Thursday, July 14, 1988

ڕاپۆرتێک له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه

ڕاپۆرتێک له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه
‌
 ئاماده‌کردنی: ستێفان یه‌رتین.
وه‌رگێڕانی له‌ سوێدییه‌وه‌: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی.

هه‌ڵه‌بجه‌ بوو به‌ نیشانه‌یه‌ک. بوو به‌ پرۆگرامێکی ڕادیۆیی، که‌ له‌مه‌ڕ چه‌کی کیمیاییه‌وه‌ بوو و ناوی لێ نرابوو، "له‌ ییپریسه‌وه‌ تا هه‌ڵه‌بجه‌". ئه‌وه‌ی له‌ 16ی مارسی 1988دا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ڕوویدا، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ ڕووداوێکی مێژوویی گرنگ دانرا، به‌ڵام به‌ ته‌واوییش بێ گیروگرفت و بێ کێشه‌ نه‌بوو. به‌کارهێنانی گازی سێناپ، له‌ لایه‌ن ئه‌ڵمانه‌کانه‌وه‌، دژ به‌ ییپرسی به‌لژیکی له‌ ساڵی 1915دا و بۆمبی ئه‌تۆمیی ئه‌مه‌ریکی، دژ به‌ هیرۆشیما له‌ ساڵی 1945دا، له‌ یه‌ک لایه‌نه‌وه‌ لێکده‌درێنه‌وه‌. هه‌ڵه‌بجه‌ جودایه‌. له‌ پێش هه‌موو شتێکدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، شاره‌که‌ بوو به‌ قوربانیی دوو جه‌نگی یه‌کجار جیاواز: جه‌نگی نێوان عیراق و ڕێکخراوه‌کانی کوردی عیراق، که‌ کوردستانێکی ئازادیان ده‌وێت و جه‌نگێکی دیکه‌، که‌ له‌ نێوان ئێران و عیراقدایه‌. هه‌ر بۆیه‌ش، به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ 5000 کوردی مه‌ده‌نی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا بوون به‌ قوربانی. هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ پێش هه‌موو شتێکدا به‌شێک و ئه‌ڵقه‌یه‌که‌ له‌ جه‌نگی عیراق- کورد، ئه‌و جه‌نگه‌ی، که‌ زێتریش ده‌خایه‌نێت و ده‌رچه‌ و چاره‌سه‌رێکی نادیار و ته‌ماوی هه‌یه‌. به‌ڵام هۆی ئه‌وه‌ی، که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌و جۆره‌، سه‌رنجی خه‌ڵکی ڕاکێشا و خه‌ڵکی ورووژاند، ئه‌وه‌بوو، که‌ ئێران، وه‌ک به‌شێکی گرنگی جه‌نگی نێوان عیراق و ئێرانی دایه‌ قه‌ڵه‌م، که‌ تێیدا عیراق تاوانبار بکرێت و دابنرێت به‌وه‌ی، که‌ ژاری دژ به‌ خه‌ڵکی مه‌ده‌نی به‌کار هێناوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌سگای جه‌نگیی ئێرانی،ده‌یان ڕۆژنامه‌وانی گه‌یانده‌ هه‌ڵه‌بجه‌. کورده‌کان له‌ ماوه‌ی ساڵێکدا هه‌وڵیاندا، سه‌رنجی جیهان به‌رانبه‌ر به‌ جه‌نگی ژاراوی عیراق ڕابکێشن،  به‌ڵام سه‌رنه‌که‌وتن. ئێران چونکه‌  ده‌ستڕوویشتوو و خاوه‌ن دارایی بوو، سه‌رکه‌وت. ڕۆژی 22ی مارس ئه‌من له‌وێ بووم، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌،  ئه‌و ڕۆژه‌، ده‌یکرده‌ ڕۆژی حه‌وته‌می دوای بۆمببارانه‌ ژاراوییه‌که‌.  ئێمه‌، که‌ په‌نجا ڕۆژنامه‌وانێک ده‌بووین،  به‌ دوو هێلیکۆپته‌ری هیوی-بێڵ له‌ باخته‌رانه‌وه‌[1] به‌ سه‌ر ئه‌و چیا به‌رز و مه‌زنانه‌دا و به‌ درێژایی چه‌مێکدا به‌ نزمیی، فڕین و له‌ خواره‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ هاتین و له‌ خواره‌وه‌ی ڕۆژاوای شاره‌که‌وه‌، له‌سه‌ر لاپاڵێکی به‌گیاداپۆشراو، له‌ ته‌نیشت گۆڕستانێکه‌وه‌، به‌ ناوی شه‌هیدان، نیشتینه‌وه‌. هێلیکۆپته‌ره‌کان ئێمه‌یان داگرت و بۆ خۆیشیان زۆر به‌ خێرایی له‌ چاو بزربوون. ده‌سبه‌جێ زۆریی جموجووڵ و چالاکیی هێزیی هه‌وایی عیراقمان بۆ ده‌رکه‌وت. که‌ ته‌ماشای هه‌ڵه‌بجه‌مان کرد: کۆمه‌ڵه‌ خانوویه‌کی خۆڵه‌مێشی، که‌وتبوونه‌ نێوان چیا که‌سکه‌کانه‌وه‌ له‌ پشته‌وه‌ و ده‌شتاییه‌کی سه‌وز له‌ پێشه‌وه‌. ئه‌و ده‌شتاییه‌ داده‌چۆڕا و شۆڕده‌بووه‌وه‌، تا ده‌گه‌یشته‌ زه‌ریاچه‌ سێگۆشه‌که‌ی ده‌به‌ندیخان، که‌ یه‌ک میل[2] له‌ویوه‌ دووره‌. به‌ جووته‌ ئۆتۆمبیلێکی گه‌وره‌ و به‌رین، نێزیکه‌ی 400 میترێک به‌ره‌و قه‌راخ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ براین. له‌پڕ نموونه‌یه‌کی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رکه‌وت، که‌ سه‌فه‌ره‌که‌مان له‌ لایه‌ن ئێرانییه‌کانه‌وه‌، به‌ ڕێکوپێکی و بۆ مه‌به‌ستێکی دیاریکراو، ڕێکخراوه‌.  من ناڵێم مه‌به‌ستی ئه‌وان، ئێرانییه‌کان، مه‌به‌ستێکی ناماقووڵ و ناجۆر بوو، به‌ڵام مرۆڤ ده‌بێ له‌ مه‌سه‌له‌که‌ ئاگادار بێت. ئیدی له‌وێ ئایه‌توڵڵا حه‌کیم[3] بۆ خۆی، به‌ خۆ و به‌ مێزه‌ره‌ ڕه‌شه‌که‌یه‌وه‌، که‌ به‌ کۆمه‌ڵێک پاسداری شۆڕشه‌وه‌ حاته‌ درابوو، هات. حه‌کیم، قورئانخوێنه‌ نه‌ریتییه‌که‌یشی به‌ شوێنه‌وه‌ بوو. حه‌کیم ڕێگه‌ی وێنه‌گرتنی دا و چه‌ند ڕسته‌یه‌کی، له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه‌، که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێ به‌خته‌وه‌ر بێت به‌وه‌ی، که‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، ڕزگار کراوه‌، گوت.                                                                    

خانووه‌کان نه‌ڕووخابوون:
  حه‌کیم ڕێبه‌رایه‌تیی هه‌ڵاتوو و په‌نابه‌ره‌ عیراقییه‌کان ده‌کات، که‌ له‌ ئێرانن و له‌ لایه‌ن ئێرانییه‌کانیشه‌وه‌، به‌رپرسیاریه‌تیی دیله‌ عیراقییه‌کانی، که‌ له‌ ئێرانن وه‌رگرتووه‌. حه‌کیم چیدابوو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌وه‌ پاشان ڕوون ده‌بێته‌وه‌. به‌ لای خانوویه‌کی سێ نهۆمیدا، که‌ دیواره‌کانی پان و به‌رین بوون، تێپه‌ڕین. ئه‌و خانووه‌ سه‌ربازگه‌ی عیراقی بووه‌. له‌پڕ که‌وتینه‌ سه‌ر شه‌قامێک، که‌ به‌ کۆمه‌ڵ لاشه‌ی له‌ سه‌ر که‌وتبوون. مرۆڤێک، یه‌کێکی دی و یه‌کێکی دیکه‌، یه‌کسه‌ر به‌ لای ڕاستدا، له‌ لای پلیکانه‌یه‌که‌وه‌، پیاوێک به‌ سه‌ر کچه‌ چکۆلانه‌که‌یدا، که‌ ویستبووی بیپارێزێت یا به‌ په‌له‌ هه‌ڵیگرێت و بیباته‌ ماڵه‌وه‌، که‌وتبوو و مردبوو. "پیرمحه‌مه‌د"، که‌ گه‌ڕه‌کێکی شاره‌که‌یه‌، ده‌که‌وێته‌ قه‌راخی لای ژووری شاره‌وه‌. خانووه‌کان هه‌ر وه‌ک خۆیان مابوونه‌وه‌ و له‌ هه‌موو لایه‌کیش، لاشه‌ی مردوو، که‌ زۆرجاران به‌ چاوی کراوه‌وه‌ ده‌بینران، که‌وتبوون، بێ ئه‌وه‌ی هیچ جێبرینیشیان پێوه‌ دیار بێت. مانگاکان له‌ به‌رده‌می ماڵه‌کاندا، هه‌ر به‌ به‌ستراوه‌یی و به‌ کۆمه‌ڵ له‌و ناوه‌دا که‌وتبوون. پشیله‌کان وا ده‌هاتنه‌ به‌رچاو، که‌ چێژ له‌ هه‌تاوی به‌هاری کورده‌واری وه‌رده‌گرن. خانووه‌کان له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌وه‌ نه‌ڕووخابوون و زیانیان نه‌که‌وتبوویێ. هیچ نیشانه‌یه‌کی بۆمبباران نه‌ده‌هاته‌ پێش چاو. ده‌رکه‌ ئاسنینه‌کان، که‌ به‌ ئاسته‌م کرابوونه‌وه‌، خه‌رمانی لاشه‌ی مرۆڤیان له‌ ڕاڕه‌و و حه‌وشه‌کاندا تا نێو ماڵه‌کان، له‌ پشته‌وه‌ی خۆیاندا شاردبووه‌وه‌. سه‌رم له‌ گوند و شاری تری کوردنشین دابوو، به‌ڵام هه‌رگیز سه‌رم به‌ ژووری ماڵاندا نه‌کردبوو. ئه‌مجاره‌یان وام کرد. هه‌مووانم به‌ مردوویه‌تی له‌ ژووری ماڵه‌کاندا ده‌بینین. مردنێکی بێ ئاژاوه‌، بێ شپرزه‌یی، بێ شڵه‌ژان، به‌ڵام به‌ په‌له‌، له‌ ڕاستیشدا به‌ ته‌واوی نائاگایی و هه‌ستپێنه‌کردنه‌وه‌. له‌و دیمه‌نانه‌ی، که‌ به‌ تایبه‌ت، وه‌بیرم دێنه‌وه‌، ماڵێک، که‌ پیره‌ژنێک و گه‌نجه‌ژنێک و حه‌وت منداڵی تێدا بوون. پاشتر له‌ دوکتۆرێکم بیست، که‌ ئه‌وانه‌ تووشی گازی سیانید بوونه‌ و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ هیچ بکه‌ن، له‌ ماوه‌ی بیست چرکه‌دا مردوون. له‌وانه‌یه‌ گه‌ڕه‌کی پیرمحه‌مه‌د، بیری ئه‌وه‌ی دابێته‌ ئێرانییه‌کان، که‌ شتێکی گه‌وره‌ بکه‌ن، بۆ ئاگادارکردنه‌وه‌ی ده‌سگاکانی ڕاگه‌یاندن له‌ جیهاندا له‌مه‌ڕ هه‌ڵه‌بجه‌. خانووه‌کان هه‌ر وه‌ک خۆیان به‌پێوه‌ بوون، چ ڕووخاو و داته‌پیویان تێدا نه‌بوون. خه‌ڵکه‌که‌ مردبوون و بووبوون به‌ لاشه‌ی بێگیان، ڕه‌نگه‌ به‌ گاز یا به‌ شتێکی دیکه‌ مردبن. که‌س له‌ هۆی مردنه‌که‌ دوودڵ نه‌بوو، که‌ چه‌شنه‌ گازێکی ژاراوییه‌. له‌ خه‌ڵکی شاره‌که‌ خۆی، زۆر که‌س نه‌مابووه‌وه‌. مامه‌یه‌کی پیر، باسی ئه‌وه‌ی بۆ کردین، که‌ چۆن له‌ ژێرزه‌وینێکدا، که‌ خۆی و ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی خۆیان تێیدا حه‌شار دابوو، ئه‌و به‌ ته‌نێ، به‌ زیندوویه‌تی ماوه‌ته‌وه‌ و ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی مردوون. کوڕێکی 14 ساڵان، که‌ به‌ لایدا تێپه‌ڕین، به‌ بێده‌نگی په‌توویه‌کی، له‌ سه‌ر لاشه‌یه‌ک لابرد. ئه‌و کاره‌، به‌ شێوه‌یه‌کی وا ده‌هاته‌ به‌رچاو، که‌ هه‌موو ڕێکخرابێت، یا پێشتر ئاماده‌ کرابێت. له‌ نێو مردووه‌کاندا لاشه‌ی هیچ سه‌ربازێکی تێدا نه‌بوو و که‌میشیان پیاو بوون. له‌ لای ژووری شاره‌که‌وه‌ یه‌کسه‌ر، له‌ سه‌ر ڕێگه‌ی به‌رایی گه‌ڕه‌کی پیرمحه‌مه‌ددا، گوریسێک دانرابوو و سه‌ربازه‌ ئێرانییه‌کان پاسه‌وانییان ده‌کرد، ئه‌وه‌ بێگومان له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو، که‌ ڕێگه‌ له‌ خه‌ڵکی کوردی شاره‌که‌ بگرن و نه‌هێڵن بچنه‌ نێو پیرمحه‌مه‌ده‌وه‌، بۆ ناشتنی مردووه‌کانیان، پێش ئه‌وه‌ی جیهان ئه‌م بینینه‌ کورت و چاوترووکان ئاسایه‌ تۆمار بکات. ئێمه‌ی ڕۆژنامه‌وانان، به‌ بێ هیچ نه‌خشه‌ و پلانێک ده‌چووینه‌ ماڵانه‌وه‌ و ده‌رده‌چووین. ئێرانییه‌کی تارانی، که‌ جل و به‌رگی مه‌ده‌نی ده‌به‌ردا بوو، له‌گه‌ڵماندا بوو، به‌ڵام ئێمه‌ چ که‌سێک، وه‌دووی خۆی نه‌دابووین و ڕێنیشانده‌ریشمان نه‌بوو. که‌ من ویستم به‌ سه‌ر هه‌ورازێکدا، که‌ که‌سی نه‌گه‌یشتبوویێ، سه‌رکه‌وم، له‌پڕ تووشی پاسدارێک بووم و لێنه‌گه‌ڕا به‌وێدا بڕۆم.                        
                                                                                  
چه‌ندین قوربانی؟
مردووه‌کانی  نێو شار، به‌ڵگه‌ بوون، بۆ بۆمببارانی ژاراوی و گرنگترین شتیش بوون، له‌ سه‌ردانه‌که‌ی ئێمه‌دا. ئه‌و وێنانه‌ی ئه‌وێ سه‌رنج و دیتنێکی مه‌زنیان ساز کرد. ئه‌وه‌ی، که‌ ڕۆژنامه‌کان به‌ ڕوون و ئاشکرا ئاره‌زوویان ده‌کرد، ئه‌وه‌ بوو، که‌ ژماره‌ی مردووه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌یان، بۆ ساغ بووایه‌ته‌وه‌ و بیانزانیبا چه‌ندن. ئایا وه‌ک یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، که‌ پێشتر ڕایگه‌یاندبوو 4000 بوون، یا وه‌ک ئێرانییه‌کان، که‌ هه‌مان به‌یانیی، له‌ باخته‌ران به‌ ئێمه‌یان گوت 5000 بوون؟ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو، زۆرێک  له‌وانه‌ی ئێمه‌، لاشه‌کانیان ده‌ژمارد و پرسیاریشیان له‌و که‌سانه‌ ده‌کرد، که‌ تووشیان ده‌بوون، که‌ لاشه‌ی تر له‌ کوێ هه‌ن!. ناوبه‌ناو له‌ نێو شاردا، خه‌ڵکمان تووش ده‌بوون. پیاوێک به‌ لاماندا تێده‌په‌ڕی، چه‌ند منداڵێک له‌ پشتی په‌رژینه‌که‌وه‌ بوون. به‌ کوردی و عه‌ره‌بی و فارسییه‌کی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ، هه‌وڵماندا هه‌ندێ ڕاستییان لێ هه‌ڵکڕێنین. ده‌سته‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنی تورکی، که‌ له‌گه‌ڵماندا بوون، به‌و ناوه‌دا ده‌سووڕانه‌وه‌، پرسیاری خه‌ڵکی تورکیزانیان ده‌کرد، تا یه‌کێکی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌یان لێده‌رپه‌ڕی و گوتی: ئێمه‌ کوردین، ئێمه‌ تورک نین. بێگومان له‌ نێو ئێمه‌شدا، چاودێرێکی ئێرانی هه‌بوو، ئه‌رکی ئه‌وه‌بوو، ئاگادار بێت له‌وه‌ی، ئێمه‌ چی ده‌بینین و به‌ نه‌رمییش ڕێبه‌رایه‌تیمان بکات. لای ئه‌و کابرایه‌ ڕوونبوو، که‌ ڕۆژنامه‌وانه‌کان، لاشه‌ ده‌ژمێرن و هه‌رگیزیش نه‌یانده‌توانی بوونی 5000 مردوو جه‌خت بکه‌ن. پێموایه‌ ئه‌وه‌ی پاشتر ڕوویدا، شتێکی له‌ناکاو بوو و بێ خۆئاماده‌کردن بوو بۆی. دوو لۆری په‌یدابوون و ئێمه‌یان هه‌ڵگرت و بردینیانین، بۆ گه‌ڕانێک به‌و ده‌وروبه‌ر و گوزه‌ره‌دا. ده‌یانه‌ویست پێشتر ئه‌وه‌مان پێشان بده‌ن، که‌ چۆن جه‌نگه‌که‌ ڕوویدابوو. عیراقییه‌کان له‌ ڕێگه‌دا به‌ره‌و گوندی دوجه‌یله‌، له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کاندا پێکیاندادابوو و کوژرابوون. به‌ درێژایی قه‌راخ ڕێگه‌که‌، لاشه‌یه‌کی زۆری سه‌ربازی عیراقی که‌وتبوون. له‌پڕ دراینه‌ به‌ر تۆپ و گولله‌تۆپ له‌ پێش و پشتمانه‌وه‌، ده‌که‌وتنه‌ سه‌ر ڕێگه‌که‌، بڕێک چاوه‌ڕوان بووین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و گولله‌بارانه‌ ده‌رچین و به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ ئاژۆتمان و گه‌ڕاینه‌وه‌. هه‌ر پێش هه‌ڵه‌بجه‌، یه‌کسه‌ر شۆفێره‌کان به‌لای چه‌پدا وه‌رچه‌رخان و هه‌ورازه‌ڕێیه‌کی باریکی پێچاوپێچمان گرته‌به‌ر. به‌ره‌و گوندی عه‌نه‌ب ئاژۆتیان. ئه‌وه‌ی له‌وێ بینیمان، نه‌ ڕێکخرابوو و نه‌ پێشتریش ئاماده‌ کرابوو. به‌ درێژایی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی، که‌ پێیدا به‌ره‌و عه‌نه‌ب ده‌چووین، له‌ نێو چاڵ و قۆرت و مێرگ و پشت و په‌نای داره‌کاندا، لاشه‌ی مردوومان ده‌دیت. ئه‌وان هه‌م به‌ ژار و هه‌م به‌ بۆمبی هێشوویی بریندار بووبوون و کوژرابوون. له‌ هه‌موو لایه‌ک په‌توو و شتی ناوماڵ و که‌لوپه‌ل و سیپاڵ که‌وتبوون. بێگومان ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ خۆ و به‌ شتومه‌کیانه‌وه‌، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، یا به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ڵاتبوون و فڕۆکه‌ی عیراقی په‌لاماری دابوون و ته‌قه‌ی لێ کردبوون و بۆمببارانی کردبوون. له‌ هه‌ر جێگه‌یه‌ک پێیان کرابوو، خۆیان شاردبووه‌وه‌ و تووشی گازه‌که‌ هاتبوون. گوندی عه‌نه‌ب ده‌که‌وێته‌ هه‌مان ڕووکاری پیرمحه‌مه‌ده‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌مان په‌ڵه‌هه‌وره‌گاز بێت، که‌ ئه‌وانیشی گرتبێته‌وه‌. له‌ دواییدا ئۆتۆمبیله‌کان، له‌ ده‌شتێکی سه‌وزه‌ڵانیدا ڕاوه‌ستان، که‌ 80 لاشه‌ی کۆمه‌ڵکراوی لێکه‌وتبوون و چاوه‌ڕوانی به‌کۆمه‌ڵ ناشتن بوون، له‌ گۆڕی گه‌وره‌ و کۆمه‌ڵیدا. بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش پرس به‌ خومه‌ینی کرابوو و ئه‌ویش، له‌ فه‌توایه‌کی تایبه‌تیدا و له‌به‌ر خاتری ئه‌وانه‌ی که‌ ماون، ڕێگه‌ی دابوو مردووه‌کان، بێ نه‌ریتی شۆردن و کفنکردن بنێژرێن. سه‌ردانی عه‌نه‌ب، مه‌زنیی کاره‌سات و لێقه‌ومانه‌که‌ی، بۆ ده‌رخستین و گومان و دوودڵیی، مردنی هه‌زاران خه‌ڵکی لا ڕه‌واندینه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی به‌ ئۆتۆمبیله‌کان، جاره‌کی دی به‌ره‌و ناوشار چووین و به‌ نێو بازاڕ و فرۆشگه‌کاندا، که‌ به‌ بۆمبی ئاسایی و نه‌ریتی، به‌ ته‌واوی خاپوور کرابوون، ڕۆیشتین. ئه‌گه‌ر پێشتر له‌و شوێنه‌دا مردوو هه‌بووبن، که‌ بێگومان هه‌بوونه‌، ئه‌وا لابرابوون و دوورخرابوونه‌وه‌. پاشتر ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێک، له‌ نێو مێرگێکدا، له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، چاوه‌ڕوانی هێلیکۆپته‌ره‌کانمان ده‌کرد و به‌ ڕوونی ڕیزه‌تۆپێکی ئێرانییه‌کانمان ده‌دیت، که‌ به‌ره‌وڕووی عیراقییه‌کان دانرابوون و هێزێکیش به‌ چه‌ک و تۆپه‌وه‌، له‌ نێو هه‌ڵه‌بجه‌دا خۆیان حه‌شار دابوو و ئه‌وانی دیکه‌ش له‌ قه‌راخ زه‌ریاچه‌که‌ بوون. هه‌ر ئه‌و کاته‌ چه‌ند فڕۆکه‌یه‌کی عیراقیش، به‌ سه‌ر سه‌رماندا به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات تێپه‌ڕین. ڕۆژی پاشتر بۆمان ده‌رکه‌وت، ئه‌و فڕۆکانه‌ به‌ره‌و گونده‌کانی نێو چیاکان چووبوون و بۆمبی گازیان پێ بووه‌. کاتێک له‌وێ وه‌ستابووین له‌ دووره‌وه‌ کۆمه‌ڵه‌ ژنێکمان بینی، منداڵێکیان له‌گه‌ڵ بوو به‌ره‌و شار ده‌چوون. ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین تاقم بوون له‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌، که‌ له‌ ته‌واوی کاتی سه‌ردانه‌که‌ماندا تووشی بووین. پێش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ بکه‌ین، له‌ تاران سه‌ری نه‌خۆشخانه‌یه‌کمان دا، که‌ بریندار و لێقه‌وماوی هه‌ڵه‌بجه‌ی لێبوون. له‌وێ به‌ دوورودرێژی له‌گه‌ڵ بژیشکێکدا، له‌ باره‌ی ئه‌و ژارانه‌وه‌، که‌ به‌کار هێنرابوون، دوواین. له‌ ڕێگه‌دا به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ باخته‌ران لامان دا. برایه‌ک به‌ ناوی شه‌فیق، که‌ پاسدار بوو له‌ باره‌ی جه‌نگه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری ده‌ربه‌ندیخان بۆی باس کردین و زانیاریی داینێ. ڕۆژی دوای سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ هه‌ڵکه‌وت،گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و 25 ئه‌فسه‌ره‌ عیراقییانه‌دا، که‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دیل گیرابوون، بکه‌ین و 3000 له‌ پیاوه‌ یه‌خسیره‌کانیش، که‌ گوێیان له‌ په‌ند و مۆچیارییه‌کانی حه‌کیم ده‌گرت، ببینین. هه‌مان کۆنه‌ حه‌کیمی له‌مه‌ڕ خۆمان. له‌ دواییدا چاومان به‌ خه‌ڕڕازی که‌وت، که‌گوته‌بێژی له‌شکره‌ و له‌ ماوه‌ی 100 ده‌قیقه‌شدا ڕه‌فسه‌نجانیمان دیت. من له‌ تاران نوێنه‌رێکی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانیشم چاوپێکه‌وت. پاش هه‌مووان، تووشی سێ دوکتۆری به‌لژیکی و هۆڵه‌ندی هاتم، که‌ له‌ 25ی مارسدا سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌یان کردبوو. ئه‌وان پوخته‌یه‌کی ئه‌و ده‌رمانه‌ کیمیاییانه‌ و ئه‌و ژارانه‌ی، که‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌کار هێنرابوون، بۆ ڕوون کردمه‌وه‌. ئێستا به‌ ته‌واوی ئاشکرایه‌، که‌ به‌ گازی سیانید و سێناپ، خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ کوژراون. پرفێسسۆرێکی به‌لژیکی به‌ ناوی"ئا. هه‌یندریکس"، باسی ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ گازی تابوون و سارین و سوومان، که‌ هه‌رسێکه‌یان گازی ده‌مارن، به‌کارهێنراون و ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌، که‌ بێجگه‌ له‌وانه‌ش مادده‌یه‌کی میکرۆبایۆلۆژیش، که‌ زێتر پێی ده‌ڵێن "زه‌رده‌باران" له‌و تێکه‌ڵاوه‌دا به‌کار هاتووه‌ و به‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌دا کراوه‌. پسپۆرێکی سوێدی به‌ ناوی "یووان سڤانته‌سسۆن"، که‌ له‌ "F.O.A ئێف. ئوو. ئا"[4]دا کار ده‌کات  ده‌ڵێت، که‌ گومان له‌ به‌کارهێنانی گازی سیانید و سێناپ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا نییه‌، به‌ڵام ئه‌و بۆ خۆی گومانی له‌ به‌کارهێنانی ژاری ده‌مار هه‌یه‌ و دڵنیاشه‌ له‌وه‌ی، که‌ زه‌رده‌بارانی له‌گه‌ڵ نه‌بووه‌. ئه‌وانه‌ی به‌ سیانید ده‌مرن، له‌ ماوه‌ی 30 چرکه‌دا، گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. گازی سێناپ زێتر سه‌ره‌تاییه‌ و سییه‌کان بریندار ده‌کات، که‌ ڕه‌نگه‌ کوشنده‌یش بێت. له‌ زۆر حاڵه‌تیشدا ته‌نێ ده‌بێته‌ هۆی سووتان و تۆقله‌ی گه‌وره‌گه‌وره‌ دروست ده‌کات. ئه‌وانه‌ی به‌ زیندوویه‌تی ده‌گه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌ و ده‌رشێنه‌وه‌، زۆرجاران ڕزگاریان ده‌بێت. له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کدا له‌ تاران، که‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی وه‌رده‌گرت پێیان گوتم ئه‌گه‌ر هه‌ر زۆریش بووبێت و لایه‌نی زۆری بژمێرین، ئه‌وا له‌ 2%ی ئه‌و که‌سانه‌ی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وێ، مردوون. پاش ماوه‌یه‌کی کورت زۆریان ئیزن دران و نه‌خۆشخانه‌که‌یان به‌جێهێشت و پاشتر هه‌موو له‌ کامپ و ئۆردووگاکانی په‌نابه‌ران، له‌ ده‌ره‌وه‌ی تاران کۆکرانه‌وه‌. ئه‌و کورده‌ عیراقییانه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، که‌ ژماره‌یان 6000 که‌س ده‌بوون، برابوون بۆ ئێران. زێتر بۆ تاران و هه‌ندێکیشیان بۆ باخته‌ران، سه‌ختی و دژواری و ناخۆشییان پاشتر ده‌ستپێده‌کات. له‌ پێشدا به‌ ته‌واوی بۆ ئێمه‌ ساغ نه‌بووبووه‌وه‌، که‌ به‌ ڕاستی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ چی ڕوویداوه‌. شتێکی هێنده‌ ئاسان و ساکار، که‌ بزانین چ ڕۆژێک بۆمببارانه‌ ژاراوییه‌که‌ ڕووی داوه‌، سه‌خت بوو. خه‌ڵکانی جیاواز، که‌ پێوه‌ندیان به‌ مه‌سه‌له‌که‌وه‌ هه‌بوو، ڕۆژانی 16 و 17 و 18ی مارسیان دیاری ده‌کرد. ماوه‌یه‌ک وامان زانی، هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ و که‌م که‌م بۆمبباران کراوه‌. له‌و فیلمه‌ ڤیدیۆییه‌ ئێرانییه‌دا، که‌ له‌گه‌ڵ خۆمدا هێنامه‌وه‌ بۆ ماڵ، ڕۆژی بۆمببارانه‌که‌، به‌ هه‌ینیی خوێناوی ناو ده‌بات. به‌ڵام ئێمه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، که‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی 16ی مارس، ڕۆژی بۆمببارانه‌ ژاراوییه‌ کوشنده‌که‌ بووه‌. پرسیارێکی دیکه‌ ئه‌وه‌ بوو، ئایا له‌ ڕاستیدا کێ شاره‌که‌ی گرت و عیراقییه‌کانی چه‌ک کرد. ئێران له‌ پێشدا ڕایگه‌یاند، که‌ ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌ڵێن، خه‌باتکارانی موسوڵمان، ڕاپه‌ڕیون و شاره‌که‌یان داوه‌ته‌ده‌ست پاسدارانی شۆڕشه‌وه‌، که‌ هاتبوونه‌ پێشه‌وه‌ و نێزیکی شاره‌که‌وه‌. یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان ده‌یگوت، که‌وا له‌و کاته‌یدا، که‌ زانیویانه‌ ئێرانییه‌کان به‌ڕێوه‌ن و پێشتر خورماڵیان، که‌ تۆزێک سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌که‌وێت، داگیرکردووه‌، پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌وان له‌ ناوه‌وه‌ شاره‌که‌یان گرتووه‌. به‌پێی زانیاریگه‌لێک، که‌ له‌ ئه‌فسه‌ره‌ دیله‌ عیراقییه‌کان ده‌بیستران، وا ده‌رده‌که‌وت، که‌ ئێران، عیراقییه‌کانی هێزی ناسراو، به‌ هێزی "به‌در"یشیان به‌کارهێنابێت. واته‌: عیراقییه‌ په‌نابه‌ره‌کانی ناو ئێران، یا ئه‌و دیلانه‌ی چوونه‌ته‌ پاڵ ئێران و دژ به‌ عیراق ده‌چنه‌ جه‌نگه‌وه‌. ئێران ئه‌وانه‌ به‌کارده‌هێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بڵندگۆکانه‌وه‌، ڕووی ده‌میان بکه‌نه‌ سه‌ربازی عیراقی و بقیڕێنن، بۆ ئه‌وه‌ی وایان لێ بکه‌ن، بڕووخێن و وره‌ به‌ربده‌ن و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ن. ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌ی ئه‌وانه‌ ئایه‌توڵڵا حه‌کیمه‌.

پاشخانێکی سه‌ربازیی:
تاران به‌ مانۆرێکی سه‌ربازیی زیره‌کانه‌، له‌ 15ی مارسدا، ده‌ستی به‌ ڕووداوه‌کان کرد. سه‌ربازی کۆماندۆ به‌ نێو جۆگه‌ و ڕێگه‌ی ئاویی چکۆله‌دا، خۆیان گه‌یانده‌ لای خوارووی زه‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ند و بێ ئه‌وه‌ی که‌س پێ بزانێت، گه‌یشتنه‌ به‌شی ژوورووی زه‌ریاچه‌که‌. له‌وێ ئه‌وان ڕێگه‌ مه‌زنه‌که‌ی، که‌ له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و خورماڵ و هه‌روه‌ها به‌ره‌و ئه‌و به‌شه‌ی ئێران، که‌ هێشتا به‌ده‌ست عیراقه‌وه‌یه‌ و تا نێزیک شاری نه‌وسوود ده‌چێت، بڕی. له‌ هه‌مان کاتیشدا ئێران به‌ هێزی تۆپه‌کانی، شاڵاوێکی نه‌ریتی برده‌ سه‌ر چیاکان. ئیدی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، ڕێگه‌ به‌ره‌و به‌شه‌کانی دیکه‌ی عیراق بڕابوو، عیراقییه‌کان شڵه‌ژان و تێکچوون و پێشمه‌رگه‌ش، له‌ گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌وانه‌ی، که‌ له‌ نێو شاره‌که‌دا بوون، ئه‌و هه‌له‌یان قۆسته‌وه‌ و په‌لاماری عیراقییه‌کانیان دا. له‌ باره‌ی جه‌نگی ڕاسته‌قینه‌وه‌، که‌ عیراقییه‌کان کردبێتیان، هیچ شتێکمان نه‌بیست، ته‌نێ هێندێ زانیاری نه‌بێت، له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی، که‌ هێندێ عیراقی، پاش زێتر له‌ شه‌و و ڕۆژێک خۆیان داوه‌ به‌ ده‌سته‌وه‌. ئیدی هه‌ڵه‌بجه‌ که‌وته‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ و زێتریش خه‌ڵکی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و چه‌ند که‌سێکی سیمبۆڵیی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی عیراق. ئیدی ئه‌و کاته‌ پاسدارانی شۆڕشیش گه‌یشتنه‌ ئه‌وێ. له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی، که‌ ئایا ئه‌و عیراقییانه‌ی، ڕه‌دووی ئێرانییه‌کان که‌وتبوون، فریای ئه‌وه‌ که‌وتبوون، له‌ جه‌نگدا ڕۆڵێک ببینن، ئێمه‌ ئه‌وه‌ نازانین، به‌ڵام به‌لای که‌مه‌وه‌ ئه‌فسه‌رێکی عیراقی پێی گوتین، که‌ ئه‌و بۆ خۆی، خۆی داوه‌ته‌ ده‌ست ئێرانییه‌کانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر عیراقییه‌کان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، ئه‌و تاکتیک و ڕێبازه‌ پڕزه‌بر و توندوتیژه‌یان بۆ ڕووخاندن و کاولکردنی ئه‌و شار و گوندانه‌ی کوردستان، که‌ ده‌که‌وتنه‌ ده‌ست ئێرانییه‌کان، یا ده‌ستی کورده‌کان به‌کارهێنابێت، ئه‌وا ئێستا دووهێنده‌ هۆیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌و کاره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌دا بکه‌ن. هه‌ڵه‌بجه‌ سێ جۆره‌ ده‌سته‌ و تاقمی دوژمنی دژ به‌ سه‌ددامی تێدا بوون. پاسداران، پێشمه‌رگه‌ و عیراقییه‌کانی سه‌ر به‌ حه‌کیم. واپێده‌چوو ئێرانییه‌کان ماوه‌یه‌کی که‌م له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا بمێننه‌وه‌. ئه‌وان له‌ ژێر نیگا و تێڕوانینی گوماناویی خه‌ڵکی شاره‌که‌دا چووبوونه‌ نێو شاره‌وه‌. له‌ فیلمێکدا، که‌ ئێرانییه‌کان خۆیان گرتبوویان، مرۆڤ ئه‌وه‌ ده‌بینێت، که‌ کورده‌کان به‌ درێژایی قه‌راخ شه‌قامه‌کاندا، به‌ چاوی گومان و چاودێریکه‌ره‌وه‌ ده‌نۆڕنه‌ ئێرانییه‌کان، نه‌ک به‌ خۆشی و پێشوازی لێکردنه‌وه‌، وه‌ک قسه‌که‌ره‌که‌ له‌ فیلمه‌که‌دا ده‌ڵێت. کاتێک ئێمه‌ سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌مان کرد، له‌ هیچ شوێنێکی نێو شار تاقمی زۆر و گه‌وره‌ی ئێرانیی لێ نه‌بوو. ڕه‌نگه‌ ئه‌وان له‌ نێو چاڵ و ژێرزه‌میندا خۆیان شاردبێته‌وه‌ و دیار نه‌بن. به‌ڵام له‌ قۆڵی ژووره‌وه‌  و به‌ درێژایی ڕێگه‌ی سلێمانیدا، جه‌نگ به‌رده‌وام بوو. 12ی ئه‌پریل، ئێرانییه‌کان هێرشێکی نوێیان ده‌ستپێکرد، ئه‌مجاره‌یان به‌ره‌و پێنجوێن، که‌ زۆر ژوورتره‌. به‌لای ئێرانه‌وه‌، تراژیدیای هه‌ڵه‌بجه‌، به‌شێکه‌ له‌ جه‌نگ له‌گه‌ڵ عیراقدا و به‌ تایبه‌تی و ڕوونتریش هه‌ڕه‌شه‌یه‌که‌ له‌ شاره‌ گه‌وره‌کانی ئێران. له‌ 29ی فێبریوه‌رییه‌وه‌ 14 مووشه‌ک(ڕاکێت)ی عیراقی له‌ تاراندا ته‌قیوه‌ته‌وه‌. ڕێبه‌رایه‌تیی ئێران له‌وه‌ ده‌ترسێت، مووشه‌که‌کان له‌پڕ که‌ره‌سه‌ی جه‌نگیی کیمیاییان تێدا بێت. عیراق وه‌ها مه‌ترسی و دوودڵییه‌ک به‌ درۆ ناخاته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق، تاریق عه‌زیز، گوتبووی که‌ عیراق ده‌بێ هه‌موو چه‌شنه‌ چه‌کێک له‌ جه‌نگدا به‌کاربهێنێت. له‌ تاران و ئه‌سفه‌هانه‌وه‌، هه‌واڵی ئه‌وه‌ ده‌گات، که‌ خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌ باره‌ی خۆپاراستنه‌وه‌ له‌ چه‌کی کیمیایی، وانه‌ و که‌ره‌سته‌ی خۆپاراستنیش وه‌رده‌گرن.

تراژیدیایه‌کی کوردی:
هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ کورده‌کان شتێکی دیکه‌یه‌ و زێتر ئاڵۆزه‌. شاره‌که‌ هێزێکی گه‌وره‌ و زۆری عیراقی ده‌ستی به‌ سه‌ردا گرتبوو، به‌ڵام زۆربه‌ی گوند و ده‌وروبه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌ی کورده‌وه‌ بوون. زۆر گوته‌ و قسه‌ هه‌یه‌ له‌ باره‌ی مه‌کۆ و بنکه‌ و باره‌گای هێز و ڕێکخراوه‌ جیاوازه‌کانی کورده‌ عیراقییه‌کان و ئێرانییه‌کانه‌وه‌، له‌ باکووری هه‌ڵه‌بجه‌دا. به‌پێی ئه‌و بۆچوون و دیتنه‌ کاره‌سات و لێقه‌ومانی هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌لێک گه‌وره‌ بووه‌، که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتیی جه‌نگێکی وا مه‌زن که‌وته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌. خورماڵ و هه‌ڵه‌بجه‌ وێران کراون و هه‌موو ناوچه‌که‌ش به‌ر بۆبمبارانی عیراقی ده‌که‌وێت. ڕه‌وشه‌که‌ به‌و شێوه‌یه‌ی پێشتری چاکتر و له‌بارتر بوو، کاتێک، که‌ ناوچه‌که‌ تا ڕاده‌یه‌ک ئازاد کرابوو و عیراقییه‌کان ته‌نێ له‌ شاره‌کان و سه‌ر جاده‌کاندا هه‌بوون. بۆچی ئێران ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ده‌وروبه‌ری ده‌ربه‌ندیخانی هه‌ڵبژارد، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ناوچه‌یه‌کی جه‌نگیی گه‌رم؟ ڕه‌نگه‌ وه‌ک له‌ تاران له‌م دواییه‌دا باس ده‌کرا، هۆی ئه‌وه‌ بێ، که‌ له‌ به‌ره‌ی جه‌نگی باشووره‌وه‌، زێتر پێشکه‌وتن ڕوونادات. به‌سره‌، ناتوانرێت بگیرێت، ئه‌وجا ئێران ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت، که‌ به‌ کاوه‌خۆ، به‌ نێو کوردستاندا بڕوات، چونکه‌ بۆ ئێران کات هه‌یه‌. ئه‌وه‌ عیراقه‌، که‌ ناتوانێت له‌ جه‌نگێکی درێژخایه‌ندا به‌رده‌وام بێت. ئه‌مه‌ گۆڕانێکی ڕاسته‌قینه‌ و کاریگه‌ره‌ بۆ کوردستان و به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌مه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، ڕه‌نگه‌ به‌ ڕاستی نیشانه‌ی شوومی هه‌ڕه‌شه‌ی کاره‌سات و لێقه‌ومانی پێوه‌بێت. ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ره‌تای جه‌نگی گه‌وره‌تر بێت، که‌ هه‌موو ناوچه‌که‌ بگرێته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی بۆمببارانکردنی ژاراوی ئاوه‌دانی له‌ دوای ئاوه‌دانی بێت، له‌ لایه‌ن عیراقه‌وه‌، هه‌موویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که‌ ده‌که‌وتنه‌ به‌رده‌ست ئێران. ئه‌مه‌ی که‌ ئێستا ڕووده‌دات، ڕه‌نگه‌ شتی دژوارتر و مه‌زنتریشی به‌دوادا بێت بۆ ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی کورد، بۆ خۆڕاگرتن له‌ به‌رانبه‌ر وه‌ها هه‌ڕه‌شه‌یه‌کدا، ده‌بێ یه‌کیه‌تییه‌کی کورد پێک بێت و گه‌شه‌ بکات، نیشانه‌ی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌، که‌ ئه‌و یه‌کیه‌تییه‌ به‌ڕێوه‌یه‌.

 *سه‌رچاوه‌: ئه‌م گوتاره‌ له‌ ژماره‌ 13ی به‌هار و هاوینی 1988ی گۆڤاری "Svensk-kurdisk Journal" بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ و ڕۆژی 13ی ئه‌پریلی 1988یش، نووسه‌ر بۆ خۆی له‌ سیمینارێکدا، که‌ کۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگیی سوێد- کوردستان، له‌مه‌ڕ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ شاری ستۆکهۆڵم، سازی کردبوو، خوێندییه‌وه‌. هاوینی 1988 کراوه‌ته‌ کوردی.



 باخته‌ران، واته‌: کرماشان.(وه‌رگێڕ).[1]
[2] یه‌ک میلی سوێدی، ده‌کاته‌ 10 کیلۆمیتر.(وه‌رگێڕ).
[3]  ئایه‌توڵڵا موحه‌ممه‌د باقیر ئه‌لحه‌کیم(محمد باقر الحکیم)، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی به‌رزی شۆڕشی ئیسلامی عیراقه‌، که‌ بۆ خۆی له‌ کۆماری ئیسلامی ئێران داده‌نیشێت.(وه‌رگێڕ).
 : ده‌سگای توێژینه‌وه‌ی به‌رگری.(وه‌رگێڕ).F.O.A[4]

Sunday, June 19, 1988

کورد گه‌لێکی بێ وڵات

کورد گه‌لێکی بێ وڵات

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ئه‌م نووسینه‌(Kurderna, folket utan land)، کورد گه‌لێکی بێ وڵات، ڕوینه‌ لۆمبۆرن، له‌ ئه‌پریلی ساڵی 1970دا، واته‌: یه‌ک مانگ دوای ڕێککه‌وتنه‌که‌ی 11ی مارسی نێوان سه‌رۆک بارزانی و حوکوومه‌تی عیراق، له‌ نووسینی بووه‌ته‌وه‌ و هه‌مان ساڵ، له‌ لایه‌ن ئه‌نیستیتووتی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ سوێد چاپ کراوه‌. ڕوینه‌ لۆمبۆرن، ساڵی 1926، له‌دایک بووه‌. له‌ بواری زمانه‌وانیدا چالاکه‌ و بۆ خۆی مامۆستای زمانه‌ و گه‌لێک له‌ زمانه‌ ئاسییه‌کان ده‌زانێت. له‌ ساڵانی 1950-1954دا، له‌ کۆمسیۆنی چاودێری سوێدیدا، له‌ کۆریای باکوور و باشوور، وه‌رگێڕ بووه‌. زۆرجارانیش بۆ کاری توێژینه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌، گه‌شتی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوای ئاسیای کردووه‌. له‌ پاییزی 1969دا، سه‌ری خوارووی کوردستانی داوه‌ و له‌ ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانه‌یدا، ئه‌م نامیلکه‌یه‌ی نووسیوه‌.
 له‌ زۆر نووسین و بۆنه‌ و باسدا، به‌ تایبه‌ت هی بیانییه‌کان، کورد به‌ گه‌لێکی بێ وڵات داده‌نرێت. لای ئه‌وروپاییه‌کان زۆرجاران، وشه‌ی وڵات و ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌، هه‌ر هه‌مان واتا ده‌گه‌یه‌نن. هه‌ر بۆیه‌ش لۆمبۆرن، کتێبه‌که‌ی خۆی ناو ناوه‌"کورد گه‌لێکی بێ وڵات". به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر وشه‌ی وڵات، که‌ ده‌کاته‌ خاک و نیشتمان، و وشه‌ی ده‌وڵه‌ت، که‌ ده‌کاته‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سنوور و ئاڵا، له‌ یه‌ک جوێ بکرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌کاته‌ ئه‌وه‌ی، کورد وڵاتی خۆی هه‌یه‌، که‌ کوردستانه‌، واته‌: وڵاتی کورد، به‌ڵام کوردستان ده‌وڵه‌ت نییه‌ و له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی جیهان، وه‌ک ده‌وڵه‌ت، نییه‌. گه‌له‌ک نه‌ته‌وه‌ و میلله‌تی دیکه‌ش له‌م جیهانه‌دا هه‌ن، که‌ خاوه‌نی خاکی خۆیانن، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی خۆیان نییه‌. بۆ نموونه‌ش: ئێریتریاییه‌کان، باسکه‌کان، به‌ربه‌ره‌کان، فلستینییه‌کان، ئیندیانه‌کان و قه‌ره‌جه‌کان. ڕوینه‌ لۆمبۆرن، پاش ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی، باسی مێژووی کۆن و نوێی کورد و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکاره‌کانی کوردستان به‌رانبه‌ر به‌ کورد و په‌یدابوونی بیری کوردایه‌تی و جه‌نگی چه‌کدار و شۆڕش، له‌ پارچه‌کانی کوردستاندا ده‌کات، به‌ درێژاتر و به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت، دێته‌ سه‌ر باسی، خوارووی کوردستان و بار و گوزه‌رانی کورد و هه‌ڵوێست و دیتنی ڕێبه‌رانی کورد، له‌ سایه‌ی ڕێژیمی پاشایه‌تی و کۆماریی پاش 1958 و جووته‌عارف و به‌عس به‌ هه‌ردوو خوله‌که‌یه‌وه‌(1963 و 1968)، له‌ عیراقدا و ئه‌وجا خه‌ستتر و چڕوپڕتر له‌ باره‌ی سه‌رۆک بارزانی و شۆڕشی ئه‌یلوول و خاڵ و به‌نده‌کانی به‌ززاز و پاشانیش ڕێککه‌وتننامه‌ی 11ی مارسی 1970. پاش لێنۆڕین و وردبوونه‌وه‌ و شیکردنه‌وه‌، لۆمبۆرن، ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجامێک و ده‌ڵێت:"به‌م تازه‌یه‌ ڕێککه‌وتنێک له‌ عیراقدا هاته‌ دی، به‌ڵام تا چه‌ند ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی مه‌زن له‌ باره‌ی که‌نداوی فارسه‌وه‌". ساڵی 1974 و تا نیوه‌ی 1975، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاماری که‌رکووک، کارم ده‌کرد. براده‌رێکی خۆشه‌ویستم، کاک نه‌جمه‌ددین تاها، که‌ له‌ هه‌مان جێگه‌ هاوکار بووین، زۆرجاران، که‌ باسی سیاسه‌ت و ئه‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌مان ده‌کرد، ده‌یگوت:"هه‌موو گۆڕان و ڕووداوێکی سیاسی، که‌ له‌ جیهاندا ڕوو ده‌دات، پێشه‌کی نه‌خشه‌ و پلانی، له‌ لایه‌ن هه‌ردوو زلهێزه‌که‌وه‌، ڕووس و ئه‌مه‌ریکا، یا ڕوونتر، (سی. ئای. ئه‌ی) و (که‌ی. جی. بی)یه‌وه‌ بۆ دانراوه‌، ئیدی مرۆڤ له‌ به‌رده‌م ئه‌واندا، بێده‌سه‌ڵاته‌ و هیچی پێ ناکرێت و خۆشه‌که‌تکردنیش، بێهووده‌ییه‌". ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ مێژووی عیراقی کۆماریی، له‌ 1958 به‌ دواوه‌ تا ئێستا، هێندێ شتمان بۆ ده‌رده‌خات، که‌ پێوه‌ندیان به‌ مه‌سه‌له‌ی کورده‌وه‌ هه‌یه‌:                
1. شووره‌وی و وڵاتانی بنده‌ستی، نۆ مانگی سه‌رده‌می کوودێتا فاشییه‌که‌ی 8ی شوباتی 1963ی لێ ده‌رچێت و کۆمۆنیسته‌ ڕه‌سمییه‌کانی(لێژنه‌ی مه‌رکه‌زی) عیراق، هه‌ر ئه‌و نۆ مانگه‌ و ساڵانی دوای 1978ی لێ ده‌رچێت، هه‌موو کاتێک هه‌وڵیان داوه‌، عیراق وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی نیشتمانی و پێشکه‌وتنخواز و سۆسیالیست و خێرخواز و دژ به‌ ئیمپریالیزم  و    پاسه‌وانی ده‌روازه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ره‌بی، پێشان بده‌ن.                                                                               
2.  شووره‌وی و وڵاتانی بنده‌ستی، به‌ ته‌واوی هێز و توانستیانه‌وه‌، کۆمه‌کیان به‌ عیراق کردووه‌ و ده‌یکه‌ن، سا ئیدیڕێژیمه‌که‌ی هه‌رچی بووبێت و چاکترین و نوێترین چه‌کیان داوه‌تێ و به‌ هه‌زاران پسپۆری جه‌نگی و له‌شکرییشیان بۆ ناردووه‌ و ده‌یان پرۆژه‌ی سوپایی و هی دیکه‌یشیان بۆ ساز کردووه‌.                                                                                                               
 3. ئه‌گه‌ر شووره‌وی و وڵاتانی بنده‌ستی جاروبار خێسه‌یه‌کیان له‌ عیراق کردبێت، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ عیراق مه‌یلێکی به‌ ڕۆژاوا داوه‌ و هاوڕێگه‌لی سۆسیال- ئیمریالیزمی، به‌وه‌ ترساندووه‌، که‌ ئه‌ولایش هه‌یه‌.                                                                                                 
 ئه‌مه‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ و ئێرانی شای ئه‌مه‌ریکێنراو و بنکه‌ی سی. ئای. ئه‌ی و پاسه‌وانی که‌نداوی گه‌رم و پۆلیسی ناوچه‌که‌، له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، کوردی کڵۆڵ و به‌دبه‌خت و چاره‌ڕه‌شیش، به‌ خۆ و به‌ کۆمه‌ڵه‌ تفه‌نگێکه‌وه‌، که‌ له‌ عه‌مبار و جبه‌خانه‌ی زلهێزه‌کاندا باویان نه‌ماوه‌ و به‌کار ناهێنرێن، هه‌ر بۆیه‌ش گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌ستی ئه‌وان، و به‌ زگێکی ژه‌مێک تێر و چوار برسییه‌وه‌، چۆن ده‌توانن، له‌ ته‌ڵه‌که‌ و فرتوفێڵی، ئه‌و دوو شه‌یتانه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌رچن، که‌ مامۆستا و ڕێپێشانده‌ری هه‌ردوو ڕێژیمه‌که‌ی عیراق و ئێران بوون. ڕێککه‌وتنی له‌و چه‌شنه‌ی 11ی مارس، چۆن به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌گه‌ر عیراق، به‌عس به‌ڕێوه‌ی بردبێت و ببات و هه‌مووده‌م جاڵجاڵۆکه‌ئاسا، ته‌ونی فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی بۆ کورد، ساز کردبێت، کوردی بێکه‌سیش ته‌نێ هێز و بازووی خۆی خستبێته‌ گه‌ڕ و شانازی پێوه‌ کردبێت. هێز و بازوویه‌ک، که‌ له‌ هه‌لومه‌رجی سیاسه‌تی ئه‌وڕۆدا، سه‌نگ و قورساییه‌کی ئه‌وتۆی نییه‌ و ناکاته‌ هیچ، چونکه‌ نه‌ زه‌مانی ڕۆسته‌مه‌ و نه‌ زولفه‌قاره‌که‌ی ئیمام عه‌لیشی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌. که‌وابێت نه‌ک هه‌ر ڕێککه‌وتنه‌که‌ی 11ی مارس، ناگاته‌ ئه‌نجام و زۆر بڕناکات، به‌ڵکه‌ ڕێککه‌وتنی ئه‌لجه‌زائیر و هی دیکه‌یشی به‌ سه‌ردا دێت و له‌ نێو جێگه‌یشدا چنگ ده‌خرێته‌ قوڕگی کورده‌وه‌ و ده‌تاسێنرێت، چونکه‌ له‌و پێشبڕکێ و بگره‌ و به‌رده‌دا، هه‌رگیز کوردی پیاده‌، به‌وانی سواردا ناگات. تا ئێره‌ واپێده‌چێت، دیتن و بۆچوونه‌که‌ی کاک نه‌جمه‌ددین تاها، له‌ جێی خۆیدا بێت. که‌ تۆزێک له‌ مێژووی ئه‌م دوو سه‌ده‌ی دواییه‌ی کورد ورد ده‌بینه‌وه‌، هێندێ شتمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که‌ مرۆڤ له‌ زۆر پرس و باس، ده‌خاته‌ گومانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر بنۆڕینه‌ شۆڕشه‌کانی شێخانی نه‌هری و پیران و حه‌فید و بارزانی و بزاڤه‌ چه‌کدارییه‌که‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییه‌ی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، وامان لێ دێت، بگه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، که‌ شه‌ڕی چه‌کداریی، به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ کراوه‌، خزمه‌تی کوردی نه‌کردووه‌. شێخی حه‌فید و بارزانی، ئه‌گه‌ر به‌ چاوی ئه‌و ڕۆژه‌ی خۆیان حیسابیان بۆ بکه‌ین، ئه‌نجامێکیان وه‌ده‌ست هێناوه‌، ئه‌ویان حوکوومه‌تی خوارووی کوردستان و ئه‌میان ڕێککه‌وتننامه‌ی 11ی مارس و یه‌کیه‌تیی هه‌موو بزاڤی کورد و نه‌ته‌وه‌ی کورد، به‌ڵام له‌ هه‌ره‌سی 1975 به‌ دواوه‌ چی کراوه‌؟ به‌پێی قانوونی شه‌ڕی پارتیزانی، ده‌بێ به‌ که‌مترین زیان، مه‌زنترین ده‌ست له‌ دوژمن بوه‌شێندرێت و گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتن وه‌ده‌ست بهێنرێت. ئایا کورد وه‌های کردووه‌! بێگومان نا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، بزاڤی چه‌کداریی کورد به‌ زۆرترین زیان، که‌مترین و گچکه‌ترین سه‌رکه‌وتنیشی به‌ سه‌ر دوژمندا وه‌ده‌ست نه‌هێناوه‌. خوارووی کوردستان سه‌ره‌ڕای عه‌ره‌باندن و به‌عساندنی، وێران بووه‌ و بووه‌ به‌ که‌لاوه‌ و گوند و شار و ته‌ڕ و که‌سکی نه‌ماوه‌ و گازی کیمیایی، هه‌موو خه‌ون و خه‌یاڵی شاعیران و پیاهه‌ڵدانیان، به‌ دار و به‌رد و لاپاڵ و چیا و خۆڕاگریی مرۆڤدا، پووچ کرده‌وه‌ و داته‌پاند و نغرۆ کرد. به‌ تایبه‌ت پاش شه‌هیدبوونی هه‌ڵه‌بجه‌. پاش ئه‌و هه‌موو ده‌رده‌ش، ئه‌وجاکه‌ کوردگه‌لێک هه‌ن، چه‌کی به‌عس ده‌که‌نه‌ شان و جاشایه‌تی ده‌که‌ن و ده‌ست له‌ سه‌ر سنگ، خزمه‌تی حوکوومه‌تی به‌عس ده‌که‌ن. ئه‌و جاشه‌ چه‌کدارانه‌ی، که‌ ئه‌وڕۆ له‌ خوارووی کوردستاندان و به‌ نێوی هێزی "خه‌فیفه‌" واته‌: "سووکه‌جاش"ه‌وه‌ کار ده‌که‌ن، ژماره‌یان له‌ 150 هه‌زار که‌س پتره‌. بێجگه‌ له‌وانه‌ش هه‌زارانی دیکه‌، له‌ دوای هاشم ئاکره‌یی و شێخ سه‌تتار و جه‌عفه‌ر به‌رزنجی و سه‌دانی وه‌ک ئه‌وانه‌وه‌ مووشه‌ ده‌که‌ن و ده‌له‌وه‌ڕێن. ئه‌وانه‌، ته‌واوی ئه‌وانه‌، کوردن و ژماره‌یشیان ده‌ و پازده‌باره‌ی هه‌موو پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، گشت کوردستان، به‌ خواروو و ڕۆژهه‌ڵات و باکووریشه‌وه‌ ده‌بن و پتریش. لێره‌دا پرسیارێک دێته‌ گۆڕێ: بۆ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ ده‌بنه‌ جاش و نابنه‌ پێشمه‌رگه‌؟ بۆ وه‌رامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌کرێ بڵێین:                                   
- گوشارخستنه‌سه‌ر و ته‌نگپێهه‌ڵچنین، له‌ لایه‌ن حوکوومه‌ته‌وه‌.
- پیویستیی ئابووری و ده‌سکورتی.
- حه‌ز له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و سامان کۆکردنه‌وه‌.
- پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی: ماددی، خزمایه‌تی، بنه‌ماڵه‌ و خێڵ و هۆز و عێل و عه‌شیره‌ت.
- گه‌ڕان به‌ دوای پله‌ و پایه‌ و ناو و ده‌نگدا.
- تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌.
ئه‌وانه‌ چه‌ند هۆیه‌کی لاوه‌کین، که‌ پاڵ به‌ خه‌ڵکه‌وه‌ ده‌نێن، ڕێگه‌ی جاشایه‌تی بگرنه‌ به‌ر، به‌ڵام هۆیه‌ سه‌ره‌کییه‌کان ئه‌مانه‌ن:
- نزمیی ئاستی هه‌ستی کوردایه‌تی و خۆ به‌ کوردستانی زانین.
- فره‌کوێخایه‌تیی و زۆریی نێوه‌ندی ده‌سه‌ڵات، له‌ نێو بزاڤی چه‌کداریی کورددا.
- بڕوانه‌بوون به‌ "تفه‌نگ و پێشمه‌رگه‌ و شاخ"، وه‌ک تاکه‌ ڕێگه‌یه‌کی خه‌بات و ڕزگاری.
ساڵی 1974، زێتر له‌ 150 هه‌زار پێشمه‌رگه‌، له‌ ده‌وری پێشه‌وا بارزانی کۆبووبوونه‌وه‌ و زێتر له‌ 95%ی کوردیش، ته‌واوی کوردی هه‌موو کوردستانی له‌گه‌ڵ بوون، به‌ڵام ئه‌وڕۆکه‌ خه‌ڵک له‌ ده‌وری کامه‌ کوێخا و کامه‌ ڕدینسپی کۆوه‌ بن؟ هه‌ر له‌ خوارووی کوردستاندا، خوا نه‌یبڕێت، یه‌ک ده‌رزه‌ن و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشدا، گوێی شه‌یتان که‌ڕ بێت، نیو ده‌رزه‌نێک کوێخای لێیه‌ و ئه‌میبیائاساش، هه‌ر له‌ زاوزێدان! من هه‌رگیز سه‌له‌فی(سلفی) نیم و تاسه‌ی دیکتاتۆرییش ناکه‌م، به‌ڵام که‌شتییش که‌شتیوانی زۆر بوو، ده‌بن ئاوی ده‌که‌وێت و نوقم ده‌بێت. ده‌سگای ڕاگه‌یاندنی بارزانی، هه‌رچی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌ڤان و شاعیر و هونه‌رکاری کورد هه‌بوون، لێی کۆبووبوونه‌وه‌ و ئاشبه‌تاڵی به‌ ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن و ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ کوردییه‌کانی ڕێژیمی عیراق کردبوو و په‌کی خستبوون، چونکه‌ خڕ کادرانی کوردی لێ دابڕیبوون، به‌ڵام زۆرینه‌یه‌کی ئه‌وانه‌ ئه‌وڕۆ، له‌ ده‌سگاکانی عیراق و ئێراندا کار ده‌که‌ن. نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عیراق یا ئێرانیان پێ باشه‌ و ئه‌وان خزمه‌تیان ده‌که‌ن، به‌ڵکه‌ له‌به‌ر فره‌کوێخایه‌تییه‌که‌ی نێو هێزه‌کانی بزاڤی کورد. گۆڤار و ڕۆژنامه‌کانی، ڕۆشنبیری نوێ و کاروان و به‌یان و ڕۆژی کوردستان و نووسه‌ری کورد و سروه‌ و هاوکاری، زێتر ئه‌ده‌ب و مێژوو و فه‌رهه‌نگ، ده‌رخواردی مێشکی خه‌ڵکی کورد ده‌ده‌ن، تا بڵاوکراوه‌ فۆتۆکۆپیکراوه‌ عه‌ره‌بی و فارسی و تورکییه‌کانی ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌. وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژاوا، له‌ خه‌ڵکی کورددا جممه‌یان دێت – ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپایش بۆن و به‌رامی به‌عسی لێ ناهاتبا و کورده‌که‌یان به‌ده‌ست به‌عسه‌وه‌ نه‌دابا، ئه‌وا ئه‌و خه‌ڵکه‌ ڕوویان له‌وێیش ده‌کرد- هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌ش به‌ نێو گه‌له‌کوێخا و ده‌مڕاست و سه‌رکرده‌کاندا هاتوون و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وسترالیا و ئاواره‌ییان هه‌ڵبژاردووه‌، نه‌ک مانه‌وه‌ی لای ئه‌وان. ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێکی له‌ ترسی گیانی خۆی هه‌ڵاتبێت، یا خۆپه‌رست بووبێت، یا به‌ نیازی خۆشگوزه‌رانی و ڕابواردنه‌وه‌، یا بۆ هه‌ر مه‌به‌ست و مه‌رامێکی دیکه‌ هاتبێت، خۆ زۆریشی پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و سه‌ر به‌و ده‌سگا و پارتییانه‌ بووه‌، به‌ڵام ئاواره‌ییه‌که‌ی پێ باشتر بووه‌، له‌ مانه‌وه‌ی ڵای ئه‌و سه‌رکرده‌ زۆر و بۆرانه‌. بۆ ده‌ستنیشانکردنی سه‌ره‌تای په‌یدابوونی فره‌کوێخایه‌تیی، له‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی کورددا، له‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌ماندا و له‌و کاته‌وه‌ی، که‌ کوردایه‌تی خرایه‌ قاڵبی پارتایه‌تی و ڕێکخستنه‌وه‌، ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵی 1964، که‌ جه‌لالییه‌ت داهێنرا و به‌ نێوی پێشکه‌وتنخوازی و چه‌پڕۆیی و خۆبه‌خوێنده‌وارزانینه‌وه‌، تۆوی دووبه‌ره‌کی و ئاژاوه‌یان، له‌ نێو شۆڕشی کورددا نایه‌وه‌ و نێوه‌ندێکی دیکه‌ی ڕێبه‌ریه‌تییان قوت کرده‌وه‌ و یه‌که‌م بۆمبی ناته‌بایی و ناکۆکییان ته‌قاند و که‌وتنه‌ یاریکردن به‌ مێشک و بیروباوه‌ڕ و گشت شتێکی پیرۆزی خه‌ڵکی هه‌ژاری کورد و گومان و بێبڕواییان، گه‌شه‌پێدا و بڵاوکرده‌وه‌. ئیدی له‌و ڕۆژه‌وه‌ فره‌کوێخایه‌تی ده‌ستی پێ کرد و ته‌شه‌نه‌ی کرد و نێوه‌ندی ده‌سه‌ڵات زۆر بوو. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر پرسیاری پێشوومان، له‌ هه‌ره‌سی 1975 به‌ دواوه‌ چی کراوه‌؟ دیاره‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌، که‌ فره‌سه‌رکرده‌یی و ئاغایی، کورده‌که‌ی له‌ بزاڤه‌ چه‌کدارییه‌که‌ دوور خستووه‌ته‌وه‌ و سارد کردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وامان لێ ده‌کات، بگه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی، که‌ کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی:                                                                                                      
  1. وڵاته‌که‌ی(کوردستان)، له‌ نێوان پێنج ده‌وڵه‌تدا دابه‌ش کراوه‌ و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش، له‌ ڕووی ئابووری و   جڤاکی و سیاسی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زی و فه‌رهه‌نگییه‌وه‌، له‌یه‌ک جیاوازن.                       
 2. بێجگه‌ له‌ ئایینی ئیسلام، به‌ هه‌ردوو ئایینزاکه‌یه‌وه‌، شیعه‌ و سوننه‌، ئایین و مه‌زهه‌بی زۆری دیکه‌، هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵکه‌کانیان که‌من، له‌ نێو کورددا هه‌ن، وه‌ک: ئێزدی، کاکه‌یی(ئه‌هلی حه‌ق، یارسان)، عه‌لی ئیلاهی، عه‌له‌وی، حه‌قه‌، حه‌مه‌سووری و دیان.                                                                        
3. زمانێکی یه‌کگرتووی نووسین و خوێندنه‌وه‌ی نییه‌ و ده‌یان دیالێکتی جیاوازی هه‌یه‌، که‌ جیاوازی له‌ نێوان هه‌ندێکیاندا، ده‌گاته‌ ڕاده‌ی له‌ یه‌کدی تێنه‌گه‌یشتن.                                                           
4. پێوه‌نداریه‌تی خێڵه‌کی و عه‌شایه‌ری و ڕه‌وه‌ندیه‌تی، هێشتا زاڵ و سه‌رده‌سته‌.                                
5. له‌ بواری ئابووری و جڤاکییه‌وه‌ گه‌لێک دواکه‌وتووه‌.
6. نه‌خوێنده‌واری زۆره‌.
7. گه‌لێکی فره‌ چینه‌.
هۆگه‌لێک ساز ده‌بن، بۆ دابه‌شبوونی خه‌ڵکی کورد(ئه‌وی ئه‌ندامیه‌تی هێزه‌ سیاسییه‌کان ده‌کات و هه‌واداریانه‌ و له‌گه‌ڵیاندایه‌)، به‌ سه‌ر کۆمه‌ڵێک حیزب و ده‌سته‌ و تاقمدا، که‌ ده‌بێ زاده‌ و ئه‌نجامێکی سروشتیی بار  و  ڕه‌وشه‌ ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی، جوگرافی و فه‌رهه‌نگییه‌که‌ بن، که‌ کوردی تێدا ده‌ژی، نه‌ک ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواست و ئاره‌زووی که‌سانێک بن، که‌ له‌ بری ئازادی بیروباوه‌ڕ، ململانێیه‌کی دیموکراسییانه‌ و هاریکاری و هه‌ره‌وه‌زی، سه‌رکرده‌یه‌تی و که‌ڵه‌گایه‌تییان کردووه‌ به‌ پیشه‌. خواست و ئاره‌زووی سه‌رکرده‌هه‌میشه‌ییه‌کانی کورد، ڕێگه‌خۆشکه‌ری فره‌کوێخایه‌تی و زۆربوونی نێوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتن له‌ کوردستاندا. هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی که‌مکردنه‌وه‌ و لێداتاشین و به‌رپه‌رچکردنی هیوا و ویست و داخوازیی خه‌ڵکی کورد، بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و گۆڕینی بۆ داخوازیگه‌لێک، که‌ ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌، ته‌نێ بۆ خه‌ڵکی خۆیان ده‌یانه‌وێت و داوای ده‌که‌ن. له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئێستاش کورد، پێویستی به‌ یه‌ک نێوه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌، بۆ وه‌ی به‌ڕێوه‌ی ببات و سه‌رکرده‌ی وڵاتپارێز و توانا و گه‌لیار و پاشه‌ڵپاکی ده‌وێت، که‌ له‌  خه‌ڵکه‌که‌ تێبگات و ئاواتی، ئاواتی خه‌ڵک بێت و له‌گه‌ڵ ئازاری خه‌ڵکدا، ئازار بچێژێت. ئه‌زموونی دوای 1975، ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ و ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت. نه‌بوونی قه‌واره‌یه‌کی سیاسیی و نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردستانی، ئه‌و پێویستییه‌ی یه‌ک نێوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و یه‌ک سه‌رکرده‌یه‌تییه‌، ساز ده‌کات و ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک و خودانی یه‌ک خاک و یه‌ک پرس، له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ردا، له‌گه‌ڵ داگیرکارانی کوردستاندا، له‌گه‌ڵ پێوه‌ندداراندا به‌ پرسی کورده‌، بپه‌یڤێت، بجه‌نگێت، بڕیار بدات، ده‌نا که‌ کورد بوو خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی، خودای ده‌کرد، هه‌ر سه‌رۆک و حوکوومه‌تیشی نه‌ده‌بوو. من بۆ خۆم زۆرم که‌یف به‌ حوکوومه‌ت و پۆلیس و ده‌سه‌ڵات نایه‌ت، دیاره‌ بۆ هه‌موو جیهان و بۆ کوردیش هه‌رکاتێکی چووه‌ ڕیزی ده‌وڵه‌تانی جیهانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ساڵی 1975، وه‌ک بڕگه‌یه‌ک یا سنوورێک بژمێرین و به‌راوردێک له‌ نێوان عه‌قڵی سیاسی کوردی پێش ئه‌و ساڵه‌ و پاش ئه‌و ساڵه‌دا بکه‌ین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت و ڕوون ده‌بێته‌وه‌، که‌ عه‌قڵی سیاسی پێش 1975، له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌موکووڕی و ساتمه‌ و ناته‌واوییه‌کیشیدا، گه‌لێک پێشکه‌وتووتر و کوردپه‌روه‌رتر و دڵسۆزتر و وڵاتپارێزتر و ڕاشکاوتر و ڕاستگۆتر بووه‌، له‌ عه‌قڵی سیاسیی کوردی دوای 1975. لێره‌دا گوتنێکی مامۆستا مه‌سعوود موحه‌ممه‌د، که‌ له‌ به‌شی یه‌که‌می، گه‌شتی ژیانه‌که‌یدا نووسیویه‌تی، باشترین نموونه‌ و به‌ڵگه‌یه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه‌. مامۆستا ده‌ڵێت:"بۆ خۆت له‌گه‌ڵ خۆتدا لێک ده‌وه‌، که‌ ده‌گوترێ وه‌یا ده‌نووسرێ:(به‌ر له‌ چل ساڵێک فڵانه‌ که‌س ڕازی نه‌بوو شێخ له‌تیف و کاکه‌زیاد له‌ سه‌رۆکایه‌تی پارتی کوردستان به‌شدار بن) چه‌ند به‌ ئاسانی ئه‌و فڵانه‌ که‌سه‌ له‌ ڕێگای ئیفلاسه‌وه‌ ده‌چێ بۆ پێشه‌وایی، شێخ له‌تیف و کاکه‌زیادیش ڕووت ده‌بنه‌وه‌. تۆ وه‌ره‌ به‌ خۆت و ده‌سه‌ڵاتی میراتیته‌وه‌ خۆت به‌ نیشتمان ببه‌خشیت که‌چی یه‌کێک ره‌فزی بکات هه‌موو سامانه‌که‌ی ئه‌وه‌ بێ نه‌ هیچ ده‌سه‌ڵات و نه‌ هیچ شۆره‌ت و نه‌ هیچ شتێکی هه‌یه‌..قوته‌یه‌کی مل نێرکه‌ کاردووه‌ له‌ ئوتێلی کوردایه‌تی دابه‌زیوه‌ به‌ خۆڕایی تێیدا ده‌له‌وه‌ڕێ..نۆشی گیانی بێ..به‌ڵام وه‌ها خۆشه‌ که‌ ماده‌م پیاوی وه‌ک شێخ له‌تیف ره‌فز بکرێ قوته‌ی مل نێرکه‌ کاردووش له‌ هیچه‌ نه‌بێته‌ پێشه‌وای ئوممه‌ت. دوای چل ساڵیش له‌و مامڵه‌ته‌ ئنجا ڕۆژی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ قوته‌ی ئه‌وتۆیی پێشه‌وا بێت". ناوی پیرۆزی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، سه‌یید ڕه‌زا، شێخ سه‌عیدی پیران، ئیحسان نووری، شێخ مه‌حموودی حه‌فید، سمکۆ، پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌د و سه‌رۆک بارزانی، ئێستاش و هه‌مووده‌م، مایه‌ی شانازی و سه‌ربه‌رزیی خه‌ڵکی کوردن و هه‌مووده‌م ڕێگه‌ی مرۆڤی کورد ڕۆشن ده‌که‌نه‌وه‌. ئێستاش ناوی مه‌لا که‌ریمی شاریکه‌ندی، که‌ له‌ مه‌هابادێ شه‌هید کرا، له‌ دڵی خه‌ڵکی کورددا ده‌ژی و به‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستییه‌وه‌ باسی ده‌کرێت و کوژه‌ره‌کانیشی تووڕه‌یی و نه‌فره‌تی کورده‌که‌یان بۆ ده‌چێت. سه‌ر و سه‌کوت و پۆشاک و هێندێک هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌وتار و هه‌رزه‌بۆچوون، لای هه‌ندێک سیاسه‌تچی و خوێنده‌واری کورد، که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی بیانین، هاوچه‌رخیه‌تی و پێشکه‌وتن ناگه‌یه‌نن و ته‌نێ خۆخه‌ڵه‌تاندنن. ڕه‌نگه‌ خراپ نه‌بێت و پێویستیش بێت، ئه‌گه‌ر به‌ خۆماندا بچینه‌وه‌ و جارێکی دیکه‌ خۆمان بخوێنینه‌وه‌. وه‌ها کارێک نه‌ عه‌یبه‌ و نه‌ نه‌نگی. ئه‌وه‌ی، که‌ ئه‌وڕۆ پتر و پتر کورد له‌ یه‌کدی دوور ده‌خاته‌وه‌ و یه‌کناخات، لاساییکردنه‌وه‌ و په‌نابردنه‌ به‌ر فه‌رهه‌نگی بیانییه‌، فه‌رهه‌نگی لاساییکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ سیاسییه‌کانی خه‌ڵکی دیکه‌، فه‌رهه‌نگی بێفه‌رهه‌نگیی، که‌ به‌ ده‌روون و ڕۆحی کورد نامۆ و نه‌گونجاون. ئه‌وه‌ش، که‌ کورد له‌ یه‌کدی نێزیک ده‌خاته‌وه‌ و گومان و دوودڵی له‌ ڕۆحیاندا ناهێڵێت و توانست و هێزیان ده‌داتێ و هیوا ده‌خاته‌ ده‌روونیانه‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی نه‌ریت و خوو و ڕه‌وشت و ڕه‌وتاری ڕه‌سه‌نی کورده‌وارییه‌، به‌ڵام به‌ چاو و دیتنێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌. مه‌به‌ست له‌ کورده‌وارییش، کورده‌واری خۆشویستنی مرۆڤ، دڵپاکی، هاریکاری و ڕاستگۆییه‌، که‌ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌ فه‌رهه‌نگی خۆرهه‌ڵاتدا، که‌ به‌شێکی هه‌ره‌گرنگی فه‌رهه‌نگی کورد و شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی چه‌ندین سه‌ده‌ و پتریدا، ده‌بینرێته‌وه‌. خۆرهه‌ڵاتی فه‌رهه‌نگ، نه‌ک خۆرهه‌ڵاتی پۆلیس. خۆرهه‌ڵاتێتییه‌ک، مرۆڤایه‌تییه‌ک، فه‌رهه‌نگێک، که‌ جیهان بکه‌نه‌ به‌هه‌شتی کامڕانی بۆ هه‌ژاران و چه‌وساوانی گه‌ل و زۆرداری نه‌هێڵن و بۆ مرۆڤ بن. کورد که‌سانێک یا که‌سێکی ده‌وێت، به‌ لای که‌مه‌وه‌، به‌شێکی ئه‌و بۆشاییه‌ی، بارزانی له‌ دوای خۆی به‌جێیهێشت، پڕ بکاته‌وه‌. بارزانییه‌ک، که‌ یه‌ک میلله‌تی ته‌واو، گوێی لێ ده‌گرت و کوردی سه‌رتاسه‌ری کوردستانی به‌ هه‌موو چین و توێژ و ئایین و ئایینزا و هۆز و خێڵ و چه‌پ و ڕاست و دیالێکتێکه‌وه‌، کۆ کردبووه‌وه‌ و  ڕێبه‌ریی ده‌کردن.  هه‌رچه‌نده‌ پێموانییه‌، هه‌رگیز ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ بکرێته‌وه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین، که‌ ده‌مڕاست و سه‌ران و ڕێبه‌ران و سیاسه‌تبازانی ئه‌وڕۆکه‌شمان، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان، له‌ سوارچاکییان نییه‌، که‌ بوونێ، به‌ڵکه‌ ئه‌سپ هه‌ڵیگرتوون. لێره‌دا پرسیارێک وه‌بیردا دێت، ده‌ی باشه‌ ئه‌گه‌ر فره‌سه‌رکرده‌یی نه‌ما و هه‌موو له‌ سایه‌ی ڕێبه‌رێک ،یا ڕێبه‌رێتییه‌کدا، به‌ڕێوه‌ بچن، ئایا شه‌ڕی چه‌کداریی و پێشمه‌رگه‌ و چیا، ده‌مانگه‌یه‌ننه‌ ئه‌نجام؟ بێگومان ئه‌گه‌ر حاڵ وه‌ک ئێستا بڕوات، که‌ ساڵگه‌لێکه‌ ڕۆیشتووه‌، ئه‌وه‌ هه‌رگیز نا! چونکه‌ ئێمه‌ی کورد تا ئێستاش بۆ خۆمان نازانین چمان ده‌وێت. ڕۆژێک کورتی ده‌پێوین و ڕۆژێک درێژ، ئه‌نجامیش هه‌ر کورتی دێنێت. تا ئێستاش له‌ سه‌ر ئامانجه‌کانمان یه‌ک نین، و تا ئێستاش نه‌خشه‌یه‌کی یه‌کگرتوومان بۆ ئه‌و کوردستانه‌ی، که‌ ده‌مانه‌وێت ڕزگاری بکه‌ین نییه‌، ناشزانین کوردستان له‌ کوێوه‌ تا کوێ ده‌گرێته‌وه‌. ئێستاش زێتر خۆمان به‌ عیراقی، ئێرانی، تورکیایی و سووریایی ده‌زانین، وه‌ک له‌وه‌ی، که‌ خۆمان به‌ کوردستانیی بزانین. ئه‌مه‌ دیوێکی مه‌سه‌له‌که‌یه‌ و دیوه‌که‌ی دیکه‌یشی ئه‌وه‌یه‌، که‌ ده‌سپێکردنه‌وه‌ی بزاڤی چه‌کداریی له‌ خوارووی کوردستاندا و له‌ پاش هه‌ره‌سی 1975، زیانێکی زۆری له‌ خه‌ڵکی کورد دا و له‌ ماڵوێرانی زێتر، هیچی دیکه‌ی لێ شین نه‌بوو. ده‌بووایه‌ ته‌قوهووڕ، ده‌ستی پێ نه‌کردایه‌ته‌وه‌، تا خه‌ڵکی کورد بۆ خۆی و له‌ ژێر گوشار و زه‌بر و زۆری ڕێژیمدا ده‌گه‌یشته‌ حاڵه‌تێکی وا، که‌ کۆچپێکردن و ڕاگواستن و عه‌ره‌باندن وای لێ ده‌کرد، که‌ هه‌ڕه‌مه‌کی بۆ خۆی ڕاپه‌ڕێت و دژ به‌ ڕێژیم بجه‌نگێت. بێگومان بریا و خۆزییش پێش ڕوودانی ڕووداو و کاره‌سات، ده‌خوازرێت و خواستنی له‌ پاش ڕوودانی کاره‌سات و ڕووداو، ده‌کاته‌ ڕه‌خنه‌. شته‌که‌ بوو و کار له‌ کار ترازا...که‌  ڕوویدا و بوو، بریا جه‌نگه‌که‌ بکرابا به‌ شه‌ڕی پارتیزانی و بگوێزرابایه‌وه‌ نێو سه‌ربازگه‌، مۆڵگه‌، پۆلیسخانه‌، کارگه‌، بانک، ده‌سگا و کارگێڕییه‌کانی حوکوومه‌ت، باژێڕ،  باژێڕۆکه‌، گوند، کێڵگه‌ و دڵی دوژمن و له‌ نێو خاکی خۆیدا. ئه‌وانه‌ ڕۆیشتن و ڕابوردن، به‌ڵام با بیرێک له‌ ئێستا به‌ دواوه‌ بکرێته‌وه‌. پێموایه‌ ئه‌گه‌ر بابایه‌کی خه‌ڵکی سامه‌ڕڕا، تکریت، توێریج، عانه‌ و چبایش و...، که‌ باوک و دایکی، له‌ ساڵانی 1970کانه‌وه‌ یا پێشتر هاتوونه‌ته‌ یا هێنراونه‌ته‌، که‌رکووک، خانه‌قین، شه‌نگال و ماڵ و خاکی کوردیان داگیرکردووه‌ و له‌ کوردستان له‌ دایک بووه‌ و ئه‌وڕۆکه‌ سه‌ربازه‌ و ده‌چێته‌ هه‌ورامان و خۆشناوه‌تی و چیای گاره‌ و گوندی کوردان خاپوور  و تاڵان ده‌کات، که‌رکووک و خانه‌قین و شه‌نگالیش به‌ زێدی خۆی ده‌زانێت. ئه‌گه‌ر جه‌نگ و شه‌ڕه‌ پارتیزانییه‌که‌، نه‌برێته‌ نێو ماڵ و خانوو و مۆڵگه‌یه‌وه‌، هه‌رگیز ناڕوات و بار ناکات و کانیاوه‌کان تێر ئاویشی ده‌که‌ن و دارگوێزه‌کانیش سێبه‌ری خۆیانی بۆ هه‌ڵده‌خه‌ن و دانی ئه‌وانیش له‌ زه‌وی ئێمه‌دا شین ده‌بێت. لێره‌دا شتێکم وه‌بیر دێته‌وه‌، که‌ فشه‌ و بانگاشه‌ و هاتوهاواری ئێمه‌ پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه‌: ساڵی 1978 له‌ که‌رکووکه‌وه‌ به‌ پاسه‌ چکۆله‌کان(مینی بووس)، که‌ هه‌ژده‌ نه‌فه‌رییان پێ ده‌گوتن، به‌ ڕێگه‌ی دووبز(دبس)دا، بۆ گوندێکی تازه‌دروستکراوی ئه‌و ناوه‌ ده‌چووم، که‌ نێوی حه‌تتین(حطین)یان لێ نابوو. هه‌موو ماڵه‌ عه‌ره‌بی عیراقی بوون و له‌وێ نیشته‌جێ کرابون و زه‌ویوزاری کوردیان وێ درابوو. من بۆ ماڵێکی دۆست و ناسیاوم ده‌چووم، که‌ کورد بوون و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پیاوی خاوه‌ن ماڵ، به‌ پیشه‌ سه‌رباز بوو، له‌وێ خانوویان دابوونێ، ئه‌ڵبه‌ت به‌و، به‌ کرێ. له‌ ڕێگه‌ له‌ نێو ماشێنه‌که‌دا، که‌  نه‌فه‌ره‌کانی خڕ  عه‌ره‌ب بوون، له‌ نێوان هه‌ندێکیاندا، باسی ئه‌وه‌ ده‌کرا، که‌ ئایا نێوی حه‌تتین (حطین) له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌! یه‌کێکیان، که‌ بێگومان عاقڵه‌که‌یان بوو، گوتی:"کاتی خۆی لێره‌ و ئا له‌م شوێنه‌دا، جه‌نگی حه‌تتین(حطین)، ڕووی داوه‌. ئیدی له‌به‌ر ئه‌وه‌ وا ناو نراوه‌..". مه‌به‌ستی کابرا له‌ جه‌نگی حه‌تتین(حطین)، ئه‌و جه‌نگه‌ بوو، که‌ ساڵی583ی کۆچی/1187ی زایینی، له‌ نێوان سه‌ڵاحوددینی ئه‌ییووبی(صلاح الدین الایوبي) و عیساییه‌کاندا، له‌ فلستین ڕووی داوه‌. ئه‌وه‌ خه‌ڵکه‌ ژیر و پیر و دنیادیده‌کانیان بوون، که‌ وایان ده‌گوت، ئه‌وجا  وه‌ره‌ دیاری منداڵێک، که‌ له‌وێ له‌دایک ده‌بێت، دایکم گوته‌نی:"سه‌ر که‌ر به‌رده‌ن نۆره‌ی سه‌یفوڵڵایه‌"، ئه‌وا که‌رکووک و قه‌ره‌ده‌ره‌ و شێروانه‌ و شاره‌زوور و قه‌راج و ته‌نانه‌ت خۆشناوه‌تی و باڵه‌کیان و شارباژێڕ و ئامێدی و ئاوێسه‌ریش، پاش ماوه‌یه‌کی دیکه‌، بۆی ده‌بێته‌ پاشناو و وه‌ک بابه‌ڵبابی له‌وێ بووبن، وا باسی خۆی ده‌کات. که‌رکووک و خانه‌قین و شه‌نگار و شوێنه‌کانی دیکه‌ش، که‌ داگیرده‌کرێن، به‌ ده‌ردی مووسڵ ده‌چن و مه‌گه‌ر هه‌ر بڵێین، به‌ خودای کاتی خۆی، که‌رکووک کوردستان بوو! ئه‌ڵبه‌ته‌ زۆر له‌مێژیش نییه‌، ساڵانی 1983 و 1984، یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌ زۆره‌کانی، خوا نه‌یانبڕێت، کورد، که‌ زۆر شۆڕشگێڕیشه‌! هه‌ر زۆر حاته‌مانه‌ و یه‌کجار چاوتێرانه‌، که‌رکووکی، دڵی کوردستان، له‌ کوردستان فت کرد و قرتاند و سڕییه‌وه‌ و به‌ کراسه‌که‌ی به‌ریه‌وه‌ پێشکه‌شی عیراقی داگیرکه‌ری کرد و بۆی کرده‌ په‌رده‌وه‌. گواستنه‌وه‌ی جه‌نگ بۆ نێو جه‌رگه‌ی دوژمن، بۆ نێو کووچه‌ و کۆڵانی پێته‌خته‌که‌ی و دام و ده‌سگا و کۆمپانیا‌کانی، تاکه‌ ڕێگه‌یه‌که‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ واتای شه‌ڕ تێبگه‌ن و شه‌ڕه‌که‌ش له‌ کوردستان دوورخرێته‌وه‌. با ئێمه‌ش سوود له‌ ئه‌زموونی شۆڕشگێڕه‌ ئیرلاندییه‌کان و باسکه‌کان وه‌رگرێن. بۆ ئه‌وه‌ش، که‌ بتوانرێت وه‌ها کارێک ئه‌نجام بدرێت، پێویستمان به‌:                                                                                  
- خه‌باتێکی سه‌خت و به‌ربڵاوه‌، له‌ مه‌یدانی فه‌رهه‌نگیدا. شۆڕشێکی فه‌رهه‌نگی دژ به‌ فه‌رهه‌نگی بیانی، پارچه‌پارچه‌که‌ر و دابه‌شکه‌ر، که‌ له‌ یه‌ک گه‌ل و یه‌ک خاکه‌وه‌، ده‌مانکاته‌ چه‌ندین به‌شه‌ خاک و ورده‌ شتی دیکه‌، له‌ باژێڕ و ده‌ڤه‌ر و هۆزه‌وه‌ بیگره‌، تا ده‌گاته‌ زاراوه‌ و حیزب و به‌ره‌باب،  وه‌ها فه‌رهه‌نگێک، به‌ هه‌ست و هۆش و ده‌روونمان نامۆیه‌ و به‌نجی کردووین. شۆڕشێکی فه‌رهه‌نگیمان پێویسته‌، که‌ کۆیله‌ و دیل و چه‌وساوه‌ و هه‌ژاری کورد و گشت مرۆڤی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ ڕزگار کات و ئازادی و نان و به‌ختیارییان بۆ بهێنێت. شۆڕشێک، ناسنامه‌ی خۆمانمان بداته‌وه‌ده‌ست و زۆربه‌ی گرێکوێره‌کانمان بۆ بکاته‌وه‌ و خه‌ون و خه‌یاڵی داگیرکه‌ران و پشتگرانیان پووچ کاته‌وه‌.                                                                                                      
  - ئاشکراکردن و هه‌ڵماڵین و خستنه‌ڕووی هه‌موو نهێنی و شاراوه‌یه‌ک، له‌ بواری سیاسیدا، بۆ ته‌واوی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کورد.                                                                                                  
- هه‌موو شتێک، ڕه‌وتارێک، که‌سێک، ڕووداوێک و پیرۆزییه‌ک، بخرێته‌ به‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ و ده‌مه‌ته‌قه‌ و باس و به‌ چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌ بنۆڕدرێته‌ هه‌موو شتێک.                                                                
- ڕووخاندنی مۆنۆپۆڵی حیزبی و هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتن و له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حیزبایه‌تی، که‌ کوشنده‌ترین ده‌ه‌ردی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌. خه‌ڵک خۆی ببێته‌ خاوه‌نی بڕیاری خۆی و بتوانێت ڕاسته‌وخۆ، نه‌ک له‌ ڕێگه‌ی نوێنه‌ر و به‌رپرس و هه‌ڵسووڕێنه‌رانی حیزبه‌وه‌، ڕای خۆی ده‌ربڕێت.                                                                                                           
- ئازادی ته‌واوی ڕا و بیر و بۆچوون و ده‌ربڕینه‌، که‌ ئه‌مه‌ بنه‌ڕه‌ت و ڕه‌گی هه‌موو مه‌سه‌له‌کانه‌.    ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌کان وه‌ها بن، ئه‌وا وشه‌کانی ڕوینه‌ لۆمبۆرن و کاک نه‌جمه‌ددین تاها، گوماناوی و له‌رزۆک ده‌بن و مرۆڤ ڕێزه‌یه‌ک هیوا په‌یدا ده‌کات.                                                                                     
   هاوینی 1988                                                  

                                                                                                                                                      

                                                                       

Sunday, August 2, 1987

چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ مامۆستا "شوکروڵڵای بابان" دا

چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ مامۆستا "شوکروڵڵای بابان" دا

ئاماده‌کردنی: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی و مارف عومه‌ر گوڵ

هاوینی 1987 له‌ کوردستان و له‌ شاره‌ خنجیلانه‌که‌ی سنه‌، به‌ هه‌لم زانی، دیده‌نییه‌کی مامۆستای به‌ڕێز و هێژا شوکروڵڵای بابان بکه‌م. وا ڕێککه‌وت، کاک "مارف عومه‌ر گوڵ"یش ببێته‌ هاوه‌ڵی دیده‌نییه‌که‌م و دوو قۆڵی چووینه‌ ماڵی مامۆستا و له‌ ڕۆژی 2/8/1987دا، ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی خواره‌وه‌مان له‌گه‌ڵدا کرد. دیداره‌که‌ له‌ سه‌ر کاسێت تۆمار کرابوو و ئه‌من بۆ خۆم هێنامه‌وه‌ سه‌ر کاغه‌ز و ده‌قه‌که‌یشی ده‌سکاری نه‌کراوه‌، ته‌نێ ئه‌وه‌ نه‌بێت، هێندێ وشه‌، که‌ کوردی نه‌بوون، لێره‌دا کردوومنه‌ته‌ کوردی و زۆریشیان، له‌به‌ر هێشتنه‌وه‌ی تام و چێژی ڕسته‌کان، هه‌ر وه‌ک خۆیان ماونه‌وه‌.                                                                                                              
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

- سه‌ره‌تا، ئه‌گه‌ر باسێکی ژیانی خۆتمان بۆ بکه‌یت، له‌ منداڵییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ؟
بابان: من..هه‌ر له‌ سنه‌ له‌دایک بووم. خولی منداڵی و جه‌وانیم لێره‌ گوزه‌راندووه‌، تا دیپلۆمم وه‌رگرتووه‌. به‌ شوێنیا بۆ خوێندنی ده‌وره‌ی به‌رز، ڕۆیشتوومه‌ته‌ تاران، له‌وێ لیسانسم وه‌رگرتووه‌، له‌ ڕشته‌ی ئیلاهییات..ڕه‌وانناسی و دادوه‌ری یا (قه‌زا، قه‌زاوه‌ت). ماوه‌یه‌ک له‌ وه‌زاره‌تی نێوخۆدا، بۆ شاره‌وانی دامه‌زراوم و بووم به‌ کاربه‌ده‌س له‌وێ. له‌وێوه‌ له‌ ساڵی 1337ه‌وه‌ هاتمه‌ ڕادیۆ، که‌ له‌ ساڵی 1351دا، له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆندا ئیدغام بوون، بووین به‌ لێپرسراوی به‌رنامه‌کانی کوردیی ئێران. هه‌ڵبه‌ت به‌ شوێنیا، له‌ کرماشان، له‌ سنه‌، له‌ ڕه‌زائییه‌، به‌ ناوی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی، ئه‌م سێ ئوستانه‌ ئیشم کردووه‌. به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ وا بشێ، خۆم ڕازی نیم له‌ خزمه‌تکردن به‌ گه‌ل و به‌ره‌که‌ماندا، با وه‌کوو ماوه‌ی 30-35 ساڵیش به‌ ڕاستی خۆم ته‌رخان کردووه‌ بۆ وێژه‌ و مێژوو و زمان و ئه‌ده‌بییاتی کورد.                                                         
                                                                                             
- ئه‌و کتێبانه‌ی، تا ئێستا وه‌به‌رهه‌مت هێناون و چاپت کردوون، یا به‌ ده‌ستته‌وه‌ن بۆ چاپ، چین؟ و چ کارێکی ئه‌ده‌بیت زیاد کردووه‌، یانی له‌ چ کارێکی ئه‌ده‌بیدا زێتر کارت کردووه‌؟                               
بابان: له‌ ساڵی 1337ی ئێرانیدا..یه‌کێک له‌ تێزه‌کانی ده‌وره‌ی لیسانسم، به‌ ناوی سه‌لاحوددینی ئه‌یووبی قاره‌مانی نه‌مری کورد، به‌ چه‌شنی کتێبێک له‌ چاپ درا و بڵاوبووه‌وه‌. به‌ شوێنیا له‌ ساڵی 1358دا، نامیلکه‌یه‌ک یا کتێبچه‌یه‌کی بچووکم به‌ ناوی کورد و کوردستانه‌وه‌ نووسی، که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ کورتی باسی هاتنی کورد و دامه‌زرانیان و بڕێ له‌ هه‌ستانه‌وه‌کان و ئه‌مانه‌ی تێدا بوو. ئه‌ڵبه‌ت ئێستا ئه‌و دوو کتێبه‌ نایاب بووه‌. له‌ ساڵی 1361دا، فه‌رهه‌نگێکی فارسی-کوردیم نووسی و ئه‌ویش چاپ کرا. به‌ شوێنیا مێژوویه‌کی تێکڕای کورد و کوردستانم نووسیوه‌، هه‌ر له‌ 500 ساڵ به‌ر له‌ په‌یابوونی مه‌سیحه‌وه‌، تا دوای زنجیره‌ی په‌هله‌وی و سه‌ره‌تای شۆڕشی ئێران. ئه‌وه‌ هێشتا چاپ نه‌بووه‌. به‌ شوێنیا گوڵزاری کوردستانم نووسیوه‌، که‌ بڕێ له‌ هۆنه‌رانی کۆن و ئێستا و بڕێ له‌ هونراوه‌کانی خۆمی تێدایه‌. ئێسته‌ش فه‌رهه‌نگێکی کوردی-فارسیم به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، که‌ بۆ به‌رگی یه‌که‌می گه‌یشتوومه‌ته‌ نیوه‌، (ب)ی دوایی هاتووه‌. زووتر بڕێ له‌ نووسراوه‌کانم، له‌ باره‌ی کورد و کوردستانه‌وه‌ بووه‌. په‌یوه‌ندییه‌کانی کورد له‌گه‌ڵ ئێران و وڵاتانی تردا، تێکۆشینه‌کانی کورد، له‌ سه‌رانسه‌ری ژیان و به‌ر له‌ مێژوودا. بڕێک شانۆگه‌ری و چیرۆکی شانۆگه‌ری و تابلووموزیکال و ئه‌مانه‌شم نووسیوه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئێستا هه‌ل له‌بار نییه‌ و هه‌مووی هه‌روا دانراوه‌ و له‌ چاپ نه‌دراوه‌، بێجگه‌ له‌و دوو سێ کتێبه‌ نه‌بێت.                                       
                                     
- بێگومان ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ ڕادیۆی کوردیدا کارتان کردووه‌، کاری ڕادیۆ، یا ڕۆڵی ڕادیۆ و کاریگه‌ریی ڕادیۆ، له‌ سه‌ر کورد و له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی کوردیدا و گه‌شه‌پێدانی ئه‌ده‌بی کوردی و چوونه‌ ناو خه‌ڵک و تێکه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا، چۆن ده‌بینن و ڕاتان سه‌باره‌ت به‌وه‌ چییه‌؟                                                                                                          
بابان: ئه‌ڵبه‌ته‌ ڕاگه‌یاندن به‌ هه‌ر چه‌شنێک بێت، زۆر شوێنی هه‌یه‌ و شوێن ئه‌کا. ڕادیۆ یه‌کێکه‌ له‌و هۆکارانه‌ی، که‌ له‌ هه‌موو هۆکاره‌کانی تر، زۆر شوێن ئه‌کا، له‌ ناو خه‌ڵکا. له‌ ماوه‌ی ئه‌و 30 ساڵه‌ی، که‌ من له‌ ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن بووم، بۆ ئه‌م مه‌نهه‌ج و مه‌به‌سته‌ تێکۆشاوم و زۆر باش بووه‌ و لام وایه‌، زۆرتر ڕووکردنی خه‌ڵک بۆ ناسینی خۆیان، بۆ ناسینی زمانیان و ڕه‌گه‌زیان، ڕادیۆ زۆر شوێنی کردووه‌ و ئه‌وانیش باشی تێگه‌یشتوون. زۆرتری ئه‌م ئاگادارییانه‌ به‌ هۆی نووسینی کتێب و دیوانی هۆنه‌ره‌کان بووه‌ و به‌ شوێنیا ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن. ئه‌ڵبه‌ت گۆڤار، ڕۆژنامچه‌، ئه‌مانه‌ش زۆر کاریگه‌ر بوون و شوێنیان کردووه‌. ئێمه‌ چه‌ند که‌سێک چوار ساڵ له‌ تاران ڕۆژنامه‌ی کوردستانمان ده‌ر ئه‌کرد..باش بوو..ئه‌ویش خزمه‌تێکی باشی به‌ گه‌له‌که‌مان کرد، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و ئازادی و کراوه‌ییه‌ی وا له‌ولا هه‌بوو لێره‌ نه‌بوو و ئه‌و خزمه‌ته‌ی، که‌ له‌ کوردستانی ئێراقدا به‌ زمان و ئه‌ده‌ب و وێژه‌ و وێژه‌وانیی کوردستان کراوه‌، زۆر به‌رزتر و به‌ربڵاوتر و باشتر بووه‌. هیوادارم هه‌لومه‌رج وا له‌بار بێ، که‌ بۆ له‌مه‌ودواش هه‌موو که‌سه‌کانمان..هه‌موو ئه‌وانه‌ی وا ئه‌توانن، له‌ ڕێگای گه‌ل و به‌ره‌کانماندا هه‌نگاو هه‌ڵگرن..تێکۆشن و سه‌رکه‌وتوو بن.                                                                                                               

- ئێوه‌ که‌ ماوه‌ی 30 ساڵێک له‌ ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆندا کارتان کردووه‌، دیاره‌ له‌ نزیکه‌وه‌ که‌سانێکی زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران و شاعیرانی کورد ئه‌ناسن یا کارتان له‌گه‌ڵدا کردوون یا یادگارییه‌کتان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌. له‌و ناوانه‌ی که‌وا دیار بوون، له‌ بواری هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا، سواره‌ی ئێلخانیزاده‌، که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ ڕادیۆ کاری کردووه‌، ڕه‌نگه‌ ئێوه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ ناسیبێتتان یا یادگارییه‌کی تایبه‌تیتان له‌ باره‌یه‌وه‌ هه‌بێت، پێمان خۆشه‌ ئه‌گه‌ر بۆمان باس بکه‌یت؟                                                                                                               
 بابان: له‌ ڕاستیدا من له‌گه‌ڵ مامۆستا سواره‌دا، زۆر نزیک بووم. ئه‌ویش سه‌باره‌ت به‌ من زۆر ڕووخۆش و به‌خشنده‌ بوو. له‌ ڕاستیدا سواره‌ یه‌کێک بوو، له‌ ئه‌ستێره‌ به‌رزه‌کانی ئاسمانی وێژه‌ی کورد، که‌ به‌ داخه‌وه‌ زوو له‌ده‌ست چوو و به‌و جۆره‌ی وا بشێ نه‌کرا، که‌ له‌و هه‌موو زانست و کوردیزانی و هۆنراوه‌ و نووسراوه‌ی ئه‌و که‌ڵک وه‌ربگرین. ئه‌ڵبه‌ت بۆ کۆچیدوایی سواره‌، ئه‌من بۆ خۆم پارچه‌ هه‌ڵبه‌ستێکم دانا، به‌ ناوی "سواره‌ ڕۆ". کاتێک که‌ ڕۆییم بۆ بۆکان بۆ پرسه‌که‌ی، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ له‌ به‌یانی، که‌ ئه‌مه‌ویست بڕۆم دانیشتم ئه‌و سواره‌ ڕۆمه‌ بۆی وت. به‌ شوێنیا ڕۆیمه‌ ئه‌وێنه‌ و له‌ سه‌ر گڵکۆکه‌ی، ئه‌وه‌م خوێنده‌وه‌ و شه‌و له‌ ماڵی قاسماغای مامی مامه‌وه‌. ئه‌ڵبه‌ت که‌سانی ترمان بووه‌، که‌ له‌ ڕێگای وێژه‌ و وێژه‌وانی و ئه‌ده‌ب و نووسینی کوردیا، له‌ ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن، زه‌حمه‌تیان کێشاوه‌، به‌ڵام سواره‌ وه‌کوو فارسان ده‌ڵێن "تافته‌یه‌کی جودا یافته‌ بوو"، به‌ لای منه‌وه‌ زۆر به‌ڕێزه‌، به‌ڕێز بوو و به‌ جۆری، که‌ هه‌میشه‌ گوتوومه‌. بێجگه‌ له‌ خه‌وه‌به‌ردینه‌ و باقی هۆنراوه‌که‌ی هه‌ڵۆ، یا ئه‌و تاقمه‌ شیعره‌که‌ی دوایی، به‌ سه‌د دیوان له‌ دیوانانی شاعیران ده‌ژی.                                                                                                                  
بۆ هه‌ڵۆی به‌رزه‌فڕی به‌رزه‌مژی                         چۆن بژی شه‌رته‌ نه‌وه‌ک چه‌نده‌ بژی
یادگاری باشیشی به‌ لامه‌وه‌ هه‌یه‌. چه‌ند ڕۆژێ به‌ر له‌وه‌ی کۆچیدوایی بکا، من په‌یامم نارد بۆ لای مامۆستا جه‌میل ڕۆژبه‌یانی، که‌ بیستوومه‌ سواره‌ هه‌ڵۆی به‌ فارسییش گوتووه‌. هه‌ڵۆی فارسیم بۆ بنووسێ و بۆم بنێرێ. مامۆستا ڕۆژبه‌یانی، ئه‌ڕوا بۆ هه‌واڵی له‌ نه‌خۆشخانه‌ و پێی ئه‌ڵێ. سواره‌ش نامه‌یه‌کی بۆ نووسیم، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ سڵاو و هه‌واڵپرسی و گوتوویه‌ داوای هه‌ڵۆی فارسیت لێ کردووم، کاک بابان چۆن ئه‌کرێ هه‌ڵۆی فارسی؟ یانی چۆن له‌ ناو فارسدا هه‌ڵۆ هه‌ڵئه‌که‌وێ!. من هه‌ڵۆم به‌ فارسی نییه‌، ئه‌وه‌ش کوردییه‌که‌ی به‌سه‌ر چاو. ئه‌ڵبه‌ت به‌ر له‌ نیوه‌ڕۆ، ده‌سی پێکردووه‌ و نووسیویه‌ته‌وه‌ و بڕێکی نووسیوه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ نیوه‌، داینابوو، که‌ دوای نیوه‌ڕۆ پاشماوه‌که‌ی بنووسێ، دوای نیوه‌ڕۆ فه‌وتی کردووه‌. که‌ ئه‌و نیوه‌یانه‌ بۆ هێناوم، منیش به‌ ناو بیره‌وه‌رییه‌کی زۆر باییدار دامناوه‌.                                                                                                 

- له‌ باره‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانه‌وه‌، که‌ سه‌رده‌مێک لێره‌ ده‌رچووه‌ و ئێوه‌ش کارتان تێدا کردووه‌، حه‌ز ده‌که‌م تۆزێک به‌ درێژتر باسی بکه‌یت. که‌ی و تا که‌ی ده‌رچووه‌ و چ جۆره‌ ڕۆژنامه‌یه‌ک بووه‌ و کێ کاری تێدا کردووه‌؟                                                                                                            
بابان: ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ له‌ ساڵی 1338ه‌وه‌ تا ساڵی 1342 ده‌رئه‌چوو، یانی ماوه‌ی چوار ساڵ. مامۆستا سددیق موفتیزاده‌، که‌ ئه‌ویش یه‌کێک له‌ دانایانی پایه‌به‌رزمان بووه‌ و به‌داخه‌وه‌ ئه‌ویش له‌ده‌س ده‌رچوو و کۆچیدوایی کردووه‌. دوکتۆر عه‌بدولڕه‌حمانی سیراجولدینی، شێخ عابید و ئه‌ڵبه‌ت به‌ سه‌رۆکایه‌تی مامۆستای پایه‌به‌رز به‌دیعولزه‌مانی، که‌ یه‌کێک له‌ زانایانی زۆر پایه‌به‌رز و به‌ناوبانگی ڕۆژهه‌ڵات بوو، نه‌ ته‌نێ بڵێم ئێران و کوردستان. ماوه‌ی چوار ساڵ ئه‌و ڕۆژنامه‌مانه‌ به‌ زمانی کوردی، لاپه‌ڕه‌یه‌کی به‌ کوردی شیمال، که‌ ئاغای خوسره‌وی شێخ کانلۆ له‌وێ ئیشی ده‌کرد...له‌ تاران ده‌رئه‌چوو و ده‌رمان ئه‌کرد و پێکه‌وه‌ کارمان تێدا ده‌کرد. پاشان له‌ باری ئابوورییه‌وه‌ (ماددییه‌وه‌)، که‌ بڵێین(ئه‌نگووژه‌نی)وه‌ بۆمان هه‌ڵنه‌سووڕا و هه‌روه‌ها، به‌ هۆی چۆنیه‌تی کاروباری ئێرانه‌وه‌. زۆرتری ئه‌ده‌بی بوو، ئه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستی سیاسیشی تێدا بوو. ئه‌من بۆ خۆم له‌وێ په‌یوه‌ندی کورد و ناسیۆنالیزمی ئێرانم ئه‌نووسی. نزیکه‌ی ماوه‌ی سێ ساڵ سێ ساڵ و نیو ئه‌و مه‌به‌ستانه‌م له‌م باره‌وه‌ نووسیوه‌.                                                                  
                            
- بێگومان ماوه‌یه‌کی زۆره‌، ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی کوردیدا خه‌ریکن و شاره‌زاییه‌کی باشیشتان له‌ شیعری کوردیدا هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر گۆران به‌ نوێکه‌ره‌وه‌ی شیعری کوردی دابنرێت، که‌ هه‌روایشه‌، ئێوه‌ شیعری کوردی پێش گۆران و پاش گۆران چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ و شیعری کوردی ئه‌مڕۆ چۆن ده‌بینن؟                                                                                                              
بابان: گۆران، مه‌قته‌عه‌، مه‌قته‌ع...بێگومان هه‌موو شتێک وا له‌ حاڵی ته‌حه‌ڕوک و پێشڕه‌وتا. ئه‌ڵبه‌ته‌ بۆ شیعر و وێژه‌ش هه‌روایه‌. مامۆستا گۆران، جگه‌ له‌وه‌ی یه‌کێک له‌ بناغه‌دانه‌رانی شیعری نوێ بووه‌ و باشیشی داناوه‌، نه‌ک وه‌کو نیمایۆشیجی فارس، که‌ گۆنی گۆنی شیعری تازه‌ی داناوه‌ و له‌هه‌ر گۆنییه‌کی لاپه‌ڕه‌یه‌کی به‌ده‌رد ئه‌خوا. له‌ ڕاستیدا مامۆستا گۆران، یه‌کێ له‌ هۆنه‌ره‌ پایه‌به‌رزه‌ زۆر به‌ڕێزه‌کانی ئێمه‌یه‌ و ناتوانین ته‌نانه‌ت به‌ ناوی مه‌قته‌ع دایبنێین، ئه‌بێ بڵێین سه‌ره‌تا، بناغه‌دانه‌ر، په‌ره‌پێده‌ر و خالیقی شیعری نوێ. ئه‌ڵبه‌ت ئێستاش زۆر له‌ هۆنه‌ره‌کانمان که‌وتوونه‌ته‌ شوێنی و سه‌ر ئه‌و سه‌بک و ڕه‌وێشه‌. باوه‌کوو تا ئێستاش که‌س به‌وی نه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌ داهاتوودا ئیحتیمالی هه‌یه‌ هۆنه‌رانی باشمان تێدا په‌یدا ببێت، له‌ باره‌ی شیعری نوێوه‌، ئه‌مه‌ش نابێته‌ ئه‌وه‌ی هه‌روا، که‌ ئه‌ڵێین (ئیسباتی شه‌یئ نه‌فی ماعه‌دا ناکا). ئه‌وانی ترمان ئه‌وه‌ نییه‌ ته‌قتیعه‌ بکه‌ین، بڵێین له‌ ناوی هۆنه‌رانی ڕابوردووشا هۆنه‌رانی پایه‌به‌رزی باشی زۆرمان هه‌یه‌، چی ئه‌وانه‌ی له‌ باری نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌ شیعریان گوتووه‌ یا غه‌رامییات یا "إظهار فضل" هۆنراوه‌کانی تر. ئه‌ڵبه‌ت له‌ سه‌رده‌مێکا زۆرتر هه‌م بۆ نیشاندان یا ئیزهاری فه‌زڵ یا هه‌رچییه‌ بووه‌، وشه‌ و که‌لیماتی عه‌ره‌بی زۆریان به‌کار بردووه‌، که‌ ئه‌وه‌ش یه‌کێکی مه‌لایه‌تی ئه‌م به‌ڵایه‌ی هێناوه‌ته‌ سه‌ر زمانه‌که‌مان، که‌ عه‌ره‌بزه‌ده‌ بوون، یه‌کێکی تریش نیشاندانی زانستی خۆیان بووه‌، به‌ ناوی "إظهار فضل" کردوویانه‌، که‌ ئه‌وه‌ش هۆنراوه‌ی باشمان هه‌یه‌، هۆنه‌رانی باشمان هه‌بووه‌، هه‌رکامێکیان ناو ببه‌ین بۆ خۆیان پله‌ و پایه‌یه‌کی به‌رزیان هه‌یه‌.                                                                                                                 
                                                                                                           
- وه‌ک له‌م ڕۆژانه‌دا بیستمان، له‌ سنه‌ نووسه‌رێک کتێبێکی نووسیوه‌، که‌ به‌راوردێکه‌ له‌ نێوان نیمایۆشیجی فارس و گۆرانی کورددا، له‌ تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعردا، گوایه‌ ئه‌و نووسه‌ره‌ "گۆران"ی له‌ ڕووی ده‌سه‌ڵات و له‌ ڕووی تازه‌کردنه‌وه‌وه‌ تواناتر و به‌ده‌سه‌ڵاتتر و سه‌رکه‌وتووتر زانیوه‌، له‌ مه‌یدانی تازه‌کردنه‌وه‌ی شیعردا. جا نازانین ئه‌و نووسه‌ره‌ کێیه‌؟ کورده‌ یا نه‌؟ ئه‌گه‌ر له‌و ڕووه‌وه‌ باسێکمان بۆ بکه‌ن؟                                                                                                                           
بابان: به‌داخه‌وه‌ نازانم و من نووسه‌ره‌که‌ ناناسم، نووسراوه‌که‌یشیم هێشتا نه‌دیوه‌، به‌ڵام وه‌ها شتێک ڕاستییه‌که‌ به‌یانی کردووه‌. ته‌نیا شتێک هه‌بێ به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ مه‌رکه‌زی قودره‌تی ته‌بلیغی به‌ ده‌ستمانه‌وه‌ نییه‌. بۆ نموونه‌ ئێستا له‌ جێگایه‌کی وه‌کوو تارانا، هه‌ر ساڵ به‌ ناوی ساڵگه‌ردی کۆچی دوایی نیما، ئاهه‌نگێک دائه‌نێن، ڕادیۆ باسی ئه‌کا، ڕۆژنامچه‌کان باسی ئه‌که‌ن. هه‌ر ئه‌مه‌ بۆ خۆی بڕێ گه‌وره‌ی ئه‌کاته‌وه‌. له‌م لاوه‌ ئێمه‌، نه‌ بنکه‌ی ڕادیۆیه‌کی سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه‌ به‌ ده‌ستمانه‌وه‌ بێ، یا ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن، یا ڕۆژنامچه‌ یا گۆڤاره‌کان، که‌ ئه‌وی وا پێویسته‌ له‌ باره‌ی مامۆستا گۆرانه‌وه‌ بوترێ، ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ گوتوویه‌، ڕاستی ئه‌وه‌یه‌. زۆر فاسیله‌ هه‌یه‌ له‌ به‌ینی مامۆستا گۆران و نیمادا. ئوسووله‌ن قیاسی نیما، له‌گه‌ڵ مامۆستا گۆرانا، به‌ پێی بیروڕای من، قیاسی خاکه‌ له‌گه‌ڵ عاله‌می پاکا. گۆران زۆر به‌رزه‌، له‌وه‌ به‌رزتره‌، له‌وه‌ به‌ده‌سه‌ڵاتتره‌. ئه‌من هه‌م له‌ باره‌ی مامۆستا گۆرانه‌وه‌، هه‌م له‌ باره‌ی نیماوه‌، زۆر لێکۆڵیومه‌ته‌وه‌ و بۆم ڕوونبووه‌ته‌وه‌، که‌ به‌ ڕاستی مامۆستا گۆران زۆر به‌رزه‌. ئه‌و نووسه‌ره‌ هه‌رچییه‌کی نووسیبێ ڕاستییه‌.                                                                                                               
                                                                                                        
- ئه‌مڕۆ زمانی کوردی به‌ سێ تیپی جیاواز ده‌نووسرێت، له‌ کوردستانی ئێران و عیراق به‌ تیپی فارسی یا عه‌ره‌بی، له‌ کوردستانی تورکیا و سووریا، تیپی لاتینی به‌کار ده‌هێنن و له‌ سۆڤیێتیش تیپی کریلیک، بێگومان ئه‌مه‌ گیروگرفتێکی گه‌وره‌ی بۆ تێکه‌ڵاوبوون و دروستبوونی زمانی ئه‌ده‌بی یه‌کگرتووی کوردی، دروست کردووه‌. کوردێکی کوردستانی تورکیا، ئه‌ده‌بێک که‌ له‌ کوردستانی ئێران یا عیراق ده‌نووسرێت، ئه‌و ناتوانێت بیخوێنێته‌وه‌، کوردێکی کوردستانی ئێران یا عیراق، ئه‌ده‌بێک که‌ له‌ کوردستانی سووریا یا تورکیا یا سۆڤیێت ده‌نووسرێت، ئه‌و ناتوانێت بیخوێنێته‌وه‌، یانی ئه‌و زمانه‌ ئه‌ده‌بییه‌ یه‌کگرتووه‌، که‌ کوردی هه‌موو لایه‌ک و هه‌موو دیالێکتێ بتوانێت پێی بخوێنێته‌وه‌ و لێی تێبگات و پێی بنووسێت، ئێمه‌ نیمانه‌. ئێوه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چۆن ده‌بینن و باشترین ڕێگا بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و گیروگرفته‌ چییه‌ و ئه‌و زمانه‌ یه‌کگرتووه‌ چۆن دروست ده‌بێت؟                                                                                                                
بابان: ئه‌مه‌ بۆ خۆی موشکیله‌یه‌ و چاره‌سه‌ریشی زۆر موشکیله‌یه‌، چونکه‌ کوردستانی تورکیا به‌و چه‌شنه‌ ڕاهاتوون. ئه‌ڵبه‌ت به‌ لاتینی نووسین زۆر باشه‌ بۆ تێگه‌یشتنی تێکڕایی، به‌ڵام کوردی کوردستانی ئێران و ئێراق به‌م زووانه‌ ناتوانێ به‌ لاتینی ڕابێت و بنووسێت و بخوێنێ. هه‌روه‌ها کوردستانی شووره‌وی یا دانیشگاکان و ته‌عیینی ته‌کلیف بۆ نموونه‌ بۆ دانیشگای لێنینگراد یا دانیشگای مۆسکۆ یا ماساچۆسیت یا هارڤارد له‌ ئامریکا یا ئه‌و زانستگه‌کانی تر، ئێمه‌ ناتوانین بیکه‌ین، به‌ڵام ئێستاکه‌ بۆ کوردستانی ئێران و ئێراق باوه‌کوو هه‌ر له‌م چه‌شنه‌ نووسینی زمانی سۆرانی، که‌ بووه‌ته‌ زمانی ڕه‌سمیی بۆمان، هێشتا بۆ دانانی دیارده‌کانی سه‌ر وشه‌ ئیختیلافمان هه‌یه‌. بڕێ که‌س بۆ (ڕ)ی گه‌وره‌، حه‌وته‌که‌ی له‌ سه‌رۆ داده‌نێ و بڕێ له‌ ژێرۆ. بڕێ بۆ (وو)ی ته‌نگ یا (و)ی مه‌علووم، تیره‌ له‌ بانه‌وه‌ دائه‌نێ، بڕێ تیره‌ دانانێ و دوو (و) ئه‌نووسێ. ئه‌مانه‌ش بۆ خۆی بۆته‌ موشکیله‌یه‌ک، ته‌نانه‌ت له‌ به‌ینی خۆمانا. ئێستاکه‌ هه‌ر ئه‌م زمانی سۆرانییه‌ و هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ نووسینه‌ وا کۆڕی زانیاری کورد له‌ به‌غا دایناوه‌، به‌ پێی بیروڕای من باشترین چه‌شنه‌ له‌ کوردستانی ئێران و ئێراقا په‌ره‌ بگرێ و به‌ڵکو که‌م که‌م، بتوانێت بڕواته‌ ناو زانستگه‌کانه‌وه‌، وه‌کوو سۆربۆن له‌ پاریس، یا جێگایه‌کی تر، یا وه‌کوو ئه‌وه‌ش بۆ خۆی موشکیله‌یه‌ک ئیجاد ده‌کا، که‌ ئێمه‌ نه‌توانین له‌و کتێب و شوێنه‌وارانه‌، وا له‌ تورکییه‌ هه‌یه‌ که‌ڵک وه‌ربگرین، یا له‌ مۆسکۆ و جێگاکانی تر هه‌یه‌، که‌ڵک وه‌ربگرین و هه‌روه‌ها ئه‌وانیش بۆ ئێمه‌. که‌وابوو هیوادارم له‌ داهاتوودا، ئه‌گه‌ر زانستگه‌یه‌ک هه‌بێ ته‌دریسی زمانی کوردی بێ، به‌ تێکڕا وه‌کوو زمانێکی خاریجه‌، له‌ حه‌فته‌دا دوو سه‌عات یا سێ سه‌عات، ته‌دریسی زمانی کوردی به‌ شێوه‌ زمانی لاتینی بکرێ، وه‌کوو ئه‌وه‌ی، که‌ خوێندکارێک که‌ زانستگه‌ی کوردی ئه‌خوێنێ، چه‌شن و چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌ و نووسینی کوردی به‌ لاتینی بزانێ، که‌ له‌ داهاتوودا که‌م که‌م ئه‌و موشکیله‌یه‌ مورته‌فیع ببێ بۆ به‌ره‌ی داهاتوو.                                                                               
                                                                                                                
- وه‌ک ئاگادارن، ئه‌م هه‌لومه‌ج و باره‌ی، که‌ ئێستا کورد و ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی کوردی تێدا ده‌ژین و بڵاوبوونه‌وه‌یان به‌ هه‌موو دنیادا، خه‌ڵکێکی زۆر له‌و نووسه‌رانه‌ و له‌و ڕۆشنبیرانه‌، ڕوویان کردووه‌ته‌ ئه‌ده‌ب و نووسین و وه‌رگێڕان و ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و کتێب، چ له‌ کوردستاندا له‌ ناو شۆڕشدا، یا له‌ شاره‌کاندا، یا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌ وڵاته‌کانی ئه‌وروپای دوور و نزیک. ئه‌وه‌نده‌ی ئێوه‌ شتتان به‌رچاو که‌وتبێت یا بیستبێت یا خوێندبێتتانه‌وه‌، چۆن ئه‌م زرووف و پاشه‌ڕۆژی ئه‌م جووڵانه‌وه‌ ڕۆشنبیرییه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟                                                                                                 
بابان: ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ جێگای هیوای زۆرێکه‌، بۆ داهاتوو و یه‌کێ له‌ ڕێگا باشه‌کانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی، که‌ کورد و کوردستان به‌ ئامانجی خۆی بگه‌یه‌نێ و سه‌ره‌تا هه‌ر ئه‌بێ له‌م ڕێگاوه‌ بێ. وه‌کوو "ڕێنێسانس"، که‌ به‌ شوێن خولی ڕه‌شی مێژوودا له‌ ئوروپا په‌یدا بوو. له‌ پێشا ڕێنێسانس ئه‌ده‌بی بوو و به‌ شوێنیا کرا به‌ سه‌نعه‌تی و شتانێکی تر. ئه‌مه‌ش یه‌که‌م ڕێگایه‌ بۆ سه‌رکه‌وت و پێشڕه‌وت، بۆ یه‌کگرتن و ڕزگاری. هیوادارم هه‌موو ئه‌وانه‌ی، که‌ له‌م ڕێگادا تێئه‌کۆشن، سه‌رکه‌وتوو بن و ئه‌مه‌ ببێته‌ ڕچه‌ بۆ لاوه‌کانمان و بۆ ڕۆشنبیره‌کانمان و بۆ به‌ره‌ی داهاتوومان. ئه‌گه‌ر وه‌کوو ئێمه‌ش نه‌بووین کوڕه‌کانمان، به‌ره‌کانمان له‌م ڕچه‌، که‌ ئه‌وان شکانوویانه‌ پیا بڕۆن و سه‌رکه‌وتوو بن و بتوانن به‌و ئامانجه‌، وا ئێمه‌ گرتوومانه‌ته‌ پێش چاو بۆیان، یا ئاواته‌خوازین بۆی، پێ بگه‌ن.                                                                           
                                                      
- ئه‌گه‌ر بێت و ته‌ماشای جموجووڵی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری بکه‌ین، له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستاندا به‌ جیاواز و له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیش، ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌بی ده‌ره‌وه‌یش په‌یدا بووه‌، وه‌ک چۆن عه‌ره‌به‌کان ئه‌ده‌بی "مه‌هجه‌ر"یان هه‌بوو، ئێمه‌ش ئه‌وه‌ ئێستا تا ڕاده‌یه‌ک وای لێ هاتووه‌. ئێوه‌ ئه‌و جموجووڵه‌ ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییه‌ چۆن ده‌بینن و له‌ کوردستانی ئێراندا چی کردووه‌ و تا چ ڕاده‌یه‌ک چووه‌ و هه‌روه‌ها له‌ شوێنه‌کانی تری کوردستاندا و له‌ ده‌ره‌وه‌یش؟                                                         
بابان: هه‌ڵبه‌ت وه‌کوو پێشان گوتم، بۆ کوردستانی ئێراق زۆر باشتر بووه‌ و هه‌لومه‌رج له‌بارتر بووه‌ و ئه‌وان تێکۆشانیان زۆرتر بووه‌. له‌ کوردستانی ئێرانیشدا تا ڕاده‌یه‌ک له‌مه‌وپێش، له‌ سابڵاخ و جێگاکانی ترا تێکۆشان هه‌بووه‌ و هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش چه‌ن ساڵێکه‌ له‌ سنه‌ و ده‌وروبه‌ری سنه‌ش جووڵاونه‌ته‌وه‌. ئه‌م بزووتنه‌وه‌ش، که‌ بۆته‌ هه‌موولایی ئه‌گه‌ره‌کوو ده‌س بداته‌ ده‌س یه‌که‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ده‌ره‌وه‌ بیستوومانه‌، که‌ گه‌نجه‌کان و جه‌وانه‌کانمان بێ ئه‌وه‌ی گوێ له‌وه‌ بده‌ن ئه‌مه‌ کوردی ئێرانه‌ یا کوردی تورکییه‌یه‌ یا کوردی ئێراقه‌ یا کوردی سووریایه‌، پێکه‌وه‌ باش تێئه‌کۆشن و به‌ یه‌که‌وه‌ خه‌ریکن. له‌م لاکان تریشه‌وه‌، هه‌ر له‌ ناو خۆیانا به‌و جۆره‌ ده‌س بده‌نه‌ ده‌س یه‌که‌وه‌ و تێبکۆشن، تا ڕاده‌یه‌ک کوردستانی ئێرانیش، جێگای هیوای په‌یدا کردووه‌ و جووڵاونه‌ته‌وه‌ و له‌ داهاتوودا زۆرتر په‌ره‌ئه‌سێنێ و هیوادارم زۆرتر په‌ره‌بسێنێ و ده‌س بده‌نه‌ ده‌س یه‌که‌وه‌ و بتوانن، ئه‌و جۆره‌ وا بشێ خزمه‌ت بکه‌ن.                                                   
  
- له‌مه‌ڕ مێژووی تازه‌ی کورده‌وه‌ زۆر شت نووسراوه‌ و یه‌کێک له‌وانه‌ی، که‌ ڕۆڵێکی مه‌زنی بینیوه‌ مامۆستا که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌ده‌ و پێشتریش مامۆستا موحه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی، به‌ڵام له‌ سه‌ر مێژووی کۆنی کورد تا ڕاده‌یه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ که‌م کراوه‌ و له‌ سه‌رده‌می ماده‌کانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ پێش شه‌ره‌فنامه‌ی شه‌ره‌فخانی بدلیسی، شتێکی ئه‌وتۆ ڕوون نییه‌، له‌ مه‌سه‌له‌ی مێژووی کورددا، ئایا ئێوه‌ له‌و باره‌وه‌ شتێکتان کردووه‌ یا خه‌ڵکانێک ده‌ناسن، که‌ له‌ سه‌ر مێژووی کۆنی کورد کارێکیان کردبێت؟                                                                                           
بابان: له‌ ڕاستیدا له‌ بان مێژووی کۆنه‌وه‌، تێکۆشان که‌م بووه‌. هه‌ڵبه‌ت من له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و مێژووی کورد و کوردستانه‌وه‌ بڕێ لێکۆڵینه‌وه‌م بووه‌ و تۆزێک به‌ربڵاو به‌ تێکڕا نووسیومه‌. باوه‌کوو ئامانج و مه‌به‌ستی من بۆ نووسینی  ئه‌و مێژووه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ بوو، که‌ بتوانم جۆرێ دایبنێم له‌ داهاتوودا ئه‌گه‌ره‌کوو زمان و مێژووی کوردی له‌ زانستگه‌دا گوترایه‌وه‌ و بخوێنرێته‌وه‌، بتوانین بیکه‌ینه‌ چوار به‌شه‌وه‌، بۆ ده‌وره‌ی خولی چوارساڵه‌ی زانستگه‌، که‌ هه‌ر به‌شێکی له‌ ساڵێکی خوێندندا ئوستاد بتوانێ بیڵێته‌وه‌ و خوێندکار بتوانێ که‌ڵکی لێ وه‌ربگرێ. له‌و باره‌وه‌ هه‌ر له‌ 5000ساڵ به‌ر له‌ په‌یابوونی مه‌سیحه‌وه‌، به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌ک کورت، نووسیومه‌، به‌ به‌ڵگه‌وه‌، شوێنه‌واره‌کانم ناو بردووه‌ و ئه‌مانه‌ی واتیا. به‌ڵام باش ناتوانم بڵێم، که‌ ئه‌وه‌ هه‌موو که‌س ڕازی ئه‌کات، وا له‌ ڕاده‌ی قه‌ناعه‌تا، نییه‌ له‌ ڕه‌زایه‌تا، به‌ڵکوو هیوادارم له‌ داهاتوودا خه‌ڵکی تر بکه‌ونه‌ شوێن لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆرتر و بتوانن باشتر ڕوونی بکه‌نه‌وه‌.                                         

پاشان داوامان له‌ مامۆستا بابان کرد، که‌ به‌ ده‌نگه‌ به‌جۆش و پڕسۆزه‌که‌ی خۆی، که‌ سه‌رده‌مێکی زۆر گوێی گوێگرانی ڕادیۆی کرماشانی پێ ڕاهاتبوو و ئاشنای بوون، پارچه‌ شیعرێکی خۆیمان بۆ بخوێنێته‌وه‌ و ئه‌ویش دڵی نه‌شکاندین و ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی بۆ خوێندینه‌وه‌.                                                                              
بابان: ئه‌مه‌ پارچه‌ هه‌ڵبه‌ستێکه‌ له‌ ساڵی 1360دا به‌ بۆنه‌ی کاروباری ناله‌باری سنه‌وه‌ دامناوه‌ به‌ ناوی "سکاڵا بۆ ئاوییه‌ر". ئاوییه‌ر، که‌ژێکه‌ له‌ لاژووری سنه‌وه‌، له‌ ڕابوردوودا سه‌یرانگاگه‌لی باشی هه‌بوو، که‌ به‌ داخه‌وه‌ زۆرتری سه‌یرانگاکانی له‌ ناو چووه‌ و وێران بووه‌.                                                                                      
ئاوییه‌ر فدای لووتکه‌ی به‌رزت بم                    فدای لاوه‌لاو هه‌زار ته‌رزت بم
قوربان لاپه‌ڕه‌ی کوچک قورئانت                   فدای شاره‌که‌ی خواری باخانت
کوا سه‌فا و سه‌وزی جاری جارانت                 کوا نه‌سیمی خۆش شوێنی بارانت
کوا پونگه‌ی به‌فراو دۆڵ و لاپاڵت                 کوا به‌فری زۆری ناو به‌فره‌چاڵت
بۆ بێ ئاو ماون هه‌موو چاوگه‌کان                 په‌کیان که‌وتووه‌ پاک ئاسیاوه‌کان
سه‌را و ماماتگه‌ و ئاو کانی شه‌فا                     چی لێ هاتووه‌ ده‌ور کانی سه‌فا
بۆچی وا لێڵن لێڵاوی چاوم                           یاخوا نه‌مێنێ له‌ناوا ناوم
بۆچی چۆڵ بووه‌ سه‌حرای زه‌فه‌ریه‌                کوا باخی جوانی نزیک قه‌مه‌ریه‌
کوا میوانه‌کان سه‌حراکه‌ری ئه‌و                    کوا ورشه‌ وریش چراکانی شه‌و
کوا سه‌یرانکه‌ری خزرزنده‌که‌ت                    کوا ده‌وڵ و زوڕنا و زرمه‌زرمه‌که‌ت
کانی ئارایش بۆچی وا چۆڵه‌                         خدرلیاس ئه‌ڵێی قه‌یسی کڵۆڵه‌
بۆچ وا وێران بوو موباره‌ک ئاوا                     بۆچی ڕووخاوه‌ قه‌سری خه‌سراوا
کوا چوار باخه‌که‌ی ده‌ور و ناوی ئه‌و              کوا چه‌مه‌ن خوارووی پڕ له‌ ئاوی ئه‌و
ئامانیه‌ بۆچ بوو به‌ جێگای نه‌خۆش                ئه‌میریه‌ بووه‌ جێگای بایه‌قوش
بۆچ بان شێڵانه‌ وه‌ها بێحاڵه‌                         تاقه‌دار ته‌نیا که‌وتووه‌ته‌ ناڵه‌
سه‌رته‌خت وێرانه‌ بێگوڵ یاخییه‌                    ساقاوا ئه‌ڵێی له‌ گه‌ل یاخییه‌
ته‌کیه‌ و چه‌مه‌نت دابه‌شکراوه‌                      ئه‌ویش له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌و براوه‌
هه‌رچه‌ن ئه‌مه‌یه‌ کاری باخانت                     سه‌ره‌نجی بده‌ شاری دامانت
شاری چی بووه‌ شاری خامۆشان                   هه‌موو خه‌ڵکی شار قه‌ڵاخی پۆشان
هه‌موو ئازیه‌تبار خزم و که‌س و کار              هه‌موو ناڕازی هه‌موویان خه‌مبار
که‌سێ نابینی پێکه‌نێ به‌دڵ                          ئه‌ڵێی شادی گه‌ل پاک چووه‌ته‌ کوڵ
سێ ساڵ ته‌واوه‌ خۆشی نه‌ماوه‌                      هه‌ر کوشت و قه‌زا و سه‌رخۆشی باوه‌
له‌ جێژنا نییه‌ موباره‌ک بادی                        که‌س له‌ که‌س ناکا گه‌ردن ئازادی
ژیان بۆ هه‌موو ته‌واویی تاڵه‌                        ته‌نانه‌ت ڕاوچیش ڕاوی به‌تاڵه‌
ئه‌وه‌ن زۆر بووه‌ بێکار له‌ ناو شار                  قه‌ت ڕێگا نییه‌ له‌بۆ ڕێبوار
نه‌ پێخۆر هه‌یه‌ نه‌ نان و نه‌ ئاو                       نازانم بۆچی خه‌ڵکی که‌وته‌ داو
چی بکه‌م ناکرێ ده‌رده‌کان بێژم                  داخی ده‌روونم هه‌مووی هه‌ڵڕێژم
چوون ده‌وروبه‌رم چه‌ن که‌سێ جاشه‌            ده‌مم ببه‌ستم له‌ وتن باشه‌
نه‌ک هه‌واڵ بده‌ن به‌ ده‌سداره‌کان               بڵێن سکاڵای کردووه‌ بابان
ئه‌نجا که‌ر بێره‌ و تڕۆیێ بار که‌                  خۆت بخه‌ حه‌چه‌ل و چاری ناچار که‌

ئه‌مه‌ش وه‌ڵامی ئاوییه‌ره‌، که‌ وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌:
شوکروڵڵای بابان ڕۆڵه‌ی شیرینم                    یاخوا تا سه‌دساڵ مه‌رگت نه‌بینم
بیستم سکاڵات کردووه‌ بۆ ئاویه‌ر                    ئاویه‌ر چی بڵێ هه‌ی خاکی به‌سه‌ر
ئاویه‌ر ئاویه‌ری جاران نه‌ماوه‌                         هه‌موو سه‌یرانگه‌ی بوو به‌ که‌لاوه‌
لووتکه‌ به‌رزه‌که‌م به‌ هێز خومپاره‌                   وه‌ک جه‌رگ زوڵه‌یخا کراوه‌ پاره‌
لاپه‌ڕه‌ی به‌ردی کوچک قورئانم                       سه‌د په‌ڕه‌ی سووتا لاڵ بێ زوانم
سه‌را و ماماتگه‌ و ئاو کانی شه‌فا                       ئامانیه‌ و سه‌رته‌خت هه‌م کانی سه‌فا
وشکاویان هاتوو داریان بڕیا                            به‌رگی شه‌خسه‌کان خدرزنه‌ دڕیا
نه‌ما سه‌یرانگه‌ی زه‌فه‌ریه‌ و سه‌رته‌خت              ئه‌میریه‌ وه‌کوو شاهی نوگون به‌خت
دۆڵ ئاسیاوه‌کان هه‌ر وه‌کوو به‌هه‌شت               قه‌سری خه‌سراوا باخی له‌ ناوده‌شت
هه‌موو کاول بوون پاک بوون وێران                 داڵده‌یکیش نه‌ما بۆ کانی باران
باسی شارت کرد شارێک ئه‌بیسی                   ئه‌و له‌من پیستر که‌وتۆته‌ پیسی
ئه‌زانم حاڵی سنه‌ به‌دحاڵه‌                              ئه‌زانم خه‌ڵکی که‌وتوونه‌ ناڵه‌
منیش وه‌کوو تۆ زۆر خه‌فه‌تبارم                      چی بۆ باخه‌کان یا ده‌شت و شارم
به‌ڵام چی بڵێم چیم له‌ده‌س نایه‌                      هه‌زار جار بووه‌ له‌م کا و بایه‌
......به‌نیاده‌م هیچه‌                                      ناڕه‌حه‌ت مه‌به‌ ئه‌ڕوا ئه‌میچه‌

سنه‌، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، 2/8/1987


  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...