Sunday, December 17, 2000

پاشخانێکی "په‌لکه‌زێڕینه‌" و پرۆژه‌ی کتێبی خوێندنی کوردیی زارۆکان

پاشخانێکی "په‌لکه‌زێڕینه‌" و پرۆژه‌ی کتێبی خوێندنی کوردیی زارۆکان

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

دۆی داده‌ ڕوونه‌[1]، ناوی گوتارێکی مامۆستا حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌نه‌، له‌ ژماره‌ 117ی ساڵی2000ی گۆڤاری "به‌ربانگ"دا و له‌ ڕووپه‌لانی 9-11 و 15-18دا، بڵاو بووه‌ته‌وه‌. گوتاره‌که‌ی مامۆستا حه‌سه‌ن، گوتارێکی ڕه‌خنه‌یی و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کانی مامۆستا سروه‌ عه‌زیزه‌، که‌ کۆمه‌ڵه‌ کتێبێکن بۆ منداڵان نووسراون و ئاماده‌کراون و وه‌رگێڕدراون. مامۆستا حه‌سه‌ن، زۆر وردکارانه‌ و وردبینانه‌، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی خوێندوونه‌وه‌ و زیره‌کانه‌ تێبینی و سه‌رنجه‌کانی خۆی له‌ سه‌ر نووسیون. منیش وه‌ک که‌سێکی هاوپیشه‌ و هاوکاری - نێزیکه‌ی ده‌ ساڵێک کاری مامۆستاییم کردووه‌- مامۆستایان حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن و سروه‌ عه‌زیز، هه‌م کتێبه‌کانی مامۆستا سروه‌ عه‌زیز و هه‌م گوتاره‌که‌ی مامۆستا حه‌سه‌نم خوێندوونه‌وه‌ و له‌ لاشم مه‌به‌ست بوون. مامۆستا حه‌سه‌ن له‌ گوتاره‌که‌یدا لێزانانه‌، هه‌م که‌لێن و چه‌وتی و هه‌ڵه‌کانی کتێبه‌کانی مامۆستا سروه‌ عه‌زیزی ده‌ستنیشان کردوون و هه‌میش ڕاستی و دروستییه‌کانی. من نووسینه‌که‌ی مامۆستا حه‌سه‌نم کۆڵێک پێ جوان و باش و تۆکمه‌یه‌، ده‌ستخۆشی لێ ده‌که‌م و ئومێده‌واریشم هه‌موو نووسینێک، مامۆستا حه‌سه‌ن ئاسا، بۆ ده‌رخستنی ڕاستییه‌کان و وه‌رامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان، ڕه‌خنه‌گرانه‌ بخوێندرێته‌وه‌ و هه‌ڵبسه‌نگێندرێت و بخرێته‌ به‌ر باس و ده‌مه‌ته‌قه‌. گوتاره‌که‌ی مامۆستا حه‌سه‌ن هانیدام، ئه‌م نووسینه‌، وه‌ک ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی پێویست له‌مه‌ڕ ئه‌و بابه‌ته‌وه‌، که‌ تا ڕاده‌یه‌ک ده‌کرێ وه‌ک پاشخانێک، بۆ کتێبه‌کانی مامۆستا سروه‌ عه‌زیز حیساب بکرێ، بخه‌مه‌ به‌ر چاو.                                                                                                             
ساڵانی 1970و 1980کان، مامۆستایانی زمانی کوردی – کرمانجی خواروو(سۆرانی) - له‌ سوێد، که‌ وانه‌یان به‌ زارۆکی کورد ده‌گوته‌وه‌، کتێبی ئه‌لفبێی ئیبراهیم باڵداریان - بێگومان ئێستاش هه‌ر وایه‌- وه‌ک بناخه‌ و بنه‌مایه‌ک بۆ فێربوونی زارۆک، به‌کار ده‌برد. دواتر هه‌نده‌ک کتێبی دیکه‌، که‌ هه‌ر هه‌موویان له‌ سه‌ر بیرۆکه‌ و شێوه‌ی کتێبه‌که‌ی مامۆستا باڵدار دانرابوون، په‌یدا بوون، وه‌ک ئه‌و کتێبانه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران و ئینتیشاراتی سه‌لاحه‌ددینی کۆماری ئیسلامی ئێران، وه‌لێ ئه‌مانه‌ ئایدیۆلۆژێنرابوون و سیاسه‌تاوی کرابوون و هه‌ریه‌که‌و ده‌یه‌ویست و ده‌یه‌وێت زارۆکی بێگه‌ردی پاکی فریشته‌ئاسا بکات به‌ ئه‌ندام و هه‌وادار و چه‌کداری حیزب و بیروباوه‌ڕه‌که‌ی خۆی. له‌ پاڵ ئه‌وانه‌شدا مامۆستایان بۆ خۆیان له‌م کتێب و ئه‌و کتێب، گوتار و نووسینیان فۆتۆکۆپی ده‌کرد و به‌کار ده‌برد. به‌هاری 1987، ئه‌وده‌می من مامۆستا بووم و له‌ باژێڕی "کارڵسکووگا Karlskoga " ی سوێد، کارم ده‌کرد. سیڤ نووردێلSiv Nordell  ، خانمێک بوو به‌رپرسی ده‌ستگای کارگێڕیی خوێندنگه‌ بوو، بانگهێشتنی جڤینێکی کردم، له‌ باژێڕی "ئوپسالاUppsala  "ی سوێد[2]. له‌و جڤینه‌دا باس له‌ پێویستی دانانی کتێبی خوێندنی زمانی کوردی، بۆ زارۆکانی کوردی سوێد کرا. پێکڕا گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، که‌ هه‌وڵ بدرێت، پێوه‌ند به‌ که‌سانی دیکه‌ی شاره‌زا و پسپۆر له‌و بواره‌دا بکرێت و هه‌وڵی پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌ک له‌و که‌سانه‌، بدرێت و هه‌وڵ بدرێت بۆ ئاماده‌کردنی کتێب بۆ سێ پله‌ی خوێندن و جڤینی دیکه‌ش له‌و جۆره‌ بکرێت و ته‌واوی مه‌سره‌فی ئه‌و جڤین و کتێبانه‌ش، کارگێڕیی خوێندنگه‌کان وه‌ئه‌ستۆی خۆی بگرێت. ئه‌و ئه‌نجامانه‌ وه‌ک پێشنیاز و پێشبڕیار، له‌ لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ په‌سه‌ند کران. ماوه‌یه‌ک پاش ئه‌وه‌ - ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم- به‌هاری ساڵی 1988، ئه‌وده‌می من له‌ باژێڕی ستۆکهۆڵم وانه‌م ده‌گوته‌وه‌، بانگهێشتنی جڤینێکی دیکه‌ کرام له‌ ستۆکهۆڵم. بانگهێشتنه‌که‌، له‌ لایه‌ن سیڤ نووردێل یا مای بێییه‌ر Maj Beijer ه‌وه‌ بوو، که‌ ئه‌مه‌ی دواییشیان هه‌ر له‌ بواری کارگێڕیی خوێندنگه‌ و ئه‌وانه‌دا کاری ده‌کرد[3]. له‌و ڕوونیشتنه‌دا هه‌ر ئه‌و باسانه‌ی، که‌ له‌ جڤینه‌که‌ی ئوپسالادا باسکرابوون، به‌ مه‌سه‌له‌ی پێکهێنانی کۆمیته‌یشه‌وه‌ بۆ دانانی کتێبان، هێنرانه‌وه‌ گۆڕێ و جه‌ختیان له‌ سه‌ر کرانه‌وه‌ و بڕیاریان له‌ سه‌ر درانه‌وه‌. له‌ جڤینێکی دیکه‌ی کارگێڕیی خوێندنگه‌ و ئاماده‌کردنی کتێبی خوێندنی زمانی کوردی بۆ زارۆکان، که‌ له‌ 27/11/1989دا کرا[4]، بڕیاری دامه‌زراندنی ده‌سته‌یه‌کی ڕاوێژکاریی بۆ کارکردن و به‌شداربوون، له‌ پرۆژه‌ی دانانی کتێبی کوردی بۆ زارۆکان، له‌ نێوان 15/7/1989- 20/6/1990 درا[5]. ماوه‌یه‌ک پێش ئه‌وه‌ش، کتێبی کوردی (کرمانجی سه‌روو) ئه‌م بخوینن   Em Bixwinin، بۆ زارۆکان چاپ کرا. هه‌رچی کتێبه‌ به‌ کوردی (کرمانجی خواروو- سۆرانی)، چ پرس و ڕاوێژێک به‌ ئێمه‌ نه‌کرا و ئه‌و ده‌سته‌ی ڕاوێژکارییه‌ش، که‌ بۆ پرۆژه‌ی ئاماده‌کردنی کتێبان دامه‌زرێنرابوو، ته‌نێ له‌ سه‌ر کاغه‌ز بوو و من به‌ش به‌ حاڵی خۆم، بێجگه‌ له‌ نامه‌ی بڕیاری دامه‌زراندنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌، که‌ له‌ نۆڤه‌مبه‌ری 1989دا به‌ پۆستدا بۆم هاتبوو، نه‌ که‌س بانگی کردم، بۆ به‌شداربوون له‌ دانانی کتێبدا و نه‌ کۆمیته‌ ساز کرا و نه‌ هیچ. وا دیار بوو، له‌ پشتی په‌رده‌وه‌، کاره‌کان به‌ جۆرێکی دیکه‌ ئه‌نجام ده‌درێن. هه‌ر له‌و به‌ینه‌دا، مامۆستا سروه‌ عه‌زیز، ڕه‌شنووسی کتێبێکی بۆ ناردم، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ماشایه‌کی بکه‌م و سه‌رنجی خۆمی له‌ سه‌ر بده‌م. کتێبه‌که‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی ڕه‌شنووس بوو، نه‌ ناوی به‌ سه‌ره‌وه‌ بوو، نه‌ وێنه‌ی تێدا بوو، نه‌ هیچ زانیارییه‌کی - وه‌ک بۆ  چ پله‌یه‌کی خوێندنه‌ و بۆ منداڵی چه‌ند ساڵانه‌ و ئه‌و شتانه‌- له‌ باره‌وه‌ نووسرابوو. ئه‌و ڕه‌شنووسه‌ -وه‌ک دواتر زانیم- کتێبی ڕاهێنانی "په‌لکه‌زێڕینه‌"بوو. واته‌: پێش ئه‌وه‌ی به‌ کتێبی خوێندنه‌وه‌که‌دا بچمه‌وه‌، من به‌ کتێبی ڕاهێنانه‌که‌دا چوومه‌وه‌، چونکه‌ سروه‌ عه‌زیز خۆی له‌ پێشدا ئه‌وه‌ی بۆ ناردبووم و بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کیشی له‌گه‌ڵدا بێت، که‌ شتی وا هه‌رگیز نابێت و منیش به‌ گوێره‌ی دیتن و بۆچوونی خۆم و تێگه‌یشتنم لێی، سه‌رنج و تێبینییه‌کانم له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ سروه‌ عه‌زیز نووسین و نامه‌که‌م بۆ نارد. ده‌قی ئه‌و نامه‌یه‌ له‌ خواره‌وه‌ وه‌ک خۆی بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌ و ناوی نامه‌ی یه‌که‌می لێ ده‌نێم.
نامه‌ی یه‌که‌م:
خوشکی به‌ڕێز سروه‌ خانم، سڵاو.
کتێبه‌که‌تم خوێنده‌وه‌، ده‌ستخۆشی و پیرۆزباییت لێ ده‌که‌م. هه‌رچه‌نده‌ من کتێبی خوێندنه‌وه‌که‌م نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌ و واپێده‌چێت ئه‌م کتێبه‌ش ڕاهێنانی ئه‌و بێت، به‌ڵام ده‌توانم ئه‌م سه‌رنجانه‌ی خواره‌وه‌ بخه‌مه‌ به‌رچاو و بێگومان بڕیاری سه‌ره‌تا و دوابڕیاریش هه‌ر هی خۆتانه‌. ل: بۆ لاپه‌ڕه‌ دانراوه‌[6] :
  1. ئه‌گه‌ر کتێبه‌که‌ بۆ منداڵی بچووکه‌ - هیچ نه‌بێ سه‌ره‌تاکه‌ی- ئه‌وا: من ناوم...، ده‌بێته‌ گیروگرفت و منداڵ ده‌بێ بنووسێت: من ناوم سه‌رکه‌وته‌، هێرۆیه‌، ئه‌و(ه‌) یه‌ تۆزێک ئاسان نییه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ر بنووسرێت: ناو: ئازاد، سه‌رکه‌وت، هێرۆ، ڕه‌نگه‌ ئاسانتر بێت، ل:1.
  2. وشه‌ی (ئه‌وین) هه‌ر (ئه‌ڤین)ه‌که‌یه‌ و کوردی لای خۆمان و زێتر ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وایان لێ کردووه‌ و ڕه‌نگه‌ هه‌ر به‌ (ئه‌ڤین) بمێنێته‌وه‌ باشتر بێت، ل:9، 18، 23، 24، 26، 41، 42، 45، 55، 73، 79، 81، 84، 89، 93.
  3. مه‌به‌ست له‌ وشه‌ی(زار) چییه‌؟ ل:5، 12، 22، 28، ئه‌گه‌ر به‌ واتای (ده‌م) بێت، ئه‌وا: زارێکی ڕه‌ش، ده‌مێکی ڕه‌ش، ڕه‌نگه‌ باش نه‌بێت. ئه‌گه‌ر به‌ واتای (زار)ی تاوڵه‌ (نه‌رد) بێت، ئه‌وا ده‌بێت.
  4. له‌ بری وشه‌ی (به‌راز)، وشه‌یه‌کی دیکه‌ی وه‌ک (مه‌ڕ)، ڕه‌نگه‌ باشتر بێت، چونکه‌ له‌ کورده‌واریدا، به‌راز هه‌ر به‌کار نابه‌ن و پێموانییه‌ لێره‌ش(له‌ ئه‌وروپا) له‌ ماڵه‌ کورددا، به‌راز ئاسایی بێت! ل:12، 14.
  5. وشه‌ی (گوێ) بگۆڕدرێت به‌ وشه‌یه‌کی دیکه‌، چونکه‌ (ێ)ی گوێ بۆ خۆی له‌ (وێ   Ö) دا هه‌یه‌ و ده‌نگی (وێ Ö)ییش بۆ خۆی ده‌نگێکی سه‌ربه‌خۆیه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و پینه‌وپه‌ڕۆیه‌ی کوردییه‌ چاره‌سه‌ری ته‌واو نییه‌. ل:33.
  6. وشه‌ی(دان)، بکرێت به‌ (ددان) باشتره‌، چونکه‌ ته‌نێ له‌ سلێمانی ده‌گوترێت (دان) و ته‌واوی ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌ڵێن(ددان، دران، دگان، دندان)، به‌ڵام (ددان) له‌ هه‌موویان باشتره‌. ل:35.
  7. (مه‌یمون) بکرێت به‌ (مه‌یموون) واته‌: به‌ (وو) بنووسرێت. ل:8.
  8. (مه‌ڕه‌که‌ زه‌رده‌)، ڕه‌نگه‌ به‌کارهێنانی وشه‌ی (زه‌رد) بۆ مه‌ڕ، هه‌ر ڕاست نه‌بێت، چونکه‌ مه‌ڕی زه‌رد نییه‌. ده‌زانم له‌ کتێبه‌کانی لای خۆمانیش وا نووسراوه‌، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه‌. مه‌ڕ ده‌کرێ (ڕه‌ش، سپی، بۆر، چار، په‌ر و...) بێت و شوان ئه‌وانه‌ باشتر ده‌زانێت و ڕه‌نگه‌ لێره‌ش خه‌ڵکی پیر هه‌بن ئه‌وانه‌ بزانن. ل: 39.
  9. (دارۆ) هه‌ر (دارا)یه‌. پێموانییه‌ ناوی وا هه‌بێت. مه‌گه‌ر بۆ خۆشه‌ویستی یا بچووککردنه‌وه‌ بکرێت به‌ (دارۆ). ل: 42، 55، 61، 84، 89.
  10.  (تابان)، فارسییه‌ و بکرێت به‌ ناوێکی کوردی باشتره‌. ل:47، 63.
  11. (نه‌نکم نان ده‌برژێنێت به‌ ته‌نوور)، بکرێت به‌ (نه‌نکم به‌ ته‌نوور نان ده‌کات) باشتره‌، چونکه‌ وشه‌ی برژاندن بۆ (نان) زیاده‌یه‌ و فرمان(فعل Verb)یش له‌ کوردیدا ده‌که‌وێته‌ دواوه‌. ل:47.
  12. تیپی(ک، گ) به‌ شێوه‌ی فارسی بنووسرێن باشتره‌، نه‌ک به‌ شێوه‌ی عه‌ره‌بی، که‌ هه‌مزه‌یان له‌ سه‌ره‌(ك). ل:51، 57.
  13.  س+ک=  سک. وشه‌ی (سک) ته‌نێ له‌ سلێمانی به‌کار ده‌برێت، له‌ بری ئه‌وه‌ بگوترێ(زگ)، ڕه‌نگه‌ باشتر بێت، چونکه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان وا ده‌ڵێن. ل:53.
  14.  وشه‌ی(بخوێنه‌ره‌وه‌، پڕبکه‌ره‌وه‌، بخه‌ره‌ و...)، بکرێن به‌ (بخوێنه‌وه‌، پڕبکه‌وه‌، بخه‌ و...)، ڕه‌نگه‌ باشتر بن. ل: 58، 61، 79، 80.
  15.  گ+ڵا= گڵا، بنووسرێ(گه‌ڵا) باشتره‌ نه‌ک (گڵا). ئه‌گه‌ر له‌وێش مه‌به‌ست گ+ شتێکی دیکه‌ بێت، ئه‌وا وشه‌ی (گه‌ڵا) لا ببرێت و بگۆڕدرێت به‌ وشه‌یه‌کی دیکه‌. ل:58.
  16.  (ئاورنگ) بۆ خۆی (ئاورینگ)ه‌. (ئاورینگ مانگا ده‌دۆشێ)، ڕاستتره‌، چونکه‌ (دۆشین) به‌ واتای (شیردۆشین) دێت و ئه‌وه‌ش کاره‌که‌یه‌، که‌ (دۆشین) بێت. واته‌: (شیر) له‌ گوانی مانگا یا مه‌ڕ ده‌رده‌کرێت و کاره‌که‌(العملیة‌) دۆشینی پێ ده‌گوترێت. ل:59.
  17.  (هۆ ڕێوی ڕێوی...)، ئه‌گه‌ر به‌ ته‌واوی بنووسرێت، ڕه‌نگه‌ سوودی زیاتر بێت. ل: 63.
  18.  (مقه‌ست) له‌ (مقص)ی عه‌ره‌بییه‌وه‌ هاتووه‌ و ڕاسته‌ له‌ قسه‌کردندا به‌کار ده‌برێت، به‌ڵام وشه‌ی کوردی له‌ بری(مقه‌ست) به‌کار ببرێت، بێگومان باشتره‌. ئه‌ڵبه‌ت وشه‌ی (قه‌یچی، قاچی، دووێرد، دووێرده‌، دووێردک) کوردین و به‌ واتای (مقه‌ست) دێن. ل:65.
  19.  (ته‌له‌ڤیزیۆن) یا (ته‌له‌ڤزیۆن) ڕاستترن له‌ (ته‌له‌فیزیۆن)، چونکه‌ ئێمه‌ لای خۆمان وشه‌که‌ به‌ عه‌ره‌بی به‌کار ده‌به‌ین و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب (ڤ)یان نییه‌، ده‌یکه‌ن به‌(ف) و ئێمه‌ش هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ڕۆیشتووین. ل:73، 83.
  20.  (جادووگه‌ر) به‌ (وو) باشتره‌ له‌ (جادوگه‌ر) به‌ (و). ل:76.
  21.  (نه‌نکم شیری مانگا ده‌دۆشێ)، ڕاست نییه‌ و بگوترێ (نه‌نکم مانگا ده‌دۆشێ)، چونکه‌ کورد وا ده‌ڵێ. ل:79.
  22.  (بۆیه‌چی، ڕاوچی)، ئه‌و پاشگری (چی)یه‌، له‌ تورکییه‌وه‌ هاتووه‌. بۆ (ڕاوچی، ل:84) "گۆران"ی شاعیر، (ڕاوکه‌ر)ی به‌کار هێناوه‌. گۆران ده‌ڵێ: 
     چاوی نووقاند پرخه‌پرخ              نووست تا ڕاوکه‌ر وتی پخ
23. (حاجی له‌ق له‌ق) بکرێت به‌ (حاجی له‌قله‌ق) باشتره‌. ل:85، دێڕی:10، 12، 14.
24.  وشه‌ی (ئێڤه‌) هه‌ڵه‌یه‌ و ڕاستییه‌که‌ی (ئێڤا)یه‌. ڕه‌نگه‌ لێره‌ خه‌ڵکی کوردیش هه‌بن ناویان  (ئێڤا)بێت، به‌ڵام (ئێڤا) کوردی نییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م (ئێڤه‌)یه‌ی ئه‌م وانه‌یه‌ بۆ خۆی سوێدییه‌، ئه‌وا قه‌یدی نییه‌، به‌ڵام ده‌بێ بکرێت به‌ (ئێڤا)، خۆ ئه‌گه‌رکوردیشه‌ ئه‌وا بکرێت به‌ ناوێکی دیکه‌ باشتره‌.ل: 98.
25. ته‌واوی کرمانج و کوردی تورکیا و سووریا و سۆڤیێت و ئێرانیش - به‌ کاریگه‌ریی فارسی- ده‌ڵێن (سوێد). (سوید) کوردی عیراق ده‌یڵێن و به‌ کاریگه‌ریی عه‌ره‌بی. ڕه‌نگه‌ (سوێد)ه‌که‌ جوانتر بێت.
سه‌رکه‌وتنت ده‌خوازم.                                                     ئه‌مجه‌د شاکه‌لی 2/11/1989

دوو سێ مانگێک دوای ئه‌و ڕاهێنانی په‌لکه‌زێڕینه‌یه‌ و وه‌ڵامه‌که‌ی من، کتێبێکی دیکه‌م له‌ مامۆستا سروه‌ عه‌زیزه‌وه‌ بۆ هات، بۆ پێداچوونه‌وه‌. ئه‌مجاره‌یان کتێبی خوێندنه‌وه‌ی په‌لکه‌زێڕینه‌ بوو. ئه‌میش هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشوو، هیچ زانیاری و پله‌ و شتێکی وای له‌گه‌ڵدا نه‌بوو و وه‌ک جاری پێشوویش ڕه‌شنووس بوو. ئه‌مجاره‌شیان پێیدا چوومه‌وه‌ و تێبینی و سه‌رنجگه‌لێکم، که‌ هه‌بوون کردمن به‌ نامه‌یه‌ک و بۆ سروه‌ عه‌زیزم نارد. وا له‌ خواره‌وه‌ وه‌ک خۆی ده‌قه‌که‌ی بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌ و ناوی نامه‌ی دووه‌می لێ ده‌نێم.

نامه‌ی دووه‌م:
به‌ڕێز سروه‌ خانم، ڕێز و سڵاوم.
پاش خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ت، ئه‌م سه‌رنجانه‌ی خواره‌وه‌م هه‌بوون، هیوادارم ئه‌گه‌ر سوودمه‌ندیش نه‌بن، بڕێک ڕووناکی بخه‌نه‌ سه‌ر کاره‌که‌ و بواری ده‌مه‌ته‌قه‌ و لێوردبوونه‌وه‌ له‌ کارێکی وادا، به‌رین و به‌رفراوانتر بکه‌ن. ل: بۆ لاپه‌ڕه‌ دانراوه‌[7]:
ل:1، 3، 5، 6:
  1. هه‌ر وه‌ک بۆ کتێبه‌که‌ی دی نووسیبووم، من وشه‌ی (دارۆ)م پێ جوان نییه‌. وشه‌که‌ به‌ ئه‌سڵ(دارا)یه‌. (دارۆ) له‌ کوردیدا به‌ واتای(هه‌یه‌، هه‌یه‌تی) دێت و ئه‌گه‌ر ببێت به‌(داڕۆ) ده‌کاته‌: ده‌رمانی حه‌مام. زۆرجاران و زۆر منداڵ (ر)ی سووک به‌ (ڕ) ده‌خوێننه‌وه‌.
  2. ڕاسته‌ لای خۆمان وشه‌ی (قوتابخانه‌) ڕۆیشتووه‌ و باوه‌، به‌ڵام وشه‌یه‌کی خۆش نییه‌ و له‌ (کتابی خانه‌)وه‌ هاتووه‌، واته‌: (ئه‌هلی کیتاب) و (خانه‌)که‌یش به‌ واتای: (جێی ئه‌وان). ئه‌و (ک)ه‌یش هه‌ر له‌ هیچه‌وه‌ بووه‌ به‌ (ق)، وه‌ک چۆن کرمانجی باکووری کوردستان ده‌یگۆڕن. پێموایه‌ وشه‌ی (فێرگه‌) بۆ پله‌ی سه‌ره‌تایی باشه‌ و (خوێندنگه‌)یش بۆ ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی و بڕێک سه‌ره‌وه‌تریش باشه‌.
     ل:2، 3، 8، 16:
  1. من (ئه‌ڤین)م له‌ (ئه‌وین) پێ باشتره‌.
  2. پێموایه‌ سوێدی ناڵێن (ئێڤه‌)، به‌لکه‌ ده‌ڵێن (ئێڤا)، جا که‌ وا بێت بۆچی (ئێڤا) نه‌بێت؟
  3. مادام (خه‌ت خه‌تێن) واتایه‌ک ده‌دات و یه‌ک وشه‌یه‌، وا چاکه‌ به‌ سه‌ر یه‌که‌وه‌ بنووسرێت، به‌م شێوه‌یه‌(خه‌تخه‌تێن).
ل:9:  بۆ له‌ بری وشه‌ی (به‌راز) وشه‌ی (قاز) یا (ساز)، که‌ ئامێرێکی مۆسیقایه‌ یا (هاز)، که‌ گیایه‌کی کێوییه‌ و چێشتی لێ دروست ده‌کرێت، یا (پیاز) نه‌بێت؟ چونکه‌ (به‌راز) سه‌رباری ئه‌وه‌ی، که‌ ناپه‌سه‌ند و ناشیرینه‌، له‌ نێو کوردیشدا خۆشه‌ویست نییه‌.
ل:10: که‌ ده‌ڵێی (که‌و له‌ سه‌ر شاخ ده‌ژی...)، مرۆڤ وا تێده‌گات، که‌ (که‌و) ته‌نێ له‌ سه‌ر لووتکه‌ی شاخ ده‌ژین و له‌ لاپاڵ و دۆڵدا ناتوانن بژین! پێموایه‌ (که‌و) له‌ ناوچه‌ی شاخاوی ده‌ژین، نه‌ک ته‌نێ(له‌ سه‌ر شاخ).
ل:11: وشه‌ی (مۆز) دووباره‌یه‌ و له‌ ل9 دا هاتووه‌، که‌ له‌ باره‌ی تیپی (ز)وه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ ل 11 دا وشه‌یه‌کی دی که‌ (ۆ) ی تێدا بێت، دابنرێت، باشتر بێت، وه‌ک (جۆ)، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌که‌ وشه‌یه‌کی نوێ به‌و تیپه‌ فێر ببێت.
ل:13: وشه‌ی (پایز) بکرێت به‌ (پاییز) و (گه‌یوه‌) بکرێت به‌ (گه‌ییوه‌).
ل:14، 25: (سوید) بکرێت به‌ (سوێد)، (ماتۆڕ) نییه‌ و (ماتۆر)ه‌. له‌ بری وشه‌ی (ماتۆڕ) وشه‌یه‌کی دیکه‌، که‌ به‌ (ڕ) ته‌واو ده‌بێت، دابنرێت ڕه‌نگه‌ باشتر بێت. بۆ نموونه‌ (ده‌ستاڕ)، که‌ له‌ کورده‌واریشه‌وه‌ نێزیکه‌، یا (بازاڕ) یا (باژێڕ)، که‌ به‌ واتای: بازاڕ و شاریش دێت، یا شتێکی دیکه‌.
ل:15: ڕه‌نگه‌ وشه‌ی (ناو) ی: (ماسی له‌ناو ئاودا ده‌ژی)، زیاده‌ بێت و پێویست نه‌کات.
ل:16:  1. پێموایه‌ له‌ نێوان بووکی ڕاسته‌قینه‌ و بووکی یاریدا، جیاوازیی هه‌یه‌ یا ده‌بێ هه‌بێت. بووکی یاری زێتر (بووکه‌شووشه‌ و بووکڵه‌)ی پێ ده‌ڵێن. ڕه‌نگه‌ به‌کارهێنانی یه‌کێ له‌وانه‌ کاره‌که‌ ئاسانتر بکات و بووک و بووکه‌شووشه‌ له‌ یه‌ک جیا بکاته‌وه‌. ئه‌و شتانه‌ش، که‌ منداڵ گه‌مه‌یان پێ ده‌کات، ده‌کرێت وشه‌ی "له‌یستۆک"یان بۆ به‌کار ببرێت.
  1. ده‌کرێ وشه‌ی (توو)یش له‌گه‌ڵ ئه‌و وشانه‌دا بنووسرێت، چونکه‌ دارتوو له‌ کوردستان زۆره‌ و کوردیش توو چاک ده‌خوات.
ل: 21، 44: (ته‌له‌فون) بکرێت به‌ (ته‌له‌فۆن).
ل: 22:  1. (مه‌یمون)ی دێڕی 4 بکرێت به‌ (مه‌یموون).
  1. له‌ بری وشه‌ی (مۆز)، که‌ له‌ شوێنی دیکه‌شدا به‌کار هاتووه‌، وشه‌ی دیکه‌ به‌کار بهێنرێت چاکتره‌. وه‌ک (مشک، مار، مانگا، مێرووله‌، مایین، مریشک، مانگ، مه‌شکه‌).
ل: 23:  باشه‌ (ئاڵاکه‌ت) لابردووه‌، به‌ڵام به‌ ڕاستی ئه‌م (من منداڵم)ه‌یش زۆر ناڕێکه‌ و کێش و مۆسیقای له‌نگه‌. ده‌کرێ له‌ بری ئه‌وه‌ شیعرێکی دیکه‌ دابنرێت، که‌ بۆ یا به‌ سه‌ر یا به‌ زمانی منداڵه‌وه‌ گوترابێت و پێشموایه‌ له‌و بابه‌تانه‌ زۆر هه‌ن، بۆ نموونه‌:
ئێمه‌ منداڵی جوانین         ئاواتی نیشتمانین
شادمان و کامه‌رانین        که‌ نه‌وه‌ی کوردستانین
ڕۆڵه‌ی خاکی پیرۆزین    بۆیه‌ هێنده‌ به‌ سۆزین
ئه‌و شیعره‌ وه‌ک گۆرانییش هه‌یه‌. ئه‌ڵبه‌ت من هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێ ده‌زانم، به‌ڵام بۆ خۆی زیاتره‌. ئه‌گه‌ر هه‌وڵده‌ی ڕه‌نگه‌ ده‌ستت بکه‌وێت.
ل:24: پێموایه‌ وشه‌ی (سه‌ربان) هه‌ڵه‌یه‌کی بڵاوبووه‌وه‌یه‌، چونکه‌ سه‌ر= بان. وشه‌ی (بان) له‌ گه‌رمیان به‌کار ده‌برێت و که‌ ده‌ڵێن (له‌ بان مێزه‌که‌) واته‌: (له‌ سه‌ر مێزه‌که‌) یا که‌ ده‌ڵێن (بانی خانوو) واته‌: (سه‌ری خانوو) یا (به‌ بان چاو) واته‌: (به‌ سه‌ر چاو). بێجگه‌ له‌وه‌ش زۆر نووسه‌ری گه‌وره‌م دیتووه‌، که‌ بۆ وشه‌ی (سه‌ربان) هه‌ر ده‌نووسن (بان).
ل:26: وشه‌ی (کاتێ) زیاده‌یه‌، (که‌ له‌ کوردستان بووم...) باشتره‌. (هه‌ڵوژه‌) بکرێت به‌ (هه‌ڵووژه‌).
ل:27: (تابان) فارسییه‌، بکرێت به‌ (تارا، ته‌وار، ته‌روو...) باشتره‌.
ل:31: له‌ بری (سابوونی ڕه‌قی) من (نانه‌ڕه‌قه‌)م بیستووه‌، واته‌: ته‌نێ سه‌ردێڕه‌که‌ و یه‌که‌م به‌یت ده‌گۆڕدرێت و وای لێ دێت: (نانه‌ڕه‌قه‌ پشته‌ته‌قه‌). پێموایه‌ به‌م شێوه‌یه‌یش باشتر له‌گه‌ڵ کێشی شیعره‌که‌دا ده‌گونجێت. من خۆم به‌ منداڵیی ئه‌و یارییه‌م کردووه‌. دوو منداڵ پشت ده‌که‌نه‌ یه‌کتر و قۆڵ له‌ قۆڵی یه‌کتر ده‌که‌ن و یه‌کێکیان داده‌چه‌مێته‌وه‌ و یه‌کێکیان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وجا ئه‌وی دی داده‌چه‌مێته‌وه‌ و ئه‌وی دی به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و به‌و جۆره‌ یه‌کدی له‌ سه‌ر پشتی خۆیان هه‌ڵده‌گرن و له‌گه‌ڵ هه‌ر داچه‌مینه‌وه‌ و به‌رزبوونه‌وه‌یه‌کدا یه‌کێکیان یه‌که‌م به‌یت ده‌ڵێ و ئه‌وی دی دووه‌م به‌یت. ئه‌گه‌ر وێنه‌یه‌کی وای بۆ دابنێی باشه‌.
ل:35: (ئاورنگ) بکرێت به‌ (ئاورینگ) یا (ئاونگ).
ل:36: (پیشانی) بکرێت به‌ (پێشانی)، که‌ له‌ (پێنیشاندان)ه‌وه‌ هاتووه‌، نه‌ک (پینیشان). وشه‌ی (لێ ی) بکرێت به‌ (لێی) و به‌سه‌ریه‌که‌وه‌ بنووسرێت.
ل:41: (یاری مان) بکرێت به‌ (یاریمان). (له‌به‌رده‌می) بکرێت به‌ (له‌به‌ر). (له‌ به‌ر بارانه‌که‌ یارییان ده‌کرد؟) بکرێت به‌ (له‌ به‌ر باران یارییان ده‌کرد؟)، چونکه‌ وشه‌ی (بارانه‌که‌) له‌وێ یه‌ک بارانی ده‌ستنیشانکراو دیاری ده‌کات و ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام (باران) به‌ گشتییه‌. (نا، له‌به‌ر بارانه‌که‌ یاریمان نه‌ده‌کرد) ئه‌و (بارانه‌که‌)یه‌ بکرێت به‌ (باران).
ل:45: 1. (من به‌ فڕۆکه‌ هاتم بۆ سوید،..)، (سوید)ه‌که‌ی بکرێت به‌ (سوێد) و ئه‌و فاریزه‌‌(،) ه‌یه‌ بکرێت به‌ (.)خاڵ(نوخته‌).
  1. (کاتێ شه‌ش ساڵ بووم..) بکرێت به‌ (ئه‌و کاته‌ شه‌ش ساڵان بووم)، چونکه‌ کورد ده‌ڵێ (شه‌ش ساڵان بووم) یا (ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵ بوو)، یا بکرێت به‌ (کاتێک که‌ شه‌ش ساڵان بووم) یا (که‌ شه‌ش ساڵان بووم) یا (که‌ ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵ بوو) و ئه‌و ڕسته‌یه‌ش بخرێته‌ پێش (من به‌ فڕۆکه‌ هاتم بۆ سوێد).
ل:46: (جادوگه‌ر) بکرێت به‌ (جادووگه‌ر).
ل:50: 1. (به‌رخ ئاژه‌ڵێکی ماڵی یه‌..)، ڕسته‌که‌ ڕاسته‌، به‌ڵام به‌رخ بۆیه‌ ماڵییه‌، چونکه‌ دایکی، که‌ (مه‌ڕ)ه‌ ماڵییه‌. وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ بڵیی: (تووتکه‌ ئاژه‌ڵێکی ماڵییه‌) یا (به‌چکه‌پشیله‌ ئاژه‌ڵێکی ماڵییه‌) یا (جاشه‌که‌ر ئاژه‌ڵێکی ماڵییه‌) یا (جووجه‌ڵه‌ باڵنده‌یه‌کی ماڵییه‌)، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌گ و پشیله‌ و که‌ر و مریشک ماڵی نه‌بن، تووتکه‌سه‌گ و بێچووه‌پشیله‌ و جاش و جووجه‌ڵه‌، ماڵی نابن، به‌ڵام تۆ مه‌به‌ستت (خ)ه‌که‌یه‌، ده‌نا تۆزێک لاوازه‌.
  1. (دارخورما) بکرێت به‌ (خورما).
ل:51، 59: 1. (هه‌ندێ جار خه‌ویان..)، (هه‌ندێ جار له‌ خه‌ومدا..)، وشه‌ی (خه‌و)، که‌ بۆ (حلم)ی عه‌ره‌بی و (Dream)ی ئینگلیزی و (Dröm)ی سوێدی دانراوه‌، بکرێت به‌ (خه‌ون)، چونکه‌ (خه‌ون، ده‌کاته‌:Dream، Dröm)، به‌ڵام (خه‌و) ده‌کاته‌ (خه‌وتن، نووستن، ڕازان). بێگومان هه‌ر خه‌ڵکی مه‌هابادیش بۆ خۆیان وا ده‌ڵێن. بێجگه‌ له‌وه‌ی، که‌ له‌ نووسیندا (خه‌ون) و (خه‌و) له‌ یه‌ک جیا ده‌کرێنه‌وه‌. عه‌ره‌ب (نوم و حلم) به‌کار دێنن و له‌ کوردییشدا (خه‌و و خه‌ون) هه‌ن.
  1. (هه‌ندێ جار له‌ خه‌ومدا ده‌فڕم بۆ لایان..)، پاش گۆڕینی (له‌ خه‌ومدا) بۆ (له‌ خه‌ونمدا)، (له‌ خه‌ونمدا) هه‌ر بکرێت به‌ (له‌ خه‌وندا) باشتره‌.
ل:54: (ئێمه‌ له‌سه‌رت ناکه‌ین!)، نازانم مانای چییه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست یارمه‌تیدان و هاریکاریکردن و کۆمه‌ک بێت، ئه‌وا کورد ناڵێ(له‌ سه‌رت ناکه‌ین) به‌ڵکه‌ ده‌ڵێ: له‌ سه‌رت ناکه‌مه‌وه‌! له‌ سه‌رت ناکه‌ینه‌وه‌! له‌ سه‌ری ده‌که‌مه‌وه‌! له‌ سه‌رم ده‌کاته‌وه‌! له‌ سه‌ری کردمه‌وه‌! له‌ سه‌رمی کرده‌وه‌! له‌ سه‌رمانیان کرده‌وه‌! له‌ سه‌ریان ده‌که‌ینه‌وه‌! له‌ سه‌رتان ده‌که‌ینه‌وه‌! ئیدی به‌و جۆره‌.
ل:56: من ئه‌و شیعره‌ فۆلکلۆرییه‌م به‌م شێوه‌یه‌ بیستووه‌:
حاجی له‌قله‌ق مار هات
ماری زه‌نگڵه‌دار هات
حوشتر به‌ قه‌تار هات
هه‌م درێژه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام من نایزانم. دیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌کی دیکه‌ش بیستوومه‌:
حاجی له‌قله‌ق ده‌نووک ته‌قته‌ق
کیسه‌ و که‌مه‌ر یا پێغه‌مه‌ر
پێموایه‌ (ماری سه‌وز و سوور هات) له‌گه‌ڵ کێشی (حاجی له‌قله‌ق مار هات)دا، ڕێک نییه‌. بێجگه‌ له‌وه‌ش دوو به‌یته‌که‌ی دوایی له‌ تازه‌بابه‌ت ده‌چن.
ل:59: (دایکی له‌ ده‌نگی زۆزان ڕاچه‌نی..) بکرێت به‌ (دایکی له‌ ده‌نگی زۆزان ڕاچه‌نی و وتی:). (دایکی پرسیاری کرد:- کام بووکه‌؟)، (کام بووکه‌؟) بکرێت به‌ (کام بووک؟).
ل:61: (که‌چی ڕۆژێکیان دار گوێزه‌که‌ گه‌ڵاکانی وشک بوو و وه‌ری) بکرێت به‌ (که‌چی ڕۆژێکیان گه‌ڵاکانی/گه‌ڵای دارگوێزه‌که‌ وشک بوونه‌وه‌ و وه‌رین).
ل:62: دوای (ژیایه‌وه‌) و (گه‌ڵای ده‌رکرد) فاریزه‌ (،) دابنرێت. دوای (گوێزی زۆری گرت) خاڵ/نوخته‌(.) دابنرێت.
ل:64: (..بڕوایان پێ نه‌کرد..وه‌که‌س به‌ ده‌نگی یه‌وه‌ نه‌چوو) بکرێت به‌ (بڕوایان پێ نه‌کرد و که‌س به‌ ده‌نگییه‌وه‌ نه‌چوو). به‌کارهێنانی (وه‌) له‌ کوردیدا ڕاست نییه‌ و ئه‌وه‌ به‌کارهێنانێکی عه‌ره‌بییه‌، چونکه‌ عه‌ره‌ب ده‌ڵێن:(و، به‌ فه‌تحه‌که‌ی سه‌رییه‌وه‌)، که‌ ده‌کاته‌ (وه‌) به‌ کوردی. واته‌: فه‌تحه‌ی عه‌ره‌بی ده‌کاته‌ (ه‌)ی کوردی. بۆ نموونه‌: (القلم و الکتاب) ئه‌گه‌ر کورد بیکات به‌ (قه‌ڵه‌م وه‌ کتێب) ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و ده‌بێ ببێته‌ (قه‌ڵه‌م و کتێب).
بێجگه‌ له‌و سه‌رنجانه‌ی سه‌ره‌وه‌، چه‌ند تێبینییه‌کی گشتیشم هه‌ن:
  1. کتێبه‌که‌ چ ناوێکی به‌ سه‌ره‌وه‌ نه‌بوو. ڕه‌نگه‌ خراپ نه‌بێت ئه‌گه‌ر ناوێکی نوێی بۆ بدۆزرێته‌وه‌، که‌ تا ڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی منداڵدا بگونجێت.
  2. پێموایه‌ ده‌کرێ له‌ بری ئه‌و ناوه‌ سوێدییانه‌، که‌ نووسیوتن ناوی دیکه‌یش دابنرێن، بۆ نموونه‌ ناوی خه‌ڵکی دیکه‌ی ناسوێدی، که‌ له‌ سوێد ده‌ژین.
  3. ئه‌گه‌ر له‌ پاڵ وشه‌ی ته‌نیا و سه‌ربه‌خۆکاندا، وێنه‌ هه‌بێت زۆر باشه‌.
  4. وشه‌ی وه‌ک (لێ ی)، (گوێ ی)، (جێ ی)، (کێ ی)، (ده‌نگی یه‌وه‌) و....، پێکه‌وه‌ بنووسرێن، به‌ لای منه‌وه‌ چاکتره‌. واته‌: بکرێن به‌ (لێی، گوێی، جێی، کێی، ده‌نگییه‌وه‌) بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ منداڵ بیزانێت و فێری بێت و بێجگه‌ له‌وه‌یش ئاسانتره‌ به‌ سه‌ریه‌که‌وه‌ بنووسرێن.
  5. (ڕ) ئه‌گه‌ر له‌ پێشه‌وه‌یش بێت، هه‌ر به‌ (ڕ) بنووسرێت، واته‌: حه‌وته‌که‌ی/ کڵاوه‌که‌ی بۆ بکرێت، چونکه‌ بۆ منداڵ ئاسانتره‌ جیاوازی له‌ نێوان (ر) و (ڕ)دا بکات، به‌ڵام (ڕ)ی بێحه‌وتی/ بێکڵاوی پێشه‌وه‌ و (ڕ) حه‌وتداری/ کڵاوداری ناوه‌ڕاست و دواوه‌، که‌ هه‌موویان(ڕ) بن و یه‌کێک حه‌وتی/ کڵاوی نه‌بێت و یه‌کێک هه‌یبێت، منداڵ تووشی سه‌رلێشێوان ده‌کات و ده‌پرسێ بۆ؟ و له‌ ڕووی ڕاستییشه‌وه‌ ده‌بێ(ڕ)ی قه‌ڵه‌و له‌ هه‌ر کوێ بێت، پاش، پێش و ناوه‌ڕاست، هه‌ر قه‌ڵه‌و بێت.
  6. پێموایه‌ تێکسته‌کان که‌من و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ کتێبه‌که‌ی (ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار) و ئه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ و دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئه‌وه‌ی ئێراندا به‌راورد بکرێ، ئه‌وان تێکستیان زۆرتره‌. بێگومان زۆریی تێکست و وشه‌ی جۆراوجۆر، گه‌نجینه‌ی وشه‌ لای منداڵ زیاد ده‌کات.
  7. شێوه‌ی کتێبه‌که‌ و داڕشتنی زۆر له‌ (ئه‌م بخوینین Em bixwinin)ی کرمانجی ده‌چێت. شیکردنه‌وه‌ی ڕسته‌ بۆ بڕگه‌ی بچووک بچووک و ده‌نگ، کارێکی باشه‌، به‌ڵام پێموایه‌، کرمانجه‌کان له‌و بواره‌دا ئه‌زموونێکیان نییه‌ و هه‌ر شتێکیشیان هه‌بێت، ته‌نێ تاقیکردنه‌وه‌ی سوێده‌.
  8. له‌ بری ئه‌و شیعره‌ی، که‌ له‌ سه‌ر زستان و نه‌ورۆز نووسراوه‌ و هی (ن. ئه‌یار) ناوێکه‌ و له‌ کتێبه‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌دا هه‌یه‌، ده‌کرا شیعری باشتر هه‌ڵبژێریت له‌ باره‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌وه‌ی، که‌ ڕه‌فیق چالاک به‌ گۆرانی ده‌یگوت:
جه‌ژنه‌ جه‌ژنی کوردستانه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌
به‌ تیشکی ئاگر ده‌نووسم جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌
ده‌کرێ زۆرتر شیعری منداڵانه‌ بخرێنه‌ نێو لاپه‌ڕه‌کانه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت شیعری شاعیری مه‌زن و ناسراو، وه‌ک: گۆران، بێکه‌س(فایه‌ق)، هه‌ژار و زۆری دیکه‌، بۆ نموونه‌: که‌روێشک له‌ ناو لانه‌...،که‌ هی گۆرانه‌.
  1. ئه‌گه‌ر، له‌ کۆتایی کتێبه‌که‌دا، پاشکۆیه‌ک وه‌ک فه‌رهه‌نگۆک هه‌بێت، باشه‌، چونکه‌ مادام بۆ منداڵی کوردی موکریان، سلێمانی، سنه‌، هه‌ولێر، که‌رکووک، کرماشان، خانه‌قین، کۆیه‌، سه‌قز، ورمێ و شوێنانی دیکه‌یه‌، ده‌بێ هه‌ندێ وشه‌ لێکبدرێنه‌وه‌ و به‌ زاراوه‌یه‌کی دیکه‌ش بنووسرێن. بۆ نموونه‌، شووتی، سک، یاپراخ، پوول، مانگا، ساج، قارچک و زۆری دیکه‌ش. ئه‌ڵبه‌ت نه‌ک هه‌ر منداڵ، به‌ڵکه‌ مامۆستاکه‌ش سوودی لێ وه‌رده‌گرێ، چونکه‌ ئه‌ویش ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ وشه‌ ته‌نێ به‌ زاراوه‌که‌ی خۆی زێتر به‌ هیچی دیکه‌ نه‌یزانێت و نموونه‌یش بۆ ئه‌وه‌ زۆره‌! له‌ کۆتاییشدا هیوام سه‌رکه‌وتنته‌.
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی 12/2/1990

دوای ماوه‌یه‌ک ئه‌و دوو ڕه‌شنووسه‌ی، که‌ من پێیاندا چوومه‌وه‌، کران به‌ کتێب و له‌ سه‌ر ئه‌رکی کارگێڕیی خوێندنگه‌کان چاپ کران. دواتر، په‌لکه‌زێڕینه‌، چه‌ند کتێبی دیکه‌ی وه‌ک: ڕه‌زبه‌ر و گه‌ڵاڕێزان و شتی دیکه‌یشی به‌ دوادا هاتن و چاپی دووه‌م و سێیه‌میش کرانه‌وه‌. له‌م وڵاته‌ و دیاره‌ له‌ هه‌موو شوێنێکی جیهانیشدا هه‌ر وایه‌، پێوه‌ند و ناسیاوی و نێزیکایه‌تی که‌سێتی و خۆنێزیکخستنه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و کاربه‌ده‌ستان، ڕۆڵی خۆی ده‌بینێت. هه‌ر بۆیه‌ش کاره‌کان، که‌ ده‌بوو کۆمێته‌یه‌کی پێکهاتوو له‌ کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێکی تا ڕاده‌یه‌ک بڕێک شاره‌زا، ئه‌نجامی بده‌ن، گۆڕدرا و به‌ تاقه‌ یه‌ک که‌س سپێردرا. تاککاریی جێی کۆکاریی و هه‌ره‌وه‌زی گرته‌وه‌. مامۆستا سروه‌ عه‌زیزیش، که‌ ئیدی بوو به‌ خودانی پرۆژه‌که‌، گوێی، دیاره‌ نه‌ک هه‌ر بۆ سه‌رنج و تێبینییه‌کانی من، به‌ڵکه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی مامۆستا پشکۆ نه‌جمه‌ددین و مامۆستا حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌نیش، ڕانه‌دێراوه‌ و شتاقیشیانی ڕه‌چاو نه‌کردوون. گومانیش له‌وه‌دا نییه‌، پرۆژه‌یه‌کی له‌و جۆره‌، ئه‌گه‌ر کۆیه‌تی و به‌ کۆمه‌ڵ کرابا و تاکه‌که‌سی نه‌بووایه‌، گه‌لێک ڕێکوپێکتر و له‌بارتر ده‌بوو، وه‌ک له‌وه‌ی که‌ بوو، و دۆی داده‌ش هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه‌ نه‌ده‌ترنگا، به‌ڵکو ده‌خه‌ستا و به‌تامتریش ده‌بوو.
دیسه‌مبه‌ری 2000
 







[1] له‌ گه‌رمیان له‌ بری وشه‌ی"ڕوون"، وه‌ک پێچه‌وانه‌ی وشه‌ی"خه‌ست"، وشه‌ی"ترنگ" هه‌یه‌. نگ"ng"، وه‌ک"ng"ی سوێدی و ئینگلیزی. ده‌گوترێ: شله‌یه‌کی خه‌ست، دۆیه‌کی خه‌ست و خۆشاوێکی خه‌ست. پێچه‌وانه‌کانیشیان: شله‌یه‌کی ترنگ، دۆیه‌کی ترنگ و خۆشاوێکی ترنگ. له‌ "هه‌نبانه‌بۆرینه‌"ی هه‌ژاری موکریانی، "فه‌رهه‌نگی خاڵ"ی شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵ و "کوردستان"ی گیوی موکریانیشدا، وشه‌ی "تراو"، هاتووه‌، که‌ ده‌کاته‌: شتی زۆر شل و ڕوون، که‌ به‌شی ئاوی زۆرتر بێت، به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ست. ئه‌و "تراو"ه‌ ده‌کاته‌: تێراو و هه‌ر واتای وشه‌ی"ترنگ" ده‌دات.
[2] له‌و که‌سانه‌ی، که‌ له‌و جڤینه‌دا به‌شدار بوون، سیڤ نووردێل، وه‌ک سه‌رپه‌رشتیکه‌ری جڤینه‌که‌، ئه‌میری قازی، به‌ختیار ئه‌مین، فه‌رهاد شاکه‌لی، مارتین(موحه‌ممه‌د)فه‌ره‌ج، خانمێک به‌ ناوی ڕوقییه‌(مخابن پاشناویم وه‌بیر نایه‌ته‌وه‌)، مامۆستا عه‌زیز(مخابن پاشناویم وه‌بیر نایه‌ته‌وه‌) و خۆم(ئه‌مجه‌د شاکه‌لی).       
 [3] له‌و جڤینه‌دا بێجگه‌ له‌ "سیڤ نووردێل" یا "مای بێییه‌ر" - بیرم نایه‌ته‌وه‌ کامیان- سروه‌ عه‌زیز، مامۆستا عه‌زیز، ڕوقییه‌ و خۆم(ئه‌مجه‌د شاکه‌لی) و زۆری دیکه‌ش بوون، به‌ڵام من بۆخۆم وه‌بیرم نایه‌نه‌وه‌، به‌شدار بوون.                                                                                                                                            
[4] به‌ به‌شداربوونی: مای بێییه‌ر، سیڤ نووردێل، حه‌سه‌ن ده‌رویش، "ی سکووگمانJ Skogman " و ئا. هه‌سبه‌ری.
[5]  به‌ گوێره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ش ده‌بوو ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌م که‌سانه‌ پێک بێت: سروه‌ عه‌زیز، مه‌کی دالابا، ئیمرا ئه‌لیاجک، ئاسۆ گه‌رمیانی، حه‌سه‌ن قازی، حه‌یده‌ر ئۆتلو، سه‌بیحه‌ ئۆتلو، موسته‌فا ئوزون و ئه‌مجه‌د شاکه‌لی. ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌ مامۆستایانی کوردیی کرمانجی سه‌روو و کرمانجی خواروو پێکهاتبوو.
  لێره‌شدا مه‌به‌ست له‌ لاپه‌ڕه‌کانی ڕاهێنانی په‌لکه‌زێڕینه‌یه‌ وه‌ک ڕه‌شنووس نه‌ک وه‌ک کتێب.[6]
 مه‌به‌ستیش لاپه‌ڕه‌ی په‌لکه‌زێڕینه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌ وه‌ک ڕه‌شنووس نه‌ک وه‌ک کتێب.[7]

Monday, January 4, 1999

زمانی یه‌کگرتووی کوردی، گه‌لێک له‌ ده‌وڵه‌تی کوردی، پێویستتره‌

زمانی یه‌کگرتووی کوردی، گه‌لێک له‌ ده‌وڵه‌تی کوردی، پێویستتره‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ گۆڤاری "هه‌ڵه‌بجه‌"ی ژماره‌ 30ی ساڵی 1998دا، مامۆستا "ڕزگار کێسته‌یی"، گوتارێکی ڕه‌خنه‌یی، به‌ ناونیشانی "چه‌ند تێبینیه‌ک لسه‌ر ناڤه‌رۆکا هه‌ژماره‌ 29 یا گۆڤارا هه‌ڵه‌بجه‌"، نووسیوه‌. باسه‌که‌ی مامۆستا "کێسته‌یی"، سێ خولکه‌ (ته‌وه‌ر)ی وه‌خۆ گرتووه‌:                                                            
1. وه‌رگێڕان ژ کوردیێ بۆ کوردیێ شاشی یه‌.
2. به‌لاڤکرنا رۆژنامه‌یه‌کا خوه‌ڕوو بکورمانجی نه‌ کاره‌کی جوداکه‌ر و زیانبه‌خشه‌ ژ بۆ زمانێ مه‌.
3. به‌رپه‌ڕێن هه‌ڵه‌بجه‌ دپاکن بلا بئاخفتنێن کرێت نه‌هێنه‌ هه‌ڕماندن.
من لێره‌دا ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کم له‌مه‌ڕ خاڵی یه‌که‌م و دووه‌م - به‌ تایبه‌تی- ی نووسینه‌که‌ی مامۆستا "کێسته‌یی" هه‌یه‌ و خاڵی سێیه‌میش، پتر پێوه‌ندی به‌ ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاره‌که‌وه‌ هه‌یه‌ و کاری ئه‌وانه‌ نه‌ک هی من. خاڵی دووه‌می نووسینه‌که‌ی مامۆستا "کێسته‌یی"، پێوه‌ندی به‌ نامه‌یه‌کی منه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ له‌ گۆڤاری هه‌ڵه‌بجه‌ی ژماره‌ 29دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و نامه‌یه‌ی من، ته‌نێ سوپاس و پێزانینێک بوو، بۆ مامۆستا "موحسین جوامێر"ی سه‌رنووسه‌ری "هه‌ڵه‌بجه‌"، بۆ ناردنی ڕۆژنامه‌گه‌لی "یه‌کگرتوو"، "ڕه‌سه‌ن" و "ئاینده‌" بۆم. من ئه‌و نامه‌یه‌م ته‌نێ - تێبینییه‌کی تایبه‌ت له‌مه‌ڕ زمان و زاراوه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌- بوو، بۆ مامۆستا "جوامێر" و بۆ بڵاوکردنه‌وه‌م نه‌شاندبوو، به‌ڵام که‌ مامۆستا "جوامێر" بڵاویشی کردبووه‌وه‌، چ عه‌یبێکم تێدا نه‌دی، چ گله‌یی و گازنده‌یه‌کم نه‌بوو، ماڵی ئاوابێت و خودا کاری ڕاست بێنێت.   من پێموایه‌، بۆ تێگه‌یشتن له‌ ڕه‌وش و واقیعی کورد و هه‌موو شتێکی کورد"هزر، سیاسه‌ت، ئابووری، ئایین، جڤاک، فه‌رهه‌نگ، زمان و.."، دوو جۆره‌ دیتن هه‌ن:                                                 
1. دیتنێکی نه‌ته‌وه‌ییانه‌: که‌ ده‌یه‌وێت کورد چۆن بێت، که‌ کورد هه‌موو له‌ ژێر دروشمی کورد، کوردایه‌تی، کوردستان، یه‌ک خاک، یه‌ک نه‌ته‌وه‌ و یه‌ک مه‌سه‌له‌دا، کۆ ده‌کاته‌وه‌. ئه‌م دیتنه‌ هه‌رچه‌نده‌ خه‌یاڵئامێزانه‌ و ڕۆمانسییانه‌ دێته‌ به‌ر چاو، به‌ڵام خواست وئاوات و ئاره‌زوویه‌که‌، هه‌موو کوردێک خه‌ونی خۆشی پێوه‌ ده‌بینێت.                                                                                              
2. دیتنێکی واقیعییانه‌: که‌ کورد وه‌ک چۆنه‌ ئاوها ببینرێت و بخرێته‌ به‌ر باس و به‌پێی توانست چاره‌یش بۆ کێشه‌کانی بدۆزرێته‌وه‌.                                                                                                  
ئه‌گه‌ر واقیعبینانه‌ - دیتنی دووه‌م- بنۆڕینه‌ ڕه‌وشی زمانی کوردی، که‌ مه‌به‌ستی باسه‌که‌ی ئێمه‌یه‌، ده‌بێ پێش ئه‌وه‌ی خۆمان له‌ قه‌ره‌ی هۆ و هۆکار و پاشخانی مێژوویی و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ بده‌ین، له‌ میانه‌ی چه‌ند نموونه‌یه‌که‌وه‌، نه‌خشه‌ و وێنه‌یه‌کی ئه‌و بار و ڕه‌وشه‌ی،  زمانی کوردیی تێدایه‌، بخه‌ینه‌ به‌ر چاو:                                                                                                                       
ئا. حوکوومه‌تی عیراق له‌ سه‌رده‌مێکدا ڕۆژنامه‌یه‌کی به‌ ناوی "ئاسۆ" به‌ کرمانجی خواروو (سۆرانی) ده‌رده‌کرد. بۆ جوێکردنه‌وه‌ و دوورخستنه‌وه‌ی زاراوه‌کان له‌ یه‌کدی، که‌وته‌ ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌یه‌ک به‌ نێوی "بزاڤ"، ته‌نێ به‌ زاراوه‌ی کرمانجی ژووروو. هه‌ردوو ڕۆژنامه‌کان به‌ تیپی عه‌ره‌بی بوون.                                                                                                       
ب. "به‌ربانگ"، گۆڤارێکه‌ فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ کوردستانییه‌کان له‌ سوێد، به‌ سێ زاراوه‌"کرمانجی ژووروو، کرمانجی خواروو(سۆرانی) و دملی(زازاکی)" و به‌ تیپی لاتینی و عه‌ره‌بی ده‌ری ده‌کات.   
پ. "هیوا"، گۆڤارێکه‌ ئه‌نیستیتووی کورد له‌ پاریس، به‌ تیپی لاتینی و عه‌ره‌بی و زاراوه‌ی کرمانجی، سۆرانی و دملی ده‌ری ده‌کرد.                                                                                               
ت. گۆڤارێک به‌ ناوی "Peya"، به‌ زاراوه‌ی زازاکی و به‌ تیپی لاتینی له‌ سوێد، له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵێک زازاوه‌، که‌ خۆیان به‌ کورد نازانن و خۆیان به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز ده‌زانن، ده‌رده‌چێت.
ج. له‌ کوردستانی عیراق، له‌ هه‌ولێر و سلێمانی، ژماره‌یه‌کی زۆر ڕۆژنامه‌ و گۆڤار، به‌ زاراوه‌ی سۆرانی یا تێکه‌ڵ له‌گه‌ڵ زاراوه‌ی کرمانجیدا و به‌ تیپی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چن. له‌ دهۆکیش ژماره‌یه‌کی زۆر ڕۆژنامه‌ و گۆڤار به‌ زاراوه‌ی کرمانجی و به‌ تیپی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چن. له‌م دواییه‌شدا له‌ دهۆک ده‌ستکراوه‌ به‌ ده‌رکردنی گۆڤارێک به‌ ناوی "Dicle", به‌ زاراوه‌ی کرمانجی و تیپی لاتینی.
چ. له‌ سوێد، له‌ بواری خوێندنی زمانی کوردیدا، له‌ فێرگه‌ و خوێندنگه‌کان، بێجگه‌ له‌وه‌ی، کرمانجی و سۆرانی له‌ یه‌ک جوێکراونه‌وه‌، که‌ کارگێڕیی خوێندنیش داوای مامۆستا ده‌کات بۆ کارکردن، هه‌ر ڕێک ده‌نووسێت، که‌ پێویستیان به‌ مامۆستای سۆرانی یا کرمانجییه‌[1]. کارگێڕیی وه‌رگێڕان و بیانییانیش، که‌ داوای وه‌رگێڕ ده‌که‌ن به‌ هه‌مان شێوه‌ داوا ده‌که‌ن و هه‌موو زاراوه‌ کوردییه‌کان له‌ یه‌ک جودا ده‌که‌نه‌وه‌. کارگێڕیی وه‌رگێڕان له‌ شاره‌وانیی بووتشویرکا "Botkyrka" له‌ ستۆکهۆڵم، له‌ ڕاگه‌یاندنێکیدا بۆ پێویستییان به‌ وه‌رگێڕ، که‌ داوای وه‌رگێڕی کوردیی ده‌کات، ده‌نووسێ: عه‌ره‌بی/ سۆرانی، فارسی/ سۆرانی و تورکی/ کرمانجی، وه‌ک بڵێی ئه‌و زاراوه‌ کوردییانه‌ هه‌ریه‌که‌و زمانێکی تایبه‌ت و به‌شێک بن له‌ زمانانی عه‌ره‌بی، فارسی و تورکی[2]. هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ دوو زاراوه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی زمانی کوردیدا، وه‌ک دوو زمانی جیاواز ده‌کرێت. هه‌ندێ جار، که‌ داوای وه‌رگێڕ ده‌کرێن، ورده‌ زاراوه‌ی دیکه‌ش قوت ده‌بنه‌وه‌، وه‌ک هه‌ورامی، بادینانی، فه‌یلی و هی دیکه‌ش.
ح. ساڵی 1998، بۆ ئه‌وه‌ی داوای کار له‌ جێگه‌یه‌ک بکه‌م، ده‌بوو هه‌ندێک به‌ڵگه‌نامه‌ و بڕوانامه‌، پێشان بده‌م، که‌ پێشتر چ کارگه‌لێکم کردووه‌. ئه‌وده‌مه‌ و دواتریش وه‌ک وه‌رگێڕ بۆ کارگێڕیی"وه‌رگێڕی ئێشکگر Tolkjouren"، کارم ده‌کرد. به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کیان بۆ نووسیم، که‌ من (ئه‌مجه‌د شاکه‌لی) وه‌ک وه‌رگێڕی ئه‌م زمانانه‌ کارم کردووه‌: عه‌ره‌بی، بادینانی، کرمانجی، سۆرانی و فه‌یلی. واته‌: ته‌واوی ئه‌و زاراوه‌ کوردییانه‌، حیسابی زمانی سه‌ربه‌خۆیان بۆ کرابوون و ناوی زمانی کوردی هه‌ر تێدا نه‌بوو[3]‌. له‌ هه‌موویش سه‌یرتر، کرمانجی و بادینانی، له‌یه‌کدی جودا کرابوونه‌وه.  
خ. جوداکردنه‌وه‌ی زاراوه‌ کوردییه‌کان، له‌ کن کارگێڕیی وه‌رگێڕان و کارگێڕیی په‌نابه‌ران، پتر کورده‌که‌ بۆ خۆی سازی ده‌کات. زۆرجاران هۆیه‌کی سیاسی له‌ پشته‌وه‌یه‌. خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری بادینانی کوردستانی عیراق، به‌ وه‌رگێڕی کرمانجی- گه‌له‌ک جاران- قایل نابن، چونکه‌ پێیانوایه‌، وه‌رگێڕه‌ کرمانجه‌کان خه‌ڵکی دیوی باکووری کوردستانن و ڕه‌نگه‌ مه‌یلی"پ. ک. ک"یان هه‌بێت و ئه‌وانیش بۆ خۆیان، ڕه‌نگه‌ خۆشیان له‌ "پ. ک. ک" نه‌یه‌ت، بۆیه‌ ده‌بوو و ده‌بێ که‌سێکی به‌ زاراوه‌ی بادینانی قسه‌که‌ر، کاری وه‌رگێڕانیان بۆ ئه‌نجام بدات.
د. کتێبخانه‌کانی سوێد، که‌ به‌شی تایبه‌تیشیان بۆ کتێب به‌ زمانانی بیانی هه‌یه‌ و کتێبی کوردییشیان تێدان، له‌ به‌شی کتێبه‌ کوردییه‌کاندا زۆرجاران نووسراون: کتێبی سۆرانی، کتێبی کرمانجی، کتێبی زازایی، واته‌: هه‌ر زاراوه‌یه‌ک وه‌ک زمانێکی سه‌ربه‌خۆ دراوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م. جارنا ته‌نێ بۆ کتێبه‌ کرمانجییه‌کان، که‌ به‌ تیپی لاتینی نووسراون، نووسراوه‌: کتێبی کوردی و هه‌نده‌ک جاریش وشه‌ی "کتێبی کوردی"ت هه‌ر به‌رچاو ناکه‌وێت و ته‌نێ ناوی زاراوه‌کان ده‌بینیت.
ر. گۆڤاری "سروه‌"، که‌ له‌ کوردستانی ئێران ده‌رده‌چێت، زۆرجاران ده‌قی کرمانجیش به‌ تیپی لاتینی بڵاو ده‌کاته‌وه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ی، که‌ گۆڤاره‌که‌ هه‌م سۆرانی و هه‌میش کرمانجی به‌ تیپی عه‌ره‌بی بڵاو ده‌کاته‌وه‌.
ڕ. گۆڤاری "ئاوێنه‌"، که‌ له‌ تاران به‌ تیپی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چێت، بێجگه‌ له‌ سۆرانی، زۆرجاران نووسینی به‌ زاراوه‌ی کرماشانی و هه‌ورامیش تێدا بڵاو ده‌کرێته‌وه‌.
ز. ته‌له‌ڤزیۆنی "مه‌دMED TV"، هه‌واڵ و ده‌نگوباسه‌کانی به‌ سێ زاراوه‌ی کرمانجی، سۆرانی و زازاکی- ڕێک وه‌ک سێ زمانی جیاواز- بڵاو ده‌کاته‌وه‌.
ژ. زۆرجاران ئه‌نیستیتووی پاریس و کوردانێک، که‌ له‌ سه‌ر هێڵی جیاخوازانه‌ی "جه‌لاده‌ت به‌درخان" ده‌ڕۆن، له‌ سوێد و شوێنانی دیکه‌، کۆبوونه‌وه‌ی زمانه‌وانیی ساز ده‌که‌ن، بۆ باسکردنی گیروگرفتی زمانی کوردی، مه‌به‌ستیشیان له‌ زمانی کوردی، ته‌نێ زاراوه‌ی کرمانجی ژوورووه‌، ده‌نا یه‌ک کوردی دیکه‌ی، سه‌ر به‌ زاراوه‌یه‌کی دیکه‌، بۆ ئه‌و جۆره‌ کۆبوونه‌وانه‌، بانگهێشتن ناکرێت. ئه‌وانه‌ش که‌ له‌و جۆره‌ کۆبونه‌وانه‌دا به‌شدار ده‌بن، زۆربه‌یان له‌وه‌ی زیاتر، که‌ ده‌زانن به‌و زاراوه‌یه‌ی خۆیان بپه‌یڤن، هیچی دیکه‌ له‌باره‌ی زمانه‌وه‌ نازانن[4]. ته‌واوی هه‌وڵ و کۆششی ئه‌و به‌ڕێزانه‌، بۆ دوورخستنه‌وه‌ و لێکدابڕینی، هه‌ردوو زاراوه‌ی کرمانجی و سۆرانییه‌ له‌ یه‌کدی. هه‌ژاری موکریانی ده‌ڵێت:"هاناو کۆمه‌گی وێژه‌رو نوسه‌رانه‌ که‌ وشه‌ هاوماناکانی شێوه‌کانی جوداجودای زمانه‌که‌ی له‌ فه‌رهه‌نگ بێنێته‌ده‌رێ و به‌رانبه‌ر به‌ یه‌کیان دانێ و گشتیان له‌به‌ر یه‌کتر ڕانێ. کام وشه‌ بۆ نوسینه‌که‌ی یا بۆ شیعر هۆنینه‌که‌ی له‌باره‌و له‌سه‌رزار سوکه‌و له‌به‌رچاو قشت و خۆشکۆکه‌و له‌ گوێچکه‌ی گۆهدار ره‌وانه‌، هه‌ڵبژێرێ و له‌ وشه‌ی زلحۆرت و قه‌به‌و گڕنی و زبرو زۆرو به‌ کڵۆی خۆی ده‌یزانێ واز بهێنێ و ژیکه‌ڵه‌که‌ی له‌جێ دانێ. ناشێ شه‌ڕه‌گه‌ڕه‌ک بکاو پێ دابگرێ که‌ هه‌ر چونکه‌ خۆی له‌دایکی نه‌بیستوه‌و نه‌نکی خۆشی نه‌ویستوه‌، کوردی نیه‌و گه‌ره‌ک قت بکرێ و لابدرێ و بۆ کایه‌ له‌سه‌ری نه‌کرێ. سوربون له‌سه‌ر هه‌ڵقرچانی شیعر و په‌خشان هه‌ر به‌ شێوه‌ی ته‌نیا مه‌ڵبه‌ندێکی به‌رته‌نگ، هه‌رچه‌نگ نوسه‌ر زۆریش بۆخۆی بێنێ و بنه‌قێنێ و خۆی راژێنێ و بۆی رامێنێ و سه‌ر به‌ نینۆک هه‌ڵکڕێنێ و چاو به‌ مۆله‌ق بوه‌ستێنێ، ئه‌و کره‌ی به‌رهه‌می دێنێ هێند نه‌گریس و هه‌ڵ و بێ شۆ و ته‌خته‌ته‌سک و بێ پۆ ده‌بێ له‌سه‌ره‌وه‌ شانگر نابێ و له‌ژێره‌وه‌ش - بیلاته‌ژبی- عه‌ده‌بی پێ داناپۆشرێ. بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر موکوری و سۆرانی به‌ بێ ئاو ئێژن "وشکانی"، بۆچی "به‌ژ" که‌ کرمانجی یه‌ جوانتر نیه‌؟"[5]. ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ دروسته‌ی "هه‌ژاری موکریانی"یه‌وه‌، زۆرجاران له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا، که‌ به‌ شوێن وشه‌گه‌لێکی کوردیدا ده‌گه‌ڕێن، بۆ وشه‌ی زمانانی ئه‌وروپایی، ئه‌گه‌ر وشه‌یه‌کی کوردی به‌ شێوه‌ی کرمانجی، بۆ وشه‌ ئه‌وروپاییه‌که‌ نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و مامۆستایانه‌، ئاماده‌ نین سۆرانیی  ئه‌و وشه‌یه‌، که‌ جێی خۆی گرتووه‌ و به‌کار براوه‌، به‌کار ببه‌ن و په‌نا بۆ هیچ زاراوه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردییش نابه‌ن، وه‌ک هه‌ژاری موکریانی ده‌ڵێت،  به‌ڵکه‌ ده‌گه‌ڕێن تا وشه‌یه‌کی تورکی یا عه‌ره‌بی، بۆ ئه‌و وشه‌ ئه‌وروپاییه‌ ده‌دۆزنه‌وه‌. وشه‌ تورکی و عه‌ره‌بییه‌که‌یان، له‌ وشه‌یه‌کی ڕه‌سه‌نی جێگرتووی زاراوه‌یه‌کی دیکه‌ی زمانی کوردی، پێ باشتره‌.
س. خوێندنی زمانی کوردی له‌ ناوچه‌ی بادینانی کوردستانی عیراق - وه‌ک ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان- به‌ کاریگه‌ریی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، به‌ زاراوه‌ی سۆرانی بوو. ئێستا له‌م دواییه‌دا، که‌ ناوچه‌ی بادینان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیی دیموکراتی کوردستاندایه‌، خوێندنی پۆلی یه‌که‌م، دووه‌م و سێیه‌م و ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌تایی، کراوه‌ به‌ کرمانجی.
ش. گۆڤاری "هاڤیبوون" له‌ ئه‌ڵمانیا، به‌ تیپی عه‌ره‌بی و به‌ هه‌ردوو زاراوه‌ی کرمانجی و سۆرانی ده‌رده‌چێت.
ع. سه‌رباری دیتنه‌ تێکده‌ر و خراپکارانه‌که‌ی، ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌ سیخوڕ و جاسووسه‌کانی ڕۆژاوا و ده‌سگا جاسووسییه‌کانی جیهانیی، که‌ فڵانه‌ زاراوه‌ کوردیی نییه‌ و فڵانه‌ به‌ش له‌ کورد، کورد نین، له‌ نێو کورد خۆیشیدا، له‌و جۆره‌ ده‌نگانه‌ به‌ر گوێ ده‌که‌ون. مه‌لای قه‌وسی، که‌ مه‌لایه‌کی هه‌ورامی بووه‌ و مووچه‌خۆری ئه‌دمۆنس بووه‌، له‌ژێره‌وه‌ بۆ ئه‌دمۆنسی نووسیوه‌، که‌ هه‌ورامی کورد نییه‌..[6]، و هه‌ورامی به‌ کورد دانه‌ناوه‌، که‌ ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی خۆیشی به‌ کورد نه‌زانیوه‌. دۆکتۆر که‌مال فوئاد، لوڕ به‌ کورد ناژمێرێت و پێیشیوایه‌ هه‌ورامی، کورد نه‌بوون و له‌گه‌ڵ کاتدا بوون به‌ کورد و زازایش به‌ کورد ناژمێرێت. له‌ گفتوگۆیه‌کیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری "سروه‌"دا، و له‌وه‌ڵامی پرسیارێکدا، که‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌: مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌ججادیش، له‌ کتێبه‌که‌ی خۆیدا، باباتاهیر، به‌ یه‌که‌مین شاعیری کورد، داده‌نێ، بیروڕای ئێوه‌ له‌و باره‌وه‌ چیه‌؟ دۆکتۆر که‌مال فوئاد ده‌ڵێت:"له‌و بۆچوونه‌دا من له‌گه‌ڵ مامۆستا سه‌جادی نیم. ئه‌و زمانه‌ی باباتاهیر چوارینه‌کانی پێ نووسیوه‌ته‌وه‌ لوڕی یه‌ نه‌ک کوردی، هه‌ندێکیش به‌ "فارسی که‌لیمی"ی دائه‌نێن...کۆمه‌ڵه‌ زاراوه‌ی لوڕی له‌ ڕووباری سێمه‌ڕه‌وه‌ ده‌ست پێ ئه‌کات(به‌ره‌و خوار و به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات) تا ئه‌گاته‌ ناوچه‌ی به‌ختیاری (لوڕستانی گه‌وره‌)...لوڕی له‌ رووی رێزمانه‌وه‌ ئه‌چێته‌وه‌ سه‌ر کۆمه‌ڵه‌ زمانه‌کانی ئێرانی خوارووی رۆژئاوایی، کوردی زمانێکی ئێرانی باکووری- رۆژئاوایی یه‌. جیاکردنه‌وه‌ی زمانه‌ ئێرانی یه‌کان به‌ باکووری و رۆژئاوایی و رۆژهه‌ڵاتی و خواروو له‌سه‌ر بناغه‌ی رێزمان بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌درێت، نه‌ک فه‌رهه‌نگی وشه‌کان. به‌م پێ یه‌ لوڕی زمانێکی سه‌ربه‌خۆیه‌. نه‌ فارسی یه‌ نه‌ کوردی، به‌ڵکوو له‌ناوه‌ندی هه‌ردووکیان دا جێگا ئه‌گرێت. ئه‌وه‌ندی من بزانم له‌ رووی نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه‌ لوڕ خۆی به‌ کورد نازانێت، براکورده‌کانی ئێران ئه‌م راستی یه‌ ئه‌زانن...لوڕی ئه‌چێته‌وه‌ سه‌ر ئێرانی خواروو...هه‌ندێک زانایانی زمان، له‌وانه‌ی خۆیان به‌ زمانی کوردی و زاراوه‌ جۆر به‌جۆره‌کانی یه‌وه‌ خه‌ریک کردووه‌(له‌وانه‌ش ئۆسکارمان)، کۆمه‌ڵه‌ زاراوه‌کانی گۆران-زازاش به‌ کوردی دانانێن. له‌م باره‌یه‌وه‌ بیروڕای من به‌م جۆره‌یه‌: ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ زاراوانه‌ له‌گه‌ڵ زاراوه‌کانی تری زمانی کوردی دا له‌ رووی فه‌رهه‌نگی وشه‌کان و ده‌ستووری زمانه‌وه‌ جیاوازی یان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مانیش وه‌ک کوردی ئه‌چنه‌وه‌ سه‌ر کۆمه‌ڵه‌ زمانی ئێرانی باکووری رۆژئاوایی. له‌ رووی جۆگرافیشه‌وه‌ ئه‌که‌ونه‌ ناو کوردستان. په‌یوه‌ندی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیشیان له‌گه‌ڵ کوردا به‌هێزتره‌ تا نه‌ته‌وه‌کانی تری ناوچه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ هه‌ورامی که‌ یه‌کێکه‌ له‌ زاراوه‌کانی گۆرانی بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر(له‌ سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌مه‌وه‌ تا سه‌ده‌ی بیسته‌م) له‌ ناوچه‌یه‌کی فراوانی کوردستان دا (کوردستانی رۆژهه‌ڵات و کوردستانی خواروو) زمانی ئه‌ده‌بی بووه‌. له‌ رووی نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه‌ خۆیان به‌ کورد ئه‌زانن. بۆیه‌ بوون به‌ به‌شێک له‌ کورد و جیاناکرێنه‌وه‌"[7]. له‌ نێو به‌شێکی دملییه‌(زازا)کاندا، بیروڕایه‌کی وا هه‌یه‌، که‌ ئه‌وان کورد نین و نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ن، دوکتۆر که‌مال فوئادیش پێیوایه‌، که‌ زازا کورد نین[8]. له‌نێو ئێزدییه‌کانیشدا جاروبار ده‌نگێکی جیاوازیخوازی له‌و جۆره‌ ده‌بیسرێت و خۆ به‌ ئێزدی، نه‌ک کورد ده‌زانن. ڕه‌نگه‌ سه‌رچاوه‌ی ته‌واوی ئه‌و بیڕوباوه‌ڕانه‌ش هه‌ر ده‌ستی ده‌ره‌کی و دنه‌دانی خه‌ڵکانی دژه‌کوردی له‌ پشته‌وه‌ بێت. 
غ. زۆرجاران له‌ لایه‌ن که‌سانێکه‌وه‌، که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب و شیعر و فه‌رهه‌نگدا سه‌ر و سه‌ودایان هه‌یه‌، باسی ئه‌ده‌بی شار و شیعری شار و شاعیری شار[9] ده‌کرێت و ده‌گوترێ شاعیری هه‌ولێر، شاعیری هه‌ورامان و  شاعیری بادینان  و...هێڵی چه‌پ و ڕاست به‌ نێویاندا ده‌کێشرێت و وای لێ هاتووه‌، وشه‌ی سلێمانی یا هه‌ولێر یا بادینان، جێی وشه‌ی کورد بگرێته‌وه‌.
ف. تا ئێستا فه‌رهه‌نگێکی زمانی کوردی/ کوردی، که‌ ته‌واوی زاراوه‌ کوردییه‌کان بگرێته‌ خۆی، نییه‌. فه‌رهه‌نگی کوردی/ زمانی دیکه‌ یا زمانی دیکه‌/ کوردی، هه‌ر فه‌رهه‌نگی یه‌ک زاراوه‌ی کوردی/ زمانی دیکه‌ یا زمانی دیکه‌/یه‌ک زاراوه‌ی کوردییه‌. بۆ نموونه‌: ئینگلیزی/ سۆرانی، سۆرانی/ ئینگلیزی، عه‌ره‌بی/ کرمانجی، زازایی/تورکی، فرانسی/ زازایی/ تورکی، سوێدی/کرمانجی، سوێدی/سۆرانی و زۆری دیکه‌ش. ڕێزمانی کوردییش هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌. ڕێزمانی سۆرانی، ڕێزمانی کرمانجی، ڕێزمانی زازاکی و ڕێزمانی هه‌ورامی، که‌مجار له‌یه‌ک کتێبدا کۆ ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵکه‌ هه‌ر یه‌که‌و کتێبی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه‌.
ڤ. به‌شێکی زۆری کتێبه‌کانی کتێبخانه‌ی، هه‌ر ماڵه‌ کوردێکی خوێندوو -ئه‌گه‌ر هه‌یبێت- تورکی، فارسی، عه‌ره‌بی و زمانی دیکه‌ن. ئه‌گه‌ر کتێبی کوردی هه‌بێت، ئه‌وا ته‌نێ به‌و زاراوه‌یه‌ هه‌یه‌تی، که‌ خۆی ده‌یزانێت و پێی ده‌خوێنێته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی کتێب و نووسین به‌ هه‌موو زاراوه‌ و به‌ هه‌موو ئه‌لفبێیه‌کی کوردی، کۆ ده‌که‌نه‌وه‌ و سوودیان لێ وه‌رده‌گرن، به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، ده‌نا ڕه‌نگه‌ خڕکردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌، له‌ کارێکی ئه‌رکیڤیانه‌ زێتر، هیچی دیکه‌ نه‌بێت.
ق. له‌ چل(40) میلیۆن کورد، ڕه‌نگه‌ له‌ باشترین حاڵدا 30%ی، که‌ ده‌کاته‌ دوازده‌(12)میلیۆن، خوێنده‌وار بێت. له‌و دوازده‌ میلیۆنه‌ 1% ی ئه‌گه‌ر نووسین و خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردوو زاراوه‌ و ئه‌لفبێیه‌ سه‌ره‌کییه‌کان، کرمانجی/لاتینی(تورکی) و سۆرانی/عه‌ره‌بی و فارسی بزانێت، ئه‌وا ده‌کاته‌ 120هه‌زار که‌س. من - له‌ باشترین حاڵدا- له‌و بڕوایه‌دام، که‌ نه‌ک 120هه‌زار که‌س، به‌ڵکه‌ 1200 که‌س، که‌ ده‌کاته‌ 0،01%ی سه‌رجه‌می خوێندووی کورد و 0،003%ی سه‌رجه‌می کورد، نییه‌، که‌ بتوانن ئه‌و دوو زاراوه‌یه‌ وه‌ک یه‌ک به‌کار ببه‌ن. ئه‌گه‌ریش هه‌بن، ده‌بێ سوپاسگوزار بین.
ک. به‌ هۆی ئه‌و ڕه‌وشه‌وه‌‌، که‌ زمانی کوردیی تێدایه‌، نووسه‌رێکی کورد، یا شاعیرێکی کورد، ته‌نێ ده‌نگی به‌ نیوه‌ی - بڕێک زیاتر یا که‌متر- خوێندووی کورد ده‌گات. ئه‌مه‌ش ڕه‌وشێکی وای دروست کردووه‌، که‌ نووسه‌ر و شاعیرانی کورد، ته‌نێ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانی سه‌ر به‌و زاراوه‌یه‌ ده‌ناسرێن[10]، که‌ پێی ده‌نووسن، نووسه‌رێکی کورد، که‌ به‌ شێوه‌زاری کرمانجی ژووروو ده‌نووسێت، ته‌نێ خه‌ڵکانێک ده‌یخوێننه‌وه‌، که‌ به‌و زاراوه‌یه‌ ده‌خوێننه‌وه‌. دیاره‌ ئه‌و نووسه‌ره‌ش، که‌ به‌ کرمانجی خواروو (سۆرانی) ده‌نووسێت، ڕه‌وشی له‌ ڕه‌وشی نووسه‌ره‌ کرمانجه‌که‌ باشتر نییه‌. هه‌ر یه‌کێک له‌و نووسه‌رانه‌ش ئه‌گه‌ر باس له‌ ئه‌ده‌بییاتی کوردی بکه‌ن، هه‌ر باس له‌ ئه‌ده‌بییاتی کوردی، به‌و زاراوه‌یه‌ی خۆیان ده‌که‌ن. به‌ ده‌گمه‌ن هه‌ن ئه‌وانه‌ی، که‌ چوونیه‌ک و بێجیاوازی و لێزانانه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو یا هه‌رسێ یا هه‌ر چوار دیالێکت و ئه‌لفبێدا مامه‌ڵه‌ بکه‌ن. وه‌نه‌بێ ته‌نێ حاڵی نووسه‌ر و شاعیر وابێت، به‌ڵکه‌ سترانبێژان و شانۆکارانیش هه‌مان حاڵیان هه‌یه‌. له‌بواری په‌خشی ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنیشدا، هه‌مان گیروگرفت وه‌پێش دێت. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر یا شاعیر یا شانۆکار یا باسکارێکی عه‌ره‌ب یا فارس یا تورک، ته‌واوی خه‌ڵکانی سه‌ر به‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ بیانخوێننه‌وه‌ و بیانناسن، ئه‌وا لای کورد ئه‌و ڕه‌وشه‌ نییه‌. ده‌کرێ نووسه‌رێکی عه‌ره‌ب، ناوی "نووسه‌ری هه‌موو عه‌ره‌ب"ی لێ بنرێت، وه‌لێ نووسه‌رێکی کورد، له‌به‌ر ڕه‌وشی زمانه‌که‌ی، هه‌رگیز نابێته‌ "نووسه‌ری هه‌موو کورد"، به‌ڵکه‌ له‌ باشترین حاڵدا " نووسه‌ری نیوه‌ی کورد" یا "نووسه‌ری سێیه‌کی کورد"ه‌ و به‌وه‌ش، ده‌بێته‌ "نیوه‌نووسه‌ر" یا "نووسه‌رۆکه‌" یا "مینی نووسه‌ر" یا شتێکی دیکه‌.
گ. بڕێک له‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه‌، به‌کارهێنانی له‌ یه‌ک زاراوه‌ زیاتر له‌ ڕۆژنامه‌، گۆڤار، ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆندا، پێشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام سه‌دان ڕۆژنامه‌، گۆڤار، ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی کوردیی له‌ کوردستان و لێره‌ و له‌وێی جیهاندا هه‌ن، که‌ هه‌ر به‌ یه‌ک ئه‌لفبێ، یا یه‌ک زاراوه‌ی کوردی –سۆرانی/ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی، کرمانجی/ئه‌لفبێی لاتینی، زازاکی و ئه‌لفبێی کریلیک- ده‌نووسن و په‌خش ده‌که‌ن. له‌م حاڵه‌دا، ئه‌و نووسین و په‌خشه‌، ته‌نێ بۆ خه‌ڵکی سه‌ر به‌ زاراوه‌یه‌ک ده‌بێت.
بێگومان ئه‌و باره‌ی، که‌ زمانی کوردیی تێدایه‌، ناکرێت له‌ پاشاگه‌ردانی و به‌ره‌ڵایی و بێبه‌رپرسیاریی زێتر، چ ناوێکی دیکه‌ی لێ بنرێت. به‌ڵام وه‌نه‌بێ ئه‌م باره‌، هه‌ر له‌خۆڕا وای لێ هاتبێت، به‌ڵکه‌ پاشخانێکی مێژوویی و هۆ و هۆکارگه‌لێکی تایبه‌تی، به‌ ئه‌وڕۆیان گه‌یاندووه‌، که‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ - به‌ ڕای من- چه‌ند دانه‌یه‌کیانن:
1. کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌ هێشتا به‌ ته‌واوه‌تی دروست نه‌بووه‌، چونکه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی 100%ی یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی هێشتا تێدا نابینرێن، واته‌: ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ نه‌ته‌وه‌ی کورد، هێشتا له‌ قۆناغی دروستبووندایه‌. ئه‌و خه‌ڵکه‌ی، که‌ خۆی به‌ کورد ده‌زانێت، تا ئێستاش، وه‌لائی بۆ خێڵ و تیره‌، باژێڕ، گوند، ناوچه‌، زاراوه‌، ئایین و ئایینزا و حیزبه‌که‌ی، گه‌لێک زیاتره‌ له‌ وه‌لائی بۆ کورد[11]. خه‌ڵکی کورد ئێستاش سۆران، کرمانج، زازا، لوڕ، هه‌ورامی، سوننه‌، شیعه‌، یارسان (کاکه‌یی، ئه‌هلی حه‌ق)، ئێزدی، به‌ختیاری، جاف، به‌رواری، هه‌مه‌وه‌ند، سوورچی، زیلان، قادری، نه‌قشبه‌ندی، په‌که‌که‌، پارتیی، دیموکرات، یه‌کیه‌تیی، کۆمه‌ڵه‌، ئیسلامی و...سه‌د شتی دیکه‌ن. به‌ر له‌وه‌ی کورد بن[12]. ئه‌وجا، که‌ کوردیش بن، کوردی ئێران، کوردی تورکیا، کوردی عیراق، کوردی سووریا، کوردی ئه‌رمه‌نستان، کوردی لوبنان و سه‌د شوێنی دیکه‌ن. ده‌توانین بڵێین ته‌واوی ئه‌و ئینتیمایانه‌، وردکردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد و لاوازکردنی هه‌ستی کوردبوونه‌.
2. ئه‌گه‌ر فه‌رهه‌نگ و ئابووریی[13] سه‌ربه‌خۆ، دوو مه‌رج و کۆڵه‌که‌ و پایه‌ی گرنگی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی بن، ئه‌وا کورد هێشتا وابه‌سته‌ی فه‌رهه‌نگ و ئابووریی به‌هێزتری عه‌ره‌ب و تورک و فارسه‌ و به‌و ئاسانییه‌ش ده‌ستبه‌رداریان نابێت. هه‌ر سه‌رخۆبوونێکی سیاسییش، بێ سه‌ربه‌خۆیی فه‌رهه‌نگ و ئابووری، بنده‌ستی، پاشکۆیه‌تی، وابه‌سته‌یی و سه‌ربه‌خۆییه‌کی ناته‌واوه‌.
3. ئه‌گه‌ر زمانی یه‌کگرتووی کوردی(زمانی ستاندارد)، ئه‌و زمانه‌ بێت که‌ "کوردی هه‌موو لایه‌کی کوردستان و جیهان، بێ گوێدانه‌ جیاوازی ی شێوه‌ی قسه‌کردنیان، تێی بگه‌ن و پێی بخوێننه‌وه‌ و پێی بنووسن"[14]، ئه‌وا کورد هه‌رگیز نه‌ زمانی یه‌کگرتووی هه‌بووه‌ نه‌ هه‌شیه‌تی.
4. کورد له‌وه‌تی هه‌یه‌ و وه‌ک کورد ناسراوه‌، خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نه‌بووه‌ و هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتدارییه‌کی سه‌رتاسه‌ری، که‌ ته‌واوی خاکی کوردستان و ته‌واوی گه‌لی کورد بگرێته‌وه‌، فه‌رمانڕه‌وایی نه‌کردووه‌، به‌ڵکه‌ هه‌مووده‌م پارچه‌پارچه‌ و له‌توپه‌ت بووه‌ و هه‌ر ده‌ڤه‌ره‌ و خێڵ و هۆزێک، خودانی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی خۆی بووه‌. میرنشینه‌کان له‌ کۆندا و حیزب و ڕیکخراوه‌ سیاسییه‌کان، له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا و هه‌ر هه‌موویشیان بنده‌ستی هێزێک یا هێزگه‌لێکی ده‌ره‌کیی مه‌زنتر بوونه‌ و هه‌ن.
5. هه‌ر میرنشینێک زاراوه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی خۆی بۆ بووه‌ به‌ زمانی نووسین و ئه‌ده‌بی میرنشینه‌که‌. له‌ میرنشینی بۆتاندا زاراوه‌ی جزیره‌، له‌ میرنشینی باباندا زاراوه‌ی سلێمانی و له‌ میرنشینی ئه‌رده‌ڵاندا زاراوه‌ی گۆرانی(شێوه‌ی هه‌ورامی)، باو و زاڵ بووه‌.
6. به‌و زاراوه‌ کوردییانه‌ی، که‌ پێیان نووسراوه‌ته‌وه‌ و بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، بنه‌مای زمانێکی خوێندنه‌وه‌ و نووسین(ئه‌ده‌بی)، ساز بووه‌. لوڕی[15]، گۆرانی[16]، کرمانجی ژووروو[17] و کرمانجی خواروو[18]، هه‌ر  چواریان ده‌رفه‌تی گۆڕان و بوونیان به‌ زمانی ئه‌ده‌بی بۆ ڕه‌خساوه‌. به‌ گوێره‌ی ڕه‌وشی سیاسی و باری سه‌رده‌میش هه‌ریه‌که‌یان پێشکه‌وتووه‌ یا پاشه‌کشه‌ی کردووه‌.
7. ئایین و ئایینزا، له‌ یه‌کخستنی نه‌ته‌وه‌ و زمانی نه‌ته‌وه‌دا، تا ڕاده‌یه‌ک نۆره‌یه‌کی له‌به‌رچاو ده‌بینن. "قورئان"ی پیرۆز، که‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بییه‌، بووه‌ته‌ هۆی یه‌کخستن و پاراستنی زمانی عه‌ره‌بی، وه‌ک یه‌که‌یه‌کی پته‌و و تۆکمه‌. کورد هه‌ر وه‌ک کتێبێکی پیرۆزی - بۆ هه‌موو کورد- نه‌بووه‌، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یشی - له‌به‌ر په‌رتوبڵاوی- بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌، که‌ کتێبی پیرۆزی "مه‌سحه‌فی ڕه‌ش"، "جه‌لوه‌" یا "سه‌ره‌نجام"، بۆ ببێته‌ بناخه‌ی زمانێک بۆ هه‌موو کورد.
8. ئه‌گه‌ر هاتبا و ئه‌و زاراوه‌یه‌ی، که‌ "مه‌لای جزیری" و "ئه‌حمه‌دی خانی" پێیان ده‌نووسی، بووایه‌ به‌ زمانی هه‌موو کورد، ئه‌وا ئێستا زاراوه‌ی کرمانجی سه‌روو، ده‌بووه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد. ئه‌گه‌ر هاتبا و ئه‌و زاراوه‌یه‌ی، که‌ "نالی" پێی ده‌نووسی، بووایه‌ به‌ زمانی هه‌موو کورد، ئه‌وا ئێستا زاراوه‌ی کرمانجی خواروو(سۆرانی)، ده‌بووه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد. ئه‌گه‌ر هاتبا و ئه‌و زاراوه‌یه‌ی، که‌ "مه‌وله‌وی" پێی ده‌نووسی، بووایه‌ به‌ زمانی هه‌موو کورد، ئه‌وا ئێستا زاراوه‌ی گۆرانی(هه‌ورامی)، ده‌بووه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد. ئه‌گه‌ر هاتبا و ته‌ریقه‌تی "مه‌ولانا خالید/ نه‌قشبه‌ندی" هه‌موو کوردستانی گرتباوه‌، ئه‌وا ئێستا ئه‌و زاراوه‌یه‌ی، که‌ "مه‌ولانا خالید" پێی ده‌نووسی و ده‌ئاخڤی، ده‌بووه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد. ئه‌گه‌ر هاتبا و ته‌ریقه‌تی "شێخ سه‌عیدی نوورسی" هه‌موو کوردستانی گرتباوه‌، ئه‌وا ئێستا ئه‌و زاراوه‌یه‌ی، که‌ "شێخی نوورسی" پێی ده‌په‌یڤی، ده‌بووه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد. ئه‌گه‌ر هاتبا و هه‌موو کورد ئێزدی بووایه‌ن، ئه‌وا ئێستا زاراوه‌ی کرمانجی ژووروو(زمانی مه‌سحه‌فی ڕه‌ش و جه‌لوه‌)، ده‌بووه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد. ئه‌گه‌ر هاتبا و هه‌موو کورد یارسان بووایه‌ن، ئه‌وا ئێستا زاروه‌ی گۆرانیی هه‌ورامی(سه‌ره‌نجام)، ده‌بووه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد. ئه‌گه‌ر هاتبا و هه‌موو کوردستان، بکه‌وتایه‌ته‌ بن ده‌سه‌ڵاتی "شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری"یه‌وه‌، ئه‌وا ئێستا ئه‌و زاراوه‌یه‌ی "شێخی نه‌هری"، ده‌بووه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد. ئه‌گه‌ر هاتبا و هه‌موو کوردستان بکه‌وتایه‌ته‌ بن ده‌سه‌ڵاتی "شێخ مه‌حموودی حه‌فید"ه‌وه‌، ئه‌وا ئێستا ئه‌و زاراوه‌یه‌ی "شێخی حه‌فید"، ده‌بووه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد. ئه‌گه‌ر هاتبا و هه‌موو کوردستان بکه‌وتایه‌ته‌ بن ده‌سه‌ڵاتی "کۆماری مه‌هاباد"ه‌وه‌، ئه‌وا ئێستا ئه‌و زاراوه‌یه‌ی، که‌ "هه‌ژار" و "هێمن" پێیان ده‌نووسی، ده‌بووه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد. ئه‌گه‌ر هاتبا و هه‌موو کوردستان بکه‌وتایه‌ته‌ بن ده‌سه‌ڵاتی "مه‌لا مسته‌فای بارزانی"یه‌وه‌، ئه‌وا ئێستا زاراوه‌ی کرمانجی خواروو (سۆرانی)، ده‌بووه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد. ئه‌و هه‌موو ئه‌گه‌رانه‌ هیچیان سه‌وز نه‌کرد و به‌ریان نه‌گرت[19] و هیچ یه‌کێک له‌و زاراوانه‌ش نه‌بوونه‌ زمانی یه‌کگرتووی کورد.
9. چێکردنی تیپی لاتینی بۆ نووسینی کوردی، له‌ لایه‌ن "جه‌لاده‌ت به‌درخان"ه‌وه‌، گه‌وره‌ترین کاره‌سات بوو - به‌ پێی دیتنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ و خوێندنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ند و پاشه‌ڕۆژی کوردستان- بۆ زمانی کوردی. به‌و کاره‌ زمانی کوردی، که‌ تا پێشتر به‌ تیپی عه‌ره‌بی ده‌نووسرا، له‌ت کرا و کرمانجی سه‌روو به‌رگی نوێی - تیپی لاتینی- له‌به‌ر کرد و کرمانجی خواروویش به‌رگه‌که‌ی خۆی -تیپی عه‌ره‌بی- پاراست[20]. ئه‌و کاره‌ی "جه‌لاده‌ت به‌درخان" به‌ دنه‌دانی ئه‌وروپاییه‌کان و کاریگه‌ریی ئه‌وان و که‌وتنه‌ داوی تورکیای نوێ و که‌مالیزم و بیروباوه‌ڕی ڕۆژاوایاندنی کۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانه‌وه‌ بوو. لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی کوێرانه‌ی ئه‌لفبێی تورکی و تورکاندنی فه‌رهه‌نگ، زمان، هۆش و کۆمه‌ڵگه‌ی کورد بوو[21]. له‌و ده‌مه‌وه‌، که‌ "جه‌لاده‌ت به‌درخان" ئه‌و کاره‌ زیانبه‌خش و ناپه‌سه‌نده‌ی کرد و ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ی نایه‌وه‌، ڕێڕه‌وی یه‌کگرتنی زمانی کوردی، تا دێت خراپتر و سه‌ختتر ده‌بێت و زاراوه‌کانیشی تا دێن له‌ یه‌کدی دوورتر ده‌که‌ونه‌وه‌. خه‌ڵکانێک و ده‌سگا و ڕێکخراوگه‌لێک هه‌ن، نۆره‌یه‌کی خراپ له‌و بواره‌دا ده‌بینن و پتر کۆمه‌ک به‌ یه‌کنه‌گرتنی زمانی کوردی ده‌که‌ن.
که‌ ئه‌وه‌ واقیعی کورد و زمانی کوردی بێت، مرۆڤ چۆن ده‌توانێت، دڵی به‌ داهاتووی زمان و فه‌رهه‌نگی کورد خۆش بێت و گه‌شبین بێت! چۆن ده‌بێ مرۆڤ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێت، که‌ هه‌ر زاراوه‌یه‌کی کوردی بۆ خۆی ببێته‌ زمانێکی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌و کاته‌ش زمانی کوردی نه‌ک ببێته‌ دوو زمان - کرمانجی و سۆرانی- به‌ڵکه‌ ببێته‌ کۆمه‌ڵه‌ زمانێک. تاکه‌ نێزیکایه‌تییه‌کیش، که‌ له‌ نێوانیاندا ده‌بێت، هه‌ر هێنده‌ی نێزیکایه‌تی نێوان زمانانی ئێرانی(فارسی، کوردی، په‌شتۆ، به‌لووچی و تاجیکی) یا لاتینی(فرانسی، ئیتالی، سپانیۆلی و پورتوگیسی) یا سکاندیناڤیایی (سوێدی، نۆروێژی، دانمارکی و ئایسلاندی) ده‌بێت.
من له‌گه‌ڵ ئه‌و بیروڕایه‌شدا نیم، که‌ ده‌ڵێ، نابێت باسی گیروگرفت و مه‌سه‌له‌ی زمان بکرێت و ئه‌و باسه‌ دواخرێت بۆ کاتێکی دی. من پێموایه‌ چه‌ندی ئه‌و باسه‌ دواخرێت و چه‌ندی دێر(دره‌نگ)تر چاره‌سه‌ر بکرێت، هێنده‌ کاره‌که‌ سه‌ختتر ده‌بێت و چاره‌کردنیشی نه‌ک هه‌ر ئاسان نابێت، به‌ڵکه‌ هه‌ر ناکرێت. زانای مه‌زنی تورک "ئیسماعیل بێشکچی" ده‌ڵێت:"به‌کارهێنانی زمانی کوردی و بنیادنان و گه‌شه‌پێدانی زمانێکی هاوبه‌شی نووسین له‌ نێو کورددا مه‌به‌ست و ئه‌رکێکی سیاسییان تێدایه‌. ئه‌و ئه‌رکه‌ سیاسییه‌ ئه‌مه‌یه‌: کوردستان وڵاتێکی دابه‌شکراو و پارچه‌پارچه‌یه‌. حاڵی نه‌ته‌وه‌ی کوردیش هه‌روایه‌. سیاسه‌تی ئیستیعمارگه‌رانه‌ی<په‌رت و بڵاویان بکه‌، زاڵ ده‌بی> خاسه‌تێکی هه‌ڵاورده‌ی هه‌یه‌، که‌ نابێ له‌ بیرمان بچێته‌وه‌ و چاوپۆشی لێ بکه‌ین. ئه‌م سیاسه‌ته‌ ده‌توانێ له‌هه‌ر کات و شوێنێکدا بچێته‌ به‌رگێکی تره‌وه‌ و ده‌ربکه‌وێته‌وه‌. کۆمه‌ڵی کورده‌واری زۆر به‌ قووڵی دابه‌شکراوه‌. کورد له‌ تورکیا و ئه‌وروپا پیتی لاتینی و له‌ عێراق و سووریا و ئێران پیتی عه‌ره‌بی و له‌ سۆڤیه‌ت پیتی ئه‌کلیرکی به‌کار ده‌هێنێ، به‌م پێیه‌ به‌کارهێنانی ئه‌م پیته‌ جیاوازانه‌، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی باش له‌یه‌کتر تێنه‌گه‌ن. جا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌کار بخه‌ین، ده‌بێ تێبکۆشین زمانێکی کوردی هاوبه‌ش، له‌ رووی نووسینه‌وه‌ بنیادبنێین. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ خه‌باتێکی گورج و گۆڵانه‌ی درێژخایه‌نی پێ ده‌وێ. بۆیه‌ چاوه‌ڕوان کردنی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و دواخستنی ئه‌م ئه‌رکه‌ بۆ ئه‌و کاته‌ هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی که‌ بایه‌خی پێویست به‌ زمان و روناکبیری ده‌دات، ڕێ بۆ کاروانی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت خۆش ده‌کات و نێزیکی ده‌خاته‌وه‌"[22].
پێموایه‌ کورد بۆ خۆی، هێنده‌ی بێشکچی مه‌زن، له‌ دژواریی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ و هێنده‌ی بێشکچی مه‌زنیش، په‌رۆش و غه‌مخۆری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ نییه‌. کورد، هه‌موو کورد، به‌ خوێندوو و نووسه‌ر و فه‌رهه‌نگییانییه‌وه‌ ئارخه‌یان و بێئه‌ندێشه‌ پاڵیان لێ داوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر ده‌ڵێی هیچ مه‌ترسییه‌ک له‌ گۆڕێدا نییه‌ و ئه‌وه‌ی، که‌ بیری لێ ناکه‌نه‌وه‌ و به‌ گیروگرفت و کێشه‌ و قه‌یرانی نازانن، مه‌سه‌له‌ی زمان و ئه‌و شتانه‌یه‌. ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌که‌ین، ئه‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ سه‌ره‌داوی سیاسه‌تی کوردیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، شتاقیان بیر له‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ ناکه‌نه‌وه‌. بۆ ئه‌وان ده‌سه‌ڵات گرنگه‌. ده‌سه‌ڵاتیش واته‌: ناوبانگ، گیرفانی پڕ، تێری، پۆشته‌یی، ڕابواردن و خۆشگوزه‌رانی. ئیدی چش له‌ زمان، چش له‌ فه‌رهه‌نگ. ئه‌و سیاسییه‌ "ده‌ڤه‌رییانه‌" ناتوانن هیچ جۆره‌ کۆمه‌کێک، به‌ سازکردنی زمانێکی یه‌کگرتووی کوردی بکه‌ن، چونکه‌ ئه‌وان ڕه‌هه‌ندی بینینیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌کانی خۆیان - بۆ پاره‌ و پووڵ و ته‌ماح نه‌بێت- تێناپه‌ڕێت. هه‌ر ئه‌وانیشن، کورد له‌ نێوان وه‌لائی گچکه‌گچکه‌دا ورد ده‌که‌نه‌وه‌. بۆ به‌مه‌زنترزانینی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌، ده‌بێ هه‌وڵ بدرێت بۆ لاوازکردن و نه‌هێشتنی ورده‌ ئینتیمای نێو کورد و خورتکردنی ئینتیمای کوردی و کوردستانی. وه‌ها کارێک و هه‌وڵدان و کۆمه‌ککردن، بۆ وه‌دیهێنانی زمانێکی یه‌کگرتووی کوردی، به‌ سیاسییه‌کی کوردستانی، که‌ ته‌واوی کوردستان و کورد له‌به‌رچاو بگرێت، ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر حاڵ به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا - به‌ره‌ڵایی، گوێنه‌دان- بڕوات، ئه‌وا کورد له‌ گه‌لی کورد، نه‌ته‌وه‌ی کورد و کوردستانه‌وه‌، ده‌بێته‌ گه‌لانی کورد، نه‌ته‌وه‌کانی کورد و کوردستانان[23]. که‌ ده‌وڵه‌تی کوردیش له‌ داهاتوودا هه‌بوو، ئه‌وا وه‌ک کۆریای باکوور و کۆریای باشوور، کوردستانی باکوور و کوردستانی باشوور ده‌بێت، یا له‌ باشترین حاڵدا، ئه‌گه‌ر یه‌ک ده‌وڵه‌تی کوردستان هه‌بوو، ئه‌وا ده‌بێ وه‌ک سۆڤیێتی کۆن، یۆگوسلاڤیای کۆن یا چیکۆسلۆڤاکیای کۆن، له‌ چه‌ند کۆمارێک یا ئۆتۆنۆمییه‌ک یا فیدرالییه‌ک - کۆماری یا ئۆتۆنۆمی یا فیدرالی کرمانج، سۆران، زازا، هه‌ورامان، لوڕستان، ئیزدییان و خودا ده‌زانێ چی دیکه‌ش- پێک بێت.
هه‌رچی مه‌سه‌له‌ی وه‌رگێڕانیشه‌، وه‌رگێڕان له‌ کوردییه‌وه‌ بۆ کوردی - که‌ ناکرێ ناوی وه‌رگێڕانی لێ بنرێت، چونکه‌ وه‌رگێڕان له‌ زمانێکی سه‌ربه‌خۆوه‌ بۆ زمانێکی سه‌ربه‌خۆی دیکه‌ ده‌بێت، وه‌ک عه‌ره‌بی بۆ کوردی، ئینگلیزی بۆ فارسی، کوردی بۆ فرانسی و....به‌ ڕای منیش کارێکی شاشه‌ و ده‌بێ نه‌کرێت. لێ ئه‌گه‌ر بنۆڕینه‌ ئه‌و وه‌رگێڕدراوانه‌ی، که‌ لێره‌ و له‌وێ، له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاراندا و وه‌ک کتێبیش بڵاو ده‌بنه‌وه‌، ده‌بینین به‌شێکی وه‌رگێڕانی کوردی بۆ کوردییه‌، واته‌: له‌ زاراوه‌یه‌کی کوردییه‌وه‌ کراونه‌ و ده‌کرێنه‌ زاراوه‌یه‌کی دیکه‌. ئه‌م کاره‌ بۆ که‌سانێک، که‌ زاراوه‌ کوردییه‌کان به‌ باشی بزانن، کارێکی هاسانه‌. ئێستاش خه‌ڵکێکی زۆر هه‌ن کاریان بووه‌ به‌مه‌. لێره‌دا مه‌سه‌له‌ی ڕاستی و دروستی و شاشی و نادروستی ئه‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانانه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بۆچوون و نۆڕینی هه‌موو یه‌کێک له‌ ئێمه‌ بۆ مه‌سه‌له‌که‌. ئه‌گه‌ر کورتبینانه‌ بنۆڕدرێته‌ بار و ڕه‌وشی ئه‌مڕۆی گه‌لی کورد و ته‌نێ بیر له‌ ئێستا بکرێته‌وه‌ و هیچ به‌رژه‌وه‌ندێکی نه‌ته‌وه‌یی و داهاتوو له‌به‌ر چاو نه‌گیرێت، ئه‌وا وه‌رگێڕان له‌ نێو زاراوه‌ کوردییه‌کاندا، ڕه‌نگه‌ نه‌ک هه‌ر به‌ حه‌ڵاڵ بزانرێت، به‌ڵکه‌ دنه‌یش بدرێت و بژێویشی پێ په‌یدا بکرێت، وه‌ک له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا ده‌یبینین، به‌ڵام  ئه‌گه‌ر داهاتووی کورد و به‌رژه‌وه‌ند و یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کیه‌تی خاکی کوردستان له‌به‌رچاو بگیرێت، ئه‌وا وه‌رگێڕان له‌ نێو زاراوه‌ کوردییه‌کاندا، ده‌بێ وه‌ک کارێکی حه‌رام سه‌یر بکرێت و به‌ هیچ شێوه‌یه‌کیش نابێ ڕێگه‌ی پێ بدرێت. بێگومان بۆ ئه‌نجامدان و چه‌سپاندنی ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌، ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتێکی کوردیی سه‌رتاسه‌ری هه‌بێت، یا ده‌بێ مرۆڤ خۆی بخاته‌ ئاستی ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ و ویژدانی خۆی بکاته‌ دادوه‌ر.
به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ته‌واوی ئه‌و ڕاستییانه‌ی سه‌ره‌وه‌، پێموایه‌ مامۆستا "کێسته‌یی" تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌و مه‌به‌سته‌ی منی، که‌ له‌و نامه‌یه‌دا هاتووه‌، شێواندووه‌ و هه‌ر له‌خۆڕا منی وا ناونووس کردووه‌، که‌ دژی ده‌رکردنی گۆڤارێکی سه‌ربه‌خۆی کرمانجیم. من هه‌رگیز نه‌ شتی وام گوتووه‌ و نه‌ هێنده‌ش به‌رچاوته‌نگ  و کورتبین و زاراوه‌په‌رستم. پێشموانییه‌، که‌ ده‌بێ زمان - چجای زاراوه‌- وه‌ک بوونێکی کۆتایی، ڕه‌ها، کامڵ، بێهه‌ڵه‌، بێناته‌واوی و پیرۆز، له‌به‌رچاو بگیرێت و به‌کار ببرێت، به‌ڵکه‌ ده‌بێ وه‌ک پرۆژه‌ و ڕێڕه‌وێکی به‌رده‌وامی بیرازکارانه‌ی چێکه‌ر، سه‌یر بکرێت. زمان - وه‌ک زۆر شتی دیکه‌- به‌ لای منه‌وه‌ شتێکی پیرۆز نییه‌. پیرۆزیی هه‌موو شتێک - ته‌نانه‌ت ئایین، هزر و فه‌لسه‌فه‌ش- به‌ لای منه‌وه‌ له‌ ڕاده‌ی سوودبه‌خشین و خزمه‌تکردنی ئه‌و شته‌دایه‌ به‌ مرۆڤ، ده‌نا هیچیان پووڵێکی قه‌ڵب ناهێنن، ئه‌گه‌ر وا نه‌بن.
جه‌نیوه‌ری 1999
  



 شاکه‌لی، ئه‌مجه‌د، منداڵی کورد و فه‌رهه‌نگی کورد له‌ هه‌نده‌ران، سوێد 1989، ل62-63.[1]
[2] ڕۆژنامه‌ی مێترۆ  "Metro"، سێشه‌ممه‌ 6-10-1998.
 [3]‌ ئه‌و خانمه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌که‌ی به‌ مۆرکراوی دایه‌ ده‌ستم گوتی:"په‌ککوو، ئه‌و هه‌موو زمانه‌ ده‌زانیت!". گوتم:"خانمه‌که‌م ئه‌و پێنج زمانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م کاغه‌زه‌ نووسراون به‌ هه‌موویان دوو زمانن، ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان عه‌ره‌بییه‌ و ئه‌و چوار زمانه‌که‌ی دیکه‌ش خڕ یه‌ک زمانن ئه‌ویش کوردییه‌، به‌ڵام به‌ هه‌ر چواریشیانه‌وه‌ ‌ناکه‌نه یه‌ک زمانی ته‌واو‌.                                                                                                                                  
[4] کاک تاهیر هه‌ورامی، که‌ ماوه‌یه‌ک له‌ "خوێندنگه‌ی به‌رزی گه‌لییFolkhögskolan" له‌ "بیسکۆپس ئارنوێ Biskops Arnö" له‌ سوێد ده‌یخوێند، گێڕایه‌وه‌، که‌ جارێک کۆمه‌ڵێک له‌و "زمانه‌وان و زمانناسانه‌"ی، که‌ بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی زمانه‌وانی له‌وێ بوونه‌، دیوه‌ و له‌ یه‌کێکیانی پرسیوه‌، ئه‌مانه‌ چۆن زمانزانن و له‌باره‌ی زمانه‌وه‌ چییان کردووه‌، وه‌ک نموونه‌ش ده‌ست بۆ یه‌کێک ڕاده‌کێشێت و ده‌ڵێ ئا ئه‌وه‌! کابراش ده‌ڵێ ئه‌وه‌ شوان بووه‌ له‌ کوردستان، کرمانجی باش ده‌زانێت. پرسیاری یه‌کێکی دیکه‌ ده‌کات، کابرا ده‌ڵێ ئه‌وه‌ له‌ ئیتالیا چێشتخانه‌ی هه‌یه‌، کرمانجییه‌کی باش ده‌زانێت.
[5] هه‌ژار، هه‌نبانه‌بۆرینه‌، فرهنگ کردی- فارسی، پێشه‌کی نوسه‌ر، سروش، تهران1369، ل بیست و سه‌.
 هاوار، کوێره‌وه‌ری و بیره‌وه‌ری، 1984، ل73.[6]
[7]  گۆت و بێژ له‌گه‌ڵ دوکتۆر که‌مال فوئاد، به‌شی دووه‌م، گۆڤاری سروه‌، ساڵی پێنجه‌م، ژماره‌39، ڕه‌زبه‌ری 1368، ل31. کاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م گوتاره‌ی دوکتۆر که‌مال فوئاد، ئه‌م باسه‌م بۆ مام عه‌زیز قه‌یتوولی، یادی به‌خێر، که‌ به‌ ئه‌بوو سامی(أبوسامی) به‌ناوبانگ بوو، گێڕایه‌وه‌، ئه‌و، که‌ خۆی کوردی فه‌یلی بوو، فه‌یلی به‌ لوڕ و لوڕیشی به‌ کورد ده‌زانی، گوتی: "ئه‌یه‌ کی له‌ی فه‌نه‌ ئویشت(کێ ئاوها ده‌ڵێت)؟". گوتم: "دوکتۆر که‌مال فوئاد". گوتی :"ئه‌یه‌ کوره‌ییه‌(ئه‌مه‌ کوێنده‌رییه‌)؟"، گوتم :"سلێمانیه‌ییه‌"، گوتی: "هه‌ی هه‌ی، وه‌خودا  ئه‌یه‌ نه‌ دوکتۆره‌ و نه‌ هویچ، ئه‌یه‌ موزه‌میدیش نییه‌، با باته‌ لای من و لیوا بویشت، بزان وه‌ قامه‌یه‌گ زگی نادڕنم، ئه‌گه‌ر لوڕ کورد نه‌وت، دی کی کورده‌، وه‌عه‌لی که‌س کورد نییه‌(به‌خوا ئه‌مه‌ نه‌ دوکتۆره‌ و نه‌ هیچ، ئه‌مه‌ په‌رستاریش نییه‌، با بێته‌ لای من و وا بڵێت، بزانه‌ به‌ قه‌مه‌یه‌ک زگی نادڕم. ئه‌گه‌ر لوڕ کورد نه‌بێت، ئیتر کێ کورده‌، به‌ عه‌لی که‌س کورد نییه‌)".                            
 عه‌لی، که‌مال، ره‌خنه‌ له‌سه‌ر گۆت و بێژی د. که‌مال فوئاد، سروه‌، ساڵی شه‌شه‌م، ژماره‌ 56، ره‌شه‌مه‌ی 1369، ل13.[8]
[9] ئه‌و باسانه‌ پتر له‌ نێو "بونیادگه‌ران"دا باوه‌، شاریش له‌کن ئه‌وان، شاری سلێمانییه‌، که‌ به‌ ڕای ئه‌وان، تازه‌گه‌ری و داهێنان و هه‌موو نوێکردنه‌وه‌یه‌ک، هه‌ر ده‌بێ له‌وێوه‌ بووبێت و ببێت. ساڵانی1950 و1960ه‌کان و دیاره‌ پێشتریش، خه‌ڵکی سلێمانی، که‌ بچووایه‌ن بۆ که‌رکووک، ده‌یانگوت ده‌چین بۆ شار. ئه‌وده‌مه‌ سلێمانی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی، که‌ شار هه‌یه‌تی - و له‌ که‌رکووکدا هه‌بوون- تێیدا نه‌بوون.                                                                                                 
[10] هاوینی 1984، له‌ "خوێندنگه‌ی به‌رزی گه‌لیی بیسکۆپس ئارنوێ Biskops Arnö" له‌ "بیسکۆپس ئارنوێ  Biskops Arnö" له‌ سوێد، کۆرسێکی یه‌ک حه‌فته‌یی کرابووه‌، بۆ باسکردن له‌ باره‌ی زمان و مێژوو و ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه‌. نێزیکه‌ی سی چل کوردێک، به‌شدارییان تێدا کرد و منیش یه‌کێک بووم له‌وان. فه‌رهاد شاکه‌لی و ڕه‌شۆ زیلان، سه‌رپه‌رشتکارانی کۆرسه‌که‌ بوون. یه‌کێک له‌ چالاکییه‌کانی کۆرسه‌که‌ ئه‌وه‌ بوو، بانگهێشتنی هه‌نده‌ک خه‌ڵکی شاره‌زا و لێزان له‌ بواری ئه‌ده‌ب و زمان و مێژووی کورددا بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ و باسی ئه‌زموونی خۆیان، پێشکه‌ش بکه‌ن. یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی بانگهێشت کرا، سه‌یدا"جگه‌رخوین"ی شاعیر بوو. فه‌رهاد شاکه‌لی، شاعیری میوانی پێشکه‌ش کرد و پاشان "جگه‌رخوین" باسی ژیانی خۆی و شیعره‌کانی خۆی کرد و ماوه‌یه‌ک قسه‌ی کرد. پاشان گوتیان کێ پرسیاری هه‌یه‌ با بفه‌رمووێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "جگه‌رخوین" پیر بوو و گوێی گران بوو، ده‌بوو ئه‌وه‌ی، پرسیار ده‌کات بچێته‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ دانیشێت. براده‌رێکی که‌رکووکی پرسیاری هه‌بوو، هه‌ڵسا و چووه‌ کنی دانیشت و گوتی: مامۆستا ڕه‌ئیت چییه‌ به‌ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و شیعره‌کانی؟ منیش قاقایه‌کی پێکه‌نین گرتمی و یه‌کسه‌ر خۆم پێ نه‌گیرا و هۆڵه‌که‌م به‌جێهێشت. دوای چاره‌که‌ سه‌عاتێک، که‌ باسه‌که‌ ته‌واو بوو و هه‌موو هاتنه‌ ده‌رێ، هه‌ندێک له‌و براده‌رانه‌ له‌ منیان پرسی، که‌ بۆ وام کرد!. گوتم: برا "جگه‌رخوین" نه‌ک له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، به‌ڵکه‌ "گۆران"ی شاعیریش به‌و مه‌زنییه‌ی خۆیه‌وه‌ ناناسێت!.        
[11] ئا. ساڵانی 1980کان، مامۆستایه‌ک به‌ ناوی، دۆکتۆر عه‌لی عه‌بدولقادر(علي عبدالقادر)، خه‌ڵکی ناسرییه ‌(الناصریة‌)ی عیراق، له‌ کۆلیژی ئه‌ده‌بییاتی زانستگه‌ی سلێمانی هه‌بوو، مامۆستای مێژوو بوو، ده‌یگوت:"أهل سلیمانیة عبالهم کردستان تبدي من گویژه‌ الی قلیاسان". واته‌: خه‌ڵکی سلێمانی پێیانوایه‌، کوردستان له‌ گۆیژه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات تا قلیاسان. واته‌: کوردستان ته‌نێ شاری سلێمانییه‌ و به‌س.                                                    
ب. ساڵی 1981، تازه‌ هاتبووینه‌ سوێد، یه‌کێک له‌و ماڵانه‌ی، که‌ هاتوچۆمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌بوو، پیاوه‌که‌ خه‌ڵکی سلێمانی بوو و ژنه‌که‌شی ئه‌وروپایی بوو. جاری یه‌که‌م، که‌ چووینه‌ ماڵیان، ژنه‌که‌ی لێی پرسین(له‌ خێزانم و من)، که‌ خه‌ڵکی کوێین؟ ئێمه‌ش گوتمان خه‌ڵکی کوردستانین. گوتی کوردستان ده‌که‌وێته‌ کوێی سلێمانییه‌وه‌؟ دیار بوو سلێمانی به‌ لای ئه‌وه‌وه‌ گه‌لێک له‌ کوردستان گه‌وره‌تره‌، بێگومان ئه‌وه‌ دیتنی مێرده‌که‌ی بوو و ئه‌و ژنه‌که‌ی به‌و شێوه‌یه‌ فێر کردبوو، که‌ خه‌ڵکی سلێمانییه‌ و سلێمانییش له‌ عیراقه‌ و ئیدی وشه‌ی کوردستان فت.                                                                   
پ. له‌ ساڵی 1991 به‌ دواوه‌ ڕێگه‌ی کوردی کوردستانی عیراق کرایه‌وه‌ بۆ هاتوچۆی کوردستان. براده‌رێک گێڕایه‌وه‌ و گوتی: کۆمه‌ڵه‌ کوردێک، له‌ دیاربه‌کره‌وه‌ سواری فڕۆکه‌ی ئیسته‌نبوول بووبوون، زۆربه‌یان خه‌ڵکی سلێمانی بوون. کوردێکی هه‌ولێری خۆی کرد به‌ ژووردا و گوتی، کوڕینه‌ ده‌زانن ئیدی پێویست ناکات ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی تورکیاوه‌ هاتوچۆی کوردستان بکه‌ین، چونکه‌ هێڵی سه‌فه‌ری ڕاسته‌وخۆ بۆ کوردستان ده‌کرێته‌وه‌. کوڕه‌کان هه‌موو وێکڕا کردیان به‌ هه‌ڵڵا و خۆشی و گوتیان به‌ خوا باشه‌ ئیتر له‌م سه‌رێشه‌یه‌ ڕزگارمان ده‌بێت. پاشان پرسییان، باشه‌ فڕۆکه‌ له‌ چ فڕۆکه‌خانه‌یه‌ک داده‌به‌زێت؟ ئه‌و براده‌ره‌ش گوتی، له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌وه‌تا خه‌ریکن چاکی ده‌که‌ن. کوڕه‌کان هه‌موو وێکڕا گوتیان، ئه‌ی له‌وه‌! ئه‌وه‌ چۆن ده‌بێ، چۆن ده‌بێ فڕۆکه‌ له‌ هه‌ولێر دابه‌زێت و سه‌فه‌ر بۆ هه‌ولێر بێت!    
ت. ده‌وروبه‌ری سه‌عات پێنج و شه‌شی ئێواره‌یه‌کی پاییزی 1988، له‌ کار ده‌گه‌ڕامه‌وه‌، له‌ وێستگه‌ی مێترۆی نێوه‌نده‌کی ستۆکهۆڵم، تووشی ناسیاوێک بووم، کوردی سلێمانی بوو. دوای سڵاو و چاک و خۆشی گوتی، کاری چ ده‌که‌یت. گوتم، ده‌رسی کوردی ده‌ڵێمه‌وه‌. گوتی به‌ لاتینی. گوتم، نه‌خێر به‌ کوردی. گوتی، به‌ کرمانجی. گوتم، نه‌خێر، چونکه‌ ئه‌و شاگردانه‌ی من کوردی عیراق و ئێرانن و ئه‌وانیش به‌ تیپی عه‌ره‌بی و سۆرانی ده‌خوێنن. گوتی، نا تۆ ده‌بێ فێری کرمانجی و لاتینییان بکه‌یت. گوتم، کاکی برا تۆ خه‌ڵکی سلێمانیت و تۆ له‌ کوردێکی هه‌ولێری به‌ باشی تێناگه‌یت، ئه‌وجا چجای زاراوه‌ی دیکه‌، هه‌رکه‌سێکیش ئه‌و قسه‌یه‌ بکات، نه‌ده‌بوو تۆ بیکه‌یت. گوتی، به‌خوا من کۆمه‌ڵێک براده‌ری هه‌ولێریم هه‌ن و هه‌ر له‌ سلێمانییش له‌ زانستگه‌ تێکه‌ڵاویم له‌گه‌ڵ هه‌ولێریدا هه‌بووه‌. گوتم، جا برا توو خوا ئه‌وه‌ قسه‌یه‌، جا منیش براده‌ری خه‌ڵکی ئه‌مه‌ریکای خواروو و پاکستانی و مسری و سۆمالی و فلستینی و ڕووسم هه‌ن. براده‌ریی چ پێوه‌ندێکی به‌ زاراوه‌ و زمان و نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌وه‌ هه‌یه‌!.                                           
ج. هه‌ژاری موکریانی ده‌ڵێت:"له‌بیرمه‌ جارێ هاوکارێ قیت و زیت و له‌باری چاویلکه‌له‌چاو، به‌نێو خێوی کۆشێک شاده‌و بڕوانامه‌ی خوێنده‌واری پله‌ی ژورو، زۆریش گه‌رمی کوردایه‌تی، ته‌وس و توانجی ده‌ مه‌م و زینه‌که‌م ده‌گرت که‌ بۆچی"ببته‌"ت نوسیوه‌و نه‌ت زانیوه‌ شێوی هه‌ولێر ناڕه‌وانه‌؟! عه‌رزم کرد چۆنم نوسیبا ره‌وانتر بو؟ فه‌رموی ئه‌بوا "ببێته‌وانێ" بوبایه‌ت که‌ شێوه‌ی سلێومانی یه‌! وه‌ناشوکری خودا نه‌وێ ئه‌م نه‌خۆشینه‌ گرانه‌؛ له‌ مهاباد، سوله‌یمانی، لای هێندێکیش نوسه‌رانی بادینانی له‌ته‌شه‌نه‌ کردنایه‌. ئه‌گه‌ر زۆر زو چاری نه‌که‌ین، له‌ شه‌ڕه‌شارو شه‌ڕه‌تاخ ده‌س به‌رنه‌ده‌ین، ئه‌م شه‌ڕه‌شاخه‌ وێڵ نه‌که‌ین؟ ده‌بێ - خوا به‌وڕۆژه‌ نه‌کا- ئه‌وه‌ندوکۆکه‌ زمانه‌ش که‌ له‌ چوار په‌لان، گوێی ساغه‌و ئاهێکی پێوه‌ نه‌ماوه‌، له‌ناخی ئاخدا بنێژین و ئه‌لفاتیحای به‌عه‌ره‌بی بۆ دابده‌ین". هه‌ژار، هه‌نبانه‌بۆرینه‌، فرهنگ کردی- فارسی، پێشه‌کی نوسه‌ر، سروش، تهران1369، ص: بیست سه و بیست و چهار.                                
چ. زۆرگله‌ت له‌ کوردی مه‌هابادیم بیستووه‌، شۆخی به‌ سنه‌یی و کرماشانی کردووه‌، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فارسی به‌ سه‌ر زاراوه‌ کوردییه‌که‌یاندا زاڵه‌.                                                                                                        
[12]  کوردانی خۆبه‌نه‌ته‌وییزان(ناسیۆنالیست)، ده‌ڵێن: "پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێک بین، ده‌بێ کورد بین". ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌مه‌ کوردبوون بێت، پێش سۆران، هه‌رکی، زازا، فه‌یلی و...بوون، ئه‌وه‌ باشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کوردبوون، پێش مرۆڤبوون، خۆرهه‌ڵاتییه‌تی، ئاسیاییه‌تی، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیی بوون بێت، ئه‌وا پێموایه‌، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ژیربێژیدا ناگونجێت، چونکه‌ مرۆڤی کورد پێش کوردبوونی، ئه‌و شتانه‌ی دیکه‌یه‌. که‌سایه‌تی هه‌ر مرۆڤێکیش، ته‌نێ ناسنامه‌ و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و مرۆڤه‌ نییه‌.                                                                                                                
[13] ئێستاش ده‌وڵه‌مه‌ند و بۆرژوازی کورد، پاره‌ و پووڵیان له‌ پێته‌خت و شاره‌ مه‌زنه‌کانی عیراق(به‌غدا)، تورکیا (ئه‌نقه‌ره‌، ئیسته‌نبوول، ئیزمیر)، ئێران(تاران، ئیسفه‌هان، شیراز، ته‌بریز)، سووریا(دیمه‌شق، حه‌له‌ب)، ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ و به‌رهه‌مهێنان، چونکه‌ وه‌ک هه‌موو سه‌رمایه‌دارێک - که‌ به‌ شوێن جێگه‌ی گه‌رمدا بۆ سه‌رمایه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێت- نایانه‌وێت پاره‌که‌یان تووشی سه‌ره‌ڕۆیی بکه‌ن و ده‌شیانه‌وێت قازانجیش مسۆگه‌ر بکه‌ن. بۆ ئه‌وانیش کورد و کوردستان و نه‌ته‌وه‌ و خاک و ئه‌و شتانه‌ گرنگ نین، به‌ڵکه‌ قازانج گرنگه‌. به‌وه‌ش پاشکۆیه‌تی ئابووریی کورد پتر ده‌چه‌سپێت.                                                                                                                                                 
 نه‌به‌ز، جه‌مال، زمانی یه‌کگرتووی کوردی، بامبێرگ، ئه‌ڵمانیا، 1976، ل5.[14]
 باباتاهیری هه‌مه‌دانی(عوریان).[15]
 سه‌یید عه‌بدولڕه‌حیمی تاوه‌گۆزی مه‌وله‌وی.[16]
 مه‌لای جزیری و ئه‌حمه‌دی خانی.[17]
 نالی.[18]
 کورد ده‌ڵێ:"ئه‌گه‌ریان وه‌شاند، سه‌وز نه‌بوو".[19]
[20]بێجگه‌ له‌و دوو ئه‌لفبێیه‌، ئه‌لفبێی کریلیکیش له‌ نێو کوردانی سۆڤیێتی کۆندا سه‌پێنرا. کاتی خۆیشی "قه‌ناتی کوردۆ" له‌ گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد، به‌رگی یه‌که‌م، به‌شی یه‌که‌م، ساڵی 1973، ل 132-179دا و له‌ گوتارێکدا به‌ ناوی "ل بابه‌ت نڤیسکار، زمان و، ئه‌لفبایێ په‌رتوکێت دینێ ئێزیدیان"، ئه‌لفبێیه‌کی به‌ ناوی ئه‌لفبێی ئێزدی بڵاو کرده‌وه‌. ئه‌م ئه‌لفبێیه‌ ئیزدییه‌ له‌م دواییه‌دا له‌ کوردستانی عیراق وه‌ک کتێب له‌ چاپ دراوه‌.                                                                                              
 [21] شاکه‌لی، ئه‌مجه‌د، گیروگرفتی ئه‌لفبێ و دیالێکت له‌ زمانی کوردیدا و چه‌ند سه‌رنجێک، یه‌کگرتن، ژماره‌ 13ی ساڵی 1991، ل77-95. ئه‌م گوتاره‌ له‌ گۆڤاری"هه‌ڵه‌بجه‌"شدا به‌ چه‌ند به‌شێک بڵاو کرایه‌وه‌. هه‌روه‌ها بنۆڕه‌: شاکه‌لی..، منداڵی..، ل13، 60-61.                                                                                                        
[22] بێشکچی، ئیسماعیل، خوێندکاری کورد، ڕێکخراوی سۆسیالیستی کورد له‌ ئه‌وروپا - سۆکسه‌- ده‌ری ده‌کات، ژماره‌ 26، گه‌لاوێژی 2610-1998، دوا لاپه‌ڕه‌.                                                                                                 
[23]  له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌ڤه‌ری سنه‌ و پاوه‌ و ئه‌و ناوه‌، وشه‌ی "کوردستانات"م ژنه‌فتووه‌، که‌ مه‌به‌ستیان ناوچه‌ جیاوازه‌کانی کوردستان بووه‌.                                                                                    

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...