئه‌وانه‌ پێوه‌ندیان به‌ سه‌ری ساڵ و ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵه‌وه‌ نییه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ، نه‌ داره‌کاژه‌که‌ی تێدایه‌ و نه‌ بابانۆئێله‌که‌یشی تێدایه‌. له‌ کوردستان ئه‌و به‌زم و ئاهه‌نگگێڕان و شاییه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی هه‌ڵه‌، ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌رچی ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵه‌که‌یشه‌، که‌ ئێستا و به‌ کاریگه‌ری خۆراوا و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و به‌ زۆر و زۆرداره‌کی و به‌ ناوی ساڵی نوێ و پێشکه‌وتن و هاوچه‌رخی و جیهانگه‌ری و سه‌دان ناوی دیکه‌وه‌، وا خه‌ریکه‌، به‌ سه‌ر هه‌موو جیهاندا ده‌سه‌پێنرێت. ئه‌وه‌ی من تێیناگه‌م و پێم سه‌یره‌، ئه‌وه‌یه‌، کورد چی داوه‌ له‌و به‌زمه‌؟ ئایا ئه‌گه‌ر سه‌ری ساڵ ئاهه‌نگ نه‌گێڕێت، به‌ دواکه‌وتوو و کۆنه‌په‌رست ده‌ژمێردرێت؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌، له‌ وڵاتێکی هه‌ژاری وه‌ک کوردستان، بۆ له‌ به‌زمێکی وه‌هادا سه‌رف ده‌کرێت و بۆ کارێکی پێناکرێت، که‌ قازانجی بۆ پێشخستنی وڵات و بووژانه‌وه‌ و ژیانی هه‌ژارانی کوردستانه‌وه‌ هه‌بێت؟ ده‌بێ چه‌ندی پاره‌ بۆ په‌خشکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاهه‌نگگێڕانه‌ی  سه‌ری ساڵ و پێشاندانی پیاسه‌ی خه‌ڵک و دانیشتنی سه‌ر مێز و ئه‌وانه‌، له‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستانه‌وه‌ سه‌رف بکرێت؟ ئایا ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ری ساڵ و بابانۆئێل و دارکاژه‌که‌، به‌شێکن له‌ فه‌رهه‌نگی کورد؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ "نا" بێت، ئه‌ی که‌واته‌ فه‌رهه‌نگی کورد چییه‌؟ ئه‌گه‌ر فه‌رهه‌نگی کورد، هه‌ر هه‌مان فه‌رهه‌نگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ ئیسلامییه‌ عه‌ره‌بییه‌ فارسییه‌ تورکییه‌ ئێزدییه‌ یارسانییه‌که‌یه‌، که‌واته‌ بابانۆئێل و دارکاژ و ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ری ساڵی زایینی، هیچ پێوه‌ندێکیان به‌ کورد و فه‌رهه‌نگی کورده‌وه‌ نییه‌، که‌وایه‌، ئیدی بۆ کورد ده‌یکاته‌ جه‌ژن و شایی و به‌زم؟ ئه‌گه‌ر عه‌ره‌باندن و تورکاندن و فارساندن، دژوارترین کێشه‌ و مه‌ترسیگه‌لێک بووبن، که‌ کوردستان و خه‌ڵکی کورد، تا ئێستا، دووچاری بووبن و به‌ تۆبزی به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کورددا سه‌پێنرابن، ئه‌وا پرۆسه‌ی عیسایاندن و ڕۆژاوایاندن، له‌گه‌ڵ بزه‌ و پێکه‌نین و مووزیکی بێچێژ و فه‌رهه‌نگی چه‌واشه‌کار و سووکایه‌تیکردن به‌ ژن و بێبه‌هاکردنی شتگه‌لی خۆماڵیدا، ده‌رخواردی کورد و ڕۆژهه‌ڵات ده‌درێت و هه‌رگیز دژوارییه‌کی له‌وانه‌(عه‌ره‌باندن و تورکاندن و فارساندن)یش که‌متر نین! خۆهه‌ڵواسین  به‌ هه‌موو شت و دیارده‌یه‌کی ئه‌وروپایی و لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی کوێرانه‌ی هه‌رچییه‌ک له‌ خۆراواوه‌ دێت، بێ لێوردبوونه‌وه‌ و بیرکردنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی ڕه‌خنه‌گرانه‌، ئه‌گه‌ر تاکه‌ یه‌ک شت پێشان بدات، ئه‌وا له‌ باشترین حاڵدا، لاوازی و بیرکولی و ته‌نکیی فه‌رهه‌نگی ده‌گه‌یه‌نێت و هیچی دی، ده‌نا بێفه‌رهه‌نگییه‌که‌ له‌و گۆڕه‌ی.                                                                                                      

1/1/2004 

Tuesday, December 30, 2003

بۆ کێ باسی ڕیفراندۆم ده‌که‌ن؟

بۆ کێ باسی ڕیفراندۆم ده‌که‌ن؟

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا، به‌ کارێک، ڕێمکه‌وته‌ گه‌ڕه‌کی هویسبی (Husby)ی شاری ستۆکهۆڵم، له‌وێ تووشی دوو سێ دۆست و ناسیاو هاتم، سلآوێکیان لێ کردم  و زۆر خێرا و به‌ هه‌ڵه‌داوان به‌ لامدا ڕۆیشتن. منیش پێم گوتن، ئه‌وه‌ خێره‌ وا به‌و خێراییه‌ ده‌ڕۆن، ده‌ڵێی کارێکی فره‌گرنگتان له‌ پێشه‌! گوتیان: به‌ڵێ، ئه‌ی تۆ بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاتووی؟ گوتم: بۆ چی؟ گوتیان: بۆ ئه‌و کۆڕه‌! گوتم: کۆڕی چی؟ گوتیان: کۆڕی دوکتۆر که‌مال میراوده‌لی! گوتم: کۆڕه‌که‌ له‌مه‌ڕ چییه‌وه‌یه‌؟ گوتیان: ڕیفراندۆم! گوتم: باشه‌ خواحافیزتان بێت، من بۆ وه‌ها کۆڕێک ناچم. ئه‌و دۆستانه‌، بۆ خۆیان ڕۆیشتن، لێ وه‌لآمه‌که‌ی منیان به‌ جۆرێکی دیکه‌، لێکدایه‌وه‌ و پێیانوابوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆڕه‌که‌ هی که‌مال میراوده‌لییه‌، بۆیه‌ من بۆی ناچم!. من هه‌رگیز له‌به‌ر ئه‌وه‌م نه‌بوو، که‌ نه‌چووم، به‌ڵکه‌ هه‌ر بابه‌تی کۆڕه‌که‌ و ناوه‌ڕۆکی کۆڕه‌که‌ و په‌یامی کۆڕه‌که‌م، پێ شتێکی سه‌یر بوو و ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت، پێم سه‌یره‌. من ئه‌وه‌ هیچ، که‌ هه‌ر به‌کاربردنی واژه‌ی "ڕیفراندۆم"م وه‌ک وشه‌یه‌ک پێ سه‌یره‌ و پێشموایه‌ بڵێین"ڕاپرسی، ڕاخوازی" گه‌لێک باشتره‌، ئه‌وه‌شم پێ سه‌یره‌، تۆ بێیت له‌ ئه‌وروپا، جڤین و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ و ڕێکخراو دروست بکه‌یت، بۆ باسکردنی ڕیفراندۆم، بۆ کێ، بۆ کوردگه‌لێک، که‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌ژین. هه‌ر مرۆڤێک له‌ ئه‌وروپا بژێت، ده‌زانێت، لێره‌ هه‌موو تاکێک، هه‌موو مرۆڤێک، هه‌موو کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێک، که‌ سه‌ر به‌ ئایینێک، یا ڕه‌گه‌زێک،، یا نه‌ته‌وه‌یه‌ک، یا زمانێک، یا چینێک، یا ڕه‌نگێک، یا سێکسێک بن، هه‌موو مافه‌کانیان پارێزراوه‌ و ده‌پارێزرێت و بۆیان هه‌یه‌، هه‌رچۆنیان بووێت، بیروڕا و بۆچوون و دیتنی خۆیان، له‌مه‌ڕ هه‌موو شتێکه‌وه‌ ده‌ربڕن و قسه‌ی خۆیان بکه‌ن. ڕاپرسی، ڕاخوازی(ڕیفراندۆم) و مافی چاره‌نووس و ئه‌و تۆپه‌ڵه‌ واژانه‌ی، که‌ له‌ ولآتانی ئێمه‌، خه‌ڵکیان له‌ سه‌ر هه‌ڵده‌واسرێن و  دارکاریی ده‌کرێن، لێره‌ له‌م ئه‌وروپایه‌، وه‌ک خۆراک و سیپاڵ و خواردنه‌وه‌ و هه‌موو پێویستییه‌ ئاساییه‌کانی ژیان، دیارن و زانراون و بۆ هیچ که‌س نوێ نین. تۆ له‌م ئه‌وروپایه‌، فۆرمێک له‌ نێو ته‌واوی کورددا، بلآو بکه‌وه‌ و لێیان بپرسه‌، بزانه‌ چ کوردستانێکیان ده‌وێت، سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و خاوه‌نی سنوور و ئالآ و ده‌سه‌لآت و ده‌وڵه‌ت، یا فیدرالی و به‌زمه‌کانی دیکه‌ی وابه‌سته‌، به‌ عیراق، ئێران، تورکیا و سووریاوه‌!. هیچ گومانێک له‌وه‌دا نییه‌، که‌ ته‌واوی کورد، کوردستانی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و ده‌وڵه‌تی ده‌وێت. که‌وابوو چ پێویستییه‌ک به‌وه‌ هه‌یه‌، خه‌ڵک بێن، له‌ ئه‌وروپا و بۆ کورد، باسی ڕیفراندۆم بکه‌ن و ده‌یان کۆمه‌ڵه‌ و ڕێکخراوی بۆ  دروست بکه‌ن، که‌ ده‌کرێت ئه‌و وزه‌یه‌ بۆ شتی دیکه‌ به‌کار ببرێت. ئه‌وه‌ی باسی ڕیفراندۆم ده‌کات، با پێش هه‌ر شتێک، داوا له‌و حیزبه‌ بکات، که‌ بۆ خۆی ئه‌ندامه‌ تێیدا، تا هێڵ و دید و بۆچوون و ڕا و نه‌خشه‌ی خۆی بگۆڕێت و کوردستانیانه‌ بیر بکاته‌وه‌ و چیتر، هێنده‌ خۆ نه‌شڵه‌ژێنێت و سه‌ر له‌ خۆ و خه‌ڵکیش نه‌شێوێنێت و په‌رۆش نه‌بێت بۆ عیراق و عیراقیه‌تی. با داوا له‌و حیزبه‌ی خۆی بکات، که‌ به‌رژه‌وه‌ندی کوردستان و کورد، بخاته‌ پێش گشت به‌رژه‌وه‌نده‌ که‌سه‌کییه‌کانی خۆی و شته‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌وه‌. با داوا له‌و حیزبه‌ی خۆی بکات، دیتن و بیروڕای، له‌مه‌ڕ کوردانی هه‌نده‌رانه‌وه‌ بگۆڕێت و حیسابیان بۆ بکات و گوێ له‌ ده‌نگیان بگرێت. پرسی ڕاخوازی و ڕاپرسی و به‌هێزکردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و خۆشویستنی خاک و ولآت و بلآوکردنه‌وه‌ی بیری کوردستانیه‌تی، بۆ که‌رکووک و مووسڵ و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و...ئه‌و به‌شانه‌ی دیکه‌ی کوردستان پێویسته‌، که‌ تا دوێنی له‌ ژێر ده‌سه‌لآتی به‌عسدا بوون و ئه‌مڕۆیش ملانێ و هه‌رایه‌کی گه‌وره‌یان له‌ سه‌ره‌ و هه‌رچی عه‌ره‌ب و تورکمان و تورک و ناکوردی جیهانیش هه‌ن، مرخیان لێ خۆش کردووه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ن، کوردیان لێ بێبه‌ش بکه‌ن و ئه‌گه‌ر که‌وتوونه‌ ژێر ده‌ستی شه‌یتانیش، هێشتا له‌ کن ئه‌وان، له‌ کورد باشتره‌. له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان، له‌ که‌رکووک و مووسڵ و خانه‌قین، خه‌ڵک ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و باسانه‌دا ده‌ژین و ڕۆژانه‌ تووشی داگیرکه‌رانی خاکه‌که‌یان ده‌بنه‌وه‌ و به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ن و سه‌رباری ئه‌وه‌ش هێنده‌ گه‌رموگوڕن له‌ سه‌ر ڕه‌وایه‌تیی کوردستانیبوون و کوردبوونی خۆیان و خاکه‌که‌یان، که‌ ته‌نێ بزیسکێکی به‌سه‌ و کۆمه‌ک و دنه‌دانێکی به‌سه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕابن و ته‌واوی داگیرکه‌ران وه‌ده‌رنێن. ئه‌وانه‌ی باس له‌ ڕیفراندۆم ده‌که‌ن و حیزبه‌کانیشیان، که‌ ئه‌وان کاری تێدا ده‌که‌ن، با ڕوو له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ بکه‌ن و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا بن و گوێ بۆ ئه‌وان ڕادێرن، ئه‌وان خۆیان ده‌زانن، کوێیان دێشێت و ده‌شزانن چۆن تیمار ده‌کرێت، لێ پشتیوانییان گه‌ره‌که‌!. ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌وروپا پێویسته‌، ڕوونکردنه‌وه‌ و باسکردنی پرسی کورد و کوردستانه‌ و باسکردنی خواست و ئاره‌زووی کورده‌ و هه‌وڵدانه‌ بۆ خڕکردنه‌وه‌ی ده‌نگ و پشتیوانی و کۆمه‌ک له‌ نێو خه‌ڵکی ئه‌وروپادا، نه‌ک کوردی ئه‌وروپا، به‌ڵکه‌ خه‌ڵکانی ئه‌وروپایی خۆیان، ئینگلیز، فرانسه‌یی، هۆلآندی، ئه‌ڵمانی، ئیسپانیایی، نۆروێژی، و....ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه‌ و حیزب و ده‌سگاکانی دیکه‌یاندا. کورد، گه‌ره‌که‌ ڕووی ده‌می له‌ ئه‌وروپاییان بکات، نه‌ک کوردی ئه‌وروپا. ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌وروپا دێت و باسی ڕیفراندۆم بۆ کورد ده‌کات، با بچێت ئه‌و باسه‌ بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و حیزب و حوکوومه‌ت و خه‌ڵکانی سیاسه‌تکار و  ئابووریکار و ئه‌وانه‌ی له‌ مێدیا و ڕاگه‌یاندندا، که‌ بۆ خۆیان ئه‌وروپایین و  له‌ ئه‌وروپا کار ده‌که‌ن و ئه‌وانه‌ی نێوه‌ندی بڕیاریان به‌ ده‌سته‌ و خه‌ڵکی سه‌ر جاده‌ی ئه‌وروپا، بکات. نه‌ک ته‌نێ بۆ ئه‌م پرسه‌، به‌ڵکه‌ بۆ ته‌واوی پرسه‌کانی دیکه‌یش، که‌ پێوه‌ندیان به‌ چاره‌نووسی کورده‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و کوردانه‌ی له‌ ئه‌وروپا ده‌ژین، گه‌ره‌که‌ ڕوو له‌ خه‌ڵکی ئه‌وروپا بکه‌ن و بۆ ئه‌وان بپه‌یڤن.


30/12/2003                          

Sunday, December 28, 2003

مه‌ترسیگه‌لێکی شاراوه

مه‌ترسیگه‌لێکی شاراوه
‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی


ڕه‌وشی کورد، له‌ باشووری کوردستان، ڕاسته‌ ئێستاکه‌، مه‌ترسی گازباران و ژارباران و ئه‌نفالی له‌ سه‌ر نییه‌، لێ مه‌ترسیگه‌لێکی دیکه‌ی، فره‌دژواری له‌ سه‌ره‌ و ئه‌گه‌ر به‌ وردی ته‌ماشانه‌کرێن، دیتنیان هێنده‌ ئاسان نییه‌. من لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند دانه‌یه‌ک له‌و مه‌ترسییانه‌ ده‌که‌م، که‌ من بۆ خۆم به‌ مه‌ترسییان ده‌زانم و حه‌زیش ده‌که‌م، سه‌رانی کورد، بیرێکی لێ بکه‌نه‌وه‌:                                                       
1.  که‌ شاندێکی عیراقی، وه‌زیرێک یا به‌ڕێوه‌به‌ری کارگێڕییه‌ک، له‌ حوکوومه‌تی به‌غدا، یا شاندێکی وڵاتێکی عه‌ره‌بی، یا کۆمکاری عه‌ره‌بی، دوای سه‌ردانی خێڵ و هۆز و مه‌لا و ئاخوند و شێخ و چایخانه‌ و  باژێڕه‌کانی عیراق، دێنه‌ کوردستان و ده‌چنه‌ که‌رکووک و سلێمانی و هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌ره‌گه‌وره‌ی کوردستان و سه‌رانی کورد، کۆ ده‌بنه‌وه‌، ته‌نێ یه‌ک مه‌به‌ستیان، له‌و سه‌ردانانه‌یان هه‌یه‌ و یه‌ک په‌یامیان پێیه‌، ئه‌ویش: ته‌ماشاکردنی که‌رکووک و سلێمانی و هه‌ولێر و هه‌موو میتره‌ خاکێکی کوردستان، وه‌ک به‌شێک له‌ عیراق و عیراقیش، وه‌ک به‌شێک له‌ خاکی عه‌ره‌ب، ده‌نا بێجگه‌ له‌وه‌، هیچ مه‌به‌ستێکی دیکه‌یان نییه‌. ئه‌و شاندانه‌، که‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێن و جێگه‌ی خۆیان و ئه‌نجامی گه‌شته‌که‌یان له‌ کوردستان، ده‌که‌نه‌ ڕاپۆرت، بۆ هاوکاران و به‌رپرسان و کارگێڕییه‌کانیان، هه‌رگیز باسی ئه‌وه‌ ناکه‌ن، که‌ سه‌ردانی کوردستانیان کردووه‌، به‌ڵکه‌ ده‌ڵێن، سه‌ری به‌سره‌، حلله‌، که‌ربه‌لا، که‌رکووک، هه‌ولێر و سلێمانییان، له‌ عیراق داوه‌، یا ده‌ڵێن، سه‌ری باشوور و باکوور و  ناوه‌ندی عیراقیان داوه‌. ئه‌و به‌رپرسانه‌ی کۆمکاری عه‌ره‌ب و هه‌ر به‌رپرسێکی دیکه‌ی عه‌ره‌بیش، که‌ ئه‌وڕۆ دێنه‌ کوردستان، هه‌موویان تا سه‌ددام حوسه‌ین مابوو، ده‌روێشی وی بوون و چاویان یه‌ک مه‌ینه‌تی و ماڵوێرانی و ئه‌نفال و گازبارانی کوردیان نه‌ده‌دی. من پێموایه‌ ئێستاش هه‌روا بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و هیچ گۆڕانێک به‌ سه‌ر دیتن و  هه‌ڵوێستیاندا نه‌هاتووه‌ و هیچ پێویستیش ناکات، کورد به‌ سه‌ردانی ئه‌و بابه‌تانه‌ دڵخۆش بێت.            
 2. ئه‌وڕۆ به‌ بیانووی سه‌رمایه‌گوزاری و وه‌گه‌ڕخستنی پاره‌ و پووڵ و  کردنه‌وه‌ و ده‌ستپێکردنی پرۆژه‌ و...عه‌ره‌بێکی زۆری عیراقی ڕوویان کردووه‌ته‌ کوردستان و ده‌ستیان کردووه‌ به‌ کڕینی خاک و خانوو و سه‌دان جێگه‌ و شوێنی دیکه‌، له‌ ده‌ڤه‌ره‌ جیاوازه‌کانی کوردستان. ڕه‌نگه‌ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی کوردستان، پێیانوابێت، ئه‌وه‌ کارێکی باشه‌ و ده‌بێته‌ هۆی بووژانه‌وه‌ و پێشخستنی ئابووریی کوردستان، به‌ڵام ئه‌وان بیر له‌وه‌ ناکه‌نه‌وه‌، که‌ هاتنی عه‌ره‌بێک بۆ کوردستان و ده‌ست به‌ کار کردن تێیدا، گه‌لێک  جیاوازه‌ له‌وه‌ی، کابرایه‌کی چینی یا مالیزی یا فرانسه‌یی، بێته‌ کوردستان و پرۆژه‌یه‌ک بکاته‌وه‌. هاتنی عه‌ره‌بێک بۆ کوردستان، ده‌کاته‌ هاتنی هۆزێکی عه‌ره‌ب بۆ کوردستان و ده‌کاته‌ هاتنی په‌یامی عه‌ره‌باندن و تێکه‌ڵکردنه‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌ی کوردستان، بۆ باوه‌شی عه‌ره‌بستان.                                                     
3. به‌شێکی زۆری پرۆژه‌ و کارێک، که‌ له‌ کوردستاندا، چێ ده‌کرێن و چاوه‌ڕوانن چێ بکرێن، ئه‌نجامدانی کاره‌که‌، دراوه‌ته‌ کۆمپانیا و سه‌رمایه‌دار و به‌ڵێندارانی تورکیا و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا، ده‌یان ڕێککه‌وتن و پێکهاتن مۆرکراوه‌ و ئه‌وان ته‌واوی ئه‌و کارانه‌ ده‌که‌ن. هه‌رچی له‌مه‌ڕ هاتنی عه‌ره‌به‌وه‌ بۆ کوردستان، گوتم، هاتنی تورکیا، ده‌هێنده‌ و پتر مه‌ترسیی هه‌یه‌. تورکیا، که‌ دێته‌ کوردستان، پێگه‌یه‌ک بۆ خۆی و پیاده‌کردنی سیاسه‌تی خۆی، ساز ده‌کات و به‌ هاسانی ده‌توانێت، پێوه‌ند به‌ تورکمانی کوردستانه‌وه‌ بکات و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌، هه‌ر کارێک بیه‌وێت، ئه‌نجامی بدات. تورکیا به‌ چێکردنی پرۆژه‌ و ئه‌و کارانه‌ی پێی ده‌سپێردرێت، ده‌توانێت، هه‌زارویه‌ک فێڵ و ته‌ڵه‌که‌یان تێدا بکات. تورکیا ده‌توانێت سه‌دان ئامێری سیخوڕیی، که‌ ئێستا نوێترین ته‌کنیکی هه‌یه‌ و هه‌زاران جۆری هه‌یه‌ و هه‌ر له‌ ئامێری وێنه‌گرتنه‌وه‌ بیگره‌، تا ده‌گاته‌ ئامێری گوێڕادێران و ژنه‌فتن، که‌ ده‌کرێت دابنرێن و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌شه‌وه‌، کۆنترۆڵی هه‌موو کار و چالاکی و قسه‌ و ڕه‌وتارێکی، ئه‌و خه‌ڵکانه‌ و ئه‌و پرۆژانه‌ و شوێنی دیکه‌یش بکه‌ن و ته‌واوی زانیارییش بده‌نه‌، ده‌سگا سیخوڕی و فه‌رمییه‌کانی خۆیان. وه‌ها کارێک له‌ زۆر جێگه‌ی ئه‌م جیهانه‌ کراوه‌ و ده‌کرێت. ڕۆژانه‌ له‌ که‌ناڵه‌کانی کوردستان تیڤی و کوردساته‌وه‌، ڕێکلام بۆ مۆبێله‌ و ئامێر و شتی تورکی ده‌کرێت و ده‌یان فرۆشگه‌ و بازاڕی تورکی، که‌ له‌ کوردستان کراونه‌وه‌، ده‌کرێت. کورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری کوردستان، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێکی ئابووری و نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رهه‌نگییان هه‌بووایه‌ و نه‌خشه‌یه‌کیان، بۆ کارکردن و داهاتووی کوردستان هه‌بووایه‌ و بڕێک دوورتر بیانڕوانیبایه‌ته‌ پرسی کوردستان و کورد و کوردستانیان وه‌ک یه‌ک خاک و کوردیان وه‌ک یه‌ک نه‌ته‌وه‌ دیتبا، هه‌رگیز وه‌ها کارێکیان نه‌ده‌کرد. ڕێکلام بۆ فرۆشگه‌ و کاڵای تورکی، ده‌کاته‌ ڕێکلام بۆ تورکاندنی کوردستان و ڕێکلام بۆ له‌نێوبردنی کورد. خه‌ڵک له‌ ئه‌وروپا له‌ دژی ئیسرائیل، پرته‌قاڵی یافا ناخۆن و شتی ئیسرائیلی به‌کار نابه‌ن. خه‌ڵک له‌ دژی ئه‌مه‌ریکا، کۆکاکۆلا ناخۆنه‌وه‌. خه‌ڵک له‌ دژی سیاسه‌تی تورکیا به‌رانبه‌ر کورد، بۆ گه‌شت و پشوو، ناچنه‌ ئه‌نتالیا و ئالانیه‌ی تورکیا. له‌و نموونانه‌ یه‌کجار زۆرن له‌م ئه‌وروپایه‌. کورد، ئه‌گه‌ر بڕێک هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بووایه‌، ده‌بوو به‌ ته‌واوی دژایه‌تی کاڵا و شتی تورکی بکات و وه‌ک ده‌یشیکڕێت و به‌ کاری ده‌بات، ده‌بوو ڕێکلامی بۆ نه‌کات. هه‌ر جڤێنێکی سه‌رانی کورد و کارگێڕییه‌کانیان ده‌کرێت، ده‌یان شووشه‌ ئاوی تورکی له‌ سه‌ر مێزه‌کانیان دانراوه‌ و هیچ پێشیان شه‌رم نییه‌، که‌ له‌و ئاوه‌ ده‌خۆنه‌وه‌. ده‌بوو کۆڵێک شه‌رمیان کردبا، یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ هی تورکیایه‌ و دووه‌میش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێکی زۆر له‌ کوردستانه‌که‌ی، که‌ ئه‌وان فه‌رمانڕه‌واین، ئاوی خواردنه‌وه‌ی پاکژی نییه‌، بۆ خواردنه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ی و تێر ئاو ناخواته‌وه‌.                                                                             
 4. ئه‌وڕۆ هێرشێکی یه‌کجار فراوان و چڕ، له‌ لایه‌ن شۆڤینیستانی عه‌ره‌ب و تورکمان و کلدۆ-ئاشوورییانه‌وه‌، ده‌کرێته‌ سه‌ر  کورد و کوردستان. تورکمانه‌کان ، داکۆکی له‌ یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق ده‌که‌ن و خۆیان وا پێشان ده‌ده‌ن، که‌ کورد ده‌یانچه‌وسێنێته‌وه‌. عه‌ره‌ب داکۆکی له‌ تورکمان ده‌کات و که‌رکووک به‌ باژێڕی تورکمان ده‌داته‌ قه‌ڵه‌م، ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی، نه‌بێته‌ هی کورد. کلدۆ-ئاشوورییان، کۆنگره‌ ده‌گرن و کڵێسه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و بۆنه‌ ده‌دۆزنه‌وه‌ و خۆیان به‌ نێزیکی عه‌ره‌ب پێشان ده‌ده‌ن و جه‌خت له‌ سه‌ر عیراق و عیراقییایه‌تی ده‌که‌نه‌وه‌، ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کورد دوور بکه‌ونه‌وه‌ و نێوی کوردستان نه‌به‌ن. تۆ ته‌ماشای نووسینی سه‌ر کڵێسه‌ و شوێنه‌ دیانه‌کان بکه‌، ده‌بینیت، له‌ دهۆک، هه‌ولێر، زاخۆ، دیانه‌، شه‌قڵاوه‌، یا هه‌ر جێگه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستان،  ده‌بینیت له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌ زمان و تیپه‌کانی خۆیان، نێوی ئه‌و شوێنه‌یان نووسیوه‌ و له‌ بنیشه‌وه‌ به‌ عه‌ره‌بی نووسیویانه‌. ئیدی  یه‌ک وشه‌ی‌شیان به‌ کوردی نه‌نووسیوه‌، ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌وانه‌ له‌ کوردستانن. تۆ ته‌ماشای بنکه‌ و مه‌کۆی حیزب و کۆمه‌ڵه‌  تورکمانییه‌کان بکه‌، که‌ له‌ کوردستانن، ئه‌وانیش  هه‌رگیز به‌ کوردی نێوی ئه‌و شوێنانه‌یان نانووسن و ئه‌گه‌ر به‌ زمانێکی دیکه‌ی بێجگه‌ له‌ تورکمانی نووسیبێتیان، ئه‌وا به‌ عه‌ره‌بی نووسیویانه‌.  ئه‌وڕۆ له‌ ماڵپه‌ڕ و ڕووپه‌له‌کانی ئینته‌رنێت و ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و میدیاکانی دیکه‌ی جیهاندا و ئه‌و شوێن و جێگانه‌ی، که‌ تورکمان و ئاشووری و کلدان و عه‌ره‌به‌ شۆڤینیسته‌کان ده‌ستیان پێ ڕاده‌گات، به‌ هه‌موو شێوازێک و به‌ هه‌موو ئامرازێک، هه‌وڵ ده‌ده‌ن و نه‌خشه‌ داده‌نه‌ن و کار ده‌که‌ن، بۆ سڕینه‌وه‌ و نه‌هێشتنی،  ناوی کوردستان و کورد و شێواندنی مێژوو و ڕاستی و پتری کاره‌کانیشیان به‌ چڕوپڕی ئاراسته‌ی که‌رکووک و مووسڵ و ئه‌وانه‌ ده‌که‌ن، که‌ کورد بۆ خۆی ساردییه‌ک ده‌نوێنێت، له‌ ئاستیاندا و به‌به‌رچاوی کورده‌وه‌، زه‌وت ده‌کرێن.                                                                                                                 
5. سه‌رانی کورد، گرنگییه‌کی زیاد له‌ پێویست، به‌ کلدان و ئاشووری و تورکمان و عه‌ره‌بی کوردستان و ده‌رێی کوردستان ده‌ده‌ن. ئه‌وان(کلدان و ئاشووری و تورکمان و عه‌ره‌ب) هه‌رگیز و له‌ هیچ قوژبنێکی ئه‌م جیهانه‌، ددانی خێر به‌ یه‌ک شتی کورد و کوردستاندا نانێن. ته‌واوی تورکمان و ئاشووری و سریان و کلدانێک، که‌ ئێمه‌ له‌م ئه‌وروپایه‌ ڕۆژانه‌، که‌پوومان به‌ که‌پوویانه‌وه‌ ده‌ته‌قێت، له‌بری وشه‌ی کوردستان، هه‌ر به‌شێکی کوردستان، ئه‌وان ده‌ڵێن: عیراق، تورکیا، سووریا، ئێران. تۆ هه‌رچه‌ندی هاوار ده‌که‌یت و ده‌ته‌وێت، ده‌نگی خۆت بگه‌یه‌نیته‌ ئه‌وروپاییان، ئه‌وان ڕیسه‌که‌ت لێ ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ خوری و هه‌رچی تۆ بینای ده‌که‌یت، ئه‌وان بۆتی ده‌ڕووخێنن. کورد، چه‌ندی گرنگی به‌و خه‌ڵکانه‌ بدات و بیانهێنێته‌ پێشێ و ئامێزیان بۆ بکاته‌وه‌ و ته‌له‌ڤزیۆن و ڕۆژنامه‌ و میدیایان، بخاته‌ به‌رده‌ست و ڕێزیان لێ بگرێت و به‌ هاواریانه‌وه‌ بچێت و بانگهێشتنیان بکات و پرسه‌ و شاییان به‌ مه‌زنی پێشان بدات، ئه‌وان هێنده‌ی دی قینیان له‌ کورد ده‌بێته‌وه‌ و هێنده‌ی دی جێی خۆیان قایم ده‌که‌ن و هێنده‌ی دی سواری سه‌ری کورد ده‌بن و ده‌بنه‌ که‌ڵه‌گا له‌ کوردستان و پێشیانوایه‌، که‌ ئه‌وه‌ی کورد بۆیان ده‌کات، ئه‌رکێکه‌ و ده‌بێت بیکات و چ منه‌تیشیان به‌ کورد نییه‌.                                                                                                   
28/12/2003
                                                                                           
                                                                                                                                        

    

Tuesday, December 23, 2003

با ڕێپێوان و خۆپێشاندان، ببێته‌ کارێکی ڕۆژانه‌ی کورد

با ڕێپێوان و خۆپێشاندان، ببێته‌ کارێکی ڕۆژانه‌ی کورد
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌و ده‌مه‌وه‌، کورد سیاسه‌تی کردووه‌ و که‌ڵکه‌ڵه‌ی بیری سه‌رخۆبوون و ئازادی که‌وتۆته‌ مێشک و هه‌وڵی بۆ داوه‌، تا ڕاده‌یه‌ک، یه‌ک جۆره‌ شێوازی، بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانی خۆی، به‌کار بردووه‌، ئه‌ویش ده‌ستدانه‌چه‌ک و هه‌ڵزنان به‌ چیادا و به‌رپاکردنی شه‌ڕی چه‌کدار، دژی دوژمن. ته‌واوی ئه‌و شه‌ڕانه‌ش، له‌ نێو ماڵی کورد خۆیدا، له‌ نێو خه‌ڵکی کورد خۆیدا، له‌ سه‌ر خاکی خۆی و له‌ کوردستان، کراون. ئه‌و جۆره‌ شه‌ڕانه‌ش، پتر بوونه‌ته‌ هۆی وێرانکردن و زیانپێگه‌یاندنی کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد. ئه‌ڵبه‌ت له‌ پاڵ ئه‌و جۆره‌ خه‌باته‌دا(شه‌ڕی چه‌کدار)، زۆر جۆر و شێوازی دیکه‌ هه‌ن، لێ ئیدی به‌ هۆی دڕنده‌یی و زۆر و سته‌م و ده‌ستنه‌پاراستنی دوژمنانی کورده‌وه‌ بووبێت، یا به‌ هۆی نه‌زانینی به‌کاربردنی ئه‌و جۆر و شێوازانه‌، کورد، ئه‌و کاره‌ی نه‌کردووه‌ و هه‌ر په‌نای بردووه‌ته‌ به‌ر شێوازه‌ نه‌ریتییه‌که‌ی خۆی(چیا، چه‌ک، شه‌ڕی چه‌کدار). ئه‌وه‌ی 22/12/2003 له‌ که‌رکووک، ئه‌نجام درا، ئه‌و ڕێپێوان و خۆپێشاندانه‌، کارێکی زۆر باش و دڵخۆشکه‌ر و له‌جێی خۆیدا بوو. دیاره‌ ناشکرێت هه‌روا و سه‌رپێی، بڵێین باشه‌ و ئیدی چاوپۆشی له‌ کێماسییه‌کانی بکه‌ین. به‌ بڕوای من، که‌ کورد، کارێکی وا(خۆپێشاندان و ڕێپێوان)، له‌ هه‌ر کوێیه‌کی کوردستان، یا ده‌رێی کوردستان، ده‌کات، گه‌ره‌که‌ وه‌ک کورد بیکات، نه‌ک وه‌ک حیزب. با وه‌ک کوردستانیی بیکات، نه‌ک وه‌ک فڵانه‌ به‌ش  و فیساره‌ شار. له‌ که‌رکووک، له‌ بری ئه‌وه‌ی، په‌ڕۆی که‌سک و په‌ڕۆی زه‌رد و وێنه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعوود بارزانی، هه‌ڵگرن، ده‌بوو ته‌واوی ئه‌و په‌ڕۆ و چارۆکانه‌ی، که‌ هه‌ڵگیرابوون و ته‌نێ ڕه‌نگی که‌سک و زه‌رد بوون، ڕه‌نگی دیکه‌یشیان تێدا بووایه‌، خۆ که‌رکووک ته‌نێ شاری پارتی و یه‌کیه‌تی نییه‌!. که‌رکووک، شاری هه‌موو کورده‌، ئیدی ئه‌و کورده‌، له‌ کوردستان بێت یا له‌ بۆلیڤیا، ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌. ده‌بوو له‌ بری ته‌واوی ئه‌و په‌ڕۆ و وێنانه‌، ته‌نێ ئاڵای کوردستان و په‌ڕۆی هه‌مه‌ڕه‌نگیان، هه‌ڵگرتبا. با په‌ڕۆی که‌سک، زه‌رد، سوور، شین، ڕه‌ش، سپی و هه‌رچی ڕه‌نگی دیکه‌ش له‌م دنیایه‌دا هه‌ن، هه‌ڵگیرابان. هه‌ڵگرتنی ئاڵای ئه‌مه‌ریکا و ئینگلیزیش، به‌لای منه‌وه‌، هیچ کارێکی جوان نییه‌ و چ پێویستیش نییه‌. ئه‌و ڕێپێوان و خۆپێشاندانه‌ی دوێنێ، که‌ له‌ که‌رکووک کرا، ده‌شێ له‌ هه‌موو باژێڕێکی دیکه‌ی کوردستان بکرێت. ده‌شێ ته‌واوی باژێڕه‌کانی کوردستان، ئه‌وانه‌ی تازه‌ ڕزگار کراون، که‌رکووک، خورماتوو، تاووغ، جه‌له‌ولا، خانه‌قین، مه‌نده‌لی، به‌دره‌، مووسڵ، شنگال و...بگرێته‌وه‌ و ئه‌و باژێڕانه‌، بکرێنه‌ ڕێپێوانگه‌ و خۆپێشاندانگه‌ و به‌رده‌وام، بێبڕانه‌وه‌، بێپشوو، بێڕاوه‌ستان و هه‌میشه‌، به‌ هاتوهاوار و قێڕه‌ و گوتار و دروشم و هه‌موو جۆره‌ شێوازێک، ده‌نگ و خواسته‌کانی خه‌ڵکی کورد، بدرێت به‌ گوێچکه‌ی که‌ڕی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وڕۆی عیراقدا. ده‌شێ خه‌و و حه‌سانه‌وه‌ و ته‌وه‌زه‌لیی، له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ حه‌رام بکرێت و مۆڵه‌تی بیرکردنه‌وه‌یان نه‌درێت. ئه‌وه‌ی دوێنێی که‌رکووک، ده‌شێ ببێته‌ کارێکی ڕۆژانه‌ی هه‌موو کورد. ئه‌وه‌ی دوێنێی که‌رکووک، ده‌شێ ببێته‌ ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو کورد. لاوان، ژنان، ماڵباتی شه‌هیدان، که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان، کوردانی فه‌یلی و ته‌واوی توێژ و چینه‌به‌شخوراوه‌کانی کورد، ده‌شێ پێشه‌نگی ئه‌و ڕێپێوان و خۆپێشاندانانه‌ بن. له‌ ته‌واوی وڵاتگه‌ل و جیهانێک، که‌ بڕێک ئازادییان تێدان، ڕێپێوان و خۆپێشاندان، هۆکارێکی گه‌لێک مه‌زنن، بۆ گوشارخستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات. له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خه‌ڵک دیتن و بۆچوون و ڕای خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ ده‌سه‌ڵات و مه‌رجه‌کانی خۆی، به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌سه‌پێنێت. کورد، له‌و ڕه‌وته‌، دوا که‌وتووه‌ و ئێستاش، که‌ ئیدی مه‌ترسی گازی کیمایی و ئه‌نفال، له‌ ئارادا نییه‌، ئه‌و ڕێپێوان و خۆپێشاندانانه‌، کاریگه‌رترین شێوازن، بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانج. هیچ پاساوێکیش بۆ شه‌رمکردن و ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌و کارانه‌ نییه‌. ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت: "نابێ و ناکرێ و که‌ی کاتی ئه‌وه‌یه‌ و با برا عه‌ره‌ب و تورکمان و...لێمان زیز نه‌بن، و دۆستایه‌تییان له‌گه‌ڵماندا نه‌پسێت، و با چاوه‌ڕوان بین بزانین دۆسته‌کانمان(ئه‌مه‌ریکا و ئینگلیز) چ ده‌که‌ن و چ ده‌ڵێن"، ئه‌وه‌ هه‌رگیز له‌ به‌ره‌ی گه‌ل نییه‌ و ڕاست ناکات و هیچ پێویستیش نییه‌، خه‌ڵک گوێی لێ بگرێت. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی (دوکتۆر مه‌حموود عوسمان)ه‌وه‌، که‌ ده‌ڵێت:"ئه‌و داخوازییانه‌ی، که‌ له‌ خۆپێشاندانه‌کانی که‌رکووکدا، گوتران، به‌ ته‌واوی له‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمیی کورد، جیاوازن، که‌ داوای فیدرالییه‌ک ده‌کات له‌ نێو عیراقێکی یه‌کگرتووی، یه‌ک خاک و یه‌ک گه‌لدا. ئه‌وانه‌ی، که‌ دروشمی جیابوونه‌وه‌ له‌ عیراق به‌رزده‌که‌نه‌وه‌، لاوانێکی توندڕۆن و دابڕاون له‌ هه‌ڵوێستی گه‌لی کورد و حیزب و هێزه‌ نوێنه‌ره‌کانی، که‌ سوورن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، کورد به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه‌ له‌ گه‌لی عیراق و ده‌ڤه‌ری کوردستانیش به‌شێکه‌ له‌ خاکی یه‌کگرتووی عیراق...هه‌رچی هه‌ڵگرتنی ئاڵای کوردستان و نه‌بوونی ئاڵای عیراقه‌، واپێده‌چێت، که‌ ده‌ستێکی نادیار هه‌یه‌، یاری ده‌کات و مه‌به‌ستیشی زیانگه‌یاندنه‌ به‌ ڕه‌وته‌که‌، چونکه‌ ئاڵای فه‌رمی عیراق، له‌ سه‌ر هه‌موو باره‌گای کارگێڕییه‌ فه‌رمییه‌کان، له‌ ناوچه‌کانی کوردستان، هه‌ڵکراوه‌ و به‌ فه‌رمییش دانی پێدا نراوه‌، هه‌رچی ئاڵای کوردستانیشه‌، ئه‌وه‌ نیشانه‌یه‌که‌، کوردان له‌ هه‌ندێک بۆنه‌دا، به‌رزی ده‌که‌نه‌وه‌"[1]. من پێموایه‌، ئه‌وه‌ی له‌ که‌رکووک گوترا و باسکرا و هاواری بۆ کرا، ئه‌وه‌ خواستی هه‌موو کورده‌ و ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو کورده‌. هیچ کوردێک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌، باشووری کوردستان، به‌شێک بێت له‌ عیراق و تاکه‌ چاره‌سه‌ریش بۆ کێشه‌ی کورد، له‌و به‌شه‌ی کوردستان، که‌ دوکتۆر عوسمان و سه‌رانی حیزبه‌ کوردییه‌-عیراقییه‌کان، ده‌یانه‌وێت، نه‌یبیسن و خۆیانی لێ که‌ڕ ده‌که‌ن، جیابوونه‌وه‌ی کوردستانه‌ له‌ عیراق و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستانه‌. ڕاسته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ داوای ده‌کات، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی فه‌رمیی حیزبه‌ کوردییه‌-عیراقییه‌کاندا ناگونجێت، لێ ئه‌و حیزبانه‌ و سه‌رانیان و ته‌واوی عیراقییان و عه‌ره‌ب و تورکمان و ئاشووری و کلدان و ئه‌مه‌ریکا و ئینگلیزیش، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانن، که‌ خه‌ڵکی کورد ئه‌وه‌ی ده‌وێت، خه‌ڵکی کورد ئازادی یه‌کجاری و سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت. ئه‌و ئاڵایه‌ی عیراقیش، که‌ دوکتۆر عوسمان، به‌ فه‌رمیی داده‌نات، هه‌ر ئاڵای به‌عسه‌ و دوکتۆریش له‌ من و منانی دیکه‌یش چاکتر ده‌زانێت، که‌ ئه‌و ئاڵایه‌، له‌ 1963وه‌ کرا به‌ ئاڵای عیراق و به‌عس کردی، کاتێک ده‌یه‌ویست له‌گه‌ڵ سووریا و مسردا، یه‌کبگرن. ئاڵای کوردستانیش، ته‌نێ هی بۆنه‌ و ئه‌وانه‌ نییه‌، به‌ڵکه‌ ئاڵایه‌که‌، ئه‌وڕۆ ته‌واوی کورد شانازیی پێوه‌ ده‌کات و ئیتر ده‌بێ هه‌ر هه‌ڵکرێت و هه‌ر شه‌کاوه‌ بێت. من بۆ خۆم هێنده‌ی ڕێزه‌یه‌کیش ڕه‌گه‌زپه‌رست و شۆڤینیست نیم، لێ دوکتۆر عوسمان و ته‌واوی سه‌رانی دیکه‌ی کورد، ده‌بێ له‌وه‌ تێبگه‌ن، که‌ ته‌واوی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و گه‌ل و وڵاتانه‌ی ده‌وروبه‌ری کوردستان و ته‌واوی عه‌ره‌ب و ته‌واوی تورک و ته‌واوی فارسی جیهان و...هیچ کاتێک به‌ سه‌ربه‌خۆیی کورد و کوردستان قایل نابن، ئه‌گه‌ر کورد چاوه‌ڕێیی ئه‌وان بێت، ده‌بێ نه‌ک هه‌ر بێ سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵکه‌ بێ هیچ مافێکیش سه‌ر بنێته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی ئێستا فه‌رمانڕه‌وای ڕاسته‌قینه‌ی عیراقن، له‌ ڕێپێوان و خۆپێشاندان و ده‌نگبڵندکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک و ڕاسازکردن و هاتوهاوار تێده‌گه‌ن، چونکه‌ وڵاتانی خۆیان تژین له‌ وه‌ها چالاکییه‌ک و هه‌میشه‌ خه‌ڵک له‌ سه‌ر جاده‌یه‌ و هه‌میشه‌ خه‌ڵک خڕ بووه‌ته‌وه‌ و جاده‌ ده‌گیرێت و ده‌بڕدرێت و پۆلیس وه‌به‌ر به‌رد ده‌درێت و هه‌میشه‌ سه‌دان دروشم و ده‌یان داخوازی ده‌چنه‌ پێش به‌رپرسانیان و هه‌رگیز بێ ئه‌و ده‌نگه‌ تووڕانه‌، به‌رپرسانی وڵاته‌کانیان سه‌رنانێنه‌وه‌ و ئه‌و ده‌نگانه‌ش، تا نادادی هه‌بێت، هه‌رگیز خامۆش نابنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر کورد درێژه‌ به‌م شێوه‌ خه‌باته‌ی ئێستای بدات و سه‌رانی پشتی نه‌ده‌ن به‌ زه‌ویدا، گومان له‌وه‌دا نییه‌، ئه‌نجامێکی باش دێته‌ دی و کورد له‌ ئاواته‌ مێژووییه‌کانییه‌وه‌ نێزیکتر ده‌بێته‌وه‌ و ده‌یگاتێ. با ئه‌و ڕێپێوان و خۆپێشاندانانه‌یش، وه‌ک ئاگره‌که‌ی باوه‌گوڕگوڕ، هه‌میشه‌ بگڕیێت و ڕێگه‌ی خه‌باتی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی ڕوون کاته‌وه‌، چونکه‌ ڕێپێوان و خۆپێشاندان و بێده‌نگنه‌بوونی هه‌ر گه‌لێک، له‌ ناڕاستی و نادادی، زیندوویی ئه‌و گه‌له‌ ده‌گه‌یه‌نێت، با کوردیش پێشانی بدات و بیسه‌لمێنێت، که‌ یه‌کێکه‌ له‌و گه‌له‌ زیندووانه‌ی جیهان.                                                                                                                    
23/12/2003
  



[1] دوکتۆر مه‌حموود عوسمان، ئه‌و قسانه‌ی بۆ ساێتی ئیلاف(ایلاف)" www.elaph.com"ی عه‌ره‌بی کردبوو، ڕۆژی 22/12/2003.

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...