Saturday, January 11, 1986

گه‌ڕیده‌ پۆڵۆنییه‌کان له‌ ساڵانی 1800

گه‌ڕیده‌ پۆڵۆنییه‌کان له‌ ساڵانی 1800ه‌کاندا له‌ کوردستان


نووسینی: لیژه‌ک ژیگیل.                       
وه‌رگێڕانی له‌ سوێدییه‌وه‌: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی.   

ڕه‌وشی سالآنی 1800ه‌کانی پۆڵۆنیا، کوردستانی وه‌بیر ده‌هێنایه‌وه‌. پۆڵۆنیا له‌ لایه‌ن سێ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی بیانییه‌وه‌، داگیر و دابه‌ش کرابوو. ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تییانه‌، له‌ نێوان خۆیاندا پێکهاتبوون، له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی کۆمه‌ک به‌یه‌کدی بکه‌ن، بۆ سه‌رکوتکردن و داپڵۆسینی هه‌موو یاخیبوون و ڕاپه‌ڕینێکی گه‌لێر. که‌سانێکی زۆر به‌ هۆی سیاسه‌ته‌وه‌، پۆڵۆنیایان به‌جێهێشت و  ڕوویانکرده‌، ئیمپراتۆریای عوسمانی و بوون به‌ په‌نابه‌ر و له‌وێ پارێزگارییان لێ کرا و کاریان درایه‌ و له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌وه‌ داڵده‌ دران. شانبه‌شانی ئه‌و هه‌ڵاتووه‌ سیاسییانه‌، زانا و مژده‌ده‌ر(مسیۆنێر)ه‌ پۆڵۆنییه‌کانیش، گه‌یشتنه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست. ڕاپۆرت و نووسینه‌کانیان، له‌ گۆڤاری به‌ناوبانگ و له‌ شێوه‌ی کتێب و بیره‌وه‌ریدا بڵاو کراونه‌ته‌وه‌. کوردستان له‌ زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی تری ئه‌و به‌شه‌ی ڕۆژاوای ئاسیا، که‌متر ده‌ستی ده‌گه‌یشتێ و شتێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر نییه‌، ئه‌گه‌ر نووسراو و ڕاپۆرته‌کان، زێتر باسی میزۆپۆتامیا و ڕۆژاوای تورکیا و فلستین و مسر ده‌که‌ن. به‌ڵام له‌وه‌ش که‌متر، توێژه‌ره‌ پۆڵۆنییه‌کان، خۆیان به‌ لێکۆڵینه‌وه‌، له‌ باره‌ی کوردستانه‌وه‌ خه‌ریک نه‌کردووه‌. ساڵی 1973 "مارییا پارادۆڤسکا"، که‌ ئه‌تنۆگرافێکی خه‌ڵکی "پۆزنان"ه‌، کتێبێکی به‌ ناوی"نووسراوه‌ پۆڵۆنییه‌کان له‌مه‌ڕ ساڵانی 1800 له‌ عیراق له‌ شێوه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌کی ئه‌تنۆگرافیی مه‌یدانیدا" نووسی. "پارادۆڤسکا"، له‌م کاره‌یدا، ته‌نێ به‌ شێوه‌یه‌کی که‌م، له‌مه‌ڕ کێشه‌ی کورده‌وه‌ ده‌دوێت و باس ده‌کات. "ڤڵادیسڵاڤ یابڵۆنۆڤسکی"(1841-1894)، یه‌که‌م گه‌ڕیده‌ی پۆڵۆنی بووه‌ و بژیشکی له‌شکریی بووه‌، له‌ له‌شکری تورکدا و پاشان بووه‌ به‌ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ته‌ندروستی جیهانی، له‌ سکوتاری- ئه‌لبانیا و له‌ بورگارس- بوڵگاریا. بۆ یه‌که‌م جار ساڵی 1866 سه‌ردانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی کردووه‌ و گه‌شته‌که‌ی له‌ حه‌ڵه‌به‌وه‌ ده‌ستپێکردووه‌، به‌ره‌و دیاربه‌کر و  مووسڵ و که‌رکووک. له‌ که‌رکووک له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کی سه‌ربازیی تورکیدا کاری کردووه‌. ساڵێک پاشتر گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ باشوور، بۆ دیوانییه‌ و پاشانیش بۆ مووسڵ. له‌وێ به‌ خێرایی  و هاسانی جێگیر بووه‌ و به‌ چاکی و ڕه‌وانی، زمانی تورکی  فێر بووه‌ و گه‌لێک دۆست و  براده‌ریشی په‌یدا کردووه‌. به‌ گه‌شت و سه‌ردان چووه‌ته‌ گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری مووسڵ  و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یشی بۆ هه‌ڵکه‌وتووه‌، ناسیاویی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدیدا په‌یدا بکات و فه‌رهه‌نگی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌، به‌تایبه‌تی به‌لای ئه‌وه‌وه‌، شتێکی سه‌رنجڕاکێش بووه‌. ساڵی 1870 گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ حلله‌ و له‌وێوه‌، له‌ ڕێگه‌ی که‌ربه‌لا و به‌غدا و مووسڵ و دیاربه‌کره‌وه‌، ڕۆیشتووه‌ بۆ ئیسته‌نبوول. ساڵی 1884 له‌ کاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی مافه‌ته‌دا، له‌ شێوه‌ی تورکێکی نوێنه‌ری کۆمیته‌ی ته‌ندروستی جیهانیدا، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عیراق و کاری پشکنینی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌وروبه‌ری به‌غدا و کووت و عه‌ماره‌ی، وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌. له‌مه‌ڕ هۆیه‌کانی په‌یدابوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا،  له‌ نێو کورده‌کانی ئێراندا، ساڵی 1885 ده‌ستی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ کردووه‌ و له‌ دواییشدا، له‌ گوندێکی چکۆلانه‌ی کورددا، له‌ نێزیکی سلێمانی کاری کردووه‌. هه‌مان ساڵ له‌ له‌شکری تورک، خانه‌نشین کراوه‌ و ئیدی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی به‌جێهێشتووه‌. ساڵانی دوایی ژیانی، به‌ کاری بژیشکییه‌وه‌ به‌ سه‌ر بردووه‌، له‌ بورگارس، که‌ به‌نده‌رێکی بوڵگارییه‌. "ئه‌لیکسانده‌ر یابڵۆڤسکی"(1829- 1913)، که‌ برای "ڤڵادیسڵاڤ" بووه‌، مێژوونووس بووه‌ و هه‌وه‌س و سۆز و ئاره‌زووی بۆ توێژینه‌وه‌، به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی بردووه‌. له‌وێ ساڵێکی به‌ سه‌ر بردووه‌. ساڵی 1870 له‌ ڕێگه‌ی سووریاوه‌، سه‌ری دیاربه‌کری داوه‌ و پاشانیش، له‌ گه‌شته‌که‌یدا به‌رده‌وام بووه‌ و چووه‌ته‌ مووسڵ و به‌غدا و حلله‌ و که‌ربه‌لا. له‌ کۆتاییشدا، له‌ ڕێگه‌ی دیمه‌شق و به‌یرووت و یافاوه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ ئۆرشه‌لیم و مسر و به‌ سه‌ر ئیسته‌نبوولدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ پۆڵۆنیا. "کارڵ برزۆزۆڤسکی"(1821- 1904)، سه‌رباز و سیاسی و شاعیری ئاواره‌ی پۆڵۆنی. ئه‌و که‌سه‌ بوو، که‌ پته‌وترین و به‌هێزترین پێوه‌ندی، له‌گه‌ڵ کوردستانی ساڵانی 1800ه‌کاندا هه‌بووه‌. ساڵی 1853 له‌ پاریسه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئیسته‌نبوول و له‌ ئه‌نادۆڵ و بوڵگاریا و مه‌که‌دۆنیا و تراکیا و ئیسالیا و ئه‌لبانیادا، له‌گه‌ڵ ته‌کنیککاره‌‌ پۆڵۆنییه‌کاندا، کاری کردووه‌ و جارجاریش به‌ ڕاو و شکار خۆی ژیاندووه‌. تورکه‌کان پێیان گوتووه‌"قه‌ره‌ئانجی" واته‌: ڕاوکه‌ره‌ڕه‌شه‌که‌. کچی کۆنسولی فرانسی له‌ "لاتاکیا" هێناوه‌. ساڵی 1863، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی پۆڵۆنیادا به‌شدار بێت و له‌و ڕاپه‌ڕینه‌شدا، به‌ سه‌ختی بریندار بووه‌. پاش دامرکاندنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌که‌، له‌ تورکیا کاری باخه‌وانیی کردووه‌. پاشان چووه‌ته‌ نێو ئه‌و ده‌سته‌ و تاقمه‌وه‌، که‌ له‌ ده‌وری "مه‌دحه‌ت پاشا"ی ڕیفۆرمیستی ئابووریی میزۆپۆتامیا ئاڵابوون. مه‌دحه‌ت پاشا، باخێکی له‌ نێزیکی به‌غدا، به‌ دیاری پێ به‌خشیوه‌. ساڵی 1869  به‌ کۆمه‌کی مه‌دحه‌ت پاشا، ده‌سته‌یه‌کی پشکنینی جیۆگرافیی ساز کردووه‌ و هه‌موو ئامراز و که‌ره‌سه‌یه‌کی کاری بۆ ئاماده‌ کردوون، بۆ پشکنین و توێژینه‌وه‌ و نه‌خشه‌کێشان له‌ هه‌ندێ شوێندا، له‌ چیای زاگرۆس له‌ کوردستان. ساڵی 1892 ڕاپۆرتێکی به‌ ناوی "ڕێپێشانده‌رێک له‌ سلێمانییه‌وه‌ تا ئامێدی Hineraire de Suleimani a Amadia"،  له‌مه‌ڕ توێژینه‌وه‌کانی بڵاو کردووته‌وه‌. "برزۆزۆڤسکی"، به‌ ناسراوترین شاره‌زایانی کوردستانی ساڵانی 1800ه‌کان داده‌نرا. پاش ئه‌وه‌ی، که‌ 30 ساڵی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا به‌ سه‌ر بردووه‌، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ پۆڵۆنیا، بۆ ئه‌وه‌ی کوڕه‌کانی په‌روه‌رده‌ بکات، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ پۆڵۆنی، نه‌ک عه‌ره‌بی فرانسی، ژنه‌که‌ی فرانسی بووه‌. ئه‌و سێ دۆزه‌ره‌(مکتشف) پۆڵۆنییانه‌، کۆمه‌ڵێک بیره‌وه‌ری و گوتاریان، له‌ پاش خۆیان به‌جێهێشتووه‌، که‌ بوونه‌ته‌ هۆی بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ باره‌ی کوردستان و فه‌رهه‌نگی کورده‌وه‌، له‌ نێو هه‌موو ئه‌وروپاییه‌کاندا. "ئۆوگوست کۆشسێژا ژابا"[1] (1801- 1894) ، چواره‌م گه‌ڕیده‌ی پۆڵۆنی، به‌شێکی له‌ فه‌رهه‌نگی کوردی له‌ بزربوون و له‌نێوچوون ڕزگار کرد و زمانی کوردیی به‌ ئه‌وروپا ناساند. "ژابا"، زمانه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی له‌ پێشدا، له‌ زانستگه‌ی "ڤیلنۆ"، له‌ پۆڵۆنیا و پاشان له‌ زانستگه‌ی "سانت پێته‌ربۆرگ" و مۆسکۆ و کازان له‌ ڕووسیا، خوێندووه‌ و دوایی، له‌ ده‌سته‌ی دیپلۆماسیی ڕووسیای تزاریدا له‌ یافا و ئیزمیر، کاری کردووه‌ و له‌ ساڵی 1848ه‌و تا 1866 له‌ ئه‌رزه‌ڕووم بووه‌، له‌ کوردستانی تورکیا. له‌ ئه‌رزه‌ڕووم، ده‌ستی به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ی، زمان و ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ کردووه‌، له‌ نێو هۆز و خێڵه‌ کورده‌کاندا له‌ تورکیا و عیراق. "ژابا" یه‌که‌م که‌س بووه‌، که‌ فه‌رهه‌نگێکی کوردی- فرانسی ئاماده‌ کردووه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌ ناوی "تێبینی و سه‌رنج و گێڕانه‌وه‌ له‌ باره‌ی خێڵه‌کانی کوردستانه‌وه‌ Recueil de notices et recis de la litteratur et des tribus de Kurdistan" نووسیوه‌. "ژابا" له‌ نێو هاوچه‌رخه‌کانیدا، به‌ چاکترین شاره‌زای کێشه‌ی کورد داده‌نرا. "ژابا" له‌ ئیزمیر مردووه‌ و ته‌واوی ده‌سنووسه‌کانی، بۆ ئه‌رشیڤی ڕووسی له‌ سانت پێته‌ربۆرگ به‌جێهێشتووه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی پۆڵۆنییه‌کانی دیکه‌وه‌، "ژابا" ته‌نێ به‌ زمانی فرانسی ده‌ینووسی. "ژابا" داوای له‌ "مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی"[2] کردووه‌، که‌ دۆکۆمێنته‌ کوردییه‌ کۆنه‌کان، که‌ زۆر لایه‌نی گیانه‌کی و ماددی و فه‌رهه‌نگیی کوردی، کۆتایی ساڵانی 1700 و نیوه‌ی یه‌که‌می ساڵانی 1800 له‌ دووتوێاندا پارێزراون، کۆ بکاته‌وه‌ و له‌ شێوه‌ی کاتالۆگدا ئاماده‌یان بکات. ئه‌و که‌ره‌سه‌ به‌نرخانه‌، که‌ "مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی" به‌ ناوی "عادات و رسوماتنامه‌ی اکرادیه‌"[3]وه‌ نووسیبوونی و پاشان له‌ ئه‌رشیڤه‌که‌ی "ژابا"دا دۆزرانه‌وه‌، ساڵی 1963 له‌ مۆسکۆ به‌ زمانی ڕووسی بڵاوکرانه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ شتێکی سه‌رنجڕاکێش بێت، ئه‌گه‌ر بڵێین شاره‌زای ڕووسی به‌ناوبانگ له‌ باره‌ی کوردستانه‌وه‌، "ڤاسیلی نیکیتین"، که‌ نووسه‌ری کتێبێکه‌ به‌ ناوی "کورده‌کان/Les kurdes"، ئه‌و کتێبه‌ی، که‌ دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م له‌ پاریس بڵاوکرایه‌وه‌، به‌ بنه‌چه‌ پۆڵۆنییه‌ و له‌ "سۆسنۆڤیێیه‌چ"، که‌ ناوچه‌یه‌کی پڕ له‌ کانه‌، له‌ باشووری پۆڵۆنیا، له‌دایک بووه‌ و دایکیشی پۆڵۆنییه‌. ئه‌نجومه‌نی پیران و په‌رله‌مانی پۆڵۆنی، له‌ شێوه‌ و چۆنیه‌تی کارگێڕی و کار و فرماندا، سوودێکی زۆری له‌ سه‌قامگیری و ڕێکوپێکی و کۆکیی، کارگێڕیی ده‌وڵه‌تی و کۆمه‌ڵگه‌ی تورکی وه‌رگرتبوو. پۆڵۆنییه‌کان، له‌ شێوه‌ی بژیشک و ته‌کنیککار و فه‌رمانبه‌ردا، له‌ نێو کارگێڕیی عوسمانیدا، کاریان کردبوو. وه‌ک خه‌ڵکێکی بیانییش دۆستانه‌ و به‌ سۆز و حه‌زه‌وه‌، ده‌یاننۆڕییه‌ گه‌لی کورد. له‌ باره‌ی شێوه‌ی ژیانی  ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هۆزه‌ کورده‌کانه‌وه‌، باسی ئه‌وه‌یان کردووه‌، که‌ به‌شێکیان ڕه‌وه‌ند و شوان بوون و به‌شێکی زۆریشیان وه‌رزێری جێگیر و نیشته‌جێ، یا بازرگان و پیشه‌ساز بوون. له‌مه‌ڕ هۆزی شه‌ڕانی و چه‌ته‌ی هه‌مه‌وه‌نده‌وه‌[4]، که‌ کاروانی بازرگانییان له‌ نێزیکی که‌رکووک، ڕووتکردبووه‌وه‌، "ڤڵادیسڵاڤ یابڵۆنۆڤسکی" ده‌ڵێت، که‌ ئازایی و فێڵبازیی کورده‌کان، بێچاره‌یی و ده‌سته‌پاچه‌یی سه‌رانی تورکان ئاشکرا ده‌که‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورده‌کان، له‌ که‌رکووک و به‌غدادا سیخوڕیان هه‌بوو، زووتر به‌ نه‌خشه‌ی تورکه‌کانیان ده‌زانی، پێش ئه‌وه‌ی تورکه‌کان، خه‌ڵک بنێرنه‌ سه‌ریان بۆ سزادانیان و زۆریش زیره‌کانه‌ به‌ به‌رتیل، ده‌می فه‌رمانبه‌ر و کارمه‌نده‌ عوسمانییه‌کانیان چه‌ور ده‌کرد. "یاپڵۆنۆڤسکی"، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌کی تورکی ڕاله‌خۆبوو و گه‌وه‌زه‌دا، که‌ نێردرابوون بۆ سه‌رکوتکردنی حه‌سه‌ن به‌گ و جوامێری، سه‌رۆکانی هۆزی هه‌مه‌وه‌ند، چووبووه‌ ناوچه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و باسی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی کردووه‌. گه‌ڕیده‌ و بینه‌ره‌ پۆڵۆنییه‌کان، ئه‌وه‌یان یادداشت کردووه‌، که‌ ئه‌و مرۆڤه‌ خێڵه‌کییه‌ بوێر و ئازا و خۆڕاگرانه‌، که‌وتبوونه‌ داوی شه‌ڕ و دوژمنایه‌تیی نێوخۆوه‌ و کارگێڕانی تورکیش، ئه‌وه‌یان به‌ ته‌واوی قۆستبووه‌ و سوودیان لێ وه‌رگرتبوو. پۆڵۆنییه‌کان وه‌نه‌بێ به‌ ته‌نێ، باسی ڕه‌وه‌نده‌کان و باری ئابووریی ئه‌وانیان کردبێت. ڤڵادیسڵاڤ یاپڵۆنۆڤسکی و کارۆڵ برزۆزۆڤسکی، له‌مه‌ڕ کشتوکاڵ و به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم و جۆ و نیسک و لۆکه‌ و تووتن و برنج و گه‌نمه‌شامی له‌ کوردستاندا نووسیویانه‌. ئه‌وان گه‌لێک به‌ باخ و ڕه‌زی سلێمانی و ڕه‌واندزدا هه‌ڵده‌ده‌ن و په‌سنی ده‌ده‌ن و زۆریش به‌ سه‌یره‌وه‌، باسی خۆخ و هه‌ڵووژه‌ و شووتی و کاڵه‌ک و ترێی ئه‌و ناوه‌ ده‌که‌ن. "ڤڵادیسڵاڤ یابڵۆنۆڤسکی" باسی کانییه‌کی نه‌وت و کۆمه‌ڵه‌ کرێکارێکی نیوه‌ڕووت، که‌ خه‌ریکی کونکردن و هه‌ڵکه‌ندنی به‌رد و تاوێر بوون به‌ دووی نه‌فتدا، له‌ ناوچه‌ی که‌رکووک ده‌کات. ده‌رهێنانی نه‌وت له‌ کوردستانی عیراقدا، به‌ شێوه‌یه‌کی نوێ، له‌ ساڵی 1927ه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، که‌ ده‌کاته‌ کۆمه‌ڵه‌ ساڵێک، پاش مردنی گه‌ڕیده‌ پۆڵۆنییه‌کان. پۆڵۆنییه‌کان باسی چێشت و خۆراک و خواردنه‌وه‌ کوردییه‌ نه‌ریتی و ئاسایی و باوه‌کانیان کردووه‌. "ڤڵادیسڵاڤ یابڵۆنۆڤسکی" تا ڕاده‌یه‌ک به‌ درێژا، باسی قاوه‌خانه‌ێه‌کی ئاسایی ده‌کات له‌ مووسڵ. پۆڵۆنییه‌کان له‌ باره‌ی "سه‌بیل"[5]ه‌ کورته‌کانه‌وه‌ ده‌نووسن، که‌ له‌و ده‌مه‌دا باو بووه‌ و مووسڵ، به‌ نێوه‌ند و جێگه‌ی سه‌بیلی جوان داده‌نێن." برزۆزۆڤسکی" و "یابڵۆنۆڤسکی"، له‌ باره‌ی گونده‌کانی داوێنی که‌ژه‌کانه‌وه‌، که‌ ڕه‌وه‌نده‌کان زستانانیان تێدا به‌ سه‌ر بردوون، نووسیویانه‌ و باسی کۆلیته‌ قوڕینه‌کانی پێده‌شته‌کانیان کردووه‌ و له‌ باره‌ی ئه‌وه‌شه‌وه‌ دواون، که‌ جارجاریش تووشی مرۆڤگه‌لێک هاتوون، که‌ له‌ نێو ئه‌شکه‌وت و کوندا، له‌ نشێوه‌کاندا  و له‌ دۆڵه‌کانی ده‌وروبه‌ری چه‌م و ڕووباره‌کاندا ژیاون. بێجگه‌ له‌وانه‌ش، باسی شارگه‌لێکی گه‌وره‌ی، وه‌ک که‌رکووک و مووسڵیشیان کردووه‌. "یاپڵۆنۆڤسکی"، شاری قایم و سه‌ختی ئامێدیشی پێ سه‌یر و سه‌رنجڕاکێش بووه‌. جل و به‌رگ و پۆشاکی نایاب و سه‌یری کورده‌کان، زۆر سه‌رنجی پۆڵۆنییه‌کانی ڕاکێشاوه‌ و تێبینیی خشڵ و که‌ره‌سه‌ی خۆڕازاندنه‌وه‌ و ئارایشی کورده‌کانیان کردووه‌. گه‌ڕیده‌کانمان پارچه‌ی که‌تانی نایابی مووسڵ و جاجمی چنراوی ده‌ستی ژنانی ڕه‌واندز و چه‌ک و فیشه‌ک و نه‌خش و نیگاری ته‌خته‌ و دارتاشین و دیکۆری پیاڵه‌ و په‌رداخی سلێمانییان نرخاندووه‌ و به‌ لایانه‌وه‌ گرنگ بوون. گه‌ڕیده‌کان، پاش ئه‌وانه‌، باسی ئامرازی گواستنه‌وه‌ و هاتوچۆ و بازاڕ ده‌که‌ن و له‌ باره‌ی بارکردن و گواستنه‌وه‌ی کووتاڵ و شتومه‌که‌وه‌ ده‌دوێن، که‌ به‌ که‌ڵه‌ک ئه‌نجام دراوه‌ و باسی پردی سه‌یر و نائاسایی ده‌که‌ن و یه‌کێک له‌و پردانه‌ پردی مووسڵه‌، که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌ندازیاری پۆڵۆنی "لودڤیک کۆرڤین"ه‌وه‌ دروستکراوه‌. گه‌ڕیده‌ پۆڵۆنییه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک زانیارییه‌کی که‌میان، له‌ باره‌ی بناخه‌ و پێکهاتنی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد و باوه‌ڕی ئایینییانه‌وه‌ به‌جێ هێشتووه‌. ئه‌وان له‌ پله‌یه‌کی به‌رز و به‌رچاودا دابه‌شکردنێکی بنه‌ڕه‌تی و بنچینه‌یی، له‌ به‌ینی چینێکی ئه‌ریستوکراتی ده‌وڵه‌مه‌ند و چینێکی وه‌رزێری هه‌ژاردا، له‌ نێو هۆزێکدا وه‌دی ده‌که‌ن. به‌ زۆرییش له‌ شێوه‌ی نه‌ریتی پێکهاتنی باوکزاڵیی (پاتریارکی) خێزانه‌وه‌ دواون، که‌ تێیدا شوێن و پایه‌یه‌کی شیاو و هێژا بۆ ژن به‌جێ هێڵراوه‌. ژنان جوان و پڕ وزه‌ن و زێتر قورسایی ئه‌رکی ماڵیان له‌ سه‌ره‌ و کاری کێڵگه‌ و کاری جوداجوداش، له‌ پیشه‌سازیی لۆکه‌دا ده‌که‌ن. "ڤڵادیسڵاڤ یابڵۆنۆڤسکی"، به‌ سه‌رپێییه‌که‌وه‌ باسی هاوکاری و پشتگریی نێو هۆزی، له‌ مه‌سه‌له‌ی خوێن و دوژمنایه‌تیدا، کردووه‌. "یابڵۆنۆڤسکی" و "برزۆزۆڤسکی"، هه‌ردووکیان به‌ ڕوونی و دڵنیاییه‌وه‌، باسی هه‌ستی ڕێبه‌رێتی و شه‌ڕانێتی ده‌که‌ن له‌ نێو کورددا، که‌ ده‌بێته‌ هۆی په‌لاماردان و تاڵان و بڕین. هه‌روه‌ها باسی خۆشه‌ویستی کوردان ده‌که‌ن بۆ وڵاته‌که‌یان و که‌ چۆن جارێک کوردێک زۆر به‌ گه‌رموگوڕییه‌وه‌، له‌ باره‌ی مێرگ و دارستانی جوانی ده‌وروبه‌ری ڕه‌واندز و کۆیسنجاقه‌وه‌ دواوه‌. "برزۆزۆڤسکی"، کورد وه‌ک گه‌لێکی به‌ خاکه‌وه‌ گرێدراو، له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. له‌ سه‌ره‌تادا ده‌رفه‌ت ناده‌ن و لێناگه‌ڕێن، هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنرێن و له‌ پێشدا له‌ خه‌ڵکی نامۆ و ده‌ره‌کی، به‌گومانن و له‌ هه‌مان کاتیشدا، ده‌بنه‌ دۆست و چاوتێر و میوانپارێزیشن. هونه‌ری بژیشکیی نه‌ریتی، له‌ تیمارکردنی برینداردا، لای کوردان زۆر کاریگه‌ره‌. ئه‌وه‌ش "برزۆزۆڤسکی" بۆ خۆی دیویه‌تی و بۆی ئاشکرا بووه‌، کاتێک، که‌ له‌ لایه‌ن دۆسته‌ کورده‌کانییه‌وه‌ تیمار کراوه‌. "یابڵۆنۆڤسکی" و "برزۆزۆڤسکی"، زێتر و ڕوونتر باسی مه‌یل و ئاره‌زووی زۆری کورد ده‌که‌ن، بۆ گۆڵمه‌ز و ڕابواردن و گۆرانی و داستانی دوورودرێژ. ئه‌ده‌به‌که‌یان، که‌ زاره‌کی، وه‌چه‌ بۆ وه‌چه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ش بڵاو ده‌کرێته‌وه‌، گه‌لێک ئه‌فسانه‌ و شیعری سه‌رزاره‌کیی سه‌یری تێدایه‌. "برزۆزۆڤسکی"، بۆی ڕێککه‌وتبوو، چیرۆکی شای دێوان بژنه‌فێت. ئه‌و شای دێوانه‌ی، که‌ له‌ هیندوستان ده‌ژی و ناوبه‌ناو ده‌که‌وێته‌ ئه‌و که‌ژ و کێوانه‌ی ده‌وروبه‌ر، وه‌دووی تاوانباراندا و به‌ زه‌ویله‌رزه‌(بوومه‌له‌رزه‌) سزایان ده‌دات. ئه‌و باسه‌ی، که‌ "یابڵۆنۆڤسکی"، له‌مه‌ڕ ئێزدییه‌کانی شه‌نگاله‌وه‌ نووسیویه‌تی، به‌شێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ و ئه‌و له‌ باره‌ی ڕه‌وشی ئابووری و پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵ موسوڵمانه‌ نادۆسته‌کان و باوه‌ڕ و داب و نه‌ریتی ئایینییان و گۆڕستانه‌کانیانه‌وه‌ ده‌دوێت. ئه‌و زانیارییانه‌ی، پۆڵۆنییه‌کان له‌ باره‌ی شێوه‌ی ژیانی کورد و فه‌رهه‌نگی کورده‌وه‌، له‌ ساڵانی 1800ه‌کاندا کۆیان کردووه‌ته‌وه‌، تا ڕاده‌یه‌ک شتێکی که‌مه‌ و بێگومان له‌گه‌ڵ، ئه‌و توێژینه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ تێروته‌سه‌ل و ڕێکوپێکانه‌ی، که‌ چه‌ندین ساڵه‌، له‌ لایه‌ن ئینگلیز و ئه‌ڵمانی و ڕووس و سکه‌ندیناڤیاییه‌کانه‌وه‌ ئه‌نجام دراون، به‌راورد ناکریت. خه‌ڵکی پۆڵۆنی، زێتر به‌ هۆی ئه‌و ڕووداو و کاره‌ساتانه‌ی، که‌ له‌ ساڵانی شێست و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ڕوویان داوه‌، شاره‌زاییان له‌ باره‌ی کورده‌وه‌ په‌یدا کردووه‌. توێژینه‌وه‌ ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌ پۆڵۆنییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان له‌ باره‌ی کورده‌وه‌، ساڵانی 1978 و 1980 ئه‌نجام دراون، له‌ ناوچه‌کانی زاخۆ و ڕانیه‌ و دووکان و لای ڕۆژهه‌ڵاتی ئامێدی و نێزیکی پێنجوێن و لای ڕۆژاوای هه‌ولێر. ئه‌و توێژینه‌وانه‌ش، ته‌نێ کوردی عیراقیان گرتووه‌ته‌وه‌. ئێستاش ئه‌وه‌ ماوه‌، بزانین ئاخۆ پۆڵۆنییه‌کان ده‌رفه‌تیان بۆ هه‌ڵده‌که‌وێت، سه‌رله‌نوێ سه‌ردانی کوردستان بکه‌ن. من له‌و بڕوایه‌دام، که‌ ئه‌نترۆپۆلۆژ و سۆسیۆلۆژ و مێژوونووسانی کورد، له‌ داهاتوودا به‌ تێکۆشانی زێتر و چڕوپڕتر و گه‌وره‌تره‌وه‌، له‌ فه‌رهه‌نگی کورد ده‌توێژنه‌وه‌ و ده‌کۆڵنه‌وه‌ و باس ده‌که‌ن. ئێستاش کاتێکی زۆر له‌بار و پیرۆز و هه‌لێکی باشه‌، بۆ ئه‌و کوردانه‌ی، که‌ له‌ زانستگه‌کانی ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست خوێندوویانه‌، لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌، له‌ باره‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان و ئه‌وه‌ی، که‌ کورد له‌و ناوچه‌یه‌ی جیهاندا به‌ شارستانییه‌تی به‌خشیوه‌، بکه‌ن.
لیژه‌ک ژیگیل، ئه‌تنۆگراف و کوردناسی پۆڵۆنی:
لیژه‌ک ژیگیل، 15ی سێپته‌مبه‌ری 1931، له‌ "مێسڵۆڤیچ" له‌ پۆڵۆنیا له‌دایک بووه‌. له‌ نێوان ساڵانی 1950 و 1955دا، له‌ زانستگه‌ی "یاگیڵۆنیا" له‌ "کراکۆڤ"، ئه‌تنۆگرافیی پۆڵۆنی و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپای خوێندووه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ی ماسته‌ری له‌ ئه‌تنۆگرافیدا، له‌ سه‌ر تێزه‌که‌ی، که‌ له‌ باره‌ی گڵێنه‌کاریی نه‌ریتیی پۆڵۆنییه‌وه‌، نووسیویه‌تی، وه‌رگرتووه‌. له‌و کاته‌دا، له‌ ئه‌نیستیتووتی توێژینه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی پۆڵۆنیدا، کاری توێژینه‌وه‌ی کردووه‌. له‌ ساڵی 1955ه‌وه‌ تا 1958 ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری "زیێمیا Ziemia" (لادێ) بووه‌، که‌ گۆڤارێکی مانگانه‌ی وێنه‌دار بووه‌ و به‌ شێوه‌یه‌کی جوان و له‌بار و په‌سه‌ند، باری کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی کۆمه‌ڵگه‌ی گوندنشینی نه‌ریتیی پۆڵۆنی پێشکێش ده‌کرد. ساڵی 1960-1967 ده‌ستیکردووه‌ به‌ کاری توێژینه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌یان، له‌ مۆزه‌ی کراوه‌ی "کۆرزۆڤ"دا. بێجگه‌ له‌مانه‌ش، مامۆستا بووه‌ و هێندێک جاریش، کاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی کردووه‌. ساڵی 1966 بۆرسێکی بۆ ده‌رچووه‌ و له‌ مۆزه‌یه‌کی نۆروێژدا ماوه‌ته‌وه‌. له‌ ساڵی 1969وه‌، تا ئێستا یه‌کێکه‌ له‌ ده‌سته‌ی، توێژه‌ره‌وانی ئه‌نیستیتووتی کشتوکاڵی تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ی هێڵی یه‌کسان (المنطقة‌ الإستوائیة) و ده‌وروبه‌ری هێڵی یه‌کسان و لێڕه‌وار، له‌ زانستگه‌ی کشتوکاڵدا له‌ کراکۆڤ، له‌وێ ئه‌و به‌رپرسیاری توێژینه‌وه‌یه‌، له‌مه‌ڕ مرۆڤ وه‌ک فاکتێک. ساڵی 1972 پله‌ی دوکتۆرای له‌ توێژینه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تیدا وه‌رگرت، له‌ کۆلێژی مێژوو و فه‌لسه‌فه‌، له‌ زانستگه‌ی کراکۆڤ و تێزه‌که‌ی به‌ نێوی "East African peasantry-a study in Economic anthropology " وه‌ بوو. بنچینه‌ و بنه‌ڕه‌تی بابه‌تی تێزه‌که‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و کاره‌ مه‌یدانییه‌ بڵاونه‌کراوانه‌ و زانیارییه‌ کۆکراوانه‌ی، که‌ پرۆفێسسۆری ناسراو، "ئا. ڤالیگۆڵسکی" له‌ ساڵی 1946 له‌ کینیا ئه‌نجامی دابوو. ساڵی 1982 پله‌یه‌کی به‌رزتری دوکتۆرای وه‌رگرت، له‌ کۆلێژی مێژوو، له‌ زانستگه‌ی پۆزنانی و تێزه‌که‌یشی به‌ نێوی "Rural community of contemporary Iraqi Kurdistan facing modernization" وه‌ بوو و ئه‌و کتێبه‌ش، به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانیی نووسه‌ر خۆیه‌تی، له‌ کوردستانی عیراق، له‌ ساڵانی 1977 و 1978 و 1980دا، که‌ به‌ ئه‌ندامیه‌تی ده‌سته‌یه‌کی پسپۆری زانستی ئابووری- کشتوکاڵی پۆڵۆنی له‌وێ مابووه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌کانیشیان، له‌ ناوچه‌ی زاخۆ و ئامێدی و دووکان و ڕانیه‌ و پێنجوێن و هه‌ولێر ئه‌نجام دابوو. ژیگیل، له‌ ساڵی 1984ه‌وه‌، مامۆستای ئه‌تنۆگرافی سڵاڤی و به‌رپرسیاری توێژینه‌وه‌ و وانه‌گوتنه‌وه‌یه‌، له‌ باره‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهانی سێیه‌م و فه‌رهه‌نگه‌کانیانه‌وه‌، که‌ زێتر و خه‌ستتر دیارده‌ و گۆڕانی فه‌رهه‌نگی و نوێکردنه‌وه‌ی، له‌ ئه‌مڕۆی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا له‌به‌رچاو ده‌گرێت و هه‌روه‌ها پرۆسێسی زانیاری ئیتنی له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقایش ده‌گرێته‌وه‌، له‌ زانستگه‌ی "یاگیڵۆنیا" له‌ "کراکۆڤ". له‌ ساڵی 1975ه‌وه‌، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بریه‌تیی ئه‌تنۆگرافیی کۆڕی زانیاریی پۆڵۆنیی، به‌شی کراکۆڤه‌ و له‌ ساڵی 1984ه‌وه‌، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تیی ئه‌تنۆگرافی کۆڕی زانیاریی و ده‌سته‌ی کارگێڕیی کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌تنۆلۆژیی پۆڵۆنییه‌. "ژیگیل"، زۆرجاران له‌ ئه‌وروپا وه‌ده‌رکه‌وتووه‌. ساڵی 1974 چووه‌ته‌ ئه‌فغانستان و له‌وێ له‌ زانستگه‌ی کابول بووه‌ و له‌مه‌ڕ گۆڕانی فه‌رهه‌نگیی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی شاردا لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌نجام داوه‌. ساڵی 1981 له‌گه‌ڵ تاقمێکی کشتوکاڵناس (ئه‌گرۆنۆم)ی پۆڵۆنیدا، به‌ نێو لیبیادا گه‌ڕان و چاویان به‌ پرۆژه‌ی ئاودێری و شوێن و جێگه‌ی کشتوکاڵیی گرنگ که‌وت، له‌ ته‌رابلوس و واحه‌کانی فیسان و باکووری سیرینایکا.


# ئه‌م گوتاره‌ و ژیننامه‌ی ژیگیلیش، له‌ گۆڤاری Svensk-kurdisk Journalی ژماره‌ 3ی ساڵی 1985دا، به‌ زمانی سوێدی، بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. زستانی 1986 کراوه‌ته‌ کوردی.                                                                                                                               



[1] "لیژه‌ک ژیگیل"ی نووسه‌ری ئه‌م گوتاره‌، ناوی "ژابا"ی به‌ تیپی لاتینی به‌م جۆره‌ نووسیوه‌"August Koseieza Zaba"، که‌ به‌ تیپی کوردیی خۆمان ده‌کاته‌ "ئۆوگوست کۆشیژا ژابا"  و ژابای به‌ پۆڵۆنی داناوه‌ و ماوه‌ی کارکردنیشی له‌ ئه‌رزه‌ڕووم وه‌ک دیپلۆمات، له‌ نێوان ساڵانی 1848- 1866 داده‌نێت، به‌ڵام دوکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د، له‌ گوتارێکیدا به‌ ناوی"شه‌ره‌فنامه‌ له‌ کوردناسیی سۆڤیێتدا"، که‌ له‌ کتێبی "شه‌ره‌فنامه‌"ی شه‌ره‌فخانی بدلیسیدا، که‌ هه‌ژاری موکریانی کردوویه‌ به‌ کوردی و ساڵی 1972 له‌ لایه‌ن کۆڕی زانیاری کورده‌وه‌ له‌ به‌غدا له‌ چاپ دراوه‌، له‌ لاپه‌ڕه‌ی سه‌دوشێستونۆدا، ناوی ژابای وه‌ها نووسیوه‌"ئه‌لیکسه‌نده‌ر ژابا". هه‌روه‌ها له‌ لاپه‌ڕه‌ی 126 و له‌ په‌راوێزی 44ی لاپه‌ڕه‌ی 127ی کتێبی "مێژوو"، که‌ له‌ ساڵی 1983 له‌ به‌غدا ده‌رچووه‌، دوکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د ده‌نووسێت:"ئه‌لیکسه‌نده‌ر جابا(ژابا) که‌ بۆ ماوه‌ی 33 ساڵ، له‌ 1836وه‌ تا 1869 کۆنسولی رووسیا بوو له‌ شاری ئه‌رزه‌رۆمی عوسمانی..". بابا مه‌ردووخی ڕۆحانی(شێوا) له‌ کتێبی "تاریخ مشاهیر کرد" به‌رگی دووه‌م، که‌ له‌ لایه‌ن ده‌سگای سروشه‌وه‌، له‌ ساڵی 1366دا له‌ تاران چاپ کراوه‌، له‌ لاپه‌ڕه‌ی 1 دا له‌مه‌ڕ ژاباوه‌ ده‌نووسێت:"الکساندر ژابا که‌ مدت 33 سال از 1836 تا 1869م در شهر ارزروم عثمانی کنسول روسیه‌ بود.."، واته‌: ئه‌لیکسانده‌ر ژابا که‌ ماوه‌ی 33 ساڵ (له‌ 1846-1866 ز) له‌ شاری ئه‌رزه‌ڕۆمی عوسمانی کۆنسولی ڕووسیا بووه‌. موحه‌ممه‌د ساڵه‌حی ئیبراهیمی موحه‌ممه‌دی (شه‌پۆل) له‌ لاپه‌ڕه‌ 557ی کتێبه‌که‌یدا، که‌ به‌ نێوی"ژیناوه‌ری زانایانی کورد له‌ جیهانی ئیسلامه‌تی یان گه‌نجینه‌ی فه‌رهه‌نگ و زانست"ه‌وه‌یه‌، ساڵی 1364ی کۆچی له‌ چاپخانه‌ی مهارت له‌ تاران ده‌رچووه‌ ده‌ڵێت:"ئا. ژابا که‌ له‌ ساڵی 1836- 1869 زاوێنیدا قونسولی ئیمپراتۆریه‌تی رووس بووه‌ له‌ تورکیا(ئه‌رزه‌ڕۆم)"، ئیدی ئه‌وه‌ی ژیگیل ڕاست و دروسته‌ یا هی نووسه‌رانی خۆمان، نازانم!(وه‌رگێڕ).
[2] مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی، ساڵی 1797 له‌ بایه‌زید له‌ باکووری کوردستان له‌دایکبووه‌. وێڕای زمانی کوردی شاره‌زاییه‌کی له‌ زمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی وفارسی و تورکیدا هه‌بووه‌ و گه‌لێک شیعری له‌و زمانانه‌وه‌ وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی و له‌باره‌ی داستان و فۆلکلۆری کوردییه‌وه‌ زۆری نووسیوه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ژاباوه‌ هه‌موو نووسین و ده‌ستنووسه‌کانی نێردراون بۆ سانت پێته‌رسبۆرگ و تا ئێستاش له‌ کتێبخانه‌ی شاری لێنینگراددا ماونه‌ته‌وه‌. بایه‌زیدی، خزمه‌تێکی زۆری به‌ زمان و مێژووی کورد کردووه‌ و به‌شێکی زۆری له‌ له‌نێوچوون پاراستووه‌. له‌ باره‌ی کۆچی دواییه‌وه‌، ته‌نێ ئه‌وه‌ نووسراوه‌، که‌ تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌می کۆچی له‌ ژیاندا بووه‌، ئیدی کام ساڵ؟ نادیاره‌!(وه‌رگێڕ).                                                                                                                                
[3] ناوی ته‌واوی ئه‌و کتێبه‌"کتاب عادات و رسوماتنامه طوایفا اکرادیه و اصول و نظامات کورمانجی"یه‌یه‌. ساڵی 1274ی کۆچی، که‌ ده‌کاته‌ 1858 یا 1859ی زاینی. مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی له‌ نووسینی بووه‌ته‌وه‌ و م. ب. ڕۆدێنکۆ وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی ڕووسی و له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ کوردییه‌که‌ی و پێشه‌کییه‌کدا له‌ ساڵی 1963دا له‌ مۆسکۆ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.(وه‌رگێڕ).                                                                                                                                           
 [4] هه‌مه‌وه‌ند، تیره‌یه‌کی کورده‌، به‌ ئازایی و لێهاتوویی و سه‌رسه‌ختی به‌ناوبانگن. له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی 1700ی زاییندا له‌ سنه‌وه‌ هاتوون و له‌ ناوچه‌ی بازیانی سه‌ر به‌ سلێمانی جێگیربوون. له‌ شه‌ڕی نێوان میرانی بابان و والی به‌غدادا هه‌مووده‌م پشتگریی میرانی بابانیان کردووه‌ و دژ به‌ عوسمانییه‌کان بوون. یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌ مه‌زنه‌کانیان"جوامێر هه‌مه‌وه‌ند" بووه‌، که‌ پێیان گوتووه‌ "جووکل هه‌مه‌وه‌ند". ئه‌م جوامێره‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ عوسمانی و قاجاریدا ناڕێک بووه‌. قاجارییه‌کان به‌ سه‌رۆکایه‌تیی"حسام الملك/حیسامولمولک" له‌ ساڵی 1886دا هێزێکیان نارده‌ سه‌ری و کوشتیان. عوسمانییه‌کان تیره‌ی هه‌مه‌وه‌ندیان دوورخسته‌وه‌ بۆ ته‌رابولسی شام، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌ڵبه‌ندی خۆیان(بازیان). هه‌رچه‌نده‌ ڕایه‌کی وا هه‌یه‌، که‌ هێندێکیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌ لیبیا و ئه‌لجه‌زایر ماونه‌ته‌وه‌ و نه‌وه‌ و وه‌چه‌یشیان تا ئێستاش له‌وێن. هه‌مه‌وه‌نده‌کان ئه‌گه‌ر به‌ ڕێگری و جه‌رده‌ییه‌وه‌ ناویان ده‌رکردووه‌، وه‌نه‌بێ ئه‌وه‌ به‌ هۆی پیاوخراپی و به‌دخوویی و ئاکارنزمییانه‌وه‌ بێت، به‌ڵکه‌ به‌ هۆی نه‌بوونی و گرانی و قڕی و ناچارییه‌وه‌ بووه‌ وێڕای باری ئابووری و سیاسی ناجۆر و خراپ، که‌ کوردستانی ژێرده‌ستی عوسمانی و قاجاری تێدا بووه‌. (وه‌رگێڕ).                                                                                                                          
 [5]سه‌بیل: دارجگه‌ره‌، دارسیغار، دارێکی کونکراو و لووله‌ئاسایه‌ و هه‌یانه‌ کورته‌ و هه‌شیانه‌ درێژ، هه‌ندێکیان نه‌خشیان له‌سه‌ره‌ و هه‌شیانه‌ بێ نه‌خشه‌، جگه‌ره‌ی پێده‌کێشرێت. ڕه‌نگه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا وه‌ک فیلته‌ر، یا بۆ پاراستنی په‌نجه‌ له‌ سووتان و پیسنه‌بوون، به‌کاربرابێت.(وه‌رگێڕ).                                                                              

Monday, September 23, 1985

کوردستان

کوردستان

نووسینی: ئه‌ندرێس کونگ
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی، له‌ سوێدییه‌وه‌ کردوویه‌ به‌ کوردی


"خودێ به‌ سێ ده‌ردان سزای مرۆڤ ده‌دات: کولله‌ و مشکه‌کوێره‌ و کورد". 
                                                               ( گوته‌یه‌کی عه‌ره‌بییه‌)

ژماره‌ی کورده‌کان له‌وانه‌یه‌ بگاته‌ یه‌ک ده‌رزه‌ن میلیۆن که‌س[1]. نێزیکه‌ی نیوه‌یان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا و سێیه‌کیشیان له‌ ئێران ده‌ژین. له‌ نێوان یه‌ک میلیۆن و دوو میلیۆندا له‌ باکووری عیراق و نیومیلیۆنێک له‌ سووریا و سه‌دهه‌زاریش له‌ قه‌وقاسی سۆڤیێت ده‌ژین. یه‌کلانه‌بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی خه‌ڵکی کورد، به‌شێک له‌ سروشت و ڕه‌وشی پرسی کورد پێشان ده‌دات، که‌ ئه‌ویش قایلنه‌بوون و دداننه‌نانی وڵاتانی هاوسێی کورده‌ به‌وه‌ی، که‌ گه‌لێک به‌ نێوی کورده‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کورده‌کان زمانێک و مێژوویه‌ک و فه‌رهه‌نگێکی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ و له‌ سه‌رده‌مێکیشه‌وه‌، که‌ وه‌بیر نایه‌ت، هه‌ر له‌و ده‌ڤه‌ره‌ شاخاوییه‌ سه‌ختانه‌ی ژوورووی وڵاتی دووڕووباری میزۆپۆتامیاشدا ژیاون. کورده‌کان به‌ پێچه‌وانه‌ی هاوسێیه‌کانیانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی نێزیکه‌ی سێهه‌زار ساڵێکدا، توانیویانه‌ کێیه‌تی و ڕه‌وشتی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بپارێزن، بێ ئه‌وه‌ی ده‌نێو ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌ داگیرکارانه‌ی، وه‌ک عه‌ره‌ب و مه‌نگۆل و تورک و هی دیکه‌شدا، که‌ به‌ درێژایی مێژوو به‌ سه‌ر کوردستانیاندا داوه‌ و ته‌راتێنیان تێدا کردووه‌، بتوێنه‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌ ده‌رێی وڵات و خاکی کوردستانییش، کورده‌کان هه‌وڵی پاراستنی که‌سیه‌تی و نه‌ریت و خۆیه‌تیی خۆیان داوه‌. تا ئه‌مڕۆیش له‌ دیمه‌شقی پێته‌ختی سووریا، گه‌ڕه‌کێکی تایبه‌تی کورد هه‌یه‌[2]. وێڕای ئه‌وه‌ش کوردگه‌لێکی زۆرییش له‌ نێو وڵاتانی هاوسێدا تواونه‌وه‌ و ڕۆڵێکی گرنگیشیان له‌ دیرۆکی عه‌ره‌بدا بینیوه‌. ناسراوترین کوردێک له‌وانه‌ی تواونه‌وه‌ سه‌لاحوددینی قاره‌مانه‌، که‌ له‌ ساڵی 1187دا، به‌ سه‌ر ڕێڕۆی خاچهه‌ڵگره‌ دیانه‌کاندا له‌ ڕۆخی زه‌ریاچه‌ی جه‌لیل، سه‌رکه‌وت. پاشان زۆرینه‌ی خێڵ و تیره‌ کورده‌کان له‌ ژێر فه‌رمانڕه‌وایی و ڕێبه‌ریی سه‌لاحوددیندا له‌ سووریا یه‌کدییان گرت. که‌ مه‌نگۆله‌کان هاتنه‌ نێو ڕۆژه‌هه‌ڵاتی نێزیکه‌وه‌، له‌ لایه‌ن کورده‌ سه‌رسه‌خته‌کانه‌وه‌ به‌ره‌نگارییان لێ کرا. هه‌ر به‌و ئاوایه‌ کورده‌ ئازادیخوازه‌کان له‌ مێژووی پێشتریشدا چه‌کیان دژ به‌ سۆمه‌ره‌کان و ئاشوورییه‌کان هه‌ڵگرتووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌یشیان ده‌گه‌ڵ "کووره‌ش"ی شای فارساندا کردووه‌ و نه‌ینه‌وا و بابیلیشیان سووتاندووه‌. له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی 1500ه‌کانه‌وه‌ کاتێک، که‌ تورکه‌کان، ئه‌رمه‌نستان و کوردستانیان داگیر کرد، سوڵتان ڕێگه‌ی به‌ مه‌لا ئیدریسێکی کورد دا، ده‌وڵه‌تێکی گوێڕایه‌ڵی خاوه‌نی بڕێک سه‌ربه‌خۆیی نێوخۆیی، دابمه‌زرێنێت[3]. سوڵتانێکی دیکه‌ی تورک، عه‌بدولحه‌مید[4]، به‌وه‌ی که‌ زیره‌کانه‌ چه‌مک و پرنسیپی "په‌رتکه‌ و زاڵبه‌"ی پێڕۆ کرد، پتر زیانی به‌ پرسی کورد گه‌یاند و برینداری کرد. بۆ تێکدانی ئه‌و په‌یمانه‌ دۆستایه‌تییه‌ نه‌نووسراوه‌ی نێوان کورده‌کان و دیانه‌کانی هاوسێیان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی، عه‌بدولحه‌مید ڕێگه‌ی به‌ دامه‌زراندنی یه‌که‌یه‌کی سواره‌ی کوردی دا و خێڵه‌کییه‌کانی، که‌ پێکیانهێنابوو تایبه‌تمه‌ندییه‌کی باڵا و له‌به‌رچاویان وێدرابوو[5]. ئه‌مه‌ش بووبه‌ هۆی دوژمنایه‌تی و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ له‌ نێوان ده‌سته‌ و تاقمه‌ جیاوازه‌کانی کورددا، که‌ له‌ لایه‌ن حوکوومه‌ته‌کانه‌وه‌ وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک به‌کاربراوه‌ بۆ پێشاندانی کورد، نه‌ک هه‌ر وه‌ک گه‌لێکی یه‌کنه‌گرتوو، به‌ڵکه‌ ته‌نانه‌ت وه‌ک چه‌ته‌ و ڕێگرێکی ناشی و پاشکه‌وتوو ، که‌ بێجگه‌ له‌ زه‌بر و زۆر هیچ جۆره‌ به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌ تێناگه‌ن. بۆیه‌ نه‌یارانی کورد بۆ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان، ناکۆکی و ململانێی نێوان هۆز و خێڵه‌ جیاوازه‌کانی کورد و  نێوان کۆمه‌ڵانی وه‌رزێره‌ نه‌خوێندووه‌کانی بنده‌ستی ده‌ره‌به‌گه‌کان و ڕه‌وشه‌نبیرانی چینی نێوه‌ندی نێو شاره‌کانیان، به‌کاربرد.                                                                                                     
هه‌ڵگر و بڵندکه‌ره‌وه‌ی بیری نوێی نه‌ته‌وه‌یی کورد، هه‌ر له‌ ده‌سپێکرا ئه‌و که‌سانه‌ بوون، که‌ له‌ سه‌رده‌می عوسمانییه‌کاندا له‌ شاره‌  کوردییه‌کاندا ده‌ژیان. کوردێکی زۆر له‌ په‌رله‌مانی عوسمانیدا کران به‌ نوێنه‌ر و ئه‌وانیش پێشنیاز و داخوازیی ئۆتۆنۆمییان بۆ کورد به‌ په‌رله‌مانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی پێشکه‌ش کرد. ئه‌و پێشنیاز و داخوازییانه‌ش له‌ لایه‌ن ئه‌و ڕۆژنامه‌ و یانه‌ کوردییانه‌وه‌ی، که‌ له‌ سه‌رده‌می تورکاندا له‌ ئیسته‌نبوول و به‌غدا و مووسڵ دامه‌زرێنرابوون، له‌ بنه‌وه‌ پشتگرییان لێ ده‌کران. له‌ کۆتایی ساڵانی 1800ه‌کاندا، کۆمیته‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی کورد دامه‌زرا، که‌ به‌ره‌به‌ره‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ چوو ببێته‌ پارتییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ کوردییه‌که‌ی ئه‌مڕۆی عیراق[6]. له‌ په‌یمانی سیڤری 1920ی نێوان ئیمپراتۆریای عوسمانی و هێزه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م، یه‌کێک له‌و شتانه‌ی بڕیاری له‌ سه‌ر درا، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی بوو، که‌ سنووره‌که‌ی ده‌ڤه‌ره‌کانی له‌ باشووری ئه‌رمه‌نستانه‌وه‌ تا باکووری عیراقی ده‌گرته‌وه‌[7]. په‌یمانی سیڤر له‌ سه‌ر لاوازیی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی تورکان ساز کرا و به‌ سه‌ر حوکوومه‌تی تورکدا سه‌پێنرا. به‌ هۆی هێزی تورکیای نوێی سه‌رکه‌وتووی سه‌رده‌می که‌مال ئه‌تاتورکه‌وه‌، هه‌رگیز ددان نه‌نرا به‌ په‌یمانی ئاشتی سیڤردا و هه‌رگێز کاری پێ نه‌کرا و ته‌نانه‌ت له‌ 1923دا و له‌ لۆزان گۆڕدرایه‌وه‌ به‌ په‌یمانێک، که‌ نێوی کوردستانی تێدا نه‌هات[8].                                             
هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی دژایه‌تیکردنی به‌هێزی کورده‌وه‌، فه‌یسه‌ڵ حوسه‌ین، به‌ هۆی پشتگریی بریتانییه‌کانه‌وه‌، نێوی شای عیراقی لێ نرا و کرایێ[9]. هه‌ر ئه‌و ده‌می بریتانییه‌کان فه‌رمانڕه‌وایه‌کی کوردیان  له‌ باکووری عیراق دیاری کرد. کاتێک ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌ له‌ پێناوی دامه‌زراندنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆدا، ڕێبه‌ریی ڕابوونێکی کرد، ده‌ستگیر کرا و له‌ وڵات وه‌ده‌ر نرا[10]. بریتانییه‌کان ته‌نانه‌ت قایل نه‌بوون به‌وه‌ی، که‌ ددان به‌ تایبه‌تمه‌ندی و سه‌ربه‌خۆییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کورد به‌ سه‌ر ناوچه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی که‌رکووکدا، که‌ پتر له‌ ¾ی نه‌فتی عیراق وه‌به‌رهه‌م دێنێت، بنێن. هه‌ر بۆیه‌ش بریتانییه‌کان، باژێڕی سلێمانییان ئابڵۆقه‌ دا و له‌ هه‌مان کاتیشدا هێزی هه‌وایی بریتانیا(هێزی هه‌وایی پاشایی) شاره‌که‌یان بۆمبباران کرد[11].                                                                                            
به‌ گوێره‌ی په‌یمانی لۆزان، ده‌بوو سنووری نێوان تورکیا و عیراق، به‌ پێکهاتن له‌گه‌ڵ بریتانییه‌کاندا کێشرابا و دیاری کرابا. که‌ لایه‌نه‌کان نه‌یانتوانی پێکبێن و ڕێککه‌ون، کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان کۆمیته‌یه‌کی به‌ نێوی کۆمیته‌ی مووسڵ دانا، که‌ بێجگه‌ له‌ کاره‌کانی دیکه‌ی، ئه‌وه‌ی چه‌سپاند و  ده‌ستنیشانکرد، که‌ کورد نه‌ تورکه‌ و نه‌ عه‌ره‌به‌ و نه‌ش فارسه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بوو ددان به‌ کوردستانێکی ئازاددا نرابا.    
1922 ده‌وڵه‌تی نوێچێکراوی عیراق و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی مانداتی ئینگلستان بڕیاریان دا، ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌بردن به‌ کورد بده‌ن. ئه‌و به‌ڵێنه‌ وه‌ک مه‌رجێک بۆ ئه‌وه‌ی عیراق ببێته‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان، له‌ 1932یشدا دووپات کرایه‌وه‌.                                                                            
له‌ نێوان هه‌رتک جه‌نگدا ڕاپه‌ڕینی ده‌ڤه‌ریی کورد له‌ عیراقدا به‌رپا ده‌بوو و له‌ لایه‌ن له‌شکری عیراقی- بریتانی و به‌ هاریکاریی هێزی هه‌وایی بریتانی(هێزی هه‌وایی پاشایی) سه‌رکوت ده‌کران. له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی دوه‌مدا، ڕابوونێکی نوێ به‌رپا بوو، ئه‌مجاره‌یان موسته‌فا بارزانی سه‌رکرده‌یه‌تیی ده‌کرد، که‌ پاشان بوو به‌ مه‌زنترین سه‌رکرده‌ی کورد. ڕابوونه‌که‌ سه‌رنه‌که‌وت و بارزانی له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانیدا هه‌ڵهات بۆ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت. بارزانی بۆ جاری یه‌که‌م 1958، پاش کوودێتای قاسم،  گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عیراق. که‌ قاسم له‌ 1958دا ڕێژیمی پاشایه‌تیی ڕووخاند و خۆی بوو به‌ فه‌رمانده‌ر و ڕێبه‌ری وڵات، به‌ هۆی به‌ڵێنه‌کانییه‌وه‌، که‌ دابوونی به‌ کوردان، که‌ به‌ره‌وپیریی داخوازییه‌کانیان ده‌چێت، به‌ گه‌رمیی له‌ لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌ پێشوازیی لێکرا. ده‌ستووریی کاتیی عیراقی ساڵی 1958 ڕوونی کرده‌وه‌، که‌ عیراق ده‌وڵه‌تێکی هاوبه‌شه‌ و له‌ عه‌ره‌ب و کورد پێکهاتووه‌، لێ قاسمییش ئه‌وه‌ی پێشان دا، که‌ ئه‌ویش وه‌ک سه‌رکرده‌کانی پێشووی عیراق،  ئه‌و گوته‌ و وشه‌ ڕندانه‌ی خۆی نه‌خسته‌ گه‌ڕ، ته‌نێ له‌وه‌دا نه‌بێت، که‌ پێوه‌ندی به‌ ڕێگه‌دانی زمانی کوردییه‌وه‌ هه‌بوو له‌ بواری خوێندندا.                                                     
پارتییه‌ سیاسییه‌که‌ی کورده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، پارتیی دیموکراتیی کورد، تا ده‌هات پتر ڕه‌خنه‌ی له‌ ساردوسڕی و گوێنه‌دانی ڕێژیمی قاسم ده‌گرت. ئه‌مه‌ش بوو به‌ هۆی قه‌ده‌غه‌کردنی ڕۆژنامه‌که‌ی پارتیی و زیندانیکردنی سکرتێره‌ گشتییه‌که‌یشی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د[12]، پێش ئه‌وه‌ی پارتییه‌که‌ له‌ پاییزی 1961دا به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌ بکرێت. له‌ هه‌مان کاتیشدا بۆمببارانی گونده‌ کورده‌کان به‌ ناپاڵم و پاشتریش به‌ بۆمبای گازی گۆگرد ده‌ستیپێکرد. کورده‌کان له‌ ژێر سه‌رکرده‌یه‌تیی و ڕێبه‌ریی "مه‌لای سۆر"[13]دا، موسته‌فا بارزانی، ناچار کران خه‌باتی چه‌کداری ده‌ستپێبکه‌ن. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ واپێده‌چوو، یاخیبوونه‌که‌ یاخیبوونێکی خێڵه‌کی بێت، خزمگه‌ل و هۆزی بارزانی ده‌ستیان پێ کردبێت. وه‌لێ جه‌نگاوه‌ره‌ خێڵه‌کییه‌کان له‌ 1961ه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی ساڵاندا، بوون به‌ له‌شکرێکی کۆک و ڕێکوپێک و سه‌قامگیری 10-20 هه‌زار که‌سیی. بزاڤه‌ خێڵه‌کییه‌که‌ سیما و شێوه‌ی بزاڤێکی نه‌ته‌وه‌یی وه‌رگرت، له‌گه‌ڵ بوونی ده‌سگایه‌کی نێوه‌نده‌کیی له‌شکری و سیاسی له‌ ترۆپکیدا. کورده‌کان کارگێڕییه‌کی خۆیه‌کییان له‌ گونده‌کانی خۆیاندا که‌ بۆ خۆیان ده‌سه‌ڵاتیان به‌ سه‌ردا هه‌بوون دامه‌زراند. له‌ هه‌مان کاتیشدا باژێڕێن مه‌زن هه‌ر له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمی به‌غدادا بوون. 1964، ئه‌نجومه‌نێک به‌ نێوی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش دامه‌زرا، پتر له‌ 40 ئه‌ندامی تێدا بوو، که‌ نوێنه‌ری هه‌موو ده‌سته‌ و خه‌ڵک و گه‌له‌ جیاواز و گرنگه‌کانی کوردستانی عیراق بوون. هه‌روه‌ها حوکوومه‌تێک[14]، دادگه‌یه‌ک، سیستمێکی باجخڕکردنه‌وه‌ و چه‌ند کۆمیته‌یه‌کی جیاواز و جۆراوجۆریش بۆ کارکردن له‌گه‌ڵ کارگێڕی و ده‌سگا خۆیه‌کییه‌کاندا و بۆ ئاماده‌کردنی ده‌ستوورێک دامه‌زران و پێکهێنران.                                                                     
سه‌ختیی دامه‌زراندنی کارگێڕییه‌کی کارا و توانا له‌و ده‌ڤه‌ر و شوێنانه‌ی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی بارزانیدا بوون، ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، که‌ له‌ کوردستانی عیراقدا به‌ 1-2 میلیۆن که‌سه‌که‌یه‌وه‌، ته‌نێ دوو بژیشکی کوردی بارهێنراو و لێزانی لێ بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌پێی پرۆگرامی پارتیی، وه‌دیهێنان و جێبه‌جێکردنی چاره‌ و تیمارکردنی مفت، ئامانج بوو. له‌و شتانه‌ی، له‌ پرۆگرامه‌که‌دا و به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی باسکرابوون، که‌مترین مووچه‌، باجیی ڕاسته‌وخۆ و هه‌ڵکشاو  و به‌ره‌وژوور، مافی سازکردنی سه‌ندیکا، هه‌روه‌ها باسی بیرازی زه‌وییش کرابوو، که‌ زه‌وی به‌ هه‌موو وه‌رزێران ده‌درێت. داخوازییه‌کی سه‌یر و سه‌رنجڕاکێشیش بۆ مافی ته‌واوی سیاسی و ئابووری و یه‌کسانی جڤاکیی ژنییش هه‌بوو. به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌بێ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بکرێت، که‌ فره‌ژنه‌ هێشتا له‌ نێو پڕانیی ئه‌و کوردانه‌ی، که‌ خۆیان به‌ ئیسلام ده‌ژمێرن هه‌یه‌ و وه‌دی ده‌کرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌ریتی بوونی له‌یه‌ک ژن زیاتر له‌ پاشه‌کشێیه‌کی به‌هێزدایه‌.                                                                                                  
گوشاری له‌شکریی له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی نێوه‌نده‌کییه‌وه‌ بوو به‌ هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی ناکۆکی و دژایه‌تیی خێڵه‌کی له‌ نێو کورده‌کاندا، هه‌رچه‌نده‌ حوکوومه‌تی به‌غدا له‌ لایه‌ن چه‌ند خێڵێکی کورده‌وه‌، له‌ پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ خێلی زیبارییه‌ توانا و ده‌ستڕۆیشتووه‌کان، که‌ دوژمنی نه‌ریتیی بارزانیین، پشتیوانیی لێ ده‌کرێت. هه‌ندێک له‌م زێبارییانه‌، گه‌یشتوونه‌ پایه‌ و پۆستی گرنگ له‌ نێو کارگێڕی و ده‌سگاکانی نێوه‌نده‌کی عیراقدا له‌ به‌غدا.                                                                                             
 ناکۆکی ئایدیۆلۆژی و تاکتیکی، بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی شه‌که‌ت و لاواز کردووه‌. جه‌لال تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ 1964-1965دا ده‌گه‌ڵ بارزانیدا تێکچوون و لێی جیابوونه‌وه‌ و پاشانیش وه‌ل حوکوومه‌تی به‌غدادا هاریکارییان کرد. ناکۆکییه‌کانیش به‌ پێی ئه‌وان(جه‌لال تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) له‌وه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، که‌ بارزانی سه‌رکرده‌یه‌کی خێڵه‌کی نه‌ریتییه‌ و گه‌ره‌کیه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ ده‌ره‌به‌گه‌کاندا له‌ کوردستان هاریکاریی بکات. پتر له‌ 12 ساڵ مانه‌وه‌ و ژیانی له‌ سۆڤیێت هیچ جۆره‌ شه‌قڵێکی قووڵی ئایدیۆلۆژی له‌ بارزانیدا به‌جێنه‌هێشتووه‌. ڕووناکبیرانی کورد له‌ باژێڕه‌کاندا، که‌ له‌ نێو پارتیی دیموکراتیی کورددا ده‌ستیان ده‌ڕوات و زاڵن ده‌یانه‌وێت شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشی جڤاکی بهه‌ڤرا گرێ بده‌ن و کوردستانێکی نوێ و هاوچه‌رخ دابمه‌زرێنن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وا پێده‌چێت، بارزانی له‌وه‌ی که‌ نه‌یاره‌کانی ده‌یڵێن و باسی ده‌که‌ن، ڕادیکالتر بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ری دانه‌واندبێت بۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌ و تاقمه‌ ده‌ره‌به‌گه‌کان، ئه‌وه‌ به‌ نیازی وه‌دیهێنانی یه‌کیه‌تییه‌ک بووه‌ له‌ کاتی خه‌باتی ڕزگاریخوازیدا. ناکۆکییه‌کانی نێوان ده‌سته‌ و باڵی تاڵه‌بانی-ئه‌حمه‌د و بارزانی وێده‌چێ ته‌نانه‌ت هۆ و بنه‌مایه‌کی ملانێی ده‌سه‌ڵاتی که‌سه‌کی تێدا هه‌بێت.                                                
له‌کاتێکدا بارزانی گومان و بێباوه‌ڕییه‌کی قووڵی له‌ ویست و توانستی ده‌سه‌ڵاتدار و کاربه‌ده‌ستانی عیراق ده‌کرد، که‌ بتوانن ملانێکه‌ له‌ سه‌ر مێزی گوتوبێژ، نه‌ک له‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگدا چاره‌سه‌ر بکه‌ن، تاڵه‌بانی و ئه‌حمه‌د بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکی سیاسیی له‌ ڕێگه‌ی گوتوبێژ و مانۆره‌وه‌ کراوه‌تر بوون. زۆرینه‌ی شته‌کان واده‌گه‌یه‌نن، که‌ بارزانی له‌ لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌ له‌ کوردستاندا هه‌روه‌ها له‌ نێو خوێندکارانی کوردیشدا له‌ ده‌رێی وڵات به‌ باشی پشتگریی لێ ده‌کرێت.                                                                             
گومانی بارزانی بنه‌مایه‌کی پته‌وی له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی تاقیکردنه‌وه‌کانی ساڵانی 1960ه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌. جه‌نگی نێوخۆ سێ جاران بۆ گوتوبێژکردن له‌گه‌ڵ گۆڕانی ڕێژیمه‌کاندا له‌ به‌غدا، ڕاگیرا. پاش ڕووخانی قاسم له‌ به‌هاری 1963دا، سه‌رۆکی کوودێتاکه‌ سه‌ردانێکی لای بارزانی کرد[15] و پاش ئه‌وه‌ش حوکوومه‌ت ددانی به‌ "مافی سروشتیی گه‌لی کوردد به‌ هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی نانێوه‌نده‌کی"دا نا. حوکوومه‌ت ئاماده‌ نه‌بوو به‌ داخوازییه‌کانی کورد بۆ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ چوارچێوه‌ و قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تی عیراقدا، قایل بێت. که‌ کورده‌کان نوێنه‌ری خۆیان نارده‌ به‌غدا بۆ گوتوبێژکردن له‌مه‌ڕ شێوه‌ و داڕشتنی بیری نانێوه‌نده‌کی، نوێنه‌ره‌که‌ گیرا[16]، پاشان ئه‌وانیش زێتر پێیان داگرت و داوای پتر و مه‌زنتریان ده‌کرد. حوکوومه‌تی به‌غدا داوای کرد، هێزه‌کانی بارزانی خۆ بده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌. ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ توندوتیژه‌ له‌گه‌ڵ هێرشێکی له‌شکری نوێدا، یه‌کیان گرت. گوندنشینه‌ کورده‌کان له‌ ماڵه‌کانی خۆیان وه‌ده‌رنران و تارێنران و عه‌ره‌به‌ کۆڵۆنیالیسته‌کانیان خستنه‌ جێیان.                                                                            
ئه‌م گۆڕانکارییه‌ ده‌بووایه‌ کارێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو نه‌بووایه‌، به‌لای که‌مه‌وه‌ له‌ بیرکردنه‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ نوێیه‌کانی به‌غدا، که‌ سه‌ر به‌ پارتیی به‌عس بوون و که‌ ییروباوه‌ڕه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌یانیش پانعه‌ره‌بیزم و سۆسیالیزم بوو. هه‌مان پاییز ئه‌و ڕێژیمی به‌عسه‌ سه‌رنگوم کرا و عه‌بدوسسه‌لام عارف بوو به‌ سه‌رۆک[17]. بڕیاری ئاگربه‌ستێکی نوێ درا و گوتوبێژیکیش له‌ نێوان عارف و بارزانیدا ده‌ستیپێکرد. ئه‌مجاره‌یشیان نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ چاره‌سه‌رێک و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکه‌ ته‌نانه‌ت جه‌نگ له‌ شێوه‌یه‌کی فراوانتردا له‌ ساڵی 1965دا، ده‌ستیپێکرده‌وه‌. کاتێک عارف له‌ ڕووداوێکی هه‌لیکۆپته‌ردا تێداچوو، عه‌بدوڕڕه‌حمانی برای بوو به‌ جێگری[18] و ئه‌ویش له‌ ده‌سپێکدا له‌ سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی براکه‌ی ڕۆیشت.                                                                                                                         
هاوینی 1966 مه‌زنترین هێرشێک تا ئه‌و کاته‌ کرایه‌ سه‌ر کورده‌کان. دوای مانگێک ڕوونبووه‌وه‌، که‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و هێرشه‌ش شکاوه‌. ئه‌مه‌ بوو به‌ هۆی پته‌وکردنی شوێن و جێگه‌ی سه‌ره‌ک وه‌زیری مه‌ده‌نی "به‌ززاز"[19]. به‌ززاز به‌ته‌واوی باوه‌ڕی به‌ پێویستی چاره‌سه‌رێکی ئاشتییانه‌ له‌ کوردستاندا، هێنابوو. شه‌ڕی نێوخۆ ده‌یکرده‌ خه‌رجییه‌کی زۆر و زه‌وه‌نده‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ له‌شکر، له‌ سه‌ر حسێبی پرۆژه‌ مه‌ده‌نییه‌ گرنگه‌کانی گه‌شه‌کردن و ده‌بووه‌ هۆی پتر له‌شکراندنی ژیانی جڤاکیی عیراق. له‌شکری عیراق هه‌ر له‌ ڕۆژانی قاسمێ ڕا، داوای چاره‌سه‌رێکی له‌شکریی بۆ کێشه‌ی کورد ده‌کرد و ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌ت و هه‌لومه‌رجی گوتوبێژی بۆ حوکوومه‌تێکی ئاشتیدۆست که‌متر ده‌کرده‌وه‌. حوکوومه‌تێکیش هه‌رچی زێتر ببێته‌ "کورددۆست"، ڕه‌نگه‌ خێراتر له‌ لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکره‌وه‌ له‌ نێو ببرێت. ئه‌م مه‌ترسییانه‌ و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی چه‌شنه‌ مافێک له‌ داواکاریی کورده‌کان بۆ ئۆتۆنۆمی، ده‌کرا ببێته‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی خۆدابڕین و جیابوونه‌وه‌یان له‌ ده‌وڵه‌تی عیراق.                                                                                                   
به‌پێچه‌وانه‌ی دژوه‌ستانی له‌شکره‌وه‌، به‌ززاز پرۆگرامێکی 12 خاڵیی دانا و خسته‌به‌رچاو، که‌ پاشان ئه‌و پرۆگرامه‌ بوو به‌ بناخه‌یه‌ک بۆ هه‌موو هه‌وڵدان و ته‌قه‌لایه‌ک، که‌ له‌ لایه‌ن ڕێژیمی به‌غداوه‌ ده‌درا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌. پرۆگرامه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوو، له‌ ده‌ستووردا ددان به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورددا بنرێت و نانێوه‌نده‌کییه‌ک جێبه‌جێ بکرێت و به‌شداربوون و نوێنه‌رایه‌تیی کورده‌کان له‌ حوکوومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و کارگێڕی و ده‌سگا و کۆڕی دیپلۆماتیک و سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکردا، به‌ گوێره‌ی ژماره‌ و ڕێژه‌یان له‌ نێو دانیشتووانی عیراقدا، مسۆگه‌ر بکرێت.  هه‌روه‌ها لێخۆشبوونی گشتیی به‌ سه‌ربازانی هه‌ڵاتوو بدرێت و کارمه‌نده‌ ده‌رکراوه‌ کورده‌کان بگێڕدرێنه‌وه‌ نێو کارگێڕییه‌کانیان و هێز و چه‌کداره‌کانی بارزانییش ده‌نێو له‌شکری عیراقدا جێگیرکرێن و چه‌که‌کانیشیان بدرێن به‌ ده‌سه‌ڵات و کارگێڕییه‌ به‌رپرسه‌کان.                                                                                                   
ئه‌م پرۆگرامه‌ بێگومان پێشکه‌وتنێکی مه‌زنی وه‌دیهێنا، وه‌لێ له‌ لایه‌ن بارزانییه‌وه‌ به‌ گومانێکی زۆره‌وه‌ تێی ده‌نۆڕدرا و بارزانی له‌ توانست و چه‌سپاویی ڕێژیم،  گومان و دوودڵیی هه‌بوو، که‌ بتوانێت به‌ پێچه‌وانه‌ و دژ به‌ خواستی سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکر، وه‌ها پرۆگرامێک جێبه‌جێی بکات. ئه‌و دوو خاڵه‌ یه‌کلاکه‌ر و گرنگانه‌ی، که‌ بارزانی نه‌یده‌ویست پێیان قایل بێت، نانێوه‌نده‌کی له‌ بری ئۆتۆنۆمی و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ سه‌رکرده‌یه‌تی و ڕێبه‌ری له‌شکره‌ کوردییه‌که‌ی خۆی و به‌جێهێشتنی بۆ حوکوومه‌تی نێوه‌نده‌کی بوون. بارزانی پێیوابوو، هێزی چه‌کدار و له‌شکری کورد تاکه‌ گه‌ره‌نتییه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی گوتوبێژ به‌ره‌به‌ره‌ بتوانێت چاره‌سه‌رێکی گونجاو بۆ دابینکردنی داخوازییه‌کانی کورد بهێنێته‌ پێشێ و له‌گه‌ڵ ئه‌و داخوازییانه‌دا یه‌کبگرنه‌وه‌. داخوازییه‌کانی کورد به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ  ده‌سپێکی شه‌ڕی ناوخۆدا، له‌ سه‌ره‌تای شێسته‌کاندا، تا ده‌هات ڕوونتر و خورتتر بووبوون.                                                                               
گوشاری له‌شکر به‌ره‌به‌ره‌ بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی، به‌ززاز وه‌لانرێت و له‌شکرییه‌ک وه‌ک سه‌رۆکوه‌زیران بخرێته‌ جێگه‌ی[20].  ئه‌م جێگره‌ی به‌ززاز هه‌ڵوێستێکی نابه‌دڵ و ناقایلی به‌رانبه‌ر به‌ گوتوبێژ له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا وه‌رگرت.     له‌ بری ئه‌وه‌ش سه‌رۆک عارف هه‌وڵی دا ئه‌و ڕه‌وشه‌ نه‌گۆڕ و چه‌قیوه‌ له‌ ڕێگه‌ی چاوپێکه‌وتنی بارزانییه‌وه‌، بگۆڕێت. ئه‌وه‌ش یه‌که‌م جار بوو، که‌ ڕێبه‌ری یاخیبوونه‌که‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆکێکی عیراقییه‌وه‌، له‌ سه‌ر خاک و ده‌ڤه‌ری کورددا، دیده‌نی بکرێت. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێک هیوا و ئاوات به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی گوندنشینه‌ کورده‌کان بۆ سه‌ر خانوو و زێدی پێشووی خۆیان، که‌ عه‌ره‌به‌ کۆڵۆنیالیسته‌کان ده‌ستیان به‌ سه‌ردا گرتبوو، وه‌دی ده‌کرا، به‌ڵام ڕه‌وش و باری  کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی چ گۆڕانێکی به‌ سه‌ردا نه‌هات. هاوینی 1968 سه‌رۆک عارف ڕووخێنرا و حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌کر، به‌ سه‌رکرده‌یه‌تیی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی، که‌ به‌رپرسیاری هێرشه‌ له‌شکری و چه‌کدارییه‌که‌ی ساڵی 1963 بوون، گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی. مینا جاران، گۆڕانی ڕێژیم به‌ڵێنی نوێیشی به‌دوادا هات. ئه‌مجاره‌یان بێجگه‌ له‌ هه‌وڵدانی ڕواڵه‌تی، ته‌نانه‌ت هه‌وڵ و ته‌قه‌لای کۆنکرێتییش درا. ئه‌لبه‌کر بڕیاری دامه‌زراندنی ئه‌کادیمیایه‌کی فه‌رهه‌نگیی کوردیی دا و مووچه‌خۆر و کارمه‌نده‌ ده‌وڵه‌تی و فه‌رمییه‌ کورده‌کان گێڕدرانه‌وه‌ سه‌ر کاری خۆیان و بانگی لێخۆشبوونێکی گشتییش درا، بێ داواکردن له‌ هه‌ڵاتووه‌کانی له‌شکر و پۆلیس، که‌ چه‌که‌کانیان بگێڕنه‌وه‌، وه‌لێ ئه‌و ده‌ستووره‌ کاتییه‌ نوێیه‌ی، که‌ پاییزی 1968 دانرا مه‌به‌ست و ئامانجه‌کانی مه‌ودایه‌کی درێژی له‌به‌رچاو گرتبوو. له‌وێشدا ڕوونکرابووه‌وه‌ که‌ "گه‌لی عیراق به‌شێکه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب".                                                                                             
له‌ سه‌ره‌تای 1969دا کورده‌کان له‌ شێوه‌یه‌کی ته‌سک و که‌مدا هێرشی چه‌کدارییان ده‌ستپێکرد. ئه‌مه‌ بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی، له‌شکری عیراقیش له‌ به‌هاردا پێنجه‌م هێرشی گه‌وره‌ی ده‌ستپێکرد. ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ره‌وپیرییه‌وه‌چوونی کورده‌کان بێت، که‌ هه‌موو ڕێژیمه‌کانی عیراق له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌وه‌یان پێشانداون، که‌ ڕێژیمه‌ نوێیه‌کان جێی خۆیان نه‌گرتووه‌ و ئامانجیشیان ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان قایم بکه‌ن و بچه‌سپێنن. نموونه‌ی گوتوبێژه‌کان، که‌ به‌ کاری له‌شکری و چه‌کداری کۆتایی پێ ده‌هات، هێنده‌ دووپات کرابوونه‌وه‌، مرۆڤی ڕووبه‌ڕووی پرسیار و گومان ده‌کرده‌وه‌، له‌مه‌ڕ ئه‌و هه‌لومه‌رج و توانستانه‌ی، که‌ ڕێژیمێکی عیراقی گه‌ره‌کیه‌تیی و ده‌توانێت کێشه‌که‌ی پێ چاره‌سه‌ر بکات.                                                                                                                
ئه‌وجا ئه‌و گرێکوێره‌ی کورده‌ ده‌بێ چۆن چاره‌سه‌ر بکرێت و بکرێته‌وه‌؟ هه‌ڵوێست و دیتنی ده‌وڵه‌تانی هاوسێ و ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌کان و ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌گه‌ڵ ڕای گشتیی جیهانیدا هاوتان و له‌ ده‌ره‌وه‌ کاریگه‌رییه‌کی گرنگیان له‌ سه‌ر پاشه‌ڕۆژی کوردستان هه‌یه‌. با پێشه‌کی بنۆڕینه‌ ڕه‌وشی کورده‌کانی ده‌وڵه‌تانی هاوسێ و بزانین به‌ چ شێوه‌یه‌ک ڕه‌وتاریان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت.                                                                                                             
کێشه‌ی کورد، شێوه‌ و فۆرمی جۆراوجۆر وه‌رده‌گرێت له‌و ده‌وڵه‌ته‌ جیاوازانه‌دا. تا ئێستا بزاڤێکی یه‌کگرتووی کورد، که‌ کوردستانێکی یه‌کگرتووی،  وه‌ک ئامانجێکی سیاسیی نێزیک خستبێته‌ به‌رچاو و هه‌وڵی بۆ بدات، نییه‌ و وه‌دی ناکرێت و  له‌ هیچ وڵاتێکیشدا کورده‌کان بۆ سه‌ربه‌خۆییه‌کی ته‌واو خۆیان شه‌که‌ت ناکه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و کوردانه‌ی عیراقیش.                                                                    
ئه‌و وڵاته‌ی زۆرینه‌ی کوردی لێ ده‌ژی، تورکیا، ددان به‌وه‌دا نانێت، که‌ کێشه‌ی کورد له‌وێ هه‌یه‌، چونکه‌"هه‌موو کورده‌کان له‌ تورکیادا تورکن"[21]. ئه‌وه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌ له‌و دیتن و بۆچوونه‌دا ئه‌وه‌یه‌، که‌ حوکوومه‌تی تورک هه‌ر بۆ خۆی له‌ کۆتایی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مه‌وه‌ ناچار کرابوو، سێ ڕاپه‌ڕینی کورد سه‌رکوت بکات. ئه‌و ڕابوونانه‌یش له‌ ئه‌نجامی  ناقایلبوون و دژایه‌تیکردنی کورده‌ شا و ئایینخوازه‌کاندا بوو، که‌ به‌رهه‌ڵستیی نه‌هێشتن و لابردنی خه‌لیفایه‌تی و هێنانه‌ کایه‌ی نوێخوازی و سێکولاریزمه‌که‌ی ڕۆژانی ئه‌تاتورکیان ده‌کرد له‌ لایه‌که‌وه‌ و له‌ ئالییه‌کی دیکه‌یشه‌وه‌ ئه‌نجامی سه‌رکوتکردن و پێشێلکردنی بانگه‌وازی داخوازییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورده‌کان بوو. له‌ نێوان هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیدا و  له‌ ده‌ڤه‌ر و به‌شه‌ جیاوازه‌کانی تورکیادا، ڕاگواستنی زۆره‌ملێی گه‌وره‌ و کاریگه‌ر و له‌به‌رچاو به‌ سه‌ر کورده‌کاندا جێبه‌جێ کرا. که‌ ئاژاوه‌ و نائارامییش گه‌یشته‌ نێو کورده‌کان له‌ ئێراندا، له‌شکری ئه‌و هه‌ردوو وڵاته‌ کارێکی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا، که‌ به‌ هۆیه‌وه‌ کورده‌کان زیانێکی سه‌خت و کاریگه‌ریان گه‌یشتێ. له‌ هه‌نده‌ک ده‌ڤه‌ری کوردنشیندا له‌ تورکیا کارگێڕی ڕیزپه‌ڕ و نائاسایی خرایه‌ گه‌ڕ و دوای ئه‌وه‌ش پرۆسێسێکی تورکاندنی کارا و چالاکانه‌ ده‌ستپێکرا، که‌ تێیدا خوێندن به‌ زمانی کوردی قه‌ده‌غه‌ کرا. له‌ سه‌ره‌تای 1960دا گوێرسێلی سه‌رۆکی تورکیا، ڕوونیکرده‌وه‌ و به‌ ئاشکرا گوتی، که‌ له‌ تورکیادا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک گه‌لێک به‌ نێوی کورد نییه‌ و  ئه‌و نێوه‌ فه‌رمییه‌یشی، که‌ ئیدی لێیان نرا "تورکه‌ چیاییه‌کان"ه‌. فه‌رمانێک، که‌ له‌ ساڵی 1967دا  ده‌رچوو، چاپکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی چاپه‌مه‌نیی کوردیی له‌ هه‌ر شێوه‌یه‌کدا بێت، له‌ تورکیاوه‌ و بۆ تورکیا قه‌ده‌غه‌ کرد. ته‌نانه‌ت به‌کاربردنی وشه‌ی "کورد" له‌ نووسیندا قه‌ده‌غه‌ کرا. ئه‌م کار و ته‌داره‌کانه‌ کارێکی وایان کرده‌ سه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌یی کورد، که‌ ئه‌مڕۆ نه‌توانێت و بۆی سه‌خت بێت، خۆی ده‌رخات و پێشان بدات و کاریگه‌ر بێت. سه‌ردانه‌واندنه‌کانی حوکوومه‌تی عیراقی ساڵی 1970 بۆ کورده‌کان له‌ عیراقدا، به‌ زێتر گوشار و چه‌وساندنه‌وه‌ شکایه‌وه‌ له‌ تورکیا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به‌ وه‌ها بانگاشه‌ و ته‌شقه‌ڵه‌یه‌ک له‌ نێو کورده‌کانی تورکیادا بگیرێت. واشپێده‌چێت مه‌زنترین کۆسپ و گرفتێک له‌ ڕێگه‌ی پرسیی کورددا له‌ تورکیا ئه‌وه‌ بێت، که‌ پڕانیی کورده‌کان له‌وێ وه‌رزێری هه‌ژاری بێسه‌وادن، که‌ نه‌ ده‌توانن بخوێننه‌وه‌ یا بنووسن، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئاگاداری و زانیارییان یه‌کجار خۆوار و به‌رته‌سک بێت و له‌ سنووری ده‌ڤه‌ره‌کانی خۆیان تێنه‌په‌ڕێت.                                                                                                                   
له‌ ئێران گه‌لێک جار ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کرێت، که‌ کورده‌کان به‌شێکن له‌ گرووپی گه‌لانی ئێرانی و زمانێکی ڕۆژاوایی ئێرانی ده‌په‌یڤن و که‌ ئێران ئیمپراتۆریایه‌کی فره‌ڕه‌گه‌زه‌ و له‌ سه‌ر مێژوویه‌کی هاوبه‌ش و باوه‌ڕ به‌ شا بنیاتنراوه‌، وه‌لێ له‌ پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م یه‌کسه‌ر کورده‌کان به‌ پشتگریی سۆڤیێت کۆمارێکی سه‌ربه‌خۆیان له‌ ڕۆژاوای ئێراندا دامه‌زراند. کۆماره‌ کوردییه‌که‌ی ساڵی 1946، ئه‌و کاته‌ی سۆڤیێت بڕیاری کشانه‌وه‌ی هێزه‌ داگیرکاره‌کانی خۆی له‌ ئێران دا، له‌ هه‌مبه‌ر به‌شێک له‌ داهاته‌کانی نه‌فتی ئێراندا، ڕووخا. ڕووسه‌کان له‌  بایه‌خنه‌دان و گوێنه‌دانی نه‌ته‌وه‌ییه‌ کورده‌کان به‌ ئایدیۆلۆژیای مارکسیزم – لێنینیزم و نه‌ویستن و ناقایلیی ئه‌وان به‌ کۆنترۆڵی سۆڤیێت، هیوابڕاو بوون. ساڵی 1968 یاخیبوونێک له‌ نێو کورده‌کاندا له‌ ڕۆژاوای ئێران، به‌رپا بوو[22] و به‌ گوێره‌ی زانیاری کورده‌کان بووبووه‌ هۆی کوشتنی 200 که‌سێک. وه‌کی دیکه‌ داخوازی کورده‌کان له‌ بواری فه‌رهه‌نگییدا له‌ شێوه‌ و قه‌واره‌یه‌کی گچکه‌ و ته‌نگه‌به‌ردا له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی فارسه‌وه‌ ڕه‌چاو کراوه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌نجامی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ بێده‌نگ و کپه‌ی نێوان کورد و فارس بێت له‌ مێژووی که‌ڤندا.                                               
به‌ گوێره‌ی پرنسیپی سیاسه‌تی که‌مینه‌ی لێنینیزم، که‌ له‌م بار و حاڵه‌دا به‌ڕاستی جێبه‌جێ کراوه‌، کورده‌کانی سۆڤیێت به‌ باشی ڕه‌وتاریان له‌گه‌ڵ کراوه‌. کورده‌کان له‌ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت فێرگه‌ی خۆیان هه‌یه‌ و ده‌شتوانن بڵاوکراوه‌ به‌ کوردی په‌خش بکه‌نه‌وه‌. زۆرینه‌ی ئه‌و بڵاوکراوه‌ کوردییانه‌ که‌ نێزیکه‌ی 500 دانه‌یه‌ک ده‌بن و له‌ 1920ه‌وه‌ ده‌رچوون و بڵاوکراونه‌وه‌، هه‌روه‌ها زنجیره‌یه‌ک قه‌وانی گرامافۆنی مووزیکی میللی کوردییش هه‌موو له‌ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت ده‌رچوون. ئه‌وانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ کاریان تێ کراوه‌ و ڕووسێنراون. حوکوومه‌تی سۆڤیه‌تیی کات له‌ دوای کات په‌نابه‌ری کوردی وه‌رگرتووه‌[23]. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کێشه‌ی کورد ته‌نانه‌ت بۆ پرۆپاگه‌نده‌ به‌کاربراوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕادیۆی "په‌یکی ئێران"ی کۆمۆنیسته‌وه‌ له‌ لایبزیگ[24]، که‌ هه‌میشه‌ هانی کورده‌کانی ئێران ده‌دات بۆ یاخیبوون. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌م که‌ونه‌ په‌ندی پێشینانه‌ کوردییه‌، که‌ ده‌ڵێت : "مه‌ڕی له‌ ڕان دابڕاو به‌شی گورگانه‌"، به‌که‌ڵکه‌ و واتایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت.                                                                    
سووریا به‌ فه‌رمیی هه‌ر ئه‌و هێڵه‌ی تورکیای پێڕۆ کردووه‌ و ئه‌ویش ددان به‌ بوونی کورد له‌و وڵاته‌دا نانێت. کورده‌کان به‌شێکی سه‌ره‌کی له‌ دانیشتووانی سێ ده‌ڤه‌ری کوردنشین له‌ باکووری سووریا پێکده‌هێنن. زۆربه‌یان له‌ ده‌ڤه‌ری جه‌زیره‌ ده‌ژین، که‌ وه‌ک گۆشه‌یه‌ک یا فوازێک له‌ نێوان تورکیا و عیراقدا درێژ ده‌بێته‌وه‌. پێش چه‌ند ساڵێک، به‌ هۆی ڕاگواستنی زۆره‌ملێی کوردان و وه‌رزێری عه‌ره‌ب له‌جێ دانانیان، هه‌ندێک نائارامی و ئاژاوه‌ و فه‌رته‌نه‌ له‌ نێوان کورده‌کاندا له‌و ناوچه‌یه‌ی، که‌ عه‌مبار و گه‌نجینه‌ی دانه‌وێڵه‌ی سووریایه‌، ڕووی دا. له‌ ساڵانی 1960ه‌کاندا چه‌ندین جار حوکوومه‌تی دیمه‌شق، ڕووناکبیرانی کوردی به‌ بیانووی "چالاکیی جیابوونه‌وه‌خوازی"، دادگایی کردووه‌. بێبه‌ختییه‌ که‌ ڕای گشتیی له‌ پرس و کێشه‌ی کورددا، تا ڕاده‌یه‌ک وای لێهاتووه‌ ته‌نێ ڕوو له‌ حوکوومه‌تی به‌غدا ده‌کات، به‌ هۆی جه‌نگی ناوخۆی عیراقه‌وه‌. کورده‌کان له‌ لایه‌ن حوکوومه‌ته‌کانی تورکیا و سووریاوه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستێکی توندوتیژ ده‌بنه‌وه‌ و پتر ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌. له‌م وڵاتانه‌دا کورده‌کان له‌ مافگه‌لێک، که‌ کورده‌کانی عیراق ئه‌مڕۆ سوودی لێ وه‌رده‌گرن، به‌تایبه‌ت له‌ بواری فه‌رهه‌نگیدا، بێبه‌ش ده‌کرێن.              
ئایا وڵاته‌ هاوسێیه‌کانی عیراق چۆن ده‌نۆڕنه‌ جه‌نگی نێوخۆ له‌ عیراقدا، له‌ نێوان کورده‌کان، له‌ ژێر سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی و ڕێژیمی به‌غدای عه‌ره‌بیدا؟ هۆیه‌کی سروشتیی هه‌یه‌، که‌ ده‌وڵه‌تانی هاوسێی عیراق، له‌ دروستبوونی کوردستانێکی ئازاد یا کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ نێو چوارچێوه‌ی عیراقدا بترسن، چونکه‌ به‌وان وه‌ها کارێک ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌مینه‌ کورده‌کانی نێو سنووره‌کانی خۆیان، سه‌رله‌نوێ ڕابن و سه‌رهه‌ڵده‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی، که‌ ته‌نێ ئێران هه‌ڵوێستێکی ئه‌رێنی هه‌بێت له‌هه‌مبه‌ر خه‌باتی کورده‌کانی عیراقدا. پێده‌چێت شای فارس له‌وه‌ دڵنیا بێت، که‌ ئێران چ مه‌ترسییه‌کی له‌و "کاریگه‌ریی-دۆمینه‌"[25]دا به‌وه‌ی پریشکی جه‌نگی کورد و عیراق و کاریگه‌ریی ئه‌و جه‌نگه‌ بگاته‌ ئێران و کاردانه‌وه‌ی هه‌بێت له‌ سه‌ر وڵاته‌که‌ی ئه‌و و کوردانی ئێران، نه‌بێت. وه‌لێ له‌ نێو سنووری ئێراندا، گه‌لێک به‌ نێوی گه‌لیی ئازه‌ری ده‌ژین، که‌ ئه‌وانیش وه‌ک هاوسێ کورده‌کانیان له‌ ئێراندا، پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م به‌ پشتیوانیی ڕووسیای سۆڤیێتی، کۆماری خۆیان دامه‌زراند. ڕه‌نگه‌ شا پێیوابووبێت، که‌ قایلنه‌بوونێک به‌ هاندان یا به‌لای که‌مه‌وه‌ ڕێگه‌گرتن له‌ چاوپۆشیی لێکردن به‌ ناردنی کۆمه‌ک له‌ کورده‌کانی ئێرانه‌وه‌ بۆ خزمانیان له‌ عیراق، ده‌بووه‌ هۆی په‌یدابوونی ناڕه‌زاییه‌کی توند له‌ کوردستانی ئێراندا. ڕه‌نگبێ ئه‌م بۆچوون و  دیتنه‌، زێده‌ڕۆییه‌ک بێت له‌ پێشاندانی هه‌ستی نێزیکی و خزمایه‌تی له‌ نێوان کورددا له‌ ئێران و عیراق. بۆ نموونه‌ ده‌گوترێ، که‌ سه‌رۆکی کورده‌کانی عیراق موسته‌فا بارزانی دژ به‌ یاخیبوونه‌که‌ی ساڵی 1968ی کورده‌کانی ئێران ڕاوه‌ستاوه‌.                                                                                                                       
سه‌یر له‌وه‌دایه‌، که‌ واپێده‌چێت شا، به‌رانبه‌ر خه‌باتی بارزانی کاتێک بارزانی له‌ سه‌ختترین و دژوارترین کاتیدا بووه‌، فره‌ ئه‌رێنی پێشاندابێت. ئه‌م شێوه‌ مامه‌ڵه‌ و ڕه‌وتاره‌ چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌ی شا، ده‌کرێ وا لێکبدرێته‌وه‌، که‌ شا له‌وه‌ تۆقیوه‌، که‌ بارزانییه‌کی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو به‌ دۆڕانی له‌شکریی له‌ عیراقدا، وه‌ک پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، گه‌ره‌کی بێت و به‌ ته‌ما بێت، خه‌بات بگوێزێته‌وه‌ بۆ ئێرانی هاوسنوور. نێزیکبوونه‌وه‌ی نێوان مسر و عیراق و له‌هه‌مان کاتیشدا سیاسه‌تی ڕادیکالانه‌ی ڕێژیمه‌کانی عیراق، هه‌موو ئه‌وانه‌ ڕه‌نگه‌ کار بکه‌نه‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی شا. ڕاستییه‌ک، که‌ ده‌توانێت ڕۆڵ ببینێت ئه‌وه‌یه‌، که‌ کورده‌کان وه‌ک به‌شی سه‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌به‌کانی عیراق، سه‌ر به‌ ئایینزای سوننین له‌ نێو ئیسلامدا[26]. لێ له‌ باشووری عیراق، وه‌ک ئێران دووه‌م لقی سه‌ره‌کی نێو ئیسلام، شیعه‌، زۆرینه‌ن. ئه‌گه‌ر کورده‌کان له‌ عیراق خۆ داببڕن و جوێببنه‌وه‌، ئه‌وه‌ بێگومان ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی ژماره‌ی شیعه‌ و سووننه‌ له‌ عیراقدا و به‌ قازانجی شیعه‌کان ده‌شکێته‌وه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی خاسترکردنی پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئێراندا.                                  
 له‌مه‌ڕ په‌یداکردنی چه‌ک و ئازووقه‌ و تفاقه‌وه‌، ڕێگه‌ی ئێران تاکه‌ ڕێگه‌یه‌، که‌ له‌سه‌رپشت و وازه‌ بۆ کورده‌ یاخیبووه‌کان له‌ عیراقدا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش وا باوه‌، که‌ به‌ خشکه‌یی و بێده‌نگیی و  له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ و به‌ قاچاخ، کۆمه‌ک له‌ خاچی سووری جیهانییه‌وه‌ براوه‌ته‌ ژوورێ. که‌ فڕۆکه‌ عیراقییه‌کان بۆمببارانی ئه‌و بژیوه‌ڕێگه‌یانه‌ی کرد، گونده‌کانی ئێرانیش له‌و دیوی سنووره‌وه‌ به‌رکه‌وتن و ئه‌وه‌ش بوو به‌ هۆی گرژبوونی پێوه‌نده‌کانی نێوان ئێران و عیراق. هه‌رچی سنووری نێوان تورکیا و کوردستانی عیراقه‌، ده‌یان ساڵه‌ داخراوه‌ و خه‌باتی یاخیبووانی کوردیش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی تورکه‌وه‌ دنه‌ نادرێت. هه‌ڵوێستی سووریاش هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌ و ساڵی 1963 سووریا، به‌ هێزی له‌شکره‌وه‌ به‌شداریی له‌ جه‌نگدا دژ به‌ یاخیبوونه‌که‌ی کوردستانی عیراق و بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی کرد[27]. له‌و کاته‌دا سووریاش وه‌ک عیراق له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تێن به‌عسی پانعه‌ره‌بیسته‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کرا. هه‌ڵوێستی یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت له‌رزۆک و له‌ق بوو، چونکه‌ دوو مه‌به‌ستی دژبه‌یه‌ک کار ده‌که‌نه‌ سه‌ری. ڕووسه‌کان له‌ سه‌رێکه‌وه‌ نایانه‌وێت به‌ ته‌واوی کراوه‌یی پشتگریی خه‌باتی کورده‌کان بکه‌ن، نه‌بادا ئه‌و پشگرییه‌ بیانکات به‌ نه‌یار له‌گه‌ڵ جیهانی عه‌ره‌بدا و له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ نه‌یانگه‌ره‌که‌ کورده‌کان ته‌نگاو و شپرزه‌ بکه‌ن و بیانکه‌ن به‌ باوه‌شی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوادا. گه‌وره‌ترین ڕێبه‌ری کوردان موسته‌فا بارزانی له‌ نێوان 1946 و 1958دا له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانیدا، له‌ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت ژیا. بارزانی له‌ سه‌رده‌می حوکوومه‌تی قاسمدا له‌ به‌غدا وه‌ک په‌یوه‌ست و گه‌یێنه‌رێکی پێوه‌ندی نێوان قاسم و مۆسکۆ به‌کار ده‌برا. له‌ پاش تێکچوون و دابڕان له‌ نێوان بارزانی و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدادا له‌ کۆتایی ساڵانی 1950کانه‌وه‌، یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت ده‌ستبه‌رداری پشتگری و یارمه‌تی کورده‌کان بوو و له‌ بری ئه‌وه‌ ڕووسه‌کان چه‌کیان بۆ عیراق کلده‌کرد. به‌ڵام گه‌لێک جار و له‌ زۆر ده‌رفه‌تی دووپاتبووه‌وه‌دا،  گوشاریانیش به‌کار بردووه‌ بۆ هێنانه‌ کایه‌ی هه‌لومه‌رجی گوتوبێژی ئاشتییانه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ساڵی 1963دا، کاتی ڕێژیمی به‌عس، که‌ پێوه‌نده‌کانی نێوان مۆسکۆ و به‌غدا،  به‌ هۆی کوشتنی کۆمۆنیسته‌کانی عیراقه‌وه‌، گرژ و توند بوون.                                                                  
ڕێبه‌ری مسرییش جه‌مال عه‌بدونناسر، ڕۆڵێکی چالاکانه‌ی وه‌ک ناوبژیکارێک له‌ نێوان لایه‌نه‌کانی جه‌نگی نێوخۆی عیراقدا، بینی. هه‌ڵوێسته‌کانی ناسرییش، به‌پێی پله‌ی لایه‌نگریی حوکوومه‌تی به‌غدای ڕۆنیشتوو، له‌ خۆشه‌که‌تکردن و هه‌وڵدانی  ناسر، به‌رگۆڕان بوون. له‌ گه‌لێک بۆنه‌ و جاردا سه‌رکرده‌ی کورد پاش سه‌ردانی قاهیره‌، په‌سنی خواستی ناسریان بۆ ئاشتی داوه‌. ئه‌مه‌ش ده‌کرێ به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی به‌وه‌ ڕوون بکرێته‌وه‌، که‌ عیراقێکی خجڵی جه‌نگی نێوخۆ، گه‌لێک بێسوود و بێکه‌ڵک ده‌بێت له‌ خه‌باتی دژ به‌ ئیسرائیلدا. ئیسرائیلیش به‌ نۆبه‌ی خۆی هه‌ڵوێستێکی چاودێریکار و چاوه‌ڕوانکارانه‌ وه‌رده‌گرێت، هه‌رچه‌نده‌ ئاره‌زوو و خواستی هاوبه‌ش و لایه‌نگریی، له‌ به‌ر هۆی ڕوون و خویا له‌ کن کورده‌کان هه‌یه‌. به‌ ئاشکراش هیچ کۆمه‌ک و پشتگرییه‌کی چالاکانه‌ له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ بۆ کورده‌کان نه‌هاتووه‌ و نه‌دراوه‌. له‌ به‌غدا و له‌کن عه‌ره‌بان هه‌میشه‌ بانگاشه‌ی ئه‌وه‌ ده‌کرێت، که‌ خه‌باتی بارزانی له‌ لایه‌ن ڕۆژاوا و ئیسرائیله‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ لایه‌ن کۆمپانیاکانی نه‌وته‌وه‌ هانده‌درێت، وه‌لێ تا ئێستاش ئه‌و گله‌یی و تاوانبارکردنانه‌، هه‌رگیز به‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک یه‌کلا و ساغ نه‌کراونه‌ته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ نوێنه‌رانی کۆمپانیاکانی نه‌وتی ڕۆژاوایی چه‌شنه‌ به‌ڵێنێکی بیمه‌کردن و پارێزگارییان لای بارزانی وه‌ده‌ستهێنابێت، که‌ کۆمپانیا و کێڵگه‌ و که‌ره‌سه‌ گرنگه‌کانی نه‌وت تێکنه‌درێن و نابووت نه‌کرێن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ و دژ به‌ خواستی بارزانی،  له‌ به‌هاری 1969دا، یه‌که‌م هێرش کرایه‌ سه‌ر ئاقار و سامانی کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان. ئه‌مه‌ وا ده‌گه‌یه‌نێت، که‌ ئه‌م خه‌باته‌ درێژخایه‌ن و که‌مبه‌رهه‌مه‌، کاکڵه‌ و نێوه‌ندێکی جه‌نگگێڕی ئاماده‌ی شه‌ڕی، له‌ نێو کورده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا دروست کردبێت، که‌ دژ به‌ هه‌موو جۆره‌ ده‌سپێخه‌ری و هه‌وڵێکی ئاشتییانه‌ و ناله‌شکری بن و بیانه‌ده‌نه‌ دواوه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت، که‌ بارزانی هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بۆ خۆی سکرێتری گشتیی پارتییه‌[28]، ئیدی به‌شداریی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ ناکات، که‌ کۆمیته‌ی ڕاپه‌ڕاندن(جێبه‌جێکردن)ی پ. د. ک ده‌یکات.                                                                
ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوا، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بانگاشه‌یه‌ی، که‌ له‌ ئارادایه‌، هیچ کاتێک چالاکانه‌ خۆیان به‌ خه‌باتی کوردانه‌وه‌ خه‌ریک  نه‌کردووه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ بۆ ئه‌وان گرنگ بووه‌ ئه‌وه‌بووه‌، که‌ ده‌ستیان به‌ کانه‌ نه‌وته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی عیراقڕا بگات و له‌ده‌ستیان ده‌رنه‌چێت. بێجگه‌ له‌وه‌ش ئه‌وان به‌گژاچوونی تورکیا و وڵاتانی عه‌ره‌بیان نه‌ویستووه‌.                                                                                  
گه‌لێک له‌ سیاسه‌تکارانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕۆژاوا، ته‌نانه‌ت له‌وه‌ ترسابوون، که‌ بارزانی و پارتییه‌که‌ی کۆمۆنیست بن. ئه‌و بۆچوونه‌ ڕاستییه‌کی تێدا بوو، چونکه‌ پارتیی دیموکراتی کوردستان تا کوودێتای قاسمی 1958 له‌ عیراقدا، کۆمۆنیسته‌کانی تێدا زاڵ بوون، به‌ڵام له‌ ساڵانی 1960ه‌کاندا نه‌ته‌وه‌ییانی خودان ئاگایی جڤاکی ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و شوێن و جێگانه‌دا گرت. لاوازی و جێله‌قبوونی مارکسیسته‌کان به‌ گۆڕانێک له‌ پرۆگرامی پارتییدا، که‌ ساڵی 1966 بڕیاری له‌ سه‌ر درا، وه‌دی ده‌کرا. خاڵی پێنجه‌می پرۆگرامی پارتیی پێشتر، به‌م شێوه‌یه‌ بوو: "پارتیی له‌ خه‌باتی سیاسی خۆیدا له‌ شیکردنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیدا بیروباوه‌ڕی مارکسیزم – لێنینیزمی زانستی پێڕۆ ده‌کات". به‌ڵام له‌و پرۆگرامه‌ ڕادیکاله‌ نامارکسیسته‌ی ئێستادا ئه‌وه‌ به‌م شێوه‌یه‌ گۆڕاوه‌: "پارتیی له‌ خه‌باتی سیاسی خۆیدا له‌و تیۆرییه‌ زانستییه‌ پێشکه‌وتووانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ باری گه‌لی کورددا ده‌گونجێن که‌ڵک وه‌رده‌گرێت". هه‌رچه‌نده‌ کورده‌کان به‌که‌می له‌ لایه‌ن شوێن و سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌کانی ڕۆژاواوه‌ هانده‌دران، به‌ڵام ڕێکخراوه‌کانیان ڕێگه‌ درابوون که‌ به‌ ئازادی پرۆپاگه‌نده‌ و ئاگاداری له‌مه‌ڕ ڕووداوه‌کانی کوردستانه‌وه‌ بڵاوبکه‌نه‌وه‌. پرسی کورد له‌ لایه‌ن ڕای گشتییه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا باسی لێوه‌ ده‌کرا،  وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وا ڕوویداوه‌، که‌ سه‌رکرده‌ مه‌زنه‌کانی کورد، له‌وانه‌ش تاڵه‌بانی، که‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان نوێنه‌ری تایبه‌تی بارزانی خۆیشی بوون، ڕێگه‌ نه‌دراون سه‌ری ئینگلستان و ئه‌مه‌ریکا بده‌ن[29].                       
ساڵی 1963، له‌ ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کاندا، خه‌ریک بوو کێشه‌که‌ بخرێته‌ به‌رباس کاتێک، که‌ کۆماری مۆنگۆلیای گه‌لیی، عیراقی به‌ ڕه‌شه‌کوژیی کوردان تاوانبار کرد. ئه‌و پرس و باسه‌ش به‌ گوشارخستنه‌ سه‌ر  مۆسکۆ له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی به‌غداوه‌، له‌ خشته‌ی کاری ڕۆژانه‌ی ڕێکخراوی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان سڕایه‌وه‌ و ده‌رهاوێژرا و  مۆسکۆیش به‌ نۆره‌ی خۆی حوکوومه‌تی مۆنگۆلیای قایل کرد، که‌ تاوانبارکردنه‌که‌شی دژ به‌ عیراق بکێشێته‌وه‌. له‌ پاش ئه‌وه‌وه‌ ئیدی هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان به‌ جۆرێک بووه‌، که‌ جه‌نگی نێوخۆی کوردستانی وه‌ک کێشه‌ و گیروگرفتێکی نێوخۆی عیراق ته‌ماشاکردووه‌. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ جێی ده‌مه‌ته‌قه‌ و باسه‌، چونکه‌ یه‌کیه‌تیی ده‌وڵه‌ته‌کان، بۆ خۆی له‌ ساڵی 1925دا، بڕیاری دامه‌زراندنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆی له‌ نێو چوارچێوه‌ی عیراقدا، دابوو. له‌وه‌ش پێشتر و له‌ ساڵی 1922دا، به‌ڵێنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ی  نێوان عیراق و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی مانداتی ئینگلستاندا، درابوو. بێجگه‌ له‌وه‌ش جه‌نگی ناوخۆی عیراق به‌ هۆی خۆتێکه‌ڵکردنی هێزه‌کانی سووریاوه‌ له‌ ساڵی 1963دا، گۆڕدرا بۆ جه‌نگێکی نێونه‌ته‌وه‌یی.                                                                  
له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1970وه‌ سه‌رده‌مێکی ئاشتییانه‌ی نوێی پێوه‌ند له‌ نێوان حوکوومه‌تی نێوه‌نده‌کی  به‌غدا و یاخیبووه‌ کورده‌کاندا ده‌ستپێکرا. نوێنه‌رانی بارزانی و حوکوومه‌تی به‌غدا ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کیان وه‌دیهێنا. یه‌کێک له‌و شتانه‌ی، که‌ له‌ ڕێککه‌وتننامه‌که‌دا بڕیاری له‌ سه‌ر دراوه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ له‌ ژێر جۆره‌ چاودێرییه‌کی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتوه‌کاندا ڕاپرسییه‌کی گشتی له‌ باکووری عیراقدا بکرێت[30]، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی نیشته‌جێی کورده‌کان بزانرێت. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ش به‌ره‌به‌ره‌ له‌ یه‌که‌یه‌کی کارگێڕیدا ڕێکخرێن. زمانی کوردی به‌ فه‌رمی ددانی پێدا بنرێت. کورده‌کان نوێنه‌رایه‌تیی خۆیان له‌ ده‌سگاکانی قانووندانان و جێبه‌جێکردن و هه‌ڵسووڕاندنی وڵاتدا به‌ گوێره‌ی به‌ش و چه‌ندایه‌تییان له‌ دانیشتوواندا، که‌ نێزیکه‌ی 30%ی ته‌واوی دانیشتووانی عیراقن، هه‌بێت. کوردێکیش به‌ جێگری سه‌رۆککۆماری وڵات دابنرێت. به‌ڵێنی لێخۆشبوونی گشتییش هێشتا کاری پێ بکرێت.                                                                              
ڕێککه‌وتننامه‌که‌ هه‌ندێ  به‌ند و خاڵی نهێنیشی تێدایه‌، که‌ ناوه‌ڕۆکه‌کانیان به‌ فه‌رمی ئاشکرا نه‌کراوه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ کورده‌کان بۆیان هه‌بێت، چه‌که‌ قورسه‌کانیان و وێستگه‌ی ڕادیۆکه‌یان بهێڵنه‌وه‌، تا هه‌موو خاڵه‌کانی تری ڕێککه‌وتننامه‌که‌ جێبه‌جێ ده‌کرێن. هێزه‌کانی حوکوومه‌تی به‌غدا له‌ باکووری عیراق ده‌گێڕدرێنه‌وه‌ دواوه‌، بێجگه‌ له‌ ئۆردووگای که‌رکووک که‌ چاودێری جێگه‌ نه‌وتییه‌کان ده‌کات. بارزانی بۆی هه‌یه‌ 12000 که‌س له‌ له‌شکری پێشمه‌رگه‌ی خۆی بهێڵێته‌وه‌. دوژمنه‌کانی بارزانی، هێزه‌ به‌کرێگیراو و نانه‌زگه‌ کورده‌کان و پارتییه‌ کوردییه‌ دۆسته‌که‌ی به‌غدای تاڵه‌بانییش هه‌ڵده‌وه‌شێنرێنه‌وه‌. تاڵه‌بانییش بۆ خۆی هه‌رپێش ساڵگۆڕانی 1969-1970 له‌ عیراق، وه‌ده‌رنرا[31].                                                                                              
ئه‌وجا بۆچی حوکوومه‌تی به‌غدا بڕیارێکی وا کتوپڕی دا، که‌ هه‌وڵدات بۆ چاره‌سه‌رێکی ئاشتییانه‌ی کێشه‌ی کورد؟ یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، له‌شکری عیراق هه‌ر وه‌ک جارانی پێشوو، له‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکی له‌شکریی بۆ کێشه‌ی کورد، تێکشکانی وه‌ده‌ست هێنابوو. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که‌ یاخیبووه‌ کورده‌کان له‌ 1969دا و بۆ جاری یه‌که‌م هێرشیان کرده‌ سه‌ر شوێنگه‌ و ئاورازه‌ نه‌وتییه‌ گرنگه‌کان له‌ باکوور. ئه‌م جێگه‌ نه‌وتییانه‌ ¾ی داهاتی ده‌وڵه‌تیی حوکوومه‌تی عیراق دابین ده‌که‌ن. سێیه‌میش به‌هۆی ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه‌ نێوخۆییه‌ی، که‌ دژ به‌ سه‌رۆکی عیراقی ئه‌لبه‌کر هه‌یه‌ و که‌ ئه‌و فه‌رمانی مردنه‌ سیاسییانه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییه‌ی، لاوازی و له‌قیی جێگه‌ی وی ده‌رده‌خات. ئه‌لبه‌کر به‌ ته‌واوی ئاگادار بوو له‌ پێوه‌ند و ده‌ستتێوه‌ردانی  یاخیبووه‌ کورده‌کان، له‌ نێو نه‌یارانی پارتیی به‌عسدا له‌ به‌غدا. چواره‌میش ئه‌وه‌یه‌، که‌ ڕێژیمی به‌غدا کێشه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یشی هه‌یه‌. وڵاتی هاوسێ ئێران تا ئێستاش ئاماده‌یه‌، له‌ کاتی پێویستدا یارمه‌تی خه‌باتی بارزانی بدات. عیراق، له‌مه‌ڕ ڕۆخانه‌ی عه‌ره‌به‌وه‌، که‌ ده‌کاته‌ ئاوڕێژگه‌ی گرنگ و ستراتیژی فرات و دیجله‌ له‌ که‌نداوی فارسدا،  له‌ کێشه‌دایه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا. به‌ پێی هێندێ زانیاری پێده‌چێت پێوه‌ندی عیراق له‌گه‌ڵ وڵاتی هاوسێی ڕۆژاوایدا سووریا، فره‌ له‌وه‌ی خۆرهه‌ڵات ئێران، خاستر نه‌بێت. حوکوومه‌تی سووریا له‌ لایه‌ن باڵێکی ململانێکه‌ر و نه‌یاری نێو پارتیی به‌عسی پانعه‌ره‌بیسته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هۆکارێکی سیاسی گرنگ هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌و وه‌دواوه‌کشانه‌وه‌ به‌ڵێندراوه‌ی ئینگلیزی ساڵی 1971ه‌، له‌ که‌نداوی فارس. عیراق، ئێران، عه‌ره‌بستانی سعوودی هه‌ر له‌ ئێستاوه‌،  بۆ کاریگه‌ری و ده‌ستڕۆیشتن له‌ نێو هورده‌ شێخنشینه‌ نه‌وتییه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، ده‌ستیان به‌ پێئشبڕکێ کردووه‌. شتێکی دیکه‌ش که‌ به‌ لای که‌مه‌وه‌ هه‌مان گرنگیی هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئاشتی له‌ کوردستاندا مه‌رجێکه‌ بۆ کاریگه‌ری و به‌شدارییه‌کی زێتری عیراق له‌ خه‌باتی دژ به‌ ئیسرائیلدا. ئه‌م باسه‌ ته‌نانه‌ت بووه‌ته‌ هۆی گوشارخستنه‌ سه‌ر حوکوومه‌تی عیراق له‌ لایه‌ن سۆڤیێته‌وه‌، بۆ وه‌دێهێنانی باریی ئاشتی له‌ کوردستاندا.                                                                                                        
لێ به‌بێ گوێدان به‌ هۆکاره‌کانی ئێستای خواستنی ئاشتی به‌رانبه‌ر کورده‌کان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، ده‌بێ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێستا به‌ خۆشییه‌وه‌ پێشوازی لێ بکرێت. خواستنی ئاشتی له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی نێوه‌نده‌کییه‌وه‌، به‌ هۆی ئه‌و هه‌موو ده‌ستبه‌رداربوون و خۆدانه‌ده‌سته‌وه‌یانه‌یه‌تی، که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسکران. هاوینی 1970 چوار له‌ پێنج وه‌زیره‌ کورده‌کان له‌ به‌غدا بوون و ڕۆژنامه‌که‌ی بارزانی ئه‌لته‌ئاخی(التاخی- برایه‌تی)به‌ شێوه‌یه‌کی ئاسایی ده‌رده‌هات و پارتیی دیموکراتی کوردستانیش خه‌ریکی دامه‌زراندنی بنکه‌ و باره‌گایه‌ک بوو بۆ نووسینگه‌ی پارتیی له‌ پێته‌ختی عیراقدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاکه‌ په‌ڵه‌ هه‌ورێکی نیگه‌رانی، که‌ له‌ ئارادا بوو، دواخستنی ئه‌و ڕاخوازییه‌ گه‌لییه‌ بوو، که‌ ده‌بووایه‌ له‌ پاییزی 1970دا بکرابا، بۆ کاتێکی نادیار. داهاتوو ده‌بێ ئه‌وه‌ نیشان بدات، که‌ ئایا خێرخوازیی هه‌یه‌ و به‌شی ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ ئاشتییه‌کی جێگر و چه‌سپاو له‌ کوردستاندا بهێنرێته‌ دی، یا له‌ ساڵی 1970کانیشدا، وه‌ک ساڵانی 1960ه‌کان، ئاگربه‌ستن و جه‌نگڕاگرتن و گوتوبێژی ئاشتی، که‌ پاشانیش به‌ کاری له‌شکریی و چه‌کداریی کۆتایی پێ ده‌هات، پێڕۆ و دووپات ده‌کرێته‌وه‌.                                                              
                                                      
*ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ سه‌رچاوه‌گه‌لێکن، که‌ نووسه‌ر بۆ نووسینی بابه‌ته‌که‌ی که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوون:
Arfa, Hassan, the Kurds-a historical and political study, Oxford 1966.
Boris, Thomas, the Kurds, Beirut 1966.
Eagleton, William, the Kurdic republic of 1946, London 1963.
Ghassemlu, Abdul Rahman, Kurdistan and the Kurds, Prag 1965.
Khadduri, Majid, Republican Iraq-a study in Iraqi politics since the Revolution of 1958, Oxford 1969.
Kinnane Derk, the Kurds and Kurdistan, Institute of race relations, Oxford 1964.
Kurdish facts, tidskrift av Silvio Van Rooy och International Society Kurdistan i Amsterdam.
Lomborn, Rune, Kurderna-folket utan land, nr 5-1970 i seien världspolitikens dagsfrågor, utgiven av Utrikspolitiska institutet i Stockholm.
Nordlander, J, E/Rastgeldi, S/Tandberg, O, G, Det glömda kriget, Rapport från irakiska Kurdistan, Natur och Kultur, Stockholm 1967.
Viennot, Jean-Pierre, Arabisme, kurdisme et iranisme, s.55-63 i Europa-Etnica 1970: 2.

*ئه‌م گوتاره‌، که‌ نێوی "کوردستان"ه‌ و له‌ نووسینی ئه‌ندرێس کونگ(Andres Küng)ه‌، به‌شێکه‌ له‌ کتێبێکی سوێدی به‌ نێوی "چه‌وساوه‌کانی زه‌وی Jordens förtryckta"، که‌ ئه‌ندرێس کونگ و ئوولۆف.گ. تاندبه‌ری (Olof G. Tandberg) پێکه‌وه‌، له‌ ساڵی 1970دا، نووسیویانه‌ و له‌ لایه‌ن په‌خشخانه‌ی "بۆنیه‌ش"ه‌وه‌ له‌ ستۆکهۆڵم، چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. کتێبه‌که‌ پاش پێشه‌کی و ناوه‌ڕۆک و ئه‌وانه‌، بریتییه‌ له‌ چه‌ند به‌شێک، که‌ هه‌ر به‌شه‌و ته‌رخان کراوه‌ بۆ ده‌ڤه‌رێکی تایبه‌تی جیهان. به‌شی یه‌که‌می، له‌مه‌ڕ کۆمه‌ڵه‌ ڕه‌گه‌ز و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و که‌مینه‌یه‌کی نێو ده‌وڵه‌تانی جیهانه‌وه‌یه‌، که‌ چه‌وسانه‌وه‌یه‌کی ئاشکرایان له‌ سه‌ره‌ و ڕه‌شه‌کوژ ده‌کرێن، وه‌ک کورد و خوارووی سوودان و چاد و ئێریتریا و خوارووی ئه‌فریقا. کورد، یه‌که‌م باسێکه‌، که‌ له‌و کتێبه‌دا هاتووه‌. به‌شی دووه‌می کتێبه‌که‌، باس له‌ گه‌له‌ ڕه‌وه‌نده‌کان ده‌کات، وه‌ک هیندییه‌کان له‌ ئه‌فریقا و قه‌ره‌ج و جووله‌که‌. به‌شی سێیه‌می کتێبه‌که‌، باس له‌ که‌مینه‌ له‌شکرییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و سپییه‌ ڕه‌شپێسته‌کانی ئه‌مه‌ریکای ژووروو(کویبێک) و سۆڤیێت و چین و هیندوستان و سیلان و مالایزیا ده‌کات. به‌شی چواره‌می، باسی ئه‌بۆریجینه‌کانی ئه‌وسترالیا و ماورییه‌کانی نیوزیلاند و گه‌لی ئاینۆی ژاپۆن و ئیندیانه‌کانی ئه‌مه‌ریکای لاتین ده‌کات. به‌شی پێنجه‌می، باسی نه‌ته‌وه‌په‌رستی له‌ سکۆتلاند و وه‌یلز و ئایرلاندی سه‌روو و فرانسه‌ و ئیسپانیا و به‌لژیک و یۆگوسلاڤیا و سویسرا و قوبرس ده‌کات. به‌شی شه‌شه‌می، باسی ده‌ڤه‌ری نووردی سه‌رووی ئه‌وروپا، سامه‌کانی سوێد و گروێنلاند و فه‌رئوێیه‌رنا و سوێدییه‌کانی فینلاند و تۆرنه‌دالییه‌کان و شلیسویگ و فریسه‌کان ده‌کات. به‌شی کۆتایی کتێبه‌که‌ش، به‌نده‌کانی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ و سزادانی تاوانه‌کانی ڕه‌شه‌کوژی گه‌لان و سه‌رچاوه‌ی باسه‌کانه‌. له‌ هه‌ریه‌ک له‌و به‌شانه‌دا، ئه‌و دوو نووسه‌ره‌ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی باسیان کردوون، له‌ ڕووی سیاسی و ئابووری و جڤاکی و هه‌موو لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ژیانه‌وه‌ لێیان وردبوونه‌وه‌ و خوێندوویاننه‌وه‌ و تاوتووی  ڕه‌وش و گیروگرفته‌کانیانیان کردوون. کتێبه‌که‌ 272 لاپه‌ڕه‌ی (A5) ه‌ و له‌ لاپه‌ڕه‌ 37-49 یشی له‌ باره‌ی کورده‌وه‌یه‌. ئه‌ندرێس کونگ، به‌رپرسی پرۆگرامی "چاره‌که‌ سه‌عاتێکی فه‌رهه‌نگ"ییه‌"OBS!"و پێشتریش کتێبی"ئه‌مه‌ریکای لاتین- بیراز یا چه‌قین"ی نووسیوه‌ و وه‌چاپ گه‌یاندووه‌. له‌ پاییزی 1985دا ئه‌م گوتاره‌م له‌ سوێدییه‌وه‌ کردووه‌ به‌ کوردی و په‌راوێزیشم بۆ داناوه‌ .

                                                     ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
پاییزی 1985




[1] یه‌ک ده‌رزه‌ن ده‌کاته‌ 12 میلیۆن. له‌مه‌ڕ ژماره‌ی کورده‌وه‌ تا ئێستا ئامارێکی ڕاست و دروست نییه‌، به‌ڵام کورد خۆی به‌ 25 میلیۆنێک داده‌نێت.                                                                                        
[2] ئه‌و گه‌ڕه‌که‌، کورده‌کان بۆ خۆیان پێی ده‌ڵێن "تاخا کوردا" و عه‌ره‌به‌کانیش پێی ده‌ڵێن"حي الاکراد" یا "رکن الدین".
 [3]مه‌لا یا حه‌کیم ئیدریسی بتلیسی، له‌ سه‌رده‌می سوڵتان سه‌لیمی عوسمانیدا، سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکرێکی مه‌زنی خێڵه‌ کورده‌کانی کرد و له‌ هه‌موو جه‌نگێکی سوڵتاندا دژ به‌ شای سه‌فه‌وی به‌شدار بوو و سه‌فه‌وییه‌کانی له‌ هه‌موو لایه‌ک ده‌رده‌په‌ڕان، ئیدی له‌ دوای جه‌نگی چاڵدیرانی 1514، له‌کن سوڵتان ڕێز و پایه‌یه‌کی په‌یدا کرد و سوڵتان وای لێ کرد، ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو میرنشین و ده‌ڤه‌ره‌ کورده‌کاندا بڕوات و جۆره‌ سه‌ربه‌خۆییه‌کی نێوخۆیی هه‌بێت  مه‌لا ئیدریس له‌ 1520دا کۆچی دوایی کردووه‌.                                                       
 سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووم له‌ 1876-1908 سوڵتان بوو.[4]
 [5]سواره‌ی حه‌میدییه‌، له‌ 1891دا به‌ فه‌رمانی سوڵتان عه‌بدولحه‌مید دامه‌زران، هه‌ر بۆیه‌ش نێوی "سواره‌ی حه‌میدییه‌"یان لێ نرابوون.دامه‌زراندنی ئه‌و سوارانه‌ بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو له‌ کوردستاندا و له‌ په‌نای ئه‌وه‌شدا ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکهۆزه‌ کورده‌کانیشی ده‌چه‌سپاند.شاکر پاشا، سازکاری ئه‌و سوارانه‌ بوو. حوکوومه‌تی عوسمانی هێنده‌ به‌ته‌نگ ئه‌و سوارانه‌وه‌ نه‌بوو و پڕچه‌ککردنیان و تفاق و ڕێکخستنیان به‌ره‌به‌ره‌ پشتگوێ ده‌خران تا له‌ یه‌که‌م ساڵی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا به‌ ته‌واوی هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه‌.                                                                                                                      
 [6] له‌ ساڵی 1900دا له‌ ئیسته‌نبوول، کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کوردی به‌ نێوی "کوردستان عه‌زمی قه‌وی جه‌معیه‌تی" له‌ لایه‌ن "فکری ئه‌فه‌ندی ئامه‌دی"یه‌وه‌ ساز کراوه‌."کوردیزاده‌ ئه‌حمه‌د ڕه‌مزی لجه‌"، یه‌کێک بووه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ ناسراوه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌. ئه‌وه‌ یه‌که‌م کۆمه‌ڵه‌ و ڕێکخراوی کورد بووه‌ و دواتر کۆمه‌ڵه‌ی "ته‌عالی و ته‌ره‌ققی" و "ژ. ک" و "هیوا" و...په‌یدا بوون. ئه‌ڵبه‌ت ده‌کرێت پارتیی دیموکراتی کوردستانییش به‌ درێژه‌پێدانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ دابنرێت.                                                                                                                                    
[7] په‌یمانی سیڤر، که‌ له‌ 10/8/1920دا مۆر کرا و به‌نده‌کانی 62، 63 و 64ی له‌مه‌ڕ کورد بوون، زۆر ئاشکرا باس له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی تێدا نه‌کرابوو و ئه‌و باسه‌ به‌ هه‌ندێک مه‌رجه‌وه‌ گرێ درابوو، وه‌ک: ڕاپرسیی له‌وه‌ ده‌ڤه‌رانه‌دا که‌ کوردنشینن، که‌ له‌وه‌شدا ده‌ڤه‌رێکی زۆر گچکه‌ به‌ کورد دانرابوو و پاشان ئه‌نجامی ئه‌و ڕاپرسییه‌ گه‌لییه‌ بخرێته‌ پێش کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان و ئه‌ویش بڕیاری ئه‌وه‌ بدات، که‌ ئایا کورد شایسته‌ی ده‌وڵه‌ته‌ یا نه‌؟ ئه‌وجا ئه‌و بڕیاره‌ش به‌ تورکیا ڕابگه‌یه‌ندرێت. وه‌لێ به‌ پێچه‌وانه‌ی کورده‌وه‌، بڕیاری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئه‌رمه‌نی به‌ ئاشکرا هاتبوو.                                                                                
[8]پاش ئه‌وه‌ی که‌مالیسته‌کان له‌ بواری جه‌نگدا، کۆمه‌ڵێک سه‌رکه‌وتنیان به‌ سه‌ر ئه‌رمه‌ن و یۆنانییه‌کاندا وه‌دیهێنا،  په‌یمانی لۆزان له‌ 24/7/1923دا، له‌ نێوان که‌مالیسته‌کانی تورکیا و ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یماندا مۆرکرا. له‌و په‌یمانه‌دا نێوی کورد و کوردستان نه‌هات و ته‌نێ باسی ئه‌وه‌ کرا، که‌ ڕێز له‌ که‌مینه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بگیرێت. ئیدی په‌یمانی سیڤر هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌ و به‌شێکی زۆری کوردستان خرایه‌ ژێر ده‌ستی تورکیا.                                                                                                                                                     
[9] له‌ 23/8/1921دا، میر فه‌یسه‌ڵی کوڕی شه‌ریف حوسه‌ینی مه‌ککه‌، له‌ لایه‌ن "بێرسی کۆکس"ی نوێنه‌ری بریتانیا له‌ میزۆپۆتامیا، کرا به‌ شای عیراق .میر فه‌یسه‌ڵ فرانسییه‌کان له‌ سووریا وه‌ده‌ریان نابوو. ڕاپرسییه‌کی گه‌لیی بۆ دانانی فه‌یسه‌ڵ به‌ شای عیراق ساز کرا و کورد به‌ که‌میی به‌شداریی کرد و تا ڕاده‌یه‌کیش دژی ڕاوه‌ستا.                                                                                                                      
 [10]مه‌به‌ست  "شێخ مه‌حموودی به‌رزنجی- حه‌فید"ه‌(1882- 9/10/1956). شێخی حه‌فید، له‌ 20/5/1919-1920 یه‌که‌م شۆڕشی دژ به‌ داگیرکارانی بریتانی له‌ خوارووی کوردستان ڕاگه‌یاند و ئامانجیشی کوردستانێکی یه‌کگرتوو و سه‌ربه‌خۆ بوو. له‌ 1923دا شۆڕشی دووه‌می ده‌ستپێکرده‌وه‌ و حوکوومه‌تێکی له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانیدا دامه‌زراند و بۆ خۆیشی بوو به‌ شای کوردستان. له‌شکری بریتانی پاشتر ئه‌و شۆڕش و حوکوومه‌ته‌ی شێخیان تێکشکاند و شێخ گیرا و بۆ هیندوستان دوورخرایه‌وه‌. شێخ دیسان له‌ ساڵی 1931دا شۆڕشی هه‌ڵگیرسانده‌وه‌ و ئه‌وجا بریتانییه‌کان گرتیان و له‌ سیته‌ک و داریکه‌لی نیشته‌جێیان کرد تا کاتی نه‌خۆشییه‌که‌ی و دوای برایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌لحه‌یده‌رییه‌"الحیدریه‌" له‌ به‌غدا و ئیدی له‌وێ له‌ 9/10/1956دا شێخ کۆچی دوایی کرد.                                                                                             
 فڕۆکه‌کانی ئینگلیز له‌ نێوان 31/5-2/6/1924دا باژێڕی سلێمانییان بۆمبباران کردووه‌.[11]
[12] ڕۆژنامه‌ی "خه‌بات"، ده‌نگیی پارتیی دیموکراتی کوردستان بوو و له‌ به‌غدا به‌ کوردی و عه‌ره‌بی و دواتر ته‌نێ به‌ عه‌ره‌بی ده‌رده‌چوو. یه‌که‌م ژماره‌ی له‌ 4/4/1959دا ده‌رچوو و له‌ 28/3/1961 به‌ فه‌رمانی حوکوومه‌تی قاسم داخرا. 462 ژماره‌ی لێ ده‌رچوو. "ئیبراهیم ئه‌حمه‌د" سکرتێری  پارتیی سه‌رنووسه‌ری بوو. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نه‌گیرا، به‌ڵکه‌ خۆی شارده‌وه‌ و به‌غدای به‌جێهێشت.                                                          
 مه‌به‌ست له‌ "مه‌لای سۆر" ئه‌وه‌ بوو، که‌ گوایه‌ بارزانی پیاوی سۆڤیێته‌ و کۆمۆنیسته‌.[13]
 [14]هه‌رچه‌نده‌ ده‌سگا و ئه‌نجومه‌ن و کارگێڕی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی و دادگه‌ دامه‌زرابوون، به‌ڵام حوکوومه‌ت دانه‌مه‌زرێنرابوو، چونکه‌ شۆڕشه‌که‌ خۆی به‌ عیراقی ده‌زانی و ده‌دایه‌ناساندن.
[15] عه‌بدوسسه‌لام عارف، سه‌رۆکی عیراق بوو، به‌بم ئه‌وه‌ی سه‌ردانی بارزانی کرد له‌ کوردستان، "تاهیر یه‌حیا"ی سه‌رۆکی حوکوومه‌تی عیراق بوو.
 [16]ئه‌و شانده‌ی پارتیی دیموکراتی کوردستان، که‌ چووه‌ به‌غدا بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی عیراقدا، جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆکایه‌تیی ده‌کرد. ئه‌وه‌ی گیرا و زیندانیی کرا، "ساڵح یووسفی" ئه‌ندامی شانده‌که‌ بوو و تاڵه‌بانی ده‌رباز بوو و له‌ عیراق وه‌ده‌رکه‌وت.                                                                             
 [17]عه‌بدوسسه‌لام عارف، هه‌ر له‌ پاش ڕووخاندنی قاسمه‌وه‌ له‌ کوودێتای به‌عسی 8/2/1963دا بوو به‌ سه‌رۆککۆماری عیراق و له‌ 18/11/1963یشدا بۆ خۆی کوودێتای له‌ سه‌ر به‌عس کرد و ده‌سه‌ڵات به‌ ته‌واوی که‌وته‌ ده‌ست خۆی و هه‌ر وه‌ک سه‌رۆککۆمار مایه‌وه‌.                                                                                             
[18] عه‌بدوسسه‌لام عارف، له‌ 13/4/1966دا، له‌ فڕۆکه‌ که‌وته‌ خوارێ و تێداچوو. "عه‌بدوڕڕه‌حمان عارف"ی برایشی له‌ 17/4/1966-17/7/1968، سه‌رۆککۆماری عیراق بوو.
 [19]عه‌بدوڕڕه‌حمان ئه‌لبه‌ززاز(عبدالرحمن البزاز)، له‌ دوای کوودێتای قاسمه‌وه‌ یه‌که‌م سه‌رۆکوه‌زیرانی مه‌ده‌نی بوو له‌ عیراقدا. ئه‌لبه‌ززاز له‌ 21/9/1965-7/8/1966 سه‌رۆکی حوکوومه‌تی عیراق بوو.
 دوای وه‌لانانی ئه‌لبه‌ززاز، "ناجی تالیب"، که‌ له‌شکریی بوو، کرا به‌ سه‌رۆکی حوکوومه‌ت.[20]
  ئه‌وه‌ به‌ پێی بۆچوون و دیتنی فه‌رمیی حوکوومه‌تی تورکیا و تورکه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌. [21]
 [22]مه‌به‌ست له‌و یاخیبوونه‌ ڕابوونی باڵێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه‌، له‌ ده‌وروبه‌ری سه‌رده‌شت و بانه‌ و خانێ، که‌ سوله‌یمانی موعینی و ئیسماعیلی شه‌ریفزاده‌، ڕێبه‌رییان کرد.
 [23]حوکوومه‌تی سۆڤیێت، پاش بارزانییه‌کان، که‌ له‌ دوای ڕووخانی کۆماری مه‌هاباده‌وه‌ تا 1958 له‌ سۆڤیێت بوو، هه‌رگیز په‌نابه‌ری کوردی وه‌رنه‌گرتووه‌. ڕه‌نگه‌ تاکه‌تاکه‌یه‌ک کورد، ئه‌ویش نه‌ک وه‌ک کورد، به‌ڵکه‌ وه‌ک ئه‌ندامی پارتییه‌ کۆمۆنیسته‌کانی عیراق، ئێران، تورکیا و سووریا له‌وێ مافی مانه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونیان وێدرابێ.                                                                                                                              
 ڕادیۆی "په‌یکی ئێران"، له‌ بوڵگارستانه‌وه‌  په‌خش ده‌کرایه‌وه‌.[24]
 [25]دۆمینه‌ یا دۆمینۆ، بریتییه‌ له‌ 28 پارچه‌ی لاکێشه‌یی، که‌ هه‌ریه‌که‌و چه‌ند ژماره‌یه‌کی له‌ سه‌ره‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و 28 پارچه‌یه‌ به‌ درێژی و له‌ سه‌ر لایه‌ گچکه‌که‌ی و به‌ ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ به‌ پێوه‌ دانێیت و  یه‌که‌م دانه‌یان پاڵپێوه‌نێیت، ئیدی یه‌که‌م دانه‌، دووه‌م دانه‌ ده‌خات و دووه‌م دانه‌ سێیه‌م دانه‌ ده‌خات تا دوا دانه‌ هه‌موو ئه‌و دۆمینانه‌ یه‌کدی ده‌خه‌ن و ده‌که‌ون و به‌ پێوه‌ نامێنن. واته‌: خستنی یه‌ک دانه‌ کار ده‌کاته‌ سه‌ر هه‌موو و هه‌موویان ده‌خات.                                                                                                           
 [26]ڕاسته‌ زۆرینه‌ی کورد سه‌ر به‌ ئایینزای سوننه‌ی ئیسلامن، لێ به‌شێکی له‌به‌رچاوی کوردییش هه‌ن، که‌ سه‌ر به‌ ئایینزای شیعه‌ی ئیسلامن، وه‌ک: کوردانی به‌غدا، عیماره‌، حه‌ی، کووت، عه‌زیزییه‌ی عیراق و کوردانی جه‌سسان، به‌دره‌، مه‌نده‌لی، قزڕه‌بات و به‌شێکیش له‌ کوردانی خانه‌قین و قه‌ره‌ته‌پپه‌ و خورماتوو و که‌رکووک له‌ باشووری کوردستان و ته‌واوی کرماشان و لوڕستان و ئیلام و به‌ختیارییش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.                                                                                                                                                                  
[27] حوکوومه‌تی سووریا تیپی له‌شکری ئه‌لیه‌رمووک"الیرموک"ی 3000 سه‌ربازیی بۆ کۆمه‌ک به‌ عیراقییه‌کان نارده‌ کوردستان و دژ به‌ شۆڕشی کورد جه‌نگان.
[28] بارزانی، سکرتێری گشتیی پ.د.ک نه‌بوو و سه‌رۆکی بوو، حه‌بیب موحه‌ممه‌د که‌ریم، سکرتێری گشتیی پ.د.ک بوو.
 جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌ری ئینگلستانی دا و په‌رله‌مانی ئینگلستانییش پێشوازییه‌کی گه‌رمیان لێ کرد.[29]
[30] له‌ ڕێککه‌وتننامه‌ی 11ی مارسی 1970دا هیچ جۆره‌ ئاماژه‌یه‌ک به‌ چاودێری و ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان نییه‌.                                                                                                                            
 [31] تاڵه‌بانی وه‌ده‌رنه‌نرا، به‌ڵکه‌ دوای ڕێککه‌وتنانه‌ی 11ی مارسی 1970 و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌کداران و حیزبه‌که‌ی و چوونه‌ نێو پارتیی سه‌رکرده‌یه‌تیی بازانییه‌وه‌، ئیدی خۆی به‌ ویستی خۆی له‌ کوردستان و عیراق چووه‌ ده‌رێ.

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...