Sunday, November 7, 2021

تیۆری پیلانگێڕی و داڕووخانی کاباڵ

تیۆری پیلانگێڕی و داڕووخانی کاباڵ

                                                       

 

  ئەمجەد شاکەلی

زۆرێک لە ئێمە لەبارەی تیۆرییەکانی پیلانگێڕی یا کۆمپلۆت  و دەسیسە (Conspirations Theory)ەوە، گەلێ شتی بیستووە. وەک نموونە: کە خۆراکێکی ئێمە دەیخۆین، ژاری تێدایە! 11ی سێپتەمبەری 2001، بەو جۆرەی میدیا ڕەسمییەکان باسیان کردووە و پێشانیانداوە، ڕووینەداوە! جۆن کەنەدی(John Fitzgerald ”Jack” Kennedy)، سەرۆکی ئەمەریکا، دەستی دیکە لە پشتی کوشتنەکەیە بووە! کە میدیا ئێمە چەواشە دەکات و دەمانخەڵەتێنێت بەوەی وەڵاتگەلێکی جیاواز بە ناوی دیموکراتییەوە داگیر دەکرێن!

گەلێ جار بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوێکی دیاریکراو یا هەڵوێستێک، کە هیچ هۆکار و پاساوێک نییە بۆ ڕوودانی لەنێو جڤاک و خەڵک و وەڵاتاندا و کە ڕووداوێکە پێشینەی نەبووە و هەرگیز پێشتر ڕووی نەداوە یا بەو جۆرە ڕووینەداوە، دەستەواژەی تیۆریی پیلانگێڕی  بەکار دەهێنرێت. زۆر جار ناوەڕۆکی ئەو پیلانگێڕییانەش کردەوەیەکی ناقانوونین یا زیانبەخش و خراپەکارین و بۆ مەبەستی سیاسی و ئابووری دەکرێن.

ئەوەی پتر دەبێتە هۆی باوەڕهێنان بە تیۆری پیلانگێڕی یا گومان دروست دەکات، لەکن خەڵک، لەدەستدانی باوەڕە بە ئامرازی میدیایی نەریتی و ڕەسمییەکان، کە ئیدی خەڵک ناچار دەبێت بە دوای پاساودا بگەڕێت، چون پێیان وایە ئەوەی میدیا دەیڵێ ڕاست نییە و هیچ شتێک هەروا بە بەڕێککەوت چی نابێت.

بەڵام، ئایا ئەو دەنگۆیانە تەنێ تیۆرین یا ڕاستییەک لەو باسوخواسانەدا هەیە؟ چین و کێن ئەوانەی لەپشتی هەموو ئەو دەنگۆیانەوەن؟ ئەوجا بۆ؟

ئەم تیۆرییەی پیلانگێڕی، کۆمپلۆت و دەسیسەیە باوەڕی بەوەیە، کە دەستەیەکی دەستەبژێری جیهانی، بازنەیەک مرۆڤی توانا هەن، وەک ئەنجومەنێکی داخراو و پەنهان لە پشتی پەردەوە، دەستیان بەسەر حوکوومەتەکان و پیشەسازی و میدیای هەموو جیهاندا دەڕوات و لەڕێگەی سیستمی بانکییەوە، بە هەوەسی خۆیان دەیانجووڵێنن و یارییان پێ دەکەن و ئامانجیان سەپاندنی هەژموونی خۆیانە بەسەر دەوڵەتاندا. هەر ئەو دەستەیە مەسرەفی هەموو ئەو جەنگە مەزنانەی جیهانیان، کە لە ماوەی دوو سەدەی پێشوودا ڕوویانداوە، کردووە. ئەوانەی باوەڕیان بەو تیۆرییەیە، پێیانوایە ئەو دەستە یا ئەو گرۆ نهێنییەیە، کە کۆمەکی کردووە و دەستی هەبووە لە بەرزبوونەوە و گەیشتنی کۆمیۆنیزم و نازیزم بە دەسەڵات لە ئەوروپادا. بێجگە لەوەش، ئەو دەستەیە نەخشەی جەنگ دادەڕێژن، چون ئەوە ڕێگەیان بۆ خۆش دەکات، هەژموون و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری خۆیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن و سیستمێکی نوێی سیاسی و ئابووری و ژیان بەسەر جیهان و مرۆڤدا بسەپێنن. باوەڕدارانی ئەو تیۆرییە، پێیانوایە بنکە و نێوەندی سەرەکی ئەو دەستەیە لە جێگەیەکی نهێنی ڕۆژاوایە.

لەو ڕووداوانەی بەو تیۆرییەوە گرێدەدرین و لێکدانەوەی پێچەوانەی لێکدانەوە ڕەسمییەکانیان بۆ دەکرێن:

ڕووداوی 11ی سێپتەمبەری 2001، کە هەرچەندە باس لە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە دەکرێ کردبێتی، لێ بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی قوربانیان و ڤیدیۆی ڕووخانی هەردوو بورجە بازرگانییەکانی نیوویۆرک، بەپێی تیۆری پیلانگێڕی، ئەوە ڕووداوێکە لە توانستی ئەلقاعیدە گەورەترە و ئەلقاعیدە هیچ پێوەندی پێوە نییە، بەڵکە ئەوە کردەیەکە بەرپرسانی باڵای کارگێڕیی ئەمەریکا ڕێگەیان بە ڕوودانی داوە، بۆ پاساودان بە جەنگی ئەمەریکا لە ئەفغانستان. وەک گەواهیی ڕاستبوونی ئەو تیۆرییە، یەکێک لە دیمەنەکانی فیلمە ئەمەریکییەکانی پێشووتریان وەک نیشانە و ڕاستی تیۆرییەکە هێناوەتەوە، دیارە بەوەش سینەما دەتوانێت لە پەرەپێدانی ئەو تیۆرییەدا ڕۆڵێکی دیاری هەبێت.

 

کوشتنی جۆن کەنەدی، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا لە 22ی نۆڤەمبەری 1963دا و کوژتنی لی هارڤی ئۆزوالد(Lee Harvey Oswald)، ئەو کەسەی بە تۆمەتی کوژتنی کەنەدی گیرابوو، لە لایەن جاک ڕۆبی(Jack Leon Ruby)یەوە، دوای دوو ڕۆژ لە کوژتنی کەنەدی، هەموو ئەو ڕووداوانە، ئەو گومانانەی هێنایە گۆڕێ، کە سی.ئای.ئەی(CIA)، یا مافیا، یا لیندن جۆنسن(Lyndon Baines Johnson)، کە جێگری سەرۆک کەنەدی بوو لەو کاتەدا، یا فیدێل کاسترۆ(Fidel Castro)ی ڕێبەری کووبا، یا دەسگەی هەواڵگریی کەی.جی.بی(KGB) سۆڤیێت لە پشتی کوژتنی کەنەدییەوە بووبن.

شۆڕشی فرانسای 1789، باوەڕدانی ئەو تیۆری کۆمپلۆتە، پێیانوایە ماسۆنی و دەستەی ڕۆشنگەران و دەستەی سوارانی پەرستگەی عیساییانی لەپشتەوە بوونە.


دابەزینی مرۆڤ لەسەر مانگ، بۆ یەکەم جار لە 16ی جوڵای 1969دا، کە بە بڵاوکرابوونەوەی وێنەکانی، گۆمانێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، کە وێنەکان دروستکراو بن و وەها کارێک هەر نەکرابێت!

 

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی 2019ەوە، کە هەموو جیهانی گرتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە، کۆمەڵێک گومانی بە دوای خۆیدا هێنا، کە لە تاقیگە یا کارگەیەکدا دروست کراوە و بڵاو کراوەتەوە. ئەمەریکییەکان دەڵێن لە چین دروست کراوە و چینییەکانیش دەڵێن ئەمەریکا دروستی کردووە و سەربازێکی ئەمریکی لە شاری ووهان لە چین بڵاوی کردووەتەوە.

گەلێ جار جوولەکە یا کەنیسەی کاتۆلیکی و ڤاتیکان تۆمەتبار دەکرێن بەوەی ڕوودەدات.

بەگوێرەی دیدی مایکڵ بارکۆن(Michael Barkun)ی ئەمەریکی، لە دایکبووی 1938 و پرۆفێسسۆر لە بواری زانستی سیاسیدا و پسپۆر لە بواری تونداژۆیی، ئایین، تیۆری پیلانگێڕی، پایەکانی تیۆری پیلانگێڕی، کۆمپلۆت یا دەسیسە، لەسەر ئەوە بەندە، کە گەردوون بە جۆرێک لە ڕێکخستن و هاوئاهەنگی و لەنێو چوارچێوەیەکدا، بەستراوە و گرێدراوە پێکەوە و چەند  پێوەرێک شێوەی گەردوون دەنەخشێنن. پێوەرەکانیش ئەمانەن:

هیچ شتێک بە ڕێککەوت نایەتە گۆڕێ.

 هەموو شتەکان و پێشهاتەکان گرێدراوی یەکترن.

 هیچ شتێک وەک ئەو جۆرەی دەردەکەوێت، نییە.

بەشێکی زۆر لەو لێکدانەوە و گومانانەی لە تیۆریی دەسیسە و پیلانگێڕاندا دەخرێنە بەرباس، لە دۆکیۆمێنتێری داڕووخانی کاباڵ(The Fall of the Cabal)دا، کە لەلایەن جانێت ئۆسبارد(Janet Ossebaard)ەوە ئامادە کراوە، وەک بەدواداچوونێک، دەخرێنە بەرباس.

جانێت ئۆسبارد، خانمێکی هۆڵڵاندییە و لەدایکبووی ساڵی 1966ە. ئەو کەسێکە زانستی زمانی خوێندووە، بە تایبەت لە ڕووی فەرهەنگی و وشەسازی و لێکدانەوەی دەقەوە (فیلۆلۆگی/ Filologi) و دۆکتۆرای لەو بوارەدا وەدەستهێناوە. ئەو شارەزای  بواری دەفرە ئاسمانییەکانیشە، کە وا باوە دەفڕن و لە دەرێی تۆپی زەوی و ئەستێرەی دیکە و ئاسمانەوە دادەبەزن و یووفۆ(UFO)یان پێ دەگوترێ، یووفۆ بە ئینگلیزی، واتە:( Unidentified Flying Object)، کە دەکاتە دەفرێک یا شتێکی نەناسراوی فڕندە. دیارە وەها دەفر و شتگەلێکی لەو جۆرە تا هەنووکە جیی گومانن. ئۆسبارد لە 1994ەوە لەو بوارەدا چالاکە و چەندین کتێبی نووسیوە و بەردەوامیش گوتار و نووسین لەمەڕ ئەو باسانەوە لە ڕۆژنامە و کۆڤارەکاندا بڵاو دەکاتەوە و وەڵاتان دەگەڕێ و لەو بارەوە کۆڕ دەگرێت و دەدوێت.

ئۆسبارد، ئێستا کار لە دروستکردنی فیلمی دۆکیۆمێنتاریدا دەکات و کارەکانی بە قازانجی ئیدیۆلۆگی کیوئەینۆن(QA non) دەگەڕێتەوە، کە تیۆرییەکی ڕاستڕۆیە، بە تیۆری دەسیسە و کۆمپلۆت دەناسرێت و باس لە دەسیسەیەکی نهێنی دژ بە دۆناڵد ترەمپ(Donald John Trump)ی، سەرۆکی ئەمەریکای پێشوو و لایەنگرانی دەکات، کە لە لایەن، وەک دەڵێن دەوڵەتێکی نهێنی و هێز و دەسەڵاتێکی ژێرزەمینی، واتە: دەوڵەتێک لە قوولاییدا، نەخشەی بۆ دادەنرێت. کیووئەینۆن، خەڵکانێکی نادیار و نهێنیین، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکاندا دەکەن و بۆ خۆیان بازنەیەکی داخراون (Cabal)، لە دەستەبژێر و سەرتەڵەکانی جیهان پێکهاتوون. دەستەواژەی کاباڵ، لە(Kabbalah)  یا (‌Qabala)  یا (Cabala)وە هاتووە، کە لە بنەمادا دەگەڕێتەوە بۆ زمانی عیبری و ئاراستەیەکی ئایینی جووە، تاڕادەیەک مانەندی سۆفیگەرییە لەکن ئیسلام.

ئەو فیلمە دۆکیۆمێنتارییەی ئۆسبارد کردوویەتی لەژێر ناوی (The Fall of the Cabal)دا. دۆکیۆمێنتێرێکە، لە 10 بەش پێکهاتووە، دوای بینینی هەموو بەشەکان، وەک فیلمێکی پرۆپاگەندە و بانگەشەی هەڵبژاردن دێتە بەرچاو بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە لە ساڵی 2020دا، جۆ بایدن(Joe Biden)ی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، وەک ڕکابەری وی(ترەمپ)، خۆی بە نوێنەری دیموکراتەکان ناودێر کرد. پاژەکانی ئەو دۆکیۆمێنتێرە، کە پێکەوە گرێدراون بۆ ئەو باسوخواسانەن، لەنێو میدیای سێبەر و لابەلا و ناڕەسمییدا پەخش دەکرێنەوە. ئەو مژارانەی لەو دۆکیمێنتێرەدا باسیان لێوە کراون، پتر پێوەنددارن بە منداڵبازی(Pedophilia) و سرووتە شەیتانییەکان و شەیتانپەرستی (Satanism) لە نێو خەڵکانی بەناوێی دەستەبژێردا، بەتایبەت ئەوانەی هۆلیوود (Hollywood) و دیموکراتەکان و دەسگەی هەواڵگریی ئەمەریکا(CIA)، کە تا ڕادەیەک بەرپرسن لە هەموو نەهامەتییەکان جیهان.

ئەو کارەی ئۆسبارد، وەک بانگەشە و پرۆپاگەندەیەک بۆ ڕاستڕۆ تونداژۆکان دەبینرێت. بەگوێرەی ئۆسبارد، گۆڕانێکی مەزن بەڕێوەیە، لێ زۆرینەی خەڵک بێئاگان لێی. دۆکیۆمێنتێرەکە، باس لە سیستم یا ڕێکخستنەوەیەکی جیهانی نوێ(The New World Order (NWO)  و دەوڵەتێک یا دەسەڵاتێکی قووڵ و ناخویا و لە پەنهاندا، دەکات. ئەم فیلمە چەند جارێک لەلایەن یووتیووب(YouTube)ەوە قەدەغە کراوە. دۆکیۆمێنتێرەکە نزیکەی 3 سەعاتێکە، لەلایەن کەسێکی شارەزا و توێژەرێک(جانێت ئۆسبارد)ەوە ئامادە کراوە.

داڕووخانی کاباڵ The Fall of the Cabal، باس لە داڕووخانی ئەو بازنە یا دەستە گچکەیەی خەڵکانێک دەکات، کە لە ڕێگەی زێدەدەوڵەمەندی و دارایی و دەسەڵات و هێزێکی هەیانە، هەموو جیهان بەڕێوە دەبەن و نەخشەی بەڕێوەبردن و ئاژۆتنی هەموو مرۆڤایەتییان هەیە و بۆ خۆیشیان ڕێژەیەکی یەکجار کەمن، لێ خودانی دەسەڵات و هەژموون و دارایین. ئەوانن دەستە یا بازنەی کاباڵ پێکدەهێنن. تەواوی نەخشەگەلێکی، کە هەیانە، لەسەر بنەمای گەندەڵی، خزمەتگوزاریی نهێنی، جڤاکی نهێنی، ئەنجامدانی تاوانی گەورە بە هۆی سەرانی کەسان و گرۆی تاوانکار و مرۆڤکوژ، لە دەڤەر و وەڵاتە جیاوازەکاندا ئەنجام دەدرێن. کێن ئەوانەی، بێجگە لە سەرکردە سیاسییەکان و شا و شاژنەکان، کە لەڕاستیدا جیهان بەڕێوە دەبەن؟ بانکەکان چ ڕۆڵێکیان هەیە؟ ناسنامەی ڕاستینەی ڤاتیکان چییە؟ کەی دەڕووخێن؟ ڕۆڵی خەڵک، تۆ و من چییە؟ ئێمە چۆن لەگەڵ ئەم گۆڕانە مەزنەدا، کە پێیدا تێدەپەڕین بەرخورد دەکەین؟ ئێمە چۆن ڕابوون و هەڵسانەوەیەکی گەورەی پڕ لە هێزی ناوەکی و باوەڕبەخۆبوون بە تەواوی دەئەزموونین؟ هەموو ئەوانە پرسگەلێکن، لەو دۆکیۆمێنتێرەدا، جانێت ئۆسبارد هەوڵی وەڵامدانەوەیان دەدات. 

لەم دۆکیۆمێنتێرەدا ئۆسبارد، باس لەوە دەکات، چۆن میدیا، بارهێنان و خوێندن، فیلم، موزیک، کار دەکەنە سەر مرۆڤ بۆوەی بەگوێرەی خواست و بەرژەوەندی گرۆ و دەستەیەک و خەڵکێکی تایبەت بژین.

ئۆسبارد، باس لەو گرۆ یا دەستەیە دەکات، کە لە 13 بنەماڵە یا خێزان پێکهاتوون و لەنێویاندا، ماڵباتی ڕۆتشیڵد(Rothschild)، ڕۆکیفێللەر (Rockefeller) و مۆرگان (Morgan) هەن، لێ لە ڕاستیدا بنەماڵەی دیکەش هەن، کە تەنانەت لەبان ئەمانەوەن و لە سەری سەرەوەن و ئەوانن ئەم 13 بنەماڵەیە بەڕێوە دەبەن و فەرمانیان پێ دەدەن.

ئایا تۆ زانیوتە، بەرەک ئۆباما(Barack Obama)، کە بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا، خەڵاتی نووبێلی ئاشتی درایە، لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا پەلاماری حەوت وەڵاتی داوە و هەر بیست خولەک جارێک، بۆمبێکی بەسەر خاک و خەڵکدا کێشاوە؟ ئەمە زۆرینەی خەڵک نایزانن، چون وەها کارێک لە میدیادا، میدیای ڕەسمی ناخرێتە بەرباس.

ئێمە بەهۆی ئەم دۆکیۆمێنتێرەوە، جۆرج سۆرۆس(George Soros) دەناسین و زانیاری لەمەڕ وی پەیدا دەکەین، کە میلیاردێرێکە بەوە ناسراوە، مرۆڤدۆست و خێرخواز و وەبەرهێن و سەرمایەگوزارە. ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە سۆرۆس، سەرمایەگوزارییەکی گەورە لەو ڕێکخراوانەی وەک: ئەنتیفا(ANTIFA)دا دەکات، کە لە ڕێگەی هاتنە سەر جادە و هەرا و زەنا و توندوتیژییەوە، گەرەکیانە پەیامی خۆیان بگەیەنن، یا سەرمایەگوزاری لە ڕێکخراوی نامبلا(NAMBLA)دا، کە کوتکراوەی (North American Man/Boy Love Association)ە دەکات. نامبلا، کار بۆ ڕێگەپێدان و شەرعییەتدان و بە قانوونیکردنی پێوەندی سێکسی نێوان پیاوان و منداڵانی نێرینە(کوڕ)ی گچکە و مێردمنداڵ دەکات. ئۆسبارد، کە باس لە جۆرج سۆرۆس دەکات، وەک سەرمایەگوزار و وەبەرهەمهێنێکی گەورە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و کۆمەڵەی ناڕوون و تەماوی و گوماناویدا ناوی دەبات و ئەوە پێشان دەدات، ئەو ڕێکخراو و کۆمەڵە و گردبوونەوانە، لە هەموو قوژبنێکی جیهاندا، کۆمەک بە بەشداربووانیان دەکەن و پارەیان دەدەنێ، بۆوەی ئاژاوە بێننە گۆڕێ و دەست بە شەڕ و پێکدادان بکەن و تاڵان و دزی و کاری ناجۆری دیکە بکەن و تەواوی ئەو کارانە بە پۆشاک و جلوبەرگێکەوە ئەنجام بدەن، کە لە پۆشاک و سیپاڵی نەیارەکانیان بچێت، بۆوەی وێنەیەکی دزێو و ناشیرینی ئەوان پێشان بدەن.

لە دۆکیۆمێنتێرەکەیدا، ئۆسبارد، ئەوە پێشان دەدات، کە چۆن ئەو گرۆ گچکەیەی جیهانی ئێمە بەڕێوە دەبات، جۆر و شێوازێکی ژیان و گوزەران دەژی، فرە نامۆیە بە ژیان و گوزەرانی زۆرێک لە ئێمە..

ئۆسبارد، تۆڕێکی منداڵبازی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە پێشان دەدات و ئاشکرا دەکات، کە گەلێک مرۆڤی بەناوێی جیهان، هۆڵیوود، سیاسەتکاری باڵا، پاشا و میرزادە، پاپای ئایینی عیسایی و چەندین ڕێکخراوی تێدا بەشدارن.

ئەوە پێشان دەدرێت، کە چۆن میدیا، سیاسەتکار، دادوەر و توێژینەوەی زانستی لە زانستگەکاندا، کار لەسەر شەرعییەتدان و بە قانوونیکردنی سێکسکردن لەگەڵ منداڵدا (منداڵبازی) دەکەن. هەروەها کار لەسەر ئاساییکردن و پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی دیاردە و کردە و فەرهەنگی مرۆڤخۆری (Cannibalism) و  شەیتانپەرستی و مرۆڤکوژی، لەنێو میدیا و فەرهەنگی گەلێر و لەنێو خەڵکدا دەکەن.

باس لەوە دەکرێت، چۆن چەندین گەورە منداڵباز(Pedophil)، لە وەڵاتگەلێکی جیاواز دەسگیرکراون، ددانیان بەوەدا ناوە و گەواهی ئەوەیان داوە، کە ئەوان منداڵ ئامادە و دەستەبەر دەکەن بۆ تۆڕێکی گەورەی منداڵبازی و چۆن ئەو گەواهینامانە و ئەو ددانپێدانانانە لە لایەن دادگە  و تۆڕ و میدیاکانەوە پشتگوێ دەخرێن، بۆوەی ڕاستییەکان لە خەڵکە گشتییەک، بشاردرێنەوە و ئاوەژوو بکرێن.

ئۆسبارد، باسی ئەوە دەکات، کە تەنێ لە ئەمەریکادا ساڵانە سەدان هەزار زارۆک بزر دەبن، ئێمە هەرگیز لە میدیاوە ئەم زانیارییانەمان وەدەست ناکەوێت. باس لەوە دەکات، چۆن یەکێک لە کارە پێشینەکانی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، وەستاندن و ڕاگرتنی بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە و چۆن ترەمپ، وەک بەشێکی سەرەکی لە کاری وی بۆ وەستاندنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کاری بۆ سەختگیری و ڕێلێگرتنی کۆچبەریی نایاسایی کردووە. بەشێکی زۆر لەو زارۆکانەی لەنێو کارکردن بۆ ڕاگرتن و وەستاندنی کۆچبەریی نایاسییدا بینراون و دۆزراونەوە، ئەو زارۆکانەن، کە ڕفێندراون و بە قاچاخ براون بۆ ئەمەریکا. لەڕێگەی سەختگیریی کۆچبەریی نایاساییەوە، مرۆڤ سەختگیری لە بازرگانیکردنیش بە مرۆڤەوە دەکات. 

بە هۆی دۆکیۆمێنتێرەکەوە، ڕووداوی پیتزاگەیت(Pizzagate)مان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە چۆن هەردوو جووتە کلینتن(Bill & Hillary Clinton) و ئۆباما لەو مەسەلەیەدا بەشدارن و تێوەگلاون. لە مەسەلەی پیتزاگەیتدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە چۆن ئەو منداڵبازانە، کاتێک باس لە منداڵ دەکەن، ناوی خوازراوی کۆدپێدراوی وەک: پیتزا، هۆتدۆگ، سوسیس، بەکار دەهێنن، کە لە لایەن کارگێڕی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی/پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا(FBI/ Federal Bureau of Investigation)وە پێیاندراوە. باس لەوە دەکەن، کە چۆن پیتزا(کچان) و هۆتدۆگ(کوڕان) بە چەندین هەزار دۆلار دەکڕن، لە ڕاستیدا ئەوکڕینانە، کڕینی جۆرە جیاوازەکانی سێکس و سێکسکردنە لەگەڵ منداڵدا. ئەمە ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن ئۆباما 65000 دۆلاری بۆ ئەو پیتزا و هۆتدۆگانەی بە فڕۆکە، لە شیکاگۆوە،  بۆ ئاهەنگێکی تایبەت گوێزراونەوە بۆ واشنگتن، خەرج کردووە.  

بێجگە لەوانە زۆر نموونەی هەڵخەڵەتاندن و فریودان و بەکاربردنی میدیایی باس دەکرێن، وەک نموونە: کاتێک میدیا باس لە گرێدراوی و پێوەندی ترەمپ دەکات بە گەشتێکی ڕێکخراو لە لایەن کۆمەڵەی هارڤی ئیپستێنس(Harvey Epsteins)، بۆ دوڕگەی ئیپستێنس، کە بە "دوڕگەی منداڵبازی(Pedophilia Island)" ناوی دەرکردووە. کە گوایە ئەو(ترەمپ) هەر لەو گەشتەیدا، دەستدرێژی سێکسی کردووەتەوە سەر کچێکی دوانزدە ساڵان. کاتێک دواتر لیستی ناوی سەرنشینانی فڕۆکەکە و گەشتیاران بڵاوکرایەوە، ناوی ترەمپی تێدا نەبوو، وەک ئەوەی ترەمپ هەرگیز لەو گەشتەدا نەبووبێت، لێ لەبری ئەوە بیڵ کلنتن لەوێ بووە، ئیدی باسی ترەمپ لە میدیادا بێدەنگیی لێکرا.

بەو جۆرە میدیا و دەسگە و شتی دیکەش بۆ قازانجی ئەو جۆرە مرۆڤانە بەکاردەهێنرێن و دەریشدەکەوێت و ڕووندەبێتەوە، کە ئەوانەیشی گەواهی لەسەر ئەو جۆرە کردارانە دەدەن و زانیاری لەبارەیانەوە دزە پێ دەکەن و ناوی ئەو جۆرە مرۆڤانە دەبەن، دوای ماوەیەکی کەم نامێنن و لەبەین دەچن و دەمرن یا ڕاستتر لەبەین دەبرێنرێن و دەمرێنرێن.

ناوەندی ساڵانی 1970، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاماری که‌رکووک، کارم ده‌کرد. هاوکار و هاوڕێیەکی زێدە خۆشه‌ویستم لەگەڵ بوو، کاک نه‌جمه‌ددین تاهای ناو بوو. فرە جار دەممان لە سیاسەت دەژەنی و باسی جیاوازمان لەو جۆرە بابەتانە دەکرد. کاک نەجمەددین هەموو جارێک ده‌یگوت:"هه‌موو گۆڕان و ڕووداوێکی سیاسی، که‌ له‌ جیهاندا ڕوو ده‌دات، پێشه‌کی نه‌خشه‌ و پلانی، له‌ لایه‌ن هه‌ردوو زلهێزه‌که‌وه‌، ڕووس و ئه‌مه‌ریکا، یا ڕوونتر، (سی. ئای. ئه‌ی) و (که‌ی. جی. بی)یه‌وه‌ بۆ دانراوه‌، ئیدی مرۆڤ له‌ به‌رده‌م ئه‌واندا، بێده‌سه‌ڵاته‌ و هیچی پێ ناکرێت و خۆشه‌که‌تکردنیش، بێهووده‌ییه‌".

ئێستاش، لە جیهانێکدا، کە تاکجەمسەریی سەرمایەداری، هەژموونی پارە، میدیای چەواشەکار، سیستمی بانکی، زانستی شێوێنەر، چەک و جەنگ، ڕەگەزپەرستی، نادادی، هەژاری، کێشەی چینایەتی، کێشەی نەتەوەیی، کێشەی ئایینی و...زاڵن بەسەر مرۆڤایەتیدا، ئەگەر ئەو دەمەی ساڵانی 1970، بۆچوونەکەی کاک نەجمەددین تاها، ڕاستییەکی تێدا بووبێت، ئەوا دۆکیۆمێنتێرەکەی جانێت ئۆسباردیش، لە ڕاستییەوە دوور نییە. مرۆڤ لە جیهان و سەردەمێکدا دەژی، ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت، واپێدەچێت گومان و بێهوودەیی و هیچگەرایی هەموو بوون هەڵلووشێت. 

بۆ بینینی تەواوی دۆکیۆمێنتێرەکەی ئۆسبار تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

https://www.facebook.com/unforeseennotion/videos/the-fall-of-the-cabal-full-documentary-by-janet-ossebaard/2432748923683730

 

07-11-2021 

Saturday, September 18, 2021

 

قانگدان

ئەمجەد شاکەلی

پێش جێهێشتنی کوردستان و گیرسانەوەم لە سوێد، نزیکەی 6 ساڵ لە کارگێڕی ئاماری سەر بە وەزارەتی نەخشەدانانی عیراق، لە کەرکووک، سلێمانی و هەولێر کارم کرد. ڕۆژانەی کار، مانەندی هاوکارانم، ژیانم لەتەک ژمارەدا بەسەر دەبرد، ئیدی لە ژمارەی ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی، ژمارەی کارگەر، تۆنی چیمەنتۆ، ژمارەی ئاسنگەر، نەفەری سینەما، ژمارەی پەز، کەر، چێل، کیلۆی شەکر و ئارد و لیتری ڕۆنی شیرینیەمەنی، نەفەری چایخانە و حەمام و هۆتێل تا دەگاتە ژمارەی دەیان شتی دیکە. بۆیە تا هەنووکەش ئامار سەرنجم ڕادەکێشێت و ئامار بە گرنگ دەزانم بۆ نەخشەدانان بۆ داهاتوو و خوێندنەوەی پێشهات و پێشبینیکردن. وەک چۆن لە کەلەپوور و ئەدەبییاتی مارکسیزمدا هەمیشە جەخت لەوە کراوەتەوە، کە"هیچ بزاڤێکی شۆڕشگێڕانە بێ تیۆرییەکی شۆڕشگێڕانە نابێت"، خوێندنی زانستگە و کار و ژیانیش، ئەوەیان فێر کردم، کە"هیچ گەشەسەندن و بووژانەوە و فراژووتنێک بێ نەخشەدانان نابێت و هیچ نەخشەدانانێکیش بێ ئامار نابێت".

لە ماڵپەری تۆڕی ڕووداودا، لە 14 سێپتەمبەری 2021، نووسینێکم بە ناوونیشانی"لە کۆی 81 هەزار تەکسی تەنیا 22 هەزاریان لەزگەیان لێدراوە"[1]، نووسینی هێمن بابان ڕەحیم، بەرچاوکەوت. ژمارەکانی نێو بابەتەکە سەرنجیان ڕاکێشام و هانیاندام وەدووی هەندێ سەرەداوی پێوەنددار بەو باسە بگەڕێم. بە گوێرەی بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان(ئوستانەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی، دیارە هەڵەبجە و گەرمیان و ڕانیە و سۆران و...یان لەگەڵدان، کە وەک کارگێڕی سەربەخۆ دێنە ژماردن)دا و لە ئێستادا(ساڵی 2021)، 81000(هەشتاویەک هەزار) تاکسی هەن، کە بەم شێوەیە دابەش دەبن: هەولێر: 36 هەزار، سلێمانی 27 هەزار و دهۆک: 18 هەزار.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، کە هی ساڵی 2021ە و لە مانگی ئەپریلدا لە ڕووداو بڵاوکراوەتەوە، کۆی گشتیی ژمارەی ئۆتۆمبیل لە هەرێمی کوردستان: یەک میلیۆن و 896 هەزار و 593 ئۆتۆمبیلن. یەک میلیۆن 91 هەزار 466 ئۆتۆمبیلیان تایبەتن، کە 58٪ی کۆی ژمارەی ئۆتۆمبیلی هەرێم پێکدەهێنن.  لەنێو تەواوی ئەو ژمارەیەدا، بە تایبەت و ناتایبەتەوە، 19 هەزار ئۆتۆمبیلی  بێسەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، تۆمارنەکراون[2].

بەگوێرەی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، کە لە 6 دێسەمبەری 2020دا بڵاو کراوەتەوە، ژمارەی دانیشووانی هەرێم شەش میلیۆن و سەدوحەفتاویەک هەزار و هەشتاوسی(6,171,083) کەسن[3]. هەر ئەم دەستەی ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانە لە ڕۆژی 27ی جەنیوەری 2018دا، واتە: دوو ساڵ پێش ئەو ئامارەی ساڵی 2020، مەزەندەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا (2018) بە حەفت میلیۆن ودووسەدوهەشتاوسێ هەزار و حەفتسەدوپەنجا (7,283,750) کەس دەکات[4]، کە پتر لە میلیۆنێکی زیاترە لە ساڵی 2020(ساڵی 2018 زیاترە لە ساڵی 2020) وەک بڵێی قڕان کەوتبێتە نێو خەڵکی ئەو هەرێمەوە و لە ماوەی دوو ساڵدا یەک میلیۆنیان لێ نەمابن!

بۆ خوێندنەوەیەکی ئەو ڕەوشەی کوردستان و گەیشتن بە ئەنجامێک و  بەرچاوڕوونییەک، بەراوردێکی ژمارەی تاکسی و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس، بە هەمان ئەو ژمارانە لە نۆ وەڵاتی ئەوروپا و لەم خشتەیەی خوارەوەدا دەکەین، کە لە ساڵی 2018دا بڵاو کراونەوە[5] :

وەڵات

ژمارەی دانیشتووانی(میلیۆن)

ژمارەی تاکسی

ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس

سوێد

1,10

800 17

1.7

دانمارک

5.7

4200

0.7

نۆروێژ

5.3

8800

1.6

فینلاند

5.5

9500

1.7

بێلژیک

11.3

4000

0.4

هۆڵاند

17

9000

0.5

ئەڵمانیا

83

 500 53

0.6

فرانسا

67

 000 60

0.9

بریتانیا

66

 900 75

1.4

 

بەگوێرەی کارگێڕی و نێوەندی ئاماری سوێد(SCB)، ژمارەی ئێستای دانیشتووانی سوێد (جوونی 2021)، دە میلیۆن و چوارسەدوشانزدە هەزار و پێنجسەدوهەشتاوپێنج(10416585)کەسن[6]. ژمارەی تاکسی، کە بە گوێرەی ئەو خشتە و سەرچاوەیەی سەرەوە لە ساڵی 2018دا، لە کاتێکدا دانیشتووانی سوێد 10.1 میلیۆن کەس بوونە، 17800 تاکسی بووە، لە ساڵی 2021دا کە ژمارەی دانیشتووانی سوێد بووەتە نزیکەی دە میلیۆن و نیو کەس،  ژمارەی تاکسی بووەتە 18000 تاکسی، واتە: تەنێ 200 تاکسی زیادی کردووە.

تەواوی ئەو ئامار و ژمارانە پێمان دەڵێن:

1.      تەنیا لە ئوستانی دهۆکدا، هێندەی تەواوی وەڵاتی سوێد تاکسی هەن.

2.      تەنیا لە ئوستانی هەولێردا دوو هێندەی تەواوی وەڵاتی سوێد تاکسی هەن.

3.      تەنیا لە ئوستانی سلێمانیدا 9 هەزار تاکسی زیاتر لە ژمارەی تاکسییانی وەڵاتی سوێد هەن.

4.      بەرزترین ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس لەنێو ئەو نۆ وەڵاتانەی ئەوروپادا سوێدە، کە 1.7 ە، لە کاتێکدا بۆ هەر یەک هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان 13.5 تاکسی هەن، واتە: هەر 74 کەس(دیارە بە منداڵی قوماتکراوی نێو بێشکە و لانکیشەوە) یەک تاکسییان بەر دەکەوێت، لێ لە سوێد هەر 588 کەس یەک تاکسییان بەر دەکەوێت.

5.      کۆی تەواوی ژمارەی تاکسییانی شەش وەڵاتی ئەوروپا: سوێد، دانمارک، نۆروێژ، فینلاند، بێلژیک و هۆڵاند دەکاتە 53300 تاکسی و کۆی ژمارەی دانیشتووانی ئەو شەش وەڵاتە دەکاتە 54.9 میلیۆن کەس، کە نۆ هێندە و پتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن، لێ هەرێمی کوردستان 20 هەزار تاکسی زیاتری لەو شەش وەڵاتە وێکڕا تێدایە.

6.      هەر یەک لە ئەڵمانیای 83 میلیۆنی و فرانسای 67 میلیۆنی و بریتانیای 66 میلیۆنی، کە سێ زلە وەڵات و سێ دەوڵەمەندە وەڵاتی جیهانن، هەر وەڵاتەو بە تەنێ  هێندەی هەرێمی کوردستان تاکسی تێدا نییە.

تەواوی ئەو ئامار و ژمارانە چ ئەنجامێکمان دەدەنە دەست:

ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەسەر ژمارەی ئۆتۆمبیلی هەرێمدا دابەش بکرێن، هەر 3 کەس یەک دانە ئۆتۆمبیلیان بەر دەکەوێت، کە ئەمە ڕێژەیەکی بەرز و ناپێویستە.

 تەواوی ئەو تاکسییانەی کوردستان، هەشتاویەک هەزار تاکسی، بێ بەرنامە و بێ نەخشە و بێ گوێدانە ژێنگە و... شەووڕۆژ بەسەر شەقام و نێو کۆڵان و نێو شار و نێوان شار و شارۆکە و ئاوەدانییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەخولێنەوە و دووکەڵ و گاز و پیسایی و بۆن بە هەوادا و لەنێو ئاوەدانیدا بڵاو دەکەنەوە و بە گەرووی مرۆڤیدا دەکەن، کە دەبنە هۆی سەدان نەخۆشی و دەردی کوشندە.

 زۆریی ژمارەی ئەو ماشێنانە بە تاکسی و ناتاکسی و تایبەت و ناتایبەتەوە، جادە و ڕێگەوبانەکان وێران دەکەن و دەبنە هۆکاری پیسکردنی ژینگە و سەدان ڕووداوی دڵتەزێنی لەبەینچوون و بریندابوونی خەڵک.

 بوونی ئەو هەموو ماشێنە بارگرانییەکی ئابوورییە بەسەر وەڵاتەوە.

ڕەنگە کەمیی ژمارەی تاکسی لە ئەوروپا بگەڕێتەوە بۆ زۆریی و فراوانی و ئاسانیی ئامرازەکانی هاتوچۆ و گواستنەوە، وەک ئۆتۆبووس، شەمەندەفەری سەرزەوی و ژێرزەوی(مێترۆ) و ترامی گشتی و تەنانەت هەندێ جار کەشتی و گەمی(بەلەم)یش دەگرێتەوە، کە هەموو قوژبن و گەڕەکێکی باژێڕ و شارۆکە و گوند و ئاوەدانییە گچکەکان و نێوان هەموو شار و ئاوەدانییەکان پێکەوە گرێدەدەن و دەبەستنەوە و بە جارێک خەڵکێکی زۆر هەڵدەگرن و دەگوێزنەوە و دەستەبەریشە بۆ هەمووان، بە نرخێکی هەرزان و بە بێ جیاوازی، تەنانەت بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیش، سەرباری هەموو شتێکیش سەلامەتتر و بێ کێشەترە. ئەو جۆرە گواستنەوە و هاتوچۆ گشتییە یا میللییە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێ (Public transport) و بە سوێدیش (Kollektivtrafik). ڕەنگە زۆریی تاکسییش لە هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گواستنەوە و هاتوچۆی گشتی و میللی، کە کارەسات و نەهامەتی و بەدبەختی و سیاچارەییەکە،  لە ڕووی ژینگە و پیسی و ناسەلامەتییەوە، بۆ تەواوی خاک و خەڵک و سروشتی وەڵاتەکە، لێ بۆ خەڵکە هەژار و نەدارەکە ئەو کارەسات و نەهامەتی و بەدبەختی و سیاچارەییە دوو جار و دوو هێندەی خەڵکە گیرفانپڕ و بەرپرس و دەسەڵاتدارەکەیە. دەسەڵاتدار، بەرپرس و گیرفانپڕ و سەرمایەداران، شوێن و شێوازی ژیانیان لە خەڵکە ڕەشۆکییەکە جیاوازە. ئەوان، تەنانەت ژینگە و خۆراک و چارەسەری تەندروستی و دەرمان و خوێندنگە و هاتوچۆ و ئاو و هەوا و کارەبا و هەرچی شتیانە جیاوازە. ئەوان بەڵێ بەناو لە کوردستان دەژین، لێ جیهانی ئەوان جیهانێکی دیکەیە، کە هیچ لە ئەریستۆکرات و سەرمایەدارانی ئەوروپا و ئەمەریکا جیاواز نییە!

دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، سی(30) ساڵە ئەو دەڤەرەیان لەبندەستە، تا هەنووکە نەیانتوانیوە تۆڕێکی هاتوچۆ و گواستنەوەی گشتی نێو شاران و نێوان شارانی هەرێم و دەرێی هەرێم دروست بکەن. ئەگەر پێش 2003، بە سەردەمی تەنگانە و کێشە و ترسی بەعس و ناسەقامگیری و چی و چی دەژمێرن، خۆ لە 2003وە تا ئێستا دەکاتە 18 ساڵ! 18 ساڵ، ماوەیەکی یەکجار زۆرە بۆ دامەزراندن و دروستکردنی تۆڕی پێشکەوتووی هاتوچۆی گشتی و میللی و وەلانانی ئەو هەموو تاکسییە. دەکرا بە ئۆتۆبووس دەست پێ بکەن و لەبری هەشتاویەک هەزار تاکسی، بە پێنج هەزار ئۆتۆبووسی گەورە کێشەی هاتۆچۆی هەموو دەڤەر و قوژبنێکی هەرێم و دەرێی هەرێم چارەسەر دەکرا و دەکرێ. وەها کارێک لەنێوان 2003-2011 دەگەیشتە ئەنجام و لە 2011یشەو تا ئەمڕۆ، دەکرا کار لەسەر مێترۆ و ترام و شەمەندەفەر و ئەوانە کرابا و تەواوی ئەوانە دەبوونە تۆڕێکی گەشەسەندوو و پێشکەوتووی هاتوچۆی گشتی و میللی.

کارکردن بە و بۆ و بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی و میللی، بێجگە لەوەی پێویستییەکی نیشتمانییە و هێمای پێشکەوتن و ژینگەپارێزییە، مافێکی گشتی خەڵک و تەواوی هاونیشمانانە. هەر لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی عیراقەوە تا کۆتایی ڕێژیمی بەعس و سەددام حوسەین لە عیراقدا، بە کوردستانەکەیشییەوە، کاری پێ دەکرا و تەنانەت لەسەردەمی بەعسدا، گەلێک پێشکەوتوویش بوو، لێ ئیدی دوای نەمانی بەعس ئەمانەی لەودەمیەوە دەسەڵاتدارن، وێرانیان کرد و نەیانهێشت و وەلایان نا، دیارە لەپێناوی بەهێزکردن و کەڵەگایی سەرمایەدار و بازرگانان و کارتێلەکانی بەنزین و ئۆتۆمبیل و بەڵێندەر و کەرتی تایبەت، کە تەواوی ئەوانە گرێدراوی حیزب و بەرپرس و دەسەڵاتدارانن و پارێزەری بەرژەوەندی یەکدین. گواستنەوەی گشتی، بێجگە لە ئاسانکاری گواستنەوەی مرۆڤ، پێویستییەکی مەزن و گرنگە بۆ گەشەندنی ئابووری و گرێدانی ئاوەدانییەکان و خەڵک و کۆمەڵیش پێکەوە. ئەگەر تۆڕێکی چڕ و پێشکەتووی هاتوچۆ و گواستنەوەی گشتی لە هەر وڵاتێکدا هەبێت، فەرهەنگی پاراستنی ژینگە، پیادەڕۆیی، بایسکیل ئاژۆتن، زاڵ دەبێت و کۆمەکێکی زۆر بە لەشساغی و پاکژیی هەوا و خاک دەکات. ئەمەی ئێستا لە کوردستان ڕوودەدات و هەیە، بێجگە لە وێرانکردنی ژینگە و تەندروستی و پیسکردنی هەوا، شتێکی دیکە نییە. ئێستا 90% ی دانیشتووانی گۆی زەوی، بە کوردستانەکەی خۆیشمانەوە، لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، هەوای پیس و قڕێژ هەڵدەمژن، کە تەندروستییان وێران دەکات، دیارە هۆکارە سەرەکییەکەیشی نەبوونی تۆڕی هاتوچۆی گشتی و میللییە.

تۆ بە ڕۆژدا لەسەر هەر کەژێکی بڵندی دەوروبەری سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەلار، هەڵەبجە، سۆران، ڕانیە، زاخۆ، کفری و...[7]بنۆڕە ئەو باژێڕانە دەبینیت ئاسمانی شار، بە دووکەڵێکی چڕ و چڵکن و پیس داپۆشراوە. مرۆڤ کە ئەوە دەبینێت، تێدەگات چ هەوایەک هەڵدەمژێت، چ ماڵوێرانییەک ڕوودەدات و دەسەڵات چەندە نابینا و ناڕاستە لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە.

 دەسەڵات، هێندەی پارە بۆ دەسگەیەکەی بێخێری وەک پەرلەمان و پەرلەمانتاران و هێندە پارە بۆ کڕینی ماشێن و مۆبیلە و ڕازاندنەوەی ماڵ و جێی کاری بەرپرس و هێندەی پارە و مووچە و دەرماڵە و تایبەتمەندی بۆ وەزیر و گزیر و جێگری وەزیر و ڕاوێژکار و جێنێراڵ و بەڕێوەبەری گشتیی بندیوار و مشەخۆرانی حیزبی و دەستوپێوەندەکان خەرج دەکات و هێندە هانی پرۆژەی بێفەڕ و بێخێر و ماڵوێرانکەری کەرتی تایبەتی، وەک مۆڵ و ڕیستۆرانت و کۆمپانیای زەبەلاحی هاوردنی شتی بێکەڵک و دەرمانی ساختە و کردنەوەی زانستگە و خوێندنگەی گرانبەهای بیانی بۆ منداڵە دەوڵەمەندەکان و کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەتی قۆڵبڕینی خەڵک، دەدات، هێندە بەتەنگ ژیانی خەڵک، زۆرینەی خەڵک، هەژارانی خەڵک، خەڵکە گشتی و ڕەشۆکی و چینەکانی خوارێی کۆمەڵەوە نایەت. ئەوەی بۆ خەڵک، زۆرینەی خەڵک، هەژارانی خەڵک، خەڵکە گشتی و ڕەشۆکی و چینەکانی خوارێی کۆمەڵ دەیکات، پرۆسێسی پرۆژەی دووکەڵ بە گەروودا کردن و قانگدانیانە!

18-09-2021

 

 



[5]https://www.taxiforbundet.se/wp-content/uploads/2018/07/Taxil%C3%A4get-i-europa_2018.pdf

 

[7]  من بۆیە ناوی باژێرەکانی دیکەی وەک کەرکووک، شنگال، مەخموور، خورماتوو، خانەقی، جەلەولا، مەندەلی، بەدرە، زرباتییەی باشووری کوردستانم نەبرد، چون باسەکە لەمەڕ هەرێمی کوردستانەوەیە.

Saturday, December 19, 2020

فرمێسکە شاراوەکانم لە فرمێسکەکانی دەیانڕێژم، تاڵترن

ئەمجەد شاکەلی

هیچ شتێک هێندەی مەرگ، مەرگی کەسێکی نزیک، خۆشەویستێک، هاوڕێیەک، دۆستێک،  تووشی ماخولیا، حەپەسان، متبوون و ڕۆچوون بۆ ناوەوەی خۆمم ناکات. وەک چۆن بۆوەی بزانم پلەی سەرما یا گەرما چەندە و بە سەیرکردنی ڕۆژانەی تێرمۆمێتر (گەرماپێو) ڕاهاتووم، لەم سەردەمی ئەم کۆرۆنا دروستکراوەیشدا، هەواڵەکان بوون بەو پێوەرە و بوون بە خولیایەک و بە شوێنیاندا وێڵم و ڕاویان دەکەم. هەرجارەو دەشیانبیسم، دەیانخوێنمەوە و ئاگاداری ژمارەی لەدەستانی خەڵکێک دەبم، دنیام لەبەرچاو تاریک دەبێت و چەخماخەیەک لە کەللەمدا بزیسکە دەدات و گڕێک بەردەداتە ڕۆحم.

 چێشتانگاوێکی ئەو ڕۆژە، مەرگی خۆشەویستێک، مەرگی دۆستێکی بە مەودا دوور، لێ بە ڕۆح و هەست نزیک، گەلێک نزیک، مەرگی مامۆستا ڕەئووفی دەروێش فەرەج، ڕایچڵەکاندم. کۆرۆنا، دەستی خۆی وەشاند و کاری چەپەڵی خۆی ئەنجام دا و یازیزێکی لێ دابڕین. هێچ شتێک پێ نازانم، لە مردن ناحەز و دزێوتر بێت!

تەمەنێک، پتر لە پەنجا ساڵ، وەک ئەلبوومێکی پڕوێنەم هاتەوە بەرچاو و دنیایەک جوانیی کاک ڕەئووفم هاتەوە یاد. ئەو وەک مامۆستایەکی لاو نێردرابوو بۆ گوندی سەیدە، کە یەکێکە لەو گوندانەی دەشتی شاکەل، لە گەرمێن و منیش خوێندکاری پۆلی چوارەمی ئامادەیی بەشی ئەدەبیی بووم لە کفری. ماوەیەک پێش تاقیکردنەوەی سەری ساڵ، دەکەوتینە ماڵ بۆ کۆشش و خۆئامادەکردن بۆ ئەو تاقیکردنەوەیە. دوو وانەمان هەبوون، پێوەندیان بە زانستەوە هەبوون، یەکێکیان زانست و ئەوی دیکەیان ماتماتیک(بیرکاری). ئەو ماوەیە مامۆستا ڕەئووف، چەندین جار کۆمەکی پێ کردم لەو دوو وانەیەدا. کە ساڵێک دوای ئەوە، خۆم بۆ تاقیکردنەوەی بەکالۆریای ئامادەیی، ئامادە دەکرد، هەمدیس کۆمەکی پێ کردم و لەگەڵمدا ماندوو بوو. ئەو، ئەو وانانەی باش دەزانین و شێوازی فێرکردنیشی گەلێک لێزانانە بوو. ئەو هەر بەڕاستی مامۆستا بوو.

 هاوینی 1972، تازەکی خوێندنی زانستگەم تەواو کردبوو، کاکە حەمەی مامەم، کاکەحەمەی سەیدە، کە ئێمەی شاکەلییانی بەتەمەن لەو گچکەتر وامان پێ دەگوت، واتە: شێخ موحەممەد شاکەلی، جیپێکی سەوزی بچکۆلەی هەبوو و باسی گەشتێکی دا بە گوێی ئێمەدا، ئەنوەر و عوسمانی مامم و فەرهادی برام و موحەممەدی حاجی مەجید و بەندە، کە هەر شەشمان بە جیپەسەوز بچین بۆ هەڵەبجە، بۆ سەردانی ماڵی مامۆستا ڕەئووف. ئێمەیش بێ یەکودوو، کۆڵێکمان پێ خۆش بوو. بینینی هەڵەبجە بۆ من نوێ بوو و دیداری مامۆستایش گەلێ چێژبەخش. ئیدی سبەینانێک کەوتینە ڕێ.

پێش ئەو گەشتە، لە تەواوی ماڵباتی مامۆستا ڕەئووف، تەنێ مامۆستا ڕەئووفم دەناسی، بەڵام ئیدی کە گەیشتینە هەڵەبجە، کاک غەفووری برای و مام دەروێش فەرەجی باوکی و کۆمەڵێک خێزان و کەس و خزمی بەڕێز و جوان و میهرەبان و مێرخاسم ناسی.

لەگەڵ مامۆستا ڕەئووفدا، بەنێو شارەکەدا گەڕاین. مامۆستا هێندە جوان و ورد و شارەزایانە، باسی باخی میر، کانی عاشقان، مزگەوتی پاشا، قەیسەری حامید بەگ، پیر محەمەد، کۆڵە بۆز، قەیسەری پاشا، کارێزی حاجی ناجی، ئاشی مەحمودی یاروەیسی، فرە خەزێنە، تووە وشک، کانی شێخ، گوڵان، کانی حەمەوغان، کانی سۆفی خدر، مۆردانە، کانی نواڵە، کانی زارا و گەلێ جێگەی دیکەی بۆ کردین، دەتگوت لە پۆلێکدایە و وانەی جوگرافیا و مێژوو بە شاگردەکانی دەڵێتەوە. ئاشنای شنروێ و باڵامبۆ و عەبابەیلێ و عەنەب و بیارە و تەوێڵە و ئاوێسەر و هەورامانی کردین. ئەو گەشتە، بۆ ئێمەی گەرمیانی و بۆ منێکی ئەو سەردەمە، هیچی لە گەشتەکەی ئیبن بەتووتە (إبن بطوطة) کەمتر نەبوو. ئەو دوو سێ ڕۆژە هێندە خۆشمان گوزەراند، ئێستاش جاروبار یادی دەکەینەوە.

لەنێو ماڵەکەی سلێمانییدا، مامۆستا، داری توو و داری یەنگی دنیای هەبوون، هەرگیز لەیادم ناچێت، سبەینان دەفرێکی گەورەی پڕ دەکرد، لە توو و لە یەنگی دنیا و کۆڵێک مێوەی دیکە و لەبەردەم منداڵەکان و ئێمەدا دایدەنا، کاتێک ئێمە لە سوێدەوە گەڕابووینەوە بۆ کوردستان و سەردانی ئەوانمان دەکرد. لەو گردبوونەوە و دانیشتنانەدا، مامۆستا گەشی و گەرمی و تام و خۆشییەکی بە دانیشتنەکە دەبەخشی، هەر لە خۆی دەوەشایەوە. لەگەڵ منداڵدا یاری دەکرد و لەگەڵ گەورەدا شۆخی و پێکەنین.

 لەم ساڵانەی ژیانی هەندەرانمدا، هەرجارێک چووبێتمەوە کوردستان، سەردانی کاک ڕەئووف و دیداری ئەو بەشێک بووە لە چاوەڕانییەک، کە پێی شاد دەبووم. دواجار هاوینی ساڵی پار بوو 2019 شەوێک لەنێو باخ و ماڵەکەی دەرێی هەڵەبجەیدا میوانی بووم. هێندە دڵخۆش بوو بە ڕەوشی ژیانی و باخەکەی، دڵخۆشیی بە منیش دەبەخشی. هێندە خۆش و جوان لەمەڕ هەنار و توو و ترێ و بەرهەمەکانی دیکەی باخەکەوە و ئاو و ئاودێرییەوە دەدوا و هێندە لەگەڵ کارگەرەکاندا، ئارام و نەرم و ڕووخۆش دەجووڵایەوە و ڕەوتاری دەکرد، هێندە ڕێکوپێک و جوان و کارامە خزمەتی دار و سەوزی و ئاو و خاک و ژینگەی باخەکەی دەکرد، مایەی شانازی و دەستخۆشی بوو و دڵمی خۆش دەکرد و دەگەشامەوە پێی، کە ڕۆحێکی هێندە گەش و زیندووە و دەبریسکێتەوە.

لە چەندین وێستگەی جیاوازدا، مامۆستا ڕەئووفم دیوە، بە نەداری و بە دارایی، بە مامۆستایی و بە دوکانداری و چاککردنی ئامێری کارەبایی و بە خاوەنی کۆمپانیایی و بە باخداری، ئەو هەر خۆی بوو. هەمیشە مرۆڤە سادە و خاکەرا و دڵپاک و گەش و کراوە و دەم بەخەندکە بوو.

 مامۆستا ڕەئووف، گەلێک حەزی بە زانست دەکرد و زانستییانەش دەهزری و ڕێناس و ڕێنیشاندەرێکی توانا بوو. ئەو مرۆڤێکی ڕاستگۆ، دروست، دڵسۆز، بەئەمەک، دەستپاک و بەکەڵک بوو. هەمیشە میهرەبان، هەمیشە کۆمەکی بەوانەی پێویستیان پێ بوو، دەکرد، بێ ئەوەی باسی بکات و کەس پێی بزانێت. ئەو پیاوێک بوو، سەرڕاست و قسەلەڕوو، هیج جۆرە پێچوپەنا و شاراوەییەکی نەبوو. ڕۆحسووک و ئیسکسووک و پڕ وزە بوو.

 مامۆستا ڕەئووف، بۆ ئێمەی شاکەلییان، یەکێک بوو لە خۆمان. ئەو هەمیشە لەگەڵ منداڵ و گەورەماندا، لەگەڵ پیاو و ژنماندا، لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکماندا، لە شایی و شینماندا هەبوو. مخابن ئەو زوو جێیهێشتین. لەدەستانی ئەو، لەدەستان و بزربوونی دۆست و هاوڕێیەکی هێژا و خۆشەویستێکە، جێگەی خاڵییە و ئەستەمە فەرامۆش بکرێت. بە دڵێکی پڕ ناسۆر و پڕ حەسرەتەوە، لەگەڵ نووسەری مەزنی فرانسی ڤیکتۆر هۆگۆدا دەڵێم:"فرمێسکەکانی قووتیان دەدەم، لە فرمێسکەکانی دەیانڕێژم، تاڵترن".

 ڕۆحی مامۆستا ڕەئووف شاد و یادی هەمیشە پڕخێر و گەش و زیندوو.

 

19-12-2020 

  که‌رکووکه‌خه‌م - سێ - ئه‌مجه‌د شاکه‌لی له‌ به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه‌، که:‌" 1. هه‌موو که‌سێک ئازادی...